گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی: نیاز عه‌بدوڵڵا له دوای شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام- داعش، بڕوادارانی ئاینی زه‌رده‌شتی له هه‌رێمی كوردستان چالاكتر ده‌رده‌كه‌ون. له ئه‌یلولی ساڵی 2016 یه‌كه‌مین په‌رستگای زه‌رده‌شتییانی هه‌رێمی كوردستان له شاری سلێمانی كرایه‌وه و بڵێسه‌ی ئاگری ئه‌و په‌رستگایه گڕ درا. (دره‌و میدیا) له گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ئاوات حوسامه‌ددین نوێنه‌ری ئاینی زه‌رده‌شتییانی هه‌رێمی كوردستان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی و سه‌رۆكی رێكخراوی یه‌سنا بۆ گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتی، تاوتوێی ئازادی گۆڕینی ئاینی بۆ زه‌رده‌شتی و مامه‌ڵه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له نێوان ئاینی زه‌رده‌شتی و ئاینه‌كانی تر. له ماوه‌ی قسه‌كانیدا نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییانی كوردستان باوه‌ڕدارانی ئاینه‌كه‌یانی به "300 هه‌زار كه‌س" راگه‌یاند و ره‌خنه‌ی له حكومه‌تی هه‌رێم گرت و وتی "حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا وه‌كو مكیاجێك به‌كارمان ئه‌هێنن و هیچمان بۆ ناكه‌ن". دره‌و میدیا: شه‌ڕی رێكخراوی تیرۆریستی داعش چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادبوونی رێژه‌ی باوه‌ڕدارانی ئاینی زه‌رده‌شتی هه‌بووه؟ ئاوات حوسامه‌ددین: له دوای هاتنی داعش خه‌ڵكێكی زۆر هاتوون و بوون به زه‌رده‌شتی، خه‌ڵك ئه‌ڵێن ئه‌و ئاینه پاك و جوانه‌ی باو و باپیرانم هه‌بێت چیم داوه له ئاینی ئیسلام. ئه‌ڵێن نه‌شمانزانیوه ئاینی ئیسلام به‌و شێوه‌یه‌یه، بۆیه خه‌ڵكێكی زۆر به لێشاو گه‌ڕاونه‌ته‌وه، زۆرجار خێزان به دایك و باوك و كچ و كوڕه‌وه دێن بۆ رێكخراوه‌كه‌مان بۆئه‌وه‌ی ناوی خۆیان بنووسن وه‌ك باوه‌ڕدار. هێشتا كێشه‌كه ئه‌وه‌یه له ناوچه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هه‌ندێك لایه‌ن ئه‌ترسن، بۆنموونه سه‌یری به‌غدا ئه‌كه‌ن كه خوا و پێغه‌مبه‌رێكیان هه‌یه و له نه‌ته‌وه‌یه‌كن به‌ڵام له‌سه‌ر ناو و مه‌زهه‌ب یه‌كتر ئه‌كوژن، ئه‌و كه‌سانه ئه‌ڵێن ئێمه مه‌ترسیمان له‌سه‌ره و هیچ شتێك نییه زه‌مانی پاراستنی ژیانمان بكات، له‌به‌رئه‌وه نا‌وێرن به ئاشكرا باسی باوه‌ڕداری خۆیان بكه‌ن، بۆیه دێن ئه‌بن به زه‌رده‌شتی به‌ڵام نا‌وێرن خۆیان ئاشكرا بكه‌ن و وێنه‌ی خۆیان بڵاوبكه‌نه‌وه. نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییانی كوردستان: 300 هه‌زار كه‌س بوونه‌ته زه‌رده‌شتی و له ماوه‌ی ساڵێكدا 50 هه‌زار كه‌س ئاینی خۆیان گۆڕیوه دره‌و میدیا: له چ ناوه‌ندێك گۆڕینی ئاین ئه‌نجام ده‌درێت و ئه‌و رێ و شوێنانه چین له هاتنه سه‌ر ئاینی زه‌رده‌شتی ره‌چاوی ده‌كه‌ن؟ ئاوات حوسامه‌ددین: به‌پێی یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی ساڵی 2015 هه‌موو ئاینه‌كان بۆیان هه‌یه نوێنه‌ریان هه‌بێت له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی. هه‌ر به‌پێی یاساكه هه‌موو كه‌س ئه‌توانێت ئاینی خۆی بگۆڕێت. خه‌ڵك زۆر ئاگاداری ئه‌مه نین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی باس له به‌یه‌كه‌وه ژیان و ئاشتی ئه‌كرێت خه‌ڵك وه‌كو رابردوو ئه‌و ترسه‌یان نه‌ماوه له گۆڕینی ئاین. كه یه‌كێك دێته سه‌ر ئاینی زه‌رده‌شتی یه‌كه‌م هه‌نگاو ئه‌م پرسیاره‌ی ئاراسته ئه‌كه‌ین، ئایا به مێشك و به عه‌قڵ و هه‌ست و نه‌ستی خۆت ئه‌ته‌وێت ببیت به زه‌رده‌شتی یان له‌سه‌ر داوای كه‌سێك ئه‌مه ئه‌كه‌یت و كه‌سێك زۆری لی كردووی؟ ئه‌گه‌ر بڵێت، كه‌سێك پێی وتووم بڕۆ تاقی بكه‌ره‌وه. ئێمه وه‌ری ناگرین، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك كیتابی ئه‌ده‌ینێ و ئه‌ڵێین ئه‌توانی بیخوێنیته‌وه و ئه‌و كاته‌ی قه‌ناعه‌تت هات وه‌رت ئه‌گرین. كه كه‌سه‌كه وه‌رئه‌گرین وه‌كو ئاینی ئیسلام نییه شه‌هاده بهێنێت، پێویسته كه‌سه‌كه نیازی پاكی خۆی بدات به بیری چاك و وته‌ی چاك و كرداری چاك، به‌وه‌ی رێز له مرۆڤ و ژینگه و ئاو و هه‌وا بگرێت، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌یه و شتی قورسی تری وای نییه كه نه‌توانێت بیكات. یه‌كێك كه ده‌بێت به زه‌رده‌شتی پشتێن ئه‌به‌ستێت، ئه‌توانێ نه‌شی به‌ستێت، به‌ڵام ئێمه مه‌راسم و ئاهه‌نگی بۆ ئه‌كه‌ین و ئه‌سره‌وانێك دێت به ده‌ف و ته‌مبوره‌وه پشتێنی بۆ ئه‌به‌ستێت، كه له رێڕه‌وی یه‌زدان لانه‌دات و رێز له مرۆڤ و ژینگه و ئاو و هه‌وا بگرێت و ئه‌م خاكه بپارێزێت و رێز له ئاژه‌ڵ بگرێت. به مه‌ر‌اسیمێكی جوان ئاهه‌نگی بۆ ئه‌كرێت و پشتێنێكی بۆ ئه‌به‌سترێت به سێ گرێ، گرێی یه‌كه‌م بیری چاك، گرێی دووه‌م وته‌ی چاك، گرێی سێیه‌م كرداری چاك، له‌و مه‌راسیمه پشتێن ده‌به‌سترێ و پشتێن به‌ستن زۆر گرنگه به‌ڵام له‌و مه‌راسیمه ئه‌توانێت نه‌یكات به‌ڵام كه‌سه نییه‌ت بێنێت كه زه‌رده‌شتییه. بۆ مه‌راسیمه‌كه‌ش ئه‌گه‌ر حه‌ز بكات بۆی ئه‌كه‌ین و شیرینی دابه‌ش ئه‌كه‌ین و مۆسیقا ئه‌ژه‌ندرێت. ئاوات حوسامه‌ددین: یه‌كێك له به‌ڕێوبه‌ره‌كانی به‌شی یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وتبووی ئه‌م ئاگرپه‌رستانه بۆیان نییه په‌رستگایان هه‌بێت دره‌و میدیا: ژماره‌ی باوه‌ڕدارانی ئاینی زه‌رده‌شتی له هه‌رێمی كوردستان چه‌ندن؟ ئاوات حوسامه‌ددین: ئێستا له هه‌موو هه‌رێمی كوردستان 300 هه‌زار كه‌س بوونه‌ته زه‌رده‌شتی. ساڵی 2017 راپرسییه‌ك كرا ده‌ركه‌وت 250 هه‌زار كه‌س زه‌رده‌شتیین، به‌ڵام به‌پێی ئامار و زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف 300 هه‌زار كه‌س بوونه‌ته زه‌رده‌شتی و له ماوه‌ی ساڵێكدا 50 هه‌زار كه‌س ئاینی خۆیان گۆڕیوه، هه‌رچه‌نده ئه‌و ژماره‌یه روو له زیادبوونه به‌ڵام به‌شێكیان نا‌وێرن خۆیان ئاشكرا بكه‌ن. دره‌و میدیا: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ زه‌رده‌شتییانی پارچه‌كانی تری كوردستان چۆنه و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه چۆن رێكده‌خه‌ن؟ ئاوات حوسامه‌ددین: په‌یوه‌ندی به‌هێز له نێوانمان هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ عه‌فرین و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای كوردستان. له رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجوومه‌نمان هه‌یه له عه‌فرین، له رۆژهه‌ڵاتیش له كرماشان ئه‌نجوومه‌نمان هه‌یه كه سه‌رۆك و ئه‌ندامانیان هه‌یه. له به‌شه‌كانی تری كوردستان خه‌ڵكێكی زۆر له ئاینی ئیسلامه‌وه ئاینی خۆیان ئه‌گۆڕن بۆ زه‌رده‌شتی. له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێرانه‌وه دێن بۆ رێكخراوه‌كه‌مان و له لای ئێمه پشتێن ده‌به‌ستن و ئه‌بن به زه‌رده‌شتی و ئاهه‌نگ ئه‌گێڕن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌وان خراپ ئه‌بێت له ئێران و حكومه‌ت ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌لاوه ئاساییه كه له باوباپیرانیانه‌وه زه‌رده‌شتیین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاینی خۆی له ئیسلامه‌وه بگۆڕێت بۆ زه‌رده‌شتی ئه‌وا حوكمه‌كه‌ی كوشتنه. نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییانی كوردستان : ئه‌مانه‌وێت ئاینی زه‌رده‌شتی له‌گه‌ڵ ئاینه‌كانی تر له وانه‌كان بخوێندرێت دره‌و میدیا: ساڵی 2016 یه‌كه‌م په‌رستگاتان كرایه‌وه، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی چه‌ند هاوكاری ده‌كرێن بۆ كردنه‌وه‌ی په‌رستگاكانتان له ته‌واوی شاره‌كان؟ ئاوات حوسامه‌ددین: تائیستا له سه‌دا سفر هاوكاری كراوین له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف، ته‌نانه‌ت وتمان حاڵه‌تێكی ئستسنایه و ئه‌سره‌وان-ێكمان بۆ دابنێن، چونكه قادرۆك ئه‌سره‌وانی ئێمه‌یه. كاك قادرۆك خۆی كه ده‌رهێنه‌ر و سینه‌ماكاره وازی له حیزب و ده‌رهێنه‌ری و كاره‌كانی خۆی هێناوه و له به‌یانییه‌وه تاوه‌كو شه‌و ئه‌چێت بۆئه‌و په‌رستگایه وانه ئه‌ڵێته‌وه و خه‌ڵك ئه‌بینێت، به خۆبه‌خشانه هه‌مووی ئه‌كات. چه‌ند هاوارم كرد و داوام نووسی بۆ وه‌زیر و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به راستی نه‌یانكرد و بۆیان دانه‌مه‌زراندین. ئه‌گه‌ر مانگی 400هه‌زارێكی بۆ دابین بكه‌ن بۆ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هیچ نییه، ئه‌وان ساڵانه چه‌ند ملیۆن دۆلار له خه‌ڵك وه‌رئه‌گرن، به‌ڵام یارمه‌تییان نه‌داین. ماوه‌ی دوو ساڵه مامه‌ڵه‌ی زه‌ویمان بۆ دروست كردنی په‌رستگا پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كردووه، تائیستاش وه‌ڵامی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه، له كاتێك ئێمه داوای پاره و زه‌ویمان نه‌كردووه. داوای ئه‌وه‌مان كردووه، ئایا ئێمه بۆمان هه‌یه په‌رستگامان هه‌بێت؟ به به‌ڵێ یان به نه‌خێر وه‌ڵامی ئێمه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه. تائێستا ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تی ئاینی زه‌رده‌شتی له وه‌زاره‌تی ه‌وقاف و كاروباری ئاینی به خۆبه‌خشی ده‌كه‌م و به دامه‌زراندن نییه. ته‌نانه‌ت پێوه‌ره‌كانی كاری خۆبه‌خشیش ره‌چاوناكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی له وڵاتانی تر هه‌یه كه پاره‌ی هاتووچۆ و ته‌له‌فۆن ئه‌ده‌ن. ئه‌وه ماوه‌ی سێ ساڵه له‌وێ كارئه‌كه‌م یه‌ك فلسیان نه‌داوه، چه‌ندین جار داوام كردووه كه مه‌راسیممان هه‌یه و یارمه‌تیمان بده‌ن، ئه‌وان هیچ هاوكاریمان ناكه‌ن. ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تمان كردووه، یه‌كێك له به‌ڕێوبه‌ره‌كانی به‌شی یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف وتبووی ئه‌م ئاگرپه‌رستانه بۆیان نییه په‌رستگایان هه‌بێت، كیتابه‌كه‌ی فڕێدابووه ئه‌ولاوه. بۆیه په‌رستگاكه‌شمان ره‌سمی نییه، چونكه وه‌قفی نییه و ئێمه ئه‌مانه‌وێت بابه‌تی ئه‌و وه‌قفه‌مان له كۆڵ ببێته‌وه و ئه‌وقاف نه‌مێنێت. چ پێویست ئه‌كا په‌رستگایه‌ك بكه‌یته‌وه و بیخه‌یته سه‌ر وه‌قف. دره‌و میدیا: حكومه‌تی هه‌رێم چۆن هاوكاریتان ده‌كات له بابه‌تی ناساندنی ئاینه‌كه‌تان له ناسنامه‌ی عێراقی؟ ئایا مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئێوه هه‌یه؟ ئاوات حوسامه‌ددین: حكومه‌تی هه‌رێم نایكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ڵێن سه‌ر به حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵین و حكومه‌تی فیدڕاڵیش دانی به ئاینی زه‌رده‌شتیدا نه‌ناوه، بۆیه زۆر هه‌وڵ ناده‌ن بۆ ئه‌و بابه‌ته. له ماوه‌ی رابردوو چه‌ند كیتابێك ده‌رچوون، كه نووسه‌رانی به خراپ باسی ئاینی زه‌رده‌شتییان ئه‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی كه‌س بڕوا به ئاینه‌كه‌مان نه‌هێنێت. چه‌ند جار شكاتمان كردووه له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامیان نه‌بووه. دۆسیه‌مان داوه‌ته دادگا، ئه‌وه نزیكه‌ی دوو ساڵه له‌وێیه و جگه له‌وه‌ی دكتۆر عه‌بدولله‌تیف سوكایه‌تی پێكردین تائێستاش كه‌ناڵه‌كه‌یان دانه‌خراوه. ئه‌و مه‌لا حه‌سیبه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌ی له زه‌رده‌شتییه‌كان كرد و وتی، ئه‌وه‌ی بڕوای به ئاینی زه‌رده‌شتییان هێناوه ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی سێ رۆژ نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌چیته جه‌هه‌ننم، راسته ماوه‌یه‌ك رایان گرت به‌ڵام ئێستا وتاربێژی مزگه‌وته. بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوه‌كانیان زۆر جدی نین و موجامه‌له‌ی ئیسلامییه‌كان ئه‌كه‌ن و نایانه‌وێت ئه‌وان له خۆیان زویر بكه‌ن. دره‌و میدیا: بابه‌تی دانانی ئاینی زه‌رده‌شتی له وانه‌كانی خوێندنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌كوێ گه‌یشتووه؟ ئاوات حوسامه‌ددین: ئێمه ئه‌مانه‌وێت ئاینی زه‌رده‌شتی له‌گه‌ڵ ئاینه‌كانی تر له وانه‌كان بخوێندرێت، چونكه ئاینی ئێمه هه‌مووی زانست و فه‌لسه‌فه‌یه. به‌ڵام سێ ساڵه مه‌نهه‌جمان له‌سه‌ر داوای خۆیان ناردووه كه داوای چوار لاپه‌ڕه مه‌نهه‌جیان به قه‌باره‌ی ئه‌ی فۆڕ لێ كردین، ئیستا پێیان راگه‌یاندووین بۆ خوێندنی ئه‌م ساڵی 2018-2019 نابێت و ناخوێندرێت و ده‌كه‌وێته 2019-2020. له‌و ماوه‌یه‌ی ئێمه مه‌نهه‌جمان ناردووه بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده چه‌ندین باڵه‌خانه و پرۆژه ته‌واو بوون. به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌نده قورسه ئه‌و مه‌نهه‌جه داخلی خوێندن بكه‌ن؟ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی پرسیاره و حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا وه‌كو مكیاجێك به‌كارمان ئه‌هێنن، به راستی وه‌كو جوانكاری به‌كارمان ئه‌هێنن و هیچمان بۆ ناكه‌ن. جگه له‌وه ساڵانه چه‌ندین په‌یمانگای ئیسلامی ئه‌كرێته‌وه و كیتابیان بۆ چاپ ئه‌كه‌ن، تائێستا نه په‌یمانگایه‌كمان بۆ ئه‌كه‌نه‌وه نه بڵاوكراوه‌كانمان چاپ ئه‌كه‌ن و نه بوودجه‌یه‌كمان بۆ دائه‌نێن بۆ چاپ و بڵاوكراوه‌كانمان.
(درەو میدیا) خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوێنێ شەممە 30ی حوەزیران كۆتاییهات و پەرلەمانتاران پارێزبەندیان نەما و بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەو پەرلەمانتارانەی یاداشتی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە دەستگیردەكرێن. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سایتی " سۆمەریە نیوز" ی راگەیاند ئەو پەرلەمانتارانەی كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە لە ئەمڕۆ یەكشەممە یەكی تەمموزەوە جێبەجێدەكرێت. ئەوەش لە كاتێكدایە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە دادگاكان سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی بوونی پارێزبەندییەوە فەرمانەكە جێبەجێنەكراوە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ بردنەوەی جامی جیهانی تۆپی پێ بێ گومان هیوا و ئومێد و ویستی هەموو یاریزانێكی تۆپی پێیە لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەر یاریزانێك ئەو جامە گرانبەها و بەناوبانگە بەرزبكاتەوە، دەبێتە خاوەنی پێگەیەك لە هەموو ژیانیدا. یاریەكانی جامی جیهانی تۆپی پێی " مۆندیال" هەر چوار ساڵێك بەڕێوەدەچێت و عاشقانی ئەو یاریە چاوەڕوانن كێ ئەو نازناوە بەدەستدەهێنێت، كە 32 باشترین هەڵبژاردەی جیهان كێبركێی بەدەستهێنانی دەكەن. لە رابردوودا یاریزانانی تۆپی پێ هەموو هەوڵێكیان دەخستەگەڕ بۆ ئەوەی بگەنە یارییەكانی كۆتایی مۆندیال لە پێناوی بەرزكردنەوەی ناوی خۆیان وڵاتەكەیان، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی یارییەكە و تێكەڵاوبووونی لەگەڵ جیهانی دارایی و بزنسدا ئامانجەكانی تیپەكان زیاتربوون، وبە تەنها دەركەوتن و بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكەدا بە واتای دەستكەوتنی دەستكەوتێكی مادی زۆر دێت. 21 ەمین پاڵەوانێتی جامی جیهانی بە چاودێری یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ " فیفا" رۆژی 14ی حوزەیرانی داهاتوو لە روسیا دەستیپێكرد و تا 15ی تەموز بەردەوام دەبێت. لەم راپۆرتەدا ئەو خەڵاتە داراییانە دەخەینەڕوو كە فیفا بۆ ئەو 32 هەڵبژاردەیەكی دیاریكردووە كە بەشداری مۆندیالی روسیا دەكەن، كە بەراورد بە مۆندیالی 2014 بڕی خەڵاتەكان زیاتر كراون. خەڵاتە داراییەكانی جامی جیهانی 2018 و چۆنێتی دابەشكردنی تشرینی یەكەمی رابردوو یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی " فیفا" رایگەیاند بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی تەرخانكردووە بۆ خەڵاتە داراییەكانی ئەو 32 هەڵبژاردەیەكی بەشداری مۆندیالی روسیا دەكەن و بەمشێوەیە دابەشدەكرێت: • هەر هەڵبژاردەیەكی تۆپی پێ كە بەشداری خولی كۆمەڵەكانی پاڵەوانێتییەكە دەكات بڕی 9.5 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی وەردەگرێت، 1.5 ملیۆن دۆلار تێچووی خۆئامادەكردنە بۆ پاڵەوانێتییەكە و 8 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەشداریكردنیەتی لە گەڕی یەكەمی پاڵەوانێتییەكە، ئەم بڕە پارەیەش بە سەركەوتن بۆ خولەكانی داهاتوو زیادەكات. • هەر هەڵبژاردەیەك بگاتە قۆناغی 16ی پاڵەوانێتییەكە 12 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی وەردەگرێت. • هەر هەڵبژاردەیەك گەیشتە قۆناغی چارەكی كۆتایی 16 ملیۆن دۆلاری تر وەردەگرێت. • ئەو دوو هەڵبژاردەیەكی لە چوار گۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەكە دەكرێنە دەرەوە، یاری پلەی سێیەم و چوارەم دەكەن و ئەو هەڵبژاردەیەی پلەی سێیەم بەدەستدەهێنێت 24 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت و هەڵبژاردەی پلە چواریش 22 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت. • ئەو دوو هەڵبژاردەیەی دەگەنە یاری كۆتایی بڕی 66 ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخانكراوە، ئەو هەڵبژاردەی جامەكە دەباتەوە 38 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت و هەڵبژاردەی دووەمیش 28 ملیۆن دۆلاری پێ دەدرێت.
(درەو میدیا) " ژمارەیەك لە تیرۆریستانی داعش كە لە ناو داعش پلەی بەرزیان هەبوو ئێستا بەرپرسیارێتی ئەمنیەتی پارێزگار و پارێزگای كەركوك-یان لە دەستە و ناسراویشن" ئەمە وتەی دكتۆر كەمال كەركوكی بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركوكی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ درەو میدیا ئاماژەی پێكردوو جەختیشی كردەوە كە " زۆرێك لە تیرۆریستانی داعش كە جاران نەیان دەتوانی لە كەركوك نزیك ببنەوە، ئێستا لەناو ریزەكانی حەشدی عەشایەر جێگیر بوونە و چەك و پسوولەی هاتوچۆ و سەیارەیان پێیە و هەندێكیشیان بەرپرسیارێتی هەستیاریان لە دەستە" كەمال كەركوكی نایشارێتەوە كە"كەركوك وەكو سەربازگەیەكی گەورەی سەربازی لێهاتووە" و چەندین جۆر هێزی عێراقی لێیە" فرقەی ٣ی پۆلیسی ئیتحادی و فرقەی 5 و فرقەی 6ی پۆلیسی ئیتحادی و فرقەی 2ی دژە تیرۆری عێراقی و لیوای 37ی سەر بە فرقەی 9ی مدەڕەع و هێزێكی سەر بە فرقەی 5ی سوپای عێراق لە پردێ و 6 تۆپی گران لە نێوان پردێ و كەركوك هەن. سوپا و حەشدێكی زۆر لە سەربازگەی كەیوان و زیاتر لە 14 جۆر میلیشیای حەشدی شیعە و حەشدی سووننە لە پارێزگای كەركوك بڵاوەیان پێكراوە" كەمال كەركوكی هۆكاری بەهێزبوونی داعش ئاشكرا دەكات كە"خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر ئاسانكاری و هاوكارییەكی زۆر بوو بۆئەوەی داعش بەهێزتر بێ و خەتەری لە ناو كەركوك و ئەترافی زیاتر هەبێت. زۆر لایەنیش لەو پیلانە بەشدار بوون!!
(درەو میدیا): نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند تەقینەوەكەی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە یەكی تەمووز كە لە نزیك كۆگای هەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدان لە دەروازەی شاری كەركوك رویدا، هیچ زیانێكی بە سندوقەكانی دەنگدان نەگەیاندووە. بەیانی ئەمڕۆ خۆكوژێك بە ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوی لە نزیك كۆگاكانی سندوقەكانی دەنگدان لە كەركوك تەقاندەوە و بەهۆیەوە پۆلیسێك كوژراو و 2 كەسی تر كە زۆرینەیان سەر بە هێزە ئەمنییەكانن برینداربوون. عەبدولباست دەروێش وتەبێژی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆن لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسەكانی هەواڵ وتی:" هێرشە خۆكوژییەوە بووە هۆی برینداربوونی دوو فەرمانبەری سەر بە كۆمسیۆن لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی هێزە ئەمنییەكان كە پارێزگاری لە سندوقەكانی دەنگدان دەكەن". لایخۆشیەوە راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت داوای لە كۆمسیۆن كرد بەپەلە سندوقەكانی دەنگدان بگوازێتەوە بۆ شوێنێكی سەلامەت بۆئەوەی دەستبكرێت بە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان.
■ نیاز عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ی له سه‌ر سكاڵای دوو هێرشكاری خۆپیشاندانه‌كانی مانگی ئازاری هه‌ولێر، دكتۆر شایان عه‌سكه‌ری به بڕینی مووچه و دوورخستنه‌وه‌ی له كاره‌كه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێت و سزا ده‌درێت، ئه‌ویش داوایكرد "هیچ كه‌سێك نه‌ترسێت". بڕیاره سبه‌ی 1ی ته‌مموز دادبینی دووه‌م دۆسیه‌ی سكاڵاكار "ناسیح مه‌حمود" له دادگای به‌رایی هه‌ولێر به‌ڕێوه بچێت كه وه‌ك قه‌ره‌بووی "ناوزڕاندنی" داوای 100 ملیۆن دیناری له دكتۆر شایان عه‌سكه‌ری به‌شداربووی خۆپیشاندانه‌كانی مانگی ئازاری هه‌ولێر كردووه. له لێدوانێكی بۆ (دره‌و میدیا) شایان عه‌سكه‌ری باسی له‌و فشارانه كرد كه ده‌خرێنه‌سه‌ری بۆ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له بۆچوون و داواكارییه‌كانی و وتی "فشاره‌كان زۆرن، من ده‌وامم هه‌یه و ده‌وامه‌كه‌م حكومییه له نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی، به‌ڵام له ده‌وامی به‌یانیان 8 رۆژ مووچه‌م بڕاوه". سه‌باره‌ت به بڕین و پێنه‌دانی مووچه‌كه‌ی له ده‌وامی ئێوارانی نه‌خۆشخانه‌كه وتی "له ده‌وامی ئێوارانی به‌ده‌ل عیاده مووچه‌ی مانگی 5ی كۆی فه‌رمانبه‌ران درا ته‌نیا من نه‌بێت، هاوكات 5 رۆژ به‌بڕینی مووچه سزادرام، ئه‌مه له كاتێك له‌بری ئه‌وه‌ی عیاده بكه‌مه‌وه حكومه‌ت ئه‌و راویژكارییه‌ی داناوه بۆئه‌و دكتۆرانه‌ی حه‌زیان لێیه هه‌ر له حكومه‌ت به‌رده‌وام بن". له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی دوورخستنه‌وه‌ی له كاره فه‌رمییه‌كه‌ی عه‌سكه‌ری وتی "هه‌وڵی گواستنه‌وه‌م ده‌درێت له نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی و ده‌یانه‌وێت ته‌نسیبه‌كه‌م هه‌ڵبووه‌شێننه‌وه و بمنێرنه‌وه بۆ دیانا له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر". ئه‌و پزیشكه سكاڵا له‌سه‌ر تۆماركراوه كه داوای 200 ملیۆن دیناری لێ ده‌كه‌ن، سووربوونی له‌سه‌ر بۆچوون و هه‌لوێسته‌كانی راگه‌یاند و وتی "رام هیچ نه‌گۆڕاوه و له سه‌ره‌تاوه رام چۆن بوو هه‌ر ئه‌وهام، چونكه من له‌سه‌ر حه‌قم" و "كه باسی ئه‌و هه‌ڕه‌شه و فشارانه ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه نییه كه‌س ترسێت، بۆیه داواده‌كه‌م هیچ كه‌سێك نه‌ترسێت". پزیشكه‌كه پشتیوانی هاووڵاتیان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و چالاكوانانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به گرنگ زانی به تایبه‌ت له رۆژه‌كانی دا‌دگاییكردن و وتی "به‌پێویستی ده‌زانم ئه‌و پالپشتییه هه‌ر به‌رده‌وام بێت، چونكه ئێستا به ته‌نیا ماومه‌ته‌وه و هه‌موو فشاره‌كه له‌سه‌ر منه". رۆژی 25ی ئازاری 2018 بەهۆی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دكتۆر شایان عەسكەری بەڵگەی چەك هەڵگرتن و دەستدریژی دوو لە هێزە ئەمنییە جل مەدەنییەكانی بڵاوكردەوە، كە دەستدرێژی و رێگرییان كردبووە سەر ناوبراو، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە بەدوای خۆیدا كاردانەوەی میدیایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دژ بەو دوو كەسە جل مەندەنییە دروستكرد. بەڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگەیاندنی ئامادەبوون لەبەردەم دادگای بەرایی بەهۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی دەگەیەندرێتە شوینی كاری دكتۆر شایان عەسكەری لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر، لەو بارەیەوە دكتۆر شایان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "دوو سكاڵا بە تۆمەتی ناوزڕاندن دژ بە من تۆماركراوە گوایە من ناوی ئەوانم زڕاندووە لەبەرئەوەی لە هەژماری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی خۆم ڤیدیۆكەم بڵاوكردوەتەوە، هەر یەك لە سكاڵاكارەكانیش داوای بڕی 100 ملیۆن دیناری عێراقییان كردووه وەك قەرەبوو كە دەكاتە 200 ملیۆن دینار".
(درەو میدیا): رۆژی سێ شەممەی داهاتوو پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەستپێدەكات و سندوقەكانی دەرەوەی هەمویان ئەژماردەكرێنەوە. دادوەر لەیس جەبر حەمزە وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كۆمسیۆن بڕیاریداوە ئەو بنكە و وێستگانەی دەنگدان دیاری بكات كە پرۆسەی ژماردنەوەی دەستتی دەنگەكان تێیاندا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت هەموو دەنگەكان ئەژمارناكرێنەوە و تەنیا ئەو شوێنانە ئەژماردەكرێنەوە كە تانەیان لەسەرە. وتەبێژی كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان بە ئامادەبوونی ئەندامامی كۆمسیۆن بەڕێوەدەچێت و پرۆسەكە سەرەتا لە دەنگەكانی پارێزگای كەركوك دەستپێدەكات و دواتر سلێمانی و هەولێرو دهۆك و نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنبار. سەبارەت بە ژماردنەوەی دەنگەكان لە بەغداد، ئاماژەی بەوەكرد، ئەو سندوقانەی كە رەوانەی بەغداد كراون لە بەغداد ژماردنەوەی دەستییان بۆ دەكرێت. بەڵام بەپێی قسەی وتەبێژەكە، بۆ دەنگدانی دەرەوە كە پێكهاتووە لە دەنگدانی وڵاتانی ئێران و توركیا و بەریتانیا و لوبنان و ئوردن و ئەمریكا و ئەڵمانیا، رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ هێنانەوەی سندوقەكان و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان لە بەغداد. باس لەوەشدەكات، هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەپارێزن و پرۆسەكە بە ئامادەبونی چاودێرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی و پارتە سیاسییەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و رۆژنامەوانان بەڕێوەدەچێت.
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواین رۆژی تەمەنی خولی سێیەمی بەڕێدەكات، پێناچێت وەكو ئەوەی هەندێك لایەن هەوڵیان بۆ دەدا پەرلەمان بتوانێت تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە هاوشێوەی ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان رویدا. بە گوێرەی دەستوری عێراق دەبێت (45) رۆژ بەر لە تەواوبونی خولی پەرلەمان هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ، بەڵام كێشمەكێش و گومانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو, حیكمەتی ئەو مادەیەی دەستوری نەهێشت، ئێستا بۆئەوەی پەرلەمانی نوێ دەستبەكاربێت و بۆشایی یاسایی دروست نەبێ، دەبێت ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان تەواوببێت. پێشبینی دەكرێت پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان كە هەموو سندوقەكان ناگرێتەوە و تەنیا ئەو وێستگە و بنكانە دەگرێتەوە كە تانەیان لەسەرە، ماوەی هەفتەیەك بخایەنێت، لەم روانگەیەوە هەندێك لە چاودێران پێشبینی دەكەن قۆناغی بۆشایی دەستوری لە عێراق زۆر نەخایەنێت و لەماوەیەكی دیاریكراودا پەرلەمانی نوێ دەستبەكاربێت. بڕیارە هەستیارەكانی پەرلەمان لەم خولەدا ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق سەرباری ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی و سیاسی وڵات هەندێك بڕیاری هەستیاری دەركرد كە دەكرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە. یەكەم: سەندنەوەی متمانە لە (هۆشیار زێباری وەزیری دارایی- خالید عوبێدی وەزیری بەرگری) و (سەفائەدین رەبیع- سەرۆكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان) و (نەجمەدین كەریم- پارێزگاری كەركوك). دووەم: سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دانانی دادوەرەكان لە شوێنیان، كە دواجاریش دادگای باڵای فیدراڵی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد. سێیەم: بڕیاردان لەسەر ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ كە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. موچەی پەرلەمانتاران و پەلاماردانی پەرلەمان لەبەرامبەردا ئەم خولەی پەرلەمان رەخنەی زۆریی هاتەسەر، بەتایبەتی ئەوەی كە ژمارەیەك لە ئەندامەكانی بەتایبەتی سەرۆكی لیژنەكان تۆمەتباركران بە گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لەبەرامبەر بێدەنگبونیان لە دۆسیەكانی گەندەڵی. موچەی پەرلەمانتارانیش هێشتا جێگەی قسەوباسە و ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای كاری پەرلەمانی عێراق دروستكردووە. رۆژی 30ی نیسانی 2016 پەرلەمانی عێراق دوچاری قەیرانێكی گەورە هات كاتێك هەزاران كەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دیواری ناوچەی سەوزیان بڕی و چونە ناو بینای پەرلەمانەوە. لایەنگرانی سەدر هۆكاری پەلاماردانی پەرلەمانیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پەرلەمان دانیشتنی تایبەت بە گۆڕانكاری وەزیرەكانی كابینەی حكومەتی داوخستووە كە بە بۆچونی ئەوان ئەو گۆڕانكارییانە ئامانج لێی چاكسازی بووە لە حكومەت، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك لە پەرلەمانتاران هۆكاری پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی سەربە سەدرییان بۆ ناكۆكی نێوان لایەنە شیعەكان خۆیان دەگەڕاندەوە، هەرچۆنێك بێت لەو روداوەدا شكۆی پەرلەمان و پەرلەمانتاران شكێندرا. مێژووی پەرلەمان لە عێراق سەرەتایەكی پێویست لەبارەی مێژووی عێراقەوە دوای جەنگی جیهانی یەكەم، وڵاتانی زلهێز هەرسێ ویلایەتی (بەغداد، بەسرە، موسڵ) یان بەپێی رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ) لەچوارچێوەی وڵاتێكی نوێ‌دا بەناوی (عێراق) یەكخست. لە رۆژی 11 ی تشرینی دووەمی 1920، عێراق بوو بە ئەندام لە كۆمەڵەی گەلان لەژێر ئینیتدابی بەریتانیادا، ئینگلیزەكان بۆ جێگیركردنی وڵاتە نوێیەكە، شۆڕشی 1920ی عێراق و شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفیدیان لە كوردستان سەركوتكرد. ساڵی 1921 بەسەرۆكایەتی وینستۆن چەرچڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆنگرەی قاهیرە بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دیاریكرا، كۆنگرەكە پێشنازی كرد ریفراندۆمێك سازبدرێت بۆ دانانی شا فەیسەڵ، 23ی ئابی 1921 فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دانرا. كانونی دووەمی 1924 كە عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بوو، هەڵبژاردنێك بەڕێوەچوو بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دامەزراندن، ئەوە یەكەم هەڵبژاردن بوو لە مێژووی نوێی عێراقدا، شیعەكان كە دژی ئینتیدابی بەریتانیا بوون، هەڵبژاردنەكەیان بایكۆت كرد. ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكە یەكەمین دەستوری بۆ عێراق نوسییەوە، تەموزی 1924 دەستوری عێراق پەسەندكرا، لە 21ی ئازاری 1925 شا فەیسەڵ دەستورەكەی ئیمزا كرد، لە دەستورەكەدا سیستمی حوكمڕانی عێراق بە سیستمی (پادشایەتی دەستوریی) دیاریكرا لەگەڵ بوونی حكومەتێكی پەرلەمانیی و دوو ئەنجومەنی یاسادانان بەمشێوەیە: • ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم ئەنجومەنە چوار ساڵ جارێك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت • ئەنجومەنی پیران (ئەعیان): ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی لەلایەن پادشاوە دەدەنرا بەشێوەیەكی گشتی مێژوونوسان مێژووی عێراق بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەكەن: • قۆناغی یەكەم: رژێمی پادشایەتی 1921-1958 • قۆناغی دووەم: رژێمی كۆماریی 1958 تاوەكو ئێَستا لە هەردوو قۆناغەكەدا چەندین پەرلەمان هەبوون كە نوێنەرایەتی گەلیان كردووە. سەردەمی پادشایەتی و یەكەم پەرلەمان لە مێژووی عێراقدا ساڵی 1925 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەشێوەیەكی گشتی لە قۆناغی پادشایەتیدا 16 خولی پەرلەمانی هەبووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پەرلەمانانە خولی یاسایی خۆیان تەواو نەكردووە و پێشوەخت هەڵوەشێندراونەتەوە جگە لە سێ خولی پەرلەمانی نەبێت، بۆ نمونە 1953 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچووە، بەڵام سەرۆك وەزیران داوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردوە‌و بەوهۆیەوە 1954 دیسان هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، هەر هەمان ساڵ جارێكی تر هەڵبژاردن كراوەتەوە. تاوەكو روخانی سیستمی پادشایەتی لە ساڵی 1958 لە عێراق (10) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، هەر لەو ماوەیە زیاتر لە (50) حكومەت پێكهێنرا، ئەمەش نیشاندەری ناسەقامگیری دۆخی سیاسی عێراقە لەو سەردەمەدا. لەم سەردەمەدا ئەنجومەنی نوێنەران یاخود پەرلەمان ناوی (كۆمەڵەی نیشتیمانی) لێنراوە. سیستمی كۆماری و سەردەمی قاسم ساڵی 1958 بە سەرۆكایەتی سەركردەكانی كودەتاكەی 14ی تەموزو ئەفسەرانی ئازادیخواز، رژێمی كۆماری راگەیەندرا، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ هەنگاوێك بە ئاڕاستەی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن سەرنەكەوت. سەردەمی بەعسییەكان تاوەكو كودەتای ساڵی 1963ی بەعسییەكان هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەنەچوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەكانیشدا ژیانی دیموكراتی لە عێراق تاوەكو ساڵی 1980 بەتەواوەتی پەكیكەوت، دوای 22 ساڵ راوەستان، 1980 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو. بەعسییەكان ناوی پەرلەمانیان گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی نیشتیمانی)، ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی سەربە حزبی بەعس بوون، هەرچەندە لە 1980وە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدا، بەڵام هیچ یەكێك لە هەڵبژاردنەكان نەیتوانی دیموكراسی لە عێراق بچەسپێنێت. ناوی ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نیشتیمانی (پەرلەمان) لەسەردەمی بەعسدا: • نەعیم حەداد: 1980-1983 • سەعدون حەمادی: 1983-1990 • سەعدی مەهدی ساڵح: 1990- 1996 • سەعدون حەمادی: 1996-2003 دوای سەددام ساڵی 2003 رژێمی بەعس روخێنرا، قۆناغێكی سیاسی نوێ دەستیپێكرد، مارسی 2004 ئەنجومەنی بەڕێوەبردن كە لەلایەن دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانانەوە دانرابوو، ئیمزای لەسەر دەستورێكی كاتی كرد، دەستورەكە داوای پێكهێنانی كۆمەڵەی نیشتیمانی ئینتیقالی كرد، بەجۆرێك تەمەنی كۆمەڵەكە لە مانگی كانونی دووەمی 2005 تێپەڕنەكات، ئەركی ئەم كۆمەڵەیە ئامادەكردنی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بوو بۆ عێراق. لە قۆناغی دوای سەددام حسێندا پەرلەمان ناوی لێ‌نرا (ئەنجومەنی نوێنەران)، یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكی كانونی دووەمی 2005دا بەڕێوەچوو. ئیئتیلافی عێراقی یەكگرتوو هەڵبژاردنەكەی بردەوە و رێژەی 48%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، كە ژمارەی دەنگەكانی دەیكردە 140 كورسی لە كۆی 275 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران. ئیتیلافی عێراقی یەكگرتوو وەكو لایەنی براوەی هەڵبژاردنەكە دەستیكرد بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی، لەسەر بنەمای ئەو دانوستانانە، رۆژی 4ی كانونی دووەمی 2005: • حاچم حەسەنی وەكو عەرەبێكی سوننی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا • هەریەكە لە حسێن شەهرستانی لە پێكهاتەی عەرەبی شیعە و عارف تەیفور لە پێكهاتەی كورد وەكو جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران • جەلال تاڵەبانی لەسەر پێكهاتەی كورد وەكو سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا • ئیبراهیم جەعفەری لەسەر پێكهاتەی شیعە وەكو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا دەستور 15ی تشرینی یەكەمی 2005 دەستوری نوێی عێراق خرایە راپرسییەوە، بەپێی ئەو دەستورە پەیكەری پەرلەمان یاخود ئەوەی پێی دەوترێت دەسەڵاتی یاسادانان بەمشێوەیە داڕێژرا: • ئەنجومەنی نوێنەران • ئەنجومەنی فیدراڵ ئێستا ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسییە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن، ئەركی ئەم ئەنجومەنە دەركردنی یاسا و چاودێركردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. بەشێوەیەكی گشتی لە پاڵ رۆڵی دەركردنی یاسا و چاودێریكردن، دەستور هەندێك ماف و دەسەڵاتی تری بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە لەوانە: • ئیمزاكردنی پەیماننامەكان • دەنگدان لەسەر كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن • هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران سەرۆك كۆمار • پێدانی متمانە بە سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان و دەستە سەربەخۆكان ئەنجومەنی فیدراڵ ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە نوێنەری هەموو ناوچەكانی وڵات، لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان ئەم ئەنجومەنە ناوی لێنراوە ئەنجومەنی پیران، تائێستا ئەم ئەنجومەنە لە عێراق پێكنەهێنراوەو كێشەی لەسەرە. لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە تائێستا ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچووە، ناوی هەندێك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە قۆناغی دوای سەددام: • حاچم حەسەنی: 2005-2006 • مەحمود مەشهەدانی: 2006-2008 • فوئاد مەعسوم: 14ی حوزەیرانی 2010- 11ی تشرینی دووەمی 2010 • ئوسامە نوجێفی: 2010-2014 • سەلیم جبوری: 2014-2018
(درەو میدیا): ئەمڕۆ شەممە یارییەكانی قۆناغی 16ی جامی جیهانی تۆپی پێی 2018ی روسیا دەستپێدەكات و ئە خولە چوار رۆژ دەخایەنێت و هەشت یاری لە خۆدەگرێت كە لە حەوت شاری روسیا بەڕێوەدەچن. لە یاری دەستپێكی ئەم قۆناغەدا، هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یاریگای شاری کازان رووبەڕووی یەكدەبنەوە و ئێوارەش هەردوو هەڵبژاردەی ئۆرەگوای و پرتوگال لە شاری سۆچی یاری دەكەن. رۆژی یەكشەممەش دوو یاری بەڕێوەدەچێت، سەرەتا هەڵبژاردەی روسیای خانەخوێی مۆندیال و هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە مۆسكۆی پایتەخت كێبركێی دەكەن بۆ بەدەستهێنانی بلیتی قۆناغی داهاتوو، پاشان هەڵبژاردەی كرواتیا و دانیمارك لە شاری نۆفگۆرد رووبەڕوودەبنەوە. رۆژی دووشەممەش هەڵبژاردەی بەرازیل و مەكسیك لە شاری سامارا بەیەكدەگەن و دواتر هەڵبژاردەی بەلجیكا و ژاپۆنیش لە شاری رۆستۆڤ یاریدەكەن. لە دوا رۆژی قۆناغی شانزەدا هەڵبژاردەی سوید و سویسرا لە ساری شان پیترسبۆرگ رووبەڕووی یەك دەبنەوە و دوای ئەوە لە دوا یاری قۆناغەكەدا هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا و ئینگلتەرا لە مۆسكۆی پایتەخت یاریدەكەن و دوو رۆژ پشوو دەبێت و پاشان قۆناغی هەشت دەستپێدەكات. گۆڕانكاری نوێ بڕیارە یارییەكانی قۆناغی شانزە بە یاسای نوێی تایبەت بە گۆڕینی یاریزانەكان بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بەڕێوەبچن و رێگە بە هەردوو تیپ دەدرێت لەكاتی گەیشتنی یارییەكە بە كاتی زیادكراو گۆڕانكاری چوارەم بكەن، واتە لە جیاتی سێ گۆڕینی سێ یاریزان، رێگەیان پێدەدرێت یاریزانێكی تریش ئاڵ‌و گۆڕ بكەن. ئاماری قۆناغی گروپەكان لە قۆناغی یەكەمی مۆندیالی روسیادا كە بە قۆناغی گروپەكان ناودەبرێت ، 122 گۆڵ تۆماركراوە و 349 پاسی دروستیش دراوە و داوەركانیش 158 كارتی زەردیان بە یاریزانان داوە.
( درەو میدیا) " ناوچەكە بە كۆمەڵێك روداوەوە ئاوسە و بە دڵنییایی ناوچەكە ئاڵوگۆڕی گەرەكە، جا چ سیاسی بێ چ ئابووریی بێ یان كۆمەڵایەتی. زۆر ئاشكرا و دیارە كۆمەڵانی خەڵكی ئێران نایانهەوێت بێزراو بن و پاساپۆرتیان لە هیچ كوێی ئەم جیهانە موعتەبەر نەبێ بە هۆی سیاسەتی دژ بە خەڵك و شەڕەنگێزی دەسەڵاتدارەكانیان لە ئێران، ئەوان شادی و ئاشتی و حەسانەوە و سەیر و سەفەریان گەرەكە، ئەوان عەدالەت و بنبڕكردنی گەندەڵی مەلا و بنەماڵەكانیان دەوێت و نیشانگەلی ئەوە لە گشت لاوە پەیدا بوون ئیتر چیتر قبوڵی ناكەن مەلا تەنانەت تەداخولی قژ و مێكاپی ژنەكانیان بكات" ئەمە بیروبۆچی عەلی كەریمی چاودێری سیاسیە رۆژهەڵاتی كوردستانە، كە لە نوسینێكی تایبەت بە درەو میدیا بەناوی (داهاتووی ئێران بەرەو كوێ؟!)دا خستویەتیە روو. سەبارەت بە خۆپیشاندان و نارەزاییەتیەكانی ئێران كە رۆژ لەدوای رۆژ تەشەنە دەستێنێت، عەلی كەریمی پێی وایە " دوای ٤٠ ساڵ و ئەمڕۆ ئیتر ئەم پێداویستییە مێژووییەی ئێران برەوی جارانی نەماوە و ئیتر هەموو دنیا تێگەیشت و رۆژئاواش دەیان تاكتیك و مكانیزمی تری دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی وەك قاعیدە و نەسر و داعش و دەیانی تری پەیدا كردوە و دەیكا. ئەمڕۆ بە تایبەت بۆ كۆماریخوازەكانی ئەمریكا كە بە مێژوو لایەنگری ئێقتدار و هێژمۆنیان لە عاست دەرەوەی وڵات بوون و ترەمپ بە ئاشكرا باسی بێعورزەگی و شەلوار لە خوارەوەبوونی ئەمریكای كرد لە ژێر سایەی سەرۆك كۆمارێكی وەك ئۆباما و بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی بەوە دەكرد كە شەلواری داكەوتووی ئەمریكا هەڵدەكێشێتەوە. زۆر نیشانگەلی عەزەمەت تەڵەبی ترەمپ، ویست و داخوازییەكانی وڵاتانی وەك سەعودییە لە دۆستی ستراتیژی خۆیان، تەداخولی بێ سنوری ئێران لە عێراق و یەمەن و لوبنان، پێمان دەڵێ لە وانەیە ئێتر پێویستێیەكی ئەوتۆیان بە كۆماری مەلاكان نەمابێ" عەلی كەریمی: داهاتووی ئێران بە دڵنییایی بەرەو گۆڕان دەچێ و داهاتووی كوردیش هەر دەگرێتەوە، بەڵام ئێـمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی جەوانی ناوخۆ هەیە و چاوەڕوانم ئەوان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن و ئیجازە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدەن بە ناوی كوردایەتی بچن بۆ دەسكەوتە تابیەتییەكانی خۆیان سەبارەت بە رۆَڵ و پێگەی حزب و سەركردەكانی رۆژهەڵات بەتایبەت لە ئێستادا جموجوڵیان دەستپێكردووە، عەلی كەریمی پێی وایە ئەوان لەوەهم و خەیاڵی خۆیاندا دەژین و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە" ئەوەی ئەمڕۆ سەركردەكانی بە ناو كوردی ئێران، لە ئۆردوگاكانی ژێر سێبەری یەكێتی و پارتی لە باشوری كوردستانەوە بە خەیاڵی خۆیان دوارۆژی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی كوردستان دادەرێژن، لە وەهم و خەیاڵ و چەواشەكردن و بەرژەوندی تایبەتی خۆیان زیاتر نییە. ئێمە بەم سیاسەتە ساویلكانەی ئەم هێزانە هەرگیز ناتوانین بەرەوپیری گۆڕینی نیزام لە ئێران ببینەوە، ئێمە دەبێ قبوڵ كەین لە عاست تموحی ئەمریكا و ئەوانەی خۆیان بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ئێران ئامادە كردوە زۆر زەعیف و لاوازین. كوا یەك بوونمان!؟، كوا بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی؟! كوا ژووری عەمەلیات؟! كوا نزیكیمان لە نەوەی نوێ؟! كوا تاكتیك و ستراتیژمان؟! كوا گوتارمان بۆ ئێرانییەكان؟! كوا سیاسەتی یەكگرتوومان لەهەمبەر ئەمریكا و وڵاتانی جێهان؟! كوا بەرنامەمان بۆ هێزی چەكدار و پێشمەرگە؟! كوا و كوا و كوا؟!" عەلی كەریمی: ئەوەی ئەمڕۆ سەركردەكانی بە ناو كوردی ئێران، لە ئۆردوگاكانی ژێر سێبەری یەكێتی و پارتی لە باشوری كوردستانەوە بە خەیاڵی خۆیان دوارۆژی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی كوردستان دادەرێژن، لە وەهم و خەیاڵ و چەواشەكردن و بەرژەوندی تایبەتی خۆیان زیاتر نییە عەلی كەریمی نایشارێتەوە كە ئەم سەركردانەی ئەمرۆی كوردستانی رۆژهەڵات توانای بەدەستهێنانی مافەكانی كوردیان نیە" كوردی ئێران بەم سەركردانەی لە ئێستاوە خۆیان بۆ پۆست و مقام لە تاران خۆش كردوە و مناعەتیان نییە بۆ ئەم كارەیان تەنانەت پەنا بۆ سوكترین رۆژنامەنووسی مێژووی ئێران بەرن، دەبێ بزانن ئەوان لە مەیدانی شەڕی سیاسی داهاتووی ئێران ناتوانن مافەكانمان دەستەبەر بكە، ئەمڕۆ ئێمەی كورد لە رۆژهەڵات دەبێ خەڵكانێك پێش خەین كە ئیمتحانی رابردوویان دابێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان ببینن، ئەوانەی ئەمڕۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە بە ناوی سەركردایەتی كوردی ئێران بوونە دەمڕاستی خەڵكی كورد دەبێ لێپرسینەوە قبوڵ كەن و ولامدەر بن بۆ چی بەم ماوە زۆرە خۆیان قەتیسكردوە لە ئۆردوگاكان؟! بۆچی كێشەی كورد لە ئێران دوای ٨٠ ساڵ یەك بست بۆ پێشەوە نەچووە لە سایەی رێبەریی ئەوان؟! كارنامەی كاری سیاسی و شۆڕشگێریان پێشكەش بە بارەگای بەرزی میللەتی خۆیان بكەن، شەڕی ناوخۆیان لە پێناو چیدا كرد؟! ئەوهەموو ئینشقاق و لێكدابڕان و تەرەكردنی كادر و پێشمەرگە بۆ كران؟! و سەدان پرسیاری بێ وڵام دەبێ وڵام بدرێتەوە، دەبێ مەحاڵ بێ بۆ كەسانێك كە هاورێ و براكانی دۆینێی خۆیان كوشت ئەمڕۆ دیسان بێنەوە پێش" سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانكاری لە ئێران‌دا و ئامادەیی كورد بۆ ئەو گۆڕانكاریانە عەلی كەریمی دەڵێت" داهاتووی ئێران بە دڵنییایی بەرەو گۆڕان دەچێ و داهاتووی كوردیش هەر دەگرێتەوە، بەڵام ئێـمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە هێزی جەوانی ناوخۆ هەیە و چاوەڕوانم ئەوان قۆڵی هیمەتی لێ هەڵماڵن و ئیجازە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدەن بە ناوی كوردایەتی بچن بۆ دەسكەوتە تابیەتییەكانی خۆیان. لە یەكەم حەرەكە و جوڵە لە رۆژهەڵات حەقە رێ بە میلیشیای حیزبی نەدرێت و گەر قەرارە هێزی نیزامی هەبێ دەبێ هێزی پێشمەرگەی نەتەوەیی بێتە چێ كردن و حەقی سیاسەتی نەبێ و هیچ حیزب و كەسایەتییەكیش بۆی نەبێ هێزی چەكداری هەبێ. كەسانێك بنێرین بۆ تاران و گفتوگۆ كە بچوكترین نیاز و بەرژەوەندییەكی تاكی خۆیان نەبێ، ئەمڕۆ دەبێ كوردی ئێران ئامادە بێ بۆ هەموو گۆڕانكاریی و شۆڕشی سەرانسەری یان گۆڕینی رژیم لە سەرەوە، ئەوەش بە خەڵكانێك دەكرێت كە ئیمتحانی دڵسۆزی و وەفایان بۆ گەل و نیشتمان دابێت"
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت كاتێك باس لەو هۆكارانە دەكرێت كە بونەتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەكان، یەكسەر هۆكاری لۆژیكی بە مێشكتدا دێت، وەكو ململانێی لەسەر سامان و داگیركردنی خاك و یان ئازادكردنی یاخود تەنانەت گەڕان بەدوای نەمری و ناوبانگدا، لە پشت ئەم هۆكارانەوە چەندین شیكردنەوەی پڕ گرێوگۆڵ دەبینین، كە لەگەڵ ئەو كوشتار و برینداربوون و زیانە مادییە زۆرانەدا دەگونجێت كە جەنگ لەدوای خۆی بەجێی دەهێڵێت، بەڵام كاتێك تەماشای كتێبەكانی مێژوو دەكەین توشی سەرسوڕمان دەبین بەو هەموو جەنگەی كە هۆكاری رودانیان دەكرێت بە پڕوپوچ وەسفبكرێت. 1: جەنگی "گوێی جەنگینز": خاڵی سەرەتای ئەم جەنگە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە هێزەكانی ئیسپانیا سااڵی 1731 كاپتنی كەشتییەكی ئینگلیزییان دەستگیركرد بە ناوی كاپتن "جەنگینز" و سوكایەتییەكان پێكرد و بەشێوەیەكی توندوتیژ هەڵسوكەوتیان لەگەڵ كرد تا ئەو ئاستتەی فەرماندەیەكی ئیسپانی گوێی "جەنگینز"ی بڕی و پێی وت: پادشای ئینگلتەراش هەمان چارەنوسی دەبێت ئەگەر بێتە ناوچەی كاریبی یاخود بازرگانی بكات لەو ناوچانەی كە موڵكی ئیسپانیان. دوای ئازادكردنی "جەنگینز" گوێچكە بڕاوەكەی لە كوپێك خواردنەوەی كحولیدا هەڵگرت و گەڕایەوە بۆ ئینگلتەرا و رۆیشت بۆ لای پادشا جۆری دووەم ئاگاداری بكات لەو گوێیەی كە بڕیویانە، بەڵام پادشا لە سەرەتاوە بایەخی پێنەدا، ئەمە وایكرد "جەنگینز" پەنا بۆ بڵاوكردنەوەی چیرۆكەكەی ببات لە یەكێك لە گۆڤارە بەناوبانگەكان و بەردەوامیش بە گوێ بڕاوەكەیەوە بە قاوەخانەكاندا دەگەڕا و چیرۆكەكەی دەگێڕایەوە. دواجار لە ساڵی 1738 سەركەوتوو بوو لەوەی سكاڵایەك بخاتە بەردەم ئەنجومەنی گشتی بەریتانیا، ئەو بەریتانیانەی كە دیمەنی گوێی وروژاندبونی، گوێیان بۆ گرت، داوا لە ئیسپانیا كرا داوای لێبوردن لەو كارە بكات كە كردویەتی، بەڵام هیچ وەڵامێك نەبوو، لە 23ی ئۆكتۆبەری 1739 ئەو جەنگە هەڵگیرسا كە ناوی لێ‌نرا جەنگی "گوێی جەنگینز"، دوای دەستپێكردنی جەنگەكە پەرەیسەند بۆ جەنگی نێوان دوو هاوپەیمانێتی نەك تەنیا دوو دەوڵەت، نەمسا و فەرەنسا و هەندێك لە وڵاتانی تر بەشدارییان لە جەنگەكەدا كرد، ئەمە وای كرد خەڵكانی پسپۆڕ بە شوێن هۆكاری راستەقینەی جەنگەكەدا بگەڕێن كە دوو هاوپەیمانی گەورەی بەشەڕدا، جەنگەكەش بە ئیمزاكردنی رێككەوتنێك بە ناوی "ئیكس لا شابل" لە ساڵی 1748 كۆتایی هات. 2- جەنگی باڵندەی ئیمو: ئەم جەنگە لەنێوان مرۆڤەكاندا نەبوو، لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵەكاندا بوو، لە نۆڤێمبەر/ تشرینی دووەمی ساڵی 1932 باڵندەی "ئیمۆ" لە شێوەیەك لە ئوسترالیا بڵاوبوەوە كە لە كۆنترۆڵ دەرچوو، ژمارەیان گەیشتە نزیكەی (20 هەزار) باڵندە، لە بیابانی ئوسترالیا بڵاوبونەوە و بەروبومی كشتوكاڵیان لەناودەبرد، ئەمە وایكرد سوپای ئوسترالیا هێزێكی چەكدار بنێرێت بۆ لەناوبردنیان. بەڵام كارەكە ئاسان نەبوو، باڵندەكان سەركەوتوو بوون لە نیشاندانی نەرمییەكی زۆر لەبەرامبەر چەكەكانیان، سەرباری كوژرانی (2 هەزارو 500) باڵندە، بەڵام زۆرینەیان رزگاریان بوو و هەڵاتنی لە دەستی سەربازە چەكدارەكان، دوای هەفتەیەك بەردەوانی جەنگەكە، فەرماندەی هێزە چەكدارەكە بێ‌ئومێد بوو لە لەناوبردنی باڵندەكان و بڕیاری كشانەوەی دا. 3- جەنگی سەگێكی سەرلێشێواو: دوای تەواوبونی جەنگی جیهانی یەكەم، پەیوەندییەكانی نێوان یۆنان و بولگاریا زۆر ئاڵۆزبوو، كەشوهەواكە لەباربوو بۆ نوێبونەوەی جەنگ لە نێوانیاندا ئەگەر هۆكارێك هەبێت، ئەو هۆكارەش لە رۆژی 22ی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی 1925 رویدا كاتێك یەكێك لە سەربازانی یۆنانی شوێن سەگە هەڵاتوەكەی كەوت كە سنوری بولگاریای بڕی، سەربازەكە بەردەوام بوو لە راونانی سەگەكە ئەمە وایكرد بە تەقەی پاسەوانی سنوری بولگاریا بكوژرێت. ئەم روداوە هێزەكانی یۆنانی وروژاند و رۆژی دواتر جەنگیان لەدژی بولگاریان دەستپێكرد و ژمارەیەك گوندیان داگیركرد، لە سەروبەندی بۆردومانكردنی شاری "بیتریچ" بوون، بەڵام كۆمەڵەی نەتەوەكان دەستوەردانی كرد و ئیدانەی هێرشەكەی كرد، و لیژنەیەكی نێودەوڵەتیشی پێكهێنا بۆ دانوستان، سەركەوتوو بوو لە راگرتنی شەڕ، ئەمەش دوای ئەوەی 52 كەس كوژران. 4- جەنگی تۆپی پێ: ئەم جەنگە لە نێوان هندۆراس و سلڤادۆردا بەرپابووو، ناكرێت تەنها یاری تۆپی پێ بە هۆكاری سەرەكی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە دابنرێت،کارەکە زۆر لەوە دژوارترە و رەگ و ریشەی قەیرانی نێو ئەو دوو وڵاتە بۆ شەستەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، كاتێك حكومەتی هندۆراس تاپۆكردنی زەویی لە هاوڵاتیانی سلڤادۆر قەدەغەكرد و هاوڵاتیانی سلڤادۆریی دەركرد و پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانیشی لەگەڵ وڵاتەكەیاندا پچڕاند، بەڵام تیروپشكی یارییەكانی پاڵاوتنی جامی جیهانی ساڵی 1970 تیپی هەردوو وڵاتی رووبەڕوووی یەك كردەوە لە یارییەكی یەكلاكەرەوەدا و سلڤادۆر یارییەكەی بردەوە و بۆ تەواوكردنی پاڵاوتنەكان سەركەوت، لەگەڵ كۆتاییهاتنی یارییەكە هەردوو دەوڵەت هێزەكانیان لەسەر سنور جێگیركرد و جەنگ بە پێشێلكردنی ئاسمانی سلڤادۆر لەلایەن فڕۆكەیەكی هندۆراسەوە دەستیپێكرد, فڕۆكەكە بنكەیەكی سەربازی بۆردومانكرد و سوپای سلڤادۆریش بەرپەرچی دایەوە، دوای پێنج رۆژ لە شەڕ هێزەكانی هندۆراس گەورەترین شاری سلڤادۆریان بۆردومانكرد، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵەكانی لیژنەی تایبەت بە رێكخراوی وڵاتانی ئەمریكای باشوور سەركەوتووبوون لە راگرتنی جەنگەكەدا. 5- جەنگی خواردن: هۆكاری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە بۆئەوە دەگەڕێتەوە ، دوكانێكی خواردەمەنی كە خاوەنەكەی هاوڵاتییەكی فەرەنسیی بوو لە شاری مەكسیكۆ بەهۆی سەرهەڵدانی پشێوی ئاژاوەوە لە ساڵی 1828 تاڵانكرا، خاوەنەكەی داوای قەرەبووی لە دەسەڵاتدارانی مەكسیك كرد، بەڵام سكاڵا و داواكارییەكەی پێشتگوێخرا، بەوەش خاوەنەكەی ناچاربوو داوای هاوكاری لە حكومەتی فەرەنسا بكات، ماوەیەكی زۆر هیچ وەڵامێكی وەرنەگرتەوە، هەتا " لویس فیلیپ"شای فەرەنسا هاتەسەرخت و توڕە بووە لەوەی كە مەكسیك لە قەرەبووكردنەوەیدا شكستیهێناوە و ئەوەش وایكرد داوا لە شای مەكسیك بكات بڕی 600 هەزار پیزۆ وەك قەرەبوو بداتە خاوەنی دوكان خواردەمەنییەكە بەهۆی ئەو زیانانەی لێی كەتووە، كاتێك مەكسیك رەتیكردەوە قەرەبووەكە بدات، شای فەرەنسا جەنگی راگەیاند و جەنگەكە لە تشرینی یەكەمی 1838 دەستیپێكرد و لە ئازاری 1839 كۆتایی هات، دوای ناوبژیوانی حكومەتی بەریتانیا و ئیمزاكردنی رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵات‌دا، كە یەكێك لە بەندەكانی حكومەتی مەكسیكی پابەند كرد ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبوو بداتە خاوەن دوكانەكە. 6- جەنگی سەتڵەكە: ئەم جەنگە ساڵی 1328 لە نێوان دوو شاری سەربەخۆی ئەو كاتەی ئیتالیا بەرپابوو، كە ئەوانیش شاری مۆدینا و بۆڵۆنیا بوون، سەرەتا فیرقەیەك لە سەربازانی مۆدینا هێرشیانكردە سەر شاری بۆڵۆنیا و سەتڵێكی دارینی گەورەیان دزی و هێنایانە شارەكەیان، ئەوەش دانیشتوانی بۆڵۆنیای توڕەكرد و بە سوكایەتیكردن پێیان لە قەڵەمیاندا و ئەو هەڵوێستەش بووەهۆی بەرپابوونی جەنگ لە نێوان هەردوو شارەكەدا و شەڕەكە 12 ساڵی خایاند، سەرەڕای ئەوەی جەنگەكە ئەو ماوە دوورودرێژەی خایاندن بەڵام بۆڵۆنیان نەیتوانی سەتڵەكە بەدەستبهێنێتەوە و هەتا ئەمڕۆش ئەو سەتڵە بە تاوەری زەنگەكەوە لە مۆدینا هەڵوەسراوە. 7- جەنگی پاراگوای: سەرۆكی پاراگوای " فرانسیسكۆ سۆلانۆ لۆپێز" زۆر بە سەركردەی سەربازی فەرەنسا ناپلیۆن پۆناپارت سەرسامبوو، هەمیشە هەوڵیدەدا لە هەموو بوارەكانی ژیانیدا لاسایی بكاتەوە، یەكێك لەو لایەنانەش ئازایەتی ناپلیۆن و زۆر شەڕكردنی بوو، لەبەرئەوە لۆپێز ساڵی 1864 جەنگی لەدژی سێ دراوسێی وڵاتەكەی، ئەرجەنتین، و بەرازیل و ئۆرەگوای راگەیاند و ئەنجامەكەشی زۆر كارەساتبار بوو، بە گوێرەی خەمڵاندنەكان لەو جەنگەدا 90%ی پیاوانی پاراگوای گیانیان لەدەستدا، و كۆی قوربانییەكان گەیشتە 400 هەزار كوژراو لە هەردوو لایەنی شەڕ و لە كۆتاییدا هیچ چارەسەرێك بۆ وەستاندنی شەڕەكە نەبوو، جگە لە تیرۆركردنی سەرۆكە گەمژەكە نەبێت لە ساڵی 1870دا. سەرچاوە: هاڤینگتۆن پۆست عەرەبی
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت رۆژی شەممە وادەی یاسایی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتایی دێت، هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار دەستی پێنەكردووە كە رۆژی 6ی ئەم مانگە پەرلەمان بڕیاری لەسەردا. ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاربوو كۆببێتەوە، بەڵام نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، بەوهۆیەوە كۆبونەوەكە دواخرا. سەرچاوەكان لە بەغدادەوە باسلەوەدەكەن، فشارێك لەسەر پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی ماددەی تایبەت بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، هەڵوەشێنێتەوە. ناوی ئەو لایەنانەی كە ئەم داواكارییەیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە هێشتا نادیارە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەو لایەنانە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ماددەیان كردوەتە مەرج بۆ بەشداربونیان لە كۆبونەوەی پەرلەمان و تەواوكردنی نیساب لەبارەی پرسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان. نزیكەی دوو مانگ تێپەڕیووە بەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، بەڵام تائێستا ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن پەسەند نەكراون. بەپێی ئەو هەموارەی كە پەرلەمانی عێراق لە یاسای هەڵبژاردندا كردویەتی دەبێت دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار جارێكی تر بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێنەوە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراقیش ئەژماركردنەوەی دەستیی پەسەندكردووە، بەڵام ئەم مادەیە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، هەندێك دەڵێن مەبەست لە ناوەڕۆكی ماددەكە ئەوەیە تەنیا دەنگی ئەو سندوقانە ئەژماربكرێنەوە كە گومانی ساختەكارییان لەسەرە، لەبەرامبەردا هەندێكی باس لەوە دەكەن مەبەست لە ماددە یاساییەكە ئەژماركردنەوەی تەواوەتی دەنگەكانە لەسەرتاسەری عێراق. لەنێوان ئەم دوو بۆچونەدا ئەو دادوەرانەی كە لە جێگای ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دانراون قسەی یەكلاكەرەوەیان كرد و رایانگەیاند، ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان تەنیا ئەو سندوقانە دەگرێتەوە كە تانەیان لەسەرە. سەلیم جبوری: هەفتەی داهاتوو ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان دەستپێدەكات لە پاڵ هەوڵە یاساییەكان بۆ ئیفلیجكردنی ئەو ماددەیەی كە تایبەتە بە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان، لە پشت پەردەشەوە هەوڵی سیاسی خراوەتەگەڕ بۆ ئیفلیكردنی ماددەكە. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرۆكی هاوپەیمانی (النصر- سەركەوتن)ە پێشتر بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەرگری لە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكرد، بەمدواییە لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی لیستی سائرون هاوپەیمانێتی كرد كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە. هاوپەیمانی نێوان عەبادی و سەدر وەكو چەقاندنی بزمارێك بوو لە تابوتی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرێك لە لایەنە ناڕەزاییەكانی عێراقی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان توشی شۆك كرد. لەكاتێكدا هێشتا پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستی پێنەكردووە، لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی دروستكردنی كوتلەی گەورەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق. موقتەدا سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 12ی ئایار تائێستا سێ هاوپەیمانێتی كردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت: یەكەم: هاوپەیمانی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە دووەم: هاوپەیمانێتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتی فەتح سێیەم: هاوپەیمانێتی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی النصر بەڵام پێناچێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ بەو ئاسانییە تێپەڕێت، بەپێی دەستوری عێراق پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەبێت بەم قۆناغانەدا تێپەڕی: قۆناغی یەكەم: كۆبونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێ و سوێندخواردنی ئەندامان قۆناغی دووەم: لە یەكەم دانیشتنی‌دا پەرلەمانی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێرن (سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران) قۆناغی سێیەم: دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان دەنگ دەدات لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار قۆناغی چوارەم: سەرۆك كۆمار دوای هەڵبژاردن و سوێندخواردنی لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت سەرباری ئەم رێوشوێنانە، پرسی درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان رەنگە هەندێك مشت‌ومڕ دروستبكات و كاتەكە درێژبكاتەوە، بەتایبەتیش كە ژمارەیەكی زۆر لە لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتدەكەنەوە و داوای دەستبەكاربونی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی نوێ دەكەن، ئەمەش بزمارێكی ترە كە لە تابوتی پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەدرێت. لەبەرامبەردا لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەوڵی ئەوە دەدەن بەر لە دەستبەكاربونی پەرلەمانی نوێ پرۆسەی ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی نوێ لەسەر بنەمای ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی پێكبێت، بەگوێرەی قسەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی داهاتوو پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەستپێدەكات. لایەنە كوردییەكان و ژماردنەوەی دەنگەكان سەرەتای ناڕەزایەتی لە ئەندامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هەرێمی كوردستانەوە دەستیپێكرد و دواتر پەڕییەوە بۆ ناوچەكانی تری عێراق. لە هەرێمی كوردستان شەش لایەن كە پێكدێت لە (بزوتنەوەی گۆڕان- یەكگرتووی ئیسلامی- كۆمەڵی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری - بزوتنەوەی ئیسلامی- حزبی شیوعی) ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن و داوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكەن. ئەم لایەنان بەتایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) لە دوای هەڵبژاردن ناڕەزایەتییەكانیان گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەكرد، بەڵام وردە وردە لەو بیرۆكەیە پاشەكشێیان كرد. لەبەرامبەردا هەریەكە لە (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان) هێندەی چاویان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقە هێندە بایەخ بە مشتومڕی ئەژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان نادەن. پارتی و یەكێتی بەبێ بانگهێشتكردنیان بۆ ناو هاوپەیمانییەكە، لەگەڵ راگەیاندنی هاوپەیمانێتی نێوان سەدر و هادی عامری بەشێوەیەكی خێرا پیرۆزباییان كرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریكردن تێیدا. بەم بارودۆخەوە پێناچێت ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان بەوشێوەیە بەڕێوەبچێت كە لایەنە ناڕازییەكان دەیانەوێت، رەنگە لە باشترین حاڵ‌دا ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەنگی چەند وێستگە و بنكەیەك بگرێتەوە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لەو ئەنجامانەدا دروست نەكات كە پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاندووە.
(درەو میدیا): شیردان شاكیری و گرانیت چاكا دوو یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویسران و بەرەگەز خەڵكی كۆسۆڤۆن، ئەم دوو یاریزانە لە یاری هەڵبژاردەی سویسرادا لە مۆندیالی روسیا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی سویسرا دوو گۆڵیان تۆماركرد و بە هێمای ئەلبانیا ئاهەنگیان گێڕا و ئەوەش حكومەتی سربیای توڕەو نیگەران كرد. یارییەكەی هەڵبژاردەی سویسرا و سربیا رۆژی هەینی رابردوو بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی سربیا بە گۆڵێك پێشكەوت، بەڵام دواتر سویسرا ئەنجامەكەی هەڵگێڕایەوە لە خولەكانی كۆتاییدا بە ئەنجامی 2-1 یارییەكەی بردەوە، شیردان شاكیری یاریزانی بەرەگەز كۆسۆڤۆیی گۆڵی بردنەوەی تۆماركرد و بەرەو هاندەرانی سربیا رۆیشت و هەردوو دەستی بە پێچەوانەی یەكرتەوە لەسەر سەنگی دانا و نیشانەی " هەڵۆی دووسەر" نیشانەی ئەلبانیا دروستكرد و پێش ئەویش چاكای هاوڕێی كە گۆڵی یەكەمی تۆماركرد و هەمان رەفتاریكرد. لە بەرامبەر ئەو كارەی ئەو دوو یاریزانە یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی " فیفا" بڕیاریدا هەریەك لە شاكیری و چاكا بە بڕی 10 هەزار فرەنكی سویسری " 10 هەزار دۆلار" و هاوڕێكەیان و كاپتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویسرا شتیڤان لیختشتاینەر بە بڕی پێنج هەزار دۆلار غەرامەبكات. دوای ئەم بڕیارەی فیفا، لە كۆسۆڤۆ هاوسۆزی و پشتیوانی زۆر بۆ ئەو یاریزانانە دەبڕدا و سایتێكی ئەلیكترۆنی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆیان دانرا و لەماوەی 24 كاتژمێردا 12 هەزار یۆرۆ كۆكرایەوە. بایرام حەسانی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كۆسۆڤۆ یەكەمین كەس بوو بە موچەی مانگێكی ( 1500 یۆرۆ) بەشداری كۆكردنەوەی هاوكاری كرد بۆ ئەو سێ یاریزانە و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكانی كۆسۆڤۆ وتی:" ئەوان تەنها لەسەر ئەوەی رەگ و ریشەی خۆیان لە بیر نەكردووە سزادراون، ئەوان ئەوەیان لە بیر نەكردووە كە لە كوێوە هاتوون، بە پارە قەرەبووی ئەو خۆشیە ناكرێتەوە كە چاكا و شاكیری بە ئاهەنگێڕان لەگەڵ دروشمی هەڵۆ بۆ ئێمەیان هێنا". شاكیری ساڵی 1991 لە كۆسۆڤۆ لەدایكبووە، لە تەمەنی یەك ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا چووتە سویسرا، چاكاش ساڵی 1992 لە خێزانێكی كۆسۆڤۆیی لە سویسرا لەدایكبووە، و براكەی تولانت دوای یاریكردنی بۆ هەڵبژاردەی سویسرای خوار تەمەن 21 ساڵ چووە ریزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەلبانیاوە. كۆسۆڤۆ دەكەوێتە باكوری ئەلبانیا و زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمانن، ساڵی 1998 هەڵمەتی جیابوونەوەی لە سربیا دەستپێكرد و سربیاش هەوڵەكانی سەربەخۆیی بە هێز سەركوتكرد، ئەوەش پەیمانی ناتۆی ناچاركرد لە ئازاری 1998 دەستوەردان بكات و هێرشی ئاسمانی بكاتە سەر بەلگرادی پایتەختی سربیا و دوای 78 رۆژ حكومەتی سربیا هێزەكانی لە كۆسۆڤۆ كشاندەوە. لە ساڵی 2008 كۆسۆڤۆ سەربەخۆیی وەرگرت و بووە ئەندامی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام تا ئێستا لە لایەن سربیا و پێنج وڵاتی یەكێتی ئەوروپا روسیا و چینەوە دانی پێدانەنراوە.
(درەو میدیا): سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كابینەی نوێی حكومەتی توركیا گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بە گوێرەی راپۆرتێكی سایتی " turkpress" كابینەی نوێی حكومەتی توركیا لە 14 وەزارەت پێكدێت و لەبەرامبەر كەمكردنەوەی وەزارەتەكاندا چەند دەست و ئەنجومەن و نوسینگەیەكی نوێ پێكدەهێنرێت. پەیكەری سیستمی سەرۆكایەتی توركیا لە 16 وەزارەت و 4 نوسینگە و نۆ دەستە و هەشت ئەنجومەن و سەرۆكایەتی پێكدێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمار جێگرەكانی و وەزیرەكانی حكومەتەكەی لە دەرەوەی پەرلەمان دیاریدەكات و رێوشوێنی كاری سیستمی سەرۆكایەتی بەمشێوەیەیە: • چوار نوسینگە پێكدەهێرنێت كە ئەمانەن: نوسینگەی دارایی، نوسینگەی سەرچاوە مرۆییەكان، نوسینگەی تەكنۆلۆژیا و نوسینگەی وەبەرهێنان، هەرچوار نوسینگەكە راستەوخۆ پەیوەستن بە سەرۆك كۆمارەوە و رۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بوارەكانی وەبەرهێنان و بودجە و سەرچاوە مرۆییەكان، هەروەها راوێژكارەكانی ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغانیش كە ژمارەیان 36 راوێژكارە لەگەڵ چەندین كەسی تردا لەم چوار نوسینگەیەدا كاردەكەن. • نۆ دەستەش دادەمەزرێنرێن و راستەوخۆ سەربە سەرۆكایەتی كۆمار دەبن و ئەركەكانیان بریتییە لە پێشكەشكردنی پێشنیاز لە بوارەكانی زانست، تەندروستی، پەروەردە و فێركردن، خۆراك و ئابوری ، ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی دوورمەودا، یەكێم لە دەستەكان دەستەی ستراتیژی و بودجەیە كە لە نزیكەوە چاودێری بودجە دەكات و بەدواداچوون بۆ كاریگەری بڕیارە ئابورییەكانی بانكی ناوەندی و دەسەڵاتە باڵاكان دەكات لەسەر بودجەی گشتی وڵات. • گرنگترین ئەو ئەنجومەنانەشی كە لە سیستمی سەرۆكایەتی توركیادا دادەمەزرێنرێن، ئەنجومەنی سیاسیەتی ئابورییە كە وەك دەستەیەكی ئابوری بەهێز پێشنیاز و ستراتیژی خۆی راستەوخۆ پێشكەشی سەرۆك كۆمار دەكات. هەروەها ئەنجومەنی ئاسایش و سیاسەتەكانی دەرەوەش دادەمەزرێنرێت كە ئەركی داڕشتنی سیاسەتی نوێیە بۆ بەرەوپێشبردن و بەرزركردنەوەی ئاستی توركیا لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا.
(درەو میدیا): بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران و تەواونەبونی نیسابی یاسایی دانیشتنەكە دواخرا. سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان داوای لە لیژنەی یاسایی و لیژنەی بەدواداچونی ڕاستیەکان كرد سبەی یان دوو سبەی بۆ کاتی دانیشتن دیاریی بكەن. هەوڵی پەرلەمانی عێراق بۆ كۆبوونەوە لە كاتێكدایە ڕۆژی شەممە دوا ڕۆژی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە و خولی یاسایی پەرلەمان كۆتایی دێت.