Draw Media

(درەو میدیا): ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا. دادوەر لەیس جەبر حەمزە، وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەنجومنی كۆمسیاران پێداویستییەكانی پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكانی تاوتوێكردووە بۆئەوەی پلانێكی گشتگیر بۆ دەستكردن بە پرۆسەكە دابڕێژێت بە گوێرەی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنەكان. وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران وتیشی بۆئەوەی ئەو پرۆسەیە لە كاتێكی دیاریكراواد بەڕێوەبچێت، ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا لە رۆژی شەممەوە دەوامی فەرمیی هەموو فەرمانبەرانی كۆمسیۆن دەستپێبكات ، هەروەها بڕیاریشدرا مۆڵەتی فەرمانبەرانی كۆمسیۆن لە نوسینگەی نیشتمانی و نوسینگەی پارێزگاكان رابگیرێت جگە لە چەند حاڵەتێكی نائاسایی و كتوپڕ.  


(درەو میدیا): ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا سەبارەت بە حوكمی "یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران" چەند بڕیارێكی دەركرد، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كاردانەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان قایلبونی خۆیان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی راگەیاند، كە پوختەی بڕیارەكەكانی بریتی بوون لە: 1- هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەنگاوێكی دەستورییە.   2- هەڵوەشاندنەوەی رەهای دەنگدانی دەرەوە و ئاوارە و جوڵەی دانیشتوان و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستانی تا ئەو كاتەی كە دەسەلمێنرێت ساختەكاریی تێدایە، نادەستورییە. 3- بڕیاری ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست، بڕیارێكی دەستورییە.  4- دانانی دادوەرەكان لەبری ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بڕێكی دەستورییە. قسەی لایەنە كوردییەكان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ئەمین بەكر - سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ (درەو میدیا): " بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی زۆر زۆر باشەو لە بەرژەوەندیماندایە.. هەموو بڕیارەكانی دادگا تەواوی گرنگن، دادگا هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێمی كوردستان رەتنەكردوەتەوە و دەڵێ دەبێت بسەلمێنرێت و دواتر هەڵبوەشێنرێتەوە". خەسرەو گۆران - بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان: " پارتی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق رازییەو ئەو بڕیارانە بە دڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پارتی هەر ئەوەی دەویست كە بڕیاری لەبارەوە دراوە.. پارتی سكاڵای لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەەنگی پێشمەرگە و ئاوارەكان تۆماركردووە و دادگاش بڕیاریداوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانە نادەستورییە". ئارێز عەبدوڵا- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق: "پشتیوانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكەم، بڕیارێكی بێلایەنانەیە، رەتكردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بڕیارێكی یاسایی و جێی دڵخۆشییە". سەڵاحەدين محەمەد بەهائەدین- ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: " وەك یەكگرتوو پابەندین بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، دەستخۆشیان لێدەكەین و رەتكردنەوەی دەنگی تایبەتیش تەنها پەیوەست نەبووە بە پێشمەرگەوە، بەڵكو هێزەكانی ناوخۆو زیندانییەكان و چەند توێژیكی تری دەگرتەوە".   بۆچونی لایەنە عێراقییەكان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی: حسێن عادلی- وتەبێژی ئیئتیلافی " النصر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات: "ئیئتیلافی نەسر پابەندبونی تەواوەتی خۆی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رادەگەیەنێت، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین ملكەچی بڕیارەكانی دادگا بن". سەلیم جبوری- سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  " بڕیارەكە بەرزدەنرخێنین، پەرلەمان سەركەوتوو بوو لە چەسپاندنی پایەكانی دیموكراتیەتدا".   ئەیاد عەلاوی- جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی: " رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرێن، ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی گورزێكی كەمەرشكێن بوون بۆ ویستی ساختەكاریی و گەندەڵیی".     ئوسامە نوجێفی- جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی قەرار " پشتیوانی تەواو لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەم لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن، داوادەكەم وەكو ئامادەكاری بۆ پرۆسەی وردبینی، هەموو ئەو ناوچانە كۆنترۆڵبكرێن كە سندوقەكانی دەنگدانیان تێدا ئەمباركراوە".   حەسەن تۆران - ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبەرەی توركمانی: " پێشوازی لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین، بڕیارەكانی دادگا سەركەوتنی ئیرادەی گەلی عێراق بوو كە ساختەكاریان لە هەڵبژاردنەكان رەتكردەوە بەتایبەتیش لە پارێزگای كەركوك".    ئەرشەد ساڵحی- سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق: " پیرۆزبایی لە مانگرتووەكانی كەركوك دەكەین كە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق و ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی نارەزایی و  هەڵوێستەكانی ئەوانە ".        


دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵی، دادوەر مدحەت مەحمود سەرۆكی دادگاكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا تانەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رەتبكاتەوە." سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتیشی:" رێوشوێنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەربارەی هەڵبژاردنەكان یاسایی و دەستوریین ". جەختیشیكردەوە كە ئەژماركردنی دەستی دەنگەكان بە رێوشوێنێكی دروست دادەنرێت. دادوەر مدحەت مەحمود راشیگەیاند دادگای باڵای فیدراڵی عێراق   پشتگیری لە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران كردووە بۆ دانانی چەند دادوەرێكی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان. راشیگەیاند دادگا مادەی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و تایبەتی رەتكردەوە چونكە ئەوە بەبەفیڕۆدانی دەنگی دەنگدەران دادەنرێت.  


(درەو میدیا): دەقی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە تانەكانی یاسا هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان: یەكەم: نادەستوریی بوونی مادەی(3 ) لە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان كە تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە وجوڵەی دانیشتوان و ئاوارەكان و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان. دووەم: رەتكردنەوەی هەموو ئەو تانانەی لەسەر یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركراون، لەبەرئەوەی ئەو تانانە پشتیان بە دەقێكی دەستوریی نەبەستووە. سێیەم: هەردوو لایەنی دۆسیەی ئەو سێ‌ تانەیە خەرجیی و مافی ماندووبونی پارێزەران كە 100 هەزار دینارە لە ئەستۆدەگرن بە رێژەی ئەوەی لەو سێ‌ تانەیەدا هەردوو لایەن چەندیان لەدەستداوە.  


سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی راگەیاندووە"حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگە بەهیچ گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری نادات كە خاكەكەی بەكار بهێنن دژ بە وڵاتانی ئێران و توركیا.   دزەیی ئاماژە بەوەش دەكات" جوڵەو چالاكی  گروپە چەكداریەكان دژ بە ئێران كە لەناو خاكی هەرێمی كوردستانن، واتای ئەوە نیە كە هەولێر هاوكاریان دەكات، جەختیشی كردەوە كە رێو شوێنی توند دەگرنە بەر دژ بەو چالاكیانە. دەشڵێت" ئەو گروپە چەكداریانە ئاگاداركراونەتەوە كە مافی ئەوەیان نیە خاكی هەرێمی كوردستان دژ بە دراوسێكانمان (ئێران و توركیا )بەكاربهێنن".   لەبارەی هەماهەنگی نێوان هەولێر و تاران دزەیی نایشارێتەوە كە " ئێران و حكومەتی هەرێم ژوورێكی عەمەلیاتی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ لەناوبردن و وەستاندنی جوڵە سەربازیەكانی پارتە كوردیە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران"  سەرچاوە/ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی     


(درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكات رێز لە چوارچێوە دەستورییەكان بگرن بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، داواش لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەریی دەكات فەرمانی دەستگیركردن بۆئەوانە دەربكەن كە ساختەكارییان لە هەڵبژاردندا كردووە. لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا عەبادی وتیشی:" كوتلە سیاسییەكانمان بانگهێشت كردووە بۆئەوەی كۆببنەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك دەربارەی بەرنامەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماوەی داهاتوودا، نەك حكومەت." عەبادی ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو بانگهێشتەی ئاراستەی كوتلە سیاسییەكانیان كردووە پرۆژەیەكە بۆ دانانی بناغەی رێككەوتنێكی سیاسی بۆ بونیادنانی بەرنامەی دەوڵەت." عەبادی لە وتەكانیدا داواشی لە كوتلە سیاسییەكان كرد لە یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەماندا رێز لە چوارچێوە دەستورییەكان بگرن و داواشی لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەری كرد بەدواداچوون بۆ ئەوانە بكەن كە ساختەكارییان كردووە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەربكەن. سەرۆك وەزیرانی عێراق رونیشیكردەوە كە حكومەت بەردەوام دەبێت لە كارەكانی، دوای كۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند نەكات.  


(درەو میدیا): ”توركیا ھەڕەشەی لە یەكێتی كردووە، بۆیە ئێستا ناوێرن قسە بكەن" ئەمە وتەی عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە. ئەم هەڕەشە و فشارانە دوای زنجیرەیەك كاردانەوەی توركیا دێت بەرامبەر بە یەكێتی لەبارەی دەستگیركردنی دوو ئەفسەری دەزگای هەواڵگری توركیا ( میت ) و نیگەرانی ئەنكەرە لە دەست ئاوەڵاكردن بۆ پەكەكە و لایەنە هاوسۆزەكانی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا. لە مانگی ئابی 2017 توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لە ئەنکەرەوە ناردەوە سلێمانی و دەرگای نوێنەرایەتی یەكێتی داخست، ئەمە یەكەم هەنگاوی كرداری توركیا بوو بەرامبەر بە یەكێتی. دوای هەڵگرتنی گەمارۆی ئاسمانی سەر فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوە، سەرۆك وەزیرانی توركیا ئامادەنەبوو قەدەغەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵگرێت و یەكێتی تۆمەتباركرد بە پشتیوانیکردنی پەكەكە. هەر لەو زنجیرە كاردانەوانەی توركیا بەرامبەر بە یەكێتی، رۆژی 5/6/2018 مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەلایەن چەند گروپێكی ناو یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕانەوە پشتیوانی پەكەكە كراوە و بەوهۆیەوە توانیویانە دابەزنە ناو شاری سلێمانی" چاوش ئۆغلۆ لە زاری وەزیرێكی  یەکێتی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكرد کە" پەكەكە ڕێنمایی دەداتە سەركردایەتی یەكێتی و هەڕەشەیان لێدەكات" سەرباری ئەو فشارانەی كە لە لێدوانی بەرپرسانی توركیا هاتووە بەرامبەر بە یەكێتی، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە ئەنكەرە لەژێر پەردەشەوە مەسج و هەڕەشەی بە بەرپرسانی یەكێتی گەیاندووە لەو بارەیەوە.  دوای ئەو هەموو هەڕەشە و هۆشداریدانانەی توركیا جگە لە چەند لێدوانێكی كورتی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی كە جدیەتی پێوە دیار نەبووە، یەكێتی هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی نەناوە. ئێستا بۆ خوێندنەوەی هەڵوێستی یەكێتی رەنگە باشترین نمونە ئەو ئۆپەراسیۆنە بێت كە توركیا بۆسەر قەندیل دەیكات، لەم پرسەدا یەكێتی بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمە ئەوە دەردەخات كە رەنگە فشار و هەڕەشەكانی توركیا بۆسەر یەكێتی كاری خۆی كردبێت، هەروەك عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ باسنیوز دەڵێت" ئەگەر یەكێتی راست دەكات، ھیچ كەسێك دەستی نەگرتوون، بابڕۆن یارمەتیی قەندیل بدەن“ لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان چەندین هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە، ناكۆكی ئەم دوو لایەنە گەیشتە حاڵەتی شەڕی براکوژیی، بەڵام بەهەڵدانەوەی لاپەرەی مێژووی ئەم دوولایەنەش چەندین هاوكاری و هەماهەنگی دەبینرێت بەتایبەتی هاوكاری یەكێتی بۆ پەكەكە. لە هەڵبژاردنەكانی 2013 و 2014 دا پەكەكە بە فەرمی داوای لەلایەنگرانی كرد لە هەرێمی كوردستان دەنگ بە لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بدەن، بەڵام لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە لە 12ی ئایاری رابردوو بەرێوەچوو، تەڤگەری ئازادی كە وەك باڵی سیاسی پەكەكە لە باشووری كوردستان تەماشا دەكرێت، لەگەڵ نەوەی نوێ هاوپەیمانیكرد و چووە هەڵبژاردنەوە. بەرپرسانی یەكێتی دركیان بەم هەڵوێستانەی پەكەكە كردووە و هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی باس لەوەدەكەن كە یەكێتی، لەبەر خاتری پەكەكە باجی بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیاداوە، بەڵام لەبەرامبەردا پەكەكە سەنگەری دژایەتی یەكێتی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان توند دەكات.  ئێستا یەكێتی ئەیەوێت پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا چاك بكاتەوە، بەڵام نازانرێت ئاخۆ بۆ چاككردنەوەی ئەو پەیوەندیانە ئامادەیە بچێتە ژێر باری چ كۆت و مەرجێك؟ ئایا پەیوەندی داهاتووی یەكێتی لەگەڵ توركیا هاوشێوەی ئەو پەیوەندیەیە دەبێت كە پارتی لەگەڵ ئەنكەرە هەیەتی؟ ئایا یەكێتی ئەچێتە ژێرباری هەر مەرجێكی توركیا لەبارەی پەكەكەوە؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە تەنها داهاتوودا وەڵام بدرێنەوە.


راپۆرتی: ئارام مەحمود  زۆرینەی هێزە براوەكان ئومێدیان لەسەرئەوە هەڵچینیوە سبەینێ‌ پێنجشەممە دادگای فیدراڵی دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمانی عێراق بە نادەستوری لەقەڵمبدات و ڕەتیبكاتەوە، یان لانی كەم بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی مادەی تایبەت بە پوچەڵكردنەوەی دەنگدانی تایبەت  و دەرەوەو مەرجدار و ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان كە لە بڕگەی سێهەمی، هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكاندا هاتوە و ئەو ئەنجامە سەرەتاییانەی  كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاندون وەك خۆی تێپەڕێت، كە هەندێك لە هێزەكان تێبینیان لەسەری  هەیە و پێیانوایە ساختەكارییەكی بەربڵاوكراوە و تێپەڕاندنی پرسیاری گەورە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی دروستدەكات، هەندێك هێزیش وروژاندنی پرسی ساختەكاریی وەك كارتی فشاری بەكاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر لە حكومەتی داهاتوو نەك پارێزگاریكردن لە پاك و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی و  پاراستنی هەیبەتی دیموكراتی، ئەمە ڕای بەشێك لە چاودێرانی دۆخی عێراقە. لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە هێزە گەورەكان دژایەتی هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكان دەكەن بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی وەك (یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان)، كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش وەك  سەرپەشتیاری پرۆسەكە بەئاشكرا دژایەتی هەمواری یاساكە و بڕیارەكانی پەرلەمان ناكەن و تانەیان نەكردوە، دانیشتنی ڕۆژی پێنچ شەممەی دادگای فیدراڵی عێراقیش بۆ لێكۆڵینەوە و یەكلاكردنەوەی ئەو تانانەیە كە لەلایەن ئەمانەوە پێشكەشكراوە، یەكێتی و پارتی چاوەڕوانن ئەو ئەنجامانەی بەدەستیانهێناوە بەبێ‌ دەستكاری تێپەڕێت، كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانیش تێپەڕاندنی ئەو ئەنجامانەی ڕایگەیاندوە، بەكۆتایهاتنی ئەگەری هەر مولاحەقە و لێپێچینەوەیەكی یاسایی دەزانێت كەبەرامبەری بكرێت. سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان یەكەم: ڕەتكردنەوەی دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمانی عێراق، بەپاساوی نەبونی نیساب لە دانیشتنی ڕۆژی 28 ئایار، بەوپێیەی پێشتر سەرۆكی لیستی یەكێتی لە كەركوك و هەندێك لایەنی تر ئەم پرسەیان وروژاندوە و ئەگەریش هەیە كردبێتیان بە بەشێك لە تانەكانیان، یاخود بە پاساوی نایاساییبونی ڕێكارەكانی دانیشتنەكان و پێشێلكردنی بنەما دەستورییەكان و لادانی پەرلەمان و تێپەڕاندنی دەسەڵاتەكانی خۆی. جەعفەر موسەوی وتەبێژی سیاسی موقتەدا سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر ئەو پرسە دەڵێت، هیچ كەس مافی ئەوەی نیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پوچەڵبكاتەوە پێش دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێشوایە  دانیشتنە نائاساییەكەی پەرلەمان بیدعە و داهێنانی سیاسیە و پێشتریش دادگای فیدراڵی بڕیارەكانی پەرلەمانی لە دانیشتنێكی نائاساییدا پوچەڵكردوەتەوە.   موسەوی دەشڵێت، دانیشتنە نائاساییەكی پەرلەمان كاردانەوە و هەڵچون بووە و بڕیارەكانیشی ملكەچی بەرژەوەندی حزبی و تاكەكەسی بوون، لەو بڕوایەشەدایە دادگای فیدراڵی ئەو بڕگانەی هەموارەكە ڕەتدەكاتەوە كە دژ بە دەستورن. پێشتریش وتەبێژەكەی سەدر لە لێدوانێكدا باسی لەوەكردبوو، هەموو ئەو ڕێكارانەی پەرلەمانی عێراق گرتویەتیەبەر بە بڕیارێكی داگای فیدراڵی كۆتایی پێدێت، بەوپێیەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی یەكلاكەرەوەن و بواری تانەلێدانیان نیە. دووەم: ئەگەر هەیە دادگای فیدراڵی بڕگەی سێهەمەی هەمواری سێهەمەی هەڵبژاردنەكان ڕەتبكاتەوە كە بەپێی ئەم بڕگەیە، دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و دەرەوە و ئاوارەكان و مەرجدار و جوڵەی دانیشتوان پوچەڵدەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە كاتی بڵاوكردنەوەی دەقی هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا قسەكانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی تیادا جێگیرنەكرابوو كە دەڵێت، ئەم دەنگانە بە پوچەڵ ئەژمار دەكرێن ئەگەر سەلمێنرا كە ساختەكارییان تێدا كراوە، بەڵام دروستی ئەو مادە یاساییە بەوشێوەیەیە كە دەبێت بسەلمێنرێت ساختەكاری ئەنجامدراوە  ئەوجا ئەو دەنگانە پوچەڵدەكرێنەوە، بەڕای هەندێكیش ئەو لایەنانەی كە تانەیان داوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەڵگەی حاشا هەڵنەگریان لەسەر ئەنجامدانی ساختەكاری لەم دەنگدانانە پێشكەشكردووە بۆیە لایەنەكانی بەرامبەریان ترسی گەورەیان هەیە پوچەڵبكرێنەوە و ڕێژەیەكی بەرچاو لە كورسییەكانیان كەمبكات. پەرلەمانتار عەبدولڕەحمان لویزی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، لە مادەی سێهەمەی هەمواری یاساكەدا هاتووە، جگە لە دەنگی ئەو كەمینانەی كە سیستمی كۆتا دەیانگرێتەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی دەرەوەی سەرجەم پارێزگاكان و جوڵەی دانیشتوانی پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەواو و دیالە و هەڵبژاردنی ئاوارەكان و دەنگدانی مەرجدار و دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەكات، بەپێی دەقی ئەو مادەیەش دەنگی  هەندێك خەڵكی دیاریكراو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هەڵوەشێنراوەتەوە، دواتر لە كۆتایی مادەكەشدا جارێكی تر هەمواركراوەتەوە و ئاماژە بەوەكراوە، دەنگی ئەو وێستگانە هەڵبوەشێنرێنەوە كە ئەنجامدانی ساختەكاری تیایدا دەسەلمێنرێت، ئەو دەسەڵاتەشی داوەتە ئەو دەستە دادوەرییە كە لێكۆڵینەوە لە تانەكانی هەڵبژاردن دەكات.   موحسن سەعدون سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق زۆر دڵنیایە لەوەی دادگای فیدراڵی مادەی سێهەمی هەمواری سێهەمەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕەتدەكاتەوە بەوپێیەی پەرلەمان بە پوچەڵكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، دەستوری پێشێلكردووە. سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، مادەی 61 لە دەستوری عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نەداوە پەرلەمانی عێراق، تەئكیدیشیكردوە،  ئەركی سەرەكی پەرلەمان داڕشتنی یاسا و هەمواركردنێتی، نەك ڕەتكردنەوەی.  تاریق حەرب شارەزای یاسای دەستوریی دەڵێت، دادگای فیدراڵی ناتوانێت تەواوی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان ڕەتبكاتەوە، بەڵكو دەتوانێت تانە لە هەندێك لە مادەكانی یاساكە بدات و ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بكاتەوە.  سێهەم: ڕەتكردنەوەی تانەكانی یەكێتی و پارتی و كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەمواری سێهەمەی یاسای هەڵبژاردنەكان و دەستكردن بەجێبەجێكردن ئەو ڕێكارە یاساییانەی پەرلەمانی عێراق پەسەندیكردوون، بەڕای زۆرێك لەچاودێران ئەمەیان لاوازترین سیناریۆیە، هەرچەندە زۆرینەی بۆچونەكان بەئاراستەی ئەوەیە كە ماددەی  سێهەمی یاساكە ڕەتبكاتەوە، بەوپێیەی پەرلەمانی عێراق مافی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی نیە وەك ئەوەی لەسەروە باسكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە پرسێكی كۆنكرێتی نیە، چونكە پەرلەمانی عێراق ئەم مادەیەشی مەرجدار كردوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگدانانەی دیاریكردون، مەجداری كردووە بە سەلماندنی ساختەكاری تیایدا نەك ڕەتكردنەوەی بەشێوەیەكی قەتعی و بەبێ‌ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە.  دەرەنجام: نزیكترین سیناریۆ و پێشبینی بۆ  بڕیاڕی دادگای فیدراڵی كە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 21 مانگ لە دانیشتنێكی ئاشكرادا  ئەو پرسە یەكلابكاتەوە و كۆتایی بەو مشتومڕە بێنێت كە لە دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە لەنێوان لایەنەكان دروستبوە، سیناریۆی دووەمە، واتە ڕەتكردنەوەی مادەیەك لە یاساكە نەك تەواوی یاساكە یان پەسەندكردنی تەواوی یاساكە،  بەوپێیەی ئەو لایەنانەی كە زیانیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كردوە تەئكید دەكەن بایی ئەوە بەڵگەیان لەسەر ساختەكاریی پێشكەشكردووە ئەگەر ئەنجامەكانی بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێنن نەك پرۆسەی دیموكراسی بەڵكو پرسیاری گەورە لەسەر بێلایەنی و نەچونە ژێر فشاری سیاسی لەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتیش دروستدەبن. تێبینی لایەنە براوەكانیش تەنها لەسەر پوچەڵكردنەوەی ئەو دەنگانە نیە كە پەرلەمانی عێراق لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا پەسەندیكردووە، بەڵكو لەبارەی جیاكردنەوە و بژاردەی دەستی دەنگەكانیش تێبینیان هەیە و بژاردنەوەی لەسەدا سەدی دەنگەكان بە بڕیارێكی نادادپەروەرانە دەزانن  و پێیانوایە پەرلەمانی عێراق لە هەمواری یاساكەدا توند بوە و بەگیانی تۆڵە و هەڵچونەوە مامەڵەی كردوە و داوادەكەن لە نێوان 5% بۆ 10% دەنگەكان بەدەستی بژمێرێنەوە. 


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی 24ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی پێشوەخت لە توركیا بەڕێوەدەچێت و خەڵك جارێكی تر دەچنەوە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان، لەدوای ئەم هەڵبژاردنە سیستمی حوكمڕانی لەو وڵاتە بەشێوەیەكی كرداری لە پەرلەمانییەوە دەبێت بە سەرۆكایەتی. بۆچی هەڵبژاردن لە 24ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت ؟ بڕیاربوو ئەم هەڵبژاردنە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019 بەڕێوەبچێت، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت، ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژاردنی 24ی مانگ بباتەوە دەتوانێت تاوەكو ساڵی 2030 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەنجام هەرچۆنێك بێت ئەم هەڵبژاردنە زەنگی دەستپێكردنی سیستمی سەرۆكایەتییە كە ساڵی رابردوو لە ریفراندۆمێكدا بە زۆرینەیەكی سادە پەسەندكرا. چۆن بڕیاردرا لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ؟ رۆژی 16ی نیسانی 2017 ریفراندۆمی دەستوری لە توركیا بەڕێوەچوو، خەڵكی توركیا دەنگیاندا لەسەر پێشنیازی (18) گۆڕانكاری لە دەستوری توركیادا. هەموارە دەستورییەكە چی دەڵێت ؟ بەپێی هەموارە دەستورییەكە، سیستمی حوكمڕانی توركیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕدرا بە سەرۆكایەتییەكی جێبەجێكار، بەجۆرێك پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵوەشێندرایەوە، هەر بەگوێرەی ئەو هەموارە دەستورییە كە لەدوای هەڵبژاردنی 24ی مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی توركیا لە (550) كورسییەوە بۆ (600) پەرلەمانتار زیاددەكرێت و تەمەنی كاندیدیش لە 25 ساڵییەوە كرا بە 18 ساڵ. پارتی داد و گەشەپێدان چی دەوێت ؟ بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاكەپە) كە ئێستا زۆرینەی لەناو پەرلەمانی توركیا هەیە دەڵێن دەیانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا لە كۆی (600) كورسی لانی كەم (300) كورسی ببەنەوە، سەرباری ئەمە سەرۆك بۆی هەیە بۆ دوو ویلایەتی لە دەسەڵات بمێنێتەوە كە هەر ویلایەتێك بە (5) ساڵ دیاریكراوە. ژمارە و رێژەی دەنگدەران بە گوێرەی تۆمارەكانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، (56 ملیۆن و 322 هەزار و 632) كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە (180 هەزار) سندوقی دەنگدان لە ناوخۆی وڵات، ژنان رێژەی 50.76%ی دەنگدەرانی ناوخۆی وڵات پێكدەهێنن، ئەمە سەرەرای (3 ملیۆن و 27 هەزارو 328) كەس كە لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام 48% یان بەشداری دەنگدانیان كرد كە لە 11 حوەزیرانەوە دەستیپێكرد و 19ی حوەزیران كۆتایی هات. دەنگدان چۆن بەڕێوەدەچێت ؟ دەنگدەری توركیا كە دەچێتە بەردەم سندوقی دەنگدان دوو كارتی دەنگدانی پێدەدرێت، كارتێك بۆ دەنگدان بە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و كارتی دووەم بۆ دەنگدان بە كاندیدی پارتەكان بۆ پەرلەمان، دوای دەنگدان هەردوو كارتەكە دەخرێتە ناو زەرفێك و دواتر دەنگدەرەكە دەیخاتە ناو سندوقی دەنگدانەوە. دیارترین كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا (6) كاندید كێبركێ دەكەن: یەكەم: رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (جەماوەر)ە كە ئەم هاوپەیمانێتییە پێكدێت لە هەردوو پارتی (داد و گەشەپێدان) و (بزوتنەوەی نەتەوەپەرست). دووەم: موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆمارییە كە پارتێكی عەلمانییە، ئەم پارتە داوای گەڕانەوەی سیستمی پەرلەمانی دەكات بۆ توركیا. سێیەم: میراڵ ئەكشینار كاندیدی پارتی (چاكە- ئی پارتی)یە، هەندێك كەس نازناوی "ژنە پۆڵاینەكە"یان پێداوە، پێشتر وەزیری ناوخۆ بووە، ماوەیەكیش جێگری سەرۆكی پەرلەمان بووە. چوارەم: سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە، سەرباری بانگەوازی پارتەكە بۆ هەموو پێكهاتەكانی توركیا، بەڵام زیاتر وەكو پارتێكی كوردی دەناسرێت، دەمیرتاش ئێستا بەتۆمەتی "پاڵپشتی لە تیرۆر" لە زینداندایە، بەڵام ئەم دەستبەسەركردنەی نەبووە رێگر لەبەردەم خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چونكە تائێستا دادگا نەیتوانیوە هیچ تۆمەتێكی لەسەر ساغ بكاتەوە. پێنجەم: تەمەل كەرەموڵا ئۆغڵو كاندیدی پارتی سەعادەتە كە پارتێكی پارێزگارە و هەڵگری بیروبۆچونەكانی سەركردەی كۆچكردووە نەجمەدین ئەربەكانە. شەشەم: دۆغۆ برینجاك كاندیدی پارتی نیشتیمانە كە پارتێكی نەتەوەپەرستە پارتە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە پاڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، (11) پارتی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دەكەن كە بریتین لەم پارتانە:  •    پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) •    پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) •    پارتی نەتەوەپەرەست (مەهەپە) •    پارتی چاكە (ئی پارتی) •    پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) •    پارتی سەعادەت •    پارتی یەكێتی مەزن •    پارتی توركیای سەربەخۆ •    پارتی دیموكراتەكان •    پارتی نیشتمان •    پارتی هودا هاوپەیمانێتییەكانی هەڵبژاردن یەكەم: هاوپەیمانی جەماوەر/ گەل ئەم هاوپەیمانێتییە مانگی شوباتی ئەمساڵ پێكهێنرا و  پێكدێت لە هەردوو پارتی (داد و گەشەپێدان)ی دەسەڵاتدار و (پارتی  بزوتنەوەی نەتەوەپەرست- مەهەپە) و (یەكێتی مەزن) و داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی توركیا دەكات بۆ سیستمی سەرۆكایەتی. دووەم: هاوپەیمانی میللەت ئەم هاوپەیمانێتییە لە ئایاری ئەمساڵ دروستكرا بەئامانجی روبەروبونەوەی هاوپەیمانێتییەكی پێشوو، پێكدێت لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەوانە (پارتی گەلی كۆماری- جەهەپە) و پارتی (پاكە- ئی پارتی) و (سەعادەت) و پارتی دیموكراتەكان. ئەم هاوپەیمانێتییە جەخت لەسەر جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و گەڕانەوەی سیستمی پەرلەمانی بۆ توركیا دەكەن.   هاوپەیمانی نێوان پارتەكان لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار رێگە بە پارتە سیاسییەكان دراوە هاوپەیمانێتی بكەن، ئەمە رێگە بۆ پارتە بچوكەكان خۆش دەكات بۆ چونەناو پەرلەمانەوە، ئەو پارتانە ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا كۆببنەوە رەنگە بتوانن بەربەستی 10%ی دەنگەكان ببڕن كە مەرجە بۆ چونەناو پەرلەمانەوە.   خولی یەكەمی هەڵبژاردن ئەگەر هەر یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە خولی یەكەمدا رێژەی (50+1)ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، راستەوخۆ دەبێتە سەرۆكی كۆماری توركیا، بەڵام ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ئەو رێژەیەی دەنگیان بەدەستنەهێنا، دوو كاندید كە زۆرترین دەنگیان هێناوە سەردەكەون بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن و لە خولی دووەمدا ئەوەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار. رۆڵی سەرۆك لە سیستمی نوێدا لە سیستمی سەرۆكایەتی نوێی توركیادا سەرۆك كابینەی حكومەت پێكدەهێنێت و پۆستی سەرۆك وەزیران نامێنێت، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سەركەوت ناچار نابێت پەنا بۆ پەرلەمان ببات بەمەبەستی كۆكردنەوەی زۆرینە. رۆڵی پەرلەمان لە دوای هەڵبژاردن نەخشەی پەرلەمانی نوێی توركیا بەتەواوەتی جیاواز دەبێت لەو پەرلەمانەی ئێستا هەیە، پەرلەمانی داهاتوو لانی كەم لە (7) پارت پێكدێت كە پێچەوانەی پەرلەمانی ئێستاوە كە (4) پارت لەخۆدەگرێت، بۆیە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی داهاتووی توركیا لە هەموو حاڵەتەكاندا لە پەرلەمانی ئێستا بەهێزتر دەبێت. سەرچاوە: یۆرۆنیوز


وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە رەسمی لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كشایەوە بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنەكە" لایەنگیری دەكات دژی ئیسرائیل". نیكی هایلی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجومەنەكەی بە " دووڕوو و خۆپەرست كە سوكایەتی بە مافەكانی مرۆڤ دەكات" وەسفكرد. هایلی ساڵی رابردووش بە ئاشكرا ئەنجومەنەكەی ئاگاداركردەوە لەوەی كە واشنتۆن چاو بە ئەندامێتی دەخشێنێتەوە و لەوانەشە بكشێتەوە، ئەگەر لە لایەنگیری بەردەوام دژی ئیسرائیل نەوەستێت. بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوە لەو ئەنجومەنە دوای ئەوەی هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ئەو ئەنجومەنە " لایەنگیری دژ بە ئیسرائیل پەیڕەودەكات و هەڵمەتێكی پلان بۆ داڕێژراوی لەدژی دەستپێكردووە". هەروەها ئەنجومەنەكە كە ساڵی 2006 لە جنێڤ دامەزراوە و 47 وڵات ئەندامن تێیدا رووبەڕووی رەخنە بووە، بەهۆی ئەوەی رێگەی بە وڵاتانێك داوە كە بچنە ناوی، گومان لە باشی مامەڵەیان دەكرێت لە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤدا. بە رای چالاكانی بوارەكانی مافی مرۆڤ باوەڕیان وایە كە ئەو هەنگاوەی ئەمریكا كاریگەری دەكاتە سەر هەوڵەكانی چاودێریی و چارەسەركردنی كێشەكانی مافەكانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا، بەڵام هایلی وتی:" بەوەی كردوومانە، دەمەوێت بە روون و ئاشكرا بڵێم كە ئەم هەنگاوە كشانەوە نییە لە پابەندبوونەكانمان دەربارەی مافەكانی مرۆڤ". بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە لایەن نیكی هایلی و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا راگەیەنراو، پۆمپیۆ ئەنجومەنەكەشی بە بەرگریكارێكی لاوازی مافەكانی مرۆڤ وەسفكرد. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا رایگەیاند، بە توندی داكۆكی لە مانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات لە ئەنجومەنەكەدا".  كۆمسیاری مافەكانی مرۆڤیش لە نەتەوە یەكگرتووەكان زەید رەعد بن حسێن هەڵوێستی ئەمریكا بە نائومێدكەر وەسفكرد ، بەڵام بڕیارەكەی واشنتۆن لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشوازی لێكرا. ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان چییە؟ ئەنجومەنەكە ساڵی 2006 دامەزرێنرا، بۆئەوەی جێگەی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ بگرێتەوە، دوای ئەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە بەهۆی ئەوەی چەندین دەوڵەت بوونەتە ئەندامی كە تۆمارێكی لاوازیان لە مامەڵەكردن لەگەڵ مافەكانی مرۆڤدا هەیە. هەر سێ‌ ساڵ جارێكی لەسەرتاسەری جیهاندا 46 وڵات هەڵدەبژێردرێن، بۆئەوەی ببنە ئەندام تێیدا و ساڵی سێجاریش كۆدەبێتەوە و دەوڵەتانی ئەندام لە كۆبوونەوەكاندا  لە پرۆسەیەكی تایبەتدا پێداچوونەوە بە تۆماری مافەكانی مرۆڤی هەموو وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن. هەروەها ئەنجومەنەكە هەل بەو دەوڵاتە دەدات هەوڵەكانیان بۆ  باشتركردنی دۆخی مافەكانی مرۆڤ بخەنەڕوو كە بە " نمایشكردنی وەرزیی گشتگیر " ناسراوە. هەروەها ئەنجومەنەكە شارەزا و پسپۆری سەربەخۆ رەوانە دەكات و لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتانی وەك سوریا، كۆریای باكور، بۆرۆندی، میانمار و باشووری سودان پێكدەهێنێت. بۆچی ئەمریكا بڕیاریدا لە ئەنجومەنەكە بكشێتەوە؟ بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوە لە ئەنجومەنەكە دوای چەند ساڵێك لە رەخنەگرتن درا، واشنتۆن سەرەتا ساڵی 2006 رەتیكردەوە ببێتە ئەندامی ئەنجومەنەكە، بە پاساوی ئەوەی كە وەك كۆمسیۆنە كۆنەكە دەبێت، ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانیش دانینا بە بوونی تۆماری گومانلێكراوی مافەكانی مرۆڤ، بەڵام گروپەكانی مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2013دا جارێكی تر رەخنەیان ئاراستەی ئەنجومەنەكە كرد دوای ئەوەی چین و روسیا و سعودیە و جەزائیر و ڤێتنام وەك ئەندام هەڵبژێدران. هەروەها بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا دوای ئەوەهات كە ئیسرائیل بە پاساوی ئاراستەكردنی رەخنەی نادادپەروەر دژی تەلئەبیب یەكێك لە كۆبوونەوەكانی "نمایشی وەرزیی گشتگیری " بایكۆتكرد. ساڵی رابردوو نیكی هایلی ئەنجومەنەكەی ئاگاداركردەوە لەوەی كە قورسە چەند بڕیارێك قبوڵ بكرێت كە دژی ئیسرائیل دەردەكرێت، لە كاتێكدا هیچ بڕیارێكی پەیوەست بە ڤەنزوێلا تاوتوێنەكراوە، لە كاتێكدا دەیان خۆپیشاندار لە كاتی ئاڵۆزە سیاسیییەكاندا لەو وڵاتە كوژراون. ئیسرائیل تاكە دەوڵەتە كە لایەن ئەنجومەنەكەوە بەردەوام چاودێری دەكرێت، بەواتای ئەوەی مامەڵەی لەگەڵ فەلەستینییەكاندا بە شێوەیەكی رێكخراو لێكۆڵینەوەی لێدەكرێت. كاردانەوەكان چی بوون؟ چەند وڵاتێك بێ ئومێدی خۆیان لە بڕیای كشانەوەی ئەمریكا دەربڕی، باڵیۆزی سلۆڤینیا، ڤۆییسلاڤ سوك سەرۆكی ئێستا ئەنجومەنەكە وتی:" ئەنجومەنەكە تاكە لایەنە كە وەڵامی كێشەكان و حاڵەتەكانی مافەكانی مرۆڤ دەداتەوە لە سەرتاسەری جیهاندا". وتیشی: " دوای كشانەوەی ئەمریكا گرنكە پارێزگاری لەوە بكەین ئەنجومەنەكە بەهێز و چالاك بمێنێتەوە". بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش نیگەرانی خۆی بەرامبەر بڕیارەكەی ئەمریكا دەربڕی و راشیگەیاند چاكسازیی پێویستە و ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ قەوارەیەكی گرنگە بۆ لێپرسینەوە لە وڵاتان. هاوكات ژمارەیەك لە رێكخراوی خێرخوازییەكان و گروپە فریاگوزارییەكان رەخنەیان لەو هەنگاوەی ئەمریكا گرت و یەكێتی ئازادییە مەدەنییەكانی ئەمریكا وتی:" ئیدارەی ترەمپ هەوڵی پلان بۆ داڕێژرا و و دوژمنكارانەی بۆ پێشێلكاریی مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤەوە هەیە". هەروەها رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كە بارەگاكەی لە نیویۆركە بڕیارەكەی ئەمریكا و سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپی لە بواری مافەكانی مرۆڤدا بەوە وەسفكرد كە رەهەندێكی تاكلایەنەی هەیە. بەڵام سەرۆك وەزیران ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ بە خێرایی پشتگیری بۆ ئەو بڕیارەی ئەمریكا راگەیاند و لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڕیارەكەی بە " بڕێكی ئازایانە" وەسفكرد. سەرچاوە: بی بی سی  


بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا لە پارێزگاكانی عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان رێژەی جیابوونەوە 22% بووە بەو پێیەی ژمارەی هاوسەرگیری ( 30230 ) هاوسەرگیری هەبووە، لەبەرامبەریشدا ( 6582 ) جیابونەوە هەبووە، بەوەش رێژەی جیابونەوە دەكاتە (22%) . بەبەراودر بە مانگی یەكی 2018 ژمارەی هاوسەرگیری ( 33284 ) هاوسەرگیری هەبووەلەبەرامبەردا ( 9398 ) جیابونەوە هەبووە بەرێژەی ( 28%) واتا لە نێوان پێنج مانگدا رێژەی جیابونەوە بە 6% كەمیكردووە.  هەربەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری عێراق لە ساڵی 2017 دا (320961 ) هاوسەرگیری هەبووە لەبەرامبەردا (70097 ) جیابونەوە هەبووە بەرێژەی ( 22%) بەبەراورد بە پارێزگایەكی وەك سلێمانی كە لە 11 مانگی 2017 ژمارەی هاوسەرگیری ( 8864 ) و ( 1365 ) جیابوونەوە بەرێژەی ( 15% ) بووە.


 سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" تا ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلا نەكرێتەوە، پێشوازی لە شاندی پارتی و یەكێتی ناكەین و پێشنیازی دانیشتن و كۆبونەوەشمان لەگەڵ یەكێتی رەتكردەوە، هەتا بەیاننامە دژ بە هێرشی سەرگردی زەرگەتە دەرنەكەن لەگەڵیان كۆنابینەوە"  ئەو وتانەی  جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا هات لەگەڵ دەنگی ئەمریكا" پێشوازی لەهیچ وەفدێكی پارتی و یەكێتی ناكەین تا ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یەكلایی نەبێتەوە، هەر لەبەر ئەوەی ساختەكارییان لێكردین ئامادەنەبوین لەگەڵیان بچینە بەغداد ناكرێت هەموو جارێك بەناوی یەكڕیزیەوە دەست بخەنە بینەقاقای خۆت و حیزبەكەت، هاوكات باس لەوەش دەكات، یەكێتی داوای كۆبونەوە و سەردانیان كردووە بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان مەرجی دەركردنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایی لەسەر هێرشكردنە سەر گردەكە بۆ یەكێتی داناوە دواتر لەگەڵیان كۆدەبینەوە، هاوكات دەشڵێت" لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانیش ساختەكاریمان لێدەكرێت بەس بەم شێوازەی ئەمجارە نابێت." جەمال حاجی محەمەد: یەكێتی داوای كۆبونەوە و سەردانیان كردووە بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان مەرجی دەركردنی بەیاننامەیەكی ناڕەزایی لەسەر هێرشكردنە سەر گردەكە بۆ یەكێتی داناوە دواتر لەگەڵیان كۆدەبینەوە سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر بەردەوامی هەڵوێستی چوار لایەنەكە كردەوە و وتی" تا ئەم ساتە بڕیارمان بەوجۆرەیە تا یەكلایی نەبونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەفدمان لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناچێتە بەغداد وە بەشداری لەپەرلەمانی عیراق ناكەین بەڵام دوای یەكلایی بونەوەی ئەنجامەكان دوبارە تاوتوێی ئەو پرسانە دەكەینەوە." جەمال حاجی محەمەد: لەبەر ئەوەی یەكێتی و پارتی ساخته‌یان لێكردوین له‌گه‌ڵیان ناچینه‌ به‌غداد لەبارەی ئەگەری پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبەش لەنێوان ئەو لایەنانە مامۆستا جەمال وتی" باوەڕناكەم فراكسیۆنی هاوبەش پێكبهێنرێت بەڵام بەنیازین چوار لایەنەكە لەگەڵ دوو لایەنی تریش هاوپەیمنێتیەك پێكبهێنین تا بۆ لەمەو دوا لە هەڵوێستەكانماندا لە بەغداد و كوردستان پێكەوە بین." سەبارەت بەوەی ئایا هیچ گرەنتیەكتان وەرگرتووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕەخنەكانتان دوبارە نەبێتەوە یا بەشداری پەرلەمانی كوردستانیش لەهەڵبژاردنی داهاتوو وەك یەكێك لە ئەگەرەكان ناكەن؟ جەمال حاجی محەمەد وتی" نەخێر هیچ گرەنتیەكمان وەرنەگرتووە بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان ڕایگەیاند، جیاكردنەوەی دەنگەكان لەم هەڵبژاردنەدا بەدەست دەبێت ئەگەرچی ئێمە پێشوتر گلەیمان لەوەش هەبوو بەڵام باشتر بوو بەو ڕادە زۆرە غەدر و ساختەكاریمان لێنەكرابوو، بەپێچەوانەوە بەشداری لە پەرلەمانی كوردستان دەكەین چونكە ئەوێ بەمەیدانی شەڕی خۆمان دژ بە ساختەكاری و گەندەڵی دەزانین." جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی" لێت ناشارمەوە ئەمجارەش ساختەكاریمان لێدەكرێت، بەڵام بەو شێوازە نابێت ئێمە بەنیازی(١٥) كورسی بوین بەڵام(٥) كورسیمان بدرێتێ، خۆ ئەمە یەكەمجار نیە، هەموو جارێك ساختەكاریمان لێكراوە بۆ نمونە لەهەڵبژردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی(١٧) كورسیمان هێنابوو بەڵام (١٢) كورسیمان بۆ حساب كرا." سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: پێشوازی له‌هیچ وه‌فدێكی پارتی و یه‌كێتی ناكه‌ین هه‌تا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق یه‌كلایی نه‌بێته‌وه‌ هەروەها ڕایگەیاند" ئێمە هەوڵدەدەین كۆمسیۆن تۆماری دەنگدەران خاوێن بكاتەوە، وە لەڕۆژی هەڵبژاردن چاودێرەكانمان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان زیاتر بێت، جگە لەوەی هەوڵدەدەین هاوپەیمانێتیەك لەنێوان ئەو لایەنە ناڕازیانە پێكبهێنین وڵاتانی دەرەوە و نەتەوە یەكگرتووەكان لەو ساختكاریانە بەردەوام ئاگاداردەكەینەوە و داوامان لێكردون چاودێرەكانیان زیادبكرێت، خۆ ناكرێت بڵێین ئەوان ساختەكاری دەكەن و ئێمەش وازیان لێ بهێنین دەبێت قوربانی بدەین لەپێناو نەوەی داهاتوودا."  لەبارەی هۆكاری نەچونی لایەنەكان لەگەڵ وەفدی پارتی و یەكێتی بۆ بەغداد مامۆستا جەمال وتی" ئێمە لەبەر ئەوەی ئەم وەفدە ساختەیان لێكردوین لەگەڵیان ناچینە بەغداد."  سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی وت" یەكێتی پێشنیاری سەردان و كۆبونەوەی كرد بەڵام ئێمە ڕەتمان كردەوە پێمان وتن تا لەسەر هێرشكردنە سەرگردەكە ڕەخنە لەخۆیان نەگرن و بەیاننامەیەك دەرنەكەن لەگەڵیان كۆنابینەوە، بەڵام نەیانكرد وتیان ئەوە كاری تاكەكەسێك بووە لەخۆەوە هاتووە نەك بە بەرنامەی یەكێتی ، باشە ڕای شەخسی چی؟ ئەو ئەندامی مەكتەبی سیاسیە خۆ دەیانتوانی ئەگەر لەخۆەوە وایكردووە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكەن."  


(درەو میدیا):  لە ماڵی بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باڵێكی یەكێتی لەگەڵ وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەتەوە، دەیانەوێت هاوپەیمانی لە نێوان گۆڕان و بەرهەم ساڵح پێكبهێنرێت. سبەینێ وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت كە بڕیارە رۆژی 30 ی ئەیلول بەڕێوەبچێت، ئەگەر وادەكەی درێژنەكرێتەوە. تائێستا یەك هاوپەیمانێتی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە كە ئەویش هاوپەیمانێتی نێوان حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانە بە ناوی "لیستی سەردەم". باڵێكی یەكێتی نێوەندگیری دەكات لەدواین هەوڵدا كە پێناچێت هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی لێبكەوێتەوە، باڵێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە نزیكن لە بەرهەم ساڵحەوە، بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییەوە سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستانن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان. شەوی دووشەممە لە ماڵی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان چاوی بە ژمارەیەك سەركردەی یەكێتی كەوت. (درەو میدیا) زانیویەتی: وەفدەكەی بزووتنەوەی گۆڕان پێكهاتووە لە هەریەكە (مستەفا سەید قادر، یوسف محەمەد و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو شوناس شێركۆ جدی)، وەفدی بەرامبەر پێكهاتوون لە ( بەرزان ئەحمەد كوردە و مەحمود سەنگاوی و حامید حاجی غالی). لە كۆبونەوەكەدا ئەو سەركردانەی یەكێتی لەگەڵ وەفدەكەی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیان كردووە لەبارەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەمە دووەمجارە ئەو وەفدەی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوە دەكات لەبارەی پرسی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەندامانی وەفدەكەی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ یەكێكیان پۆستی فەرمی حزبییان لەناو گۆڕاندا نییە و وەفدی بەرامبەریش كە بەناوی هاوپەیمانییەوە دانوستانیان كردووە هیچ یەكێكیان بە فەرمی ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە نین و تائێستا سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، دانیشتنەكان هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتوەتەوە. لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەدا، ماڵی تاڵەبانی لەرێگەی ژمارەیەك كارەكتەری بزوتنەوەی گۆڕانەوە فشار لە گۆڕان دەكەن بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەكات، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی كۆبوەتەوە. لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم جموجوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بە مەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی، دیارترین ئەو لایەنانەش كە ئەگەری نزیكبونەوەیان هەیە بۆ ئەو هەڵبژاردنە بریتین لە هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو لە ناوچە جێناكۆكەكان بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی بەشدارییان كرد بەناوی (لیستی نیشتمان). بەشێوەیەكی گشتی ئەوەی ئێستا دیارە، هەوڵدانە بۆ نزیكبونەوەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، لەبارەی شێوازی نزیكبونەوەی ئەم دوو هێزە باس لە سێ سیناریۆ دەكرێت: سیناریۆی یەكەم: پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی گەورەتر لەنێوان (گۆڕان- هاوپەیمانی- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی). سیناریۆی دووەم: هاوپەیمانێتی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بەر لە هەڵبژاردن. سیناریۆی سێیەم: هاوپەیمانێتی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردن بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سیناریۆی یەكەم شكستیهێناوە، ئەوەی ئەگەری رودانی بەهێزە تەنیا سیناریۆی سێیەمە. شیوعی و تەڤگەری ئازادی چاویان لە هاوپەیمانێتییە لەگەڵ گۆڕان هاوكات چەند لایەنێكی تریش جموجوڵیان دەستپێكردووە بە مەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی، ئەمڕۆ وەفدێكی حزبی شیوعی بەمەبەستی یەك لیستی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی گردی زەرگەتەی كرد لە سلێمانی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی حزبی شیوعی داوای پێكهێنانی هاوپەیمانێتییان لە بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بۆ هەڵبژاردنی كوردستان، بەڵام ئەم پرسە هێشتا لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان یەكلانەبوەتەوە و بەشێوەیەكی گشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دوو بۆچون هەیە لەبارەی هاوپەیمانێتیكردنەوە، بۆچونی یەكەم داوادەكات هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكان بەر لە هەڵبژاردن بكرێت، بۆچونی دووەم داوادەكات هاوپەیمانێتی بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێت و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بڕیاری كۆتایی دەدات هێشتا كۆنەبوەتەوە، سەرباری ئەوەش عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئێستا بەسەردانێك لە دەرەوەی وڵاتە. لەلایەكی ترەوە وەفدێكی تەڤگەری ئازادی كوردستان كە وەك باڵی سیاسی پەكەكە لە باشووری كوردستات تەماشادەكرێت سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كردووە و داوای هاوپەیمانێتیان كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.  پێشتر بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار تەڤگەری ئازادی لەگەڵ نەوەی نوێ بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی كرد، هەندێك لە سەركردەكانی تەڤگەر باسیان لەوەكرد كە پێشتر هەوڵیانداوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردن بكەن بەڵام گۆڕان رەتیكردوەتەوە.  پارتی چی دەكات ؟ پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، تائێستا هیچ هاوپەیمانێتییەكی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكردووە، بەڵام جموجوڵی دەستپێكردووە و بەپێی زانیاریی (درەو میدیا) پارتی بەشێوەی كەسی پەیوەندی لەگەڵ هەندێك لە كاراكتەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەندێك كاراكتەری ناو یەكێتی چڕكردوەتەوە و زانیاری هەیە پارتی خوازیاری دروستبونی بەدیلێكە بۆ ماڵی تاڵەبانی، ریشەی ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ پرسی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر. یەكێتی بە تەنیا دەچێتە هەڵبژاردنەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە تۆمەتباردەكرێت بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، چانسی هاوپەیمانێتیكردنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی نییە، بۆیە لە هەموو ئەگەرەكاندا یەكێتی بە تەنیا دەچێتە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانەوە، بەڵام ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی كار بۆ ئەوەدەكەن دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی بكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی داهاتووی هەرێم و سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی پۆستەكان. كۆمەڵ راپرسی دەكات كۆمەڵی ئیسلامی كە بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لیستی هاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەبوو لە ناوچە جێناكۆكەكان، ئێستا لەناو ئەندامەكانیدا راپرسی دەكات سەبارەت بە هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو كۆمەڵی ئیسلامی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا) وت: بۆچونی زۆرینەی ئەندامانی كۆمەڵ ئەوەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتی بكرێت، هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی رەتدەكرێتەوە، هاوپەیمانێتیش لەگەڵ بەرهەم ساڵح بۆچونی جیاوازی لەسەرە. یەكگرتوو بڕیاری نەداوە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەموو هێزەكانی تر زیاتر خواستی هاوپەیمانێتیكردنی هەیە بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، بەرپرسانی یەكگرتوو لە كۆبونەوەكانی ئەمدواییەیاندا بەڕوونی ئەو خواستەیان نیشانداوە، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەرێنی و راشكاویان لەوبارەیەوە لەلایەنەكانی تر وەرنەگرتووە بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی. یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداری كرد، وەك خۆیان پێشتر باسیانكردووە بڕیارە ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بەردەوام بێت. نەوەی نوێ هاوپەیمانێتی ناكات نەوەی نوێ كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لەگەڵ تەڤگەری ئازادی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەنیازە بەتەنها بەشداری هەڵبژاردن بكات نەچێتە هیچ هاوپەیمانێتیەكەوە، بەتایبەتیش لە كاتێكدا تائێستا تەڤگەری ئازادی بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە كە لەگەڵ نەوەی نوێ بەشداری هەڵبژاردن دەكات یاخود بەتەنها دەچێتە هەڵبژاردنەوە.   حزبەكان دەیانەوێت خۆیان نوێ بكەنەوە سەرباری هەوڵەكان لە دەرەوە بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی، هەندێك لە حزبەكان دەیانەوێت پێش هەڵبژاردنەكەی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی چارەسەری قەیرانی خۆیان بكەن، لەوانە یەكێتی نیشتمانی كە هەندێك بانگەشەی ئەوەدەكەن بەر لە هەڵبژاردن یەكێتی كۆنگرە سازبكات، ئەمە لە كاتێكدایە یەكێتی هەندێك گۆڕانكاریی لە پۆستە باڵاكانیدا كردووە بەتایبەتیش لە مەڵبەندەكان. لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش هەوڵێك هەیە بۆئەوەی بەر لە هەڵبژاردن كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بكرێت لەبارەی كێشە ناوخۆییەكان و چارەسەركردنیان. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات و نوێترین پارتە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، ئێستا لە هەوڵی خۆرێكخستنەوەدایە. پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەمدواییە هەندێك گۆڕانكاری كرد لە بەرپرسی لقەكانیدا.


(درەو میدیا): دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا" مەهەپە" رایدەگەیەنێت ئەگەر لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیراندا هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان " ئاكەپە" زۆرینەی پەرلەمانیی لەدەستبدات، ئەوا هەڵبژاردن دووبارەدەكرێتەوە. بڕیارە 24ی مانگ هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی توركیا بەڕێوەبچێت و دوای هەڵبژاردنەكەش سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ساڵی رابردوو لە ریفراندۆمێكدا پەسەندكرا. بە گوێرەی نوێترین راپرسی هاوپەیمانێتی " ئەردۆغان- باخچەلی" لە هەڵبژاردنی 24ی مانگدا ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت و ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش لە خولی یەكەمدا بۆ ئەردۆغان یەكلایی نابێتەوە. دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " ئێن تی ڤی " توركیی رایگەیاند ریفراندۆمەكە دەسەڵاتی ئەوەی بە سەرۆك یان سەرۆكی پەرلەمان بەخشیوە كە داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن، ئەگەر رووداوێك روویدا یان گرفتێك بێتە پێشەوە، بۆ نمونە ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییدا سەركەوتنی بەدەستهێنا ، بەڵام حزبەكەی شكستبهێنێت لە بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان. باخچەلی وتیشی:" كاتێك سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمان گەیشتە خاڵێك كە نەتوانن بەیەكەوە بە سانایی كاربكەن، ئەوا تاكە رێگە بۆ دەرچوون لەوە بە گوێرەی هەمواری دەستور كە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ نمونە كە تاوتوێیدەكەن، هەڵبژاردنی پێشوەختە". باخچەلی لە ماوەی رابردوودا رۆڵێكی سەرەكی گێڕا بۆئەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی توركیا بۆ 24ی حوەزیران پێشبخرێت، كاتێك لە نیسانی رابردوو داوایكرد هەڵبژاردن پێشبخرێت و ئەردۆغانیش دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ باخچەلی 24ی حوەزیرانی بۆ هەردوو هەڵبژاردنەكە دیاریكرد. بە گوێرەی هەمواری دەستوری توركیا، ژمارەی پەرلەمانتارانی خولی نوێی توركیا لە 550 پەرلەمانتارەوە دەبێت بە 600 پەرلەمانتار و بەرپرسانی ئاكەپەش لە هەوڵدان هەرچۆنێك بێت لانیكەم 300 كورسی پەرلەمانی نوێ‌ بەدەستبهێنن.  


(درەو میدیا): نوری مالیكی كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێنتیەكی فراوان و حكومەتی زۆرینە دەكات، وتەبێژی  هاوپەیمانی نەسریش دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبونەوەی عەبادی و لایەنەكان بەڕێوەدەچێت و چەندین لیستی براوەش ئامادەییان پیشانداوە بۆ بەشداریكردن. نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانیكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، دەوڵەتی یاسا كاردەكات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی گشتگیر كە شیعە و سوننە و كورد لەخۆبگرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینە، مەترسی خۆشی پیشانداوە لەدوای 30 حوزەیرانەوە بۆشایی دەستوری لە عێراق دروستبێت. مالیكی ئاماژەی بەوەشكردووە، هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانێتی،  تا ئەو كاتەی ئاڕاستەی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێكدەكرێتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی كۆتایی پەسەنددەكرێت. لە كۆبونەوەی عەبادی و لایەنەكاندا باس لە تانەكان ناكرێت لەلایەكی ترەوە، حسێن عادلی وتەبێژی لیستی نەسر، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەیاننامەیەكەدا ڕایگەیاندوە، 10 لیستی براوەی هەڵبژاردنەكان پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەكی عەبادی كردووە و ئامادەییان دەربڕیوە بەشداری لە كۆبونەوەكەدا بكەن، پێشبینیشیكردوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو كۆبونەوەیە بەڕێوەبچێت. وتەبێژی لیستەكەی عەبادی ئاشكرای كردوە، ئامانجی دیدارەكە ڕێككەوتنە لەسەر هێڵە گشتییەكانی ئیدارەدانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی لە قۆناغی داهاتوودا و ڕۆشنایی ناخاتە سەرپرسی تانەكانی هەڵبژاردنەكان، بەوپێیەی پرسێكی دادوەرییە و یاسا و دادگاكان دەبێت یەكلایبكەنەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand