Draw Media

كێ لە پشت بازرگانی ئۆتۆمبیلەوەیە ؟

كێ لە پشت بازرگانی ئۆتۆمبیلەوەیە ؟

2019-09-16 16:43:40


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی گومرگی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی جۆری (رۆڵز رۆیس) هاتوەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە كە یەكێكە لە گرانبەهاترین ئۆتۆمبیلەكان لەسەر ئاستی جیهان، چەند رۆژێكە داخڵكردنی دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها كێشەی لەو دەروازە سنورییە دروستكردووە، بەپێی قسەی پەرلەمانتارێك بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە دەرەوەی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدیل كۆن هاوردە دەكات، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێم دەڵێ دەبێت وەزیری دارایی‌و ناوخۆ پێكەوە گفتوگۆ بكەن‌و كێشەكە چارەسەر بكەن.

دوو ئۆتۆمبیل لە كۆنتێنەرێكدا
رۆژی 25ی مانگی رابردوو، دوو ئۆتۆمبیلی گرانبەها لە جۆرەكانی (رۆڵز رۆیس)‌و (رانج رۆڤەر) لەناو كۆنتێنەرێكدا گەیشتە ناو دەروازەی باشماخ.
بەرلەوەی كۆنتێنەرەكە بە ئۆتۆمبیلەكانی ناوییەوە بگاتە ناو گۆڕەپانی گومركەكە، هێزێكی ئاسایشی گومرگ لەكاتی پشكنینی كۆنتێنەرەكە لە ئامێری "سۆنار"، دەستیان بەسەر هەردوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەدا گرت، بڕیاربوو ئەم دوو ئۆتۆمبیلە بەشێوە نایاسایی "قاچاخ" بەناو گومرگەكەدا دەربازبكرێن‌و بهێنرێنە ناو سنوری هەرێمی كوردستانەوە.
هەردوو ئۆتۆمبیلەكە (رۆڵز رۆیس‌و رانج رۆڤەر)، مۆدێلی كۆنن‌و بەپێی یاسای كارپێكراوی گومرگ هێنانەناوەوەیان قەدەغەیە، بەپێی یاسا تەنیا ئەو ئۆتۆمبیلانە بۆیان هەیە بهێنرێنەناو هەرێمەوە كە مۆدێلیان بۆ سێ ساڵی كۆتایی دەگەڕێتەوە واتە مۆدێلەكانی (2017- 2018- 2019).

سكاڵایەكی یاسایی !
بەپێی ئەو زانیارییەكانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، دوای ئەوەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی گومرگی باشماخ كە ناوی (عەقید ئەحمەد)ە، ئۆتۆمبیلەكان رەوانەی ئاسایشی سلێمانی كردووە، لە سلێمانی (رۆڵز رۆیس)ەكە رادەستی خاوەنەكەی كراوەتەوە كە كەسێكە بەناوی (ر-س)، رانج رۆڤەر-ەكەش لای ئاسایش ماوەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لە سلێمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لیوا مەریوان كەمال سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ
داوای لە (عەقید ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەكە كردووە، ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنێتەوە بۆ دەروازەكە، چونكە بەشێوەی نایاسایی داخڵكراون‌و گورمرگ نەكراون، بەڵام بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی باشماخ رەتیدەكاتەوە.
لە لێدوانێكدا تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری دەروازەی گومرگی باشماخ چیرۆكی هاتنەناوەوەی دوو ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكەی پشتڕاستكردەوە‌و رایگەیاند:" بەپێی یاسا دەبێت ئەو دوو ئۆتۆمبیلە بگەڕێنەوە بۆ ناو گومرگ‌و لەوێ بەپێی یاسای گومرگی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت". 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان ئاگاداری كێشەیەكە، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" گومرگی باشماخ رێوشوێنی یاسایی گرتوەتەبەر‌و دەبێت ئۆتۆمبیلەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ گومرگەكە".

ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان لە هەرێم
هەرێمی كوردستان پابەندە بە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (23)ی ساڵی 1984ی یاسای گومرگی عێراقەوە، ئێستا ئەم یاسایە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەركارە.
بەپێی پێناسی گومرگی نوێی عێراق، ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان بریتین لەو ئۆتۆمبیلانەی كە لەسەر ئاستی جیهان كۆدی ژمارە (87032420)و (87032422)یان هەیە‌و (پلەیەك ساڵۆن یاخود ستەیشن)ن‌و قەبارەی مەكینەكەیان (8 بستن) بەرەو سەرەوەیە.
ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە ئەم جۆرە تایبەتمەندییانەیان تێدایە‌و گرانبەهان بریتین لەمانە:
•    رۆڵز رۆیس
•    فراری
•    لابوركینی
•    لیمۆزین
•    مارسیدس G كلاس
•    رانج رۆڤەر
•    پۆرش
•    لێكزز
بەگوێرەی پێناسی گومرگی، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلانە ئەگەر مۆدیلیان لەچوارچێوەی مۆدێلە رێگەپێدراوەكاندا بێت، واتە مۆدێلی سێ ساڵی كۆتایی بن، ئەوا لەكاتی هاوردەكردنیان، لە گومرگەكانی هەرێم رێژەی 15%ی ئەو بەهایەیان لێوەردەگیرێت كە لە پێناسی گومرگیدا بۆیان دیاریكراوە.
لە پێناسی گومرگیدا هاتووە، بەهای ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان لەنێوان (80 هەزار) دۆلارەوە دەستپێدەكات بۆ (90 هەزار) دۆلار، بەزمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان واتە بەهاكەیان لەنێوان (8 دەفتەر بۆ 9 دەفتەر) دۆلاردایە.
ئەگەر ئۆتۆمبیلێك بەهاكەی، بڕی (8 دەفتەر) دۆلاری لەسەر ئەژماربكرێت، رێژەی 15%ی ئەم بەهایەی وەكو گومرگ لێوەردەگیرێت، كە دەكاتە (120) وەرەقە.
ئەو دوو ئۆتۆمبیلەی كە ئێستا كێشەی لە دەروازەی باشماخ دروستكردووە، ئەم یاسایە نایگرێتەوە، چونكە لە بنەڕەتەوە بەپێی مۆدێلەكانیان نابێت هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێن، واتە بەرلەوەی گومرگ بكرێن، دەبێت سزای دارایی بەسەر خاوەنەكەیدا بسەپێندرێت كە هەوڵی دەربازكردنی داون لە دەرەوەی یاسای كارپێكراو.
بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی باڵاوە لە وەزارەتی دارایی دەست (درەو میدیا) كەوتووە" لەسەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا لە دەروازەی باشماخەوە (4) ئۆتۆمبیلی (رۆڵز رۆیس)‌و (45) ئۆتۆمبیلی (رانج رۆڤەر) هاتونەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە".

بازرگانی ئۆتۆمبیل لە كوردستان
كێشەی ئەو دوو ئۆتۆمبیلە لە دەروازەی باشماخ، دواین ئەلقەی زنجیرەیەك كێشەی گەورەتری بواری بازرگانی ئۆتۆمبییلە لە هەرێمی كوردستان.
لە هەرێم بازرگانی ئۆتۆمبیل یەكێكە لەو بازرگانیانەی كە هاوشێوەی دۆسیەی نەوت‌و بوارەكانی تر ناشەفافە‌و لەلایەن حزب‌و دەستڕۆیشتووەكانی ناو حزبەوە قۆرخكراوە.
دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژانە روبەڕووی چەندین حاڵەتی فشاری پشتی پەردەی بەرپرسانی سیاسی حزبی‌و حكومی دەبنەوە، كە هەوڵی تێپەڕاندنی نایاسایی ئۆتۆمبیل دەدەن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێك لەو ئۆتۆمبیلە (رۆڵز رۆیس)انەی كە لەمساڵدا لە دەروازەی باشماخەوە هاتوەتە ناوەوە، بە نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم داخڵكراوە، ئۆتۆمبیلەكە بۆ كەسێك بووە كە مامۆستای زانكۆ بووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، شەوی 8ی ئەم مانگە، دەروازەی (پەروێزخان)ەوە هەوڵدراوە (20) ئۆتۆمبیل هاوردەی ناو هەرێم بكرێت بەبێ پێدانی گومرگ‌و دەركردنی نوسراوی فەرمی، ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانە لە گومرگەكە دەستیان بەسەردا گیراوە‌و فشاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی داخڵی ناو هەرێم بكرێن.
لەكاتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، (درەو میدیا) ئاگاداركرایەوە لەوەی لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی داخڵكردنی كەلوپەلی بەسەرچوو، حسین ئەحمەد بەڕێوەبەری گومرگی گەرمیان دەستگیركراوە.
رۆژی (4)ی ئەم مانگە، دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیی:" بەرۆژی روناك‌و بەناو دەروازەكاندا، ئۆتۆمبێلی مۆدێل كۆن دەهێنرێتە ناوەوەی هەرێم‌و بەئیمزایەكی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ جەلالی شێخ كەریم بە بەرچاوی ئەو خەڵكەوە رەقەمی بۆ دەكرێت".
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" بەپێی یاسا ئۆتۆمبیلی مۆدێل كۆن نابێت هاوردە بكرێت،  دەبێت وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی پێكەوە گفتوگۆی لەسەر بكەن‌و چارەسەری بكەن".

لەبارەی رۆڵز رۆیسەوە !
رۆلز رۆیس "Rolls-Royce" یەكێكە لە گرانبەهاترین جۆرەكانی ئۆتۆمبیل لەسەر ئاستی جیهان، هەر لە سەرەتای دروستكردنیەوە، ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلە كە ئینگلیزییە، جێگای سەرەنجی چینی ئۆرستۆكراتی نوێی جیهان بووە.
ئەم ئۆتۆمبیلە لە ساڵی 1946وە دەستكراوە بە دروستكردنی، لەناوچەی مێژوویی "كرو" لە باكوری ئینگلتەرا دروستدەكرێت، شێوازی دروستكردنەكەی نەریتییە واتە لەرێگای مەكینەوە نابەسترێت، بەڵكو پارچەكانی بەشێوازی دەستیی كۆدەكرێنەوە‌و پێكەوە دەبەسترێنەوە.
ساڵی 1931 كۆمپانیای رۆلز رۆیس لەگەڵ كۆمپانیای "بنتلی" یەكیگرت، كە ئەمیش بەهەمان شێوە كۆمپانیایەكی بەریتانی بوو، بەر لە كۆتایی سەدەی رابردوو، رۆلز رۆیس بوو بە موڵكی كۆمپانیای (BMW)ی ئەڵمانی، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ونبوونی ئەو ماركەیەی كە ئینگلیزەكان خۆیان دایانهێنابوو، لەدوای ساڵی 2003وە (BMW) بەتەواوەتی بوو بە خاوەنی كۆمپانیای رۆڵز رۆیس، ئیتر لەو كاتەوە ئۆتۆمبیلی رۆلز رۆیس لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی ناوبانگی دەركرد‌و كۆمپانیاكە چەندین ئۆتۆمبیلی بە تایبەتمەندی جیاواز بۆ پادشا‌و سەرۆك‌و سەرمایەدارە گەورەكان عەرەب دروستكرد، بەمدواییە هەندێك لە سەرمایەدارەكانی هەرێمی كوردستانیش چاویان خستوەتەسەر ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلە‌و هاوردەی دەكەن بۆ بەكارهێنانی تایبەت بە خۆیان.
بەپێی بەیاننامەیەك كە كۆمپانیاكە لە كانونی دووەمی 2014 بڵاویكردوەتەوە، ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی 2013دا بەڕێژەی 1,5% ئاستی فرۆشی زیادی كردووە.
بەیاننامەكە ئاشكرایكردووە، لە ساڵی 2013دا كۆمپانیاكە (3 هەزارو 630) ئۆتۆمبیلی رۆلز رۆیسی فرۆشتووە، ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی 2012 فرۆش كەمتربووە‌و (3 هەزارو 575) ئۆتۆمبیل فرۆشراوە.
ئەوكات نرخی هەر ئۆتۆمبیلێكی رۆلز رۆیس زیاتر لە (200 هەزار) یۆرۆ بووە، واتە نزیكەی (272 هەزار) دۆلاری ئەمریكی، بەزمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان ئەمە دەكاتە (27) دەفتەر دۆلار.
ساڵی 2014 كۆمپانیای رۆڵز رۆیس سكاڵای یاسایی لەسەر هاوڵاتییەكی خەڵكی ئیماراتی عەرەبی تۆماركرد، ئەو پیاوە كە ئۆتۆمبیلێكی رۆڵز رۆیسی هەبوو، بە ئۆتۆمبیلەكەی گژوگیای بۆ ئاژەڵەكانی دەگواستەوە، كۆمپانیاكە وەكو سوكایەتی بە ئۆتۆمبیلەكەی ئەم هەڵسوكەوتەی لێكدایەوە.
ئەم كۆتۆمبیلە كۆمەڵێك تایبەتمەندی تێدایە كە وایكردووە بە نرخێكی گران بەها بفرۆشێت، لە دیارترین تایبەتمەندییەكان رۆڵز رۆیس ئەمانەن:
•    فراوانی بزوێنەرەكەی 6,75 لیتر
•    هێزی بزوێنەرەكەی 6500 سی سی-یە كە دەكاتە توانای راكێشانی 453 ئەسپ
•    8 گێڕی خێرایی هەیە‌و لە یەك كاتژمێردا 240 كیلۆمەتر دەبڕێت
•    سیستمی سەلامەتی ئەلیكترۆنی تێدا جێگیركراوە بەبەرزترین ئاست
•    چەندین تایبەتمەندی تری ورد كە پێكەوە بەهای ئۆتۆمبیلەكەیان بەرزكردوەتەوە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand