ئەمریكا سزا بەسەر پێنج بانكی عێراقدا دەسەپێنێت
2018-08-12 12:05:22
(درەو میدیا):
بانكی فیدراڵی ئەمریكا بەنیازە پێنج بانكی عێراق بخاتە ناو لیستی سزاكانییەوە، دیارنییە ئایا هیچ یەكێك لەو بانكانە لقیان لە هەرێمی كوردستان هەیە یاخود نا.
بەپێ چەند راپۆرتێكی هەواڵی كە لە زاری ژمارەیەك سەرچاوەی دیپلۆماسی عێراقییەوە بڵاوكراوەنەتەوە، بانكی فیدراڵی ئەمریكا سزا بەسەر پێنج بانكی نوێی عێراقیدا دەسەپێنێت و ئێستا تیمێكی راوێژكارانی ئەمریكا لە عێراقن بەمەبەستی چاودێریكردنی ئەو بانكانە كە بڕیارە هەمان ئەو سزایانەیان بەسەردا بسەپێندرێت كە پێشتر بەسەر بانكی "البلاد الاسلامی"دا سەپێندرا.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو پێنج بانكەی كە بڕیارە ئەمریكا سزایان بەسەردا بسەپێنێت گومانیان لەسەرە لەلایەن ئێرانەوە بەكاربهێنرێن بۆ حەواڵەی دارایی و لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاوە لەژێر چاودێریدان، بەڵام ئەوكات تەنیا یەك بانكیان سزای بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان، لە چەند مانگی رابردوودا ئەمریكا جارێكی تر چاودێرییەكانی لەسەر ئەو پێنج بانكە عێراقییە كاراكردوەتەوە و لێكۆڵینەوەكان خۆی دەبینێتەوە لە گومانی "گواستنەوەی نەختینەی پارە، حەواڵەی دارایی گوماناوی بۆ لوبنان و سوریا و ژمارەیەك وڵاتی ئاسیا و ئەوروپای خۆرهەڵات".
ساڵی رابردوو ئەمریكا بانكی "ئیلافی ئیسلامی" عێراقی خستە لیستی رەشەوە.
ئەو بانكانەی كە لەلایەن ئەمریكاوە دەخرێنە ناو لیستی رەشەوە ناچاردەكرێن لە نێوان دوو بژاردەدا یەكێكیان هەڵبژێرن، راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی ئێران كە ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندون یاخود راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ سیستمی دارایی ئەمریكا.