درەو: چاوپێكهوتنی: سهرتیپ قهشقهیی کەیتی کایزەر، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا له ههولێر، له دیمانهیهكدا لهگهڵ رۆژنامهنووس ( سهرتیپ قهشقهیی ) قسه لهسهر چهند پرسێكی تایبهت به ( مافهكانی مرۆڤ و ئازادی رادهربڕین و راگهیاندن و كهیسی سزادراوانی بادینان) دهكات. له بهشێكی دیمانهكهدا ئاماژه بهوهدهكات : لەبەرزترین ئاست و بەدرێژایی ئیدارەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسهیان كردووه لەسەر پێویستی پاراستنی ئازادی ڕاگەیاندن و رادەربڕین لەبەر ئەوەی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئهمهریكایه. ههر لهو چاوپێكهوتنهدا، ناوبراو، ئاماژه به وتهیهكی وهزیری دهرهوهی ئهمهریكا دهكات و دهڵێت : " سیاسەتە نوێکە توانای وەزارەتی دەرەوە دەخاتەگەڕ بۆ سنوردارکردن و هەڵوەشاندەنەوەی ڤیزەی هەرکەسێك کە تێوەگلابێت لە ئەنجامدانی چالاکی لەدەرەوی سنوری وڵاتەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنوسان یان بەرهەڵستکاران، بۆ نمونە بیەوێت هەراسانیان بکات یان چاودێریان بکات، یان ئازاری خۆیان یان خێزانەکانیان بدات." جێگری گشیتی كونسڵی ئهمهریكا له ههولێر، ئهوهشدهخاتهڕوو: ویلایەتە یەکگرتووەکان شانازی بەو رۆڵەوە دەکات کە بینیویەتی لە داکۆکیکردن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتیەکان لەسەرانسەری دونیادا بە هەردوو شێوەی تایبەت (داخراو) و (ئاشکرا) لە ناویشیاندا گرنگی رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتیەکانی رادەربڕین. به وتهی كهیتی، بۆ پاراستنی ئازادی ڕاپۆرتەکانی ئهوان بەردەوام کاریگەری دروستدهكهن، بهڵام له ئهوه گرینگتر دهرخستنی نیهگهرانییهكانه له لایهن خودی رۆژنامهنووسان. لهبارهی تۆمهتباركردنی رۆژنامهنووس وچاڵاكوانان، بهوهی هاوكاری مادیان له رێكخراوێكی ئهمهریكی وهرگرتوه و دواتر وهك تۆمهت له دادگا درایه پاڵیان، كهیتی كایزهر، دهڵێت : چاوەڕوانیمان لە وڵاتانی خانەخوێ لەسەرانسەری دونیا ئەوەیە کە ڕێز لە کاری دیپلۆماتەکان بگرن، کە کارەکانیان زۆر نزیکە لە کاری رۆژنامەنوسان و لەگەڵ خەڵکی جۆراوجۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانییان بکەن. لهسهر كهیسی بهدواداچوونی سزادراوانی بادینان، ناوبراو، روونیكردهوه : ئهوان دەیانەوێت دڵنیابین لەوەی کە ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە راگەیاندنکارانیشەوە، دەتوانن دەستیان بە پرۆسەیەکی یاسایی دادپەروەر و شافاف بگات، بۆیه لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکان دەکەن. جێگری كونسڵی گشتیی، جهخت لهسهرئهوهدهكاتهوه، كه پێویسته حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتووگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بكات. دهقی چاوپێكهوتنهكه : پرسیار: جیاوازی چییە لە نێوان ئیدارەی پێشوو و ئێستا لەڕووی پشتیوانیکردنی ئازادی راگەیاندن و دەربڕین ؟ کەیتی کایزەر: لەوەتەی دامەزراندنیەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی ئازادی ڕاگەیاندن و رادەربڕینی کردوە، کە بەشێکە لە شوناسمان. هەر ئیدارەیەك کە دەست پێدەکات جەخت و تەرکیزی لەسەر ئەو شتانەیە کە بۆی گرینگن، بەڵام سەرجەمیان پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن. پێم وابێت زۆر روونە کە ئیدارەکەی سەرۆک بایدن جەختی زۆری لەسەر مافەکانی مرۆڤە، لەناویشیاندا ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن. هەروەها بەردەوام دەبین لە تیشک خستنە سەر گرنگی ڕێوشوێنی یاسایی و سەروەری یاسا و بە دەست راگەیشتن بە پارێزەریشەوە. هەروەها دەمەوێت سەرەنجتان ڕابکێشم بۆ بەیاننامەکەی وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکین لەسەر مەفەکانی مرۆڤ، کە لە خوارەوە دام ناوە. https://drive.google.com/file/d/1SCANGdA2GIa4cEJA0qZW72EkM2R63hzt/view?fbclid=IwAR3BrCDMVV3GuM-5vjzAKJhBC2MP_jx0J-u9_QysACsrPga9N77Jn_XG4a8 پرسیار: بەیاننامەی زۆرمان بینیوە لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی ئەمەریکاوە سەبارەت بە گیراوانی بادینان، بەڵام ڕۆژنامەنوسان و چاڵاکوانان دەڵێن، هیج بەرەو پێشجونێك بەدیناکرێت. ئایا هیج بەرەوپێشجونێکتان بەدیکردووە و وەڵامی حکومەتی هەرێم چی بووە بۆ ئێوه له بارهی ئهو كهیسه ؟ کەیتی کایزەر: ئێمە لەبەرزترین ئاست و بەدرێژایی ئیدارەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسە دەکەین لەسەر پێویستی پاراستنی ئازادی ڕاگەیاندن و رادەربڕین لەبەر ئەوەی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەمانە. تێدەگەین کە لەم دواییانەدا هەوڵ هەبووە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر بابەتەکانی تایبەت بە ئازادی راگەیاندن، ئێمە پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین. لەکۆتاییدا، پتەوترین چارەسەر بۆ پاراستنی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە خهڵکە كه خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت. کەیتی کایزەر: داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەشێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی ئهمهریكایه پرسیار: لەم دواییانەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە ئەمەریکە ڤیزە بەو کەسانە نادات کە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕاگەیاندن و دەربڕین دەکەن، ئەمە چی دەگەیەنێت و بۆچی دهگهڕێتهوه ؟ کەیتی کایزەر: هەروەک وەزیری دەرەوە بلینکین گوتی " سیاسەتە نوێکە توانای وەزارەتی دەرەوە دەخاتەگەڕ بۆ سنوردارکردن و هەڵوەشاندەنەوەی ڤیزەی هەرکەسێك کە تێوەگلابێت لە ئەنجامدانی چالاکی لەدەرەوی سنوری وڵاتەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنوسان یان بەرهەڵستکاران، بۆ نمونە بیەوێت هەراسانیان بکات یان چاودێریان بکات، یان ئازاری خۆیان یان خێزانەکانیان بدات." پرسیار: کاتێک پێشێلکاری دەرهەق بە ڕاگهیاندن و ئازادی راگایاندن ئەنجام دەدرێت، ئەو ڕێوشوێنانە چین ئێوە دەیانگرنەبەر بۆ فشارخستنە سەر ئەنجامدەران؟ کەیتی کایزەر: ویلایەتە یەکگرتووەکان شانازی بەو رۆڵەوە دەکات کە بینیویەتی لە داکۆکیکردن و بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتیەکان لەسەرانسەری دونیادا. ئێمە بە هەردوو شێوەی تایبەت (داخراو) و (ئاشکرا) بابەتەکانی تایبەت بە مافەکەنی مرۆڤ، لە ناویشیاندا گرنگی رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتییەکانی رادەربڕین و ئازادی کۆبوونەوە و ئازادی خۆ رێکخستن و ئازادی ئاینی لە هەموو ئاستەکانی پەیوەندیە دوولایەنەکانما ن دەخەینەڕوو، هاوبەشیەکانمان بەهێزتردەبن کاتێك رەنگدانەوەی بەها هاوبەشەکانمان لە ئازادیە بنەڕەتیەکان. ئەو گفتوگۆیانە گرنگن بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییەکانی نێوانمان. کارکردن لەسەر مافەکەنی مرۆڤ لەسەرانسەری دونیادا زۆرجار بریتی دەبێت لە یارمەتیدانی هاوڵاتیان بۆ دۆکۆمێنتکردن و بەرزکردنەوەی نیگەرانیەکانیان، هەر بۆیەش ئێمە هەڵسەنگاندنی ساڵانەی خۆمان بۆ دۆخەکە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە مافەکەنی مرۆڤ بڵاو دەکەینەوە. هەروەها یارمەتی بەرزکردنەوەی ستانداردی پرۆفێشناڵی ڕۆژنامەنوسان و باشترکردنی پەیوەندی نێوان ڕۆژنامەنوسان و حکومەتەکانیان دەدەین. بۆ نمونە، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا کۆمەکی دارایی بۆ پێنج ڕاهێانی سێ ڕۆژەی بۆ ڕۆژنامهنوسانی پێکهاتەکان تەرخانکرد کە لەلایەن سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەتەوە جێبەجێکران. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کۆمەکی داراییمان بۆ چەندین ڕاهێنان و زەمالەو پرۆگرامی گەشەپێدانی پرۆفێشناڵی تەرخانکردووە و بەرنامەشمان هەیە بەردەوام بین. پرسیار: له كهیسی گیراوانی بادینان یهكێك لهو كهسانهی دادگای كرا گوایه له رێگهی رێكخراوێكی ئهمهریكی هاوكاری وهرگرتوه؛ واته كاری بۆ ئهمهریكا كردوه لهسهر ئهو بابهته چ قسهیهكتان ههیه ؟ ئایه چ گهرهنتییهك ههیه لهمهودوا ئهوانهی سهردانی كونسڵخانه و باڵوێزخانهی ئهمهریكا دهكهن تاوانبار ناكرێن به كاركردن بۆ لایهنێكی دهرهكی ؟ ئایه لهسهر ئهو كهیسه ناڕهزایهتیان داوه به حكومهت و بهرپرسانی ههرێم ؟ کەیتی کایزەر: چاوەڕوانیمان لە وڵاتانی خانەخوێ لەسەرانسەری دونیا ئەوەیە کە ڕێز لە کاری دیپلۆماتەکان بگرن، کە کارەکانیان زۆر نزیکە لە کاری رۆژنامەنوسان و لەگەڵ خەڵکی جۆراوجۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانییان بکەن. ئێەمە هەمان تێگەیشتنمان هەیە بۆ ئەو دیپلۆماتە بێگانانەی کە لە ئەمەریکاش کاردەکەن، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمیشەوە. کەیتی کایزەر: کارەکانمان زۆر نزیکە لە کاری رۆژنامەنوسان پرسیار: ئێوه چ پێوهرێكتان ههیه بۆئهوهی بزانن پێشێلكاری كراوه یاخود نا؛ واته له كهیسێكی هاوشێوهی بادینان ئێوه چۆن دهزانن دادگا بڕیارێكی دروستی داوه به واتایهكی دیكه ئهو حوكمهی سهپێندرا تا چهند لای ئێوه باوهڕپێكراو بوو؟ کەیتی کایزەر: ئێمە دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی، بە راگەیاندنکارانیشەوە، دەتوانن دەستیان بە پرۆسەیەکی یاسایی دادپەروەر و شافاف بگات. ئێەمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکان دەکەین، بەڵام گرنگتر لە هەر تاکە کەیسێکی تایبەت بریتیە لە ژینگە گشتییەکەی ئازادی رادەربڕین. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بەدەر نییە لەو کێشانە و ئەو حکومەتانەی کە بابەتی مافەکەنی مرۆڤ بە هەند وەردەگرن ئەوانەن کە شەفافن و پێشوازی لەو گفتوگۆیانە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیەکەن و باشترکردنی دۆخەکە. بەمجۆرە کارکردن گرنگە بۆ سەقامگیری و سەرکەوتوویی وڵاتەکە. پرسیار: به بۆچوونی ئێوه ئهو راپۆرتانهی له لایهن رێكخراوه نێو دهوڵهتییهكانهوه دهردهچێت لهسهر ههرێمی كوردستان، هیچ كاریگهرییهكی كورت مهودا و دوور مهودای ههیه؟ کەیتی کایزەر: نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکەن ئەو ڕاپۆرتانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کروردستاندا گفتوگۆ دەکەن و بەردەوامن لە گفتوگۆی بنیات نەرانە. هیوادارین ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر مافەکەنی مرۆڤ لەسەر هەر وڵات یان هەرێمێک بڵاودەکرێنەوە ببنە مایەی بەرەپێشبردنی مافەکەنی مرۆڤ لە دوور مەوداو نزیک مەودادا. قسەکردن لەسەر کێشەکان هەنگاوی یەکەمی چارەسەرکردنیانە. هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە ئازادی ڕادەربڕین گرنگە. پرسیار: ئێستا جۆرێك له بێ متمانهیی له لای رۆژنامهنووسان و چاڵاكوانان دروستبووه، كه فشارهكانی ئهمهریكاو وڵاتانی دیكه، هیچ كاریگهرییهكی نییه لهسهر حكومهت و دهسهڵاتدارانی ههرێم، پێتان وایه ئهو بێ متمانهیه له چیهوه هاتووه؟ کەیتی کایزەر: هیوا خوازین کە خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەموو دونیا ئەوە بزانن کە ئەمەریکا بەردەوام کاردەکات بۆ پاراستنی مافەکەنی مرۆڤ. بنەمای ئەوکارە و هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکەن بریتیە لە هاوشانیکردن و گفتوگۆ ئینجا لە گەڵ کۆمەڵگای مەدەنی بێت، یان لە گەڵ حکومەتی خانەخوێ. پێمان وایە ڕاپۆرتەکان بەردەوام دەبن لە کاریگەری دروستکردن بەتایبەتی کە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی هاوشانە بیانیەکانمان بەیەکەوە کەردەکەین، بەڵام چارەسەری بنەڕەتی بە خێرایی دروست ناکرێت، بەڵکو دەرەنجامی چەندان گفتوگۆیە بەدرێژایی کات. پرسیار: لە مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان حکومەتی ئەمەریکا چ هەنگاوێکی كرداری دەگرێتە بەر، لە کاتێکدا ئەگەر بینیان رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی لە خەتەردایە ؟ کەیتی کایزەر: سەرۆک بایدن چەندین جار جەختی لە گرنگی پێکهێنانی هاوپەیمەنی نێودەوڵەتی و کارکردن لەگەڵ هاوشانەکان کردووەتەوە بۆ بە دەستهێانی ئامانجەکان. ئیدامەدان بە سازانی دوور مەودا لەسەر گرنگی بنەڕەتی ئازادی رادەربرین لە هێڵی پێشەوەی پاراستنی ئەو ئازادیەیە. ئەوەش گفتوگۆی کراوە و شەفاف لەگەڵ هاوشانەکەنمان و پشتیوانیکردن و فراوانکردنی دەنگی کۆمەڵگای مەدەنی و رۆژنامەنوسان دەگرێتەوە. هەنگاوی تریش هەن بەس تایبەتن بەهەر بەرودۆخێکی تایبەتەوە. کەیتی کایزەر: ئێمە لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ كەیسەكان دەكەین پرسیار: ئایە بە ههڵسهنگاندنی ئێوە رەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێك دایە و دەسەڵاتدارانی هەرێم تا چەند جۆر لە ئێوە دەگرن؟ کەیتی کایزەر: هەموومان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشەوە پێویست دەکات بەردەوام بین لە گەڕان بەدوای ڕێگاکانی پاراستنی ئازادی رادەربڕین و میدیای ئازاد. پێزانینمان هەیە بۆ ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ ئێمە و هاوبهشهکانی تر لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەڵام لەوە گرنگتر بوونی ویستی حکومەتی هەرێمە بۆ گفتوگۆکردن بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. پرسیار: بەرای ئێوە بۆ پاراستنی ئازادی جگە لە فشارە نێو دەوڵەتییەکان چ کارێك گرینگە کە ئێمە وەکو رۆژنامهنووسان بیکەین ؟ کەیتی کایزەر: بوونی ئیرادە بۆ چوونە ناو گفتوگۆوە و کراوە بوون بۆ ڕەخنەی بنیاتنەر ژینگەیەك دەڕەخسینێت کە تیایدا ئازادی ڕادەربڕین رەگ دا دەکوتێ و گەشەدەکات. ئەوە شتێکە کە هەموو خەڵك، بە بێ لەبەرچاوگرتنی رۆڵیان لە کۆمەڵگادا، دەتوانن بیکەن. بوونی وەرگری بەرپرسانەی میدیا ( ئەو وەرگرانەی کە هەستی بەر پرسیاریان هەیە) هەنگاوێکی تری گرنگە کە دەربڕو دەرخەری نیگەرانیەکانتانه. پڕۆفایل کاترین کایزەر، جێگری بەرپرسی یەکەم (جێگری کونسوڵی گشتی): کاترین (کەیتی) کایزەر لە مانگی ٧ ی ٢٠٢٠ وەک جێگری کونسوڵی گشتی دەستبەکار دەبێت. پێش هەولێر لەم پۆست و شوێنانە کاریکردووە: لە ساڵی ٢٠١٨ وە وەک جێگری بەڕێوبەری ئۆفیسی میسڕ و لە مانگی ٦ ی ٢٠١٩ ەشەوە وەک بەڕێوبەری ئۆفیسەکە بە وەکالەت؛ ڕاوێژکاری ئابوری لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تونس؛ سەرۆکی بەشی ئابوری و سیاسی لە ئۆفیسی دەرەکی لیبیا؛ بەرپرسی سیاسی و سەربازی لە هۆبەی میسڕ؛ بەرپرسی بەشی کاروباری گشتی لە لەهۆر، پاکستان؛ بەرپرسی بەشی سیاسی لە عەمان، ئوردون؛ هەروەها بەرپرسی بەشی ڤیزە لە ئۆساکا، یابان. کەیتی پێش ئەوەی پەیوەندی بکات بە وەزارەتی دەرەوە وەکو مامۆستا و رێکخەری پڕۆگرامەکانی مۆزەخانە و دیزاینەری چوارچێوەی تایبەتمەندی وێنە کاریکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەنترۆپۆلۆژیا و فەلسەفە لە زانکۆی فلۆریدا بەدەستهێناوە و بڕوانامەی ماستەریشی لە خوێندنە یابانیەکان لە سکوڵی خوێندنە ئەفریقی و ڕۆژهەڵاتیەکان لە زانکۆی لەندەن هەیە و بە ئاستی جیاواز زمانەکانی یابانی و عەرەبی دەزانێت. کەیتی وەرگری خەڵاتی "دەبڵیو ئاڤەڕێڵ هاریمەن دیسێنت"ە بۆ ساڵی ٢٠١٠ کە لە لایەن ڕێکخراوی خزمەتە بیانیەکانەوە دەبەخشرێت. فۆتۆ: كەیستی كایزەر و سەرتیپ قەشقەیی
چاوپێكەوتنی: درەو " ڤاكسینەكان لە 100% رێگە لە مردن دەگرن، كۆرۆنا هاتووە بۆ مانەوە، دەبێت خۆمانی لەگەڵ رابهێنین" ئەمە قسەی د. ئارام گەڵاڵیە بۆ (درەو)كە پرۆفیسۆری یاریدەرە لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكاو پسپۆڕی بواری شێرپەنجە و زانستی جیناتە. د. ئارام گەڵاڵی ئەوەش دەڵێت، ئەو ڤاكسینانەی ئێستا بەكاردەهێنرێن، بۆ كۆرۆنا گۆڕاوەكەش بەكاردێت، ئەو ڤاكسینانە زۆر زۆر سەلامەتن و هیچ ئاماژەیەك نیە تا ئێستا كە كاریگەری خراپیان هەبێت، لە 100% رێگری لە مردن دەكات، ناكرێت بیر لەوە بكەینەوە بە دۆزینەوەی ڤاكسین ئیدی كۆرۆنا نامێنێت و كۆتایی دێت، كۆرۆنا وەكو هەموو ڤایرۆسێكی تر هاتووە بۆ مانەوە، ئەمە شتێك نیە بڵێی دەڕوات، دەبێت خۆمانی لەگەڵ رابهێنین و لەگەڵیشیدا خۆمان بپارێزین. دەقی چاوپێكەوتنەكەی (درەو) لەگەڵ د. ئارام گەڵاڵی سەبارەت بە ڤاكسینی كۆرۆناو كاریگەرییەكانی درەو: ڤاكسنەكە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەكار دەهێنرێت، كاریگەری 100%ی لەسەر كۆرۆنا دەبێت..؟؟ د. ئارام گەڵاڵی: بۆ درووستكردنی هەموو ڤاكسینێك دەبێت دوو ئامانج بپێكی، ئامانجی یەكەم سەلامەتیە، ئامانجی دووەم كاریگەریەكەیەتی، كاریگەریش بە دوو شێوە دەپێورێ، بەشی یەكەمی ئەوەیە چەند رێگە لە بڵاو بوونەوەی نەخۆشیەكە دەگرێت، بەشی دووەم چەند رێگە لە بەرەو پێشچونی نەخۆشیەكە لە لەلشی خۆتدا دەگرێت. ئەم ڤاكسینانەی كە ئێستا لە رۆژئاو و ئەوروپا بەكاردێت، هەموویان بۆ كەیسی قورس لەسەدا سەد كاریگەرن، بەڵام بۆ ئەو كەیسانەی كە سوكترن و ناكەونە نەخۆشخانەو لەماڵەوەن، ڤاكسینەكەی ئەمریكا زۆر كاریگەرن بۆیان (94% مۆدێرنا، 95% ڤایزەر) كاریگەری جێدەهێڵن، بەڵام ئەوەی بەریتانیا لە (78%) ئەویش زۆر بەرزە بۆ ڤاكسینێك، رێگە لە مردن لە سەدا سەد دەگرێت . درەو: ئەو ڤاكسینانە لە چی كاتێكدا بەكار دەهێنرێت..؟؟ لەكاتی توشبوون، یاخود پێش تووش بوون بەكار بهێنرێت كاریگەری هەیە..؟؟ د. ئارام گەڵاڵی: ڤاكسین شێوەیەكە لە خۆ پاراستن، خۆپاراستنیش پێش توشبوونە، لەبەر ئەوە پێش توشبوون بەكاردێت، درەو: ئایا ئەو ڤاكسینانە هیچ كاریگەریەكی خراپ و نەرینی درووست دەكات لەداهاتوودا بۆ تەندروستی مرۆڤ..؟؟ د. ئارام گەڵاڵی: ئەمریكا لە 14/12/2020 ەوە دەستیكردووە بە كوتان، پێش ئەویش بەریتانیا وەك یەكەم وڵات پێش ئەمریكا بەكاری هێنا لە 8/12/2020، دەرزی یەكەم كاریگەری نیە بەڵام دەرزی دووەم كەمێك لەرزو تا درووست دەكات بۆ ماوەی یەك سەعات، ئەو ڤاكسینانە زۆر زۆر سەلامەتن و هیچ ئاماژەیەك نیە تا ئێستا كە كاریگەری خراپیان هەبێت، بەپێچەوانەوە زۆر سەلامەتن. درەو: ئەو ڤاكسینانە چۆن درووست دەكرێن..؟؟ د. ئارام گەڵاڵی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو ، مێژووی درووستكردنی ڤاكسین، ئەو بەكتریایە یاخود ئەو ڤایرۆسەی كە نەخۆشیەكانی درووست كردووە، زۆر بەرهەمیانهێناوە لە لابا ( هێلكە بەكارهاتووە بۆ بەرهەمهێنانیان) بەڵام لەگەڵیدا ڤایرۆسەكە بە پرۆسێسێكی لاواز بوون یان مردندا رۆیشتووە، زۆر لاوازیان كردووە كە خۆی ناتوانێت نەخۆشیەكە درووست بكات، بەڵام كۆدەكانی وەكوخۆی ماوە، كە ئەیكەنە لەشی مرۆڤەوە لەش كۆدەكان وەردەگرێت، كە ڤایرۆسە ئەسڵەكە هات دەیناسێتەوەو بەرگری چالاكدەكات و لەناوی دەبات، ئەمەش پرۆسێسێكی زۆر خاوە و كولفەیەكی زۆری تێدەچێت. بەڵام لە بابەتی كۆڤید 19 ( كۆرۆنا) تەكنەلۆجیایەكی تازە بەكارهاتووە، ئەگەر تۆ وێنەی كۆرۆنا بێنێتە بەرچاوی خۆت، تۆپێكی خرەوەو دەورەدراوە بە ئەو سپایك پرۆتینانەی شێوەی دڕكیان هەیەو رەنگی سورن، ئەو پرۆتینانە هیچ مەترسیەكیان نیە بۆ لەشی مرۆڤ، تەنها كاریان ئەوەیە ئەو ڤایرۆسەیان لەخۆ گرتووە لە گەڵیشیا كە ڤایرۆسەكە دەچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە یارمەتی دەدەن بچێتە خەلیەكانەوە، بۆیە هاتوون كاریان لەسەر ئەو سپایك پرۆتینانە كردووە، بۆ ئەوەی لەشی مرۆڤ ئەو سپایك پرۆتینانە بناسێتەوە، ئەوە دەناسێتەوە كە ڤایرۆسەكە هەڵدەگرێت، بۆ ئەوەی پرۆسیسەكە خێرا تر بكەن، لەبری ئەوەی سپایك پرۆتینەكە درووست بكەن، بیهێننە بەو پرۆسیسە خاوەدا بڕوات، هاتوون كۆدی سپایك پرۆتینەكەیان هێناوە و خانەکانی لەشی خۆمان بەکار دەهێنێن بۆ ئەوەی لەجیاتی لاب بۆ بەرهەمهێنانی پرۆتینەکە، ئەگەر سەیری كاری رۆژانەی خانەكانی لەشی مرۆڤ بكەیت ئەو ئیشانەی رۆژانە دەیكەن پێویستی بە پرۆتینی جیاوازە، بۆ نمونە بۆ زیاد بوون بۆ كۆنتاكتی نێوان خانەیەك بۆ خانەیەكی تر ئەو كارانەی رۆژانە خانەكان دەیكات، هەموو پرۆتینێك كۆدێكی خۆی هەیە لە دی ئێن ئەی لەشی ئێمەدا، ئەو كۆدە پرۆتینێكی پێویستە بۆ كارێكی تایبەت دەڵێت ئەم پرۆتینە دەبێت درووست بكرێت، بەشێكی دی ئێن ئەی كۆپی دەكرێت، بەشە كۆپیەكەی پێی دەوترێت (messengerRNA یان mRNA) ئەمان هاتوون (mRNA) سپایك پرۆتینە، پرۆتینە سورەكەی بە كۆڤیدەوەیە ئەوەیان هێناوە، واتە هەر پرۆتینەكەش نیە بەڵکو تەنها كۆدەكەیەتی، ئەوە دەكەنە لەشی مرۆڤەكانەوە، وا دەكەن خانەكانی لەشی مرۆڤ خۆی ئەو پرۆتینە درووست بكات، ئەو پرۆتینە هیچ مەترسیەكی نیە، بەڵام كۆڤید 19 لەناو ئەو پرۆتینەدا خۆی دەشارێتەوە، لەبەر ئەوە كە لەشی مرۆڤ ئەو پرۆتینە سورەی بینی ئیتر بەرگری چالاك دەبێت و لەناوی دەبات، مۆدێرنا لەگەڵ فایزەر ئەمانەیان ( mRNA) ئێم ئاڕنێكەیان بەكارهێناوە، بەڵام جۆنسنجۆنسن و ئەسترازێنیکا کە لە ئەوروپا بەکاریەت، بەشێكی بچوكی دی ئین ئەیەیان بەكارهێناوە، یەك هەنگاو چونەتە سەروترەوە، كەمێك جیاوازی دەكات، ئێم ئاڕێنەی زۆر هەستیارە لە پلەی گەرمی زۆر نزمدا دەبێت، دایبنێی ئەگینا لەناو دەچێت، بۆ نمونە ئەوەی فایزەر لە (-70) پلەی سەدی ئەبێت هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی چالاك بێت، ئەوەی مۆدێرنا (-20) پلەیە، بەڵام ئەوەی ئەسترازێنیكا و جۆنسن جۆنسن، لەبەر ئەوەی دێن ئێن ئەی بەكارهێنراوە، ئەوەش كەمێك جێگیرترە، ئەوان دەتوانرێت لە پلەی گەرمی ( 2 بۆ 8) پلەدا هەڵگیرێت و دواتر بەكاربهێنرێت، بەڵام ئەوانیش كێشەیەكیان هەیە ئەویش ئەوەیە، دی ئێن ئەی وەكو ئاڕئێنەی ئەی ئاسان لەشی مرۆڤ وەری ناگرێت لەبەر ئەوە ڤایرۆسێكی كە بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی خانەکانی لەش وەربگرێت، ڤارۆسێك كە مەترسی نیە، (ئەدی نۆ) ڤایرۆسی پێدەڵێن دی ئێن ئەیەكەیان كردوەتە ناو ئەدی نۆ ڤایرۆس و ئەوە دەخەنە لەشی مرۆڤەوە، ئەو ئەدینۆ ڤایرۆسە، كێشەكەی ئەوەیە لەوانەیە دوای ماوەیەك لەشی مرۆڤ بەرگریەك بەرامبەر بەو ڤایرۆسەش بەرهەمبهێنێت هەرچەندە هیچ مەترسیەکیشی نیە، لەبەر ئەوە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن ئەوەی فایزەرو ئەوەی مۆدێرنا زیاتر بەكارهێنانەكەی باشتر بێت بەڵام ئەوانەی تر رۆژانە ڤایرۆسەكە گۆڕانكاری تیادا دەكەن بۆ ئەوەی لەش نەیناسێتەوە. درەو: بەهۆی بەرهەمهێنانی ئەو ڤاكسینانەوە، ئێستا ئەتوانرێت بوترێت مرۆڤایەتی سەلامەتە لە كۆرۆنا ..؟؟ د. ئارام گەلاِڵی: كۆرۆنا وەكو هەموو ڤایرۆسێكی تر هاتووە بۆ مانەوە، ئەمە شتێك نیە بڵێی دەڕوات، لەبەر ئەوەی ڤاكسین هەیە، بەڵام ئێمە لە ئێستادا وەك نەخۆشیەكانی دیكە چارەسەرێكمان هەیە لەبەرامبەری ئەتوانین خۆمان بپارێزین بەرامبەر بەم شێوازەی ئێستا هەیە، تا مرۆڤایەتی هەبێت لەسەر زەوی ئەم ڤایرۆسانە هەر دەبێت و ئەم نەخۆشیەش هاتووە بۆ مانەوە، دەبێت خۆمانی لەگەڵ رابهێنین و لەگەڵیشیدا خۆمان بپارێزین درەو: ئایا بە بەرهەمهێنانی ئەو ڤاكسینانە كۆرۆنا كۆتایی دێت..؟؟ د. ئارام گەلاِڵی: بە بۆچونی من چۆن هەڵامەت هەر دەمێنێت ئەم نەخۆشیەش هەر دەمێنێت، بەڵام بەشێوەیەك لە شێوەكان بەرەو كۆنترۆڵ دەچێت، ئەگەر زۆرینەی مرۆڤایەتی ڤاکسینەکەیە وەربگرێت ئەوا حاڵەتی مردن یەکجار کەم دەبێتەوە. درەو: ئایا ئەو ڤاكسینانە بۆ كۆرۆنای گۆڕاویش دەبێت یان تەنیا بۆ كۆرۆنا كۆنەكەیە ..؟؟ د. ئارام گەڵاڵَی: كۆرۆنا ڤایرۆسێكی موستەقیر یاخود جێگیر نیەو گۆڕانكاری زوو زوو تیادا دەبێت، بەپێی داتا كان دەڵێت لە هەر سێ كەسەوە بۆ نمونە ئەگەر نەخۆشیەكە لە منەوە بگوازرێتەوە بۆ تۆ لە تۆشەوە بچێت بۆ كەسێكی تر، واتا لەو سێ هەنگاوەدا، لەهەر سێ هەنگاوێكیدا گۆڕانكاریییەكی بچوكی تێدا دەبێت، بەڵام زۆربەی گۆڕانكاریەكان لەوشوێنانەدا دەبن کە کاریگەری کەمن و كە ڤاكسینەكەش ئەو شوێنانە ناگرێتەوە، بۆیە ڤاكسینەكە بۆ ئەو شوێنە درووستكراوە كە ڤایرۆسەكە زۆر موستەقیڕو جێگیرە بۆئەوەی لەش چەند گۆڕانكاریشی تێدا بێت هەر بیناسێتەوە، ئەو گۆڕانكاریانەی کە لە ڕاگەیاندن باس دەكرێن ئەو گۆڕأنكاریانەیە كە لە شوێنە موستەقیڕەكەدایە لە دڕكەكەدایە، لە (سپایك پرۆتین)ەكەدایە بۆیە هستیارە بەڵام گۆڕانكارییەكان بچوكن تا ئێستا ڤاكسینەكان ئەو شوێنانە هەر دەناسنەوە، ڤاكسینەكە پرۆتینێك دەناسێتەوە بەڵام گۆڕانكاریەكان لە كۆدێكی بچوكدا دەبێت بەرگری لەش بەشێكی گەورەتر دەناسێتەوە، بەڵام لەوانەیە رێژەی كاریگەریەكە كەمێك دابەزێت لە 100% ببێتە لە 80% بۆ 70%. ئینجا ساڵانەش ڤاكسینەكان بەرەو پێشەوە دەچن، هەریەك ڤاكسین نیە بدرێت، لێكۆڵینەوە دەكرێت بۆ ڤاكسینەكە باشتر بێت، وەكو چۆن ساڵانە ئەنتی بایۆتیكەكان مۆدێلی باشتر دەبێت چونكە بەکتریاکان بەرگری پەیدا دەكەن، ئەمیش بەهەمان شێوە وایە، بەڵام ئەو ڤاكسینانەی ئێستا بۆ كۆرۆنا گۆڕاوەكەش دەبێت. درەو: سەبارەت بەو ڤاكسینەی كە لە هەرێمی كوردستان بەكاردێت ..؟؟؟ د. ئارام گەلاِڵی: ئەوەی من بزانم ئەو ڤاكسینانەی دێت بۆ هەرێمی كوردستان چینیەكەیە، داتایەكی زۆر لەبەر دەستدا نیە لەسەری، سەرچاوە رەسمیەكان دەڵێن لەسەر كەسانی بەتەمەن تاقینەكراوەتەوە، چینیەكان زۆر زانیاری لەسەر ڤاكسینەكەیان بڵاو ناكەنەوەو نایخەنە روو. درەو: لەدوای بەرهەمهێنانی ئەو ڤاكسینانەوە ... توێژینەوەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی نوێ بەردەوام دەبێت یاخود ئەو ڤاكسینانە تەواوە ؟؟ د. ئارام گەڵاڵی: توێژنەوە لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا نەوەستێت و بەردەوامە، توێژینەوە بەشێكە لە كلتور و بیركردنەوەو شێوەی ژیانی وڵاتانی رۆژئاوا، لێكۆلێنەوەو تازەگەری بەشێكە لەبەردی بناغەی ئەم كۆمەڵگایە، هەرگیز بۆ ئەم ڤایرۆسە لێكۆڵینەوەكان ناوەستێت، لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە، بۆیە دەبێت ڤاكسینەكەش رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو پێشەوە بچێت، بەڵام بۆ ئەم نەخۆشیەوە ئەتوانین بڵێن ئێستا عیلاجێكمان هەیە.
چاوپێكەوتن: درەو "كوردانی موسوڵمانی فەرەنسا بهشێك نین له دینامیك و شهپۆلی ئیسلامی سیاسی و بهدوورن. ئهمان چونكه له فهرهنسا دهژین و به چاوی خۆیان دۆخی موسوڵمانان دهبینن، ناكهونه نێو ئهم جۆره گهمانهوه و وریایانهتر مامهڵهی دهكهن" ئەمە بەشێكە لە بۆچونی (د. هەردی مێد) مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسیەكانی-زانكۆی سۆربۆن لە فەرەنسا. د. هەردی مێد لە چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت: سهرۆك ماكرۆن له هیچێك له گوتارهكانی نه دوور و نه نزیك، نه راستهوخۆ و نه ناراستهوخۆ، ههتا له ژێر لێوشهوه، وشه و گوزارشتێكی نهشیاوی بهرانبهر به موسوڵمانان و پهیامبهرهكهیان نهوتووه. ئەو مامۆستایەی زانكۆی سۆربۆنی فەرەنسا ئەوە رون دەكاتەوە كە بایكۆتی كاڵای فەرەنسی " كاریگهریهكی ئهوتۆی له سهر ئابوری فهرهنسی نابێت. له راستیدا له ٣% كهمتری بهروبوومی خۆراكی فهرهنسی ههناردهی رۆژههڵاتی ناوین دهكرێت و لهم رووهشهوه پشكێكی زۆرم كهم بهر كوردستان دهكهوێت، بەڵام یهكێك لهو وڵاتانهی بڕیاری بایكۆتی كاڵا و بهروبوومی فهرهنسی داوه توركیایه. بۆ فهرهنسا توركیا بازاڕێكی گرنگی ههناردهكردن نییه. بهڵام، بۆ توركیا فهرهنسا یهكێك له بازاڕه گرنگهكانی ههناردهكردن و ساغكردنهوهی زۆرێك له بهروبومه خۆراكیهكانیەتی. دەقی چاوپێكەوتنەكەی (درەو) لەگەڵ (د. هەردی مێد) درەو: ئەم كێشەیە لە كوێوە روویداو بۆچی روویدا؟ د. هەردی مێد: كێشهی فهرهنسا لهگهڵ ئیسلامی سیاسی و گروپه پهڕگیرهكانه. ئهم كێشهیه، به لایهنی كهمهوه، لهم دهیهی رابردوو له كات و قۆناغی جودادا له ڕێگهی بهریهككهوتن و كردهوه تیرۆریستیهكانهوه تێبینیكراوه. كێشهكه نه پهیوهندی به كاریكاتێرهوه ههیه، نه به دژایهتی، به قهولی ههندێك، دهوڵهتی فهرهنسا له ههمبهر ئیسلام و نه كوشتنی مامۆستا ساموێل پاتی. له رابردوو تهقینهوه و كاری كوشتن ههبوونه. پاشان، كاریكاتێرهكانی پهیامبهری موسوڵمان بۆ یهكهمجار له ساڵی ٢٠٠٦ له لایهن رۆژنامهی شارلی ئێبدۆ فهرهنسا بڵاوكرانهوه. واته دوو ساڵ له دوای دهنیمارك كه ١٢ كاریكاتێری پێغنهمبهریان بڵاوكردهوه. رۆژنامهی شارلی ئێبدۆ لهگهڵ بڵاوكردنهوه و پهخشكردنهوهی كاریكاتێره دهنیماركیهكان، یهك دووانێكی خۆشیان بڵاوكردهوه لهو ساڵه. لهو كاتهوه، جاروبار دۆسیهی ئهم كاریكاتێرانه دهووروژێنرێن به مهبهستی سیاسی له لایهن گروپه پهڕگیر و ئێخوانێكان. گهر تێبینی بكهین، له ههر قۆناغێك كه پرسی كاریكاتێر دهووروژێنرێن، یان بابهتێكی دی پهیوهنیدار به جڤاتی موسوڵمانانی فهرهنسا، له لایهن تۆڕهكانی ئیخوان و گروپه پهڕگیرهكان، قۆناغێكه كه فهرهنسا لهگهڵ توركیا یان قهتهر له پهیوهندیهكی دژاوردایه. به كورتی توركیا له ڕێگهی ئیسلامی سیاسی و به ناوی بهرگریكردن له ئاینی ئیسلام دهیهوێت كاریگهری و فشار بۆ سیاسهتی دهرهوهی فهرهنسا بهێنێت بهمهبهستی رهدهڵوبهدهڵی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوری. بێگومان یهكێك لهم رودهڵوبهدهڵانهی توركیا ههمیشه به دوایدا دهگهڕێ و پێوهی گیرۆدهبوو دۆسیهی پهكهكهیه ههم له باكوری كوردستان و ههمش له رۆژئاڤا. درەو: بەروونی ماكرۆن چی ووتووە، و چۆن لێكدراوەتەوە؟ د. هەردی مێد: سهرۆك ماكرۆن له هیچێك له گوتارهكانی نه دوور و نه نزیك، نه راستهوخۆ و نه ناراستهوخۆ، ههتا له ژێر لێوشهوه، وشه و گوزارشتێكی نهشیاوی بهرانبهر به موسوڵمانان و پهیامبهرهكهیان نهوتووه. یهكێك لهو شتانهی كرا به ههڵه و چهواشهكاری، ئهو گوتارهبوو كه بهڕێزیان له زانكۆی سۆربۆن له سهر تهرمی مامۆستا ساموێل پاتی، دای. لهم وتارهدا سهرۆك ماكرۆن جهختی له پێكهوژیان و جۆشدان به بهها مرۆییهكان و گیانی لێبوردهیی كردهوه. جهختی لهوه كردهوه دهبێت له بهردهم هێرش و پهلهماری توندڕهوهكان ئهوان دهست له بههاكانیان ههڵنهگرن. باسی ئهوهیكرد كه توندڕهوهكان مامۆستایهكیان كوشتووه كه ههموو قورئانی خوێندووبوهو و ئارهزووی كولتور و كهلهپوری ئیسلامی ههبوو. مامۆستایهك بوو بۆ زانین و گهیاندنی به خهم و خهمخۆر بوو. به راستی كۆی گوتارهكهی، كه من بینیم به چ شێوهیهك شێوێنرابوو، جهختكردنهوهبوو له پێكهوهژیان، یهكگرتووی و لێبوردهیی. بهڵام ئیسلامی سیاسی ئهم گوتارهیان تهواو شێواندبوو، به تایبهتی ناوهندهكانی نزیك له قهتهر و توركیا. پاشان ههڵایهكی دی دروستبوو له سهر ئهوهی له یهكێك له گوتارهكانی ئاماژه بهوه دهكات <كه ئیسلام له جیهاندا له قهیراندایه>. پێموایه كهم كهس ههیه گومانی لهمه بێت. زۆرمان له سهر ئهو راستیه كۆكین كه ئیسلام له قهیراندایه و توانای چارهسهركردنی گرفته ناوهكیهكانی نییه. یهكێك له تایبهتمهندیهكانی ئیسلام ئهوهیه كه به دامهزراوهیی و دهستگایی نهكراوه و ناوهندێك نییه بۆ ڕێكخستنی ئیسلام، له سهر ئاستی گوتار و پراكتیكی پهیڕهوكهرانی، هاوتا ئهو كهس و گروپانهش كه نوێنهرایهتی دهكهن. ئهمڕۆ له جیهاندا به سهدهها ههزار گروپ و تاقم دروستبوونه به ناوی ئیسلام دهكوژن، دانوساندن دهكهن، گوتار دهدهن، رهدهڵوبهدهڵی ئابوری و سیاسی دهكهن، به ناوی ئیسلامی داوای دهسهڵات و پۆست دهكهن...بۆیه لهم رووه ئهوروپا ورده ورده دهیانهوێت كایهی ئاینی موسوڵمانان ڕێكبخهنهوه و له پهڕگیری و به ئامرازكردنی له لایهن هێز و دهوڵهتانی دی رزگاری بكهن. بۆیه، كاتێك ماكرۆن و ئهوروپیهكان باسی قهیران دهكهن، مهبهستیان لهم كێشانهن كه له لایهن گروپگهلێكهوه رووبهرووی ئیسلام بۆتهوه. درەو: بۆچونی موسڵمانانی فەرەنسا چیەو ئایا دابەش بوون یان یەك بۆچونیان هەیە؟ د. هەردی مێد: موسوڵمانانی فهرهنسا ههموویان سهر به یهك نهتهوه، كولتور و سهرزهمینی كۆمهڵایهتی نین. ههموویان یهك مێژوو و پهیوهندیان به فهرهنساوه نییه. بۆیه لهم رووهوه دونیابینی و روانگهیان بهرانبهر به دهوڵهتی فهرهنسا و رووداوهكانی ئهم دواییه وهك یهك نییه. بهڵام، به زۆری دژی به ئالهتكردن و ئیستیغلالكردنی ئیسلامن له لایهن گروپه پهڕگیرهكانهوه، یان ئهو تۆڕ و گروپانهی دهیانهوێت بۆ مهبهست و جهنگی دی ئیسلام بهكاربهێنن. زۆرینهشیان ههمان كاردانهوه یان بۆچونیان بهرانبهر به كاریكاتێرهكان نهبوو. بۆ نمونه، سهرۆكی مزگهوتی گهورهی پاریس ئهم كاریكاتیرانهی زۆر به ئاسایی داناوو و پێیوابوو ئهم كاریكاتێرانه و سهدهها دی له گهورهیی و شكۆی پهیامبهری موسوڵمانان كهم ناكهنهوه. درەو: كوردانی موسڵمان چۆن دەڕواننە ئەو پرسە؟ د. هەردی مێد: كوردانی موسوڵمان بهشێك نین له دینامیك وشهپۆلی ئیسلامی سیاسی و بهدوورن. ئهمان چونكه له فهرهنسا دهژین و به چاوی خۆیان دۆخی موسوڵمانان دهبینن، ناكهونه نێو ئهم جۆره گهمانهوه و وریایانهتر مامهڵهی دهكهن. له راستیدا لهوه تێگهشتوون كه شهڕی گروپه پهڕگیرهكان پهیوهندی به ئیسلامهوه نییه، بهڵكو بهرههم و زادهی مێژوو و جهنگێكی ترن. جهزائیری، تونسی و مهغریبی یان ههندێك له موسوڵمانانی ئهفریقیای رهش له شهڕێكدان لهگهڵ دهوڵهتی فهرهنسا كه پهیوهندی به ئیسلامهوه نییه، بهڵكو به رابردووی كۆلۆنیال و ئهو ئهشكهنجه و قوربانی و چهرمهسهرییانهی به دهستی دهوڵهتی فهرهنسی كێشتوویانه. ئهمان زاكیرهیهكی گهرم و برینداریان لهگهڵ دهوڵهتی فهرهنسا ههیه و ئهمڕۆ دهیانهوێت له ڕێگهی ئیسلامهوه ئهم حهق و حیسابه ببڕێننهوه. ئهمان پهنا بۆ ئیسلام دهبهن چونكه گوتاری ئاینی بۆ جۆشدان، كۆكردنهوه و بهگڕخستن كاریگهر و بههێزه. پاشان گوتاری ئاینی بهها و گوزارشتی گهردوونی ههیه و دهتوانیت له ڕێگهیهوه خهڵك له دهرهوهی كهلێنه نهتهوهیی، كولتوری و سیاسیهكانهوه كۆبكهیتهوه و بهگڕیانبخهیت. بۆیه عهرهبهكان لهم رووهوه لهوه تێگهشتوون كه ئیسلام دهبێت بهێنرێته نێو ئهم جهنگهوه و به ناوی ئیسلامهوه جهنگهكه بكرێت و ببرێتهڕێووه. بێگومان لهم ناوهندهشدا توركیا و قهتهر رۆڵێكی بهرچاو و كاریگهری دهگێرن و دهیانهوێت ڕهوتی رووداوهكان به بهرژهوهندی خۆیان ئاراسته بكهن. درەو: لە هەرێمی كوردستان هەڵمەتی بایكۆتی شتومەكی فەرەنسی هەیە؟ د. هەردی مێد: ئهمه كاریگهریهكی ئهوتۆی له سهر ئابوری فهرهنسی نابێت. له راستیدا له ٣% كهمتری بهروبوومی خۆراكی فهرهنسی ههناردهی رۆژههڵاتی ناوین دهكرێت و لهم رووهشهوه پشكێكی زۆرم كهم بهر كوردستان دهكهوێت. جگه لهمه راستیه، ئهوانهی بهكاربهری خۆراكی فهرهنسین له كوردستان زیاتر چینی ناوهند و دهوڵهمهندهكانن. به گشتی ئهمانش له گروپ و ناوهنده ئیسلامیه سیاسیهكان نزیك نین، یان كاریگهرنین به گوتار و ڕێنماییهكانیان. بۆیه من پێموایه ئهم جۆره بایكۆتكردنانه هیچ كاریگهری نابێت و شتێكی كاتیه و ههر بۆ جۆشدانی چینی خوارهوهی كۆمهڵگهیه. سهرۆك ماكرۆن له هیچێك له گوتارهكانی نه دوور و نه نزیك، نه راستهوخۆ و نه ناراستهوخۆ، ههتا له ژێر لێوشهوه، وشه و گوزارشتێكی نهشیاوی بهرانبهر به موسوڵمانان و پهیامبهرهكهیان نهوتووه. درەو: لەبەرامبەردا هەڵمەتی پێچەوانە هەیە كە فەرەنسا پشتیوانی لە كورد دەكات؟ د. هەردی مێد: راسته من ئهو ههڵمهتم بینی، به لایهنی كهمهوه له تۆڕه كۆمهڵایهتیهكان. ئهم ڕهوته له سهر حهقن كه بهرگری له فهرهنسا بكرێت بهو پێیهی له دۆخی زۆر سهخت و دژوار فهرهنسا هاوكار و یاوهری خهڵكی كوردی باشور بووه و له زۆر دۆخی تایبهت و قهیراناویدا به هانای كردهوه هاتووه. بهڵام شێوازی دهربڕین و گفتوگۆكانیان بۆ من و به دیدی من شهپڕهوانه بوو. كاتێك پۆست و تێبینیهكانیانم دهخوێندهوه، مرۆڤ وا تێدهگهیشت كه فهرهنسا تاوانێكی كردووه و دهبێت ئێمه چاوی لێبپۆشین چونكه فهرهنسا هاوكاری كورد دهكات. ههر بهم هۆیهشهوه زۆرجار ئهوانهی ههڵگری ئهم دیده بوون، واته ئهوانهی بهرگریان له فهرهنسا دهكرد پهلهمار دهدهران له لایهن ههڵسوراوانی لایهنه ئیسلامیهكان. به راستی، نهدهبوو بهم شێوهیه گوزارشت له پشتیوانیهكانیان بكهن، چونكه به راستی دهوڵهتی فهرهنسی تاوانێكی نهكردبوو له بهرانبهر موسوڵمانان. گهر رۆژنامهیهكی فهرهنسی كاریكاتێری له سهر پهیامبهر موسوڵمانان بڵاوكردۆتهوه، ئهمه پهیوهندی به دهوڵهت و سیاسهتی ئهوهوه نییه. دهوڵهت بۆی نییه و ناتوانێت ڕێگری له بڵاوكردنهوهی ئهم كاریكاتێرانه بكات. به رای من دهیانتوانی به شێوهیهكی تر و به دیدێكی دروستر ئهم ههڵمهتهیان ساز بكردایه. درەو: لە بایكۆتی كاڵای فەرەنسیدا، كێ زیان دەكات، ئایا تەنها فەرەنسا زیان دەكات، یاخود ئەو وڵاتانەش كە بایكۆتی دەكەن؟ د. هەردی مێد: یهكێك لهو وڵاتانهی بڕیاری بایكۆتی كاڵا و بهروبوومی فهرهنسی داوه توركیایه. بۆ فهرهنسا توركیا بازاڕێكی گرنگی ههناردهكردن نییه. بهڵام، بۆ توركیا فهرهنسا یهكێك له بازاڕه گرنگهكانی ههناردهكردن و ساغكردنهوهی زۆرێك له بهروبومه خۆراكیهكانیەتی. ئهمه جگه لهوهی چهندهها كارخانه و كارگهی گهورهی فهرهنسی له سهر خاكی توركیا ههن وهك كارگهی ئۆتۆمۆبیلی رۆنۆ، كارخانهی ماستی دانون، تد، و ١٥٠ ههزار كهس له توركیا لهم كارگه و كارخانانه كه فهرهنسین كاردهكهن. به بایكۆتكردن توركیا نهك ههر زهرهر دهكات، بهڵكو تا دۆخی مایهپوچی ملدهنێت. به بڕوای من وڵاتێكی وهك توركیا ههرگیز ناتوانێت بچێته جهنگێكی ئابورییهوه لهگهڵ فهرهنسایه. جاڕی بایكۆتكردنی كاڵای فهرهنسی له لایهن توركیاوه تهنها بۆ چهواشهكاری و فریودانی عهوامه. جگه له توركیا قهتهر و كوهیت بڕیارێكی لهم چهشنهیان داوه، بێگومان ئهمانش زهرهرمهند دهبن.، به تایبهتی قهتهر كه ماوهی زیاد له ساڵێكه له ژێر گهمارووی سعودیا و ههدێ له وڵاتانی كهنداوه. درەو: توركیا لە كوێی ئەم پرسەدایە؟ ئایا تەنها بۆچونە ئیسلامیەكەیە یاخود ململانێ سیاسیەكە تێكەڵكراوە؟ د. هەردی مێد: ململانێ توركیا و فهرهنسا له سهر چهند مهلهفێكه دیارترینیان ئابوری، قهڵهمڕهوی و سیاسیه. ئابورییه، چونكه توركیا له لیبیا و له ههندێ وڵاتی ئهفریقا له ههوڵی ئهوهدایه ببێتهوه جێگرهوهی فهرهنسا و سود لهو تۆڕهیی و ناڕهزاییه جهماوهرییانه وهربگرێت كه له دژی فهرهنسا ههن. ئهفریقیهكان تۆڕهن له فهرهنسا و به پشتیوانی و مانهوهی سهرۆكه دیكتاتۆرییهكانیان تاوانباری دهكهن. لهم سۆنگهیهوه، توركیا به دویا بازاڕ و ماددهی خامهوهیه له ئهفریقیا به تایبهتی نهوت و زێڕ. قهڵهمڕهوهییه، چونكه توركیا دهیهوێت ههم له لیبیا، ههم له ئهفریقیا و ههمش له قهرهباغ كه ناوچه و جێنفۆزی فهرهنسین بێته پێشهوه و ببێته ئهكتهر و كاریگهری له سهر ڕهوتی سیاسی و دینامیكی ئهم دهوڵهتانه ههبێت. ئهمهش راستهوخۆ مهترسی و ههڕهشهن بۆ بهرژهوهندی فهرهنسا. هاوتا سیاسین، توركیا به ئاشكرا له چهند جهمسهرێكهوه سهنگهری له فهرهنسا گرتووه به ئامانجی ئهوهی بگاته جۆرێك له ڕێكهوتن و رهدهڵوبودهڵ دهربارهی مهلهفی كورد. ههر كهسێ به وردی سۆراخی ئهم ململانێیانه بكات، تێدهگات و دهزانێت كه ئیسلام دوور و نزیك بهشێك نییه لهم ململانێ و گهمانه. وهلێ، توركیا بهپاڵپشتی ئابوری و میدیای قهتهر ئیسلام بهكاردهههنێت. سهرهڕای ئهمه، ئهردوگان دهیهوێت ببێته لیدهرشیپی جیهانی موسوڵمانی سوننی و جێ به سعودیا لهقبكات. بێگومان ئهم گهمهیه كۆنه و مێژوویهكی دوور و درێژی ههیه. كوردانی موسوڵمانی فەرەنسا بهشێك نین له دینامیك و شهپۆلی ئیسلامی سیاسی و بهدوورن. ئهمان چونكه له فهرهنسا دهژین و به چاوی خۆیان دۆخی موسوڵمانان دهبینن، ناكهونه نێو ئهم جۆره گهمانهوه و وریایانهتر مامهڵهی دهكهن درەو: ئێوە لە نوسینێكدا دەڵێن فەرەنسا تەنها دەیەوێت كایەی ئاینی وڵاتەكەی بە شێوەیەكی نشتیمانی ڕێكبخاتەوە و ئیدارەی بدات، واتا جۆرێك لە پشێوی هەبووە وا پێویست بە رێكخستنەوە بكات؟ د. هەردی مێد: بهڵێ كایهی ئاینی ئیسلام و ڕێكخستن و ئیدارهدانی بۆ خودی موسوڵمانان بهجێهێڵرابوو. له فهرهنسا هیچ دهستگا و دامهزراوهییهكی دهوڵهتی نییه بۆ ڕێكخستن و سهروكاری كاروباری ئاینی. بۆیه ئیسلامی سیاسی به تایبهتی ئیخوانهكان سودێكی گهورهیان لهم چوارچێوه بینیبوو. به پشتیوانی نهختی و دارایی قهتهر و توركیا چهندهها تۆڕ و ڕێكخراویان دروستكردووه و دهیانهوێت موسوڵمانان له چوارچێوهی كۆمهڵه و ڕێكخراوهكانیان رێكبخهن و بهگڕیانبخهن به مهبهستی سیاسی و چالاكی لۆبیكردن. ئیخوان، سهلهفی و ڕهوته پهڕگیرهكان لهم دهیهی دوایی بههێز و چالاكن و به ئاشكرا بونهته ههڕهشه له سهر فهرهنسا و ههوڵێ دابڕانی موسوڵمانان له باقی كۆمهڵگا دهدهن و دهیانهوێت له ناو كۆمهڵگهی فهرهنسی كۆمهڵگهیهكی موسوڵمان دروست بكهن كه به نهزمی خۆیان، ڕێسا و یاسا و لۆژیكی خۆیان بچێتهڕێووه. واته، كۆی چالاكی و گوتارهكانیان ورده ورده دهبنه دینامیكێكی ئۆتۆنۆم و دابڕ. بۆیه دهوڵهتی فهرهنسا دهیهوێت ڕێگه لهم دابڕانه بگرێت و كایهی ئاینی موسوڵمانان ڕێكبخاتهوه به شێوهیهك كه له ژێر كاریگهری و پاندۆری ئیسلامی سیاسی رزگاری بكات. درەو: فەرەنسا هیچ جیاوازیەك دەكات لە نێوان موسوڵمانێك و هەڵگری بیروباوەڕێكی دیكە؟ د. هەردی مێد: نهخێر له راستیدا بۆ دهوڵهت تاكهكان به دهر له شوناسی نهتهوهیی و ههواداری ئاینیان مامهڵهیان لهگهڵدا دهكرێت. فهرهنسا وڵاتی هاوڵاتیه و مرۆڤهكان مافهكانیان به یاسا ڕێكخراوه. به مانایهكی دی دهوڵهت جڤاتێكی سیاسیه و پهیوهندی و رایهڵی هاوڵاتیان به یاسا لهگهڵیدا ڕێكخراوه. یاساكان ناكهسی، نادینی، نانهتهوهیی...تد.به قهولی ماكس ڤێبهر دهوڵهت له سهر بنهمای یاسا و عهقڵانیهت دامهزراوه و یاسا و ڕێساكان بهرههمی حهز و میزاجی كهسی و جڤاتیهكان نین. یهكێك له سیفهته ههره بنهڕهتی و سهرهكیهكانی دهوڵهت له خۆرئاوا ئۆتۆنۆمیهتی بهرانبهر به كۆمهڵگه و لۆژیكه كۆمهڵایهتیهكان. دهوڵهت و كایهی دهوڵهت له دهرهوهی ڕێسا و پهیوهندیه خوێنی و كۆمهڵایهتی و ئاینیهكان دهچێهڕێوه و ملكهچیان نییه. ئهوهی دهمێنێت پهراوێزبوونی كۆمهڵایهتیه. خهڵك جۆرێك له پهراوێزی دهچێژێت به هۆی ههواداری چینایهتی و كۆمهڵایهتی، نهك ههواداری ئاینی. درەو: ئایا موسوڵمانانی ئەوێ وەك گروپ و رێكخراو بەشدارن لە پرسە سیاسیەكان و دەوڵەتداریدا؟ د. هەردی مێد: بهشداری موسوڵمانان بهرهو زیاتربوون دهچێت. ئهمڕۆ له زۆرینهی پارت و ڕێكخراوه سیاسیهكان خهڵكی موسوڵمان ههن. له ئهنجومهنی نشتیمانی ئامادهن، هاوتا له دامودهستگاكانی دی دهوڵهت وهك شارهوانی، پارێزگاكان، دهستگا ههرێمی و دهڤهرییهكان. درەو: ئەو شێوازی مامەڵەكردنەی فەرەنسا بەرامبەر بە ئیسلامە یان بۆ ئایینەكانی تریش هەر وایە؟ د. هەردی مێد: فهرهنسا هیچ پهیوهندیهكی تایبهتی لهگهڵ ئیسلامدا نییه. پهیوهندی دهوڵهت به ئاینهكانهوه به پێی یاسای ١٩٠٥ كه به یاسای لاییسێتێ ناوزهند دهكرێت ڕێكخراوه. دهوڵهت ههموو زهمینهسازیهك دهكات بۆ ئازادی ئاینی و پهیڕهوكردنی پراكتیك و ڕیتواڵه ئاینیهكان به پێ ئهم یاسایه. بهڵام، نایهڵێت ئاین بچێته نێو جهستهی دهوڵهتهوه. دهوڵهت و دهستگاكانی وهك پانتاییهك دوور له ههیمهنهی ئاینی دهبێت بمێننهوه، بۆ ئهوهی ههموو مرۆڤهكان له دهرهوهی ههواداری ئاینیان و به ئازادی مامهڵه بكهن و كهلێنه ئاینیهكان دابهشبوون و پهرتهوازهییی دروست نهكهن.
(درەو): ئەم رۆژانە كە جەنگ لەنێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان لەسەر هەرێمی جێناكۆكی "كەرەباخ" دەستیپێكردووە، ناوی كوردیش چوەتە ناو هەواڵەكانی شەڕەوە، لە ئەرمینیا ژمارەیەكی زۆر كوردی ئێزیدی هەن، لەناو سوپای ئەرمینیا شەڕ دژی ئازربایجان و توركیا دەكەن، (بۆریس مورازی) كە رۆژنامەنوسێكی كوردی ئەرمینیایەو روماڵی شەڕ دەكات، كاتێك پەیوەندیمان پێوەكرد لەناوچەی شەڕەكەدا بوو لە كەرەباخ، بەڵام هەرچۆنێك بێت بە كورتی وەڵامی ئەم پرسیارانەی (درەو)ی دایەوە. گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو درەو: كورد بەشدارن لە جەنگی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجاندا ؟ بۆریس مورازی: بەڵێ كورد بەشدارە لە جەنگەكەدا لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئەرمینیا، هەر بۆ زانیاریت لێرە كوردی ئێزدی هەیە، كوردی موسڵمان نیە، یەك كورد شەهید بووەو دووانی دیكەش برینداربوون لە شەری بەرامبەر بە ئازربایجان، كوردەكانیش لە پاڵ ئەرمەنییەكاندا بەشدارن لەو شەڕەداو بە قارەمانێتی ناسراون، لە بەرەی شەڕی ناگۆرنی كەرەباخدا. درەو: توركیا رۆڵی چییە لەو جەنگەدا ؟ بۆریس مورازی: توركیا تیرۆرستی عەرەب دەبات بۆ شەڕ لەبەرەی ئازربایجان، تائێستا (81) كەس لەو تیرۆرستانە كوژراون كە توركیا هێناونی بۆ بەرەی شەڕ. درەو: ئاژانسی رەسمی توركیا بڵاویكردەوە گوایا (300) گەریلای (پەكەكە) چونەتە ئەرمینیا بۆ شەڕ دژی ئازەربایجان ؟ بۆریس مورازی: ئەو هەواڵانە هیچی راست نیە، ئەوە پڕوپاگەندەی توركیایە بۆ شەرعیەتدان بە هێرشەكانی خۆی، ئەوان بڵاویدەكەنەوە كە خەڵكی سلێمانیو ماڵباتی تاڵەبانی پشتیوانی ئەرمینیا دەكەنو گەریلای پەكەكەیان ناردووە بۆ بەرەی شەڕ، كە ئەمە راست نیەو تەنها پڕوپاگەندەی توركیایە، یەك كەس لە هەرچوار پارچەی كوردستان نەهاتووە بۆ شەڕو بەشدار نیە لەبەرامبەر ئازربایجان، من ئێستا لە كەرەباخمو لە بەرەی پێشەوەی شەڕەكەم وەك رۆژنامەنوسێك شتی وام نەبینیوە. درەو: تائێستا هیچ یەكێك لە ناوچە كوردنشینەكانی ئەرمینیا بەر هێرش كەوتوون یاخود زیانیان پێ گەیشتووە ؟ بۆریس مورازی: نا.. نا، ناوچە كوردییەكان زۆر دوورن لە شەڕەكەوە، تائێستا زیان بەر هیچ گوندو ناوچەیەكی كوردی نەگەیشتووە. درەو: پێتانوایە توركیا بۆچی پشتیوانی ئازربایجان دەكات لە شەڕەكەدا ؟ بۆریس مورازی: ئەردۆغان رایگەیاندبوو كە توركیاو ئازربایجان دوو دەوڵەتو یەك میللەتن، لەوچوارچێوەیەدا پشتیوانی ئەوان دەكات، توركیاو دەوڵەتی عوسمانی ساڵی 1915 قەتڵو عامی ئەرمەنییەكانیان كردووە، توركیا دەخوازن جارێكی تر ئەو پرۆسەی قەتڵو عامە بەسەر كورددا بهێنێت. درەو: پێتانوایە جەنگەكە تا كەی درێژە بكێشێت ؟ بۆریس مورازی: لە ئێستادا ئەمریكاو روسیاو نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵدان بۆ كۆتایهێنان بە شەڕەكە، پێدەچێت شەڕەكە درێژە بكێشێت. درەو: توركیا بە ئاشكرا پشتیوانی لە ئازەربایجان دەكات، ئەی چی دەوڵەتێك پشتیوانی لە ئەرمینیا دەكات ؟ بۆریس مورازی: لە ئێستادا فڕۆكەی (ئێف 16)ی توركیا خاكی ئەرمینیا بۆردوومان دەكات، تائێستا بە ئاشكرا هیچ دەوڵەتێك پشتیوانی لە ئەرمینیا ناكات، ئەرمینیا پشت بە توانای خۆی دەبەستێت. درەو: ئەرمەنستان ئەو توانایەی هەیە لە یەككاتدا دژی توركیاو دژی ئازربایجان شەڕ بكات ؟ بۆریس مورازی: ئەرمینیا زۆر توندە بەرامبەر بە توركیا، ئەگەر توركیا بەردەوام بێت، ئەرمینیا تۆڵەی خۆی لە توركیا دەسەنێت. درەو: تائێستا زیانی ئەرمینیا زیاترە یان ئازربایجان ؟ بۆریس مورازی: بێگومان زیانی ئەرمەنستان زیاترە، لەبەر ئەوەی ئازربایجان بۆردومان زۆر دەكاتو حساب بۆ خەڵكی سڤیل ناكات، بەڵام ئەرمەنستان تەنها شەڕ لەگەڵ سەربازانی ئەوان دەكات. درەو: بەبۆچونی ئێوە هۆكاری سەرەكی شەڕەكە چییە ؟ بۆریس مورازی: لە 27ی ئەم مانگەوە دەوڵەتی ئازربایجان بە پاڵپشتی توركیا هێرشی بۆسەر ( ناگۆرنۆ كەرەباخ)ی دەستپێكرد، ناكۆكی نێوان ئازربایجان و ئەرمینیا، مێژووییە، كاتێك یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكەدا نەما، لە ساڵی 1988 ناكۆكیەكانی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجان لەسەر خاوەندارێتی ناوچەی كەرباخ تەقیەوە. درەو: دەوترێت ئەم شەڕە پەیوەندی بە نەوتو غازەوە هەیە راستە؟ بۆریس مورازی: نا راست نیە، ناگۆرنۆ كەرەباخ نەوتو غازی نیە. درەو: دەكرێت بڵێن كێشەی ئەو ناوچەیە هاوشێوەی كەركوكی باشوری كوردستانە ؟ بۆریس مورازی: نا هاوشێوە نیە، لەبەرئەوەی نەوتو غازی نیە، بەڵام ناوچەی جێناكۆكە. درەو: رۆڵی ئێوە رۆژنامەنووسن لە رووداوەكانی ئێستادا لەوێ چییە؟ بۆریس مورازی: شەڕ دەستی پێكردووەو خەڵك دەكوژرێن، لەناو كەرەباخ خەڵكی سڤیل نابینی بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی ئازربایجانەوە، واتا ئێمەی رۆژنامەنووسان لەناو شەڕەكەداینو هەواڵی شەڕ دەگوازینەوە، بەڵام بێگومان غەمگینی شەڕ كاریگەری لەسەر میدیاش هەیە. درەو: لەناو ئەرمینیا هیچ گروپو پارتو لایەنێك هەیە پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ئازربایجان یان توركیا بكات ؟ بۆریس مورازی: نا.. ئێستا هیچ كەسو گروپێك لەناو ئەرمینیا هاوسۆز یاخود پشتیوانی ئازربایجان ناكات، لێرە كەس پشتیوانی ئازربایجانێك ناكات كە هەوڵی نەمانی ئەرمینیا دەدات. درەو: واتا كوردانی ئێزدی بەتەواوی پشتیوانی حكومەتی ئەرمینیا دەكەن؟ بۆریس مورازی: بەڵێ كوردانی ئێزدی بەتەواوی پشتیوانی لە حكومەتی ئەرمینیا دەكەنو لە چوارچێوەی هێزە سەربازییەكانی ئەرمینیا لەبەرامبەر بە ئازربایجان دەجەنگن. درەو: كورد لە ئەرمینیا میدیای خۆی هەیە ؟ بۆریس مورازی: كورد لێرە چەندین رۆژنامەو پێگەی ئەلیكترۆنی هەیە. درەو: توركیا یان ئازربایجان توانیویەتی "جاش" لە ئەرمینیا دروست بكات؟ بۆریس مورازی: نا، بەهیچ شێوەیەك. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف موسلیم موسلیم برازاى ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) مامی دالیا مەحمود موسلیم كە ئێستا كەیسەكەی بۆتە بابەتی گەرمی شەقامی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (درەو) دەڵێ: دالیای برازام لە باشوری كوردستانەوە رفێندراوە بۆ توركیا، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لیژنەی لێكۆڵینەوە دروستبكات، دالیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر هاتووە بۆ باشوری كوردستان. لە كۆتایی ئەم چاوپێكەوتنە دەقی تۆمارە تەلەفۆنیەكە دانراوە دەقی گفتوگۆكە: درەو: دەمانەوێت لەبارەی دالیای برازاتەوە پرسیارت لێ بكەین، چۆن هاتوەتە هەرێمی كوردستان، ئایا رادەستی توركیا كراوە یان خۆی چوەتە توركیا ؟ موسلیم موسلیم: منیش زۆر خۆشحاڵم، ئەو لەڕێگەی تەنزیمی یەپەژەوە بۆ چارەسەری تەندروستی چووە عێراق (باشور)، كە رۆیشت دوای هەفتەیەك تەلەفۆنی بۆ ئێمە كردو وتی من لە عێراقم، ئەو ژمارەیەی كە تەلەفۆنی بۆ ئێمە كرد ناسراو نەبوو، دواینجار كە تەلەفۆنی بۆ كردین وتی دەمەوێت بگەڕێمەوە، دوای ئەوە لەڕێگەی میدیاكانەوە ئاگاداربوون لەوەی لای توركەكانە، ئێمە نازانین بەچ شێوازێك چوەتە توركیا، نێوان باشورو مێرسین هەزار كیلۆمەترە، سەرباری ئەوە لەنێوان عێراقو توركیا سوپاو لەشكر هەیە. درەو: نەخۆشییەكەی دالیا چی بوو ؟ موسلیم موسلیم: ئەو هات تەندورستی خۆی چارەسەر بكات. درەو: چ نەخۆشییەك ؟ موسلیم موسلیم: لەشەڕی داعشدا لە عەفرین گولەی بەركەوتبوو. درەو: وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند دالیا خۆشەویستەكەی لە توركیا بووەو خۆی بە قاچاخ چوەتە توركیا ؟ موسلیم موسلیم: ئێمە ئەو قسەیە رەتدەكەینەوە، چونكە ئێمە نازانین، ئەو بۆ چارەسەر چوەتە عێراق، ئەو زانیارییەی كە حكومەتی هەرێم دەیڵێت ئێمە نازانینو دەبێت پرسیاری لەوان بكرێت. درەو: ساڵح موسلیم دەڵێ دالیا لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رادەستی توركیا كراوەتەوە ئێوە چی دەڵێن لەوبارەیەوە ؟ موسلیم موسلیم: ئێمە ناڵێن پارتی رادەستی كردوەتەوە، ئێمە قسەی وا ناكەین، دەڵێین لە عێراق چارەسەر بكرێت، بەرپرسیارێتی حكومەتو ئاسایشی هەرێمە، هەر كەسێك لەوێ بڕفێندرێت بەرپرسیارێتی هەرێمە، دالیا پێشتر نەچوەتە توركیاو توركیا نازانێت، لەنێوان باشورو مێرسیندا هەزار كیلۆمەترە بە چ شێوەیەك رۆیشتووەو رفێندراوە ئێمە نازانین، ئێمە دەمانەوێت لیژنەیەك دروستبكرێتو برایانمان لە باشور لەسەر ئەو بابەتە لێكۆڵینەوە بكەن. درەو: ئێوە نازانن لە هەولێر لە چ نەخۆشخانەیەك بووە ؟ موسلیم موسلیم: ئێمە نازانین، چونكە ئەو لەوێ بە ژمارەیەكی عێراق تەلەفۆنی دەكردو دەیوت من لە عێراقمو چارەسەری خۆم دەكەمو كە باشبومەوە دەگەڕێمەوە بۆ ماڵ. درەو: واتە ناوی نەخۆشخانەكەتان نەزانی ؟ موسلیم موسلیم: نەخێر باسی نەكرد. درەو: چ پەیامێكت بۆ خەڵك هەیە لە كوردستان ؟ موسلیم موسلیم: زۆر خۆشحاڵین بە هاوسۆزی ئێوە، سڵاومان بۆ هەموو گەلی باشور هەیە، ئێمە هیچ هێزێكی باشور تاوانبار ناكەین، تەنیا دەمانەوێت بزانین كچەكەی ئێمە چۆن رفێندراوە. درەو: واتا ئێوە پێتانوایە رفێندراوە ؟ موسلیم موسلیم: بەڵێ لە باشور رفێندراوە. درەو: بەرپرسیارێتی هەرێمی كوردستان لەم دۆسیەیەدا چییە ؟ موسلیم موسلیم: بەرپرسیارێتییەكەی ئەوەیە لێكۆڵینەوە بكات، رونی بكاتەوە چۆن چوەتەدەرەوە، چونكە سنور داخراوەو مێشێك ناتوانێت دەرباز ببێت. درەو: واتا ئێوە چاوەڕێی لێكۆڵینەوە دەكەن ؟ موسلیم موسلیم: بەڵێ. درەو: ئەمە هەڵوێستی هەموو خانەوادەكەی دالیایە ؟ موسلیم موسلیم: بەڵێ، داوادەكەین هاریكار بنو چ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانو چ حكومەتی هەرێم هەوڵبدەنو كچەكەمان بگەڕێننەوە. درەو: توركیا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دالیا كردووە؟ موسلیم موسلیم: نازانین. درەو: دالیا هاوسەرگیری كردبوو ؟ موسلیم موسلیم: نەخێر. درەو: تەمەنی چەند بوو ؟ موسلیم موسلیم: تەمەنی 22 ساڵ بوو. درەو: خێزانی دالیا لە كۆێ دائەنیشن ؟ موسلیم موسلیم: دایكو باوكی لە گوندێكی كۆبانی دادەنیشن.
(درەو): رۆژی 15ی ئەم مانگە، یەكەم دەنگ بوو كە دژی پێنەدانی موچەی مامۆستایانو فەرمانبەران لەناو شاری دهۆكەوە لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا بانگەوازی بۆ سازدانی خۆپیشاندان كرد، بەڵام بەر لەوەی خۆپیشاندانەكە بكات، چەند كاتژمێرێك دوای بڵاوبونەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەكەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا، دەستگیركردنی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستانو لە شەقامیش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو مامۆستا (بەدەل بەرواریی)یە، كە ئێستا ئیتر ناوەكەی بۆ زۆر كەس ئاشنیایە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییە كورتەدا لەگەڵ (درەو) باسی دۆخی خۆی لە زیندانو چۆنیەتی ئازادبوونی دەكات. دەقی گفتوگۆكە: درەو: چۆن ئازادكرایت ؟ مامۆستا بەدەل بەرواریی: بەكەفالەت ئازادكرام، بە كەفیلێك رازی نەبوون بە دوو كەفیل بەربووم (بەپێكەنینەوە). درەو: چەند تۆمەتت ئاڕاستەكراوە ؟ ماموستا بەدەل بەرواریی: دوو تۆمەت، تۆمەتی یەكەم ئەنجامدانی گردبونەوەی بێ مۆڵەتو تۆمەتەكەی تریش مەسەلەی چەند پۆستێك بوو كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاومكردبووەوەو لەو پۆستانەدا داوامان لە سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت كردبوو چۆن داوا دەكەن حكومەتی عێراق رێز لە خۆپیشاندەران بگرێت، ئێوەش رێز لە خۆپیشاندانی ئێمە بگرن. درەو: لەكاتی ئازادكردنتدا هیچ جۆرە بەڵێننامەیەكیان پێ پڕكردیتەوە ؟ مامۆستا بەدەل بەرواریی: نەخێر هیچ بەڵێننامەیەكیان پێ پڕنەكردومەتەوە، بەڵام موبایلی هێڵی ئاسیاسێڵەكەم هێشا لای ئەوانە، لە زیندان موبایلەكەم نەدەكردەوە، بەڵام دواتر ناچاربووم كردمەوە، ئێستا گوایە دەیانەوێت تۆمەتم بۆ دروست بكەن كە من سەربە لایەنێكی سیاسیم. درەو: لەو ماوەیەی كە لە زیندان بوویت، روبەڕووی هیچ ئازارێكی جەستەیی یاخود دەروونی بویتەوە ؟ مامۆستا بەدەل بەرواریی: نەخێر، زۆر رێزیان لە ئێمە گرت، بەتایبەت پۆلیسەكانی زیندانەكە. درەو: كاتێك ئێوە لە زیندان بوون، لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان خەڵكانێك خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی ئێوە كردو داوایان كرد ئازاد بكرێیت، ئێوە ئەوكات لە زیندان ئاگاداری روداوەكان بوون ؟ مامۆستا بەدەل بەراواریی: بەڵێ، لەڕێگەی كەناڵەكانەوە ئاگاداری هەندێكیان بووم. درەو: ئێستا كە ئازادكراویت پەیامت بۆ مامۆستایان چییە ؟ مامۆستا بەدەل بەرواریی: ئێمە هیچ شتێكمان نەكردووە، دەستور رێگەی پێداوین بە هەر شێوازو رێگایەك بێت داوای مافی خۆمان بكەین، بەڵام ئەوان كە نەهێڵن كەس خۆپیشاندان بكات ئەوە شتێكی ترە، بەراستی سوپاسی گەرمم هەیە بۆ ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی سلێمانیو گەرمیانو هەڵەبجەو كەركوك كە پشتیوانی ئێمە بوون، لە ساڵی 1992وە تائێستا من ئەم كارە دەكەن لە رێكخراوەكان، ئەوە یەكەمجارە شتی لەو شێوەیە لە هەرێمی كوردستان روودەدات كە خەڵكی ئەو ناوچانە پشتیوانی دهۆك دەبن، ئەوە یەكەمجارە یەكگرتنێكی لەوشێوەیە لە هەرێمی كوردستان روودەدات، ئێمە موڵەتی خۆپیشاندانمان هەبوو، ئەگەر رێگەیان بدایە یەك كاتژمێر بوو كۆتایی دەهاتو كەسیش نەیدەزانی گردبونەوەمان كردووە. درەو: هیچ فشارێكت لێ كراوە بۆ ئەوەی جارێكی تر خۆپیشاندان نەكەیتەوە ؟ مامۆستا بەدەل بەرواریی: بەڵێ بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەبووە. درەو: بەرپرسانی پارێزگای دهۆك تۆمەتی ئەوەیان خستەپاڵ گردبونەوەكەتان كە دەستی سیاسی چەند لایەنێكی لە پشت بووە ؟ مامۆستا بەدەل بەرواریی: ئەوە مەسەلەكەیە كە تۆمەتی سیاسییان خستوەتە پاڵمان، ئەوان باش دەزانن كە من سەر بە هیچ لایەنێك نیم، ئەوان ئەیانویست لەوە دڵنیا ببنەوە چۆن كەسێك لە دهۆك لە هەموو ناوچەكانی تری كوردستان ئەو هەموو پشتیوانییەی هەیە. درەو: لەو ماوەیەی كە لەزیندان بوویت، هیچ بەرپرسێكی حزبی یان حكومی پەیوەندی پێوەكردیت ؟ مامۆستا بەدەل بەرواریی: نەخێر، هیچ كەسێك پەیوەندی پێوە نەكردووم جگە لە رێكخراوی مافی مرۆڤی سەربە حكومەتی هەرێم، هیچ كەسی تر سەردانی نەكردم. ئەو تۆمارە ڤیدیۆیەی كە بەدەل بەرواری لەسەر دەستگیركرا
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو بە پێچەوانەی هەندێك زانیاری كە پێشتر باسیان لێوە دەكرا" هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ بڕە پارەیەكی بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی نەداوە، هەرچەندە نەخۆشی كوشندەشیان هەبووبێت بەڵام ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون بەپێی بنەماكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە مردووی كۆرۆنا ئەژمار دەكرێن، لەسەر ئەم بنەمایە لە هەرێمی كوردستان پێنج حاڵەتی مردن بەهۆی كۆرۆناوە تۆماركراوە" ئەمانە قسەی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ (درەو) كە دوای زیاتر لە (20 ) بە شێوەی نوسین وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو)ی داوەتەوە. هەر لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانیە كورتەدا وەزیری تەندرووستی باس لەو گرتە ڤیدیۆیەی خۆی دەكات لەكاتی كاردایە لەسەر كۆمپیوتەرەكەی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكەی (درەو) لەگەڵ (د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی) درەو: وەكو لایەنی ئاگادار و پەیوەست كە حكومەت گوێتان لێدەگەرێت ئەتوانن پێمان بڵێن پێشبینی ئێوە بۆ كۆتایی كۆرۆتا كەیە؟ د. سامان بەرزنجی: لە کاتی ئێستا هیچ پێشبینییەکی زانستی و بەرچاوروونی نیە بۆ کۆتایی هاتنی سەد لە سەدی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، چونکە چەندین فاکتەر کاریگەرییان دەبێت لەسەر رەوشەکە. درەو: تا سەرەتای مانگی پێنج سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا رادەگەیەنن. ئەمە راستە یان نا؟ د. سامان بەرزنجی: وەکو ئاماژەم پێدا، سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا کۆمەڵێک هۆکار کاری تێدەکەن کە ناتوانرێت لە ئێستادا بەرچاوروونییەکی ئاشکرامان پێ بدات، بەلام دەتوانین ئەوە بلێین کە ئەگەر پابەندبوونی هاوڵاتییان بە شێوەیەکی تۆکمە بەردەوام بێت، زووتر و ئاسانتر ئەم پەتایە تێدەپەرێنین. درەو: ئێستا دۆخی سلێمانی و دهۆك تا ئاستێك جێگیرە بۆتەوە. دۆخی هەولێرە چۆن دەبینن؟ د. سامان بەرزنجی:لە هەرێمی کوردستان بەگشتی بە بەراورد بە وڵاتانی دەروربەر و جیهان، دۆخەکە زۆر باش کۆنترۆل کراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئێمە زۆر زوو ئامادەکاریمان دەستپێکرد و هاوڵاتیانمان زۆر هاوکارمان بوون لە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان و زوو دەستمان کرد بە کەرەنتین کردنی ئەو هاوڵاتیانەی لە ووڵاتە پر مەترسیەکان دەگەڕێنەوە و زوو قەدەغەی هاتووچۆمان راگەیاند و پشكنینی بەرفراوان ئەنجام دەدەین. بۆیە بارودۆخەکە بەگشتی جێگیر و لەژێر کۆنتڕۆل دایە، بەڵام مەترسی ئەم ڤایرۆسە هەر بەردەوامە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم بەبێ جیاوازی. درەو: دەوترێت ئەوەی كە دۆخی قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ ڕاناگەیەنرێت پەیوەندی بەدۆخی هەولێرەوە هەیە كە دوای جێگیری دۆخی هەولێر خۆی هەواڵی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا رادەگەیەنن؟ د. سامان بەرزنجی: قەدەغەی هاتووچۆ پەیوەندی بە پاراستنی تەندروستی هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە بەبێ جیاوازی، و هەڵگرتنی تەواوەتی قەدەغەی هاتووچۆ لە ئێستادا کارێکی مەترسیدارە. و ئەگەر لە هەر ساتێک ئەم بڕیارە درا، ئەوە بە دیراسەیەکی قووڵ و ورد دەبێت و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت. درەو: رێوشوینەكانی قەدەغەی هاتوچۆ ئاسایی بونەتەوەو دوكان و بازارەكان كراونەتەوە رای ئیوە چیە؟ د. سامان بەرزنجی: کردنەوەی دوکان و بازاڕەکان بە کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی تەندروستی دەبێت کە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە ئامادەکراوە، و پێویستە ئاگاداربین کە بە هەموو شێوەیەک لەکاتی کارکردنیش دەبێ رێنمایی تەندروستییەکان جێبەجێبکرێن و بەرکەوتنە فیزیکییەکان سنوردار بکرێن. درەو: ئەتوانن پێمان بڵێیی كۆی ئەو بودجەیەی كە وەزارەتەكەی ئێوە لە هەموو شارو پارێزگاكانی هەرێم خەرجتان كردووە بۆ رووبەرووبنەوەی كۆرۆنا دەكاتە چەندێك؟ د. سامان بەرزنجی: لە سەر رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار مەسرور بارزانی چەندین جار وچەندین جۆر بوودجە سەرفکراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە بۆ وەزارەتە پەیوەنددارەکان کە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراوە. جگە لە خەرجییەکانی بودجەی تەشغیلی کە لەم ماوەیەدا زۆرترینی بۆ نەخۆشیی کۆرۆنا بووە و کۆی هەموو خەرجییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڵاوکراوەتەوە. درەو: لەسەرەتای دەركەوتنی كۆرۆنادا كۆمپانیایەك باسی لە درووستكردنی دەرمانی كرد لە سلێمانی، ئێوە وەك لایەنی مەعنی پرسەكە هیچ قسەیەكتان نەبوو هەنگاوی ئەو كۆمپانیایە بە كوێ گەیشت ؟؟ د. سامان بەرزنجی: لە ئێستادا هیچ دەرمانێك یان پێکوتەیەك بۆ چارەسەری ئەم پەتایە لەسەر ئاستی هیچ وڵاتێک نەدۆزراوەتەوە، ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدرال و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پابەندی پرۆتۆکۆلی زانستیین بۆ هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ تووشبووان و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ. ئەم دەرمانانە لە هەندێك شوێن بەکاردێت وەکو چارەسەری پاڵپشتی و دەکرێت سوودی لێ ببینرێت، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. درەو: لە جیهاندا دەوترێت كۆرۆنا چەكی سیاسیە، واتا لە ململانێ سیاسیەكاندا بەكار دەهێنرێت، ئێوە هەستان بەوە كردووە چی لەناو خۆو چی لە دەرەوە وەكو چەكێكی سیاسی بەكار هاتبێت؟؟ د. سامان بەرزنجی: وەکو وەزارەتی تەندروستی، گرنگترین شت بۆ ئێمە پاراستنی تەندروستی و کۆنترۆڵکردن و چارەسەری هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە کە بە خزمەتگوزاری مرۆڤدۆستانەی دەزانین، بێگومان ئەمەش دەبێت پاڵپشت بێت بە کۆمەڵێک بەڵگەی زانستی و توێژینەوەی باوەرپێکراو. ئەگەر ئەم ڤایرۆسە بەهەر جۆرێک بێت، هەموو هەوڵ کۆششی ئێمە بۆ ئەوە دەبێت کە چۆن خۆمانی لێ بپارێزین. درەو: ترەمپ لە لێدوانێكدا باسی لەوە كرد كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی زانیاری هەڵەی وەرگرتووە لە چین، هەندێك قسەو باسیش هەیە كە هەندێك لە وڵاتان ئاماری راستەقینەی كۆرۆنا دەشارنەوە،، میدیاكان و خەڵكی كوردستان دەتوانن دڵنیا بنن ئەو ئامارانەی كوردستان راگەیەنراوە راستەقینەو هیچ یارییەك بە ئەنجامەكانەوە نەكراوە؟؟ د. سامان بەرزنجی: هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە، ئەنجومەنی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنامان لە وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیاند کە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ناو وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و نوێنەرانی وەزارەتی دیکەی پەیوەندداری تێدا ئەندام بوون و هەموو زانیاری و داتاکان بە شەفافی باسکراوە. و سەردانی بەردەوامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەلایەن بەرپرسی ئۆفیسی عیراق و لەم رۆژانەی دواییدا بەڕێز نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کردین، ئەمە جگە لەوەی کە رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە بە بەردەوامی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت هەموو داتاکان بە وردرترین شێواز کۆبکرێنەوە و تۆمار بکرێن و بۆ هاوڵاتییان و میدیا و راگەیاندنەکان نیشان بدرێت وە لە ئێستادا داشبۆردێک دانراوە لەسەر وێب سایتی حکومەتی هەرێم کە زانیاریاریەکانی ڕاستەوخۆ لەسەر بڵاودەکرێتەوە. لەکۆتاییش دا شاردنەوە و دەستکاری ئەنجامەکان بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی هیچ کەسێک دا نیە. درەو: پەیوەندی وەزارەتەكەتان لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی چۆنە؟ د. سامان بەرزنجی: وەکو ئاماژەم پێدا، ئەمان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئێمە هەماهەنگییان بووە و هاوکارمان بوونە لە دابین کردنی نوێترین رێنمایی زانستی و بڵاوکردنەوەی وشیاری تەندروستی و راهێنانی کارماندانمان بۆ رووبەروونەوەی ئەم پەتایە، ئەمە جگە لە دابینکردن هەندێک پێداویستی لۆجیستیکی و پزیشکی. درەو: دەوترێت بۆهەر پشكنینێكی كۆرۆنا بڕێك پارەتان بەو رێكخراوە داوە ئەمە چەندێك راستەو بڕی چەندتان بەو رێكخراوە داوە؟؟ د. سامان بەرزنجی: گشت ئەو پشکنینانەی ئەنجام دەدرێت لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئەستۆی حکومەتە وە ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکمان بە هیچ ڕێکخراوێك نەداوە تا پشکنینمان بۆ ئەنجام بدات چونکە خۆشبەختانە تاقیگەی تەندروستی گشتی لە پارێزگاکان و هەندێک قەزاکان بەردەستن و لە ئاستێکی ستانداردن کە توانای ئەنجامدانی ئەو پشکنینەیان هەیە. درەو: ئێستا هیچ بڕە پارەیەكتان بۆ روبەروونەوەی كۆرۆنا وەرگرتووە یان نا؟ د. سامان بەرزنجی: وەکو باسم کرد سەرچاوەی سەرەکی بودجەمان حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەگەڵ یەکجار بودجەیەکی سنوردارمان لە وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدرال بۆهاتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشکراون. درەو: تا ئێستا 5 حاڵەتی مردنتان بە كۆرۆنا راگەیاندووە، بەڵام وتەبێژی تەندروستی لە سلێمانی و سەرپەرشتیاری كۆرۆنا لە سلێمانی دەڵێن بە نەخۆشی مردوون، راستە هەڵگری كۆرۆنا بوون؟ ئێستا ئەوانە بە مردنی كۆرۆنا ئەژمار دەكرێن یان نا؟ د. سامان بەرزنجی: تاوەکو ئێستا پێنج حاڵەتی مردن تۆمار کراون، کە نەخۆشی دیکەی درێژخایەن و کوشندەیان هەبووە، بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەموو ئەو کەسانەی کە دوای مردنیش دەردەکەوێت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەسەر ئەم پەتایە ئەژمارە دەکرێن. درەو: وەزیری تەندروستی عێراق داوای كردووە كە زەوی نیشتەجێبوون و یارمەتی دارایی بۆ ئەو كارمەند و پزیشكانە دابینبكرێت كە لەریزی پێشەوەی شەری كۆرۆنان، ئێوە چی تان كردووە، بیرتان لە پاداشتی كۆرۆنا نەكردۆتەوە؟ د. سامان بەرزنجی: بێگومان پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی سەربازی وونی ئەم شەڕەن کە ئێمە لەگەڵ ئەم پەتایە رامان گەیاندووە، بەداخەوە تاوەکو ئێستا چەندین حاڵەتی تووشبوونیشیان لەناو دا تۆمارکراوە. وەکو وەزارەت وێرای ئەوەی سوپاس و پێزانین خۆمانمان پێشکەشکردوون. چەندین پێشنیار و داواکاریمان کردووە وەکو ئیمتیاز بۆ ئەم بەرێزانە. بە دڵنیاییەوە حکومەتی هەرێم درێغی ناکات بەپێی توانا بەتایبەت ئەو کەسانەی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی رووبەرووبوونەوەی ئەم پەتایەن. وە ئەوەی لە عیراق باس دەکرێت تا ئێستا هیچی بەرجەستە نەبووە. درەو: لەسەر مەسەلەی روبەرووبونەوەی كۆرۆنا رای جیاواز هەیە هەندێك پێیان وایە هێزە ئەمنیەكان رۆڵە گەورەكەیان بینیوەو هەندێكیش دەڵێن تەندرووستی پێتان وایە لە مەسەلەی روبەرووربونەوەی كۆرۆنادا كێ رۆڵی سەرەكی بینیوە.؟ د. سامان بەرزنجی: هاوڵاتیان ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە خۆڕاگری و پابەندبوونیان وە هەموو رێنماییەکانی تایبەت بەم پەتایە لە لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچووە کە راستەوخۆ لەژێر چاودێری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دایە. ئێمە هەمیشە وەکو تیمێك کارمان کردووە و هەر وەزارەتێک بە کار و ئەرکی تایبەت بەخۆی هەڵساوە. درەو: لەم دۆخەدا چی كەلێنێكتان بۆ دەركەوت لەبواری تەندروستیدا كە دوای كۆرۆنا هەوڵی چاككردنی بدەن؟ د. سامان بەرزنجی: بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەش ئێمە پرۆژە یاسای خۆمان پێشکەشکردووە و پلانەکانی وەزارەتمان لەم کابینەیە خستووەتە روو بەشێوەی پلانی کورتخایەن ودرێژخایەن. بەلام توانیمان بە کرداری ئەوە بسەلمێنین کە خۆپاراستن بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر زەحمەتییەکانی وەزارەتی تەندروستی کەم دەکاتەوە و لە داهاتووش هەوڵی جددیمان دەبێت بۆ زیاتر گرنگی دان بە خۆپارێزی لەهەموو بوارەکان نەک بە تەنیا نەخۆشییە گوازراوەکان. بەمەش دەرکەوت کە گرنگیدان بە خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی پێویستە پێشینە بێت. درەو: لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ڤیدیۆیەكی ئێوە بڵاو بوەوەو كار لەسەر كۆمپیوتەر دەكەن، خۆت چی قسەیەكت لەسەری هەیە؟ د. سامان بەرزنجی: لەم ماوەیەدا لەبەر پابەند بوونمان بە رێنماییە تەندروستییەکان، دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و کۆبوونەوەکان، سیستەمی کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکان بەردەوام کارئاسانی کارەکانی بۆ کردووین. بە داخەوە بە دەستکاری کردنی دەنگ و ڤیدیۆی کارەکانمان کەسانێک توانج و تانە دەدەن کە لای ئێمە هیچ گرنگ نیە و ساردیشمان ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر سوورمان دەکات لەسەر خزمەتکردن و بەردەوامبوونمان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی. پرۆفاییل ناو : سامان حسێن بەرزنجی لەدایکبووی: هەولێر – ١٩٧٨ پسپۆری: پزیشکی کۆمەڵ پلەی زانستی : ماستەر و دکتۆرا لە بواری پزیشکی کۆمەڵ شارەزایی رابردوو: - سەرۆکی پزیشکانی نیشتەجێ - بەرێوەبەری بەش و بەرناکمەکانی خۆپارێزی تەندروستی لە فەرمانگەی تەندروستی هەولێر و وەزارەتی تەندروستی. - بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندەیەکان و رۆشنبیری تەندروستی هەولێر. - بەرێوەبەری نەخۆشخانی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر. - بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر.
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف "زۆر نیگەرانین لێتان، مامەم (مستەفا سەلیمی) پەنای بۆ ئێوە هێنا، بەڵام رادەستی ئێرانتان كردەوە، مامەم خۆی وتویەتی سێ شەو لە پێنجوێن بووە، دواتر لەوێوە رەوانەی مەرزكراوەتەوە" ئەمە قسەی فەریدەی سەلیمی برازای مستەفا سەلیمیە كە لە شاری سەقزەوە بە دەنگێكی گریاناوی بۆ (درەو) دەدوا. فەریدەی سەلیمی چەند جارێك جەخت لەوە دەكاتەوە كە مامەی (مستەفا سەلیمی) لە گەرمك بووەو دواتر سێ شەو لە پێنجوێن بووە لە كەرەنیتە، دواتر رادەستی ئێران كراوەتەوەو نیروەی ئێرانیش بە (70) ئۆتۆمبێلەوە چونە بە شوێنیاو دەستگیریان كردووە. برازاكەی مستەفا سەلیمی دەڵێت" مامەم خۆی ئیعترافی كرودووەو وتویەتی سێ شەو لە پێنجوێن بووم و دواتر رادەستی ئێران كراومەتەوە". دەقی قسەكانی فاتیمە سەلیمی برازای مستەفا سەلیمی درەو: من لە سلێمانیەوە تەلەفۆن لەگەڵ ئێوە دەكەم پرسەتان پێرادەگەیەنم ..؟؟ فەریدەی سەلیمی: سلێمانی ... بم وەقوربانتان، یەك دنیا مەمنونتانم ئێوە خۆشبن....گلەیی بێت لە سلێمانی و پێنجوێن نەهاتنە دەم مامەمەوە.. درەو: مستەفا سەلیمی هاتۆتە پێنجوێن.. لای ئێوە باسی كردووە.؟ فەریدەی سەلیمی: بەڵێ هاتۆتە پێنجوێن سێ شەویش لە ماڵێكدا ماوەتەوە، یاخوا كوێرایم داێی. درەو: ئێوە نیگەرانن لەوەی لە هەرێمی كوردستان كەس نەهاتۆتە دەمیەوە؟ فەریدەی سەلیمی: بەڵێ .. بەڵێ ئەرەوەڵا زۆر نیگەرانین .. مامەم پەنای هاوردە پێنجوێن .. هیچ كەس نەهاتە دەمیەوە.. درەو: مستەفا سەلیمی خۆی باسی كردووە كە هاتۆتە پێنجوێن. ئێوە وەكو خانەوادەكەی دڵنیان كە هاتۆتە پێنجوێن؟ فەریدەی سەلیمی:بەڵێ بەڵێ ئەرەوەڵا دڵنیاین...لەوێوە تەحویلی ئێران دراوە.. بەڵێ دڵنیاین.. لە پێنجوێنەوە تەحویلی ئێرانیان دایەوە، لە وێشەوە (70) ماشێنی ئێران هاوردیانەوە. درەو: واتا لە بانە دەستگیریان كردووە..؟؟ فاتیمە سەلیمی: بەڵێ ئەوان تەحویلی سەر مەرزەكەیان كردووەو لە سەر مەرزەكە تەحویلی ئێران كریاوە.. درەو: چۆن هاتۆتە پێنجوێن و چۆنیش رادەستی ئێران كراوەتەوە؟ فەریدەی سەلیمی: بوم بەقوربانت، لە ئاوایی گەرمك بووەو دواتر بۆ پێنجوێن و سێ شەو لە پێنجوێن ماوەتەوە، وتویانە پێشمەرگەكان دێن بە دەممانەوە، كردویانەتە ماشێن و بردویانە بۆ ئاساییش، وتویانە یەك مانگ كرنتینەت دەكەین..نەیزانی كەڵەكی لێ دەكەن (فێڵی لێدەكەن) تەحویلی ئاساییشی دەكەن، ئاساییشیش تەحویلی (رادەستیكردووە)ئێرانی داوە، كوێر بم بۆ مامەی جوانم .. بۆ مامەی دوژمن بەزێنم .. درەو: ئێستا ئێوە دڵنیان لەوەی كە مستەفا سەلیمی هاتۆتە پێنجوێن و لەوێوە رادەستی ئێران كراوەتەوە؟؟ فەریدەی سەلیمی: بەڵێ ئەرێ وەڵا.. زۆر دڵنیاین ... زۆۆۆر زۆۆۆر كارێكی خراپیان كرد.. زۆر كارێكی خراپیان كرد، یەكێتی دەڵێت ئێوە ناو ئێمەتان خراوكردووە، ئێمە ناو كەس خراپ ناكەین، ئەوان نەهاتونەتە دەم مستەفا سەلیمیەوە. درەو: مستەفا سەلیمی خۆی باسی كردووە كە هاتۆتە پێنجوێن؟ فەریدەی سەلیمی: بەڵێ مامەم خۆی ئیعترافی كردووە(باسیكردووە) ، بەڵێ خۆی ئیعترافی كردووە كە چۆتە پێنجوێن، لەوێ تەحویل ئێران دریاوە، براوەتە ئاساییش و لەوێوە تەحویل مەرزەكە دراوەو زەنگیان داوە لە ئێرانەوە نیرۆ ( هێزی سەربازی )رۆیشتووە، 70 دانە نیرۆ و ماشین رۆیشتووە بە شوێنیا، مامەی من ئەوەندە ئازاو زرنگ بووە، چونكە مامەم هەموویان لێی دەترسان، سەرتاسەر ئێران لە مامەی من ئەترسیا، ئەرێ بە قوربانت بم، بەراستی زۆر كارێكی غەڵەتیان كردووە بەرامبەر بە مامەم. دەقی تۆمارە دەنگیەكەی فەریدەی سەلیمی:
درەو: گفتوگۆی رۆژنامەوانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (مستەفا سەلیمی) لە زیندانی سەقز لە سێدارەدرا، سەلیمی رۆژی هەینی رابردوو دوای هەڵهاتنی لە زیندان دێتە باشوری كوردستان، بەڵام رادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێتەوە، ئەو بەتۆمەتی "دزی چەکدارانە"و لایەنگری بۆ" حزبی دیموكراتی كوردستان" لە 2003 سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەرسەلان یارئەحمەد ئەندامی بەڕێوەبەری رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ (درەو) رایدەگەیەنێت، پێش دەستگیركردنەوەی قسەی لەگەڵ مستەفا سەلیمی كردووەو وتویەتی " ئیتر ئازاد بووم ناگەڕێمەوە زیندان، دێم بۆ باشوری كوردستان". مستەفا سەلیمی لەگەڵ (74 ) زیندانی دیكە رۆژی 27ی ئازاری 2020 لە زیندانی سەقز هەڵهاتن، ئەو پێش ساڵی 2003 پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووە، دوای وازهێنانی لە پێشمەرگایەتی و گەڕانەوەی بۆ سەقز وگروپێكی چەند كەسیان درووستكردووەو رژێم بە یاخی ناویانی بردووە لە سەقز لە ساڵی 2003 سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، دوای (17 ) ساڵ زیندان و تەنها یەك هەفتە هەڵهاتن لە زیندان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارەدرا، دوای ئەوەی دوێنێ كەسوكارەكەی ئاگاداركرایەوەكە ئەتوانن بۆ دواجار بیبینن. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە لەگەڵ ( ئەرسەلان ئەحمەدیار ئەندامی بەڕێوەبەری رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ) درەو: مستەفا سەلیمی كەی و لەسەر چی دەستگیرا؟ ئەرسەلان یار ئەحمەد: كاك مستەفا سەلیمی (17) ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی نزیكەی ( 2 ساڵ و شەش مانگ) لە باشوری كوردستان پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستان بووە، دواتر وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە، بەڵام هەندێك لە هاوپێشمەرگەكانی دەڵێن "دەركراوە لە حزبی دیموكرات" كە ئەوكات حزبی دیموكرات یەك حزب بووەو دوو حزب نەبووە، دواتر دەگەرێتەوە ئێران لە سەقز گروپێك درووست دەكەن رژێمی بە یاخی ناویانی بردووە، هەڵكوتانە سەر پایەگاكان (رەبیە)ی رژێمی ئێران، لەناو هاوڵاتیانی سەقزدا "وەك یاخی ناوبراون"، یاخی بوون لە حكومەت و رژێم، جارێكیان لەوكاتەدا لە پایەگایەكی ( ئیران شا كە گوندێكی گەورەی سەربە سەقزە) هەڵدەكوتنە سەر ئەو پایەگایە, لەوێ " سەربازێك و بەرپرسی ئەو پایەگایە دەكوژن" ئەم رووداوە ساڵی 2003 بوو، لەو شەڕەدا یەكێك لە هاوڕێكانی كاك مستەفا سەلیم دەكوژرێت، یەكێكیشیان دەستگیردەكرێت و دواتر لەسێدارە دەدرێت، بەڵام كاك مستەفا سەلیمی هەڵدێ بۆ ناوچەی نەهاوەندی پارێزگای هەمەدان بۆ ماڵی خەزورانی كە لوڕن، لە بەهاری ئەو ساڵەدا لەلایەن رژێمەوە دەستگیردەكرێت، دواتر دەیهێننەوە بۆ شاری سەقزو لەوێ لە دادگای شۆڕشی سەقز دوو تۆمەتی ئاراستە دەكرێت: یەكەم: سرقەتی موسەلەحانە (دزی چەكدارانە) یان راوو روتی چەكدارانە. دووەم: پەیوەندی لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران. ئەم دوو تۆمەتەی ئاراستە دەكەن و دوایی دەڵێن:" تۆ بە تۆمەتی محارەبە" دادگایی كراوی، محارەبەش لە یاسای ئێراندا واتا دژایەتی خوا، كە حوكمەكەی سێدارەیە، حوكمی سێدارە بەسەر مستەفا سەلیمی دەسەپێنن، لەگەڵ 15 ساڵ زیندانی. درەو: لەو ماوەیەی لە زیندان بوو ئێوە ئاگادری بوون؟ ئەرسەلان یار ئەحمەد: ئەو ماوەی 17 ساڵە لە زیندان بوو، لەو ماوەیەدا چەندین جار مانی لەخواردن گرتووەو هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتكردۆتەوە كە ئاراستەی كراوە، چەندجاریش داواكەی چۆتە دادگای پێداچوونەوەی تاران دواجار لە دادگای باڵای شورای ئێرانەوە هەر ئەو حوكمەی كە بەسەریدا درابوو ( لە سێدارەدان و 15 ساڵ زیندانی) پەسەندكرا، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆمەتێكیان لایەنگری بووە بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان بەپێی هەموو پێوەرەكان دەبێتە بەندكراوی سیاسی، چونكە یەكێك لە تۆمەتەكانی سیاسی بووە. درەو: واتا جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانەكەی مستەفا سەلیمی تۆمەتە سیاسیەكەی بووە..؟؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: بەڵێ لەبەرئەوەی تۆمەتێكی كە ئاراستەی كرابوو سیاسی بوو، دەمەوێت شتێكت بۆ روون بكەمەوە، كە لایەنی سكاڵاكار بۆ مستەفا سەلیمی ئیدارەی ( ئیتڵاعات)ی ئێران بووە، بەڵام لایەنی سكاڵاكاری شۆڕش مروەتی كە لەگەڵی زیندانی كراوە، بنەماڵەیەكی دیكەن كە كوڕەكەیان بەدەستی شۆڕش مروەتی كوژراوە، شۆڕ مردوەتی لە سێدارە نەدراوە. درەو: چۆن هەڵهاتن لە زیندان.؟؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: بەهۆی ئەوبارودۆخەی قەدەغەی هاتوچۆ و خراپی رەوشی شەقز بەهۆی كۆرۆناوە، لە 8ی خاكە لێوە (27ی ئازاری 2020) لەگەڵ ژمارەیەك زیندانی تر هەڵهاتن، زیندانیە هەڵهاتووەكانی زیندانی سەقز ژمارەیان (74) زیندانی بوو، ئەگەرچی حكومەت دەڵێت (54) كەسمان دەستگیركردونەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە نزیكەی (30) زیندانی دەستگیركراونەتەوە. درەو: لە هەڵهاتووەكان زیندانی سیاسی تیا بوو.؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: زیندانی سیاسی تەنها هەر مستەفا سەلیمی تیابوو( هەندێك دەڵێن سیاسی و بووەو هەندێك دەڵێن سیاسی نەبوو). درەو: لەدوای هەڵهاتنی لە زیندان تۆ هیچ پەیوەندی و قسەكت لەگەڵ مستەفا سەلیمی كردووە؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: بەڵی مستەفا سەلیمی پەیامی پێدام وتی ئەوا من ئازاد بووم و ئیتر ناگەڕێمەوە بۆ زیندان، وتی ئێستا لە رێگەی بانەم، بەتەلەگرام چاتمانكرد. درەو: لە چاتەكەدا مستەفا سەلیمی چی وت؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: هەر ئەوەی وت، ئەوە من ئازاد بووم و ناگەڕێمەوە زیندان، وتی ئەڕۆم بۆ بانەو دەمەوێت بێم بۆ باشور ( هەرێمی كوردستان)، بەڵام دوای ئەوەی هاتە بانە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵما نەما زۆر هەوڵم دەداو نامەم بۆ دەنارد دەنگی نەما. درەو: لەبانە چیان كرد، ئاگات لێیان نەما.؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: ئەوەندەی من بزانم لە بانە لە ماڵێك بوون لەگەڵ (4 ) هاوڕێی دیكەی كە لە زیندان هەڵهاتبوون، دواتر وا دیارە بەهۆی ئەم قەدەغەی هاتوچۆیەو كۆرۆناوە مستەفا سەلیمی بێتاقەت دەبێت لەبانە، بە هاورێكانی دەڵێت من دەڕۆم بۆ باشور، ناتوانم لەمە زیاتر لە بانە بمێنمەوە، خۆی بەتەنها جیا دەبێتەوە لە هاوڕێكانی و دێتە پێنجوێن ئەو زانیارییانەی پێم گەیشتووە ئاوا بووە: - مستەفا سەلیمی هاتۆتە ماڵێك لە گەرمك ماڵی هاوڵاتیەك بەناوی (سیروان)، بەپێی ئەو زانیارییانە پێم گەیشتووە ئەو سیروانە لە سەعات (11)ی شەو خۆی تەلەفۆنی بۆ ئاساییش كردووەو وتویەتی هاوڵاتیەكی ئێران هاتۆتە ماڵمان و بۆ دڵنیایی خۆتان و رێكارەكانی تەندرووستی دەمەوێت ئێوە ئاگادار بن، ئەو شەوە ئاساییش بردوویانەو بەیانیەكەشی بردوویانەتەوە بۆ سنور و وتویانە بە پێی رێنمایی قەدەغەی هاتوچۆ هەیەو ئێمە نایەڵێن هیچ هاوڵاتیەكی ئێران بێتە ئەم دیو ( هەرێمی كوردستان)، بەپێی زانیارییەكانی من مستەفا سەلیمی زۆریش پاڕاوەتەوەو و تەنانەت وتیان گریاوشە تا نەیگەڕێننەوە، پێشی وتوون ئەگەر بمنێرنەوە لە سێدارە دەدرێم، بەڵام بەداخەوە گەڕێنراوەتەوەو دواتر لە بانە دەستگیركراوەتەوە، ئەو زانیاریانەیە كە لای ئێمەیەو ئەتوانین تەئیدی بكەین، تا ئێستا ئەوەندە زانیاری و بەڵگەمان لایەو پێدەچێت زانیارییەكان بگۆڕێن. درەو: بەڵام دوو هەواڵ هەیە یەكیان دەڵێت هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ رادەستی هێزە ئەمنیەكانی ئێرانیان كردووەو هەندێكیش دەڵێن نا براوەتە سنوری ئێران و لەوێ ئازادكراوە؟ ئەرسەلان یار ئەحمە: بەڵێ زانیاری وام بۆ هاتووە، من زانیاری ترم پێگەیشتەوە بەڵام ناتوانم پشتڕاستیان بكەمەوە، ئەویش ئەوەیە ئاساییشی هەرێم دەست و قاچی مستەفا سەلیمیان لە گەرمك بەستۆتەوەو بردویانە بۆ پێنجوێن و دواتریش بەدەستو قاچ بەستراوی رادەستی ئێرانیان كردۆتەوە. بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی دەست من كەوتووە ئاساییشی هەرێم بردویانەتە سەر سنورو وتویانە بەپێی بڕیار و یاسا نابێت هیچ ئێرانیەك لەم ماوەیە بێتە ناو خاكی هەرێم، دەبێت بگەڕێیتەوە، بردوویانەتە سەر سنورو ئازادیان كردووە. درەو: ئەم رووداوە بە دەقیقی كەی بووە؟ ئەرسەلان یارئەحمەد: ئەو روداوە ئەم هەینیە نا هەینی پێشتر بووە ( واتا 3ی نیسان)، ئەو هاتۆتە هەرێم و دواتر رادەستی ئێران كراوەتەوە، چونكە دوو هەینی پێشتر 14 رۆژ پێشتر هەڵهاتن لە زیندانی سەقز (27/3/2020)واتا دوای هەشت رۆژ گەیشتۆتە پێنجوێن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارەدراوەو ئەمڕۆ تەرمەكەیان رادەستی بنەماڵەكەیان كردووەتەوە بڕیارە بیبەن بۆ گوندەكەی خۆیان لە ئاوایی (ئیلو)ی سەقز بەڵام ئاگاداركراونەتەوە كە نابێت پرسەو سەرەخۆشی بۆ بگرن. دوێنێ لەگەڵ كوڕەكەی مستەفا سەلیمی قسەم كرد ( ئەشكان مستەفا سەلیمی تەمەن 25 ساڵ)، كە دوێنێ لەلایەن بەرپرسانی رژێمەوە بانكراوەو پێی وتراوە ئەمە دوادیدارە. بەڵام هەر دوێنێ لەگەڵ برای (كاك شۆڕش مروەتی) قسەمكرد كە زیندان بوو لەگەڵ (مستەفا سەلیمی) ئەویش لەگەڵ كوڕەكەی كاك مستەفا سەلیمی بانگ كرابوو، وتی بە ئێمەیان نەوتووە دوا دیدارە، بەڵام بە ماڵی كاك مستەفا سەلیمیان وتووە دوا دیدارە، ئەمڕۆش لەگەڵ برای شۆڕش مروەتی قسەم كردەوە وتی كوڕەكەمان لە سێدارە نەدراوە، ( شۆڕش مروەتی 11 ساڵ پێش ئێستا بەتۆمەتی كوشتنی كەسێك سزای سێدارەی بەسەردا دراوە) ئەو سیاسی نەبووە ئەو بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتیەوە كەسێكی كوشتووە، بەڵام ئەو لەسێدارە نەدراوە. ............................... 🔸 مستەفا سەلیمی - تەمەنی 53 ساڵ بوو - خەڵكی گوندی "ئیلۆ"ی سەقزە - 17ساڵە لە زیندانی سەقزە - پێش 2003 بۆ ماوەی ( 2 ساڵ و شەش مانگ) پێشمەرگە بووە لە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران . - ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە بۆ شاری سەقز و وازی لە حزبی دیموكرات هێناوە. - ساڵی 2003 بەتۆمەتی "دزی چەكدارانە"و "ئەندامێتی حزبێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن"و "دژایەتی كۆماری ئیسلامی" لە دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. - 2020/3/27 لە زیندانی سەقز هەڵهاتووە - هاتۆتە باشوری كوردستان و 2020/4/3 رادەستی ئێران كراوەتەوە - بەرەبەیانی 2020/4/11 لە زیندانی سەقز لە سێدارە دراوە
درەو: "قاسم سولەیمانی پەیوەندی پێوەكردم و وتی دەتانەوێت چیتان بۆ بكەین، منیش وتم ئەگەر بكرێت چەكی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویستە، بەیانی رۆژی دواتر بە دوو فڕۆكەی پڕەوە هاوكارییەكانی گەیاند" ئەمە وتەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە لەبەرنامەی ( السطر الاول)ی كەناڵی ئاسمانی ( MBC) كردی. مەسعودبارزانی باسی لە سەرەتاكانی شەڕی داعش كردو ئاماژەی بەوەكرد، كە "ئێرانیەكان رۆژەكانی یەكەم هاتن و چەكی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕیان پێداین، پرسیان دەتانەوێ چیتان بۆ بكەین" سەبارەت بە ئەمریكاو هاوپەیمانانیش بارزانی وتی" ئەمریكا دوای 3 بۆ 4 رۆژ لە شەڕی داعش لە ئاسمانەوە پشتیوانیان كردین و زۆر بە باشی پشتیوان بوو، هێشتا هەولێر لە ژێر هەڕەشەی مووشەكەكانی داعش بوو، ئەڵمانیا چەكی میلانی پێداین و هاوكێشەی جەنگەكە گۆڕا" سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمیش سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد" گرنگ ئەوەیە بەریفراندۆم بناغەیەكی پتەومان دانا بۆ ئەو مافە من ناڵێم خەون، بەڵام نەوەی دوای من و دوای ئەوان دێن دەیبنین، بەڵێ بێگومان، من دڵنیام كە گەلی كورد سەلماندی بە هیچ شێوەیەك خۆی رادەستی ستەم ناكات" دەقی چاوپێكەوتنەكەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بهغدا دوای 2003 سهرۆك بارزانی: ئێمه وا پێشبینیمان دهكرد، كه دوای 2003 عێراقێكی نوێ، كه مافی ههمووانی تێدا دهپارێزرێت و فیدرالی دهبێت، بۆ ئهو كاته زۆر باش بوو، ههموو حزبهكان، پارتی دیموكراتی كوردستان، یهكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبهكانی دیكه و تهنانهت پهرلهمانیش لهسهر بڕیارهكه رهزامهند بوو، بۆ ئهوهی بهشداری له دووباره بنیاتنانهوهی عێراقدا بكهین و كهس لاری نهبوو. ئهمهریكا لهسهردهم بوشی باوك مەسعود بارزانی: دوای 1991 ئهمهریكییهكان پێیان گوتین كه هێزهكانمان دهكشێنینهوه، تهنیا ناوهندێكی ههماههنگی له زاخۆ دههێڵێنهوه، ئهگهر حكومهتی عێراق هێرشی كردنه سهر ئێمه لێی دهدهین، بهڵام ئهگهر ئێوهش هێرش بكهن، ئێمه هیچ پهیوهندیمان پێتانهوه نابێت، ئهوه پهیامی واشنتن بوو. دوای ئهوهی بێل كلینتن بووه سهرۆكی ئهمهریكا، پهیامی ئهمهریكییهكان ههندێك گۆڕا، ئهوجاره گوتیان ئهگهر ئێوه هێرش بكهن، ئێمه پهیوهندیمان پێوه نابێت، بهڵام ئهگهر ئهوان هێرش بكهن، ئێمه دێینه سهرخهت، بهڵام لهو كات و ساتهی كه ئێمه خۆمان دیاری دهكهین، من بهبیرم كه پێم گوتن، لای ئێمهی موسڵمان ئهوه ههیه كه فاتیحه بۆ گیانی مردووان دهخوێنرێت، پێم گوتن ئهگهر ئێمه مردین فاتیحهمان بۆ مهخوێنن. ئهو كات و ساتهی ئێوه دیاری دهكهن كهی دهبێت؟ دهبێت، چونكه گونجاو نهبوو. پێش كهوتنی بهغدا، له سهردانێكی رانهگهیهندراو چووینه واشنتن، گهیشتینه ئهو بڕوایهی كه دهیانهوێت رژێمی بهغدا بڕووخێنن، ئهگهر ئهوان ههمان بۆچوونیان ههبێت ئێمهش ئهوهمان دهوێت، بڕوای تهواومان هات، كه لهراستیدا رووخانی رژێمیان دهوێت. پرسهكه بهو شێوهیه بوو كه گوتیان چی بكرێت باشه، منیش پێشنیازی ئهوهم كرد كه ههموو لایهنه ئۆپۆزیسیۆنهكانی عێراق كۆبكرێنهوه، ئهوهبوو له لهندهن كۆنگرهكه له مانگی كانوونی یهكهم/ دیسهمبهری 2002 بهسترا، رێككهوتن لهسهر بنیاتنانهوهی عێراق، بهڵام له رۆژی كۆتاییدا، بۆنی تۆڵهكردنهوهم كرد، گوتم بهڕێزان ههرچهنده خهریكی داڕشتنی راگهیهندراوی كۆتایین، بهڵام من قسهیهكم ههیه، قسهكهشم ئێستا ماوه بۆ ههمووان ههیه و گوتی: "پێمان باشه واز له ناكۆكییه لاوهكییهكان بهێنین، با خهڵك نوێنهری ئهمینی خۆی ههڵبژێرێت، له رێگهی دیموكراسی و ئازادی رادهربڕین، فرهیی و یهكسانی و دادپهروهری لهبهرچاو بگیرێت و كۆمهڵگهیهكی دیموكراسی بنیات بنێت". به درێژایی ژیانم، دژی دیكتاتۆر و ستهمكاری وهستاومهتهوه، 37 كهس له ئهندامی بنهماڵهكهم، له براكانم برازاكانم و ئامۆزاكانمم لهدهستداوه، زیاتر له 8 ههزار بارزانی، 182 ههزار ئهنفالی كورد، 5 ههزار شههیدی كیمیاییبارانی ههڵهبجه. دهبێت بپرسین ئایا دوای رووخانی سهددام دهكرێت من بچم 37 كهسی سهددام بكوژم، دواتر 8 ههزار كهس له هۆزهكهی له تكریت و 182 ههزار كهس له نهتهوهكهی بكوژرێن، چی دهبێت؟ با رێكبكهوین، چهند كهسن، ههزار دوو ههزار تاوانبارهكان بدرێنه دادگا و سزای خۆیان وهربگرن، بهڵام ئهوانی دیكه لێبگهڕێن. مهبهستی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی تۆڵهكردنهوه بوو؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ بهڵێ.. پێمگوتم من ترسم له داهاتوو ههیه و وڵات بنیات نانرێت، ههندێك لهگهڵ بوون و ههندێكیان لهگهڵمدا بوون. تۆ دژی ریشهكێشی بهعس بووی؟ مەسعود بارزانی: من دژی ئهوه بووم به شێوهیهكی رهها و بهو شێوهیه مامهڵه لهگهڵ پاشماوهی رژێم بكرێت، تهنها ئهوانهی تاوانیان ئهنجامدابوو ئهوان سزا بدرێن و لێپێچینهوهیان لهگهڵ بكرێت، ئهوهی دهمێنێتهوه، رزقیان مهبڕن، من دژی ئهوهم. من دژی ریشهكێشكردنی سیاسی نهبووم، بهس دژی ئهوهبووم كه رزقی ئهوانه ببڕێت كه هیچ پهیوهندییهكان به تاوانهكانی رژێمهكهوه نییه. دهستگیركردنی سهددام حوسێن پێشبینی ئهوهت دهكرد كه سهددام بهو شێوهیه دهستگیر دهكرێت؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا پێشبینی ئهوهم دهكرد ئهگهر كارهكه بگاته ئهو رادهیه، شتێك بكات و مێژووێك بۆخۆی درووست بكات، یان كۆتایی به ژیانی خۆی بهێنێت، بهڵام كه بینیم بهو شێوهیه له چاڵهكه دهریدههێنن، لهبهرچاوم كهوت. عێراقییهكان به دهنگێكی نزمهوه دهڵێن سهددام ستهمی لێكرا؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا سهددام بهرپرسی ههموو تاوانهكان بوو كه ئهنجامدرابوو بهرامبهر عێراقییهكان و دراوسێكانیش، بهڵام نهدهبوو له شهوی جهژن له سێداره بدرێت، پێموایه دهبوو یان پێشتر یان دواتر بێت. پێتوایه كه لهسێدارهدانی له شهوی جهژن مهبهستدار بوو؟ دواتر گوێم لێبۆوه كه ههوڵی رفاندنی دراوه، بهڵام دواتر زۆر به دوای ئهو بابهتهدا نهچووم. كاتێك سهددامت لهژێر پهتی سێداره بینی چ ههستێكت ههبوو، ئهو كهسهی برا و كهسوكاری تۆی كوشت وا له سێداره دهدرێت؟ مەسعود بارزانی: وا ههستم كرد كه خوا تۆڵه له ستهمكاران دهكاتهوه، ئیمانێكی رههام بهوه ههیه، كه خوا دهرفهتت دهدات بهڵام پشتگوێ ناخات. پهیوهندی سهرۆك بارزانی و پۆل بریمهر مەسعود بارزانی: برێمهر كهسێك بوو شارهزایی تهواوی لهسهر ناوچهكه نهبوو، كۆبوونهوهیهكی لهگهڵ ئێمه ئهنجامدا، ههڵهیهكی دیكه ئهوهبوو كه بارهگاكهی له كۆشكی سهرۆكایهتی كۆمار بوو، بارهگای ئهنجومهنی دهسهڵاتیش بوو، ئێمهش چووین و كۆبووینهوه. گوتی من نوێنهرانی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی و سهرۆكی ئهمهریكا دهكهم، بڕیاری ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی پرۆسهكه داگیركارییه، بهڵام وشهكه ههندێك قورسه و پێویسته پابهندی بن، منیش ههموو دهسهڵاتێكم ههیه و بڕیارهكان دهدهم و ههموو دهسهڵاتێكم ههیه، بۆیه بڕیارمان داوه لهنێو ئێوه لیژنهیهكی راوێژكاری درووست بكهین، بۆ ئهوهی راستگۆش بم لهگهڵتان، مهرج نییه ههموو پێشنیاز و راوێژهكانتان وهربگیرێت. به خۆبهزلزانی دهركهوت؟ مەسعود بارزانی: منیش گوتم من نوێنهرایهتی خۆم دهكهم، ههر تاكێكیش لێره نوێنهری خۆیهتی، ئهوهی پهیوهندی بهمنهوه ههیه دهتوانی بهو شێوهیه قسه دهكهی خۆت تاقی بكهیهوه، بزانه چۆن دهبێت و چۆن دهتوانی دهوڵهتهكه و دامهزراوهكانی بنیاتبنێیهوه و تا چهند سهركهوتوو دهبی، ئهوهیان بۆخۆت دهگهڕێتهوه، بهڵام من له ژیانمدا نابمه راوێژكاری هیچ كهسێك، من بارهگاكهم له ههولێره و ئهگهر پێویستییهكتان بهمن بوو، ئهوه من له ههولێرم و فهرموون. ئهوانی دیكهش خۆیان نوێنهرانیهتی خۆیان دهكهن. وهڵامی ئهو چ بوو؟ مەسعود بارزانی: ئهو كاته زۆر باش له بیرم نییه، بهڵام ماوهی نزیكهی 2 مانگ هیچ پهیوهندییهكی بهمنهوه نهدهكرد، نهك ههر ئهوهنده، بهڵكو دهیهویست بێزارم بكات، بهڵام له ههموو شوێنهكان وهڵامی خۆمم ههبوو بهرپهرچم دهدایهوه. دواتر هات و گهڕایهوه، سهردانهكانی بهردهوام بوو وهكو ئهوهی هیچ رووی نهدابێت. ئهندامێتی له ئهنجومهنی دهسهڵات (مجلس الحكم) بهبێ ئاگاداری خۆم، ناوی منیان له لیستی ئهنجومهنهكهدا نووسیبوو، من سهرهتا رهتمكردهوه، بهڵام دواتر بینیم كهسایهتی بهڕێز داوایان كرد، گوتم ئهگهر رهتی بكهمهوه، رهنگه به شێوهیهكی دیكه بیر بكهنهوه، بهڵام من وتم لهبهر رێزی ئێوه قهبووڵمه، پێمباشتر بوو بكهم نهك ئهو دۆسته بهڕێزانهم نیگهران بكهم. مانگی نیسان من له ئهنجومهنی دهسهڵات بووم، بڕیارمدابوو، 2 بۆ 3 رۆژ له بهغدا بمێنمهوه، دوای منیش ئهوهی دێت با ئهو ئهركهكه وهربگرێت، بهڵام ئهو شهوهی گهیشتمه بهغدا، رووداوهكانی فهللوجه روویاندا، ههڵوێستێكی زۆر ناخۆش بوو، نهدهبوو بهغدا جێبهێڵم كه لهو كاتهدا هاوڕێ و هاوكارهكانم جێبهێڵم، بڕیارێكی باش نهبوو، بۆیه تا كۆتایی مانگهكه مامهوه. سهختترین شت له ئهنجومهنی دهسهڵات چ بوو؟ مەسعود بارزانی: سكرتێری ئهنجومهنم بانگ كرد، بۆ ئهوهی بزانین چۆن ئیدارهی كارهكان دهكهن، گوتی بڕیارهكان لێرهوه دهردهچن و بۆ بریمهر رهوانه دهكرێت، ئهویش یان تانه له بڕیارهكه دهدات، یان قهبووڵی دهكات. گوتم باشه تا ئێستا چهند بڕیار دهرچووه، بریمهر رهزامهندی لهسهر چهندیان داوه و تانهی له چهند بڕیاریش داوه، ئهویش گوتی 113 بڕیار دهرچووه تا ئێستا، بریمهر تانهی له 97 بڕیارداوه، منیش قسهم لهگهڵی كرد، گوتم سوێن به خوای گهوره، ئهگهر بڕیارێك دهربچێت و من واژۆی لهسهر بكهم و تۆ تانه له بڕیارهكه بدهی یهك خوولهكیش نامێنمهوه. یان له ئێستاوه پێم بڵێ ئهگهر وهكو ئهوان مامهڵه لهگهڵ دهكرێت با بزانم، یانیش هیچ بڕیارێك نادهین وهیچ واژۆ ناكهم، بهڵێنی پێدام كه وا نهبێت، لهراستیشدا پابهند بوو و تانهی له هیچ بڕیارێكی من نهدا. هیچ حاڵهتێكی تایفهگهری ههبوو لهوێ تێپهڕبێت یان شتێكی لهو بابهته؟ مەسعود بارزانی: نهخێر.. لهراستیدا ئهوانهی له ئهنجومهنی دهسهڵات بوون، كهسانی رێزلێگیراو بوون و رێزی یهكتریان دهگرت، بهڵام هیچ دهسهڵاتێكی نهبوو، ههموو دهسهڵاتهكان لای بریمهر بوون، بهڵام ئهنجومهنهكه لهگهڵ یهكتر گونجاو بوون و ههستیان به بهرپرسیارێت دهكرد. وڵاتانی عهرهبی چۆن مامهڵهیان لهگهڵ ئهنجومهنی دهسهڵات دهكرد؟ خۆیان دهپاراست، زۆربهیان و وابزانم ههموویان، بهڵام یهكهم وڵات ئێران بوو هات و پیرۆزبایی لێكردین، بهشێكیش له وڵاتانی ئهوروپی مامهڵهیان دهكرد. ریفراندۆمی سهربهخۆیی ههندێك پێیانوابوو رۆژێك دوای ریفراندۆم ههرێمی كوردستان سهربهخۆیی خۆی رادهگهیهنێت، ئایا ئهوه پلانی ئێوه بوو؟ مەسعود بارزانی: بهر له ریفراندۆم و دواتریش نهمانگوتووه كه دووهم رۆژ سهربهخۆیی رادهگهیهنین، گوتمان ئهوه دهرفهتێكه بۆ گهلی كورد رای خۆی رابگهیهنێت و بچینه گفتوگۆ لهگهڵ بهغدا، پێویسته به گفتوگۆ و رێگهی ئاشتی بگهینه چارهسهرێك، ئهوه ئامانجهكه بوو. ئایا مهسعود بارزانی لهوه دهترسا كه نهوهی داهاتووی كورد زۆر گرنگی به پرسی نهتهوهیی كورد نادات وهك نهوهی سهردهمی ئێوه؟ مەسعود بارزانی: بۆ من سهركهوتنی گهوره ئهوهبوو كه رێژهیهكی زۆر بهبڵێ دهنگیان بۆ سهربهخۆیی دابوو، نزیكهی 93%ی گهلی كوردستان دهنگیان بهڵێ بوو. لهلای منیش ئهوه گهورهترین سهركهوتن بوو. كاردانهوهی كۆمهڵگهی نێودهوڵهی چی بوو؟ چ دهوڵهتێك زۆر پشتگیری ئێوهی دهكرد؟ مەسعود بارزانی: بهشێك له وڵاتان بهر له ریفراندۆم بهڵێنی ئهوهیان دابوو كه ئهگهر پشتگیریش نهكهن دژ نهبن، بهڵام دهستبهرداری بهڵێنهكهیان بوون. كامهیان به دیاریكراوه؟ مەسعود بارزانی: دهتوانم بڵێم ههموویان، بهڵام به پلهی جیاواز. ئهی ئێران و توركیا؟ مەسعود بارزانی: ئهوان زۆر دژ بوون و ئاڵای دوژمنداریان بهرزكردهوه، وڵاتانی دهرووبهر ههموویان. واتا لهسهر ههموو شتێك ناكۆكن تهنها لهسهر ئهوه یهكیان گرت؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ رێك ئهوهمان بینی. لهو بڕوایهدای رۆژێك له رۆژان ببینی ئهو خهونه بووهته راستی؟ مەسعود بارزانی: گرنگ ئهوهیه بناغهیهكی پتهومان دانا بۆ ئهو مافه من ناڵێم خهون، بهڵام نهوهی دوای من و دوای ئهوان دێن دهیبنین. ئایا تۆ دڵنیای له گهلی كوردی؟ مەسعود بارزانی: بهڵێ بێگومان، من دڵنیام كه گهلی كورد سهلماندی به هیچ شێوهیهك خۆی رادهستی ستهم ناكات. شهڕی تیرۆریستانی داعش مەسعود بارزانی: داعش دیاردهیهكی سهیر و نامۆ بوو، پێشتر تیرۆریستان ههبوون بهڵام له ژێر زهوی بوون، كردهوهیهكی تیرۆریستیان ئهنجام دهدا، ئۆتۆمبێلێكی بهمین چێنراو، یان خۆكوژێت خۆی دهتهقاندهوه. بهڵام داعش له ماوهی 24 هات و خۆمان بهرامبهر سهنگهرێكی ههزار و پهنجا كیلۆمهتری رێكخراوهكه بینییهوه، كه سوپایهكی بههێز و پتهو بوو، ئهوهشیان له سوپای عێراقییهوه دهستكهوتبوو. وهك زریپۆش و تانك و چهكی شكێنهر، له سووریاشهوه چهكیان دهستكهوتبوو. هێرشێكی فراوانیان كرد، بهداخهوه ئێمه توانستی ئهوهمان نهبوو، چونكه حكومهتی بهغدا رێگری لهوه دهكرد چهك بگاته پێشمهرگه، لهكاتێكدا دهستوور مافی ئهوهی داوه بگاته ئهو چهكه بگاته پێشمهرگه، ئهمهریكاش كاری لهسهر ئهوه نهكرد، ئهمهریكا و بهغدا ههردووكیان دهستبهرداری پابهندییه دهستوورییهكه بوون. لهراستیدا له رۆژانی یهكهم پێشمهرگه و هاووڵاتیان، سینگی خۆیان كرده قهڵغان و به ئیمانی خۆیان بهرپهرچی هێرشی گهوره و وهحشیانهیان تیرۆریسانیان دایهوه. داڕمانی سوپا شتێكی ئاسایی بوو له مووسڵ یان شتێك ههبوو؟ مەسعود بارزانی: هیچ كات سوپای عێراق ئینتیمای بۆ نیشتمان نهبووه، ئهگهر ههشبووبێ بۆ كهسێك بووه شتێكی ساختهبووه. ئێمه زانیاریمان ههبوو كه لهسهر سنوورهكانهوه هاتووچۆ دهكهن، له سووریاوه بۆ رۆژئاوا مووسڵ، ماوهی ساڵێك بوو ههموو سوپای عێراق له ناوچهی رومادی سهرقاڵ بوون. داعش توانست و هێزی سوپای عێراقی داڕماند بهراستی، دواتر چهكدارانی داعش هاتنه ناوچهی حهزهر له باشووری رۆژئاوای مووسڵ. ئێوه چاودێری دۆخهكهتان دهكرد؟ مەسعود بارزانی: پێشنیازمان كرد لهگهڵ بهغدا به هاوبهشی ئۆپهراسیۆنێك ئهنجام بدهین و دهریان بكهین، بهڵام گرنگی پێ نهدا، دواتر گهشهیان به كردهوهكانیان دا، خۆیان پێشخست شانهی نووستوویان درووست كرد و بازنهكانیان فراوان كرد و خهڵكی دیكهش هاوكاریان كردن، ئهو هێزهی هاته مووسڵیش هێزێكی تایفی بوون، زۆر خراپ مامهڵهیان لهگهڵ خهڵك دهكرد، تهنانهت خهڵكی مووسڵ وایاندهزانی چهكدارانی داعش نایانكوژێت و به بهزهییترن له سوپای عێراق، ئهوهش كارهسات بوو. بهغدا فهرماندهی هێزی پیاده و یاریدهدهری سوپاسالاری نارده مووسڵ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخهكه، ئهو كاته چهكدارانی داعش و تیرۆریستهكان، له بادۆش زیندانیكرابوون، له بنهڕهتیشدا داعش ئامانجی ئازادكردنی ئهو زیندانانهی خۆی بوو، سهربازگهیهك ههیه له مووسڵ بهناوی غهزلانی، ئهوێ بارهگای فهرماندهی ئۆپهراسیۆن بوون، جێگری سوپاسالار و فهرماندهی هێزی پیاده لهوێ بوون، داعش خۆیشی پێشبینی نهدهكرد مووسڵ وا به ئاسانی بكهوێت، هێرشهكهیان بۆ سهر بادۆش بوو، رهنگه پاسهوانهكان رێك كهوتبن، سهربازگهكهشیان هاوهن باران كرد، یاریدهدهری سوپاسالار و فهرماندهی هێزی پیاده ههموویان شوێنهكهیان جێهێشت و سهربازگهكهیان چۆڵ كرد و ههواڵهكهش له شار بڵاوبۆوه و داڕمان، وهك ئهوهی ئاگر له پووش و پهڵاش بهربووبێت و شانه نووستووهكانیش دهستیان بهكاركرد، داعش له جیاتی ئهوهی بچێته بادۆش هاته مووسڵ، چونكه شتێكی گهورهتری دهستكهوت مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكات بادۆش خۆی دهكهوێت. داعش خۆیشی نهیدهزانی بهو ئاسانییه دهتوانێت مووسڵ داگیربكات. ههندێك دهڵێن مالیكی مووسڵی رادهستكرد؟ مەسعود بارزانی: رهنگه نهتوانین وابڵێین، بهڵام مالیكی پشتی به سوپایهك بهست كه وایدهزانی سۆزی بۆ ئهو ههیه و تا دوا فیشهك دهجهنگێت، هێزهكهش ههموو ههڵاتن و چهك و جلی سهربازیان جێهێشت و زۆربهیان هاتنه لای هێزهكانی پێشمهرگه. مهسعود بارزانیمان بینی گهڕایهوه مهیدانی جهنگ، بهڵام به تهمهنێكی جیاواز و له قۆناغێكی جیاواز، چی وای كرد خۆی بچێتهوه مهیدانی جهنگ؟ مەسعود بارزانی: ههستم به مهترسی دۆخهكه كرد، وهحشیهتگهری داعشمان بینی له كوشتن و سهربڕین، ئهتككردنی نامووس، تهنانهت له كتێبهكانی مێژووش ئهوهمان بهرچاو ناكهوێت، رهچاوی هیچ شتێكیان نهدهكرد و ههموو تاوانێكیان ئهنجام دهدا. گهلهكهمان لهبهردهم چارهنووسێكی رهشدا بوو، ناچاربووین بچین و ئهركی خۆمان ئهنجام بدهین. زۆربهی فهرماندهكان هۆشداریان دهدا لهوهی مهسعود بارزانی بچێته بهرهكانی جهنگ چونكه شهڕهكه نزیك بوو زۆر؟ مەسعود بارزانی: رۆژهكانی سهرهتای جهنگ پێویست بوو، چونكه رهوشهكه زۆر مهترسیداربوو، داڕمان له چهند شوێنێك روویدا، ئهزموونهكه نوێ بوو، چهكدارانی داعش 1700 ئۆتۆمبێلی سهربازی گوللـهنهبڕیان له سوپای عێراقهوه چنگ كهوتبوو. چهك تهقهمهنی و پێویستمان نهبوو، بهرامبهر ئهو ئۆتۆمبێلانه هیچ شتێك كاریگهریی نهبوو، ئهوان دههاتن و سهنگهرێكیان به تهواوهتی لهناو دهبرد، له ههندێك شوێن دۆخهكه زۆر خراپ بوو، بۆ ئهوه چووم ورهیان بهرزبكهمهوه. لهوه دهترسای نهوهی ئێستای كورد نهتوانێت له ئاست دۆخهكه بێت له چاو ئهو نهوهیهی كه پێشتر به یهكهوه خهباتتان كردووه؟ مەسعود بارزانی: له راستیدا دهترسام، چونكه نهوهی كۆن ههندێكیان شههید بوون و ههندێكیان بههۆی تهمهنهوه نهیاندهتوانی لهو دۆخهدا له سهنگهربن، بهڵام له ماوهی 2 ههفتهدا، دهركهوتن كه پاڵەوانن و جێگهی شانازی بوون، بهراستی پاڵهوان بوون به مانای وشه. دوو ههفتهی یهكهم، هێرشهكانمان راگرت، دواتر پێگهی خۆمان قایمتر كرد، دواتر هێرشی پێچهوانهمان دهستپێكرد، فهرماندهی یهكێك له هێزه تایبهتهكان هێرشی كرد، بینی ئۆتۆمبێلێكی خۆكوژی داعش دێته نزیك هێزهكانی پێشمهرگه و هیچ بهربهستێكی لهبهردهم نییه، به ئۆتۆمبێلهكهی چووه بهردهمی و رێگری لێكرد لهوێ خۆی تهقاندهوه، فهرماندهكه لهوێ شههیدبوو بهڵام نهیهێشت خۆكوژهكه بگاته ناو پێشمهرگه. ئایا ئهمهریكا بهو شێوهیه هاوكاری پێشمهرگهی دهكرد؟ مەسعود بارزانی: پێشتر ئهمهریكییهكان هیچ شتێكیان پێنهدهداین و گوشاریان له بهغدا نهدهكرد كه چهك به پێشمهرگه بدهن، بهڵام دوای 3 بۆ 4 رۆژ له ئاسمانی پشتیوانیان كردین و زۆر به باشی پشتیوان بوون، دواتریش هاوپهیمانی نێودهوڵهتی زۆر باش بوو، ههرگیز سهردانی سهرۆكی فهرهنسا لهبیر ناكهم بۆ ههوهلێر (فرانسوا ئۆلاند) له 12ی ئهیلوول/ سێپتێمبهری 2014، كه هێشتا ههولێر له ژێر ههڕهشهی مووشهكهكانی داعش بوو، ئهڵمانیا چهكی میلانی پێداین و هاوكێشهی جهنگهكه گۆڕا. ههروهها سعودیه و ئیمارات و ئوردن، هاوكاریان كردین. رۆڵی ئێران چی بوو؟ مەسعود بارزانی: یهكهم رۆژهكان هاتن و چهكی دژی ئۆتۆمبێلی گوللـهنهبڕیان پێداین، پرسیان دهتانهوێ چیتان بۆ بكهین، قاسم سولهیمانی پهیوهندی پێوهكردم، منیش گوتم ئهگهر بكرێت چهكی دۆشكا و ئارپێجیمان پێویسته، بهیانی رۆژی دواتر به دوو فڕۆكهی پڕهوه هاوكارییهكانیان گهیاند. لهبارهی حهسهن نهسڕوڵڵا لهوانهیه گوێبیستی قسهكانی بووبی له بارهی هاوكارییهكانی ئێران قسهی كرد، تۆ چیت ههبوو بۆی؟ مەسعود بارزانی: برایانی عهرهب بهر له كورد وهڵامیان دایهوه، لهراستیدا نواندنێكی شكستخواردوو وچیرۆكێكی ههڵبهستراو بوو، ناشزانم هۆكاری چی بوو، دواتریش پهیوهندی پێوهكردم. داوای لێبوردنی كرد؟ مەسعود بارزانی: (به پێكهنینهوه) با ناوهڕۆكهكهی لێگهڕێین باسی ناكهم، وازی لێبێنه. سهردانی ریاز و پێشوازی شاهانهی شا سهلمان مەسعود بارزانی: تا ئێستا 4 بۆ 5 جار سهردانی سعوودیهم كردووه، ههریهكه له بهڕێزان شا فههد، شا عهبدوڵڵا و شا سهلمانم بینیوه، شا عهبدوڵڵا چیرۆكێكی بۆ گێڕامهوه كه من نهمبیستبوو، من ئاماژهم به پهیوهندی نێوان شا فهیسهڵ و بارزانی نهمر كرد، بهڵام ئهو گوتی پهیوهندییهكه كۆنتره و دهگهڕێتهوه سهردهمی شا عهبدولعهزیز، ئهوهش بۆمن شتێكی نوێ و گرنگ بوو بهراستی. هیچ گۆڕانگارییهكت له ههڵوێستیان بینیوه له بهرامبهر پرسی كورد، مهبهستم شا سهلمان شا عهبدوڵڵا و شا فههده؟ مەسعود بارزانی: لهراستیدا ههموویان ههڵوێستهكانیان مرۆیی و گهورهبووه، دوا سهردانیشم بۆ لای شا سهلمان رێزلێنانێكی زۆر روون و گهوره و دیار بوو، سوپاس و پێزانینم بۆ گهل و شای سعوودیه ههیه.
چاوپێكەوتنی: محەمەد رەئوف "كۆرۆنا بەو شێوە مەترسیدارە نیە كە خەڵكی بكوژێت، بەپێی تەمەنو نەخۆشی مرۆڤەكە مەترسیەكەی دەبینم، ئەگەر تۆ كەسێكی تەمەنت لە سەرو 80 ساڵ بێت و نەخۆشیت هەبێت مەترسیدارە، تەمەنت سەرو 60 ساڵ بێت و 15 ساڵ جگەرەت كێشا بێت مەترسیدارە، فشاری بەرز، نەخۆشی دڵ و سیەكان و شەكرەو جگەرەو نێرگەلە كێش بیت مەترسیدارە"، ئەمە وتەی زاناو پسپۆڕێكی كوردە كە ئێستا یاریدەدەری پرۆفسیۆرە لە كۆلێجی پزیشكی زانكۆی بەناوبانگی هارڤاردی ئەمریكا، ئەویش پرۆفیسۆری یاریدەردەر د. ئارام گەڵاڵیە. ئارام گەلاِڵی كە خەڵكی شاری سلێمانیەو چەندین دۆزینەوەی لە بواری شێرپەنجەو جیناتی مرۆڤدا كردووە، ئەو كوڕی شەهید ( حەمە سەعیدی موهەندیسە) كە لەسەسەرەتای نەوەدەكاندا موعجیزە ئاسا كارەبای بۆ شاری سلێمانی گەڕاندەوەو دواتر پەیكەرێكی لەبەردەم كارەباكەی سلێمانی بۆ درووستكرا. د. ئارام گەڵاڵی كە مامۆستاو توێژەرە لە كۆلێجی پزیشكی زانكۆی هارڤارد و زیاتر سەرقاڵی توێژینەوەیە، بە زمانكێكی پزیشكی دەدوا سڵی لە وشە كوردیەكان دەكردەوە، خۆشی كەمێك كوردیەكەی لاواز بوو بوو بەهۆی ئەوەی دەمێكە نەگەڕاوەتەوە كوردستان، وەك ئەو دەیوت كورد لە زمانی پزیشكیدا لاوازە، " شەوو رۆژ لەو زانكۆیەی كاری تێدادەكەن سەرقاڵی توێژینەوەن لەسەر كۆرۆنا" بەڵام ئەگەر پەلەشی تێدا بكرێت وەك ئەو دەڵێت " زۆر زۆر زەحمەتە لە 2020 چارەسەرێكی تایبەت بە كۆرۆنا بدۆزرێتەوە، پێشبینی دەكرێت لە شەش مانگی یەكەمی 2021 ڤاكسینی تایبەت بە كۆرۆنا بدۆزرێتەوە" د. ئارام گەڵاڵی مەترسی و قەلەقیەكانی كۆرۆنا كەمدەكاتەوەو دەڵێت "90%ی ئەوانەی توش دەبن بە كۆرۆنا هەر پێویست ناكات بچێتە نەخۆشخانە، ڤایرۆس خولی تایبەت بەخۆی هەیە دەبێت پێیدا تێپەڕێت، لەماڵەوە پشو بدات، ئەگەر بتوانێت ڤیتامین سی، لەگەڵ حەبی ڤیتامینات ، ماگنیوسیۆم لەگەڵ زینگ ئەمانە بۆ بەرگری لەش باشن ئەمانە بخۆن و پشویەكی بۆ بدەن" سەبارەت بەو دەرمانانەی كە باس دەكرێت لە هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێنرێت ئەو پسپۆڕەی زانكۆی هارڤارد دەڵێت: ئەم دەرمانانە كۆنن و دەیان ساڵە بەكارهاتووەو زیاتر لە هندستان بەكار دێت، ئەو دەرمانانە ئەوەندە كۆنن لە بازڕدا كەس خاوەنی نیە، بووە بە مافی گشتی و مافی خاوەنداری تێپەڕاندووە لە بازاڕەكانی جیهاندا. دەقی چاوپێكەوتنەكەی پ.ی.د. ئارام گەلاِڵی درەو: ڤایرۆسی كۆرۆنا چیەو چۆن بڵاو دەبێتەوە تایبەتمەندییەكانی ئەم ڤایرۆسە چیە.؟؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەم ڤایرۆسە تێكهەڵكیشە كەمێك لە مەجالی پزیشكی دەردەچێت و بوارەكانی تریش دەگرێتەوە، سۆسیال میدیا وای كردووە شتێك لە شوێنیكی دونیا زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، ئێمە لێرە لە مێشكی ئەمریكا ( ماساجۆستیس) دەڵێین كۆمەڵگە ئامادەی گۆڕانكارییەكان نەبووە، بۆیە گۆڕانكارییەكی وا كاریگەری زۆر درووست دەكات، لەبەر ئەوەی خەڵكەكە ئەترسن، هەرچەندە پێویست بەو ترسە زۆرە ناكات چونكە ( رێڕەوێكی سروشتیەو ڤایرۆسێكە دێت و دەڕوات). ڤایرۆس وەكو هەموو تەنێكی پرۆتینی وایە كۆمەڵك كۆدی (جینیتیكی لە ڤایرۆسدا هەیە)، چینیەكان خزمەتێكی گەورەیان كردوو ئەو كۆدەیان دۆزیەوەو بڵاویانكردەوە، ئەو بڵاوكردنەوەیە وای كرد لێرە زۆر بەخێرای دەستنیشانبكرێت. درەو: كەوتا ئێستا كۆرۆنا بەو قەبارە گەورە مەترسیدارە بەراورد بە ڤایرۆسەكانی تر؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: كۆررۆنا خۆی كوشندەترە لە ڤایرۆسەكانی تر ئەوە جێگەی گفتوگۆكردن نیە بەڵام مەترسیەكە لە دوو لاوە كاریگەری هەیە ئەوانیش: یەكەم: لەبەر ئەوەی كۆمەڵگە ئامادە نەبووە، ڤایرۆسەكە زۆر خێرا بڵاوبوەوە، خەڵك نازانێت لە چی دەترسێت لەبەر ئەوەی بناغەیەكی هۆشیاری تەندروستیان نیە لەسەری. دووەم: لەبەر ئەوەی لە چینەوە هات، چین دەوڵەتێكی زۆر داخراوە هەرچی پەتایەك پێشتر لەوێ بڵاوبۆتەوە، ئەوان كەمتر قسەیان لەسەركردووە هەتا خەڵكی كوشتووە دوایی ووردە ووردە بڵاویان دەكردۆتەوە، چین ئەمجارە جیاوازتر مامەڵەی لەگەڵ كۆرۆنا كردو كراوەتر بوون، پێشتر زۆر داخراوبون لە بابەتی (سارس) و زیانی زۆریانكرد، تەجروبەیان لە دەرەوە وەرنەگرت، ئەم جار كە كراوەبوون، شارەزایانی دەرەوە بە گومان بوون لە چین، پێیان وابوو رەنگە ئەو زانیاریانەی بڵاوی دەكاتەوە رەنگە 10% ی بێت، خەڵكی متمانەی پێیان نەبوو، بۆیە خەڵكی وتیان رەنگە زۆر لەوە زیاتر بێت. كۆرۆنا بۆ گروپێكی كۆمەڵگە مەترسیە، بۆ گروپێكی كۆمەڵگە كە (بەتەمەنن) لەگەڵ ئەو كەسانەی نەخۆشی دیكەیان هەیە، بەتایبەت (فشاری بەرز، نەخۆشی دڵ بەرگری لە سیەكانیدا كەم بێت، كێشەی لە سیەكانیدا، یان جگەرە كێش، نێرگەلە، نەخۆشی شەكرە)یان هەبێت ئەمانە چانسیان زیاترە بیانخاتە نەخۆشخانە. درەو: ئێوە لە زانكۆی هارڤارد هیچ توێژینەوەیەكتان كردووە لەسەر كۆرۆنا؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: لە زانكۆی هارڤارد شەو رۆژ لە كاردان، لێرە كارەكان بەشكراوە: - یەكەم هەنگاو پشكنینی هاوڵاتیان، دەكرێت بۆ هەموو خەڵكی كە بزانن هەڵگری ڤایرۆسەكەیە یان نا، ئەمە تەنها پشكنینێكە بەوەی بزانرێت هەڵگری ڤایرۆسەكەی یان نا. - دووەمیان تێستێكی ترە كە لە هارڤارد دۆزراوەتەوەو لە زانكۆی كۆلۆمبیاش هەیەو دۆزراوەتەوە، ئەمە بۆ ئەوە نیە بزانرێت كە ڤایرۆسەكەت هەیە یان نا، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە بزانرێت بەرگریت هەیە بەرامبەر كۆرۆنا یان نیتە، كە ئەمە زۆر گرنگە بۆ كۆمەڵگە، چونكە تێستت بۆ كەسێك كردوو زانیت بەرگری هەیەو ڤایرۆسەكە كاری تێناكات، پێی بڵێت برۆ كاری خۆت بكە لە كۆمەڵگەدا، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت. درەو: كەواتا تایبەتمەندی ئەم ڤایرۆسە چین.؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: خۆی ڤایرۆس كۆمەڵێك خێزانی جیاوازن و بەگشتی دەكرێن بە دوو بەشی گەورەوە: یەكەم: گروپێكیان دوو شریتە بەرامبەر بەیەكتری پێكەوە نوساوە دووەم: یەك شریتە ئەو ڤایرۆسانەی یەك شریتن كەمینەن بەڵام یەك كێشەیان هەیە زوو زوو دەگۆڕێن، واتا جیناتەكەی بەهۆی كات و كەشوهەواوە دەگۆڕێت، ئەم ڤایرۆسە گۆرانكاری خێرای تیا دەبێت لەبەر ئەوەی یەك شریتە. ڤایرۆس لە بواری پزیشكیدا بە تەنێكی زیندوو ناونابرێت، زیندوو نیە، هەر بونەوەرێك پێی بڵێیت زیندووە دەبێت لانی كەم دوو تایبەتمەندی تیا بێت: یەكەم: هەر شتێكی زیندوو كە خواردن دەخوات دەبێت بیكات بە ووزە، ڤایرۆس خواردن ناكات بە ووزە. دووەم: ڤایرۆس زاووزێ و زۆر بوونی نیەو ئەوەی پێناكرێت. ڤایرۆس بەس كۆدێكی پرۆتینیە، لەناو چوارچێوەیەكی پرۆتینی كەدا، هیچی دیكە نیە، بۆ ئەوەی ئەو دوو حاڵەتەی سەرەوە بكات دەبێت شوێنێك داگیر بكات جاری وایە خەلیەی مرۆڤ داگیر دەكات، خۆی مرۆڤ بونەوەرێكی زۆرینە خەلیەیە، وەك بەكتریا و ئەمیبا نیە یەك خەلیییە نین، ئەم خەلیانە بۆ ئەوەی كار بكەن وەك پرۆسەی هەناسەدان و كارەكانی دیكەی مرۆڤ، ئەم خەلیانە بەیەكەوە كۆنتاكتێكی زۆر موعەقەد دەكەن، زۆر قورسە تێگەیشتن لێی، سیگناڵ و نامەبەردن و نامەهێنەری زۆریان تیایە، ئەم سیگناڵانە بەكۆد دەنێرن بۆ یەكتری، ئەم ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە سیگناڵێك دەچێت كە بۆ خەلییەی سیەكان هاتووە، خەلیەی سیەكان دەرگای بۆ دەكات و داخلی سیەكان دەبێت، ئەم نامەیە كە وەردەگرێت شریتێكی كۆدە، كە نامەكە دەكاتەوە، ئەو نامەیە بەرگێكی هەیە كە بەرگەكە لادەبات، رێك ئەو كۆدە داخڵ دەبێت، ئەچێتە ژووری كۆنترۆڵەوە ئەو شوێنەی كە هەموو خەلیەكە كۆنترۆڵ دەكات، ئەڵێت كاری تۆ وەستا بەس كاری تۆ ئەوەیە من زیاد بكەیت، ئیتر دەڵێت من كۆپی بكە، دواتر خەلیەی سی هەموو كارێكی خۆی دەوەستێنێت، لە هەناسەدان و كارەكانی دیكە كاری ئەوە دەبێت ئەم ڤایرۆسە كۆپی بكات و زیادی بكات، ئیتر خەلیە دوای خەلیە كارناكەن و كەسەكە هەناسەی پێنامێنێت، ئیتر ئەو ئۆكسجینەی داخلی لەشی دەبێت كەمترە لەوەی لەشی پێویستیەتی، یان دەبێت ئۆكسجینی بدرێتێ یان دەكەوێتە ژێر ئامێری هەناسەدانەوە. هەر ڤایرۆسێك كە توشی مرۆڤ دەبێت كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، هەر ڤایرۆسێك بۆ ئەوەی مەترسی بێت لەسەر مرۆڤ، دەبێت كۆمەڵێك گۆڕانكاری بكات، دەوروپشتمان هەموو ئەو ڤایرۆسانەیە كە مەترسیش نین لەسەرمان، مەترسی یەكەم ئەوەیە ئەم ڤایرۆسە دەبێت كۆمەڵێك شوێن بگۆڕێت، كۆرۆنا لە خێزانێكی ڤایرۆسە كە دەمێكە زانراوە لای زاناكان، بەڵام ڤایرۆسی كۆڤید 19 گۆڕانكاری كردووەو گۆرانكارییەكەش مەترسی درووستكردووە. درەو: كەواتا فۆرم و شێوازی ئەم ڤایرۆسە چۆنە؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەم ڤایرۆسە شكڵی سیگناڵێكی هەیە بۆ خەلیەكانی سی مرۆڤ، ئەم ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر خەلیەكانی دیكەی مرۆڤ ناكات، كۆرۆنا (ئامانجەكەی بەس سی مرۆڤە)، ئەوانەی كێشەی سیان هەیە زیاتر كاریگەریان لەسەری دەبێت، ئەو كەسانەی كە جگەرەكێش نین و كێشەی سیەكانیان نیە، ئەو ڤایرۆسە كە داخڵ دەبێت كاریگەری لەسەر 5%ی خەلیەكانی سی درووست دەكات بەرگری سیەكان دەزانێت كێشەیەك هاتووەو لەناوی دەبات، هەرچەندە ئەم ڤایرۆسە كاریگەری لەسەر بەرگری سیەكانیش درووست دەكات، ئەو بەرگریانە كارییان ئەوەیە كە هەر تەنێك لەژێر كۆنترۆڵ دەردەچێت لەناوی دەبەن، بەڵام سترێس و ترس و خەفەت كاریگەری لەسەر ژمارەو چالاكی ئەو خەلایانە دەكەن كە كاریان ئەوەیە بەرگری درووست بكەن و بتپارێزن، كاریگەری لەسەر كۆمەڵێك هەست دەكات و كاریگەری لەسەر چالاكیان درووست دەكات. درەو: لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا رێكارەكان چۆن گیراونەتەبەر بۆ روبەروبونەوەی كۆرۆنا؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: لەبەر ئەوەی كۆرۆنا كاریگەری زۆر لەسەر كۆمەڵگە درووستكردووە، وڵاتە دیموكراسیەكان لەبەر ئەوەی رای هاوڵاتیانیان بەلاوەگرنگە، كۆمەڵێك هەنگاو هەڵدەگرن رەنگە زۆر گرنگ نەبێت، ناچارن دەكەونە ژێر كاریگەری شەقامەوە، بۆ وڵاتێكی وەك ئەمریكا زەحمەتە لەبەر ئەوەی وڵاتێكی پیشەسازیە، ئەگەر خەڵكەكە كەرنتین بكەیت كاریگەری ئابوری دەبێت، بەڵام بۆ كوردستان ئەگەر خەڵكەكە كاریش نەكات زۆر كاریگەری نابێت، بەڵام ئەمریكا و ئەوروپا كۆمەڵك بەرەیان كردۆتەوە: یەكەمیان: ئەوەیە كە كارگەو ناوچە پیشەسازیەكان ئەو كەلوپەلانەی پێویستە بەرهەمی بهێنن نەك بەرهەمەكانی خۆیان، ئێستا لە ئەمریكا كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەستیكردوە بە بەرهەمهێنانی ماسك و كحول، یەكەم خۆپاراستن یەكێكە لە هەنگاوەكان. دووەم: تێستی هاولاتیان كە بتوانرێت ئەوانەی كە توشبوون لێكیان جیابكەنەوە. سێیەم/ ئەو كەسەی كە توشی بووەو هەستی پێ نەكردووە، كە 75%ی ئەو كەسانەی كە توشی دەبن هەستی پێناكەن كە گرتویەتی، كە ڤایرۆسەكە دەچێتە لەشیانەوە تەفاعول لەلەشیدا دەكات و مەناعەكەی بەهێزەو لای دەبات، تا نزیكەی دوو سێ ساڵ بەرگری هەیە، بەڵام بەرگری هەتا هەتایی بەمە درووستناكرێت، لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە لەیەك شریتە لەوانە دووی دووسێ ساڵ درووست ببێتەوە وەك ئەنفلۆنزایەكی ئاسایی توشت بێتەوە دوو یان سێ ساڵ درووست ببێتەوە. لە ئەمریكا چارەسەر كراوە بە دوو بەشەوە: یەكەم: رێگای خێرا، ئەوەیە دەرمانێك هەبێت بۆ ڤایرۆسی تر بەكار هاتبێت و بزانرێت بۆ كۆرۆناش باشە، ئەوكاتەپێویست ناكات دەرمانەكە بە كۆنترۆڵەكاندا بڕوات، دەرمانەكە كۆنترۆڵی كراوە بۆ شتی دیكە. دووەم: رێگای خاو، كە چینیەكانیش بەو رێگایەوەن، دەیانەوێت ڤاكسینێك یان چارەسەرێكی تایبەت بەس بۆ كۆرۆنا بدۆزنەوە، ئەمە كاتی دەوێت زۆر زۆر زەحمەتە لە 2020 بدۆزرێتەوە، ئەگەر زۆر خێرا بێت رەنگە لە شەش مانگی یەكەمی 2021 بدۆزرێتەوە. لە ئەمریكا كۆمەڵێك ڤاكسینیان بەرهەمهێناوە، بەڵام كێشەی دەرمان وەك شتی دیكە نیە، دەكرێت دەرمانێك بدەیت بە نەخۆشێك چاكی بكەیتەوە، بەڵام ناكرێت نەخۆشیەكی كەی تیا درووست بكەیت دوو مانگ دوای ئەوە، دەرمان بە كۆمەڵێك قۆناغدا تێدەپەڕێت: قۆناغی یەكەم، ئەوەی لەسەر كەسی ئاسایی تاقیدەكرێتەوە كەسەكان كەمە ( جگە لەوەی یەكەم جار لەسەر خەلیە تاقیكراوەتەوە دواتر لە ئاژەڵ تاقیكراوەتەوە لە مشك و جرجەوە دواتر بۆسەر مرۆڤ)، ئەمە هەنگاوی یەكەم، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم دەرمانە مەترسی نیە، كێشە درووست ناكات ژەهراوی نیە. قۆناغی دووەم، ئەو كەسانەی كە بارودۆخیان زۆر خراپە، ئەگەر دەرمانی نەیدەیتێ رەنگە بمرێت، دەرمانەكەی دەدەیتێ بۆ ئەوەی بزانیت چاكی دەكات یان نایكات. قۆناغی سێیەم، زۆر گرنگە كە دەرمانەكەی دەدەیتێ دەبێت بزانیت تا ماوەیەك دوو مانگ یان شەش مانگ تا سالێك بزانیت كێشەی تری لێدەرناكەوێت كوێر نابێت، كێشەیەكی درووست نابێت، دەبێت ئەم تێستانە بكرێت، كات دەبات، رەنگە دەرمانەكە كۆرۆنا چارەسەر بكات، بەڵام كێ دەڵێت كێشەی تر درووست ناكات. هەرچەندە لە ئەمریكا سەرۆك زۆر فشار دەكات بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینەكە، بەڵام پێم وایە ئەگەر رەنگە لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو بدۆزرێتەوە، درەو: بەڵام لە هەرێمی كوردستان باس لە بەرهەمهێنانی چەند دەرمانێك دەكرێت كە رۆڵی هەیە لە چارەسەری كۆرۆنا بەتایبەتیش دەرمانی (ئەزسرۆمایسین)و (هیدرۆكسیكلۆركوین).؟؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەو دەرمانانەی لە كوردستان باسی لێوە دەكرێت پێشتر چینیەكان بەكاریان هێناوە، ئەو دەرمانانە هەیە و دەرمانی مەلاریابووە، چینیەكان بەكاریان هێناو وتیان ئەو خەلیەی توشی نەخۆشیەكە دەبێت (20% بۆ 30%) یان بەم دەرمانە توشبوەكە وەڵام دەداتەوەو چارەسەرێكی باشە، دەرمانەكە هەیە لە بازاڕداو ئەوە نیە دۆزرابێتەوە دەرمانێكە بۆ مەلاریا بەكارهاتووەو دەرمانی دووەمیان نەخۆشی (HIV) ئایدز بەكارهاتووە تایلەندییەكان بەكاریانهێناوە، ئەم دەرمانانە لە بازاڕدان بۆیە بەكار دەهێنرێت بۆ ئەوەی دەرمان ئەو هەموو كاتە نەبات ئەوەی هەیە دەدرێت بەو نەخۆشانەی كە بزانن كێشە درووست ناكات و چارەسەرە. ئەم دەرمانانەی كوردستان لە ( WHO) و لەم وڵاتانەش بەكار دێت زۆر، ئەوە بەشی یەكەمە ئەوە نیە بڵێن دۆزراوەتەوە، واتا خۆی هەیەو لە بازاڕدان و كۆنن، لە ئەمریكا كەم بەكار دێت، ئەم دەرمانانە كۆنن و دەیان ساڵە بەكارهاتووەو زیاتر لە هندستان بەكار دێت، وەك چۆن كەسێك نەخۆشی دەبێت دەڵێن بەخوا ئەو دەرمانە بۆ ئەو نەخۆشیەش باشەو خراپە نیە، كە دەرمانی خۆی نیە بەڵام دەڵێن بۆ ئەو نەخۆشیەش باشە. ئەو دەرماننانە دەرمانێكە بۆ كۆرۆناش سودی هەیە بەڵام دەرمانی كۆرۆنا نیە، زاناكانی ئەمریكا دەیانەوێت دەرمانێك بدۆزنەوە بەتایبەت بۆ كۆرۆنا، نەك ئەو دەرمانە كۆنانە، بەڵام ئەم دەرمانانە مەترسیان نیە چونكە بە قۆناغەكانی خۆیدا تێپەڕیون و مەترسیان نیە. ئەو دەرمانانە ئەوەندە كۆنن لە بازڕدا كەس خاوەنی نیە، واتا حەقی خاوەنەكەی نەماوە، چونكە دەرمانێك كە درووست دەكرێت مافی خاوەنەكەی هەیەو لە هەر شوێنێكی دنیا درووست بكرێتەوە دەبێت ماف بدرێت بەمان، دەرمانی وا هەیە لە بودجەیەكی نەوتی زیاتر پارە بۆ ئەو دەوڵەتانە پەیدا دەكات، ئەو دەرمانانە جاری وایە مافەكەی بۆ ماوەی 15 ساڵ جاری وایە بۆ 40 ساڵ مافی دۆزینەوەی دەرمانەكە دەدرێت بەو وڵاتەی دۆزیویەتیەوە ئەو دەرمانانەی كە كارگەیەك دەڵێت لە كوردستان درووستی دەكەم ئەوەندە كۆنە، بووە بە مافی گشتی و مافی خاوەنداری تێپەڕاندووە لە بازاڕەكانی جیهاندا، لەهەموو دونیادا هەركەسێك ئەگەر فۆرمەڵەكەی هەبێت ئەتوانێت لە كوردستان درووستی بكات، لە دوكانێكی بچوكدا درووستی بكات، ئەم دەرمانانە بۆ شتی دیكە بوون ئێستا دەڵێن بۆ كۆرۆناش باشە. بەڵام بۆ دۆخی ئێستا باشە لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە خێرایەو دۆزینەوەی دەرمانی نوێ فریای ناكەوێت، بەڵام وڵاتە پێشكەوتووەكان بەم دەرمانانە رازی نابن دەیانەوێت دەرمانێك بدۆزنەوە تایبەت بە كۆرۆنا ئەوەش زۆر دەخایەنێت، تا دەرمانێكی تایبەت دەدۆزرێتەوە، دەكرێت ئەو دەرمانە كۆنانە بەكار بهێنرێت. ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمتر دەرمانی دەوێت زیاتر پشوی دەوێت لەبەر ئەوەی (75%)ی ئەوانەی توشی كۆرۆنا دەبن هەستی پێناكەن، 25%ی دەمێنێتەوە لە15%ی ئەو لە 25% ئەو كەسانەن كە تۆزێك بێتاقەتیان دەكات و هەست دەكەن پەتایەكی سوكیان هەیە، ئەوانەش 15% كە دەكرێن بە سێ گروپەوە ئەوانیش: - لوتیان تەڕ دەبێت و قوڕگیان دێتەوە یەك - كۆكەیەكی وشكیان لەگەڵدایە - تۆزێك هەناسەی توند دەكات بەڵام مەترسیدار نیە ڤایرۆس خولی تایبەت بەخۆی هەیە دەبێت پێیدا تێپەڕێت، لەماڵەوە پشو بدات، ئەگەر بتوانێت ( ڤیتامین سی، لەگەڵ حەبی ڤیتامینات ، ماگنیوسیۆم لەگەڵ زینگ) ئەمانە بۆ بەرگری لەش باشن ئەمانە بخۆن و پشویەكی بۆ بدەن، ئیتر (10%)ی ئەوەی تۆ دەیبینیت، ئەو كەسانە توشیان دەبێت لەو 10%یە ئەو كەسانە دەمرن، (15%) كە پێویستی بە پزیشك ناكات و پشویەكی دەوێت، واتا 90% پێویست ناكات بچنە لای پزیشك، ئەوەی دەمێنێتەوە لە (10% )كە دەگەنە فۆرمی چوارەمی كە ووردە وردە هەناسەی پێنادرێت، تایەكەشی وەك كوردەواری دەڵێن تای درۆزنە، دێت و دەروات لەپڕ تایەكەی بەرزدەبێتەوەو نایمێنیت، ئەو كەسانە نەخۆشخانەیان پێویستەو یارمەتی هەناسەدانیان پێویستە، لەو (10% )یە لەوانەیە خەڵك بمرێت. بۆ نمونە لە كۆریا لە 100 كەسی توشبوو یەك كەس مردووە، لە ئیتالیا كە دەڵێن نزیكەی (4 هەزار) كەس مردوون، ئەو 4 هەزار كەسە لە 4%ی لە 10%یەكەیە ەاتا لە (10 هەزار) كەس (4 ) كەسێتی) ئەوانەی دەمرن لە ئیتالیا زۆربەیان 80 ساڵ بەرەوژور تەمەنیانەو (99%)یان ئەوانەن جگە لە كۆرۆنا كە نەخۆشی( زەخت، دڵ، سی، جگەرەكێش ) هەبووە. درەو: كەواتا كۆرۆنا بەو شێوەیە مەترسیدارە كە وڵاتان لە ئاستیدا دەستەوەستانن و خەڵكیش توشی دڵە راوكێ و ترس و قەلەقی بووە؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: كۆرۆنا بەو شێوە مەترسیدارە نیە كە خەڵكی بكوژێت، من بە مەترسی نابینم بەڵام بەپێی تەمەنەكان، ئەگەر تۆ كەسێكی نەمەنت لە سەرو 80 ساڵ بێت نەخۆشیت هەبێت مەترسیدارە. تەمەنت سەرو 60 ساڵ بێت و 15 ساڵ جگەرەت كێشا بێت مەترسیدارە، یان نەخۆشی شێرپەنجەت هەبێت مەترسیدارە، ئەو نەخۆشیانەی باسمانكرد هەتبێت بەڵی مەترسیدارە. بەڵام ئەگەر خۆت كەسێكی لەشت ساغ بیت و ئاسایی بێت بەو شێوەیە نیەو مەترسیدار نیە، دوو شت هەیە ئەو ترسەی درووست كردووە بۆ نمونە لە شارێكی وەك نیویۆركدا كە (18ملیۆن) كەسی تیا دەژی تۆ 10%ی خەڵكەكەی بخاتە نەخۆشخانە كە زۆر بەخێرایی بڵاو دەبێتەوە ئەوا دەكاتە سەرو یەك ملیۆنێك كەس هیچ بونیەیەكی تەحتی نیە تەحەمولی ئەوە بكات ئەوە كێشەكەیە، ئەگەرنا ووردە ووردە خەڵكەكە هەر بەرگری پەیدا دەكات بەرامبەر كۆرۆنا، ئەوەی ئیتالیا ئەوەیە كێشەكە بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە خەڵكیكی زۆریش خراوەتە نەخۆشخانە، دەكرێت توشبوو بێت و هەر نەچیتە نەخۆشخانەو لەماڵەوە كەرنتینە بیت واتا 90%ی ئەوانەی توش بوون هەر پێویست ناكات بچێتە نەخۆشخانە، یەكێك لە سیناتۆرەكانی دیارەكانی ئەمریكا (پۆڵ رایەن) كە خۆی پزیشكە پشكنینیان بۆ كردووەو دواتر چووە بۆ وەرزش و لەشجوانی دواتر پێیان وتووە كۆرۆنات هەیە، كە هەر هەستیشی پێنەكردووە كە تەمەنی نزیكەی 60 ساڵ دەبێت ساڵەوەیە. لەبەر ئەوەی مەترسیەكەی بەو شێوەیە نیە بەڵام لە شارێكدا كە ملیۆنێك كەسی تێایدا بێت لەوانەیە فشارێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكان درووست بكات، لەوانەیە فشارەكە وابكات مەترسی درووست بێت و بەهۆی نەبوونی ئامێر كە ئەگەر 4 قەرەوێلەت هەبێت و 50 كەس بێنی بۆ ئامێری هەناسەدان ئەوكاتە مردن زیاد دەكات. درەو: رێشوێنەكانی حكومەتی هەرێم لە چی ئاستێكدایە، ئایا رێوشوێنەكان بە سیستمێكی خراپ و ئیمكانیاتی كەمەوە، لە چی ئاستێكدایە؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: رێو شوێنەكانی حكومەتی هەرێم بۆ روبەرووبونەوەی كۆرۆنا زۆر بە باشی دەبینم، بەتایبەت لە وڵاتێكدا كە سیستەمی تەندروستی باش نەبێت و دراوسێ وڵاتێكی وەك ئێران بێت و سنورێكی زۆری لەگەڵدا هەبێت و پەیوەندی زۆرت لەگەڵ هەبێت و ئەو وڵاتەش كێشەیەكی زۆری هەبێت بە كۆرۆنا، لە تایوانی و سەنگاپورەش بەو شێوەیەی كوردستان كراوە بەڵام بۆ ئەوان ئاسانە سێ لایان ئاوە هۆكارە جوگرافیەكە یارمەتیدەریانەو دراوسێكانیان بەو شێوەیەی ئێران نیە، بۆیە پێویستە دەستخۆشی لە هەرێم بكرێت، لەهەرێم پەیوەندییەكی زۆر لەگەڵ دراوسێكاندا هەیەو سنورەكە وشكانیەو خەڵكی دەتوانێت بە پێی هاتوچۆی پێدا بكات، لە هەرێم بودجەیەكی دیاریكراویش هەیە. لە ئەمریكا سەرۆك داوای ( 2 ترلیۆن دۆلار)ی كرد واتا ( 2 هەزار میارد) دۆلار، هەرچەندە سیناد رەتی كردەوە لەبەر یەك شت، وتیان بەشێكی زۆری بۆ كارگەكان دەچێت بۆ خەڵكی ئاسایی كەمتر دەچێت پێویستە بۆیە هەوڵ بدە پارەكە بەشێوەیەك دابەش بكە كە خەڵكە ئاساییەكەش پارەی بۆ پچێت نەك كارگەكان لە ئیفلاس رزگار بكەیت و پارەیەكی كەم بۆ خەڵكی ئاسایی تەرخانبكرێت. ئەم هەفتەیە بۆ ئەمریكا قورس دەبێت بەڵام رەنگە لە هەفتەی داهاتوودا رێژەیەكی زۆری پێداویستی پزیشكی بەرهەمبهێنرێت كە لە ئەمریكا زیاد بێت و بنێردرێت بۆ وڵاتانی دیكە، چونكە ئێستا بەشێكی زۆری كارگەكانی ئۆتۆمبێل و چەك و تەقەمەنی وەستاون و پێداویستی پزیشكی بەرهەم دێنن. درەو: مرۆڤ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا بكات بەتایبەت تا ئەوكاتەی ڤاكسینی تایبەت بە كۆرۆنا دەدۆزرێتەوە؟ پ.ی.د. ئارام گەڵاڵی: ئەگەر دوور مەودا لە كۆرۆنا بڕوانین، ئەبێت لەوە تێبگەین مرۆڤایەتی لەگەڵیدا خۆی رابهێنێت، ئەمە شتێك نیە بێت و بڕوات، لەهاوین و بەرزبونەوەی پلەی گەرمیدا كەم دەبێتەوە ئەو ڤایرۆسە كە لەگەڵ پژمە دێتە دەرەوە ئەگەر پلەی گەرما بەرزبێت دەبێت بە هەڵم كەمتر دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی كۆرۆنا لە كۆئەندامی هەناسەدایە كاتێك پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە لەبەر ئەوەی كۆرۆنا كۆدێكی پرۆتینیە ئەو كۆدە شكڵو شێوەی دەگۆڕێت بە پلەی گەرمان، بۆ نمونە هێلكەیەك كە دەیكەیت بە هێلكەو رۆن شكڵ و شێوەكەی دەگۆڕێت، گۆشت كە ئەیبرژێنێت ئەو كۆدە پرۆتینیەی كە درووستی كردووە هەمووی تێك دەچێت، كۆرۆناش بە گەرماكە لەبەر ئەوەی لە ئاوی لوت و دەمدایە، لەوێدا فۆرمە سروشتیەكەی خۆی هەیە بەڵام كە گەرمە ئەبێت بە هەڵم ئەو شكڵو شێوەیەی تێك دەچێت، وەك چۆن هێلكەكە بە هێڵكەورۆن تێك دەچێت، واتا راستە لە وەرزی گەرمادا كۆرۆنا كەم دەبێتەوەو گەرما دەتپارێزێت، لەسەرماشدا پرۆسیسی بەهەڵمبوون خاوتر دەڕوات لەبەر ئەوەی زیاتر توشت دەبێت، زیاتر بە پژمەی بەرامبەر دەگوازرێتەوە. هەموو ڤایرۆزێك شوێنی (T)ی هەیە ئەو شوێنەی كە داخڵی مرۆڤ دەبێت و مەترسیدارە ئەم ڤایرۆسە ئەو شوێنە تایبەتەی لێوەی دەچێتە ژوورەوە ( چاوو، لوت) دەم)ە، بۆ نمونە من دەست لە ڤایرۆسەكەش بدەم توشم نابێت تا دەستنەدەم لە دەموچاومەوە، دەستشتن، شتی باشە بۆ خۆپاراستن. لە كۆتاییدا پێش ماڵئاوایی وتی ئەمەوێت شتێكت پێ بڵێم كاری ئێوەی رۆژنامەنووس زۆر گرنگە چاوە بەسەر ئەوانەی بڕیاردەدەن لەبەر ئەوەی میدیای ئازاد بڕبڕی پشتی هەموو ئەم كارانەی ئێمەیە بۆیە جێگەی رێزو سوپاسن. ............................................... پ، ی ،د. ئارام گەڵاڵی مامۆستای كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی هارڤارد - ساڵی 1982 لە سلێمانی لەدایك بووم - 1996 بەهۆی شەڕی ناوخۆوە كوردستانم جێهێشتووە - لە وڵاتی سوید زیاتر خوێندوومە - لە سوید چومە بەشی زانستی - لە سوید لەیەك كاتدا پێنج بروانامەم خوێندووە ( دوو بەكالیۆریۆس، دوو ماستەر، ئەندازیاری)م خوێندووە - ماستەرێكم لەسەر (خۆپاراستن لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە) - ئەو بەشانەی خوێندوومە دۆزینەوەی دەرمانی تازەیە - هەموو بڕوانامەكانم لەبواری پزیشكیدایە - یەكەم دكتۆرام وەرگرت لەسەر ( ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە ناو خەلیەدا روئەدا كە خەلیەكە لە خەلییەكی ئاساییەوە بەرەو شێرپەنجە دەبەن) - زیاتر لێكۆڵینەوەكانم لە بواری (جینات)ە - بڕوانامەیەكیشم لەسەر جینات هەیە (ئەو گۆڕانكارییە جینیانەی كە شێرپەنجە درووست دەكات) - پۆست دكتۆرایەكم بەدەست هێنا لێكۆڵینەوەكانم بەرەو پرۆفیسۆری لەسەر دوو بوار ( پیس بوونی ژینگە لەسەر درووست بونی شێرپەنجە، نمونەكەش كاریگەری پلاستیك لەسەر تەندروستی مرۆڤ) - لە سوید لە هەشت مەجالی جیاوازدا دۆزینەوە(اختراع)م هەیە (شێرپەنجەی جگەر، شێرپەنجەی سی ). - دواتر هاتمە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكا - دەمەوێت زانیاریم هەبێت لە هەموو بەسەكانی شێرپەنجە. - لە هارڤارد دۆزینەوەم لە پرۆستات بووە بۆ پۆست دكتۆرای دووەم - ئێستا یاریدەدەری پرۆفیسیۆرم لە كۆلێجی پزیشكی لە زانكۆی هارڤارد - دۆزینەوەیەكم هەبووە تایبەت لە بواری شێرپەنجەی مێشكی منداڵ - ئێستا وانە بە دكتۆراكان دەڵێمەوە قوتابیەكانم لە زۆربەی وڵاتانەی دونیاوەیە - كەمتر وانە دەڵێمە زیاتر سەرقاڵی توێژینەوەم - پادشای سوید سپۆنسەری كارەكانم دەكات شەهید حەمەسعیدی موهەندیس
بەدواداچون: محەمەد رەئوف " ئیتالیا زۆر شڵەژاوە، بارودۆخەكە زۆر سەختە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە رەنگە ئەمە سەختترین دۆخ بێت كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت" ئەمە قسەی "سالڤۆ تۆسكانۆ" نوسەرو رۆژنامەنوسی ئیتالی هاوپیشەمە كە لە رێگەی چاتەوە گفتوگۆمانكرد سەبارەت بە مەترسیەكانی كۆرۆنا لەسەر ئیتالیا. ساڵی 2016 لە چوارچێوەی بەرنامەی ( IVLP) لە ئەمریكا بۆ ماوەی مانگێك پێكەوە "سالڤۆ تۆسكانۆ" خولی ( رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری)مان بینی، ئەمڕۆ ویستم هەواڵی بپرسم، دوای ئەوەی سەیری ئامارە فەرمییەكانم كرد و بۆم دەركەوت كە ئیتالیا دووەم وڵاتی جیهانە لەروی توشبون و مردن بە كۆرۆنا، نوێترین ئامار (17 هەزارو 660) كەس لە ئیتالیا توشی كۆرۆنا بوون و (هەزارو 266)كەسیش مردوون. بەردەوام لەگەڵ "سالڤۆ تۆسكانۆ" نوسەرو رۆژنامەنووسی ئیتالی گفتوگۆ دەكەین ئەو كەسێكی روخۆش و دەم بەخەندەیە، بەڵام ئەمڕۆ مەترسیەكانی كۆرۆنا لەسەر وڵاتەكەی كاری تێكردبوو، ئەمڕۆ كە هەواڵم پرسی وتی" هاوشێوەی تەواوی هاوڵاتیان منیش لەماڵی خۆمان كەرەنتینەكراوم... دۆخەكە زۆر سەختە.. بەڵام دڵنیام تێیدەپەڕێنین". دەقی گفتوگۆ كورتەكەمان. پرسیار: ئێستا بارودۆخی ئیتالیا لەگەڵ كۆرۆنادا چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: بارودۆخەكە زۆر سەختە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە رەنگە ئەمە سەختترین دۆخ بێت كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت. درەو: ژمارەی ئەوانەی لە ئیتالیا دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون چەندە، چەند كەس مردوون ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: تاوەكو دوێنێ ۱٥ هەزار كەس توشی كۆرۆنا بوون لە ئیتالیا و زیاتر لە هەزار كەسیش بونەتە قوربانی. پرسیار: حكومەت چی كردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: رێوشوێنی بێ پێشینە گیراوەتەبەر، ئیالیا شڵەژاوە، خوێندنگەو بازاڕو دیسكۆ و ریستۆرانتەكان داخراون، داوا لە خەڵك دەكرێت تا دەتوانن لەماڵەكانیاندا بمێننەوە، بەبێ كارێكی پێویست ناتوانیت لەماڵەكەت بچیتەدەرەوە، ئەمە رێوشوێنێكی نائاساییە بۆ راگرتنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمە شێوازێكی دراماتیكییە لە باكوری ئیتالیا بەتایبەتی لە لۆمباردی. پرسیار: دەوترێت هەموو خەڵكی ئیتالیا كەرەنتینە كراون، حكومەت بەم هەنگاوەی دەتوانرێت رێگری لە كۆرۆنا بكات ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: ئەمە خۆپاراستنێكی روكەشە، ئەگەر خەڵك لەگەڵ یەكتر مامەڵە نەكەن، ڤایرۆسەكە ناتوانێت زیاتر بڵاوببێتەوە، ئەمە ئەو شتەیە كە ئێمە لێرە هەوڵی بۆ ئەدەین، هەروەك ئەوەی لە چین كراو سەركەوتوو بو، حكومەت دەیەوێت لەم رێگەیەوە لەماوەی ۱۰ بۆ ۱٤ رۆژدا ئەنجامێكی باشی لەسەرتاسەری وڵات دەستكەوێت. پرسیار: كۆرۆنا مەترسی لەسەر دۆخی ئابوری لە ئیتالیا دروستكردووە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: بەدڵنیایی، بارودۆخەكە زۆر دراماتیكییە، بەڵام لەوباوەڕەدام ئیتالیا تێیدەپەڕێنێت. پرسیار: رێوشێونەكانی جكومەت یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی توش بوون بە ڤایرۆسەكە؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: لەوباوەڕەدام، ئیتالییەكان ئێستا هۆشیارترن، پێدەچێت لەسەرەتاوە هەندێك كاتمان لەدەستدابێت، بەڵام ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە هەفتەی رابردوو لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاش رویدا. پرسیار: ئەی رۆژنامەنوسان و میدیاكان رۆڵیان چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: میدیاكان رۆڵێكی نائاسایی دەگێڕن لە ئاگاداركردنەوەی خەڵكدا، بەدڵنیایی لەبارودۆخێكی وەكو ئێستادا هەواڵی ناڕاست زۆر بڵاودەبێتەوە، بۆیە لێرەدا رۆڵی گرنگی رۆژنامەنوسان دەردەكەوێت بۆ گەیاندنی هەواڵی دروست بە خەڵك. پرسیار: بەبڕوای ئێوە لەم بارودۆخەدا دەبێت رۆژنامەنوسان چۆن كاربكەن؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: رۆژنامەنووسان نابێت ترس بڵاوبكەینەوە، بەڵام لەكاتی گونجاویشدا پێویستە بارودۆخەكە رابگەیەنین. پرسیار: لە ئیتالیا رۆڵی میدیا لەنێوان حكومەت و خەڵكدا چۆنە ؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: هەر كەسە بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەسێت، خەڵك بەدرێژایی رۆژ بەدوای زانیاریدا دەگەڕێن، ئێستاش دوای كەرەنتینەكردنی ملیۆنان كەس لە ماڵەكانیاندا، ئەمە زۆر زیادی كردووە. پرسیار: ئێستا تۆ وەكو رۆژنامەنوسێك چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەیت؟ سالڤۆ تۆسكانۆ: منش وەك هاوڵاتیان لە ماڵكەی خۆمدا كەرەنتینەكراوم و پەیوەستم بە رێنماییەكانەوە، بەڵام بەبۆچونی من تاكە شتێك كە پێویستە رۆژنەمەنوسان لەم بارودۆخەدا بیكەن ئەوەیە راستییەكان بڵێن. ............... ئیتالیا دەكەوێتە باشوری كیشوەری ئەوروپاوە - ژمارەی دانیشتوان: (60 ملیۆن و 507 هەزار) كەسە - روبەری گشتی: (301 هەزارو 338) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە. - سیستمی حوكم: كۆماری پەرلەمانیە - سەرۆك: سێرجیۆ ماتارێلا - سەرۆك وەزیران: جۆزیبی كۆنتی
ئامادەكردنی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف ساڵی 2009 دیپلۆمی باڵای لە كۆرۆنادا بەدەستهێناوەو یەكەم كەس بووە جۆرێكی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەناوی (IB) لە عێراق ئاشكراكردووە، ساڵی رابردووش هەر لە كۆرۆنادا لە زانكۆی لیڤەرپوڵی بەریتانیا بڕوانامەی دكتۆرانی بەدەستهێناوەو بەمدواییە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، چوار توێژینەوەی زانستی لەسەر كۆرۆنا هەیە، وایلێهاتووە هاوڕێكانی بۆ تەنز پێی دەڵێن" بەخوا ئەم كۆرۆنایە دەستی تۆی تێدایە". ئەو دكتۆر (زانا حەمید) پسپوری ڤایروسی كورونایە لە تاقیگەی سەنتەری بەرەنگاربونەوەی كورونا لە پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ نزیكەی (14) كەسی تردا لە سەنگەری پێشەوەی شەڕدان دژ بە كۆرۆنا لە تاقیگەی پشكنینی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی سەرچنار، كە تایبەتكراوە بە كەرەنتینەكردنی ئەو كەسانەی دوچاری كۆرۆنا بوون. ئەو زانیاری وردی لەبارەی كۆرۆناوە هەیە، بەپێی ئەو قسانەی كە بۆ (درەو)ی كرد، كۆرۆنا ڤایرۆسێكە كە لە 1937 دۆزراوەتەوەو ئاشكراكراوە، ڤایرۆسەكە كلاسیكییەكەی كۆرۆنا كە بە "بابە گەورە"ی ئەم ڤایرۆسە نوێیە دەناسرێت، كۆرۆنای مریشكە، واتە لە مریشكو كێلگەكانی پەلەوەر دەداتو لەناویان دەبات، بەپێی بەدواداچونەكانی دكتۆر زانا، ئەم ڤایرۆسە كۆرۆنا كلاسیكییە ساڵی 2017 بڕی (23 ملیۆن) پاوەن زیانی بە ئابوری بەریتانیا گەیاندووە، ئەمەش ئەو زیانە بووە كە بە كێڵگەكانی پەلەوەری كەوتووە، بابە گەورەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڤاكسینی لەناوبردنی دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە توانایەكی بەهێزی هەیە لە خۆگۆڕیندا، بۆیە زۆرجار ڤاكسینەكان كاریگەرییان لەسەر لەناوبردنی نییە. دكتۆر زانا ترسی هەیە، ڤایرۆسە نوێیەكەی كۆرۆنا كە بە "كۆڤید- 19" ناسراوە، هاوشێوەی كۆرۆنای مریشكی لێ بێت، كە لەناو خەڵكدا بە "ئەنفلۆنزای باڵندە" ناوبانگی رۆشتبوو، ئەو دەڵێ ئەو حاڵەتانەی كە بەهۆی كۆرۆنای مریشكەوە دەمردن، دەركەوت ڤایرۆسەكە لە گورچیلەی داونو لەوڕێگەیەوە لەناوی بردون، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هێشتا نازانین "كۆڤید-19" لە چ كۆئەندامێكەوە گورزی مردن لە مرۆڤەكان دەدات. گرنگترین كارێك كە چینییەكان كردیان بەبڕوای دكتۆر زانا ئەوەبووە كە ڤایرۆسی كۆرۆنای "كۆڤید- 19"یان خستوەتە ناو "بانكی جینات"ەوە، چونكە ئەمە رێگەخۆش دەكات بۆ ئەوەی پشكنەرە تەندروستییەكان لە داهاتوودا لێكۆڵینەوەی وردتر لەبارەی ئەو ڤایرۆسەوە بكەن كە ئێستا هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووەو زیانێكی گەورەشی بە ئابوری وڵاتان گەیاندووە. ساڵی 2016 دكتۆر زانا لە بەریتانیا لەچوارچێوەی تاقیكردنەوەكانیدا، ڤایرۆسە كلاسیكییەكەی كۆرۆنای لەسەر خانەی مرۆڤ چاندووە، بۆی دەركەوتووە ڤایرۆسەكە لەتوانایدایە خانەكان بكوژێت، چارەسەری بۆ ڤایرۆسەكە دۆزیوەتەوە، بەڵام وەكو خۆی دەڵێ ئەو چارەسەرەی تەنانەت لەسەر وێبسایتی زانكۆی لیڤەرپوڵ-یش (زانكۆكەی خۆی) دانەناوەو نایەوێت كەس بیبینێت، چونكە دەیەوێت بەهۆی ئەو دۆزینەوەیەوە پۆینتی بڕوانامەكەی وەرگرێت. ئەو لەشێوازی روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسدا پشت بە رێسای رێگریكردن لە بڵاوبونەوە دەبەستێت، نەك چارەسەری كەیسی تاكەكەسی، واتە توێژەرە وەك لەوەی تەنیا كەسێك بێت كە لە تاقیگەیەكدا پشكنین بۆ كەسەكان بكاتو دواتر رایبگەیەنێت كەسێك دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە یاخود نا. دكتۆر زانا هێشتا كاری جددی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ نەكردووە، واتە كاركردنێك بەوشێوە قوڵییەی كە خۆی دەیەوێت، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری دەگەڕێتەوە، هۆكاری یەكەم ئەوەیە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ "كۆڤید- 19" خۆی ڤایرۆسێكی نوێیەو لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە ناوی كەوتوەتە ناوانەوە، هۆكاری دووەمیش ئەوەیە دكتۆر زانا ئێستا لە كوردستانەو لێرە هاوشێوەی بەریتانیا تاقیگەی باشی بۆ پشكنین دەستناكەوێت، ئەو تاقیگانەی كە لە كوردستان هەن، لەڕووی كوالیتییەوە لیڤڵیان (1 و 2)ە، دكتۆر زانا دەڵێ لێكۆڵینەوە لە ڤایرۆسە نوێیەكە پێویستی بە تاقیگەی لیڤڵ (3و 4) هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش لەماوەی 16 رۆژی رابردوودا كە لە كەرەنتینەی سەرچنار لە سلێمانی كاریكردووە، بە هەندێك زانیاری سەرەتایی لەبارەی ڤایرۆسەكەوە گەیشتووە، یەكێك لەو زانیارییانەی كە دەستی دكتۆر زانا كەوتووە ئەوەیە توانیویانە لە سلێمانی ڤایرۆسی "كۆڤید- 19" لە كەسی ساغدا بدۆزنەوە، واتە كەسێك كە هیچ نیشانەیەكی توشبوونی بە ڤایرۆسەكە تێدا نییە لەوانە كۆكە یاخود تا. دكتۆر زانا لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بەناوی دكتۆر (پێشنیار)، پێشنیاری ئەوەیان بۆ بەرپرسانی تەندروستی كردووە، لەدۆخێكی وەكو ئێستادا بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، شێوازی روماڵكردنی گروپ بۆ گومانلێكراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجام بدرێت، ئەم شێوازە ئەوەیە تیمەكە لەبری ئەوەی پشكنین بۆ هەزاران كەس بكات، ئەو كەسانە دابەش دەكات بەسەر چەند گروپێكداو لەناو ئەو گروپانە سامپڵ وەردەگرێت، ئەگەر گومانی دوچاربوون هەبوو، ئەوكات پشكنین بۆ هەموو كەسەكانی ناو گروپەكە دەكات، ئەمە شێوازێكی تایبەتی گەڕانە بەدوای ڤایرۆسدا. دكتۆر زانا گەشبینە، دەڵێ" ئێمە لە قۆناغێكی باشی رێگریكردنداین لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرباری ئەوەی لەڕووی زانستییەوە تێبینیمان لەسەر كەرەنتینەكان هەیە، بەڵام ئەوە باشترین ئۆپشن بوو". گرنگترین كارێك كە لە سلێمانی كراوە ئەوەیە، دكتۆر زاناو هاوڕێكانی توانیویانە توانای پشكنینی ڤاپرۆسی كۆرۆنای "كۆڤید-19" دابمەزرێنن، بەڵام كارە خراپەكە كە ئەوانی توشی نیگەرانی كردووە، گەڕانەوەی خەڵكە بۆ كوردستان بەشێوەی قاچاخ لە دەرەوەی وڵاتەوە. هێشتا چارەسەری سەرەكی ڤایرۆسی "كۆڤید- 19" نەدۆزراوەتەوە، چارەسەرێك كە جیهانیی بێتو هەمووان بتوانن لێی سودمەند بن، بەڵام سەرباری ئەوەش هەر بەو چارەسەرانەی پێشتر بۆ ڤایرۆسەكە دۆزراونەتەوە، توانراوە دۆخی تەندروستی چەندین كەس رزگاربكرێت، دكتۆر زانا كە پشكنینی بەردەوام بۆ دۆخی تەندروستی توشبووەكان دەكات دەڵێ ئەو چارەسەرانە كاریگەرییان هەبووەو چەند نمونەیەكی لەبەردەستدایە كە دۆخیان باشتربووە، واتە نیشانەكانی وەكو كۆكەو تایان تێدا نەماوە. دكتۆر زانا زۆر بە گەشبینییەوە دەڵێ:" ئێمە ئێستا لەوپەڕی قۆناغی كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسەكەداین، ئێمە ئێستا لە قۆناغی هێرشكردنداین بۆسەر ڤایرۆسەكە، ماوەی سێ رۆژە قۆناغی هێرشمان دەستپێكردووە، ئێستا هەموو ئەو كەسانەمان وەرگرتووە كە لە باشماخ كاردەكەن، لەقۆناغی داهاتوودا دێینە سەر ئەو كەسانەی كە لەناو بازاڕەكاندا كاردەكەنو بەركەوتنیان لەگەڵ خەڵكی تردا هەیە". هەندێك دەپرسن ئایا ئەو كۆرۆنایەی كە ئێستا لە كوردستان تۆماركراوە یاخود ئەوەی لە ئێران هەیە، هەمان ئەو ڤایرۆسەیە كە لە چین هەیە، دكتۆر زانا ناتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، چونكە ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیەو دەیەوێت ئەم كارە لەڕێگەی زانكۆی لیڤەرپوڵەوە بكات، بەتایبەتیش ئەوەی پرۆژەكە لەڕووی داراییەوە پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش باسی لەوەكرد، دووجۆر لە ڤایرۆسەكە دەناسرێتەوە یەكێكیان زۆر بەهێزەو ئەوی تر ئاساییە، ئەوەی تائێستا لە كوردستان هەیە شێوە ئاساییەكەی ڤایرۆسەكەیە. هەموو ئەنجامی ئەو پشكنینانەی كە راگەیەندراونو دوچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەلایەن ئەو تیمانەوە ئاشكراكراون كە دكتۆر زاناو هاوڕێكانی كاری تێدا دەكەن، واتە ئەوان رۆژانە لەنزیكەوە كۆرۆنای "كۆڤید- 19" دەبینن، خەڵك خۆی لە ڤایرۆسەكە دەشارێتەوە، ئەمان بەدوای ڤایرۆسەكەدا دەگەڕێن، بەڵام بە دەبڵ كەمامەو عەینەكو جلوبەرگی تایبەتییەوە، لەشوێنی كاركردنیان نەك نان ناخۆن، بەڵكو تەنانەت ئاویش ناخۆنەوەو تەوالێتیش بەكارناهێنن، بۆیە پێش ئەوەی بچنە سەركارەكانیان، بەتەواوەتی خۆیان ئامادە دەكەن، نزیكەی 2 ملیۆن كەس لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەنیا چاویان لەسەر ئەم تاقیگەیەیە، لە كەلارو راپەڕینو هەڵەبجەو لە كەرەنتینەكانی ناو شاری سلێمانییەوە رۆژانە سەدان سامپڵ بۆ پشكنین رەوانەی تاقیگەكەی دكتۆر زاناو هاوڕێكانی دەكرێت. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ ئەوانەی لە ڤایرۆسەكە ئەترسن ئەوەیە، ئەوانەی لە كەرەنتینەكاننو توشبوون، زۆربەیان ئەندامی یەك خێزانن، واتە كەسی نزیكی یەكترنو دەردەكەوێت ڤایرۆسەكە هێشتا چوارچێوەی خێزانی بۆ ناو كۆمەڵگە بەتەواوەتی نەبڕیوە، حاڵەتیش تۆماركراوە كە خەڵك هەڵگری ڤایرۆسەكە بووەو بەبێ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە كراوەو ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا نەماوەو بەردەوامیش پشكنینی بۆ دەكرێت بۆ ئاگاداربوون لە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەكە. تاكە چارەسەرێك كە ئێستا بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای جۆری "كۆڤید-19" بەكاردەهێنرێت، وەكو دكتۆر زانا باسی دەكات ئەو ئەنتی بایۆتیكانەیە كە بۆ زۆر ڤایرۆس دەبن، "ڤایرۆسەكان راستە لەیەكتر جیاوازن، بەڵام لە زۆر سیفەتیشدا لەیەكتر دەچن، هەندێك ئەنتی ڤایرۆس هەیە، ئەو سیفەتە هاوبەشانە بەكاردەهێنێت". دكتۆر زانا گەشبینە بە ئاستی هۆشیاری خەڵك بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە، بەڵام مەترسی گەورەی ئەو ئەوەیە ڤایرۆسەكەیان لەناو كەسانێكدا دۆزیوەتەوە كە لەڕووی تەندروستییەوە ساغنو رەنگە كەسانێكی تر هەبن بەهەمان شێوە هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیشانەكانیان تێدا نییەو كەرەنتینە نەكراون، بیگوازنەوە بۆ كەسانی تر. تاكە كەسێك كە تائێستا لە سنوری پارێزگای سلێمانیو هەرێمی كوردستان دوچاری كۆرۆنا بوبێتو گیانی لەدەستدابێت مامۆستایەكی ئاینی بوو بەناوی "مەلا رەشید"، دكتۆر زاناو هاوڕێكانی پشكنینی كۆرۆنایان بۆ ئەو پیاوە كردووە، ئەو دەڵێ:" ئێمە كە دەستنیشانمان كرد هەڵگری كۆرۆنایە، دوای چەند كاتژمێرێك كۆچی دوایی كرد، رێژەی ڤایرۆسەكە لە جەستەیدا زۆر نەبوو، بۆیە دڵنیانین ئایا بەهۆی كۆرۆناكەوە گیانی لەدەستداوە یاخود نەخۆشی تر". هەندێك دەڵێن ڤایرۆسەكە لە هەوادا نییەو راستەوخۆ بەبەركەوتن دەگوازرێتەوە، هەندێكی تر باسی ئەوە دەكەن لە وەرزی گەرمادا ڤایرۆسەكە نامێنێت، دكتۆر زانا هیچ یەكێك لەم چیرۆكانە پشتڕاستناكاتەوە، ئەو دەڵێ كاتێك ڤایرۆسەكە نامێنێت كە هەڵگرانی ڤایرۆسەكە نەمێنن. مانەوە لە ماڵەوەو تێكەڵنەبوون لەگەڵ قەرەباڵغی، هەروەها بەكارهێنانی جێڵی كحول بۆ پاكژكردنەوەی دەستو پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكانی ترەوە، بەڕای دكتۆر زانا رێگای سەرەكین بۆ روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە.
(درەو): تەمەنی هەڵكشاوە، بەڵام هێشتا لەسەر گەنجەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەژماردەكرێت، بەمدواییانە پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی وەرگرت، دامەزراوەیەك كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەدا، ماوەیەك بوو بەڵێنیدابوو گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ (درەو) بكات، بەڵام كاتو شوێنی دیدارەكە دیاری نەكرابوو، دواجار دوێنێ بە هاوڕێیەتی بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی سەردانی (درەو)ی كردو گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكەمان تۆماركرد، لەو گفتوگۆیەدا عەدنان عوسمان وەڵامی پرسیارەكانی (درەو) دەداتەوە لەبارەی، پێگەو پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەتو دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەكەو بابەتی تەوریسی سیاسیو پێگەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراقو پرسی گەندەڵیو دۆسیەی نەوتو ئەدای كاری وەزیرو بەرپرسەكانی گۆڕان لە حكومەت. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: سازدانی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف درەو: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە چەند رۆژی رابردوودا وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەت، چی تازە هەیە لەوبارەیەوە ؟ عەدنان عوسمان: كۆبونەوەكە بۆ دوو مەبەست بوو، مەبەستی یەكەم پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی هەردوولا، مەبەستی دووەم قسەكردن لەبارەی دواكەوتنی ئیستحقاقاتی گۆڕان لە كابینەكە، هەوڵدان بووە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت كە روویداوە هەروەها دواكەوتنی پڕكردنەوەی پۆستەكان. درەو: جڤانی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێوە سكرتێری ئەو جڤاتەن ماوەی مانگێك دەرفەتی بە رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن داوە بۆ ئەوەی پرسی پۆستەكانی حكومەت لەگەڵ پارتی یەكلابكاتەوە، ئەگەر لەو مانگەدا پۆستەكان یەكلانەبوونەوە جڤات بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرێت ؟ عەدنان عوسمان: بەدڵنیایی دوای ئەوەی پۆستەكانمان بۆ دیاری ئەكرێت، لەبەرئەوەی تائێستا هەندێكی دیاری نەكراوە، بەتایبەتی راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان، كە دیاری بكرێن، ئێمە بای ئەوە سیڤیمان لایە كە بتوانین لەماوەی هەفتەیەك بۆ 10 رۆژدا یەكلایی بكەینەوە. درەو: هەڵسوڕاوەكانتان زۆر رەخنەیان هەیە لەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەتان لەگەڵ پارتی وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئەگەری كشانەوە لە حكومەت لای ئێوە ئەگەرێكی كراوەیە یاخود ئەمە تەنیا وەكو كارتی فشار لەسەر پارتی بەكاردەهێنن ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، ئێمە لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی پەشیمان نین، پێمانوایە كارێكی زۆر باشی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو كە ئەو رێككەوتنەی كرد، بەنیسبەت پرۆسەی سیاسی لە كوردستانو بە نیسبەت خودی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە كە كۆمەڵێك موئامەرەو كۆمەڵێك نیازی خراپ بەرامبەری هەبوو، پێمانوابوو ئەوە گرنگە، ئەو رێككەوتنە بۆ كاتی خۆشی گرنگ بووەو بۆ پرۆسەی سیاسیش لە كوردستاندا ئێستاش گرنگە، ئێستا پابەندی ئەو رێككەوتنەین، بەڵام دەمانەوێت ئەو رێككەوتنە لەو چوارچێوەیەدا كە كاری لەسەر كرا، كە رێككەوتنێك بوو لەپێناو چاكسازیو چاكەی گشتیدا، كاری لەسەر بكەین. درەو: وەڵامەكەمان وەرنەگرت، واتە ئەگەری كشانەوە لە حكومەت ئەگەرێكی بەهێزە یان نا ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە ئەوەی زۆر كاری لەسەر دەكەین مەسەلەی بەرنامەی حكومەتو ئەو رێككەوتنەیە كە كردومانە، تائێستا هەردوو لایەنەكەی تر كە شەریكن لەگەڵماندا پابەندن بەو رێككەوتنەو دەیانەوێت كاری لەسەر بكەن، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەم قسانە لە بواری كرداریدا ببینین، ئێمە ئێستا هەڵسەنگاندنمان كردووە بۆ ئەم ماوەیەی رابردوو، دواتریش بۆ ماوەی داهاتوو بە هەمانشێوە هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەكەین، سەیری ئاڕاستەی حكومەتەكە ئەكەین، ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدایە ئێمە پابەند ئەبین بەو رێككەوتنەوە. درەو: ئەی ئەگەر بەو ئاڕاستەیەدا نەرۆیشت ؟ عەدنان عوسمان: ئەوكاتە قسەی خۆمان دەبێت. درەو: باسلەوە دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دوو كەس لەوانەی كە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتەكان كاندیدتان كردوون دەستبەكاردەبن، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ راستە. درەو: ئەم دوو پۆستە لەوانەن كە ئێستا لای پارتین ؟ عەدنان عوسمان: ئەو دوو پۆستە لای پارتین وەریاندەگرین، ئێمە چاوەڕێمان دەكرد كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی بكرێت لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕان، بۆ یەكلاكردنەوەی هەموو ئەو پرسانەو جەختكردنەوە لەسەر پابەندبوون بە بڕیارەكانی حكومەتو پرۆسەی چاكسازیو بە هەرسێ لایەنەوە پشتگیری هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەت بكەین، ئەم كۆبونەوەیە بەهۆی وەزعی یەكێتییەوە تائێستا نەكراوە، بۆیە ئێمە ئەو كۆبونەوەیەمان لەگەڵ پارتیدا كرد، بۆئەوەی لانی كەم ئەو پشكانەی گۆڕان كە دەكەونە لای پارتی، یەكلای بكەینەوە. درەو: واتە دەستان لەو پۆستانە شتووە كە لای یەكێتین ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، یەكێتی خۆیشی دژ بەوە نییە ئەو پشكانە بەر گۆڕان بكەون، چونكە ئەوە بەشێكە لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنو رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام هەر ئەوەیە كە یەكێتی ئێستا ئەڵێن ئێمە سەرێكمان نییە، هەیئەیەكی قیادیمان نییە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم پرسانە، ئێمەش چاوەڕێین. درەو: بەڵام ئێوە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتتان لەگەڵ پارتی كردووە وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، نەك یەكێتی ؟ عەدنان عوسمان: كە حكومەتەكە لە دوو قۆڵییەوە بوو بە سێقۆڵی، حەتمەن ئەوكاتە پێویست بەوە ئەكات پێداچونەوە بە هەموو پۆستەكاندا بكرێت، بە پشكی پارتیو یەكێتیو گۆڕانیشەوە. درەو: باست لەوەكرد لای پارتییەوە كێشەیەكی ئەوتۆ نەماوە، بەڵام بەمدواییە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەڕێگەی وتەبێژی حكومەتەوە ناڕەزایەتی لەسەر لێدوانێكی چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەربڕی، مەسرور بارزانی ڤیتۆی داناوە لەسەر چالاكی موهەندیس دەڵێ نابێت لە حكومەت هیچ پۆستێك وەرگرێت، لە كۆبونەوەكەتان لەگەڵ پارتی، كێشەی چالاكی موهەندیستان باسكردووە، ئایا گۆڕان كاندیدبوونی بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكاری وەزارەتی شارەوانی دەكێشێتەوە ؟ عەدنان عوسمان: لەو كۆبونەوەیەدا هیچ باسێكی چالاكی موهەندیس نەكراوە، هیچ ڤیتۆیەك لەسەر كاك چالاكی موهەندیس نییە، قسەكەی خراپ تەئویل كراوە. درەو: ئێستا ئێوە كاندیدبوونی چالاكی موهەندیس دەكێشنەوە یاخود نا؟ عەدنان عوسمان: نەخێر نایكێشێنەوە، داواشمان لێنەكراوە بیكێشینەوە. درەو: بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ پارتی كردتان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەبوو (67) پۆست وەرگرن، بەڵام تائێستا تەنیا (5) پۆستتان وەرگرتووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازیو پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانو راوێژكارەكانو پۆستی نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی كەی پڕدەكەنەوە ؟ عەدنان عوسمان: راستییەكەی كێشەكە ئەوەیە، پارتی هەر لەسەرەتاوە رەئی وابوو كە ئێمە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی وەربگرین، ئێمە پێمانوابوو ئەو یاریدەدەرە پۆستێكی گرنگەو ئەو پرسە گرنگەی كە ئێمە بەهۆیەوە بەشداریمان لە حكومەت كردووە لەو پۆستەدا بەرجەستە دەبێت، بۆیە داوامان كرد یاسایەكی هەبێتو چوارچێوەی ئیشەكانیو هەیكەلیەتی دەزگاكە دیاری بكاتو دەسەڵاتەكانی دیاری بكاتو بزانرێت لەگەڵ كێ كۆنتاكی هەیە، پەرلەمان یان حكومەت یان دەستەی نەزاهە، بۆیە ئەم مەسەلەیە دواكەوت بۆ ئەوەی یاسای بۆ دەربكرێت، لەم كۆبونەوەیەی كە لەگەڵ پارتی كردمان، ئیتیفاق لەسەر ئەوەكراوە كە ئێمە رەشنوسی یاسایەك ئامادە بكەینو دواتر گفتوگۆی لەسەر بكرێتو بڕیاری لەسەر بدرێت، دوای ئەوە ئێمە كاندیدەكەمان ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، دوو پۆست بە نیسبەت ئێمەوە گرنگە، یەكێكیان ئەم پۆستەیەو ئەوی تر سندوقی داهاتە نەوتییەكانە، بۆ ئەوەش لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دوای پەسەندكردنی ئەو رێوشوێنانە، ئێمە ناوی هەردوو كاندیدەكە رادەست ئەكەین. درەو: وا وێنا دەكرێت بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا لەبەر وەرگرتنی هەندێك پۆست چوەتە حكومەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لەدواین كۆبونەوەتاندا لەگەڵ پارتی باسی بابەتی چاكسازیتان كردووەو وەفدی پارتی داوای لێكردوون پرۆژەی خۆتان لەوبارەیەوە پێشكەش بكەن، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە پێشتریش پاكێجی چاكسازیمان هەبووە لە زۆر بواردا، لە بواری پێشمەرگە، بواری ئەمنی، بواری نەوتو بوارە جۆراوجۆرەكان، ئێستا نیەتێكی باش هەیە لە هەردوولا تەنانەت لەلای یەكێتیش بۆ ئەوەی بتوانین كار لەسەر ئەو بابەتانە بكەین، ئێمە چاوەڕێی دەستەی چاكسازین، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەوێ هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ ئەوەی ئەو پاكێجانە پێكەوە پێشكەش بكرێتو بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەكو باسم كرد چاوەڕێی دەسەڵاتەكانی ئەو دەستەیە دەكەین، چونكە دەبێت چاكسازییەكان لەڕێگەی ئەو دەستەیەوە بكرێن، ئەو دەستەیە فۆرمەڵەی چاكسازییەكان دەكاتو ئەولەویەتی چاكسازییەكان دیاری دەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەوەی زۆر لامان گرنگە پرۆسەی چاكسازییەكەیە، چونكە ئەوە لە قازانجی خەڵكی كوردستانە. درەو: بەمدواییە لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەك بەناوی چاكسازی پەسەندكرا، ئەمە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی ئێوە نەبوو، بەڵام بەرگریتان لێكرد، یاساكە تێپەڕی، بەڵام هێشتا لە ئاستی خواستی هاوڵاتیاندا نییە، ئێوە چۆن چاكسازییەكتان دەوێت ؟ عەدنان عوسمان: جا بە هەندێك شتتان بۆ راستبكەمەوە، ئێمە پێشتر لە هەدروو خولەكەی پەرلەماندا پرۆژەی چاكسازیمان هەبووە. درەو: ئێمە بەدیاریكراوی باسی ئەو پرۆژە چاكسازییە دەكەین كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا ؟ عەدنان عوسمان: لە خولی رابردوودا پرۆژەیەك پێشكەش كراوەو دواتر هەڵایەكی لەسەر دروستبووەو سەحب كراوەتەوە، كە هەر ئەم پرۆژەیەیەو هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەمە پرۆژەی چاكسازی نییە، پرۆژەی چاكسازییە لە موچەو خانەنشینی، ئەگەر رێژەی بۆ دابنێت لەوانەیە 10%ی پرۆژەی چاكسازی بێت، پرۆژەی چاكسازی ئەبێت لە بواری پێشمەركەدا بكرێت لە بواری ئاسایشو لە بواری دادگاكانو كەرتی ئابوریو پەروەردەو هەموو بوارەكانی تردا بكرێت كە پێویستیان بە چاكسازی هەیە، لە موچەخۆرو لە بندیوارو دنیایەك پرسی گرنگ هەن كە دەبێت كاری چاكسازییان تێدا بكرێت كە ساڵانێكی دورو درێژە كاری وێرانكارییان تێدا كراوە، ئەمە كە پێشكەشكراوە، ئێمە پێش ئەوەی رەشنوسەكەی بڕواتە پەرلەمان داوامان كرد كە بەڕوونی بوترێت ئەمە بەشێكە لە هەنگاوە بەردەوامەكانی چاكسازیو فیعلەن لە بەیاننامەی حكومەتدا كە یاساكەیان نارد ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەمە بەشێكە لە پرۆژەیەكی بەفراوانو هەنگاوی گەورەتر بۆ چاكسازی، بۆیە ئەمە بەشێكە، پرۆژەی چاكسازی نییە. درەو: ئێوە ئەو سەردەمەی كە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێزبوون بەردەوام باستان لە ناشەفافی دۆسیەی نەوت دەكرد، ئێستا پۆستی وەزارەتی دارایی لای ئێوەیە، وەزیرەكەتان ئاگاداری دۆسیەی فرۆشو داهاتی نەوتە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە دێتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە بەڵێ وەزیر ئەزانێت. درەو: واتە بەشێكی تری داهاتی نەوت هەیە كە نایەتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. درەو: واتە ئێوەش ئاگاداری ئەو بەشەی داهاتی نەوت نین ؟ عەدنان عوسمان: كەس ئاگاداری نییە، ئێستا هەر لەم زۆنە ئەوە پرسی نەوتە، ئەوە پرسی غازە، ئەو پرسی دەروازە سنورییەكانە كە بە ئاشكرا قاچاخچێتی تێدا دەكرێتو دەستەو باند هەیە، خۆ ئەمانە ئەگەر دەستێكی گەورەیان لە پشت نەبێت ناتوانن ئەو كارانە بكەن، ئەوەی بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە شەفافیەتە لە سەرجەم داهاتەكانی نەوت لە هەر شوێنێكی كوردستاندا دەبێت بێتە ناو سندوقی داهاتەكانەوەو وەزارەتی داراییش ئاگادار بێتو وەزارەتی دارایی لەلایەن ئەو سندوقەوە تەمویل بكرێت، تائێستا سندوقەكە دروستنەكراوە، ئەو یاسایە لە 2018وە دەركراوە، بەڵام تائێستا دروستنەكراوە. درەو: ئێستا بە دیاریكراوی ئەتەوێت بڵێی وەزیری دارایی ئاگاداری داهاتی نەوت نییە ؟ عەدنان عوسمان: وەڵا ئەوە ئەبێت لەخۆی پرسیار بكەن. درەو: لەدواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەدای كاری وەزیرەكانتان كرد، لەوێ لە وەزیرتان نەپرسی ؟ عەدنان عوسمان: من بەشداری ئەو دانیشتنەم نەكرد، نازانم. درەو: ئێستا ئێوە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداری فرۆشو داهاتی نەوتن ؟ عەدنان عوسمان: ئەمە قەوانێكی كۆنە، لە زەمانی عیماد ئەحمەدەوە پرسیار ئەكرێت ئایا ئێوە ئاگاداری داهاتی نەوتن، هەمان شت بە قوباد تاڵەبانی ئەوترا، ئەم قەوانە ئەبێت كۆتایی پێبهێنرێت، ئەو سندوقە دەبێت دروستبكرێتو سەرجەم داهاتەكان بڕواتە ناو ئەو سندوقەوە، ئیتر ئەبێت كۆتایی پێبێت كە كێ ئاگادارەو كێ ئاگادار نییە، ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین بەڵێ رێژەیەك دێتە ناو خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام رێژەیەكی تر بەهەدەر ئەدرێت لە نەوتو لە غازدا، ئێستا ئەو شەڕەی كە لەسەر غاز هەیە چییە، شەڕی عیساباتو دەستەیە كە لە دەرەوەی یاساو دامەزراوەكانی حكومەت شەڕ لەسەر قوتی خەڵك ئەكەن، ئەوەی لە گومرگەكاندا روئەداتو ئێمە هەزارجار فراكسیۆنەكەمان رونكردنەوەی داوە بەهەمان شێوە هەوڵدانە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك لە داهاتەكان بۆ كەسو حزبو لایەن بێتو نەچێتە ناو حەزێنەی دەوڵەتەوە. درەو: هەندێك لە پەرلەمانتارەكانتان بەمدواییە باس لە گەندەڵیو قاچاخچێتی دەكەن لە مەرزەكان، بەشی هەرەزۆری ئەو پۆستانەی كە پەیوەندیدارن بە كاری مەرزەكانەوە ئێستا لای بزوتنەوەی گۆڕانن، لەوانە بەڕێوەبەرایەتی مەرزو گومرگی پەروێزخانو باشماخ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی، پارێزگاری سلێمانی، بۆچی چارەسەری دۆخی مەرزەكان ناكەن ؟ عەدنان عوسمان: پرسیارێكی جوانە، جا ئەوە یەكێكە لە ئاماژەكان لەوەی هێشتا موئەسەساتی حكومەتی دروستنەبووە كە ئێمە زۆر جەختی لەسەر ئەكەینەوە، هێشتا دوو ئیدارییە، لەوانەش چەندین ئیدارەیی هەبێتو لە هەر ناوچەیەكدا ئیقتاعیەتێك هەبێتو كەسێكو لایەنێك دەستی بەسەردا گرتبێت، ئەمە نیشانەی لاوازبوونی موئەسەسەی حكومییە كە ئێمە كارمان لەسەر كردووە، چ وەزیرەكەمان وەزیری دارایی، چ فراكسیۆنەكەشمان پرۆژەیان پێشكەش كردووە بۆ حكومەتو هەوڵیشیان داوەو رەزامەندیش نیشاندراوە، بەڵام وەك ئەزانین دوو هێزی باڵادەست كە هێزی چەكدارییان هەیەو دادگایان هەیەو داواكاری گشتییان بەدەستەوەیە، ئەوە ئەو دوو هێزەیە كە هێشتا هەنگاوی عەمەلییان بۆ ئەو مەسەلەیە هەڵنەناوە. درەو: بۆچی تۆپەكە هەڵدەدەیتە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بەپێی زانیارییەكان، ئێوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لیژنەیەكتان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرو بەرپرسەكانتان دروستكردووە، ئێوە لێكۆڵینەوەتان كردووە لە ئەگەری ئەوەی رەنگە بەرپرسانی خۆشتان لەو مەسەلانەدا تێوەگلابن، بەتایبەتی كە بەمدواییەدا بەرپرسێكی سەربە ئێوە لە مەرزی پەروێزخان دەستبەسەركراو گومانی تێوەگلانی هەیە، تۆڕی ئەو لیژنەیەی كە ئێوە دروستتان كردووە تائێستا هیچ ماسییەكی گرتووە ؟ عەدنان عوسمان: جارێ ئەوەی پەروێزخان لەسەر گەندەڵی نییە، لەسەر دۆسیەیەكی ترە كە جێبەجێ نەكردنی بڕگەیەكی یاساییە كە وەزارەتی دارایی بەرپرسە لێی نەك بەرپرسەكەی ئێمە، ئەمە یەك، دووەم ئێمە باسمان كردووە، راگەیاندن ئەتوانێت دۆسیەی گەندەڵی هەر بەرپرسێكی ئێمە بڵاوبكاتەوەو ئێمە لەبەر رۆشنایی ئەوەدا لێكۆڵینەوە دەكەین. درەو: ئێوە چاوەڕێی ئەوەن راگەیاندنەكان دۆسیەكانیان بڵاوبكەنەوە؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. چاوەڕێی دیوانی چاودێرین، چاوەڕێی راگەیاندنین، چاوەڕێی دەستەی نەزاهەین، چاوەڕێی هەڵسوڕاوەكانی خۆشمانین، داوامانكردووە لە هەر شوێنێكدا هەر بەڵگەیەك، پارچە وەرەقەیەك، كاغەزێك لەسەر گەندەڵی هەر بەرپرسێكی ئێمە هەیە لە هەر ئاستێكدا هەیە، بیگەیەنن بە ئێمە. درەو: تائێستا لیژنەكەتان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كەسدا كردووە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ. ئێمە بەردەوامین، بەڵام بەگوێرەی دیكۆمێنت، واتە هەر لە خۆتەوە لەسەر گومان نا، دۆیكۆمێنتمان لەبەردەستدا بێت هەر كەسێك بێت لە هەر پۆستو هەر ئاستێكدا بێت ئێمە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەینو بڕیاریشی لەسەر ئەدەین. درەو: ماوەیەكە بەردەوام یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی تاوتوێكردنی پرسی سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانییە، بەدیاریكراوی كەی كۆنفرانسی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت ؟ عەدنان عوسمان: هێشتا كاتێكی دیاریكراومان دانەناوە، بەڵام بەنیازین هەر لەگەڵ دەستپێكردنی كەناڵە تەلەفزیۆنییە تازەكەماندا بیكەین، لە ئێستاوە خەریكی ئامادەكارین بۆ كۆنفرانسەكە، كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان كێشەیەكی گەورە نییە بە نیسبەت گۆڕانەوە، گرنگە بكرێت، دواكەوتووە، ئەوە بەڵێ راستە، گرنگە بكرێت، من خۆم لەگەڵ ئەوەم هەموو ساڵێك بكرێت، چونكە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا ئێمە سەركردایەتی هەڵنابژێرین، رێكخەر هەڵنابژێرین، كێشەیەكمان نییە، ئێمە زۆرتر لەسەر بەرنامەو لەسەر پەیڕەو قسە ئەكەین، بۆیە كێشەیەكی زۆر گەورە نییە، دواكەوتووە، زۆرم پێ خراپە كە دواكەوتووە، بەڵام لە ئێستاشدا كە دواكەوتووە چاوەڕێی ئەوە ئەكەین كەشوهەوایەك بێت كە گۆڕان بباتە قۆناغێكی ترەوە. درەو: تا كۆتایی ئەمساڵ كۆنفرانسی نیشتمانی ئەكرێت ؟ عەدنان عوسمان: بەدڵنیاییەوە تاوەكو ناوەڕاستی ئەمساڵ ئەكرێت. درەو: باسی پەیڕەوت كرد، لە فەرهەنگی ئێوەدا پەیڕەو ناوی لێنراوە "دەستوری ناوخۆیی"، بڕیارە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا هەندێك گۆڕانكاری لە دەستوریی ناوخۆیدا بكەن كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەی نوسیویەتییەوە، ئەو بابەتانە چین دەتانەوێت گۆڕانكاری تێدا بكەنو پێتانوایە بۆ قۆناغی ژیانی ئێستا بزوتنەوەكە لەبارە نین ؟ عەدنان عوسمان: من ناتوانم پێتان بڵێم، چونكە لیژنەیەكمان پێكهێناوە، ئەو لیژنەیە پێداچوونەوە بە دەستورەكەو بەرنامەو دروشمەكاندا ئەكات، كاتی خۆیشی كە ئەم دەستورە دانراوە، وا دانراوە كە لە هەموو كۆنفرانسێكی نیشتمانیدا پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، ئێمە لەم كۆنفرانسەدا پێداچوونەوە ئەكەین لەوەی لە چ خاڵێكدا كورتمان هێناوەو لە چ خاڵێكدا باشمان هێناوە، پێویستمان بە چ ئۆرگانێكەو پێویستمان بە چ ئۆرگانێكی تر نییە، دەسەڵاتی كۆنفرانسە كە هەموو گۆڕانكارییەك لە دەستورەكەدا بكات، بەڵام شێوازی ئیشكردنی گۆڕان بەم شێوازەی ئێستا، بەم سیستمەی ئێستا، واتە بڕبڕەی پشتی ئیشكردنی گۆڕان لەڕووی رێكخراوەییو ئۆرگانەكانەوە كە ئێمە پێمانوایە ئاسۆییە، دەستكاری ناكرێت. درەو: ئەمە هۆكارەكەیە كە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان تائێستا نەكراوە لەكاتێكدا بەپێی دەستوری ئێوە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان لە پێش هەموو كارەكانی ترەوەیە ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. هێشتا یەكلانەبووەتەوە، ئێمە چاوەڕێی ئامادەسازییەكان دەكەین، هەنگاوی یەكەم تۆماری دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەو تۆمارانە ئەبێت ساغبكرێتەوە، بزانین كێمان لەگەڵدا ماوەو كێمان لەگەڵدا نەماوە، كێ رۆیشتووەو كێ هاتوەتە ناو ریزەكانمانەوە، ئەو تۆمارە كە چاككرا، لەسەر ئەساسی ئەو تۆمارە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەكرێت. درەو: هەڵبژاردنی مەكۆكان كەی دەكرێت، دوای كۆنفرانسی نیشتمانیی؟ عەدنان عوسمان: ئێستا ئێمە سەرقاڵی ئەوەین ئەو تۆمارە ئامادە بكەین، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەكرێت، شەش حەوت لیژنەمان پێكهێناوە بۆ گەڕان بەسەر هەموو شارەكانی كوردستاندا، ئەمە لەوانەیە شتێكی تازە بێت، شەش حەوت لیژنەیە، خانەی راپەڕاندنو ژووری پەیجوری سەرپەرەشتی ئەكەن، بە هەموو شارو قەزاكانی كوردستاندا ئەگەڕێنو ئەو تۆمارانە ساغ ئەكەینەوە، دوای ئەوە كۆنفرانسی قەزاكانو ناوچەكان ئەكەین، لەدوای ئەوەش كۆنفرانسی نیشتمانی ئەكەین. درەو: زانیارییەكان باسلەوە دەكەن دەتانەوێت گۆڕانكاری لە باژێڕوانی مەكۆكاندا بكەنو پێكهاتەی جڤاتی نیشتمانی نوێ بكەنەوە، بەڵام هەندێك لە باژێڕوانەكان ئامادە نین شوێنەكانیان بۆ كەسانی تر چۆڵ بكەنو دەیانەوێت جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە ؟ عەدنان عوسمان: ئەو زانیارییانە زۆر پێچەوانەی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕانە، جا نازانم لە كوێ هێناوتانە، دەستورەكە تەحدیدی كردووە هیچ باژێڕوانو ئەنجومەنی قەزایەك لە دوو خول زیاتر كە هەر خولێك دوو ساڵە، ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە، تا دەستورەكە نەگۆڕدرێت ناتوانن، بۆیە بەشێكی زۆر لە باژێڕوانەكان كە ماوەیەكی زۆرە باژێڕوانن، یان ئەنجومەنی قەزاكانو بازنەوانەكان ئۆتۆماتیكی لادەچنو ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە، ئەوە پەیوەندی بەوەوە نییە كە من پێمخۆش بێت یاخود نا، ئەو شێوازەی كە كاك نەوشیروان بۆ جڤاتەكەو بۆ پەیكەرەی رێكخستنی بزوتنەوەی گۆڕان داناوە، بەردەوام لە تازەبونەوەدایە، بۆ نمونە خانەی راپەڕاندن بۆ سێ خول زیاتر ناتوانێت كە هەر خولێك دوو ساڵە، باژێڕوانەكانیش بەهەمان شێوە، جڤاتی نیشتمانی بەردەوام خۆی تازە دەكاتەوە، چونكە هەندێك باژێڕوانو بازنەوانمان هەیە بەگوێرەی دەستورەكە ناتوانن خۆیان كاندید بكەنەوە. درەو: ئێوە بەمدواییە دوای هەڵبژارنی خانەی راپەڕاندن پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانیتان وەرگرت، ئێوە لەسەر گەنجەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەژماردەكرێن، ئێستا ئێوە كە سەرۆكایەتی جڤاتی نیشتمانی دەكەن ئەدای جڤاتەكە بەبەراورد بە پێشتر چ گۆڕانكارییەك تێیدا رویداوە ؟ عەدنان عوسمان: لە دنیای حزبایەتیو دەوڵەتداریدا دوو شت هەن، تۆ كە لە ئۆپۆزسیۆنیت قسەی ترت هەیە، بۆچوونو خەونو خەیاڵی ترت هەیە، كە ئەچیتە ناو دەسەڵاتەوە سنوردار ئەبێت، لەبەرئەوەی هەمووی ئەچێتە چوارچێوەی فاكتو كاركردنەوە، واتە تۆ كە بەڵێنێكت دا ئەبێت جێبەجێی بكەیت، لە حزبایەتیشدا بەهەمان شێوەیە، تۆ كە لەناو پۆستەكەدا نیت تەسەوراتو دنیابینییەكت هەیە، كە ئەچیتە ناو پۆستەكەوە كار لەسەر ئەوە ئەكەی ئەو دنیابینییە چۆن جێبەجێ ئەكەیت. ئێمە لە كوردستاندا كێشەیەكی گەورەمان هەیە، نەك هەر لەناو گۆڕاندا، لەناو هەموو حزبەكاندا، كێشەیەكمان هەیە كە من ناتوانم ناوی بنێم كێشەی گەنجو پیر، كێشەی ستایلێكی كۆنە لەگەڵ ستایلێكی تازە، ستایلێك كە قاچێكی لەناو رابردوودایە، قاچێكی لەناو حزبی مەركەزیدایە، قاچێكی لەناو پێش راپەڕیندایە، قاچێكی لەناو خەباتی شاخو ماندوبوونو پێشمەرگایەتیو ئیستحقاقی شۆڕشگێڕانەدایە، ئەم جیلەی تریشمان قاچێكی لەناو دنیایەكی تازەدایە لە دوای راپەڕینەوە، قاچێكی لەناو دەوڵەتدارێتیو موئەسەسەو بوون بە دامەزراوەی حكومیو پەرلەمانیدایە، ئەو جیلەی تر ئەوەندە لە رابردوودا ئەژی، ئەوەندە خەونی داهاتووی نییە، جیلە تازەكە ئەوەندە لە داهاتوودا ئەژی، ئەوەندە خەونی رابردووی نییە، ئێمە گۆڕان كە دروستبوو، وەكو حزبێكی گەنجانە دروستبوو، لەبەرئەوەی گۆڕان ویستی دابڕان بكات لە رابردوو، كێشەی نەبوو كە تۆ رابردووەكەت ئاڵای شۆڕشە، كۆمەڵەیە، ئیسلامییە، یەكگرتووە، شیوعییە یاخود چییە، گرنگ ئەوەیە ئێستا بەبەرنامەی گۆڕان رازیتو بیر لە ئایندە ئەكەیتەوە، بیر لە سیستمێكی تازەو جیاواز ئەكەیتەوە بۆ ئایندە، ئەمە بەنیسبەت ئێمەوە گرنگ بوو، بۆیە گەنج بوشداربوو تێیدا، پیر بەشداربوو، ئەم ململانێیە لە كوردستاندا هەر ئەمێنێت، ساڵانێك ئەخایەنێت تاوەكو وردە وردە ئەو نەوە تازەیە یاخود ئەو عەقڵو شێوازە تازەیە بەتەواوەتی دەسبگرێت بەسەر حزبی سیاسیدا لە كوردستاندا. درەو: ئێمە پرسیارەكەمان لەسەر ئەدای جڤاتی نیشتمانی بوو، پێشتر ئەگەر رەخنەیەك هەبووبێت لەوە بووە كە جڤات رۆڵی وەكو پێویست نییە، ئێستا كە ئێوە بوون بە سكرتێری جڤات دۆخەكە وەكو خۆیەتی، لەسەردەمی ئێوەدا تەنانەت جڤات نەیتوانی ناوی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان یەكلابكاتەوەو دەسەڵاتی خۆی بەخشی بە رێكخەری گشتی ؟ عەدنان عوسمان: ئەو زانیارییە دروست نییە، لەبەرئەوەی لە پێش ئەم جڤاتو خانەی راپەڕاندنە تازەیەوە ئەو بڕیارە درابوو كە هەموو پۆستەكان رێكخەری گشتی كاندیدەكانی یەكلابكاتەوە، برادەرانی جڤات خۆیان ئەو بڕیارەیان دابوو كە دەسەڵاتەكەیان بدەن بە رێكخەری گشتی، نەك لە سەردەمی ئێمەدا، لەسەردەمی ئێمەدا جڤات ئێستا رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیەو پێشتریش هەر رۆڵی هەبووە، ئێستا هیچ بڕیارێك بەبێ رەزامەندی جڤاتو بەبێ گفتوگۆكردن لەگەڵ جڤات تێناپەڕێت. درەو: جڤات یاخود سكرتێری جڤاتەكە كە ئێوەن ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر، جڤات، سكرتێر ئیدارەی كۆبونەوەكان دەدات، خانەی راپەڕاندن بڕیاریان لا نییە، بڕیار جێبەجێ دەكەن، بڕیار نادەن، جڤات بڕیار دەدات، تائێستاش وا هەڵمانداوەو واشمان كردووە، هەربۆیە كۆبونەوەی جڤات جاری وا هەیە ئەجێندایەكی دورودرێژی بۆ دائەنێین، بۆ ئەوەی جڤات لە هەموو پرسەكاندا، لە پرسە سیاسییەكانو پرسە رێكخراوەییەكان رۆڵی هەبێت، هەروەها ژورەكانیش، بزوتنەوەی گۆڕان ئیعتمادی سەرەكی لەسەر ژورە، بڕیار لە ژورەكانەوە ئەدرێتو دواتر گەڵاڵە ئەكرێتو دواتر لە جڤاتدا كاری لەسەر ئەكەین، بۆیە من هەستئەكەم هەنگاوێكی گەورە كراوە لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كە ئێستا بڕیاردانی جەماعییە. درەو: بەمدواییە بزوتنەوەی گۆڕان دیدارێكی فیكری سازكرد بۆ قسەكردنو هەڵسەنگاندنی بارودۆخی خۆی، بەڵام ئەوەی تێبینی كرا دیدارەكە زور بەلای بابەتی تەوریسی سیاسیدا نەچوو، لەحاڵێكدا هەندێك لەوانەی لە ئێوە زویر بوون، ئەمە بە كرۆكی كێشەی بزوتنەوەكە ناودەبەن ؟ عەدنان عوسمان: بەشێك لەوانەی كە زویرن، پێشتریش پێش ئەوەی باسی تەوریسی سیاسی بكرێت، لەگەڵ كاك نەوشیرواندا كێشەیان هەبوو، قسەیان هەبوو لەسەر شێوازی بڕیاردان، لەسەر میكانیزمەكانی ئیشكردن، لەسەر ئۆرگانەكانیش كێشەیان هەبوو، تا ئەم ساتەوەختە كە ئێمە قسە ئەكەین شتێك نییە لەناو گۆڕاندا كە بەجددی هاتبێتە پێشەوەو ناوی تەوریسی سیاسی بێت، تەوریس واتە ئەوەی كە وەرەسەی كاك نەوشیروانەو لە شوێنی كاك نەوشیروان دانیشتووەو بۆ نمونە بڕیار دەدات لەسەر چارەنوسی حزبەكە. درەو: لە بابەتی تەوریسدا بەس باسی بڕیاری سیاسی ناكرێت، باس موڵكیەتی بزوتنەوەكە دەكرێت ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە باسی سیاسەت ئەكەین، موڵكیەتی ئابوری جیاوازە، ئێمە پرۆژەیەكی سیاسین، پرۆژەیەكی ئابوری نین، من كە هاتومەتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە حەقم نەبووە لەوەی گردەكە هی كێیەو هی كێ نییە، كۆمپانیای وشە هی كێیە. درەو: بەڵام پرۆژە سیاسییەكەی ئێوە لە بنەڕەتەوە كۆمپانیایەك بوو كە كۆمپانیای وشەیە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە لای من زۆر گرنگە بزوتنەوە سیاسییەكەیە، بزوتنەوەی گۆڕان چی ئەكات، كێ بڕیاری تێدا ئەدات، بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی نیشتمانی هەیە، جڤاتی گشتی هەیە، خانەی راپەڕاندنی هەیە، ژورەكانی هەیە، تا ئەم ساتەوەختەی كە من تێیدام ئەمانە بڕیار ئەدەنو بڕیاری ئەمانە بووە، لە دەرەوەی ئەم مەنزومەیە پرس بە هەڵسوڕاوەكان كراوەو رۆژانە پرسیان پێدەكرێت، بەڵام لە دەرەوەی ئۆرگانەكان پرس بە كەسی تر نەكراوەو فەرمایشی كەسی تر جێبەجێ نەكراوە، بۆیە تا ئەم ساتەوەختە مەسەلەی تەوریسی سیاسی جگە لە بیانویەك هیچی تر نییە، ئەكرێت خەڵك رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان بگرێت بۆ نمونە بڵێت بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكانی خۆی لایداوە، بڵێت ریفۆرمخواز نییە، بڵێت دەستەمۆ بووە، هەموو قسەیەك واردە، بەڵام بەڕاستی بوترێت هۆكاری ئەوە تەوریسە، من پێموایە دروست نییە. درەو: بۆچی كۆمپانیات لە حزب جیاكردەوە، لە حاڵێكدا ئەگەر ئەم تێكەڵاوبوونەی حزبو كۆمپانیایە بۆ لایەنەكانی تر دروست نەبێت بۆ ئێوەو جوڵانەوەی نەوەی نوێ تێڕوانینێكی دروستە، ئێوە بە كۆمپانیا دەستان پێكردو دواتر بوون بە بزوتنەوەی سیاسی ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی ئێمە كۆمپانیایەكی ئیعلامی بوو. درەو: بەڵام كۆمپانیاكەتان دواتر بووە بە خاوەنی موڵكو چووەتە ناو بواری ئابوریشەوە، بۆچی ئەو جیاكارییە دەكەیت، تۆ ئەتەوێت بەتەواوەتی كۆمپانیاكە لە بزوتنەوە سیاسییەكە داببڕیت ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ. من كاتی خۆیشی لەگەڵ ئەوەبووم كە كۆمپانیای وشە موئەسەسەیەكی ئیعلامی بێتو حزب موئەسەیەی ئیعلامی خۆی هەبێتو كۆمپانیای وشەش موئەسەسەیەكی ئیعلامی بێت، كاتی خۆی كۆمپانیای وشە كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان بوو لە هەموو بوارێكدا، لە بواری وەبەرهێنانو لە بواری ئیعلامیشدا كاری كردووە، دواتر كە بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو، ئۆرگانی خۆی هەبوو، دامەزراوەی خۆی هەبوو، بەهۆی ئەو واقیعەی كە ئەوكاتە هەبوو، ئیمكانیاتی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمپانیای وشە تێكەڵ بوو، من لە 2013 كە كاك نەوشیروان خۆی لە ژیاندا بوو، نوسینم هەیە لەو بوارەی كە كۆمپانیای وشە دەبێت جیابكرێتەوەو دامەزراوەیەكی سەربەخۆ بێت، لە یەكەم كۆنگرەی گۆڕاندا بەهەمان شێوە بڕیارماندا كە كۆمپانیای وشە ببێت بە دامەزراوەیەكی میدیاییو كاری خۆی بكات، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا ژوری رۆژنامەوانیمان هەیە، هەموو دامەزراوە میدیاییەكانی خۆمان ئەخەینە ژێر چەتری ژوری رۆژنامەوانییەوە، كۆمپانیای وشەش كۆمپانیایەكە ئەكرێت ستراتیژیەتی خۆی هەبێتو ئەو ستراتیژیەتە نزیكە لە گۆڕانەوە یان سێبەری گۆڕانە شتێكی ئاساییە، بەڵام من قەت لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەو دوانە تێكەڵ بكرێن. درەو: لە قسەكانی پێشتردا باسی دروستكردنی تەلەفزیۆنێكی نوێت كرد، لەدوای داخستنی كەناڵی KNNوە ئێوە كەناڵی تەلەفزیۆنیتان نییە، ئەو كەناڵە نوێیەی كە دەكرێتەوە موڵكیەتەكەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێتەوە یاخود كۆمپانیای وشە؟ عەدنان عوسمان: بۆ كۆمپانیای وشە دەگەڕێتەوە. درەو: دەوترێت هەندێك لە بودجەی ئەو تەلەفزیۆنە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دابین دەكرێتو رێكخەری گشتی ئێستا رایگرتووەو بەوهۆیەوە كاركردن لە پرۆژەكەدا راوەستاوە، ئەمە جارێكی تر تێكەڵبوونەوە لەنێوان بزوتنەوەكەو كۆمپانیاكەدا دروستناكاتەوە ؟ عەدنان عوسمان: نەخێر. هیچ بودجەیەكی كۆمپانیای وشە لای رێكخەری گشتی نییە، هیچ بودجەیەكی رێكخەری گشتیش لای كۆمپانیای وشە نییە، رەنگە خۆیان كێشەیەكی مالییان هەبێتو ئێستا خەریكی چارەسەركردنن، بەڵام ئێمە خۆمان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان خەریكی ئەوەین كە KNN وەكو كەناڵێكی لۆكاڵی كاری لەسەر بكەین، بەڵام ئەو كەناڵەی تر كەناڵی كۆمپانیای وشە دەبێتو دەبێت بە كەناڵێكی سەربەخۆو خۆیان ئاڕِاستەی ئەكەنو بڕیاری لەسەر ئەدەن. درەو: مەبەستت لە خۆیان كوڕانی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفایە ؟ عەدنان عوسمان: بەڵێ، كۆمپانیای وشە، كۆمپانیای وشە بۆردی هەیە. درەو: ئەم رۆژانە لە عێراق گفتوگۆكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت چڕبووەتەوە، فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق بەپێچەوانەی رێككەوتنەكەتان لە هەرێم، لەگەڵ پارتی هەماهەنگ نین، ئێوە لە كوردستان دەسەڵاتنو لە بەغداد ئۆپۆزسیۆنن، ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە لە كابینەی عەبدولمەهدیدا پارتی لە بەغداد هیچ پۆستێكی بە ئێوە نەدا ؟ عەدنان عوسمان: ئێمە لە بەغداد نەمانویستووە ئۆپۆزسیۆن بین، یەكێتیو پارتی دەستیان بەسەر هەموو پۆستەكاندا گرتووەو برابەشیان كرد، ئامادەنەبوون پۆستمان پێبدرێت، نە لە پەرلەمانو نە لە حكومەت. درەو: فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند لایەنێكی تری دەرەوەی پارتیو یەكێتیدا گروپێكیان پێكهێناوە بەناوی "گروپی 15" باسلەوە دەكرێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەڕێگەی مستەفا سەید قادری جێگرییەوە دەیەوێت گۆڕان لەو گروپە بكشێتەوە، ئەمە راستە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە من ئاگادارم هەوڵێك هەیە، بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ هەموو ئەو گروپانە، هەموو ئەو فراكسیۆنانە پێكەوە كاربكەن، ئەمجارە پێداچونەوەیەكی ورد بكرێت هەم مافی كورد لە بەغداد هەم پشكی كوردیش لەبەغدادو لە دامودەزگاكاندا، ئەو لایەنانەی لەپەرلەمانن بەگوێرەی مەوقیعیەتو پێگەیان، چەند ئەركیان بەردەكەوێت مافیشیان پارێزراو بێت، تائێستا هەنگاوەكان چی ئەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی هات سەردانی ئێمەی كرد جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەوڵئەدەن دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم چەترێك بێت بۆ هەموو لایەنەكان، ئێمە پێمان باشە گروپی (15) لەگەڵ دوو لایەنەكەی تر یەكێتیو پارتی لەم ساتەدا باشترین تەنسیقو هەماهەنگیان هەبێت، ئەگەر پێكەوە بتوانن گروپێكی فراوان دروست بكەن، بەڵام لەسەر كۆمەڵێك بنەما، لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی هەموو لایەنەكان، هەموو بڕیارەكان لەوێوە بدرێت، نەك لە پشتەوە لایەنێك بڕوات خۆی گفتوگۆ بكات، بڕیار بدات، لەخەمی پشكی كوردا بن، نەك لە خەمی پشكی حزبدا بن، لە خەمی قەزیەو مافەكانی كوردا بن، لە مەسەلەی نەوتەوە لە مەسەلەی سنورەوە لە مەسەلەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە، ئەجێندایەكی دیاریكراوی نیشتمانیان هەبێت، كە هەموو فراكسیۆنەكان لەدەوری كۆببنەوە، هەریەكە بە گوێرەی پێگەی خۆی لە حكومەتەكە كورسی وەردەگرێت، هەروەكو ئەوەی لە كوردستان هەیە، هەریەكە بەگوێرەی ئیستحقاقی خۆی، بەڵام چوارچێوەیەكی نیشتیمانی دابنێین پێكەوە بڕیاربدەینو لەو دەستەیەشەوە بڕیار بدرێت، لە پشتەوەو لە پەناوە ئەوە نەكرێت، بەداخەوە ساڵانێكە بەم شێوەیە كاریان كردووە. درەو: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ بەغداد، بەبێ ئەوەی هیچ تەنسیقێك لەگەڵ حزبەكانی تردا بكات، نوێنەری ئێوە لە سەرۆكایەتی هەرێم كە مستەفا سەید قادرە لەوبارەیەوە پرسیاری كردووە ؟ عەدنان عوسمان: ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین، ئەوەیە سەرۆكایەتی هەرێم بەم كارە هەڵئەسێتو كۆبونەوەی كردووە، لەو كۆبونەوانەدا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموویاندا بەشداری كردووە، نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان لە هەموو كۆبونەوەكان بەشداربووە. درەو: بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكەتان لە بەغداد بەشداری كۆبونەوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات؟ عەدنان عوسمان: ئەوە رەنگە هۆكاری خۆی هەبێت، بەڵام نوێنەری فراكسیۆنەكەمان بەشداربووەو لە هەموو ئەو بڕیارانە بەشداربووینو قسەمان هەبووە، رەئیمان تێیدا هەبووە، ئێمە پێمانوایە حزبەكان ئاساییە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ بەغدادو لایەنەكاندا گفتوگۆ دەكەن، سەردان دەكەن، كێشەمان نیە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمو ئیستحقاقاتی نیشتمانییەوە، پێمانوایە دەبێت لەچوارچێوەی دامەزراوەدا بێت، لەچوارچێوەی وەرگرتنی رای لایەنەكان بێت، لەچوارچێوەی ستراتیژێكی نیشتمانیدا بێت.
(درەو): چەند مانگێك دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای سازدانی گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیمان لێكرد، ئەوكات دوای كرد گفتوگۆكە دوابخەین بۆ دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی، دواجار دوێنێ لە نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری سلێمانی بینیمانو دیدارەكەمان سازدا، ئەو یەكەمین تاكە ژنێكە كە ئێستا یەكێك لە سێ پۆستە باڵاكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، لەم گفتوگۆیەدا وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە دەسەڵاتەكان لەهەرێمو كێشمەكێشەكانی ناو پەرلەمانو چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتو یاسای چاكسازیو چەندین بابەتی تر دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە سازدانی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت درەو: یەكەمین ژنیت لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا پۆستێكی سیادی وەربگریت، وەكو ژنێك دوای زیاتر لەشەش مانگ سەرۆكایەتی، ژنبوون چ كاریگەرییەكی نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر خۆتو پۆستەكەت هەبووە ؟ رێواز فایەق: لەسەرەتاكانەوە كە پۆستەكەم وەرگرت، زیاتر لە جارێك هەم رۆژنامەنوسانو هەم خەڵكی تریش لێیان ئەپرسیم ژنبوون چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر ئەوەی كە تۆ ئەم پۆستە بەڕێوەدەبەیت، لەسەرەتاكانەوە ئەموت هیچ هەستێكم نییە لەبارەی ئەوەی ژنبوون هیچ كاریگەرییەكی باش یاخود خراپی هەبێت، بابەتەكە وەكو خۆی دەڕوات، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت نا، دوو جۆر كاریگەری هەیە، كاریگەرییەكیان ئەوەیە، ئەوانەی لە دەرەوە دێن ئەم بە نمونەیەكی باش سەیر ئەكەن، هەیانە زیاتر لە جارێك داوای بینینەوەم دەكەن، واتە بۆ دەرەوە مۆدێلێكی ئەرێنییە. درەو: ئەی بۆ ناوخۆی هەرێم چۆنە ؟ رێواز فایەق: لەناوخۆ كە سەیری حاڵەتەكە ئەكەم، هەست ئەكەم ژنبوون رەنگە كاریگەرییەكی خراپی هەبێت، واتە كاریگەرییەكەی خراپ بووە لەسەر ئەوەی من ئەو پۆستەم هەیە، نازانم هۆكارەكەی چییە، رەنگە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە من بڕوام بەوە نییە هێزێكی ئەمنی، هێزێكی سەربازی پشتیوانیم بكات، دەمەوێت بەهێزی نەرم مامەڵە بكەم، ئەمە وایكردووە هەركاتێك خەڵك نیگەرانییەكی هەبێت، زۆربەی روبەڕووی من دەكەنەوە، وەكو ئەوەی بەتەنها من سەرۆك بم لەم هەرێمەدا، وەكو ئەوەی هیچ كەسێكی تر لەم هەرێمەدا بەرپرسیارێتی نەبێت، خەڵك كە دانامەزرێن قسە بە ئێمە دەڵێن ! خەڵك نەوتی نییە قسە بە ئێمە دەڵێن ! خەڵك نیگەرانییەكی هەیە لە سیستمی سیاسی قسە بە ئێمە دەڵێن ! هەست ئەكەم خەڵك بەناداددپەروەری دەكەن قسە بە ئێمە دەڵێن ! رەنگە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەبێت ژنبوون هیچ مەترسییەك لەسەر ئەوان دروستناكات لەسەر ئەوانەی كە هێرش دەكەن سەر ژن، واتە ژنبوون بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەم هەستە هەیە، سەرەتاكان هەندێك نیگەران دەبووم لەم دۆخە، بەڵام ئێستا بەلامەوە بووە بە شتێكی رۆتینو وەكو بەشێك لە پۆستەكە سەیری دەكەم، ئەوانەی هێرش دەكەن ئەگەر بیانزانیایە هێزێكی سەربازی یان ئەمنی پشتیوانمە، دڵنیام هەندێك ئیستیان دەكرد، بەڵام دەزانن من ئەو كارانە ناكەمو بڕواشم پێی نییە. درەو: لەدوای دەستبەكاربونتانەوە رەخنەی زۆر لە ئەدای كاری پەرلەمان لەم خولەدا دەگیرێت، دواین كەس كە رەخنەی گرت هەردوو نوسەر مەریوان وریا قانعو ئاراس فەتاح بوون، رایەكی دروستبووە لەبارەی ئەوەی ئەدای سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبەرامبەر سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەت وەكو پێویست نییە ؟ رێواز فایەق: من نوسینەكەیانم خوێندەوە، لەگەڵ بەشێكی زۆری نوسینەكەیاندا بووم، ئەو قسانە بۆچونی منیشە نەك بەتەنیا بۆچوونی ئەو دوو نوسەرە، زیاتر لە جارێك لە لێدوانو قسەو چاوپێكەوتنەكانمدا وتومە پەرلەمان لە هەمان ئەو فەزاو ژینگە سیاسییەدا كار دەكات كە دامەزراوەكانی تر كاری تێدا دەكەن، لەیەك خاڵدا لەگەڵ نوسینەكەیان نیم كە دەڵێن ئەم خولەی پەرلەمان خراپترین خولی پەرلەمانی كوردستانە، چونكە زۆر زوووە بۆ تەقیمكردنی ئەم خولە، بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە دەبێت هەمومان بیزانین، هەم حزبە سیاسییەكانو هەم دەسەڵاتی جێبەجێكردنو هەم ئەو دەزگا راگەیاندنە گەورانەی كە لە پشت حزبەكانو دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوەن، هەمویان دەیانەوێت پەرلەمان وەكو قەزەم پیشان بدەن، بەڵام دیوەكەی تری ئەمە ئەوەیە كە دەیانەوێت ئەوانەی ئێستا لەناو پەرلەمانن ئەوانەن كە راستەوخۆ خەڵك هەڵیبژاردوون، بڵێن ئەمانە ئەوانەی خۆتانن كە خۆتان هەڵتانبژاردوون، ئەمان ئاوا خراپن، ئەمان ئاوا خەمتان لێ ناخۆن، ئێمە كە ئێوە هەڵتان نەبژاردووین دەتوانین ژیانتان بگۆڕین، لەبەرئەوە ئەمە بەردەوامەو لە ساڵی 1992وە هەر هەبووە، ئەگەر سەیری پەیڕەوی ناوخۆ بكەیت، سەیری یاسای هەڵبژاردن بكەیت كە بەشێك لە دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی تێدایە، بەڕوونی هەژمونی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر دەسەڵاتی یاساداناندا دیارەو بە قانونو بە قەناعەتی حزبە سیاسییەكان واكراوە كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن گەورەتر دەركەوێت لە دەسەڵاتی پەرلەمان، تەنانەت یاسای پرۆتۆكۆڵ كە لە عێراق كاری پێدەكرێتو لە هەرێمی كوردستان پرۆتۆكۆڵمان نییە، سەرۆكی كۆمار، سەرۆكی حكومەت، ئینجا سەرۆكی پەرلەمانی داناوە، لە هەرێمیش ئەمە جێبەجێ دەكرێت، لەبەرئەوەی خۆمان قانونمان نییە، كەواتە ئەوەی كە خەڵك دەیبینێت بە قانون بەرجەستە كراوە. درەو: ئەم سەردەستبوونەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانەوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشدا دەبینرێت، كاتێك پەرلەمان ناچاركراوە بەر لە دەركردنی یاساكان بگەڕێتەوە بۆ حكومەت ؟ رێواز فایەق: بەپێی پەیڕەوی نوێ، پەرلەمانتاران دەتوانن پێشنیازی یاساو بڕیار پێشكەش بكەن، حكومەتیش دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشكەش بكات، سەرۆكایەتی هەرێم دەتوانێت پرۆژەی یاساو بڕیاریش پێشكەش بكات، لە پەیڕەوی تازەدا یەك ئیزافە كراوە كە خولی پێشوو ئەو پەیڕەوە پەسەندكرا، ئەویش ئەوەیە كە هەر پێشنیازە یاسا یان پێشنیازە بڕیارێك كە پێویستی بە پارە بێت، ئەبێت حكومەت رەزامەندی لەسەر دەربڕێت، ئەمە لە كوێوە هاتووە ؟ لە ساڵی 2013وە یاسای بودجە لە هەرێمی كوردستاندا نییە، هەموتان ئەزانن ئەگەر بتەوێت لە پرۆژەی بودجەی گشتی كە دێتە پەرلەمان شتێك بكەیت كە پارەی تێبچێت، ئەبێت هەر لە پرۆژەكەدا پارەكە لە شتێكی تر كەمبكەیتەوە، لەبەرئەوە دەڵێن حكومەت پارەو داهات پەیدا دەكات، ئەو دەتوانێت چی جێبەجێ بكات، ئێمە ئەزمونێكی ناخۆشمان هەبووە لە پەرلەمان، لە خولی پێشوو بۆ نمونە بڕیاری تەشریعی ژمارە (19)مان سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگە دەركرد بۆ هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ، تائێستا حكومەت جێبەجێی نەكردووە، چونكە ئەڵێ پرستان پێنەكردوین، بۆ بارگرانی دارایی دەبێت پرسمان پێبكەن، ئێمە بۆ ئەوەی جارێكی تر توشی ئەم ئەزمونە نەبینەوە لە خولی پێشوودا پەیڕەوەكەمان بەمشێوەیە ئامادەكردەوە كە ئەگەر پرۆژەیەك پارەی ویست پێش ئەوە دەبێت بزانرێت پارەكە هەیە دواتر یاساكە دەربكرێت، بەشێكی ئەمە لەبەرئەوەیە پەرلەمان نەشكێت، چونكە خەڵك دەپرسنەوە لەو قانونانەی لە پەرلەمان دەردەچن. درەو: حكومەت پرۆژەی بودجەی نییە، بەڵام چەندجارێكە سەرۆكی حكومەت بودجە بۆ جێبەجێكردنی هەندێك پرۆژە تەرخان دەكات، ئێوە ئاگادارن ئەو داهاتانە لە كوێوە دێنو چۆن خەرج دەكرێن ؟ رێواز فایەق: ئێمە لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە، كە پرۆژەیاسای بودجە نەهاتە پەرلەمان، هەر قسەیەك لەسەر داهاتی حكومەت بكرێت قسەیەكی نافەرمییە، پێشتر بەر لە ساڵی 2013، یاسای بودجە هاتووەتە پەرلەمانو حكومەت بە فەرمی رایگەیاندووە كە داهاتەكەی چەندە، بۆ پەرلەمانیش ئاسان بووە چاودێری بكات بزانێت ئەم داهاتە راستە یاخود نا، بەڵام ئێستاو لەماوەی رابردووشدا پرۆژەیاساكە نەهاتووەتە پەرلەمان، زیاتر لە جارێك لە وەزیری دارایی پرسیاركراوە، من دەزانم لیژنە تایبەتمەندەكان پرسیاریان كردووە، وەزیری دارایی دەڵێت لە كۆی پارەی نەوت، من نزیكەی (375 ملیار) دینارم دێتە بەردەست، باقییەكەی تری قەرزە، ئێمە لە كۆبونەوەیەكی دەوری دەستەی سەرۆكایەتییەكانی (پەرلەمانو حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم)دا بەڕوونی لەسەر ئەم بابەتە قسەمان كرد، سەرۆكی حكومەت پێی وتین كە قەرزەكانمان چۆنە، چۆن وەرمانگرتووە، تەنانەت باسی لەوەكرد كە ئەو سودەی دەبێت لەبەرامبەر ئەو قەرزانەی لە رابردوودا كراونو دەبێت بیدەینەوە خۆی لە (40 ملیۆن) دۆلاری مانگانە نزیك دەكاتەوە تا ئەوكاتەی ئەو قەرزانە تەواو دەبن، ئەم نەوتەی كە ئێستا حكومەتی هەرێم بەرهەمی دەهێنێت بەشێكی لەبەرئەوەی پێشتر پارەكەی وەرگیراوە ئەڕوات بەبێ ئەوەی پارە بگەڕێتەوە ناو خەزێنەی ئێمە، چونكە پێشتر لە ساڵی 2014 بۆ 2017 پارەكەی وەرگیراوە، جگە لەمە بەشێكی دەدرێتەوە بە سودی ئەو قەرزانە، بەشێكیشی دەدرێتەوە بە كۆمپانیاكانی بەرههەمهێنانی نەوت، بەڵام ئەمانە لەڕووی ژمارەوە كە هاتبێتە بەردەستی پەرلەمان، لە راستیدا نەهاتووە. درەو: كۆمپانیای دیلۆیت كە وردبینی فرۆشی نەوتی هەرێم دەكات، راپۆرتی داهاتی نەوت بۆ ئێوە نانێرێت ؟ رێواز فایەق: ناینێرێت. درەو: واتە ئێوە ئاگاداری داهاتی نەوت نین ؟ رێواز فایەق: لەراستیدا، نەخێر، بەفەرمی نەخێر، شتی نافەرمی دەزانین، بەڵام بەفەرمی نەخێر پەرلەمانی كوردستان نازانێت. درەو: ئێوە وەك سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت ئاگاداری بڕیاری سیاسین لە هەرێمی كوردستان؟ رێواز فایەق: خۆی ئەوەی كە جیاواز بێت لەم خولەو لە خولەكانی پێشوودا ئەوەیە كە كۆبونەوەی دەوری سێ سەرۆكایەتییەكەمان هەیە، پێشتر ئەمە نەبووە، بەڵێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە ئەو بابەتەمان موناقەشەكردووە بەیەكەوە، بەیەكەوە بڕیارمانداوە چۆن راگەیەنراوەكان دەردەكەین، بەیەكەوە بڕیارمانداوە چۆن مامەڵە لەگەڵ كەیسەكان دەكەین، بەڵێ كۆبونەوە دەكەین بەیەكەوە بڕیار دەدەین. درەو: بۆنمونە لە پرسی بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی هەرێم لەبارەی چونەدەرەوە یاخود مانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، پرستان پێكراوە؟ رێواز فایەق: بەڵێ بەیەكەوە بووینو بەیەكەوە بڕیارماندا چۆن مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی عێراق بكەین، حزبە سیاسییەكانمان كۆكردەوە بەراوێژ لەگەڵ حزبە سیاسییەكان بڕیارماندا كە چۆن مامەڵە بكەین لەبارەی مەسەلەی هەمواری دەستورو ئەو بابەتانەی تر. درەو: كاروبارەكان لەناو پەرلەمان چۆن بەڕێوەچن، پەرلەمان هیچ بودجەیەك یاخود نەسریەیەكی مانگانەی تایبەت بە خۆی هەیە ؟ رێواز فایەق: بودجەكەمان (500 ملیۆن) دینارە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی پەرلەمان. درەو: باس لەوەدەكرێت پەرلەمان قەرزارەو رێژەی قەرزەكانی گەیشتوەتە دوو ملیار دینار، پەرلەمان ئەو قەرزانەی لە كوێ وەرگرتووە، قەرزەكان تەنیا لەم خولەدا كراون، یاخود لە خولی پێشووەوە بۆتان بەجێماوە ؟ رێواز فایەق: خۆی ئەم بابەتە زیاتر پەیوەندی بە دیوانی پەرلەمانەوە هەیە، بەڵام بەڵێ قەرزەكانمان تەقریبەن لە تەواوبوون نزیك دەبێتەوە، بەپێشبینی خۆم لە خراپترین حاڵەتدا لە (200 ملیۆن) دینار زیاترمان لانەماوە، پێشبینی دەكەم دوای وردبینی ئەو قەرزانە هەر بگاتە (200 ملیۆن)، بەڵێ ئەو قەرزانە لە بازاڕ هێندراون، بەڵام پەیوەندییان بەمنەوە نییە. درەو: باسلەوەدەكرێت داواتان لە حكومەت كردووە قەرزەكانتان بۆ بداتەوە، بەڵام حكومەت رەتیكردوەتەوەو ئێوە بەناچاری خانویەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانتان لە گوندی ئیتالی فرۆشتووە، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: بەڵێ، ئێمە خانویەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان فرۆشتووەو پارەكەیمان داناوە بۆ چاككردنەوەی مەسعەدەكانی پەرلەمان كە وەزعیان زۆر خراپە، بەجۆرێك خراپە كە ئێمە زۆربەی رۆژەكان بە قادرمەكاندا هاتوچۆ دەكەینو هەم پەرلەمانتارانو هەم فەرمانبەرەكانمان وەزعیان خراپە، بەشێكیان هەر ناوێرن مەسعەدەكان بەكاربهێننو دەترسن مەسعەدەكان بكەون. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئێوە ژوری تایبەت بە خۆتان لەناو پەرلەمان نۆژەنكردوەتەوە، پێشتریش هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ژوری خۆی نۆژەنكردوەتەوە، ئەمە نۆژەنكردنەوانە پێویستن، وا دەرئەكەوێ خولی پێشوو، پەرلەمانیان بە وێرانكراوی بۆ ئێوە بەجێهێشتووە ؟ رێواز فایەق: خۆی عادەتەن كە دەچیتە شوێنێك، دەبێت ئەو شوێنە رێكبخەیتەوە، من نازانم ئەوانەی پێش من بەڕێزیان چییان كردووە، بەڵام ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەی من دەزانم ژوری هەموو فراكسیۆنەكان نۆژەنكراونەتەوە، ژوری هەمو لیژنەكان هەر پێداویستییەكیان هەبوبێت بۆیانكراوە، لە پەرلەمان ژوری پرۆتۆكۆڵو كۆبونەوەی فەرمیمان نەبووە، ژورێكی كۆبونەوە دروستكراوە كە نزیكەی شوێنی (54) كەسی تێدا دەبێتەوە، بۆ ئەو حاڵەتانەی كە حكومەت دێن بۆ پەرلەمانی كوردستان، ژورێكی تر بۆ هاتنی میوانانی بیانی ئامادەكراوە هەم بۆ كۆبونەوەو هەم بۆ دانیشتنو تەنانەت نانخواردنیان، پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە سەرۆكایەتییەكانی ئەم هەرێمی كوردستانە، دەبێت لە ئاستی پێویستدا بێت، بەڵێ منیش ژورەكەی خۆم نۆژەنكردوەتەوە، لەبەرئەوەی پێموابوو دەبێت نۆژەنی بكەمەوە، لەو كاتەوە كە كاك عەدنان موفتی سەرۆكی پەرلەمان بووە، ئەو ژورە نۆژەن نەكراوەتەوەو پێویستی بەوە بوو نۆژەنبكرێتەوە، لەبەرئەوەی ئێمە سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوە گرنگەكانی هەرێمینو میوانمان دێت، بەشێوەیەك بوو كە میوان دەهات من بۆخۆم شەرمم دەكرد لە پەردەو دیوارو دیكۆری ئەو ژورە، چونكە تەسەورناكەم ژوری هیچ یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی تر تەنانەت وەزارەتەكانیش بەوشێوەیە بێت. درەو: دوای نۆژەنكردنەوەكە، وێنەكەی كۆچكردووە مستەفا بارزانی لە شوێنی پرۆتۆكۆڵ لابرا، ئەمە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمە بەمەبەست بوو یاخود پەیوەستە بە بڕگەیەكی یاساییەوە ؟ رێواز فایەق: بڕیارێكی تەشریعی هەیە ژمارە (7) ساڵی 1997 لە پەرلەمان دەرچووە بۆ هەڵواسینی وێنەی جەنابی مەرحوم مەلا مستەفا بارزانی، لەو ساڵەوە ئەو وێنەیە لە یەك شوێندا دانراوە، ئەو وێنەیە هەر ماوە، بەڵام من شوێنی پرۆتۆكۆڵو پێشوازیكردنم لەدوای نۆژەنكردنەوەكەوە گۆڕیوە بۆ ئەو شوێنەی كە خۆم بەدڵمە. درەو: ئەو بڕیارەی كە ساڵی 1997 لەبارەی وێنەكەی مستەفا بارزانی دەرچووە بۆ هەموو دامودەزگاكانە یاخود بە تەنیا بۆ پەرلەمانی كوردستانە؟ رێواز فایەق: بەڵێ لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانە. درەو: وەكو بزانن وێنەكە لە هەموو دامودەزگاكانی تریش هەڵواسراوە ؟ رێواز فایەق: لە زۆر دامودەزگا هەڵناواسرێت، تەنانەت لە سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتی حكومەتیش لە ژوری پێشوازیكردنی میوانەكان هەڵنەواسراوە. درەو: پێشترو دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی پەرلەمان (درەو) راپۆرتێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بەوەی لە پرۆسەی كڕینی كەلوپەلو ئامادەكردنی خانوو و شوقەی نیشتەجێبوونی دەستەی سەرۆكایەتیو پەرلەمانتاراندا بەهەدەردان كراوەو گومانی گەندەڵی هەیە، بەر لە دەستبەكاربوونی ئێوە ڤالا فەرید لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە پێكهێنا بوو، كاری ئەو لیژنەیە بە كوێ گەیشتووە ؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە بەهەدەردانە یان هەر شتێكی تر، پەیوەندی بەوكاتەوە نییە كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان، پەیوەندی بە پێش ئێمەوە هەیە، بەرلەوەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەگوێرەی پەیڕەو سەرۆكی دیوان تا ئەوكاتەی سەرۆك هەڵدەبژێردرێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرێت، سەرۆكی دیوان لیژنەیەكی دروستكردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانوو و شوقەكانی پەرلەمانو كڕینی پێداویستییەكانیان، دوای ئەوەی بەڕێز دكتۆرە ڤالا بووە بە سەرۆكی پەرلەمان، ئەو لیژنەیە هەر لەكارەكانی خۆی بەردەوام بووە، لە نوقتەیەكدا پێیانوابووە بەهەدەردان هەیە. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بڕی 850 ملیۆن دینار لە كڕینی كەلوپەلدا خەرجكراوە، گومانی گەندەڵی لەسەر 450 ملیۆن دیناری هەیە، دەوترێت دەستەی چاودێری دارایی لێكۆڵینەوە لەو گومانانە دەكات، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: نا ئەو بڕە زۆرە نییە، دكتۆرە ڤالا ئەو لیژنەیەی دروستكردووە، ئەو رۆژەی كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان پێی وتم دكتۆرە تكادەكەم كاری ئەو لیژنەیە بەردەوام بێت، وتم بێگومان بەردەوام دەبێت لەبەرئەوەی لیژنەیەكی قانونییە، ئێمە دەرفەتێكی زۆرماندا بە لیژنەكە ماڵ بە ماڵ، شوقە بە شوقە، واتە 56 خانوو و 56 شوقە ماڵ بە ماڵ گەڕاونو چوون بۆ ماڵی ئەندامی پەرلەمانو بانگیان كردووەو ئەو شتانەی كە بۆی كراوە یەك بە یەك بۆیان خوێندوەتەوەو پێیان وتووە تۆ ئەمەت بۆ كراوە یاخود نا، هەر ئەمە نزیكەی سێ بۆ چوار مانگی پێچوو تا كارەكەیان تەواوكرد. درەو: ئێستا راپۆرتی كۆتایی لەوبارەیەوە گەیشتووە بە ئێوە ؟ رێواز فایەق: بەڵێ گەیشتووە. درەو: راپۆرتەكە ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی دەكرێت ؟ رێواز فایەق: دوای ئەوە راپۆرتەكە تەواوكرا، هێنرایە بەردەستی ئێمە، لە هەموو جیهاندا كەسێك كە لیژنەیەكی تەحقیقی لەسەر دروستدەكرێت، ئەویش مافی خۆی هەیە وەڵام بداتەوە، واتە مافی بەرگری لەخۆكردن بۆ هەموو كەسێك پارێزراوە، ئێمە بڕیارماندا كۆپییەكی ئەو راپۆرتەی كە لیژنەی وردبینییەكە نوسیویەتی لەسەر لیژنەی كڕینەكە بیاندرێتی بۆ ئەوەی بە نوسین وەڵاممان بدەنەوە، دەرفەتمان پێیانداو وەڵامیان داینەوە، ئێستا ئێمە چی دەكەین. ئەم وەڵامانە بڕگە بە بڕگە بەراورد دەكەین، ئەو حساباتانە دەبەینە وردبینی فەرمی پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئەمە حەقی خەڵكی تێدایە، بۆ من ئاسانە بەیانی ئیحالەی محكەمەیان دەكەم، زۆر زۆر ئاسانە تەنیا نوسراوێكە، هیچ لە دۆخی من ناگۆڕێت، بەڵام پارەی خەڵك لە دەرەوە كە پارەی پەردەیە، پارەی قەنەفەیە، پارەی كەلوپەلی كارەباییە، دەبێت تەسفیە بكرێت، خەڵكی كاسب هیچ پەیوەندی بەم كێشەیەوە نییە، وردە وردە ئێمە لە تەسفیەكردنی تەواوەتی نزیكبوینەتەوە، دوای ئەوەش ئێمە هاتووین ئەم راپۆرتەمان داوە بە لیژنەی كاروباری پەرلەمان، كە لیژنەیەكی تایبمەتمەندەو یەكێك لە كارەكانی چاودێریكردنی پەرلەمانە، ئەمە بۆ ئەوەی ئەوانیش قسەی خۆیان بكەن، ئەم لیژنەیە چەند پێشنیاریان بۆ ئێمە كردووە، یەكێكیان ئەوەیە راستەوخۆ رەوانەی دەستەی نەزاهە بكرێت، یەكێكی تریان ئەوەیە لیژنەیەكی ئینزباتی لە پەرلەمان دروستبكرێتو لەناوخۆدا سزا بدرێن. درەو: بەڵام دەوترێت لە دەرەوەی پەرلەمانەوە دەستوەردان كراوەو بەوهۆیەوە رێواز فایەق راپۆرتەكەی راگرتووە، ئەمە راستە ؟ رێواز فایەق: ئێمە لای خۆمانەوە بڕیارمانداوە، نە هیچ شتێكی دەرەكی كاریگەری لەسەر من هەیە، نە سازش لەسەر بابەتێك دەكەم كە لەڕووی یاساییەوە بڕوام پێیەتی، نە هیچ كەسێكیش بۆ مفاوەزاتو دانوستانی لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ مندا كردووە، كە پارەی خەڵكی كاسب درایەوەو زانیم كێشەی بازاڕ حەل بوو، دڵنیاتان ئەكەم كە ئەم كەیسە ئیحالە ئەكەین بۆ ئەو شوێنەی كە قانون ئەیخوازێت. درەو: دوای دەستبەكاربونتان بڕیارتاندا بە راگرتنی ئیفادی پەرلەمانتاران، بەمدواییە پەرلەمانتارێك باسی لەوەكرد بڕی (5 هەزار) دۆلارتان بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران خەرجكردووە، ئێوە لە راگرتنی ئیفاد پارە دەگەرێننەوەو لە كڕینی ئۆتۆمبیلدا پارەكان دەدەنەوە بە پەرلەمانتاران، ئەمە لەحاڵێكدایە بەپێی گرێبەستی پەرلەمان لەگەڵ كۆمپانیای جیهان دەبێت پەرلەمانتاران لەسەر موچەی خۆیان بە قیست ئۆتۆمبیل رابكێشن؟ رێواز فایەق: با سەرەتا لە بابەتی ئیفادەوە قسە بكەم، تەبعەن من ئێستا ئیفادم بۆ پەرلەمانتاران كردوەتەوە، بەڵام بەمەرج، مەرجەكە ئەوەیە ئەگەر دەعوەت بویت، مادام دەعوەتیت با ئەو شوێنەی كە دەعوەتی كردویت پارەت بۆ بدات، ئێمە پارەت بۆ نادەین، وە ئەگەر ئێمە خۆمان وەكو پەرلەمانی كوردستان بڕیار ئەدەین وەفدێك بنێرین، خۆمان ئەندامەكانی دیاری دەكەین كێ بچێت بۆ ئەو وەفدە، ئەوكاتە مەسرەفی ئەكەین، دیارە پێویستییەك هەیە بۆیە وەفدێك دەنێرین، وە ئەگەر فراكسیۆنەكانو ئەندامانی پەرلەمانیش دەعوەتی شەخسییان بۆ دێت، ئێمە بەس مۆڵەتیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی ئەو چەند رۆژەی كە سەفەر دەكەن غیاب نەدرێن، ئەگەرنا هەموو شتێكیان لەسەر خۆیانە، بابەتی ئەوەش كە قەراردراوە هەر پەرلەمانتارێك (5 هەزار) دۆلاریان پێبدرێت، ئەمە پێش ئێمە كراوە، ئێمە كە هاتین ئەم بڕیارە دراوە، كە من بووم بە سەرۆكی پەرلەمان ئەم بڕیارە درابوو، بەشێكی زۆریش لە پەرلەمانتاران وەریانگرتبوو، بەڵام حەقیقەتێك هەیە كە ئەمەوێت باسی بكەم، ئەویش ئەوەیە ئێمە بە پەرلەمانتارانی خۆمانمان وت، حكومەت چیكرد بۆ وەزیرەكان، ئێمەش ئەوەتان بۆ ئەكەین، ئێمە وامان پێوتن، دوایی بۆمان دەركەوت حكومەت بۆ هەر وەزیرێك دوو (لاندكرۆز)ی سفری كڕیوە، راستە ئەوان تائەوكاتەی وەزیر ئەبن ئەو ئۆتۆمبیلانەیان لادەبێتو دواتر ئەیدەنەوە بە حكومەت بۆ وەزیرەكانی دوای خۆیان، بەڵام ئەمە نیگەرانی زۆری لای پەرلەمانتاران دروستكرد، دەمەوێت ئەو ڕاستیەش باس بكەم كە دۆخی هەموپەرلەمانتاران وەك یەك نیە، بەشێك لە پەرلەمانتاران بەتایبەتی ئەوانەی ئۆپۆزسێۆن، چونكە ئەوان نیوەی تەواوی موچەكەیان ئەدەنەوە بە حزبەكانیان، ئەمە حاڵەتێكە كە بەراوردی پەرلەمانتار ئەكەیت لەگەڵ وەزیرێك ناتوانیت بڵێی من هاوكاری ناكەم، لەبەرئەوە بەش بە حاڵی خۆم جگە لەوەی ئەوە جێبەجێكردنی بڕیارێكە كە پێشتر دراوەو جێبەجێ دەكرێت، ئێستاشی لەگەڵدا بێت من بزانم ئەندامێكی پەرلەمان پێویستی هەیە، شكۆی ئەندامی پەرلەمان دەپارێزم. درەو: دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی ناو پەرلەمان بە كوێ گەیشتووە، ئێوە لە سەرەتاوەی هەندێك گۆڕانكاری كاتیتان لە پۆستە ئیدارییەكان كرد، بەڵام دواتر پرۆسەكە راوەستا، ئەمە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی نێوان فراكسیۆنەكانەوە هەیە، بەڵام دەوترێت بەهۆی دۆخی یەكێتی نیشتمانییەوە كە ئێوە لەو حزبەن، دابەشكردنی پۆستەكان راگیراوە ؟ رێواز فایەق: جاری یەكێتی نیشتمانی متمانەی بە ئێمە هەبووە بۆیە لەو پۆستەی داناوین، هەموو ئەو پۆستانەی كە لە پەرلەمان گۆڕانكارییان تیێدا كراوە بۆ خۆم كردومن، هیچ كەسێك لە یەكێتی نیشتمانی بە منی نەوتووە ئەم پۆستە بدە بەكێ یاخود مەیدە، كەس تەدەخول لەم ئیشانەدا ناكات، من تەكەتولچی نیم لەو بابەتانەدا، راگرتنی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان پەیوەندی بەوەوە هەیە هەندێك شوێن پێوستی بە ئاڵوگۆڕ نییە، خۆی ئەو كەسەی كە لەو شوێنەدایە كەسێكە كە موەفەقە یاخود ماوەیەكی زۆر نییە لەو شوێنەدایە، حەقیقەتێكیش هەیە ئەبێت باسی بكەین كە ئەوەش ئەوەیە لە خولی پێشوودا برای بەڕێزمان كاك دكتۆر یوسف سەرۆكی پەرلەمان بووە بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی كە وەرگیرانەوەو گۆڕان وەریانگرت لە یەكێتی وەرگیرانەوە نەك لە پارتی، واتە لەناو پەرلەماندا كە گۆڕان هاتو كاك یوسف بوو بە سەرۆكی پەرلەمان تەنانەت یەك پۆستیشی لە پارتی وەرنەگرتەوەو بیدات بە گۆڕان، هەموو ئەو پۆستانەی كە دابووی بە گۆڕان لە یەكێتی وەرگرتەوە. درەو: ئەی ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەكەن ؟ رێواز فایەق: سێ بەڕێوەبەرایەتی لەناو پەرلەمانی كوردستان هەیە كە بریتین لە كارگێڕیو دارایی، كاروباری پەرلەمانو لیژنەكان لەگەڵ راگەیاندنو پەیوەندییەكان، كارگێڕیو دارایی لای پارتییە، كاروباری پەرلەمان من خۆم ئیختیارم كردووە لەبەرئەوەی زۆر زۆر پێویستم پێیەتی لەبەرئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بە سەرۆكی پەرلەمانەوە هەیە، ئەوە لای ئێمەیە، راگەیاندنو پەیوەندییەكانیشمان دابوو بە فراكسیۆنی گۆڕان، بەڵام ئەوان خۆیان رەتیانكردەوەو وتیان ئێمە ئەوەمان ناوێت بەشی خزمەتگوزاریمان دەوێت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان كاك عەلی حەمەساڵحی بانگكردبوو بۆ ئەوەی كەسێك دیاری بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، وتویەتی ئێمە ئەو بەڕێوەبەرایەتییەمان ناوێت، بەشی خزمەتگوزاریمان دەوێت، لەوحاڵەتەدا پارتی بۆ خۆی وەریگرتەوەو بەشی خزمەتگوزاری كە لای ئەوان بوو دایان بە گۆڕان. درەو: هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەییان لە ئەدای كاركردنی ئێوە هەیە تەنانەت لە ئەندامانی فراكسیۆنەكەی خۆتان (فراكسیۆنی یەكێتی) دەڵێن رێواز فایەق پرۆتۆكۆڵ پێشێلدەكاتو دەچێتە ژوری هێمن هەورامی، لەكاتێكدا هیچ كاتێك لە پەرلەمان روینەداوە سەرۆك بچێت بۆلای جێگرەكەی، هەمیشە جێگر چووە بۆلای سەرۆك ؟ رێواز فایەق: جاری ئەمە پێشێلكردنی پرۆتۆكۆڵ نییە، هیچ شتێك لەناو پرۆتۆكۆڵدا نییە بڵێ كێ نابێت بچێت بۆلای كێ، بۆ نمونە رەنگە نەخۆش بێت پێویست بكات من بچم سەری لێبدەم، من ئەچمە ژوری مونا خانیش، سەرۆك پەرلەمانەكانی پێش منیش ئەوەیان كردووە، با كەس ئەو رمڵە لێنەدات، من خۆم سەرۆكی پەرلەمانم لە ژووری جێگردا بینیوە، من بەدیاریكراوی ئەزانم چەندجار چووم بۆ ژورەكەی كاك هێمنو جاری تریش ئەچم، بەڵام بەبەردەوامی ئەو دێتە ژورەكەی من بۆ ئەوەی كۆبونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بكەین، جارێك نەخۆش بوو، عەمەلیاتێكی كردبوو، هاتبووەوە، چووم بۆ لای، جارێكی تر كۆبونەوەیەكمان هەبوو لەسەر دانانی قانونێك بۆ پەرلەمانی كوردستان لە ژورەكەی مندا مێزێكی وا نەبوو، ئەوكات من ژورەكەم نۆژەن نەكردبووەوە، نزیكەی هەشت كەس بوین چوین لە ژورەكەی ئەو كۆبونەوەكە بكەین، جارێكی تر كە سەفەرم كرد چووم بۆ ژورەكەیو پێم وت من ئەڕۆم ئەمانەتی تۆو ئێرە، ئەوە سێجار، بەدیاریكراوە رەنگە چوار بۆ پێنج جار چوبم، بەڵام ئەو رەنگە سی جار هاتبێت، لەبەرئەوە من جاری تریش دەچمو ئەویش دێتو ئەوەش پەیوەندی بە پرۆتۆكۆڵەوە نییە. درەو: لەسەر ئەوەش قسە هەیە گوایە سەرۆكی حكومەت ئێوە بانگ دەكات بۆ كۆبونەوە، لەكاتێكدا سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان هەڵبژێردراوەو دەبێت ئێوە ئەو بانگ بكەن ؟ رێواز فایەق: سەرۆكی حكومەت منی بانگ نەكردووە بۆ كۆبونەوە، من داوای كۆبونەوەم كردووە لە سەرۆكایەتی حكومەت، ئەو پەرلەمانتارانەی كە ئەو قسەیە دەكەن، ئەوان بە ئێمەیان وتو فشارێكی زۆر زۆریان كرد كە نایانەوێت پاسەوانەكانیان بەشێوەی گرێبەست بێت، ئەیانەوێت پاسەوانەكانیان بەشێوەی هەمیشەیی بێت، ئەوەی كە ئێمە مانگانە حكومەت پارەمان بۆ ئەنێرێت بەلای منەوە زۆر ئیستفزازییەو زور پێی ناڕەحەتم، ئەسڵ ئەوەیە قانونی بودجە لە پەرلەمانی كوردستان هەبێتو ئێمە بەشی خۆمان دیاریكراو بێتو ئەنجومەنی دادوەری بەشی خۆی دیاریكراو بێتو مانگانە بچێتەسەر حسابەكەی بەبێ ئەوەی پێویست بكات ئێمە بچن بە وەزیری دارایی بڵێین كەی موازەنەكەمان دێت، ئەمە كێشەی دووەممان بوو، موشكیلەی سێیەم لە خولەكانی پێشوودا بەردەوام ئەو كێشەیە هەبوو كە پێویستی ئەكرد وەزیرێك بێت بۆ پەرلەمان بەتایبەتی لە خولی پێشوو، وەزیرەكە نەئەهات بۆ پەرلەمان، ئەمە كێشەیەكی تر بوو، كێشەی چوارەم ئەوە بوو ئەمانویست لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنمان لەگەڵ حكومەت لە داهاتوودا بەرچاوڕونییەكی زیاترمان هەبێت، لەوەی كە پێشتر هەبووە، ئێمە داوامانكرد بچین بۆ كۆبونەوە لەگەڵ حكومەت، جیاوازی چونەكەی من لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆم چییە، ئەوانەی پێش منیش چوون، بەڵام ئەوان نەیانهێشتووە ئیعلام بزانێت هەر (200 مەتر)ەكەی بەینی خۆمانیان بڕیوەو چونەتە ئەودیو و كۆبوونەتەوە، دەیان جار كۆبونەتەوە، بەڵام من ژنێكی ترسنۆك نیم، هیچ شتێكیش بەدزییەوە ناكەم، كاردانەوەكان چییە زۆر بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر خۆم باوەڕم بەخۆم بوو، من ئەو كەسەم كە خۆم هەم، ئێمە داوای كۆبونەوەمان كردبوو، ئەوان داوای كۆبونەوەیان نەكردبوو، بە سوپاسەوە چوین لەوێ دانیشتین بە یەكەوە، ئەو بابەتانەمان لەگەڵ باسكردن كە ئێمە دەمانەوێت قانونێكی خۆمانمان هەبێت لە پەرلەمان، ئەم حاڵەتە ئێمە پێی ناڕەحەتین كە دەبێت لەگەڵ وەزیری دارایی قسە بكەین، وە دەمانەوێت قانونی بودجە بێتە پەرلەمان، وە دەمانەوێت پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت، چونكە ئێمە لە دۆڵێك نینو ئێوەش لە دۆڵێك، ئەو بەڕێزانەی كە لە سەرۆكایەتی حكومەت كە لەگەڵ ئێمە دانیشتن لە هەمان ئەو حزبانەن كە ئێمە سەرۆكایەتی پەرلەمانمان پێكهێناوە، ئێمە هیچ گرێ و كینەیەكمان نیە بەرامبەر دامەزراوە دەستوریەكانی هەرێمەكەمان...چووینە سەرۆكایەتی هەرێمیش، بڕیاربوو بچینە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەریش بەڵام ئەوان لوتفیان كرد و هاتن.. درەو: ئێوە لەبەرنامەتاندایە هاوكات لەگەڵ بانگهێشتكردنی وەزیرەكان، سەرۆكی حكومەتیش بانگ بكەن، هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەیی ئەوە دەكەن پرسیارەكانیان ئاڕاستەی حكومەت دەكەن، وەڵامەكە دێتەوە، بەڵام سەرۆكایەتی نایداتەوە بە پەرلەمانتاران؟ رێواز فایەق: هیچ كەسێك موقەدەس نیە، هیچ كەسێك ئەوەندە مەحسونو پارێزراو نیە كە پێویستبكات ئێمە بیپارێزین، پێموایە ئەو حكومەتە پەرلەمان دەنگی پێداوە، بە یاساو بە پەیڕەو لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ دوا وەزیر ئەبێت پابەندی پرۆسەی چاودێری بن لە پەرلەمانی كوردستان، من بڕوام بەوە نیە هەموو كارەكان لەدەستی خۆمدا بێتو خەڵكی تر كاری لەبەر دەستدا نەبێت، لەسەرتای دەستبەكاربوونمدا هاتم بە نوسراوێكی فەرمی مەسەلەی ئاڕاستەكردنی پرسیارو گێرانەوەی وەڵامی پرسیار بۆ پەرلەمانتاران، لەبەرئەوەی لەڕێگەی وەزیری هەرێمەوەیە بۆ كاروباری پەرلەمان، دام بە موناخان سكرتێری پەرلەمان، بابەتی لیژنەكان كە لەپەیڕەودا جێگر بۆی هەیە چاودێری كاروبارەكان بكاتو سەرپەرشتیان بكات، لەگەڵ نوسراوی نوسینگەكانو فراكسیۆنەكانیش واژووكردنو ئاڕاستەكردنیم داوە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بابەتی پرسیار بەتەواوی لای سكرتێری پەرلەمانە. ئێمە دوایین ئامارمان بۆ هاتوەتەوە، پێشتر (155) پرسیاری وەڵامنەدراوەمان هەبوو، ئێمە لەناو پەرلەمان بە سكرتێری پەرلەمانمان وت نوسراوی جەختكردنەوە بۆ حكومەت بكە، نوسراوی جەختكردنەوەی كردووە، ئێستا (39) پرسیار ماوە وەڵامنەدراوەتەوە، هەر لە دوایین كۆبونەوەدا كە 30/1/2020 بوو، پێمان وت نوسراوێكی تر بكە بۆ ئەو (39) پرسیارە، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئەتوانن ئەگەر بزانن وەزیرێك خۆی لە پرسیار دەدزێتەوە بچن بۆ پرۆسەی پرساندن (استجواب)، چی رێی لێگرتوون، چەندینجاریش من لە هۆڵی كۆبونەوە جەختمكردوەتەوە، ئەگەر وەزیر یان حكومەت خۆی دەدزێتەوە لە پرسیارەكانتان، بڕۆن بۆ پرۆسەی پرساندن، داوای پرساندنی ئەو وەزیرە بكەن كە وەڵامناداتەوە، بەڵام قسەكردن لەسەر ئەوەی وەڵامی پرسیارێك لەلای سكرتێری پەرلەمان مابێتو وەڵامی نەدابنەوە، ئەو ئەندام پەرلەمانە كێیە كە وا دەڵێت من سێشەممە چاوەڕێی دەكەم با بڵێت فڵان پرسیارم وەڵامدراوەتەوەو سكرتێری پەرلەمان وەڵامەكەی نەداومەتەوە، ئەوكات بزانێت هەڵوێستی من چی دەبێت، بەڵام بە وتی وتی نابێت. كاك قوباد گەورەترین كەسی یەكێتییە لەناو حكومەتدا، لە كاك قوبادەوە بۆ دوا وەزیرەكانی یەكێتی پارێزراو نین، ئەمە ئەگەر وەكو حزبییەك قسە بكەم، وەكو سەرۆكی پەرلەمانیش هیچ كەسێك پارێزراو نیە، لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ دوا وەزیرو ئامادەش نیم هیچ كەسێك بپارێزم ئەگەر زانیم ئەو كەسە موخالەفەی یاسایی هەیە. درەو: ئێستا چوار فراكسیۆن هەن كە لەناو پەرلەماندا ئۆپۆزسیۆنن (نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ، شیوعی) وەكو سەرۆكی پەرلەمان ئەدای پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئۆپۆزسیۆن هیچ كێشەیەكی بۆ ئێوە دروستكردووە؟ رێواز فایەق: هیچ كێشەیەكیان بۆ ئێمە دروست نەكردووە، هیچ كێشەیەكمان نیە، خۆی من پێموایە ئەوكاتەی كە بزووتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسێۆن بوو، كاری ئۆپۆزسێۆن لەناو پەرلەمان بەڕوونی دەركەوت،من پێم وایە باشترین فراكسێۆنی ئۆپۆزسێۆن لە ئێستادا فراكسیۆنی یەكگرتووە،چونكە بەدواداچوون دەكەن، ڕەخنەدەگرن، بیرۆكە و چارەسەریش پێشكەش دەكەن) درەو: بەمدواییە لەگەڵ هێمن هەورامی جێگرت بە بەیاننامە قسەتان لەگەڵ یەكتر دەكرد، لەدەرەوە وا دەردەكەوێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوە دابەشبووەو هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانتان نەماوە، ناكۆكییەكانی ئەمدواییە پەیوەندی بە چییەوە هەیە ؟ رێواز فایەق: لەڕاستیدا بەرلەوەی بە بەیاننامە قسەبكەین ئێمە بە نامەو تەلەفۆن قسەمان دەكرد بەیەكەوە، خۆی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان راگەیاندن سەربە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، ئێمە هەرسێكمان دەتوانین بابەتو هەواڵ بڵاوبكەینەوە لەناو ماڵپەرەكە، لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش هەر هەموویان دەتوانن شت بڵاوبكەنەوە لەناو ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەم كەیسە كەیسێكی تایبەتە (كەیسی مەجید ئیبراهیم)، هەندێك هەستیاری هەیە، لەڕاستیدا ئێمە لەپەرلەمان بۆمان نیە لیژنەی تەحقیقی دروست بكەینو هیچ بابەتێك یەكلایی بكەینەوە، بۆ نمونە بڵێین فلان كەس خۆی كوشتووە یان كوژراوە، بۆ نمونە بشوترایە كوژراوە هەر هەڵەبوو، لیژنەكە ئیمزایان لەسەر كۆنوسی ئامادەبوون كردووە، لە پەرلەمانی كوردستان كە لیژنەیەك كۆدەبێتەوە دوو جۆر ئیمزا هەیە، ئیمزایەكیان كۆنوسی ئامادەبوونەكەیە، هەموان ئیمزای دەكەن، ئیمزایەكی تریان ئیمزایە لەسەر ناوەڕۆكی ئەو شتەی كە بڕیاری لەسەر ئەدرێت، ئەوەی ئەو رۆژە كراوە هەمووان ئیمزایان كردووە لەسەر ئەوەی ئەو رۆژە لە كۆبونەوە ئامادەبوون، بۆخۆم من پێموابوو بۆخۆی زوو بوو، چونكە كۆبونەوەی لیژنەكە لەم هەفتەیەدایە، دووەم، من پێموابوو زەرور نیە سایتی پەرلەمانی كوردستان ئەمە بڵاوبكاتەوە، سێیەم، ئەم بابەتە مادام بابەتێكی هەستیارە ئەبوو بەیەكەوە دابنیشین، راستە لیژنە هەواڵەكەیان هێناوە، بەڵام بەیەكەوە دابنیشینو سیاغەی هەواڵەكە بەشێوەیەك بكەین كە هەم میدیا هەم رایگشتی بە ئاڕاستەیەك نەبات، بۆ نمونە ئێوە (درەو) نوسیبوتان بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەكەی پەرلەمان، مەجید ئیبراهیم خۆی خۆی كوشتووە، لەكاتێكدا ئەمە كاری پەرلەمانی كوردستان نیە باس لەوە بكات، ئەوە دەبێت دادگا یەكلای بكاتەوە، كێ كێی كوشتووە، من ئەزمونم زیاترە، ئەگەر ئەو هەواڵەم ببینیایە پێش ئەوەی بڵاوببێتەوە نەمئەهێشت بەوشێوەیە بڵاوببێتەوە كە لەلای رایگشتیو ئیعلام شتێك دروست ببێت كە پەرلەمان كەیسەكەی یەكلاییكردوەتەوە، لە كاتێكدا ئیشی پەرلەمان نیە كەیس یەكلایی بكاتەوە، ئیشی دادگایە یەكلایی بكاتەوە. درەو: پێشتریش لەسەر كەیسێكی تر كە دۆسیەی پێوەرەكانی ئاو بوو بەهەمان شێوە كێشە لەسەر راپۆرتەكە دروستبوو، دەوترێت پەرلەمانتارێكی پارتی ئەو كارانە دەكات ؟ رێواز فایەق: من نەمزانی بوو كە بۆ پێوەرەكانی ئاویش هەر هەمان پەرلەمانتار هەمان هەواڵی ئامادەكردووەو بەناوی هاوڕێكانییەوە بردویەتی بۆ سایتی پەرلەمانو دوایی رێگەی لێگیراوە، دوای ئەوەی ئەمە رویدا ئینجا بە منیان وت ئەم حاڵەتە رویداوە، چونكە لیژنەكان پەیوەندی بە جێگرەوە هەیە، تایبەتمەندی جێگرە ئەو كێشانەی لە لیژنەكان دروست دەبێت ئەگەر خۆیان نەیەن بۆ منی باس بكەن، لەڕاستیدا نایزانم بەدواشیدا ناگەڕێم، چونكە ئەوەندە فزوڵی نیم، بەڵام دەڵێن هەر هەمان پەرلەمانتار بووە، ئەبێ تەحقیق بكەم بزانم وایە، هەر هەمان پەرلەمانتار هەر بە هەمان شێوە هەواڵی ئامادەكردووە، بەهەمان شێوە شتێكی بەناوی كۆی پەرلەمانتارانەوە ئامادەكردووە، كە رەئی هەموویانی لەسەر نەبووە، بەڵام دڵنیانیم لێی تاوەكو تەحقیقی تێدا نەكەم، نازانم با تەحقیق بكەم، بزانم هەمان پەرلەمانتار هەمان تەسەروفی جارێكی تریش كردووە، ئەو كاتە قسەی خۆم دەبێت. درەو: یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان بەوشێوەیە تێپەڕی ئەوانەشی كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییە بەڕێژەیەك موچە خانەنشین دەبن، بۆچوونی ئێوە لەوبارەیەوە چییە ؟ رێواز فایەق: من بڕوا ناكەم ئەو یاسایە، ئەو بەشەی پەیوەندی بە خانەنشینیەوە هەیە جێبەجێبكرێت، چونكە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی كوردستان دەردەچێت، ئەوكاتە حكومەت ئامادەی دەكات، دوێنی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران قسەی لەگەڵ من كرد كە پرۆسەی نوسینەوە دەستیپێكردووە، واتا پرۆسەی دانانی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، كە هەموو خەڵك بەیەك پێوەر خانەنشین دەبن. من داوام كرد ئەو مادەیە لاببەین لەو یاسایە، چونكە ئەو یاسایە شتی زۆر باشی تێدایە، مادام یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو دێتو پەرلەمانتار جارێ سێ ساڵی ماوە بۆ ئەوەی خانەنشین ببێت، وەزیر سێ ساڵی ماوە بۆ خانەنشینی، قەیچێكە ئەم شەش مانگەش با چاوەڕێ بكەین تا یاسای خانەنشینی یەكگرتوو دێت، بەڵام بۆچونێكی تر هەبوو وتیان ئەگەر لای بدەین رایگشتی دەڵێن ئەو مادەیەی پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبوو لایان برد. بۆچونی من بە شەخسی باسی دەكەم ئەوەی بە (2.5) كەڕەتی خزمەتی ساڵانە هەرچی بێت بۆ من یەك شت دەكات، چونكە من تا تەواو دەبم دەبێت بە (27) ساڵ خزمەتو دكتۆراشم هەیە بۆ خۆم بەشەخسی، لەڕاستیدا من حەزم دەكرد ئەوەی عێراق جێبەجێبكرێت، ئەوەی عێراق وەكو خۆی واتا یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارەی (9)ی ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان بەركار بكەین، بۆ فەرمانبەریشو بۆ پەرلەمانتاریشو بۆ حاكمیش، كە دادپەوەری زیاتری تێدایە، كە ئەوە نەبوو بەو یاسایەی ئێستا كاری پێدەكرێت، هەر (111) پەرلەمانتارەكە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینار موچەی خانەنشینیانە، بەڵام بیهێننە پێش چاوی خۆتان (78) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رازی بوون بەوەی دەنگ بدەن نزیكەی (4 ملیۆن) دینار لە موچەكەیان كەمببێتەوە، خەڵك وا تێگەیشت كە ئێمە یاسای خانەنشینی بۆ پەرلەمانتار دادەنێین، وانەبوو، یاسای خانەنشینی پەرلەمانتار هەیە هەر پەرلەمانتارێك هەر وەزیرێك (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینار موچەیەتی، كە یاسای چاكسازی دێت، پەرلەمانتارێك كە مەرجەكانی تێدا نیە، خۆی دەستبەرز دەكاتەوە بۆ ئەوەی موچەكەی لە (6 ملیۆنو 560 هەزار) دینارەوە كەمبكرێتەوە بۆ (2 ملیۆنو 500 هەزار) دینار هێشتا قسەی پێدەوترێت، ئەمە حاڵەتە ناسروشتییەكەیە، لەوێ هیچ مەرجێك نیە. درەو: بەشێكی پەیوەندی بە هەڵاو موزایەدەی پەرلەمانتاران خۆیانەوە نەبوو، بەتایبەت ئێستا فۆرمێك هەیە كە پەرلەمانتاران پڕی دەكەنەوەو بەوەی خانەنشینی وەرناگرن؟ رێواز فایەق: ئەم بابەتە بابەتێكی زۆر گرنگەو جەدەلێكی یاسایی زۆر گەورەشی لەسەرە، حەق پێش ئەوەی دروست ببێت چۆن تەنازولی لێدەكەیت، مافی خانەنشینبوون بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم هێشتا دروست نەبووە، چۆن تەنازولی لێدەكەیت، ئەمە قسەیەكە، جەدەلێكە دەوترێت كە تەنازولكردن لە مافێك كە دروست نەبووە یاسایی نیە، ئەم جەدەلە بەچی چارەسەر كرا، ئەی بۆ ئاساییە بۆ نمونە منو تۆ كە رێككەوتنێك دەكەین، (عەقد شەریعەتی موتەعاقدین لە نێوان منو تۆدا) ئەڵێت من بەرپرسیار نیم لەهیچ زیانێك تۆش دەڵێیت من تەنازول دەكەم لە تەعویز، خۆ هێشتا مافی تەعویزت نیە تا تەنازولی بۆ بكەیت، بەراورد كرا بەوە. بەشێك لە پەرلەمانتاران وتیان مادام هەندێك لە پەرلەمانتاران ئەڵێن نامانەوێت ئەبێت مادەیەك دابنرێت لە یاساكەدا كە مادەكە دێت بۆ سەرۆكی پەرلەمان، ئەگەر لە هۆڵی پەرلەمان دەنگی هێنا ناتوانم هیچ رێگریەك لەمە بكەم. درەو: تۆ خۆت لەگەڵ ئەو مادەیە بوویت یان نا؟ رێواز فایەق: من لەگەڵ ئەو مادەیە نیم لەو مونتەڵەقەی كە یاسا چارەسەری ئەوەی كردووە، ئەوەی كە تەمەنی (63) ساڵ نیە ئیجبار نیە خانەنشین ببێت، ئازادە، ئەمە بۆ فەرمانبەر وایە، بۆ حاكمێكو بۆ ئێمە وایە، بۆ هەمو كەسێك (45) ساڵ ئەتوانێت بچێتەوە سەر وەزیفەكەی خۆی، بەڵام كە هێنایان وتم بە ئارزەووی خۆتان با تێیدا بێت، ئێستاش لەدوای بەركاربوونی یاساكە كە (30) رۆژەكە دەستی پێكرد، دیوانی پەرلەمانی كوردستان، بەرەسمی ئیعلانی كرد ئەڵێت ئەمڕۆ یەكەم رۆژی ئەو (30) رۆژەیە كە یاسای دایناوە، ئەندامانی پەرلەمان بێن فۆرمەكە پڕبكەنەوە. درەو: ئەو پەرلەمانتارانەی فۆرمەكەیان پڕكردوەتەوە، ئیتر خانەنشینی ننایانگرێتەوە؟ رێواز فایەق: ئەو فۆرمە ئێستا ئەرزشی یاسایی نیە، بەڵام ئێمە ئیعلانی ئەكەین بە رەسمی، كە یاساكە بەركاربوو چووە بواری جێبەجێكردن، دەڵێت ئەمڕۆ ئەو (30) رۆژە دەست پێدەكات كە بڕگەی (4)ی مادەی (7)دا هاتووە، ئەو (30) رۆژە دەست پێدەكات هەر ئەندامێكی پەرلەمان دەیەوێت خانەنشینی وەرنەگرێت ئەچێت فۆرمەكە پڕ دەكاتەوە، كە (30) رۆژەكە تەواو بوو هەر دیوانی پەرلەمان ئەڵێت ئەو (30) رۆژە تەواو بوو كە یاسا داینابوو بۆ تەنازولكردن لە مافی خانەنشینیو ئەم پەرلەمانتارە بەرێزانەی خوارەوە خانەنشینیان رەتكردوەتەوە، ئێمەش بە نوسراوێكی رەسمی دەینێرین بۆ بەڕێوەبەرێتی خانەنشنینیو دەڵێین لەدوای كۆتایهاتنی ئەم خولە، ئەم پەرلەمانتارانە مامەڵەی یاساییان بۆ خانەنشینی بۆ ناكرێت، بەڵام بڕوای خۆمتان پێ بڵێم ئەو ژمارەیەی كە ئیعلانیان كردبوو كەمدەبێتەوە. درەو: بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتارو راوێژكاری پەرلەمان هەن كە هاوكات لەگەڵ كاری پەرلەمانتارییاندا دەخوێنن، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگەپێدراو نییە پەرلەمانتار جگە لە كارەكەی هیچ ئەركێكی تر لەئەستۆ بگرێت، قسەی ئێوە لەوبارەیەوە چییە ؟ رێواز فایەق: هیچ پەرلەمانتارێك بەرەسمی نەهاتووە، داوای مۆڵەت لە ئێمە بكات بۆ ئەوەی بچێت بخوێنێت، ئەو تەعلیماتەی كە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت بۆ خوێندنی ماستەر، ئەبێت تەفەروغی تەواو بكات، ئەمەش بۆ ئەندامی پەرلەمان نابێت، چونكە كاری پەرلەمانتار فەرمانبەر نیەو نوێنەرایەتییەو بۆ (4) ساڵەو دەبێت چوار ساڵەكەی خۆی تەواو بكات، لەبەرئەوەی هەر ئەندامێكی بەڕێزی پەرلەمان بێت بۆلای ئێمە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، بۆ خوێندنی ماستەر نایدەینێ، ئەگەر مۆڵەتی نەبێتو بخوێنێت ئەوكاتە بڕوانامەكەی ئەهێنێتەوە وەزارەت خوێندنی باڵا بەرپرسە لەوەی بۆی تەعدیل نەكاتو بۆی ئەژمار ناكرێت، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ غیابو مۆڵەتی دانیشتنەكانی پەرلەمانو لیژنەكانی پەرلەمان لەمەوداو دوای ئەوەی ئیعلانمان كردووە، رێوشوێنی یاساییو پەیڕەویی دەكەین لەگەڵ غیاباتیش. درەو: بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا پلەی خوێندنتان بۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرزكرایەوە، ئێوەش لەچوارچێوەی پرۆسەی خوێندندان ؟ رێواز فایەق: ئەزانن كە من پێش ئەوەی لە خولی پێشو ببم بە ئەندامی پەرلەمان،ئەندامی دەستەی ئەندامی دەستەی وانەبێژی بووم لە زانكۆی پۆلۆتەكنیكی سلێمانی، لەمادەی (44) لەناو یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵادا دوو بڕگە هەیە، لە بڕگەیەكیاندا ئەڵێت هەركەسێك ئەندامی دەستەی وانەوتنەوە بێت، تەنانەت دوای خانەنشینبوونیش یان گواستنەوەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەر فەرمانگەو دامودەزگایەكی تر، مافی ئەوەی هەیە پلە زانستییەكەی بەرزبكرێتەوە، ئەگەر مەرجی تێدا بوو، بەبێ وانە وتنەوە. من دكتۆراكەم تەواوكردووە نازناوی زانستیم هەبووە، كە بووم بە ئەندامی پەرلەمان، مودەریس بووم، دەستمكرد بە نوسینی لێكۆڵینەوەكانم، هەلومەرجەكە وابوو كە لەساڵی 2015 دەرگای پەرلەمانی كوردستان داخرا، خەڵك ئەگەر بە شتی ترەوە سەرقاڵ بوبێت من سەرقاڵی لێكۆڵینەوەكانم بوومو لێكۆڵێنەوەكانم تەواوكرد. ئەو سێ لێكۆڵینەوەی من نوسیومە بۆ ئەوەی نازناوی زانستی پێوەرگرم، یەكەم كەسم لەسەر ئاستی عێراقو هەموو وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەو سێ بابەتەم نوسیوە، لە ۳ گۆڤاری زانستی باوەڕپێكراویش بڵاوكراونەتەوە،هەركەس بیەوی بە سێرچی گۆگڵ دەیاندۆزێتەوە، لەناو گۆگڵیش هەیە بڵاوكراوەتەوە، ئەگەر كەسێك خۆی بە خاوەنی حەرفێكی ئەو لێكۆڵینەوەیەی من بزانێت، تەحەمولی ئەنجامەكەی دەكەم. درەو: لێكۆڵینەوەكانت لەسەر چ بابەتێكن ؟ رێواز فایەق: یەكەمیان باسی (نیزامی خاوەندارێتی نەوتو ئوسوڵی نەوتیی) دەكات، لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكارییە لەنێوان یاسای عێراقیو یاسای ئەمریكی، لە ئەمریكا ئەگەر من پارچەیەك زەویم هەبێت بەناوی خۆمەوە بێت نەوتی تێدا بێت، خۆم ئەتوانم كۆمپانیا بێنم، بەڵام لە عێراق نیزامەكە جیاوازە، ئەگەر هاوڵاتیەك لە زەویەكەیدا نەوت بدۆزرێتەوە ئەبێت بڕوات تەعویز دەكرێتەوە، دەوڵەت بۆی هەیە كۆمپانیا بهێنێت، راكێشانی بۆری نەوت لە شوێنێك بۆ شوێنێك لە نیزامی ئەمریكیدا مانگانە دەبێت پارەی بدەیتێ لەبەرئەوەی بەناو زەویەكەیدا بردوتە، بە بەردەوامی وەكو موڵكێكی ئەو وایە كە بەكرێت گرتبێت، بەڵام لە عێراقدا كە زەوی هاوڵاتییەك بۆریەكی نەوتی پێدا دەڕەوات، یەكجار تەعویزیەكی دەدرێتیێو تەواو، تەحەدا دەكەم لەهەموو عێراقو هەرێمی كوردستانیشدا یەك كەس ئەم كارەی كردبێت. دووەم: لەسەر نیزامی تەئمین (دڵنیایی) نوسیوەمە، تەئمین لەسەر ئەو مەترسیانەی كە بەهۆی پیشەسازی نەوتییەوە ئەكەونەوە، بەڵام بەراوردمكردووە لەنێوان عێراقو نەرویجدا، لەوێ كرێكارێكی نەوت زەماناتەكانی چینو لێرە كرێكارێكی نەوت زەماناتەكانی چین، چەند جیاوازن؟ لێرە شۆفێری تەنكەرێك كە بە تەنكەرەكەیەوە دەسوتێت پێشتر (12) ملیۆن دینار حەقی پارەی تەنكەری نەوتەكەشی داناوە، لەوێ چۆن تەعویز دەكرێتەوە، بە ملیۆن دۆلار تەعویز دەكرێتەوە. خەڵكی تر لەسەر بواری گشتی نەوتی نوسیوە، من لەسەر بواری تایبەتی نەوتم نوسیوە، بۆ نمونە تەعویز بەهۆی تەئمینەوەیە (دڵنیایی)، تەعویز یەكێكە لەوانەی لە یاسای مەدەنیدا هەیە، خاوەندارێتی لە یاسای مەدەنیدا هەیە. سێیەم: بیرتانە كاك نێچیرڤان بارزانی دەیوت كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی دادەمەزرێنین خەڵك دەكەینە خاوەنی پشك، ئێستا ئارامكۆ بەشێك لە پشكەكانی دەفرۆشێت لەكاتێكدا كۆمپانیایەكی نیشتمانییە، من لەسەر ئەوەم نوسیوە كە (كۆمپانیایەكی نیشتمانی چۆن لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت پشكەكانی بفرۆشێت بە هاوڵاتی ئاسایی) لە یاسای نەوتی ژمارە (22)ی هەرێمی كوردستان ساڵی 2007 رێگەی بەوەداوە كە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی هەرێمی كوردستان پشكەكانی بە خەڵك بفرۆشێت، كێ لەسەر ئەمانەی نوسیوە با بێت بڵێت وشەم لەسەری نوسیوە، لەبەر ئەوەی من (ئیستحقاقی) خۆم وەرگرتووە، من بۆم نیە راستەوخۆ پێشكەشی زانكۆكەی خۆمی بكەم، دەبێت مامەڵەكەم راستەوخۆ ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكەم، چونكە ئێستا من لەناو دەستەی وانەبێژیدا نەماوم، ئەوان بە رۆڵی خۆیان ئاڕاستەی زانكۆكەی منی دەكەنەوە بزانن من لەوێ مودەڕیس بووم، چیم كردووە چیم نەكردووە، ئەم بەڕێزانە لەوێ رێوشوێنەكانی یاسایی چیە، تەبعەن لەوێ خەڵكی یاسایی لێ نییە، ئەوانیش ئاڕاستەی كۆلێجی یاسای زانكۆی سلێمانیان كردوەتەوە، بۆ دانانی لیژنە، من ئەگەر یەك تۆز ترسم هەبوایە لەڕووی یاسایی، لەڕووی ئیجرائی، ئەو كارەی من كێشەیەكی تێدایە، جورئەتم نەدەكرد بڵاوی بكەمەوە، من فەخری پێوە دەكەم، وە دەستم كردووە بە نوسینی لێكۆڵینەوەكانی پرۆفیسۆریو ئینشەڵا لە ئایندەیەكی نزیك لەوەختی خۆمدا دەبم بە پرۆفیسۆر.