(دره‌و): له مانگی سێ‌دا، له سلێمانی مانگرتن بۆ موچه‌ی مانگی دوو ده‌ستیپێكرد، حكومه‌ت بڕیاریداوه تا به‌غداد هه‌موو پاره‌ی موچه نه‌نێرێت، ده‌ست به دابه‌شكردنی موچه نه‌كات، یه‌كێتیی دژی ئه‌م بڕیاره‌یه، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێ بڕی (374 ملیار) دینار كورتهێنانی هه‌یه بۆ خه‌رجی موچه. به‌هۆی دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچه‌وه، له‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی ده‌وامیان راگرتووه. له‌دواین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا كه رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، حكومه‌ت بڕیاریدا ده‌ست بۆ ئه‌و پاره‌یه نه‌بات كه وه‌زاره‌تی دارایی عێراق خستویه‌تیه سه‌ر ژماره حسابی حكومه‌تی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بڕیاریداوه خۆی په‌یوه‌ندی به محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه بكات بۆئه‌وه‌ی بڕی ته‌واوه‌تی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت. بڕیاری حكومه‌ت بۆ راگرتنی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی موچه به‌و بڕه پاره‌ی كه به‌غداد ناردویه‌تی، ناكۆكی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی دروستكردووه، یه‌كێتیی ده‌ڵێ ئێمه له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی موچه‌داین، وه‌زیری دارایی‌ش كه سه‌ربه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه ره‌تیده‌كاته‌وه له كۆبونه‌وه‌ی حكومه‌تدا وه‌زیره‌كانی یه‌كێتیی دژی دواخستنی دابه‌شكردنی موچه بووبن. دوێنێ وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم وتی: بە هەر رێگەیەک بێت بەمنزیکانە موچە دابەشده‌كرێت". وه‌زیری دارایی عێراق چه‌ندجارێك هۆشداری به حكومه‌تی هه‌رێم داوه بۆ موچه‌ی مانگی سێ، به‌بێ كردنه‌وه‌ی ژماره حسابی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له بانكه فیدراڵییه‌كان چیتر پاره بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نانێرێت. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كه رۆژی 21ی شوبات به بڕیارێك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ندكردووه به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدات له‌رێگه‌ی بانكه فیدراڵییه‌كانه‌وه، چه‌ندرۆژی رابردوو بڕیارێكی تری ده‌ركردووه‌و وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی پابه‌ندكردووه، تا ئه‌وكاته‌ی پرۆسه‌ی كردنه‌وه‌ی ژماره حسابییه‌كان ته‌واو ده‌بێت، ده‌بێت به‌شێوه‌ی كاش پاره بۆ فه‌رمانبه‌ران بنێریت. چەند رۆژێکە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (560 ملیار) دیناری موچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشی ناکات دەڵێت کورتهێنانی (374) ملیار دینارمان هەیەو دەبێت بەغداد بینێرێت، ئەوکات دەستبەدابەشکردنی موچە دەکەین. زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی رابردوودا تێپه‌ڕده‌بێت، هێشتا دەستنەکراوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات.
(دره‌و): "موچه‌ی مانگی ئازاری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج ناكه‌ین تا پرۆسه‌ی به نیشتمانیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌واو نه‌بێت" له نوسراوێكدا بۆ دادگای فیدراڵی، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق وا ده‌ڵێ. وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ئه‌مڕۆ فه‌رمانیداوه بڕی زیاتر له 130 ملیار دینار بۆ موچه‌ی خانه‌نشیان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیی له هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكرێت. وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ سێ نوسراوی سێ نوسراوی ئاڕاسته‌ی یه‌كه‌ی سیسته‌می پێدانی پاره له وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كردووه، له یه‌كێك له نوسراوه‌كاندا داوا ده‌كات به فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیران و به ره‌زامه‌ندی وه‌زیری دارایی و له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری دادگای فیدراڵی، بڕی زیاتر له (10 ملیار) دینار بخاته‌سه‌ر حسابی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خه‌رجكردنی شایسته‌ی دارایی خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی. له نوسراوی دووه‌میشدا داوا ده‌كات زیاتر له (119 ملیار) دینار بخاته‌سه‌ر حسابی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو شایسته‌ی خانه‌نشینانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی. له نوسراوی سێیه‌مدا بری زیاتر له (859 ملیۆن) دیناری ته‌رخانكردووه بۆ شایسته‌ی دارایی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراون و گرێبه‌سته‌كان له هه‌رێمی كوردستان. وه‌زاره‌تی دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌م بڕه پارانه ته‌نیا بۆ موچه‌ی مانگی شوباته. له نوسراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ، دادگای فیدراڵی ئاگاداركردوه‌ته‌وه له‌وه‌ی، موچه‌ی مانگی شوبات بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی میكانیزمی به‌نیشتمانیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێویستی به‌كاته، ئه‌م پاره‌یه ته‌نیا بۆ مانگی شوبات ده‌بێت و موچه‌ی مانگی ئازار بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نانێرێت تا ئه‌وكاته‌ی پێداویستییه‌كانی به نیشتمانیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه ته‌واو ده‌كرێت. واتا تا ئه‌و كاته‌ی پرۆسه‌ی كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له بانكه فیدراڵییه‌كان ته‌واو ده‌بێت. رۆژی 21ی شوبات، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و سكاڵایانه‌ی له‌باره‌ی موچه‌وه تۆماركرابوون، بڕیاریدا به‌وه‌ی له‌مه‌ودوا حكومه‌تی فیدراڵی عێراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدات، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی حساب بانكییه‌وه له بانكه فیدراڵییه‌كان، به‌م بڕیاره دادگا ده‌سه‌ڵاتی پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرته‌وه. وه‌زاره‌تی دارایی عێراق به‌رپرسیارێتیی یاسایی له دروستی زانیاری و تۆماری موچه‌خۆران له‌به‌رده‌م ده‌سته‌كانی چاودێریكردندا، ده‌خاته ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هه‌ر له‌و نوسراوه‌دا، وه‌زاره‌تی دارایی داوا له كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" ده‌كات زانیاری پێبدات له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا هه‌رێمی كوردستان تا چه‌ند پابه‌ندبووه به جێبه‌جێكردنی مادده‌كانی (11) و (12)ی یاسای بودجه، سه‌باره‌ت به بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراو و راده‌ستكراو له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه به‌شێوه‌ی مانگانه. به‌پێی یاسای بودجه، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه بڕی (400 هه‌زار) به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات و له‌رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه بیفرۆشێت، داهاتی ئه‌م نه‌وته‌ش راسته‌وخۆ بگه‌ڕێته‌وه بۆسه‌ر ژماره حسابی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له بانكی ناوه‌ندیی. یاسای بودجه‌ی عێراق ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاو گرتووه كه له 25ی ئازاری 2023وه به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان راوه‌ستاوه، بۆیه هه‌رێمی پابه‌ندكردووه به‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌كردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستی پێنه‌كرده‌وه، ده‌بێت هه‌رێم رۆژانه ئه‌و (400 هه‌زار) به‌رمیله راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ، دوای به‌ركاربوونی یاسای بودجه له كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك حكومه‌تی هه‌رێم بڕی (85) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی راده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ش راوه‌ستاو به‌هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌كه‌ی بۆ هه‌رێم دابین نه‌ده‌كرد. ده‌قی نوسراوه‌كان:
(دره‌و): به‌پێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌ئێستاوه هه‌ر وه‌زاره‌ت یان فه‌رمانگه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق مامه‌ڵه بكات بۆ گواستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی بۆسه‌ر بانكه‌كانی عێراق، خه‌رجی موچه‌كه له پشكی هه‌رێم له یاسای بودجه‌دا ده‌بڕدرێت. له‌سه‌ر سكاڵایه‌ك كه سێ هاوڵاتی كورد به‌ناوه‌كانی (عه‌داله‌ت ره‌حیم محه‌مه‌د- بوخاری جه‌میل عه‌لی- حه‌یده‌ر محه‌مه‌د عوسمان) تۆماریانكردبوو، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا له‌سه‌ر چاره‌نوسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان. سكاڵاكاره‌كان سكاڵاكه‌یان له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵی عێراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردبوو، تێیدا داوایان له دادگای فیدراڵی كرد بڕیارێكی سالاریی (ولائی) ده‌ربكات بۆ ناردنی شایسته داراییه‌كان و شایسته‌كانی تری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگه‌كانی (ته‌موزو ئابی 2023)، هه‌روه‌ها ناكۆكی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان یه‌كلابكاته‌وه كه بووه‌ته هۆی جێبه‌جێ نه‌بوونی یاسای بودجه، هه‌روه‌ها داوایان له دادگا كرد هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه پابه‌ند بكات به پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سكاڵایه، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا به: • پابه‌ندكردنی هه‌ریه‌كه له سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی (فه‌رمانبه‌ری سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاكان و لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ری لایه‌نه حكومییه‌كانی تر‌و خانه‌نشینان و سودمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی) له‌و بانكه حكومییه فیدراڵییانه‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن. • پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له پشكی هه‌رێمی كوردستان ببڕدرێت كه له یاسای بودجه‌دا هاتووه. • هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان ناویان هێنراوه هه‌روه‌ها فه‌رمانگه لاوه‌كییه‌كانی تری هه‌رێم هه‌ماهه‌نگیی راسته‌وخۆ بكه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ جێبه‌جێكردنی گواستنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆسه‌ر بانكه فیدراڵییه‌كان، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان. • پێویسته له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بانكه‌كانی سه‌ربه حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ئاسانكاری بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و گرتنه‌به‌ری سه‌رجه‌م رێگا پێویسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان سودمه‌ند ببن له موچه‌كانیان، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی ئه‌و په‌نجه‌ره بانكییانه‌ی كه له هه‌رێم هه‌ن یان ئه‌و بانكانه‌ی كه له هه‌رێم كراونه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه مۆڵه‌تیان پێدراوه. • به‌رپرسی باڵای ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه ناویان هێنراوه له وه‌زاره‌ت و لایه‌نه نه‌به‌ستراوه‌كان به وه‌زاره‌ت و سه‌رجه‌م پێكهاته حكومییه‌كان به‌رپرسن له دروستیی ئه‌و داتایانه‌ی كه ره‌وانه ده‌كرێن سه‌باره‌ت به ژماره‌و پله‌و بڕی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی حساب بانكی بۆیان له بانكه فیدراڵییه‌كان و ده‌بێت له‌لایه‌ن ئه‌و به‌رپرسه باڵایانه‌وه ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌و داتایانه بكه‌ن. • ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پاره‌دار بكات دوای ئه‌وه‌ی حساب بانكییان له بانكه‌كانی عێراق بۆ ده‌كرێته‌وه، نابێت ئیتر به قه‌رز پاره‌یان بۆ بنێرێت. • هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه له بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا له هه‌رێمی كوردستان ناویان هێنراوه پابه‌ندده‌كرێن به پێشكه‌شكردنی (میزان مراجعه)ی مانگانه له‌و واده‌ی كه فه‌رمانگه‌ی ژمێریاری له وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ له مانگی دواتردا دیاری ده‌كات له‌كاتی داواكردنی پاره هاوشێوه‌ی وه‌زاره‌تی فیدراڵییه‌كان. • پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته نه‌وتیی و نانه‌وتییه‌كانی به حكومه‌تی فیدراڵ (خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت)، به‌گوێره‌ی یاسای ئیداره‌ی دارایی فیدراڵ، به‌و مه‌رجه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی له‌و داتایانه بكات كه تایبه‌تن به‌و داهاتانه‌وه، ئه‌مه پشتبه‌ست به حوكمه‌كانی مادده‌ی (12)ی یاسای ژماره (13)ی ساڵی 2023ی بودجه‌ی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵه‌كانی (2023-2024-2025). • پابه‌ندكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم وردبینی بكه‌ن له‌و حساب بانكییانه‌ی كه بۆ هه‌رێم ده‌كرێنه‌وه له بانكی ناوه‌ندیی هه‌روه‌ها وردبینی بكرێت بۆ لیستی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و سوندمه‌ندانی تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان. • ئه‌م حوكمه به ته‌وافوقی ته‌واو ده‌رچووه‌و سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان پابه‌ند ده‌كات.
(دره‌و): به‌هۆی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و سنورداریی كاركردنی بانكه‌كه له عێراق، بانكی ناوه‌ندیی عێراق مۆڵه‌تی كاركردنی گه‌وره‌ترین بانكی ئێرانی له به‌غداد هه‌ڵوه‌شانده‌وه، كه بانكی نیشمانی ئێران "میللی"ه، ئه‌مه به‌گوێره‌ی هه‌واڵی ئاژانسی (رۆیته‌رز). رۆیته‌رز ده‌ڵێ: ئه‌م بڕیاره له نوسراوێكدا هاتووه كه رۆژی 31ی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه ده‌رچووه. له نوسراوه‌كه‌دا هاتووه" له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و زیانه‌ی كه لقی بانكه‌كه‌تان له عێراق به‌ریكه‌وتووه‌و چالاكییه‌كانی سنوردار بووه‌و توانای جێبه‌جێكردن یان فراوانكردنی چالاكی بانكیی نییه‌و... خراوه‌ته لیستی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه، بۆیه بڕیارماندا مۆڵه‌ته‌كه‌تان هه‌ڵوه‌شێنینه‌وه". له ساڵی 2018دا، وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مرییكا سزای به‌سه‌ر بانكی میللی ئیران‌دا سه‌پاندو تۆمه‌تباری كرد به‌وه‌ی سوپای پاسداران به‌كاریده‌هێنێت بۆ دابه‌شكردنی پاره به‌سه‌ر گروپه چه‌كداره شیعه‌كانی عێراقداو بوونی ئه‌م بانكه‌ی له عێراق بۆ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه ناوبرد. حكومه‌تی عێراق كه بڕی زیاتر له (100 ملیار) دۆلاری له بانكی فیدراڵی ئه‌مریكادایه، به‌م هه‌نگاوه ده‌یه‌وێت نیازپاكی خۆی بۆ واشنتۆن ده‌ربخات، ئه‌مه بۆ گره‌نتیكردنی ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وتی عێراق كه ده‌چێته ئه‌مریكا روبه‌ڕووی سزا‌و بلۆككردن نه‌بێته‌وه. به‌مدواییه حكومه‌تی عێراق هه‌شت بانكی بازرگانیی ناوخۆیی له مامه‌ڵه‌كردن به دۆلاری ئه‌مریكی قه‌ده‌غه‌كرد، سه‌رباری ئه‌مه هه‌ندێك رێوشوێنی تری گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ سنورداركردنی پرۆسه‌كانی شتنه‌وه‌ی پاره‌و به‌كارهێنانی نایاسایی دۆلاری ئه‌مریكیی، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه كه وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا پێشوازی لێده‌كات. به‌پێی قسه‌ی به‌رپرسانی عێراقی و ئه‌مریكی، له ساڵی رابردوودا حكومه‌تی عێراق 14 بانكی له مامه‌ڵه‌كردن به دۆلار قه‌ده‌غه‌كردووه، ئه‌مه له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراواندایه بۆ رێگریكردن له به‌قاچاخبردنی دۆلاری عێراق بۆ ئێران له‌رێگای سیسته‌می بانكیی عێراقه‌وه، عێراق له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته جێبه‌جێ ده‌كات.
(درەو): 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی كانونی دووەمی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8ملیار‌و 025ملیۆن و 616 هەزار) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (103ملیۆن و 508ھەزارو 438) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 338ھەزارو 982) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (77.5) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. داهاتی نەوتی عێراق ساڵی رابردوو
(دره‌و): له عێراق هه‌ر كه‌سێك ساڵانه بڕی 120 كیلۆ خۆراك وه‌كو پاشماوه فڕێده‌دات، كه‌چی به‌م حاڵه‌شه‌وه ساڵانه زیاتر له (760) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، ئه‌مه به‌گوێره‌ی دوو راپۆرت كه گۆڤارێكی تایبه‌تمه‌ندی ئه‌مریكی له بواری داتاكاندا. گۆڤاری CEOWORLDی ئه‌مریكی كه له‌بواری داتا كارده‌كات، دوو راپۆرتی نوێی بڵاوكرده‌وه، راپۆرتی یه‌كه‌م له‌باره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌یه كه (زۆرترین و كه‌مترین رێژه‌ی مردنیان به‌هۆی به‌دخۆراكی)یه‌وه هه‌یه، راپۆرتی دووه‌میش له‌سه‌ر (ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین خۆراك فڕێ ده‌ده‌ن). به‌پێی راپۆرتی تایبه‌ت به داتای فڕێدانی خۆراك له وڵاتان، له‌كۆی نزیكه‌ی 200 وڵاتی جیهان، عێراق له ریزبه‌ندی شه‌شه‌مدایه‌و پێش هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه كه‌وتووه. به‌پێی راپۆرته‌كه، خۆراكی فڕێدراو له عێراق رێژه‌ی نزیكه‌ی 40%ی ئه‌و پاشماوانه پێكده‌هێنێت كه هاوڵاتیانی عێراقی فڕێی ده‌ده‌ن، واتا له كۆی (11 ملیۆن) پاشماوه كه ساڵانه له عێراق تۆمارده‌كرێت، زیاتر له (4 ملیۆن) ته‌نی پاشماوه‌ی خۆراكه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، هه‌ر هاوڵاتییه‌كی عێراقی ساڵانه نزیكه‌ی (120 كیلۆ) خۆراك فڕێ ده‌دات، ئه‌م بڕه بۆ هه‌ر رۆژێك ده‌كاته زیاتر له 300 گرام خۆراكی فڕێدراو بۆ هه‌ر تاكه كه‌سێك (واتا هه‌ر تاكێكی عێراقی رۆژانه زیاتر له چاره‌كه كیلۆیه‌ك خۆراك بڕێده‌دات). ئه‌م به‌هه‌ده‌ردانه زۆره‌ی خۆراك له كاتێكدایه، به‌پێی داتایه‌كی تر كه هه‌مان گۆڤاری ئه‌مریكی له‌باره‌ی رێژه‌ی مردن به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئاماده‌یكردووه، ده‌ریده‌خات عێراق له‌رێژه‌ی مردن به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه له‌كۆی 193 وڵات له ریزبه‌ندی 110دایه. به‌گوێره‌ی داتاكه، له عێراق له‌كۆی هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێك (1،77) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه ده‌مرن، ئه‌مه به‌واتای ئه‌وه دێت له عێراق ساڵانه زیاتر له (760) كه‌س به‌هۆی به‌دخۆراكییه‌وه ده‌مرن.
درەو: ماوەی (40) رۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی رابردوودا تێپەڕ دەبێت و هێشتا وادەی دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دیاری نیە. دوایین موچە لە رۆژی (16/12/2023) موچەی مانگی ئەیلولی 2023 دابەشكرا، لە ئێستادا (40) رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو وادەیەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی ناردنی (618) ملیار دیناری بەغدایە بۆ دابەشكردنی موچە. حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە موچەی ساڵی 2023ی دابەشكردووە • موچەی مانگی یەك لە 6/2/2023 دوای (33) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی دوو لە 8/3/2023 دوای (33) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی سێ لە 6/4/2023 دوای (26) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی چوار لە 14/5/2023 دوای (38) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی پێنج لە 24/6/2023 دوای (40) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی شەش لە 3/8/2023 دوای (40) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی حەوت لە 25/9/2023 دوای (52) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی هەشت لە 4/11/2023 دوای (39) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی نۆ لە 13/12/2023 دوای (40) رۆژ دابەشكردووە • موچەی مانگی دە: • موچەی مانگی یانزە: • موچەی مانگی دوانزە: حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگەكانی (10 ، 11 ، 12)ی 2023ی دابەشنەكردوو خستیە ئەستۆی بەغداد، بڕیارە بڕی (618) ملیار دینارەكەی بەغداد بۆ موچەی مانگی یەكی (2023) خەرج بكات. رۆژی 21ی ئەم مانگە، تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵ لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوووە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان وەزیری دارایی فیدراڵ وتی: ئەو 618 ملیار دینارەی وەكو خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە لە بودجەی فیدراڵ دیاریكراوە، بەردەوامدەبێت، بەڵام بەمەرجێك هەرێم پابەند بێت بە ناردنی زانیاری تەواوی لیستی ناوی موچەخۆران و بڕی موچەكانیان و دەرماڵە و لێبڕینەكان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. لەگەڵ ئەوەی ئەو (618) ملیار دینارەی بڕیارە بەشی خەرجی موچە ناكات كە لە ئێستادا بۆ موچەی موچەخۆران بڕی نزیكەی (940) ملیار دینار پێویستە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجییەكانی پشت بە چەند سەرچاوەیەكی داهات دەبەستێت: • پارە بەغداد: 618 ملیار دینار • داهاتی ناوخۆ: 320 ملیار دینار • پارەی هاوپەیمان: 23 ملیار دینار ( لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار كەمكراوەتەوە) • كۆی گشتی: 961 ملیار دینار بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان : • لە داهاتی ناوخۆ كە بە (320) ملیار دینار دیاریكراوە، مانگانە (170 - 200 ملیار دیناری كاشەو دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت، خۆ ئەگەر (200) ملیاریش دیاری بكرێت ئەوا بە پارەی بەغدا و هاوكاری هاوپەیمانانەوە دەكاتە (843) ملیار دینار. • خەرجی وەزارەتەكان و دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی مانگانە پێویستی بە (167) ملیار دینار كە لە (200) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ خەرجدەكرێت، واتا بە لێكدانەوەی ژمارە فەرمییەكانی وەزارەتی دارایی داهاتی كاشی مانگانە (200) ملیار دینارەو (167) ملیار دیناری بۆ خەرجی وەزارەتەكان دەڕوات واتا (33) ملیار دیناری دەمێنێتەوە. • بەپێی ژمارە فەرمییەكانی وەزارەتی دارایی بێت داهات بەم شێوەیە دەبێت: - پارەی بەغداد: 618 ملیار دینار - داهاتی ناوخۆ دوای لێدەركردنی خەرجی وەزارەتەكان: 33 ملیار دینار - پارەی هاوپەیمانان: 23 ملیار دینار - كۆی داهات: 841 ملیار دینار بەڵام داهاتی ناوخۆ یەك مانگ نیەو تا دابەشكردنی موچە نزیك دەبێتەوە لە (2) مانگ، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی دابەشكردنی موچە درێژبكاتەوە. لەماوەی (2015 - 2023) حكومەی هەرێمی كوردستان: 27ترلیۆن و 580ملیار‌و 365ملیۆن دینار قەرزاری موخۆرانە موچەی نەدراو: 15 موچە موچە لێبڕاوەكان: 44 موچە لەكۆی (108) مانگ (59) مانگ موچەی موچەخۆران لێی بڕاوەو نەدراوە تەنیا (49) مانگ موچە دراوە بەتەواوەتی سەرەرای راگرتنی بەرزە موچەی موچەخۆران
(دره‌و): ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕی (615 ملیار) دیناری وه‌كو پشكی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له یاسای بودجه‌دا دیاریكرد، به‌م بڕه پاره‌یه حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه نزیكه‌ی 300 ملیار دینار كورتهێنانی ده‌بێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی خه‌رجی موچه. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی خۆیدا بڕیاریدا مانگانه (615 ملیار) دینار بۆ موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت تا ئه‌وكاته‌ی هه‌مواری یاسای بودجه له په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێت. ئه‌م بڕه پاره‌ی كه هاوكات وه‌كو خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ناو بودجه دیاریكراوه‌و له هه‌مواری بودجه‌دا په‌سه‌ند ده‌كرێت، وه‌كو سولفه به حكومه‌تی هه‌رێم ده‌درێت نه‌ك وه‌كو قه‌رز، تا ئه‌وكاته‌ی هه‌مواری یاسای بودجه له په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێت. له‌دوای به‌ركاربوونی یاسای بودجه له كۆتایی حوزه‌یرانی 2023، ئه‌مه جاری دووه‌مه عێراق له‌بری قه‌رز، سولفه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرێت، سولفه‌ی یه‌كه‌م بڕه‌كه‌ی (598 ملیار) دینار بوو، وه‌كو پشكی هه‌رێم له یاسای بودجه بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران. حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه بۆ خه‌رجی موچه پێویستی به (913 ملیار) دیناره، ئه‌گه‌ر به‌م بڕه پاره‌یه قایل بێت مانگانه بڕی نزیكه‌ی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی ده‌بێت. ئه‌م بره پاره‌یه بۆ موچه‌ی (682 هه‌زار) موچه‌خۆری هه‌رێمی كوردستانه كه ده‌كاته 12،67%ی تێكڕای خه‌رجی موچه له یاسای بودجه‌دا.
(دره‌و): ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان ته‌مویلكردنی بانكه بازرگانییه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی له‌رێگه‌ی لقی سلێمانی بانكی ناوه‌ندیی هه‌رێمه‌وه راده‌گرێت، بۆ له‌مه‌ودوا بانكه‌كانی سلێمانی ده‌بێت بۆ پاره بچن بۆ هه‌ولێر. به‌گوێره‌ی نوسراوێك رۆژی 7ی ئه‌م مانگه مه‌ولود سابر عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكه بازرگانییه‌كانی هه‌رێم ئاڕاسته‌ی بانكه بازرگانییه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی كردوه‌و كۆپییه‌كی ده‌ست (دره‌و) كه‌وتووه، ته‌مویلكردنی سه‌رجه‌م بانكه‌كان راسته‌وخۆ له ئه‌ژمێری سه‌ره‌كی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ده‌بێت له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانكه بازرگانییه‌كان له هه‌ولێرو هیچ بڕه پاره‌یه‌ك ته‌مویلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانكی ناوه‌ندی هه‌رێم له سلێمانی ناكرێت و به‌پێچه‌وانه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری بانك به‌رپرسیار ده‌بێت". به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه بازرگانییه‌كان ئه‌م نوسراوه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای نوسراوێك كردووه كه رۆژی 17ی كانونی یه‌كه‌می 2023 نوسینگه‌ی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی ئاڕاسته‌ی كردووه‌و تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات" پاڵپشت به یاسای وه‌زاره‌ت و مامه‌ڵه‌كردنی راسته‌وخۆی بانكه‌كان له‌رێگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی بانكه بازرگانییه‌كان، ته‌مویلكردنی بانكه بازرگانییه‌كان راسته‌وخۆ له‌رێگه‌ی ئه‌ژماری وه‌زاره‌تمانه‌وه ده‌بێت له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانكه بازرگانییه‌كان، هیچ بڕه پاره‌یه‌ك ته‌مویلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بانكی هه‌رێم له سلێمانی ناكرێت". له سنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر 36 بانكی بازرگانی هه‌ن كه ته‌مویلی خۆیان له لقی سلێمانی بانكی هه‌رێم وه‌رگرتووه، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه ئیتر بۆ وه‌رگرتنی ته‌مویلی خۆیان ده‌بێت بچن بۆ هه‌ولێر. كۆی خه‌رجی سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان مانگانه بڕی (416 ملیار) دیناره، له‌مه بڕی (370 ملیار) دیناری به‌ته‌نیا بۆ خه‌رجی موچه‌یه كه بانكه بازرگانییه‌كان دوای ته‌مویلكردنیان بۆ موچه‌خۆرانی خه‌رج ده‌كه‌ن. له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، چه‌ند جارێك وه‌زیری دارایی چوته ناو كێشمه‌كێش له‌گه‌ڵ لقی سلێمانی بانكی هه‌رێم، به‌تایبه‌تیش له‌كاتی دروستتبوونی قه‌یرانی نه‌ختینه‌ی دارایی كه گرفتی بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران دروستكرد، به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌وه دواجار گۆڕانكاری له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كه‌دا كرا.
(دره‌و): گه‌شتكردنی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ سویسرا، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقی له رۆژی سێ شه‌ممه‌وه خسته سبه‌ینێ، بڕیاره كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێ هه‌مواری یاسای بودجه‌ی تێدا په‌سه‌ند بكرێت و چاره‌نوسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمیش بۆ ئه‌م مانگه یه‌كلابكرێته‌وه. باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ئاشكرایكرد، له‌بری سێ شه‌ممه، دانیشتنی ئه‌م هه‌فته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خراوه‌ته سبه‌ینێ. له هه‌رێمی كوردستان دانیشتنی ئاسایی حكومه‌ت له رۆژانی چوارشه‌ممه‌دایه، به‌ڵام له عێراق حكومه‌ت رۆژانی سێ شه‌ممه كۆده‌بێته‌وه، به‌هۆی به‌شداریكردنی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له كۆڕبه‌ندی ئابوری جیهان له شاری داڤۆس سویسرا، له‌بری سێ شه‌ممه، حكومه‌تی عێراق سبه‌ینێ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ده‌كات. بڕیاره له كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێدا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه په‌سه‌ند بكات به‌مه‌به‌ستی ره‌وانه‌كردنی په‌رله‌مان، هه‌مواری پرۆژه‌یاسای بودجه به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر خواستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، چونكه حكومه‌تی هه‌رێم به پشكی خۆی له بودجه‌كه‌دا قایل نییه‌و داوا ده‌كات خه‌رجی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به به‌تێكڕا له یاسای بودجه‌دا بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (906 ملیار) دیناری بۆ ته‌رخانكراوه، له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق بهێنرێته ده‌ره‌وه‌و بخرێته‌سه‌ر خه‌رجی حاكیمه، ئه‌مه‌ش بۆ به‌دورگرتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له هه‌ر هه‌ڵبه‌زو دابه‌زێكی پشكی هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا. سه‌رباری په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه، پێشبینی ده‌كرێت له كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینیدا بڕیار له‌سه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك بدرێت بۆ خه‌رخی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ مانگێك تێپه‌ڕی به‌سه‌ر دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (9)ی 2023ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له 2023دا سێ موچه‌یان فه‌وتاوه، چاره‌نوسی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌شیان نادیاره، ئه‌وانه‌ی ئاگادارن و (دره‌و) قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردون باسله‌وه ده‌كه‌ن ئه‌مجاره حكومه‌تی عێراق له‌بری (قه‌رز) ده‌یه‌وێت (سولفه) به هه‌رێمی كوردستان بدات بۆ موچه، ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی دواتر‌و پاش په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای بودجه له په‌رله‌مان، له پشكی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له خه‌رجی حاكیمه‌دا ببڕدرێت.
(دره‌و): وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غداده‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، بڕیاره وه‌فده‌كه هه‌فته‌ی داهاتوو جارێكی تر بگه‌ڕینه‌وه بۆ به‌غداد. له‌دوای گه‌ڕانه‌وه، ئه‌ندامانی وه‌فدی هه‌رێم خۆیان له هه‌ر جۆره قسه‌و لێدوانێك له‌باره‌ی كرۆكی دانوستانه‌كه‌یان ده‌پارێزن، ئه‌و دوو رۆژه‌شی كه له به‌غداد بوون، هیچ قسه‌یه‌كیان بۆ میدیاكان نه‌كردووه. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له په‌رله‌مانی عێراق به (دره‌و)ی راگه‌یاند، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی نیشان داوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌رجی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عێراقدا له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی راسته‌قینه‌دا بمێنێته‌وه، به‌ڵام خه‌رجی موچه‌ی موچه‌خۆران (موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران- خانه‌نشینان- پێشمه‌رگه) كه به تێكڕا بۆ ساڵێك له بودجه‌دا به بڕی (10 ترلیۆن و 867 ملیار) دیناره دانراوه و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (906 ملیار) دیناره، بخرێته ناو خه‌رجی حاكیمه‌وه. به‌پێی زانیارییه‌كان، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بیرۆكه‌یه‌كی هه‌یه هاوشێوه‌ی خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، خه‌رجی موچه‌ی عێراقیش به‌هه‌مانشێوه بخرێته چوارچێوه‌ی خه‌رجی حاكیمه‌وه (تێكڕای خه‌رجی موچه‌ی عێراق له یاسای بودجه‌دا بڕی 76 ترلیۆن دیناره). خەرجی حاكیمە ئه‌م جۆره خه‌رجیانه ده‌گرێته‌وه: • كارتی كۆبوونی خۆران • خەرجی كشێه‌ی ناكۆكی موڵكایه‌تیی • دەرمان • پاڵپشتی گەنم و جۆ • هاوردەكردنی وزە • سەرژمێری دانیشتوان • خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كه بۆ سێ ساڵه (2023-2024-2025) له كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023 كه‌وته بواری جێبه‌جێكردن، یاساكه پشكی هه‌رێمی كوردستانی له‌چوارچێوه‌ی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق دیاریكردووه، له‌گه‌ڵ به‌ركاربوونی یاساكه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم بۆی ده‌ركه‌وت پشكی مانگانانه‌ی زۆر كه‌متره له‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی كردووه، به‌تایبه‌تیش بۆ مانگه‌كانی سه‌ره‌تای به‌ركاربوونی یاسای بودجه، كه خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق كه‌مبوو، به‌هۆیه‌وه پشكی هه‌رێم بۆ هه‌ر مانگێك له (580 ملیار) دیناردا راده‌وه‌ستا، ئه‌مه‌ش بڕه پاره‌یه‌ك بوو كه به‌ته‌نیا به‌شی دابینكردنی خه‌رجی موچه‌ی هه‌رێمی نه‌ده‌كرد كه بۆ هه‌ر مانگێك (913 ملیار) دیناره. كه‌می پشكی هه‌رێم له كۆی خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق وایكرد، حكومه‌تی هه‌رێم ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببرێت، به‌وهۆیه‌وه مادده‌كانی تایبه‌ت به پشكی هه‌رێم له‌یاسای بودجه به هه‌ڵپه‌سێردراوی مانه‌وه‌و حكومه‌تی عێراق تا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه له‌كۆتاییه‌كانی 2023دا بۆ ماوه‌ی سێ مانگ و بۆ هه‌ر مانگێك بڕی (700 ملیار) دیناری بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به حكومه‌تی هه‌رێم دا. رۆژی 18ی ئۆكتۆبه‌ری 2023 وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم به سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و وه‌فدی حكومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق چوونه به‌رده‌م لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، لێره‌و هه‌ردوو حكومه‌ت گه‌یشته رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵ، به‌جۆرێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق جیابكرێته‌وه‌و له ململانێ سیاسییه‌كان دووربخرێته‌وه. به‌مدواییه محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازیی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، تاوه‌كو رۆژی 9ی مانگ واتا ئه‌مڕۆ، ره‌شنوسی هه‌مواری یاسای بودجه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی له‌ماوه‌ی 45 رۆژدا، به‌ڵام تائێستا ره‌شنوسه‌كه ئاماده نه‌كراوه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌رله‌مان كێشه‌ی به‌تاڵبوونی پۆستی سه‌رۆكی هه‌یه‌و ناتوانێت هیچ دانیشتنێك بكات به‌بێ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ له شوێنه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی له‌كارلادراو، به‌پێی قسه‌ی ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كه‌وێته هه‌فته‌ی داهاتوو، ئه‌گه‌ر لایه‌نه سوننه‌كان له‌ناو خۆیان و له‌گه‌ڵ كوتله شیعه‌و كورده‌كان له‌لایه‌كی تر له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگه‌نه رێككه‌وتن، واتا درێژه‌كێشانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان، كاریگه‌ری راسته‌وخۆ له‌سه‌ر بابه‌تی هه‌مواری یاسای بودجه ده‌بێت كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت به‌زوترین كات كۆتایی بێت. ته‌نیا به جیاكردنه‌وه‌ی خه‌رجی موچه له خه‌رجی راسته‌قینه‌ی عێراق له‌چوارچێوه‌ی هه‌مواری یاسای بودجه‌دا، كێشه داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداد كۆتایی نایه‌ت، به‌تایبه‌تیش كه هه‌ردوولا له‌یاسای بودجه‌دا له‌باره‌ی خه‌رجی وه‌به‌رهێنانو گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ناكۆكن و به‌پێی زانیارییه‌كان له‌م دانوستانه نوێیه‌دا وه‌فدی هه‌ردوو حكومه‌ت گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كه‌ن.
(درەو): 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی كانونی یەكەمی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8ملیار‌و 316 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (108 ملیۆن و 056ھەزارو 590) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 486 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (76.96) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی تشرینی یەكەم نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (9ملیار‌و 669ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (109 ملیۆن و 545ھەزارو 589) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 533 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (88.26) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئەیلولی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (9ملیار‌و 494 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (103 ملیۆن و 143ھەزارو 199) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 438ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (92) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئابی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیار‌و 846ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و 122ھەزارو 874) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 423ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (83,35) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی تەمووزی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (8 ملیار‌و 293 ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (106 ملیۆن و 755 ھەزارو 169 ) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 444 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (77,69) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی حوزەیرانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیار‌و 115ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (100ملیۆن و 59ھەزارو 52) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 335ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,11) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی ئایاری نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیار‌و 306ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت (102 ملیۆن و 436ھەزارو 387) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 305ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (71,3) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک. 🔻وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی نیسانی نەوتی بڵاوكردەوە: 🔹 داھاتی مانگی رابردووی نەوت گەیشتوەتە (7 ملیار‌و 796ملیۆن) دۆلار. 🔹 بڕی ھەناردەی نەوت ( 98 ملیۆن و 634 ھەزارو 947) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای ھەناردەی رۆژانەی نەوت ( 3 ملیۆن و 288 ھەزار) بەرمیل بووە. 🔹 تێکڕای نرخ گەیشتوەتە زیاتر لە (79) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک.
(دره‌و): ئه‌لیكسانده‌ر نۆڤاك جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسی كاروباری وزه له روسیا، پێشبینی ده‌كات له ساڵی 2024دا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌نێوان (80 بۆ 85) دۆلاردا بێت. جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا ئه‌مڕۆ ئه‌م قسانه‌ی له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا كرد، سه‌باره‌ت به به‌رهه‌می 2023و ئاسۆی بازاڕی وزه‌ی جیهانی له ساڵی 2024دا. نۆڤاك وتی:" به‌پێی پێشبینی چاودێران و ئاژانسه جۆراوجۆره‌كان كه له‌ژێر سه‌رپه‌ره‌شتی وه‌زاره‌تی وزه‌ی روسیادا كارده‌كه‌ن، باوه‌ڕمانوایه بازنه‌ی به‌رزو نزمی نرخی نه‌وتی خاوی "برێنت" بۆ ساڵی داهاتوو له‌نێوان 80 بۆ 85 دۆلاردا ده‌بێت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، له دانانی پێشبینی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وئابورری ساڵی داهاتوودا، ئه‌م ئاسته‌مان له‌به‌رچاو گرتووه". له‌باره‌ی ئامانجه‌كانی (ئۆپێك +)، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وت كه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هاریكاری ده‌كه‌ن، نرخێكی دیاریكراو بۆ به‌رمیلی نه‌وت له مێشكی خۆیاندا دانانێن، وتی:" ئه‌ركی ئێمه دروستكردنی هاوسه‌نگییه له‌نێوان خواست و خستنه‌ڕوودا، بۆئه‌وه‌ی پیشه‌سازی نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌قامگیر كاربكات، ئه‌مساڵ تاڕاده‌یه‌ك نرخ سه‌قامیگر بوو، ئه‌مڕۆ بۆ هه‌ر به‌رمیلێكی برینت نرخه‌كه‌ی نزیكه‌ی 80 دۆلاره". سه‌باره‌ت به بازاڕی غازی سروشتی شل، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی روسیا باسی له‌وه‌كرد وڵاته‌كه‌ی پلانی ئه‌وه‌یه تاوه‌كو ساڵی 2035 ده‌ست به‌سه‌ر پشكی 15% بۆ 20% بازاڕی غازدا بگرێت، ئه‌مه‌ش هه‌مان پشكی روسیایه له پێشوودا كه له‌ڕێگه‌ی بۆرییه‌كانه‌وه غازی ناردووه. به‌پێی قسه‌ی ئه‌م به‌رپرسه، له ساڵانی رابردوودا روسیا پشتبه‌ستنی به هاورده‌كردنی كاڵای بیانی له كه‌رتی نه‌وت و غازدا به‌ڕێژه‌ی 35% بۆ 67% كه‌مكردوه‌ته‌وه.
نه‌بیل مه‌رسومی- شاره‌زای ئابوری سه‌رباری ئه‌و ئاماژه ئه‌رێنییانه‌ی له راپۆرتی پسپۆرانی سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تیدا هاتووه دوای سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ عێراق له 19ی دێسه‌مبه‌ری 2023دا، كه باس له بوژانه‌وه‌ی چالاكی ئابوری له عێراق و پاشه‌كشه‌ی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان ده‌كات، به‌ڵام راپۆرته‌كه ئاماژه به هه‌ندێك مه‌ترسی ده‌كات له‌به‌رده‌م ئابوری عێراقدا، له گرنگترینیان: یه‌كه‌م: فراوانبوونی گه‌وره‌ی دارایی گشتیی له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌دا، له‌ماوه‌یه‌كی مامناوه‌نددا، مه‌ترسی گه‌وره‌و گرنگ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دۆخی دارایی گشتیی و كه‌رتی ده‌ره‌كیی داده‌نێت. دووه‌م: دابه‌زینی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌دوای داخستنی هێڵی نه‌وتی نێوان عێراق و توركیا‌و، كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌سه‌ر بنه‌مای داوای گروپی ئۆپیك+، پێكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌شه‌ی گشتیی به‌رهه‌می ناوخۆ له ساڵانی 2023و 2024دا. سێیه‌م: پێشبینی ده‌كرێت هاوسه‌نگی دارایی گشتیی له زیاده‌یه‌كی زۆره‌وه كه له ساڵی 2022دا به‌ده‌ستهاتووه بگۆڕێت بۆ كوردتهێنانی بودجه له‌ساڵی 2023دا. هه‌روه‌ها پسپۆران پێشبینی ده‌كه‌ن قه‌باره‌ی كورتهێنانی دارایی حكومه‌ت له ساڵی 2024دا به‌پله‌یه‌كی گه‌وره‌تر فراوان ببێت، به‌جۆرێك كاریگه‌ریی ته‌واوه‌تیی ساڵانه له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی بودجه به‌جێده‌هێڵێت. چواره‌م: فراوانبوونی به‌رچاوی دارایی گشتیی، له‌وانه‌ش زیادبوونی گه‌وهه‌ریی له ژماره‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتیی و خانه‌نشینیی، خواستی به‌رده‌وام بۆ خه‌رجی گشتیی دروستده‌كات، كه ئه‌مه‌ش گوشار له‌سه‌ر دارایی گشتیی له‌ماوه‌ی مامناوه‌نددا، دروستده‌كات. پێنجه‌م: پێویستی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی زیاتری نانه‌وتیی و، كۆنترۆڵكردنی لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت و، چاكسازیكردن له سیسته‌می خانه‌نشینیی حكومی، ئه‌م رێوشوێنانه ده‌بێت پشتگیری بكرێن به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه بۆ كاركردن له‌سه‌ر دروستكردنی تۆڕێكی سه‌لامه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر ئامانجدارو كاربكات بۆ فه‌راهه‌مكردنی پاراستنی باشتری چینه لاوازه‌كان. شه‌شه‌م: پێویستیی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ كه‌رتی تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی چاكسازی له كاری بانكیی و كاره‌باو كه‌مكردنه‌وه‌ی شێواندنی بازاڕی كار‌و به‌رده‌وامیدان به هه‌وڵه‌كان بۆ به‌هێزكردنی حكومه‌ت و دانانی سنور بۆ گه‌نده‌ڵیی.
(درەو): وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوی كرد بۆ ناردنی دواین (700 ملیار) دینار قەرز بۆ حكومەتی هەرێم، كابینەی نۆیەم بە سێ موچەی قەرزی فەرمانبەران‌و (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار)ی قەرزی حكومەتی بەغدادەوە ماڵئاوایی لە ساڵی 2023 دەكات. وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆك وەزیران‌و بە چاودێری خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی نوسراوێكی دەركرد بۆ پێدانی بڕی (700 ملیار) دینار قەرز بە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەمە بە گەرەنتی پارەیەكی پێشەكی كە بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەدرێت، بەو مەرجەی لە شایستەكانی هەرێم پاكتاو بكرێت دوای پابەندبوونی بە بڕگەكانی یاسای بودجەوە. ئەمە دواین بڕی (700 ملیار) دینارە كە ئەمساڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەنێرێت لەچوارچێوەی ئەو بڕیارەدا كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەریكردووە بۆ پێدانی بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینار بۆ مانگەكانی (9- 10- 11)ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، حكومەتی هەرێم بەپێی تەرخانكراوەكەی حكومەتی فیدراڵ مامەڵەی لەگەڵ پارەكەدا نەكرد، بەهۆی ئەوەی لە دابەشكردنی موچە دواكەوتبوو، پارەی ئەو سێ مانگەی بۆ مانگەكانی (7-8-9) تەرخانكرد، بەوهۆیەوە ساڵی 2023 كۆتایی دێت‌و موچەخۆران سێ موچەی مانگەكانی (10-11-12)یان دەكەوێتە لای حكومەتی هەرێم، چونكە ئەو 700 ملیارە ئەم چەند رۆژە دەگاتە هەرێمی كوردستان، موچەی مانگی (9)ی پێدا دابین دەكرێت. بەم پێیە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سێ موچەی قەرزەوە ماڵئاوایی لە ساڵی 2023 دەكات‌و ئەگەر لەسەرەتای 2024دا لەبارەی یاسای بودجەوە نەگاتە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، دۆخەكە خراپتر دەبێت، چونكە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو سێ (700 ملیار) دینارەی كە كۆتایی ئەمساڵ بۆ هەرێم نێردراوە بەشێوەی قەرزەو لە پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەبڕدرێت، خۆ ئەگەر پشكی هەرێم بەشی پێدانەوەی قەرزەكەی نەكرد، حكومەتی عێراق قەرزەكە لە پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2024 دەبڕێت، واتا حكومەتی هەرێمی ساڵی دارایی داهاتووشی خستوەتە رەهنەوە بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە. حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ بەشێوەی زارەكی لەسەر هەمواری یاسای بودجە رێكەوتنیان كردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كردەیی بەئاڕاستەی هەمواری یاسای بودجە نابینرێت. بودجەی سێ ساڵەی عێراق لە كۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵەوە چووە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی هەرێم لە پشكی خۆی لە بودجەكە رازی نەبوو، بۆیە ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان تائێستا نەچونەتە بواری جێبەجێكردن. كرۆكی كێشەكە پەیوەندی بە دیاریكردنی شایستەی هەرێمی كوردستان هەیە لە چوارچێوەی خەرجی راستەقینەی عێراقدا، حكومەتی هەرێم بەمە قایل نییە‌و داوا دەكات شایستەی هەرێم لە تێكڕای خەرجی عێراق دیاری بكرێت. ئەمە لەپاڵ چەند كێشەیەكی تر لەبارەی یاسای بوجەوە، لەوانە كەمی نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە یاساكەدا كە جێگای ناڕەزایەتی حكومەتی هەرێمە. حكومەتی هەرێم رۆژی 9ی تشرینی دووەم پرۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی (8)ی ئەمساڵی تەواو كردووە، ئێستا‌و لە مانگی 12دا پرۆسەی دابەشكردنی موچەی مانگی (9) بەڕێوەدەبات.