پیازو درۆن: هەڵبژاردنەکانی تورکیا

Draw Media

2023-05-24 07:27:40



سه‌ردار عه‌زیز

هەرچەندە گۆڤاری پۆلیتیکۆ ئاماژە بە پیازو بەرماڵ دەدات، بەڵام مەبەستی ئەو جیاوازە. مەبەستی پۆلیتیکۆ خوێندنەوەی پرۆسەی وروژانی کۆمەڵایەتییە، نەک ڕوانگەی دوو هێز بۆ ئێستاو داهاتووی تورکیا. ئێمە پیازو درۆن وەردەگرین بۆ قسەکردن لەسەر دوو هێزو ڕوانگەی زاڵ لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا.

هەر کەسێک چاودێریی هەڵبژاردنەکانی تورکیای کردبێت بەئاگایە لە ئامادەیی پیاز، کاتێک کەمال کلیچدارئۆغلۆ سەرکە پیازی بە دەستیەوە دەگرت و دەیگوت، بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان کیلۆی پیاز لە سی لیرەوە دەبێت بە سەد لیرە.

کەمال کلیچدار کە وەهای دەگوت لە مەتبەخەکەیاندا دانیشت بوو، کە مەتبەخێکی زۆر ئاسایی بوو. هەموو ئەمانە ئاکتی پڕ لە ئاماژەن. ئەردۆگان لە وەڵامدا گوتی لەم وڵاتەدا کێشەی پیازنیە، کێشەی پەتاتە نیە، هەروەها تەناتەت کێشەی خەیاریش نیە. هەرچەندە ئێمە مەبەستمان هێندە ڕەهەندی هەڵاوسان و گرانی خواردن و سەختی ژیان نیە لێرەدا، بەڵام ئەو ڕەهەندەی لای خەڵکی ئاسایی تورک ڕوونە.

سەرۆکی پێشووی تورکی سولەیمان دیمیریل قسەیەکی بە ناوبانگی هەیە دەڵێت هەموو حکومەتێک دەتوانرێت بە قاپی مەتبەخ بڕوخێنرێت. مەبەستی لە گرانبونی خواردن یان بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری ئابورییە. دیارە ئەمە تەنها هەتا ئاستێکی زۆر جیهانییە. لە سەردەمی کلینتۆندا قسەیەک هەبوو دەیگوت، ئابورییە، گەمژە.

تێڕوانینی ئێمە بۆ ئەم دیاردەیە، لەو ڕوانگەیەوە کە ئەگەر کلیچدارئۆغلۆ بێتە سەر دەسەڵات ئەوا هەوڵی بۆ ئەوە دەبێت کە کار لە سەر ئابوری تورکی بکات. ئەم جەختکردنەوە لە سەر ئابوری، بە مانای ئەوەدێت کە تورکیای ژێر دەسەڵاتی چەهەپە، وڵاتێک دەبێت کە بۆ ناوەوەی خۆی دەڕوانێت نەک دەوروبەرو دەرەوە. ئەم سەرقاڵبونە بە ناوەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر کورد هەیە.

بەپێچەوانەوە، کرۆکی بانگەشەی ئەردۆگان لەسەر کردنەوەی کارگەی سەربازیی و بنکەی ئەتۆمی و درۆن و کەشتی ئاسمانی بوو. ئەردۆگان دەیویست وەها دەربخات کە تورکیا گەورەیەو دەیەوێت لە ناوچەکەو دونیادا ڕۆڵی هەبێت و توانای دروستکردنی کاڵای سەربازیی هەیە. ئەم بانگەشەیە لەکاتێکدا پەیامی جیوپۆلەتیکی هەیە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە فراوانخوازی و دەستوەردان و کێشەدروستکردن، بەڵام لە هەمانکاتدا هەوڵێکە بۆ پۆشینی کێشەی گرانی.

ئێستا کە مەبەستمەکەمان ڕونکردەوە، بابێینە سەر خوێندنەوەی بانگەشەکان. کەمال لە مەتبەخ و ئەردۆگان لە کارگە. لە هەمانکاتدا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئایا کەمال باشە یان ڕەجەب؟

کاتێک کەمال کلچدارئۆغلۆ لە مەتبەخێکدا دانیشتوەو پیازێک ڕادەوەشێنێت دەیەوێت بڵێت سادەترین شت، سەوزەیەکی هەرزانی ڕۆژانە نرخی زۆر بەرزبوەتەوە، ژیان گران بووە، ئەردۆگان ژیان گرانتر دەکات، حکومەتی من بە ئاڕاستەی ئاسانکردنی ژیان و باشترکردنی ئابوری کاردەکات. جۆرێک لە هاودەنگی هەیە کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵاوسان لە تورکیا جۆری مامەڵەو تێگەیشتنی ئەردۆگانە بۆ ئابوری، کە بە پێچەوانەی هەموو دونیاوە، بڕوای وەهایە هەرزانکردنی پارە ڕێگاچارەی شیاوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵاوساندا.

بەم پێیە حکومەتی کلیچدارئۆغلۆ کار لەسەر گەورەکردنی سەربازی و دەستوەردانی ئیقلیمی و شەڕ ناکات، چونکە دەیەوێت نرخی لیرە بەرزبێتەوە. هەموو خەڵک لە تورکیا هاوڕان لەگەڵ کەمال کلیچداردا، بەڵام باوەڕی پێناکەن کە کەسێکی گونجاوبێت هەتا بتوانێت دۆخەکە چارەسەر بکات، بۆیە هەر دەنگ بە ئەردۆگان دەدەن.

لەئاستی جیوپۆلەتیکیدا، مانای ئەوەیە کە حکومەتی تورکی بە سەرۆکایەتی کلیچدارئۆغلۆ هەوڵی هەناردەی سەرباز بۆ دەرەوەی سنور نادات، هەوڵی دەستوەردان لە جەنگەکاندا ناکات، دەیەوێت لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریکا پەیوەندییەکانی باش بکات، بۆ ئەمەش دەبێت پێچەوانەی ئەردۆگان بێت هەتا لیرە بەهای بۆ بگەڕێتەوە. ئەمە بۆ کورد یانی چی؟

هەردوو جەختکردنەوە لە پرسە ناوخۆییە ئابورییەکان و هەوڵی باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا بە سودی کورد دەشکێتەوە، بەپێچەوانەی ئەردۆگانەوە، کە لە هەوڵی پەلکێشانە بۆ دەرەوەو لە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتدا کە هەمویان دژ بە بوون و مافی کوردن.

هەڵەی کامپی کەمال کلیچدار ئەوەیە کە سەر بە سەردەمێکە خەریکە کۆتایی دێت. پێشتر زۆرمان لەم ڕەخنانە لە کامپی ئەردۆگانەوە بیست بوو. کامپی ئەردۆگان وەها بیردەکەنەوە کە سەردەمی ڕۆژئاوا کۆتایی هاتووە، بۆیە ئەوان نابێت تەنها ڕوو لە ڕۆژئاوا بن، بەڵکو دەبێت وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ کار بکەن. ئەمەشە کە بانگەشەکەیان لەژێر دروشمی سەدەی تورکیدایە. بەڵام ڕێچکە پێشاندەری ئەم دیدە ئەمریکییەکان خۆیانن. کەسێکی وەک جۆرج فریدمان کە دامەزرێنەی ناوەندی ستارفۆرو پاشان داهاتووی جیوپۆلەتیکییە، کە ویکیلیکس بڕوای وەهایە سەر بە سی ئای ئەیە، لە نزیکەوە ڕاوێژکاری ئەردۆگانەو هانی دەدا کە وەک هێزێکی ئیقلیمی ڕۆل ببینێت.

دەکرێت لەڕووی چیوپۆلەتیکەوە دیدەکەی کلیچدارئۆغلۆ بە لۆزانیزم ناو ببەین. کۆنگرەی لۆزان کە سەدەیەک لەمەوپێش سازکرا تورکیای ئەمڕۆی لە هەناو ئەو نەخشەیەدا قەتیسکرد. لۆزانیەت یانی تورکیا چونە دەرەوە بە ماف و ڕەوایی خۆی نازانێت. یانی دان بە سنورەکاندا دەنێت، یانی دەیەوێت لە میانەی پرۆسەی توانەوەدا گەلی تورک لە هەناو سنوری دەوڵەتی تورکیدا دروست بکات.

گەلی کورد لە باکور زۆری ئازار بە دەست ئەم تێزە چەشتوە. بەڵام دیدی کامپی ئەردۆگان دیدی میساقی میللییە. میساقی میللی هەردوو میللەتچییەکان و ئیسلامییەکان کۆدەکاتەوە، کە دەکاتە تورکە فاشیستەکان و ئیسلامییەکان. رەنگە کەسایەتیەک کە ئەم دیدەی زۆر بە چڕی تیادا بەرجەستە دەبێت، کەسی سولەیمان سۆیلوە. لە دوا لێدوانیدا بەرامبەر پەنابەرە سورییەکان سۆیلۆ دەڵێت، زۆرینەی پەنابەران لە ناوچەی حەلەبەوە هاتوون، حەلەبیش بەپێی میساقی میللی بەشێکە لە تورکیا، بۆیە ئەوان هاوڵاتی ئەم وڵاتەن، پێویست ناکات بیاننێرینەوە.

ئەم دیدی میساقی میللیە، هەتا کەرکوک لە خۆی دەگرێت لە باشور.

بەم پێیە ئێمە لە بەرامبەر دوو قوتابخانەداین: یەکەمیان کە دەخوازێت تورکیا بەهێزبێت و بە دەوری خۆیدا پەلبهاوێت و سەدەی تورکی دروست بکات و ببێتە هێزێکی هەرێمی و لەنێوان زلهێزەکاندا یاری بکات بەبەرژەوەندی خۆی. ئەم دیدە لە چەندین ئاستدا لە سودی کورد نیە، چونکە دیدی تورکیای بەهێز یانی سەرکوتکردنی زیاتری کورد. درۆن لەسەر جەستەی کورد تاقیکرایەوە. کورد ئەو زەخیرە زیندوەیە کە درۆنی تورکی بەکاری دەبرد بۆ نمایشی خۆی. پشتکردن لە ڕۆژئاوا، لە ئێستادا بە سودی کورد نیە چونکە یانی هێرش یان فشاری زیاتر لە سەر ڕۆژئاڤاو باشور، بە تایبەتی سلێمانی.

بەم پێیە ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئەردۆگان یان کلیچدارئۆغلۆ بە تایبەتی لە ڕوانگەی کوردەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەمال. دیارە ئەم پرسیارە وەڵامدانەوەی لە کوردستان لەسەر بنەمای زانستی سیاسەت نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئایدەلۆژیاو بەرژەوەندییە. بێگومان ئەتاتورکیەت ئایدەلۆژیایەکی فاشییە، بەڵام، ئەتاتورکیەت هێندە بەهێزنیە کە بتوانێت کاری گەورە بکات، دەستوەردان لە دەرەوەی خۆی بکات، حکومەتی چەندین دەیەیی بەڕێوەببات. وەک ڕوونە کە پاش دەرچونەوەی ئەردۆگان دەستور دەگۆڕێت، هەندێک دەڵێن تەنها بڕگەی دوو دەورە لادەبات، هەندێکی تریش دەڵێن گۆڕانکاری زۆر لە دەستوردا دەکات، بە جۆرێک، ئەگەر لە ژیاندا بمێنێت هەتا ساڵی ٢٠٣٣ وەک سەرۆک کۆمار بمێنێتەوە. بەمجۆرە ئەردۆگان زیاتر لە واقیع دادەبڕێت، بڕوای بە خۆی زیاتر دەکات، هەوڵی عەزەمەتی زیاتر دەبێت و پەلکشان و گەورەکردنی تورکیا دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی پلانەکانی، بە تایبەتی بە لاوازبوونی ڕۆژئاوا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand