بەڕێوەبەری كۆمپانیای " نیسان" دەستگیركرا
2018-11-19 12:43:44
( درەو میدیا):
بەتۆمەتی سەرپێچی دارایی كارلۆس غوسن، سەرۆكی كۆمپانیای زەبەلاحی بواری ئۆتۆمبیل" نیسان" لەلایەن دەسەڵاتدارانی ژاپۆنەوە لە تۆكیۆی پایتەخت دەستگیركرا.
بە گوێرەی هەواڵێكی " بی بی سی " كۆمپانیای نیسان هۆكاری دەستگیركردنی كارلۆس غوسنی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە كە لە مامەڵە فەرمییەكاندا بەهای داهاتەكانی كەمكردوەتەوە و چەند مانگێكە لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكەن و دەركەوتووە كە لە مامەڵە رەسمییەكاندا غوسن بەهای داهاتی خۆی كەمدەكاتەوە.
كۆمپانیای نیسان ئاشكراشیكردوە كە چەندین رەفتاری نەشیاویان لە كارلۆس غوسن بەدیكردووە و كۆمپانیاكەی بۆ كاری تایبەتی خۆی بەكارهێناوە و ئەنجومەنی كۆمپانیاكە لە ئایندەیەكی نزیكدا گرێبەستەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە.
نیسان داوای لێبوردنیشی لە بەشداربوانی كردووە كە بەهۆی ئەو رووداوەوە توشی نیگەرانی و دڵەڕاوكێ بوون و ئاشكراشیكردووە كە پلاندادەنێت بۆئەوەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری دیاری كۆمپانیاكە " گریگ كیلی" لە پۆستەكەی دووربخاتەوە كە ئەویش لە رەفتاری خراپەوە تێوەگلاوە.
كارۆلۆس غوسن بەرەگەز لوبنانییە و لە بەرازیل بە دایكبووە و نەودەكانی سەدەی رابردوو توانی هەردوو كۆمپانیای نیسان و رینۆ لە مایەپوچبوون رزگاربكات.
كارلۆس غوسن كە خاوەنی رەگەزنامەی فەرەنسی و بەرازیلییە، گەورەترین كارگەی دروستكردنی ئۆتۆمبیلی هەیە لە سەندەرلاندی بەریتانیا، هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای رینۆی فەرەنسی و سەرۆكی كۆمپانیای میتسۆبیشی مۆتۆرزە و هاوکات سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە و سەرۆكی جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی رینۆ – نیسان- میتسۆبیشی مۆتۆرزی ستراتیژییە.