" دوو بەرپرسی ئەمریكا لە كودەتاكەی توركیا تێوەگلاون"
2018-08-08 11:30:50
(درەو میدیا):
رۆژنامەكانی توركیا رایانگەیاند لێكۆڵینەوەی دادوەریی تایبەت بە هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەی هاوینی 2016 ئاشكرایكردووە كە بەرپرسێكی سەربازیی باڵای ئەمریكا بەناوی " جۆن" لە ئامادەكردنی بەیاننامەی كودەتا شكستخواردووەكەی شەوی 15ی تەمموزی 2016ی توركیاوە تێوەگلاوە.
بە گوێرەی میدیاكانی توركیا، دەسەڵاتی دادوەری توركیا لێكۆڵینەوە لەناوی دوو كەس دەكات كە دوای كودەتاكە ئەركەكانیان لە توركیا كۆتاییهاتووە، كە بریتین لە جۆن باس باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە ئەنكەرە و فەرماندەی پێشووی هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی ئەرنچەرلیك جۆن وۆڵكەر.
بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكان، بەیاننامەی كودەتاكە كە بۆ یەكەكانی سوپای توركیا نێردراوە لە ئیمەیلی " حسێن عومەر" ەوە نێردراوە، بەڵام بەیاننامەكە 7ی تەمموز ئامادەكراوە، واتە هەفتەیەك پێش كودەتاكە و شەوی 15ی تەمموزی 2016 كەمێك دەستكاریی كراوە.
داواكاری گشتی توركیا گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە یەكەمین بەیاننامەی كودەتاچییەكان لە ئیمەیلی " حسێن عومەر" ەوە نێردراوە كە لە سێ لاپەڕی وۆرد پێكهاتووە و رۆژی 7ی تەمموزی 2016 ئامادەكراوە و كاتژمێر 22:45 خولەكی شەوی كودەتاكە 15ی تەمموزی هەمان ساڵ كەمێك گۆڕانكاریی تێداكراوە.
لێكۆڵینەوەكان جەختیشیدەكەنەوە كە لە خانەی ئامادەكەری بەیاننامەكە ناوی " جۆن" هەیە كە ئاماژە بەوەدەكات بەیاننامە راستەقینەكە لە كۆمپیوتەرێكەوە نوسراوە كە بەكارهێنەرەكەی ناوی " جۆن" ە ، ئەو كۆمپیوتەرەش لەناو سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیادا نەدۆزراوەتەوە، ئەوەش ئەوەدەگەیەنێت كە ئەو ئامێرە لە دەرەوەی دامەزراوەی سەربازی توركیادایە.
لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی داواكاری گشتی توركیا لە " جۆن" و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو كەسانەی لەو ماوەیەدا لە توركیا ناویان جۆن بووە، دەركەوتووە كە تەنها دوو كەس ئەو ناوەیان هەیە و بریتین لە جۆن باس باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە توركیا و جۆن وۆڵكەر فەرماندەی پێشووی سوپای ئەمریكا لە ئەنچەرلیك و هەردووكیشیان دوای كودەتا شكستخواردووەكە ئەركەكانیان لە توركیا كۆتایی هاتووە.
بە بۆچوونی داواكاری گشتی توركیا ئەگەری ئەوە هەیە " جۆن وۆڵكەر" بەیاننامەی كودەتاكەی ئامادەكردبێت، بەهۆی ئەوەی كەسێكی سەربازییە.