Draw Media

سەربەخۆیی لە فرۆشتنی نەوت بۆچی؟

سەربەخۆیی لە فرۆشتنی نەوت بۆچی؟

2018-07-04 08:49:11


راپۆرتی: عەبدولڕەحمان رەزگەیی

ئەمڕۆدا باشوری کوردستان لە سەخترین دۆخی ئابووری دایە، ئەوە جگە لەوەی تەواوی سێکتەرەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری پەکیان کەوتووە، لە ھەمان کاتدا حکومەت ناتوانێت بڕەموچەی پێویستیش بدات بە موچەخۆران، سەرباری ئەو قەرازانەی کە لەسەریەتی، لە وەڵامی بێموچەیی و خراپی دۆخی گوزەرانی خەڵکیشدا حکومەت بەغدا بە بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم تاوانباردەکات و ھۆکارەکە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە بەغدا لە مانگی 5 ساڵی 2014 وە بەشە بودجەی ھەرێمی بڕیوە، بیانووی حکومەتی مەرکەزیش بۆ بڕینی بوجە فرۆشتنی نەوتە بە شێوەی سەربەخۆ لەلایەن حکومەتی ھەرێم و بێ ئاگاداری بەغدا.

زیادەڕەوی نیە ئەگەر بڵێین یەکێک لە ھەڵەترین بڕیارەکانی  سەرانی کورد لە باشور بریتی بوو لە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ و نە گەڕانەوە بۆ حکومەتی بەغدا، لە 23 ی 5 ساڵی 2014 وە (ئاشتی ھەورامی) وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکەمەتی ھەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (Reuters) دەڵێت:- ئیتر بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێڕاق و ڕێخراوی فرۆشتنی نەوتی عێڕاق (State Oil Marketing Organization (SOMO)) نەوتی کەرکوک و ھەرێم دەفرۆشین لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکوک - جەیھانەوە، دوای ئەوەش بەغدا بەشە بوجەی ھەرێمی بڕی.

زۆر ھەڵدەگرێت ئەگەر لە ھەموو ڕویەکەوە زیانەکانی بڕیاری فرۆشتنی نەوت لەلایەن ھەرێمەوە ھەڵبسەنگێنین، لە زیادکردنی بواردان بۆ احتیکار و بیانوودان بە حکومەتی مەرکەزی بۆ بڕینی بودجەی ھەرێم و ھەرزانفرۆشکردنی نەوت، بەڵام لێرە ئێمە زۆرتر فۆکس دەخەینەسەر ھەرزانفرۆشکردنی نەوت بە تورکیا لەلایەن ھەرێمەوە.

ھەرێمی کوردستان چونکە دەوڵەت نیە ناتوانێت بە نرخی وڵاتێکی سەربەخۆ نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بفرۆشێت، زۆرینەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر وڵاتێک ستاتۆیەکی سەربەخۆی نەبێت ئەوا ھەر بەرمیلێک بە کەمتر لە 8 ھەشت دۆلار دەفرۆشێت لە بازاڕەکانی جیھان بە بەروارد بە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام بەرپرسانی ھەرێم ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ھەرێم بە کەمتر لە 11 دۆلار نەوتەکەی دەفرۆشێت، لە ھەردوو حاڵەتەکەدا لە ساڵی 2014 وە زیانی چەند ملیار دۆلارێک بەر ئابووری ھەرێم و عێڕاق کەوتوە، لە کاتێکدا ئەگەر ھەرێم بڕیاری سەربەخۆی فرۆشتنی نەدابا نە بەغدا بیانووی بڕینی بودجەی ھەرێمی ھەبوو، نە داھاتی نەوتیش ئاوا نا شەفاف دەبوو، نە بەو ڕێژەیەش زیان بەر ئابووری عێڕاق و ھەرێم دەکەوت بە ھۆی ھەرزانفرۆشکردنی نەوتەوە کە لە خوارەوە باسی دەکەین.

 لێرەدا دەتوانین دوو شیکاری بۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بکەین:-

یەکەم/ ئەگەر بە کەمتر لە 11 یازدە دۆلار فرۆشرابێت بەم شێوەیەیە:-


لە 23 ی 5 ساڵی 2014 وە ھەرێم بۆ ماوەی 7 مانگ بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی فرۆشتووە و بەپێی سەرجەم ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھەرێم مانگانە بە بەردەوامی 650000 (650000bbd) شەش سەدو پەنجا ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکات لە ھەر ڕۆژێکدا، بەو پێیە لە 7 حەوت مانگدا کە دەکاتە 210 ڕۆژ حکومەت 136,500,000  سەد و سیو شەش ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە کردوە و ھەر بەرمیلێکیش بە 11 یازدە دۆلار کەمتر فرۆشراوە کە بە بڕەکەی دەکاتە 1,501,500,000 یەک ملیار و پێنج سەد و یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار دۆلار کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان.

لە ھەردوو ساڵی 2015 و 2016 دا کە دەکاتە 720 حەوت سەدو بیست ڕۆژ ڕۆژانە 650000 شەش سەدوو پەنجا ھەزار بەرمیل ھەناردە کراوە کە لەو دوو ساڵەدا دەکاتە 468,000,000 چوارسەدو شەست و ھەشت ھەزار بەرمیل و بەکەمتر لە 11 یازدە دۆلار دەکاتە بڕی 5,148,000,000 پێنج ملیار و سەدو چل و ھەشت ھەزار دۆلار کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان.

لە 10مانگ و 15 ڕۆژی ساڵی 2017 دا واتا تا 16  ی October کە دەکاتە  315 سێ سەد وپازدە ڕۆژ ، ھەرێم ڕۆژانە 650000 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردە کردووە، ئەوا دەکاتە 204,750,000 دوو سەدو چوار ملیۆن  و حەوت سەدو پەنجا ھەزار بەرمیل، بە کەمتر لە 11 دۆلار لە بازاڕەکانی جیھان فرۆشراوە دەکاتە 2,252,250,000  دوو ملیار و دوو سەدو پەنجا و دوو ملیۆن دووسەدوو پەنجا ھەزار دۆلار.

 کۆی گشتی دەکات( 8,901,750,000)  ھەشت ملیارو نۆسەدو یەک ملیۆن و حەوت سەدو پەنجا ھەزار دۆلار 

دووەم/ ئەگەر بە کەمتر لە  8 ھەشت دۆلار فرۆشرابێت بەم شێوەیەیە:-
لە ماوەی حەوت مانگی ساڵی 2014 دا حکومەت 136,500,000 سەدو سیو شەش ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوتى ھەناردە کردووە، بەکەمتر لە 8 ھەشت دۆلار، ئەوا بە بڕی 1,092,000,000 یەک ملیار و نەودو دوو ملیۆن کەمتر فرۆشراوە.
لە ھەردوو ساڵی 2015 و 2016 دا 468,000,000 چوارسەدوو شەست و ھەشت ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە بە کەمتر لە 8 دۆلار دەکاتە  3,744,000,000 سێ ملیار و حەوت سەدو چل و چوار ملیۆن دۆلار.

لە 10 مانگ و 15 ڕۆژی ساڵی 2017 دا، حکومەت 204,750,000 دوو سەدو چوارملیۆن حەوت سەد و پەنجا ھەزار بەرمیل نەوتی ھەناردەکردووە، کە دەکاتە 1,638,000,000 یەک ملیار و شەش سەدو سی و ھەشت ملیۆن دۆلار کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان.

 کۆی گشتی دەکاتە( 6,474,000,000  ) شەش ملیار و چوارسەد و حەفتاو چوار ملیۆن دۆلار)

لە دوای 16 ی October یشەوە بەپێی لێدوانێکی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم (سەفین دزەیی) بۆ کەناڵی Kurdsat News ھەناردەی نەوتی ھەرێم کەمبۆتەوە بۆ 300000 سێ سەد ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەو پێیە بێت مانگانە ھەرێم 9,000,000 نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، کە بەکەمتر لە 11 دۆلار دەیفرۆشێت کە لە ھەر مانگێکدا 99,000,000 نەودو نۆ ملیۆن دۆلار کەمتر لە بازاڕەکانی جیھان دەیفرۆشێت و بە بەردەوامی مانگانە زیانی نەوەد و نۆ ملیۆن دۆلار زیان بە ئابوری ھەرێم دەگات.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوەیە کە حاڵەتی یەکەم ڕاستبێت یان دووەم ئەوا لە ھەر بەرمیلێک 11 دۆلار نایەتەوە ناو خەزێنەی حکومەت، واتە ئەگەر ھەرێم بە 8 دۆلار بیفرۆشێت یان بە 11 دۆلار، ئەوا لەھەر بەرمیلێک 11 دۆلار کەمتر دێتەوە ناو خەزێنەی حکومەت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand