Draw Media

بەرهەمهێنەرانی ئایس كرێم لەسەر ئاستی جیهان نیگەرانن لە گرانبونی نرخی ماددەی (ڤانێلا)، كە هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی گەرمادا، كاریگەری لەسەر پیشەسازییەكە دروستكردووە. ئێستا نرخی یەك گرام ماددەی (ڤانێلا) لە بازاڕدا گرانترە لە یەك گرام زیو، هۆكاری ئەم گرانبونەش دەگەڕێتەوە بۆ گەردەلولی وێرانكەری"ئیناوو" كە مانگی مارسی رابردوو مەدەغەشقەری گرتەوە و بەهۆیەوە لانی كەم (78) كەس لە ناوچە كەناراوییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە كە بەناوبانگە بە بەرهەمهێنانی "ڤانێلا"، گیانیان لەدەستدا. مەدەغەشقەر رێژەی 85%ی كۆی گشتی بەرهەمی "ڤانێلا" لەسەر ئاستی جیهان بەرهەمدەهێنێت، ئێستا نرخی یەك كیلۆ قۆچی ڤانێلا (600) دۆلاری ئەمریكییە. بەپێی زانیارییەكان گەردەلولی "ئیناوو" رێژەی 30%ی بەرهەمی "ڤانێلا"ی لە مەدەغەشقەر وێران كردووە، بەوهۆیەشەوە نرخی ماددەكە لە بازاڕی جیهانیدا بەرزبوەتەوە. رۆژنامەی "دەیلی میل"ی بەریتانیا ئاشكرایكرد، بەهۆی ئەو گەردەلول و وشكەساڵییەوە لە مەدەغەشقەر، كۆگایەكی بەناوبانگ فرۆشتنی ئاسی كرێم لە لەندەن كاركردنی راگرتووە.  


بەرێوەبەرایەتی بانكی رەشید رایگەیاند، پێشینەی هاوسەرگیری بۆ یەكەم هاوسەرگیری یان دووەم هاوسەرگیری لە 5 ملیۆن دینارەوە بۆ 10 ملیۆن دینار زیادكرا، بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە موچەكانیان لە بانگی رەشیدە، بەرمەجی ئەوەی ساڵێك بەسەر گرێبەستی هاوسەرگیریاندا تێپەڕنەبوبێت. 


وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی داهاتی نەوتی هەناردەكراوی مانگی نیسانی راگەیاند وەزارەتی نەوتی عێراق لە سایتەكەی خۆی بڕی نەوتی هەناردەكراوی مانگی نیسانی رابردوو، داهاتەكەی ئاشكراكرد. بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیە كە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوت بڵاویكردوەتەوە، لە مانگی نیساندا كۆمپانیای سۆمۆ زیاتر لە 100 ملیۆن و 197 هەزار و 197 بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی باشوور و ناوەڕاستی هەناردەكردووە و داهاتەكەشی شەش ملیار و 474 ملیۆن و 260 هەزار دۆلار بووە و هیچ بڕە نەوتێكی كەركوكیش لە راپۆرتەكەدا تۆمارنەكراوە. بە گوێرەی بەیاننامەكە لە مانگی نیساندا تێكڕا كۆمپانیای سۆمۆ رۆژانە سێ‌ ملیۆن و 340 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە و هەر بەرمیلێكیش بە " 64.615 " دۆلار فرۆشراوە. .


وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ بایەخدان بە بەرهەمی ناوخۆ، هاوەردەكردنی پێنج بەرهەمی كشتوكاڵیی لە دەرەوە رادەگرێت. مەهدی قەیسی بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا وتی:" وەزارەتەكە هاوردەكردنی پەتاتە، شووتی، كاڵەك، بیبەر و كولەكە لە یەكی ئایارەوە بۆ كاتێكی نادیار رادەگرێت، جگە لەوەش راگرتنی بەرهەمی تەماتە و خەیار و باینجان و سیر و ماسی بەستوو بەردەوام دەبێت، ئەوەش لەبەرئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زۆرە و بۆ تەندروستی مرۆڤیش لە بەرهەمی هاوردە باشترە." قەیسی وتیشی " وەزارتی كشتوكاڵ بە گوێرەی رۆژژمێری كشتوكاڵی كاردەكات كە هاوردەكردن و  راگرتنی هاوردەكردنی بە شێوەیەكی باش رێكخستووە بە گوێرەی بوونی بەرهەمی ناوخۆ، ئەوەش بۆ پاڵپیشتیكردن و پارێزگارییكردنە لە بەرهەمی نیشتمانیی".  


عەبدوڵا حەوێز كە رۆژنامەنوسی كەناڵی بی بی سی بەریتانییە لە بەدواداچونێكدا پشكی پارتی و یەكێتی لە نەوتی هەرێم بڵاودەكاتەوە لەگەڵ رێژەی ئەو نەوتەی دەینێرنە دەرەوە.  - لەژێر دەسەڵاتی پارتی (ئێستا) : ٣٠١٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەمدەهێنرێت. - لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی (ئێستا): ٢٣٤٠٠ بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەمدەهێنرێت.  بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ٢٨٣ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەست دراوە لە رۆژئاوای کەرکووک و لە نەوینەوا کە هەموو لەژێر دەستی پارتی بووە. واتە لەپێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەم شێوەیە بوو: - پارتی: ٥٨٤ هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە بەرهەم دەهات لەژێر کۆنترۆڵی پارتی - یەکێتی: ٢٣٤٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەم دەهات ئەو کێڵگە نەوتیانەی لەژێر دەستی پارتیدان (لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە) ئەمان: - ئەتروش کە لەلایەن کۆمپانیای تاقەی ئیماراتیەوە بەرێوەدەبرێت رۆژانە ٣٠ هەزار بەرمیل لەرێی بۆری نەوتی هەرێمەوە دەفرۆشرێت. - دەمیر داغ لەلاکەن کۆمپانیای ئۆریکس پیترۆلۆم بەرێوەدەبرێت رۆژانە ٣٦٠٠ بەرمیلی رەوانەی دەرەوە دەکرێت. - خورمەڵە کە لەلایەن کۆمپانیای کار کە سەر کە هی بنەماڵەی بارزانیە بەرێوەدەبرێت و رۆژانەی ١٠٥ هەزار بەرمیلی لێ بەرهەم دەهێنرێت - کە ٤٠ هەزاری دەبرێتە پاڵاوگەکان و ٦٥ هەزاری لەرێی بۆری نەوتەوە دەفرۆشرێت. - شێخان کە لەلایەن کۆمپانیای کیسۆن پیترۆلۆمی کەنداوەوە بەرێوە دەبرێت و رۆژانەی ٣٥ هەزار بەرمیلی لێ دەفرۆشرێت - تاوکێ کە لەلایەن کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بەرێوە دەبرێت و رۆژانە ١١٠ هەزار بەرمیلی لێ دەفرۆشرێت - سەمرەت کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆیل هینت بەرێوە دەبرێت و رۆژانە شەش هەزار بەرمیلی لێ دەفرۆشرێت - سوارە تیکا کە لەلایەن کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینیرجی بەرێوە دەبرێت و رۆژانە ١٢ هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەفرۆشرێت . - کۆی گشتی ئەم نەوتەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی پارتی دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت: ٣٠١٦٠٠ بەرمیل لە رۆژێکدا دەردەهێنرێت کە ٢٦١٦٠٠ بەرمیلی دەفرۆشرێت، ٢٢٦ هەزاری لەرێی بۆری نەوتی هەرێم تورکیاوە دەفرۆشرێت و ٣٥ هەزار بەرمیلەکەی شێخان لەرێی تەنکەرەوە دەفرۆشرێت، ئەوەی تر کە ٤٠ هەزار بەرمیلی خورمەلەیە دەچێتە پاڵاوگەکان، بەڵام وردەکاریی نازانرێت. ئەو کێڵگە نەوتییانەی لەژێر دەستی یەکێتیدان ئەمان: - سەرقەڵا کە لەلایەن کۆمپانیای گاز پرۆم نەفت بەرێوەدەبرێت و رۆژانە ٩٥٠٠ بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت - کە ٥ هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەکان دەچێت و ٤٥٠٠ بەرمیلی دەفرۆشرێت - تەقتەق کە لەلایەن کۆمپانیای تۆپکۆوە بەرێوە دەبرێت و رۆژانە ١٤ هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمدەهرێت و هەر ١٤ هەزاری دەبرێتە پاڵاوگەکان. - - کۆی گشتی ئەم نەوتەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەردەهێنرێت و دەفرۆشرێت: ٢٣٥٠٠ بەرمیل لە رۆژێکدا دەردەهێنرێت کە ٤٥٠٠ بەرمیلی دەفرۆشرێت و ئەوەی تر دەچێتەوە پاڵاوگەکان، بەڵام وردەکاری نازانرێت. ئەو کێڵگانەی کە هەرێم لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە دەستی داون، کە هەموو لەژێر دەستی پارتی بوون: - بای حەسەن کە لەلایەن کۆمپانیای کاری بنەماڵەی بارزانیەوە بەرێوە دەبرا و رۆژانە ١٩٥ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. - ئاڤانا کە لەلایەن کۆمپانیای کاری بنەماڵەی بارزانیەوە بەرێوە دەبرا و رۆژانە ٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. - عەین زالە کە رۆژانە ٤ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. - بەتما و سوفیە کە رۆژانە ٤ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. - لەم ناوچەیە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پارتی ٢٨٣ هەزار بەرمیلی رۆژانە نەوتی لەدەست داوە. https://twitter.com/HelenCRobertson/status/953932299854327808 http://www.petroleum-economist.com/articles/politics-economics/middle-east/2018/iraqi-kurdistan-sinking-fast


ئامادەكردن و وەرگێڕانی/ ئاسۆ جەبار - واشنتۆن  مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی پێشوو لەسەروەختی قەیرانە سیاسییە هەر گەورەکانی هەرێمی کوردستاندا نامەیەک لەلایەن بەڕێوبەری باڵای کاروباری نەوت رۆزنەفت ئایگۆر سێشین لە کرملینەوە دەگاتە دەستی  وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا   بەر لە پێشکەشکردنی وتاری ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی وڵات لەبەردەم کۆمەڵەی فیدڕاڵی لە مۆسکۆ لە یەکی مانگی سێی 2018 دا سەرۆکی روسیادا ڤیلادیمیر پوتین، سەرپەرشتیاری جێبەجێکاری رۆزنەفت ئیگۆر سێشنی بینیوە.  سێشن لە نامەیەکدا کە کۆپییەکی لەلای رۆیتەرز پارێزراوە دەنوسێت "حکومەتی ناوەندی بەغدا سەبارەت بە پێشنیازەکەی رۆزنەفت هەڵوێستێکی بونیادنەرانەو بایەخدەرانەی نەبوو بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی باکوری عێراق".  کوردستان هەرێمێکە کە دانیشتوانەکەی نزیکەی 6 ملیۆن کەسە کەوتۆتە باکوری عێراقەوە، کە لەو دواییانەدا هەوڵیاندا و شکستیان هێنا لە جیابوونەوە لە تەواوی وڵاتەکە. بەغداد بە ریفراندۆمەکەی 25 ی سێپتەمبەری کوردەکان کە بۆ سەربەخۆیی بوو رازینەبوو؛ هاوکات هێزەکانی نارد بۆ کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان کە سەرچاوەگەلێکی دارایی سەرەکی بوو بۆیان.  ئێستاکە سێشن نزیکترین هاوپەیمانەکانی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکە، وتبووی بە رەچاوکردنی راڕایی بەغدا سەبارەت بە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای رۆزنەفتدا، لەبری ئەوە کۆمپانیاکە هەڵدەستێت بە سازکردنی کاروباری بازرگانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە وادیارە بایەخدانێکی زۆر هەیە بۆ بەرفراوانکردنی هەماهەنگییە ستراتیژییەکان.    زلهێزەکانی جیهان کە ولایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش پێشتر هاوسۆزی خۆیان لەبارەی هەڵمەتی سەربەخۆیی کوردستانەوە دەربڕیبوو، بەڵام لەکۆتاییدا عێراق دڵنیادەکەنەوە کە دان بە قەڵەمڕەویەکەیدا بنێن بەسەر تەواوی عێراقدا؛ کە کوردستانیش دەگرێتەوە. بەڵام لەنامەکەی سێشین دا هیچ ئاماژە نەدراوە بەو رێككەوتنە. لەکاتێکدا رۆزنەفت بەڵێنیداوە لەبەرامبەر توڕەیی بەغدادا ملیارەها دۆلار لە کوردستان وەبەربهێنێت؛  ئێستاش لەبری پەشیمان بونەوە، وەبەرهەمهێنانەکە بووە بە دەبڵ. بەپێی حەوت سەرچاوە کە ئاشنای ئەو کێشەیەن، سێشن دەستێکی باڵاو بەهێزی هەبووە بەبەراورد بە درککردنی زۆرێک لە کاربەدەستانی عێراق. بەرلە چەند رۆژێک؛ کۆمپانیای رۆزنەفت بەرامبەر 1.8 ملیار دۆلار دەسەڵاتی خاوەندارێتی بۆرییە نەوتەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی گرتەدەست، کە لە هەرێمەوە بەرەو تورکیا دەڕوات.  بەپێی سەرچاوەکانی وەک رۆزنەفت و پیشەسازی نەوت و کوردەکان و حکومەتی عێراقیش؛ مەبەستی رێکكەوتنەکە بۆ رۆزنەفت تەنها کارێکی بازرگانی نەبوو، بەڵکو بۆ پەرەپێدانی کاریگەری دەستڕۆیشتوویی سیاسەتی روسیا بوو لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆنتڕۆڵکردنی شابۆرییە نەوتەکان وا لە رۆزنەفت دەکات کە رۆڵێکی سەنتەری هەبێت لەو وتوێژانەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا بە مەبەستی هەناردەکردنی تەواوەتی نەوت؛ ئەوەی کە بە هۆی ریفرندۆمەکەوە کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانەوە لەلایەن عێراقەوە لەکارکەوتبوو یان هەڵوەشابوەوە. کوردستان خاوەنی نەوتێکی یەدەکی زۆرە، کە دەکاتە سێ بەشی تەواوی نەوتی یەدەکی عێراق؛ لەبەرئەوە هەناردەکانی تێکڕا ئابوری هەرێمی و نیشتیمانی پێکەوە دەبوژێنێتەوە. هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ سەرنجێکی لەبارەی لایەنە سیاسییەکانی رێکكەوتنەکەی رۆزنەفتەوە نەخستوەتەڕوو. لەکارەکاسەوە بۆ نیودلهی سەرچاوەکان دەڵێن رەفتارەکانی رۆزنەفت لە کوردستان؛ ئەو هەرێمەی کە دەمێکە هاوپەیمانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، وەستاوە لەسەر ئەوەی کە کرملین چۆن بە چاوێکی تیژەوە رۆزنەفت و بەڕێوبەرە جێبەجێکارەکەی بەکاردەهێنێت وەک ئامرازێك بۆ سیاسەتی دەرەوەی روسیا لەتەواوی جیهاندا؛ واتە لەهەولێرەوە تا کاراکاس و نیودلهی. کۆبوونەوەکەی مۆسکۆ کوردەکان دەمێکە ئەوە دەڵێن کە هەرێمە ئۆتۆنۆمییەکەی کە لە عێراقدا هەیانە دەسەڵاتی ئەوەشیان هەیە کە رێکكەوتن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا بکەن لەبارەی دەرهێنانی نەوت لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا. لەساڵی 2014 دا دەستیانکرد بە هەناردەکردنی سەربەخۆییانەی نەوت بۆ تورکیا.  بەڵام حکومەتی ناوەندی عێراق دەڵێت هەرچۆنێک بێت هەر رێکكەوتنێکی کوردەکان و هەر هەناردەکردنێکی نەوتی کوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا نایاساییە.   روسیا تاکە وڵاتی زلهێز بوو کە دژی ریفراندۆم نەبوو و وتیان کە ئەوان لە خواستی سەربەخۆیی کوردەکان تێدەگەن. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و ئێران تێکڕا چەند هەفتەیەک بەر لە ریفراندۆمەکە داوایان لە هەولێر کرد کە راپرسییەکە نەکەن یان دوای بخەن.     لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تێلیرسن ناسەرکەوتوانە لەهەوڵی ئەوەی دابوو کە راپرسیی کوردەکان بۆ سەربەخۆی دوابخات، بەڵام سێشین سەرقاڵی رێکكەوتنامەی بۆرییە نەوتەکان بوو. بەپێی سەرچاوەکان هەر دوابەدوای ریفراندۆمەکە، کاربەدەستانی کورد بە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانیشەوە فڕین بەرەو مۆسکۆ بۆ بینینی بەڕێوبەری جێبەجێکاری رۆزنەفت و کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوەی روسیا. لە ٢٠ ئۆکتۆبەردا هەر دوابەدوای ئەو فەوزایەی پاش ریفراندۆم؛ دەمودەست میلیشیا شیعە عێراقییەکان کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن هەستان بە داخستن و بێبەشکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و سیشینیش هەستا بە داخستنی گرێبەستەکە. رۆزنەفت دوایەمین بڕە پارەی رێکكەوتنەکەی داوە بە هەولێر کە دەکاتە 1.8 ملیار دۆلار، رۆزنەفت و سێشن هەردوکیان ئەوەیان ئاشکرا نەکردووە لەکاتێکدا هەردووکیان دەچنە خانەی ملکەچبوونەوە بۆ سزاکانی رۆژئاوا بەرامبەر روسیا پەیوەست بە کریماوە، بەڵام کۆمپانیاکە بە هیچ شێوەیەک ئەوەی ئاشکرانەکردووە کە پارەی بۆرییە نەوتییەکانی داوە.


حوتەكانی گەندەڵی لە عێراقدا راپۆرتی محەمەد رەئوف گەندەڵی لە عێراقدا بە رادەیەك بەربڵاوە كە یەكێك لەو بەرپرسانەی كە خۆی لە گەندەڵی  تێوەگلاوە بەنەخۆشی ئیبۆلا وەسفی دەكات و دەڵێت نوخبەی سیاسی عێراق بەتەواوی تێوگلاوە و رژاوەتە ناو جەستەی كۆمەڵگەی عێراقی و  لە عێراقدا بوە تە كلتور و ستایلی ژیانی سیاسییەكان. مشعان جبوری دەڵێت" هەموومان دزین و هەموومان بەرپرسین لە قەیرانی و دزی و گەندەڵی، نوخبەی سیاسی عێراق بەتەواوی رۆچوەتە ناو گەندەڵییەوە، لە عێراقدا كێبەركێ نیە بۆ چاكسازی بەڵكو كێبەركێیە بۆ زۆرترین دزی، و ئێستا عێراق پلەی 169 هەمینی گرتووە لە 180 دەوڵەتی جیهان لە گەندەڵیدا، بەو پێیەی یاسا لە عێراقدا تۆڕێكە و تەنها ماسییە بچوكەكان دەگرێت و حوتەكان دەرباز دەبن لێی." گەندەڵی لە عێراقدا تەنها دەسەڵاتی جێبەجێكردنی نەگرتوەتەوە لە وەزیر و سەرۆك وەزیران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بەڵكو بەشێك لە دەسەڵاتی یاسادانانیشی گرتوتەوە، پەرلەمانتار هەیە لە لیژنەی دارایی بانكی هەیە، زۆرێك لە پەرلەمانتاران سەرقاڵی سەوداو بازرگانین بە چەندین شێوە، پەرلەمانتار هەیە پارە لە بانكی ناوەندی وەردەگرێت بە نرخی بانكی ناوەندی كە 100 دۆلار بە 118 هەزارە و دەیفرۆشێتەوە بە 125 هەزار دینار، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە لیژنە هەیە، لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق دەیان كەیسی گەندەڵی داخستووە لەبەرامبەر پارە و لە چەندین دۆسیەدا بەرتیلیان وەرگرتووە، ئێستا پەرلەمانتارەكان سەودا بە پۆستەكانەوە دەكەن و لەبەرامبەر دانان و وەرگرتنی پۆستی پلە تایبەتەكاندا تا 10 دەفتەر دۆلار وەرگیراوە. سەرەرای پەرلەمانتاران ، حزبەكانیش بەشدارن لە گەندەڵیدا بەتایبەتی كۆنترۆڵكردنی بیرە نەوتەكان بەتایبەتی لە بەسرە و پارێزگاكانی باشووردا سەودا بە نەوتی عێراقەوە دەكەن و تێوەگلاون لە دزینی نەوتدا، شەداد فارس سەرۆكی لیژنەی نەوتی غازی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە  رایگەیاندووە، رۆژانە لە بەسرەوە 100 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوت دەدزرێت كە بایی 20 ملیۆن دۆلارە و  ساڵانە دەكاتە 7 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار ، زۆرێك لە زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003، حزبەكانی عێراق نەوتی باشوری عێراقیان كۆنترۆڵكردووە و بەشێكیان بە بۆری لە رێگەی ئێرانەوە نەوت رەوانە دەكەن و پارەكەشی بۆ خۆیانە.  بەرپرسە سیاسییەكانی عێراق زۆرترین پشكیان هەیە لە گەندەڵیدا بە جۆرێك لەدوای 2003 ەوە زۆرینەی داهاتی عێراق دەبرێتە دەرەوەی وڵات، زۆرترین پشكی گەندەڵی لە كابینەكانی نوری مالیكیدا بووە و پارەیەكی زۆر براوەتەوە دەرەوە و بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و ئابوریی دەڵێن زیاتر لە 312 ملیار براوەتە دەرەوەی وڵات. بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی سكای نیوز  نوری مالیكی چەندین تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە. -    پرسی چەككڕین كە دیارترین ئەو تۆمەتانەیە روبەرووی نوری مالیكی دەكرێتەوە كە بە دەیان ملیار دۆلار بۆ كڕینی چەك و پێداویستی خەرجكراوە بەڵام چەك و پێداویستییە سەربازییەكان دیارنین، سەرەرای ئەوەی نرخی ئەو چەك و پێداویستییە سەربازییانە زۆر خەیاڵی دیاریكراوە.  -    تۆمەتی گەندەڵی لە نەخۆشخانەی سەربازی كە 1 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانكراوە و بەڵام وەهمی بووە. -    5 وەزیر و 53 بەرپرسی حكومی سەردەمی كابینەكەی نوری مالیكی بەتۆمەتی گەندەڵی وڵاتیان جێهێشتووە. -    ئەحمەد نوری مالیكی 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری پارەی عێراقی رەوانەی لوبنان كردووە لە كاتی دەسەڵاتی باوكیدا. -    بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دەستپاكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن 312 ملیار دۆلار لە سەردەمی نوری مالیكیدا بەهەدەردراوە. -    ئەحمەدی حاجی رەشید بڕیاردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت لەماوەی 12 ساڵی دەسەڵاتی مالیكیدا 120 ملیار دۆلار بەهەدەردراوە و دەشڵێت لەسەردەمی 8 ساڵی حوكمی نوری مالیكیدا 33 ملیار دۆلار بەهەدەردراوە و 35 ملیار دۆلار زیادەی جەنگ بووە . -    هاوكات لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا یەدەگی نەختینە 81 ملیار دۆلار بووە و 35 ملیار دۆلاری لێكەمكراوەتەوە و ئێستا بووە بە 46 ملیار دۆلار. لە دوای نوری مالكی زۆرترین تۆمەتی گەندەڵی ئاراستەی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، رۆژنامە فریدریكۆی ئیتاڵی كۆمەڵێك گەندەڵی ئوسامە نوجێفی بڵاوكردوتەوە لەوانە: -زیاتر لە 2 ملیار و 70 ملیۆن دۆلاری لە چەند ژمارە بانكییەكی سویسرا و ئەڵمانیا و ئیتالیا و توركیا هەیە. - لە توركیا 4 هۆتێل و ه لە ئوردنیش دوو باڵەخانەی هەیە. - زیاتر لە 6 ڤێلای لە توركیا و ئوردن و ئیمارات و قەتەر و كوردستان و نەمسا هەیە. - هەروەها 13%ی پشكی كۆمپانیای هۆندای بۆ ئۆتۆمبیل و 4%ی كۆمپانیای نەوتی ئەڵمانی – ئینگلیزی و 9% كۆمپانیای دەرمانی هەیە. -  100%ی كۆمپانیای نۆرترۆم بۆ كەرەستە كیمیاییەكانی ئیالیا و ئاراراس كۆلۆ بۆ ئاسن لە بەرازیل و كۆمپانیای حەدبا بۆ بازرگانی لە كوردستان كۆمپانیای بارونادیا لە روسیا بۆ نەوت  هەیە ە بەو پێیەش 23 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار سەرمایەكەیەتی .  ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقیش تۆمەتی گەندەڵی ئاراستە دەكرێت بە تایبەتی ئەو كاتەی سەرۆكی لیژنەی ئاوارە و كۆچبەران بووە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرچاوەكان ئاماژە بەدزینی 500 ملیۆن دۆلار دەكەن لەلایەن موتڵەگەوە، هەر لە دۆسیەی ئاوارەكاندا 23 ملیار دینار بەهەدەردراوە و دیار نەماوە.  ئەگەرچی حەیدەر عەبادی كە هەڵمەتی روبەروبونەوەی گەندەڵی دەستپێكردووە، بەڵام ئەویش تۆمەتبارە بە بردنی دەیان ملیۆن دۆلار، كازم سەیادی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ئاشكرایدەكات، كە حەیدەر عەبادی 9 ملیۆن دۆلاری بردووە لەسەردەمی كابینەكەی ئەیاد عەلاویدا كە وەزیری پەیوەندییەكان بووە. زۆرێك لە سەركردە و بەرپرسە حكومییەكانی عێراق تۆمەتبارن بە دزینی سامان و پارەی وڵات، ئەو دەردە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە و بەرپرسانی هەرێمیش تۆمەتبارن بە بردنە دەرەوەی پارە و شاردنەوەی داهاتی نەوت.   


نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزبوەوە و نرخی یەك بەەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 74.35 سەنت ، ئەوەش بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لەم چەند ساڵەدا. هاوكات نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكسای گەیشتە 69.18 دۆلارە ئەمە لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەسەر پاشەكەوتی موچە كە ئەو كاتەی سیستمی پاشەكەوتی موچەی پەیڕەوكرد نرخی بەرمیلێك نەوت 25 دۆلار بوو واتا ئێستا بەرێژەی 300% بەرزبوەتەوە. ئێستا هەرێم رۆژانە نزیكەی 330 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، ئەگەر لێكدانەوەیەكی ئاسایی بۆ بكرێت، كە 10 دۆلار نرخی نەوت هەرێم كەمترە لە نەوتی برێنت كە 74.35 دۆلارە واتا نەوتی هەریم 64.35 دۆلار دەكات، ئەوا كۆی داهاتی مانگێكی نەوتی هەرێم دەكاتە ( 633 ملیۆن دۆلار ) كە مانگانە ( 185 ملیۆن دۆلار) قەرز دەداتەوە، بەو پێیە مانگانە 125 ملیۆن دۆلاری قەرزی كۆمپانیا نەوتیەكان دەداتەوە، 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوتە، 35 ملیۆن دۆلار قەرزی توركیا دەداتەوە، واتا هەرێم لەو 633 ملیۆن دۆلارە، بڕی 448 ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە كە دەكاتە ( 546 ملیار دینار) لەگەڵ ( 317 ملیار دیناری) بەغداد و 25 ملیار دیناری ئەمریكیەكان و 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ كە بۆ خەرجی وەزارەتەكانە دەكاتە ( 1 ترلیۆن و 8 ملیار دینار).


سبەی چوارشەممە عێراق و یەكێتی ئەوروپا رێككەوتنێكی هاوبەش بۆ چاكسازی دارایی لە عێراق ئیمزادەكەن. وەزارەتی پلاندانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند مەراسیمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە لە باڵاخانەی وەزارەتی پلاندان بەڕێوەدەچێت و لەلایەن سەلمان جومەیلی و باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە بەغدا ئیمزادەكرێت و دواتر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆكی رێككەوتنەكە ئاشكرادەكرێت.  


لە راپۆرتێكی شیكاری وردا ڕۆژنامەی (هائاریتس)ی ئیسرائیلی  باس لە وون بوون و دیارنەمانی كەشتیە نەوت هەڵگرەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لە كاتی گواستنەوە و فرۆشتنیان بەرەو ئیسرائیل. سەرەتای راپۆرتەكە بەوە دەست پێدەكات و دەنوسێت:  كە چاودێری كەشتیە هەڵگرەكان شتی سەرەنجراكێشی لەپشتەوەیە، بەتایبەتیش دیارنەمانی ئەو کەشتیە نەوتیە بارهەڵگرانەی كە نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانی توركیاوە دەگوازنەوە. راپۆرتەكەی رۆژنامەی هائاریتس پشتی بەستووە بە زانیارییەكانی سەمیر مەدەنی، بازرگانی نەوتی كوەیتی  و خاوەنی سایتی (Tanker Trackers) كە چاودێری كەشتیە نەوتییەكان دەكات ئاماژەی بەوە کردووە، كە بارهەڵگرێكی نەوت كە نەوتی هەرێمی كوردستان باركردبوو لە بەندەری جەیهانی توركیاوە لە 2017 بەرەو نۆكەندی سوێس بەرێكەوتبوو، دوای ماوەیەك رێرەوەكەی گۆڕی و لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست رێرەوەكەی گۆڕی لەبەرامبەر تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل، لەدەرەوەی ئاوە هەرێمایەتیەكانی ئیسرائیل. مەدەنی ئاماژەی بەوەشكردووە دوای چەند رۆژێك لە ونبونی ئەو كەشتیە دەركەوتەوە و بەڵام بارەكەی سوك بوو، لەوێوە بەرەو قوبرس رۆیشتووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیاو بارێكی تری هەڵگرتۆتەوە لەنەوتی كوردستان، هەموو گەشتەكانی ئەو بارهەڵگرە نەوتیە بە ئاڵۆزی بووە، بۆیە مەدەنی پێی وایە ئەو كەشتیە هەڵگری نەوتی  تۆمارنەكراوبووە و بە نهێنی نەوتی گەیاندوەتە ئیسرائیل.   راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو پرۆسەیە بەو شێوە ئاڵۆزە بەردەوام بووە و لە 21ی مانگی شوباتدا بارهەڵگری نەوتی (مەبروك) لە بەندەری جەیهانی توركیا بڕی ( یەك ملیۆن بەرمیل نەوت)ی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتووە و دواتر بە ناوی( MARO ) لە بەرانبەر كەناراوەكانی ئیسرائیل دەركەوتووە ئەویش دوای بەتاڵكردنی بارەكەی و پاشان گەڕاوەتەوە، بەندەری جەیهانی توركیا. ئەم پرۆسەیە بەردەوام لە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دووبارە بوتەوە و كەشتییەكان لە نزیك ئیسرائیل  ماوەیەك ون دەبن و دوای بەتاڵكردنەوەی نەوتەكەیان رێرەوەكەیان دەگۆڕن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.  بەپێی راپۆرتێكی پێشوی سایتی ( تانكەر تراكەرز)  كە تایبەتە بە بەدواداچونی هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری  جەیهانی توركیاوە هەناردە كردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا. سەبارەت بە فرۆشی نەوت بە وڵاتان راپۆرتەكەی سایتی( تانكەر تراكەرز)  ئاماژەی بەوەشكردووە ئیسرائیل كڕیاری سەرەكی نەوتی هەرێمی كوردستانە و (رۆژانە 130 هەزار و 721 بەرمیل ) نەوتی هەرێم  بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت كە 40%ی كۆی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات .لەدوای ئیسرائیل یۆنان لە پلەی دووەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمدا دێت كە رۆژی( 87 هەزار و 236 )بەرمیل دەكڕێت كە دەكاتە ( 26.88%)ی كۆی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم. لە دوای یۆنان، كرواتیا لە پلەی سێیەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دێت و رۆژانە( 42 هەزار و 94) بەرمیل، واتە 12.97%ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان دەكڕێت. بەڵام بەرپرسانی هەرێم هەمیشە ئاماژەیان بەوەكردووە ئەوان بەشێوەیەكی یاسایی و بەپێی گرێبەتە جیهانیەكان نەوتەكەیان دەفرۆشن بە كۆمپاینیاكانی كڕینی نەوت و ئەوان خۆیان چۆن و بەچی میكانیزمێك دەیفرۆشن و بە كێی و چی وڵاتێكی دەفرۆشن ئەوان خۆیان دەزانن و لە بەرپرسیارێتی ئێمەدا نامێنێت.       


لە خشتەیەكدا كە ئاراستەی سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق كراوە لەلایەن سۆمۆوە بڕی هەناردەی نەوتی رۆژانەو مانگانەی هەرێم رون دەكاتەوە لە 1/1/2018 تا 5/4/2018 بەجۆرێك لە مانگی یەكی 2018 دا هەرێم رۆژانە ( 310هەزار و حەوسەدو پێنج ) بەرمیل نەوتی رەوانكردووە كە لەو مانگەدا ( 9 ملیۆن و 631 هەزارو 845 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، لە مانگی دوو واتا شوباتی 2018 هەرێم برشی ( 8 ملیۆن و 479 هەزارو 95 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە تێكڕای رۆژانە دەكاتە ( 302 هەزارو 825 ) بەرمیل نەوت، لە مانگی سێ واتا ئازاری 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 189 هەزارو 950 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە كە رۆژانە دەكاتە ( 328 هەزارو 708 )، بۆ نمونە لە رۆژی  5 نیسانی 2018 حكومەتی هەرێم ( 324 هەزارو 863) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. خۆ ئەگەر مانگی سێ بە نمونە وەربگێریت كە بڕی ( 10 ملیۆن و 189 هەزارو 950 ) بەرمیل بووە و نرخی بەرمیلێ بە 10 دۆلار كەمتر واتا بە 59 دۆلار بێت ئەوا كۆی داهاتەكەی دەكاتە ( 600 ملیۆن دۆلار)، خۆ ئەگەر خەرجیەكانی لێدەربكرێت كە ( 125 ملیۆن دۆلاری) قەرزی كۆمپانیاكانەو ( 35 ملیۆن دۆلار) قەرزی توركیایەو ( 25 ملیۆن دۆلار)یش كرێی گواستنەوەیە كە كۆی گشتی دەكاتە ( 185 ملیۆن دۆلار ) ئەوا كۆی داهاتی ماوەی نەوت دەكاتە ( 415 ملیۆن دۆلار) . داهاتی نەوتی هەرێم 600 ملیۆن دۆلارە پێشتریش سایتی ( تانكەر تراكەرز)  كە تایبەتە بە بەدواداچونی هەناردەو فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) بڵاویكردۆتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری  جەیهانی توركیەوە رەوانەكردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا.


یاسای بودجەی گشتی عێرای 2018ی عێراق لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقیدا بڵاوكرایەوە و كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. وەزارەتی دادی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " ژمارە ( 4458)ی رۆژنامەی وەقائعی عێراقی رۆژی 2ی نیسانی 2018 دەركراوە و یاسای بودجەی گشتی كۆماری عێراقی ئیتیحادیی تێدا بڵاوكراوەتەوە" بە بڵاوكردنەوەی یاساكە لە رۆژنامەی رەسمی عێراقدا ئیتر یاسای بودجە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە،  یاسای بودجەی گشتی عێراق كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ‌ بەشداری فراكسیۆنە كوردستانییەكان رۆژی 3ی ئازاری رابردووو پەسەندیكرد، هەرچەندە لایەن سەرۆك كۆمارەوە رەتكرایەوە، كۆی گشتی بودجەی عێراق بۆ 2018 بریتیە لە(  91 ترلیۆن و 643 ملیار و 676 ملیۆن و 236 هەزار دینار) خەمڵێنراوە لەسەر بنەمای هەناردەكردنی سێ ملیۆن و 888 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا كە ( 259 هەزار بەرمیل) ی هی بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكردووە بە نرخی ( 46 دۆلار ) بۆ هەر بەرمیلێك، نرخی 100 دۆلاریش بە 118 هەزار دینار. http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=211  بیرهێناوە بەوتەی عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی 3ی 2018 دا سۆمۆ ( 107 ملیۆن و 50 هەزار بەرمیل )نەوتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە و داهاتەكەشی( 6 ملیار و 418 ملیۆن و 58 هەزار دۆلار بووە. بە تێكڕا رۆژانەی هەناردەكردنی نەوت لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە ( 3 ملیۆن و 453 هەزار )بەرمیل و هەر بەرمیلێك بە( 59.9 دۆلار) فرۆشراوە. واتا نرخی بەرمیلێك بەبەراورد بە فرۆشراوی مانگی ئازار ( 12.9 دۆلار) زیاترە


بەپێی ئامارەكانی سایتی ( تانكەر تراكەرز) بڵاویكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری  جەیهانی توركیەوە رەوانەكردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا. ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە بازارەكانی جیهاندا ( 69 دۆلار)ە نەوتی هەرێم بە ( 10 دۆلار) كەمتر دەفرۆشرێت،بەو پێیەش كۆی داهاتی نەوتی مانگی ئازاری هەرێم كە (10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 ) بەرمیل بووە دەكاتە  ( 600ملیۆن دۆلار ) دۆلار كە دەكاتە ( 718 ملیار دینار )ی عێراقی، خۆ ئەگەر لەو داهاتە ( 200 ملیار) دیناریشی بۆ خەرجی بڕوات ئەوا ( 518 ملیار دینار ) دەمێنێتەوە لەگەڵ ( 317 ملیار دیناری) بەغدا و ( 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ و ( 25 ملیار دیناری) ئەمریكا دەكاتە ( 980 ملیار دینار) كە كۆی موچەی موچەخۆران بە موچەی تەواوەتیەوە ( 897 ملیار دینار)ە بەو پێیەش حكومەت دەتوانێت تەواوی موچەش بدات و مانگانەش بڕی ( 83 ملیار دینار)ی بۆ دەمێنێتەوە.


نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕەكانی جیهاندا بەهۆی پاشەكشێی چالاكییەكانی هەڵكەندنی بیر لە ئەمریكا و پێشبینی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا لەلایەن واشنتۆنەوە بەرزبووەوە و نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی خۆرئاوای تەكساسی ئەمریكا 26 سەنت بەرزبووەوە گەیشتە 65.20 دۆلار، هەروەها نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تێكەڵەی برێنت 44 سەنت بەرزبوەوە گەیشتە 69.78 دۆلار. كۆمپانیای خزمەتگوزاری وزە بەیكەر هیوز لە راپۆرتی هەفتانەیدا رایگەیاند كۆمپانیا ئەمریكییەكان  سەكۆكانی هەڵكەندنی بیری نەوتیان بۆ 797 سەكۆ كەمكردووەتەوە و ئەوەش یەكەمجارە لە ماوەی سێ‌ هەفتەدا كەمبكرێتەوە. زیاتربوونی چالاكییەكانی هەڵكەندنی بیری نەوت لە ساڵی 2016 ەوە وایكرد بڕی بەرهەمهێنانی  نەوتی خاو لە ئەمریكا بگاتە 10.43 ملیۆن بەرمیل رۆژانە و بەوەش پێش سعودیە كەوت و بووە یەكەمین وەڵاتی بەرهەمێنەری نەوت لە جیهاندا. بەهۆی رێككەوتی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت ( ئۆپیك) بۆ دانانی كۆت و بەند لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە ساڵی 2017دا نرخی نەوتی لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزكردەوە، سەرەڕای ئەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە روسیا لە مانگی رابردوودا گەیشتە 10.97 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەوەش روسیا پێش ئەمریكا كەوت و پلەی یەكەمی لە بەرهەمێنانی نەوتدا بەدەستهێنا. هەروەها عێراقیش كە دووەم بەرهەمێنەری نەوتی رێكخراوی ئۆپیكە بڕی دیاریكراوی رێككەوتنەكە كە 4.4 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێكدا تێپەڕاند و گەیشتە نزیكەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و ئەنجومەنی وەزیرانیش رۆژی یەكشەممە پلانی زیادتركردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی بۆ 6.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا پەسەندكرد تا هاتنی ساڵی 2022. ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم رۆژانە بە نزیكەی ( 340 هەزار ) بەرمیل نەوت رەوانە دەكات و بە پێی وتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بەبەراود بە نەوتی برینت 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشرێت لە بازاڕەكانی جیهان بەو پێیەش لە ئێستادا نەوتری هەرێم بە نزیكەی 60 دۆلار دەفرۆشرێت.   


وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی فرۆش و داهاتی نەوتی مانگی ئازاری 2018ی راگەیاند: وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری رابردوودا 107 ملیۆن و 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوەكردووە و كۆی داهاتەكەشی شەش ملیار و 418 ملیۆن بووە. عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند كۆمپانیا " سۆمۆ" لە مانگی ئازاردا 107 ملیۆن و 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە و داهاتەكەشی( 6 ملیار و 418 ملیۆن و 58 هەزار دۆلار بووە. (داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئازار 6 ملیار و 418 ملیۆن دۆلارە، بەڵام داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی شوبات 5 ملیار و 769 ملیۆن دۆلاربووە  واتا داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان مانگی دوو و مانگی سێ ( 649 ملیۆن دۆلار ) زیادی كردووە.  بەوتەی جیهاد بە تێكڕا رۆژانەی هەناردەكردنی نەوت لەو مانگەدا گەیشتوەتە سێ‌ ملیۆن و 453 هەزار بەرمیل و هەر بەرمیلێك بە 59.9 دۆلار فرۆشراوە. جیهاد ئاشكراشیكرد كۆی ئەو بڕە نەوتە لە بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردەی دەرەوە كراوە و هیچ بڕە نەوتێكی كێڵگەكانی كەركوكیش تۆمارنەكراوە. بیرهێنانەوە/  داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی شوبات 5 ملیار و 769 ملیۆن دۆلارە. وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی فرۆش و داهاتی نەوتی راگەیاندو كە لەمانگی شوباتدا ( 28 رۆژ ) بڕی ( 95 ملیۆن و 940 هەزارو 404 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەكەشی ( 5 ملیار و 769 ملیۆن و 532 هەزار) دۆلار بووە، كە نرخی بەرمیلێك نەوت ( 60.1) دۆلار بووە، واتا رۆژانە بڕی ( 3 ملیۆن و 426 ) بەرمیلی رەوانەكردووە، بەبێ كەركوك و هەرێمی كوردستان. https://oil.gov.iq/index.php?name=News&file=article&sid=1911



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand