ریزبەندیی بەكارهێنانی زمانەكانی جیهان
2018-08-08 20:05:20
(درەو میدیا):
بەناوبانگترین ئامار كە كرابێت بۆ دیاریكردنی ژمارەی ئەو كەسانەی كە بە زمانێكی دیاریكراو قسە دەكەن بریتیە لە ئامارەكانی كتێبی " راستییەكانی جیهان" كە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە نوسراوە لەگەڵ كتێبی " ئینكارتا" و " ئیتنۆلۆج".
زۆرینەی ئامارەكان كۆكن لەسەر ریزبەندی ئەو 10 زمانەی كە زۆر بەربڵاون لە رووی ژمارەی بەكارهێنەران و ژمارەی دانیشتوان لە جیهاندا و ریزبەندییەكەش بەمشێوەیەیە:
1- پلەی یەكەم زمانی ئینگلیزیی:
رێژەی ئەو كەسانەی لە جیهاندا قسەی پێدەكەن دەگاتە 25% و ژمارەیان زیاترە لە یەك ملیارۆ و 800 ملیۆن كەس، زمانی فەرمییە لە ژمارەیەك وڵاتانی جیهان و قسەكەرانی خەڵی وڵاتی نیوزەلەندا، ئەمریكا، ئوسترالیان ئینگلتەران زیمبابۆی ، ناوچەی دەریای كاریب، هۆنگ كۆنگ، ئەفریقای باشوور و كەنەدا، جگە لە دانیشتوانی ئەم وڵاتانە چەندین ملیۆن كەسی تر لە جیهاندا قسەی پێدەكەن و زمانی دووەمە لە چەند وڵاتێكدا.
2- پلەی دووەم زمانی ماندەرین " چینی":
رێژەی ئەو كەسانەی قسەی پێدەكەن 18.05% و ژمارەیان لە ملیارێك كەس زیاترە، زمانی فەرمیی چینە كە زۆترین ژمارەی دانیشتوانی هەیە لە جیهاندا و زمانی چینی ئەلف و بێی دیاریكراوی نیە، بەڵكو سیمبوڵی رونكردنەوەیی بەكاردەهێنن و هەر وشەیەك وێنەیەكی تایبەتی هەیە و جگە لە چین لە تایوان و سەنگاپورەش قسەی پێدەكرێت و چەندین زاراوەشی هەیە.
3- پلەی سێیەم زمانی هیندیی:
رێژەی ئەوانەی قسەی پێدەكەن نزیكەی 11.51%ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن، زمانی فەرمییە لە هیندستان و دوورگەكانی ڤیجی و لە دەرەوەی هیندستانیش لە نیپاڵ و ئەفریقای باشوور و مۆریشیۆس و یەمەن و ئۆگەندا و هەتا ئەمریكاش قسەی پێدەكرێت.
4- پلەی چوارەم زمانی عەرەبی:
رێژەی قسەكەرانی 6.6%ی دانیشتوانی جیهانە، یەكێكە لە كۆنترین زمانەكانی جیهان، زۆرینەی دانیشتوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا قسەی پێدەكەن، بە تایبەتی وڵاتە عەرەبییەكان، جگە لەوەش بەهۆی ئەوەی زمانی قورئانە چەندین ملیۆن كەسی تر فێری بوون و بەكاریدەهێنن، لە ساڵی 1974دا وەك شەشەمین زمانی فەرمیی لە نەتەوە یەكگرتووەكان ناسێندرا.
5- پلەی پێنجەم زمانی ئیسپانیی:
رێژەی قسەپێكەرانی 6.25% ە و ژمارەیان نزیكەی 400 ملیۆن كەسە، لە وڵاتانی ئەمریكای ناوەڕاست و باشوور و ئیسپانیا و كوبا و بەشێك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا قسەی پێدەكرێت.
6- پلەی شەشەم زمانی روسیی:
رێژەی بەكارهێنەرانی 3.95%ی دانیشتوانی جیهانە و لە وڵاتەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو نیشەجێن، وەك روسیا، بیلا روسیا، كازاخستان، زمانی روسیی یەكێكە لە بەربڵاوترین زمانە سلاڤییەكان و یەكێكە لە زمانە رەسمییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و لە وڵاتانی وەك ئۆكرانیان لاتڤیا، ئیستۆنیا و لیتوانیشا بەكاردەهێنرێت، بەڵام زمانی رەسمیی نیە.
7- پلەی حەوتەم زمانی پرتوگالیی:
رێژەی بەكارهێنەرانی دەگاتە 3.26% ی ژمارەی دانیشتوانی جیهان و بەسەر بەرازیل، پرتوگال و ئەنگۆلا و ڤەنزوێلا و مۆزەمبیقدا دابەشبوون. ئەم زمانە لە سەدەی 16ی و شانزەی زاینیداو لەكاتی دەركەوتنی پرتوگال وەك هێزێكی داگیركەر لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە و لە بەرازیلەوە درێژبوەوە بۆ ماكاو و چین و هیندستان، ئێستا یەكێكە لە زمانە رەسمییەكانی جیهان و گەورەترین زمانیشە لە ئەمریكای باشوور لەرووی ژمارەی بەكارهێنەرانییەوە، زمانی پرتوگالی زمانی رەسمییە لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا و لە نۆ وڵاتی جیهاندا زمانی رەسمییە.
8- پلەی هەشتەم زمانی بەنگالی:
رێژەی بەكارهێنەرانی 3.19%ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنێت و نزیكەی 120 ملیۆن كەسیان كۆی دانیشتوانی بەنگلادیشە و هەروەها لە ویلایەتی بەنگالی خۆرئاوای هیندستان بەكاردەهێنرێت و سەر بە زمانە هیندۆ ئارییەكانە وەك هیندیی و ئۆردۆ و سەندیی كە بنچینەیان سانسكریتییە.
9- پلەی نۆیەم زمانی فەرەنسیی:
30.5%ی دانیشتوانی جیهان قسەی پێدەكەن، لە 32 وڵات زمانی رەسمییە، زۆرینەی ئەوانەی كە وەك زمانی دایك بە فەرەنسیی قسەدەكەن لە فەرەنسا دەژین و ئەوانی تریش بەسەر كەنەدا، سویسران ئەفریقان لۆكسمبۆرگ و مۆناكۆدا دابەشبوون.
10- پلەی دەیەم زمانی ئەڵمانیی:
رێژەی قسەكەرانی 2.77%ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن، و سەر بە زمانەكانی جەرمانیی خۆرئاوایە و یەكێك لە بەربڵاوترین زمانەكان لە یەكێتی ئەوروپا و لە ئەڵمانیا و نەمسا و بەشێكی سویسرا و بەلجیكا قسەی پێدەكرێت.