Draw Media

(درەو میدیا): ئەمڕۆ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كرد‌و لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە. شۆرش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان یەكێك لەو كەسانە بوو كە ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبونەوەی وەفدی پارتی‌و گۆڕانی كرد، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: وەفدی پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت چ مەسجێكی بۆ ئێوە هەبوو؟ شۆڕش حاجی: ئەوەی من تێگەیشتم، پارتی هاتبوون زۆر بە راشكاوانە‌و راستەوخۆ نیەت‌و ویستی خۆیانیان بۆ دەربڕین، كە ئەوان دەیانەوێت ئێمە بەشداربین لە حكومەتی ئایندەی هەرێمی كوردستان،  درەو میدیا: واتە ئەوان هاتنیان بۆ ئەوە بوو داوا لە ئێوە بكەن بەشداری كابینەی نوێ حكومەت بكەن ؟ شورش حاجی: بەڵێ درەو میدیا: ئێوە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا تێگەیشتن پارتی دەیەوێت حكومەتی داهاتوو چ جۆرە حكومەتێك بێت ؟ شۆڕش حاجی: ئەوەی برایانی پارتی وتیان، ئەوەبوو كە ئەوان دەیانەوێت ئەگەر ئێمە بڕیاری چونە حكومەت بدەین، ئەوان خۆیان وتیان دەمانەوێت ئێوە كە هاتن بەشداری حكومەت بكەن، شەریكی راستەقینە بن لە دەسەڵات. درەو میدیا: واتە سەردانی وەفدی پارتی بۆ ئەوەبوو تێڕوانینی ئێوە بزانێت ؟ شۆڕش حاجی: بەڵێ درەو میدیا: ئێوە دەستانكردووە بە دانوستان لەبارەی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت، ئەگەر بڕیاری بەشداریتان نەداوە، چۆن دەچنە ناو دانوستانەوە ؟ شۆڕش حاجی: نەخێر ئێمە دانوستانمان نەكردووە، ئێمە پێشوازیمان لە وەفدی پارتی كردووە‌و گوێمان لە بۆچونی پارتی گرتووە، ئێمەش باری سەرەنجی خۆمان لەسەر قسەكانی ئەوان بۆ باسكردوون‌و پێشمانوتوون‌و دەشیڵێین بڕیاری كۆتایی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، لای جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەوانیشمان وتووە كە ئێمە بەرنامەی سیاسی خۆمانمان هەیە، پرەنسیپمان هەیە كە بڕوامان پێیەتی‌و لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە‌و ئێمە پابەندین بەو پرەنسیپ‌و بەرنامانەی خۆمانەوە، چ لە حكومەت بین یان لە ئۆپۆزسیۆن ئێمە دەمانەوێت ئەو بەرنامانەمان جێبەجێ بكەین. درەو میدیا: ئەگەر بڕیارتاندا بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت بكەن، میكانیزمی پڕكردنەوەی پۆستەكان لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبێت ؟ شۆڕش حاجی: جڤاتی نیشتمانی ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە، هێشتا ئێمە بڕیارمان لەسەر ئەو وردەكارییانە نەداوە، بەڵام ئێمە ئەزموون لە رابردوو وەردەگرین‌و بەدڵنیاییەوە ئەو هەڵانەی كە لە رابردوو كردومانە لە دیاریكردنی كەسەكان بۆ پۆستەكان، بۆ ئایندە عیبرەتی لێوەردەگرین. درەو میدیا: پێشتر میدیاكەتان باسی لەوەكرد كە یەكێتی دەیەوێت رێگری بكات لە بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت، وەفدی پارتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا هیچ پەیامێكی یەكێتییان بە ئێوە گەیاند ؟ شۆڕش حاجی: نەخێر، پارتی هاتبوو بۆچونی خۆی بڵێ‌و بۆچونی هیچ لایەنێكی تری بە ئێمە نەوتووە. درەو میدیا: وەكو سەرەتایەك بۆ دانوستانەكان، بۆچونەكانی وەفدی پارتی بۆ ئێوە ئاسایی بوون، هیچ بابەتێك باسكراوە كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان هەستیار بێت ؟ شۆڕش حاجی: ئەوان هاتوون بۆچونی خۆیان بۆ ئێمە باسكردووە‌و ئێمەش بۆچونی خۆمان پێوون، كە چۆن چارەسەری كێشەكانی خەڵك‌و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان‌و سەروەری یاسا‌و بەنیشتمانكردنی دامەزراوەكان‌و شەراكەت بكەین لە ئایندەدا.  


چاوپێكەوتنی: ئاراس فەتاح... ئاراس فەتاح نوسەر و ڕوناكبیری كورد لەوەڵامی پرسیارێكی "درەومیدیا"دا، هۆكارەكانی شكستی ئۆپۆزسیۆن و بایكۆتی سندوقەكانی هەڵبژاردن لەلایەن ڕێژەیەكی بەرچاوی هاوڵاتیان شیدەكاتەوە، لەبەر ڕۆشنایی دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.  دەتوانین بڵێین دوو تێڕوانین لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن ھەڵەن و لە داھاتوشدا پێویستە خوێندنەوەی عەقڵانیی نوێ بۆ قۆناغی دوای شکستی خەباتی پەرلەمانیی و مەدەنیی بکرێت. یەکەمیان ئەو بۆچوونەیە کە کۆمەڵگای ئێمە بە کۆمەڵگایەکی گەمژە و مەترسییدار دەزانێت، چونکە ڕای وایە سەرەڕای ھەموو بەدکاریی و ستەمگەریی ئەم دوو ھێزە سوڵتانییە، خەڵک ھەر دەنگ بە پارتیی ویەکێتی دەدەن. دووھەمیشیان بانگەشەکردن بوو بۆ بایکۆتکردن و وابزانیت کە بە بایکۆتی فەردیی دەتوانیت گۆڕانکاریی سیاسیی دروستبکەیت. بۆچوونی یەکەمیان لەبەر زیاد لە ھۆکارێک راست نییە، چونکە یەکێک لەو ھۆکارە سەرەکییانەی وادەکات پارتی و یەکێتی ھەمیشەبراوەی ھەڵبژاردنەکان بن، دروستکردنی ئەو مۆدێلەیە لە سیستەمی سوڵتانی کە ئەمڕۆ لە زانستە سیاسییەکاندا بە ڕژێمی دەسەڵاتگەریی ئینتیخابیی”Electoral Authoritarianism“ ناودێڕدەکرێت. واتە مۆدێلێک لە رژێمی دەسەڵاتگەرایی کە شانازیی بە بوونی ھەڵبژاردنەوە دەکات و خۆی وەک وڵاتێکی دیموکراسیی و فرەحیزبیی و دەرفەتیەکسان نماییشدەکات بۆئەوەی وێنەی راستەقینەی خۆی پێ ئارایشتبکات، بەڵام لە جەوھەردا خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنێکی چەپێنراو و لاواز و بێھێزە. ئەم مۆدێلە تەنھا لە کوردستاندا بوونی نییە و لەداھێنانی پارتی و یەکێتییش نییە، بەڵکو ساڵانێکی درێژە بووە بە مۆدێلێکی مەترسییدار وەک لە ئەزموونی دەسەڵاتگەرایی ئینتیخابیی لە روسیای پوتین و زۆرینەی وڵاتانی پۆست کۆمۆنیست و پۆست کۆلۆنیالی ئەفریقا و ئاسیا و لە ئەمریکای لاتینیشدا دەیبینین.  ئاراس فەتاح: تۆ کە بەرپرسیارێتی ئۆپۆزیسۆنبوونت ھەڵبژارد، دەبێت خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وئابووریی گەورەت بۆ ئاییندەی کۆمەڵگاکەت ھەبێت، نەک دڵت بەوە خۆش بێت لە ھێزێکی گەورەی نیشتیمانییەوە ببیت بە ھێزێک کە تەنھا لە نێوەندی سلێمانیدا زۆرینەی دەنگەکان بھێنیت.   لەم سیستەمانەدا پارە و دەسەڵات و میدیا و لەشکر و ئاساییش و پۆلیس ھەمووی لەژێر دەستی حیزبی دەسەڵاتدار دان لەکاتی ھەڵبژاردنیشدا دەخرێنە خزمەتی حیزب و سەرۆکی قائیدەوە. بەشێوەیەکی سیستەماتییکیانەش پێش ھەڵبژاردن و لە سەعاتی کۆتایی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا ئامادەسازییکراوە کە لەرێگای فشار و ترساندن و ساختەکارییەکی رێکخراوانەوە ھەموو دەرئەنجامەکان قڵپبکرێنەوە بۆئەوەی حیزب و سەرۆکە دەسەڵاتدارەکان براوەی یەکەم بن.  لە ھەرێمی کوردستانیشدا سەرەڕای ئەوەی  لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا دەرگیریی ھەمان مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی و پراکتیکی سیاسیی دەبینەوە، کێشەی ئۆپۆزیسیۆنێکیشمان ھەیە کە لەلایەک بەدەست دەیان گرفتی ناوخۆیی خۆی موبتەلابووە وەکو لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەیبینین و لەلایەکی ترەوە بەدەست شکستی دروستکردنی پڕۆژەیەکی سیاسیی نیشتیمانیی ھاوبەش و نەبوونی متمانە بەیەکتریی دەناڵێنێت. سەرەڕای ئەو ھەموو شکستە سیاسیی و ئابووریی و نیشتیمانییەی دەسەڵات لە ساڵانی رابردوو بەگشتیی و لە دوای ریفراندۆمیشەوە بەتایبەت، ئەم ئۆپۆزیسیۆنەی ھەرێم لەبەر گرفتی ناوخۆیی و بێمتمانەیی لەنێوانیاندا و نێرجسییەتێکی سیاسیی کوشندە، ھێندە لاواز و پەرتەوازە و بێئیرادە بوو، نەیتوانی مۆدێڵێکی نوێی خەباتی پەرلەمانیی بەرھەمبھێنێت کە بتوانێت ببێت بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و متمانەی دەنگدەر بگەڕێنێتەوە و ھیوایەکی نوێی بۆ بەرھەمبھێنێت، بۆئەوەی بایکۆتی ھەڵبژاردن نەکات. کێشەیەکی سەرەکیی تری ئەم ئۆپۆزیسیۆنە و بزوتنەوەی گۆڕانیش بەتایبەت ئەوەیە کە تاوەکو ئەمڕۆ ھەمیشە وەکو قەدەرکی سیاسیی مامەڵەی لەگەڵ بێڕێزییکردن لە دەنگدەرەکانی و ساختەکاریی و دۆڕانی خۆی لە ھەڵبژاردندا کردووە.  ئاراس فەتاح: ھەڵەی تێڕوانینی دووھەمی دوای ئەم ھەڵبژاردنە پرسی بایکۆتکردنە. کردەی بایکۆتکردن کاتێک مانا و ھێزێکی دەبێت کە ببێت بە پرۆژەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەموو ھێزە رەخنەییەکانی دەرەوەی دەسەڵات، نەک پرۆژەی فەردییانەی دەنگدەری ناڕازیی و دڵشکاو و متمانەنەبوو بە ھەموو ھێزەکان. بزوتنەوەی گۆڕان وەکو گەورەترین ھێزی ئۆپۆزیسیۆن، لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە گرفتی شوناسی ھەیە، لەنێوان رادیکاڵییەتی گوتارەکانی و ئیفلیجیی و پراکماتیزمی سەرکردایەتییەکەی گیری خواردووە. لەمڕۆدا ھێزێک لەناو ئەم بزوتنەوەیەدایە کە لەبری ئەوەی درێژە بە سیاسەتی رادیکاڵی بزوتنەوەکە بدات و گوتار و نەخشەرێگای نوێ بۆ خەباتی سیاسیی و مەدەنیی دابڕێژێت، کەچی دەستکاریی رادیکالی رێکخراوەیی ئەم بزوتنەوەیە کردووە و تەنھا لەسەر گوتارە کۆنەکانی خۆی کڕکەوتووە و لەسەر خۆشەویستیی بۆ سەرۆکە کاریزمییە کۆچکردووەکەی دەژیی. ئەم ھێزە ماوەیەکی درێژە سیستەماتیکییانە کار لەسەر تەوریسکردن و بەکۆمپانیاکردنی ئەم بزوتنەوەیە دەکات و رازییە بە بچوکبوونەوەی ئەم بزوتنەوە سیاسییە گەورەیەی کۆمەڵگای ئێمە بەرامبەر بە وەچنگخستنی چەند کورسییەکی پەرلەمان. بزوتنەوەی گۆڕان لەمڕۆدا کڕکەوتووە لەسەر گوتارە کۆنەکانی و ھیچ پڕۆژە و خەونێکی سیاسیی گەورەی نەماوە کە گرنگترینیان دامەزراندنی حکومەتی ھاوڵاتیی و دەستکارییکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و گۆڕینی نەخشی سیاسیی و باڵانسی ھێز و شکستھێنان بوو بە پڕۆژەی تەوریسی سیاسیی لەناو ئەو سیستەمە سوڵتانییەی کە لە ھەرێمدا دروستکراوە. ئەم کڕکەوتنەش رێک دووبارەکردنەوەی ھەمان ئەزموونی شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەیە کە دەسەڵات ساڵانێکە کاری لەسەر دەکات و تەنھا بە گوتارە کۆنەکانی خۆی دەژیی و وایدەزانی تا ئەبەد جەماوەرەکەی بۆی دڵسۆز دەبێت. تۆ کە بەرپرسیارێتی ئۆپۆزیسۆنبوونت ھەڵبژارد، دەبێت خەونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وئابووریی گەورەت بۆ ئاییندەی کۆمەڵگاکەت ھەبێت، نەک دڵت بەوە خۆش بێت لە ھێزێکی گەورەی نیشتیمانییەوە ببیت بە ھێزێک کە تەنھا لە نێوەندی سلێمانیدا زۆرینەی دەنگەکان بھێنیت. فاکت ئەوەیە کە سەرکردەکانی پێپشەوەو پشتەوەی ئەم بزوتنەوەیە لە قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفاوە نەیانتوانی لە گرنگیی ئەم بزوتنەوەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمە تێبگەن و گەشە بەو بەرنامە سیاسییە گرنگەی بدەن و وەڵامی عەقلانیی و رادیکالیشیان بۆ پێشھاتە نوێکان پێبێت و دوبارە ببنەوە بە ھێزی رووداودروستکەر لەبری ئەوەی دوای رووداوەکان بکەون. بزوتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەوەی کە لە ھەردوو ئەزموونی حکومەتی ھەولێر و خەباتی پەرلەمانیی شکستی ھێناو نەیتوانی لە پرۆسەی سیاسیی بکشێتەوە و بیکات بە سەرمایەیەکی سیاسیی بۆ خۆی، لە ئەزموونی حکومەتی خۆجییەکەشی لە پارێزگای سلێمانیدا سەرکەوتوو نەبوو و نەیتوانی ھیچ مۆدێلێکی نوێ لە عەقڵییەتی حوکمڕانیی و سیاسەتی رۆشنبیریی و ئیداریی و شارسازییدا بە دەنگدەرانی پێشکەش بکات کە جیاوازبێت لە سەردەمی یەکێتی. خاڵێکی تر کە ھێز و توانای لەم بزوتنەوەیە بڕی و دڵەڕاوکێی لای خۆبەخشان و لایەنگرانی دروستکرد بریتییە بوو لە خەمساردیی و ئامادەنەبوونی سەرانی نوێی ئەم بزوتنەوەیە لەوەی نە پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەغدا و نە دوای ھەڵبژاردنەکانیش کێشە ناوخۆییەکانیان جەریئانە و شەفافانە چارەسەربکەن و ئەو تەمومژییە لەسەر شوناسی بزوتنەوەکە و پرۆسەی تەوریسیی سیاسیی و لاببەن و کۆتایی بە ململانێی گروپییانەی ناوخۆیی خۆیان بھێنن و بە گوتاری نوێ و پلانی نوێوە بیر لە پرۆسەی سیاسیی دوای ریفراندۆم و قۆناغی دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بکەنەوە. ئیفلیجییەکی تری قۆناغی پێش ھەڵبژاردنیش بریتیی بووە لەوەی کە ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانی پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی ئەلتەرناتیڤ لەگەڵ ھێزەکانی تردا گەڵاڵەبکات بۆئەوەی ھەرێمی کوردستان لەم چەقبەستییە سیاسییە رزگاربکات و لەناو ھاوکێشە سیاسییە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکاندا حیسابیان بۆبکرێت. ئەم دەرگیربوونە بە پرسی وونبونی شوناس و کێشە ناوخۆییەکان و خراپی ئەزموونی حوکمڕانیی خۆجێیی و نەخوێندنەوەی عەقلانیی و بێڕوئیاییەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئێستا و داھاتووی ھەرێم و چەندین ھۆکاری تریش وایانکرد ئەم بزوتنەوە خۆبەخشە سەرتاسەرییە بخزێتە ناو پرۆسەیەکی مەترسیداری لوکالیبوونەوە و ژمارەیەکی بەرچاوی کەسانی دڵسۆزی خۆی لێی دووربکەونەوە و لەلایەن ژمارەیەکی زۆری چالاکوان و رۆژنامەنووسان و نووسەرانیشەوە کە بە تەنگ پرۆسەی دیموکراسییەوەن، بەچاوێکی رەخنەییانەوە لێی بڕوانن و لەکۆتاییشدا دەنگدەرە ناڕازییەکانی لە ھەڵبژاردندا سزای توندی بدەن و بیھێننەوە سەر ئەرزی ئەو واقیعەی کە لێی ھەڵدەھاتن. ئاراس فەتاح:  ئەو بایکۆتە عەوفەوییە چاوەروانکراو بوو، چونکە ھیچ یەکێک لەم ھێزانە نەیاندەتوانی بەتەنھا ببن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و بەشداربوونیشیان بەو گوتارە کۆنانە و بەو پەرتەوازەییە لە ھەڵبژاردن و خۆنماییشکردن و خۆپێناسەکردنی ھەریەکەیان بە تاقانەی ساسیی، جگە لە پارچەبوون و لاوازبوونی یەکتر ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری بۆ نەچنینەوە. ھەڵەی تێڕوانینی دووھەمی دوای ئەم ھەڵبژاردنە پرسی بایکۆتکردنە. کردەی بایکۆتکردن کاتێک مانا و ھێزێکی دەبێت کە ببێت بە پرۆژەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەموو ھێزە رەخنەییەکانی دەرەوەی دەسەڵات، نەک پرۆژەی فەردییانەی دەنگدەری ناڕازیی و دڵشکاو و متمانەنەبوو بە ھەموو ھێزەکان. بێگومان ئەم بایکۆتکردنە بەرفراوانەی دەنگدەران ئیندێکسێکە نەک تەنھا بۆ بێمتمانەییان بە ھەڵبژاردن و بە ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانی پارتی و یەکێتی، بەڵکو وەڵامێکی توندیشە بۆ خودی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش کە جگە لە کۆپییکردنی گوتارەکانی یەکتر و ڕاوکردن و خواردنی دەنگی یەکتر، شتێکی تریان پێشکەش بە دەنگدەرانی ناڕازیی لە ھەرێمدا نەکرد. ئاراس فەتاح: ئەم مۆدێلەی ئۆپۆزیسیۆن لە ھەرێمی کوردستاندا لەوە کەوتووە ببێت بە کەرەسەیەک بۆ گۆڕانکاریی، بەڵکو خەریکە ببێت بە رێگرێک لە گۆڕانکاریی.     بەکورتی، ناڵاندنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی بەم ھەموو گرفتە ناوخۆییانە و مانەوەی بەو پەرتەوازەیی و لاوازییەی کە بینیمان و بەشداربوونی لە ھەڵبژاردنێکدا کە تەزویرکردنێکی گشتگیر یەکێک لە میکانیزمە ھەرە سەرەکییەکانی پێکدەھێنێت و نەبوونی ھیچ پلانێکی بەرگرییکردن لە دەنگی دەنگدەرانی لە رابروو و ئێستاشدا، یەک مانا و یەک وەزیفەی سیاسیی ھەیە، ئەویش نماییشکردنی ئەم ئۆپۆزیسیۆنەیە وەکو دۆڕاوێکی مسۆگەر لە ھەموو ھەڵبژاردنێکدا کە لە ھەرێمی کوردستاندا پیادەدەکرێت. نەبوونی ئایدیای نوێ و گوتاری نوێ و میکانیزمی نوێ و کارنەکردن لەسەر دروستکردنی سیستەمی بەرگریی لە دەنگی ھاوڵاتیان و پرۆسەی دیموکراسیی، چ لە ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو و چ لە ئەزموونی ئەم ھەڵبژاردنەدا ئەو راستییەمان بۆ دەردەخەن کە ئەم مۆدێلەی ئۆپۆزیسیۆن لە ھەرێمی کوردستاندا لەوە کەوتووە ببێت بە کەرەسەیەک بۆ گۆڕانکاریی، بەڵکو خەریکە ببێت بە رێگرێک لە گۆڕانکاریی. بۆیە بە بۆچوونی من ئەو بایکۆتە عەوفەوییە چاوەروانکراو بوو، چونکە ھیچ یەکێک لەم ھێزانە نەیاندەتوانی بەتەنھا ببن بە ئەلتەرناتیڤ بۆ دەسەڵات و بەشداربوونیشیان بەو گوتارە کۆنانە و بەو پەرتەوازەییە لە ھەڵبژاردن و خۆنماییشکردن و خۆپێناسەکردنی ھەریەکەیان بە تاقانەی ساسیی، جگە لە پارچەبوون و لاوازبوونی یەکتر ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری بۆ نەچنینەوە. ھەر ئەم دۆخە نوێیەش وادەکات لەداھاتوودا پێویستمان بە بیرکردنەوەی رەخنەیی و جیدیی و قووڵتر بێت لە قۆناغی شکستی خەباتی پەرلەمانیی و وونبوونی رۆڵ و شکستی کاوێژکردنی گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدیی.  


( درەو میدیا):  لە وەڵامی پرسیاری چوارەمی  دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ  نوسەر و ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" لەئێستادا کەرەستە خاوەکانی ئەو پرۆژەی گۆڕانکارییە تەنھا بە دابڕاویی و بەبێ چوارچێوەیەکی گشتیی ھەن و ئامادەن، ئەمەش گۆڕان و دەسکاریکردنی دۆخەکەی زۆر زیاتر زەحمەتتر و قورستر کردوە."  مەریوان وریا قانع دەڵێت كە ئێمە ئەمڕۆ لە دووڕیانێکی مێژووییداین:" یان ئەوەتە لە ژێر  سایەی حوکمڕانانی ئەمڕۆ و منداڵەکانیان و دەسەڵاتە سوڵتانییەکەیاندا لەناودەچین و دەپوکێینەوە، یان ئەوەتە لەڕێگای گۆڕینی ئەو واقیعەوە بە واقیعێک بەلانیەکەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە، تێزە مارکسییەکە، و بەلانیکەمی ڕێز و ئازادیی و سەربەخۆیی تاکەکەسییەوە، تێزە لیبرالیەکە، خۆمان لە ناوچوون و پوکانەوە دەپارێزین" پرسیاری چوارەم:  درەو میدیا: ئەكرێت لەم قۆناغەی ئێستادا ھێزێکی سیاسی لە كوردستان بدۆزینەوە بەفیعلی گوزراشت لەخەم و خەونەكانی خەڵک بكات یان ئەوانیش لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان كەوتونەتە دۆڵێک و، خەڵکیان بەتەنیا بەجێھێشتوە؟ مەریوان وریا قانع: بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە با سەرەتا بپرسین ئایا ”خەم“ و ”خەونەکان“ی خەڵک و كۆمەڵگای ئێمە چین و کامانەن؟ ئایا ئەو ئەرک و پێداویستییانە چین کە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە پێویستیی پێیەتی؟ من پازدە ساڵێک لەمەوبەر لە وەڵامی پرسیارێکی لەو بابەتەدا باسم لەوە کرد کە کۆمەڵگای ئێمە پێویستیی بەدوو جۆر خەبات ھەیە. یەکەمیان ”خەباتێکی مارکسیی“انەیە بۆ دابینکردنی لانیکەمی یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بۆ ھەمووان، بۆ نەھێشتنی ئەو جیاوازییە مادییە ترسناکانەی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبوون، بۆ ڕێگرتن لە وێرانبوونی چینی ناوەڕاست، بۆ کۆتاییھێنان بەم فۆرمە وێرانکەرەی نیولیبرالیزمی ئابوریی، بۆ ڕێگرتن لە ھەژارکەوتنی زیاتری ھەژاران و لە دەوڵەمەندبوونی زیاتری دەوڵەمەندان.  مەریوان وریا قانع:  ھەڵەی سیاسیی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سستییان و چاوەڕوانیی و ھیچنەکردنیان، تێکەڵ بە ھەستنەکردنیان بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و گۆڕینەوەی لۆژیکی سیاسەتکردن بە پەیوەندییەکی سایکۆلۆژیی شێواو، ئەم پرۆژەی گۆڕانکارییەی تەواو لاوازکردوە. بە کورتییەکەی خەباتێکی ”مارکسیی“انە لە خەمی دروستکردنی کۆمەڵگایەکدا بێت کە نەھێڵێت بەشێوەیەکی شاقووڵییانە دابەشبێت بۆ نەدار و دارا و ھەژار و دەوڵەمەند و چەوساوە و چەوسێنەر. ئەمەش پێویستیی بە دەسکاریکردنێکی ھەمەلایەنەی سیستمە ئابورییەکە و سیستمی دابەشکردنی سەروەت و سامانی نیشتیمانیی ھەیە، پێویستی بە قرتاندنی ئەو پەیوەندییە ترسناکە ھەیە کە لەنێوان سیاسەت و ئابووریدا دروستبووە، ھەروەھا پێویستی بە بنەبڕکردنی ئەو ھەموو دزیی و تاڵانیی و گەندەڵییە کەموێنەیەیە کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە، دەسکاریکردنێکی ڕیشەیی ئەو مۆدێلی دەوڵەمەندبوون و ھەژارکەوتنەیە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە دونیای ئێمەدا سەروەرکراوە. خەباتی دووھەمیان ”خەباتێکی لیبرال“انەیە لە پێناوی دەستەبەرکردن و پاراستنی ئازادییەکان و دروستکردنی تاکەکەسێکی بەرپرسیار و ڕێگەگەرتن لە فۆرمە جیاوازەکانی سوکایەتپێکردن و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی ئێمەدا. ئەگەر لە خەباتی یەکەمدا نان بۆ ئەو مرۆڤە دابینبکرێت، ئەوا لە دووھەمیاندا ئازادیی بۆ مەیسەردەکرێت. ئازادیی بە مانا فراوانەکەی، لە ئازادیی بیروڕا و ویژدان و سەفەر و جێگۆڕینەوە بیگرە بۆ فۆرمە جیاوازەکانی دروستکردنی کەسایەتیی و ئازادیی شێوەژیان.  پێموایە لە بینینی ئەم خەونانە و گوزارشتکردن لەم خەمانەدا کۆمەڵگای ئێمە زۆر لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەرمان جیاواز نەبێت. بەشێوەیەکی گشتیی لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەی ئێمەدا مرۆڤ تا ئێستا بەدەست بێنانیی و بێئازادییەوە دەناڵێنێت. بێنانیی و بێئازادیەکەشی بەرھەمی شێوازێک لە حوکمڕانین کە تیایدا حوکمڕان ھەم بازاڕ و ئابووریی و ھەم دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیان مۆنۆپۆڵکردوە و وەک موڵکی شەخسی خۆیان و منداڵەکانیان مامەڵەی دەکەن. لەناو ئەم وێنە گشتییەدا میلەتی ئێمە کۆمەڵێک کێشەی ھەیە کە لە کێشەی میلەتەکانی دراوسێمان ناچێت، یان ئەو میلەتانە بەو ڕادەیەی ئێمە ئەو کێشانەیان نەبێت. لە پێش ھەمووانیشەوە کێشەی غیابی تەواوەتی ھەموو ئەو ”چوارچێوە نیشتیمانیانە“ی کە بۆ دروستکردنی ”نەتەوە“ و ”نیشتیمان“ و ”ھاوڵاتیبوون“ پێویستن. نەتەوە و نیشتیمان و ھاوڵاتییبوون شتگەلێکی سروشتی نین بە مرۆڤ و کۆمەڵگاکان درابن، بەڵکو دروستکراوی کۆمەڵایەتیی و سیاسین و لەناو مێژوودا بەرھەمدەھێنرێن. دروستکردنی ئەو چوارچێوە گشتیی و ھاوبەشانە بۆ ئینتیما کە دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بە چوارچێوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دەزگایی و بیرۆکراسیی و ئەخلاقیی خۆیانی بزانن، مەسەلەی ژمارە یەکی دونیای ئێمەیە. خەڵکی کوردستان خاوەنی ھیچ چوارچێوەیەکی گشتیی و ھاوبەش نییە کە موڵکی ھەموو کۆمەڵگاکە بێت: نە چوارچێوەیەکی دەزگایی، پەروەردەیی، سەربازیی، سیاسیی، میدیایی، ئابوریی و نە لانی ھەرە کەمی ”ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی“ش کە کۆمەڵێک حەرام و حەڵاڵی نیشتیمانی تێدابێت ھیچ ھێز و کەس و لایەنێک نەتوانێت پێشێلیان بکات. بێگومان ئەم چوارچێوانە بە گوتاریی بەخائینکردن و بە بەلاغەی توندوتیژ و بە ئینشانووسیی و بەو میدیا ئیستیفزازییانە دروستنابێت کە ڕۆژانە دابەشبوونی تازە لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەکەن. ھەروەھا بەو بێمافیی و بەو ھەستکردنە گەورەیە بە زوڵم و نایەکسانیش دروستنابێت کە ئاکاری سەرەکیی حوکمڕانییە کوردیەکەیە. بەوەش نابێت چەند خێزانێک وڵاتەکە بە موڵکی شەخسی خۆیان بزانن و ئامادەبن کێیان ویست یان بیگرن یان ڕاویبنێن یان سەرنگونبکەن و بکوژن. ئەو ھێزانەی حوکمڕانی  کۆمەڵگای ئێمەن شوناسێکی بەلاغیی و لەفزیی ساختە و تەزویرکراو بە ھەڵگرەکانیان ئەدەن، ھاوکات بۆشاییەکی گەورە لەناو ھەناوی کۆمەڵگاکەدا دروستدەکەن کە بە مەترسیی پێکدادان و بێمافکردنی بەردەوام و سوکایەتیکردنێکی ھەمەلایەن پڕیدەکەنەوە.  مەریوان وریا قانع: بێنانیی و بێئازادی بەرھەمی شێوازێک لە حوکمڕانین کە تیایدا حوکمڕان ھەم بازاڕ و ئابووریی و ھەم دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیان مۆنۆپۆڵکردوە و وەک موڵکی شەخسی خۆیان و منداڵەکانیان مامەڵەی دەکەن.   لە ئاستی سیاسیشدا ئەوەی پێویستە سیستمێکە کە بەپێی کۆمەڵێک یاسای مەدەنیی و دەزگای شەرعیی و بەھای ئەخلاقیی و پرنسیپی دیموکراسییانە کاربکات کە دەسەڵات لەناویاندا بۆ ھیچ کەس و لایەن و خێزان و بنەماڵەیەک قۆرخنەکرێت و ئەگەرەکانی بەردەمی ململانێکردنی سیاسیی کراوە و ناتوندوتیژ بن. ھەموو ئەمانە لەپاڵ کۆمەڵێک میکانیزمی ڕاستەقینەدا کە بە ھۆیانەوە دەستگۆڕکێی دەسەڵات بەشێوەیەکی ھێمن و یاسایی بەڕێوەبچێت. ئێمە ئەمڕۆ لە دووڕیانێکی مێژووییداین: یان ئەوەتە لە ژێر  سایەی حوکمڕانانی ئەمڕۆ و منداڵەکانیان و دەسەڵاتە سوڵتانییەکەیاندا لەناودەچین و دەپوکێینەوە، یان ئەوەتە لەڕێگای گۆڕینی ئەو واقیعەوە بە واقیعێک بەلانیەکەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە، تێزە مارکسییەکە، و بەلانیکەمی ڕێز و ئازادیی و سەربەخۆیی تاکەکەسییەوە، تێزە لیبرالیەکە، خۆمان لە ناوچوون و پوکانەوە دەپارێزین. ئەوەی دەبێت ئەمڕۆ دروستیبکەین نیشتیمانێکە کە ژێرخانە ئەخلاقیی و سیاسیی و فیکرییەکەی مافەکانی مرۆڤ و رەوایەتیی دەستوورییی و دەستگۆڕکێ و چاودێریی دەسەڵاتبێت.  مەریوان وریا قانع: ئەوەی دەبێت ئەمڕۆ دروستیبکەین نیشتیمانێکە کە ژێرخانە ئەخلاقیی و سیاسیی و فیکرییەکەی مافەکانی مرۆڤ و رەوایەتیی دەستوورییی و دەستگۆڕکێ و چاودێریی دەسەڵاتبێت.    پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمڕۆکە ھێزێک یان چەند ھێزێک ھەن ھەڵگری ئەو پرۆژەی ڕزگارکردنە بن؟ بەبۆچوونی من بەرنامەی ئەو ڕزگارکردنە و جیھانبینییەکەی و زمان و ھێڵە سیاسییە گشتییەکانی ھەن و ئامادەن. لە دە ساڵی ڕابردوودا بەشێکی ڕۆشنبیران و بەشێکی کاری کۆمەڵگای مەدەنیی ئێمە و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی بەو ئاراستەیە کاریانکردوە. بەڵام ھەڵەی سیاسیی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سستییان و چاوەڕوانیی و ھیچنەکردنیان، تێکەڵ بە ھەستنەکردنیان بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و گۆڕینەوەی لۆژیکی سیاسەتکردن بە پەیوەندییەکی سایکۆلۆژیی شێواو، ئەم پرۆژەی گۆڕانکارییەی تەواو لاوازکردوە. لە ئاستی ڕۆشنبیریشدا کۆمەڵێک گوتاری ڕادیکاڵمان ھەیە کە بڕێکی گەورە لە ترسنۆکیی و گشتگییریی و ھیچنەکردنی لەژێر ناوی ”گۆڕانی سیستم“ و ”بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ“دا ھەڵگرتوە، ئەوانیش وەک ڕێگرێک لەبەردەم پرۆژەی گۆڕانکاریدا کاریانکردوە و کاردەکەن. لەئێستادا کەرەستە خاوەکانی ئەو پرۆژەی گۆڕانکارییە تەنھا بە دابڕاویی و بەبێ چوارچێوەیەکی گشتیی ھەن و ئامادەن، ئەمەش گۆڕان و دەسکاریکردنی دۆخەکەی زۆر زیاتر زەحمەتتر و قورستر کردوە.  


(درەو میدیا): قادری حاجی عەلی داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات بەشداری دەنگدان بكەن و دەنگ بدەن بە گۆڕان. لە چاوپێكەوتنێی كورتدا لەگەڵ ( درەو میدیا)، قادری حاجی عەلی راشیدەگەیەنێت سەرەڕای هەموو گلەیی و گازەندە لە سەركردایەتی گۆڕان و كەموكورتییەكانیان لە ئیدارەدانی بزوتنەوەكە سەرەڕای دەركەوتنی هەندێك هێمای خراپ بۆ لادان لە پرەنسیپەكانی و هەوڵی بەلاڕێدابردنی بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی خەڵكی كوردستان جیاوازی لە نێوان دوو حزبی دەسەڵاتدار و گۆڕاندا نەكات بەتایبەتیش كە تا ئەم ساتەوەختە هیچ ئەلتەرناتیڤێكی باشتر لە ئۆپۆزسیۆندا بۆ گۆڕان درووست نەبووە. داواش لە گۆڕانخوازان  دەكات بچن دەنگ بدەن بۆ سەرخستنی گۆڕان و لە پاش 30ی ئەیلولیش، دەنگ هەڵبڕن بۆ چاكسازی ناوخۆی گۆڕان . دەقی چاوپێكەوتنەكە:   درەو میدیا: هۆكاری دەرنەكەوتنتان لەم هەڵبژاردنەدا چیە؟ قادری حاجی عەلی: دەرنەكەوتنی ئەمجارە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە لیژنەیەكی نوێ لە هاوڕێیانمان سەرپەرشتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن ئێمەش لای خۆمانەوە پشتیوانیانین. درەو میدیا:  ئەتانەوێت چی پەیامێك بگەیەنن بۆم هەڵبژاردنە  ؟ قادری حاجی عەلی: هانی گۆڕانخوازان و تەواوی خەڵكی كوردستان  دەدەین  بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە گۆڕان، سەرەڕای هەموو گلەیی و گازەندە لەسەركردایەتی گۆڕان و كەموكورتیەكانیان لە ئیدارەدانی بزوتنەوەكە سەرەرای دەركەوتنی هەندێك هێمای خراپ بۆ لادان لەپرەنسیپەكانی و هەوڵی بەلاڕێدابردنی بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی خەڵكی كوردستان جیاوازی لە نێوان دوو حزبی دەسەڵاتدار و گۆڕاندا نەكات بەتایبەتیش كە تا ئەم ساتەوەختە هیچ ئەلتەرناتیڤێكی باشتر لە ئۆپۆزسیۆندا بۆ گۆڕان درووست نەبووە. درەو میدیا: قسەیەكی تایبەتتان هەیە بۆ ئێستاو داهاتووی  گۆڕان ؟ قادری حاجی عەلی: داوام لە گۆڕانخوازان ئەوەیە  بچن دەنگ بدەن بۆ سەرخستنی گۆڕان و لە پاش 30ی ئەیلولیش، دەنگ هەڵبڕن بۆ چاكسازی ناوخۆی گۆڕان  و هێنانەوەی بۆسەر سكەی خۆی و پرەنسیپەكانی، كە بۆ دژایەتی گەندەڵی و بە بنەماڵەكردنی سیستم و سیاسەت و ناعەدالەتی درووست بووە، هەروەك رەحمەتی كاك نەوشیروان لە پێناویدا بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند.


 (درەو میدیا): رەنگە هیچ سیاسەتمەدارێكی تری هەرێمی كوردستان لەم رۆژانەدا هێندەی ئەو سەرقاڵ نەبێت، سەرۆكی حزبەكەی، حزبی بەجێهێشتووە و پەیوەندی بە حزبێكی ترەوە كردووە، یان وەك فارسەكان دەڵێن " رەفیقی نیوەرێگا" بوو، رەنگە ئەمە دەگمەنترین تاقیكردنەوە بێت كە ئەو ئەزموونی دەكات، چونكە نەك لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش زۆر بەدەگمەن رودەدات سەرۆكی حزب، حزبەكەی جێبهێڵێت، ئەوەی لە سیاسەتی ئەم ناوچەیەدا رودەدات، هەمیشە مەكتەبی سیاسی و بەرپرسانی تری حزب لەدەستی سیاسەت و تاكڕەوی سەرۆكەكان رادەكەن و لە حزب جیادەبنەوە، بەڵام ئەو لەگەڵ هاوڕێكانیدا روبەڕووی روداوێكی تەواو پێچەوانە بوەنەتەوە، سەرۆكی حزبەكەیان رۆشتووە و ئێستا ئەركی رێكخستنەوەی حزبێكیان كەوتوەتە ئەستۆ، كە خۆی لە بنەڕەتەوە حزبێكی نوێیە و دامەزراوەكانی نەمەیون. ئەو، ئارام قادرە، یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، پیاوێكە وەك باس دەكرێت" كەم قسە دەكات و زۆر كاردەكات" و پیاوی كۆبونەوە و كاری رێكخستنە، (درەو میدیا) یەكەمین میدیای كوردی بوو كە هەواڵی رێككەوتنی بەرهەم ساڵحی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی بڵاوكردەوە، یەكەمین میدیاش دەبێت كە گفتوگۆی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئارام قادر دەكات لەدوای جیابونەوەی سەرۆكی حزبەكەی. ئارام قادر كە پەرلەمانتاری خانەنشین و ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی و پێشتریش لە كارەكتەرە دیارەكانی بزوتنەوەی رابوونی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی بووە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا باسی چارەنوسی هاوپەیمانی و پەرلەمانتارەكانی لە بەغداد و رۆشتنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی دەكات و وەڵامی چەند پرسیارێكی هەنوكەیی دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: (درەو میدیا): دوای رۆشتنی بەرهەم ساڵح، هاوپەیمانی بە كوێ دەگات ؟ ئارام قادر: هاوپەیمانی بزاڤێكی سیاسی مەدەنییەو خاوەنی دیدگایەكی نیشتمانی بەهیزە،  بۆیە بەردەوامی بەخۆی دەدات و بەردەوام دەبێت، هاوپەیمانی پێكهاتەكەی بەشێوەیەكە وابەستەی كەسێك یان كەسایەتییەك نییە، هاودیدانمان پرۆژە كۆیكردونەتەوە نەك كەسایەتی، تادێت ئەم ڕەوتە بەهێزتر و ئەزموندارتر دەبێت.  (درەو میدیا): ئەگەر هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت، میكانیزمی بەردەوامبونی چۆن دەبێت، بەدیاریكراوی چۆن حزبەكە رێكدەخەنەوە، ئایا جارێكی تر كۆنگرە دەكەنەوە ؟ ئارام قادر: میكانیزمی بەردەوامیمان بەوشێوەیە دەبێت لەنزیكترین كاتدا كۆبونەوەیەكی گشتی دەكرێت، لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغەو گرتنی كۆنگرە یان پلنیۆم دەدرێت. (درەو میدیا): هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە كادیرانی پێشووی یەكێتی لەناو هاوپەیمانی ماون و دەكرێت لە هەر ساتێكدا بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەمە نابێتە كێشەیەكی نوێ بۆ حزبەكەتان ؟ ئارام قادر: هاوپەیمانی بزاڤێكی سیاسی مەدەنییە، لەسەر بنەمانی مرۆڤدۆستی كاردەكات، بۆیە بە سنگێكی فراوانەوە لەگەڵ هەموو بیروبۆچون و تێڕوانینێك كاردەكات، خوازیارین هیچ هاودیدێك هەرپاشخانێكی سیاسی هەبێت ڕیزەكانی هاوپەیمانی جێنەهێڵێت، وە لەبەجێهێشتنی كادرانی پیشووی یەكیتی نیگەرانین و  هەندێك كیشەمان بۆ دروستدەكات،  بەڵام توانای چارەسەرمان هەیە، هاوپەیمانی سەكۆی خزمەتكردنە، هەر كەس ئازادە لەگەڵ هاوپەیمانی برەو بە خزمەت دەدات یاخود لە جێگەیەكی تر، ئێمە دەمارگیری حزبیمان وەلاناوە، هاوپەیمانی ماڵی هەمووانە وهەموو كەس دەتوانیت خزمەتی تێدا بكات. (درەو میدیا): هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بەشداریكرد و دوو كورسی پەرلەمان بردەوە، دوای گەرانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، چارەنوسی ئەو دوو پەرلەمانتارە چۆن یەكلادەكرێتەوە ؟ ئارام قادر: ئەو دوو پەرلەمانتارەی بەغداد فراكسیۆنی هاوپەیمانی پێكدەهێنن و نوێنەرو دەنگی دەنگدەرانی هاوپەیمانین، نوینەرایەتی دیدی و پرۆژەكانی هاوپەیمانین لە پەرلەمانی عێراق. (درەو میدیا): ئێوە پێشتر راتانگەیاند بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، بەڵام ئێستا هەندێك لە كاندیدەكانتان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، رای فەرمی هاوپەیمانی چیە ؟ ئارام قادر: هاوپەیمانی لەسەر بڕیاری بایكۆتی خۆی بەردەوامەو هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستیدا روینەداوە، ئەو كاندیدانەش لەسەر ئەرك و بەرپرسیاریتی خۆیان بەشداری هەڵبژاردن دەكەن و هاوپەیمانی هیچ بەرپرسیارێتییەك ناگریتەئەستۆ. (درەو میدیا): بەمدواییە هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بانگەوازیان كرد بۆ گەڕانەوەی ئەو كادیرانەی حزبەكانیان كە پێشتر پەیوەندییان بە هاوپەیمانییەوە كردووە، ئێوە قسەتان لەوبارەیەوە چییە ؟ ئارام قادر: ئەو هاودیدانەی كە پێشتر پاشخانیان ئیسلامی بووە، پێش بونیان بە هاوپەیمانی قۆناغی ئیسلامی سیاسییان تێپەراندووەو وەك بڕوایەكی چەسپاو ناگەڕێنەوە بۆ ئەو قۆناغەو لەناو هاوپەیمانیدا برەو بە پرۆژەی هاوپەیمانی دەدەن، وە چاویان لە داهاتویەكی گەشترە، نەك گەڕانەوە بۆ دواوە. (درەو میدیا): هەندێك گومانیان هەیە جیابونەوەی بەرهەم ساڵح و گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی بە رێككەوتن بوبێت لەگەڵ ئێوە و سەركردەكانی ئێستا هاوپەیمانی بەشێك بن لە رێككەوتنێك ژێربەژێر، ئەمە راستە ؟ ئارام قادر: ئەوە پڕوپاگەندەی هەندێك لە حزبە سیاسییەكان و بەشێكە لە بانگەشەی هەڵبژاردن و دكتۆر بەرهەم خۆیی و هەندیك لە هەڤاڵانی گەڕاونەتەوە ناو یەكێتی نیشتمانی، هاودیدانی هاوپەیمانی بەردەوامن لە خەباتی سیاسی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی تەواوی ئەو ئامانجانەی هاوپەیمانی هەڵیگرتووە. (درەو میدیا): هاوپەیمانی بەناوی بەرهەم ساڵَحەوە تۆماركراوە، ئەمە نابێتە كێشە بۆ كاری داهاتووی ئێوە ؟ ئارام قادر: هاوپەیمانی بەناوی دەستەی دامەزرێنەرانەوە دامەزراوەو هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە.  


( درەو میدیا):  لە وەڵامی پرسیاری سێیەمی دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ  نوسەر و ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت"  مەریوان وریا قانع لەبارەی ئەم فۆرمە حزبایەتیەی كوردستان پێی وایە" ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت" پرسیاری سێیەم:  درەو میدیا: دوای ئەو هەموو شكستە یەك لەدوای یەكانەی حزبی كوردی بەسەر كۆمەڵگای كوردی ھێناوة، هەر لە نەزانیی ئیدارەدانەوە تا دەگاتە مامەڵەنەكردنی ئینسانی كورد وەك تاکێکی خاوەن ماف و خاوەن كەرامەت، بە ڕای ئێوە حزبایەتی لەم فۆرمەی ئێستادا لە كوردستان كۆتایهاتوە؟ یان ئەوە سیاسییەكانی كوردن، پێویستە ڕەوانەی مۆزەخانەی شكست بکرێن؟    مەریوان وریا قانع: بە بۆچوونی من مەسەلەکان پەیوەندیان بە زانین و نەزانینەوە نییە، ئیدارەکەیان کە فاشیلن لەبەرئەوە نییە ئەوان لە ئیدارە نازانن، یان مامەڵەکردنیان بۆ مرۆڤی ئێمە وەک کەسێک کە ھیچ مافێکی نییە پەیوەندیی بەوەوە ھەبێت کە نەزانن ماف چییە و مامەڵەکردنی دروستی مرۆڤ کامەیە. مەسەلەکە نەزانین و نووقسانیی لە زانیاریدا نییە، چونکە  ئەگەر وابووایە ئەبوایە دوای وەرگرتنی یەک دوو کۆرس لەسەر ئیدارەدان و دوای خوێندنەوەی یەک دوو کتێبێک لەسەر ماف و چۆنیەتی مامەڵەکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف، کۆتاییی بە کێشەکان بھاتایە. نەزانین مەسەلەیەکە دەکرێت بە ئاسانی لەڕێگای فرێبوونەوە چارەسەربکرێت، ھەندێک شارەزا دەھێنن و دەتوانن ئەو زانینانەیان فێربکەن. مەسەلەکە پەیوەندیی بەو مۆدێلە لە دەسەڵاتەوە ھەیە کە ئەوان دەیانەوێت سەروەریبکەن. مۆدێلی دەسەڵاتێکی سوڵتانیی کە تیایدا دەسەڵات وەک موڵکی شەخسیی خێزان و بنەماڵەیەک ئامادەبێت و ھیچ ڕێگا و میکانیزمێک لە ئارادا نەبێت بۆ لێپرسینەوە و چاودێریکردنی ئەو دەسەڵاتە. دەسەڵاتێکی ئەتۆکراتیی و ستەمگەر بتوانن لەڕێگایەوە ئەوەی دەیانەوێت بیکەن و چۆنیشیان بوێت بەوجۆرە بەکاریبھێنن. نەک ھەر دەزگاکانی دەوڵەت و سەرچاوەکانی داھات و فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات بە موڵکی شەخسیی خۆیان بزانن، بەڵکو تەنانەت خودی وڵاتەکەش و تەواوی دانیشتوانەکەشی بە موڵکی شەخسی خۆیان بزانن. بەم مانایە کێشەکە کێشەی نەزانین و کەمی مەعریفە و ناشارەزایی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژیەتی دروستکردنی دەسەڵاتێکی سوڵتانی بەو مانایەی باسمکرد. لەمەشدا حیزب یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی پیادەکردنی ئەم ستراتیژە. بەڵام حیزب یەکەیەکی سیاسیی نەگۆڕ نییە. بە بۆچوونی من حیزبی کوردیی لەمڕۆدا بڕێکی زۆر لە ئاکارەکانی گۆڕانی سەرەکیان بەسەرداھاتووە و ئەرکی تازەیان وەرگرتوە. جاران حیزب جەنگاوەر و کادری سیاسیی پەروەردە ئەکرد، یەکێکی پەروەردە ئەکرد بتوانێت شەڕبکات و یەکێکیش بتوانێت قسەبکات. بەتایبەتی جەنگاوەرێکی دەویست ئامادەگیی ئەوەی تێدابێت لە پێناوی ئەوەی ناوی ”مەسەلەی کورد“ە گیانفیدایی بکات. ئەم ستراتیژە وەک پارادایمێکی سیاسیی لەناو دونیای ئێمەدا ئامادەبوو، لە ڕاستیشدا تەنھا پارادیمێکی سیاسیی نەبوو بەڵکو پارادایمێکی ڕۆشنبیریی و ئەخلاقیش بوو لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا کاریدەکرد. جاران حیزب شتێک لە ئایدیۆلۆژیای ھەبوو، کۆمەڵێک پرنسیپی سیاسیی ھەڵگرتبوو، یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و ئۆرگانێکی تازەی ناو مێژووی ئێمەبوو. ئەوە ڕاست نییە پێمانوابێت حیزب وەک خێڵ کاریکردوە، یان شێوازی کارکردنەکەی شێوازێکی خێڵەکییانەبووە. لەناو حیزبدا ئەندامی چەندەھا خێڵ و ناوچە و پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاواز ئامادەبوون و ئەوەشی بەیەکەوە گرێیداون پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی نەبووە، بەڵکو کۆبوونەوەبووە لە دەوری چەند پرنسیپێکی سیاسیی. ئەوانەشی دەچوونە ناو حیزبە شوناسێکی تازەیان وەرگرتووە کە شوناسی خێڵەکەیان یان ناوچەکەیان نەبووە، بەڵکو ھەندێکانی لە ئایدیۆلۆژیایەکەوە و ھەندێکیان لە جەنگاوەربوونەوە و ھەندێکیان لە ئینتیما بۆ یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نوێوە وەریانگرتوە. ئینکارکردنی ئەم شتە سادانە بازدانە بەسەر سەرەتایترین پێدراوەکانی سۆسیۆلۆژیی سیاسیدا و چۆنیەتی کارکردنی ئۆرگان و ئایدیلۆژیا و خەونە سیاسییەکان و نوخبە تازە و تەقلدییەکان لەناو واقیعێکی کۆمەڵایەتی کۆنکرێتیدا.  لەناو پارتە سیاسییەکانیشدا، پارتیشی لێدەرچێت ئەوانیتریان موڵکی شەخسیی ھیچ خێزانێک نەبوون. لەمانەش گرنگتر حیزب جاران یاریکەرێکی ئابوریی نەبوو، خاوەنی نەوت و کۆمپانیا و سەفەقاتی ئابوریی زەبەلاح نەبوو. ڕۆڵی سەرمایەدار و خاوەنکارێکی گەورەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا نەدەبینیی، موچەخۆر و خانەنشین و بندیوار و لەشکرێک فەرمانبەری نەبوو. ھاوکات حیزب خۆی و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناوی، خاوەنی میدیای زەبەلاح و تەلەفیزیۆنی ساتالایت و لەشکرێک نووسەر و ڕۆژنامەوان نەبوون کە بە پارە کار بۆ حیزب بکەن.   مەریوان وریا قانع: ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت. لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ئەو مۆدێلە حیزبایەتییەی باسمکرد کۆتاییپێدێت و شوێنی خۆی چۆڵدەکات بۆ فۆرمێکی تر لە حیزبایەتی کە تیایدا حیزب وەک سەرمایەدارێکی گەورە و خاوەن ئابورییەکی زەبەلاح دەردەکەوێت. حیزب وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا، وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی دەردەکەوێت، کە ھەم خودی دەوڵەت و ھەم کۆمەڵگا دەخوات و کۆنترۆڵدەکات. حیزب وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی دروستدەبێت کە ھەموو ئاکارە سەرەکییەکانی دەوڵەتی تێدایە، بەڵام دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەر و خێزانیی کە توانای قبووڵکردنی کۆمەڵگا و توانای قبوڵکردنی جیاوازەکانی ناو خۆشی نییە. لە پرۆسەیەکی کەموێنەی گەندەڵکاریشەوە دەئاڵێت کە سەرجەمی سیستمی بەھا کۆمەڵایەتییەکان ھەڵدەوەشێنێتەوە و دۆخێک دروستدەکات تیایدا مرۆڤ ئامادەبێت لەپێناوی پارە و سەرمایەدا ھەموو ناشیرنیەکانی دونیا قبووڵبکات. دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت.  مەریوان وریا قانع: دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت ئەم فۆرمە تازەیە لە حیزب لە بەشێکی زۆری ناوچەکەشدا دروستبووە، کە تەواو جیاوازە لەو حیزبانەی لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم و لە قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمیشدا، تا کۆتایی ساڵانی ھەفتا، بوونیان ھەبوو. حیزب وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی سەرەتا لەناو حیزبە عەلمانییەکانی وەک بەعس و ئیتیحادی ئیشتراکی میسریی و ئەوانیتردا دروستدەبێت، بەبێ ئەوەی حیزبەکان لەسەرەتادا موڵکی خێزان یان بنەماڵەیەکی سیاسیی بن، دواتریش مۆدێلە دینییەکەیان لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانیی و ھێزە ئیسلامییە ئیخوانییەکاندا لەدایکدەبێت. تەنھا لە کۆتایی ھەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا ئەم حیزبانە ئەو ئاکارە خێزانییە وەردەگرن کە ئەمڕۆ چەندان حیزب ھەیانە.   مەریوان وریا قانع: حیزب جاران یاریکەرێکی ئابوریی نەبوو، خاوەنی نەوت و کۆمپانیا و سەفەقاتی ئابوریی زەبەلاح نەبوو بە کورتییەکەی حیزب و حیزبایەتیی کۆتاییان پێنەھاتوە و کۆتاییشیان پێنایەت، بەڵام فۆرم و ئەرک و کاراکتەرەکانیان گۆڕاون و لە ئێستاشدا فۆرمی کۆمەڵێک کۆمپانیان وەرگرتوە لەناو دونیا و ئابوریی و ئەخلاقیاتێکی نیولیبرالدا. واتە بوونەتە موڵکی شەخسیی و تایبەتیی کۆمەڵێک خێزان و نوخبەی دەسەڵاتدار و بوونەتە یەکەیەک بۆ کەڵەکردنی دەسەڵات لە ھەموو فۆرمەکانیدا: لە دەسەڵاتی ئابورییەوە بۆ دەسەڵاتی ڕەمزیی. بەبۆچوونی من ئەوەی دەشێت چاوەڕوانیبکەین کۆتاییھاتنی حیزب و ژیانی حیزبایەتی نییە، ئەم ئەزموونە لە ھیچ شوێنێکی دونیادا بوونی نییە، ئەوەی دەبێت چاوەڕونیبین و کاری بۆبکەین بەگژاچوونەوەی ئەم مۆدێلەیە لە حیزبایەتیی و ڕێگرتنە لە پرۆسەی خەسخەسەکردنی. ڕزگارکردنی حیزبە لەوەی کە بکەرێکی ئابوریی گەورەبێت و وەک سەرمایەدارێک لەناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا ئامادەبێت. ھاوکات ڕێگرتن لەوەیش کە حیزب ببێت بە ھەژدیھەیەکی گەورە و سەرجەمی بەش و ئۆرگانە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای مەدەنی قووتبدات، یان خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی ئیعلامی بێت و ئەو وێنانە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت کە دەیەوێت. ئەو شکستانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسیدەکەن خەتای حیزب نییە وەک دەزگا و ئۆرگانێکی سیاسیی مۆدێرن کە فۆرمێک لە شوناس دروستدەکات گەورەتر لە شوناسی خێڵ و شوناسە ناوچەییە بچووکەکان، بەڵکو خەتای ئەو بکەرانەیە کە دەستە بەسەر ئەو ئۆرگانەدا دەگرن و خەتای ئەو ستراتیژانەیە کە دەسەپێندرێن. ئەو مۆدێلی حیزبە جەماوەرییانەی لە قۆناغی شۆڕش و خەباتی چاکداریدا پێویستبوون، لە دوای ئەو خەباتەوە پێویستیی مێژووییان نامێنێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە حیزب لەم قۆناغەدا بگۆڕێت بۆ سەرمایەدارێکی زەبەلاح. ئەوەی پێویستە فۆرمێکە لە حیزبایەتی کە دەشێت بە "حیزبی ھەڵبژاردن“ ناویببەین، حیزبێک کە کۆمەڵێک کادری کەمی ھەبێت و لەباتی دروستکردنی ئەندام و ئۆرگانی سەرەتانیی زۆر و گەورە، خەریکی دروستکردنی ھەوادار و دەنگدەر بێت. حیزبی بچووک کە نەتوانێت بازاڕ و دەزگاکان و کۆمەڵگای مەدەنی کۆنترۆڵ و قۆرخبکات. بەبۆچونی من ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت.   


( درەو میدیا):  لە وەڵامی پرسیاری دوەمی دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ  نوسەرو ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" ئەگەر ئێستا تەماشایەکی وردیی دۆخ و دەزگا گشتییەکانی ئەو دونیایە بکەین کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستمانکردوە، ئەوەی بەر لە ھەموو شتێک دەبینین ئامادەگیی کۆمەڵێک ھێزی سیاسیی حوکمڕانە کە نەک تەنھا ھەموو متمانەیەکیان لەدەستداوە، بەڵکو کاری ژمارە یەکیشیان بووە بە کوشتنی ئومێد و کوشتنی باوەڕی مرۆڤی ئێمە. مەریوان وریا قانع لەبارەی درووستكردنی نائومێدیەوە پێی وایە" نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، ڕەگوڕیشەیەکی وجودیی و عیرفانیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە و ھەندەسەیەکی تایبەتی حوکمڕانییکردن دروستیکردوە پرسیاری دووەم:  درەو میدیا/ لەسەر لێكەوتەكانی تۆخبونەوەی نائومێدیی لە کۆمەڵگای كوردیدا قسەتان ھەیە؟ ئەم ڕق و ئیحتیقانە لەچوارچێوەی ململانێ سیاسییەكاندا دەمێنێتەوە، یان كاریگەری مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و گەورەكردنی کەلێنەکانی ناو کۆمەڵگا؟    مەریوان وریا قانیع: من لە وەڵامی پرسیاری پێشودا جەغتم لەوەکرد کە پێویستە مەسەلەی ئومێد زۆر بە جدی وەربگرین و تەنھا وەک دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی نەیبینین. لەوەش دوام پێوستە خۆمان لە دوو وەڵامە ھەرە ئاسانەکە بپارێزین. وەڵامی ڕەشبینان کە وادەکەن باوەڕمان بە ھیچ گۆڕانکارییەک نەمێنێت، یان وەڵامی گەشبینان کە بەخۆشحاڵییەوە پێماندەڵێن درەنگ یان زوو دونیا دەبێت بە بەھەشت. لە نێوان ئەم دوو وەڵامەدا من پێم لەسەر گرنگیی کردەی ئینسانیی و ڕەنج و تەقالای مرۆڤەکان داگرت و ئەمانەشم وەک بەشێک لە وێناکردنی واقیع باسکرد. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم پێداگرتنە لەسەر بۆچوونێک کە پێیوایە ئومێد بەشێکی گرنگیی پێکھاتی مرۆڤە و بە فۆرمە جیاوازەکانی مرۆڤبوونەوە پەیوەستە. کە ئەمە دەڵێم دەبێت دیوی ئەودیوی ئەم ھاوکێشەیە ببینین کە نائومێدییە. نائومێدیی دیوی ئەودیو و ڕوخاسارە بریندار و چەپاوەکەی ئومێدە. پرۆسەی بوون بە مرۆڤ، یان بوون بە تاکەکەسێکی مێژوویی دیاریکراو، بەناو بڕێکی دیاریکراو لە ئامادەگیی ئومێدا تێدەپەڕێت. شتێکیش بەناوی ژیانێکی ئینسانیی ماقوڵەوە بوونی نابێت گەر ئومێد بەشێکی گرنگیی ئەو ژیانە نەبێت. بە کورتییەکەی ئومێد یەکێکە لە ئینسانیترین شێوازەکانی ھەستکردن لە مرۆڤدا، پێگەیەکی وجودیی ھێجگار گرنگی ھەیە و کەسانێکیش ھەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن وەک غەریزەیەکی ئینسانی ببینن.  مەریوان وریا قانع: ئومێد لەم دونیایەدا وەک ماڵێکی داخراوی لێھاتوە کە کلیلی دەرگاکانی لەدەستی حوکمڕانان و مناڵەکانیاندایە.  بە بۆچوونی من بەشێکی گرنگیی دەزگا کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئومێد و لە پەیوەندیدا بە ئومێدەوە دروستبوون. با لە دەزگاکانی پەروەردە و فێربوونەوە دەستپێبکەین. ھەموو منداڵێک کە دەچێتە ناو ئەو دەزگایانەوە ئومێدی بەوەیە ژیانێکی باش بەدەستبھێنێت و ببێت بە کەسایەتیەکی گرنگ. نەخۆشێک کە دەچێتە بەردەمی دەزگاکانی تەندروستیی و سەر بە یەکێک لە بیمارستانەکاندا دەکات، ئومێدی ئەوەی تێدایە چاکبێتەوە. ئەوەی دەچێتە بەردەمی دەزگاکانی داوەریی و بەردەمی داوەرەکان، ئومێدیی بەوەیە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەبکرێت و ئەو مافانەی پێشێلکراون، وەربگرێتەوە و بپارێزرێت. تەنانەت ئەوانەشی کە پارتی سیاسیی دروستدەکەن و ئەوانەش کە دەچنە ڕیزەکانیانەوە ئومێدیان بە دروستکردنی دونیایەکی باشتر ھەیە. بەم مانایە ئومێد بەشێکی گرنگیی ئەو ژێرخانە ئینسانییەیە کە دەزگا گەورەکانی لەسەر دروستدەکرێت. ئەمەش وادەکات ئومێد بەر لەھەموو شتێک پەیوەندییەکی پتەوی بە مەسەلەی متمانەوە ھەبێت. متمانەی مرۆڤ بەو دونیا و ژینگەیەی لەناویاندا دەژیی، بەو دەزگایانەی کە چوارچێویەکی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقیی و پەروەردەیی دروستدەکەن، بەو کەسانەش کە لە پێگەی دەسەڵاتدان و بڕیارەکانیان کاریگەریی لەسەر ژیانی گشتیی بەجێدەھێنڵێت. ئەم متمانەیەش ھەستکردن بە دوو شت لە مرۆڤدا گەورەدەکات. یەکەمیان، ھەستکردن بە ئاسایش، دووھەمیان ھەستکردن بەوەک کە دونیا شوێنێکی پۆزەتیڤ و چاکەکارە.  ئەگەر ئێستا تەماشایەکی وردیی دۆخ و دەزگا گشتییەکانی ئەو دونیایە بکەین کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستمانکردوە، ئەوەی بەر لە ھەموو شتێک دەبینین ئامادەگیی کۆمەڵێک ھێزی سیاسیی حوکمڕانە کە نەک تەنھا ھەموو متمانەیەکیان لەدەستداوە، بەڵکو کاری ژمارە یەکیشیان بووە بە کوشتنی ئومێد و کوشتنی باوەڕی مرۆڤی ئێمە بە خۆی و بە تواناکانی لە دەسکاریکردنی خۆی و دەسکاریکردنی ئەو ژینگە و پێگەیەی تیایدا دەژیی. لە ھەرێمدا لە ناو قوتابخانەکانەوە، لەناو ڕووبەری گشتیدا، لەناو بیمارستانەکان و لەناو دادگاکان و لەناو پارتە سیاسییەکانەوە، بە مرۆڤی ئێمە دەگوترێت، ئومێدت نەبێت... ئومێدت نەبێت ببیت بە سیاسییەکی گەورە، ببیت بە بەڕێوەبەری دەزگا گەورەکان، ببیت بە خاوەنی کارخانە، لە خەستەخانەکاندا چاکبکرێیتەوە، یان داوەرەکان مافە سەرەتاییەکانت بۆ بگەڕێننەوە و بیپارێزن، ھتد... ئیشی دەزگا سەرەکییەکانی دونیای ئێمە و ئیشی ژمارە یەکی سیاسەت و حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە ئەوەیە بە مرۆڤی ئێمە بڵێن تۆ بچووکیت و ناتوانیت خەونی گەورەت ھەبێت. ئەمڕۆ چ منداڵێک لە کوردستاندا دەتوانێت ئومێدی بەوەبێت بتوانێت ببێت بە سەرۆکی ھەرێم، یان ببێت بە بەڕێوەبەری یەکێک لە فڕۆکەخانەکان، یان نوێنەری وڵاتەکەی بێت لە شوێنێکی ئەم دونیایەدا، گەر سەر بە ھەندێک خێزان و بنەماڵەی تایبەت نەبێت. یان کام نەخۆش ئومێدی بەوەیە بتوانرێت لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا چاکبکرێتەوە، یان کێ ئومێدیی ئەوەی ھەیە داوەرێک مافە دزراوەکانی بۆ بگەڕێنێتەوە؟ یان لەناو ئەو ئابورییە وێرانەی ھەرێمدا ژیانێکی پڕ کەرامەت بژیی؟ بە بۆچوونی من لەمڕۆدا فۆرمەکانی نائومێدکردن و میکانیزمەکانیان زۆر ھەمەلایەن و بەرفراوان و گشتگیرن و بە بەشێی زۆری گشتێتی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دەزگاییمانەوە، گرێدراوە. کارخانەیەکی گەورەی نائومێدکردنی مرۆڤ لە ھەرێمدا ئیشدەکات و وەزەکەشی لەو کایە سیاسییەوە وەردەگرێت کە وڵاتەکە بەڕێوەدەبات. لەڕاستیدا دونیای دوای ڕاپەڕین دونیای مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی فۆرمە جیاوازەکانی ئومێدە لەلایەن نوخبەیەکی بچووک لە دەسەڵاتدار و حوکمڕانانەوە. ئومێد لەم دونیایەدا وەک ماڵێکی داخراوی لێھاتوە کە کلیلی دەرگاکانی لەدەستی حوکمڕانان و مناڵەکانیاندایە. ئەگەر ئومێد ھەمیشە پەیوەستبێت بە جۆرێک لە کرانەوەوە بەڕووی ئایندەدا، ئەوەی لەناو ھەرێمدا ڕوودەدات داخستنی ڕووبەرێکی ھێجگار گەورەی ئەم ئایندەیەیە بەڕووی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگادا. ئەگەر لەگەڵ ئومێدا وزەیەکی پۆزەتیڤ لەناو مرۆڤدا دروسببێت و گەشەبکات، ئەوەی دەیبینین ڕێگرتنە لە دروستبوونی ئەو وزە پۆزەتیڤە و گەشەکردنی. ئیسنانی نائومێدیش ئینسانێکی بیمارە، زۆرجار پڕە لە ڕق و نادۆستیی. مرۆڤ کە نائومێدکرا دەشێت ڕقی تەنانەت لە خۆشی ببێتەوە، ڕقی لەو دونیا و کۆمەڵگا و مرۆڤانە ببێتەوە کە تیایاندا و لەگەڵیاندا دەژیی. بە بۆچونی من نائومێدکردنی مرۆڤ یەکێک لە گەورەترین ئەو تاوانانەیە بکرێت بەرامبەر بە مرۆڤ ئەنجامبدرێت. ئەگەر من بمتوانیایە سەرلەنوێ بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ بنووسمەوە، بڕگەی یەکەمی بەیاننامەکەم دەکرد بەوەی: "ھەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی ھەیە خاوەنی ئومێدبێت“. مەریوان وریا قانع: نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە،  نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، ڕەگوڕیشەیەکی وجودیی و عیرفانیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە و ھەندەسەیەکی تایبەتی حوکمڕانییکردن دروستیکردوە. ئەم دۆخە وادەکات نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا ببێت بە کارخانەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی ڕق. لە ڕقبوون لە خود خۆیەوە بیگرە بۆ ڕق لە ئەوانیتر و لە ژیان و لە ھەمووشتێک. ئەو ئیحتیقانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسیدەکەن تا ڕادەیەکی زۆر گشتییە و دەرنجامی ئەو ھەندەسە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دەزگاییەیە کە باسمکرد، کە زیاد لە چارەکەسەدەیەکە دروستدەکرێت و گەشەی پێئەدرێت. بڕی ئەو ڕق و ئیحتیقانەش کە ھەیە دەتوانێت بەشێکی گەورەی ئەو دونیایە وردوخاش بکات. مرۆڤ زۆرجار کە ئومێدی بە دونیا نەما، ئومێدی بە خۆشی نامێنێت. کە ئەم دووانەشی لەدەستدا دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی ترسناک و دەتوانێت ھەم خۆی و ھەم دونیا وێرانبکات.   وەڵامی پرسیاری یەكەم/  http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1945  


دامەزراوەی "درەومیدیا" چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ نوسەرو ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە و تیایدا قسە لەسەر دۆخی گشتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و نیگەرانیەكانی خەڵك و شكستی ئیداری و حوكمڕانی و ڕۆڵ و پێگەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جاران و كۆمەڵێك پرسی تر دەكرێت، هەفتانە  د.مەریوان وریا قانع وەڵامی یەكێك لەپرسیارەكان دەداتەوەو لە(درەومیدیا)وە، بڵاودەكرێتەوە. پرسیاری یەكەم:  درەو میدیا/ قسە زۆر لەسەر ئومێد ئەكرێ و دژە نائومێدیش وەكجۆرێك لەبەرەنگاری و زیندوێتی ڕۆحی تەحەدی، پێتانوانیە ئومێد بۆخۆشی لەسەر كۆمەڵێك بنەمای واقیعی بنیاتدەنرێت، یان لانی كەم كەرەستەكانی بەردەست و بەرجەسەتەبن، لەغیابی كەرەستەكاندا، دروستكردنی ئومێد بۆخۆی جۆرێك نیە لەوەهم؟  مەریوان وریا قانیع : بەر لەوەی بە وردی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە دەمەوێت بڵێم پێویستە ھەمیشە مەسەلەی ئومێد زۆر بە جدی وەربگرین، بە ئاسانی دەستبەردار نەبین و لە سایکۆلۆژیای تایبەتیی ئەم یان ئەو نووسەر و ئەم یان ئەو گروپ و ھێزی کۆمەڵایەتییەوە لێینەڕوانین. چونکە ھیچ یەکێک لەوانە یارمەتیمان نادەن لەو واقیعە کۆمەڵایەتیی و مێژووییە بگەین کە لەناویدا دەژین. وەک ئێوە دەزانن ساڵانێکی درێژە من بەرگریی لە پلۆرالیزم دەکەم و بە مەسەلەی سەرەکیی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایتیی و ڕۆشنبیریی خۆمانی دەزانم. بەڵام پلورالیزم ھەرگیز بەتەنھا مانای بوونی ھێز و گروپ و خەون و زمان و چاوەڕوانیی و جیھانبینی جیاواز نییە، ئەوانە ڕەگەزی زۆر سەرەکیی و گرنگیی ناو پلورالیزم، بەڵام ھەموو پلورالیزم نییە. ڕەھەندێکی گرنگیی پلورالیزم مانای بوون و ئامادەگیی زیاد لە واقیعێکە لەناو ”واقیع“ خۆیدا، بینینی واقیع خۆیەتی وەک واقعێکی پلورال. لەم دیدەدا ھەموو واقیعێک واقعێکی ئاڵۆز و پلورالە، کۆمەڵێک واقیعی جیاوازە لەناو یەک واقیعدا. شتەکان ھەرگیز بە یەک شێوە لە ناو دونیادا ئامادە نین، یەک ”بونیاد“ و یەک ”سیستم“  و یەک ”عەقڵ“ و یەک ”خودا“ و یەک ”حەتمیەت“ بوونی نییە کە لە ژێرەوە گشتێتی واقیع، یان ھەموو واقیع لەباوەشگرتبێت و بە کۆمەڵێک میکانیزمی پۆڵایینەوە حوکمیبکات. ئەم دیدە بۆ واقیع دیدێکی تەواو میکانیکیی و ھەڵە و ناتەواوە، لە ڕاستیدا دیدێکی خورافیی و کاریکاتێرییە. واقیع بەردەوام واقیعێکی پلورالە و دینامیکیەتی خۆی ھەیە و بەردەوامیش لە جوڵە و گۆڕان ڕوخان و دروستبووندایە.  لەم ڕوانینە دینامیکیەدا بۆ واقیع مەسەلەی ”ڕێکەوت“، یان ”بیرلێنەکراوە“ یان ”چاوەڕواننەکراو“، ئەوەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت contingency، ڕۆڵی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا. ”ڕێکەوت“ یان ”بیرلێنەکراوە“ خۆی دەبێت بە بەشێک لە واقیع خۆی، دەبێت بەیەکێک لەو ھێزانەی کە یارمەتیی گۆڕانکاریی ئەدات. بەم مانایە واقیع تەنھا بونیاد و سیستم و یاسا و جوڵەی بابەتیی و حەتمیەتی میکانیکییانە نییە و ھەموو پێناسەکردنێکی واقیع بەو تێرمانە تەواو ناڕاست و کورتھێن و ھەڵەیە. بڕێکی گەورەی ئەوەی دەبێت بە ”واقیع“ پەیوەستە بە ”ڕێکەوت“ەوە، بەو شتانەوە کە سەرەتا چاوەڕواننەکراو بوون، لەوانەش بۆ نموونە، ڕێکەوتی دروستبوونی گروپێکی سیاسیی شێلگێر، ڕێکەوتنی سەرھەڵدانی کۆمەڵێک ڕۆشنبیریی جدیی، ڕێکەوتنی لاوازبوونی دەوڵەتێک، ڕێکەوتی درستبوونی سەرکردەیەکی کاریزمی بەھێز و خاوەن خەون، ڕێکەوتی لێکنزیکبوونەوەی چەند ھێزێکی کۆمەڵایەتیی،.بەرپابوونی ھەندێک جەنگ و پێکدادانی گەور و بچووک، ھتد... ھەموو ئەمانە دەشێت ڕۆڵی سەرەکیی لە ژێرەژووربوونەوەی واقیعدا بگێڕن.  جگە لەمانە ”ڕێکەوت“ پەیوەندییەکی پتەویشی بە ”ئەگەر“ەوە ھەیە، ھەموو واقیعێکە ئەگەری جوڵە و گۆڕان و داڕشتنەوەی لەناو ھەناوی خۆی تێدایە. ئەو ئەگەرانە حەتمیەت نایانجوڵێنێت، بەڵکو ھەندێکجار ڕێکەوت ڕێگەیان بۆ دەکاتەوە بۆئەوەی لەناو واقیعدا بەرجەستەبن. جگە لە ھەموو ئەمانە واقیع تەنھا لە ئاستێکیدا ئەوەیە کە ھەیە و بە ئێمە دراوە، لە ئاستەکانی تریدا ئەوەیە کە ئێمە چی لەو واقیعە دەکەین، چۆن لەناویدا ئامادەدەبین، چ جۆرە بەشدارییەکمان لەناویدا ھەیە، مەبەستەکان و چاوەڕوانییەکانمان لەناویدا چییە، چەند چالاکانە یان پاسیڤانە لەناویدا دەجوڵێین. ھەمیشە تەنھا ”بەشێک“ لە واقیع بە ئێمە دراوە، بەشەکانی تری، دەکرێت بڵێم بەشە زۆرکەی، پابەستی کردە و چالاکییەکانی ئێمەیە لەناویدا. ئەمە وادەکات من باوەڕم وابێت ھەمیشە ھەندێک ئەگەر و توانا ھەبن بۆئەوەی ھەم دونیایەکی باشتر دروستبکەین، ھەم خۆشمان بکەین بە خودێکی باشتر. ئەگەرەکانی ناو واقیعیش پەیوەندییان بە بڕی ئامادەگیی چالاکانەی مرۆڤەوە لەناو واقیع خۆیدا ھەیە. بێگومان پەیوەندیشیان بەو جۆرە قسە و گوتار و دونیابینیانەشەوە ھەیە کە لەناو ئەو واقیعەدا کاردەکەن. بەکورتییەکەی مەسەلەکە لە ئاستە سۆسیۆلۆژیی و فەلسەفییەکەیدا مەسەلەی خۆشباوەڕیی نییە، سەتحیی ڕوانین نییە، بەرخوردی دڵخۆشکەرانە نییە، بەڵکو پابەستی ئەوەیە چ ڕوانینێکمان بۆ واقیع و بۆ مرۆڤ و بۆ ڕۆڵی ڕێکەوت و بۆ کردەی کۆمەڵایەتیی و بۆ ڕۆڵی فیکر و گوتار و ھەڵسوکەوتەکان، ھەیە. پرسیاری سەرەکیی ھەر واقعێک ئەوەیە ئایا  ئینسان لەو واقیعەدا  وەک بکەرێکی چالاک ئامادەیە یان نا. ئەگەر ئامادەیە ئەم ئامادەگییە چۆن لێکبدەینەوە و ئەگەر نائامادەشە بۆ نائامادەیە. واقیع شتێک نییە لە دەرەوەی ڕەنج و تەقالا و ھەوڵی ئینسانەکاندا بوون یان مانایەکی تەواوی ھەبێت. ئەوەشی ھەیە و لە ئێستادا دروستکراوە، قابیلی سەرلەنوێ دروستکردنەوە و داڕشتنەوە و گۆڕان و تازەکردنەوەیە. دەکرێت ھەبوونێکی تری ھەبێت،کە لە ئێستادا نیەتی، یان زەحمەتە ھەیبێت، مەسەلەکە پەیوەندیی بە بوونی یاسای بابەتەیی و بونیاد و سیستمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە شێوازیی ئامادەگیی تاکەکەسەکان و ھێزەکانەوە ھەیە لەناو ئەو واقیعەدا کە دروستکراوە. ھیچ واقیعێکیش خۆژیەن، self-sufficient، نییە، بەڵکو ھەمیشە ھێزێک یان چینێک یان گروپێک ئەو واقیعە دەژیەنێت و درێژە بەژیانی ئەدات، ھەر ھێز و کەس و گروپی تریش دەتوانن بینێژن و شتێکی تازە دروستبکەن. بە کورتییەکەی بۆ ئەوەی لە واقیع تێبگەین پێویستە خاڵی سەرەکیی و بنەڕەتیی لە ڕوانینماندا بۆ واقیع مەسەلەی کردەی مرۆیی و شێوازی ئامادەگی تاکەکەس و گروپەکان بێت لەناو مێژووی خۆیاندا، نەک نووقمبوون لەناو باسکردی کۆمەڵێک بونیاد و ڕێگر و سیستمی پۆڵایینی گریمانکراودا، کە نەکرێت دەسکاریبکرێن. ئێمە ھەموومان وەک تاکەکەس و وەک خاوەنی زمان و قسە و کردە، وەک ئەندامی ئەم یان ئەو گروپی کۆمەڵایەتیی، وەک کەسی چالاک یان پاسیڤ، بەشێکین لە واقیع و بەشدارین لەوەدا چۆن دروستبووە و چۆن دروسەبێت و چۆن دەگۆڕێت یان ناگۆڕێت. ئەوانەی ڕەشبینن باس لەوە دەکەن کە ”مەحاڵ“ە دەسکاریی واقیع بکرێت، ئەوانەشی کە گەشبینن باس لە ”حەتمیەت“ی گۆڕاکاریی دەکەن. لەنێوان ئەم دوو دیدەدا دیدێکی تر ھەیە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە شتێک ھەیە ناوی مرۆڤە، ناوی مرۆڤەکانە، ناوی بکەری مێژووییە، ناوی ڕێکەوتە، ناوی کردەی ئینسانییە، ناوی توانای دروستکردنی سەرەتای تازەیە، کە ھەموویان بەشداران لەوەدا کە دروستدەبێت و دەپارێزرێت و دەسکاریدەکرێت و دەگۆڕدرێت. شتێکیش بەمانای بوونی ”خود“ یان ”بوونی تاکەکەسیی“ لەپێش یان لەدەرەوەی کردەکانەوە بوونی نییە. ئەوەی دەمانکات بە خود و دەمانکات بە تاکەکەسێکی تایبەت کردەکانمانە، شێوازی ئامادەبوونمانە لەناو مێژوودا، ئەو پەیوەندییانەیە کە بە جیھانەوە دروستیدەکەین، دەسکاریکردنی زمانمانە. ”کەسبوون“ شتێک نییە پێشوەخت پێماندرابێت، شتێکە بە بەردەوامی دروستیدەکەین. واقیعیش شتێکە ھەموو ڕۆژێک دروستدەکرێت و بەرھەمدەھێنرێتەوە و دەگۆڕدرێت و درێژدەکرێتەوە. ھەموو ئەمانەش لەڕێگای کردەی ئینسانییەوە ڕووئەدەن، بۆیە کردە گرنگە. ئەگەر لەم دیدەوە لە واقیعمان ڕوانیی، بەبێ ئەوەی باوەڕمان بە حەتمیەت یان ئایدیۆلۆژیایەکی گەشبین بێت، ھەمیشە ڕووبەرێک بۆ کردەی مێژوویی دەبینین، گرنگیی دەستپێشخەریی ئینسانیی دەبینین، ڕۆڵی ڕێکەوت دەبینین، و توانای گۆڕان و تازەبوونەوەش، دەبینین. وەک دەبینن ئومێد لێرەدا لەسەر دیدێکی یۆتۆپی بونیادنەراوە، لەسەر وەھم و خورافەت دروستنەکراوە، بەشێکیش نییە لە ئایدیۆلۆژیایەکی مژدەبەخش، بەڵکو لەسەر وێنەیەکی ئاڵۆز و دینامیکی بۆ کۆمەڵگا و بۆ مرۆڤ و بۆ کردەی مێژووی دروستکراوە. نەبوونی ئەم وێنەیە بۆ واقیع تەنھا بکەرە کۆمەڵایەتییەکان لێی بەرپرسیار نین، بەڵکو ئەو شێوازەش لە فیکر لێی بەرپرسیارە کە لەسەر ئەو واقیعە کاردەکات. لەبیرمان نەچێت لەپاڵ توندوتیژیی ھێزە حوکمڕانەکانی دونیای ئێمەدا، لەپاڵ سیاسەتی وێرانکەریی ھێزە سیاسییەکاندا، جۆرێکی زۆر خراپ لە فیکری ”سیستمگەرایی“ و لە فیکری ”دژەسیاسەت” و ”دژەکردار“ لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە، کە بەسەریەکەوە ڕێ لە سادەترین شیکردنەوەی زانستیی و نیمچەزانستی ئەو واقیعە ئاڵۆزە دەگرن و ھەموو کردەیەکی مێژوویی دەکوژن. کە ئەمانە دەڵێم نکوڵی لەوە ناکەم کە دۆخی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمە دۆخێکی سەخت و قەیراناوییە، ئەگەری دەسکاریکردنی کایە سیاسییەکەی و سنووردانان بۆ باڵادەستیی نوخبە و بنەماڵە حوکمڕانە خراپەکانی، لاوازە. ھاوکات باوەڕیشم وایە لە دونیای ئێمەدا تا کایەی سیاسیی ڕادیکاڵانە ڕیفۆرم نەکرێت و بەشێوەیەکی تەواو جیاواز دانەڕێژرێتەوە، زەحمەتە لە بوارەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئاوبووریی و دەزگایی و بیرۆکراسیدا گۆڕانکاریی گرنگ بکرێت. لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەبێ دەسکاریکردنی کایەی سیاسەت دەسکارییکردنی کایەکانی تر لە مەحاڵ نزیکبۆتەوە. لەم ڕووەوە ئێمە لەو جۆرە لە ساتەوەختی مێژووییدا دەژین کە ھانا ئارێنت ناوی ”سەردەمی تاریک”ی لێدەنێت. سەردەمی تاریک بەمانای نەمانی ژیانێکی گشتیی لە کۆمەڵگادا کە تیایدا بیر و ڕا و بۆچوونی مرۆڤەکان نرخ و بەھا و گرنگیان ھەبێت و ھەقیقەتە جیاوازەکان لەناو ئەو ژیانە گشتیەدا دەربکەون و بەسەریەکیشەوە وەک سەرەتایەک بۆ کردەی مێژوویی نوێ و چالاک دەستبەکاربن. بەڵام وەک ئارێنت خۆشی دەڵێت تەنانەت لەناو ئەو ساتەوەختە تاریکانەشدا مرۆڤ مافی ئەوەی ھەیە ھەندێک تیشک و درەوشاننەوە ببینێت. دۆخی تاریک مانای ئەوە نییە ئێمە لەبەردەم واقیعێکداین ھیچ ئەگەرێکی گۆڕانکاریی تیادانەماوە، یان لەبەردەم واقیعێکداین خاڵیە لە مرۆڤ وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتیی ھۆشیار، مانای ئەوەش نییە ھیچ ”ڕێکەوت“ێکی مێژوویی لەو واقیعەدا نەماوە کە وەک زەمینەی ھاتنەکایەی ھێز و ڕووداوی مانادار بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایە، کاربکات. کە ئەمانە دەڵێم خۆشباوەڕیی و بیرکردنەوەی سەتحی بە کەس نافرۆشم. ئەم جۆرە تۆمەتە ھی ئەوانەیە کە توانای بیرکردنەوەیان نییە و لەسەر سادەکردنەوەیەکی کوشندەی واقیع و سادەکردنەوەیەکی ترسناکی فیکر و بیرکردنەوە دەژین. گەر دونیای دوای ڕاپەڕین وەک نموونە وەربگرین، دەبینین واقیعی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمە، بەھیچ مانایەک واقیعی بەر لە دونیای دوای ڕاپەڕین نییە، لە زیاد لە کایە و ئاست و پێگەیەکدا گۆڕانی گەورەی تیا دروستبووە، مەرج نییە ئەو گۆڕانانە گۆڕانبووبن بەرەو باشیی، زۆرێک لەو گۆڕانانە دۆخێکی ھێجگار خراپیان ھێناوەتەکایەوە. ئەو خاڵەی من دەمەوێت پێی لەسەر دابگرم ئەوەیە واقیع لە دونیای ئێمەدا وەک خۆی نەماوەتەوە و دونیای بەر لە ڕاپەڕین و دونیای دوای ڕاپەڕین دوو دونیای تەواو جیاوازن. کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی“ من، کە ئەم ساڵ بڵاوکرایەوە،  ھەوڵدانێکە بۆ نیشاندانی ئەو گۆڕانە قووڵانەی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا لە زیاد لە ئاستێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی ئێمەدا ڕوویداوە و ئەو گۆڕانانەش ئەم قەیرانانەی ئەمڕۆکەیان دروستکردوە. 


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: نیاز عەبدوڵا له‌گه‌ڵ دامەزراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل جووه‌ كورده‌كانی كوردستان و عێراق به‌ره‌و ئیسرائیل كۆچیان كرد. له‌و كاته‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ جووه‌ کوردەکان له شوێنه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ژین، به‌ تایبه‌تی له‌‌ گونده‌كانی بیابانی نێگڤ كه ‌زۆرینه‌یان گۆران و سۆرانیین و به‌شێكیان به‌ كرمانجی سه‌روو قسه‌ ده‌كه‌ن. (دره‌و میدیا) له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ به‌شیر سه‌بری بۆتانی راگه‌یه‌ندكار و وه‌رگێڕ كه‌ خاوه‌ن چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌ری و كتێبه‌ له‌ بواری كه‌لتور و هونه‌ری كورده‌ جووه‌كان، تاوتوێی دۆخی ژیان و مافی كورده‌ جووه‌كانی وڵاتی ئیسرائیلی كرد.     دره‌و میدیا: كورده‌ جووه‌كانی ئیسرائیل بۆ چ دۆزێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری تێده‌كۆشن؟  به‌شیر سه‌بری بۆتانی: خەڵكانی ئیسرائیل بەگشتی ئازاد و سەربەستن. بۆ وه‌رگرتنی مافه‌كانیان له‌ رێگای سه‌ندیكای كرێكاران و سه‌ندیكاكانی دیكه‌ داوای مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، چونكه‌ سه‌ندیكا له‌ ئیسرائیل ناوه‌ندی تێكۆشانه‌. فەرمانبەران لە خۆپیشاندانه‌كاندا ھەردەم بەشدار دەبن و دیتنی خۆیان دەردەبڕن بۆ داواكردنی مافه‌كانیان. دره‌و میدیا: ئایا ئه‌وان هه‌مان مافه‌كانی هاوونیشتیمانییه‌كی تری ئیسرائیلیان بۆ ده‌سته‌به‌ره‌ تا بتوانن له‌ پۆسته‌ حكومی و باڵاكانی وڵات رۆڵیان هه‌بێت؟  به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بەڵێ، كوردە جووه‌كان وەك جووەكانی دیكە هه‌مان مافیان ھەیە، كە لە خەبات و كاردا بەشدارببن و لە ھێزە سیاسییەكان و لە حكومەتدا رۆڵێكی باشیان هه‌یە. بۆ نموونه‌ له‌و كوردانه‌ی كه‌ ناوداربوون له‌ حكومه‌ت وه‌ك؛  ئیسحاق مۆردیخای كه‌ وەزیری بەرگری بوو، ئیسرائیل ئیسحاق بەرپرسی یەكەمی پاسەوانانی سنوور بوو، رەحەمیم یۆنا لە شارەوانیی پارێزگای بێرشێڤا بەرپرسی كێشەی عەرەبە بەدووەكان بوو.   لەم كاتەشدا چەند به‌رپرسێكی كورد له ‌ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ھێزە سیاسییەكانی ئیسرائیل پله‌ی باڵایان هه‌یه‌. وه‌ك  ئیسحاق شموولی كە لە پارتیی عەڤۆدە (كار) و په‌رلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە. میكی لێڤی كە لە پارتیی عەتید (پاشەرۆژ) و لە پارلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە. هه‌روه‌ها پرۆفیسۆر یۆنا تسەببار و وەردە شیلۆ له‌ نووسه‌ره‌ كورده‌ جووه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئیسرائیلن.    بەشیر بۆتانی: كورده‌ جووه‌كان بە نھێنی سەردانی ھەرێمی كوردستان ده‌كه‌ن   دره‌و میدیا: په‌یوه‌ندی باوه‌ڕدارانی جوو له‌ نێوان ئیسرائیل و كوردستان و عێراق چۆنه‌ و تا چه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی دانه‌بڕاوه‌؟ به‌شیر سه‌بری بۆتانی: لە ساڵی 1993وە تا ساڵی 2014 كورده‌ جووه‌كان بە نھێنی سەردانی ھەرێمی كوردستانیان دەكرد و زۆرجار بەرپرسانی حكومەتی ئیسرائیل لەسەر ئەو سەردانانە رەخنەیان ھەبوو، چونكه‌ ئیسرائیل نه‌یده‌ویست له‌گه‌ڵ هێزە تیرۆریستەكان تووشی كێشە ببێت. ھەروەھا جووەكانی عێراقیش پەیوەندییەكی باشیان ھەبوو لەگەڵ خزم وكه‌س و كاری خۆیان، بەڵام یەكتریان لە ھەرێمی كوردستان دەبینی و نەیانتوانیوە سەردانی بەغداد یان بەسڕە بكەن. بەڵام لە ساڵی 2014 ەوە ئەو كاتەی كە "داعش دەوڵەتێكی ئیسلامی راگەیاند" مەترسییەك لای جووەكان بەگشتی پەیدا وو، بۆیە لەو كاتەوە و تا ئێستا كەمتر سەردانی ھەرێم دەكەن. بەڵام كوردە جووەكان و جووەكانی عێراق لە تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ خزم و كه‌س و كاری خۆیان لە عێراق ھەیە. تاكو ئێستاش كوردە جووه‌كان ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان دەكەن. ساڵی 2015 گرووپێكی كوردە جووەكان كە بریتی بوون لە 20 كەس بە سەرپەرشتیی یوسف رەحەمیم بۆ ماوەی 10 رۆژ سەردانی ھەرێمیان كرد. گرووپێكی دیكەش له‌ ساڵی 2016 بۆ پیرۆزكردنی جەژنی نەورۆز سەردانی ھەرێمیان كرد، ئێستاش زۆر كەس له‌ ئیسرائیله‌وه‌ سەردان دەكەن بەڵام ئاشكرای ناكەن. بۆ زانیاریش به‌پێی یاساكانی ئیسرائیل ئەم جۆره‌ سەردانانە قەدەغەن، چونكە ھیچ رێكەوتنێكی ئاشتی له‌ نێوان ئیسرائیل و عێراقدا نییە و ئەو كەسەی كه‌ ئه‌م یاسایه‌ پێشێل بكات له‌ رێگای دادگاوه‌ بۆماوه‌ی دوو ساڵ زیندان ده‌كرێت، پۆلیسی ئیسرائیلی شەش ساڵ لەمەوبه‌ر ژنێكی كوردیان ده‌ستگیر كرد كە سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردبوو. به‌شیر  بۆتانی: ژمارەی كوردە جووەكان بە لای كەمەوە 200 تا 215 ھەزارە و 5 ھەزاریان لە دەرەوەی ئیسرائیل دەژین دره‌و میدیا: ئێوه‌ چه‌ند‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی جووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بینن، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای شه‌ڕی داعش؟  ئایا ئه‌وان ده‌وێرن ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن؟  به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بە راستی ئێستا جووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بنەجووەكانی عێراق وەك جاران ناوێرن ناسنامه‌ی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن، نەك لەبەر داعش و بەس، بەڵام لەبەر حكومەتەكانی ئێران و توركیا و عێراقیش. خاڵێكی دیكەش ھەیە، كە ھێشتا كوردە ئیسلامییەكان لە راگەیاندنی كوردیدا سووكایەتی بە جووەكان دەكەن، چونكە ئەوان ھیچ ئاینێكی دیكە ھەر ناكەن، بۆیە مەترسی لەسەر ژیانی جووەكانی كوردستان و بنەجووەكانی عێراق ھەیە. دره‌و میدیا: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق چه‌نده‌ توانیویانه‌ پارێزگاری له‌ شوێنه‌وار و مێژووی جووه‌كانی عێراق بكه‌ن؟  به‌شیر سه‌بری بۆتانی: بە راستی شوێنه‌واری جووەكانی عێراق ئێجگار زۆر بوون، بەڵام حكومەتە یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق لە پەنجاكان و شەستەكاندا بەشێكیان تێكدا و گۆڕییان بۆ شتی تر، مێژووی جووەكانی عێراقیان تەزویر كرد. جێی داخە حكومەتەكانی پێشووی عێراق لە پەنجاكان و شەستەكاندا رێگایان بە عەرەب و كوردە موسوڵمانەكان دا كە پەرستگاكانی جووەكان بكەن بە مزگەوت و ئەو كاتەی جووەكانی ھەولێر بەم دەنگوباسەیان زانی، گەلەك دڵگران بوونە.  ھەروەھا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق ھەر ڤیانیان نییە كە پارێزگاری له‌ شوێنه‌وار و مێژووی جووه‌كانی عێراق بكه‌ن. دره‌و میدیا: ژماره‌ی كورده‌ جووه‌كانی وڵاتی ئیسرائیل چه‌ندن ئێستا؟ به‌شیر سه‌بری بۆتانی: به‌پێی زانیارییه‌كانی من ژمارەی كوردە جووەكان بە لای كەمەوە 200 تا 215 ھەزارە و 5 ھەزاریان لە دەرەوەی ئیسرائیل دەژین. ھەروەھا جووەكانی عێراقیش بە لای كەمەوە 350 ھەزارن، بەڵام زیاتر لە 50 ھەزاریان ئیسرائیلیان بەجێ ھێشتووە و بەشێكیان لەسەر بزوتنەوەی سەھیۆنی رەخنەیان ئێجگار زۆرە، بۆیە نایانەوێ لە ئیسرائیل بژین.     لەگەڵ میكی لێڤی كە لە پارتیی (عەتید: پاشەرۆژ) و لە پارلەمانی ئیسرائیلدا ئەندامە   به‌شیر سه‌بری بۆتانی: من لە سوێد ئەژیم وكاری وەرگێڕی ئەكەم و لە كاتی پشوودا كاری ھونەری و راگەیاندنی ئەكەم. بۆ نموونە، من ئەم گۆرانییە لەم رۆژانەدا تەواوی ئەكەم: https://www.youtube.com/watch?v=xl8eUBYwM_w من لە ساڵی 1986 ەوە لەگەڵ خەڵكانی ئیسرائیل، فەلەستین، باشووری سووریا، ئوردن و سینا پەیوەندیەكی ھونەریم ھەیە و موزیك و ھونەری كوردی لەو دەڤەرانەم بڵاو كردەوە و ھەندێ جاریش تۆمارم كردووە، بەڵام لەبەر نەبوونی رۆژنامەنووسێك لەو دەڤەرانە كە بە كوردی بنووسێت، من ناچار بووم كە دەستپێ بكەم، و بۆ زانین من خۆم بە رۆژنامەنووس و راگەیاندنكار ناژمێرم.    


پرۆفیسۆر كۆچەر بیركار،  بەرزترین خەڵاتی جیهانی لە ماتماتیكدا كە " مەدالیای فیڵدزە " بەدەستهێنا كە هاوتای خەڵاتی نۆبڵی جیهانییە بۆ زانستەكان. كۆچەر لە چاپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە لە ساڵی 2016 گلەیی لە میدیاكان دەكات كە گرنگی بە زانست و زانایان نادات  دەقی چاوپێكەوتنەكە    كۆچه‌ر بیركار ئه‌و زانا كورده‌ی چه‌ند خه‌ڵاتێكی جیهانی به‌ده‌ست هێناوه‌و یه‌كێكه‌ له‌نوسه‌رانی باشترین نامیلکەی “ئەندازەی جەبری” لەماوەی بیست ساڵی رابردودا، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی ئاوێنه‌دا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك ده‌داته‌وه‌و باوه‌ڕی وایه‌ کە دەبێت سیستەمی پەروەردە توانا‌و بەهرەکانی منداڵان بدۆزێتەوەو حەزیان تێدا دروست بکات، “دەبێت زانکۆکان زانا‌و داهێنەر دروست بکەن‌و چارەسەری کێشەی ئابوری، تەندروستی، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی‌و سیاسی بکەن، نابێ چاوەڕوانی پارەی نەوت بین، ئەمە سەردەمی خوێندن‌و تەکنۆلۆژیایە”.  ئاوێنه‌: كۆچه‌ر بیركار ئه‌و داهێنانانه‌ چین كه‌ كردویه‌تی‌و كاری ئێستای چییه‌؟ كۆچه‌ر بیركار:  وەک زۆربەی مامۆستایانی زانکۆ، خەریکی وانەوتنەوه‌‌و توێژینەوەم. لەبەشی “ئەندازەی جەبری” کار ئەکەم کە تێکەڵەیەکە لەئەندازیاریی‌و جەبر. ئەمە بەشێکی سەرەکی بیرکارییە کە پێوەندی هەیە بەزۆربەی بەشەکانی تری بیرکارییەوە‌و هەروەها بەفیزیکیشەوە. گرنگترین کارەکانم لەسەر بابەتەکانی هەندەسەی بایەڕاشناڵە‌و کۆی کارەکانم حەلی زۆرێ مەسەلەی بیرکاری کۆن‌و تازە لەخۆ ئەگرێ. وەکو یەکێ لەپێشڕەوانی هەندەسەی بایەڕاشناڵ ناو ئەبرێم لەدنیادا. ئاوێنه‌: “كۆچه‌ر بیركار گه‌وره‌ترین بیركارە ‌لەمێژوی کوردا”  ئه‌وه‌ وته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌‌ كه ‌لەنزیكه‌وه‌ ده‌تناسن. له‌وباره‌یه‌وه چی دەڵێیت‌؟ كۆچه‌ر بیركار: نازانم کێ گەورەترین بیرکارە لەمێژوی کورددا، بەڵام باش ئەزانم کە پسپۆڕی بیرکاریی‌و بەگشتی زانستە سروشتییەکان زۆر کەمن لەناو کورداندا‌و زیاترمان پێویستە.  ئاوێنه‌: ئێوە لەزانكۆی كەمبریج مامۆستان‌، ئه‌وه‌ش ره‌هه‌ندێكی جیهانی پێ به‌خشیویت كه‌ جیاتان ده‌كاته‌وه‌‌ له‌بیركارەکانی تر. بەڵام بۆچی ژماره‌ی زانا كورده‌كان لەزانكۆكانی دونیا هێند کەمن؟  كۆچه‌ر بیركار: ئەمە هۆی سیاسی‌و فەرهەنگی هەیە. لەلایەکەوە دەوڵەتی سەربەخۆمان نییە‌و وڵاتەکەمان داگیر کراوە‌و پەراوێز خراوە. حکومەتی هەرێمیش لەباشوری کوردستان نەیتوانیوە بەرنامەیەکی واداڕێژێ کە زانا پێبگەیەنێ. لەلایەکی ترەوە زانست‌و خوێندن ئەو بایەخەی نییە، نە لەلای کۆمەڵگەی کوردی‌و نە لەلای دەسەڵاتی کوردی. سەدان هەزار کورد هەیە لەئەوروپا، هیچ نەبێ با دوسەد مامۆستای زانکۆیان تیا هەڵکەوتایە. ئاوێنه‌: خه‌ڵاتی (Leverhulme) له‌بیركاری‌و ستاتیستیكدا بۆ ساڵی 2010‌و خه‌ڵاتی (Moore) ‌لەلایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی بیركاری ئه‌مه‌ریكا (AMS) له‌ 2016 پێتبه‌خشراون. هۆكاری وه‌رگرتنی ئه‌و خەڵاتانه‌ چی بون؟ هیچ كوردێكی تر خه‌ڵاتی له‌و شێوه‌یه‌ی وه‌رگرتوه‌؟ كۆچه‌ر بیركار: خەڵاتی (Leverhulme) کە تایبەتە بەزاناکانی بەریتانیا لەبەر لێکۆڵینەوەکانم لەبواری هەندەسە جەبریدا پێم بەخشرا. هەروەها خەڵاتی بنکەی بیرکاری پاریس کە جیهانییە لەساڵی 2010 پێم بەخشرا. خەڵاتی (Moore) کە جیهانییە لەبەر نوسینی نامیلکەیەک لەگەڵ چەند بیرکاریزانێکی تردا پێم بەخشرا. ئەو نامیلکەیە بەباشترین نامیلکەی هەندەسە جەبری دائەنرێت لەماوەی بیست ساڵی رابردودا. ئاگادارنیم ئەگەر کوردانی تر خەڵاتی ئەکادیمی لەو شێوەیەیان وەرگرتبێ.  ئاوێنه‌: كۆچه‌ر بیركار نایه‌وێت له‌ میدیاكانه‌وه‌ ده‌ربكه‌وێت یان میدیا كوردییه‌كان گرنگی بەزانست‌و زاناكان ناده‌ن؟ به‌تایبه‌ت لەدوای وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته‌ جیهانییانه؟  كۆچه‌ر بیركار: بێگومان میدیای کوردی گرنگییەکی وەها نادات بەزانست‌و زانایان. کاتێ فیلمێکی کوردی خەڵاتێکی جیهانی وەرئەگرێت هەمو میدیاکان باسی دەکەن، بەڵام کاتێ بیرکارێکی کورد خەڵاتێکی جیهانی وەرئەگرێت زۆر کەم باس دەکرێت. هۆکارێکی تری دەرنەکەوتنم ئەگەڕێتەوە بۆ سروشتی بیرکاری. بەڕاستی ئاسان نییە باسی بیرکاری بکەیت بۆ خەڵک. پزیشکێک یا ئەندازیارێک زۆر ئاسانتر دەتوانێ کارەکانی پیشانی خەڵک بدا. هۆیەکی تریش تێکەڵابونی میدیا‌و حزبایەتییە.  ئاوێنه‌: له‌ شوێنێك باسی ئه‌وه‌ت كردوه‌ كه‌(هه‌ر كه‌س دو گۆرانی بڵێت ناوبانگ په‌یدا ئه‌كات) ئەوه‌ گله‌یی كردنه‌؟ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ یان ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان هۆكاری ئه‌وه‌ن؟  كۆچه‌ر بیركار: بەڵێ ئەوە گلەییە. میدیای کوردیی کاتێکی زۆر تەرخان ئەکات بۆ گۆرانی بەڵام زانست‌و پەروەردە پشتگوێ ئەخات. کاتێ باسی خوێندن ئەکەن بۆنی سیاسەت‌و حزبایەتی لێ دێت. ئەبێ زۆر زیاتر باسی زانکۆ، قوتابخانە، لێکۆڵینەوەکان، ماندوبون‌و سەرکەوتنەکانی مامۆستا‌و خوێندکارەکان بکەن. هەم کۆمەڵگە‌و هەم ده‌سه‌ڵاتداران هۆکارن بۆ ئەو بارودۆخە. ئاوێنه‌: شوێن‌و سیسته‌می په‌روه‌رده‌‌و فێركردن چ كاریگه‌رییه‌كی هەبوه‌ له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیت؟ گه‌ر له‌كوردستان بمایتایته‌وه‌ كۆچه‌ر بیركار دروست ده‌بو؟  کۆچەر بیرکار:  سەرەتای خوێندنم پڕ بو لەشەڕ‌و ئاوارەیی. وڵاتەکەمان دورخرابو سیستەمی پەروەردە کز‌و لاواز بو. سەرەڕای ئەوانە سیستەمی پەروەردەی ئێران بایەخی زیاتر ئەدات بەبیرکاری‌و زانست لەچاو وڵاتانی دەوروبەری‌و ئەوەش کاری کردوەتە سەر من. حەز‌و شەیدابونم بۆ بیرکاری هەر لەمەریوان دروست بو. ئەو کەسەی زیاتر لەهەموان هانی دام بۆ زانست برای گەورەم”حەیدەر” بو. ئەو بو کە مۆمی ئەو حەزەی داگیرساند. بۆ سەرکەوتن لەزانست تەنیا حەز بەس نییە. ئەبێ لەزانکۆ بخوێنیت تا دکتۆرا، ئاشنا بیت بەزانستی سەردەم‌و فێری لێکۆڵینەوە ببیت. ئەمە نە لەکوردستان‌و نە لەئێرانیش دەستی ئەدا بۆم. ئەگەر لەرۆژئاوا نەمخوێندایە‌و دنیا نەگەڕامایە سەرکەوتنم زۆر کەمتر دەبو. بۆ توێژینەوە پێویستە بگەڕێیت‌‌و بەشداری بکەی لەکۆڕ‌و کۆبونەوە زانستییەکانی ناوخۆ‌و دەرەوەی وڵاتدا. ئاوێنه‌: گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بگاته‌ ئاستی ئێوە ده‌بێت به‌هره‌ی هەبێت یان كۆششی زۆر بكات؟ كۆچه‌ر بیركار: ئەبێ حەزێکی هەبێت جا ئیتر حەز لەبیرکاری بێ یا ئەندازیاری بێ یا ئەدەب یا هەرچی. کێ ئەو حەزە دروست بکا؟ سیستەمی پەروەردە، خانەوادە، میدیا. دوای دروستبونی حەزەکە ئەبێ ئەو کەسە  تێکۆشەر بێ، کۆڵنەدەر بێ، بەتاقەت بێ‌و گەشبین بێ. بەڵام نابێ خۆی بپڕوکێنی‌و زۆر کات لەخۆی. سەرکەوتن کاتی ئەوێ‌و پرۆسەیەکی درێژخایەنە. ئاوێنه‌: زاناكان لەكاتی داهێنانی كارێك یان چاره‌سه‌ركردنی كێشەیه‌ك، ساتێكی تایبه‌تیان هەیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئافراندنانه‌ی تیا بخوڵقێنن، ئایا ساتێكی له‌و جۆره‌تان هه‌بوه‌؟  كۆچه‌ر بیركار: کاتێ ئەمەوێ مەسەلەیەکی گرنگی بیرکاری شیکار بکەم، لەسەرەتاوە ئەو ساتانەم بۆ نایەت، بەڵام دوای دو سێ هەفتە بیرکردنەوە‌و زۆرانبازی لەگەڵ مەسەلەکە ئەو ساتانەم بۆ دێ. لەپڕ هەست ئەکەم بیری تازەی جۆراوجۆر دێتە مێشکم. رێگەکردنی لەسەرخۆ یارمەتی ئەدا بۆ هاتنی ئەو بیرانە. ئاوێنه‌: لەزانكۆكانی دونیادا‌ سود له تواناكانی به‌ڕێزتان وەرئەگیرێت، به‌ڵام ئایا له‌سه‌ر ئاستی كوردستان له‌سه‌ر هیچ بابەتێك پرس‌و راوێژتان پێكراوه‌؟ کۆچەر بیرکار: ساڵی 2010 سەردانی زانکۆی سەلاحەدینم کرد لەهەولێر‌و چەند سمینارێکم پێشکەش کرد. ئەو سەردانە ڕێکخراوی (CIMPA) سازی کرد‌و خەرجییەکەی دا. هەر لەسەر داواکاری ئەم رێکخراوە جارێک وانەکانی بیرکاری ئەو زانکۆیەمان تاوتوێ کرد. جگە لەوە نایەتە بیرم هیچ رێکخراوەیەکی کوردی داوای هاوکاری لێکردبم. بەڵام خوێندکارانی کورد زۆرجار داوای ئامۆژگارییان لێکردوم. كۆچه‌ر بیركار: بەڵێ ئەوە گلەییە. میدیای کوردیی کاتێکی زۆر تەرخان ئەکات بۆ گۆرانی بەڵام زانست‌و پەروەردە پشتگوێ ئەخات.   ئاوێنه‌: ده‌وترێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی قه‌یراناوی كوردستان كه ‌مه‌ترسی كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كرێت له‌ ئه‌گه‌ری به‌رده‌وام بونیدا، ده‌بێت گرنگی بەكه‌رتی په‌روه‌رده‌‌و خوێندنی باڵا بدرێت، ئایا ئەوانه‌ ده‌بنه‌ فریادڕه‌س؟ كۆچه‌ر بیركار: خوێندن چارەسەری کێشەکانی کوردستان ناکات لەماوەیەکی کورتدا. خوێندن پرۆژەیەکی درێژخایەنە. خوێندن دارێکە کە مێوەکەی بەدو سێ ساڵ پێناگات. ئەگەر ئەتەوێ کوردستانێکی پێشکەوتوت ببێ بیست سی ساڵی داهاتو، ئەبێ لەئێستەدا ژێرخانی پەروەردە‌و خوێندنی باڵا بەباشی بنیات بنرێت. ئەبێ سیستەمی پەروەردە توانا‌و بەهرەکانی منداڵان بدۆزێتەوە، حەزیان تێدا دروست بکات، فێری زانست‌و ئەخلاقیان بکات. ئەبێ زانکۆکان خوێندکاران پێبگەیەنن، زانا‌و داهێنەر دروست بکەن‌و چارەسەری کێشەی ئابوری، تەندروستی، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی‌و سیاسی بکەن. نابێ چاوەڕوانی پارەی نەوت بین. ئەمە سەردەمی خوێندن‌و تەکنۆلۆژیایە. ئاوێنه‌: پاش هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر كوردستان‌و خراپبونی دۆخه‌كه، به‌شێك له‌گه‌نجان لەنائومێدیدا كوردستانیان بەجێهێشت، ئەوانه‌ش كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ باوه‌ڕیان بەخوێندن نه‌ماوه، بەتایبه‌ت بەهۆی نه‌بونی هه‌لی كار پاش ته‌واوكردنی خوێندنیان. پێویسته‌ چی بكرێت تا وزه‌ی گه‌نجان بەفیڕۆ نه‌چێت؟  کۆچەر بیرکار:  هەلی کار لەناو دەزگاکانی حکومەت‌و لەناو بازاڕدا ئەڕەخسێت، ئەگەر حکومەت ژێرخانی ئابورییەکی پتەو بنیات بنێت ئەوا هەلی کار زۆرتر ئەبێ. بۆ وێنە ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ پەرە پێبدرێ ئەوا هەم زۆر کەس دائەمەزرێن‌و هەم وڵات سەربەخۆتر ئەبێ. دوای ئەوە لەدەزگا حکومییەکان ئەبێ کەسی شیاو دابمەزرێ نەک کەسی سەر بەم حزب‌و ئەو حزب. لەلایەکی ترەوە ئەبێ خوێندکاران ئامادەی هەمو جۆرە کار‌و پیشەیەک بن نەک تەنیا بەشوێن کاری دانیشتن لەپشت کورسیدا بگەڕێن. ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە شەڕی داعش هەتاهەتایە نامێنێ. ئاوێنه‌: دوای سەردانەکەتان بۆهه‌رێمی كوردستان لەساڵی 2010، سه‌رنج‌و تێبینیتان چییه‌ لەسەر زانكۆكانی كوردستان؟ ده‌وترێت بێئومێد بون؟ كۆچه‌ر بیركار: لەو سەردانەدا تەنیا زانکۆی سەڵاحەدینم بینی. لەباری مادییەوە وادیار بو کە وەزعی زانکۆکە باش بو. خوێندکارەکان‌و مامۆستاکان پێشوازی باشیان کرد لەسمینارەکانم. لێکۆڵینەوە لەزانکۆکانی کوردستان هێشتا زۆر کەمە‌و کاری زۆری ئەوێ تا ئاستیان بەرز بێتەوە. پێموابێ زانکۆکان پێداویستییەکانی پێگەیاندنی خوێندکاری دوکتۆرایان نییە‌و باشترە هەوڵ بدەن گەشە بەدەورەکانی بەکالۆریۆس‌و ماستەر بدەن. كۆچه‌ر بیركار: خوێندنی بەر لەزانکۆ ئەبێ بەکوردی بێ بەڵام لەگەڵیدا ئینگلیزیش بخوێنرێت. ئەمە گرنگە بۆ پاراستنی زمانەکەمان. ئاوێنه‌: به‌ستنه‌وه‌ی كۆلێژ‌و توێژینه‌وه‌كانیان، به‌بازاڕەوه‌ ئه‌ركی زانكۆیه‌ یان چ شوێنێكی تر؟ كۆچه‌ر بیركار: ئەرکی زانکۆیە، ئەرکی بازاڕە‌و ئەرکی حکومەتە. سەرچاوەی زۆربەی داهێنانەکان لەدنیادا زانکۆیە. کۆمپانیاکان توێژینەوەکانی زانکۆکان بەکاردەهێنن بۆ چارەسەری کێشەکانیان‌و بۆ دروستکردنی ئامڕازی تازە. زانکۆکان ئەتوانن خۆیان کۆمپانیا دامەزرێنن‌و داهاتەکانی بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ، بۆ وێنە کۆمپانیای دەرمانسازی. ئەگەر حکومەت ئابوریی بەهێز بکات ئەوە پێوەندییەکانی زانکۆ‌و بازاڕ زیاتر دەبن. کەسانی ناو بازاڕیش ئەتوانن داوای چارەسەر بکەن لەزانکۆ بۆ کێشە تەکنیکییەکانیان. ئاوێنه‌: هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆگرامی زانست‌و بیركاری قوتابخانه‌كان بكرێن به‌ئینگلیزی، ئایا زمانی كوردی له‌ئاست‌و توانای زاراوه ‌زانستی‌و سه‌رده‌میه‌كاندا نییه‌، یان به‌كه‌م تەماشاكردنی زمانه‌كه‌یه‌؟ كۆچه‌ر بیركار: خوێندنی بەر لەزانکۆ ئەبێ بەکوردی بێ بەڵام لەگەڵیدا ئینگلیزیش بخوێنرێت. ئەمە گرنگە بۆ پاراستنی زمانەکەمان. لەزانکۆ ئەکرێ خوێندنی زانستە سروشتییەکان تەنیا بەئینگلیزی بێ‌و کاتێکی زۆر بەفیڕۆ نەچێ بۆ وەرگێڕانی دەقەکان بۆ کوردی. ئاوێنه‌: باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پڕۆگرامی قوتابخانه‌كانی كوردستان هۆكاری كوشتنی حه‌زی خوێندكاره‌، بیركاریش وه‌ك یه‌كێك له‌و وانانه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟ بونی مه‌عریفه‌‌و بابه‌تی خۆماڵی‌ چ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌بێت، شێوازی وانه‌وتنه‌وه‌ چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه‌؟ وه‌رگێڕانی پڕۆگرامی وڵاتێكی تر گونجاوه‌؟  کۆچەر بیرکار: من هیچ نازانم لەبارەی پڕۆگرامی قوتابخانه‌كانی كوردستانەوە. بەگشتی پڕۆگرامی خوێندن‌و شێوەی وانەوتنەوە زۆر گرنگن. دەستکاری پڕۆگرام ئەبێ وردەوردە بێت‌و چەند ساڵێک بخایەنێت نەک یەکڕا ژێروژور بکرێ. وەرگێرانی پڕۆگرامی وڵاتانی تر باش نییە بەڵام ئەکرێ لەئەزمونی وڵاتانی تر کەڵک وەرگیرێ. ئاوێنه‌: نوسینی كتێب‌و وه‌رگێران لەكوردستان به‌ به‌راورد به‌ڕابردو، ژماره‌یان زیادی كردوه. بەڵام كه‌مترینیان له‌بواری زانستدایه، هه‌ر بۆ نمونه‌ هیچ كتێبێكی بیركاری تیا نییه. له‌وباره‌یه‌وه‌ چی ده‌ڵێن؟ کۆچەر بیرکار: وانەکانی قوتابخانە بەس نین بۆ تێرکردنی تینوێتی خوێندکارە تامەزرۆکان. بونی سەرچاوەی تر زۆر پێویستە. خۆم کاتێ لەقوتابخانە دەمخوێند، دەیان کتێبی بیرکاریم خوێندەوە کە کاریگەرییان زۆر بو لەسەر بەرەوپێشچونم. کتێبخانەی فارسی زۆر دەوڵەمەندە لەو بارەوە. هیچ نەبێ ئەبێ وەزارەتی پەروەردە هەوڵ بدا بۆ وەرگێڕانی کتێب لەهەمو بوارەکانی زانستدا. ئەمە  ئاسانە‌و خەرجێکی وەهایشی تێناچێت. ئاوێنه‌: به‌ڕێزت دانه‌ری ماڵپه‌ڕی كۆڕی زانیاری‌و داهێنان بویت، ئامانجت چی بو له‌و كاره‌؟ بۆ داخرا؟ کۆچەر بیرکار: ئامانجی سەرەکیم هاندانی خوێندکاران‌و مامۆستایانی کوردی زانکۆ بو بۆ نوسین لەسەر ئەو بابەتانەی حەزیان لێ بو. هیوام ئەوە بو کە ئەو نوسینە ئەیانبا بەرەو داهێنان‌و خوڵقاندن. واتە تەنیا زانین بەس نییە بەڵکو ئەبێ داهێنانیش بکەین. ئەندامانی کۆڕەکە کە ژمارەیان لەسەد زیاتر بو نامیلکەکانیان لەسەر ماڵپەڕی کۆڕ بڵاوئەکرایەوە. دوای چوار ساڵ کۆڕەکە داخرا لەبەر خاوبونەوە‌و بێچالاکی. ئاوێنه‌: ده‌كرێت پێمان بڵێیت به‌ چ كه‌سایه‌تیه‌كی كورد سه‌رسامیت، لەژیاندا مابێت یاخود نا؟ کۆچەر بیرکار: شاکر فەتاح. ئەو بەدرێژایی ژیانی خەریکی بەرەوپێش بردنی خۆی‌و کۆمەڵگەکەی بو. هیچ پێی عەیب نەبو باسی لاوازییەکانی خۆی بکات.  لەژیاننامەکەیدا، بەناوی  (ئاوێنەی ژینم)، ئەو باسی خۆی ناکات وەک پاڵەوانێک بەڵکو باسی کەسێکمان بۆ ئەکات کە وەکو هەر مرۆڤێکی تر بڕێ توانا‌و بڕێ کەموکوڕی هەیە‌و لەگەڵ ئەوەشدا گەشبینە‌و هەوڵ ئەدا کێشەکانی چارەسەر بکات. ئەو کاتێ وێنەی ئەگرت‌و گەشتنامەی ئەنوسی کە خۆی زۆر گەنج ‌بو کەم کەس لەکوردستاندا ئەیزانی کامێرا چییە.   کۆچەر بیرکار له‌ساڵی 1978 لەگوندی (نێ) سەر بەشاری مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوه‌، قۆناغی سەرەتایی‌و ئامادەیی لەنێ‌و لەمەریوان تەواو کردوه. هەر لەقوتابخانە شەیدای بیرکاری بوه‌و بڕیاریداوه‌ بیرکاری بخوێنت لەزانکۆ، دواتر بڕوانامه‌ی بەکالۆریۆسی له‌بیرکاریدا لەزانکۆی تاران لەساڵی 2000 بەدەستهێناوەو دوکتۆرای بیرکاری لەزانکۆی نۆتینگهام لەبەریتانیا لەساڵی 2004 بەدەستهێناوە. لەساڵی 2006 ەوە لەزانکۆی کەمبریجهی بەریتانیایەو وه‌ك خۆی ده‌ڵێت بە” قۆناغەکانی ئەکادیمیدا سەرکەوتم تا بوم بەپڕۆفیسۆری تەواو”.   ئا: رێبین قادر، سروه ‌جه‌مال


گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا  خۆ رێكخستنه‌وه‌ی داعش له‌ سنووره‌كانی پارێزگای كه‌ركوك وه‌ك مه‌ترسی له‌ لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان باسی لێوه‌ ده‌كرێت، به‌ تایبه‌ت رۆژانه‌ رێكخراوی تیرۆریستی داعش كرده‌ی تیرۆریستی دژ به‌ هاووڵاتیانی ئه‌و پارێزگایه‌ ئه‌نجام ده‌دات. بۆیه‌ (دره‌و میدیا) له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ لیوا ره‌سوڵ عومه‌ر ناسراو به‌ وه‌ستا ره‌سوڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری چواری كه‌ركوك، تاوتوێی مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك و سیناریۆكانی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كرد بۆ ناوچه‌كه‌، كه‌ ‌له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ كه‌ركوكیان جێهیشتووه‌.  له‌ ماوه‌ی قسه‌كانی لیوا ره‌سوڵ عومه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ "داعش له‌ ئاستێكدان‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت چه‌ته‌گه‌رییه‌كانیان ده‌ست پێبكه‌ن، ده‌توانن هه‌ندێك ناوچه‌‌ له‌ ده‌وروبه‌ری داقوق و دووز و خوارووی كه‌ركوك كۆنتڕۆڵ بكه‌ن". دره‌و میدیا: وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی یه‌كێتی نیشتیمانی پێتان وایه‌ مه‌ترسی ئه‌منی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك هه‌یه‌؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك له‌ ئێستا به‌شێوه‌یه‌ك تێكچووه‌،‌ تێكچوونه‌كه‌شی هه‌مووی په‌یوه‌نداره‌ به‌وه‌ی جارێكی تر رێكخراوی تیرۆریستی داعش مه‌فره‌زه‌كانی خۆی رێكخستۆته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی حه‌ویجه‌ و باشووری كه‌ركوك و ده‌روبه‌ری داقوق و دووز و جموجۆڵه‌كانیان به‌ ئاشكرا به‌دی ئه‌كرێت. لێره‌ و له‌وێ چه‌ته‌یی ئه‌كه‌ن و خه‌ڵك ئه‌كوژن و خه‌ڵك ئه‌ڕفێنن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌و‌خۆی كردۆته‌ ناو كه‌ركوك له‌ رووی پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی، ئه‌مه‌ش هه‌یئه‌تێكی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ سه‌له‌فییه‌كانه‌ كه‌ پێشتر به‌ پڕو پاگه‌نده ‌ ده‌ست پێ ئه‌كه‌ن، لێره‌ و له‌وێش په‌لامار ئه‌ده‌ن بۆ سه‌لماندنی قسه‌كانیان. ئێستا دۆخه‌كه‌ به‌جۆرێك شڵه‌ژانی پێوه‌ دیاره، ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوك-یشن له‌و ئاسته‌ نین بتوانن وه‌ڵامی پڕوپاگه‌نده‌كان و ئه‌و چه‌ته‌گه‌رییه‌ به‌ باشی بدنه‌وه‌ كه‌ داعش ده‌یكات، بۆیه‌ خه‌ڵك له‌وێ له‌ دڵه‌ راوكێیه‌. دره‌و میدیا: كه‌واته‌ شانه‌ نوستووه‌كانی داعش له‌ چ ئاستێك چالاكن تا به‌و رادده‌یه‌ مه‌ترسی بن؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: شانه‌ نوستووه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ی كه‌ركوك‌ هه‌ن و ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی فراونتر خۆیان رێكخستۆته‌وه‌. داعش له‌ ئاستیكدان‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت چه‌ته‌گه‌رییه‌كانیان ده‌ست پێبكه‌ن ده‌توانن هه‌ندێك ناوچه‌‌ له‌ ده‌وروبه‌ری داقوق و دووز و خوارووی كه‌ركوك و هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیش كۆنتڕۆڵ بكه‌ن. وه‌ستا ره‌سوڵ: ئه‌مریكییه‌كان له‌ نێوان ئێمه‌ و عێراق‌، كار بۆ دروست كردنی ژوورێكی عه‌مه‌لیات له‌ كه‌ركوك ئه‌كه‌ن   دره‌و میدیا: ئێوه‌ چاوه‌ڕوانی و زانیاری ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ داعش پلانی هێرش كردنه‌ سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك و هه‌ندێك له‌ گونده‌كانی هه‌بێت؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: ئێمه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ین داعش له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا بێت هێرش و په‌لامار بدات، چونكه‌ به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ لای ئێمه‌ هه‌یه‌ ئێستا له‌ شاری دووز و ده‌وری شاره‌كه‌ هه‌مووی بۆته‌ مه‌فره‌زه‌كانی داعش واتا هه‌ر چوار ده‌وری شاره‌كه‌، هیچ مه‌جالی تیا نییه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كارێك بكه‌ن ئه‌توانن بیكه‌ن. له‌ داقوق له‌ لای رۆژئاوای داعش جوڵه‌ی هه‌یه‌ و له‌ قۆڵی رۆژهه‌ڵات و باشوور و رۆژئاوای رۆژهه‌ڵات جموجۆڵیان هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی خوار نه‌جووله‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ داقوق، بۆیه‌ مه‌ترسییه‌كان‌ له‌وێ زۆره‌ و له‌ باشووری كه‌ركوكه‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ دووبز بۆ دامێنی كه‌ركوك دێت. دره‌و میدیا: ئه‌م چالاكبوونه‌ی هێزه‌كانی داعش په‌یوه‌ندییان به‌ له‌باری چ جۆره‌ زه‌مینه‌یه‌كی ئه‌منی هه‌یه‌؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌باره‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ تا داعش بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، داعش زۆر كه‌م حیساب بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی عێراق ئه‌كات، ئه‌زانن سوپای عێراق سه‌رده‌مێك وه‌كو به‌فر له‌ پێش داعش توایه‌وه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ داعش چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زیاتر له‌ شه‌ش فه‌یله‌قی عێراقی ده‌ست كه‌وتبوو به‌ڵام كاتێك كه‌ پێشمه‌رگه‌ پێی وت ستۆپ ستۆپی كرد. به‌ڵام له‌ ئاست سوپای عێراق چاویان دانه‌ئه‌خست و كه‌ ئه‌چوون‌ په‌لاماری هه‌ر جێیه‌كیان ئه‌دا سه‌ركه‌وتنیان به‌ ده‌ست ئه‌هێنا و چه‌ندین پارێزگایان له‌ عێراق داگیركرد، بۆیه‌ ئێستا ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ له‌باره‌ كه‌ هێزی عێراقی به‌ ته‌نها له‌ ناوچه‌كه‌یه و‌ ئه‌وانیش ئه‌مه‌یان به‌ ده‌رفه‌ت قۆستۆته‌وه‌ و جارێكی تر ئه‌یانه‌وێ وه‌ك ساڵی 2014 به‌ پاروو پاروو ده‌ست پێبكه‌ن. دره‌و میدیا: هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ی كه‌ركوك چی پێ ده‌كرێت؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ئێستا له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشییه‌ له‌ سنووره‌كانی كه‌ركوك و ئه‌توانم بڵێم پێشمه‌رگه‌كانمان 10 كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری شاری كه‌ركوك دوورن، بۆیه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك پێشمه‌رگه‌ خۆی ئاماده‌ كردووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی خۆمان كردووه‌ له‌ فه‌رمانده‌یی و له‌گه‌ڵ هه‌موو لیواكان به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ی خۆمان هه‌یه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ر و رووداوێكی نه‌خوازراو، ناڵێم هه‌مووی به‌ڵام پاراستنی كه‌ركوكمان له‌ ئه‌ستۆ ئه‌بێت، به‌ڵام گرنگه‌ بیری لێبكه‌ینه‌وه‌ چۆن ناوچه‌ كوردییه‌كان ئه‌یپارێزین و نه‌خشه‌مان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی هه‌موو كه‌ركوك. بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ئه‌كه‌ینه‌وه‌، راسته‌ داعش مه‌فره‌زه‌كانی زیادی كردووه‌ به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ش نییه‌ بتوانێ له‌ چاوداخستنێك وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ موسڵ كردیان بیكه‌ن، ره‌نگه‌ به‌ پاروو پاروو بێنه‌ پێشه‌وه‌ و ئێمه‌ش له‌و حاڵه‌ته‌ نه‌خشه‌ی خۆمان هه‌یه‌. دره‌و میدیا: له‌و پلانه‌ی كه‌ باست كرد حكومه‌تی عێراق چه‌نده‌ هه‌ماهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵتان؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: دوو رێگا هه‌یه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌، هه‌ردوو رێگاكه‌ كراوه‌ن، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵی "كه‌ دۆ هات قه‌واڵه‌ به‌تاڵه" گوێ به‌ هیچ ناده‌ین، به‌ڵام كه‌ رووداوه‌كه‌ روویدا. رێگایه‌كی تریش كه‌ ئێستا كاری له‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌مریكییه‌كان له‌ نێوان ئێمه‌ و عێراق‌ كاری زۆریان كردووه و‌ زیاتر له‌ چوار مانگه‌ كار بۆ دروست كردنی ژوورێكی عه‌مه‌لیات له‌ كه‌ركوك ئه‌كه‌ن و، ئه‌وه‌ی تائێستا زانیومانه‌ گه‌وره ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م ژووره‌ به‌ جۆرێك رای بوون به‌ڵام دیاره‌ هه‌ندێك هۆكار هه‌یه‌ بۆ رێگری له‌به‌رده‌م ئه‌م كاره‌. دیاره‌ له‌ هۆكاره‌كان یه‌كێكیان كۆتایی هاتووه،‌ به‌ڵام دوانیان ماون. یه‌كێك له‌ مه‌سه‌له‌كانی رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌شێوه‌ی ته‌نسیق له‌گه‌ڵ عێراق هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، ئه‌و بابه‌ته‌ كاریگه‌ری ئه‌بوو له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌سه‌ر شه‌قامی عێراق و ئه‌م بابه‌ته‌ ئێستا كۆتایی پێهات. هۆكارێكی تر هه‌یه،‌ هێشتا حكومه‌تی نوێی عێراق دروست نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ش كێشه‌مه‌كێشمێكی دروست كردووه‌ له‌ ناو كوتله‌ سیاسییه‌كانی ئه‌وێ، به‌‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن ئایا زه‌ره‌یانه‌ یان قازانجیانه‌. هۆكارێكی تر كه‌ به‌ڕای من له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ مه‌ترسیدارتره‌ عه‌ره‌به‌ شۆڤینییه‌كان و توركمانه‌ شۆڤینییه‌كانن. لێره‌وه‌ ئه‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی بۆ له‌مه‌ تێناگات و هه‌ر دژی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌ستنه‌وه؟ پێشمه‌رگه‌ گه‌وره‌ترین چاكه‌ی به‌سه‌ر عه‌ره‌بی سوننه‌ و عه‌ره‌بی ناوچه‌ی حه‌ویجه‌‌ هه‌یه‌ و نه‌‌یانهێشتووه‌ منداڵێكیان لوتی به‌خوێن بێت، له‌ هه‌ر چوار میحوه‌ره‌كه‌ له‌ دووزه‌وه‌ هه‌تا ئه‌چێته‌ دووبز به‌ ده‌یان هه‌زار عه‌ره‌بی ئاواره‌ هاتوون و به‌ڕێزه‌وه‌ به‌ڕی خراون و له‌ كه‌مپه‌كان به‌سه‌لامه‌تی داندراون.‌ تائێستاش داعش ئه‌وه‌نده‌ی له‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ ئه‌كوژێ و له‌ داروده‌سته‌كانی خۆیان ئه‌كوژن له‌و ناوچانه‌ هێشتا ئه‌وه‌نده‌ زه‌ره‌یان بۆ شیعه‌ و كورد نه‌بووه‌، كه‌چی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی به‌ پێچه‌وانه‌‌ی شه‌قامی سوننه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ جموجۆڵ، به‌ڕای من ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هه‌ڵانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك كه‌ راكان مه‌جید سه‌رپه‌رشتی ئه‌كات، پێ ئه‌چێت كه‌وتبێتنه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ و خه‌ڵكیش لێیان رائه‌په‌ڕێت له‌ داهاتوو. وه‌ستا ره‌سوڵ: پێشبینی ئه‌كه‌ین داعش له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا بێت هێرش و په‌لامار بدات   دره‌و میدیا: مه‌به‌ستت له‌ خه‌ڵكی راپه‌ڕیو كێیه‌؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: خه‌ڵكی كه‌ركوك و كورد و سوننه‌ی عه‌ره‌ب لێیان رائه‌په‌ڕن و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌، به‌ ده‌یان جار په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ ئه‌كه‌ن و ته‌له‌فۆن ئه‌كه‌ن و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م عه‌ره‌بی سوننه‌یه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی هاتنی داعش و لێدان و ئه‌م چه‌ته‌گه‌رییه‌ی ئێستا، بۆیه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ عه‌ره‌به‌ شه‌ریفه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ ئیمه‌وه‌ ئه‌كه‌ن به‌تایبه‌ت سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان كه‌ قسه‌ی تریان هه‌یه‌و  قسه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی ئه‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ ئان و ساته‌ ئه‌وان به‌گژ ئه‌وانه‌ی خۆیان بچنه‌وه‌. مه‌سه‌له‌ی توركمانیش به‌تایبه‌تی ئه‌رشه‌د ساڵحی و چه‌ند كه‌سێك بوونه‌ته‌ ده‌م سپی توركمان،‌ ئه‌وانیش ئه‌یانه‌وێت توركمان به‌ره‌و ئاژاوه‌یه‌كی قوڵتر به‌رن. له‌به‌رئه‌وه‌ شه‌قامی توركمانیش وا ناڵێت، چونكه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌و چوارساڵه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ داعش ئه‌وانی پاراستووه‌ یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ له‌ناو شار حوكمڕان نه‌بووه‌ و یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی ئێمه‌ زه‌ره‌ری بۆ توركمان و عه‌ره‌ب نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بێ ویژدانییه‌كی گه‌وره‌یه‌ ئه‌رشه‌د ساڵحی لێره‌ و له‌وێ قسه‌ ئه‌كات، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌و فێر ئه‌كرێت.   وه‌ستا ره‌سوڵ: شاری دووز و ده‌وری شاره‌كه‌ هه‌مووی بۆته‌ مه‌فره‌زه‌كانی داعش، هیچ مه‌جالی تیا نییه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كارێك بكه‌ن ئه‌توانن بیكه‌ن دره‌و میدیا: ئێوه‌ و پارتی له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ قۆناغی جیاواز یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ خیانه‌ت، ئایا ئێوه‌ چۆن ده‌توانن به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و زه‌مینه‌سازییه‌كی هاوبه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه ‌بۆ كه‌ركوك؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: ئه‌توانم بڵێم ئه‌م قۆناغه‌ كۆتایی پێهات، خۆتان ئه‌زانن ناوچه‌ی كه‌ركوك له‌سه‌ر یه‌كێتی حیسابه‌ و هێزی زۆره‌ له‌وێ ئه‌وه‌ش مه‌علومه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی چۆنه،‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئێستا ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یان لا دروست بووه‌ كه‌ هه‌ردوو لامان ئه‌بێ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ بپارێزین و ئه‌وانیش له‌ هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ رێكن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و هیچ گرفتێك نییه‌. دره‌و میدیا: كه‌واته‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیك هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌بیندرێت؟ وه‌ستا ره‌سوڵ: له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ت هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك ئه‌بیندرێت، حاڵه‌تێكیان كتوپڕه‌ و رووبدات پێشمه‌رگه‌ خۆی بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ كردووه‌. حاڵه‌تێكیشیان دانانی ژوووی عه‌مه‌لیاته‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عێراق. كه‌ خۆم ئه‌وه‌ی دووه‌مم پێباشتره،‌ چونكه‌ كه‌ركوك شارێكه‌ تا ئێستا ساغ نه‌بۆته‌وه‌ به‌پێی مادده‌ی 140 بۆیه‌ ئه‌بێ ئیداره‌كه‌ هاوبه‌ش بێ و ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌رێكی باشتره‌ و ئه‌گه‌ر عێراق هه‌نگاوه‌كانی خێرا بكات و گوێ به‌و ته‌گه‌رانه‌ نه‌دات كه‌ دێته‌ رێیان،‌ به‌ڵێ ئێمه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌توانین ناوچه‌كانی خۆمان بپارێزین.  


گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدولڵا یاسای ژماره‌ 4ی ساڵی 2017ی لێبوردنی گشتی، له‌ بڕگه‌ی 4ی مادده‌ی 9ی یاساكه‌دا هاتووه‌ "به‌رتیل و ئیختیلاس و ئه‌و تاوانانه‌ی به‌ سامانی گشتی په‌یوه‌ستن و تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵی هاتوو له‌ مادده‌ی (یه‌كه‌م/بڕگه‌ی حه‌وته‌م) و مادده‌ی 14 و مادده‌ی 15ی یاسای ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ژماره‌ 3ی ساڵی 2011ی هه‌مواركراو" لێبوردنی گشتی نایگرێته‌وه‌. به‌ڵام دادگای ته‌مییزی كوردستان مادده‌ی 340ی یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ 111ی ساڵی 1969ی خسته‌ ناو ئه‌و دۆسیانه‌ی لێبوردنی گشتی ده‌یانگرێته‌وه‌. بۆیه‌ (دره‌و میدیا) له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ دكتۆر ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێی رێكاره‌كانی ده‌ركردنی دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ لێبوردنی گشتی و رێكاره‌كانی دادگا و پارێزبه‌ندی یاسایی و حیزبی‌ كرد بۆ مامه‌ڵه‌كرد له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی.     دره‌و میدیا: ئێوه‌ له‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی یاسا و بڕیاره‌كانی لێبوردنی گشتی چۆن ده‌بینن؟ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: زۆر هه‌وڵماندا ئه‌و لێبوردنی گشتییه‌‌ ده‌رنه‌چێت، چونكه‌ دیارده‌یه‌كی خراپه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كان بۆ سه‌روه‌ر نه‌بوونی یاسا‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ چه‌ند ساڵ جارێك به‌ یاسا ده‌رده‌چێت.  هه‌وڵه‌كه‌مان له‌ رێگریكردن له‌ ده‌رچوونی یاساكه‌ سه‌ری نه‌گرت، به‌ڵام هه‌وڵماندا دۆسیه‌كانی تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی به‌ ده‌ربكرێن له‌ یاساكه‌ و لێبوردنی گشتی نه‌یانگرێته‌وه‌. به‌كرده‌یی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ڵامی ئه‌و داوایه‌‌ی ئێمه‌یان ‌دایه‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن له‌ یاسای ده‌ستپاكیدا هاتووه‌ لێبوردنی گشتی ئه‌و دۆسیانه‌ی نه‌گرته‌وه‌. دره‌و میدیا: كه‌‌ یاساكه‌ رێگری له لێبوردنی گشتی بۆ دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، بۆچی‌ دادگای ته‌مییزی كوردستان-  ده‌سته‌ی سزایی، لێبوردنی بۆ دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ وه‌زیفه‌ گشتییه‌كان ده‌ركرد‌؟ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر:  له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی دووی ئه‌م ساڵ سه‌یرمان كرد بڕیارێكی دادگای ته‌مییزی كوردستان ده‌رچووه‌ كه‌ مادده‌ی 340ی سزادانی عێراقی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌ركه‌كانی وه‌زیفه‌ی گشتی و گه‌یاندنی زیانی به‌ ئه‌نقه‌ست به‌ وه‌زیفه‌ی گشتی، خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی لێبوردنی گشتی. ئێمه‌ په‌نامان بۆ په‌رله‌مان و لیژنه‌ی یاسایی برد چونكه‌ لیژنه‌ی یاسایی خۆیان رۆڵی سه‌ره‌كییان له داڕشتنی‌ یاساكه‌ هه‌بووه،‌ بۆئه‌وه‌ی بزانین ته‌فسیری ئه‌وانیش چییه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ته‌فسیری ئه‌وان له‌ رێگای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هاته‌وه‌ و درایه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، به‌وه‌ی ئه‌و مادده‌یه‌‌ لێبووردنی گشتی نایگرێته‌وه‌. دواتریش هه‌وڵماندا له‌ رێگای لیژنه‌ی راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای ته‌مییز كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئامرازه‌كانی تانه‌دان‌ له‌ بڕیاری دادگای ته‌مییز، ئه‌و ئه‌و بڕیاره‌ راگیرا و دوای گفتوگۆ و نووسینی لائیحه‌یه‌كی یاسایی بڕیاره‌كه‌ی پێشووی خۆی راستكرده‌وه‌ و جارێكی تر مادده‌ی 340 خرایه‌وه‌‌ ناو ئه‌و ماددانه‌ی لێبوردنی گشتی نایگرێته‌وه.‌  سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێم: نه‌بوونی یاسای بودجه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی حوكمڕانی چوار ساڵی رابردووی كابینه‌ی هه‌شت دره‌و میدیا: ژماره‌ی دۆسییه‌كان و قه‌باره‌ی له‌ ده‌ستچوونی ماددی گه‌نده‌ڵییه‌كان چه‌ند ده‌بوون ئه‌گه‌ر لێبوردنی گشتی له‌و دۆسیانه‌ ره‌چاوبكرایه‌؟ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: به‌ ره‌چاوكردنی لێبوردنی گشتی بۆ مادده‌ی 340ی یاسای سزادانی عێراقی له‌ هه‌رێم مه‌ترسی هه‌بوو نزیكه‌ی 38 كه‌یسی گه‌نده‌ڵی دابخرێن، ئێستا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ نه‌ماوه‌ و هه‌ندێك له‌و كه‌یسانه‌ له‌ قۆناغی دادگایی كردنن و هه‌ندێكیشیان لێكۆڵینه‌وه‌ كردن تیایاندا ته‌واو نه‌بووه‌.  به‌پێی قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كه ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆسیانه‌ ئه‌گه‌ر لێبوردنی گشتییان بۆ ده‌ربچوایه‌‌ به‌ ملیاره‌ها دینار زیان به‌ بودجه‌ی گشتی ده‌كه‌وت‌. رێژه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی گه‌نده‌ڵیشی تیادا ده‌كرێت له‌ وه‌زیفه‌ گشتییه‌كان، قه‌باره‌ی ئه‌و به‌هه‌ده‌ردانه‌ هه‌ر چه‌ند بێت دواجار هه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌. دره‌و میدیا: نه‌بوونی یاسای بودجه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م قورسكردنی كاره‌كانی ئێوه‌ و نادیاری سه‌رچاوه‌كانی دارایی؟ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: یاسای بودجه‌ له‌ هه‌ر وڵاتێك یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ماكانی شه‌فافییه‌ت، كه‌ ده‌بێ دارایی گشتی له‌ رێگای یاسای بودجه‌ی گشتییه‌وه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مان په‌سند ده‌كرێت هه‌بێت، ئه‌وه‌ كاری هه‌موو ده‌زگاكان ئاسانتر ده‌كات به‌ رادده‌یه‌ك كه‌ ده‌زانن هه‌ر وه‌زاره‌تێك و سێكته‌رێك چه‌ند پاره‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌، چۆنیش سه‌رف ده‌كرێت، ئه‌و كات كاره‌كه‌ بۆ دیوانی چاودێری دارایی كه‌ ده‌زگایه‌كی وردبینی كردنه‌ و هاوكات بۆ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكییش ئه‌گه‌ر سكاڵایه‌ك هه‌بێ ئاسنتره‌. نه‌بوونی یاسای بودجه‌ یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی حوكمڕانی چوار ساڵی رابردووی كابینه‌ی هه‌شت، راسته‌ بیانووه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ داهاتمان مانگانه‌یه‌ به‌ڵام ده‌كرا میزانیه‌یه‌كی ته‌قدیری دابندرایه‌. دره‌و میدیا: پرۆسه‌ی دادگاییكردنی دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ دادگاكان چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چن؟ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: ئێمه‌ كێشه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ قۆناغی دادگایی كردن زۆر دواده‌كه‌ون، به‌ تایبه‌ت هه‌ندێك دادگا هه‌یه‌ كه‌یس ساڵ بۆ ساڵ و نیوێك له‌ لایان ده‌مینێته‌وه‌ و ئامرازه‌كانی تانه‌دان له‌ جینایات به‌ سیفه‌تی ته‌مییزی و داد زۆر ده‌مینێته‌وه‌، كه‌یسمان هه‌یه‌ ماوه‌ی ساڵێكه‌ له‌ دادگای ته‌مییزی كوردستان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ وای كردووه‌ یه‌ك لاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌كان قورستر بێت، دیاره‌ ئالییه‌ته‌كان ئالییه‌تی قانونین و قسه‌مان له‌سه‌ر ئالییه‌ته‌ قانونیه‌كه‌ نییه،‌ به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌ لۆدێكی زۆری كه‌یسیان له‌سه‌ره‌ به‌داخه‌وه‌‌ سه‌ره‌ڕای رێنماییه‌كانی خۆشیان به‌ڵام هه‌ندێك جار به‌ ئاسایی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، به‌شێك له‌ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگای هه‌ولێر و دادگای جینایاتی هه‌ولێر تا ئێستا زۆر خه‌مسارد بووه‌ و ئه‌مه‌ وای كردووه‌ ئێمه‌ داوا بكه‌ین بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ كه‌یسه‌كان بۆمان بگۆڕن.‌  بۆیه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵ كه‌ دۆسیه‌كانمان راگه‌یاند له‌ سه‌رووی 150 كه‌یس له‌ قۆناغی دادگاییكردن بوون و ئێمه‌ چه‌ند رۆژی داهاتووش داتاكانی تر رائه‌گه‌یه‌نین. هیوامان وابوو ئه‌و شه‌ش مانگه‌ به‌شێكی زۆری كه‌یسه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی زۆری كه‌یسه‌كان و خه‌مساردی له‌ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی وه‌كو پێویست یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه‌. سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێم:به‌شێك له‌ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگای هه‌ولێر و دادگای جینایاتی هه‌ولێر تا ئێستا زۆر خه‌مسارد بووه دره‌و میدیا: پارێزبه‌ندی یاسایی چه‌ند به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی؟ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: پارێزبه‌ندی به‌ یاسا ده‌درێت، بۆ نموونه‌ وه‌زیره‌كان بۆ چوونه‌ به‌رده‌م دادگایان پێویست به‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كات‌، په‌ر‌له‌مانتار حه‌سانه‌ی هه‌یه‌ و به‌پێی یاسا ده‌بێ سه‌رۆكایه‌تی په‌ر‌له‌مان رازی بێت. به‌شێكی زۆر له‌ داموده‌زگاكان هه‌تا سه‌ندیكاكانیش له‌ یاساكانی خۆیان ره‌زامه‌ندی مه‌ركه‌زییان كردۆته‌ مه‌رج له‌ كاتی دادگاییكردنی ئه‌ندامه‌كانیان. بۆ نموونه‌ تۆ ناتوانی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كه‌سێك بانگ بكه‌ی ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ رازی نه‌بێت زۆری حه‌سانه‌ و ره‌زامه‌ندی مه‌ركه‌زی خاڵی لاوازی هه‌ر وڵاتێكه‌ كه‌ بییه‌وێت رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ببێته‌وه‌. ‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێم: به‌ داخه‌وه‌ به‌هۆی زۆری كه‌یسه‌كان و خه‌مساردی له‌ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی وه‌كو پێویست یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه دره‌و میدیا: حیزبه‌كان چه‌ند بوونه‌ته‌ پارێزبه‌ندی بۆ به‌رپرسانی حیزبی له‌ دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی؟ ئه‌محه‌د ئه‌نوه‌ر: ئه‌وه‌ی حه‌سانه‌ی حیزبییه‌ لایه‌نێكی نایاساییه‌ و لایه‌نێكی سیاسی و واقعییه‌ له‌ مڕۆی هه‌رێم، كه‌ كه‌سێك پۆستێكی سیاسی یان عه‌سكه‌ری هه‌یه‌، دیاره‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش ئه‌وه‌نده‌ زۆر نین وه‌كو كه‌یس له‌لای ئێمه،‌ به‌ڵام ئه‌و حاڵتانه‌ بوونیان هه‌یه‌ و ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ و تارادده‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگه‌ زاڵ بووین و له‌ ئاستێكی باش خه‌ڵك هاتۆته‌ به‌رده‌م دادگای لێكۆڵینه‌وه.‌ ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێكی باشه،‌ به‌ڵام چه‌ند حاڵتێكیشمان هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ خه‌ڵكمان هه‌یه‌ رای كردووه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌، خه‌ڵكمان هه‌یه‌ به‌هۆی نادیاری شوێنه‌كه‌ی نه‌مانتوانیوه‌ ته‌بلیغی بكه‌ین. حاڵه‌تی ره‌زامه‌ندی مه‌ركه‌ز و حه‌سانه‌ له‌ كوردستان خاڵێكی لاوازه، چونكه‌‌ هه‌ر وڵاتێك بییه‌وێت دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی بكات ئه‌بێت ئه‌و پارێزبه‌ندییانه‌ له‌ ته‌سكترین چوارچێوه‌ بێت. به‌ تایبه‌تی ته‌سكبكرێته‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، چونكه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خۆیان هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكن و پێویسته‌ ئه‌وه‌ش رێكارێكی گونجاوی بۆ دابندرێت، كاتێك په‌رله‌مانتارێك دۆسیه‌یه‌كی له‌سه‌ر بێت به‌پێی ئه‌و میكانیزمه‌ رێگر نه‌بێت له‌به‌رده‌م رێكاری یاسایی.       


 (درەو میدیا): رۆژگارێك دەنگی شۆڕش بوو، بەڵام لە كاتێك گەیشتە سەر پرسی ریفراندۆم و جیابونەوە لە عێراق، دەنگی دژایەتی هەڵبڕی، ئەو فەرهاد سەنگاوییە. لەم چاوپێكەوتنەدا فەرهاد سەنگاوی باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەكات دوای دوورخستنەوەی لە پەرلەمانی كوردستان و چۆنیەتی بەشداربوونی لە كەمپەینی "نەخێر لە ئێستادا"، باسی شۆڕش و گەندەڵی دۆسییەی نەوت دەكات، دەشڵێت بەهۆی ریفراندۆمەوە لە100%ی خاكی كوردستانی لەدەستدا نەك لە 50%.   درەو میدیا: ماوەیەكە نە دەنگت هەیە و نە رەنگ، بەتایبەتیش لەدوای ریفراندۆمەوە، دەكرێت بزانین هۆكارەكەی چیە ؟ فەرهاد سەنگاوی: لە راستیدا من هەڵبژاردنەكەش تێپەڕی هەر لێرەبووم، بەردەوام لە كوردستان بووم، بەڵام بێدەنگبوونی من زۆر هۆی هەبووە، لەسەرو هەموویانەوە نەخۆشی بووە، یەكێكی تریان ئۆپۆزسیۆن بووە، چونكە زۆرێك لە خەڵكی كوردستان ئەوەی زۆریش بێئاگایە دەسەڵاتی كوردی ناسیوە، پێویست ناكات باسی دەسەڵاتی كوردی بكەین كە دەسەڵاتی كوردی بناسێنین بە خەڵك بڵێن دەسەڵاتی كوردی، دەسەڵاتێكی خراپە لەوە تێپەڕیووە. ئێمە ئێستا پێویستمان بە ناسینی ئۆپۆزسیۆنە، ئۆپۆزسیۆن بۆچی ئاوا سست و خاو و پارچە پارچەیە، یەكێك لە بێدەنگییەكانی من ئۆپۆزسیۆن بوو، چونكە نەمئەزانی چی بڵێم بە ئۆپۆزسیۆن، لە چەند وتارێكشیدا داوامان لێكردن یەكبگرن، كە بەرنامەیان هەبێت خۆیان ئامادە بكەن بۆ گۆڕانكاری. لە دەسەڵات تێدەگەیت، بەڵام كۆمەڵگە پێویستی بە تێگەیشتنە لە ئۆپۆزسیۆن، هۆكارێكی تری بێدەنگیم كە من لە پەرلەمان دەركرام و خۆشم لەوێ نەبووم، من جێگەو رێگەم نەبوو، خەریكی دروستكردنی خانویەك بووم لەگەڵ دۆست و برادەر و خزمان كە خەریكن خانویەكم بۆ دروست ئەكەن، واتا یەكێكیان نەخۆشی و ئەوی تر تێنەگەیشتن لە ئۆپۆزسیۆن و ئەوی تریش دروستكردنی جێگەو رێگە بوو. درەو میدیا: لە پەرلەمان دەركرای یان دەستت لەكاركێشایەوە ؟ فەرهاد سەنگاوی: بەڵگەمان زۆرە، زۆر پێش ریفراندۆم، من دژایەتی ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردستانم كرد لەم قۆناغەدا، وتم كاتی نیە، ئەوە بوو دەركەوت كە ئێمە قسەكانیشمان راست دەرچوو، تەنها شتێكی شەخسی بوو، پرسی ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردستان پرسێكی فول شەخسی بوو، كە من وام وت لە هەولێر ئینجا بیری ئەوە پەیدا بوو كە ریفراندۆم خراپە یان بڵێی نەخێر، من پێش هەموو كەسێك وتبووم نەخێر، دوای ئەوە بوو كە نەخێر پەیدا بوو من بەشداریم كرد كە ئەوە كەمپەینێك بوو، ئەوە حزبایەتی و سیاسەت و شتی وانەبوو، كە من بەشداریم كرد پێم وایە چەند لایەنێك زۆریان پێناخۆش بوو، پێم وایە پارتی داوای لە یەكێتی كردبوو كە ئەوە قبوڵناكرێت، لەبەر ئەوەی یەكێتیش بەقسەی پارتیان كرد، من لە پەرلەمانیش نەبووم سەرۆكایەتی و جێگر و سكرتێر بەدەستی خۆیان بوو، ئەو رۆژە نەیانخستبووە بەرنامەی كاریشەوە، بەرنامەی كار دەبێت 48 سەعات پێش ئەوە بدرێتە ئەندامانی پەرلەمان، هەر یەكسەر دابویانە پێیان كە من ئیستیقالەم كردووە، تەنانەت لە بەشی دووەمی كارنامەكەشدا بوو نەوەكو پەرلەمانتارێك تەلەفۆن بۆ من بكات و من بچم و بڵێم ئەوە هی من نیە، لە بەشی دووەم خستبویانە بەرنامەی كارەوەو وتوبویان خۆی ئیستیقالەی كردووە، نەوەكو خۆم بچم زۆر پەلەشیان لێكردبوو، لەوێ ئیستیقالەیان كردبوو بە 70 یان 80 دەنگ، ئیستیقالەكەی منیان قبوڵكردبوو. درەو میدیا: بەڵام دەستلەكاركێشانەوەكەت ئیمزای خۆتی لەسەر بوو ؟  فەرهاد سەنگاوی: نەخێر فەرهاد سەنگاوی: پێم سەیرە زۆر باسی ئاشتی هەورامی دەكرێت، بەمەستبێت یان بێ مەبەست، باسكردنی ئاشتی هەورامی پاراستنی پشتی ئاشتی هەورامییە درەو میدیا: وەك ئەوەی باسی دەكەن تۆ بەر لە كاندیدبونت بەڵێننامەت بۆ یەكێتی پڕكردووتەوە ؟ فەرهاد سەنگاوی: پێش كاندیدبوون كە هیچ یاسایەكی تێدا نیە، منیان ئیحراج كرد، تۆ كاندیدیان كردویت و ناوت رۆیشتووە، من رێككەوتنم هەبووە كە چومە سەر لیستەكەی یەكێتی. درەو میدیا: لەگەڵ هەموو یەكێتی رێككەوتنت كردبوو یان چەند كارەكتەرێكی دیاریكراو ؟  فەرهاد سەنگاوی: لەگەڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی، رێككەوتنەكەمان ئەوە بوو، وتیان من بچمە سەر لیستەكەیان، من رازی بووم، لە دوای مەوزوعی گۆڕان حەوت جار خۆی و مام جەلال داوایان كرد بمبینن، حەوت جار، لەدوای حەوت جارەكە ئینجا رێككەوتنێكمان كرد كە من بچمە سەر لیستەكەیان، من پێم وتن كە من دێمە سەر لیستەكەتان، بەڵام خاوەنی بیرو باوەڕی سەربەخۆی خۆمم، وتیان ئێمە قبوڵمانە بەس دژی یەكێتی مەبە، وتم دژی یەكێتی نابم ئەگەر كاری باش بكات، ئێوەش دوو شت بكەن، سەربەخۆیی خۆتان بپارێزن، و ریفۆرم بكەن لە ناو یەكێتیدا، وتیان ئێمەش قبوڵمانە بەو حیسابەی كە من خاوەنی بیروباڕی سەربەخۆی خۆمم، چومە سەر لیستەكەیان، وە من 20 هەزار دەنگم هێناوە.  فەرهاد سەنگاوی: من زیاتر لە 20 هەزار دەنگم هێنابوو، چونكە هەتا سەمپڵیان وەرگرتبوو، من 42 لە پەنجای دەنگەكانی یەكێتیم هێنابوو درەو میدیا: بەڵام یەكێتی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت تەنها 23 دەنگت هێناوە ؟  فەرهاد سەنگاوی: من زیاتر لە 20 هەزار دەنگم هێنابوو، چونكە هەتا سەمپڵیان وەرگرتبوو، من 42 لە پەنجای دەنگەكانی یەكێتیم هێنابوو، ئینجا نوسیان (6 هەزار) دەنگ ئینجا نوسیبویان (23 دەنگ)، تۆ ئەگەر بەرنامەی پارتی یا یەكێتیش لە پەرلەمان جێبەجێ بكەیت هیچ عەیبێكی نیە، هی هەموو حزبێك شتی جوان ئەنوسێ، من وتم ئەو بەرنامەیە جێبەجێ ئەكەم، لەپەرلەمانیشدا بە شاهیدی هەموو فراكسیۆنەكان، تەنانەت فراكسیۆنی پارتیش نامەی دەست خۆشیان بۆنوسیوم لە دانیشتنەكاندا، من هەرچی شتێك لەبەرژەوەندی میللەتەكەم بوو ئەوەم كرد هیچی ترم نەكرد، من لە ئەوروپا بووم كە هاتمەوە نەچووم بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، كە مەبەستی حزبی لەدواوە بوو، بۆیە نەچووم، لەلایەن دۆستەكانیشمەوە ئاگاداركرامەوە كە نەچم بۆ هەولێر، بەشداری پرۆسەی نەخێرم كرد، باشە خێرە ئێمە 11 كەس بەشداری پرۆسەی نەخێرمان كردووە من باجی هەر 11 كەسەكەی بدەم، بۆچی نەخێرەكەی منیان لە هی 11 كەسەكەی تریان پێناخۆشتر بوو، من لەوێ نەبووم ئیستیقالەیەكیان بەناوی منەوە دابووە پەرلەمان و پەسەندیش كرا، ئەسڵەن هیچ پێم ناخۆش نەبوو كە وایان كردووە. پێم خۆش بوو شتی یاساییان لەسەر گرم، بەڵام كاتێك سەیرم كرد، چون لە پەرلەمان یاسایەكیان درەكردبوو كە هەر بڕیارێك لە پەرلەمان دەرچووە دادگا حەقی نیەو نابێت بچێتە دادگا، لە بابەتێك كە دەنگدانی لەسەركراوە، كە پێشتر ئامادەیان كردبوو. من لە هەولێر ناردم هەندێك كتێبیان بۆ هێنامەوە ئیتر من ماڵم نەبوو خزم و دۆستەكانم وتیان خانویەك دروست بكە من مەشغوڵی ئەوەم، بۆیە بێتاقەت بووم لە راگەیاندن كە زۆری حزبییە، سێبەرە. درەو میدیا: بۆچی یەكێتی پەلاماریدایت ؟ فەرهاد سەنگاوی: بە لێكدانەوەی خۆم ئەگەر یەكێتی وای نەكردایە رەنگە شتی خراپتریان بكردایە، تێروانینم وایە هەندێك لایەنی تر بەتەمای شتی خراپتر بوون، یەكێتی رەنگە پێی وتبێتن ئێمە خۆمان عیلاجی ئەكەین، رازیكردنی خەڵكی لایەنی تربوو.  درەو میدیا: ئازاریان دایت ؟ فەرهاد سەنگاوی: نەخێر. نە هیچ قسەیەك نەهیچ ئازارێك، ئەو كاتە بۆ ماوەی 25 خولەك منیان گرت، چونكە فشارێكی زۆریان لەسەر بوو. فەرهاد سەنگاوی: ریفراندۆم لە 100%ی كوردستانی دۆڕاند، چونكە 50%ی كوردستان بەس ناوچە جێناكۆكەكانە، بەڵام گومرگەكان و خاڵە سنورییەكان لەوپەری كوردستانن، فڕۆكەخانەكان لەناو شارەكانی كوردستانن درەو میدیا: لەلایەن كێوە پەلاماردرای مەكتەبی سیاسی بوو یان ماڵی مام جەلال؟ فەرهاد سەنگاوی: پێم وابوو چەند كەسێكی كەم بوون لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دوو تا سێ كەس بوو، مام جەلال خۆیی و بنەماڵەكەشی حەزیان لە شتی منداڵانە نەبوو، مام جەلال پیاوێكی گەورەبوو، سەرت بشكاندایەو تیمارت بكردایە، ئەو پیاوێكی گەورە بوو، ئەوەندەی من بزانم گەر مام جەلال و هێرۆ خان و بنەماڵەكەی نەبوونایە، ئەم 27 ساڵەی ناوشار، وەك كۆنگۆو كەمبۆدیاو بۆسنە كوردستان پڕ دەبوو لە گۆڕی بە كۆمەڵی تیرۆر. ئەو كەسانەی هەواڵپرس و داكۆكی كاربوون، كە سوپاسیان ئەكەم، دكتۆر بەرهەم ساڵح یەكەم كەس بوو، كاك عوسمانی حاجی مەحمود ، كاك قادری حاجی عەلی ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، كاك لاهور شیخ جەنگی و ئامۆزا شێرزاد و د. یوسف و هەردوو كوڕەكەی كاك نەوشیروان و رەشید هەڕێنەیی، مەجید ئاغای زەنگنە، عەشیرەتی جاف و بەرزنجەو هەركی و سورچی و زۆربەرێزی تر، ئەوەی رۆژێك یەكێتی بووبێت و نیشتیمان پەروەر بووبێت و زانیبێتی دڵی چركاوە.  درەو میدیا: ئێستا هیچ پەیوەندیەكت بە یەكێتی و لایەنەكانی ترەوە ماوە ؟ فەرهاد سەنگاوی: من لە 2005ەوە تەنها لەسەر بەرژەوەندی گشتی كارم كردووە و قسەم كردووە، خۆم بە حزبی نەزانیوە، ئێستاش قسەیەك بۆ مێژوو ئەكەم، من هەموو كەموكورتی و عەیبەیەكی یەكێتی و گۆڕان ئەزانم، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەبەراورد بەلایەنی تر، ئێستا هەر حەز ئەكەم یەكێتی و گۆڕان بمێنن، بمێنن بەرامبەر بە لایەنی تر. درەو میدیا: لەسەر ئەو روداوە كەس داوای لێبوردنی كردووە تا ئێستا ؟ فەرهاد سەنگاوی: وەك رەسمی نا، بەڵام بیستم لە مەكتەبی سیاسی باسیان كردبوو وتبویان قسەكەی ئەو راست بوو لەسەر ریفراندۆم، ئێمە غەڵەت بووین.  فەرهاد سەنگاوی: پرسی ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردستان پرسێكی فول شەخسی بوو، كە من وام وت لە هەولێر ئینجا بیری ئەوە پەیدا بوو كە ریفراندۆم خراپە یان بڵێی نەخێر، من پێش هەموو كەسێك وتبووم نەخێر درەو میدیا: خەڵكی وا چاوەڕیان دەكرد لەدوای كەمپەینی "نەخێر لە ئێستادا" لەگەڵ نەوەی نوێ بیت ؟ فەرهاد سەنگاوی: لەڕاستیدا نەوەی نوێ و نەخێر دوو شتی زۆر جیاواز بوون، نازانم ئەوەی كەوا نەخێری كردووە دوایی ویستویەتی بەكاری بێنێ بۆ نەوەی نوێ، ئەوكات نەوەی نوێ هیچ ناوی نەبوو هیچ باسی نەبوو، من سیدیەكم هەیە 2006 بڵاوم كردوەتەوە باسی نەوەی نوێ ئەكەم، من هیچ پەیوەندییەكم بە نەوەی نوێوە نەبووە، تەنها بۆ كەمپەینی نەخێر دژی ریفراندۆم بوین و قسەمان كردووە، ئێمە وتومانە لە ئێستادا، ئەگەرنا ریفراندۆم چەكێكی گرنگە لە كاتی خۆیدا بەكاربێت، بۆ رزگاری میلەت، جاران شەڕی چەكدار و خەباتی چەكداری بوو، ئێستا تۆ بە ریفراندۆم جیا دەبیتەوە. بەڵام كاتی نەبوو، ئێمە وتمان زەرەری زۆرە، دواتر قسەكەی ئێمە درەكەوت، حەز ئەكەم رونكردنەوەیەكتان بدەمێ بۆ ئەو كەسانەی كە دەڵێن كوردستان لە 50%ی خاكەكەی دۆڕاندووە، من ئەڵێم ئێوە هەڵەن 100%ی كوردستانی دۆڕاند، چونكە 50%ی كوردستان بەس ناوچە جێناكۆكەكانە، بەڵام گومرگەكان و خاڵە سنورییەكان لەوپەری كوردستانن، فڕۆكەخانەكان لەناو شارەكانی كوردستانن یان حیساباتی زەریبەو فەرمانگەكان لەناو كوردستاندایە كە هەمووی ئێستا سەربە بەغدایە. راستكردنەوەیەك هەیە ئەڵێن 16ی ئۆكتۆبەر، ئەمە ناوێكی هەڵەیە، حەق نیە بەوەی كەركوك بڵێن 16ی ئۆكتۆبەر، هەقە پێی بڵێن 16ی ریفراندۆم، چونكە لە ئەنجامی ریفراندۆمەوە 16ی ئۆكتۆبەر رویداوە.  درەو میدیا: ئەو ماوەیەی كە لە پەرلەمان بویت ئەدای پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی چۆن دەبینیت ؟ فەرهاد سەنگاوی: ئێمە بەگشتی ئەمانویست شتی زۆر باش بكەین، بەڵام ململانێی حزبی، بەتایبەتی لەسەرەوە كە شۆڕ ئەكرایەوە بۆ خوارەوە، نەی ئەهێڵا كاری پەرلەمان بڕوات، پەرلەمانتارەكان بەشێكی باشیان ئەیانویست كاری باش بكەن، تەنانەت سەرۆكایەتی پەرلەمانیش لەسەرەتاوە ویستی كاری باش بكات، بەڵام رێگرییەكی زۆر، كێشەیەكی زۆر هەبوو، چەند كارێكی گرنگ لە پەرلەمان هەبوو، لەوانە گەڕاندنەوەی دەستور، بۆچی لیژنەی بۆ دروستكراو نەكرا، دەستكاریكردنی پەیرەوی ناوخۆ، بۆچی ئێمە دەستمان پێكردو نەكرا. ئێمە نەمان ئەتوانی كار بكەین لەبەر ئەوەی نەیان ئەهێڵا. درەو میدیا: ئەم خولەی پەرلەمان باشتر بوو لەوەی پێشووتر ؟  فەرهاد سەنگاوی: ئەم خولەی پەرلەمان باشتر بوو لەوەی پێشوو. درەو میدیا: ئێوە لە پەرلەمان بوون، لە پرسی نەوت و بودجە، ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكرا، پێت وایە ئەو تۆمەتباری یەكەمە یان لە پشت ئەوەوە كەسانی تر هەن ؟   فەرهاد سەنگاوی: من پێم وایە ئاشتی هەورامی پیاوێكی باش نیە، پیاوێكی گەندەڵە، وە دەستی هەیە لە هەموو كێشەكانی نەوتدا، بەڵام پیاو دەبێت قسەیەك بۆ دز بكات، من زۆر پێم سەیرە زۆر باسی ئاشتی هەورامی دەكرێت، چونكە ئەبێ ئێمە لەپێش هەموو شتێكدا بزانین ئاشتی هەورامی تەنها مستەشارێكە، نە بڕیار لای ئاشتی هەورامییە نە پارە لای ئاشتی هەورامییە، نە كەس بە قسەی ئاشتی هەورامی ئەكات، بڕیار لای ئاشتی هەورامی نییە، ئەكرێت ئاشتی هەورامی هەموو پلانەكانی بۆ ئەوان داڕشتبێت و جێبەجێیان كردبێت، بۆیە من خۆم قسەم زۆر لەسەر ئاشتی هەورامی نەكرد، چونكە من پێم وایە رەنگە راستەوخۆ بێت یان نا راستەوخۆ، بەمەستبێت یان بێ مەبەست، باسكردنی ئاشتی هەورامی پاراستنی پشتی ئاشتی هەورامییە، لەلای من وا دەخوێنرێتەوە، ئەوە دەربازكردنی پشتی ئاشتی هەورامییە، دێواندنی ئاشتی هەورامی جێگەی پرسیار بوو لەلای من. فەرهاد سەنگاوی: من پێموایە ئێران بە روخان كۆتایی دێت، ئەو رژێمە پیر بووە، گەیشتوەتە تەمەنی كۆتایی، لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەگەڵ بازاڕی ئازاد لەگەڵ ئازادی تاك لەگەڵ ئازادی مرۆڤ ناگونجێت درەو میدیا: ئەمدواییە كە خولی پەرلەمانی عێراق كۆتایی، زیاتر لە 40 پەرلەمانتار عێراقیان جێهێشت، دەوترێت ئەوانە دۆسیەی گەندەڵییان لەسەر بووە، لە پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتاران لە گەندەڵی نەگلاون ؟ فەرهاد سەنگاوی: لە راستیدا من وەكو بەڵگە یاخود شتێكی دیاریكراو نازانم، بەڵام وەكو شك و گومان خۆم زۆرجار شك و گومانم لا دروستبووە. درەو میدیا: گومانەكانت زیاتر لە چ شتێكە ؟ فەرهاد سەنگاوی: بۆ نمونە بۆچی باسی ئاشتی هەورامی دەكرێت , لەكاتێكدا بڕیار هی ئەو نییە، ئەمە خۆی پرسیاری دروستكردووە لەلای من، یان باسكراوە و ئێوە سەحافەن رەنگە بتوانن بەدواداچونی بۆ بكەن، باسی ئەو شتانەم بیستووە، بەڵام من بەڵگەم نییە قسەی لەسەر بكەم. درەو میدیا: زیاتر لەناوخۆتاندا باستان لەچی دەكرد، واتە دەكرێت پەرلەمانتاران لە چ دۆسیەیەكی گەندەڵییەوە گلابن، یان چ كەیسێك هەبووە لەم خولەدا چاویان لێ داخستبێت ؟ فەرهاد سەنگاوی: نازانم. بەڵام لێرەو لەوێ باسی شت كراوە كە حەزناكەم ناوبەرم یاخود باسی بكەم، باسكراوە فڵان كەس پەیوەندی بە فڵان حزب یان فڵان كەسەوە هەیە، بەڵام وەكو بەڵگە و دیكۆمێنت هیچ شتێكم لەبەردەستدا نییە، بەڵام سەحافە ئەتوانی بەدوای ئەو بابەتانەدا بچێت، بۆ نمونە لەسەر داهاتی خەڵك، بۆ نمونە كابرایەك ئەگەر تۆ موچەی پەرلەمانتارییەكەت هەمووی وەربگریت چەند دەكات، ئێ تۆ كەسوكاریشت دیارە هەیەتی یان نییەتی، ئێ تۆ ئەگەر موڵك و ماڵت هەبێ لە كوێت بووە، هەڵبەتە لە شوێنێكت بووە. درەو میدیا: هیچ پەرلەمانتارێك بەڕوونی باسی ئەوە ناكات موچەكەی چەندە، تۆ پێمان بڵی موچەكەتان چەندە ؟ فەرهاد سەنگاوی: ئێمە ماوەیەك هەشت ملیۆنمان وەردەگرت، بەڵام بیرم نییە چەند مانگ بوو، دوای گۆڕا، من یەكێك لەو شتانەی كە نایزانم پارەیە ؟ درەو میدیا: كە موچەی پەرلەمانتاران پاشەكەوت كرا، موچەی ئێوە بوو بە چەند ؟ فەرهاد سەنگاوی: باش لە بیرم نییە، وابزانم بوو بە چوار ملیۆن، من بۆ ژمارە و رۆژ زۆر خراپم. درەو میدیا: هەستت نەدەكرد جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان موچەی فەرمانبەرێك و پەرلەمانتارێك ؟  فەرهاد سەنگاوی: من بەش بەحاڵی خۆم، رەنگە ئەوانی تریش لەمن باشتر بووبن یان لە من زۆرتریان كردبێت، بەڵام من ئەوكاتە كە هەشت ملیۆنەكەم وەردەگرت، سەری مانگ (500) هەزار یان ملیۆنێكیشم قەرز ئەكرد، چونكە ئەوەنەیان داوا لێدەكرین بۆ نمونە وەكو كێشە و نەبونی و نەخۆشی فەقیرو هەژار و قوربەسەر و دەربەدەر، لەگەڵ خەرجی تەلەفۆن و بەنزینی سەیارە، من ئەوكاتەی كە ئەوەنەم وەردەگرت، خۆم قەرزم دەكرد، ئیتر وام لێهاتبوو جاری واهەبوو لە برادەرەكانیشم پارەم وەرئەگرت، بەشی نەدەكردین. درەو میدیا: تۆ یەكێكی لە سیمبولە دیارەكانی شۆڕش، ئەمە بەرهەمی ئەو شۆڕشە بوو ؟    فەرهاد سەنگاوی: ئەو شۆڕشەی كە لە شاخ پێی ئەڵێن شۆڕش، شۆڕش نەبوو، دووهەم ئەگەر هەرچیەك بوو هەموو میلەتەكە تیایدا بەشدار بوو، شەهیدەكان لە پێش هەموو كەسێكدا، پێشمەرگەو كەسوكاری رێكخستنەكان، زیندانییەكان، كەمئەندامەكان، هەموو ئەوانە ئینجا میللەتەكەش بە دێ و بە شارەوە تیایدا بەشداربوو، لەبەر ئەوە دەستكەوت تەنها هی ئەوانە نیە كە بەشداری شۆڕشەكە بوون، هی هەموو میللەتەكەیە. وەكو مەفهومی شۆڕش، من لە نەوەدەكانیشدا وتارێكم نوسی كاك نەوشیروان پێی ناخۆش بوو وتی بۆ ئەڵێی شۆڕشمان نیە، پێم وت كاك نەوشیروان شۆڕش واتا گۆڕانكاری ئیجابی لە ژیانی كۆمەڵگە، لە ئەنجامی ئەو بزوتنەوەیە كۆمەڵگای پێشخستبێ بۆ قۆناغێكی پێشكەوتووتر، كاك نەوشیروان تێگەیشت من بەمەستم چیە، كاك نەوشیروان وتی جا ئێمە چیمان هەیە هەر ئەو چوار تەقە و ئەو چوار شەڕەمان هەیە تۆش بڵێی ئەوە شۆڕش نیە خراپە، ئەو تێگەیشت كە من راستم. بۆیە بە مەفهومی شۆڕش لە ساڵی 1919ەوە لە كوردستانی عێراق هەموو بزوتنەوەكان رەوا بوون، شەهیدەكان بێگەردن، پێشمەرگە دڵسۆزەكان دڵسۆزن، بەڵام وەكو بزوتنەوەی پێی ناوترێت شۆڕش، چونكە هیچ سەركەوتنێكی بەدەست نەهێناوە. درەو میدیا: واتا ئەوەی لە شاخ بوو، شۆڕش نەبوو ؟ فەرهاد سەنگاوی: ئەوەی لە شاخ بوو لە كوردستانی عێراق پێی ناوترێت شۆڕش، چونكە گۆرانكاری ئیجابی لە ژیانی كۆمەڵگاكەدا دروست نەكرد، لەبەر ئەوە پێی ناوترێت شۆڕش، وەكو رەوابوون رەوا بوو، بەڵام بەو جوڵانەوانە ناوترێت شۆڕش، چونكە هیچ سەركەوتنێكی بەدەست نەهێناوە.  درەو میدیا: ئێستا كورد حوكمی خۆی دەكات لەم بەشەی كوردستاندا، تۆ ئەمە بە گۆڕانكاری نازانیت ؟ فەرهاد سەنگاوی: نا. ئەوەی ئێستا كورد حوكمی خۆی ئەكات ئێمە پێمان خۆش بووە، راپەڕین و ئەو گۆڕانكاریانە زۆر گەورەتر بكرانایەو ئامانجەكانی خۆی بپێكایە، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆمەڵگاكەی گەڕاندوەتەوە بۆ دواوە، لەهەموو بوارێكدا بۆ نمونە كوردایەتی، ئێستا خەڵكیك هەیە گاڵتە بەكوردایەتی دەكات، لە كاتێكدا كوردایەتی بێتاوانە، كوردایەتی مەفهومێكی زۆر جوانە، كوردایەتی بریتییە لە هەموو نرخ و بەها نەتەوەیی و ئینسانییەكان، بریتیە لە زمانەكەت لە جلوبەرگەكەت، كەڵچەرەكەت، لە مێژووەكەت، لە هونەرەكەت، كوردایەتی ئەمانەیە، كوردایەتی بەشێكە لە ئینسانیەت، ئەم كۆمەڵە خەڵكەی پێ ئەوەترێت كورد ئەم پەنجا ملیۆن كەسە ئینسانن، تۆ ئەم پەنجا ملیۆن كەسەت رزگاركرد واتا تۆ پەنجا ملیۆن ئینسانت رزگاركردووە، گەیشتوەتە ئامانجەكانی خۆی، ئەوە هەڵەیە كە هەندێك خەڵكی پێیان وابێت كوردایەتی خراپە. درەو میدیا: كەواتە بۆچی خەڵك لە كوردایەتی بێزراو بووە ؟  فەرهاد سەنگاوی: كۆمەڵە خەڵكیك بە هەڵە پێیان وایە، كوردایەتی بریتییە لەوەی ئەم حزبانە كردویانە، بۆیە خەڵكی لە كوردایەتیش بێزار ئەبێت، وتەیەكی مەشهوری ماركس هەیە ئەڵێت رۆژێك دێت سۆسیالیستی ناشرین ئەبێ لەبەرچاوی خەڵك، چونكە كۆمەڵە خەڵكێك بەخۆیان ئەڵێن سۆسیالیست، كە ئەوانە سۆسیالیست نین، بەهۆی ئەوەوە سۆسیالیست لای خەڵكی ناشرین ئەبێ. درەو میدیا: واتا ئەم حزبانەی ئێمە كوردایەتی ناكەن؟ فەرهاد سەنگاوی: نەخێر. ئەم حزبانە شتی شەخسی و تایبەتی خۆیانیان كردووە، ئەگەر كوردایەتیان بكردایە خێرە 70 بۆ 80 ساڵ ئەچێ كوردیان سەرنەخستووە، لەبەرئەوەی خەڵك با لە كوردایەتی بێزار نەبێت، خەڵك بابەها نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی خۆی خۆش بوێت، كوردایەتی بریتی نییە لەوەی تۆ بەهۆی خراپی دوو سێ حزبەوە رقت لە كوردایەتی بێت و پێت وابێت خەتای كوردایەتییە یان كوردایەتی غەڵەتە، كوردایەتی بریتیە لە پێویستییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی ئەم كۆمەڵە خەڵكە كە لەسەر ئەم زەویە ئەژین، هەتا ئەگاتە ئامانجەكانی خۆی كوردایەتی پیرۆزە، كە كوردایەتی ئامانجەكانی خۆی پێكا دوای ئەوە كوردایەتی پێویست ناكات.  درەو میدیا: تێڕوانینت بۆ گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان چۆنە ؟ بەتایبەتی سیاسەتی نوێی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران ؟ فەرهاد سەنگاوی: من ئێستا یەكێك لەو شتانەی كە پێی خەمبارم گۆڕانكاری ناوخۆ زۆر زەحمەتە، چونكە كۆمەڵگەكەمان تێك و پێك شكاوە، تۆ بۆ ئەوەی نەتەوە و نیشتیمانەكەت رزگار بكەی پێویستت بە ئینسانە، ئەگەر ئینسانەكان تێك و پێك شكابوون خۆی ناچیت ئینسان لە وڵاتێكی ترەوە بهێنێت خەباتی پێ بكەیت، لەبەر ئەوە پرۆسەی یەكەم ئینسانسازییە، ئێمە لە وڵاتەكەمان حزبەكان ئینسانەكان دروستكەنەوە، ئەمە گۆڕانكاری ناوخۆیە، من لەم قۆناغەدا زۆر ئومێدم بەم گۆڕانكارییە نییە، ئەوەی كە دڵم پێی خۆشە گۆڕانكاری دەرەكییە، لەبەر چی. ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە كۆنیش وتومە كە ناوچەی نەوت و ئیسرائیلە، گۆڕانكاری لەم ناوچەیە وا شكێندراوە وا شێوێندراوە هەروا ئاسان نییە، سێ چوار ساڵیش دەبێ لە فەیسبوكەكەم نوسیومە گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكە دەستپێدەكات، ئەویش ئەوەیە من پێوابوو وە واشە، من زوو پێموابووە كە ئەمریكا كێشەی كۆریای سەروو بە دانوستان و ئاشتی چارەسەر دەكات، كێشەی ئێرانیش بە روخاندن و تەفروتوناكردن چارەسەر دەكات، ئەوە لێكدانەوەی كۆنمە و نوسیویشمە، وەهاش دەرچوو، ئەوە كۆریا خۆتان ئەزانن دانوستان دەكرێت، ئێرانیش ئەبینن خۆپیشاندان و باری ئابوری وردە وردە تێكچووە، ئێران ئەگەر ئەوەندی تر تێكبچێت وێران ئەبێت و نامێنێ، بەڕای من گۆڕانكاری لە ئێران لەڕووی خۆپیشاندان و برسێتی و گەمارۆوە دەستپێدەكات، ئەگەر پێویستیش بكات رەنگە هەندێ هێزی عەسكەری لە چەند شوێنێكدا یان لە چەند قۆناغێكدا بەكاربهێنرێت. درەو میدیا: واتە پێتوایە ئێران دەروخێت ؟ فەرهاد سەنگاوی: من پێموایە ئێران بە روخان كۆتایی دێت، ئەو رژێمە پیر بووە، گەیشتوەتە تەمەنی كۆتایی، لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەگەڵ بازاڕی ئازاد لەگەڵ ئازادی تاك لەگەڵ ئازادی مرۆڤ ناگونجێت، نەك لەبەر خاتری كەس، لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەو بازاڕانە ناگونجێت، بۆیە سیستمی جیهانی پێویستی بەوەیە گۆڕانكاری لەم وڵاتانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەویستی خۆی نەك بە ویستی ئێمە دروست ببێت، ئەگەر ئەبینی ئێستا 100 دۆلار گەیشتوەتە نزیكەی ملیۆنێك تمەن، ئینجا باشە خۆ تۆزێكی ماوە ئەو وڵاتە كاول ببێت و بەسەریەكدا بڕوخێت، ئەگەر ئەبینی ئێران هەفتەی رابردوو هەڕەشەی كرد و وتی ئەگەر نەهێڵن ئێمە نەوت بفرۆشین ئێمەش ناهێڵین كەس نەوت بفرۆشێت و گەروی هورمز دائەخەین، ئێستا قسەیەكی تازەیان هەیە، ئەڵێن ئەگەر نەهێڵن نەوت بفرۆشین ئەچین نەوت بە كۆمپانیا ئەهلی و ناوخۆییەكان دەفرۆشین، ئەبێت خەڵكی كوردستان لەوە تێبگەین كە ئەم وڵاتانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدان ئەوەندە عەیب و عاری نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی و تەبەقی و شار و دێیان تێدایە ناكۆكییەكان ئەوەندە زۆرن، هەر دەوڵەتێك بیەوێت بە ئاسانی بە سلفێك هەڵیدەوەشێنێت، ئێمە نابێ بترسین بڵێین ئەگەر ئێران و ئەمریكا ببێت بە شەڕیان دنیا كاول دەبێت، نەخێر ئەمریكا بیەوێت ئێران یان توركیا بڕوخێنێت كارێكی ئاسانە. درەو میدیا: پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو ئاستەدان گۆڕانكارییەكانی داهاتووی ئێران لە بەرژەوەندی كورد بشكێننەوە، جەماوەری كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەزمونی باشوریان بینیوە، ئەمە نائومێدیان ناكات ؟ فەرهاد سەنگاوی: من خۆم نائومێدم، پرسیارەكە لە جێی خۆیدایە، من شەش ساڵ دەبێت دوو سیدیم بڵاوكردوەتەوە لەسەر پێویستی یەكگرتنی حزب و رێكخراوەكانی كوردستان، تەنانەت پێم وتن حكومەتی مەنفاش دروستبكەن، ئەگەر ئێستا پێش ئەم روداوانە دیموكرات و كۆمەڵە و پەژاك یەكنەگرن، روداوەكان روبدات بەبێ یەكگرتنەوە بچنەوە كارەسات رودەدات، وەكو لە سیدییەكاندا دەڵێم كە چونەوە كۆڵانێك ناودەنێن كۆڵانی كۆمەڵە و یەكێكی تر ناودەنێن كۆڵانی دیموكرات، ئەزمونە ناشیرینەكەی ئێرە بەخراپترین شێوە دروست دەبێ، بەڵێ‌ ئەوان تائێستاش یەكیان نەگرتووە، تائێستا لەسەر وشە ناكۆكن، من بە برادەرانی دیموكراتم وت ئێوە لەسەر گۆڕینی ناو رێكناكەون، وتم باشە ئێوە كە چونەوە هەزار كەستان لە یەكتری كوشت ئێمە بۆ مێژوو ئەنوسین ئەم هەزار كەسە لەسەر ناوێك كوژران، بەداخەوە ئەوە جێگای خەمە، ئێستا خەریكە دەلاقەیەكی ئازادی لەو پارچەیە دەستپێدەكات، هیودارم ئەزمونە ناشیرینەكەی ئێرە و هەڵە كوشندە گەورەكانی ئێرەو پارە كۆكردنەوەكەی ئێرە نەبەنەوە بۆ ئەوێ.


گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا مانگی شوباتی ئه‌م ساڵ له‌ درێژه‌ی سزاكانی دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلول و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته‌ فیدڕاڵییه‌كانی حكومه‌تی عێراق، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی عێراق به‌ بڕیارێك نزیكه‌ی 50 مه‌رزی لاوه‌كی له‌ سنووری ئیداری پارێزگای سلێمانی له‌ راپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان داخست. (دره‌و میدیا) بۆ ده‌ستخستنی زانیاری له‌باره‌ی هێزی كار و سه‌رچاوه‌ی داهاتی مه‌رزه‌كان و هه‌وڵه‌كانی به‌ فه‌رمی ناساندنیان، گفتۆگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڕه‌حمان عه‌لی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ئاودێری و به‌نداوه‌كان و لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافه‌كانی به‌كاربه‌ر.   دره‌و میدیا: نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان چۆنن و تاچه‌ند پابه‌ندبوون به‌ بڕیاری داخستنیان هه‌بووه‌؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: چوار ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌یه‌ كه‌ هاوسنوورن له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران.، سێ ده‌روازه‌یان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی و یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ توركیایه‌ و‌ بریتین له‌ مه‌رزه‌كانی حاجی ئۆمه‌ران و باشماخ و په‌روێزخان له‌گه‌ڵ ئێران و ئیبراهیم خه‌لیل له‌گه‌ڵ توركیا.  جگه‌ له‌ مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ كاڵا و شمه‌كی لێوه‌ هاورده‌ و هه‌نارده‌ ئه‌كرێت پێنج مه‌رزی دیكه‌مان هه‌یه‌ له‌ نێوان نێوده‌وڵه‌تی و لاوه‌كین، واتا فه‌رمین و كاڵا و شمه‌كیان‌ لێوه‌ هاورده‌ و هه‌نارده‌ ئه‌كرێت، ئه‌وانیش مه‌رزه‌كانی سه‌یران به‌ن له‌ پێنجوێن، كێلێ له‌ قه‌ڵادزی، سه‌رته‌ك له‌ گه‌رمیان، شوشمێ له‌ هه‌ورامان، سه‌ردێر له‌ زاخۆ. جگه‌ له‌ مانه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رزی لاوه‌كیمان هه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 40 مه‌رزه‌، ئه‌م مه‌رزانه‌ به‌ شێوازی قاچاغ كاڵا و شمه‌كی لێوه‌ ئه‌هێندرێت و هه‌نارده‌ و هاورده‌ ئه‌كرێت بۆ وڵاته‌كانی ده‌وروبه‌ر به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران. ئه‌م مه‌رزانه‌ له‌ 26ی ئه‌یلول،‌ رۆژێك دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به‌ فه‌رمی له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه ده‌روازه‌ لاوه‌كییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داخران. به‌ڵام هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور ئلتیزامیان نه‌كرد به‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی عێراقی هه‌تا مانگی شوبات، له‌ كۆتایی مانگی شوبات به‌ فه‌رمی حكومه‌تی عێراق برووسكه‌ی كرد بۆ هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور كه‌ پێویسته‌ به‌ زووترین كات له‌ ماوه‌ی 48 كاتژمێر هه‌موو ئه‌و ده‌روازه‌ لاوه‌كیانه‌ دابخرێن. ‌بۆیه‌ پاسه‌وانانی سنوور راسته‌وخۆ بڕیاره‌كه‌یان جێبه‌جێ كرد و مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخران. دره‌و میدیا: كاریگه‌ری داخستنی ئه‌م مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ له‌سه‌ر هێزی كار و ریژه‌ی بێ كاری چه‌ند بووه‌؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: داخستنی ئه‌م مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ بۆته‌ هۆكارێكی به‌هێز بۆ زۆربوونی رێژه‌ی بێ كاری، ئه‌توانم بڵێم 40 بۆ 50 هه‌زار هاوڵاتی به‌ شێوازێكی گشتی بێ كار بوون له‌ كاری مه‌رزه‌كان له‌و هاووڵاتیانه‌ی كاری حه‌مباڵی و شوفێری و چایخانه‌ و خواردنگه‌یان هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ له‌ شوێنێكی وه‌ك قه‌زای پێنجوێن كه‌ نزیكه‌ی 150 كیلۆمه‌تر هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئێران نزیكه‌ی 9 مه‌رزی لاوه‌كی تیا بووه‌، له‌و ژماره‌ی مه‌رزانه‌ 2500 بۆ 3000 هاووڵاتی له‌و سنووره‌ پێوه‌ی سه‌رقاڵ بووه‌، به‌هۆی داخستنیشیانه‌وه‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ بێ كاربوون. عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی :40 بۆ 50 هه‌زار هاوڵاتی به‌ شێوازێكی گشتی بێ كاربوون له‌ مه‌رزه‌كان  دره‌و میدیا: له‌ رووی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌وه‌ داخستنی مه‌رزه‌كان چه‌ند كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بوودجه‌ی هه‌رێم هه‌بووه‌؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: له‌و كاته‌ی مه‌رزه‌كان داخراون زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ به‌ر داهاتی هه‌رێم كه‌وتووه‌ و داهاتی هه‌رێم كه‌می كردووه‌. بۆ نموونه‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ داهاتی له‌ مانگی یه‌ك و دوو 35 بۆ 36 ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ مانگی سێ و چوار كه‌ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخراون داهاته‌كان دابه‌زیونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ 20 ملیار دینار. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاڵا و شمه‌كانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمی كوردستان‌ به‌شێكیان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ خاكی ئێران، كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌روازه‌ی باشماخ گومرگ ئه‌كرێن به‌ رێژه‌ی 5% تا 25% كه‌ دێت له‌ سلێمانیش به‌ فه‌رمی له‌ 1بۆ3% گومرگ ئه‌كرێت، دیسانه‌وه ‌جارێكی تر به‌شێك له‌م كاڵا و شمه‌كانه‌ له‌ رێی ده‌روازه‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌ به‌ كۆڵبه‌ر و ئاژه‌ڵ ئه‌م كاڵا و شمه‌كانه‌ ئه‌چنه‌وه‌‌ دیوی ئێران، ئه‌مه‌ ئێستا وه‌ستاوه‌. ئه‌توانین بڵێن داخستنی ئه‌و ده‌روازه‌ لاوه‌كیانه‌ ته‌نیا له‌ مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو باشماخ ئه‌وه‌ ده‌ر ئه‌خات له‌ ماوه‌ی دوو مانگ داهاتی هه‌رێم 30 ملیار دینار كه‌می كردووه‌. عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: ته‌نیا له‌ مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌كو باشماخ له‌ ماوه‌ی دوو مانگ داهاتی هه‌رێم 30 ملیار دینار كه‌می كردووه دره‌وه‌ میدیا: داخستنی مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان چه‌ند كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شمه‌ك هه‌یه‌، كه‌ له‌ رێگای باجه‌وه‌ زیاد ده‌بێت؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ مانگی ره‌مه‌زان كاریگه‌ری زۆرتر بوو، چونكه‌ پێداویستییه‌كان زیاتر بوون و باج و رسومات له‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێت به‌مه‌ش نرخ به‌رزتر ئه‌بێته‌وه‌. به‌ڵام مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان نه‌ك ئێستا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ به‌ فه‌رمی ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داخران ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ نه‌بوونایه‌ و كاڵا و شمه‌ك له‌وێوه‌ نه‌هاتایه‌ته‌ هه‌رێم نرخی شمه‌ك له‌و چه‌ند مانگه‌ی داخستنی ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر به‌رز ده‌بوونه‌وه‌ و گرانی له‌ هه‌رێم سه‌ری هه‌ڵده‌دا. دره‌و میدیا: چ هه‌نگاوێكی نوێ له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق‌ هه‌یه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان و مه‌رزه‌ نیمچه‌ فه‌رمییه‌كان؟  عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ی له‌ نێوان نێوده‌وڵه‌تی و لاوه‌كی دان، ئه‌مانه‌ ده‌سته‌یه‌ك یاخود لیژنه‌یه‌ك له‌ ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ هاتبوو و سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و ده‌روازانه‌یان كردووه‌، وه‌كو سه‌یران به‌ن و كێلێ و سه‌رته‌ك و شوشمێ و سه‌ردێر. لیژنه‌كان راپۆرتی ته‌واوی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رزانه‌ نووسیوه‌ كه‌ تاچه‌ند شیاون بۆئه‌وه‌ی بكرێن به‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی و راپۆرتیان داوه‌ته‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، بۆیه‌ مه‌رزی پشته‌ كرایه‌وه‌. پێشتریش پارێزگاری سلێمانی سه‌ردانی به‌غدادی كردووه‌ و یه‌كێك له‌ بابه‌ته‌كان كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ بووه.‌ بڕیاردراوه‌ 7 له‌و مه‌رزه‌ لاوه‌كیانه‌ی كه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی هه‌ن بكرێنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ وه‌كو پێش پرۆسه‌ی ریفراندۆم كه‌ هه‌بووه‌ و خه‌ڵك كاریان تیادا كردووه‌ به‌رده‌وامبن‌. عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ داهاتی له‌ مانگی یه‌ك و دوو 35 بۆ 36 ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ مانگی سێ و چوار كه‌ مه‌رزه‌ لاوه‌كییه‌كان داخراون داهاته‌كان دابه‌زیونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ 20 ملیار دینار دره‌و میدیا: رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ داخستنی ئه‌م مه‌رزانه‌ چ زیانێكی به‌رده‌كه‌وێ؟ عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی: له‌ داخستنی ئه‌م ده‌روازانه‌ جگه‌ له‌ زۆربوونی رێژه‌ی بێ كاری له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ویش ناڕه‌زایی ئیجگار گه‌وره‌ی دروست كردووه‌ و به‌و هۆكاره‌ ناڕه‌زایی و مانگرتن گیراوه‌ته‌ به‌ر، بۆیه‌ ئێرانیش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ زیانه‌كانی داخستنی ئه‌و مه‌رزانه‌ چین و ئه‌ویش له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردن دایه‌.       


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: درەو میدیا عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی  گۆڕان نائومێدی خۆی لە ئەنجامی ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەردەبڕێت و نایشارێتەوە كە ئێستا " هیچ ئومێدێكی بە ئەنجامەكانی نەماوە" و "چۆن لەسەرەتاوە تەزویرەكە كراوە و بۆیان رێكخستووە لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقی و رەنگە ئێران و ئەوانەشی تیابووبێت، پێم وایە ئێستاش بۆیان چارەسەر دەكەن  و ناهێڵن ئاشكرا بێت" عەبدوڵای كوێخا موبارەك  گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ " درەو میدیا" راشكاوانە باس لە كێشەكانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات و دەڵێت" برادەرێك هەیە كە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندایە و خۆشمان ویستووە و كردومانە بە رەقەمێكی گەورە گەنج و رۆشنبیریشە، هەوڵی ئەو مامۆستایەی كوڕەكان ئەوەیە كە هەرچۆنێك بێت ئەو سەركردانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی لەگەڵ كاك نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانیان دروست كردووە، بە پاڵپشتی هەندێك هاوڕێی گەنج ئەو سەركردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان وەدەربنێت و تموحی ئەوەی هەیە ببێت بەرەقەمی یەكەم لەناو بزوتنەوەكەدا و مامۆستایایەكی تریان هەیە بەڵام بەراستی ئەم مامۆستایە لەسەر بنەمای عەقڵێكی كۆن و پیلانگێڕی و ماڵداری ئیش بۆ ئەو كوڕانە ئەكات"  عەبدوڵای كوێخا موبارەك نایشارێتەوە كە چەند شوێنێكی گرنگ هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا  لەژێر دەسەڵاتی جڤاتی نیشتمانیدا نیە" میدیای گۆڕان ، دارایی گۆڕان، پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی گۆڕان ، ئەو سێ شوێنە قبوڵیان نیە و لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نیە"  سەبارەت بەو قسانەی لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەكرێن، عەبدوڵای كوێخا موبارەك دەڵێت"  بەڕوون و ئاشكرا ئەمەوێت بڵێم كوڕەكانی كاك نەوشیروان كە ئێستا قسەیان لەسەر دەكرێت لە میدیا كانەوە، خۆیان باشن و لە هیچ شتێك نەگلاون خاڵی رەشیان لەسەر نیە بەڵام مامۆستای خراپیان هەیە" ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەشپرسێت"  خێرە ئێمە یان هەر هەڵسوڕاوێكی دیكەی گۆڕان لە شەڕ و هەڕەشەكانی سەر گۆڕاندا خاوەنی گۆڕان بین ، بەڵام لەدارایی و سەروەتەكەی خاوەنی نەبین "  ئەمەش دەقی گفتوگۆكەی " درەو میدیایە" لەگەڵ عەبدوڵای كوێخا موبارەك، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان: درەو میدیا: هیچ ئومێدێكتان ماوە بە ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان كە پێشتر ئومێدی زۆرتان پێی هەبووە؟  عەبدوڵا كوێخا موبارەك: نەخێر ، پێشتر ئومێدمان هەبووە، لەبەر ئەوەی ئێمە لە پارێزگای سلێمانی سەدو قسور باركۆدی دووبارە هەبووە، ئێمە گەشبین بووین, بەڵام كاتێك دادگای فیدراڵی بڕیارەكەی دەركرد هەر ئەو رۆژە دەنگی ئاوارە و تایبەت پێنەوپەڕۆ كرا، تەزویرە زۆرەكە لەوێدا بوو هەر لەو كاتەشدا كە وترا تەنها ئەو سندوقانە دەژمێردرێنەوە كە سكاڵایان لەسەرە, بەڵام ئێمە سكاڵامان لەسەر ئەوە بوو كە لە هەموو وێستگەیەك باركۆدی دووبارەیان هەیە، ئەوە نائومێدیكردین، بۆیە ئەو كاتیش وتم ئەمە تەنها خۆ هەڵخەڵاتاندنەو هیچ سودێكی نیە و من قەناعەتم نیە هیچ گۆڕانكارییەكی گەورە ببێت، چۆن لە سەرەتاوە تەزویرەكە كراوە و بۆیان رێكخستووە لەسەر ئاستی حكومەتی عێراقی و رەنگە ئێران و ئەوانەشی تیابووبێت، پێم وایە ئێستاش بۆیان چارەسەردەكەن ناهێڵن ئاشكرابێت. درەو میدیا: ئێوە هەڵوێستی چیتان دەبێت ئەگەر هیچ گۆڕانكارییەك نەبوو لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئەگەر توانامان هەبێت نابێت بێدەنگ بین، هەڵوێستیش رەنگە قورس بێت لە كاتێكدا پلانەكە لە ئاستێكی نێودەوڵەتی بێت، بەڵام بێدەنگیش نابین. درەو میدیا: لەدوای 12ی ئایار و هێرش بۆسەر گردی زەرگەتە پەیوەندیەكانتان لەگەڵ یەكێتی پچڕاندووە، هەربەردەوام ئەبن، یان هەوڵی ئاساییكردنەوەی دەدەن؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: وەك بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندییەكانمان هەڵپەساردووە و پچڕاندووە و بەڵام هەندێك پەیوەندی هەر دەمێنێت لەسەر ئاستی تاك چونكە سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان پەیوەندیەكی مێژوویان هەبووە لە شاخ و لە شار، ئاساییە هەندێك پەیوەندی هەر دەمێنێت، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندیەكانمان پچڕاوە، مەسەلە ئەوەش نیە كە ئێمە بیانوو بۆ یەكێتی دێنێنەوە تەنها ئەوەیە ئێمە دەڵێین ئەوەی ئێوە كردتان كارێكی ناڕەوا و نایاسایی و بێرێزی بوو بەرامبەر بە گۆڕان دەبێت  یەكێتی ئامادەبن بچنە بەردەم دادگا و داوای لێبوردن بكەن بەڵام تا ئێستا یەكێتی ئەو هەنگاوەی نەناوە، بۆیە ئێمە سوردەبین لەسەر هەڵوێستی خۆمان. عەبدوڵا كوێخا موبارەك: بەروون و ئاشكرا ئەمەوێت بڵێم كوڕەكانی كاك نەوشیروان كە ئێستا قسەیان لەسەر دەكرێت لە میدیا كانەوە، خۆیان باشن و لە هیچ شتێك نەگلاون خاڵی رەشیان لەسەر نیە بەڵام مامۆستای خراپیان هەیە. درەو میدیا: یەكێتی نەك داوای لێبوردن ناكات تەنانەت وتویانە پێویستە یارمەتیە داراییەكانی گۆڕانیش ببڕدرێت؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئێمە یارمەتی داراییمان لە یەكێتیەوە نیە, ئەو تۆمەتە بڵاودەبێتەوە، جگە لەو كاتەی كە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كرا كە ئەو كات رەوانشاد كاك نەوشیروان ، تەنانەت لەو كاتەدا دەنگۆكە بەو شێوەیە بوو كە ئێمە ئەم دوو لایەنە ببینەوە بەیەك، بۆیە لەو كاتەدا شتێك وەك هاوكاری  و هەدیەیەك وەرگیرا، بەڵام هیچ هاوكاریەك لە یەكێتیەوە نیە و ئەوە تەنها دەنگۆیە، ئەوان چییان توانی بێت كردوویانە بەرامبەرمان. درەو میدیا: واتا تەنها لە كاتی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان ئەو هاوكاریە كراوە و ئێستا ناكرێت؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: نا بەهیچ شێوەیەك ئەو كاتەش كاك نەوشیروان خۆی مابوو، ئەگەر هەڵە نەبم 500 ملیۆن دینار وەكو هەدیەیەك دراوە بە بزوتنەوەی گۆڕان، تەنانەت ئەو كاتیش بەشێك لە گۆڕان وتویانە با رەتی بكەینەوە، بەڵام بەشێكیان وتویانە بۆ ئەوەی تەشەنوج دروست نەكات پێویستە وەری بگرین چونكە ئێمە تا ئاستی یەكگرتنەوە رێككەوتنەكەمان كردووە. عەبدوڵا كوێخا موبارەك:  دوو كەس كە مامۆستای كوڕەكانن، یەكیان بە عەقڵی ماڵداری و میراتگیری مامەڵە دەكات كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ناگونجێت، ئەوی تریان كە گەنجە و رۆشنبیرە بە تموحی ئەوە سیاسەت دەكات و ئەو كوڕانە هەڵدەخەڵەتێنێ، كە خۆی ببێت بەڕەقەم، ئەگەر ئەم سەركردانەی لەناو گۆڕاندان بمێنن ئەو نابێت بەرەقەم. درەو میدیا: واتا ئەو هاوكارییە یەكجار بووە مانگانە نەبووە؟  عەبدوڵا كوێخا موبارەك: نا بەهیچ شێوەیەك. درەو میدیا: لەگەڵ پارتیدا پەیوەندیتان چۆنە ئێستا هیچ پەیوەندیەكتان هەیە؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك:  ئەگەر راستگۆ بم  لەگەڵتا نەخێر لەگەڵ پارتی و یەكێتی هیچ پەیوەندییەكمان نییە، هەرچەندە من وەك خۆم قەناعەتم وایە ئەگەر دوو لایەن تا ئاستی شەڕیش لە نێوانیاندا هەبێت دەبێت وەفد و گفتوگۆ هەبێت لە نێوانیاندا، بەلایەنی باش یان خراپ ناكرێت گفتوگۆ بپچڕێنرێت، بەڵام ئێمە هەموو شتێكمان پچڕاندووە لەگەڵ یەكدی. درەو میدیا: دەنگۆی دروستكردنی هێز لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە ئێوە هەڵوێستان چیە؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: من ئەو كاتیش هەڵوێستم وابووە كە نەك هێزی چەكدار بەرەسمی وەك هێزەكانی 70 ی یەكێتی و 80 ی پارتی دروست بكرێت، بەڵام رەئی خۆم وابووە كە ئەو هەڵسوڕاوو لایەنگرانەی گۆڕان كە چەكیان هەیە وەكو هێزی خۆبەخش رێكبخرێنەوە، نەك چەكی قورس و ئەسڵەحەیان هەبێت، بەڵكو لیستیان هەبێت و   ئاگاداربن و پەیوەندی پتەویان هەبێت بۆ هەر حاڵەتێكی زەرور، هەرچەندە من هەنگاوێكیشم بۆ ئەوە ناوە, بەڵام ئەمە هیچ رەسمیاتێكی نیە لەبەرئەوەی ئێمە، چونكە ئێمە ئەگەر بمانەوێ هێز دروست بكەین یەكەم هەنگاو دەبێت كۆنگرە ببەستین، لەبەرئەوەی لەدەستوری ناوخۆی گۆڕاندا ئێمە لایەنێكی مەدەنی بێ چەكین دەبێت ئەو خاڵە چاكبكەین.  عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئێمە وەكو جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن، میدیای گۆڕان ، دارایی گۆڕان، پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی گۆڕان لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، ئەو سێ شوێنە قبوڵیان نیە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بن درەو میدیا:  ئێستا دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆنە، كاری لەپێشینەتان چی دەبێت؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئێمە ئێستا دەمانەوێت خۆمان رێكبخەینەوە ئینجا هەنگاوی تر بنێین، كێشەشمان هەیە.. درەو میدیا: كێشەكانتان چۆنن؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئەوەی بڵاودەكرێتەوە زۆرینەی ناڕاستە، ئەمەوێت ئەوەش بڵێن من لە هیچ بەرەیەكی ململانێدا نیم لەناو گۆڕاندا، كێشەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتریش لەسەردەمی كاك نەوشیرواندا راستگۆیانە وتوومە كێشەكان بەم شێوەیەیە: ئێمە وەكو جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن، چەند شوێنێكی گرنگ هەیە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، میدیای گۆڕان ، دارایی گۆڕان، پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی گۆڕان لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، ئەو سێ شوێنە قبوڵیان نیە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بن، دەڵێن خانەی راپەڕاندن سستە بەڵێ سستە بەڵام سستكراوە و لە هەندێك شوێندا دەسەڵاتیان نیە، ناشیانەوێت ئەو راستیە بڵێن، ئەوەیان پێ قبوڵە كە خەڵكی پێیان دەڵێت، بەڵام خانەی راپەڕاندن ئاسانە بەنوسراویش پێم داون و لە جڤاتیش باسمكردووە كە دەكرێت دوو كەسی گەنج بێت كەسێكی ئافرەت بێت و سێ كەسی خەڵكی تێكۆشەرو بە ئەزمونەكە بێت، سەبارەت بە رێكخەری گشتیش بزوتنەوەی گۆڕان بە شێوەیەك دارێژراوە كە رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن هیچ دەسەڵاتێكیان نیە، رێكخەری گشتی كە ئێستا ئەو هەموو دەنگە دەنگەی لەسەرە ئەمەوێت ئەوە بەبیر بێنمەوە كە كاك نەوشیروان خۆشی مابوو دوو جار خەریك بوو هێرش بكرێتە سەر گردەكە كاك نەوشیروان خۆی مابوو لە حكومەت و پەرەلەمان دەركراین، كاك نەوشیروان خۆی مابوو كە تەزویری زەبەلاحمان لێكرا، هەر خۆشی مابوو ئێمە نەمانتوانی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر دابنێین، ئەوانە ئێستاو كاتی خۆشی هەروابوون، ئەمە پەیوەندی بە رێكخەرو  ناوخۆمانەوە نیە پەیوەندی بە بەرامبەرەكەوە هەیە. سەبارەت بەو شوێنانەی كە بەدەست خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیەوە نیە، كۆمپانیای وشە بزوتنەوەی گۆڕان دەباتەرێوە, كاتی خۆی كاك نەوشیروان، بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند ئێمە ئەو پرسیارەمان لێكردووە، بەرێز كاك نەوشیروان تۆ بزوتنەوەی گۆڕان چۆن ئەبەیت بەڕێوە كە ئێمە ئەكەوینە دوات، وتویەتی بەم كۆمپانیای وشەیە، ئێستا دوای نەمانی خۆی كۆمپانیای وشە دارایی بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەم داراییە بەراستیەكەی با ئێمە راستگۆ بین، رون نیە چەندی دەستدەكەوێت، وە چەندیی دەدات بە گۆڕان  تەنانەت میدیا بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە پارەكەی لەلایەن ژووری كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆی خەرج ناكرێت و لەلایەكی ترەوە بۆی خەرج دەكرێت، بەڕاستی ئەمە ناكرێت، ئەمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا یەك ناگرێتەوە و گۆڕان دەبێت بە سیستەم بڕواتبەرێوە. عەبدوڵای كوێخا موبارەك: قەناعەتم نیە هیچ گۆڕانكارییەكی گەورە ببێت لە ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەكان، چۆن لە سەرەتاوە تەزویرەكە كراوە و بۆیان رێكخستووە، ئێستاش بۆیان چارەسەردەكەن ناهێڵن ئاشكرابێت. درەو میدیا: دەوترێت جڤاتی نیشتمانی گەورەترین دەسەڵاتە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بۆچی ئەم كێشانە یەكلاناكاتەوە؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: لە راستیدا ئێمە لەیەك شتدا دەسەڵاتمان نیە ئەویش ئەجێندای كۆبوونەوەكانە كە ئەجێندای كۆبوونەوەكان بەدەست ئێمە نیە، ئەگەر هەموو ئەندامانی جڤاتیش لەسەر ئەجێندایەك قسەیان هەبێت، ئەمەش رەنگە خەلەل بێت، رەنگە پێویست بێت كە لەم چەند رۆژەدا كۆببینەوە بۆ ئەوەی بپرسین دارایی گۆڕان لەكوێیە؟ بەڵام ئەم ئەجێندایە لای ئێمە نیە كەلات نەبوو چی دەكەیت؟ درەو میدیا: دانانی ئەجێندای كۆبونەوەكانی جڤات لای كێیە؟  عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئەوە دەبێت  ئەو پرسیارە لە سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بكەیت، ئەو لەگەڵ چەند برادەرێكی تردا ئەجێندا دادەنێن ئەوان ئەزانن، زۆربابەت هەبووە پێویست بووە كۆبونەوەی لەسەر بكەین بەڵام كاتێك ئێمە بۆمان نەخرێتە ئەجێندای كۆبونەوەوە لە كوێ كۆبونەوە بكەین و چی بكەین، ئەمە كێشەی ئێمەیە.  درەو میدیا: دارایی و میدیا  وپەیوەندی دیپلۆماسی لای جڤات نەبێت، ئەمە دەوڵەت نیە لەناو دەوڵەتدا؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: بەروون و ئاشكرا ئەمەوێت بڵێم كوڕەكانی كاك نەوشیروان كە ئێستا قسەیان لەسەر دەكرێت لە میدیا كانەوە، خۆیان باشن و لە هیچ شتێك نەگلاون خاڵی رەشیان لەسەر نیە بەڵام مامۆستای خراپیان هەیە. درەو میدیا: ئەو مامۆستایانە هەر لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا نین؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: بەڵی هەر لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندان و رەنگە بۆ بڵاوكردنەوە شیاو نەبێت ئەگەرنا ناوەكانیشیان دەڵێم , بەڵام برادەرێك هەیە كە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندایە و خۆشمان ویستووە و كردومانە بە رەقەمێكی گەورە, گەنج و رۆشنبیریشە، هەوڵی ئەو مامۆستایەی كوڕەكان ئەوەیە كە هەرچۆنێك بێت ئەو سەركردانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانەی لەگەڵ كاك نەوشیروان گۆڕانیان دروست كردووە، بە پاڵپشتی هەندێك هاوڕێی گەنج ئەو سەركردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان وەدەربنێت و تموحی ئەوەیە ببێت بەرەقەمی یەكەم لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، مامۆستایایەكی تریشیان هەیە, بەڵام بەراستی ئەم مامۆستایە لەسەر بنەمای عەقڵێكی كۆن و پیلانگێڕی و ماڵداری ئیش بۆ ئەو كوڕانە ئەكات، ئەگەرنا میراتگری نیە ئێمە خۆمان دژی میرات گیرین،  كۆمپانیای وشە بۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا چۆنە بۆ من و هەر هەڵسَوڕاوێكی تری گۆڕانیش وایە، گۆڕەكەی كاك نەوشیروان ماڵەكەی  و دارایی و  سەروەتەكەی بەهی خۆم ئەزانم، چونكە من كەوتومەتە دوای ئەو بزوتنەوەیەی كە ئەو دروستی كردووە بەو سەروەت و بەرنامەیەی كە خۆی دروستی كردووە، خێرە ئێمە یان هەر هەڵسوڕاوێكی دیكەی گۆڕان لە شەڕ و ململانێی گۆڕاندا خاوەنی گۆڕان بین, بەڵام لە دارایی و سەروەتەكەی خاوەنی نەبین . درەو میدیا: كەواتا پێت وایە ئەو كەسانە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان كوڕەكان بەو ئاراستەیەدا دەبەن؟  عەبدوڵا كوێخا موبارەك: بە دڵنیاییەوە، ئەو دە پانزە بیست كەسە كە دوایان كەوتوون دوو كەسیان مامۆستایانن، یەكیان بە عەقڵی ماڵداری و میراتگیری مامەڵە دەكات كە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ناگونجێت، ئەوی تریان كە گەنجە و رۆشنبیرە بە تموحی ئەوە سیاسەت دەكات و ئەو كوڕانە هەڵدەخەڵەتێنێ، كە خۆی ببێت بەڕەقەم، ئەگەر ئەم سەركردانەی لەناو گۆڕاندان بمێنن ئەو نابێت بەرەقەم. درەو میدیا: كەواتا گۆڕان بەم بارودۆخەوە دەتوانێت بچێتە هەڵبژاردنی داهاتووەوە و سەركەوتوو بێت تیایدا؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: نا نەخێر من كە ئەم قسانە دەكەم ئەمەوێت ئەوە بڵێم، من بە پێشنیاز و نوسراو داومە بە جڤاتی نیشتمانی و لەناو كۆبونەوەی جڤاتیشدا بە راشكاوی ئەمانەم وتووە، لەم رۆژانەشدا بەنامە پێم ووتون كە دەبێت باس لەم بابەتانە بكرێت، بەڵام كە جارێك دوان سیان وەڵام نەدرایتەوە خۆ نابێت دابنیشیت، بۆیە دەبێت بە راشكاوی ئەم قسانە بكەم بۆ ئەوەی خەڵكی گۆڕان بەلارێدا نەچن، كە گرفتەكە نە خانەی راپەڕاندنە نە رێكخەری گشتی نە جڤاتی نیشتمانی، بەڵكو گرفتەكە ئەوەیە ئێمە بێدەنگ بین بەڵام بێدەنگ نابین. درەو میدیا: بێدەنگی ناوخۆ هۆكاری ئەوە نیە خەڵكی لەدەرەوە باسی كێشەكان دەكات؟ عەبدوڵا كوێخا موبارەك: ئێمە قسەمان كردووە و نوسراویشمان داوە، بەڵام وەك باسم كرد هەندێك گەنج لەبەرامبەر بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێت سەركردەكان دەرپەرێنن، لەبەرامبەریشدا هەندێك كەس دوای ئەو سەركردانە كەوتوون و بەراستی لە نیازی ئەوان نەگەیشتوون و دەیانەوێت دووبەرەكی دروست بكەن.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand