بەرواریی بۆ درەو: بەشێوەی ناڕاستەوخۆ فشارم لەسەر بوو
2020-05-31 15:55:01
(درەو):
رۆژی 15ی ئەم مانگە، یەكەم دەنگ بوو كە دژی پێنەدانی موچەی مامۆستایانو فەرمانبەران لەناو شاری دهۆكەوە لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا بانگەوازی بۆ سازدانی خۆپیشاندان كرد، بەڵام بەر لەوەی خۆپیشاندانەكە بكات، چەند كاتژمێرێك دوای بڵاوبونەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەكەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركرا، دەستگیركردنی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستانو لە شەقامیش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەو مامۆستا (بەدەل بەرواریی)یە، كە ئێستا ئیتر ناوەكەی بۆ زۆر كەس ئاشنیایە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییە كورتەدا لەگەڵ (درەو) باسی دۆخی خۆی لە زیندانو چۆنیەتی ئازادبوونی دەكات.
دەقی گفتوگۆكە:
درەو: چۆن ئازادكرایت ؟
مامۆستا بەدەل بەرواریی: بەكەفالەت ئازادكرام، بە كەفیلێك رازی نەبوون بە دوو كەفیل بەربووم (بەپێكەنینەوە).
درەو: چەند تۆمەتت ئاڕاستەكراوە ؟
ماموستا بەدەل بەرواریی: دوو تۆمەت، تۆمەتی یەكەم ئەنجامدانی گردبونەوەی بێ مۆڵەتو تۆمەتەكەی تریش مەسەلەی چەند پۆستێك بوو كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاومكردبووەوەو لەو پۆستانەدا داوامان لە سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت كردبوو چۆن داوا دەكەن حكومەتی عێراق رێز لە خۆپیشاندەران بگرێت، ئێوەش رێز لە خۆپیشاندانی ئێمە بگرن.
درەو: لەكاتی ئازادكردنتدا هیچ جۆرە بەڵێننامەیەكیان پێ پڕكردیتەوە ؟
مامۆستا بەدەل بەرواریی: نەخێر هیچ بەڵێننامەیەكیان پێ پڕنەكردومەتەوە، بەڵام موبایلی هێڵی ئاسیاسێڵەكەم هێشا لای ئەوانە، لە زیندان موبایلەكەم نەدەكردەوە، بەڵام دواتر ناچاربووم كردمەوە، ئێستا گوایە دەیانەوێت تۆمەتم بۆ دروست بكەن كە من سەربە لایەنێكی سیاسیم.
درەو: لەو ماوەیەی كە لە زیندان بوویت، روبەڕووی هیچ ئازارێكی جەستەیی یاخود دەروونی بویتەوە ؟
مامۆستا بەدەل بەرواریی: نەخێر، زۆر رێزیان لە ئێمە گرت، بەتایبەت پۆلیسەكانی زیندانەكە.
درەو: كاتێك ئێوە لە زیندان بوون، لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان خەڵكانێك خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی ئێوە كردو داوایان كرد ئازاد بكرێیت، ئێوە ئەوكات لە زیندان ئاگاداری روداوەكان بوون ؟
مامۆستا بەدەل بەراواریی: بەڵێ، لەڕێگەی كەناڵەكانەوە ئاگاداری هەندێكیان بووم.
درەو: ئێستا كە ئازادكراویت پەیامت بۆ مامۆستایان چییە ؟
مامۆستا بەدەل بەرواریی: ئێمە هیچ شتێكمان نەكردووە، دەستور رێگەی پێداوین بە هەر شێوازو رێگایەك بێت داوای مافی خۆمان بكەین، بەڵام ئەوان كە نەهێڵن كەس خۆپیشاندان بكات ئەوە شتێكی ترە، بەراستی سوپاسی گەرمم هەیە بۆ ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی سلێمانیو گەرمیانو هەڵەبجەو كەركوك كە پشتیوانی ئێمە بوون، لە ساڵی 1992وە تائێستا من ئەم كارە دەكەن لە رێكخراوەكان، ئەوە یەكەمجارە شتی لەو شێوەیە لە هەرێمی كوردستان روودەدات كە خەڵكی ئەو ناوچانە پشتیوانی دهۆك دەبن، ئەوە یەكەمجارە یەكگرتنێكی لەوشێوەیە لە هەرێمی كوردستان روودەدات، ئێمە موڵەتی خۆپیشاندانمان هەبوو، ئەگەر رێگەیان بدایە یەك كاتژمێر بوو كۆتایی دەهاتو كەسیش نەیدەزانی گردبونەوەمان كردووە.
درەو: هیچ فشارێكت لێ كراوە بۆ ئەوەی جارێكی تر خۆپیشاندان نەكەیتەوە ؟
مامۆستا بەدەل بەرواریی: بەڵێ بەشێوەی ناڕاستەوخۆ هەبووە.
درەو: بەرپرسانی پارێزگای دهۆك تۆمەتی ئەوەیان خستەپاڵ گردبونەوەكەتان كە دەستی سیاسی چەند لایەنێكی لە پشت بووە ؟
مامۆستا بەدەل بەرواریی: ئەوە مەسەلەكەیە كە تۆمەتی سیاسییان خستوەتە پاڵمان، ئەوان باش دەزانن كە من سەر بە هیچ لایەنێك نیم، ئەوان ئەیانویست لەوە دڵنیا ببنەوە چۆن كەسێك لە دهۆك لە هەموو ناوچەكانی تری كوردستان ئەو هەموو پشتیوانییەی هەیە.
درەو: لەو ماوەیەی كە لەزیندان بوویت، هیچ بەرپرسێكی حزبی یان حكومی پەیوەندی پێوەكردیت ؟
مامۆستا بەدەل بەرواریی: نەخێر، هیچ كەسێك پەیوەندی پێوە نەكردووم جگە لە رێكخراوی مافی مرۆڤی سەربە حكومەتی هەرێم، هیچ كەسی تر سەردانی نەكردم.
ئەو تۆمارە ڤیدیۆیەی كە بەدەل بەرواری لەسەر دەستگیركرا