Draw Media

( درەو میدیا)  " ناوچەكە بە كۆمەڵێك روداوەوە ئاوسە و بە دڵنییایی ناوچەكە ئاڵوگۆڕی گەرەكە، جا چ سیاسی بێ چ ئابووریی بێ یان كۆمەڵایەتی. زۆر ئاشكرا و دیارە كۆمەڵانی خەڵكی ئێران نایانهەوێت بێزراو بن و پاساپۆرتیان لە هیچ كوێی ئەم جیهانە موعتەبەر نەبێ بە هۆی سیاسەتی دژ بە خەڵك و شەڕەنگێزی دەسەڵاتدارەكانیان لە ئێران، ئەوان شادی و ئاشتی و حەسانەوە و سەیر و سەفەریان گەرەكە، ئەوان عەدالەت و بنبڕكردنی گەندەڵی مەلا و بنەماڵەكانیان دەوێت و نیشانگەلی ئەوە لە گشت لاوە پەیدا بوون ئیتر چیتر قبوڵی ناكەن مەلا تەنانەت تەداخولی قژ و مێكاپی ژنەكانیان بكات" ئەمە بیروبۆچی عەلی كەریمی چاودێری سیاسیە رۆژهەڵاتی كوردستانە، كە لە نوسینێكی تایبەت بە درەو میدیا بەناوی (داهاتووی ئێران بەرەو كوێ؟!)دا خستویەتیە روو.  سەبارەت بە خۆپیشاندان و نارەزاییەتیەكانی ئێران كە رۆژ لەدوای رۆژ تەشەنە دەستێنێت، عەلی كەریمی پێی وایە "   دوای ٤٠ ساڵ و ئەمڕۆ ئیتر ئەم پێداویستییە مێژووییەی ئێران برەوی جارانی نەماوە و ئیتر هەموو دنیا تێگەیشت و رۆژئاواش دەیان تاكتیك و مكانیزمی تری دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی وەك قاعیدە و نەسر و داعش و دەیانی تری پەیدا كردوە و دەیكا. ئەمڕۆ بە تایبەت بۆ كۆماریخوازەكانی ئەمریكا كە بە مێژوو لایەنگری ئێقتدار و هێژمۆنیان لە عاست دەرەوەی وڵات بوون و ترەمپ بە ئاشكرا باسی بێعورزەگی و شەلوار لە خوارەوەبوونی ئەمریكای كرد لە ژێر سایەی سەرۆك كۆمارێكی وەك ئۆباما و بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی بەوە دەكرد كە شەلواری داكەوتووی ئەمریكا هەڵدەكێشێتەوە. زۆر نیشانگەلی عەزەمەت تەڵەبی ترەمپ، ویست و داخوازییەكانی وڵاتانی وەك سەعودییە لە دۆستی ستراتیژی خۆیان، تەداخولی بێ سنوری ئێران لە عێراق و یەمەن و لوبنان، پێمان دەڵێ لە وانەیە ئێتر پێویستێیەكی ئەوتۆیان بە كۆماری مەلاكان نەمابێ"  عەلی كەریمی: داهاتووی ئێران بە دڵنییایی بەرەو گۆڕان دەچێ و داهاتووی كوردیش هەر دەگرێتەوە، بەڵام ئێـمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی جەوانی ناوخۆ هەیە و چاوەڕوانم ئەوان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن و ئیجازە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدەن بە ناوی كوردایەتی بچن بۆ دەسكەوتە تابیەتییەكانی خۆیان  سەبارەت بە رۆَڵ و پێگەی حزب و سەركردەكانی رۆژهەڵات بەتایبەت لە ئێستادا جموجوڵیان دەستپێكردووە، عەلی كەریمی پێی وایە ئەوان لەوەهم و خەیاڵی خۆیاندا دەژین و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە" ئەوەی ئەمڕۆ سەركردەكانی بە ناو كوردی ئێران، لە ئۆردوگاكانی ژێر سێبەری یەكێتی و پارتی لە باشوری كوردستانەوە بە خەیاڵی خۆیان دوارۆژی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی كوردستان دادەرێژن، لە وەهم و خەیاڵ و چەواشەكردن و بەرژەوندی تایبەتی خۆیان زیاتر نییە. ئێمە بەم سیاسەتە ساویلكانەی ئەم هێزانە هەرگیز ناتوانین بەرەوپیری گۆڕینی نیزام لە ئێران ببینەوە، ئێمە دەبێ قبوڵ كەین لە عاست تموحی ئەمریكا و ئەوانەی خۆیان بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ئێران ئامادە كردوە زۆر زەعیف و لاوازین. كوا یەك بوونمان!؟، كوا بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی؟! كوا ژووری عەمەلیات؟! كوا نزیكیمان لە نەوەی نوێ؟! كوا تاكتیك و ستراتیژمان؟! كوا گوتارمان بۆ ئێرانییەكان؟! كوا سیاسەتی یەكگرتوومان لەهەمبەر ئەمریكا و وڵاتانی جێهان؟! كوا بەرنامەمان بۆ هێزی چەكدار و پێشمەرگە؟! كوا و كوا و كوا؟!" عەلی كەریمی: ئەوەی ئەمڕۆ سەركردەكانی بە ناو كوردی ئێران، لە ئۆردوگاكانی ژێر سێبەری یەكێتی و پارتی لە باشوری كوردستانەوە بە خەیاڵی خۆیان دوارۆژی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی كوردستان دادەرێژن، لە وەهم و خەیاڵ و چەواشەكردن و بەرژەوندی تایبەتی خۆیان زیاتر نییە  عەلی كەریمی نایشارێتەوە كە ئەم سەركردانەی ئەمرۆی كوردستانی رۆژهەڵات توانای بەدەستهێنانی مافەكانی كوردیان نیە" كوردی ئێران بەم سەركردانەی لە ئێستاوە خۆیان بۆ پۆست و مقام لە تاران خۆش كردوە و مناعەتیان نییە بۆ ئەم كارەیان تەنانەت پەنا بۆ سوكترین رۆژنامەنووسی مێژووی ئێران بەرن، دەبێ بزانن ئەوان لە مەیدانی شەڕی سیاسی داهاتووی ئێران ناتوانن مافەكانمان دەستەبەر بكە، ئەمڕۆ ئێمەی كورد لە رۆژهەڵات دەبێ خەڵكانێك پێش خەین كە ئیمتحانی رابردوویان دابێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان ببینن، ئەوانەی ئەمڕۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە بە ناوی سەركردایەتی كوردی ئێران بوونە دەمڕاستی خەڵكی كورد دەبێ لێپرسینەوە قبوڵ كەن و ولامدەر بن بۆ چی بەم ماوە زۆرە خۆیان قەتیسكردوە لە ئۆردوگاكان؟! بۆچی كێشەی كورد لە ئێران دوای ٨٠ ساڵ یەك بست بۆ پێشەوە نەچووە لە سایەی رێبەریی ئەوان؟! كارنامەی كاری سیاسی و شۆڕشگێریان پێشكەش بە بارەگای بەرزی میللەتی خۆیان بكەن، شەڕی ناوخۆیان لە پێناو چیدا كرد؟! ئەوهەموو ئینشقاق و لێكدابڕان و تەرەكردنی كادر و پێشمەرگە بۆ كران؟! و سەدان پرسیاری بێ وڵام دەبێ وڵام بدرێتەوە، دەبێ مەحاڵ بێ بۆ كەسانێك كە هاورێ و براكانی دۆینێی خۆیان كوشت ئەمڕۆ دیسان بێنەوە پێش" سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانكاری لە ئێراندا و ئامادەیی كورد بۆ ئەو گۆڕانكاریانە عەلی كەریمی دەڵێت" داهاتووی ئێران بە دڵنییایی بەرەو گۆڕان دەچێ و داهاتووی كوردیش هەر دەگرێتەوە، بەڵام ئێـمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی جەوانی ناوخۆ هەیە و چاوەڕوانم ئەوان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن و ئیجازە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدەن بە ناوی كوردایەتی بچن بۆ دەسكەوتە تابیەتییەكانی خۆیان. لە یەكەم حەرەكە و جوڵە لە رۆژهەڵات حەقە رێ بە  میلیشیای حیزبی نەدرێت و گەر قەرارە هێزی نیزامی هەبێ دەبێ هێزی پێشمەرگەی نەتەوەیی بێتە چێ كردن و حەقی سیاسەتی نەبێ و هیچ حیزب و كەسایەتییەكیش بۆی نەبێ هێزی چەكداری هەبێ. كەسانێك بنێرین بۆ تاران و گفتوگۆ كە بچوكترین نیاز و بەرژەوەندییەكی تاكی خۆیان نەبێ، ئەمڕۆ دەبێ كوردی ئێران ئامادە بێ بۆ هەموو گۆڕانكاریی و شۆڕشی سەرانسەری یان گۆڕینی رژیم لە سەرەوە، ئەوەش بە خەڵكانێك دەكرێت كە ئیمتحانی دڵسۆزی و وەفایان بۆ گەل و نیشتمان دابێت" 


وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت كاتێك باس لەو هۆكارانە دەكرێت كە بونەتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەكان، یەكسەر هۆكاری لۆژیكی بە مێشكتدا دێت، وەكو ململانێی لەسەر سامان و داگیركردنی خاك و یان ئازادكردنی یاخود تەنانەت گەڕان بەدوای نەمری و ناوبانگدا، لە پشت ئەم هۆكارانەوە چەندین شیكردنەوەی پڕ گرێوگۆڵ دەبینین، كە لەگەڵ ئەو كوشتار و برینداربوون و زیانە مادییە زۆرانەدا دەگونجێت كە جەنگ لەدوای خۆی بەجێی دەهێڵێت، بەڵام كاتێك تەماشای كتێبەكانی مێژوو دەكەین توشی سەرسوڕمان دەبین بەو هەموو جەنگەی كە هۆكاری رودانیان دەكرێت بە پڕوپوچ وەسفبكرێت. 1: جەنگی "گوێی جەنگینز": خاڵی سەرەتای ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە هێزەكانی ئیسپانیا سااڵی 1731 كاپتنی كەشتییەكی ئینگلیزییان دەستگیركرد بە ناوی كاپتن "جەنگینز" و سوكایەتییەكان پێكرد و بەشێوەیەكی توندوتیژ هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كرد تا ئەو ئاستتەی فەرماندەیەكی ئیسپانی گوێی "جەنگینز"ی بڕی و پێی وت: پادشای ئینگلتەراش هەمان چارەنوسی دەبێت ئەگەر بێتە ناوچەی كاریبی یاخود بازرگانی بكات لەو ناوچانەی كە موڵكی ئیسپانیان. دوای ئازادكردنی "جەنگینز" گوێچكە بڕاوەكەی لە كوپێك خواردنەوەی كحولیدا هەڵگرت و گەڕایەوە بۆ ئینگلتەرا و رۆیشت بۆ لای پادشا جۆری دووەم ئاگاداری بكات لەو گوێیەی كە بڕیویانە، بەڵام پادشا لە سەرەتاوە بایەخی پێنەدا، ئەمە وایكرد "جەنگینز" پەنا بۆ بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكەی ببات لە یەكێك لە گۆڤارە بەناوبانگەكان و بەردەوامیش بە گوێ بڕاوەكەیەوە بە قاوەخانەكاندا دەگەڕا و چیرۆكەكەی دەگێڕایەوە. دواجار لە ساڵی 1738 سەركەوتوو بوو لەوەی سكاڵایەك بخاتە بەردەم ئەنجومەنی گشتی بەریتانیا، ئەو بەریتانیانەی كە دیمەنی گوێی وروژاندبونی، گوێیان بۆ گرت، داوا لە ئیسپانیا كرا داوای لێبوردن لەو كارە بكات كە كردویەتی، بەڵام هیچ وەڵامێك نەبوو، لە 23ی ئۆكتۆبەری 1739 ئەو جەنگە هەڵگیرسا كە ناوی لێنرا جەنگی "گوێی جەنگینز"، دوای دەستپێكردنی جەنگەكە پەرەیسەند بۆ جەنگی نێوان دوو هاوپەیمانێتی نەك تەنیا دوو دەوڵەت، نەمسا و فەرەنسا و هەندێك لە وڵاتانی تر بەشدارییان لە جەنگەكەدا كرد، ئەمە وای كرد خەڵكانی پسپۆڕ بە شوێن هۆكاری راستەقینەی جەنگەكەدا بگەڕێن كە دوو هاوپەیمانی گەورەی بەشەڕدا، جەنگەكەش بە ئیمزاكردنی رێككەوتنێك بە ناوی "ئیكس لا شابل" لە ساڵی 1748 كۆتایی هات. 2- جەنگی باڵندەی ئیمو: ئەم جەنگە لەنێوان مرۆڤەكاندا نەبوو، لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵەكاندا بوو، لە نۆڤێمبەر/ تشرینی دووەمی ساڵی 1932 باڵندەی "ئیمۆ" لە شێوەیەك لە ئوسترالیا بڵاوبوەوە كە لە كۆنترۆڵ دەرچوو، ژمارەیان گەیشتە نزیكەی (20 هەزار) باڵندە، لە بیابانی ئوسترالیا بڵاوبونەوە و بەروبومی كشتوكاڵیان لەناودەبرد، ئەمە وایكرد سوپای ئوسترالیا هێزێكی چەكدار بنێرێت بۆ لەناوبردنیان. بەڵام كارەكە ئاسان نەبوو، باڵندەكان سەركەوتوو بوون لە نیشاندانی نەرمییەكی زۆر لەبەرامبەر چەكەكانیان، سەرباری كوژرانی (2 هەزارو 500) باڵندە، بەڵام زۆرینەیان رزگاریان بوو و هەڵاتنی لە دەستی سەربازە چەكدارەكان، دوای هەفتەیەك بەردەوانی جەنگەكە، فەرماندەی هێزە چەكدارەكە بێئومێد بوو لە لەناوبردنی باڵندەكان و بڕیاری كشانەوەی دا. 3-  جەنگی سەگێكی سەرلێشێواو: دوای تەواوبونی جەنگی جیهانی یەكەم، پەیوەندییەكانی نێوان یۆنان و بولگاریا زۆر ئاڵۆزبوو، كەشوهەواكە لەباربوو بۆ نوێبونەوەی جەنگ لە نێوانیاندا ئەگەر هۆكارێك هەبێت، ئەو هۆكارەش لە رۆژی 22ی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی 1925 رویدا كاتێك یەكێك لە سەربازانی یۆنانی شوێن سەگە هەڵاتوەكەی كەوت كە سنوری بولگاریای بڕی، سەربازەكە بەردەوام بوو لە راونانی سەگەكە ئەمە وایكرد بە تەقەی پاسەوانی سنوری بولگاریا بكوژرێت. ئەم روداوە هێزەكانی یۆنانی وروژاند و رۆژی دواتر جەنگیان لەدژی بولگاریان دەستپێكرد و ژمارەیەك گوندیان داگیركرد، لە سەروبەندی بۆردومانكردنی شاری "بیتریچ" بوون، بەڵام كۆمەڵەی نەتەوەكان دەستوەردانی كرد و ئیدانەی هێرشەكەی كرد، و لیژنەیەكی نێودەوڵەتیشی پێكهێنا بۆ دانوستان، سەركەوتوو بوو لە راگرتنی شەڕ، ئەمەش دوای ئەوەی 52 كەس كوژران. 4- جەنگی تۆپی پێ‌: ئەم جەنگە لە نێوان هندۆراس و سلڤادۆردا بەرپابووو، ناكرێت تەنها یاری تۆپی پێ بە هۆكاری سەرەكی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە دابنرێت،کارەکە زۆر لەوە دژوارترە و رەگ و ریشەی قەیرانی نێو ئەو دوو وڵاتە بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، كاتێك حكومەتی هندۆراس تاپۆكردنی زەویی لە هاوڵاتیانی سلڤادۆر قەدەغەكرد و هاوڵاتیانی سلڤادۆریی دەركرد و پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانیشی لەگەڵ وڵاتەكەیاندا پچڕاند، بەڵام تیروپشكی یارییەكانی پاڵاوتنی جامی جیهانی ساڵی 1970 تیپی هەردوو وڵاتی رووبەڕوووی یەك كردەوە لە یارییەكی یەكلاكەرەوەدا و سلڤادۆر یارییەكەی بردەوە و بۆ تەواوكردنی پاڵاوتنەكان سەركەوت، لەگەڵ كۆتاییهاتنی یارییەكە هەردوو دەوڵەت هێزەكانیان لەسەر سنور جێگیركرد و جەنگ بە پێشێلكردنی ئاسمانی سلڤادۆر لەلایەن فڕۆكەیەكی هندۆراسەوە دەستیپێكرد, فڕۆكەكە بنكەیەكی سەربازی بۆردومانكرد و سوپای سلڤادۆریش بەرپەرچی دایەوە، دوای پێنج رۆژ لە شەڕ هێزەكانی هندۆراس گەورەترین شاری سلڤادۆریان بۆردومانكرد، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵەكانی لیژنەی تایبەت بە رێكخراوی وڵاتانی ئەمریكای باشوور سەركەوتووبوون لە راگرتنی جەنگەكەدا. 5- جەنگی خواردن: هۆكاری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە بۆئەوە دەگەڕێتەوە ، دوكانێكی خواردەمەنی كە خاوەنەكەی هاوڵاتییەكی فەرەنسیی بوو لە شاری مەكسیكۆ بەهۆی سەرهەڵدانی پشێوی ئاژاوەوە لە ساڵی 1828 تاڵانكرا، خاوەنەكەی داوای قەرەبووی لە دەسەڵاتدارانی مەكسیك كرد، بەڵام سكاڵا و داواكارییەكەی پێشتگوێخرا، بەوەش خاوەنەكەی ناچاربوو داوای هاوكاری لە حكومەتی فەرەنسا بكات، ماوەیەكی زۆر هیچ وەڵامێكی وەرنەگرتەوە، هەتا " لویس فیلیپ"شای فەرەنسا هاتەسەرخت و توڕە بووە لەوەی كە مەكسیك لە قەرەبووكردنەوەیدا شكستیهێناوە و ئەوەش وایكرد داوا لە شای مەكسیك بكات بڕی 600 هەزار پیزۆ وەك قەرەبوو بداتە خاوەنی دوكان خواردەمەنییەكە بەهۆی ئەو زیانانەی لێی كەتووە، كاتێك مەكسیك رەتیكردەوە قەرەبووەكە بدات، شای فەرەنسا جەنگی راگەیاند و جەنگەكە لە تشرینی یەكەمی 1838 دەستیپێكرد و لە ئازاری 1839 كۆتایی هات، دوای ناوبژیوانی حكومەتی بەریتانیا و ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، كە یەكێك لە بەندەكانی حكومەتی مەكسیكی پابەند كرد ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبوو بداتە خاوەن دوكانەكە. 6- جەنگی سەتڵەكە: ئەم جەنگە ساڵی 1328 لە نێوان دوو شاری سەربەخۆی ئەو كاتەی ئیتالیا بەرپابوو، كە ئەوانیش شاری مۆدینا و بۆڵۆنیا بوون، سەرەتا فیرقەیەك لە سەربازانی مۆدینا هێرشیانكردە سەر شاری بۆڵۆنیا و سەتڵێكی دارینی گەورەیان دزی و هێنایانە شارەكەیان، ئەوەش دانیشتوانی بۆڵۆنیای توڕەكرد و بە سوكایەتیكردن پێیان لە قەڵەمیاندا و ئەو هەڵوێستەش بووەهۆی بەرپابوونی جەنگ لە نێوان هەردوو شارەكەدا و شەڕەكە 12 ساڵی خایاند، سەرەڕای ئەوەی جەنگەكە ئەو ماوە دوورودرێژەی خایاندن بەڵام بۆڵۆنیان نەیتوانی سەتڵەكە بەدەستبهێنێتەوە و هەتا ئەمڕۆش ئەو سەتڵە بە تاوەری زەنگەكەوە لە مۆدینا هەڵوەسراوە. 7- جەنگی پاراگوای:  سەرۆكی پاراگوای " فرانسیسكۆ سۆلانۆ لۆپێز" زۆر بە سەركردەی سەربازی فەرەنسا ناپلیۆن پۆناپارت سەرسامبوو، هەمیشە هەوڵیدەدا لە هەموو بوارەكانی ژیانیدا لاسایی بكاتەوە، یەكێك لەو لایەنانەش ئازایەتی ناپلیۆن و زۆر شەڕكردنی بوو، لەبەرئەوە لۆپێز ساڵی 1864 جەنگی لەدژی سێ‌ دراوسێی وڵاتەكەی، ئەرجەنتین، و بەرازیل و ئۆرەگوای راگەیاند و ئەنجامەكەشی زۆر كارەساتبار بوو، بە گوێرەی خەمڵاندنەكان لەو جەنگەدا 90%ی پیاوانی پاراگوای گیانیان لەدەستدا، و كۆی قوربانییەكان گەیشتە 400 هەزار كوژراو لە هەردوو لایەنی شەڕ و لە كۆتاییدا هیچ چارەسەرێك بۆ وەستاندنی شەڕەكە نەبوو، جگە لە تیرۆركردنی سەرۆكە گەمژەكە نەبێت لە ساڵی 1870دا. سەرچاوە: هاڤینگتۆن پۆست عەرەبی    


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی شەممە وادەی یاسایی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی دێت، هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەستی پێنەكردووە كە رۆژی 6ی ئەم مانگە پەرلەمان بڕیاری لەسەردا. ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاربوو كۆببێتەوە، بەڵام نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، بەوهۆیەوە كۆبونەوەكە دواخرا. سەرچاوەكان لە بەغدادەوە باسلەوەدەكەن، فشارێك لەسەر پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی ماددەی تایبەت بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵوەشێنێتەوە.  ناوی ئەو لایەنانەی كە ئەم داواكارییەیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە هێشتا نادیارە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەو لایەنانە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیان كردوەتە مەرج بۆ بەشداربونیان لە كۆبونەوەی پەرلەمان و تەواوكردنی نیساب لەبارەی پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. نزیكەی دوو مانگ تێپەڕیووە بەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، بەڵام تائێستا ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن پەسەند نەكراون. بەپێی ئەو هەموارەی كە پەرلەمانی عێراق لە یاسای هەڵبژاردندا كردویەتی دەبێت دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێنەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراقیش ئەژماركردنەوەی دەستیی پەسەندكردووە، بەڵام ئەم مادەیە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەندێك دەڵێن مەبەست لە ناوەڕۆكی ماددەكە ئەوەیە تەنیا دەنگی ئەو سندوقانە ئەژماربكرێنەوە كە گومانی ساختەكارییان لەسەرە، لەبەرامبەردا هەندێكی باس لەوە دەكەن مەبەست لە ماددە یاساییەكە ئەژماركردنەوەی تەواوەتی دەنگەكانە لەسەرتاسەری عێراق. لەنێوان ئەم دوو بۆچونەدا ئەو دادوەرانەی كە لە جێگای ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دانراون قسەی یەكلاكەرەوەیان كرد و رایانگەیاند، ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان تەنیا ئەو سندوقانە دەگرێتەوە كە تانەیان لەسەرە. سەلیم جبوری: هەفتەی داهاتوو ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان دەستپێدەكات لە پاڵ هەوڵە یاساییەكان بۆ ئیفلیجكردنی ئەو ماددەیەی كە تایبەتە بە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان، لە پشت پەردەشەوە هەوڵی سیاسی خراوەتەگەڕ بۆ ئیفلیكردنی ماددەكە. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر- سەركەوتن)ە پێشتر بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرگری لە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكرد، بەمدواییە لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائرون هاوپەیمانێتی كرد كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە. هاوپەیمانی نێوان عەبادی و سەدر وەكو چەقاندنی بزمارێك بوو لە تابوتی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرێك لە لایەنە ناڕەزاییەكانی عێراقی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان توشی شۆك كرد. لەكاتێكدا هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستی پێنەكردووە، لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی دروستكردنی كوتلەی گەورەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 12ی ئایار تائێستا سێ هاوپەیمانێتی كردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت: یەكەم: هاوپەیمانی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە  دووەم: هاوپەیمانێتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتح سێیەم: هاوپەیمانێتی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی النصر بەڵام پێناچێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ بەو ئاسانییە تێپەڕێت، بەپێی دەستوری عێراق پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەبێت بەم قۆناغانەدا تێپەڕی: قۆناغی یەكەم: كۆبونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێ و سوێندخواردنی ئەندامان  قۆناغی دووەم: لە یەكەم دانیشتنیدا پەرلەمانی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێرن (سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران) قۆناغی سێیەم: دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان دەنگ دەدات لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار قۆناغی چوارەم: سەرۆك كۆمار دوای هەڵبژاردن  و سوێندخواردنی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت سەرباری ئەم رێوشوێنانە، پرسی درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان رەنگە هەندێك مشتومڕ دروستبكات و كاتەكە درێژبكاتەوە، بەتایبەتیش كە ژمارەیەكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتدەكەنەوە و داوای دەستبەكاربونی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێ دەكەن، ئەمەش بزمارێكی ترە كە لە تابوتی پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەدرێت. لەبەرامبەردا لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەوڵی ئەوە دەدەن بەر لە دەستبەكاربونی پەرلەمانی نوێ پرۆسەی ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی نوێ لەسەر بنەمای ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی پێكبێت، بەگوێرەی قسەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی داهاتوو پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستپێدەكات.   لایەنە كوردییەكان و ژماردنەوەی دەنگەكان سەرەتای ناڕەزایەتی لە ئەندامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هەرێمی كوردستانەوە دەستیپێكرد و دواتر پەڕییەوە بۆ ناوچەكانی تری عێراق. لە هەرێمی كوردستان شەش لایەن كە پێكدێت لە (بزوتنەوەی گۆڕان- یەكگرتووی ئیسلامی- كۆمەڵی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری - بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن و داوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكەن. ئەم لایەنان بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) لە دوای هەڵبژاردن ناڕەزایەتییەكانیان گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكرد، بەڵام وردە وردە لەو بیرۆكەیە پاشەكشێیان كرد. لەبەرامبەردا هەریەكە لە (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان) هێندەی چاویان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە هێندە بایەخ بە مشتومڕی ئەژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان نادەن. پارتی و یەكێتی بەبێ بانگهێشتكردنیان بۆ ناو هاوپەیمانییەكە، لەگەڵ راگەیاندنی هاوپەیمانێتی نێوان سەدر و هادی عامری بەشێوەیەكی خێرا پیرۆزباییان كرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریكردن تێیدا. بەم بارودۆخەوە پێناچێت ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان بەوشێوەیە بەڕێوەبچێت كە لایەنە ناڕازییەكان دەیانەوێت، رەنگە لە باشترین حاڵدا ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەنگی چەند وێستگە و بنكەیەك بگرێتەوە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لەو ئەنجامانەدا دروست نەكات كە پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاندووە.  


(درەو میدیا): شیردان شاكیری و گرانیت چاكا دوو یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویسران و بەرەگەز خەڵكی كۆسۆڤۆن، ئەم دوو یاریزانە لە یاری هەڵبژاردەی سویسرادا  لە مۆندیالی روسیا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی سویسرا دوو گۆڵیان تۆماركرد و بە هێمای ئەلبانیا ئاهەنگیان گێڕا و ئەوەش حكومەتی سربیای توڕەو نیگەران كرد. یارییەكەی هەڵبژاردەی  سویسرا و سربیا رۆژی هەینی رابردوو بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی سربیا بە گۆڵێك پێشكەوت، بەڵام دواتر سویسرا ئەنجامەكەی هەڵگێڕایەوە لە خولەكانی كۆتاییدا بە ئەنجامی 2-1 یارییەكەی بردەوە، شیردان شاكیری یاریزانی بەرەگەز كۆسۆڤۆیی   گۆڵی بردنەوەی تۆماركرد و بەرەو هاندەرانی سربیا رۆیشت و هەردوو دەستی بە پێچەوانەی یەكرتەوە لەسەر سەنگی دانا و نیشانەی " هەڵۆی دووسەر" نیشانەی ئەلبانیا دروستكرد و پێش ئەویش چاكای هاوڕێی كە گۆڵی یەكەمی تۆماركرد و هەمان رەفتاریكرد. لە بەرامبەر ئەو كارەی ئەو دوو یاریزانە یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی " فیفا" بڕیاریدا هەریەك لە شاكیری و چاكا بە بڕی 10 هەزار فرەنكی سویسری " 10 هەزار دۆلار" و هاوڕێكەیان و كاپتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویسرا شتیڤان لیختشتاینەر بە بڕی پێنج هەزار دۆلار غەرامەبكات. دوای ئەم بڕیارەی فیفا، لە كۆسۆڤۆ هاوسۆزی و پشتیوانی زۆر بۆ ئەو یاریزانانە دەبڕدا و سایتێكی ئەلیكترۆنی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆیان دانرا و لەماوەی 24 كاتژمێردا 12 هەزار یۆرۆ كۆكرایەوە. بایرام حەسانی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كۆسۆڤۆ یەكەمین كەس بوو بە موچەی مانگێكی ( 1500 یۆرۆ) بەشداری كۆكردنەوەی هاوكاری كرد بۆ ئەو سێ‌ یاریزانە و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكانی كۆسۆڤۆ وتی:" ئەوان تەنها لەسەر ئەوەی رەگ و ریشەی خۆیان لە بیر نەكردووە سزادراون، ئەوان ئەوەیان لە بیر نەكردووە كە لە كوێوە هاتوون، بە پارە قەرەبووی ئەو خۆشیە ناكرێتەوە كە چاكا و شاكیری بە ئاهەنگێڕان لەگەڵ دروشمی هەڵۆ بۆ ئێمەیان هێنا". شاكیری ساڵی 1991 لە كۆسۆڤۆ لەدایكبووە، لە تەمەنی یەك ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا چووتە سویسرا، چاكاش ساڵی 1992 لە خێزانێكی كۆسۆڤۆیی لە سویسرا لەدایكبووە، و براكەی تولانت دوای یاریكردنی بۆ هەڵبژاردەی سویسرای خوار تەمەن 21 ساڵ چووە ریزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەلبانیاوە. كۆسۆڤۆ دەكەوێتە باكوری ئەلبانیا و زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانن، ساڵی 1998 هەڵمەتی جیابوونەوەی لە سربیا دەستپێكرد و سربیاش هەوڵەكانی سەربەخۆیی بە هێز سەركوتكرد، ئەوەش پەیمانی ناتۆی ناچاركرد لە ئازاری 1998 دەستوەردان بكات و هێرشی ئاسمانی بكاتە سەر بەلگرادی پایتەختی سربیا و دوای 78 رۆژ حكومەتی سربیا هێزەكانی لە كۆسۆڤۆ كشاندەوە. لە ساڵی 2008 كۆسۆڤۆ سەربەخۆیی وەرگرت و بووە ئەندامی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام تا ئێستا لە لایەن سربیا و پێنج وڵاتی یەكێتی ئەوروپا روسیا و چینەوە دانی پێدانەنراوە.  


 (درەو میدیا): سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كابینەی نوێی حكومەتی توركیا گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بە گوێرەی راپۆرتێكی سایتی " turkpress" كابینەی نوێی حكومەتی توركیا لە 14 وەزارەت پێكدێت و لەبەرامبەر كەمكردنەوەی وەزارەتەكاندا چەند دەست و ئەنجومەن و نوسینگەیەكی نوێ پێكدەهێنرێت. پەیكەری سیستمی سەرۆكایەتی توركیا لە 16 وەزارەت و 4 نوسینگە و نۆ دەستە و هەشت ئەنجومەن و سەرۆكایەتی پێكدێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمار جێگرەكانی و وەزیرەكانی حكومەتەكەی لە دەرەوەی پەرلەمان دیاریدەكات و رێوشوێنی كاری سیستمی سەرۆكایەتی بەمشێوەیەیە: •     چوار نوسینگە  پێكدەهێرنێت كە ئەمانەن: نوسینگەی دارایی، نوسینگەی سەرچاوە مرۆییەكان، نوسینگەی تەكنۆلۆژیا و نوسینگەی وەبەرهێنان، هەرچوار نوسینگەكە راستەوخۆ پەیوەستن بە سەرۆك كۆمارەوە و رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بوارەكانی وەبەرهێنان و بودجە و سەرچاوە مرۆییەكان، هەروەها راوێژكارەكانی ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغانیش كە ژمارەیان 36 راوێژكارە لەگەڵ چەندین كەسی تردا لەم چوار نوسینگەیەدا كاردەكەن. •    نۆ دەستەش دادەمەزرێنرێن و راستەوخۆ سەربە سەرۆكایەتی كۆمار دەبن و ئەركەكانیان بریتییە لە پێشكەشكردنی پێشنیاز لە بوارەكانی زانست، تەندروستی، پەروەردە و فێركردن، خۆراك و ئابوری ، ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی دوورمەودا، یەكێم لە دەستەكان دەستەی ستراتیژی و بودجەیە كە لە نزیكەوە چاودێری بودجە دەكات و بەدواداچوون بۆ كاریگەری بڕیارە ئابورییەكانی بانكی ناوەندی و دەسەڵاتە باڵاكان دەكات لەسەر بودجەی گشتی وڵات. •    گرنگترین ئەو ئەنجومەنانەشی كە لە سیستمی سەرۆكایەتی توركیادا دادەمەزرێنرێن، ئەنجومەنی سیاسیەتی ئابورییە كە وەك دەستەیەكی ئابوری بەهێز پێشنیاز و ستراتیژی خۆی راستەوخۆ پێشكەشی سەرۆك كۆمار دەكات. هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش و سیاسەتەكانی دەرەوەش دادەمەزرێنرێت كە ئەركی داڕشتنی سیاسەتی نوێیە بۆ بەرەوپێشبردن و بەرزركردنەوەی ئاستی توركیا لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا.


(درەو میدیا): بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران و  تەواونەبونی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە دواخرا. سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان داوای لە لیژنەی یاسایی و لیژنەی بەدواداچونی ڕاستیەکان كرد سبەی یان دوو سبەی بۆ کاتی دانیشتن دیاریی بكەن. هەوڵی پەرلەمانی عێراق بۆ كۆبوونەوە لە كاتێكدایە  ڕۆژی شەممە دوا ڕۆژی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە و خولی یاسایی پەرلەمان كۆتایی دێت.  


(درەو میدیا): دوای پێشكەشكردنی ئاستێكی خراپ، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو، دوای دۆڕاندنی بە هەڵبژاردەی كۆریای باشوور ( 2- 0 ) ماڵئاوایی لە مۆندیالی 2018ی روسیا كرد. ئەو شكست هاندەرانی ئەڵمانیای تووشی شۆك كرد، چونكە لە ماوەی 80 ساڵدا ئەوە یەكەمجارە هەڵبژاردەی مانشافت كە چوارجار جامی جیهانیی بردوەتەوە لە قۆناغی یەكەمی مۆندیال بكرێتە دەرەوە و بەوەش ئەڵمانیا شكستیهێنا لەوەی هاوشێوەی هەڵبژاردەی ئیتالیا و بەرازیل بچێتە لیستی ئەو هەڵبژاردانەی سەركەوتووبوون لە پارێزگاریكردن لە نازناوی جامی جیهانیی. لە دوای كۆتایی هاتنی یارییەكەی ئەڵمانیا و كۆریای باشوور، هاندەرانی ئەڵمانیا جامی توڕەیی خۆیان بە مەسعود ئۆزێل یاریزانی هەڵبژاردەكەیان رشت. ئۆزێل لە كاتێكدا بەڕێوەبوو بۆ ژووری خۆگۆڕینی یاریزانەكان لەلایەن چەند هاندەرێكی توڕەوە  هێرشیكرایەسەر و ئەویش وەڵامیدانەوە. چەند شایەدحاڵێك بە رۆژنامەی " بێڵد" یان راگەیاند كاتێك ئۆزێل بەرەو ژووری خۆگۆڕین دەڕۆیشت، درێسەكەی هەڵداوە بۆ جەماوەری ئەڵمانیا، بەڵام پاشان بە توڕەییەوە گەڕاوەتەوە بووە بە شەڕەقسەی لەگەڵ هاندەراندا و دواتر راهێنەری گۆڵپارێزەكان ئەندی كۆپكە دۆخەكەی هێوركردوەتەوە. جەماوەری ئەڵمانیا لە پێش دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیالەوە لە مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان توڕەن بەهۆی كۆبوونەوەیان لە لەندەن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و داوایانكرد لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووربخرێنەوە. جگە لە هاندەران، لەلایەن ئەستێرەكانی پێشووی تۆپی پێی ئەڵمانیاوە مەسعود ئۆزێل رووبەڕووی رەخنە بووەوە بە تایبەتیش دوای پێشكەشكردنی ئاستێكی نزم لە یارییەكانی مۆندیالی روسیادا. ماریۆ بازلەر یاریزانی پێشووی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا  لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " گاردیان" ی بەریتانیی  لە ئاماژەیدا بۆ خراپی ئاستی ئۆزیل وتی:" ئۆزێل نیشانەكانی بۆقی مردووی لەسەر دەركەوتبوو". هەروەها  ستیڤان ئیفنبێرگ كاپتنی یانەی بایرن میونشن كە بەشداری مۆندیالی 1994ی كردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا جەختیكردەوە كە پێویست بوو ئۆزێل و گۆندۆگان دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی توركیا لە لەندەن لە هەڵبژاردە ئەڵمانیا دووربخرایانەتەوە. هەروەها لۆتەر ماتیۆس كاپتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە 1900دا رەخنەی ئاراستەی مەسعود ئۆزێل كرد و وتی:" كاتێك دەبینم ئۆزێل دەچێتە ناو یاریگا، واهەستدەكەم كە خۆشحاڵ نییە بە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی نیشتمانی، وەكو ئەوە دەردەكەوێت كە هەر لە بنەڕەتدا نەیەوێت بەشداری بكات". لۆف بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت دوای ئەو شكستتە گەورەیەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، یواخیم لۆف راهێنەری هەڵبژاردەكە بە خێرایی دوای كۆتاییهاتنی یاریكە بەرپرسیارێتی شكستەكەی لە ئەستۆگرت و بەدووریشی زانی لەم كاتەدا باس لە چارەنوسی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردنەكەدا بكات، بەڵام ئۆلیڤەر بێهۆف یاریدەدەری راهێنەری و بەڕێوەبەری وەرزشی هەڵبژاردەی مانشافت وتی" لە ئێستاوە چاو بە هەموو شتێكدا دەخشێنرێتەوە، هەموو شتێك، تێگەیشتم كە راهێنەر و ئەستێرە گەورەكانی مانشافت و هەموو وردەكارییەكان دەگرێتەوە." هەر لەسەهەمان پرس تۆنی كروز یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەكە وتی:" تۆپی پێی ئەڵمانیا لە بەردەم گۆڕانكاریی تەواوەتیدایە". تۆماس هۆمڵزی یاریزانیش كە یەكێك بوو لە یاریزانە ئاست بەرزەكانی مۆندیالی رابردوو، یەكەمجار بەرپرسیارێتی شكستەكەی خستە ئەستۆی خۆی بەهۆی ئەوەی لە خولەكی 85 یارییەكەداسەركەوتوو نەبوو هەژاندنی تۆڕی گۆڵی كۆریای باشوور. مانوێل نۆیەری كاپتن و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا وتی:" شایستەی ئەوە نەبووین، پێویستە بە روون و ئاشكرا بڵێین كە ئێمە بەرپرسین لەوەی روویدا، كارێكی زۆر تۆقێنەر بوو، مایەی بەزەییە." نۆیەر وتیشی: ئەگەر بۆ قۆناغی داهاتوش سەربكەوتینایە، ئەوا لە كۆتاییمان پێدەهات و لە یاری دواتردا شكستماندەهێنا".    


(درەو میدیا): دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا" مەهەپە"، سەفەر ئیجانی جێگری لە حزبەكە دەركرد بەهۆی لێدوانێكییەوە لەسەر ئەردۆغان و هەڵبژاردنەكانی توركیا. سەفەر ئیجان لە لێدوانێكیدا رایگەیاندبوو مەهەپە رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاكەپەی لە شكستهێنان لە هەڵبژاردنەكاندا رزگاركردووە. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو وتانەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی سەفەر ئیجان.  


(درەو میدیا): مۆسكۆ و واشنتۆن رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەردوو وڵات، ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ لە وڵاتی سێیەم كۆببنەوە. ئەم كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن، دوای كۆبوونەوەی ڤلادمێر پۆتن سەرۆكی روسیا و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا جۆن بۆڵتۆن لە مۆسكۆ راگەیەندرا. ترەمپ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند دوای كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە برۆكسل مانگی داهاتوو چاوی بە پوتن دەكەوێت و ئاماژەیبەوەشدل كە كۆبوونەوەكە لە هێلسنكی پایتەختی فینلەندا بەڕێوەدەچێت. ترەمپ ئاشكراشیكرد كە لە كۆبوونەوەكەیدا جەنگی سوریا و دۆخی ئۆكرانیا لەگەڵ هاوتا روسییەكەی تاوتوێدەكات. دواهەمین كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن لە پەراوێزی كۆبوونەكەی لوتكەی " ئاسیان"  لە تشرینی دووەمی رابردوو  لە ڤێتنام بەڕێوەچوو. دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی روسیا جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  وتی ترەمپ لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ پوتن كۆدەبێتەوە و وتیشی هەردوو سەرۆك دەیانەوێت كۆبوونەوەكە بكەنە هەلێك بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات. پوتنیش رایگەیاند كۆبوونەوەی لەگەڵ بۆڵتۆن هیوای بە گەیشتن بە دەستپێكردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییەكانی روسیای لەگەڵ ئەمریكا بەرزكردەوە و رونیشیكردەوە كە پەیوەندییەكانی مۆسكۆ و واشنتۆن لە باشترین دۆخدا نیە.    


درەو میدیا ئێوارەی ئەمڕۆ 27ی حوەزیران ئەنجامی  خولی " یەكەم" ی تاقیكردنەوەی وزاری قۆناغی 12ی ئامادەیی و نیشتمانی نۆی بنەڕەتی راگەیەندرا و ناوی خوێندكارە یەكەمەكانی هەردوو قۆناغەكەش ئاشكراكران. رێژەی دەرچوون: لە مەراسیمی راگەیاندنی ئەنجامەكاندا پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم وتی :" 230 هەزار خوێندكار لە هەردوو قۆناغەكە بەشداریان لە تاقیكردنەوەكە گشتییەكان كردووە و رێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی 12ی ئامادەیی (28%) و بەشی وێژەیی (18%) و پۆلی 9ی نیشتمانیش (65%) بووە" راشیگەیاند، ئەو خوێندكارانەی كە نمرەی 90 تا 100یان لە پۆلی 12ی زانستی بەدەستهێناوە، دوو هەزار و 152 خوێندكارە. ئاشكراشیكرد بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2017 2018 ،  57 خوێندكار یەكەم و دووەم و سێیەم بوون، كە 34یان لە ڕەگەزی نێرن و 23یان لە رەگەزی مێن. وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان ئاشكراشیكرد 608 خوێندكار نمرەی 95 بۆ 100 یان هێناوە، بەڵام هیچ قوتابییەك نمرەی 100ی بەدەستنەهێناوە، ئەوەش لە كاتێكدایە كە پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكان هەمووی هەڵبژاردنە و لە ساڵانی رابردوودا نمرەی 100 هاتووە. یەكەمەكان: ناوی خوێندكارە یەكەمەكانی هەردوو قۆناغەكە لەلایەن سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە خوێندرانەوە كە بەمشێوەیە بوو:  بەشی 12ی زانستی: 1. بەستە یاسین ئەمین، سلێمانی: 99.14  1. پەیام نایف جەمال، هەولێر، 99.14 2. سەروا سەردار، هەولێر 98.86 2. محەممەد خالید، هەولێر: (98.86 دووبارە) 2. ئەحمەد هیوا، هەولێر: (98.86 دووبارە) 2. زەینەب موئەیەد، هەولێر: (98.86 دووبارە) 2. مریەم رەمزی، هەولێر: (98.86 دووبارە) 2. راوێژ قادر، هەولێر: (98.86 دووبارە) 2. محەممەد سەدرەدین، هەولێر : (98.86 دووبارە) 2. میلانۆ محەممەد، سلێمانی : (98.86 دووبارە) 2. رۆژ سەربەست، سلێمانی : (98.86 دووبارە) 2. سەربەست سەلام، سلێمانی : (98.86 دووبارە) 2. هەڤان رزگار فەقێ، سلێمانی : (98.86 دووبارە) 3. دانا سەركەوت، هەولێر: (98.57) 3. چرا محەمەد، هەولێر: (98.57 دووبارە) 3. تاران ئازاد، هەولێر: (98.57 دووبارە) 3. سارا كاوە، هەولێر: (98.57 دووبارە) 3. عائیشە عەلا، هەولێر (98.57 دووبارە) 3. نەریمان سەلام، هەولێر (98.57 دووبارە) 3. مستەفا سامی، هەولێر(98.57 دووبارە) 3. میران سلێمانی(98.57 دووبارە) 3. ئارین سلێمانی (98.57 دووبارە) 3. شنایر بێستون، سلێمانی: (98.57 دووبارە) 3. لارا شێركۆ سلێمانی: (98.57 دووبارە) 3. ڤاریا خالید، سلێمانی (98.57 دووبارە) 3. میر كرمانج، سلێمانی: (98.57 دووبارە) 3. باوەڕ عومەر، سلێمانی: (98.57 دووبارە) 3. زانیار دڵشاد، سلێمانی: (98.57 دووبارە) 3. فێنك مەریوان، سلێمانی: (98.57 دووبارە) 3. شیلان ئەحمەد، دهۆك: (98.57 دووبارە)   بەشی وێژەیی: 1. میر ئەنوەر، سلێمانی: 98.29 2. پەیمان ئیدریس، هەولێر: 97.43 2. ئاسودە ئیسماعیل، گەرمیان: 97.43 3. دەشنێ عەلی، سلێمانی: 96.86 یەكەمەكانی نۆی بنەڕەتی: 1. ئەوین ئاریان ئیسماعیل،  هەولێر: نمرەی 99.54، 2. بنار خەتاب،هەولێر: 99.48   2. بێستا فەرحان، هەولێر  99.48  (دووبارە) 2. لازیا زانا، سلێمانی 99.48   (دووبارە) 2. لانە زانیار، سلێمانی 99.48  (دووبارە) 3. ئیمان دلاوەر، 99.42 هەولێر خوێندنی ئیسلامی: یەكەم: ئەحمەد نوری عەبدولحەمید؛ 96%- سلێمانی  دووەم: عومەر سەلاح حەمید؛ 90.9%- سلێمانی سێیەم: سەربەست مەناف حالی؛ 89%- هەولێر ئامادەیی بازرگانی: یەكەم: شیراز هێرش كاكل فەرەج؛ 83%- سلێمانی دووەم:  ئامینە حەمەسالح حەیدەر؛ 82.3%- سلێمانی سێیەم: عەتا رەئوف عەلی رەشید؛ 75.7%- سلێمانی ئامادەیی پیشەیی: یەكەم: هاوكار تەها عەلی محەمەد؛ 94.3%- سلێمانی دووەم:  تروسكە مەحمود مەولود؛ 76.8%- هەولێر سێیەم: كۆرەك عوسمان جەمیل؛ 83.6%- گەرمیان ئامادەیی كشتوكاڵ: یەكەم: ئیمان محەمەد عوسمان؛ 76.2%- پارێزگای هەولێر دووەم:  بەسۆز ئازاد ئەحمەد؛ 72.8%- پارێزگای سلێمانی سێیەم: عومەر زرار بەهرام؛ 96.4%- پارێزگای هەولێر   ئامادەیی گەشتوگوزار: یەكەم: دیمەن ئەنیس فرەنسیس ئیسحاق؛ 91%- پارێزگای هەولێر دووەم: پەیام ئەمیر هاشم؛ 86.1%- پارێزگای هەولێر سێیەم: هەنا سوار عەبدوڵا سەعید؛ 72.5%- سلێمانی   نزمیی رێژەی دەرچوون لە قۆناغی 12ی زانستی رێژەی دەرچوون لەسەرتاسەری هەرێمدا  لەسەدا 28 ەو لەبەشی ئەدەبیش لەسەدا 19 یە و ئەوەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە بەشێكی زۆر لە خوێندكارانی ئەو دوو قۆناغە لەبەر هۆكاری هێنانی نمرەی بەرز، یان فریانەكەوتنی پێداچوونەوە بە هەموو وانەكان چەند وانەیەك دەخەنە خولی دووەم و هاوكات بەشێك لە خوێندكارانیش لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە كاتێك پرسیارەكان دەبینن و هەستدەكەن نمرەی پێویست بەدەستناهێنن ، هۆڵی تاقیكردنەوە بەجێدەهێڵن و ئەو تاقیكردنەوە بۆ خولی دووەم وازلێدەهێنن. هەروەها ناسەقامگیری دۆخی سیاسی هەرێم و قەیرانی ئابووری و بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و ئامادەكاریی خوێندكاران  بۆ تاقیكردنەوەكان و رێژەی دەرچوون هەبووە. بایكۆت و ئەنجامی تاقیكردنەوەكان: لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین مامۆستایان بەهۆی نەدانی موچەكانیان لەلایەن حكومەتەوە، لە وەرزی دووەمی خوێندنی ئەمساڵدا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد و وەرزی دووەم تەنها نزیكەی سێ‌ هەفتە دەوامكراو ئەو وەرزە بەڕێكرا، بەڵام لە بەشێكی زۆری خوێندنگەكاندا مامۆستایان بەردەوامبوون لە وتنەوەی وانەكان بە خوێندكارانی هەردوو قۆناغی 12ی ئامادەیی و نۆی بنەڕەتی، بە سەرنجدان لە ئەنجەمەكانیش دەردەكەوێت كە پلەی یەكەمی زانستی و وێژەیی لە دەڤەری بایكۆتەو لە بەشی زانستی 14 خوێندكار پلەی یەكەم و دووەم و سێیەمی هەرێمیان بەدەستهێناوە،  لەبەشی وێژەییش سێ‌ خوێندكاری سلێمانی و گەرمیان پلەی یەكەم و دووەم و سێیەمی هەرێمیان بەدەستهێناوە و  لە نۆی بنەڕەتیش لە شەش خوێندكاری یەكەم و دووەم و سێیەم، دوو خوێندكاریان لە پارێزگای سلێمانین.  


"بەرتیلیان خستەبەردەمم بۆ ئەوەی دەست لە كەیسەكە هەڵگرم" گفتوگۆ: درەو میدیا "لە خاڵە سنورییەكانەوە ماددەی كیمیایی دەهێنرێت و لە ژمارەیەم پاڵاوگەی نایاسایی لە سلێمانی تێكەڵی بەنزین دەكرێن و پاشان دەخرێنە بازاڕەوە" ئەمە قسەی بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. محەمەد شێخ وەهاب كە چەند رۆژیێك لەمەوبەر كۆنگرەی رۆژنامەوانی كرد و باسی لەوەكرد چەند بەرپرسێكی باڵا تێوەگلاون لە هێنانی بەنزینی خراپ لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (درەو میدیا) باس لە بارودۆخی بەنزین لە سلێمانی دەكات. درەو میدیا: پێشتر كۆنگرەی رۆژنامەوانیت كرد باسی ئەوەت كرد دۆخی بەنزین لە سلێمانی خراپە، ئێستا دۆخە چۆنە ؟ محەمەد شێخ وەهاب: بەداخەوە دۆخەكە بەردەوامە، لەڕێگەی خاڵە سنورییەكانەوە ئەو مادانەی كە كیمیاوین دەهێنرێن بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ نەفتا تێكەڵ دەكرێن، بۆ ئەوەی بكرێن بە بەنزین، لە كاتێكدا بەپێی رێنمایی وەزارەتی تەندروستی و سامانە سروشتییەكان مافی ئەو كۆمانیایانە نیە لەبەر ئەوەی مەسفایان نیە، ئەو پاڵیوگانە هیچیان تۆمار نەكراون و مۆڵەتی یاساییان نیە بۆ ئەوەی كاری لەو شێوەیە بكەن.  درەو میدیا: ئەو پاڵاوگانە هی كێن ؟ محەمەد شێخ وەهاب: ئەو پاڵاوگانە هی گروپ و دەستەو تاقمن كە لەلایەن كۆمەڵێك خەڵكی لابەلاو خۆیان وتەنی خۆیان بە عەنتەر و مافیا دەزانن و پسپۆڕییەكیان لەو باریەوە نیە، كەسانی زۆربەی حزبەكانی تێدایە. درەو میدیا : هەڵوێستی پارێزگاری سلێمانی چیە لەوبارەیەوە ؟ محەمەد شێخ وەهاب: من یاداشتێكم داوەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی لیژنەیەكی باڵا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا پێكبهێنرێت بۆ داخستنی ئەو خەزانە نایاساییانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا ئەو كارە دەكەن، هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێم، چۆن لە چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم ئەو پاڵاوگانەیان داخستووە كە مۆڵەتی یاساییان نییە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 50 پاڵاوگە دەبن، شوێنەكانیان دەكەوێتە گەڕەكی قڕگە، تانجەڕو، گەڕەكی راپەڕین و تاسلوجە، لەگەڵ رێگای عەربەت - سلێمانی. درەو میدیا: ئەو پاڵاوگانە بەردەوامن لە رەوانەكردنی بەنزین بۆناو بازاڕ و تائێستا  رانەوەستاون ؟ محەمەد شێخ وەهاب: بەڵێ تائێستا كاردەكەن و هیچیان لە سامانە سروشتییەكانی سلێمانی ناویان تۆمارنەكراوە، لیژنەكانی قایمقامیەت تائێستا وەك پێویست بەدواداچونیان نەكردووە بۆ ئەوەی بزانن كاریان چیە ؟ لەگەڵ خەڵكانی پسپۆڕدا قسەم كردووە وتویانە نابێت بەهیچ شێوەیەك ئەو مادانە تێكەڵ بكرێت، تەنها دەبێت ئەو كەس و لایەنەنانە ئەو كارە بكەن كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و تەندروستی مۆڵەتیان هەیەو پاڵێوگەیان هەیە، كە ئەویش كۆمەڵێك مەرجی هەیە، لەپێناو پیس نەكردنی ژینگە،  80%ی زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ ئەو عەمبار و كۆگایانە دەگەڕێتەوە، بەداخەوە تائێستا حكومەت هیچ رێكارێكی یاسایی لەبەرامبەریان نەگرتوەتە بەر، لە كاتێكدا هیچ كامێكیان مۆڵەتیان نیە.  خۆ ئەگەر بێت و رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو كەسانە نەگیرێتە بەر، ئەوكات پەنا دەبەمە بەر پەرلەمانی كوردستان و دادگاكان، ناكرێت لەبەر دەوڵەمەندبوونی چەند كەسێك، ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن كەس بكەوێتە ژێر مەترسییەوە. درەو میدیا: بەڵام پارێزگاری سلێمانی دەڵێت ئەو بەنزینەی كە هەیە، خاوێنە ؟ محەمەد شێخ وەهاب: من رێزم بۆ لێدوانی پارێزگاری سلێمانی هەیە، ئەتوانێت لیژنەیەك كە من ئێستا داوامكردووە پێكبهێنێت، ئەگەر یەكێك لەو عەمبارانە مۆڵەتی رەسمیان هەبوو، ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە. پەیوەندیم كردووە بە سامانە سروشتییەكانەوە پێیان راگەیاندم كە هیچ یەك لەو عەمبارانە لای ئێمە ناویان تۆمارنەكراوەو بەنوسراو پێشتر ئاڕاستەی پارێزگارەكانمان كردووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پارێزگارانە ئیجرائاتی نەكردووە.  درەو میدیا: هەست ناكەن لەم پرسەدا تەنهان؟ بۆچی هاوڕێكانت لە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵت نین؟ محەمەد شێخ وەهاب: من كە دەستم بۆ ئەم كارە بردووە وەكو بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان دەستم بۆ بردووە، لەبەر ئەوەی ئەو جێگایانە پەیوەندی بە لیژنەكەی ئێمەوە هەیە و هیچیان مۆڵەتیان نەبووە، بەداخەوە ئەوەندەی بەدواداچوونم بۆ كردووە، ئەو جێگایانە بە رەشوە و بەرتیل كاردەكەن.  درەو میدیا: دەنگۆیەك هەیە لەسەر ئەم كارانەت بزوتنەوەی گۆڕان سزات بدات، ئەمە راِستە ؟ محەمەد شێخ وەهاب: شانازی ئەكەم، ئەگەر من هەڵەم ئامادەی هەموو سزا و لێپرسینەوەیەكم، بەڵام من دڵنیای هەموو لایەك دەكەمەوە كە ئەو هەنگاوەی من ناومە دروستەو لەپێناو بەرژەوەندی گشتییەو ئەو پاڵاوگانە هیچیان مۆڵەتی فەرمیان نییە.  درەو میدیا: راستە دەوترێت لەبەرامبەر دەستهەڵگرتن لەو كەیسە هەوڵداروە بەرتیلت پێبدرێت ؟ محەمەد شێخ وەهاب: بەڵێ ڕاستە، ئیمتیازیان خستوەتە بەردەستم، بەڵام من رایدەگەیەنم كە دەست لەم كەیستە هەڵناگرن و ئامادەم گیانی خۆمی لە پێناودا دابنێم، چونكە لە كاتی بەدواچونیشمدا روبەرووبومەوەو هەڕەشەم لێكرا، بەڵام من هەر سوربووم. درەو میدیا: كێ بوون ئەوانەی هەڕەشەیان لێكردیت ؟ محەمەد شێخ وەهاب: ئەوان  كەسانی بێناونیشانن، ئەو شوێنانە هیچ تابلۆو ناونیشانێكیان پێوە نیە.   


( درەو میدیا): وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لە وڵاتان دەكات لە مانگی تشرینی دووەمەوە نەوتی ئێران هاوردەنەكەن و جەخحتیشیكردەوە هیچ لایەنێك لە سزاكانی نابورێت. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو داواكارییەی ئەمریكا، نیهاد زیبكەچی ، وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند توركیا پابەندی ئەو هەوڵانەی ئەمریكا نابێت و كاردەكات بۆئەوەی ئێران لەو هەنگاوەی واشنتۆن زیانی پێ نەگات. زیبەكچین لە كۆبوونەوەیەكدا لە ئەنكەرە لەگەڵ رابیتەی بازرگانی ئازادی ئەوروپا وتی:" توركیا پابەندی ئەو بڕیارەی ئەمریكا نابێت، و هەوڵدەدەین گرنگی بەو كارە بدەین بەجۆرێك ئێران كە وڵاتێكی دۆست و برامانە، رووبەڕووی هیچ ستەم و ئازارێك نەبێتەوە".  


(درەو میدیا): لایەنە ناكۆكەكانی باشووری سودان ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی حوەزیران لە خەرتوومی پایتەختی سودان رێككەوتنێكیان بۆ ئاشتی ئیمزاكرد. ئەلدەردیری محەمەد ئەحمەد وەزیری دەرەوەی سودان رایگەیاند رێككەوتنەكە كە دوای 72 كاتژمێر لە ئیمزاكردنی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئاگربەست و كردنەوەی رێگا و دەروازەكان بۆ گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان و ئازادكردنی دیلەكان و كۆكردنەوەی چەك و كردنی هێزەكانی حكومەت بە هێزی نیشتمانی لە خۆدەگرێت. وتیشی :" دوای 120 رۆژ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە حكومەتێكی ئینتیقالی پێكدەهێنرێت". باشووری سودان دوای چەندین ساڵ شەڕ و پێكدادان لە سودان جیابوەوە و ساڵی 2011 سەربەخۆیی وەرگرت، بەڵام لە 2013ەوە شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە نوێیە دەستیپێكردووە و هەزاران كەس بوونەتە قوربانیی.  


 راپۆرتی / كاروخ عوسمان لە هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2018 ی پەرلەمانی توركیا لە لیستی پارتی دیموكراتی گەلاندا " هەدەپە"  لە كۆی 67 كاندیدی دەرچوو، تەنها 41 كاندیدی كوردن و 26 كاندیدی تری جگە لە كورد دەرچوون  كە 21 كاندیدیان بەرەگەز  توركن، لە لیستی ئاكەپەشدا لە كۆی 295 كاندیدی دەرچوو، 68 كاندیدی بەرەگەز  كورد لە نێو لیستەكەیدا دەرچوون.  ئەم شێوزای تێكەڵیە لە كاندیدی پێكهاتەكان لە نێو لیستە جیاوازەكاندا خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەندێك ئەو كاندیدە كوردانەی ناو لیستی  ئاكەپە بە جاش و بەكرێگیرا لەقەڵەم دەدەن و لەبەرامبەریشدا دەوترێت ئەی ئەو كاندیدە توركانەی ناو لیستی  هەدەپەدا چی ناودەنرێت، هەرچۆنێك بێت هەڵبژاردنەكانی توركیا و بەرنامەی لیستەكان سنوری پێكهاتەكانی بڕیوە. هاوپەیمانی پێشوەختی ئەكەپە و مەهەپە  دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پێكنەهێنانی حكومەت هەڵبژاردن لە توركیا دووبارەكرایەوە و لە 1ی نۆڤەمبەری 2015 گەڕێكی تری هەڵبژاردن بەرێوەچوو كە تیایدا ئاكەپە ٣١٧ كورسی بەدەستھێنا بەرێژەی ( 57.6%) ی كورسییەكان، بەمەش توانی بەتەنھا حكومەت پێكبهێنێت چونكە بۆ پێكهێنانی حكومەتی پێویستی تەنھا بە ٢٧٦كورسی ھەبوو لە كۆی ٥٥٠ كورسی پەرلەمان، لەبەرامبەردا هەدەپە  توانی ٥٩ كورسی بەدەستبهێنێت بووە ئۆپۆزسیۆن.  بەڵام لە هەڵبژاردنی 24 ی حوزەیرانی 2018 دا ‏ ئاكاپە ٢٩٥ كورسی لەكۆی ٦٠٠ كورسی بەدەستھێناوە بەرێژەی 49%) ی كورسییەكان،بەمەش 23 كورسی لەدەستدا لەچاو هەڵبژاردنی رابردوودا، كە دەبوو كورسییەكانی زیاد بوایە لەبەر ئەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی لە 550 كورسییەوە بۆ 600 كورسی زیادكراوە، بۆیە ئێستا بەبێ هاوپەیمانی ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت هەربۆیە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوپەیمانی  لەگەڵ مەهەپە گرێدا، ھەم بۆ لیستی پەرلەمانی و ھەمیش بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.  رەجەب تەیب  ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ( ٢٦ملیۆن و ٣٢٥ ھەزار و ١٨٨) دەنگی بەدەستهێناوە، لیستی پارتەكەشی ( ٢١ملیۆن  و ٣٣٥ھەزار و ٥٨١) دەنگی بەدەستهێناوە، جیاوازی نێوانیان ( ٤ملیۆن  و ٩٨٩ھەزار و ٦٠٧ )دەنگە، كە دەگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانێتی لەگڵ مەهەپە ، واتا ئەگەر هاوپەیمانی نەكردایە ( ٥٠+١)ی دەنگەكان ی بۆ سەرۆكی كۆمار نەدەھێناو  دەكەوتە خولی دووەم و بەھیچ جۆرێكیش نەیدەتوانی حكومەت پێكبهێنێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەردۆغان، پێشبینی ئەو ئەنجامانەی كردبێت بۆیە لەگەڵ مەهەپە پێشوەخت هاوپەیمانێتی كرد، ھەرچەندە چاوەڕوان نەدەكرا جەماوەری مەھەپە دەنگ بەئەردۆغان بدەن، بەھۆی ئەو جیاوازییە زۆرەی لەئاستی تێڕوانیندا ھەیانە، بەڵام پێدەچێت ئەردۆغان بەڵێنی گەورەی بەو پارتە دابێت. جیاوازی دەنگەكانی هەدەپە و دەیمرتاش  لەبەرامبەردا سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، ( ٤ملیۆن و  ٢٠٥ھەزار و ٢٤٣ ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لیستی هەدەپە, ( 5 ملیۆن و ٨٦٥ھەزار و ٩٧٧ ) دەنگی بەدەستهێناوە، جیاوازی نێوان دەنگی دەمیرتاش و هەدەپە  ( ١ ملیۆن و ٦٦٠ھەزار و ٧٣٤ )دەنگە، ئەو جیاوازیەش بۆ تێگەیشتنێكی نێوان جەهەپە و هەدەپە دەگەڕێتەوە، كە پێشتر ڕێككەوتنێكی رانەگەیەنراو هەبوو،  كە بەشێك لەدەنگی جەهەپە بدرێت بە هەدەپە، بۆئەوەی بەربەستی ١٠٪‏ تێپەڕێنێت، چونكە ئەگەر ھەدەپە ئەم بەربەستەی تێنەپەڕاندایە 95% دەنگی ھەدەپە بۆ لیستی حزبەكەی ئەردۆغان  دەچوو، لەبەرامبەردا جەهەپە ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ  هەدەپە كرد ،چونكە پێی وابوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەچێتە خولی دووەم بۆیە لە ئەگەری خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمارداهەدەپە دەنگ بدات بە( موحەڕەم ئینجە) كاندیدی جەهەپە. بەبەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو 1ی نۆڤەمبەری2015  ، كە 59 كورسی بەدەستهێنابوو هەدەپە ‏توانی ٦٧ كورسی بەدەستبهێنێت، كەواتە بەبەراورد بەھەڵبژاردنی  رابردوو  ٨ كورسی زیاد كردووە( ئەگەرچی بەپێی زیادبوونی كورسییەكانی پەرلەمان كە پێشتر 550 كورسی بوو زیادكرا بۆ 600 كورسی هەدەپە كورسیەكانی وەك خۆیەتی و زیادی نەكردووە) ،بەتایبەت لەسێ ناوچەی كوردنشیندا كورسی ڕابردووی ئاكەپەی بردووە، بەڵام نەئێستاو نەڕابردووش ھەدەپە لە ٦كورسی شاری ئەرزڕومی كوردیدا كورسی بەدەستنەهێناوە، ئەو كورسیە لەدەست چووەی  ئاكاپەش لەو پارێزگایە بۆ ئیی پارتی، پارتەكەی مەراڵ ئاكشینەر  ڕۆیشتووە. لەلایەكی تر لە لەلیستی هەدەپەدا لەكۆی 67 كورسیە بەدەستهاتووەكەی ٤١ كورد دەرچوون، كە دەكاتە ٦٢٪‏، 26 كاندیدی لە پێكهاتەكانی تر دەرچوون  كە دەكاتە 38% و لە نێویشیاندا 21 كاندیدی لەرەگەزی توركن بەرێژەی 21%، بەڵام هەدەپە  لە ھەندێ ناوچەی تورك نشین (Türk Metropolü)یشدا كورسییەكانی زیادیكردووە. لەبەرامبەردا لەلیستی دەرچووەكانی ئاكەپەدا ٦٨ كاندیدی بەڕەگەز كورد ھەیە، دەكاتە ٢٣٪‏، كەواتە ئەم لیستە تەنھا بەتوركەكانەوە پەیوەست نیە. هەدەپە و دەنگی ناوچە كوردنشینەكان. ھەدەپە لەوپەڕی ڕۆژھەڵاتی توركیا لە شارەكانی وان، ئاگری، ئیدر و ھەكاری، لەڕۆژئاواشی شاری شڕناخ و ماردین كە بەشاری بەرەنگاری دەوڵەت دەناسرێن كۆی كورسییەكانی بەدەستنەهێناوە. لەمێترۆپۆلە كوردییەكان لیستی ئاكەپە بەڕێژەیەكی زۆر لە پێشەوەیە، بۆ نمونە: -گازی ئانتاب لە كۆی ١٤كورسی هەدەپە یەك ١ كورسی  و ئاكەپە هەشت كورسیان بەدەستهێناوە. -ئورفا، كە زێدی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكەیەهەدەپە نیو ئەوەندە ی ئاكەپی ھێناوە واتا ٤ بەرامبەر بە ٨ لە كۆی ١٤ كورسی. -لە شاری ئادیامان لە كۆی ٥كورسی هەدەپە یەك كورسی بەدەست نەھێناوە لەبەرامبەردا ئاكەپە چوار كورسی بەدەستھێناوە. -لە ماڵاتیا  هەدەپە لە كۆی شەش كورسی سفرە و ئاكەپە چوار  كورسی ھێناوە. -لەھاتای كە كورد پێی دەڵێت: (ئەسكەندەرونە) لە كۆی ١١كورسی تەنها یەك كورسی بەدەستھێناوە لەبەرامبەریشدا ئاكەپە پێنج كورسی ھێناوە، كورسیەكانی تریش ڕۆیشتوون بۆ لیستەكانی جەهەپە و مەهەپە و ئیی پارتی. - لە شاری ئەلازیخی باكوری كوردستان كەزێدی سەڵاحەددین دەمیرتاشە،  ئەردۆغان زۆرینەی دەنگەكانی بە رێژەی 70.4%     بەدەستھێناوە و دەكاتە ٤كورسی لە كۆی ٥كورسی. كەچی دەمیرتاش دەنگەكانی لە شارەكەی خۆیدا 6.44%    ناكاتە یەك لەسەر چواری  كورسیەك. لە شاری (ئامەد) كە بەپایتەختی باكوری كوردستان دەناسرێت لە كۆی ١٢ كورسی ، هەدەپە نۆ كورسی بەدەستهێناوە و ئاكەپەش سێ‌ كورسی.   ھۆكاری ئەم گرفتە چیە؟ گەلی كورد لەھەر چوارپارچەی كوردستان سۆزی بەلای ئاییندایە، جگە لە بەتورك كردن و  گۆڕانكاری دیموگرافیا لەدوای ٢٠٠٢ كۆمەڵگەی توركیا بەڕووی ئایین و پەرەسەندنی ئاستی ئابوریدا كێشكرا، كوردیش بەدەرنیە لەو پرسەدا، بەڵكو زیاتر لەگشت  نەتەوەكانی تر هۆگری بەئایین و ئابوری بووە، ڕاستە هەدەپە زەمینەی بۆ گشت چین و توێژ و ئایدیاكان لەباركردووە تاكو خۆیانی تێدا ببیننەوە، بەڵام بەئاشكرا بانگەشەی چەپ بوونی خۆی دەكات، ئەوەش لەناو بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی كوردیدا رەتدەكرێتەوە لەو سیستمەشدا كە ھەدەپە پێی دەناسرێتەوە ئابوری دەكەوێتە دەستی دەوڵەت و باج و خەراج بەسەرشانی تاكەكانی كۆمەڵگە زیاد دەكەن، ھەرچەندە لە لیستەكەی ھەدەپەدا خەڵكی باوەڕمەند بە ئاین ھەیە، بەڵام فكری بنەڕەتی رۆڵدەگێڕێت لەناساندنی ئەجێندای حزب، بەو ھۆیەشەوە تەواوی دەنگی ناوچە كوردییەكان بەدەست ناھێنێت. ئەگەر ھەدەپە لەھەڵبژاردنەكانی داھاتووداو بەتایبەت لەھەڵبژاردنە نێوخۆییەكان (Yerel Seçimler)  بخوازێت خۆی لەم تیۆرە  رزگاربكات و  ببێت بەھێزێكی نیشتمانی و ئامانجەكانی بەدەربن لەھێزی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری، دەبێت گرنگی بە ئایین بدات، لەبەرئەوەی گشت نەتەوەكانی دراوسێی كورد سودمەندی فەلسەفەی ئاین بوون  پێویستە  كوردیش ئەمجارە واقعی كۆمەڵگە وەك خۆی بخوێنێتەوە و ھەوڵی سود لێوەرگرتنی بدات. هەروەك چۆن  لە ساڵی ٢٠١٦ لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیستانبۆڵ كۆنگرەی ئایین و دیموكڕاسی بەسترا، بۆ زیاتر خوێندنەوەی واقعی كۆمەڵایەتی كەلتوری نێو كۆمەڵگەی توركیا ، كە ھەم كورد و ھەمیش توركەكان پێشوازیان لێكرد. نەدەبوو بەم حەجمە گەورەیە ئەم پرسە وەلا بنرێت... هەدەپە دەنگی توركە كۆمۆنیستەكان و عەلەویە مەغدورەكانی ژێر دەستەڵاتی سوننەمەزھەب دەھێنێت ، بەڵام بەم ھۆیەشەوە دەنگی كورد لەدەست دەدات، ڕەنگە ئەگەر ئایین بە و قەبارە گەورەیە تەریك نەكرێت لە بەرنامەو بیركردنەوەی  هەدەپە دەنگی توركە ئایینزاو پەیڕەوكارە ئاینییەكان زیاتر بەدەست بێنێت لە توركە كۆمۆنیستەكان. لەگەڵ ئەوەی لەم هەڵبژاردنی تەنانەت پێشتریشدا دەركەوت كە  هەدەپە بەتەنها تەعبیر لە كورد ناكات و نەتەوەیانە بیرناكەتەوە، بێشك ئەم  رێبازە لە داھاتوودا زوو یا درەنگ دەیگەیەنێتە ئەنجام و  رەنگە ئەم ئەزمونەی هەدەپە لە باكوری كوردستان ئەزمونێكی گرنگ بێت بۆ باشووری كوردستان و هێزەكانی باشووریش قۆناغێكی نوێ لە خەباتی پەرلەمانی لەسەر ئاستی عێراق بە فۆرمێكی نوێوە دەست پێبكەن، هەم كاندیدی پێكهاتەكانی دیكەیان هەبێت هەم هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە عەرەبییەكانی عێراق پێكبهێنن پێش هەڵبژاردنەكان.     


 (درەو میدیا): لە هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی مافەكانی رۆژنامەنوسان سنوری  رێگریكردن لە روماڵكردنی هەواڵ و لێدان و دەستگیركردن و تەنانەت كوشتنی تێپەڕاندووە و ئێستا لە چەندین دەزگا شایستەی دارایی و موچەی پێویست بە كارمەندان نادرێت. یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان ژمارە (35)ی ساڵی 2007 رۆژنامەنوس بەم شێوەیە پێناسە دەكات" هەر كەسێك كە لە بواری رۆژنامەگەریدا لە هەر كەناڵێكی راگەیاندندا كار دەكا". ساڵانە دۆخی خراپی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان دەبێتە جێگای بایەخی رێكخراوە جیهانییەكانی بواری مافی مرۆڤ و كاری راگەیاندن، ئەوەی راپۆرتە جیهانییەكان زیاتر جەختی لەسەر دەكەن" دەستگیركردن و لێدان و كوشتن"ی رۆژنامەنوسانە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە پاڵ ئەم پێشێلكارییانەدا، لە هەرێمی كوردستان جۆرێكی تر لە پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە زەوتكردن و پێنەدانی موچەی رۆژنامەنوس لە كاتی داخستنی كەناڵەكانی راگەیاندن یاخود وازهێنانی كارمەند لە كارەكەی. رۆژی 24/5/2018 پەخشی كەناڵی (كوردنیوز) راگیرا كە سەربە (نەوەی نوێ)یە وەكو نوێترین پارت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە. (12) رۆژ دوای داخستنی كەناڵی (كوردنیوز)، ژمارەیەك كارمەندی كەناڵەكە بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە موچەكانیان بۆ خەرج ناكەن. ئەو رۆژنامەنوسانە لەو بەیاننامەیەدا كە بۆ سەندیكای رۆژنامەنوسان و سەنتەرو رێكخراوەكانی بواری بەرگری لە مافەكانی رۆژنامەنوسانیان ناردبوو، باسیان لەوەكرد، كەناڵی (كوردنیوز) كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ خاوەندارێتی دەكات، موچەی مانگی ئایاری پێنەداون. سەرچاوەیەك لە كارگێڕی (كوردنیوز) بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە دوای ئەو بەیاننامەیەی كە بڵاویانكردوەتەوە، بەرپرسانی كەناڵەكە موچە و شایستەی داراییەكانیان بە هەموو كارمەندەكان داوە.  بەهەمان شێوە كەناڵی (KNN) كە وەك زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان تەماشا دەكرێت و بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە شەوی 31/1/2018 پەخشی خۆی راگرت، رۆژی 15/3/2018 كەناڵەكە جارێكی تر دەستی بە پەخش كردەوە. لەو ماوەیەی كە داخرا ژمارەیەك لە كارمەندەكانی كەناڵی (KNN) وازیان لە كاركردن هێنا و ئامادە نەبوون دوای دەستپێكردنەوەی پەخش لەو كەناڵە كاربكەنەوە، ئەو كارمەندانە دوای وازهێنانیان داوای موچەكانیان لە بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە كرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوای نزیكەی (5) مانگ تائێستا ئەو كارمەندان و رۆژنامەنوسانە كە ژمارەیان زیاتر لە (25) كەسە، موچەكانیان پێنەدراوە. كەناڵی (KNN) بەوانەوە كە ئێستا كاری تێدا دەكەن و بەشێك لەوانەش كە وازیان هێناوە، موچەی سێ مانگ قەرزاری كارمەندەكانیەتی. كارمەندێكی (KNN) كە وازی هێناوەو خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، موچەی سێ مانگیان لای (KNN)ەو بە بیانوی جۆراوجۆر ئیدارەی كەناڵەكە پارەكەیان نادەنێ و دەستی دەستیان پێدەكەن. ئەو كارمەندە وتی: دەمێك پێماندەڵێن كێشەی پارەكەی ئێوە پەیوەندی بە كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە و دەمێكی تر دەڵێن پارە نیە". لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، شۆڕش عەلی سەعید بەڕێوەبەری كارگێری  كەناڵی (KNN) رایگەیاند" ئێمە وەك كاڕگێری  (KNN) یەك دینارمان نیە". شۆڕش عەلی وتی: كارگێڕی ئێمە خراوەتە سەر كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان، هەموو خەرجییەكانمان لەڕێگەی ژمێریاری ئەوانەوەیە، ئەبێ ئەوان ئەو پارەیە خەرجبكەن". بەڵام بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا)، هەندێك لەو رۆژنامەنوسانەی كە پارەیان لای كەناڵی (KNN)ە لەسەر قسەی شۆڕش عەلی بەڕێوەبەری كارگێڕی كەناڵەكە چونەتەلای بەڕێوەبەری كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەویش پێیوتون ئەو بابەتە پەیوەندی كارگێڕی تەلەفزیۆنەكە و كۆمپانیای وشەوە هەیە وەكو خاوەنی بنەڕەتی كەناڵی (KNN). ئێستا چارەنوسی موچەی ئەو كارمەندو رۆژنامەنوسانە لەنێوان كارگێڕی كەناڵی (KNN) و ژوری كارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕاندا بەنادیاری ماوەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە یاسای كاری رۆژنامەگەری لە كوردستان لە خاڵی حەوتەمی بەشی چوارەمدا تایبەت بە "ماف و ئیمتیازەكانی رۆژنامەنوس"، كەناڵەكانی راگەیاندن پابەند دەكات كە هەموو ئەو مافانە بە رۆژنامەنوس بدەن كە لە یاسا بەركارەكان و گرێبەستی پەسەندكراو لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنوسان بۆ رۆژنامەنوس دیاریكراون. رۆژنامەنوسان كە خۆیان بە بەرگریكار لە مافی گشتی دەزانن، بەڵام زۆرجار بەهۆی ئەوەی میدیاكان لە كوردستان دابەشبون بەسەر حزبەكاندا، رۆژنامەنوسان خۆشیان مافەكانیان زەوت دەكرێت، بەڵام بێدەنگ دەبن. پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسان لەكاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان كەناڵەكانی راگەیاندن هەریەكەیان گرێبەستێكی نوسراویان هەیە، بەڵام ئەو گرێبەستانە زۆرجار پێشێل دەكرێن.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand