Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

 (درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەڕێگەی بەشداریپێكردنیان لە حكومەت لایەنەكان قایل بكات بە ئەنجامی هەڵبژاردن، یەكێتی دەیەوێت پێش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەیكەری حكومەتی داهاتوو یەكلابكرێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆكی حكومەت دەكات. چەند رۆژێكە لە پشتی پەردەوە دانوستانێكی نهێنی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكردووە. لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەیانەوێت لایەنە ناڕازییەكان قایل بكەن بە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەرامبەر زیادكردنی كورسییەكانیان و قەرەبوكردنەوەیان بە پۆست لە كابینەی نوێی حكومەتدا. سێ لایەن بەشێوەیەكی سەرەكی ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەڵێن ساختەكاری بەرفراوان كراوە، ئەو سێ لایەنەش بریتین لە: •    بزوتنەوەی گۆڕان •    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەپاڵ ئەم سێ لایەنەدا، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەجۆرێك ناڕازییە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، یاخود وا نیشان دەدات كە ناڕازییە، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی پارێزگاری لەو كورسییانە بكات كە بەدەستی هێناون. سەرچاوەی ناڕەزایەتی یەكێتی بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆرێك لەو سندوقانەی هەڵبژاردن كە "قردێلەی سور"یان لێدراوە و مەترسی سوتاندنی دەنگەكانیان لەسەرە، دەكەوێتە سنوری دەسەڵاتی یەكێتییەوە. لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوەیە لەڕێگەی ئەو سكاڵایانەی كە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆماركراوە، هەندێك لە دەنگەكانی بۆ بگەڕێتەوە و لە ئەنجامدا كورسییەك بۆ دوو كورسی بۆ ئەنجامەكانی خۆی زیاد بكات. بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، لە راگەیاندنی كۆتایی ئەنجامی هەڵبژارددندا، دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە (164 هەزار) دەنگەوە بۆ (196 هەزار) دەنگ زیاد دەكات، بەڵام ئەم زیادبونە كاریگەری لەسەر زیادبونی ژمارەی كورسییەكانی ئەو بزوتنەوەیە نابێت. ئێران و ئەمریكا چی دەڵێن ؟ (درەو میدیا) زانیویەتی، لە پشتی پەردەوە هەریەكە لە ئێران و ئەمریكا كە پێشتر لەگەڵ ئەوەدا نەبوون هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلولدا بەڕێوەبچێت، ئێستا داوا دەكەن ئەنجامی هەڵبژاردن وەكو ئەوەی هەیە تێپەڕێندرێت و كێشە دروست نەكرێت، ئەمەش لەپێناو ئەو سەقامگیرییەی كە ئەوان دەیانەوێت لەم قۆناغەدا لە عێراق بەدی بهێنن. قردێلە سورەكان! كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان رێژەی 85%ی ئەنجامی بەرایی دەنگدانی راگەیاند، ئێستا رێژەی 15%ی دەنگەكان ماوە، كە ئەنجامی نزیكەی (250 هەزار) دەنگە. لەم (250 هەزار) دەنگەی كە هێشتا ئەنجامەكەی رانەگەیەندراوە، (228) سندوقی دەنگدان "قردێلەی سور"یان لێدراوە و گومانی ساختەكارییان لەسەرە، هەر سندوقێك لەم سندوقانە رێژەی (250 بۆ 280) دەنگی تێدایە، بە كۆی گشتی زیاتر لە (65 هەزار) دەنگ گومانی ساختەكارییان لەسەرە، واتە نزیكەی (4) كورسی پەرلەمان گومانی ساختەكارییان لەسەرە. لایەنە سیاسییەكان بە هەمویانەوە نزیكەی (هەزارو 45) سكاڵایان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن تۆماركردووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئێستا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی ئەو سكاڵایانەیە. یەكێتی داوای كڵێشەی حكومەت دەكات هەرچەندە وا دەردەكەوێت كە لایەنە سیاسییەكان زۆر ناكۆكن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەڵام (درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری دەستكەوتووە، لایەنەكان لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی دانوستانن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەمدواییە لە بەغدادو لە هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆماردا گورزێكی سیاسی گەورەی لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەشاند، ئێستا دەیەوێت دۆخەكە لەگەڵ پارتی ئارام بكاتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی‌و یەكێتی لە پشتی پەردەوە دەستیان بە دانوستان كردووە، یەكێتی نایەوێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ئاشكرابكرێت تا ئەوكاتەی پەیكەری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پارتیدا یەكلادەكاتەوە. یەكێتی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی (سەرۆكی پەرلەمان)و (جێگری سەرۆكی حكومەت)و (هاوسەنگییە لە پۆستەكانی تردا). بەڵام پارتی نایەوێت بە ئاسانی ئەو گورزە سیاسییەی بەغدادی بەسەردا تێپەڕێت و دەیەوێت بەپێی قەبارەی خۆی لە هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكات، چەندین بەرپرسی پارتی لە لێدوانەكانیاندا جەختیان لەسەر ئەم هەڵوێستەی پارتی كردوەتەوە. گۆڕان چی دەوێت ؟ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان شۆك بوو، بەتایبەتی كە ئاستی دەنگەكانی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو زیاتر لە (300) هەزار دەنگ كەمیكردو رێژەی كورسییەكانیشی 50% دابەزی. بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی یەكێتی و پارتی لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی جموجوڵی سیاسییە بەمەبەستی بەدەستهێنانی چەند كورسییەك لەو رێژە دەنگانەی كە هێشتا یەكلانەكراونەتەوە كە زیاتر لە (250 هەزار) دەنگە. بزوتنەوەی گۆڕان لە پاڵ هەوڵەكانی بۆ زیادكردنی دەنگەكانی یاخود رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، لە دەرگایەكی تریشەوە هەوڵی زامنكردنی پێگەی خۆی دەدات لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا. (درەو میدیا) زانیویەتی، مستەفا سەید قادر یەكێك لە سەكردە دیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەرپرسی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەی بوو، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتدا كردووە و نیگەرانی بزوتنەوەكەی پێی راگەیاندووە لەبارەی ئەنجامەكان هەڵبژاردنەوە. هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مستەفای سەید قادر و نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆیان لەسەر ئەوە كردووە لە كابینەی نوێی حكومەتدا، جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیادبكرێت و بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕان پێگەی لە حكومەتی داهاتوودا هەبێت. یەكگرتوو چۆن رازی دەكرێت ؟ زیانی یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30 ئەیلول لە زیانی بزوتنەوەی گۆڕان كەمتر نییە، ئەم هێزە رێژەی دەنگەكانی لە (186 هەزار) دەنگەوە بۆ (69 هەزار) دەنگ كەمیكرد، واتە (117 هەزار) دەنگ كەمیكرد و ژمارەی كورسییەكان لە (10) كورسییەوە بۆ (5) كورسی دابەزی. ئەمە لەكاتێكدا بوو یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا بە تەنیا نەبوو، لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست بەشداری كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دیموكراتی كوردستان دەستیكردووە بە پەیوەندی لەگەڵ یەكگرتوو بەمەبەستی رازیكردنیان بە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، ئەمەش لەبەرامبەر پێدانی پۆست و زامنكردنی پێگە بۆ یەكگرتوو لە كابینەی داهاتووی حكومەتدا. كۆمەڵ لە هەموان دڵخۆشترە كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای پارتییەوە، سەركەوتوترین لایەنی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئەم هێزە ژمارەی كورسییەكانی لە (6) كورسییەوە بوو بە (7) كورسی. كۆمەڵی ئیسلامی پێناچێت هیچ كێشەیەكی ئەوتۆی هەبێت لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئاسایی كردووە. نەوەی نوێ لە یەكەم تاقیكردنەوەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی ئەوەی تازە دروستبووە، یەكەمجار بوو بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، ژمارەی دەنگەكانی ئەم جوڵانەوەیە لە (152 هەزار) دەنگەوە بۆ (113 هەزار) دەنگ كەمیكرد، واتە نزیكەی (40 هەزار) دەنگ كەمیكرد. سەرباری ئەمە، نەوەی نوێ لە یەكەم تاقیكردنەوەدا توانی (8) كورسی پەرلەمان بباتەوە، ئەم جوڵانەوەیە وەكو یەكەم لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن بڕیاریداوە بایكۆتی پەرلەمان بكات‌و نوێنەرە دەرچووەكانی نەنێرێتە پەرلەمانەوە. تائێستا نەوەی نوێ سورە لەسەر بڕیارەكەی بۆ بایكۆتكردنی پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەگەر نوێنەرەكانی نەنێرێتە پەرلەمان، كورسییەكانی دابەشدەكرێت بەسەر لایەنە براوەكانی تردا. پارتی چۆن هەمووان قایل دەكات ؟ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری ئەوەی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستان رێژەی دەنگەكانی نزیكەی (150 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، بەڵام بەهۆی كەمی ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەمجارە و دابەزینی بەهای كورسییەكانی پەرلەمان، ژمارەی كورسییەكانی لە (38) كورسییەوە بۆ (44) كورسی زیادیكردووە و چاوەڕوانی ئەوەش دەكات كورسییەك بۆ دوو كورسی تر زیاد بكات. پارتی ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكات لەڕێگەی پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی و بەشداریپێكردنی لایەنەكانی تر لە كابینەی نوێی حكومەتدا، قایلیان بكات بە رازیبوون بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە.   


( درەو میدیا): لە 2013  پارتی دیموكراتی كوردستان 595592  دەنگی هێناوەو لە 2018 دا  (743984 )دەنگی هێناوە (148,392) كەمیكردووە 2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 287575 دەنگی بەدەستهێناوەو لە رابردودا 350500 دەنگی هێناوە (62,925) كەمیكردووە 3- بزووتنەوەی گۆڕان 164336 دەنگی بەدەستهێناوە لە رابردوو 476736 دەنگی هێناوە (312,400) كەمیكردووە 4- كۆمەڵی ئیسلامی  94992 دەنگی بەدەستهێناوەو 118574 دەنگی هێناوە (23,582) كەمیكردووە 5- بەرەو ئیسڵاح 69477 دەنگ 186741 دەنگی هێناوە (117,264) كەمیكردووە  


( درەو میدیا) : ئومێد جاف كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی 85%ـی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند كە 1355760 دەنگدەر بەشداربووە، بەركەوتەی هەڵبژاردن بۆ كورسیەک 13557.6 بەم شێوەیە: 1- پارتی دیموكراتی كوردستان 595592  دەنگ واتە 43 كورسی و 9304 ماوەی هەیە.  2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 287575 دەنگ واتە 21 كورسی و 2113 ماوەی هەیە.  3- بزووتنەوەی گۆڕان 164336 دەنگ واتە 12 كورسی و 1213 ماوەی هەیە.  5- جووڵانەوەی نەوەی نوێ 113297 دەنگ واتە 8 كورسی و 3567 ماوەی هەیە.  4- كۆمەڵی ئیسلامی  94992 دەنگ واتە 7 و 65 ماوەی هەیە.  5- بەرەو ئیسڵاح 69477 دەنگ واتە 5 كورسی و 1245 ماوەی هەیە.  6- لیستی سەردەم 13708 دەنگ واتە 1 كورسی و 110 ماوەی هەیە.  7- لیستی ئازادی 7069 دەنگ  8-هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 6886 دەنگ 9- پارتی پارێزگارانی كوردستان 3028 دەنگ بەگشتی 97 كورسی هاتووە و 3 كورسی بە ماوەی زۆرینە دەڕوات بەم شێوەیە: - پارتی دیموكرات 1 كورسی كۆی كورسیەكانی دەبێت بە 44 كورسی - ئازادی 1 كورسی  - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری 1 كورسی    


( درەو میدیا)  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژژاردن و راپرسی هەرێم ئەنجامی 85%ی دەنگدانی هەڵبژاردنی گشتی و تایبەتی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند بەم شێوەیە: پارتی دیموكراتی كوردستان: 595592 دەنگ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: 287585 دەنگ بزوتنەوەی گۆڕان: 164336 دەنگ نەوەی نوێ : 113297 دەنگ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 94992 دەنگ بەرەو ئیسڵاح : 69477 دەنگ لیستی سەردەم: 13708 دەنگ لیستی ئازادی: 7069 دەنگ هاوپەیمانی: 6886 دەنگ پارێزگاران: 3028 دەنگ


(درەو میدیا): پارتی بریندارە، بەڵام هێشتا خاوەن قسەی یەكلاكەرەوەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەنجامەكانی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بۆ چوار ساڵی داهاتووش ئەو بڕیاردەدات كام یاریزانە تاكۆتایی یارییەكە لە گۆڕەپانەكەدا دەبێ‌ و لەكوێدا یاریدەكات، كام هێزەش لەسەر كورسی یەدەگ دادەنیشێت، یان ڕۆڵێكی پەراوێزی پێدەدرێت.  لە دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی خواستی پارتی، لەبری یەكلاكردنەوەی بەدەنگی فراكسیۆنە كوردستانیەكان وەك ئەو دوایدەكرد، یەكلاكردنەوەی لەناو پەرلەمانی عێراق كە خواستی یەكێتی بوو و هەرواش تێپەڕی، پارتی پێیوایە یەكێتی تەوافوق و یەكڕیزی كوردی تێكداوە، لەكاردانەوەی ئەمەشدا زمانی سیاسی گۆڕیوە و  ئیتر كار بەو بنەمایە ناكات كە پێشتر كاری پێكردووە لەگەڵ یەكێتی، كە مەبەست لە دابەشكردنی پۆستەكانە لە حكومەتی داهاتوی هەرێمی كوردستان. پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو ئەمڕۆ زیاد لەبەرپرسێكی پارتی لەسەر ئەو پرسە قسەیكردوە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی داوە، كە دیارترینیان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیە و، ڕەنگە لە زۆرینەی بەرپرسانی پارتی نەرمتر دوابێت، بەڵام بەهەمان مانا و ناوەڕۆك. ئەكرێت ئەمە بەناونیشانی دیارترین پێشهاتە سیاسییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و، كاردانەوەی  یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دابنرێت لەنێوان یەكێتی پارتیدا كە ڕەنگە سەرەتای ململانێكی نوێ بێت.    ئومێد خۆشناو سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت"زەمەنی پەنجا بەپەنجا بەسەرچوو"، عەلی تەتەر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە ڕاشكاوانەتر ڕوودەكاتە یەكێتی و دەڵێت"دەركەوت قەبارەی یەكێتی لەنیوەی پارتی كەمترە، لەمەودوا بەقەد قەبارەی خۆیان مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكەین". نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكێتی: وەك خۆتان مامەڵەتان دەكەین نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە تایبەت بەو پرسە ڕێكخستبوو، پەیامێكی ڕەسمی پارتی دا بەگوێی (یەكێتی)دا، كە ناوەرۆكەكەی ئەوەیە،" ئیتر لەمەودوا وەك خۆتان مامەڵەتان لەگەڵ دەكەین". نێچیرڤان بارزانی وتی:" ئەو هەنگاوە تاكلایەنەی یەكێتی زۆر جێگەی نیگەرانیە و دەستپێكێكی مەترسیدارە" كە مەبەستی شێوازی  هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، ڕاشیگەیاند: لەمەودوا پارتی لەسەر بنەڕەتێكی نوێ‌ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات، وتیشی:" لە هەموو ئەو قۆناغانەی دەبوو پارتی بڕیاربدات بەهاوبەشی لەگەڵ یەكێتی بڕیاریداوە، لە كاتێكدا كورسییەكانی یەكێتی كەمتربووە، بەڵام ئێستا ئەوان بەرەو زۆرینە و كەمینە دەچن، بۆیە بەدڵنیایی پارتیش لەسەر بنەڕەتێكی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی دەكات". پارتی بێبەرامبەر موراعاتی یەكێتی نەكردووە بەڕای زۆرێك ئەو قسانەی پارتی لەبارەی موراعاتكردنی یەكێتی دەیكات ڕاستی زۆری تیادایە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی خاوەنی تەنها 18كورسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا جێگری سەرۆكی حكومەت و پێنج وەزیر و چەندین پۆستی گرنگ و هەستیاری لە حكومەت وەرگرت، بەڵام وەك دەوترێت ئەم سەخاوات و سنگفراوانییەی پارتی لە بڕوابونی بە بەشداری تەواوی لایەنەكان وەك شەریك لە ناوەندی بڕیاری سیاسی سەرچاوەی نەگرتوە، بەڵكو ڕاستیەكەی ئەوەیە پارتی دەزانێت كە یەكێتی وەك هێزێكی خاوەن چەك و ئابوری كە كۆنترۆڵی نزیكەی نیوەی هەرێمی كوردستانی لەدەستدایە، پەراوێزخستنی هەروا ئاسان نیە و لە باشترین حاڵەتدا هەر حكومەتێك لە دەرەوەی ڕەزامەندی ئەو پێكبهێنرێت لە هەولێرەوە، دەسەڵاتی لە سنوری ئەو دیوی دێگەڵە زیاتر بڕناكات،  جگە لەوەش ڕاستییەكی تر هەیە كە پێویست بە بەڵگە هێناوە ناكات، ئەویش ئەوەیە، ئەوەی یەكێتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ پارتی كردووە هیچ هێزێك نە ئامادەبووە و نەتوانیویەتی بیكات، یەكێتی هەمیشە پایەكی تەواوكردنی ئەو كارانەبووە كە پارتی دەستیپێكردووە یان پێكەوە لەزۆر پرسدا یەكتریان تەواوكردووە، بۆیە وەك دەوترێت سنگفراوانییەكەی پارتی بۆ یەكێتی بێبەرامبەر نەبووە.  خۆیان لە كورسی پەرلەمان گەورەتر دەبینن دیوێكی تری ئەم مەسەلە هەستیارەی  پارتی وروژاندویەتی، وەلاخستنی پرسی تەوافوق و كاركردن بەسیستمی زۆرینە و كەمینەی پەرلەمانیی ڕەنگە  هەروا بەئاسانی بەشەریكە دێرینەكەی هەزم نەكرێت و كاردانەوەی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونكە چی پارتی و چی یەكێتیش وەك دوو هێزی چەكداری خاوەن شەرعیەتی شاخ، خۆیان لەژمارەی كورسی و دەنگی خەڵك گەورەتر و بەرزتر دەبین، بۆیە هەرگیز قەبارەی خۆیان بەكورسی و ڕێژەی دەنگی خەڵك ناپێون، هەرچەندە ئامادەشن هەموو چوارساڵ جارێك خۆیان تاقیبكەنەوە.  


(درەو میدیا): (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە، ناوی ژمارەیەك لەو كاندیدانەی یەكێتی نیشتمانی دەستكەوتووە كە بەهۆی زۆری دەنگەكانیان سەركەوتنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر كردووە: ناوی كاندیدە پیاوەكان كە سەركەوتوون: 1-    قوباد تاڵەبانی- رێژەی 60%ی دەنگەكانی یەكێتی بەدەستهێناوە 2-    زیاد شەهید جەبار/ سلێمانی 3-    فەیسەڵ عەباس/ هەولێر 4-    شەمۆڵ ئاشتی سابیر/ كۆیە 5-    عەباس فەتاح/ كۆیە  6-    سامان تاهیر قادر/ كەلار 7-    شادمان مەلا حەسەن/ هەولێر 8- عوسمان سێدەری / شارباژێڕ 9-    سەركۆ ئازاد گەلاڵی/ شارەزوور 10-    هیوا عەلی سدیق/ سلێمانی 11-    لوقمان حەمەد حاجی مستەفا (لوقمان وەردی)/ باڵەكایەتی   ناوی ژنە كاندیدە دەرچووەكانی یەكێتی: 1-    بێگەرد دڵشاد شوكروڵا (بێگەرد تاڵەبانی)/ سلێمانی  2-    رێواز فایەق/ هەولێر 3-    رۆژان حەمەڕەش/ سلێمانی 4-    شنۆ ئەشقی سورچی/ ئاكرێ 5- سەلمە فاتیح/ سلێمانی  6-    تەلار لەتیف/ سلێمانی 7-    هەژان حەسەن كوێستانی/ سلێمانی


(درەو میدیا): (درەو میدیا) لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لیستی ناوی ئەو كاندیدە ژنانەی یەكێتی دەستكەوتووە، دەنگی پێویستیان هێناوە و سەركەوتنیان بۆ پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر كردووە: ناوی كاندیدە دەرچووەكان: 1-    بێگەرد تاڵەبانی 2-    رێواز فایەق 3-    رۆژان حەمەڕەش 4-    شنۆ ئەشقی سورچی 5- سەلمە فاتیح 6-    تەلار لەتیف  7-    هەژان حەسەن كوێستانی


 ( درەو میدیا):  بە بەرارود بە هەڵبژاردنی 21/9/2013 كورسیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30/9/2018 زیادی كردووە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 ی پەرلەمانی كوردستاندا، بەپێی ئەنجامە نافەرمیەكان نزیكەی ( 115 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 45%) و 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 2013 پارتی دیموكراتی كوردستان كە (743984) دەنگ و بەڕێژەی (38% ) و (38) كورسی بەدەستهێنابوو، بەو پێیەش ئەگەر بەراوردی دەنگەكانی پارتی بكرێت ( 738 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە ژمارەی دەنگەكانی كەمیكردووە بەڵام وەك رێژە ( 7%) زیادیكردووەو ژمارەی كورسیەكانیشی 7 كورسی زیادیكردووە.  


 ( درەو میدیا):  بە بەرارود بە هەڵبژاردنی 21/9/2013 كورسیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30/9/2018 زیادی كردووە كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 ی پەرلەمانی كوردستاندا، بەپێی ئەنجامە نافەرمیەكان نزیكەی ( 115 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 7%) و 7 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 2013 كۆمەڵ كە (118574) دەنگ و بەڕێژەی (6% ) و (6) كورسی بەدەستهێنابوو، بەو پێیەش ئەگەر بەراوردی دەنگەكانی كۆمەڵ بكرێت لە نێوان دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەنگەكانی كەمیكردووە بەڵام یەك كورسی زیادیكردووە.  


 ( درەو میدیا):  بە بەرارود بە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دەنگ و كورسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30/9/2018 زیاتر لە نیوە دابەزیوە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستاندا، بەپێی ئەنجامە نافەرمیەكان نزیكەی ( 195 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 12%) و 12 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 2013 بزوتنەوەی گۆڕان كە (476736) دەنگ و بەڕێژەی (24.4% ) و (24) كورسی بەدەستهێناوە ، بەو پێیەش 50% ی كورسیەكانی كەمیكردووەو دەنگەكانیشی (59%) كەمیكردووە بەزیاتر ( 280 هەزار ) دەنگ كەمیكردووە.    


 ( درەو میدیا):  بە بەرارود بە هەڵبژاردنی 21/9/2013 دەنگ و كورسیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30/9/2018 زیاتر لە نیوە دابەزیوە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و رەوتی گەشە بە لیستی ( بەرەو ئیسلاحیان) بەشداری هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستانیانكرد بەڵام بەپێی ئەنجامە نافەرمیەكان نزیكەی ( 83 هەزار ) دەنگیان بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 5%) دەنگەكانیان بەدەستهێناوە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەتەنها خۆی بەبێ لایەنەكانی دیكەش  (186741 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 9.6%) و ( 10 ) كورسی، لە كاتێكدا بزووتنەوەی ئیسلامیش لە هەڵبژاردنی رابردودا (21834) دەنگ و بەرێژەی ( 1.1% ) و بەدەستهێنانی ( 1 ) كورسی. بەتەنها یەكگرتوو كورسیەكانی 50% كەمیكردووەو دەنگەكانیشی (55%) كەمیكردووە بە نزیكەی ( 103 هەزار ) دەنگ، بەڵام لیستی بەرەو ئیسڵاح كە لە یەكگرتوو بزوتنەوەی ئیسلامی و رەوتی گەشە پێكهاتووە كە ( 83 هەزار ) دەنگ و بەرێژەی 5% و 5 كورسی بەدەستهێناوە كە بە یەكگرتوو بزووتنەوەی ئیسلامی ( 207 هەزار) دەنگیان بەدەستهێنابوو بەرێژەی 11% بەهەردوكیان 11 كورسیان بەدەستهێنابوو واتا 6كورسی كەمیان كردووە و دەنگەكانیشیان ( 124 هەزار ) كەمیكردووە.   


 (درەو میدیا): قسەیەك هەیە دەڵێت" لەسیاسەتدا ئەنجام حسابە" بەم پێوەربێت، هەرچییەك لەبارەی هۆكارەكانەوە بوترێت بەهای نیە و دەچێتە چوارچێوەی پاساوەوە، ئەنجامیش لەسەر زەمینی واقیع دەڵێت" بارزانی یارییەكەی دۆڕاند" و ڕۆیشتن بەرەو كۆشكی سەرۆكایەتی، لەبری سەری ڕەش، بە دەباشاندا تێپەڕی. بەهۆی كورتیهێنانی خوێندنەوەكانی بارزانی بۆ دۆخی عێراق و ناوچەكە، لەماوەی ساڵێكدا دووجار پشتی درا بەزەویدا، هەردوو جارەكەش لەسەر دەستی نەوەكانی تاڵەبانی بوو، ڕەنگە پاساوی "خیانەت" كە زوو زوو لە قاموسی سیاسی كوردا دەردەهێنرێت و پارتی و یەكێتی دەیكێشن بەدەمووچاوی یەكدا، هیچ لە واقیعی ئەو شكستە نەگۆرێت كە بارزانی دووچاری بووە، چونكە ئەگەر "خیانەت" وەك هۆكار بۆ شكستە یەك لەدوای یەكەكانی بارزانی ڕاستبێت، دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرێت خۆی و پارتەكەی، لەسەر بنەمای 31 ئاب هاوكێشەی هێزیان لە كوردستان گۆڕی و تائێستاش لەسەر ئەو بنەمایە حوكمی كوردستان دەكەن كە  زۆرێك بە "خیانەتی عوزما"ی لەقەڵمدەدەن.    لە پەرلەمانی عێراق چی ڕوویدا؟ "درەو میدیا" لەبەدواداچونێكی ورددا بۆ ڕوداوەكانی پشت پەردەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق و دواین ساتەكانی پێش هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆمار و ململانێكانی ناو پەرلەمانی عێراق، كۆمەڵێك زانیاری گرنگی دەستكەوتووە، كە لێرەدا دەیخاتەڕوو. بەپێی زانیارییەكان، پارتی تا دواساتەكان نەیویستووە نیسابی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق تەواوبێت، چونكە ترسی جدی هەبووە بەرهەم ساڵح لە فوئاد حسێن بباتەوە، بەڵام یەكێتی جۆرێك لەنەرمی پیشانداوە و بەهاوكاری ئێرانییەكان قەناعەتیان بە پارتی و هاوپەیمانەكانی كردووە كە داخڵی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بن، كاتێك چونەتە دانیشتنەكە توشی شۆك بوون و كورد وتەنی دەستیان لەبنی هەمانەكەوە دەرچووە و، ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕونبوەتەوە كە (تیمەكەی یەكێتی) لەسەر چەندین ئاست كاری بۆ دەرچوونی بەرهەم ساڵح كردووە، لەكاتێكدا بارزانی تەنها لەڕێی چەند سەرۆك هێزێكی سوننە و شیعەو و هەڕەشەكردن بەكشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق و گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لە یەكێتی، كاری بۆ سەرخستنی فوئاد حسێن كرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت متمانەبوونی لەڕادەبەری بارزانی بە پێگەو نفوزی خۆی دووچاری ئەو شكستە گەورەیەی كردووە.  سەرچاوەیەك لە تیمەكەی یەكێتی بە (درەو میدیا)ی وت:" ئێوارەی دوێنێ‌ و لەكاتی توندبونەوەی ململانێكاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفون قسەی لەگەڵ بەرپرسانی تیمەكەی یەكێتی كردووە و دوای لێكردوون بەرهەم ساڵح بكشێننەوە، لەترسی ئاڵۆزبونی دیمەنی سیاسی لەبەغدادو هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانیش پێشنیازی كردووە قوباد تاڵەبانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو وەربگرێت، بەڵام یەكێتی هەردوو داواكەی ڕەتكردوەتەوە". بەوتەی سەرچاوەكە، پارتی پارەیەكی زۆری بەخشیوەتەوە بەسەر هێزو لایەنە عێراقییەكاندا بۆ دەرچواندنی كاندیدەكەی.   هاوكات سەرچاوەیەك لە تیمەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی، وت" یەكێتی پێشنیازی كردووە دووساڵ بە دووساڵ پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرن، پارتی ئەو پێشنیازەی ڕەتیكردوەتەوە. بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوەیە لە وەفدی پارتی، بەرپرسەكانی یەكێتی بە پەرلەمانتارانی عێراقیان وتووە، "ئێوە چۆن دەنگ بە كاندیدی یەكێتی نادەن لەكاتێكدا ئێمە بێ شەڕ كەركوكمان ڕادەستكردن، دەنگ بە كاندیدی لایەنێكی تر دەدەن، كە پێوایە كەركوك داگیركراوە". لەبارەی بەخشینەوەی پارەوە، سەرچاوەكەی تیمی پارتی بە (درەو میدیا) وت:" یەكێتی زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتەوە بۆ دەرچواندنی بەرهەم ساڵح".  شكستی شەخسی بارزانییە دەكرێت هەردوو شكستەكە، چی پرۆسەی ڕیفراندۆم و هەم ململانێی پۆستی سەرۆك كۆمار بە شكستی شەخسی بارزانی دابنرێت و، شرۆڤەی ئەوەی بۆ بكرێت كە نەوەكانی تاڵەبانی لە گۆڕەپانی شەڕو ململانێی سیاسیشدا پشتی (مەسعود بارزانی)یان لەزەویدا، بەوپێیەی بارزانی لەهەردوو پرسەكەدا بەشەخسی ئیدارەی ململانێكانی داوەو، زیاتر لە سیاسەتكردن عینادی و بردنە سەری قسەی خۆی، بەسەریدا زاڵبووەو هەرئەوەش توشی هەڵەی گەورەی كردووە، كە ڕەنگە وەك شەخس تەنها لەڕووی مەعنەوییەوە باجەكەی دابێت، لەكاتێكدا لەسەر زەمین وێڕایی پەرتكردنی زیاتری ناوماڵی كورد و دورستكردنی مەترسی جدی لەسەر هەرێمی كوردستان وەك قەوارەی سیاسی، خەڵكی كوردستانیشی دوچاری كارەساتی تراژیدی كردووە. بارزانی ویستی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار شكستی ڕیفراندۆم و هەموو لێكەوتەكانی داپۆشێت و جارێكی تر بەبەهێزی بگەڕێتەوە بەغداد، ئەم دەستكەوتە بخاتە پاڵ ئەو سەركەوتنەی كە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا بەدەستیهێناوە، لەو ڕێیەوە وەك بڕیاردەری یەكەم و ڕەها دەربكەوێت و ئەو پەیامەش لەبەغدادەوە بگەیەنێت بەهەموو لایەك، بەڵام ئەنجامی یارییەكە لەبری سەركەوتن بووە شكست و چووە پاڵ شكستەكەی پێشووی لەڕیفراندۆمدا، لەبری ئەوەی ئەو پەیامە بدات بەهەموو لایەك، زۆرینەی شیعەو سوننەكان، تەنات یاریزانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكانیش پێیانوت، تۆ تادوێنێ‌ بەتەمابویت عێراق پارچە بكەیت، ئەمڕۆ مافی ئەوەت نیە سەرۆك كۆماری عێراق كە سیمبوڵی و ڕەمزی دەوڵەتە تەعین بكەیت.  


( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامی ( 95%)ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان: پارتی دیموكراتی كوردستان ( 660 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 45% یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 280 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 19% بزوتنەوەی گۆڕان ( 180 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 12% نەوەی نوێ ( 125 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 8.5% كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ( 105 ) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 7% یەگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 80 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 5.5%


راپۆرتی: درەو میدیا  لەكۆتایدا بەرهەم ساڵح یارییەكەی بردەوە و هەموو ئەو بۆمبە چێندراوانەی پارتی و شەخسی بارزانی لەلایەك و، ژمارەیەك كەسایەتی خاوەن پێگە لەناو یەكێتی و لەماڵباتی تاڵەبانی بۆیان چاندبوو، تەقاندەوەو نەیانتوانی ڕێگەی گەیشتن بەكۆشكی سەلامی لێتێك بدەن و، ئەزمونی ساڵی 2014ی، لەگەڵ دووبارە بكەنەوە، ئەمجارە ئەو لەنەیارەكانی  لێزانانەتر یاری خۆی كرد و بەو ڕێگایەدا نەڕۆیشتەوە كە پێشتر تاقیكردبوەوە. ئەو، چوار ساڵ لەمەوپێش چانسی خۆی لەناو زۆرینەی كوردا بۆ گەیشتن بە كۆشكی سەلام تاقیكردەوە، بەڵام نەیانهێشت پێی تێبخات، بۆیە لەم گەڕەدا كە بەدوا هەلی دەزانیی، بڕیاریدا بە هەر نرخێك بێت خۆی نەداتە دەست كورد و، لەڕێی زۆرینەی شیعەو سوننەوە بەختی خۆی بخوێنێتەوە. بەرهەم ساڵح بۆ گەیشتن بە كۆشكی سەلام باجێكی قورسیدا، كە ڕەنگە وەك سێبەری خۆی تا لە ژیاندابێت لێینەبێتەوە، ئەو حزبێكی دامەزراندو كەوتە ڕكابەریكردنی زۆرێك لە هاوڕێ و هاوخەباتەكانی، خۆشی لەو مێژووە دورودرێژەش بێبەری كرد كە لەگەڵیان بەسەری بردبوو، بەڵام كە گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەو ڕێگایە نایگەیەنێتە ئامانجە گەورەكەی، ئەمجارەیان بێ ئاوڕدانەوە هاوڕێ تازەكانی بەجێهێشت و بەچاوی نوقاو و گوێیەكی قورسەوە، ڕێگایەكی پڕ لەتانەو تەشەری گرتەبەر و جارێكی تر بەرەو ئامانجە لەمێژینەكەی كەوتەڕێ‌. ئەوەی بەرهەم ساڵح كردی بەهەموو پێوەریك بێ‌ پێشینەبووە، چونكە تائێستا نەبیستراوە  سەرۆكی حزبێك حزبەكەی بەجێبهێڵێت و بچێتە ناو حزبێكی ترەوە، لەكاتێكدا عورف و كلتوری سیاسی باو ئەوەیە ئەندامانی حزب بچنە ناو حزبێكی ترەوە، بەڵام ئەو ئەم عورفەی تێكشاندو مۆدلێكی نوێی لەسەنگەرگواستنەوەی سیاسی داهێنا. دواجار بەرهەم ساڵح بەئاواتەكەی گەیشت، بۆ چوارساڵی داهاتوو لەسەر ئەو كورسییە دادەنیشیت كە پێشتر تاڵەبانی لەسەر دانیشتووە، لەگەڵ ئەوەی یار و نەیار كۆكن كە بەرهەم ساڵح شایستەترین كەسە بۆ دانیشتن لەسەر ئەوكورسییە، بەوپێیەی پیاوێكی لێهاتوو و خاوەن ئەزمونێكی سیاسی باش و ناسراوە لەسەركۆی ئاستەكان و بۆ ناوبانگی كوردیش گرنگە  سیاسییەكی وەك ئەو نوێنەرایەتی كورد لەسەر ئاستی عێراق و هەم نوێنەرایەتی عێراقیش بكات لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هیچكام لەمانە شەفاعەتی ئەوەی بۆناكات چاپۆشی لەو ڕێگایە بكرێت كە بۆ گەیشتن بەكۆشكی سەلام گرتیەبەر. زۆرێك لەنەیارەكانی بەرهەم ساڵح دەڵێن، ئەو جگە لەوەی "هاوڕێی نیوە ڕێگا"و پیاوێكی بەرژوەندخواز و ساحێبی قسەو بەڵێنی خۆی نەبوو، ئاوێكی خراپیشی ڕشت و دەرگایەكی بێپێشینەی بۆ سەنگەرگواستنەوە كردەوە، پاشگەزبونەوەی لەپەیمان و بەڵێن كردە مەسەلەیەكی ئاسایی و، بەچۆڵكردنی بەرەی هێزە نەیارەكانی یەكێتی و پارتی جۆرێك لە نائومێدیشی لەناو خەڵك دروستكرد كە كاریگەریی لەسەر چەندئاست داناوە، هەر لاوازبونی متمانەی هاوڵاتیان بەسیاسییەكانەوە، تا دەگاتە نائومێدكردنیان لە سندوقەكانی دەنگدان و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان. لەمڕوەوە زۆرێك بەرهەم ساڵح بەنمونەی سیاسییەك وەسفدەكەن كە بۆ پۆست و پلەو پایەو ناوبانگ دەژی بێگوێدانە ئەو ڕێگایەی دەیەگەیەنێتە ئەو ئامانجە وەك ئەو وتە سیاسییەی كە دەڵێت" گەیشتن بەئامانج پاساوە بۆ هەر ڕێگایەك كە بگیرێتەبەر" لەكاتێكدا وەك دەوترێت، سیاسی دەبێت بۆ سیاسەت بژی و سیاسەتیش بۆ چاكەی گشتی بكات، نەك بەرژوەندی شەخسی. لەبەرامبەر ئەم ڕایەدا كە ماوەیەكی زۆر ڕەواجێكی گەورەی پێدرا، لەزۆرێك لە میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیدا، ڕایەكی تر پێیوایە، ئەوەی لەسەر بەرهەم ساڵح دەوترێت قسەكردنە لەسەر دیوێكی وێنە ڕاستەقینەكە، دیوەكەی تری ئەوەیە بەرلەوەی خەڵك لە بەرهەم ساڵح بێئومێدبێت، ئەو لەو حزبە سیاسییانە بێومێد بوو كە سیاسەتی لەگەڵ دەكردن (هێزە ناڕازییەكان)، ئەوان نەئامادەبوون لەگەڵیدا بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن و، نە ئامادەشبوون بیكەنە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، نە متمانەشیان پێەدەكرد، لەكاتێكدا ئەو دەستبەرداری پۆستی جێگری سكرتێی گشتی یەكێتی و هەموو ئیمتیازاتەكانی حزبەكەی ببوو و ڕێگایەكی سەختی گرتبووە بەر.


( درەو میدیا): بەپێی ئەنجامی ( 95%)ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان: پارتی دیموكراتی كوردستان ( 660 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 45% یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( 280 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 19% بزوتنەوەی گۆڕان ( 180 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 12% نەوەی نوێ ( 125 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 8.5% كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ( 105 ) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 7% یەگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 80 هەزار ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی 5.5%  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand