Draw Media

داهات و خەرجی گشتی عێراق لە سێ وەرزی یەکەمی (2025)دا

داهات و خەرجی گشتی عێراق لە سێ وەرزی یەکەمی (2025)دا

2025-12-07 07:20:12


راپۆرتی: درەو 
🔻 وەزارەتی دارایی عێراق بە خەرجی خۆی بۆ سێ وەرزی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکان؛
🔹 وەزارەتەکە بە زیاتر لە (8 ترلیۆن و 331 ملیار و 748 ملیۆن) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەجۆرێک؛ بە بڕی نزیک لە (6 ترلیۆن و 238 ملیار و 300 ملیۆن) دینار بۆ موچەی فەرمانبەران و زیاتر لە (7 ملیار و 606 ملیۆن) دینار بۆ بواری هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە و زیاتر لە (2 ترلیۆن و 85 ملیار و 843 ملیۆن) دیناری موچەی چاودێر کۆمەڵایەتی بۆ حکومەتی هەرێم نێردراوە.
🔹 تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی (2025)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە) سەروو (91 ترلیۆن و 168 ملیار) دینار بووە. نزیک لە (81 ترلیۆن و 749 ملیار) دیناری بە رێژەی (89%) داهاتی نەوت و زیاتر لە (9 ترلیۆن و 419 ملیار) دیناری بە رێژەی (11%) داهاتی نانەوتی بووە.
🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، پتر لە (99 ترلیۆن و 976 ملیار) دینار بووە، کە (89%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (11%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە. بڕی زیاتر لە (66 ترلیۆن و 543 ملیار) دینار دراوە بە خەرجی موچە و چاودێری کۆمەڵایەتی.
🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی، بەڕێژەی (10%) خەرجی لە داهات زیاتر بووە و زۆرتر لە (8 ترلیۆن و 808 ملیار و 317 ملیۆن) دینار و کورتهێنان ڕویداوە.
🔹 نزیک لە (7 ترلیۆن و 94 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە (450 ملیار و 321 ملیۆن) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار پتر لە (37 ملیار و 334 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران زۆرتر لە (6 ترلیۆن و 606 ملیار و 162 ملیۆن) دینار خەرجیان هەبووە.

 

داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ وەرزی یەکەمی (2025)دا

وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی مانگانەی داهات و خەرجی خۆی بۆ سێ وەرزی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکان؛
یەکەم؛ تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ وەرزی یەکەمی ساڵی (2025) 
بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کە بۆ سێ وەرزی یەکەمی (2025) بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵەوە بۆ کۆتایی ئەیلولی (2025)، وەزارەتی دارایی عێراق لە چوارچێوەی خەرجییەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە بڕی (8 ترلیۆن و 331 ملیار و 748 ملیۆن و 293 هەزار و 38) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەجۆرێک؛
1.    بە بڕی (6 ترلیۆن و 238 ملیار و 298 ملیۆن و 62 هەزار و 503) دینار و بە ڕێژەی (74.5%)ی خەرجییەکانی وەزارەتەکە لە چوارچێوەی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ موچەی فەرمانبەران نێردراوە.
2.    بڕی (7 ملیار و 606 ملیۆن و 297 هەزار) دینار بە ڕێژەی (0.1%)ی خەرجییەکان بۆ بواری بەخشین و هاریکای و یارمەتی و خەرجی دیکە (المنح والاعانات والفوائد والمصروفات الاخری) نێردراوە.
3.    بڕی (2 ترلیۆن و 85 ملیار و 843 ملیۆن و 662 هەزار) دینار بە ڕێژەی (25%)ی خەرجییەکان بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی (الرعایة الاجتماعیة) نێردراوە.
بۆ وردەکاری زیاتر لە بارەی تەمویلە داراییەکانی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی (9ی 2025) بەپێی مانگەکانی ساڵەکە، بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (1)).
خشتەو چارتی ژمارە (1)

لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی (679 ملیار و 346 ملیۆن و 211 هەزار و 877) دیناری وەک داهاتی نانەوتی گەڕاندووەتەوە بۆ حکومەتی عێراق، ئەم بڕەش (8.15%)ی ئەو بڕە پارەیەیە کە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە.
بۆ وردەکاری زیاتر لە بارەی گێڕانەوەی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق، لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی (9ی 2025) بەپێی مانگەکانی ساڵەکە، بڕوانە (خشتە و چارتی ژمارە (2)).
خشتەو چارتی ژمارە (2)

دووەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ وەرزی یەکەمی 2025

بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ سێ وەرزی یەکەمی ساڵی (2025)، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (91 ترلیۆن و 168 ملیار و 419 ملیۆن و 514 هەزار و 684) دینار، بەجۆرێک بڕی (81 ترلیۆن و 748 ملیار و 817 ملیۆن و 49 هەزار و 903) دیناری بەڕێژەی (89%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (9 ترلیۆن و 419 ملیار و 602 ملیۆن و 464 هەزار و 781) دیناری بەڕێژەی (11%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز، ئاب و ئەیلولی (2025) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)).
خشتەو چارتی ژمارە (3)


سێیەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ وەرزی یەکەمی 2025
هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، تا کۆتایی مانگی نۆی ساڵی (2025)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (99 ترلیۆن و 976 ملیار و 737 ملیۆن و 415 هەزار و 64) دینار، بەجۆرێک بڕی (85 ترلیۆن و 478 ملیار و 992 ملیۆن و 469 هەزار و 900) دیناری بەڕێژەی (89%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (14 ترلیۆن و 497 ملیار و 744 ملیۆن و 945 هەزار و 164) دیناری بەڕێژەی (11%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز، ئاب و ئەیلولی (2025) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (4)).
خشتەو چارتی ژمارە (4)

چوارەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ وەرزی یەکەمی 2025
خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە سێ وەرزی یەکەمی ساڵی (2025)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، ڕێگاوبان و چاکسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (14 ترلیۆن و 497 ملیار و 744 ملیۆن و 945 هەزار و 164) دیناری بەڕێژەی (11%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛
1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (126 ملیار و 890 ملیۆن و 245 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (1%) بۆ خەرج کراوە.
2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (9 ترلیۆن و 639 ملیار و 234 ملیۆن و 324 هەزار و 254) دیناری بە ڕێژەی (66%) بۆ خەرج کراوە.
3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 185 ملیار و 906 ملیۆن و 400 هەزار و 561) دیناری بە ڕێژەی (8%) بۆ خەرج کراوە.
4.    کەرتی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (3 ترلیۆن و 35 ملیار و 552 ملیۆن و 549 هەزار و 505) دیناری بە ڕێژەی (21%) بۆ خەرج کراوە.
5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (510 ملیار و 161 ملیۆن و 425 هەزار و 141) دیناری بۆ بە ڕێژەی (4%) بۆ خەرج کراوە.
بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ وەرزی یەکەمی ساڵی (2025) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (5)).
خشتەو چارتی ژمارە (5)

پێنجەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ وەرزی یەکەمی 2025
لە سێ وەرزی یەکەمی ساڵی (2025)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (99 ترلیۆن و 976 ملیار و 737 ملیۆن و 415 هەزار و 64) دینار.
لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (91 ترلیۆن و 168 ملیار و 419 ملیۆن و 514 هەزار و 684) دینار.
واتە بڕی (8 ترلیۆن و 808 ملیار و 317 ملیۆن و 900 هەزار و 380) دیناری بەڕێژەی (10%) لە داهاتی گشتی کورتهێنان ڕویداوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئازار، نیسان، ئایار، حوزەیران، تەموز، ئاب و ئەیلولی ساڵی (2025) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (6)).
خشتەو چارتی ژمارە (6)

شەشەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە سێ وەرزی یەکەمی 2025
لە سێ وەرزی یەکەمی ساڵی (2025)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 93 ملیار و 818 ملیۆن و 428 هەزار و 20) دینار. بە جۆرێک؛
1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (450 ملیار و 321 ملیۆن و 762 هەزار و 794) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (176 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 
2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (37 ملیار و 334 ملیۆن و 243 هەزار و 655) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش (218 ملیۆن و 688 هەزار و 500) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.
3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (6 ترلیۆن و 606 ملیار و 162 ملیۆن و 421 هەزار و 571) دیناری خەرجکردووە، بڕی (5 ترلیۆن و 895 ملیار و 589 ملیۆن و 180 هەزار و 841) دیناری بە ڕێژەی (89%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (710 ملیار و 573 ملیۆن و 240 هەزار و 730) دیناری بە ڕێژەی (11%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. 
بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ وەرزی یەکەمی ساڵی (2025) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (7)).
خشتەی ژمارە (7)

 

سەرچاوەکان؛

ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق
-    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة آیار لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة آب لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
-    حساب الدولة لغایة ایلول لسنة 2025 للموازنە الاتحادیة
https://www.mof.gov.iq/In-Year-Reports-2025.aspx

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand