Draw Media

رۆژنامەنوسێكی كورد لە ئەرمینیا قسە بۆ (درەو) دەكات

رۆژنامەنوسێكی كورد لە ئەرمینیا قسە بۆ (درەو) دەكات

2020-09-30 16:45:17


 (درەو):
ئەم رۆژانە كە جەنگ لەنێوان ئەرمینیا‌و ئازەربایجان لەسەر هەرێمی جێناكۆكی "كەرەباخ" دەستیپێكردووە، ناوی كوردیش چوەتە ناو هەواڵەكانی شەڕەوە، لە ئەرمینیا ژمارەیەكی زۆر كوردی ئێزیدی هەن، لەناو سوپای ئەرمینیا شەڕ دژی ئازربایجان و توركیا دەكەن،   (بۆریس مورازی) كە رۆژنامەنوسێكی كوردی ئەرمینیایەو روماڵی شەڕ دەكات، كاتێك پەیوەندیمان پێوەكرد لەناوچەی شەڕەكەدا بوو لە كەرەباخ، بەڵام هەرچۆنێك بێت بە كورتی وەڵامی ئەم پرسیارانەی (درەو)ی دایەوە.

گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو
درەو:
كورد بەشدارن لە جەنگی نێوان ئەرمینیا‌و ئازربایجاندا ؟
بۆریس مورازی: بەڵێ كورد بەشدارە لە جەنگەكەدا لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئەرمینیا، هەر بۆ زانیاریت لێرە كوردی ئێزدی هەیە، كوردی موسڵمان نیە، یەك كورد شەهید بووەو دووانی دیكەش  برینداربوون لە شەری بەرامبەر بە ئازربایجان، كوردەكانیش لە پاڵ ئەرمەنییەكاندا بەشدارن لەو شەڕەداو بە قارەمانێتی ناسراون، لە بەرەی شەڕی ناگۆرنی كەرەباخدا.
 
درەو: توركیا رۆڵی چییە لەو جەنگەدا ؟
بۆریس مورازی: توركیا تیرۆرستی عەرەب دەبات بۆ شەڕ لەبەرەی ئازربایجان، تائێستا (81) كەس لەو تیرۆرستانە كوژراون كە توركیا هێناونی بۆ بەرەی شەڕ.

درەو: ئاژانسی رەسمی توركیا بڵاویكردەوە گوایا (300) گەریلای (پەكەكە) چونەتە ئەرمینیا بۆ شەڕ دژی ئازەربایجان ؟ 
بۆریس مورازی: ئەو هەواڵانە هیچی راست نیە، ئەوە پڕوپاگەندەی توركیایە بۆ شەرعیەتدان بە هێرشەكانی خۆی، ئەوان بڵاویدەكەنەوە كە خەڵكی سلێمانی‌و ماڵباتی تاڵەبانی پشتیوانی ئەرمینیا دەكەن‌و گەریلای پەكەكەیان ناردووە بۆ بەرەی شەڕ، كە ئەمە راست نیەو تەنها پڕوپاگەندەی توركیایە، یەك كەس لە هەرچوار پارچەی كوردستان نەهاتووە بۆ شەڕو بەشدار نیە لەبەرامبەر ئازربایجان، من ئێستا لە كەرەباخم‌و لە بەرەی پێشەوەی شەڕەكەم وەك رۆژنامەنوسێك شتی وام نەبینیوە.
 
درەو: تائێستا هیچ یەكێك لە ناوچە كوردنشینەكانی ئەرمینیا بەر هێرش كەوتوون یاخود زیانیان پێ گەیشتووە ؟
بۆریس مورازی: نا.. نا، ناوچە كوردییەكان زۆر دوورن لە شەڕەكەوە، تائێستا زیان بەر هیچ گوندو ناوچەیەكی كوردی نەگەیشتووە.

درەو: پێتانوایە توركیا بۆچی پشتیوانی ئازربایجان دەكات لە شەڕەكەدا ؟
بۆریس مورازی: ئەردۆغان رایگەیاندبوو كە توركیاو ئازربایجان دوو دەوڵەت‌و یەك میللەتن، لەوچوارچێوەیەدا پشتیوانی ئەوان دەكات، توركیاو دەوڵەتی عوسمانی ساڵی 1915 قەتڵو عامی ئەرمەنییەكانیان كردووە، توركیا دەخوازن جارێكی تر ئەو پرۆسەی قەتڵ‌و عامە بەسەر كورددا بهێنێت. 

درەو: پێتانوایە جەنگەكە تا كەی درێژە بكێشێت ؟
بۆریس مورازی: لە ئێستادا ئەمریكاو روسیا‌و نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەوڵدان بۆ كۆتایهێنان بە شەڕەكە، پێدەچێت شەڕەكە درێژە بكێشێت.

درەو: توركیا بە ئاشكرا پشتیوانی لە ئازەربایجان دەكات، ئەی چی دەوڵەتێك پشتیوانی لە ئەرمینیا دەكات ؟
بۆریس مورازی: لە ئێستادا فڕۆكەی (ئێف 16)ی توركیا خاكی ئەرمینیا بۆردوومان دەكات، تائێستا بە ئاشكرا هیچ دەوڵەتێك پشتیوانی لە ئەرمینیا ناكات، ئەرمینیا پشت بە توانای خۆی دەبەستێت. 

درەو: ئەرمەنستان ئەو توانایەی هەیە لە یەككاتدا دژی توركیاو دژی ئازربایجان شەڕ بكات ؟
بۆریس مورازی: ئەرمینیا زۆر توندە بەرامبەر بە توركیا، ئەگەر توركیا بەردەوام بێت، ئەرمینیا تۆڵەی خۆی لە توركیا دەسەنێت.

درەو: تائێستا زیانی ئەرمینیا زیاترە یان ئازربایجان ؟
بۆریس مورازی: بێگومان زیانی ئەرمەنستان زیاترە، لەبەر ئەوەی ئازربایجان بۆردومان زۆر دەكات‌و حساب بۆ خەڵكی سڤیل ناكات، بەڵام ئەرمەنستان تەنها شەڕ لەگەڵ سەربازانی ئەوان دەكات.

درەو: بەبۆچونی ئێوە هۆكاری سەرەكی شەڕەكە چییە ؟ 
بۆریس مورازی: لە 27ی ئەم مانگەوە دەوڵەتی ئازربایجان بە پاڵپشتی توركیا هێرشی بۆسەر ( ناگۆرنۆ كەرەباخ)ی دەستپێكرد، ناكۆكی نێوان ئازربایجان و ئەرمینیا، مێژووییە،  كاتێك یەكێتی سۆڤیەتی جاران دەسەڵاتی بەسەر ناوچەكەدا نەما، لە ساڵی 1988 ناكۆكیەكانی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجان لەسەر خاوەندارێتی ناوچەی كەرباخ تەقیەوە.  

درەو: دەوترێت ئەم شەڕە پەیوەندی بە نەوت‌و غازەوە هەیە راستە؟
بۆریس مورازی: نا راست نیە، ناگۆرنۆ كەرەباخ نەوت‌و غازی نیە.

درەو: دەكرێت بڵێن كێشەی ئەو ناوچەیە هاوشێوەی كەركوكی باشوری كوردستانە ؟
بۆریس مورازی: نا هاوشێوە نیە، لەبەرئەوەی نەوت‌و غازی نیە، بەڵام ناوچەی جێناكۆكە.

درەو: رۆڵی ئێوە رۆژنامەنووسن لە رووداوەكانی ئێستادا لەوێ چییە؟
بۆریس مورازی: شەڕ دەستی پێكردووەو خەڵك دەكوژرێن، لەناو كەرەباخ خەڵكی سڤیل نابینی بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی ئازربایجانەوە، واتا ئێمەی رۆژنامەنووسان لەناو شەڕەكەداین‌و هەواڵی شەڕ دەگوازینەوە، بەڵام بێگومان غەمگینی شەڕ كاریگەری لەسەر میدیاش هەیە.

درەو: لەناو ئەرمینیا هیچ گروپ‌و پارت‌و لایەنێك هەیە پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ئازربایجان یان توركیا بكات ؟
بۆریس مورازی: نا.. ئێستا هیچ كەس‌و گروپێك لەناو ئەرمینیا هاوسۆز یاخود پشتیوانی ئازربایجان ناكات، لێرە كەس پشتیوانی ئازربایجانێك ناكات كە هەوڵی نەمانی ئەرمینیا دەدات.

درەو: واتا كوردانی ئێزدی بەتەواوی پشتیوانی حكومەتی ئەرمینیا دەكەن؟
بۆریس مورازی: بەڵێ كوردانی ئێزدی بەتەواوی پشتیوانی لە حكومەتی ئەرمینیا دەكەن‌و لە چوارچێوەی هێزە سەربازییەكانی ئەرمینیا لەبەرامبەر بە ئازربایجان دەجەنگن.

درەو: كورد لە ئەرمینیا میدیای خۆی هەیە ؟
بۆریس مورازی: كورد لێرە چەندین رۆژنامەو پێگەی ئەلیكترۆنی هەیە. 

درەو: توركیا یان ئازربایجان توانیویەتی "جاش" لە ئەرمینیا دروست بكات؟
بۆریس مورازی: نا، بەهیچ شێوەیەك.
 

دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكە 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand