Draw Media

مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ پرسی سەرۆككۆماری كابینەی نوێ كۆدەبێتەوە

مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ پرسی سەرۆككۆماری كابینەی نوێ كۆدەبێتەوە

2026-01-02 18:13:01


 
درەو:
سبەینێ مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوەو بڕیار دەدات، كاندیدی سەرۆككۆماری دەبێت یان نا.
بڕیارە سبەینێ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆكی پارتی لەبارەی كۆمەڵێك پرس كۆببێتەوە:
-    گفتوگۆكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق
-    پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دوا هەنگاوەكان
-    پرسی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و لێكەوتەكانی
-    پرسی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق و بوونی كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە.
تا ئێستا نازاندرێت پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كاندیدی دەبێت یان نا؟ هەرچەندە لە دوو خولی رابردوو كاندیدی هەبوو:
-    ساڵی 2018 لەبەرامبەر بەرهەم ساڵح پارتی د. فوئاد حسێنی كاندید كرد بەڵام دەرنەچوو.
-    لە ساڵی 2022 پارتی هۆشیار زێباری كاندیدكرد بەڵام دوورخرایەوە، دواتر رێبەر ئەحمەدی كاندیدكرد پاشان كشاندیەوە.

لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بافڵ تاڵەبانی بە وەفدی پارتی راگەیاندبوو كە دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی دەدەن، نازانرێت ئەم هەڵوێستی یەكێتی بەپێی رێككەوتن بووە لەبەرامبەر كاندیدی سەرۆككۆمار یان هەڵوێستێكی تاك لایەنە بووە؟ 
پێشتر مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا مەرجی خۆی بۆ كاندیدی سەرۆككۆماری عێراق ئاشكراكرد.
رۆژی 29/12/2025 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی سەبارەت بە پۆستی سەرۆككۆمار بڵاوكردەوە لە پەیامەكەیدا بەرونی وتی: 
-    دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت.
-    یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت
-     یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون
-     یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن
-     مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. 
-    گرنگ ئەوەیە  ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand