لەبارەی نائومێدیەوە، وەڵامی پرسیاری دووەمی مەریوان وریا قانع 

Draw Media

2018-09-15 17:06:11



( درەو میدیا): 
لە وەڵامی پرسیاری دوەمی دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ  نوسەرو ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" ئەگەر ئێستا تەماشایەکی وردیی دۆخ و دەزگا گشتییەکانی ئەو دونیایە بکەین کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستمانکردوە، ئەوەی بەر لە ھەموو شتێک دەبینین ئامادەگیی کۆمەڵێک ھێزی سیاسیی حوکمڕانە کە نەک تەنھا ھەموو متمانەیەکیان لەدەستداوە، بەڵکو کاری ژمارە یەکیشیان بووە بە کوشتنی ئومێد و کوشتنی باوەڕی مرۆڤی ئێمە.
مەریوان وریا قانع لەبارەی درووستكردنی نائومێدیەوە پێی وایە" نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، ڕەگوڕیشەیەکی وجودیی و عیرفانیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە و ھەندەسەیەکی تایبەتی حوکمڕانییکردن دروستیکردوە

پرسیاری دووەم: 
درەو میدیا/
لەسەر لێكەوتەكانی تۆخبونەوەی نائومێدیی لە کۆمەڵگای كوردیدا قسەتان ھەیە؟ ئەم ڕق و ئیحتیقانە لەچوارچێوەی ململانێ سیاسییەكاندا دەمێنێتەوە، یان كاریگەری مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و گەورەكردنی کەلێنەکانی ناو کۆمەڵگا؟   


مەریوان وریا قانیع: من لە وەڵامی پرسیاری پێشودا جەغتم لەوەکرد کە پێویستە مەسەلەی ئومێد زۆر بە جدی وەربگرین و تەنھا وەک دیاردەیەکی سایکۆلۆژیی نەیبینین. لەوەش دوام پێوستە خۆمان لە دوو وەڵامە ھەرە ئاسانەکە بپارێزین. وەڵامی ڕەشبینان کە وادەکەن باوەڕمان بە ھیچ گۆڕانکارییەک نەمێنێت، یان وەڵامی گەشبینان کە بەخۆشحاڵییەوە پێماندەڵێن درەنگ یان زوو دونیا دەبێت بە بەھەشت. لە نێوان ئەم دوو وەڵامەدا من پێم لەسەر گرنگیی کردەی ئینسانیی و ڕەنج و تەقالای مرۆڤەکان داگرت و ئەمانەشم وەک بەشێک لە وێناکردنی واقیع باسکرد. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم پێداگرتنە لەسەر بۆچوونێک کە پێیوایە ئومێد بەشێکی گرنگیی پێکھاتی مرۆڤە و بە فۆرمە جیاوازەکانی مرۆڤبوونەوە پەیوەستە. کە ئەمە دەڵێم دەبێت دیوی ئەودیوی ئەم ھاوکێشەیە ببینین کە نائومێدییە. نائومێدیی دیوی ئەودیو و ڕوخاسارە بریندار و چەپاوەکەی ئومێدە. پرۆسەی بوون بە مرۆڤ، یان بوون بە تاکەکەسێکی مێژوویی دیاریکراو، بەناو بڕێکی دیاریکراو لە ئامادەگیی ئومێدا تێدەپەڕێت. شتێکیش بەناوی ژیانێکی ئینسانیی ماقوڵەوە بوونی نابێت گەر ئومێد بەشێکی گرنگیی ئەو ژیانە نەبێت. بە کورتییەکەی ئومێد یەکێکە لە ئینسانیترین شێوازەکانی ھەستکردن لە مرۆڤدا، پێگەیەکی وجودیی ھێجگار گرنگی ھەیە و کەسانێکیش ھەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن وەک غەریزەیەکی ئینسانی ببینن. 

مەریوان وریا قانع: ئومێد لەم دونیایەدا وەک ماڵێکی داخراوی لێھاتوە کە کلیلی دەرگاکانی لەدەستی حوکمڕانان و مناڵەکانیاندایە. 


بە بۆچوونی من بەشێکی گرنگیی دەزگا کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ئومێد و لە پەیوەندیدا بە ئومێدەوە دروستبوون. با لە دەزگاکانی پەروەردە و فێربوونەوە دەستپێبکەین. ھەموو منداڵێک کە دەچێتە ناو ئەو دەزگایانەوە ئومێدی بەوەیە ژیانێکی باش بەدەستبھێنێت و ببێت بە کەسایەتیەکی گرنگ. نەخۆشێک کە دەچێتە بەردەمی دەزگاکانی تەندروستیی و سەر بە یەکێک لە بیمارستانەکاندا دەکات، ئومێدی ئەوەی تێدایە چاکبێتەوە. ئەوەی دەچێتە بەردەمی دەزگاکانی داوەریی و بەردەمی داوەرەکان، ئومێدیی بەوەیە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵەبکرێت و ئەو مافانەی پێشێلکراون، وەربگرێتەوە و بپارێزرێت. تەنانەت ئەوانەشی کە پارتی سیاسیی دروستدەکەن و ئەوانەش کە دەچنە ڕیزەکانیانەوە ئومێدیان بە دروستکردنی دونیایەکی باشتر ھەیە. بەم مانایە ئومێد بەشێکی گرنگیی ئەو ژێرخانە ئینسانییەیە کە دەزگا گەورەکانی لەسەر دروستدەکرێت. ئەمەش وادەکات ئومێد بەر لەھەموو شتێک پەیوەندییەکی پتەوی بە مەسەلەی متمانەوە ھەبێت. متمانەی مرۆڤ بەو دونیا و ژینگەیەی لەناویاندا دەژیی، بەو دەزگایانەی کە چوارچێویەکی یاسایی و سیاسیی و ئەخلاقیی و پەروەردەیی دروستدەکەن، بەو کەسانەش کە لە پێگەی دەسەڵاتدان و بڕیارەکانیان کاریگەریی لەسەر ژیانی گشتیی بەجێدەھێنڵێت. ئەم متمانەیەش ھەستکردن بە دوو شت لە مرۆڤدا گەورەدەکات. یەکەمیان، ھەستکردن بە ئاسایش، دووھەمیان ھەستکردن بەوەک کە دونیا شوێنێکی پۆزەتیڤ و چاکەکارە. 
ئەگەر ئێستا تەماشایەکی وردیی دۆخ و دەزگا گشتییەکانی ئەو دونیایە بکەین کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دروستمانکردوە، ئەوەی بەر لە ھەموو شتێک دەبینین ئامادەگیی کۆمەڵێک ھێزی سیاسیی حوکمڕانە کە نەک تەنھا ھەموو متمانەیەکیان لەدەستداوە، بەڵکو کاری ژمارە یەکیشیان بووە بە کوشتنی ئومێد و کوشتنی باوەڕی مرۆڤی ئێمە بە خۆی و بە تواناکانی لە دەسکاریکردنی خۆی و دەسکاریکردنی ئەو ژینگە و پێگەیەی تیایدا دەژیی. لە ھەرێمدا لە ناو قوتابخانەکانەوە، لەناو ڕووبەری گشتیدا، لەناو بیمارستانەکان و لەناو دادگاکان و لەناو پارتە سیاسییەکانەوە، بە مرۆڤی ئێمە دەگوترێت، ئومێدت نەبێت... ئومێدت نەبێت ببیت بە سیاسییەکی گەورە، ببیت بە بەڕێوەبەری دەزگا گەورەکان، ببیت بە خاوەنی کارخانە، لە خەستەخانەکاندا چاکبکرێیتەوە، یان داوەرەکان مافە سەرەتاییەکانت بۆ بگەڕێننەوە و بیپارێزن، ھتد... ئیشی دەزگا سەرەکییەکانی دونیای ئێمە و ئیشی ژمارە یەکی سیاسەت و حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە ئەوەیە بە مرۆڤی ئێمە بڵێن تۆ بچووکیت و ناتوانیت خەونی گەورەت ھەبێت. ئەمڕۆ چ منداڵێک لە کوردستاندا دەتوانێت ئومێدی بەوەبێت بتوانێت ببێت بە سەرۆکی ھەرێم، یان ببێت بە بەڕێوەبەری یەکێک لە فڕۆکەخانەکان، یان نوێنەری وڵاتەکەی بێت لە شوێنێکی ئەم دونیایەدا، گەر سەر بە ھەندێک خێزان و بنەماڵەی تایبەت نەبێت. یان کام نەخۆش ئومێدی بەوەیە بتوانرێت لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا چاکبکرێتەوە، یان کێ ئومێدیی ئەوەی ھەیە داوەرێک مافە دزراوەکانی بۆ بگەڕێنێتەوە؟ یان لەناو ئەو ئابورییە وێرانەی ھەرێمدا ژیانێکی پڕ کەرامەت بژیی؟ بە بۆچوونی من لەمڕۆدا فۆرمەکانی نائومێدکردن و میکانیزمەکانیان زۆر ھەمەلایەن و بەرفراوان و گشتگیرن و بە بەشێی زۆری گشتێتی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دەزگاییمانەوە، گرێدراوە. کارخانەیەکی گەورەی نائومێدکردنی مرۆڤ لە ھەرێمدا ئیشدەکات و وەزەکەشی لەو کایە سیاسییەوە وەردەگرێت کە وڵاتەکە بەڕێوەدەبات. لەڕاستیدا دونیای دوای ڕاپەڕین دونیای مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی فۆرمە جیاوازەکانی ئومێدە لەلایەن نوخبەیەکی بچووک لە دەسەڵاتدار و حوکمڕانانەوە. ئومێد لەم دونیایەدا وەک ماڵێکی داخراوی لێھاتوە کە کلیلی دەرگاکانی لەدەستی حوکمڕانان و مناڵەکانیاندایە. ئەگەر ئومێد ھەمیشە پەیوەستبێت بە جۆرێک لە کرانەوەوە بەڕووی ئایندەدا، ئەوەی لەناو ھەرێمدا ڕوودەدات داخستنی ڕووبەرێکی ھێجگار گەورەی ئەم ئایندەیەیە بەڕووی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگادا. ئەگەر لەگەڵ ئومێدا وزەیەکی پۆزەتیڤ لەناو مرۆڤدا دروسببێت و گەشەبکات، ئەوەی دەیبینین ڕێگرتنە لە دروستبوونی ئەو وزە پۆزەتیڤە و گەشەکردنی. ئیسنانی نائومێدیش ئینسانێکی بیمارە، زۆرجار پڕە لە ڕق و نادۆستیی. مرۆڤ کە نائومێدکرا دەشێت ڕقی تەنانەت لە خۆشی ببێتەوە، ڕقی لەو دونیا و کۆمەڵگا و مرۆڤانە ببێتەوە کە تیایاندا و لەگەڵیاندا دەژیی. بە بۆچونی من نائومێدکردنی مرۆڤ یەکێک لە گەورەترین ئەو تاوانانەیە بکرێت بەرامبەر بە مرۆڤ ئەنجامبدرێت. ئەگەر من بمتوانیایە سەرلەنوێ بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ بنووسمەوە، بڕگەی یەکەمی بەیاننامەکەم دەکرد بەوەی: "ھەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی ھەیە خاوەنی ئومێدبێت“.

مەریوان وریا قانع: نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، 


نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا نائومێدییەکی میتافیزکیی نییە، ڕەگوڕیشەیەکی وجودیی و عیرفانیی نییە، بەڵکو نائومێدییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییە، دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە و ھەندەسەیەکی تایبەتی حوکمڕانییکردن دروستیکردوە. ئەم دۆخە وادەکات نائومێدیی لە دونیای ئێمەدا ببێت بە کارخانەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی ڕق. لە ڕقبوون لە خود خۆیەوە بیگرە بۆ ڕق لە ئەوانیتر و لە ژیان و لە ھەمووشتێک. ئەو ئیحتیقانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسیدەکەن تا ڕادەیەکی زۆر گشتییە و دەرنجامی ئەو ھەندەسە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دەزگاییەیە کە باسمکرد، کە زیاد لە چارەکەسەدەیەکە دروستدەکرێت و گەشەی پێئەدرێت. بڕی ئەو ڕق و ئیحتیقانەش کە ھەیە دەتوانێت بەشێکی گەورەی ئەو دونیایە وردوخاش بکات. مرۆڤ زۆرجار کە ئومێدی بە دونیا نەما، ئومێدی بە خۆشی نامێنێت. کە ئەم دووانەشی لەدەستدا دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی ترسناک و دەتوانێت ھەم خۆی و ھەم دونیا وێرانبکات.

 

وەڵامی پرسیاری یەكەم/ 

http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1945
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand