(درەو میدیا): لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا راگەیەنراوی هاوبەشی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی پێكهێنانی لیستی (بەرەی ئیسڵاح)یان راگەیەند بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان. راگەیەنراوەكەی یەكگرتوو و بزووتنەوە دوای ئەوە هات ئەمڕۆ هەردوولا لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی بۆهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەلیستێكی هاوبەش بەشداری بكەن و هەر ئەمڕۆش هاوپەیمانیيەكە لە كۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان تۆماركرا. دەقی راگەیەنراوەكە راگەیەنراوی هاوبەشی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی ئەمڕۆ دووشەممە 25/6/2018 یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی لەكوردسان لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی بۆهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەلیستێكی هاوبەش لەژێر ناوی (بەرەو ئیصلاح) بەشداری دەكەن و هەر ئەمڕۆش هاوپەیمانیەتەكە لەكۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان تۆماركرد. هیوادارین هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەپاك و بێگەردی دوور لە گزیكاری و توندوتیژی بەرێوە بچێت و وێستگەیەك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی رێرەوی پڕۆسەی سیاسی هەرێم و چەسپاندنی دادپەروەری و ئاشتی و سەقامگیری سیاسی و نەهێشتنی ستەم و گەندەڵی لە هەرێمی كوردستاندا و سەرەنجام دەربازكردنی هەرێم لەم قەیران و تەنگژانەی كەپێوەی گرفتارە . بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
(درەو میدیا): بەپێی ئەنجامی 99%ی دەنگی هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2018 پەرلەمانی توركیا، لە پارێزگای ئامەد ( دیاربەكر)ی باكوری كوردستان: * پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پلەی یەكەم دێت - ( 557,741) دەنگی بەدەستهێناوە - رێژەی دەنگەكانی ( 65.66%)ە - 9 كورسی بەدەستهێناوە * پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئەكەپە) لە پلەی دووەمدایە - ( 181,647 ) دەنگی بەدەستهێناوە - رێژەی دەنگەكانی ( 21,39%)ە - 3 كورسی بەدەستهێناوە. بەپێی ئەنجامی 99%ی دەنگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لە پارێزگای ئامەد: * سەڵاحەدین دەمیرتاش ( 534,282 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 64.34%) لە پەلەی یەكەمدایە * ئەردۆغان ( 227,456 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 27.39%)
(درەو میدیا): بەپێی ئەنجامی 99%ی دەنگی هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2018 پەرلەمانی توركیا، لە لە پارێزگای بەدلیسی باكوری كوردستان: * پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پلەی دووەمدا دێت - ( 69,890 ) دەنگی بەدەستهێناوە - رێژەی دەنگەكانی ( 42.61%)ە - 1 كورسی بەدەستهێناوە *پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئەكەپە) لە پلەی یەكەمدایە - ( 73,494 ) دەنگی بەدەستهێناوە - رێژەی دەنگەكانی ( 44,81%)ە - 2 كورسی بەدەستهێناوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش لە هەمان پارێزگا: * سەڵاحەدین دەمیرتاش ( 64,097 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی ( 40.02%) لە پەلەی دووەمدایە * ئەردۆغان ( 80,462 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی ( 50.24%)
(درەو میدیا) بەپێی ئەنجامی 99%یهەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2018 كە ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانی توركیا لە 550 كورسیەوە بۆ 600 كورسی زیادكرا، بەڵام ژمارەی كورسیەكانی ئەكەپە كەمیكردووەو هەدەپەو جەهەپە زیادی كردووە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018 پێنج پارت توانیان بەربەستی 10% تێپەڕێنن و بگەنە پەرلەمان لەوانەی ئەكەپە 293 كورسی و جەهەپە 146 كورسی و هەدەپە 67 كورسی و مەهەپە 50 كورسی و ئی پارتی 44 كورسی. بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015 دا چوار پارت توانیان بەربەستی 10% تێپەڕینن لەوانە:. ئەكەپە 317 كورسی و جەهەپە 134 كورسی و هەدەپە 59 كورسی و مەهەپە 40 كورسی ئەگەر بەراوردی دەنگی لایەنەكان بكرێت دەرئەكەوێت:. ئەگەپە لە 317 كورسیەوە بۆ 293 كورسی كەمی كردووە واتا 24 كورسی جەهەپە لە 134 كورسیەوە زیادی كردووە بۆ 146 كورسی واتا 12 كورسی زیادیكردووە هەدەپە لە 59 كورسیەوە زیادیكردووە بۆ 67 كورسی واتا 8 كورسی زیادیكردووە مەهەپە لە 40 كورسیەوە زیادیكردووە بۆ 50 كورسی واتا 10 كورسی زیادیكردووە دۆڕاوی كورسی ئەم هەڵبژاردنە ئەكەپەیە سەرەرای ئەوەی 24 كورسی كەمی كردووە لەچاو هەڵبژاردنی پێشوو لەو 50 كورسیەش كە زیادیكردووە لە ( 550 كورسیەوە بۆ 600) كورسی هیچ كورسیەك زیادی نەكردووە كە دەبوو 24 كورسی تر زیادی كردایە چونكە پێشتر لە 49%ی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو.. بەواتایەكی تر ئەكەپە 48 كورسی كەمی كردووە
(درەو میدیا) بەپێی بەپێی ئەنجامی 99%ی دەنگی هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2018 پەرلەمانی توركیا، لە ئەستەنبوڵ هەدەپە لە پلەی سێیەمدایەو 12 كورسی و ( 1,178,118 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 12.6%)، هاوكات سەڵاحەدین دەمیرتاش كاندیدی هەدەپە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی لە ئەستەنبوڵ (661,679 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 7.23%) .
(درەو میدیا) بەپێی بەپێی ئەنجامی 99%ی دەنگی هەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی 2018 پەرلەمانی توركیا، پارتی داد و گەشە پێدان كە 293 كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام(21,099,827 ) دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی ( 42.5%) بەڵام لە هەڵبژاردنی 2015 دا (23.673.541 )دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی (49.4%) واتا ژمارەی دەنگەكانی ئەكەپە (2,573,714 ) كەمیكردووە، بەرێژەی ( 7%) كەمیكردووە. لەبەرامبەردا هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا (5,770,068 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 11.63%) و لە هەڵبژاردنی 2015 دا (5.145.688 ) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەرێژەی ( 10.71%) واتا ژمارەی دەنگەكانی (624,380) زیادیكردووە بەرێژەی نزیكەی ( 1%) زیادیكردووە.
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، بەشێك لە سندوقەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە دەرەوە و لە ناوخۆ بەدەست جیاكردەكرێنەوە و ئەژماردەكرێنەوە. دادوەر لەیس حەمزە وتەبێژی كۆمسیۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند سەرجەم بەڕێوەبەری نوسینگەكان ئەو بنكانەی هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە، ئاگاداردەكرێنەوە كە سندوقەكان و ئامێری لێكۆڵینەوەی ئەلیكترۆنی تایبەت بەو سندوقانە رەوانەی بەغدا بكەن. حەمزە وتی:" كات و شوێنی دووبارە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان لە كاتێكی تردا رادەگەیەنرێت و پرۆسەكە بە چاودێری نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و قەوارە سیاسییەكان و بریكاری كاندیدەكان بەڕێوەدەچێت". هەرچەندە پەرلەمانی عێراق لە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریداوە دەنگی هەموو سندوقەكانی دەنگدان بەدەست جیابكرێنەوە، بەڵام ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆن كە لە نۆ دادوەر پێكهاتوون رایانگەیاند بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی تەنها دەنگی ئەو سندوقانە جیادەكرێتەوە كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە.
(درەو میدیا) به گوێرهی ئهنجامی ههڵبژاردنهكان له گوندی ئامارا كه شوێنی لهدایكبوونی عهبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستانە، ههدهپه و دهمیرتاش پلهی یهكهمیان بهدهستهێناوه. له گوندی ئامارای سهر به ناوچهی خهلفهتیی ڕوحا له باكووری كوردستان كه شوێنی لهدایكبوونی ڕێبهری گهلی كورد ئۆجەلانه، ههدهپه و كاندیدی ههدهپه بۆ سهرۆك كۆماری سهڵاحهدین دهمیرتاش پلهی یهكهمیان بهدهستهێناوه. به گوێرهی ئهنجامهكان ههدهپه لهو گونده ١٩٩ دهنگ و دهمیرتاش ١٧٤ دهنگی بهدهستهێناوه. دهنگی كاندیدهكانی سهرۆك كۆماری: سهڵاحهدین دهمیرتاش: ١٧٤ دهنگ ڕهجهب تهیب ئهردۆغان: ٦٨ دهنگ موحهرهم ئینجه: ٢٦ دهنگ تهمهل كارامولا ئۆغلو: ٢ دهنگ دۆغوو پهرینچهك: ٢ دهنگ مهرال ئاكشهنهر: ١ دهنگ دهنگی پووچهڵ: ٨ دهنگ دهنگی لیستهكان بۆ ههڵبژاردنی پهرلهمان: ههدهپه: ١٩٩ دهنگ ئاكهپه: ٤٩ دهنگ جهههپه: ٥ دهنگ پارتی سهعادهت: ٣ دهنگ پارتی ئی یی: ٤ دهنگ پارتی دۆزی ئازاد - هوداپار: ١ دهنگ پارتی وهتهن: ٣ دهنگ دهنگی پووچهڵ: ١٥ دهنگ سەرچاوە: ئاژانسی فوراتنیوز
(درەو میدیا): بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا كورسیی سەرۆك وەزیرانیی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا دەفرۆشێت. یەڵدریم دوای دەنگدانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و كۆماری توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان بەڵێنیدا دوای هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ كورسییەكەی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا بفرۆشێت و رایگەیاند ئیتر سیستمی سەرۆكایەی جێبەجێدەكرێت و پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵدەوەشێتەوە. بە گوێرەی هەمواری دەستوری توركیا كە دوای ئەم هەڵبژاردنە جێبەجێدەكرێت، سەرۆك كۆماری توركیا دەبێتە سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و كابینەی حكومەت پێكدەهێنێت و چەند جێگرێك بۆخۆی دیاریدەكات.
(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاریدا تەنها دەنگی ئەو وێستگانە بەدەست بژمێردرێنەوە كە گومانی ساختەكارییان لەسەرە. ئەو دادوەرانەی كە لە جیاتی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دانراونن ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیاریاندا پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی لەو وێستگانەی دەنگدان ئەنجامبدرَت كە سكاڵایان لەسەر تۆماكراوەیان بە راپۆرتی رەسمی گومان لە بوونی ساختەكاریی دەكرێت تێیاندا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بەیانی ئەمڕۆ خەڵكی توركیا جارێكی تر رویان لە سندوقەكانی دەنگدان كردەوە و لە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەدا سەرۆك و پەرلەمانێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان هەڵدەبژێرن. لەم هەڵبژاردنەدا 56 ملیۆن و 322 هەزار و 632 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەموو دەنگدەرێك دوو كارتی دەنگدان پڕدەكاتەوە كارتێك بۆ سەرۆكایەتی و كارتێك بۆ هەڵبژاردنی كاندیدە بۆ پڕكردنەوەی (600) كورسی پەرلەمان. لەم هەڵبژاردنەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ (پێنج) كاندیددا ركابەرێتی بردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار دەكات، لەناویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە). پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات جگە لە بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەددا پارێزگاریش بكات لەو زۆرینەیەی كە لە پەرلەماندا هەیەتی. ئەم هەڵبژاردنە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا یەكەمین هەڵبژاردنە كە ركابەرێتی تێیدا بەهێز بێت لە بنەڕەتەوە بڕیاربوو مانگی تشرینی دووەمی 2019 بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەردۆغان كردی بە هەڵبژاردنێكی پێشوەخت. خەڵكی توركیا لەكاتێكدا روو لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن كە هێشتا ئەو وڵاتە لەژێر یاسای باری نائاسایی بەڕێوەدەچێت كە ئەردۆغان لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی تەموزی 2016 وە سەپاندویەتی. لەدوای هەڵبژاردنی ئەمڕۆوە سیستمی نوێی حوكمڕانی لە توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە سیستمی سەرۆكایەتییە و چیتر پەرلەمان ئەو دەسەڵاتەی نامێنێت. ئەردۆغان و ئینجە چییان بە یەكتر وت ؟ لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان رووبەڕوی ركابەرێتی سەختی موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) دەبێتەوە، كۆبونەوە جەماوەرییە گەورەكانی ئینجە نەك هەر لە ناوخۆی توركیا لە دەرەوەش قسەوباسی لەبارەیەوە دەكرێت. دوێنێ لە دوایەمین رۆژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا لە شاری ئیستانبوڵ كە لانی كەم دوو ملیۆن كەس ئادەبوون، ئینجە وتی: " توركیا لەژێر ئیدارەی ئەردۆغاندا خەریكە بەرەو حوكمی دەسەڵاتخوازانە دەڕوات". ئینجە كە بە كامپەینە ئاگرینەكانی هەناسەیەكی بۆ گیانی شەكەتی ئۆپۆزسیۆن لە توركیا گەڕاندەوە رایگەیاند" ئەگەر ئەردۆغان سەركەوێت بەردەوام دەبێت لە گوێگرتن لە تەلەفۆنەكانتان. ترس بەردەوام دەبێت. بەڵام ئەگەر ئینجە سەركەوێت دادگاكان سەربەخۆ دەبن". بەپێچەوانەی ئەردۆغانەوە، ئینجە بەڵێنیدا ئەگەر لە هەڵبژاردن سەركەوێت لە پۆستی سەرۆك كۆماردا كەسێكی حزبی نەبێت و واز لە حزبەكەی بهێنێت و لەماوەی 48 كاتژمێردا یاسای باری نائاسایی هەڵگرێت. لەبەرامبەردا لە وتارێكدا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە لایەنگرەكانی خۆی وت" ئایا سبەینێ زللەیەكی عوسمانی لە نەیارەكانمان دەدەن ؟". ئەردۆغان موحەڕەم ئینجەی ركابەری كە پێشتر مامۆستا و 16 ساڵ پەرلەمانتار بووە تۆمەتباركرد بەوەی " بەهرەی سەركردایەتیكردنی تێدا نییە". ئەردۆغان وەكو ئاماژەیەك بۆ موحەڕەم ئینجە وتی" ئەوەی كە مامۆستای فیزیا بێت یەك واتای هەیە، ئەمە شتێكی جیاوازە لە ئیدارەدانی وڵات. ئەوەی كە ببیت بە سەرۆك شتێكە كە پێویستی بە شارەزایی هەیە". ئەردۆغان هاوكات بەڵێنی بە لایەنگرەكانی دا ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەركەوێت، ژمارەیەك پرۆژەی ژێرخانی گەورە بۆ بەهێزكردنی ئابوری وڵات بنیاددەنێت. پێگەی كورد لە هەڵبژاردنی توركیادا ؟ پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەرباری سنوری بانگەشەی هەڵبژاردنی بازنەی كوردی تێپەڕاندووە، بەڵام هەروەكو پارتێكی كوردی تەماشا دەكرێت. ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی رابردووی توركیادا بۆ جاری یەكەم بەربەستی 10%ی تێپەڕاند و بە (59) كورسی چوە ناو پەرلەمانی توركیا، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا جارێكی تر بتوانێت بەربەستی 10% تێپەڕێنێت كە راپرسییەكان پێشبینی دەكەن، رەنگە ئەردۆغان زۆرینە لەناو پەرلەمان لەدەستبدات، بەمەش جارێكی پێگەی ئەو پارتە لە گۆڕەپانی سیاسی توركیا بەهێز دەبێتەوە. پرسی سەرەكی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی توركیا سەرباری دۆزی كورد و پەكەكە، قەیرانی دابەزینی بەهای لیرەی توركی و هەڵاوسانی ئابوری بەرێژەی 11% تەوەری سەرەكی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدەكان بوو. ترسی ساختەكاری سەرباری ئەوەی توركیا مێژویەكی هەیە لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا هەڵبژاردن لەو وڵاتە ترسی ساختەكاری لەسەرە. بۆ هەڵبژاردنی ئەمڕۆ چەند بابەتێك هەن كە ترسیان دروستكردووە لەسەر پرۆسەكە: یەكەم: فشاری دەوڵەت و پارتی دەسەڵاتدار لەسەر دەنگدەران و ترساندنیان بەتایبەتی لە ناوچەكانی باكوری كوردستان كە رەنگە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبێت. دووەم: ترسی دزینی دەنگ و ساختەكردنی ئەگەرێكی مەترسیداری ترە لەسەر پرۆسەكە، بەتایبەتی لەكاتێكدا یاسای نوێی هەڵبژاردنی توركیا رێگە بەوە دەدات ئەو كارتانەی دەنگدانیش ئەژمار بكرێن كە ممۆری ئەنجومەنی هەڵبژاردنەكانیان لەسەر نییە. دەسەڵاتەكانی سەرۆكی نوێی توركیا مانگی نیسانی 2017 لە توركیا ریفراندۆمێك بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر گۆڕینی ژمارەیەك مادەی دەستور، ئەردۆغان و لایەنگرەكانی بە جیاوازییەكی كەم ریفراندۆمەكەیان بردەوە و بەپێی ئەو ئەنجامە سیستمی حوكمڕانی توركیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕدرا بۆ سەرۆكایەتی، سیستمی نوێی سەرۆكایەتی راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەپێی سیستمی نوێی سەرۆكایەتی توركیا، پۆستی سەرۆك وەزیران نامێنێت و پەرلەمانیش ئەو رۆڵەی كە ئێستا هەیەتی چیتر نامێنێ و هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی سەرۆك كۆماردا كۆدەبێتەوە. سەرۆك كۆمار ئەم دەسەڵاتانەی هەیە: • دامەزراندنی گەورە دەسەڵاتدارانی وڵات بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكەوە • دەسەڵاتی دەستوەردان لە سیستمی یاسایی وڵات • دەسەڵاتی سەپاندنی باری نائاسایی
(درەو میدیا): هاوپەیمانی " نەسر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات هەڵوێستی خۆی بەرامبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رادەگەیەنێت و بە هەنگاوێكی نادەستوریی وەسفدەكات. حسێن عادلی وتەبێژی هاوپەیمانی " نەسر" لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند نەسر بڕوای وایە كە پرۆژە یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناكۆكە لەگەڵ دەستوردا. عادلی ئاماژەیبەوەشدا ساڵی 2010 تەمەنی پەرلەمان كۆتایی هات و حكومەت نۆ مانگ بەبێ چاودێری پەرلەمان بەردەوام بوو، هەموو لایەك ئەوكات هاوڕابوون لەسەر نادەستوریی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. وتەبێژی هاوپەیمانی " نەسر" راشیگەیاند دادگای فیدراڵی لایەنكی یەكلاكردنەوەی پرسی یاسایی و نایاسایی بوونی پرۆژەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە.
(درەو میدیا): چێشتخانەیەكی ئەمریكا، پێشوازی لە سارە ساندەرز سكرتێری رۆژنامەوانیی كۆشكی سپی ناكات و لە چێشتخانەكە دەریدەكات، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا كاردەكات. ئێوارەی رۆژی هەینی خاوەنی چێشتخانەی " رێد هین " لە شاری لیكسینگتۆن لە ولایەتی ڤێرجینیا داوا لە سارە ساندەرز و خێزانەكەی دەكات دەستبەجێ چێشخانەكەی بەجێبهێڵن. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەوە ساندەرز لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" رەفتاری خاوەنی چێشتخانەكە كەسایەتی ئەو زیاتر ئاشكرا دەكات نەك من". لای خۆشیەوە ستیفانی ویلكینسۆن وتی بە بڕوای ئەو سارە ساندەرز بۆ ئیدارەیەكی " نا مرۆیی و نا ئەخلاقی" كاردەكات. ستیفانی كە چێشتخانەكەی 26 كورسی تێدایە و خواردنەكانی راستەوخۆ لە كێڵگەكانەوە دەهێنێت لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست رایگەیاند داوای لە كارمەندەكانی كردوووە كە كە داوا لە وتەبێژەكەی ترەمپ بكەن چێشتخانەكەی بەجێبهێڵێت و ئەوانیش جێبەجێیان كردووە. دەركردنی سكرتێری رۆژنامەوانیی كۆشكی سپی لە چێشتخانەیەك، دووەم رووداوە لەم ماوەیەدا رووبدات و لە چەند رۆژی رابردووشدا كریستین نیلسین وەزیری ئاسایاشی ناوخۆی ئەمریكا لە چێشتخانەیەكی مەكسیكی لە واشنتۆن دی سی رووبەڕووی سوكایەتی پێكردن بووەوە. ئە دوو رووداوە دوای ئەوە دێت كە حكومەت ئەمریكا رووبەرووی فشاری زۆر بوەتەوە، بەهۆی سیاسەتەكانییەوە، بە تایبەتیش جیاكردنەوەی منداڵانی كۆچبەر لە دایك و باوكیان لەسەر سنوری مەكسیك.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی پێشوەخت لە توركیا بەڕێوەدەچێت و لەدوای ئەم هەڵبژاردنە سیستمی حوكمڕانی لەو وڵاتە بەشێوەیەكی كرداری لە پەرلەمانییەوە دەبێت بە سەرۆكایەتی. ژمارە و رێژەی دەنگدەران بە گوێرەی تۆمارەكانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، (56 ملیۆن و 322 هەزار و 632) كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە (180 هەزار) سندوقی دەنگدان لە ناوخۆی وڵات، ژنان رێژەی 50.76%ی دەنگدەرانی ناوخۆی وڵات پێكدەهێنن،هاوكات ژمارەی دەنگدەرانی باكووری كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە( 10131 )كەس 10 ملیۆن و 131 هەزار و 239 كەسە و لە( 36365 ) بنكە 36 هەزار و 365 بنكە دەنگدەدەن, ئەمە سەرەرای (3 ملیۆن و 27 هەزارو 328) كەس كە لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام 48% یان بەشداری دەنگدانیان كرد كە لە 11 حوەزیرانەوە دەستیپێكرد و 19ی حوەزیران كۆتایی هات. بۆچی هەڵبژاردن لە 24ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت ؟ بڕیاربوو ئەم هەڵبژاردنە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019 بەڕێوەبچێت، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت، ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژاردنی 24ی مانگ بباتەوە دەتوانێت تاوەكو ساڵی 2030 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەنجام هەرچۆنێك بێت ئەم هەڵبژاردنە زەنگی دەستپێكردنی سیستمی سەرۆكایەتییە كە ساڵی رابردوو لە ریفراندۆمێكدا بە زۆرینەیەكی سادە پەسەندكرا. چۆن بڕیاردرا لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ؟ رۆژی 16ی نیسانی 2017 ریفراندۆمی دەستوری لە توركیا بەڕێوەچوو، خەڵكی توركیا دەنگیاندا لەسەر پێشنیازی (18) گۆڕانكاری لە دەستوری توركیادا. هەموارە دەستورییەكە چی دەڵێت ؟ بەپێی هەموارە دەستورییەكە، سیستمی حوكمڕانی توركیا لە پەرلەمانییەوە گۆڕدرا بە سەرۆكایەتییەكی جێبەجێكار، بەجۆرێك پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵوەشێندرایەوە، هەر بەگوێرەی ئەو هەموارە دەستورییە كە لەدوای هەڵبژاردنی 24ی مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی توركیا لە (550) كورسییەوە بۆ (600) پەرلەمانتار زیاددەكرێت و تەمەنی كاندیدیش لە 25 ساڵییەوە كرا بە 18 ساڵ. پارتی داد و گەشەپێدان چی دەوێت ؟ بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاكەپە) كە ئێستا زۆرینەی لەناو پەرلەمانی توركیا هەیە دەڵێن دەیانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا لە كۆی (600) كورسی لانی كەم (300) كورسی ببەنەوە، سەرباری ئەمە سەرۆك بۆی هەیە بۆ دوو ویلایەتی لە دەسەڵات بمێنێتەوە كە هەر ویلایەتێك بە (5) ساڵ دیاریكراوە. دەنگدان چۆن بەڕێوەدەچێت ؟ دەنگدەری توركیا كە دەچێتە بەردەم سندوقی دەنگدان دوو كارتی دەنگدانی پێدەدرێت، كارتێك بۆ دەنگدان بە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و كارتی دووەم بۆ دەنگدان بە كاندیدی پارتەكان بۆ پەرلەمان، دوای دەنگدان هەردوو كارتەكە دەخرێتە ناو زەرفێك و دواتر دەنگدەرەكە دەیخاتە ناو سندوقی دەنگدانەوە. دیارترین كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا (6) كاندید كێبركێ دەكەن: یەكەم: رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (جەماوەر)ە كە ئەم هاوپەیمانێتییە پێكدێت لە هەردوو پارتی (داد و گەشەپێدان) و (بزوتنەوەی نەتەوەپەرست). دووەم: موحەڕەم ئینجە كاندیدی پارتی گەلی كۆمارییە كە پارتێكی عەلمانییە، ئەم پارتە داوای گەڕانەوەی سیستمی پەرلەمانی دەكات بۆ توركیا. سێیەم: میراڵ ئەكشینار كاندیدی پارتی (چاكە- ئی پارتی)یە، هەندێك كەس نازناوی "ژنە پۆڵاینەكە"یان پێداوە، پێشتر وەزیری ناوخۆ بووە، ماوەیەكیش جێگری سەرۆكی پەرلەمان بووە. چوارەم: سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە، سەرباری بانگەوازی پارتەكە بۆ هەموو پێكهاتەكانی توركیا، بەڵام زیاتر وەكو پارتێكی كوردی دەناسرێت، دەمیرتاش ئێستا بەتۆمەتی "پاڵپشتی لە تیرۆر" لە زینداندایە، بەڵام ئەم دەستبەسەركردنەی نەبووە رێگر لەبەردەم خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، چونكە تائێستا دادگا نەیتوانیوە هیچ تۆمەتێكی لەسەر ساغ بكاتەوە. پێنجەم: تەمەل كەرەموڵا ئۆغڵو كاندیدی پارتی سەعادەتە كە پارتێكی پارێزگارە و هەڵگری بیروبۆچونەكانی سەركردەی كۆچكردووە نەجمەدین ئەربەكانە. شەشەم: دۆغۆ برینجاك كاندیدی پارتی نیشتیمانە كە پارتێكی نەتەوەپەرستە پارتە بەشدارەكانی هەڵبژاردن لە پاڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، (11) پارتی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا دەكەن كە بریتین لەم پارتانە: • پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) • پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) • پارتی نەتەوەپەرەست (مەهەپە) • پارتی چاكە (ئی پارتی) • پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) • پارتی سەعادەت • پارتی یەكێتی مەزن • پارتی توركیای سەربەخۆ • پارتی دیموكراتەكان • پارتی نیشتمان • پارتی هودا هاوپەیمانێتییەكانی هەڵبژاردن یەكەم: هاوپەیمانی جەماوەر/ گەل ئەم هاوپەیمانێتییە مانگی شوباتی ئەمساڵ پێكهێنرا و پێكدێت لە هەردوو پارتی (داد و گەشەپێدان)ی دەسەڵاتدار و (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست- مەهەپە) و (یەكێتی مەزن) و داوای گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی توركیا دەكات بۆ سیستمی سەرۆكایەتی. دووەم: هاوپەیمانی میللەت ئەم هاوپەیمانێتییە لە ئایاری ئەمساڵ دروستكرا بەئامانجی روبەروبونەوەی هاوپەیمانێتییەكی پێشوو، پێكدێت لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەوانە (پارتی گەلی كۆماری- جەهەپە) و پارتی (پاكە- ئی پارتی) و (سەعادەت) و پارتی دیموكراتەكان. ئەم هاوپەیمانێتییە جەخت لەسەر جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و گەڕانەوەی سیستمی پەرلەمانی بۆ توركیا دەكەن. هاوپەیمانی نێوان پارتەكان لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار رێگە بە پارتە سیاسییەكان دراوە هاوپەیمانێتی بكەن، ئەمە رێگە بۆ پارتە بچوكەكان خۆش دەكات بۆ چونەناو پەرلەمانەوە، ئەو پارتانە ئەگەر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیدا كۆببنەوە رەنگە بتوانن بەربەستی 10%ی دەنگەكان ببڕن كە مەرجە بۆ چونەناو پەرلەمانەوە. خولی یەكەمی هەڵبژاردن ئەگەر هەر یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە خولی یەكەمدا رێژەی (50+1)ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت، راستەوخۆ دەبێتە سەرۆكی كۆماری توركیا، بەڵام ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ئەو رێژەیەی دەنگیان بەدەستنەهێنا، دوو كاندید كە زۆرترین دەنگیان هێناوە سەردەكەون بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن و لە خولی دووەمدا ئەوەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆك كۆمار. رۆڵی سەرۆك لە سیستمی نوێدا لە سیستمی سەرۆكایەتی نوێی توركیادا سەرۆك كابینەی حكومەت پێكدەهێنێت و پۆستی سەرۆك وەزیران نامێنێت، ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سەركەوت ناچار نابێت پەنا بۆ پەرلەمان ببات بەمەبەستی كۆكردنەوەی زۆرینە. رۆڵی پەرلەمان لە دوای هەڵبژاردن نەخشەی پەرلەمانی نوێی توركیا بەتەواوەتی جیاواز دەبێت لەو پەرلەمانەی ئێستا هەیە، پەرلەمانی داهاتوو لانی كەم لە (7) پارت پێكدێت كە پێچەوانەی پەرلەمانی ئێستاوە كە (4) پارت لەخۆدەگرێت، بۆیە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی داهاتووی توركیا لە هەموو حاڵەتەكاندا لە پەرلەمانی ئێستا بەهێزتر دەبێت. سەرچاوە: یۆرۆنیوز
(درەو میدیا): كاتژمێر 11ی ئەمشەو بەكاتی توركیا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیی توركیا رادەگەیەنرێت. دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیا كاتژمێر هەشتی بەیانی بەكاتی ناوخۆی توركیا دەستیپێكرد و كاتژمێر پێنجی ئێوارە كۆتایی دێت و بە گوێرەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا سەرەتا جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوەدەچێت و پاشان دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان جیادەكرێنەوە. سەعدی گوڤەن سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاند لیژنەكە كاردەكات بۆئەوەی پێش نیوەی شەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رابگەیەنێت. گوڤەن وتیشی بە بڕوای ئەو نزیكەی كاتژمێر 11ی شەو بەكاتی ناوخۆی توركیا ئەنجامەكان رادەگەیەندرێن. گوڤەن رونیشیكردەوە نوێنەرانی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە هەموو ناوەندێكی جیاكردنەوەی دەنگەكان ئامادەدەبن و كۆنوسی خۆیان ئامادەدەكەن و رەوانەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان و بارەگای حزبەكانیان دەكەن. ئاماژەیبەوەشدا توركیا تاكە وڵاتە كە رێگە بە هاوڵاتیانیش دەدرێت چاودێری پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بكەن و وتیشی زیاتر لە 500 چاودێری 49 وڵاتی جیهان بەشدارن لە چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكاندا.