Draw Media

نەوت.. رەحمەت یان لەعنەت

نەوت.. رەحمەت یان لەعنەت

2020-05-25 15:05:13


راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت - محەمەد رەئوف
١٧ ساڵ لەمەوبەر هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی نەوت بفرۆشێت و بەشە بودجە لە بەغداد وەربگرێت، تەنیا بە داهاتی ناوخۆی ئیدارەی دۆخی دارایی خۆی دەدا، لە شەش ساڵی رابردوودا کە حکومەت سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی راگەیاندووە، سەرباری ئەوەی حکومەت نەوتی فرۆشتووەو بڕێک پارەشێ لە بەغداد وەرگرتووە، بەڵام (٢٧ ملیار) دۆلار قەرزار بووە، ئایا نەوت بۆ هەرێمی کوردستان رەحمەت بووە یان لەعنەت ؟

ئابوری سەربەخۆ !
ساڵی ٢٠١٤ کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد، ئابوری سەربەخۆی راگەیاند.
ئەوەی ئەوکات ناوی لێنرابوو "ئابوری سەربەخۆ" بەدیاریکراوی مەبەست لێی ئەوەبوو هەرێم بەشێوەیەکی سەربەخۆو دوری لە چاوی بەغداد نەوتەکەی بفرۆشێت و بودجەی خۆی دابین بکات. 
ئەم بڕیارە، هەرێمی كوردستانی لە سەقامگیری ئابوری و موچەو بازاڕەوە گۆڕی بۆ قەیرانێكی گەورەو كەڵەكەبوو، لەدوای بڕیارەکەوە بەشێوەیەکی بەردەوام و تائێستا ئابوری هەرێم لەدۆخێکی ناسەقامگیردا دەژی.

پێش ئابوری سەربەخۆ 
تا ساڵی 2003و پێش پرۆسەی ئازادی عێراق، حكومەتی هەرێم (دوو ئیدارەكە) بە داهاتی ناوخۆ موچەی موچەخۆران و خەرجی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی دابین دەكرد.
لەدوای 2004ەوە، حكومەتی هەرێم سەرچاوەیەکی تری داهاتی دەستکەوت، ئەوکات حکومەتی عێراق کە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆکایەتی دەکرد، بڕیاریدا (17%)ی کۆی بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.
لە 2004 تا 2014 حكومەتی هەرێم بەبەردەوامی بەشە بودجەی خۆی لە بەغداد وەردەگرت، كە بەشێوەیەكی گشتی مانگانە بە تێكڕا دەگەیشتە (ترلیۆنێک و 200 ملیار) دینار، هەرێم مانگانە پارەکەی بەغدادی بەمشێوەیە دابەشکردبوو بەسەر خەرجییەکانیدا:
🔹 بڕی (850 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆران
🔹 بڕی (350 ملیار) دینار بۆ خەرجی دیكەو وەبەرهێنان
تا ئەوكاتە حکومەتی هەرێم هیچ كێشەیەكی موچەو بودجە نەبوو، بەپێی زانیارییەکانی لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2013، لە بەغدادەوە بڕی (75 ملیار) دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، نوری مالیکی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق قسەیەکی تر دەکات و دەڵێ لەماوەی نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2014، زیاتر لە (119 ملیار) دۆلار لە بەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە، بۆ نمونە:
🔹 ساڵی 2004 كۆی بودجەی عێراق (13 ملیار) دۆلار بووە، لەم رێژەیە پشكی هەرێم (2 ملیار و 330 ملیۆن) دینار بووە، واتە هەرێم رێژەی 17.9%ی بودجەی عێراقی بردووە.
🔹 ساڵی 2010 بودجەی عێراق (72 ملیار) دۆلار بووە، پشكی هەرێم (9 ملیار) دۆلار بووە، واتە رێژەی 14.4%ی بودجەی ئەو ساڵەی بردووە.
🔹 ساڵی 2013 كە دوا ساڵی ناردنی بودجە بووە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، بودجەی عێراق (115 ملیار) دۆلار بووە، پشكی هەرێم (12 ملیار) دۆلار بووە، واتە هەرێم رێژەی 10.4%ی کۆی بودجەی عێراقی بردووە.
تا پارە لە بەغدادەوە دەهات واتە تەوەکو ساڵی ٢٠١٣، کابینەکانی حکومەت لە هەرێم بەبەردەوامی پرۆژەی بودجەیان رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكردو حكومەتی هەرێم خاوەنی یاسای بودجە بوو.

 

نەوت سەری موچە دەخوات !
ساڵی 2013 بانگەشەی ناردنە دەرەوەی نەوت لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، بەدیاریکراوی (ئاشتی هەورامی) وەزیری  پێشوی سامانە سروشتییەکانەوە دەستیپێكرد.
دوای بانگەشەکانی هەرێم، لە پرۆژە یاسای بودجە فیدراڵدا بۆ 2013، حكومەتی عێراق مەرجی رادەستكردنی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی بەستەوە بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم بەمە قایل نەبوو، بەڵام حكومەتی عێراق بەشە بودجەكەی نەبڕی.
ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە ناردنە دەرەوەی نەوت لەڕێگەی بۆریەوە، هەندێک لە بەرپرسانی هەرێم بانگەشەی ئەوەیان کرد ئاستی هەناردەی نەوت دەگەیەننە (یەك ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێکدا، حكومەتی عێراق جارێکی تر لە پرۆژە بودجەی 2014دا مەرجی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمیان بەستەوە بە رادەستكردنی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە، واتە بەبەراورد بەو رێژەیەی کە ساڵی ٢٠١٣ داوای دەکرد، بۆ ساڵی ٢٠١٤ عێراق رادەستکردنی (٢٠٠ هەزار)ی لەسەر هەرێم زیادکرد.
حكومەتی هەرێم ساڵی ٢٠١٤ بە مەرجەكەی عێراق رازی نەبوو، عێراق بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی دەركرد، هەرچەندە لە دوای ئەو بڕیارەوە دوو جاری ترو لە مانگی (شوبات و ئایاری 2014)دا بڕێكی دیاریكراوی پارەی بۆ هەرێم نارد، لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی عێراق لە پەرلەمان پەسەند نەكرا.
لەدوای ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە عێراق، هەرێمی كوردستان كەوتە ناو قەیرانێكی قوڵی داراییەوەو تا ئێستاش بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تاوەکو ساڵی ٢٠١٣ واتە بەر بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە تەنکەر فرۆشراوە (٧ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیۆن) دۆلار بوو.

ئابوری سەربەخۆو حکومەتێکی قەرزار
لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەت (27 ملیار) دۆلار قەرزدارەو هیچ یەدەگ و پاشەكەوتێكیشی نیە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی راپۆرتێك، کە کابینەی مەسرور بارزانی لە رۆژی (28/4/2020) ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی کردووە، لە دوای بڕیاری ئابوری سەربەخۆوە، واتە لە 2014ەوە تائێستا کە ماوەی (٦ ساڵ) دەکات، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بڕی (75 ترلیۆن و 541 ملیار و 843 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام هەرێم لەو بڕە پارەیە تەنها (13 ترلیۆن و 370 ملیار و 533 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە.
بەوپێیە لە ماوەی ئەو (6) ساڵەدا، بڕیاری ئابوری سەربەخۆ بڕی (62 ترلیۆن و 171 ملیارو 310 ملیۆن) دینار زیانی لە هەرێمی كوردستان داوە. بەمشێوەیە:
🔹 ساڵی 2014 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (19 ترلیۆن‌و 999 ملیارو 616 ملیۆن) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (17 ترلیۆن‌و 719 ملیارو 616 ملیۆن) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
🔹 ساڵی 2015 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (14 ترلیۆن‌و 817 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆن‌و 476 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆن‌و 341 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
🔹 ساڵی 2016 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (12 ترلیۆن‌و 570 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕەپارەیەكی وەرنەگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆن‌و 570 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
🔹 ساڵی 2017 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (11 ترلیۆن‌و 605 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (11 ترلیۆن‌و 605 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
🔹 ساڵی 2018 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (6ترلیۆن‌و 776 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (3 ترلیۆن‌و 175 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (3 ترلیۆن‌و 591 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
🔹 ساڵی 2019 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (9 ترلیۆن‌و 783 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (5 ترلیۆن‌و 439 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (4 ترلیۆن‌و 343 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە.
(بڕوانە خشتەی ژمارە)

گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر
ئێستا بەڕوونی بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركەوتووە، سیاسەتی هەڵەی نەوت، دۆخی كوردستانی بەم دەردە بردووە.
مەسرور بارزانی وتی:" لەكۆی 700 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت، تەنها 300 ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەتە" بە جۆرێك داهاتی نەوت مانگانە دابەش دەكرێت بەسەر قەرزو كرێی بۆری و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت.
بەپێی راپۆرتی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت لە مانگی چواردا بەم شێوەیە بووە:
🔹     رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت
🔹 نەوت بە (20) دۆلار فرۆشرا
🔹    كۆی داهاتی نەوت (261 ملیۆن) دۆلار
🔹     (60 ملیۆن دۆلار) بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت
🔹     (30 ملیۆن) بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت
🔹 (50) ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی  توركیا
لەدواین وتاریدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" مانگی رابردوو تەنیا ٣٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم"، واتا دوای شەش ساڵ لە بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، كە مانگانە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار لە بەغداوە دەهات، سیاسەتی نەوتی ئێستا گەیشتوەتە سەر (30 ملیۆن) دۆلار. 
سەرۆكی حكومەتی هۆكاری ئەم دۆخە سەختە ئابورییەی گەڕاندەوە بۆ" سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگری نەوت"، واتا دوای شەش ساڵ لە قەیران و نەهامەتی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر لەبری پشت بەستن بە داهاتی نەوت.
ئێستا دۆخەکە گەیشتوەتە ئاستێک، هەرێم بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی بەشە بودجەی عێراق، ئامادەیە هەموو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand