Draw Media

تویتە دوورهاوێژەكانی ترەمپ

تویتە دوورهاوێژەكانی ترەمپ

2018-08-11 11:11:09


(درەو میدیا):
پێناچێت ئەو بزنسمانە پۆپۆلیستەی سەرۆكایەتی زەبەلاحەترین هێزی جیهان دەكات، هاوشێوەی هاوتاكانی پێشخۆی بۆ تەمبێكردنی نەیارەكانی لەشكركێشی بكات و هێزی ڕووت بەكاربهێنێت ، ئەو كەهات زۆرێك پێشبینی شەڕێكی ماڵوێرانكەر و تەنانەت جەنگی جیهانی سێیەمی ئەكرد، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەكانەوە كۆمەڵێك دۆسییەی جیهانیی ئاڵۆزی یەكلاكردەوە، كۆتایی بەهەڕەشەی كۆریای باكور هێنا وەك مەترسی ژمارە یەكی جیهانی بۆ سەر ئەمن و ئاسایش، بەكردنی نینۆكەكانی قەتەر و سعودیە و سەرقاڵكردنیان بەكۆمەڵێ دۆسیەی ترەوە، دەستوەران و شەڕ و خوێنڕشتن لە وڵاتانی بەهاری عەرەبی لە كۆتاییەكەی نزیكبوەتەوە، جەنگی سوریا بەشێوەیەكی كرداری كۆتاییهاتووە و تەنها ڕاگەیاندنی ماوە، ئیتر ئەمریكا كچی خۆی ناكاتە قوربانی كوڕی كەس، موشەكی گرانبەهاش ناگرێتە كەس، نەك لەبەرئەوەی ڕەحم و بەزەیی بۆ ئینسانیەت جوڵاوە، بەڵكو پێش هاویشتنی، بیر لەتێچوەكەی ئەكاتەوە.

ژەنەراڵی تویتەر
ترەمپ ئێستا ژەنەڕاڵی شەڕێكی نوێ و ناتەقلیدیە، لەجیاتی جوڵاندنی كەشتیگەل و خەرجكردنی ملیارەها دۆلار بۆ خەرجی جەنگ و ئاوەدانكردنەوەی دوای وێرانكارییەكان، لە تویتەرەكەیەوە چەند دێڕێك ڕق و توڕیی بەسەر هەر نەیارێكیدا بڕێژێت، زیانەكانی كاریگەری سەدان موشەكی وێرانەكەر دەخاتەوە.
تاران و ئەنكەرە كە زیاتر لە پێنچ سەدەیە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستیانەوە زەلالەتیەتی و  ملیۆنان هاوڵاتی  بەدرێژایی ئەو ماوەیە بونەتە قوربانی ململانێكانی ئەم دوو ڕكابەرە سەر سەختە، ئێستا پێكەوە گیرۆدەی تویتە دوورهاوێژەكانی ترەمپ بون و دوعای ئەوەیانە دوو دێر نەنوسێت و  ئابورییەكەیان توشی داتەپینی زیاتر نەكات.
لەدوای ئەو تویتەی دۆناڵد ترەمپەوە "لیرەی توركی لە پاشەكشەدایە بەرامبەر بە دۆلاری بەهێزی ئەمریكی", ئەردۆغان هاواری لێهەستاوە و داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات دۆلار و یۆرۆكانیان بێننە درەوە و بیكەن بە لیرە، بەڵام پێناچێت هیچی لێ سەوزبكات چونكە جگە لەدەنگە دەنگ و وتاری حەماسی، هیچ ستراتیژێكی ئابوریی دیاریكراو پاڵپشتی قسەكانی ناكات، بەوپێیەی تائێستا وتارەكانی نەبونەتە ڕێگر لە هاڕەی بەردەوامی دراوی وڵاتەكەی، ڕونیشە كە سەركەوتن لەجەنگی ئابوری لەگەڵ زەبەلاحێكی وەك ئەمریكادا، بەخیتابی حەماسی و سیاسی  بەدینایەت.  
ئەردۆغان باس لە تێۆرەی پیلانگێڕی ( نظرية المؤامرة ) ئەكات، ئەو هێشتا لەكودەتاكەی ساڵی 2015دا ئەژی، لەكاتێكدا لەوكاتەوە تائێستا خۆی زیاد لە كودەتایەكی بەسەر سیستمی سیاسی و زیاد لەسەركێشەیەكی بەژیانی گەلەكەی و گەلانی ناوچەكەشەوە كردوە. 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی توركی زیاتر سێ یەكی بەهاكەی لەدەستداوە، تمەنی ئێرانیش ئەگەر حاڵی زۆر لە لیرە خراپتر نەبێت ئەوە بەدڵنیایی باشترنیە، بەقسەی پسپۆرانی ئەو بوارەش بێت، ئابوری توركیا ئەوەندەی لە لێواری داڕمانەوە نزیكە چارەكی ئەوە پێشبینی خۆڕاگری و قوتاربونی لێناكرێت.  
كورد و تەنی، ئەمجارە ئەردۆغان توشی پیاوی خۆی بووە، جا یان مامەڵەی ڕوسەكانیان لەگەڵ دووبارە ئەكاتەوە و واز لەسەركێشی دێنێت، یان دەیكەنە پەند و حیكایەتێك هەتا دوان دوعای خێر بۆ دەنێرێن، دەیانی تر تەشتێك بەردی لەدوا دەهاون.

دۆخی ئێرانێیەكان لەم شەڕە تویتەی ترەمپدا كارەساتاویتر لە توركەكانی دراوسێیان دەردەكەوێت، بەوپێیەی كەرتی نەوت كە سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی ئەو وڵاتە و دراوی قورسیشە لەگەڵ هێزی كڕینی تمەنی ئێرانی بەیەكجار گورزی گەورەیان بەركەوتوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵی ئەمریكی، لەدوای پاشەكشێی ئەمریكا لە ڕێکكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران زیانی مانگانەی تاران بە 6 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، تمەنیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هاڕەی بەردەوامدایە و زیاتر لەنیوە بەهاكەی لەدەستداوە. 
وێڕای ئەو تەوقە توندەی ترەمپ لە گەردنی تاران و ئەنكەرەی ئاڵاندوە و ڕۆژانە زیانی ملیۆنان دۆلار لە ئابورییەكانیان دەدات، بەڵام یەك ڕاستی حاشاهەڵەگر هەیە، ئەویش ئەوەیە، مێژووی سزا ئابورییەكان پێماندەڵێت تائێستا سەپاندنی نەبوەتە هۆی ڕوخاندنی هیچ ڕژێمێك و قوربانی یەكەمیش هەر هاوڵاتی ئاسایی بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand