بەرهەم و داهاتی هەرێم لە مانگی تشرینی دووەمدا

Draw Media

2020-12-02 06:34:31



ئامادەكردنی: یادگار سدیق گەڵاڵی

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ڕابوردودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا هەشت مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینین شایستەی مانگی تشرینی یەکەممە. لە هەمان کاتدا و زۆر لە پێش ئەو بەروارەوە و تا ئێستاش شایستەی فەرمانبەرانی هەڕیم دواش دەکەوێت و لێشی دەبڕدرێت و پێشتریش بۆیان پاشەکەوت دەکرا.

لێرەدا بڕی شایستەی ئەوکۆمپانیا نەوتییانە بڵاو دەکەینەوە کە زانیاریمان لەسەری دەست کەوتووە، لە گەڵ نوێ ترین زانیاری لەسەر ئاستی بەرهەمیان ، لەهەمان کاتیشدا ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگانەی کە کۆمپانیاکانی تر کشایستەکانیان ڕانەگەیاندووە بەگریمانەیی ئاستی شایستەکانیان دیاری دەکەین ( تەنها ٣ کۆمپانیان).

١- کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور)

هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی تشرینی یەکەم بریتی بووە لە ٣٢,٨ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە ٢٤,٧ ملیۆن دۆلاری پشکی دی ئێن ئۆ بووە و بڕی ٨,١ ملیۆن دۆلارپشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی یە.

دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە.

کێڵگەی تاوکی بەرهەمی لە چارەکی یەکەم و دووەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ١٠٠ هەزار بەرمیل، بە پێێ ڕاپرتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێهەمدا ١١٣ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل بووە لە رۆژێکدا. شایانی ئاماژە پێکردنە حکومەتی هەرێم لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٧ دا وازی لە ٢٠٪ پشکەکانی خۆی هێناوە لە بری قەرزی ئەو دوو کۆمپانیایە کە لای حکومەت هەیان بووە لە پێش ئەو بەروارەوە.

٢- کێڵگەی تەق تەق

کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە و کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٤% هەیە و بەیەکەوە کۆمپانیای (تی تی ئۆ پی سی ئۆ) پێکهێناوە وکۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەکە. شایستەی دارایی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی تشرینی یەکەم بریتی بووە لە ٤ ملیۆن دۆلارە، لەم بڕەش ٢٫٢ ملیۆن دۆلار پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییە و ئەوەشێ دەمێنێتەوە کە دەکاتە ١,٨ ملیۆن دۆلارپشکی ئاداکس پەترۆلیۆمە . بەرهەم لەم کێڵگەیە بریتییە لە ١١,٢٦٠ بەرمیل.

٣- کێڵگەی شێخان

لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە ٩,٦ ملیۆن دۆلار شایستەی مانگی تشرینی یەکەمیان وەرگرت، بە پێی بڵاوکراوەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، بڕی ٧٫٥ ملیۆن دۆلار پشکی ئەوان بووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ کۆمپانیای (ئێم ئۆ ئێڵ) دەبێت کە دەکاتە ٢٫١ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ)پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. هەروەها بەپێی نوێترین زانیاری ئاستی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە زیادی کردووە و لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا گەشتووەتە ٣٩ هەزار بەرمیل.

٤- کێڵگەی ئەتروش

کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەو کێڵگەیەدا بریتی بووە لە ١٦,١ملیۆن دۆلار . لەم بڕە کۆمپانیای شاماران کە خاوەنی پشکی ٢٧,٦% بڕی ٥،٤٤ ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت. ئەوی دەمێنێتەوە شایستەی کۆمپانیای تاقەی ئیماراتییە کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە پشکی شایستە داراییەکەی دەکاتە ١٠,٦٦ ملیۆن دۆلار. ئەوەی دەمێنێتەوەپشکی هەرێمە. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ٤٦,١ هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٠٢٠/٣/٢٧ دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت.

٥- کێڵگەی سەرسەنگ:

کۆمپانیای ( ئێچ کەی ئێن)ی ئەمەریکی کە وەبەرهێنان دەکات لە کێڵگەی سەرسەنگدا بۆ نۆ مانگی ئەلەمی ٢٠٢٠ بڕی ٨٥,٢ ملیۆن دۆلاریان وەرهگرتووە ( تەنها پشکی ئێچ کەی ئێن) ئەمە جگە لە وەی لە مانگی تشرینی یەکەم بڕی ٩,٥ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە ، پشکی ( کەی ئێچ ئێن) لەم کێڵگەیە بریتییە لە ٦٢% هەروەها کۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەرەنسی پشکی ١٨% ی کێڵگەکەی هەیەو هەرێمیش ٢٠%.

بە هەڵسەنگاندنی ئێمە پشکی کۆمپانیای تۆتاڵ لە شایستەکان ٢،٧٦ ملیۆن دۆلار دەبێت، بەمەش کۆی شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی سەرسەنگ ١٢،٢٦ ملیۆن دۆلار دەبێیت. ئاستی بەرهەمی کێڵگەکەش رۆژانە بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل نەوت و بەڕێژەی ٦% زیادی کردووە.

٦- کێڵگەی سەرتە

کێڵگەی نەوتی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە. بۆ یەکەم جار لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە کەوتە بەرهەم هێنان، بەو هۆیەشەوە لانیکەم بڕی ٥ هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەو کێڵگەیە بۆ بەرهەمی هەرێم زیاد دەبێت.

کۆمپانیاکان ڕایان نەگەیاندووە کە بەرهەمی کێڵگەکە چەندە لە ئێستادا بەڵام بەپێی گرێبەستەکان و یاسای نەوت و گازی هەرێم کاتێک بەرهەمی کێڵگەیەک دەگاتە ٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەرهەمی بازرگانی ئەژمار دەکرێت. بۆیە دەبێت بەرهەمی سەرتە لانی کەم ڕۆژانە ٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمی هەرێم زیاد بکات.

٧- کێڵگەی هەولێر

کۆمپانیای (ئۆرێکس) لەکێڵگەی هەولێر بەرهەم هێنان دەکات، بەشێوەی وەزی کۆمپانیا چالاکییەکان و ئاستی بەرهەم بڵاو دەکاتەوە بەڵام شایستەکانیان لە دووتوێی ڕاپۆرتەکانیاندا ڕادەگەیەنن نەک بەجیا. زۆرترین بەرهەمی ئەم کێڵگەیە ١٤ هەزار بەرمیل بووە. لەچارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەرهەمی بۆ ٤ هەزار بەرمیل کەمی کرد، بەهۆی داخستنی چەند ناوچە و چەندبیرێکەوە وە بەڵام لەچارەکی دووەمدا بەرهەمی زیادی کردووە ،بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە لە مانگی تەموزدا بەرهەمی بەرزبوبێتەوە بۆ١٠ هەزار بەرمیل و لە ئابدا بۆ ١١ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل و لە مانگی تشرینی یاکەمدا بۆ ١٣ هەزار و ٣٠٠ بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.

٨- کێڵگەی گەرمیان

کۆمپانیای گازپرۆم لە گەرمیان وەبەرهێنان، دەکات تەنها زانیاری لەسەر بەرهەمی بڵاو کراوەتەوە نەک شایستەی دارایی، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی بەر هەمی گەرمیان نزیکەی ٣٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە بەڵام لە ڕاگەیەنراوێکدا لەنیوەی دووەمی مانگی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاند کە بەرهەمی ئێستای ٢٤ هەزار بەرمیلە و لە پلانیاندایە ئاستی بەرهەم تا نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ بگەیەننە ٣٢ هەزار بەرمیل . بەم پێیە بێت ئێستا ئاستی بەرهەمی ئەو کێڵگەیە بەراورد بە سەرەتای ساڵ بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

نەوتی ئەم کێڵگەیە بە تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای هەولێر و لەوێوە داخڵی هێڵی بۆری هەرێم دەکرێت.

٩- کێڵگەی خورمەڵە

کۆمپانیای کار کە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە لە کێڵگەی خورمەڵە کۆمپانیای سەرکارە، تائێستا هیچ زانیارییەک لە سەر جۆری گرێبەست و ئاستی بەرهەم و چالاکییەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام یەکێکە لە کێڵگە گەورەکان و بەگەورەترین کێڵگەی بەرهەم هێن لە کوردستان ئەژمار دەکرێت بەرهەمی لە نێوان ١٦٠ بۆ ١٧٠ هەزار بەرمیلێک مەزەندە دەکرێت. شایستەی کۆمپانیای کار بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر دەبێت کەمتر بێت چونکە هاتووەتە سەر کێڵگەی ئامادە لە خورمەڵە و وەرگرتنەوەی خەرجییەکانی وەکو کۆمپانیاکانی تر زۆرنییە.

چەند کێڵگەیەکی تری نەوت و گازیش هێشتا لە قۆناغی گەڕان و پشکنین و قۆناغی پێش بەرهەم هێناندان.


کۆی بەرهەم و شایستەکان

لێرەدا دەگەینە ئەودەرەنجامە کۆی بەرهەمی ئەو کۆمپانیاینەی بەرهەمیان ڕاگەیەنراوە جگە لە کۆمپانیای کار ڕۆژانە ٢٧٦ هەزار و ٥٦٠ بەرمیلە گەر کاریش ١٧٠هەزار بێت ئەوا کۆی بەرهەم ٤٤٦ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوت بووە.

تێکرا نرخی نەوتی برێنت لەمانگی تشرینی یەکەمدا بریتی بووە لە ٤٠،١٩ سۆلار بەپێی ڕاپۆرتەکان هەرێم بە ١٠ دۆلار لە ژێر ئەو نرخەوە نەوتەکەی دەفرۆشێت. کەواتە گەر بە ٣٠ دۆلار نەوت فرۆشرابێت و بەرهەم بریتی بوبێت لە ٤٤٦ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل ئەوا بەرهەمی هەرێم لەمانگەکەدا ١٣ ملیۆن و ٤٨١ هەزار بەرمیل بووە و بەکۆی داهاتی ٤١٥ ملیۆن و ٢٤٥ هەزار دۆلار.

گەر ٧$ بۆ گواستنەوەی هەربەرمیلێک رۆشتبێت ئەوا کرێی گواستنەوە دەکاتە ٩٦،٩ ملیۆن دۆلار
کۆی بەرهەمی ئەو پێنج کێڵگە نەوتییەی کە شایستەکانیان ڕاگەیەنراوە ٢٣٤ هەزار و ٢٦٠ بەرمیلە کە دەکاتە نزیکەی ٥٣% ی کۆی بەرهەمی هەرێم . کۆمپانیاکانی نەوت بڕی نزیکەی ٧٤ ملیۆن و ٧٦٠ هەزار دۆلاریان وەک شایستەی دارایی ( خەرجی و قازانج).
کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە پێدەچێت گرێبەستی خزمەتگوزاری هەبێت و بەو پێیەی خەرجی سەرمایەی بەراورد بە کۆمپانیاکانی تر کەمترە بە گریمانەیی ٢٥ ملیۆنمان داناوە دەکرێت کەمتر یان زیاتر بێت.
گازپرۆم بەرهەمی لە کێڵگەی گەرمیان کەمترە لە بەرهەمی کێڵگەی شێخان گەر بەهەمان بڕ شایستەی وەرگرتبێت ئەوا بڕی ٩,٦ ملیۆنی بەگریمانەیی وەرگرتووە.
کۆمپانیای ئۆرێکس لە کێڵگەی هەولێر کە جۆری نەوتەکەی بەراورد بە کێلگەی تەقتەق قورسترە واتە نرخی فرۆشی نەوتەکەی کەمترە و ئاستی بەرهەمیشی نزیکە لەکێڵگەی تەق تەقەوە گەر بەگریمانەیی بڕی ٣,٤ ملیۆنی بۆ دابنێن ئەوە کۆی شایستەی ئەم سێ کێڵگەیە بەگریمانەیی دەکاتە ٣٨ ملیۆن دۆلار .

کەواتە بەنزیک کراوەیی ئەو داهاتەی گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم لەمانگی تشرینی دووەمدا دەبێت بریتی بوو بێت لە ٢٠٩ ملیۆن دۆلار.

لێرەدا چیی خۆیەتی ببرسین ،دەبێت کەی موچەخۆرانی حکومەتیش بەهەمان شێوەی کۆمپانیا نەوتییەکان شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand