سینان ئۆغان، دەبێتە دروستكەری پاشا؟

Draw Media

2023-05-24 12:37:37



د. جەعفەر عەلی
لۆنگریك لە كتێبی (چوار سەدە لە مێژووی عیراقی نوێ)دا، زاراوەی دروستكەری پاشا، یان مەلیك دروستكەر (King Maker)ی، وەك ئاماژەیەك بۆ كاریگەری هێزو دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان پاشای بابان، لە دانانی والی عوسمانی لەبەغدا بەكارهێناوە. 

لەئێستاداو لەیەكلاكردنەوەی ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا، دەتوانین سینان ئۆغان وەك دروستكەری پاشا ناوبنێین. ئۆغان هێزی ئەوەی دەبێت، یەكێك لە دوو ڕكابەرەكەی سەرۆكایەتی، كەمال كڵچدارئۆغڵو یان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بگەیەنێت بە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار لە ئەنكەرە. 

گومان لەوەدا نییە، ئۆغان بەحوكمی ئەو دەنگانەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا هێناویەتی (5،17%)، ئەگەر توانای پاراستنی قەبارەی دەنگەكان و یەكڕیزی (هاوپەیمانی ئاتای) ناسیۆنالیست و ڕاستڕەوی هەبێت، دەتوانێت لە گەڕی دووەمدا، كاریگەری گەورەی هەبێت و دوورنییە ئەم قەبارەی كاریگەرییە هێزی ئەوەی هەبێت، دەرگای كۆشكی دۆڵمەباخچە بەڕووی یەكێك لە دوو كاندیدە ڕكابەرەكە بكاتەوەو وەك مەلیك بیخاتە سەر كورسی سەرۆكایەتی.  

ئۆغان، لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە سەر بە دونیای فاشیزمی نەتەوەیی و ڕاستڕەوی توركیایە، كوردی نەك وەك مرۆڤێكی ئاسایی و مەدەنی، بەڵكو وەك بەكرێگیراو و نۆكەریش قبوڵ نییە، ئەو نەك بە بوونی هەدەپەو هەر نزیكبوونەوەیەك لێی بێزار دەبێت، بەڵكو بوونی هوداپاریش وەك هێزێكی سیاسی- ئیسلامی كوردی سەر بە هێڵی سیاسی و فیكری ئەردۆگانیش ڕەتدەكاتەوە. ناسیۆنالیزمی توندڕەو و هەڵكشاو بۆ ئاستی فاشیزم سەرچاوەی فیكری سیاسی ئۆغانە. ئەو ڕاستە لە ماڵی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە)ەوە هاتووەتەدەر، بەڵام ئەوەی ئەوی لەم پارتە هێناوەتەدەر، ناكۆكی فیكری لەبارەی هێڵی فاشیزمی نەتەوەیی مەهەپەو دژایەتیكردنی توندڕەوی نەتەوەیی نەبووە، بەڵكو هەوڵدان بووە بۆ گەیشتن بە لوتكەی دەسەڵات لەناو پارتەكەدا، بۆیە لە دەرەوەی ئەو پارتەش، وەك فیگەرو كارەكتەرێكی سیاسی، خەریكی كاركردن لەناو هەمان دونیابینی فاشیزم و دابەشكردنی كۆمەڵگەی توركیا بووە بۆ خوێنی پاك و خوێنی پیس، ڕوناكی و تاریكی، منی توركی فریشتەیی و ئەوی كوردی شەیتان. 

ئێستا ئۆغان، وەك كەسایەتییەكی سیاسی و كاندیدێكی خولی یەكەمی ململانێی سەرۆكایەتی توركیا، دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی هاوپەیمانی كۆمارو ڕایگەیاندووە، لە خولی دووەمدا دەنگ بە ئەردۆگان دەدات. هۆكاری ئەم هەڵوێست و بڕیارەی ئۆغان ڕوونە، ئەردۆگان وەك شەیتانێكی سیاسی چەندین ساڵە، خەریكی پەلاماردانی هەموو بوونێكی سیاسی و كولتوری و مەدەنی كوردییە. لەڕێی پەلاماردان و زیندانیكردنەوە هەوڵدەدات ڕێگەكانی بەردەم خەبات و جوڵەی مەدەنی و دیموكراسی لە كورد دابخات. لە هەڵبژاردن و ململانێی دیموكراسیدا لێیدەبەیتەوە، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵدەگرێت و زیندانیان دەكات، لەململانێی سیاسی شارەوانییەكانیش شكست دەخوات، بە (سیستەمی قەیوم) ئەنجامی هەڵبژاردن بەتاڵ دەكاتەوه‌و خەڵكی خۆی وەك فەرمانبەر لە شوێنی سەرۆك شارەوانییە كوردە هەڵبژێردراوەكان دادەمەزرێنێت. پەنا بۆ چەك و خەباتی چەكداریش ببەیت دەڵێن، كوردەكان تیرۆریستن. هیوادارم پیاوە دینی و فەتواچییەكانی یەكێتی زانایان، ئەوانەی نە تەنیا چاو لە ئاستی ستەمكاری ئەردۆگان دادەخەن، بەڵكو پشتگیریش لە سیاسەتی نكوڵی لە بوونی سیاسی و كۆمەڵایەتی كورد دەكەن، ڕێگەی سێیەم بۆ تێكۆشان، بۆ داكۆكی لە بوونی سیاسی و كولتوری بدۆزنەوەو بۆ كوردی باكوری پێشنیار بكەن. ئەوەی دەنگی ئۆغانی وەك سیاسییەكی ناسیۆنالیستی ڕاستڕەو بردۆتە پاڵ دەنگی ئەردۆگان، نكوڵی لە بوونی سیاسییانەی كوردو بە تیرۆریست ناساندنی هەر جوڵەیەكی سیاسی و مەدەنی كوردە لەلایەن ئەردۆگان و باخچەلییەوە، جا ئەو جوڵەیە لە باكور، ڕۆژئاوا، یان باشوری كوردستان و هەر گۆشەیەكی دیكەی ئەم دونیایەدا بێت. واتە كۆكردنەوەی دەنگ لەسەر بنەمای مامەڵە بە خوێن و مافی نەتەوەیەكی دی، نەتەوەیەك، هیچ گوناهێكی لەوەدا نییە، كە خودا بوونێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، زمان و كولتوری جیاواز لە توركی پێبەخشیووە. 

سینان ئۆغان، لە خولی یەكەمدا، خاوەنی نزیكەی سێ ملیۆن دەنگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە. ئەو خۆی نە حیزبی سیاسی هەیە، نە ئەندامی هیچ حیزبێكی سیاسیشە، بەڵكو كاندیدی هاوبەشی چەند پارتێكی نەتەوەیی توندڕەو بووە بۆ سەرۆكایەتی. بە ئەگەری زۆرەوەو هەر وەكو لە ئێستاوە ئاماژەكانی دەركەوتوون، (هاوپەیمانی ئاتا)، كە ئۆغانی كردووە بە كاندیدی هاوبەش، بە هاوبەشی ناچنە ژێر باڵی فەرمانەكانی ئۆغان لە دەنگدان بە ئەردۆگان، واتە بە ئەگەرێكی زۆرەوە هاوپەیمانێتییەكە بەسەر هەڵوێست و بڕیاری جیاوازی پارتەكانیدا دابەش دەبێت. دابەشبوونەوەی هاوپەیمانێتییەكە بەسەر پارتە جیاوازەكانیدا، بەر لە هەر شتێكی دی هەڵوێستی سیاسی و پێگەی كۆمەڵایەتی و جەماوەری ئۆغان لاواز دەكات، لێرەوە ئۆغان لەوە دەكەوێت لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، هێزی دروستكردنی مەلیكی لە كۆشكی دۆڵمەباخچەدا هەبێت.    
بەبڕوای ئێمە، جگە لە پارتەكانی ناو هاوپەیمانێتی سێیەم (ئاتا)، كە هەڵوێستیان چی دەبێت، ملیۆنان دەنگی بایكۆت و ئەو دەنگانەیش لە خولی یەكەمدا بۆ ئەردۆگان و كڵچدار ئۆغڵو چوون، مەرج نییە وەك خۆی و بە جێگیری بمێننەوە. ڕەنگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستانبوڵ (٢٠١٩) باشترین نموونەی ئەم قسانەمان بێت. لە ٢٠١٩دا، (ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوو)ی كاندیدی جەهەپە، بە ڕێژەیەكی كەم، نزیكەی پازدە هەزار دەنگ پێش (بن عەلی یڵدرم) سەرۆك وەزیرانی پێشوو و كاندیدی ئاكەپە كەوت و هەڵبژاردنەكەی بردەوە، بەڵام ئەردۆگان ئەنجامەكەی ڕەتكردەوەو هەڵبژاردنی دووبارەكردەوە. لە دووبارەكردنەوەدا، كاندیدەكەی جەهەپە بە ڕێژەیەكی زۆر زیاتر، نزیكەی هەشت سەد هەزار دەنگ پێش كاندیدەكەی ئاكەپە كەوت و ئەردۆگان و ئاكەپەی تووشی یەكەم شۆكی هەڵبژاردن لە ئەستانبوڵ و توركیا كرد.

ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئایا گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا ئەردۆگان دەخاتەوە بەردەم وەستانەوە لەبەردەم شۆكی دووەم و گەورەتردا. بێگومان ئێمە دەزانین، ئەوەی ئێستا دەكرێت هەڵبژاردنی شارەوانی نییە، دەیشزانین لە خولی یەكەمدا، ئەردۆگان زیادتر لە دوو ملیۆن دەنگ پێش كڵچدار ئۆغڵوو كەوتووە، بەڵام ئەوەش ڕوونە، پێشبینیكردن بۆ دەرچوونی یەكێك لە كاندیدەكان لە گەڕی دووەمدا ئاسان نییە. ململانێكە، ململانێیەكی قورس و تا ڕادەیەكیش هاوسەنگە، ئەگەرەكانی سەركەوتنیش بۆ هیچ یەكێكیان مسۆگەر نییە، چونكە لەلایەكەوە، تا ڕادەیەك نزیكی ئەنجامەكانی خولی یەكەم لە یەكدی، لەلایەكی دی، ئەگەری گۆڕینی هەڵوێستی بەشێك لە دەنگدەران و گواستنەوەی دەنگدان لە كاندیدێكەوە بۆ یەكێكی دی، دەبێ هەمیشە وەك بەشێك لە ناجێگیری هەڵوێستی ژمارەیەكی زۆری دەنگدەر لەبەرچاو بگیرێت، جگە لە ئەگەری بەشداری زیادتری دەنگدەران و كەمبوونەوەی ڕێژەی بایكۆت، كاریگەری شێوەی كامپەینی هەڵبژاردن، زیادو كەمكردنی بەڵێنەكان، هەموو ئەوانە دەشێت كاریگەری بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكەوە جێبهێڵن. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا لەوانەیە زۆربەی پێشبینییەكان ڕوو لە سەركەوتنی ئەردۆگان بن، بەڵام پێشبینی بە تەنیا لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی گەڕی یەكەم، مەرج نییە ڕاست دەرچێت، بۆیە ئەگەری پێشكەوتنی كەمال كڵچدار ئۆغڵو و دووبارەكردنەوەی نموونەی شارەوانی ئەستانبوڵیش، ئەگەرێكی زیندووە. ئەگەرێكی لەم جۆرەش تەنیا ئەردۆگان و ئاكەپە شۆك ناكات، بەڵكو تێزی بینینی ئۆغانیش وەك مەلیك دروستكەر بەتاڵ دەكاتەوە.        

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand