بەڵێندەرێكی عێراق تەحەدای حكومەت دەكات و دەڵێت تەنها لەماوەی شەش مانگدا كێشەی كارەبا لە عێراقدا چارەسەر دەكەم بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەك لە دەوڵەت وەربگرم. لە راگەیەنراوێكدا ساڵح محەمەد جبوری، بەڕێوەبەری باوەڕپێكراوی كۆمپانیای عەبیر بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی رایگەیاندووە" دوای ئەوەی حكومەت ٦۰ ملیار دۆلاری بەفیڕۆدا و نەیتوانی چارەسەری كێشەی كارەبا بكات، ئامادەیی خۆم ڕادەگەیەنم بۆ چاكردنەوە و دروستكردنیی وێستگەكانی كارەباو ، چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە عیراق، لەماوەی ٦ مانگدا، بەبێ ئەوەی دەوڵەت هیچ بڕە پارەیەك بدات" . دەقی راگەیەنراوەكە ڕاگەیاندنێك بۆ حكومەتیی عیراقیی من هاونیشتیمانیی ساڵح محەمەد جبوریی ، خاوەنیی كۆمپانیای عەبیر، بۆ بەڵێندەرایەتیی گشتیی پۆلێنكراوی پلەیەكیی كۆمپانیا . دوای ئەوەی حكومەت ٦۰ میلیار دۆلاری بەفیڕۆدا و ، نەیتوانی چارەسەرەی كێشەی كارەبا بكات، ئامادەیی خۆم ڕادەگەیەنم بۆ چاكردنەوە و دروستكردنیی وێستگەكانیی كارەبا و ، چارەسەركردنیی كێشەی كارەبا لە عیراق ، لەماوەی ٦ مانگدا ، بەبێ ئەوەی دەوڵەت هیچ بڕە پارەیەك بدات . تكا لە هەموو خوشك و برایانم دەكەم ، ئەم پۆستە بڵاوبكەنەوە ، بۆ ئابڕوبردنی ئەو حكومەتەی ، چارەسەری كێشەی كارەبا ڕەتدەكاتەوە ، چونكە چارەسەری كێشەی كارەبا، كۆتایی هێنان بەو دزی و گەندەڵیە رێكخراوەیە لەو كەرتەدا. خوا لە پشت مەبەستەكەمە ساڵح محەمەد جبوری بەڕێوەبەری باوەڕپێكراوی كۆمپانیای عەبیر بۆ بەڵێدەرایەتی گشتی بەرواری پۆستەكە ٦ / ٦ / ۲۰۱۸ https://www.facebook.com/saleh.aljubori/about?lst=100005969081360%3A100001654665512%3A1529184041
(درەو میدیا): سبەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردن سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و هاوڵاتیانی تورکیا و باکوری کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان وعێراق دەژین دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پەرلەمانی تورکیا، لە ٢٤ی حوزەیران لەناو تورکیا و باکوری کوردستان بەریوە دەچێت، بەڵام پرۆسەكە لە ٧ی حوزەیرانەوە لە وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوەی تورکیا دەستی پێکردووە. بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی " فورات نیوز"، لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوڵاتیانی باکوری کوردستان و تورکیا، کە مافی دەنگدانیان هەیە، سبەینێ بەشداری لە پرۆسەی دەنگداندا دەکەن و دەنگدان لە کونسوڵخانەکانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا چاودێرانی خۆیان ئامادەکردووە کە لەسەر سەندوقەکانی دەنگداندا ئامادە ببن، نوینەرایەتی هەدەپەش سبەینێ چاودێرانی خۆی دەنێرنە کونسوڵخانەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان. بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران لە تورکیا و باکوری کوردستان، ئەمساڵ زیاتر لە ٣ ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات ناوی خۆیان تۆمارکردووە. بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٦٠ وڵاتی جیاواز و ٥ کیشور سندوقی دەنگدان دادەنرێن، لە هەر وڵاتێک ئەگەر ژمارەی دەنگدەران زیاتر لە ٥٠٠ دەنگدەر بێت، سندوقی دەنگدانی لێ دادەنرێت.
درەو میدیا: له‌و كاته‌ی شێخ جه‌عفه‌ر فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خۆی و ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌كه‌ی به ده‌ستڕێژی گوللەی كڵاشینكۆف و بیكەیسی و دۆشكە هێرشیانكرده سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له گردی زه‌رگه‌ته، كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ی ئێن ئین-ی بزووتنه‌وه‌كه داوای له لایه‌نگرانیان كرد بێنه گرده‌كه بۆ "دروستكردنی پشتێنه‌ی ئه‌منی و پارێزگاریكردن له مه‌كۆی سه‌ره‌كی"یان، ئه‌و بانگه‌وازه به‌س بوو بۆئه‌وه‌ی ده‌یان هه‌ڵسوڕاو و لایه‌نگری گۆڕان به چەكه‌وه له‌سه‌ر گڵكۆی نه‌وشێروان مسته‌فا و گرده‌كه ئاماده‌بن. له شه‌وی 12ی ئایاره‌وه پرسی دروستكردنی هێزێكی چه‌كدار، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی كردووه به دووبه‌شه‌وه، لایه‌نگران و ئه‌وانه‌ی بیرۆكه‌ی هێزێكی چه‌كدار ره‌تده‌كه‌نه‌وه تائێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته بڕیارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، له كاتێكدا له ده‌ستووری بزووتنه‌وه‌كه ده‌رفه‌ت به دروستكردنی هیچ ئۆرگانێكی چه‌كدار نه‌دراوه. بابه‌كر دڕه‌یی هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوكات به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری پارێزگای سلێمانی، ئه‌و شه‌وه به جل و به‌رگێكی كوردی ره‌نگ خاكی و هه‌ڵگرتنی كڵاشینكۆفێك له‌سه‌ر گڵكۆی نه‌وشێروان مسته‌فا وێنه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه، كه تیایدا عه‌دنان عوسمان خاوه‌ن بیرۆكه‌ی "یه‌كه‌ی سه‌ربازی 90 بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" و ئه‌ندامی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستانیش به چه‌كێكی جۆری كڵاشینكۆف له ته‌نیشتییه‌وه وه‌ستابوو. بابه‌كر دڕه‌یی ره‌تی ده‌كاته‌وه ئه‌و وه‌كو به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی له پۆسته حكومییه‌كه‌ی چه‌كی هه‌ڵگرتبێت و بڕوای به دروست كردنی "هێزی به‌رگری" هه‌بێت له هه‌ر ئه‌گه‌رێكی ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پێی وایه له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی سیاسییه مافی خۆیه‌تی كه "رووداوێك ئه‌بێت و ده‌ستی گه‌وره‌ی تیایه" ئاگای له خۆی و له حیزبه‌كه‌ی بێت چونكه ئه‌و رووداوه گه‌وره‌تره له رووی تاریخییه‌وه نه‌ك پۆسته حكومییه‌كه‌ی. دڕەیی دەشڵێت: هەروەک چۆن نوسین و قەڵەم لە باریدا هەیە زاڵمان و ستەمکاران ڕیسوا بکات و پاشەکشەیان پێ‌بکات، بە هەمان جۆر تفەنگ و گوللەش لە کاتی پێویستدا دەتوانێ مافیا‌و پیاوەکانی دەسەڵات تێک‌بشکێنێ...مێژوی گەلانی دنیا‌و شۆڕشەکانی جیهان هەزاران نمونەی تیایە کە ڕۆشنبیڕەکان پێش هەمو کەس دژی زوڵم و نادادی وەستاون و خەباتیان کردوە.. دڕه‌یی پێشتر له نووسینێكیدا به ناونیشانی "ده‌رباره‌ی چه‌ك و قه‌ڵه‌م" رووداو‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌كی له لایه‌ن خۆی و هاوڕێكانی به‌و جۆره گێڕاوه‌ته‌وه كه ئه‌وان له كادیره سه‌ره‌كییه‌كانی گۆڕان نزیكه‌ی 10 كه‌س بوونه، كاتێك "كاك عەدنان عوسمان هاتە ژوور و رووی کردە من و وتی کاکە مشور بخۆن دێنە سەرمان.. چەک... فریاکەوە... بە گورجی هاتمەدەر، وتم من ئەڕۆم بۆ چەک.. ئێوەش مشور بخۆن.. دێنەسەرمان". گێڕانه‌وه‌ی رووداو‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتنی ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای هێرشیكه. بابه‌كر دڕه‌یی: من ئەڕۆم بۆ چەک.. ئێوەش مشور بخۆن بیرۆكه‌ی دروست كردنی "هێزی خۆبه‌خشی به‌رگریكردن له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" له ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چووه سه‌ر ده‌فته‌ری ناونووسینی خۆبه‌خشانی گۆران كه سه‌دان كه‌س ناوی خۆیان تیا تۆماركرد، به‌ڵام دیار نییه ناوه‌كانی ناو ئه‌و ده‌فته‌ره له لای كێ هه‌ڵگیراوه. هه‌ڵسوڕاوه‌كه‌ی گۆڕان سه‌باره‌ت به "هه‌ڵگرتنی چه‌ك و دروست كردنی هێزی به‌رگری له گۆڕان" به (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌م بۆچوونه له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ئێره وڵاتی قانون نییه و قانونێك حاكم نییه كه كۆمه‌ڵگا له ده‌ستدرێژییه‌كان بپارێزیت، له لایه‌كی تر كۆمه‌ڵێك میلیشیا و كه‌سایه‌تی حیزبی هه‌ن كه هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاری ئه‌هێنن". ئه‌و شه‌وەی هێرشه‌كه‌ی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كه‌ی یه‌كێتی به نموونه هێنایه‌وه وتی "بییه‌وێت هێز و كه‌رامه‌تت بشكێنێت و باره‌گاكه‌ت تێكبدات، هه‌قه و بڕوام به مه‌نتقی داكۆكی له خۆكردن هه‌یه". عه‌تا سه‌روای ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان پێشتر به (دره‌و میدیا)ی وت، ئه‌وه‌ی هێرشی كرده سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی گۆڕان شێخ جه‌عفه‌ر بوو، به‌ڵام "ئه‌وه پلان بۆ داڕێژراو نه‌بووه له لایه‌ن یه‌كێتی". له بڕگه‌ی 3ی مادده‌ی 11 له یاسای ژماره 17ی ساڵی 1993ی حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه "حیزب دام و ده‌زگای سه‌ربازی و شێوه سه‌ربازی نه‌بێ و لێی قه‌ده‌غه‌یه چه‌كی به پێچه‌وانه‌ی یاساوه هه‌بێ". به‌ڵام تائێستا به بێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و یه‌كپێگرتنی له‌گه‌ڵ لیواكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌ن یه‌كه‌ی سه‌ربازی 80 و یه‌كێتی نیشتیمانیش خاوه‌ن یه‌كه‌ی سه‌ربازی 70یه، له كاتێكدا له ساڵانی دامه‌زراندنییه‌وه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و هێزانه‌ی به میلیشیا ناوبردووه و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یانی كردووه. به‌پێچه‌وانه‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی، مام رۆسته‌م هه‌ڵسوڕاو و فه‌رمانده‌ی پێشووی سه‌ربازی و یه‌كێك له هاوڕێ نزیكه‌كانی رێكخه‌ری پێشووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دژ به دروست كردنی هه‌ر جۆره هێزێكی چه‌كداریە، ئه‌و بۆچوونی نه‌وشێروان مسته‌فای له‌باره‌ی دروست كردنی هێزێكی چه‌كدار له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه بۆ (دره‌و میدیا) گێڕایه‌وه به‌وه‌ی وتوویه‌تی "هێزی چه‌كدار بۆچی دروست بكه‌ین و بۆ گیان كێ؟ وتی ئێمه ئه‌گه‌ر هێزمان هه‌بێت له سلێمانی ئه‌بێ یان بۆ گیان یه‌كێتی یان بۆ گیان پارتی بێت یان حیزبێكی تر، ئه‌گه‌رنا حكومه‌تی عێراقی لێنه‌ماوه بڵێین هێز دروست ئه‌كه‌م بۆ گیان رژێمێك كه دژ به كورده". مام رۆسته‌م له قۆناغی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا 6جار برینداربووه، به‌ڵام وه‌ك خۆی وتی "هیچ یه‌كێك له برینه‌كانی له شه‌ڕی ناوخۆ نین". ئه‌و به مه‌حاڵی زانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بتوانێت ببێته خاوه‌ن هێزێكی چه‌كدار چونكه "هێزی چه‌كدار شوێن و راهێنانی ئه‌وێت، هیچ نه‌بێت چه‌ك و پاره و خواردنی ئه‌وێت". دەشڵێت " بەتەواوی دژی درووستكردنی هێزی چەكداریی گۆڕانم، چونكە ئێمە لەسەرەتاوە دژی بە حیزبیكردنی هێزی چەكداربوین ئێستا خۆمان درووستی بكەین؟ ئه‌و سه‌ركرده سه‌ربازییه‌ی پێشوو خه‌باتی مه‌ده‌نی پارتی دیموكراتی گه‌لان- هه‌ده‌په‌ی له توركیا وه‌ك هێزێكی بێ چه‌ك وه‌ك نموونه بۆ هه‌وڵی چه‌كداركردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و لادان له خه‌باتی مه‌ده‌نی خسته روو و باسی له‌وه كرد "ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌ڵێن گۆڕان هێزی چه‌كدار دروست بكات دوو به‌شن، به‌شێكیان حه‌ز ئه‌كه‌ن هێزێكی چه‌كدارمان هه‌بێت، به‌شێكییان له روانگه‌ی غه‌دره‌وه‌یه و ئه‌ڵێن ئه‌مانه به چه‌ك غه‌درمان لێ ئه‌كه‌ن ئه‌بێ به چه‌ك وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه" به‌ڵام "خۆ زۆر كه‌س و لایه‌ن هه‌ن چه‌كیان نییه و خه‌بات ئه‌كه‌ن خه‌باتی مه‌ده‌نی، ئه‌وه‌تا له توركیا سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش له زیندانه و له‌سه‌ر داواكاری خۆشیان سوورن". مام رۆسته‌م: نه‌وشێروان مسته‌فا وتی هێزی چه‌كدار بۆچی دروست بكه‌ین و بۆ گیان كێ؟ خه‌لیل سه‌ركانی ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌ركرده‌ی پێشووی سه‌ربازی، رۆژی 22ی ئایار بۆ (دره‌و میدیا)ی ئاشكرا كرد كۆبوونه‌وه له لایه‌ن "سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی گۆڕان" كراوه و داوایان كردووه "ژماره‌ی پاسه‌وانه فه‌رمییه‌كان زیاد بكرێت، بۆئه‌وه‌ی گره‌نتی پاراستنی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌كه بگرنه ئه‌ستۆ". تائێستا هیچ ئه‌ندامێكی خانه‌ی راپه‌ڕاندن پشتیوانی ئاشكرای خۆی بۆ دروست كردنی "یه‌كه‌یه‌كی چه‌كدار"ی سه‌ر به بزووتنه‌كه رانه‌گه‌یاندووه. دكتۆر ئیسماعیل نامیق رێكخه‌ری ژووری یاسایی بزووتنه‌وه‌كه له ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی ئه‌گه‌ره‌كانی چه‌كداربوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌بێ هیچ ئاماژه‌كردنێك به هه‌ڵگرتنی چه‌ك له لایه‌ن هه‌ڵسوڕاوه دیاره‌كانی گۆڕان وتی "ئه‌وانه‌ی داوای چه‌كداربوونی بزووتنه‌وه‌كه‌یان هه‌یه لایه‌نگران و خه‌ڵكی خۆبه‌خشن و هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی گۆڕان ناوی كه‌سی وه‌ك خۆبه‌خش تۆمارنه‌كردووه".
نیاز عه‌بدوڵڵا پارتی دیموكراتی گه‌لان " هەدەپە" مه‌ترسی هه‌یه له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه گرووپه تیرۆریستییه‌كانی وڵاتی سوریا له هه‌رێمی كوردستان دژ به پارتی كرێكاران و شاره‌كانی هه‌رێم به‌كاربهێندرێن. به‌پێی لێدوانه فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی توركیا و به‌رپرسانی ئیداری ناوچه‌ی سیده‌كانی، سوپای توركیا 30 كیلۆمه‌تر هاتۆته ناو خاكی هه‌رێم و خۆی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی چه‌كداری له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان- په‌كه‌كه ئاماده‌كردووه. به‌ڵام پارتی دیموكراتی گه‌لان-هه‌ده‌په مه‌ترسییه‌كه به ته‌نیا له داگیركردنی خاكی هه‌رێم و بانگه‌شه‌كانی توركیا بۆشه‌ڕی په‌كه‌كه نابینێت، به‌ڵكو مه‌ترسی له به‌كارهێنانی گرووپه تیرۆریستییه‌كانی سوریا هه‌یه كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ توركیا هێرشیان كرده سه‌ر عه‌فرین و رۆژئاوای كوردستان. عابد ئیكه هاوسه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هه‌ده‌په له هه‌رێمی كوردستان و عێراق به (دره‌و میدیا)ی وت "ئه‌و هێزه تیرۆریستیانه‌ی چوونه سه‌ر شاری عه‌فرین، هه‌مان ئه‌و هێزانه ده‌بن له داهاتوو توركیا ده‌یه‌وێت بیانهێنێته سه‌ر شاره‌كانی كه‌ركوك و هه‌ولێر و زاخۆ و دهۆك، توركیا ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌و هێزه تیرۆریستیانه به‌كارهینێت". عابد ئیكه بوونی په‌كه‌كه له چیاكانی هه‌رێمی كوردستان به گرنگ ده‌بینێت، چونكه "ئه‌گه‌ر هێزی په‌كه‌كه له خنێر و خواكورك و قه‌ندیل و چیاكان نه‌بێت توركیا ئه‌و ناوچه و چیایانه پڕ ده‌كات له گرووپ و هێزه تیرۆریستییه‌كانی، ئیتر خه‌ڵكی كوردستان ناتوانن له‌و ناوچانه بژین و ژیانی خۆیان له‌سه‌ر خاكی خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن و به ئازادی بسوڕێنه‌وه". ئه‌و نوێنه‌ره‌ی هه‌ده‌په له هه‌رێم و عێراق ره‌خنه‌ی له لاوازی هه‌ڵویستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه سه‌باره‌ت به هاتنی سوپای توركیا بۆناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و وتی "دوای زۆربوونی هه‌ڕه‌شه‌كان، پێویسته شه‌ڕی توركیا وه‌ك شه‌ڕی په‌كه‌كه نه‌بیندرێت، ده‌بێت هێرشی توركیا وه‌ك هێرشی سه‌ر هه‌موو گه‌ل و خه‌ڵكی كوردستان ببیندرێت". پێی وایه توركیا ده‌یه‌وێت هه‌موو خاكی هه‌رێم داگیر بكات به كه‌ركوك و ته‌واوی شاره‌كانی "ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامی ئه‌وه‌یه". نوێنه‌ره‌ی هه‌ده‌په به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به پارتی دیموكراتی كوردستان بكات، نیگه‌رانی خۆی له هه‌ڵوێستی به‌شێكی پارته سیاسییه‌كان ده‌ربڕی و وتی "به‌شێك له پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێم، بێ ده‌نگ و بێ هه‌ڵوێستن، بێ ده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستیشیان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان-ئاكه‌په".
راپۆرتی: ئارام مەحمود موقتەدا سەدر، ئەو پیاوەی لەناوەندە سیاسیە عێراقیەكاندا واناسراوە، خاوەنی هەڵوێستێكی جێگیرنیە و پڕە لەدژبەیەكی و هەڵكشان و داكشان، گەرچی ئەم قسانە ڕاستی زۆریشی تیادابێت، ڕاستیەكی تریش لەبەرامبەریدا دەڵێت، سەدر ئەو تاقانە سیاسیەیە كە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردو جڵەوی شەقامی عێراقی بەدەستەوە بوە و هەر كاتێك ویستبێتی دەسەڵاتی لەناو جەرگەی پایتەختدا هەژاندوە، لەدوای هەڵبژاردنی 12 ئایاریش ماڵەكەی لەنەجەف بۆتە قیبلەی حزب و سیاسیە شیعی و سوننی و كوردەكان و پۆل‌پۆل بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەكی سیاسی و بەشداریپێكردنیان لەكێكی حوكمڕانی ئایندەی عێراق، زیارەتی دەكەن. لیستەكەی سەدر كە خاوەنی 54 كورسیە، بەشێك لەكورسیەكانی ڕەوتی مەدەنی و علیمانیەكانی ناو لیستەكەی بەدەستیانهێناوە، بەبەراوردیش بە هەردو لیستی (فەتح) كە خاوەنی 47 كورسیە و هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات و لیستی نەصریش 42 كورسی، كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات و لەپلەی دووەم و سێهەمدا هاتون، جیاوازییەكەیان زۆر گەورەنیە، بەڵام دیارە جیاوازییە گەورەكە لەشەخسی سەدر خۆیدایە، چونكە هەمو لایەنەكان بەباشی لەو ڕاستیە گەیشتون، بەبێ سەدر دانیشتن لەناوچەی سەوز ئەگەر مەحاڵ نەبێت ئەوا ئاسانیش نیە. ڕەنگە هەر ئەمەش بێت سیحری هەندێك لەو جوڵانەی سەدر دەیكات و، تائێستاش هیچ سیاسیەكی عێراقی جورئەتی تاقیكردنەوەی نەكردوە، چونكە ئەو جوڵانە ئەوەندە نائاساین تەنانەت پێشبینی و خوێندنەوە سیاسەكانیش پەی پێنابەن یان تەوەقوعی ڕودانی ناكەن، بۆیە شۆك و سەرسوڕمانی گەورە لەدوای خۆی جێدەهێڵێت، لەزمانی سیاسی‌دا ئەم جۆرە لەجوڵەی سیاسی پێیدەوترێت ژێراو و ژوركردن یان ئاوەژوكردن و هەڵگێڕانەوەی سەرلەبەری هاوكێشەكان، كە دواترینیان ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتی بو لەگەڵ هادی عامری، لەكاتێكدا هەمو پێشبینیەكان بەو ئاڕاستەیەبون كە هاوپەیمانێتی سەدر و عەبادی مەسەلەیەكە بڕاوەتەوە. سەدر ڕویكردە عامری و پشتی كردە عەبادی لەسەروبەندی تۆماركردنی ناوی لست و قەوارە سیاسەكاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، موقتەدا سەدر زۆربەتوندی دژی نزیكبونەوەی عەبادی و عامری بو لەهاوپەیمانێتیەكەدا و بەنەفرەتلێكراو و تائیفی وەسیفكرد، تەنانەت سەرسوڕمانی خۆشی پیشاندا لەوەی، چۆن عەبادی لەگەڵ گروپەكانی حەشدی شەعبیدا هاوپەیمانێتی دەكات، لەكاتێكدا ئەوان هیوایەكی زۆریان لەسەر هەڵچینوە دامەزراوەكان و دەوڵەتی هاوڵاتی دروستبكات، بەڵام دوای كەمتر لەدوو مانگ ئەوەی بۆ عەبادی بەحەرام و گوناحی زانی، خۆی كردی. زۆرینەی ئاگایانی سیاسی دۆخی عێراق پێییانوایە، ئێران ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی بینیوە لەپێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتیە و تەنانەت فشاری زۆر توندیشی كردوە بەتایبەت دوای ڕێكەوتنەكەی نێوان ئەمریكا و كۆریای باكور، كە بەڕای زۆرێك لەدوای ئەو ڕێكەوتنەوە واشنتن دەستی كراوەتر دەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ئەوەی هەمو ئاماژەكان پشتیوانی ئەم بۆچونە دەكەن، بەڵام سەدر واناسراوە كە نەیاری ئێرانە و ناچێتە ژێر فشارەكانی، تەنانەت بۆچونگەلێك هەن سەدر لەسەر سعودیە و وڵاتانی كەنداو هەژمار دەكەن. بێهیوابونی موقتەدا سەدر لەحەیدەر عەبادی ڕەنگە هۆكارێكی گەورەی قایلبونی بوبێت بەهاوپەیمانێتی كردن لەگەڵ هادی عامری، موقتەدا سەدر پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن لەزیاد لەبۆنەیەكدا تەئكیدی كردوە كە پشتیوانی عەبادی دەكات بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیران و تەواوكردنی ئەو كارانەی لەچوارساڵی ڕابردودا دەستی پێكردوە، بەڵام وازنەهێنانی عەبادی لە حزبی دەعوە كە تاكە مەرجی سەدر بو بۆ عەبادی، سەدری بێهیواكرد و ناچاریكرد پەنابەرێت بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ هادی عامری و بەڕاشكاوی پێیبڵێت كە شایەنی ئەوەیت پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگریت. ئێران ئامانجەكە گەورەكەی سەدری بەدیهێنا ئێرانیەكان پەلەیانە لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، چونكە ترسی گەورەیان هەیە مەسەلەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان و بڕیارەكانی تری ئەنجومەنی نوێنەران، هەم سەنگ و پێگەی هەندێك هێزی نزیك لەخۆیان بگۆڕێ و هەمیش پرۆسەكە كاتێكی زۆربخایەنێت كە هیچیان بەبەرژوەندی خۆیان نازانن، بۆیە لەكاتێكی گونجاو‌دا لەدەرگا سەدریان دا، ئەوەی سەدر لەعەبادی دەیویست كە دورخستنەوەی حزبی دەعوە بو لەدەسەڵات، ئێرانیەكان گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكرد، ئەوەی ئێرانیەكانیش دەیانەوێت سەدر هەنگاوی بۆ دەنێت، بەڵام دیارنیە دەرەنجامەكەی بەكوێ دەگات. حزبی دەعوە، لەساڵی 2005وە، تائێستا چوار خول پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەدەستەوە بوە، زۆرینەی پۆستە هەستیارەكان لەتەواوی جومگەكانی دەسەڵاتیلەدەستدایە، كە بەپێی هەندێك ئاماری ناڕەسمی لەكۆی 10 هەزار پۆست لەعێراق، زیاتر لە 5 هەزار پۆستی بەدەست ئەندامانی حزبی دەعوەوەیە، ئەمەش بەڕای هێزە شیعیەكانی تر، جۆرێك لەدیكتاتۆریەتی حزبی دروستكردەوە و بەگرنگی دەزانن كۆتایپێبێت، موقتەدا سەدر كە بەدوژمنێكی سەرسەختی نوری مالكی ئەمینداری حزبی دەعوە ناسراوە، یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە دورخستنەوەو لەقاڵبدانی حزبی دەعوە بەئامانجێكی گەورەی خۆی دەزانێت و هاتنە پێشەوەی دەرفەتێكی وەك ئەوەی ئێستاش بەهەلێك دەزانێت كە ڕەنگە دوبارەنەبێتەوە، بۆیە سەرەتا هەوڵیدا لەڕێی عەبادییەوە ئەم كارەبكات و پۆستی سەرۆك وەزیران بەدەستی خۆیان لەژێردەستیان دەربهێنێت، كە بێهیوابو لەعەبادی، بەموبارەكەی ئێرانی و هاوپەیمانێتیكردنی لەگەڵ هادی عامری ئەو ئامانجەی پێكا و پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران، كە لوتكەی بڕیاڕی سیاسیە لەعێراق، لەژێر چنگی حزبی دەعوەی دەرهێنا یان لایەنی كەم ئاماژەكانی ئێستا بۆ ئەوە دەچن كە ئەو پۆستە بۆ لایەنە شیعیەكانی تر یەكلابێتەوە. سەدر ژیرانە یارییەكی سیاسیی دەكات و بانگهێشتكردنی لیستەكەی عەبادی بۆ ناو ئەم هاوپەیمانێتیە تازەیە، كردۆتە ئەركی خۆی و بانگهێشتكردنی نوری مالكیشی بۆ ناوهاوپەیمانێتیەكەیان بەعامری سپاردوە، چونكە ئەو ڕاستیە باش دەزانێت ئەگەر دوبەرەكی و شەڕی كورسی مالكی و عەبادی نەبوایە ئێستا حزبی دەعوە خاوەنی 67 كورسی پەرلەمان و لیستی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بو، بۆیە هەر بەو دوبەرەكییەوە دەیەوێت ڕایانكێشێتە ناوهاوپەیمانێتیەكان، كە ئەوەش هیچ زیانێك بەپێگەی سەدر ناگەیەنێت وەك براوەی یەكەم و ڕاعی و سەرپەشتیاری هەموان و، مالكی و عەبادیش بە 67 كورسیەوە دەبێت چاوەڕێبكەن تا بزانن سەدر دەست بەشانی كێدا دەهێنێت بۆ ئەوەی بچێ لەسەر كورسی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دا‌نیشێت. عەبادی دەستاوسان دانانیشێت عەبادی داواكەی سەدری شكاند‌و نەیتوانی دەستبەرداری حزبی دەعوە بێت، چونكە جگە لەوەی دەبوە هۆكاری لەدەستدانی ئەو پۆستە گرنگە لەدەست حزبەكەی و عەیبەیەكی مێژویی لەسەری، باش لەوەش گەیشتوە، كە سەرۆك وەزیرانی كردن بەبێ پاڵپشتی كوتلەیەكی بەهێز لەناو پەرلەمان كارێكی مەحاڵە و دەبێت چوارساڵی داهاتو لەژێر ڕەحم و مەرحەمەتی سەدردابێت، تامتمانەی لێنەسەنەوە. بۆیە كە داواكەی ڕەتكردەوە، تێگەیشت ئیتر چونەوە سەر كورسی سەرۆك وەزیران لەو ڕێگەوە مەحاڵە و پێویستە ڕێگای تر بگرێتەبەر، كە بەشی هەرە زۆری دروستكردنی فشارە تەنانەت تائاستی ڕۆیشتن بەرەو حكومەتی كاربەڕێكەر ئەگەر چانسی بونەوە بەسەرۆك وەزیرانی وەك ئێستا لاوازبێت. ڕۆژی 5ی ئەم مانگە و ڕۆژێك پێش دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە تیایدا هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەندكرا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبەر ڕۆشنایی بەداواچونەكانی ئەو لیژنە باڵایەی پێكیهێنابو كۆمەڵێك بڕیاڕی گرنگی دەركرد و ئەنجامدانی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان ڕاگەیاند و گەشتی دەرەوەشی لەبەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن قەدەغەكرد، كە هاندەرێكی بەهێزبو بۆ تەواوكردنی نیسابی دانیشتنی ڕۆژی دواتری ئەنجومەنی نوێنەران و ئەو بڕگە یاساییانەی لەهەموارەكەدا پەسەندی كرد. لەكۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا، حەیدەر عەبادی وتی:"عەمباركردنی چەك و تەقەمەنی لەشوێنی نیشتەجێبون تاوانە (كە مەبەستی تەقینەوەی ناوچەی سەدری بەغدابو)، بەرپرسیارانی ئەم كارەش سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن"، بەڕای زۆرێك ئەم قسانەی عەبادی هێرشێكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەدرییەكان و تۆمەتباركردنیایە بە هۆكاری ئەو تەقینەوەیە كە بەهۆیەوە چەندین كەس بونە قوربانی، هاوكات ئاماژەی بێهیوابونیشی دەگەیەنێت لەڕێكەوتن لەگەڵ سەدرییەكان، چونكە لەم كاتە هەستیارەدا قسەی واتوند و زبر لەبەرژوەندی لێكنزیكبونەوە نیە. لەوتارێكیشدا كە بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بڵاویكردۆتەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق، جارێكی تر پرسی ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان دەوروژێنێتەوەو دەڵێت، ڕێگە بەساختەكاری و یاریكردن بەدەنگی هاوڵاتیان نادەن، داواش لەلایەنە سیاسەكان دەكات دوای تەواوبونی پشوەكانی جەژن كۆبونەوەكانیان دەستپێبكەن بۆ ڕێكەوتن لەسەر ئیدارەدانی حكومەتی ئایندە. بەڕای زۆرێكیش ئەم قسانەی عەبادی هەم دروستكردنی فشارە لەسەر ئەو لایەنانەی دەیانەوێت پەلەبكەن لەپێكهێنانی حكومەت و پێنادەڵێت هێشتا مەسەلەی ساختەكاری یەكلانەبۆتەوە، هەمیش دەیەوێت بڵێت هێشتا كۆلینەداوە و لەسەر بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران شەڕدەكات.
(درەو میدیا): دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كچانی روسیا ئازادن لە هەر كارێك كە بیكەن. ئەمە وەڵامدانەوە بوو بۆ بانگەوازی ژنە پەرلەمانتارێكی روسیا كە داوای لە كچانی وڵاتەكەی كرد خۆیان بەدوربگرن لە سێكسكردن لەگەڵ هاندەرانی بیانی كە بەبۆنەی مۆندیالی تۆپی پێوە رویان لە روسیا كردووە. وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا وتی: ئەو بڕیارە بۆ كچانی روسیا خۆیان دەگەڕێتەوە، كچانی روسیا باشترین كچن. تەمارا بلیتنیڤا پەرلەمانتاری حزبی شیوعی لە پەرلەمانی روسیا دوێنێ لە لێدوانێكدا داوای لە كچانی وڵاتەكەی كرد خۆیان لە سێكسكردن لەگەڵ هاندەرە وەرزشییەكان بەدوربگرن تاوەكو هەر بە كچی نەبن بە دایك. ئەو ژنە پەرلەمانتارە كە سەرۆكی لیژنەی خێزان و ژن و منداڵە لە پەرلەمانی روسیا نمونەی بە خولی یارییەكانی ئۆلۆمپیادی 1980 هێنایەوە كاتێك ژمارەیەكی زۆری كچانی روسی سكپڕبوون لە خەڵكانی بیانی. بە باوەڕەی ئەو پەرلەمانتارە دەبێت كچانی روسیا تەنیا لە رەگەزی روسی سكپڕببن نەك خەڵكانی بیانی، سەرباری ئەوەش ئەو هاندەرانە دوای مۆندیال دەگەڕێنەوە و منداڵی بێ باوك لە روسیا بەجێدەهێڵن و ئەركی پەروەردەكردن تەنیا لە ئەستۆی دایكەكان دەمێنێتەوە.
(دەرەو میدیا): كۆماری ئیسلامی ئێران رەتیدەكاتەوە پشتیوانی هێرشی توركیا بكات بۆسەر پارتی كرێكارانی كوردستان لە چیای قەندیل. عەمید ئەبولفەزل شكارچی گەورە وتەبێژی دەستەی ئەركانی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئەو قسانەی كە لەزاری بەرپرسێكی باڵای توركیاوە بڵاوكراوەتەوە لەبارەی ئەوەی گوایە ئێران پشتیوانی هێرشی توركیا دەكات بۆسەر قەندیل، راست نین. شكارچی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە هێزێكی "تیرۆرست" ناودەبات و دەڵێ" كۆماری ئیسلامی سەرباری ئەوەی پشتیوانی هەر رێوشوێنێك دەكات دژ بە تیرۆر، بەڵام ئەنجامدانی هەڵمەتی سەربازی لەناو سنوری وڵاتێكی تردا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە حكومەتی شەرعی ئەو وڵاتە، بە رێوشوێنێكی نایاسایی دەزانێت. ئاماژە بەوەشدەكات، ئێران لە چوار دەیەی رابردودا قوربانی تیرۆر بووە، بەڵام پشتیوانی لە هیچ رێوشوێنێك كە ببێتەهۆی پێشێلكردنی سەروەری وڵاتانی تر.
حەیدەر عەبادی ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە بەساختەكاریی و یاریكردن بەدەنگی هاوڵاتیان و بژاردەی ئازدایان نادەن، داواش لەلایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارانە لەسەر پرۆگرامی ئیدارەدانی حكومەت ڕێكبكەون. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا كە بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە بڵاویكردوەتەوە، ڕایدەیگەیەنێت، وێڕایی ئەو لادان و پێشێلكارییانەی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كراون، گرتنەبەری ڕێگا یاساییەكان و پەنابردن بۆ دەستور تاكە ڕێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕۆیشتن بەرەو پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی نوێ، دەشڵێت، متمانەی تەواویان هەیە كە ئەم قۆناغە بەسەركەوتویی تێدەپەڕێنن. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەیدا، حەیدەر عەبادی تەئكید دەكات، شێلگیرانە پارێزگاری لە پرۆسەی سیاسی و دیموكراتی دەكەن و ساختەكاریی قبوڵناكەن و ڕێگەش نادەن یاری بەدەنگی هاوڵاتیان و بژاردە ئازادەكانیان و لادان لەیاسا بۆ بەدیهێنانی ئامانجی نامەشروع بكرێت، بەپێویستیشی دەزانێت هیچ دەرفەتێك بۆ گومانكردن نەهێڵرێتەوە. سەرۆك وەزیرانی عێراق داواش لەلایەنە سیاسییەكان دەكات دیدار و كۆبونەوەی بەپرسیارانە ئەنجامبدەن بۆ ڕێككەوتن لەسەر ئیدارەدانی دەوڵەت بەكۆی دامەزراوە و دەسەڵاتیەكانیەوە.
(درەو میدیا): بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری لێبوردن و كەمكردنەوەی سزا بۆ 537 زیندانیی دەردەكات. بە گوێرەی هەواڵی میدیاكانی ئێران، عەلی خامنەیی رەزامەندی لەسەر داواكارییەكی ئایەتوڵا ئامولی لاریجانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەربڕیوە بۆ لێبوردن و كەمكردنەوەی سزای 537 زیندانیی كە لەلایەن دادگا گشتییەكان و دادگاكانی شۆڕش و دەستەی دادەوەرییی هێزە چەكدارەكان و حكومییەكانەوە حكومدراون. بڕیارەكە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ئەو مەرجانەیان تێدایە كە لیژنەی تایبەتمەند دیاریكردوون.
راپۆرتی شیكاريی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بە كۆچی دوای عەبدولڕەزاق فەیلی، ژمارەی ئەو ئەندامانەی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەماوەی 13 مانگی رابردودا كۆچی دواییان كرد، بوو بە (4) كەس. ئێستا تەنیا (2) كەس لە دامەزرێنەرانی یەكێتی ماون، بە رۆشتنی ئەوان یەكێتی بەتەواوەتی دەكەوێتە دەست نەوەی دووەمی حزبەكە، دەستەی دامەزرێنەر زیاتر لە (40) ساڵ شەمەندەفەری یەكێتیان لێخوڕی، ئەو شەمەندەفەرەی كە بە چەندین هەوراز و نشێودا گەشتی كرد. لە كۆی (7) ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی، (5) ئەندامیان كۆچی دواییان كردووە و تەنها (2) ئەندامیان لە ژیاندا ماون: * د. كەمال فوئاد: 16/11/2014 كۆچی دوایی كرد * نەوشیروان مستەفا: لە 19/5/2017 كۆچی دوایی كرد * جەلال تاڵەبانی: لە 3/10/2017 كۆچی دوایی كرد * عادل موراد: لە 18/5/2018 كۆچی دوایی كرد * عەبدولڕەزاق فەیلی: لە 13/6/2018 كۆچی دوایی كرد ئێستا تەنیا دوو كەس لە دەستەی دامەزرێنەر لە ژیاندا ماون كە بریتین لە هەریەكە لە: • د. فوئاد مەعسوم • عومەر شێخموس چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی دوان لە دامەزرێنەرە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی) و (نەوشیروان مستەفا) لەڕێگەی نوسین و چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانییەوە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی‌یان گێڕاوەتەوە. بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكێتی" مام جەلال لەسەرەتادا رەئی وابو كە هەمو تێكۆشەرانی كورد لە چەپەوە بۆ راست لە یەك رێكخراوی فراوان دا یەك بخرێن، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ زۆر كەس كردبو بەتایبەتی لەگەڵ ئەو ئەندامانەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كە هاتبونەدەرەوە و، لەگەڵ ئەوانەی نوێنەری بارزانی بون، ئەم بیرە سەری نەگرت". چایخانەكەی دیمەشق جەلال تاڵەبانی كە یەكەم و دوایین سكرتێری گشتی یەكێتییە تائێستا رۆژی (3/10/2017) كۆچی دواییكرد، ئەو لە ساڵیادی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە 2012 بەمشێوەیە باس لە دامەزراندنی یەكێتی دەكات" من و دكتۆر فوئاد مەعسوم لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق كارمان دەكرد، ئێمە لەوێ ووردە وردە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەڵاڵە كرد، لە چایخانەیەك كۆبوینەوە بەناوی (تولەیتولە) لە دیمەشق، منیان تەخویل كرد بەیانەكە بنوسم بەیانی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەیاننامەی یەكەمم نوسی، ئەو كەسانەی كە كارەكەیان دەستپێكرد بریتی بوون لە (مام جەلال، د. كەمال فوئاد، د. فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی، لەو ماویەیەدا من چوم بۆ ئەوروپا، پێشتر پەیوەندیم هەبووە بە كاك نەوشیروان مستەفا، ئاگاداری كاك نەوشیروانم كرد، كاك نەوشیروان فكرەكەی پێ باش بوو، دواتر چوین لە بەرلین كۆبوینەوە پاش ئەوەی كە لەكوێ كۆبوینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و عومەر شێخموس، بەو جۆرە دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوین بە 7 كەس، لەوێ بڕیارماندا دوای ساڵێك لە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شۆڕش هەڵگیرسێنینەوە". شیعرەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلال نەوشیروان مستەفا كە یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لە (19/5/2017) كۆچی دوایی كرد، لە كتێبەكەیدا (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) سەبارەت بە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەنوسێت " دۆستایەتی من لەگەڵ مام جەلال ئەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1961 ئەو كاتەی لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی بو، چەندجارێ تەلەفۆنی بۆ كردم و نامەی بۆ ناردم، داوای لێكردم خۆم ئامادە بكەم بۆ بەشداری لەو رێكخراوە تازەیەدا كە خەریكی دامەزراندنێتی و، بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات، ئەگەر چی ماوەیەكی درێژ بو من لە كوردستان دور بوم، بەڵام (ئیلتیزامی ئەخلاقی و ئەدەبی) بە كۆمەڵە و بە مام جەلالیەوە بەست بوم، بەجوانم نەئەزانی لەژێری دەربچم، یەكسەر وتم: كەی داوات كرد بەسەرچاو ئامادەم، جارێكیان لە وەڵامی نامەیەكی دا بۆ ئەوەی دڵنیایی بكەمەوە لەوەی من هەر لەسەر بەڵێنە كۆنەكەی خۆم ماوم، سەرەتای نامەكەم بەم شیعرەی "سالم" دەستپێكرد: ئەی قیبلەی مورادم ئاخۆ بە رۆژگاران جارێ لە كەس ئەپرسی حاڵی غەریبی تاران بەو سوێندەی كە خواردم: من هەر ئەوەم كە دیوتم، حاشا بكەم فەرامۆش، میساق و عەهدی جاران بەڵێنم دایە هەر كارێ بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش دەس پێ بكەن، من واز لە هەمو شتێكی خۆم ئەهێنم لە ڤیەننا و، لەگەڵیان ئەبم، بەڵام ئەو ماوەیە من ئازادی هاتوچۆم نەبو، پاسپۆرتەكەم عێراقی بو. سەفارەت بۆیان تازە نەكردبومەوە، نەمئەتوانی هاتوچۆ بكەم. لە ڤییەنا گیرم خوارد بو. دەستەی دامەزرێنەر كێ بوون ؟ بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، تا ئەوكاتەی یەكێتی دامەزراوە، ئەو خۆی خوێندكاری دكتۆرا بووە لە ڤیەننا، د. فوئاد مەعسوم نوێنەری بارزانی بووە لە قاهیرە، عادل سەرۆكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە، عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی لاوان بووە، مام جەلالیش وەكو خۆی دەڵێت پێش دامەزراندنی یەكێتی لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق كارى كردووە،. یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر رۆژی 22/2/1975 لە (دیمشق)ی پایتەختی سوریا و چایخانەی (تولەیتولە) لە گەرەكی (ئەبو رمانە) یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر بەڕێوەچوو، بەشداربوانی (مام جەلال، د. فوئاد مەعسوم، د. كمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی)، نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بەشدار بێت لە كۆبونەوەكە وەكو خۆی لە كتێبی (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ) باسی دەكات ئەو بەشداری نەكردووە بەهۆی ئەوەی كێشەی پاسپۆرتی هەبووە و باڵیۆزخانەی عێراق پاسپۆرتیان بۆ تازە نەكردوەتەوە و نوسیویەتی" من ئەوسا هێشتا لە ڤیەننا نەجوڵا بوم، لەبەرئەوەی لە داڕشتنی بیرەكانی ئەم بەیانەدا بەشدار نەبوم". عومەر شێخموس یەكێكی تر بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر كە بەشداری یەكەم كۆبونەوەی نەكرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شێخموس كوردی سوریا بوو، نەیتوانیوە گەشتی سوریا بكات. كۆبونەوەی دووەمی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە رۆژی 27/5/1975 بەسترا، كۆبونەوەكە بە سەرپەرشتی مام جەلال هەندێك گۆڕانكاری لە پرۆژەی یەكێتیدا كرد‌و و بە فەرمی پرۆژەی راگەیاندنی یەكێتی وەكو حزبێكی سیاسی نوێ دوای نسكۆ لە رۆژی 1/6/1975 بڵاوكراوە. بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا" مام جەلال یەكەمین بەیانی راگەیاندنی دامەزراندنی یەكێتی بە عەرەبی، لە شام و پاش باس كردنی لەگەڵ د. فوئاد و عادل و عەبدولڕەزاق، لە 22/5/75 دا نوسی بو و، بڵاوی كردبوەوە و، بۆ كەمال فوئادیشیان نارد بو لە ئەوروپا بڵاوی بكاتەوە، ئەویش دوای ئەوەی هەندێ دەستكاری تێدا كرد بوو لە 1/6/75 دا بڵاوی كردەوە". ترۆیكای یەكێتی یەكێتی نیشتمانی كە دامەزرا وەكو گالیسكەیەك بوو كە سێ ئەسپ رایدەكێشن كە ئەوەش لە زمانی سیاسی‌دا پێی دەوترێت "ترۆیكا"، دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەزمونێكی نوێ بوو، چونكە لە (3) رێكخراوی جیاواز‌و (3) سەركردایەتی جیاواز پێكهاتبوو، كە هەرسێكیان سەربەخۆیی رێكخراوەیی تەواویان هەبوو: • كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان لە 10/6/1970 بە نهێنی دامەزرا • بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان • هێڵی گشتی سەرباری جیابونەوە و هەوڵەكانی جیابونەوەی لەسەردەمی خەباتی شاخ، دواجار ئەم "ترۆیكا"یە تێكچوو، ئەسپەكان گالیسكەكەیان بەجێهێشت، نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە دامەزرێنەرەكان ساڵی 2009 لە یەكێتی جیابوەوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، بەرهەم ساڵحیش وەكو یەكێكی تر لە سەركردە دیارەكانی ئەو حزبە یەمدواییە جیابوەوە و هێزێكی نوێی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری راگەیاند. مشتومڕی دەستەی دامەزرێنەر دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی زۆرجار مشتومڕی لەسەر دروستبووە، هەندێكجار لە كاتی وتارەكانیدا لە یادی یەكێتی یان كۆنفرانس و كۆنگرەكاندا جەلال تاڵەبانی ناوی یەكیان دەپەراند یاخود ناوی نەدەهێنان، ئەوەش نیگەرانی دروستدەكرد. لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا، مام جەلال ناوی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی خوێندەوە، بەڵام ناوی د. فوئاد مەعسوم نەهێنا، فوئاد مەعسوم توڕە بوو، هێشتا مام جەلال وتارەكەی تەواو نەكرد، فوئاد مەعسوم بە پارچە كاغەزێكدا نامەیەكی بۆ مام جەلال نارد‌و بچوك بۆ مام جەلال، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو نامەیەدا فوئاد مەعسوم بۆ مام جەلالی نوسیوە" ناوم دەهێنی یان بچمە دەرەوە"، پاشان مام جەلال ناوی فوئاد مەعسومی هێنا، هەندێك پێیان وابوو مام جەلال بیری چووە ناوی فوئاد مەعسوم بهێنێ، هەندێكیش پێیان وابوو مام جەلال بە ئەنقەست ناوی نەهێناوە. یەكێتی دوای 42 ساڵ خەبات یەكێتی نیشتیمانی بەر لە 42 ساڵ لە چایخانەیەك لە دیمەشق دامەزرا، ئێستا حزبێكی گەورەی كوردستانە و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەستەوەیە و خاوەنی داراییەكی گەورەیە، هەڵبەت بەشێكی گەورەی ئەم پێگە سیاسییە بە خوێن دروستكراوە، لە پاڵ ماندوبون و شەونخونی هەزاران كەس لە كاری دیپلۆماسی و رێكخستن. یەكێتی كە رۆژ لەدوای رۆژی ژمارەی دامەزرێنەرەكانی كۆچی دوایی دەكەن، ئێستا لە دۆخێكی قەیراناوی ناوخۆیدایە، ئەم قەیرانەش نوێ نییە و ریشەیەكی مێژوویی هەیە، ئەم حزبە لە ماوەی 42 ساڵدا تەنیا (3) كۆنگرە و (2) پلینیۆمی كردووە.
(درەو میدیا): دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافەی بەغدا، بە تۆمەتی تێوەگلان لە ئاگركەوتنەوەكەی كۆگاكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان عێراق، یاداشتی دەستگیركردنی بۆ 17 گومان‌لێكراو دەركردوووە. عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند بە تۆمەتی تاوانی سوتاندنی ئامێرەكان و سندوقەكانی دەنگدان دادگای رەسافە یاداشتی دەستگیركردنی بۆ 17 گومان‌لێكراو دەركردووە و تا ئێستا نۆ كەسیان دەستگیركراون. ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دووشەممەی رابردووش رایگەیاند دادگای رەسفاە بڕیاریداوە بە دەستەبەسەركردنی 4 تۆمەتبار بە تاوانی سوتاندنی كۆگاكانی كۆمسیۆن، ئاشكراشیكرد لەو چوار كەسە سێ كەسیان پۆلیسن و یەكێكیشیان فەرمانبەری كۆمسیۆنە.
( درەو میدیا) ئەردۆغان داوا لە بەرپرسانی حزبەكەی دەكات و فەرمانیان بەسەردا دەكات هەموو شتێك بكەن بۆئەوەی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" لە دەرەوەی پەرلەمان بێت. لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە بەشێك لە میدیاكانی توركیا بڵاویانكردوەتەوە ئەردۆغان دەڵێت:" ئەوەی كە دەیڵێم پێویستە لە نێوان خۆماندا بێت و بڵاونەبێتەوە، جەختدەكەمەوە لەسەر برایان و هاوڕێیانمان لە پارێزگاكانی باشووری خۆرهەڵاتی توركیا جۆرێكی جیاواز تێكۆشان و كاربكەن و هەموو شتێك بكەن كە پێویستە بۆئەوەی پارتی دیموكراتی گەلان لە دەرەوەی پەرلەمان بێت، ئەمە كارێكی گرنگە بەلای ئێمەوە." ئەردۆغان داواش لە بەرپرسانی حزبەكەی دەكات پێداچوونەوە بە لیستی دەنگدەرانی هەدەپەدا بكەن و رێگایەكی گونجاو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیاندا بدۆزنەوە." هەڵبژاردنی پەرلەمانیی و سەرۆكایەتیی توركیا رۆژی 24ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و ئەگەر پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە رێژەی 10%ی دەنگەكان بەدەستنەهێنێت، ئەوا نوێنەرایەتی لە پەرلەمان لەدەستدات و كورسییەكانی بۆ پارتەكەی ئەردۆغان دەچێت، بەڵاك بە گوێرەی چەند راپرسییەك هەدەپە رێژەی 10%ی دەنگەكان تێدەپەڕێنێت و دەچێتە پەرلەمان.
گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا رۆژی 2ی حوزه‌یرانی 2017 له‌و كاته‌ی شه‌ریفه‌ی دایك به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له نه‌خۆشخانه‌ی شاری سنه داخل كرابوو، رامین بۆ دیداری دایكی به‌ره‌و نه‌خۆشخانه چوو، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه قۆڵبه‌ستكرا و دواتر به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی له حیزبی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران دادگای شۆڕشی ئیسلامی بڕیاری سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرد، بۆیه ئه‌و گه‌نجه یادی له دایكبوونی 24 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی له زیندان به‌سه‌ربرد. دایك و باوكی رامین له گه‌وره‌دێی قوڕچيا-ی ناوچه‌ی له‌یلاخ-ی نزیك شاری سنه ده‌ژین، رامین بچوكترین منداڵی خێزانه‌كه‌یانه. رۆژانه ده‌یان كه‌سایه‌تی فارس و كورد و عه‌ره‌ب بۆ پشتیوانی ده‌ربڕین له كوڕه‌كه‌یان روو ماڵه‌كه‌یان ده‌كه‌ن. پێشتر به‌هه‌مان تۆمه‌تی سزادانی رامین حوسێن په‌ناهی، ئه‌نوه‌ری برای بڕیاری سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، به‌ڵام به‌هۆی فشاره ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه سزاكه‌ی جێبه‌جێ نه‌كراو 7 ساڵی له زیندان به‌سه‌ر برد و ئیستا له‌ژێر چاودێری هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته له تاران ده‌ژی. ئه‌شره‌فی براشی كه ئه‌ندامی حیزبی كۆمه‌ڵه بوو، شه‌هید بوو. جگه له‌وه‌ی ئێستا سێ ئه‌ندامی خانه‌واده‌كه‌یان سزای زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه. نیشتیمانی ته‌مه‌ن 25 ساڵ كه دایكی منداڵێكی 4 ساڵان بوو، له یه‌كی ئایاری ئه‌مساڵ به‌هۆی شۆكی هه‌واڵی پێڕاگه‌یاندنی سزای له سێداره‌دانی خاڵی، خۆی سوتاند. پێشتر حوسێنی ئه‌حمه‌دی نیاز پارێزه‌ری رامین رایگه‌یاند "له دانیشتنی دادگایی كردنه‌كه‌ی له 25ی كانوونی یه‌كه‌م، ئه‌و باسی له‌وه كرد كه ئه‌شكه‌نجه‌دراوه و هه‌موو دانپێدانانه‌كانی له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا بووه، بۆیه ده‌بوو دیوانی باڵای وڵات ئه‌مه له‌به‌رچاو بگرێت". تا ئێستاش دیداری نێوان خانه‌واده‌كه‌ی و ئه‌و گیراوه به‌تۆمه‌تی سیاسی رێپێدراو نییه. سه‌ڕه‌ڕای دواخستنی جێبه‌جێ كردنی سزاكه‌ی له سه‌ره‌تای مانگی ئایار، به‌ڵام به‌پێی قسه‌كانی ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی برای رامین "كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داوه له دوای كۆتاییهاتنی مانگی ره‌مه‌زان سزای له سێداره‌دانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات" بۆیه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی فشاره‌كان به‌هاشتاگی #RaminHosseinPanahi به‌رده‌وامن بۆ وه‌ستاندنی سزای له سێداره‌دانی. (دره‌و میدیا) له‌و باره‌یه‌وه گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ئه‌مجه‌د په‌ناهی كه له وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژی ئه‌نجامدا. دره‌و میدیا: دوایین زانیاری چییه كه كۆماری ئیسلامی ئێران له‌باره‌ی چاره‌نووسی براكه‌تان به ئێوه‌ی راگه‌یاندووه؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: به داخه‌وه دوایین هه‌واڵ له‌سه‌ر دۆسییه‌ی كاك رامینی برام ئه‌وه‌یه هه‌موو قۆناغه‌كانی دۆسیه‌كه وه‌كو به‌شی یاسایی ته‌واو بووه و به‌كۆتایی گه‌یشتووه، كۆتایی به‌و مانایه‌ی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت رامین ئیعدام بكه‌ن، ده‌یكه‌ن. به رامین و به بنه‌ماڵه و پارێزه‌ره‌كه‌شیان راگه‌یاندووه كه جێبه‌جێ كردنی حوكمه‌كه له دوای مانگی ره‌مه‌زان له ئارادایه و ئه‌گه‌ر‌ی زۆره دوای كۆتاییهاتنی مانگی ره‌مه‌زان سزای له سێداره‌دانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و ئه‌م چالاكوانه سیاسییه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له سێدار بده‌ن. دره‌و میدیا: بۆچی كۆماری ئیسلامی ئێران سه‌ره‌ڕای بوونی ناڕه‌زایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، سزای له سێداره‌دانی رامینی هه‌ڵنه‌وه‌شاندۆته‌وه؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: كۆماری ئیسلامی زۆرجار وابووه. رامین له كاتی گرتنی مه‌ترسی له سێداره‌دانی نهێنی له‌سه‌ر بوو، ئه‌و كه تائێستا زیندووه به فشاره‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی وكۆمه‌ڵگا‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و كوردی و ئێرانییه. به‌ڵام به داخه‌وه له دۆخێكی خراپداین له ئێران، چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر زیاتر له 6 شاری ئێران خۆپیشاندان هاته ئاراوه و ئێستا ناڕه‌زایه‌تییه‌كی جه‌ماوه‌ری له زۆر شار هه‌یه، هاوكات حوكمڕانی ئه‌م حكومه‌ته‌ش پیشانی داوه هه‌ر كاتێك حكومه‌تی ئێران ویستبێتی خه‌ڵك چاوترسێن بكات ده‌ستی بۆ ئیعدامكردنی یه‌كێك له چالاكانی سیاسی بردووه، به تایبه‌ت له ده‌یه‌ی كۆتایی هه‌میشه چالاكانی كوردی ئیعدام كردووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی رامین دۆسیه‌كه‌ی دۆسیه‌یه‌كی میدیایی بوو و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ناسراون و له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خه‌ڵك خۆشیان ئه‌وێن، ئه‌مه باشترین هۆ‌بووه بۆئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی تۆڵه له ئێمه و له خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێمه و ئێرانیش بكاته‌وه. به‌ڵام ده‌زانن دۆسیه‌ی رامین نێوده‌وڵه‌تییه و، ده‌زانن ئه‌م دۆسیه‌یه جێگای بایه‌خی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤه تا په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و زۆر وڵاتی تر كه له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه هاتوونه‌ته سه‌رخه‌ت و داوایان له كۆماری ئیسلامی كردووه ئه‌م حوكمه نا ره‌وایه له‌سه‌ر ئه‌م چالاكه سیاسییه نابێت جێبه‌جێ بكرێت، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه تائیستا كۆماری ئیسلامی رامینی ئیعدام نه‌كردووه. مانگێك له‌مه‌و به‌ر كه براكه‌میان برد بۆ ژووری تاكه كه‌سی تا له سێداره‌ی بده‌ن، شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی ناڕه‌زایی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دنیای ده‌ره‌وه و شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دروست بوو و كۆماری ئیسلامی ده‌ستی راگرت. ئێستاش پێموایه ئه‌گه‌ر رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و گه‌لی كورد له پارچه‌كانی تر خاوه‌ندارێتی له‌م رۆڵه‌یه‌ی خۆیان بكه‌ن و ده‌نگی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی زیاتر رابكێشین پێموابێت كۆماری ئیسلامی ئێران پاشه‌كشه ئه‌كات له‌م بڕیاره‌ی خۆی. به‌تایبه‌ت ئێستا میدیای باشوور و كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت زۆر رۆڵ ئه‌گێڕن، من وه‌كو بنه‌ماڵه‌ی رامین داوا له كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و حكومی له باشووری كوردستان ئه‌كه‌م به تایبه‌ت له به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی و ئه‌وانه‌ی وا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه له باشوور و ئه‌توانن ده‌نگ و كاریگه‌رییان هه‌بێت، نه‌هێڵن چالاكێكی كورد له سێداره بدرێت، هیوادارم ئه‌وه بكه‌ن. ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: ئاگاداری بڕێ لە نامه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كانی باشوور هه‌ین به نهێنی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دره‌و میدیا: ئێوه 40 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر نیشتیمانتان له ده‌ستدا و برایه‌كتان شه‌هید و یه‌كێكی دیكه‌تان رووبه‌ڕووی سزای له‌سێداره‌دان كراوه‌ته‌وه، دۆخی رامین چ جۆره نیگه‌رانییه‌كی بۆ ئێوه وه‌كو خێزان دروست كردووه؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: ئه‌مه یه‌كه‌مین دۆسیه‌ی له‌م شێوه‌یه نییه له نێو بنه‌ماڵه‌كه‌مان، پێش چه‌ند ساڵێك برایه‌كی ترمان به ناوی ئه‌شره‌فی حوسێن په‌ناهی شه‌هید بوو كه چالاكی سیاسی كورد بوو له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نی ئه‌نواند و به تاوانی ئه‌ندامبوون و نواندنی چالاكی سیاسی له كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانی ئێران - كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكیشانی كوردستانی ئێران. ئه‌نوه‌ری حوسێن په‌ناهی حوكمی له سێداره‌دانی له‌سه‌ر بوو، دیاره ئه‌و چالاكێكی دیاره و ماوه‌ی 7 ساڵ له زیندان بوو دوای ئه‌وه‌ی له ساڵانی 2008 و 2009 حوكمی له سێداره‌دانی هه‌بوو به‌ڵام به‌هۆی فشاری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و كوردی و ئێرانی كه هاتنه پشت قه‌زیيه‌كه نه‌یانهێشت كاك ئه‌نوه‌ر ئیعدام بكرێت، له كۆتایی دوای 7 ساڵ له زیندانیكردن ئازاد كرا و ئێستا له شاری تاران له‌ژێر چاودێری ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانه و له‌وێ ئه‌ژی. ئه‌مه دووه‌مین حوكمی له سێداره‌دانه له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی ئێمه، جگه له‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر نیشتیمانمان له ده‌ستدا كاك ئه‌شره‌فی براشمان له ده‌ستداوه. بنه‌ماڵه‌ی ئێمه له‌ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوو زیاتر له 6 كه‌سمان به تاوانی دژبه‌ری كۆماری ئیسلامی و چالاكی مه‌ده‌نی و سیاسی گیراون و راپێچی زیندان كراون و شه‌هید بوون. چه‌ند كه‌سی بنه‌ماڵه‌كه‌مان پیش‌تر پێشمه‌رگه بوون و له ریزی خه‌باتی گه‌لی كورد بوون، له‌به‌رئه‌وه كۆماری ئیسلامی ئه‌یه‌وێت به ئیعدامی رامین كه كوڕی بچووكی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌یه و زۆریش خۆشه‌ویسته لای دایك و باوكم به‌تایبه‌تی و لای خه‌ڵكی ناوچه‌كه وه‌ك كه‌سێكی سڤیل و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ بووه، ئه‌یانه‌ویت به ئیعدامی ئه‌و هه‌م بنه‌ماڵه‌ی ئێمه چاوترسێن بكات و چیتر نه‌هێلێت بنه‌ماڵه‌ی ئێمه له‌و ناوچه‌یه سه‌ر هه‌ڵبده‌نه‌وه، هاوكات خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵات چاوترسێن بكات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی له حوكمڕانییه‌كه‌ی ناڕازین و بڵێت ئێمه وا له‌و كه‌سانه ئه‌كه‌ین كه ناڕازین لێمان. دره‌و میدیا: پێشینه‌ی رامین چۆن بووه له‌گه‌ڵ چالاكییه سیاسییه‌كانی؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: له ته‌مه‌نی 16 ساڵی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئیتڵاعاتی ئێران له نزیك شاری سنه ده‌ستگیر كرا و ماوه‌ی 40 رۆژ له ناوه‌نده ئه‌منییه‌كان هێڵدرایه‌وه. دوای ئه‌وه ده‌یان جاری تر بانگ كراوه له لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چالاكی مه‌ده‌نی بووه و چالاكی ژینگه‌پارێز بووه. چه‌ند ساڵێك دوای ئه‌وه بانگیان كرد و فشاریان خسته سه‌ر، بۆیه هاته باشووری كوردستان له‌وێ بووه ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه. پار ساڵ له‌و كاته‌ی دایكم له نه‌خۆشخانه‌بوو له شاری سنه ئه‌و چوو بۆ نه‌خۆشخانه ئه‌و ببینێت، به‌ڵام له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌ستگیركرا. رامین خۆی به گه‌نجێكی خه‌باتكار زانیوه دژ به نه‌هامه‌تییه‌كان و سته‌مكاری. دره‌و میدیا: رامین بۆچی چووبووه شاری كه‌ركوك؟ چۆن به‌شداری شه‌ڕی تیرۆر بوو؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: كاتی خۆی وه‌كو خۆبه‌خشێك له ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه سێ مانگ له سه‌نگه‌ره‌كانی كه‌ركوك له دژی هێزه تیرۆریسته‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام –داعش چه‌كی هه‌ڵگرت و شه‌ڕی كرد. به‌ڵام هیچ كاتێكی تر چه‌كی هه‌ڵنه‌گرتووه و له شه‌ڕی سه‌ربازی نه‌بووه ته‌نیا ئه‌و سێ مانگه نه‌بێت كه وه‌ك گه‌نجێكی رۆژهه‌ڵات له باشوور له به‌ره‌كانی شه‌ڕبووه. ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: رامین بۆته سیمبولێك بۆ لاوانی شۆڕشگێڕ كه دژ به حكومه‌تی ئێران ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه دره‌و میدیا: رامین چ خواستێكی هه‌بوو له بواری خوێندن؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: ئه‌و تا ئاستی دبلۆمی له ئێران خوێندووه، به‌داخه‌وه ئه‌و خێزانانه‌ی له رۆژهه‌ڵات كاری سیاسی ده‌كه‌ن و كوڕیان پێشمه‌رگه‌یه یا زیندانی سیاسی ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی بچنه زانكۆ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری و ده‌زگاكانیان به‌ربه‌ستیان بۆ دروست ئه‌كرێت، بۆیه بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ش له دبلۆم زیاتر نه‌مانتوانی بخوێنین و بچینه زانكۆكانی ئێران. رامین زۆری پێخۆش بوو بچێته به‌شی یاسا له زانكۆ بخوێنیت و ببێته پارێزه‌ر تا بتوانێت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی زیندانیانی سیاسی و مافه‌كانی مرۆڤ كه‌سێكی چالاك بێت، به‌داخه‌وه نه‌یانهێشت و ئیجازه‌یان پێنه‌دا له‌وه زیاتر بخوێنێت و بچێته زانكۆ. دره‌و میدیا: له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانی له رامین داواكاریتان چییه و له ئێران پشتیوانییه‌كه چۆن به‌ڕێوه ده‌چێت؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: 40 كه‌سایه‌تی ئێران 13ی حوزه‌یران داوایان له رێبه‌ر و سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران كرد ئه‌و حوكمی له سێداره‌دانی رامین رابگیرێت. پێیان راگه‌یاندووه، راگرتنی سزاكه ئه‌بێته هۆی ئارامی و ئاسایش بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و ئیعدامی ئه‌م چالاكه بارودۆخه‌كه نائاسایی ده‌كات و خه‌ڵكه‌كه ده‌شڵه‌ژێنیت. داوایان كردووه به بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی مانگی ره‌مه‌زان و هاتنی جه‌ژن ئه‌م حوكمه رابگرێت و دڵی دایك و باوكی و دڵی خه‌ڵكی كوردستان خۆش بكات. ئێستا تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رۆڵێكی گه‌وره ئه‌بینن و له ئێران كاریگه‌ری باشیان هه‌یه، له‌و ماوه‌یه‌ی رابردوو هه‌زاران كه‌س ده‌نگی رامین بوون و چه‌ندین شه‌پۆلی تویته‌ری بۆ پشتیوانی له‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش بووه هۆی سه‌نج راكێشانی میدیا نیوده‌وڵه‌تییه‌كان و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه. ئه‌م ماوه‌یه سه‌ردانی زۆربه‌ی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان كردووه، رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی تائێستا له‌سه‌ر خه‌ته و خۆی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و دۆسیه‌یه ئه‌كات له‌گه‌ڵ باقی وڵاته‌كانی تر بۆئه‌وه‌ی رزگاری بكه‌ن. رامین بۆته سیمبولێك بۆ لاوانی كورد و لاوانی شۆڕشگێڕ كه دژ به حكومه‌تی ئێران ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه و حكومه‌ت به زیندان و ئه‌شكه‌نجه و ئیعدام وه‌ڵامیانی داوه‌ته‌وه، دۆسیه‌ی رامین بۆته دۆسیه‌ی دژ به ئیعدام له هه‌موو ئێران. ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: هه‌ر كاتێك حكومه‌تی ئێران ویستبێتی خه‌ڵك چاوترسێن بكات ده‌ستی بۆ ئیعدامكردنی یه‌كێك له چالاكانی سیاسی بردووه دره‌و میدیا: له هه‌رێمی كوردستان رادده‌ی پشتیوانییه‌كه چۆن ده‌بینی؟ ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی: ئاگاداری بڕی نامه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كانی باشوور هه‌ین به نهێنی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ڵام له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی خۆیان داوایان كردووه ناویان پارێزراو بێت ئێمه نامانه‌وێت ناویان بهێنین. ئه‌گه‌ر دوا رۆژ مه‌جال بوو بۆ ده‌ستخۆشی یان هه‌ر شتێك ئێمه له داخوازی نامه‌یه‌ك وه‌ك بنه‌ماڵه سوپاسی ئه‌وانه ئه‌كه‌ین، به‌ڵام له‌سه‌ر داخوازی خۆیان ئیستا باسیان ناكه‌ین. گرنگه میدیاكانی باشوور پشتوانی له‌م دۆسیه‌یه بكه‌ن، چونكه خاوه‌نداریكردنی دۆسیه‌كه له لایه‌ن ئه‌وان كاریگه‌ری ده‌بێت.
نیاز عه‌بدوڵڵا برایه‌كی رامین حوسێن په‌ناهی داوا له له كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات "نه‌هێڵن چالاكێكی كورد له سێداره بدرێت" و ئاشكرایده‌كات براكه‌ی ماوه‌ی سێ مانگ له كه‌ركوك له دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش به خۆبه‌خش شه‌ڕی كردووه. به تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی له حیزبی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، رۆژی 2ی حوزه‌یرانی ساڵی 2017 رامین حوسێن په‌ناهی چالاكوانی مه‌ده‌نی له شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ستگیركرا و له لایه‌ن دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڕیاری سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرا. ئه‌مجه‌د حوسێن په‌ناهی برای رامین كه سه‌رپه‌رشتی به‌شێك له هه‌ڵمه‌تی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ وه‌ستاندنی سزای له سێداره‌دانی رامین ده‌كات، له رێگای گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ (دره‌و میدیا) داوای پشتیوانی له خه‌ڵك و میدیاكانی هه‌رێی كوردستان كرد و داواشی له كاربه‌ده‌ستانی حیزبی و حكومی له هه‌رێمی كوردستان كرد "به تایبه‌ت له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی و ئه‌وانه‌ی وا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه له هه‌رێم و ئه‌توانن ده‌نگ و كاریگه‌رییان هه‌بێت، نه‌هێڵن چالاكێكی كورد له سێداره بدرێت" و وتی "هیوادارم ئه‌وه بكه‌ن". سه‌باره‌ت به فشاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ راگرتنی سزای له سێداره‌دانی براكه‌ی، ئه‌مجه‌د وتی "ئاگاداری بڕی نامه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كانی باشوور هه‌ین به نهێنی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ڵام له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی خۆیان داوایان كردووه ناویان پارێزراو بێت ئێمه نامانه‌وێت ناویان بهێنین". كۆماری ئیسلامی ئێران چه‌ند جارێك دوای ده‌ستگیركردن و ئازادكردنی فشار ده‌خاته سه‌ر ئه‌و چالاكوانه كورده‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، تا رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌جێده‌هێڵێت و دێته هه‌رێمی كوردستان و ده‌بێته ئه‌ندامی حیزبی كۆمه‌ڵه. برای رامین وتی "كاتی خۆی وه‌كو خۆبه‌خشێك له ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه سێ مانگ له سه‌نگه‌ره‌كانی كه‌ركوك له دژی هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام چه‌كی هه‌ڵگرت و شه‌ڕی كرد". به‌ڵام ئه‌و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه براكه‌ی "هیچ كاتێكی تر چه‌كی هه‌ڵنه‌گرتووه و له شه‌ڕی سه‌ربازی نه‌بووه ته‌نیا ئه‌و سێ مانگه نه‌بێت كه وه‌ك گه‌نجێكی رۆژهه‌ڵات له باشوور له به‌ره‌كانی شه‌ڕبووه". .
( درەو میدیا): سبەی یارییەكانی پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی پێی 2018 " مۆندیال" لە روسیا دەستپێدەكات ئێستا مۆندیال تەنها بریتیتە لە كێبركێی ئەستێرە بەناوبانگەكانی جیهان و هەڵبژاردە بەهێزەكانی جیهان، بەڵكو بوەتە بۆنەیەكیش بۆ دەركەوتنی ئەستێرەی تر، ئەویش ئەو گیاندارانەیە كە پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەكەن. لە ماوەی رابردوودا بۆ هەر مۆندیالێك گیاندارێكی تایبەت هەبووە كە بە پێشبینییەكانی بۆ ئەنجامی یارییەكان سەرنجی عاشقانی و جەماوەریی تۆپی پێی لەسەرتاسەری جیهاندا بۆلای خۆی راكێشاوە. لیژنەی ئامادەكاریی مۆندیالی 2018ی روسیا پشیلەیەكی نابیستی بەناوی " ئەخیل" بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكانی دیاریكردووە. بەوتەی ئانا كۆندراتیڤای پزیشكی، ئەخیل لە گیاندارەكانی تر پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەبێت، چونكە نابیستە و بە تەواوەتی لایەنگری هیچ تیپێك نییە و گوێبیستی كۆمێنت و هاندانی هاندەران نابێت و بە دڵی و هەستی پێشبینیدەكات. كۆندراتیڤا ئاماژەیبەوەشدا ئەخیلی پشیلە بەیانیان پێشبینی دەستپێدەكات، كاتێك دوو قاپ خۆراكی بۆ دادەنرێت و لەسەریان ئاڵای ئەو دوو هەڵبژاردەیە دادەنرێت كە یاریی دەكەن و ئەویش چووە لای هەر قاپێكەوە ئەوە ئەو تیپە بە پێشبینی ئەو براوەی یارییەكە دەبێت. ئەخیلی پشیلە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرقاڵی تاوتوێكردنی تیپە بەشداربووەكانی مۆندیالی ئەمساڵ بووە و لەسەر وێنەی هێڵكاری تیپە بەشداربووەكان و خشتەی یارییەكان راهێنانی پێكراوە. لیژنەی بەڕێوەبردنی مۆندیالی روسیا بە شێوەی هەڕەمەكی ئەم پشیلەیەی بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكان دەستنیشان نەكردووە، بەڵكو پێشتریش تاقیكراوەتەوە و ساڵی رابردوو پێشبینی بۆ یارییەكانی جامی جیهانی كیشوەرەكان كردووە و پێشبینییەكانی بەڕێژەیەكی زۆر راستە دەرچوون و لە یەكێك لە یارییەكاندا لە هەدوو قاپەكە خواردنی خوارد و بەوەش دوو تیپەكە لە یارییەكەیاندا یەكسان بوون. پۆڵی هەشت پێ پۆڵ یەكێكە لە بەناوبانگترین ئەو گیاندارانەی كە پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان دەكرد و لە جامی نەتەوەكانی ئەوروپای ساڵی 2008 و مۆندیالی 2008 جەماوەریی لەسەرتاسەری جیهاندا تووشی شۆك كرد كاتێك لەكۆی 13 یاریی پێشبینی دروستی بۆ ئەنجامی 11 یاریی كرد. پۆڵ كە ساڵی 2008 لە بەریتانیا لە دایكبووە و دواتر چووتە ئەڵمانیا، لە مۆندیالی 2010دا پێشبینی بۆ هەموو یاریەكانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا كرد و هەمووشی راست دەرچوو، كاتێك پۆڵ پێشبینی دۆڕانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بەرامبەر بە ئیسپانیا كرد و راست دەرچوو، چەند هاندەرێكی ئەڵمانیی توڕە داوایانكرد لەگەڵ ئاوی لیمۆ و زەیتی زەیتون ببرژێنرێت بۆئەوەی ژمە خۆراكێكی بەچێژی پێ ئامادەبكرێت. دوای كۆتاییهاتنی جامی جیهانی 2010 خاوەنەكانی پۆڵ رایانگەیاند دەگەڕێتەوە سەر كاری پێشووی كە ئەویش خستەپێكەنینی منداڵانە، ئەوەش بە وتەی گروپی پاراستنی گیاندارە ئاوییەكانی ئەڵمانیا، و پاشان فەرمانبەرانی ئەو گروپە خەڵاتێكیان پێشكەشی پۆڵ كرد كە بریتی بوو لە كۆپییەكی مەدالیای جامی جیهانی و ژەمە خۆراكێكی چێژبەخش. پۆڵ لە 26ی ئازاری 2010 لەناوچوو، دوای ئەوەی بووە خاوەنی جەماوەرێكی بەرفراوان لە سەرتاسەری جیهاندا، بە تایبەتی لای جەماوەری ئیسپانیی، بەهۆی ئەوەی پێشبینیكردبوو كە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ یەكەمجار لە مێژوویدا جامی جیهانی دەباتەوە. " بیگ هێد" لە مۆندیالی 2014ی بەرازیلدا كیسەڵێك بەناوی " بیگ هێد" بۆ پێشبینیكردنی ئەنجامی یارییەكان دیاریكرا، بەڵام وەك پۆڵی هەشت پێ سەركەوتوو نەبوو لە پێشبینییەكانی، لە یاری دەستپێكی مۆندیالدا پێشبینی ئەوەی كرد كە هەڵبژاردەی بەرازیل لە هەڵبژاردەی كرواتیا بەرێتەوە ، ئەو پێشبینییەی دروست بوو، لە یاری بەرازیل بەرامبەر بە مەكسیك بیگ هێد بەرەو رووی ئاڵای هەردوو وڵاتەكە جوڵا و پێشبینییەكەی راست دەرچوو ، هەردوو هەڵبژاردەكە یەكسانبوون، بەڵام دواتر پێشبنییەكانی وەك پێشبنییەكانی پۆڵ لە مۆندیالی 2010دا راستە نەبوون. سەرچاوە: بی بی سی