نوسینی: پۆڵ رینكۆن هەواڵسازی زانستی لە بی بی سی وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ پرۆفیسۆر كۆچەر بیركار، كە خەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستانە و دوای وەرگرتنی مافی پەنابەری سیاسی لە بەریانیا لە زانكۆی كامبریج كاردەكات، بەرزترین خەڵاتی جیهانی لە ماتماتیكدا كە " مەدالیای فیڵدزە " بەدەستهێنا كە هاوتای خەڵاتی نۆبڵی جیهانییە بۆ زانستەكان. بەڵام ئەوەندەی نەخایاند لە ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا كە لە بەرازیل بەڕێوەچوو، خەڵاتەكە لە پرۆفیسۆر كۆچەر بیركار دزرا كە بە هاوبەشی لەگەڵ سێ زانای تر بەناوەكانی ئەلیسۆ فیگالی، پیتەر شۆڵز، ئەكشای ڤنكاتیچ بەهۆی رۆڵیان بە بواری ماتماتیكدا بەدەستیانهێنا. پرۆفیسۆر بیركار خەڵكی گوندێكی شاری مەریوانی خۆرهەڵاتی كوردستانە و وەك پەنابەرێك رووی كردووەتە بەریتانیا و لە زانكۆی كامبریدج وانە دەڵێتەوە. دوای بردنەوەی خەڵاتەكە بیركار وتی:" بە خەیاڵیدا نەهاتووە ئەو خەونەی ببێت راستی". خەڵاتی فیڵدز لەبواری ماتماتیكدا لەسەر ئاستی جیهان زۆر بایەخی هەیە و هاوتای خەڵاتی نۆبڵە ولە لایەن زانای ماتماتیكی كەنەدی جۆن چارڵز فیڵدزەوە دامەزرێنراوە و لە ساڵی 1936ەوە هەر چوار ساڵ جارێك دوای كۆبوونەوەی كۆمەڵێك لە زاناكانی ماتماتیك بەوانە دەبەخشرێت كە تەمەنیان لە 40 ساڵ كەمترە. دزینی خەڵاتەكە خەڵاتەكەی پرۆفیسۆر بیركار بریتی بوو لە مەدالیایەكی زێڕ كە كێشەكەی 14 قیراتە، بەڵام دوای وەرگرتنی لە ئاهەنگی خەڵاتەكەدا لە ریۆدی جانێرۆی بەرازیل خەڵاتەكەی لێ دزرا. خەڵاتی فیڵدز بۆ ماتماتیك كە هاوتای خەڵاتی نۆبڵە كەناڵی تەلەفزیۆنی گڵۆبۆ تی ڤی بەرازیل رایگەیاند پرۆفیسۆر بیركار مەدالیاكەی كردوەتە جزدانێك و لەگەڵ مۆبایلەكەیدا لە جانتایەكدا لەسەر مێزی ناوەندی كۆنگرەكان دایناوە كە شوێنی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكەیە، بەڵام دواتر جانتاكە دیارنەماوە. پرۆفیسۆر بیركار هێزەكانی ئاسایشی لە دیارنەمانی جانتاكەی ئاگاداركردووەتەوە، و ئەوانیش دواتر بۆیان دۆزیوەتەوە بەڵام جزدانەكە و مەدالیاكەی تێدا نەماوە. كۆچەر بیركار لە گوندی " نێ"ی شاری مەریوانی خۆرهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە و لە میانی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران= عێراقدا كە ساڵی 1980 بەرپابوو، لە هەدوو وڵات ژیاوە و لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری " كوانتا: رایگەیاند لە منداڵیدا وێنەی براوەكانی مەدالیای فیڵدزی لە دیواری یانەی ماتماتیك لە تارانی پایتەخت بینیوە. بیركار دەڵێت:" سەیری وێنەكانم كرد، لە دڵی خۆمدا وتم ئایا چاوم بە كەسێك لەوانە دەكەوێت، لەو كاتەدا لە ئێران نەمدەزانی كە دەتوانم رۆژێك لە رۆژان بڕۆم بۆ خۆرئاوا". بیركار لەكاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە زانكۆی تاران چووتە بەریتانیا و مافی پەنابەری سیاسی بەدەستهێناوە و لەوێش لە ئەكادیمیا بەهۆی لێهاتوویی لە بواری لقێكی ئەندازەی جەبردا ناوبانگی پەیداكردووە و پێشتریش خەڵاتی گرانبەهای " Leverhulm " بەدەستهێناوە. براوەی دووەمی خەڵاتی فیڵدز ئەلیسۆ فیگالی ئیتالییە كە لە رۆما لە دایكبووە ، بەڵام لە زانكۆی ئەی تی ئێح زیوریخ كاردەكات كە زانكۆی زانست و تەكنۆلۆژیایە لە سویسرا . پرۆفیسۆر مارتن هیرەر، ساڵی 2014 خەڵاتی فیڵدزی بەدەستهێناوە فیگالی لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەكەوە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی ئیتالیا وتی:" ئەم خەڵاتە خۆشی زۆرم پێدەبەخشێت، بە جۆرێك گەورەیە كە ناتوانم باوەڕ بكەم كە بردوومەتەوە". گەنجترین براوە گەنجترین كەسی براوەی ئەمساڵی خەڵاتی فیڵدز پیتەر شۆڵزە كە تەمەنی 30 ساڵە و لە زانكۆی بۆن كاردەكات، پێش راگەیاندنی رەسمی خەڵاتەكە پێشبینی كرابوو كە ئەو خەڵاتە بەدەستدەهێنێت. براوەی چوارەمیش زانای ئوسترالی دكتۆر ڤنكاتیچ ( 36 ساڵ) بوو . پرۆفیسۆر مارتن هیرەر لە ئەمپریال كۆلیجی لەندەن كە ساڵی 2014 مەدالیای فیڵدزی بردووتەوە لە لێدوانێكیدا بۆ بی بی سی وتی:" مرۆڤ دەتوانێت وێنای ئەوە بكات كە دەستبەجێ دۆخیان چۆن دەگۆڕێت، بەهۆی ئەوەی بوونەتە توێژەری زۆر رێزلێگراو لە بوارێكدا، و لە كۆمەڵەكەی ماتماتیكیشدا دەبنە كەسی بەناوبانگ". وتیشی:" بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ ئەوان دەبنە سیبموڵ لە بواری ماتماتیكدا بەهۆی توێژینەوەكانیانەوە، لەبەرئەوە كاتێكی زۆر لەوە زیاتر كە راهاتوون پەیوەندییان بە جەماوەرەوە دەبێت". هەتا ئێستا 56 زانا خەڵاتی فیڵدزیان بەدەستهێناوە، هەرچەندە گریگۆری پیرلمان ساڵی 2006 رەتیكردەوە خەڵاتەكە وەربگرێت، دكتۆر پیرلمان زۆر جیاواز بوو، لە پێناوی كاركردن لە بواری خۆیدا گۆشەگیر و دابڕاو بوو. هەروەها تائێستا یەك ژن خەڵاتەكەی بەدەستهێناوە كە ئەویش مەریم میرزاخانی هاوڵاتیی ئێران بوو لە زانكۆی ستانفۆری ئەمریكا كە ساڵی 2017 كۆچی دواییكرد. یەكێك لە براوەكانی خەڵاتی فیڵدز سیدریك فیلانی فەرەنسی بوو كە ساڵی 2010 خەڵاتەكە بەدەستهێنا و دوای ئەوە روویكردە جیهانی سیاسەت و ساڵی رابردوو لەسەر لیستەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بووە ئەندامی پەرلەمان. لەو بارەیەوە مارتن هیرەر دەڵێت :" لە كۆتاییدا لەو كاتەی هەندێك لە براوەكان سودیان لە مەدالیاكە بینی بۆئەوەی پیشەكەیان بگۆڕن هەروەك سیدریك فیلانی كردی، بەڵام زۆربەیان بەردەوام دەبن لە توێژینەوەی ناوازە لەو بوارەی كە خۆیان هەڵیانبژاردووە و ژیانیان وەك هەر زانایەكی تری ماتماتیك زۆر بە سەركەوتوویی بەردەوام دەبێت". فیدریك سیلانی ساڵی 2010 مەدالیای فیڵدزی بەدەستهێنا و دواتر بووە ئەندامی پەرلەمانی فەرەنسا
درەو میدیا: بەپێی راپۆرتی دووەمی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ووردبینی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بۆ شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 : - لە شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 دا 90 ملیۆن و 997 ملیۆن و 914 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە - نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لە نێوان 37 دۆلار بۆ 52 دۆلار فرۆشراوە". - كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 دا بە بەهای 3 ملیار و 648 ملیۆن و 592 هەزار و 406 دۆلار نەوت فرۆشراوە - بۆ فرۆشتنی نەوت هیچ بەیانێكی نادروستمان بەدینەكرد لە زانیارییەكانی فرۆشتنی نەوت و كۆی بڕی پارەی وەرگیراوی مانگانە لە ماوەی نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی كانونی یەكەمی 2017". بەپێی راپۆرتی یەكەمی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ووردبینی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بۆ شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2017 : - لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2017 دا 95 ملیۆن و 937 ملیۆن و 107 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە - نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لە نێوان 41 دۆلار و 29 سەنت فرۆشراوە". - كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە شەش مانگی یەكەم ساڵی 2017 دا بە بەهای 3 ملیار و 961 ملیۆن و 951 هەزار و 95 دۆلار نەوت فرۆشراوە. بەو پێیەش كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2017 دا بەپێی هەردوو راپۆرتەكەی دیلۆیت( 7 ملیار و 610 ملیۆن و 543 هەزار 501 دۆلار) بووە . كۆمپانیای دیلۆیت خۆی رایگەیاندووە، "ئێمە لەلایەن ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گازی هەرێمی كوردستانەوە دەستنیشانكراوین بۆ ئەنجامدانی وردبینی لە خشتەی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2017 و هەروەها بۆ ساڵەكانی پێشووتری 2014 ،2015 ،2016".
(درەو میدیا): " ئەگەر ئەم كێشەیەی گۆڕان چارەسەرنەبێت و گۆڕانیش فۆڕمی پارتی و یەكێتی وەربگرێت، ڕەنگە من بێ ئیش دانەنیشم و لەكاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا كەمپین بكەم بۆ بایكۆتكردنی ھەڵبژاردن، بۆئەوەی دوو كەڵەگاكە نەبن بە سێ و چوار" ئەمە وتەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە. عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە نوسینێكدا بەناوی (دووڕێیانی بەردەم گۆڕان) دەڵێت " ڕێگا ڕاستەكە ئەوەیە كە بوترێت نەوشیروان مستەفا ١٠ میلیون دۆلار و كۆمپانیای بۆخۆی نەبو، ئەگەر بۆخۆی بوایە ١٠ ساڵ بە قەمسەڵەیەكی كۆنەوە ژیانی بەڕێ ناكرد، ١٢٠ دۆنم زەوی گردی زەرگەتەی بۆخۆی نەبو، ئەگەر بۆخۆی بوایە نیوەی ژیانی لە خانویەكی ١٢٠ مەتری شارەوانیدا بەسەر نابرد" ئەو ئەندامە دەسلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەكات" من دەستم لە ئەندامێتی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشاوەتەوە و قوربانیم بە پێگەكەی خۆم داوە وەكو ھەڵوێست وەرگرتنێك دژی ئەم بەلا ڕێدا بردنەی گۆڕان، بەڵام لە جاران زیاتر دژی ئەم حكومڕانییە سەقەت و گەندەڵی و نادادییەی پارتی و یەكێتیم، بەدەستی من بێت ئەبێت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە تەرمی مردوەكانیشیانەوە لە كوردستان دور بخرێەنەوە، بەڵام ھەرگیز ئامادە نیم لە ڕقی ئەوان پشتیوانی دروستبونی ھاوشێوەیەكی تری ئەوان بكەم" دەقی نوسینەكەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك دو ڕێیانی بەردەم گۆڕان ڕێگا ڕاستەكە ئەوەیە كە بوترێت نەوشیروان مستەفا ١٠ میلیون دۆلار و كۆمپانیای بۆخۆی نەبو، ئەگەر بۆخۆی بوایە ١٠ ساڵ بە قەمسەڵەیەكی كۆنەوە ژیانی بەڕێ ناكرد، ١٢٠ دۆنم زەوی گردی زەرگەتەی بۆخۆی نەبو، ئەگەر بۆخۆی بوایە نیوەی ژیانی لە خانویەكی ١٢٠ مەتری شارەوانیدا بەسەر نابرد. ئەبێت بوترێت دەرھێنانی پارەی دزراوی داھاتی گشتی لە چنگی یەكێتی و دامەزراندنی كۆمپانیا و بەكار ھێنانی ١٢٠ دۆنم زەوی موڵكی گشتی بەمەبەستی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوە، بۆئەوەی سەد ھێندەی ئەو داھات و موڵكەی بەكار ھێنراوە سود بە خەڵك بگەیەنێت. بەڵام كێ ئەمە بكات و بڵێت؟ ئەمە بە وتنی من و ئەم و ئەو كێشەكە مەیسەر ناكات و خەڵكیشمان پێ فریو نادرێت، وتنی ئەم ڕاستیە لەپێش ھەمواندا ئەركی خانەوادەی نەوشیروان مستەفایە و ئەبێت بەلای كەمەوە ئەوەندەی ھاوسەرە ئەوروپیەكەی دكتۆر قاسملویان لەدەست بێت، ئینجا بڕیارێكی بزوتنەوەكەی پێویستە و پێویستیشە بە شێوەیەكی كرداری ئەم ھەنگاوە بنرێت نەك ھەر قسەی دەم و دەنگۆ بێت، وە پێویستیشە پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بێت، چونكە گۆڕان بەم دۆخەی ئێستایەوە زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت لە ھەڵبژاردندا و كورد وتەنیش دوای باران فەرەنجی سودی نیە. لادان لە ڕێگا ڕاستەكە و ڕۆیشتن بە ڕێگای دوەمدا و مل نەدان بۆ ڕاستیەكان جگە لە متمانە نەمان بە داھاتوی گۆڕان، پاكی و كارێزمایی نەوشیروان مستەفاش ئەكەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە، ئەو بۆچونەش لای خەڵك دروست دەبێت كە نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و نیو ملیون خەڵكی بەكار ھێنا بە پارەی گیرفانی خۆیان، بە قوربانیدان بە ژیان و گیانی خۆیان بۆ پەردە پۆش كردن و شاردنەوەی ئەو دەیان ملیون دۆلار و كۆمپانیا و زەوی و زارە زۆرەی بۆ كوڕەكانی كۆی كردەوە، بۆ ئەوە بەكاریانی ھێنا تا خەڵك پێی نەڵێن گەندەڵ بەھەمان شێوەی سەركردەكانی تری كورد و پێی بوترێت پاك و كارێزما و باوكی ھەژاران، بە دروست بونی ئەم بۆچونەش بە لای كەمەوە باجەكەی لەدەستدانی نیوە زیاتری دەنگی گۆڕان دەبێت، چونكە نیوە زیاتری جەماوەری گۆڕان ھێشتا بە تەواوی بەرنامەی گۆڕانیان ھەر نەخوێندۆتەوە، بەڵكو تەنھا دوای پاكی و متمانەی نەوشیروان مستەفا كەوتون و كە ئەو پاكییەش بشێوێندرێت و لەناو ببرێت واتا لەناوبردنی نیوە زیاتری دەنگی گۆڕان و وردە وردە پوكاندنەوەی گۆڕان بە تەواوی. ئیتر ئەمە ڕاستییەكەیە و ھەردو ڕێگاكەش لەبەردەمدایە، دو بۆچون و ئاراستەی جیاوازیش لەناو گۆڕاندا دروست بوە لەسەر ئەم دوڕیانە، ئەوەی گرنگە ھەڵسوڕاو و جەمارەكەی گۆڕان ڕێنمایی دروست بدەنە ھەردو ئاراستەكە و پشتیوانی بۆچونە ڕاستەكە بكەن، وازیش لەو قسە پوچە بێنن كە ئەبێت لە ڕقی پارتی و یەكێتی ھەر پشتیوانی گۆڕان بكرێت ئەگەر بە ڕێگای ھەڵەشدا بڕوات، چونكە لە ڕابردوشدا ھەر بەو عەقڵییەتە و لە ڕقی پارتی پشتیوانی لە چاكە و خەراپە، ڕێگای ڕاست و ناڕاستی یەكێتی كرا تا یەكێتی بو بە پارتیەكی تر و لەبری كەڵەگایەك بون بە دو كەڵەگا. ئەمەی سەرەوە كێشە سەرەكی و دەردە گرانەكەی گۆڕانە، باقی ئەو كێشانەی تر وەكو سستی و ھەڵە كردن لە ھەندێك بڕیاردان، بەرژەوەند خوازی كەسی و تۆمەتباركردن و پاشقول گرتن لە یەكتری لە پێناو پلەوپۆستدا و تەنانەت ئەو ڕێككەوتنە ژێربەژێرانەی لەگەڵ پارتی یان یەكێتی لەسەر دەستی چەند كەسێكی كەمی ناو گۆڕان ھەوڵی بۆ ئەدرێت قابیلی چارەسەر كردنە و زۆر مەترسی دار نییە. من دەستم لە ئەندامێتی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشاوەتەوە و قوربانیم بە پێگەكەی خۆم داوە وەكو ھەڵوێست وەرگرتنێك دژی ئەم بەلا ڕێدا بردنەی گۆڕان، بەڵام لە جاران زیاتر دژی ئەم حكومڕانییە سەقەت و گەندەڵی و نادادییەی پارتی و یەكێتیم، بەدەستی من بێت ئەبێت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە تەرمی مردوەكانیشیانەوە لە كوردستان دور بخرێەنەوە، بەڵام ھەرگیز ئامادە نیم لە ڕقی ئەوان پشتیوانی دروستبونی ھاوشێوەیەكی تری ئەوان بكەم، بۆیە ئەگەر ئەم كێشەیەی گۆڕان چارەسەر نەبێت و گۆڕانیش فۆڕمی پارتی و یەكێتی وەربگرێت، ڕەنگە من بێ ئیش دانەنیشم و لەكاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا كەمپین بكەم بۆ بایكۆت كردنی ھەڵبژاردن، بۆئەوەی دو كەڵەگاكە نەبن بە سێ و چوار. عەبدوڵای كوێخا موبارەك ٣١/٧٢٠١٨
بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان: -٧٠٩ كەس ناوی خۆیان كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - ٢٩ لیست و قەوارە ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە - چەند كاندیدێك ڕەت كراوەنەتەوە كە ڕێنماییە بنچینییەكانی كاندیدبونیان تێدا نەبوە - بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 ژمارەی دەنگدەران ( 3,088,642) - بۆ هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013 ژمارەی دەنگدەران ( 2,717,082) - واتا ژمارەی زیادبوو ( 371,560 ) - ناوی 268 هەزار كەس لە تۆماری دەنگدەران دەرهێنراون - ناوی 56 هەزار دەنگدەری دیكەش سڕكراون
راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف لە درێژەی جینۆسایدەكانی كوردا و پاش ھەرەس ھێنانی شۆڕشی كورد ساڵی ( ١٩٧٥) دەیان ھەزار لە خێَڵی بەرزانییەكان بە زۆر لە شوێنەكانی خۆیان ھەڵكەنران و گوێزۆانەوە بۆ ناوچەی بیابانی ووشك لە باشوری عێراق ، بێ ئەوەی لەلایەن رێژێمەوە ھیچ یارمەتییەك بدرێن ، ئەم گوندنشینانە نزیكەی ( ٥) ساڵیان لە جێگەو ماڵی نوێدا بەسەر برد لە باشوری پارێزگای (دیوانیە) بەڵام لە ساڵی ( ١٩٨٠) سوپای عێراقی , بە ئۆتومبیلی ئیڤا ئەم ئۆردوگایانەیان پێ پێچانەوەو بەرەو كۆمەڵگای (قوشتەپە)ی باشوری شاری ھەولێر راپێچكران و ھەندێكیشیان بران بۆ كۆمەڵگای (بەحرەكە)لەباكوری شاری ھەولێر ، ئەوانی تریش بۆ كۆمەڵگای ( دیانەو ھەریری). لەم كۆمەڵگایانەدا خەڵكەكە بۆیەكەمجار ھەوای كوردستانیان ھەڵمژی پاش ئەوەی لە ٢٢ی ٩/١٩٨٠ جەنگی نێوان عێراق و ئێران دەستی پێكرد ، لەو چوارچیوەیەدا جكومەتی ئێران لە ٢٢/ ٧ /١٩٨٣ پەلاماری شارۆچكەی ( حاجی ئۆمەران)یان داو بە چاوساغی ھێزی پێشمەرگەی پارتی ناوچەكانی ( شیوەڕەش ، ئالانە ،ئازادی ، رایەت)یان لە دەسەڵاتی بەعس سەندو ھەزاران سەرباز لە ھەردوولا كوژران یوست هیلتەرمان لە كتێبەكەیدا كارێكی ژەهراوی دەنوسێت"پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, بە جارێ عێراقییەكانی نیگەران كردبوو, لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا, پارتی پاڵپشتییەكی چالاكانەی شەڕی هێزەكانی ئێرانی دەكرد وەك ڕێنماو شارەزایی زانیاری تەواوی بارزانیەكان كەوا ئێرانییەكان لەو كاتەدا نزیكەی دە میل هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەك, بەرزاییە سەرەكییەكان و بنكەكانی تۆپخانە لە ناوچەكەدا, نزیكەی 43گوندی كوردنشین ,بنكەیەكی سەرەكی حدكا و زۆربەی كەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدكایان گرت,...هێرشی حاجی ئۆمەران هەلێكی بۆ پدك ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستیدا یەكلا بكاتەوە, كە ناحەزییەكی كۆنیان لە نێواندا بوو, بەهۆی پێگەی ئەم عەشیرەتەوە لە نێوان قەڵەمڕەوی بارزانی و سنوری ئێراندا. چەكدارانی برادۆست بە پشتگیریی بەغدا بەرگری زۆریان لە ناوچەی عەشیرەتەكەیان دەكرد. ئەوە بوو كە دوژمنایەتی پارتی بۆ عەشیرەتی برادۆستی و دژایەتی مێژوویی نێوان پارتی و یەكێتی لەو ناوچەیە كە سنوری یەكێتی بوو,,هاوپەیمانییەكی تەكتیكی لێكەوتەوە یەكەم لە نێوان یەكێتی و برادۆستییەكان و دواتر لە نێوان یەكێتی و ڕژێمی بەغدا, كە دانوستانی نێوان یەكێتی و بەغدای لێكەوتەوە" هەر سەبارەت بەو روداوە نەوشیروان مستەفا, لە كێبی پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن دەنوسێت : " گیرانی بارزانییەكان ئەوكاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدك بە ئاشكرا هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئەكرد دژی جەیشی عێراقی . كۆكردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەكانی و , چاوساغی و ڕێبەری هێزەكانی ئێران و , هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێكی كەمی ئەو هاوكارییە ئاشكرایە بو . لە هێرشەكانیش دا ئەوان وەكو هێزی یارمەتیدەر و خەریككەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون, بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەكانیان لە هێرشەكانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا , لە لای صەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا, بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێكردن ئەژمارد ھەربۆیەرژێمی بەعس لە تۆڵەی ئەم روداوەدا لە ٣٠ / ٧ /١٩٨٣ دا بەسەرۆكایەتی ( بەرزان تكریتی و وەتبان تكریتی) ھەردوو دایك برای سەدام حسێن و بە فەرمانی راستەوخۆی ( سەدام حوسێن) دەوری ئۆردوگاكانی زۆرەملێی بارزانییەكانی دا لە ( قوشتەپەو دیاناو ھەریرو بەحرەكە) ، زیاتر لە ( ٨)ھەزار پیاوی بارزانیەكانیان دەستگیرو سەرنگوم كرد . ھەندێ پێیانوایە كەپیاوە بارزانییەكان ساڵێك لە ژیاندامان بەڵام ( سەدام حوسێن) لە سیپتێمەری ١٩٨٣ دا گومانێكی ئەوو تۆی نەھێشتەوەو لە وتارێكیدا زۆر بەڕاشكاوانە وتی( ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و لە پەیمان كرد بۆیە بەسزای سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن ) لە دەقی قسەكانی سەدامدا ھاتووە ( ئەوان بەجۆرێك رۆچوون لەخیانەتدا كەناتوانن پەشیمان ببنەوە لێی، ئەم خیانەتەشیان گواستووەتەوە بۆ سنورێكی بەرفراوانتر لەبنەماڵەكەیان تا ئەو تاوانەیان ئەنجام دا و بوون بەڕێنیشاندەر و یارمەتیدەری ھێزی فارس بۆ داگیركردنی خاكی عێراق، بەم شێوەیە جیابوونەوەی كۆتای روویدا لەنێوان ئێمە و ئەوان لەوەش زیاتر ھەوڵماندا پەیوەندی دروست بكەن بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕیزی نیشتیمانی چەند نامەیەكیش ئاڵۆگۆر كرا لەم بارەیەوە، بۆیە دووجار خیانەتیان كرد یەكەمیان خیانەتیان لەخاك كرد دووەمینیان خیانەتیان لەو بەڵێنانەشیان كرد كەدابوویان، بارزانیەكانیش بەشدار بوون لەم كارە و سزای خۆیان وەرگرت و رۆشتن بۆ دۆزەخ) مەبەستی سەدام لەوەبوو كە ئەوان جۆرە رێكەوتنێكیان ھەبووە لەگەل مەسعود و ئیدریس بارزانیدا كە ھەرگیز چاوساغی سوپای ئێرانی نەكەن بۆسەر خاكی عێراق، ھەندێك پێیان وایە كە لە كاتی رێكەوتنە نھێنیەكەدا سەدام داوای زەمانەتی كردووە، مەسعود و ئیدریس بارزانی وتویانە زەمانەت ئەوەیە براكانمان لەلای ئیوەیە، ئەوانیش چونكە زۆر داغ لە دڵ بوون بەرامبەر بە براكانیان ( سابیر و عوبەیدوڵا و لوقمان ) بۆیە پێشرەوی سوپای ئێرانیان كردووە، تا حكومەتی بەعس براكانیان لە سێدارە بدات، وە لەوەشدا سەركەوتوو بون و لە ھیچ شوێنێكیش باسی ئەوبرایانەیان ناكەن بەڵام بڕوایان ناكرد سەدام ئەوكارە بەرامبەر بە بارزانیەكان بكات. بەپێی زانیاریەكان دوای ماوەیەك لە دەستگیركردنیان ئەم پیاوە بەرزانیانەیان لەبیابانی ( عەرعەر)دا زیندە بەچاڵ كرد ، ژن ومناڵەكانیشیان دوای خۆیان تا راپەڕین لە ئۆردوگاكاندا دەوریان بە ئەمن و ئیستخبارات گیرابوو ، كە لە ژیانێكی زۆر سەخت و دژواردا دەژیان ئاوو كارەباو كەل و پەلی خواردەمەنیان لێ بڕیبون بەردەوام . ژنێكی بەرزانی كەلەو كاتەدا لە (قوشتەپە) دەژیا ووتی :.( ئێمە گشت خەوتبوین كە سەربازەكان لە كاتژمێر (٣:٣٠)دەقیقەی بەرەبەیاندا ئابڵوقەی كۆمەڵگاكەیان دابوو ،پاشان بەر لەشەبەق كاتێك كە خەڵكەكە وەبەر خۆكەوتن بچنە سەر ئیش و كاریان ھەموو سەربازەكان بەجاری رژانە ناو كۆمەڵگاكەوە ، ھەر پیاوێك دەچوە دەرەوە دەیان گرت ، تەنانەت پیرەمێردێكی شێتیشیانگرت و دەست و قاچیان شەتەك دا ، ئەو مەلایەشیان گرت كەدەچوو بۆ مزگەوت بانگی نوێژی بەیانی بدات ، ئەوجا دەرگای ماڵەكانیان شكاندین و كەوتنە گەڕان بەدووی پیاوەكانماندا ، ئەوان تەنانەت تەماشای سەلاجەو تەنكی ئاویشیان دەكرد ، ھەموو نێرینەیەك كەتەمەنی لە (١٣) ساڵ بەرەو ژور بوو بردیان ، ئافرەتان دەستیان كردە گریان و رۆ رۆو قورئانیان بەرەو رویان بردن و زۆر پاڕانەوە لە سەربازەكان تا پیاوەكانیان نەبەن ). پاش ئەوەی ئەم پیاوە بەرزانییانەیان دەست گیركردوو پاشان رەوانەی (دیوانییە)دەكرێن ، وە پاش ماوەیەكیش بەفەرمانی راستەوخۆی (ێەدا حسین) دەبرێن بۆ بیابانی عەرعەری سنوری عێراق ـ سعودیە لەوێدا چاڵیان بۆ ھەڵدەكەنرێو دەكەس دەكەس گوللەباران دەكرێن و دادەپۆشرێن . ھەر لەو سەروبەندەدا لە ٣٠/٨/١٩٨٣حكومەتی بەعس ( عوبەیدوڵا و سابیر و لوقمانی كوڕانی مەلامستەفا كە براگەورەی مەسعود بارزانی ) بوون لە سێدارەدا ئەو كوڕانەی مەلا مستەفا لەدوای شكستی ١٩٧٤ لەگەڵ مەلا مستەفا نەچوون بۆ ئێران و لە بەغداد مانەوە چونكە كێشەیان لەگەڵ باوكیان ھەبوو، وەزیر و پەرلەمانتار و سەرمایەداربوون, بۆیە رژێمی بەعس لەدوای پێشڕەویەكانی ھێزەكانی پارتی بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران و گرتنی ٨ ھەزار بارزانی، كوڕەكانی مەلا مستەفاشی لە سێدارەدا كە یەكێكیان وەزیرو ئەوەی دیكەیان پەرلەمانتار و ئەوەی تریشیان بارزگان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا نەفرەتی لێكردبوون بۆیە تا ئێستاش ھیچ سەركردەیەكی بارزانی ناویشیان ناھێنێت، كە یەكێكیان باوكی سیروان بارزانیە، بڕیارەكەش لە دادگای شۆرش لەرۆژی ( ٣٠/٨/١٩٨٣ ) بەسەرۆكایەتی عەواد حەمەد بەندەر دەركرا: حوكمی لە سێدارەدان درا بەسەر ھەر یەك لە (سابیر مستەفا محەمەد عەبدولسەلام بارزانی و نەوزاد لوقمان مستەفا بارزانی و ئازاد لوقمان مستەفا بارزانی و سەلاح لوقمان مستەفا بارزانی و بیداد لوقمان مستەفا بارزانی و ئیسماعیل فەقی عەولا بارزانی و ئەمین عوسمان ھەمیرە بارزانی و نورەدین محەمەد سدیق بارزانی و رەجەب ئیسماعیل حەسەن بارزانی و قادر نوعمان جەھوەر بارزانی و مەجید عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حەكیم سەعید حەسەن بارزانی و سوبحان ئیسماعیل عەبدولسەلام بارزانی و زوبیر عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حسێن زیاب بارزانی و دڵدار عەلی محەمەد حاجی بارزانی و ئیسماعیل مستەفا محەمەد بارزانی و عەلی عومەر ئەحمەد بارزانی و عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و عەبدولباری سلێمان عەبدولسەلام بارزانی و عیماد عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و نەزیر ئەحمەد محەمەد عەبدولسەلام بارزانی)، بەلام ھەر یەك لە لوقمان و عوبەیدوڵا بە بریارێكی تر لە سێدارەداران چونكە ئەوان وەزیر و پارلەمانتار بوون. سەبارەت بە جسنۆسایدی بارزانیەكان هەمیشە سەركردایەتی حزبی بەعس ویستویەتی بیشارێتەوە. بەپێی بەڵگەنامەیەك سكرتاریەتی سەرۆك كۆمار بە نووسراوی 2651/ك لە 24/8/1987 دا فەرمانی دەركردووە بۆ هەموو ئەو دام و دەزگا و بەرپرسانەی تایبەتن بە كێشەی كورد لەوانەیە لە لایەنێكی سێهەهەمەوە پەیوەندییان پێوە بكرێت و سەبارەت بە چارەنووسی بارزانییەكان و پرسیارییان لێ بكرێت، بۆیە وا پێویست ئەكات كە وەڵام دانەوەی هەر پرسیارێك سەبارەت بەم بابەتە ئەم وەڵامە بێت كە: "تەنها سەرۆكایەتی دەوڵەت لەم كێشەیە ئاگادارە چونكە كێشەكە كێشەیەكی سیاسیە و زۆر گەورەترە لە كێشەی ئەم خێزانانە". سەرچاوەكان: • محەمەد رەئوف , ئەنفال و رەھەندە سۆسیۆلۆجیەكانی, 2005 سلێمانی. • میدڵ ئیست ووچ ـ جینۆساید لەعێراقداو پەلاماری ئەنفال بۆسەركورد ، و.سیامەندی موفتی زادە ،چاپی یەكەم ،سلێمانی ،1999، لایەڕە 106-106 . • نەوشیروان مستەفا ئەمین, پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل322 • یۆست هلتەرمان، كارێكی ژەهراوی,وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق,كۆمپانیای ئاوێنەل39 • رۆژنامەی ( العیراق) ، 13ی ئەیلولی ، 1983 . • عەباس هەمزە خدر ـ جینۆساید كارەساتی كوردو تاوانی نێودەوڵەتی ، گۆڤاری یاسا پارێزی ، ژـ 4 ، ساڵیچوارەم ، 1999 , لاپەڕە 260 . • رَێكار مزوری , شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان . • عەدالەت عومەر, بارزانیەكان لە راگواستنەوە تاكو جینۆساید بەپێی بەڵگەنامە فەرمی و مێژوویەكان.
( درەو میدیا): نزیكەی ساڵێكە پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ توركیا تێكچووە و ئەو حزبە ماوەیەكە هەوڵێكی چڕی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنكەرە دەستپێكردووە، بەپێی زانیاریەكان لەماوەی رابردوودا دووجار وەفدی یەكێتی سەردانی توركیای كردووە، هاوكات بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتە گرێبەستی پەنجا ساڵەی لە بواری نەوت و هەناردەكردنیدا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تایبەتی هەیە. سەرەتای كێشەی یەكێتی و توركیا 24ی حوەزیرانی 2017 توركیا نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە داخست و داوای لە بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی كرد لەماوەی سێ رۆژدا ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت، ئەوەش دوای ئەوەی دوو گەورە بەرپرسی میتی توركیا لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە شارۆچكەی دوكانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" ەوە دەستگیركران. قەدەغەخستنە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی لە دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی رابردوو، حكومەتی بەغدا گەمارۆی خستە سەر هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێری نێودەوڵەتی و دواتر و لە 13ی ئازاردا قەدەغەی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە هەڵگیرا، بەڵام ئەمجارە توركیا قەدەغەی خستە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و تائێستاش بەردەوامە و بەو هۆیەشەوە زیانێكی زۆری ئابوریی بە پارێزگای سلێمانی گەیاندووە. لەگەڵ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێم بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی توركیا رایگەیاند گەشتی بازرگانی و هاتوچۆی هێڵە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێدەكاتەوە، بەڵام قەدەغە دەخەنە سەر گەشتی فڕۆكەكان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی بە پاساوی ئەوەی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستانی هاوكاری پەكەكە دەكات. دوای یەڵدریمیش تا ئێستا دووجار مەلود چاوەش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕانی بە هاوكاریكردنی پەكەكە تۆمەتباركردووە و لە دواهەمین جاریدا وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرایكرد كە لەلایەن وەزیرێكی یەكێتییەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاگاداركراوەتەوە كە پەكەكە بە تەواوەتی هەژمونی بەسەر ناوەندی بڕیاری یەكێتیدا كردووە. هەوڵی یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوە لە دوای ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی توركیا و تۆمەتباركردنی یەكێتی بە هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی پەكەكە، ئەو حزبە هەوڵێكی چڕی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنكەرە دەستپێكردووە. بە گوێرەی زانیارییەكانی " درەو میدیا" لە ماوەی رابردوودا دووجار وەفدی یەكێتی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنكەرە سەردانی توركیای كردووە. هاوكات ئەمڕۆ دووشەممە 30 تەمموزی 2018، هاكان كاراچای باڵیۆزی توركیا لە هەولێر سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد لە هەولێر و لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیدا كۆبووەوە. بە گوێرەی میدیاكانی یەكێتی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیاش تەوەرێكی گرنگی كۆبوونەوەكەی پیرە و كاراچای بووە ، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا سەعدی ئەحمەد پیرە، تەئكیدیكردوەتەوە بوونی پەیوەندیەكی باش و دۆستانە لە نێوان هەردوولادا دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئایندەیەكی روون بۆ گەشەی سیاسی و بازرگانی كە بە سوود و قازانجی هاوبەشی توركیا و ناوچەكە دەبێت. كونسوڵی گشتی توركیاش جەختیكردوەتەوە كە ئامادەی هەموو هەماهەنگی و هاوكاریەكن كە ببێتە مایەی بەهێزكردن و بەرەوپێشەوە بردنی پەیوەندییەكان لە ئاستە جیاوازەكاندا.
درەو میدیا: لە ئێستا حكومەتی هەرێم رۆژانە 10 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی و مۆلیدە ئەهلیەكانیش 14 كاتژمێر كارەبا دەدەنە هاوڵاتیان نرخی هەر ئەمپێرێكیش كارەبای مۆلیدە 18 هەزار دینارە, بەڵام مانگی رابردوو نزیكەی 11 هەزار دینار بووە. بەپێی راگەیەنراوی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی " نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆمانگی تەمووز بە (41.5) چل و یەك دینار و نیو دیاركراوە، كە تێكرای كاركردنی موەلیدەكان لەنێوان (400) بۆ (420) كاتژمێر كاریان كردوە، بۆیە نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە" خۆ ئەگەر مانگانە مۆلیدە ئەهلیەكان ( 420 ) كاتژمێر كاربكەن ئەوا مانگانەی كارەبای نیشتیمانی دەكاتە ( 320 ) كاتژمێر، وە نرخی مانگانەی مۆلیدەی ئەهلی ( 420 x 41.5 = 17,430 دینار ) واتا نزیكەی 18 هەزار دینار بۆ هەر ئەمێرێكی مانگانە. ووتەبێژی بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی تەمووز و خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی ئاب ئاشكرا دەكات. سیروان محەمەد، ووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند؛ نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆمانگی تەمووز بە (41.5) چل و یەك دینار و نیو، كە تێكرای كاركردنی موەلیدەكان لەنێوان (400) بۆ (420) كاتژمێر كاریان كردوە، بۆیە نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە، دەربارەی بەرز بونەوەی نرخی ئەمپێر لەم مانگەدا گەڕاندەوە بۆ زۆركاركردنی مۆلیدەكان لەم مانگەدا كە زیاتر لە (400) كاتژمێر كاریانكردوە لەگەڵا بەرز بونەوەی نرخی گازوایل. بەبەراورد بە مانگی رابردوو نرخی ئەمێرێك مۆلیدە 7 هەزار دینار زیادیكردووە, بەو پێیەی نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بۆمانگی حوزەیران ٣٨،٥ سی و هەشت دینار و نیوە، كە تێكڕای كاركردنی موەلیدەكان لەنێوان (٢٧٠) بۆ (٣٠٠) كاتژمێر كاریان كردووە،و بەمەش نرخی ئەمپێرێك كارەبای موەلیدە ئەهلیەكان لە نێوان ١٠ هەزار و دووسەد و پەنجا بۆ ١١ هەزار و پێنج سەد دینار دەبێت .
(درەو میدیا): مام رۆستەم رەتیدەكاتەوە پەیوەندیی بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كردبێت و راشیدەگەیەنێت كە هیچ روونكردنەوە و دەستلەكاركێشانەوەیەكی بڵاونەكردوەتەوە. مام رۆستەم لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ " درەو میدیا" وتی: " من هیچ رونكردنەوە و دەستلەكاركێشانەوەیەكم بڵاونەكردوەتەوە و ئەوەی بڵاوكراوتەوە ئەسڵ و ئەساسی نیە". هەروەها مام رۆستەم وتیشی:" ئەوەی بڵاوكراوەوەتەوە كە چومەتە ناو یەكێتیەوە ئەسڵ و ئەساسی نیە و هەر حزبێكم تەرككرد و جێمهێشت، هەرگیز ناچمەوە بەلایدا و بۆیە هەرگیز نابمەوە بە یەكێتی". زیاتر وتیشی:" من سێ شۆڕشم بەرێكردووە، شۆڕشی ئەیلول و یەكێتی و گۆڕان، ئێستا لە ماڵی خۆم دانیشتوم و پەیوەندیم بە هیچ حزبێكەوە نەماوە". لە هەندێك ئەكاونت و پەیجەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بەناوی مام رۆستەمەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوكراوەتەوە، مام رۆستەم سەبارەت بەوە رایگەیاند هیچ پەیج و ئەكاونتێكی نیە و ئەوەی بڵاوكراوەتەوە راست نیە و پەیوەندی بە ئەوەوە نیە، هەرشتێكی هەبێت بە ئاشكراو لە راگەیەندنەكانەوە بڵاویدەكاتەوە. ئەو رونكردنەوەیەی بەناوی مام رۆستەمەوە بڵاوكراوەتەوە:
(درەو میدیا): سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ئەرسەلان بایزی كردە سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەرسەلان بایز كشایەوە و قوباد تاڵەبانی لەجێی دانرا. زوبێر عوسمان، جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmedia ی راگەیاندووە: لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ناوەنددا ئەرسەلان بایز وەك سەرۆكی لیستی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، پاشان بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە ئەرسەلان بایز داوای بەخشینی لەو پۆستە كردوە و مەكتەبی سیاسیش لەجێی ئەو قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی لیستی یەكێتی دەستنیشانكرد. ناوی بەشێك لە كانیدیداكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی تەلار لەتیف دلێر ماوەتی بێگەرد تاڵەبانی رێواس فایەق ڕاهی ڕەهبەر سەید برایم كنێر عەبدوڵا سەلمە شەهید فاتیح رۆژان شەهید حەمەڕەش سزا جەمال عەبدول عوسمان سێدەری شیلان بەرزنجی عەباس فەتاح خەڵەف ئەحمەد شاتوانی شادمان مەلا حەسەن د. هونەر دڵزار گەلاوێژ ساڵح ئامانج شەوكەت موشیر
( درەو میدیا): دوای چەندین كۆبونەوە لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی ئێوارەی ئەمرۆ بە دەنگدان سەرۆكی لیستی یەكلاكردەوە كە عەلی حەمە ساڵح 4 دەنگ و عەبدوڵای مەلا نوری 3 دەنگ و كوێستان محەمەد 1 دەنگ، بۆیە بڕیاردرا عەلی حەمە ساڵح بكرێتە سەرۆكی لیستی گۆڕان. هاوكات بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست " درەو میدیا: كەوتووە بزوتنەوەی گۆڕان ئەم ناوانەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاندید كردووە: نەسرەدین: باژێروانی كفری شاخەوان رەئوف بەگ: باژێڕوانی شارەزوور گۆرانی ئینزبات ماردین ئیبراهیم كاروخ عوسمان: چۆمان ئەمیر حاجی كەمال: سۆران سوعاد عەبدولڕەزاق : هەولیر بەڵێن ئیسماعیل : ژووری هەڵبژاردن دلێر عەبدولخالق شیرین : هاوسەری كاوە گەرمیانی بەرهەم مستەفا : ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان شۆخان كەریم: بێژەری KNN ژینۆ محەمەد : بێژەری KNN ئاشنا عەبدوڵا: بێژەری KNN ئارام ئەحمەد: بێژەری KNN دابان محەمەد: بێژەری KNN كاروان هاشم: هەولێر جەبار جەلال: باژێروانی سەیدسادق سیروان ماوەتی: باژێروانی شارباژێر ژیلوان عادل شكور
(درەو میدیا): دوای ململانێیەكی توند لە نێوان ژمارەیەك ركابەر بۆ سەرۆكی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلولی داهاتوو بەرێوەبچێت، كەمێك لەمەوبەر لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا عەلی حەمە ساڵح بكاتە سەرۆكی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی كوردستان. كێبەركێكان لە نێوان عەلی حەمە ساڵح و عەبدوڵای مەلا نوری بووە هەریەكە لە كوێستان محەمەد و ئاراس وەلی و مستەفای سەید قادر هاتووە بۆ سەرۆكی لیست.
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ سەرچاوە: بەشی عەرەبی "DW" بە فەرمی وەفدێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بۆ ئەنجامدانی دانوستانی بێ مەرج لەگەڵ بەشار ئەسەد گەیشتە دیمەشق، ئەوەش لە كاتێكدایە بەرپرسێكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان ئامادەیی هێزە كوردییەكان رادەگەیەنێت بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی ئەسەد لە شەری كۆنترۆڵكردنەوەی ئیدلبدا، ئایا هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەسەد دواهەمین كارتی دەستی كوردە لە رۆژئاوا ؟ ئەمە یەكەمجارە بەرپرسانی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بچنە دیمەشق بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی سوریا، تائێستا وردەكاری و ئامانجی ئەو دانوستان بە تەواوەتی ئاشكرانەبوون، جگە لەوەی باس لەوەدەكرێت كە داهاتووی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە باكوری سوریا تاوتوێدەكرێت، ئەوەش لەسەر زاری بەرپرسێكی كوردەوە ئاشكرابووە، هەر لە هەمان چوارچێوەشدا هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات ریاز دەرار رایگەیاند پێشبینیدەكرێت سەرەتا دانوستانەكان تایبەت بن لە كاروباری وەك پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، بەڵام ئێستا پیشبینیدەكرێت بەرەوپێشچوونی نوێ هەبێت و دانوستانەكە لەوە فراوانتربێت و وتیشی :" دیدار و كۆبوونەوەكان هەندێكیان ئەمنیین و هەندێكیشیان سیاسیین". چەند رۆژێك بەر لەم دانوستانە ئاڵدار خەلیل هاوسەركی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی " تەڤدەم" ئامادەیی كوردی نیشاندا بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی نەهێشتنی تیرۆر لە ئیدلب" ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە دیمەشق رایگەیاند دوای كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی باشووری سوریا، ئامانجی داهاتووی پارێزگای ئیدلب دەبێت، ئەوەش بەواتای ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا و دیمەنی سوریا دێت. چی بە دیاریكراوی لە نێوان كورد و رژێمی سوریادا دەگوزەرێت. كورد چ سودێك دەكات لەهەر رێككەوتنێك لەم كاتەدا لەگەڵ سوریا كە ئێستا پێگەیان لاوازە؟ " دواهەمین كێشەی بەردەم ئەسەد" هەماهەنگی نێوان كورد و رژێمی سوریا ئەگەرچی تا ئێستا راستەوخۆ نەبووە، بەڵام نوێ نییە، و لە ماوەی رابردوودا چەندینجار گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا كوردیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە ئاسانكاریی بۆ حكومەتی سوریا كردووە لە كۆنترۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەكدا، پێش ئەم دانوستانەش هێزەكانی سوریای دیموكرات بەمدواییە چەند رێوشوێنێكی گرتبەر كە وەك ئامادەكارییەك بۆ رێككەوتنێكی خێرا لەگەڵ دیمەشق دەبینرا، وەك رادەستكردنی چەند ناوچەیەكی شاری حەسەكە بە هێزەكانی سوریا و لابردنی وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای كوردستان لە چەند شەقامێك و گۆڕینی ناوی هێزەكانی ئاسایشی كوردی. ئامادەیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بۆ دانوستان كردن لەگەڵ حكومەتی سوریا دوای دواهەفتە لە لێدوانێكی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا دێت كە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند دوای كۆنترۆڵكردنەوەی رووبەرێكی بەرفراوانی سوریا " تاكە كێشە لەبەردەمیدا " هێزەكانی سوریای دیموكراتە، وتیشی:" سەرەتا ئێستا ئێمە دەرگامان واڵا كردووە بۆ دانوستان ... ئەگەر ئەوە رووینەدا ئەوا پەنا بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچانە بە هێز دەبەین ئەمریكییەكان هەبن یان نەبن". رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە نزیكە لە ئۆپۆزسیۆنەوە باوەڕی وایە سوریا ئێستا چەند تەوافوقێك بەخۆیەوە دەبینێت كە هەندێك لایەن لە لایەن هێز ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە ناچاركراون بچنە نێوی، ئەوەش بە ئامانجی رێكخستنەوەی كارتەكان و بەهۆی دژایەتیكردنی تیرۆرەوە كە بووە بە پاساو بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت دەستوەردان بكەن لە سوریا. بە بۆچوونی رامی عەبدولڕەحمان كورد بە گوشاری روسیا رەزامەندی نیشانداوە دانوستان لەگەڵ ئەسەددا بكات و بەبێ مەرجیش، رامی لەو بارەیەوە دەڵێت:" هیچ لایەنێك نییە لە سوریا بە ئیرادەیەكی سەربەخۆوە جموجوڵ بكات، رژێمی سوریا كاتێك بانگهێشتنی كورد دەكات بۆ دانوستان لەسەر داواكاری روسیا كردوویەتی كە هەوڵ بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی سوریا دەدات". هەلێكە بۆ تۆڵەكردنەوە لە توركیا؟ كورد لە رۆژئاوای كوردستان خۆیان بێ پشت و پەنا بینیوە لە رووبەڕووبونەوەی توركیا لە عەفرین كاتێك واشنتۆن پشتی تێكردن، دیمەشق تەنها بە هەڕەشە و بێدەنگی مۆسكۆش لەو كاتەدا وەك هەڵكردنی تیشكی سەوز بوو بۆ ئەردۆغان، لەبەرئەوە هیچ بژاردەیەك لە بەردەم كورددا نەماوە جگە لە دانوستان لەگەڵ ئەسەدن ئەوەش بە بۆچوونی یوخن هیپلەر شارەزای ئەڵمانیی بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو پسپۆرە ئەڵمانییە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی " DW " وتی:" كوردەكان ناخوازنن خۆیان بە گەمارۆدراوی لەلایەن توركیا و رژێمی سوریاوە كە روسیا پشتگیری دەكات، ببینن، بە تایبەتی كە درك بەوەدەكەن ئێستا و زیاتر لە كاتی پێشوو، ناتوانن گرەو لەسەر پشتیوانی واشنتۆن بكەن لە سایەی هەڵوێستە ناجێگیرەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاكە قورسە پێشبینی و خوێندنەوەی دروست بۆ هەڵوێست و بڕیارەكانی بكرێت". ئاماژەدانی لێپرسراوێكی كورد بۆ ئامادەیی هێزە كوردییەكان بۆ هاوكاریكردنی رژێمی سوریا لە شەڕی پارێزگای ئیدلب كە هاوسنوری توركیایە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكاندایە، دەكرێت وەك هەلێك بۆ تۆڵەكردنەوە لە توركیای دوژمنی جێگیری كورد بخوێنرێتەوە، دوای كۆنترۆڵكردنی عەفرین لە ئازاری رابردوودا. بە بۆچوونی هیپلەر ئەم هەنگاوەی كورد، هەوڵێكە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە رژێمی سوریا لە چوارچێوەی لێكنزیكبوونەوەكانی ئێستا بە تایبەتی كە دوژمنەكە هاوبەشە، بەڵام رامی عەبدولڕەحمان باوەڕی وایە كە كورد هەڵەیەكی گەورە دەكات ئەگەر بە كردەوە لەو شەڕەدا بەشداری بكات و دەڵێت:" باشترە ئەوان كار بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی عەفرین بكەن، نەك قوربانی بە رۆڵەكانیان بدەن". چارەنوسی خۆبەڕێوەبەریی كورد هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هێزە كوردییەكانی وەك " یەپەگە و یەپەژە" بڕبڕەی پشتی ئەو هێزانەن و پشتیوانی ئەمریكایان هەیە 28%ی خاكی سوریایان لەژێر دەستدایە، دوای سوپای حكومەتی سوریا دووەم هێزە لەسەر خاكی سوریا و لەم چەند ساڵەی دوایشدا ئەو هێزە كارایی خۆی لە شەڕی دژ بە داعشدا سەلماندووە. كورد لە سوریا لە شەڕ و ململانێی چەند ساڵی رابردووی سوریادا یەكێك بووە لە لایەن سودمەندەكان، دوای چەندین ساڵ لە ستەمی حكومەتی سوریا بە سەركردایەتی حزبی بەعس، كورد لەسەرەتای قەیرانی سوریادا توانی دوای كشانەوەی هێزەكانی سوریا لە ساڵی 2012 ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵ بكات و سیستمی خۆبەڕێوەبەریی و پاشان سیستنی فیدراڵی پێش دوو ساڵ رابگەیەنێت، ئێستا كورد لە رۆژئاوای كوردستان هەوڵدەدات پارێزگاری لە دەستكەوتە گرنگەكانی بكات كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەدەستی هێناون، كە ئەوەش وادەردەكەوێت قورس بێت لە كاتێكدا كە دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریادا دەكات پێگەی وەك پێشووتر بەهێز نییە، بەڵام بەرای هیپلەری شارەزای كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای ئەوە پێشبیندەكرێت هەردوو لایەن لە نیوەدا بگەنە یەك بگەنە رێككەوتن و لەو بارەیەوە دەڵێت:" كوردەكان هەوڵدەدەن ئەوەی دەكرێت زۆرترین بەدەستبهێنن، و رژێمی سوریاش ئەگەر رێككەوتن لەسەر مافی ئۆتۆنۆمیی كرا هەوڵدەدات دەسەڵاتیان كەمبكاتەوە و لە كۆتاییدا دوای سازشكردنی هەردوولا دەگەنە رێككەوتن، چونكە رژێمی سوریا هەرچەندە پێگەی لە دانوستاندا بەهێزە، بەڵام لەبەرژەوەندیی نییە بچێتە شەڕەوە لەگەڵ لایەنێكدا كە دوای خۆی دووەم هێزە لە سوریا". دەربارەی وردەكاریی و سروشتی رێككەوتنەن ئەو پسپۆرە ئەڵمانیا بۆچونی وایە قورسە پێشبینی ناوەرۆكی رێككەوتنەكە بكرێت، بەڵام باوەڕی وایە كە هەر چۆنێك بێت دۆخی كورد ناچێتەوە پێش 2011 و دەڵێت:" باوەڕم وایە كە رژێمی سوریا رەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر ئۆتۆنۆمییەك كە دەسەڵاتی سیاسیی دیاریكراوی هەبێت، بەڵام كوردەكات سودی ئابوریی و بە رادەیەكی زیاتر سەربەخۆیی رۆشنبیری لێ بەدەستدەهێنن".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ماوەی دوو رۆژە وەفدێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە دیمەشقی پایتەختی سوریایە و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لە كۆبونەوە و گفتوگۆدایە. وەفدەكەی حكومەتی رۆژئاوای كوردستان خاتوو (ئیلهام ئەحمەد) سەرۆكایەتی دەكات كە سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتە. سایتی "هاوارنیوز"ی نزیك لە پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە رۆژئاوای كوردستان هەواڵی سەردانی وەفدەكەی بۆ دیمەشق پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند" سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی حكومەتی دیمەشقە". سایتەكە ئاماژەی بەوەكردووە" سەردانەكە بەمەبەستی دانوستانە لەگەڵ رژێمدا، بەڵام تائێستا نازانرێت ئەو بابەتانە چین كە لە نێوان هەردولا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت". ئەمە یەكەم سەردانی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانە بۆ دیمەشق كە هەواڵەكەی بەشێوەیەكی فەرمی لە راگەیاندنەكانی سەربە حكومەتەوە بڵاوبكرێتەوە. نزیكەی یەك لەسەر چواری خاكی سوریا ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی شەرڤانانی كورددایە، بۆیە بەپێی لێكدانەوەكان ئامانجی سەرەكی ئەم سەردانەی وەفدەكەی حكومەتی رۆژئاوای كوردستان بۆ دیمەشق، كردنەوەی چەند كەناڵێكی نوێ بێت لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سیاسی كە بتوانرێت بەهۆیەوە پارێزگاری لە "خۆبەڕێوەبەری"ی كورد بكرێت لە سوریا. "كۆبونەوەیەكی بێ ئەجێندا" ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە ڤیەنناوە لە لێدوانێكى تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی رایگەیاند" كۆبونەوەكانی وەفدەكەی رۆژئاوا لە دیمەشق هیچ ئەجێندایەكی دیاریكراوی نییە و كۆبونەوەكانی بەرفراوانن و هەندێكیان كۆبونەوەی ئەمنی و هەندێكی تر كۆبونەوەی سیاسی دەبێت". "نازانم كێ لە بەرپرسانی حكومەتی سوریا بەشداری كۆبونەوەكان دەكەن و وەفدەكە چەند رۆژی تر لە دیمەشق دەمێنێتەوە" ئەمە بەشێكی ترە لە قسەكانی هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات. خزمەتگوزاری.. تەوەرێكی گرنگ پێشبینی دەكرێت سەرەتای كۆبونەوەی وەفدی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ لێپرسراوانی رژێمی سوریا زیاتر جەختكردن بێت لەسەر فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو ناوچانەی رۆژئاوا كە لەژێر كۆنترۆڵی شەڕڤاناندان. ریاز درار هەر لەو لێدوانەدا لەبارەی كۆبونەوەكانی دیمەشقەوە دەڵێ" دەبێت ئێمە خۆمان كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، بەشی ئەوەش بابەتمان هەیە كە دانوستانیان لەسەر بكەین". ئەمریكا نیگەران دەبێ ؟ ئەم نزیكبونەوەیەی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ رژێمی سوریا، كۆمەڵێك پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەمریكا پشتیوانی لە شەڕڤانانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەكات و سەربازانی ئەمریكی هێشتا لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوا جێگیرن. بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا كە ئێستا نوێنەرانی رۆژئاوای كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتەكەیدا دەكەن، بونی هێزەكانی ئەمریكای لە رۆژئاوای كوردستان وەكو "داگیركەر" ناوبرد و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی كرد بۆ كردنەدەرەوەیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مانگی ئایاری رابردوو ئەسەد بۆیەكەمجار ئاماژەی بەوەكرد كە ئامادەیە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات گفتوگۆ بكات. نزیكبونەوەی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لە حكومەتی دیمەشق رەنگە پەیوەندی بە نیگەرانییەكانی ئەوانەوە هەبێت لەبارەی سیاسەتەكانی ئەمریكا لە سوریا و لێدوانی دژبەیەكی بەرپرسانی واشنتۆن لەبارەی سوریاوە. هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەرۆكایەتی دەكات و پێكدێت لە هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە، بەشێكی زۆری خاكی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای لەژێر دەستدایە، لەم ناوچەیەدا روبەرێكی بەرفراوانی خاكی كشتوكاڵی و سەرچاوەی نەوت و ئاو هەیە. لەشەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" سنوری قەڵەمڕەوی هێزەكانی سوریای دیموكرات ناوچە كوردنشینەكانی تێپەڕاند و گەیشتە شاری "رەققە" كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەبن. لەماوەی (7) ساڵ رابردووی قەیرانی ناوخۆی سوریادا، كورد لە رۆژئاوای كوردستان تاڕادەیەكی زۆر خۆی لە شەڕكردن دژ بە رژێمی سوریا پاراستوە، بەڵام سەرباری ئەوەش چەندجارێك پێكدادان لەنێوان هەردولا رویداوە. گرفتی بەنداوی تەبقە ساڵی رابردوو شەڕڤانانی سوریای دیموكرات بە پاڵپشتی ئەمریكا چەكدارانی رێكخراوی داعشیان لە بەنداوی "تەبقە" دەرپەڕاند كە گەورەترین بەنداوی سوریایە، بەمدواییە گفتوگۆیەك لەنێوان لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان و حكومەتی سوریا دەستیپێكرد بۆ گەڕانەوەی كارمەندانی دەوڵەت و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە. لە لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات دەڵێ" لەبارەی بەنداوی تەبقەوە گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەك وەفددا كراوە كە لە دیمەشقەوە هاتون"، جەختیش دەكات لەسەر ئەوەی "ئەمە یەكەمجارە وەفدی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات سەردانی دیمەشق بكات". لەماوەی رابردوودا لەسەر داوای توركیا، كورد لەو دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسیانە دورخرایەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرەشتییان دەكات بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی سوریا. توركیا كە ئەندامی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە رۆ ژئاوای كوردستان بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سوریا ناودەبات و وەكو گروپێكی "تیرۆرستی"ی لەسەر ئاستی جیهان دەیناسێنێت. ئەمەیە وایكردووە كە ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات پێشبینی شكستهێنانی ئەو كۆبونەوانە بكات كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی دەكات و ئێستا هەوڵی دروستكردنی لیژنەیەك دەدات بۆ نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ سوریا، بەجۆرێك لیژنەكە نوێنەری حكومەت و ئۆپۆزسیۆن و چەند كەسایەتییەكی سەربەخۆ لەخۆبگرێت. ریاز درار رایگەیاند" پرسی لیژنەی دەستوریی پرسێكی لاستیكییە.. لەوبڕوایەدام ئەم لیژنەیە لە داهاتودا بە ئەركی خۆی هەڵناسێت و بەبێ هیچ ئەندامێك دەرگای ژنێڤ دادەخات". كورد سەربەخۆیی ناوێت ! كورد لە رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەم قۆناغە چاوی لە سەربەخۆیی و جیابونەوە لە سوریا نییە، تەنیا دەیەوێت بگاتە رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ هەموو لایەنەكان كە بتوانێت لەڕێگەی ئەو رێككەوتنەوە پارێزگاری لەو "خۆبەڕێوەبەری"یە بكات كە بە خوێن و شەڕ بەدی هێناوە.
درەو میدیا: بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی سەربازیی ئەمریكا بۆ 2019, لە كۆی 850 ملیۆن دۆلاری تەرخانكراو بۆ سوپای عێراق، 290 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دانراوە, لە كاتێكدا لە بودجەی سەربازی ساڵی 2017، ئەمریكا 415 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخانكردبوو، لە بودجەی سەربازی ساڵی 2018 شدا 365 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخانكردبوو, واتا لە 2017 بۆ 2019 ئەمریكا 125 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی تەرخانكراو بۆ پێشمەرگە كەمكردۆتەوە. تەرخانكردنی بودجە لە پرۆژە بودجەی سەربازی ئەمریكا كە بە یاسای (رێپێدانی بەرگریی نیشتمانی) ناسراوە, لەنێو ئەو پارەیەی بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق تەرخانكراوە، بەشێكی بۆ پێشمەرگە دادەنرێت. ئەگەرچی پێشتر لە یاسای بودجەی ئەمریكا ناوی هێزی پێشمەرگە نەهاتبوو بەڵام لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی سەربازی ئەمریكا بۆ ساڵی 2019 ناوی پێشمەرگە هاتووە، ئەویش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە عێراق، بۆیە لە چوارچێوەی پشتیوانییەكانیان بۆ حكومەتی عێراق، هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەش دەكەن لەدوای دەركەوتنی چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریا لە 2014 ەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا مەشق و راهێنان بە هێزە سەربازیەكانی عێراق دەكات و لەناویشیاندا هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
(درەو میدیا): دوای بڕیاردان لەسەریان یەكێتی گۆڕانكاری لە پۆستە حزبیەكانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە بەم شێوەیە: - رابەری سەید برایم لە بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەوە بۆ لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن لە شوێنی قادر عەزیز - بورهان سەعید سۆفی وەك بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتی دەستبەكاربوو لە شوێنی رابەر سەید برایم - سیروان كوێخا نەجم وەك بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەكێتی دەستبەكاربوو لە شوێنی بەرزان ئەحمەد كوردە - عەبدولباری زێباری وەك بەرپرسی مەڵبەندی بایدینانی یەكێتی دەستبەكاربوو لە شوێنی هەرێم كەمال ئاغا - سامان گەرمیانی وەك بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی دەستبەكاربوو لە شوێنی محەمەد عەبدوڵا ئەگەرچی لەسەرەتادا ئەو گۆڕانكاریانە ناڕەزایی و ناكۆكی سەركردەكانی لێكەوتەوە، بەڵام دواتر گۆڕانكاریەكان چونە بواری جێبەجێكردنەوەو بڕیارە گۆڕانكاری دیكەش بكرێت.