داهاتی نەوتی مانگی تشرینی دووەمی عێراق 2 ملیار دۆلار كەمیكردووە
2018-12-01 14:17:01
(درەومیدیا):
(عاسم جیهاد) وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" بەپێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی تشرینی دووەمدا (١٠١)ملیۆن و (١٥٦)هەزارو (٨٠٨) بەرمیل و بە بەهای زیاتر لە (٦) ملیارو (١٧٩) ملیۆن و (٦٨٣) دۆلار.
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو عێراق (107 ملیۆن و 530 هەزارو 8) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بەو پێیەش ئاستی هەناردەكردن بە نزیكەی ( 6 ملیۆن بەرمیل ) كەمیكردووە، هاوكات داهاتی نەوت لە مانگی تشرینی یەكەم (8 ملیار و 55 ملیۆن و 257 هەزار) دۆلار بووە،بەو پێیەش داهاتی نەوت زیاتر لە ( 2 ملیار دۆلار ) كەمیكردووە.
عاسم جیهاد ئاماژەی بەوەشكردووە تێكڕای ڕۆژانەی هەناردەكردنی مانگی تشرینی دووەم گەیشتوەتە (٣) ملیۆن و (٣٧٢) هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بەندەرەكانی باشورو (٨) هەزارو (٧١٦) بەرمیلیش لەڕێی بەندەری جەیهانی توركی لە باكورەوە" و"تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (٦١)دۆلار فرۆشراوە"
ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لەمانگی تشرینی دووەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (١٠٠)ملیۆن و (٨٩٥)هەزارو (٣٤٢) بەرمیل و بڕی هەناردەكراویش لە ڕێی بەندەری جەیهانی توركییەوە (٢٦١) هەزارو (٤٦٦)بەرمیل بووەو، داهاتی سەرجەمی گەیشتوەتە زیاتر لە (٦) ملیارو (١٧٩) ملیۆن و (٦٨٣) دۆلار.