Draw Media

هەرێم پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران ؟

هەرێم پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران ؟

2018-08-11 15:38:01


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
"هەر كەسێك لەگەڵ ئێران بازرگانی بكات، ناتوانێت لەگەڵ ئەمریكا بازرگانی بكات" ئەمە دواین قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە لەبارەی گەڕاندنەوەی سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران.
هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و ئێراندا.  
لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە:
• دەروازەی پەروێزخان
• دەروازەی باشماخ
• دەروازەی حاجی ئۆمەران

جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە:
• دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌
• دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن
• دەروازەی شوشمێ‌ لە تەوێڵە

رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاویشدا دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو.
دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پابەندین بە عێراقەوە
حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكان و فڕۆكەخانەكانی رادەستی بەغداد كردەوە، بەوهۆیەوە ئێستا بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بازرگانیكردنی لەڕێگەی دەروازە سنورییەكان یاخود ئاسمانەوە لەگەڵ ئێران لەدەستی دەسەڵاتدارانی بەغدادایە.
رەنگە ئەمە تاكە لایەنی ئەرێنی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتی دەروازە سنوری و فڕۆكەخانەكان بێت، چونكە لە دۆخێكی وەكو ئێستادا كە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران زیندووكردوەتەوە، رەنجاندنی دڵی ئێرانییەكان رەنگە باجی قورسی بۆسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی زیرەكانە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران، كاتێك وتی" ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، ئێمە ئەو یاسا و تەعلیماتانە جێبەجێ دەكەین كە لە عێراقەوە دەردەچن".


بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێران
دوای شكستهێنانی ریفراندۆم و كردنەوەی دەروازە سنورییەكان، ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە، هەر ئەوكات و لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ لە هەولێر كۆنفرانسی "پەرەپێدانی هاوكارییە ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران" بەڕێوەچوو، محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران بەشداری تێدا كرد، لە كۆنفرانسەكەدا حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران رێككەوتننامەیەكی لە بواری بازرگانیدا ئیمزاكرد.
لەو كۆنفرانسەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد" قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ساڵانە (6 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە و (359) كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە".
بە گوێرەی هەندێك زانیاری رۆژنامەوانیش بەشێوەیەكی گشتی رێژەی 10%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دێت.
لە كاتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە، هەرێمی كوردستان و ئێران زیاتر لە (6 ملیار) دۆلاری ساڵانەی بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەستدەدەن.
ئەمەش تەنیا بەهای هەناردەكردن نییە، بەڵكو بەهای هاوردەكردنیشە، راوەستانی هاوردە لە ئێرانەوە، بازاڕی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیران دەكات، چونكە وەكو نێچیرڤان بارزانی دەڵێ" ئێستا رێژەی 25%ی كۆی هاوردەی كاڵا و شمەك بۆ هەرێمی كوردستان لەرێگەی ئێرانەوەیە"، بۆیە لەحاڵەتی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە ئەگەر حكومەتی هەرێم لە ماوەیەكی كورتدا بۆشایی كاڵا و شمەكی ئێرانی لە بازاڕەكاندا پڕنەكاتەوە، دووچاری كارەسات دەبێت. 
بەشی گەورەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵا و شمەكە، لەبەرامبەردا هەناردەكردن كە شادەماری ئابورییە بۆ هەر وڵاتێك، زۆر لاوازە، هەناردەی هەرێم بۆ ئێران كورت دەبێتەوە لە چەند كاڵایەكدا كە بریتین لە: 
• نەوت و نەفتا بە تانكەر
• پێستە و ریخۆڵە

ئەم دۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەدیوێكی تردا رەنگە بتوانێت هەرێمی كوردستان بكات بە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، رەنگە بتوانێت ببێت بە رێگەی سەرەكی گواستنەوەی كاڵا و شمەك و تەنانەت دراوی قورس بۆ ئێران، بەڵام ئەمەش باجی خۆی دەبێت.

سزاكانی ئەمریكا چین ؟
رۆژی سێ شەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیاری گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر ئێرانی ئیمزاكرد:
سزاكانی سەر ئێران بریتین لەمانە: 
• سزا لەسەر كڕینی دۆلاری ئەمریكی لەلایەن ئێرانەوە
• پارچەی یەدەگ و پیشەسازی فڕۆكە
• بازرگانی كانزا گرانبەهاكان
• خۆراك و خواردەمەنی
• فەڕشی ئێرانی
• بازرگانی ئەلەمنیۆم، پۆڵا، گرانێت و خەڵوز
• مامەڵەكردن لەگەڵ دراوی ئێران
• پیشەسازی ئۆتۆمبیلی ئێران


هەناردەی دۆلار بۆ ئێران
ئێستا بەهای دراوی ئێرانی (تمەن) لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی توشی داڕمان بووە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی بەهای تمەن هەوڵی دەستخستنی دۆلار دەدەن، بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستان و عێراق نزیكترین سەرچاوەی دۆلاری ئەمریكین.
لە ماوەی رابردوودا كاتێك ئەمریكا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوبونەوە كە باسیان لەوە دەكرد، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە (دۆلار) كۆدەكرێتەوە و رەوانەی ئێران دەكرێت، ئێرانییەكان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار هەوڵدەدەن ئاسانكاری زیاتری بازرگانی بكەن تاوەكو لەرێگەی هەناردەی كاڵا و شمەكەوە دۆلار لە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە كۆبكەنەوە.
ئێستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پابەندبون یان نەبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران بەستوەتەوە بە بڕیاری حكومەتی عێراقەوە، ئایا حكومەتی عێراق كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە 2003 لەژێر هەژمونی ئێراندایە بڕیاری چی دەدات؟


عێراق پابەند دەبێت بە سزاكانەوە ؟
بڕیاری پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ پێكهاتەی شیعەی عێراق كە زۆرینەی حزبە سیاسییەكانیان مێژوویەكی ریشەداری دۆستایەتی و كاری هاوبەشیان لەگەڵ ئێران هەیە، بڕیارێكی ئاسان نییە، سەرباری ئەمە عێراق (1458) كیلۆمەتر سنوری وشكانی لەگەڵ ئێران هەیە.
رۆژێك بەرلەوەی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمارە كوردەكەی عێراق كە حزبەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) پەیوەندییەكی مێژویی لەگەڵ ئێران هەیە، وتی" بارودۆخی عێراق و سروشتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران وادەكات سەخت بێت بۆی پابەند بێت بە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەوە كە واشنتۆن بەسەر تاراندا دەیسەپێنێت".
بە پێچەوانەوە سەرۆك كۆمارە كوردەكەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی شیعە مەزهەبی عێراق زۆر بە رونتر لەبارەی سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران قسەی كرد كاتێك لە رۆژی 8ی ئەم مانگە لە كۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند"ئێمە پابەند دەبين بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران، چونكە نامانەوێت بەرژەوەندی هاوڵاتیانی عێراقی بخەینە مەترسییەوە".
هەر ئەو رۆژەی كە عەبادی ئەم قسەیەی كرد، لەناوەندی سیاسی عێراقدا مشتومڕی توند لەبارەی پابەندبون یان نەبوون بە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دروستبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا حەیدەر عەبادی و حكومەتی عێراق هیچ رێنماییەكیان دەرنەكردووە سەبارەت بە چۆنیەتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە.
هەندێك لە حزب و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران وەكو (بەدر و مالیكی و عەسائیبی ئەهلی حەق) بەیاننامەیان لەدژی قسەكانی عەبادی بڵاوكردەوە و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو سزایانە راگەیاند كە ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، بەهانەی دژایەتیكردنەكەشیان بەوە هێنایەوە عێراق پێشتر ئەزمونی سزا و گەمارۆی ئابوری كردووە و ئەمجۆرە سیاسەتانە تەنیا زیان بە گەلی ئێران دەگەیەنێت نەك رژێمە سیاسییەكەی.
عێراق هاوشێوەی هەرێمی كوردستان پشت بە هاوردەكردنی كاڵا و شمەكی ئێرانی دەبەستێت، سەرباری ئەمە گرێبەستی لە بواری كارەبا و گاز و نەوت لەگەڵ ئێران هەیە، پابەندبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە لە ئەم ڕوەوە زیانی پێدەگەیەنێت.
ئەمە وایكردووە ئێستا لەناو ناوەندی سیاسی عێراقدا بۆچونی سێیەم هاتوەتە ئاراوە و هەندێك لە سیاسییەكان دەخوازن عێراق پابەند بێت بە سزاكانەوە، بەڵام بەجۆرێك كە زیان بە ئابوری خۆی نەگەیەنێت.


چارەسەرێكی مامناوەندی
عێراق ساڵانە بەبەهای (12 ملیار) دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، مانگی ئابی رابردوو حەمید حوسەینی سەرۆكی ژوری بازرگانی ئێران رایگەیاند، ئێران رۆژانە بە بەهای (20 ملیۆن) دۆلار كاڵا هەناردەی عێراق دەكات و عێراق دووەم گەورە سەرچاوەی هەناردەی ئێرانە كە خۆی دەبینێتەوە لە كەلوپەلی بیناسازی و بەرهەمە نەوتییەكان و مادە خۆراكییەكان.
بەگوێرەی زانیارییەكان ئێستا جموجوڵێكی دیپلۆماسی لە عێراق دەستیپێكردووە كە كار دەكات لەسەر دۆزینەوەی دەرەچەیەكی یاسایی بۆ پاراستنی بازرگانی بەرفراوانی نێوان عێراق و ئێران بەبێ ئەوەی عێراق بكەوێتە داوی شكاندنی سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران.
دیار نییە حكومەتی عێراق چۆن دەتوانێت بەرژەوەندییە ئابورییەكانی خۆی لەگەڵ ئێران بپارێزێت و هاوكاتیش پابەندبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئەو وڵاتە، بەڵام ئەزمونی پێشووی مامەڵەكردنی عێراق لەگەڵ سزاكانی ئەمریكا ئەوە دەردەخات رەنگە عێراق رێگەیەكی تر بەكاربهێنێت بۆ حەواڵە داراییەكان لەگەڵ ئێراندا بەبێ بەكارهێنانی دۆلار، ئەمەش وەكو ئاڵوگۆڕی راستەوخۆی كاڵای ئێرانی، یاخود گواستنەوەی كاڵای ئێرانی بۆ بازاڕەكانی جیهان لەرێگەی نێوەندگیری كۆمپانیا عێراقییەكانەوە.
هێشتا زنجیرەیەك سزای تر ماون كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو ئەمریكا بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، لەمەشدا عێراق دوچاری كێشە دەبێت و ناتوانێت نەوتی ئێران بفرۆشێت.
ئەم بارودۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەكاتێكدایە ماوەی سێ مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كراوە، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، حكومەتی نوێی عێراق لە حاڵی پێكهاتنیدا مەحكوم دەبێت بە بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی ئەو سزایانەوە.
لە حاڵەتی پێكهاتنیدا، ئەگەر حكومەتەكە نزیك بێت لە ئێرانەوە پابەندنابێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، ئەمەش بڕیارێكی سەختە بۆ بارودۆخی ئێستا كە شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە شەقامی عێراقی هەیە دژ بە خراپی خزمەتگوزارییەكان و گەندەڵی، سەرباری ئەمانە، بڕیاری پابەندبون یان نەبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران لە هەردوو حاڵەتەكەدا جۆرێك لە سەرچڵیكردنە بە دۆخی ئەمنی وڵاتەوە كە ماوەیەكی كەمە دوای شەڕی دژ بە "داعش" تاڕادەیەك بەرەو جێگیربوون دەڕوات.

 

ئەمریكا لە عێراق كێ‌ سزادەدات؟ 
ئەمریكا لە ماوەی رابردوودا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی.
لە حاڵەتی پابەندنەبوونی عێراق بە سزاكانی ئەمریكاوە، پێدەچێت دەسەڵاتدارانی واشنتۆن سزای ئەو كەسانە بدەن كە راستەوخۆ لە عێراقدا هاوكاری ئێران دەكەن لە سووكردنی سزاكانی سەریدا و لە ماوەی رابردووشدا ئەمریكا بە تۆمەتی پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی چالاكییەكانی حزبوڵای لوبنان سزای بەسەر چەند كەسایەتی و دامەزراوەیەكی ئێران و عێراقیدا سەپاند و یەكێك لەوانەش ئاراس حەبیب سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە كاندیدی ژمارە چوارە لە لیستەی " النصر"ی حەیدەر عەبادی.

ئاراس حەبیب
ئاراس كوڕی حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستانە و كوردی فەیلییە، ئێستا سەرۆكی پارتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقە كە پێشتر ئەحمەد چەلەپی سەرۆكایەتی دەكرد .
ئاراس حەبیب بەڕێوەبەری بانكی " بلاد"ی ئیسلامییە لە عێراق و ئەمریكا تۆمەتباریدەكات بە هاوكاریكردنی دارایی فەیلەقی قودس، و كەرتی بانكی عێراقی قۆزتوەتەوە بۆ ئەوەی پارە لە تارانەوە بۆ حزبولا حەواڵە بكات و بەوەش سەلامەتی سیستمی دارایی عێراقی رووبەڕووی مەترسی كردوەتەوە.
ئاراس حەبیب لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو كاندیدی ژمارە چواری لیستەكەی حەیدەر عەبادیی بوو لە بەغداد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand