ئێران: داوا لە خەڵك دەكرێت پارە و ئاڵتونەكانیان بخەنە بازاڕەوە
2018-06-26 12:50:51
(درەو میدیا):
"پارەو ئاڵتونەكانتان بخەنە بازاڕەوە" ئەمە داواكاری حكومەتی تارانە لە خەڵكی ئێران بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە ئابورییەی كە ڕووی لە بازاڕەكانی وڵات كردووە.
محەمەد باقر نەوبەخت وتەبێژی حكومەتی ئێران لە لێدوانێكدا كە میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە وتی: دەوڵەت نیازی هەیە دراوی میللی بەهێز بكات، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی میللی هەیە، هیچ كارێكی دەوڵەت بەبێ پشتیوانی و پاراستنی میللەت ناتوانێت بەرەو پێش بڕوات.
نەوبەخت ئاماژەی بەوەكرد، حكومەتی ئێران هۆكاری ناسەقامگیری بەهای دراو نییە، ئەمریكا لە پشت ئەو پیلانگێڕییەوەیە.
چەند رۆژێكە شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چەند شارێكی ئێرانی گرتوەتەوە، بەتایبەتی تارانی پایتەخت، خۆپیشاندانی ئەمجارە لەناو بازاڕەكانەوە سەریهەڵداوە، دوكاندارو كاسبكاران نیگەرانن لە دابەزینی بەهای تمەن لەبەرامبەر دۆلار، ئەمە سەرباری بێ بازاڕی و بەرزبونەوەی نرخی كاڵاكان.
بەڵام وتەبێژی حكومەتی ئێران قسەیەكی پێچەوانە دەكات و دەڵێ" داهاتمان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بەرێژەی 60%ی بەرزبوەتەوە و داهاتی نەوتیش بەبەراورد بە ساڵی رابردوو بەرێژەی 74% زیادی كردووە و ئامارەكان دەریدەخەن ئابوریمان كێشەی نییە".
پێشتریش حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، بەشی پێویستی خەڵك دراو لەناو بازاڕدا هەیە.