د. سەردار عەیز یەکەم، پارتی بایکۆتی نەکردوە. وشەی بایکۆت بە هەڵە لە کوردیدا بەکاردەهێنرێت. پارتی ناڕەزایی دەربڕیوە، هەندێک گلەیی و خواستی هەیە، ئەگەر مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت بەشداریی هەڵبژاردن دەکات. بەو مانایە یانی بڕیاری بەشدارییکردنی نەداوە، چونکە ئەگەر وەها بکات ئەوا خواستەکانی یان داواکانی هیچ مانایەکی نیە. دووەم، پارتی هەست دەکات کە هەتا بێت زیاتر دەکەوێتە ژێر فشارەوە بۆیە دەبێت هەوڵی ڕێگریی لە فشارەکان بکات. هەوڵەکانی سەرەتای هیچ کاریگەرییەکیان نەبوو، بۆیە بە سوننەی تەدەروج زیادیان دەکات. سێیەم، دوا بەیاننامەی پارتی، کە لە مەکتەب سیاسییەوە دەرچوە، وەڵامدانەوە و سەنگی زیاتر بوو. تەنانەت وەهایکرد کە یونامی سەرنج بخاتە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت یاری پارتی و دادگایە. دادگا چەند گۆڵێکی هەیە، بەڵام پارتی هێشتا بێ گۆڵە. چوارهەم، پارتی هەستدەکات نەک تەنها دۆخێکی وەهایان دروستکردوە کە دەنگی کەمبکاتەوە، بەڵکو بەرنامە هەیە کە کورسییەکانی بگاتە نزیک سی کورسی و کەمتر. پلانەکەش ئەوەیە هەژمۆنی لە سەر حکومەتی هەرێم نەمێنێت، وەک بەشێک لە عێراقێکی ناوەندی نوێ. پێنجەم، لە هەموی سەختتر بۆ پارتی ئەو هەستەیە کە وەهای دەبینێت کە یەکێتی سودمەند دەبێت. لە کەلتوری نامۆدێرنی، نادەوڵەتی، خێلەکی کوردیدا، دەرەکی سودمەندبێت هێندەی ئەوە کێشە نیە کە ڕکەبەرە ناوخۆییەکەت سودمەندبێت. دیارە خەڵکی کوردستان بە گشتی لە سەر ئەم بەزمەن. شەشەم، نەوتراوێکی زۆر هەیە لە نێوان پارتی و بەغدادا. پرسی هەژماری من پرسێکی سەرەکییە، چ وەک دارایی و چ وەک ئاسایش و چ وەک دەسەڵات. حەوتەم، ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتودا جوڵەیەک دروست بێت، دیدار لە گەڵ دادگای فیدڕاڵی بکرێت دەربارەی پێناسەی یاسایی تەوتین. هەشتەم، سەرکێشییەکی سەخت دەبێت بۆ پارتی بەشداریی هەڵبژاردن نەکات. چونکە بەشدارییی نەکردن، تەنها بەشداریی نەکردن نیە، بەڵکو ئۆتۆماتیکی دەبێت ڕێگرییکردن. ئەم هەنگاوە بێزارییەکی زۆری نێودەوڵەتی لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت. وێنە گەورە و دوورمەوداکە کورد دوای سی ساڵ لە حوکمی خۆی لە قۆناغی داڕزاندایە. وەک خەڵکێکی نامۆدێرن توانای نەبوو فێری شێوازی پیادەکردنی مۆدێرن بێت لە دەسەڵاتداریی. کورد توانای نەبوو جیاوازییەکانی پۆلێن بکات، سنوربەندی لە نێوانیادا بکات، بنەما بۆ هاوبەشییەکان دروست بکات. بۆ دروستبونی ئەمە پێویست بوو ڕۆڵی شەخس و بنەماڵەکان کەمبکاتەوە، ڕۆڵی دەزگا و بونیادی نەرەتیڤێکی هاوبەش پەرە پێبدات. بەڵام ئەمە نەبوو. ئەمریکا زۆر هەوڵی دا و پشتگیربوو، بەڵام بێ سود بوو. تورکیا و ئێران لە گەڵ پەرتی وبنەماڵەیی و ململانێی سنورداردان. خەڵکی کوردستان کە هەمیشە دەبۆڵێنن، خۆی هۆکار و دروستکەری هەرە سەرەکی دۆخەکەیە، نەک قوربانی. بە لاوازبونی ئەمریکا، پەرتبونی کورد زیاتر دەچەسپێت. لاوازبون و دژایەتی زیاتر قوڵ دەبێتەوە. دەستوەردانی زیاتر دەبێت. ئێستا عێراق ڕەنگە بتوانێت موچە بدات کە نرخی نەوت بەرزە، بەڵام لە گەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا ناتوانرێت نزیکەی سیانزە ملیون کەس بژێنرێت.


د. ڕێبوار فەتاح   پارتی لە قەیراندایە – دادگای فیدڕاڵ پەڕوباڵی کردووە.  وەك هەمیشە دەیەوێ، زەبەلاحکردنی قەیران فریادڕەس بێ. بۆ بەختڕەشی پارتی، ئێستا پێشتر نیە. لە ١٩٩٦دا شەڕی پارتی تەنیا لەگەڵ یەکێتیدا بوو، سوپای سەدام ئاسان فریادڕەس بوو. لە ٢٠١٧ پارتی شارەزایانە قەیرانی خودی خۆی کرد بەوی هەموو کوردستان و حزبەکانی دیکەش ساویلکانە تێکەوتن. هێندەی کرا، پارتی سەرکەوتووانە لێیدەرچوو. ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ، هەروەك ئەوی ڕیفڕاندەمە، بەڵام ئێستا جیاوازە! پارتی بە تەنیایە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لەدەستداوە، تەنیا حزبە. بەشداری نەکردنی حزبێك، لە وڵاتی دیمکراتدا، بەشێکە لە پڕۆسەی دیمکراتی – ئارەزووی خۆیەتی و نابێ بە قەیران، حزبی دیکە کەڵك لەو دەرفەتە وەردەگرن. ڕاستە عێراق جیاوازە، حزب حوکم دەکات. پشت بە چ فاکتەرێك پارتی ئەم بڕیارەی داوە؟ من هیچ فاکتەرێکی کوردستانی، عێراقی، ناوچەیی یان نێودەوڵەتی نابینم پشتگیری بڕیاری پارتی بێ. هیچ لایەنێك لەگەڵ پەكخستنی "پڕۆسەی دیموکراسی" عێراقدا نین. من عێراق بە دەوڵەتی شکست دەبینم. شکستی کوردستانیش، بەشێکە لە شکستی عێراق، بەڵام لە دیدی نێودەوڵەتیەوە، بڕیاری پارتی، گێرەشێوێنی سیاسیە. هەرچەند ئەقڵی خێڵ لەوە زیاتری پێناکرێ، پارتی پێویستە تەنیا لۆمەی خۆی بکات. گەر دەستگای قانونی هەرێم بمابا – پەڕلەمان، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری، ڕەنگە بڕیاری بۆیکۆت کاریگەر بووایە. هەڵبەت ئەودەمیش گەلی کوردستان دەبووایە بنەمای قانونی هەبووایە لە بڕیاریدا. ئێستا پارتی دەیەوێ خۆی بکات بە ئەڵتەرنەتیڤی هەموو دەستگای قانونی هەرێم؛ ئەمیش هەوڵێکی نادەستوری و نەزۆکە. پارتی و یەکێتی، بە ڕەوتاری پێشینەیان پشتگیری خەڵکی هەرێمی کوردستانیان لە دەست داوە، دەنا ڕەنگە فشاری خەڵکی کوردستان لە پشتگیری بۆیکۆتدا کاریگەر بووایە. ئایا حزبێك لەنێو دەیان حزبی عێراقدا، بەبێ هاوکاری گەلی خۆی، بەبێ بوونی هیچ دەستگایەکی قانونی و بەبێ هاوکاری هیچ حزبێکی دیکەی کوردستان، دەبێ بتوانێ چی بکات! ئەو بڕیارانەش کە بەسەر پارتیدا سەپێنراوە، حکومەتی عێراق لە ڕێی دادگای فیدڕاڵەوە بۆیەی قانونی کردوون. هەرچەندە زۆرێك لەو بڕیارانە پێویست بوو لە پەڕلەمانی عێراق تاوتوێ بکرانایە، بەڵام لە نەبوونی نوێنەری قانونی خەڵکی هەرێمدا، واتە لە نەبوونی پەڕلەمانی کوردستاندا، حکومەتی عێرق زیرەکانە ئەو دەرفەتەی قواستەوە بۆ بچوكکردنەوەی قەواری پارتی، وەك کردی و وەك بەردەوامیشە. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ نوێنەری قانونی نیە. دەرگای پەڕلەمان خڕ داخراوە و حکومەتیش کاربەڕێکارە، بێدەسەڵاتە. هەرچی دەسەڵاتی دادوەریە، پاراستن و ئاسایش جێیان گرتووەتەوە. تەنانەت ئاسایش نادەستوریانە، "دادگای لێکۆڵینەوەی" هەیە. ئیدی سەیرە، بەیاننامەی پارتی عێراق تاوانبار دەکات بە لاوازکردنی دابەشکردنی دەسەڵات و نادەستوری بوون. پارتی خۆی پێشەنگە. لە هەموو بڕیارێکیشدا پارتی دەیتوانی داکۆکی لە خۆی بکات، بەڵام بە لەخۆباییبوون حسابی بۆ نەکردن. خێر، ئێستا بە بەیاننامەیەکی حزب، بۆیکۆتی هەڵبژاردن دەکات. ئەمە مانای چیە؟ ئایا پارتی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە؟ گەر وابێ ئەوە خۆکوشتنی سیاسیە، ڕیفڕاندەمیکی دیکەیە، چونکە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی، بە ئێرانیشەوە، پشتگیری گەڕانەوە لە پڕۆسەی "دیمکراتی" عێراق ناکەن.


رێبوار کەریم وەلی بەپێچەوانەی هێزە سیاسییەکانی دیکە جوڵانەوەی نەوەی نوێ (نون نون)، لە ئێستاوەڕا دەستی بە حەملەی هەڵبژاردن کردووە. رەنگبێ هۆکاری سەرەکی ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ رەواندنەوەی ئەو شۆکەی لە ئەنجامی شکستیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (کە قەرار بوو ئەوان پارێزگارەکەی دیاریی بکەن) تووشی بوون. * پێچکە کورسییەکیشیان نەهێنا! * فاکتەرێکی دیکەی گرنگیش بۆ ئەم پەلەپڕوزێیەی نون نون ئەوەیە کە هەست دەکات قاعیدەی یارییەکە گۆڕاوە؛ لەکاتێکدا، هەموو لایەک دەزانن کە لابردنی کورسی کۆتاکان (شا)کاری یەکێتی بووەو کەوتۆتەبەر لۆمە، کەچی سەرۆکی جوڵەنەوەکە لە میتینگێکیدا، لابردنی کورسی پێکهاتەکانی گرتە ئەستۆی خۆی و وەک دەستکەوتێکی سیاسیی گەورە (سوار)ی بوو. * راستییەک هەیە کە ئەم واقیعەی ئێستای کوردستان چەند ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی بێویژدانی، زوڵم و فەسادی دەستەڵاتدارانە هێندەش لە ئەستۆی ئەو هێزانەیە کە رۆژانێک ئیدیعای ئۆپۆزیسیۆن بونیان دەکردو، خەون و هیواکانی میللەتیان لەپێناوی تەوریسی سیاسیدا، بە با دا. سەیرترین دیاردەش لەو بەینەدا شاسوارو حزبەکەین کە لەسەر پەرچەکرداری دەنگدەرانی هەر دوولای هاوکێشەکە دەژین، بێ ئەوەی هیچ روئیایەکی سیاسیان نە بۆ دەستەڵاتداری و نە بۆ ئۆپۆزیسیۆن بوون پێ بێت. * رۆڵی شاسوار کە لەلایەن سیاستداڕێژەرانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە بۆ دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانی (ئەڵبەتە بە رەزامەندیی کوڕانی تاڵەبانی) دیاریکراوە، ئەوەیە کە لە ئەگەری هەر داڕمانێکدا کە رێگە بۆ نفوزی پارتی لە ناوچەکەدا خۆش بکات، شاسوار دەنگە ناڕازییەکان بۆ لای خۆی راکێشێت. بەوەش پارتی لە نەمانی تاڵەبانی و مستەفادا، پشکیان فەوزاو ئاژاوەی زیاتر بێت، نەک دەنگ و کورسی. * جوڵانەوەی نون نون، ئیمتیدادی سیاسیی کەمپینی (نەخێر لە ئێستادا)ی پێش ریفراندۆمە کە بە کردەوە گەورەترین خزمەتی بە ریفراندۆمچی و ئینفیساڵییەکان کرد بەوەی کە وایانکرد ئەوەی قەرار نەبوو بەشداریش بکات، لە رقی ئەوان بەشداریی کرد! ئەوە دەزاندرا، بەڵام ئایا سیاسەتداڕێژەرانیش جگە لە جەڕباندنی تواناکانی شاسوار، هەر مەبەستیان نەبوو کە ئینفیساڵییەکان پەلکێشی ئەو زەلکاوە بکەن کە بەرنامەی بۆ داندرابوو!؟ * دوای ئەو تەجروبەیە، بەلای خەڵکەوە لە پڕێکدا، بەلای سیاسەتداڕێژەرانەوە بە بەرنامەوە، جوڵانەوەی نون نون هاتە ناو کایەی سیاسی و گوڵەگەنمەکانی پشت دەڕڕاسەی کۆکردەوەو لە یەکەم تاقیکردنەوەدا، 8 کورسی پەرلەمانی بردو بەوەش دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی رەحمەتی بووە نیوە. پارتی 45 کورسیی برد، بەڵام پشکی لە زۆنی سەوز هەر ئەوە بوو کە هەبوو! * شاسوار پرۆژەیەکی سیاسییە کە رێگرە لەوەی دەنگی زۆنی سەوز لەو زۆنە بچێتە دەرەوە. ئەگەرنا خۆی، حزبەکەی و تەنانەت نوێنەرانیشیان لە پەرلەماندا، حزوری سیاسییان سفرە. پرۆژەیەکی پۆپۆلیستییە کە مەترسیی بۆ سەر هیچ لایەنێک نییەو، بەپێچەوانەوە، دەستباری کوڕانی تاڵەبانییە لە سیاسەتە ناوچەییەکاندا. تەنانەت جۆرێک لە دابەشکردنی رۆڵیش لە نێوانیاندا هەیە. * ئەگەر بافڵ تاڵەبانی وەکو متمانەپێکراوترین کەسی ئێران لە زۆنی سەوزدا، وێنا بکرێ، ئەوە بە دڵنیاییەوە شاسوار عەبدولواحید، کەسی دووەمە. گەورەترین فاکتەری مانەوەی و ئەو بێمنەتییەی بەرامبەر کوڕانی تاڵەبانی هەیەتی ئەوەیە کە هەردوولایان لەلایەن ئێرانەوە دەپارێزرێن. پتر لەوەی رکابەری یەکتری بن، هاوکاری یەکترین. * پوختەی کەلام، ئەم هەڵبژاردنە بۆ شاسوار حوکمی مان و نەمانە. لە دوولاوە دەکەوێتە ژێر فشارەوە. یەکەمیان: جێگیرکردنی پایەکانی قودرەت لەلایەن کوڕانی تاڵەبانی وا بکات کە ئیتر پێویست بە مانەوەی شاسوار نەکات (وەک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رووی دا). دووەمیان ئەگەر لاهور شێخ جەنگی حزبە نوێکەی بتوانن دەنگە ناڕازییەکانی دەڤەرەکە بۆ خۆیان ببەن (هاوکێشەکە لای سیاسەتداڕێژەڕان دەگۆڕێ)و، ئەوەش دیسان مانای کۆتاییی سیاسیی شاسوارە و ئیتر پێویست بە مانەوەی ناکات.  


سه‌ردار عه‌زیز مەبەستمان لە حوکمی دادگایی، پێچەوانەی حوکمی دیموکراسییە. لەکاتێکدا لە دیموکراسیدا خەڵک دەبێت حوکم بکەن، دیارە لە میانەی پرۆسەی نوێنەرایەتیدا، بەڵام دادگا، دادوەر، لە سەر بنەمای یاسا، هێز، لە گەڵ دەستور حوکم دەکەن، بەم پێیە دادوەرو دادگا دانراو و دەستنیشانکراون، نەک هەڵبژێردراو یان بڕوا پێبەخشراو. لەم ماوەی دواییەدا دادگای باڵای فیدراڵی بووە بە جێگای پیادەکردنی حوکم لە عێراقدا. ئەم دیاردەیە نوێیە، بەو پێیە دادگاکە هەرچەندە سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ بەڵام زۆربەی تەمەنی لە کارخراوبوو. وەک فایەق زەیدان دەڵێت، لە دایکبوونێکی سەختی هەبوو. لە هەمانکاتدا دەرئەنجامی خواستێکی هەنوکەیی سیاسییە، لەپێناو فەراهەمکردنی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١. ئەم (ولادة عسيرة) وەک فایەق زەیدان دەڵێت، بۆ هەمیشە مایەی گومان و لاوازیی و سیاسیبوونی دەزگاکە دەبێت، بۆیە دەبێت چارەسەریی بکات. کارابوونی دەزگا، ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی ناوەندو دەزگاکانی تر. ئەوەی جێگای سەرنجە، دادگای فیدڕالی لە ئەمڕۆی عێراقدا بە غرورێکی زۆرەوە ڕوبەڕووی هەموو دەزگاکانی تری وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە دادگاکە کێشەی دەستوری و شەرعی و تێگەیشتنی ڕۆڵ کرداری زۆرە. بەڵام لەئێستادا بە ئەمری واقیع، کاراترین و کاریگەرترین دەزگای حوکمداریی وڵاتە. سەرەتای پاشخانێکی فیکریی بۆ دەزگاکە دەخەمەڕوو، پاشان سەرنج دەخەمە سەر ئەم بڕیارانەی دوایی. بیرۆکەو پلانی دادگای فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بۆ پۆل برێمەر. برێمەر پلانڕێژی بە لیبراڵکردنی عێراق بوو. دەستوری عێراقی کە لیبراڵترین دەستوری ناوچەکەیە دەرئەنجامی ئەمەیە. بۆیە پاشخانی ئەمریکایی بوونی دەزگاکە گرنگە. خەسڵەتی دەسەڵاتی لیبراڵ وەهایە؛ هەوڵدەدات کە دەسەڵات بەگشتی و بە زۆری لای هیچ کەس و ناوەندێک کۆنەبێتەوە، چونکە کۆبونەوەی دەسەڵات، دەبێتە مایەی خراپبوونی یان خراپ بەکارهێنانی. بۆیە جیاکاریی دەسەڵاتەکان، بە خەسڵەتی سەرەکی لیبراڵ دەناسرێتەوە. بیری جیاکاری لیبراڵ لە جۆن لۆکەوە دەستپێدەکات، مۆنتسکیو دادگەریی بۆ زیاد دەکات و پاشان لە سەردەستی باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا بەرجەستە دەبێت. لە هەمانکاتدا فیدڕاڵ خۆی وەک بونیادێک و شێوازێک لە دابەشکردنی دەسەڵات، لە هەناو کەلتوری دەسەڵاتی لیبراڵەوە هاتووە. ئەگەر جیاکاریی دەسەڵاتەکان جیاکارییەکی ئاسۆیی بێت، ئەوا فیدڕاڵ و هەموو شێوەکانی لامەرکەزی جیکاریی ستونییە. بەڵام نەبوونی تێگەیشتن و لاوازیی کەلتوری لیبراڵ لە هەناو کەلتوری سیاسی و ئاگایی گشتی عێراقدا، فیدراڵی کردوەتە مەترسی و مۆتەکە، بەجۆرێک ناوهێنانی وەک تابویەک و بڤەیەکی لێهاتوە. بۆ نمونە، وەک جۆرێک لە پەراوێزخستن و شاردنەوە، وشەی اتحادی عەرەبی کە لەبری فیدراڵ بەکاردێت، بە هیچ جۆرێک مانای فیدراڵ نادات، بەڵکو مانای یونیەن دەدات، کە لەو پاشخانەوە هاتوە، کە اتحاد، بەپێچەوانەی فیدراڵ، جەخت لە یەکبون دەکاتەوە نەک جودایی. بەڵام مەبەستی سەرەکی لە نەوتنی وشەکە نکوڵیکردنیەتی. دادگای فیدڕاڵی لە ئەمریکاش خۆی مایەی مشتومڕە. یەکێک لە باوانی دامەزرێنەری ئەمریکا کە ئەلکسەندەر هاملتنە، وەها باسی دەکات کە دەزگایەکە نە گیرفانی هەیە، نە شمشێر، بە زمانی ئەوکاتەی ئەمریکا یانی نە سەرچاوەی پارەو دارایی هەیە، نە چەک و هێز. نەبوونی ئەم دوانەش وەها بینراوە کە مایەی لاوازی بێت. وەها دیارە ئەو سەردەمەی ئەمریکا وەک ئەمڕۆی عێراق وەهابووە کە چەک و دراو بنەمای دەسەڵات بوون. ئەم دەزگا یاساییە، وەک ڕۆبەرت دال ناوی دەبات، مایەی مشتومڕ بووە لە ئەمریکا. ڕەنگە توێژینەوە کورتەکەی بیرمەندی سیاسی گەورە ڕۆبەرت دال کە لە ساڵی ١٩٥٧ نوسراوە، یەکێک بێت لە هەرە توێژینەوە دیارەکان دەربارەی ئەم دەزگایە. لە ئاستی ئایدیالدا، دادگا بۆ ئەوە دامەزراوە، هەتا نا سیاسیانە، مشتومڕی نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لە وڵاتدا یەکلایی بکاتەوە. چونکە وەک دەزانرێت هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەلایەن حیزبەکانەوە دیاری دەکرێن و هەمیشە دەبنە مایەی سیاسیی بوون لەناو کایەی دیموکراسیدا. ئەم ڕۆڵی ناسیاسی بوونە لەگەڵ، کۆتابوون و نەبونی توانای تانە لێداندا دەردەکەوێت، چونکە دادوەریی وەها دەبینرێت کە دەبێت یەکلاکەرەوەو کۆتایی پێهێنەربێت. بەڵام لەبەر نەبوونی گیرفان و شمشێر، دەسەڵاتی دادگای باڵا هەمیشە بە دەست جێبەجێکردنی ناتەواو و پشتگۆخستنەوە دەناڵێنێت. دیارە ڕایگشتیش ڕۆڵ دەبینێت، بەگشتی کاتێک بڕیاری دادگا لەلایەن خەڵکەوە پشتگیریی بکرێت ئەوا چانسی جێبەجێکردنی زیاترە، لەوەی لەلایەن خەڵکەوە نەیارێتی بکرێت. دادگای فیدڕاڵی عێراقی کۆمەڵێک کێشەی زۆری هەیە. یەکەم، بێلایەنی لە عێراقدا، بەمانای ئەوە دێت کە هەموان تیایدا بەشدارن، بەتایبەتی هەموو حیزبەکان، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بێلایەنی نیەو نابێتە مایەی بێلایەنی. دیارە ئەمە تەنها لە دادگا نیە بەڵکو لە هەموو دەزگاکانی تردا بوونی هەیە. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە بێلایەنی دژ بە سروشتی بێلایەنیە. وەک کۆمیدیاکاری ناسراو ئەحمەد البشیر ئاماژەی پێدەدا، هەمیشە لەگەڵ ناوهێنانی بێلانی لە عێراق، دەبێت زیاتر پێبکەنین. دووەم، کێشە زاڵبوونی کەسی سەرۆکە بەسەر دادگاکەدا. وەک لە زۆر ناوەندی تردا دەبینرێت. ئەم دادوەرەش لە هێزێکی سیاسی تایبەتەوە نزیکە کە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش کوڕەکەیان بۆ پارێزگاری دیالە هەڵبژارد بەڵام لەبەر بچوکی تەمەن ڕێگریی لێکرا. سێیەم، نەبوونی کەلتورو تێگەیشتنی فیدڕاڵ لەهەناو کەلتوری یاسایی و خوێندنی عێراقدا، هەروەها لاوازبوون یان نەبوونی کەلتوری لیبرال یان تەنانەت دژایەتیکردنی زۆری لەلایەن نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی عێراق و کوردستانەوە. دیارە ئەم کێشانە تەنها کێشەی دادگای فیدڕاڵی نین، بەڵکو هەموو دادگاکان بە دادگاکانی کوردستانیشەوە، بە دەست ئەم کێشانەوە دەناڵێنن. پاش ئەم پاشخانە کورتە: دەمەوێت بە کورتی باس لە دواین بڕیاری دادگا بکەم دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. بڕیاری پێدانی موچە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، دەکرێت خوێندنەوەی باش و هەروەها نێگەتیفیشی بۆ بکرێت. ئەگەر حکومەتی ناوەند بەبێ هیچ ڕێگرییەک موچەی خەڵکی کوردستان بدات، ئەوا نەک تەنها بە سودی ئابوری، بەڵکو بە سودی زۆری دیموکراسی کوردستان دەشکێتەوە، چونکە ڕەنگە بۆ یەکەمجار ببێتە مایەی دروستبوونی چینی ناوەند لە وڵاتدا. چینی ناوەند ئەو چینەیە کە ئەگەر داهاتی مسۆگەر بکرێت ڕەنگە بایەخ بە جۆری خوێندن و ئازادی و ماف بدات. هەرچەندە توێژی فەرمانبەرانی کوردستان و عێراق کە دێتە سەر کەلتورو ڕۆشنبیریی و ماف و ئاگایی مایەی گریانن. چونکە ئەوان لە هەناو کەلتوری کرێخۆریدا بوون بە بەشێک لە سیستەمەکە، کە لەئەنجامدا عەقڵەیەتی کرێخۆرێتی دروستکردوە. بیرمەندی میسری حازم ببلاوی کاری باشی لەسەر ڕەهەندی عەقڵی ئەم بوارە کردوە. لە ساڵانی ڕابوردودا کە موچە کێشەی نەبوو، بە پلان و بە خواست، هەموو بوارەکانی وەک ماف و ئازادی و دەزگاو چۆنێتی دەسەڵاتەکان پشتگوێخران. ئەوەی موچەخۆران دەبێت بیزانن ئەوەیە کە بۆ مسۆگەرکردنی موچە دەبێت شەر بۆ زیاتر لە موچە بکەیت. لەهەناو سیستەمێکدا کە ماف و ئازادی و دیموکراسی هەبێت موچەش مسۆگەرە، بەڵام پێچەوانەکەی وەهانیە. دادگای فیدڕاڵی لەسەرووی هەموویەوە ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی نوێ لە ڕێکخستنی هێز لە عێراق و ناوچەکە. کورد، پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، لە سی ساڵی ڕابوردودا بە ئاستێکی وەها لە ناوەو دەرەوە دۆخەکەیان خراپ کردوە، کە باشکردنی مەحاڵە. هەرێم چیدی بواری هەڵەو سەرکێشی نیە، چونکە ئێستا وەک کەلەبچەکراوێک وەهایە هەتا زیاتر بجوڵێت کەلەبچەکەی توندتر دەبێت لە مەچەکیدا. هەرێم نەک نەیتوانی سیستەمەکی وەها تۆکمە دروستبکات کە بەرگەی ئەم فشارانە بگرێت، بەڵکو هێندە لاوازی هەیە، بە هەبوونی هەر هێزێک و نیەتێک لە بەغداوە دژی بە ئاسانی لاواز دەبێت. کۆی سیستەمی حوکمڕانی هەرێم لەسەر پارە بونیادنراوبوو، لەبەرامبەر پەکخستنی دەزگاکان، کە بە پەکخستنی پەرلەمان دەستیپێکرد، ئێستا کە پارە لە دەستی هەرێمدا نەمێنێت، کۆی سیستەمەکە لەبەر مەترسی نەماندایە. مەترسییە گەورەکەش ئەوەیە، ئەوەی خۆی بە نەیارو جیاواز دادەنێت زۆر زیاتر پولەکییە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆی. دادگا ئەگەر سەربەخۆ و بێلان بێت لە هەموو دەزگایەک زیاتر پێویستە بۆ حوکمرانی، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆر زیان بەخشە. بەڵام کوردستان ئەگەر بیەوێت ڕەخنە لە دادگای ناوەند بگرێت دەبێت بە نمونە بوون ڕەخنەی لێبگرێت، بەو مانایە سەرەتا دادگای خۆت بێلان و سەربەخۆ بکە، پاشان ڕەخنە بگرە.


رێبوار سیوەیلی 1. هیچ دەسەڵاتێك نییە كۆتاییەكەی خۆی لە هەناوی خۆیدا هەڵنەگرتبێت، تەنیا ئەو دەسەڵاتانە نەبن كە بەناوی "دەسەڵاتی پیرۆز"ـەوە درێژە بەخۆیان دەدەن، چونكە ئەمانە لە ناو خەڵكی ئاساییدان و هەر لەوێشدا دەمێننەوە. جگە لە مانە هەموو جۆرەكانی دیكەی دەسەڵات، ڕەوا و ناڕەوا، هەڵبژێردراو سەپێنراو، بێگانە و خۆیی، حزبی و بنەماڵەیی و.. مەحكوومن بە ڕووخان و كۆتایی. "كۆتایی" ئەو دێوەزمەیە هەرگیز لە دەسەڵات جیانابێتەوە و دەسەڵاتدارانیش لە هەر شێوە و بابەتێك بن، ئەم ڕاستییە باش دەزانن و هەموو هەوڵەكانیشان لە ڕێگە جۆربەجۆرەكانی درێژكردنەوەی دەسەڵاتەكەیانەوە، لە ڕێگەی ئامادەكردنی جێنشینەكانیانەوە، لە ڕێگەی هەر كارێكەوە كە دەیكەن بۆ ئەو مەبەستە، لە ترسی نەگەیشتن بەو "كۆتایی"ییەن. 2. كێشەی هەرەسەرەكی دەسەڵات ئەوەیە، وا دەزانێت یان وای لێكدەداتەوە، كە ئەو "كۆتایی"یە ناچارەكییە، یەكسان و هاوواتای "مردن"ـە. ئەمە تێگەیشتنێكی تەواو هەڵەیە، چونكە كۆتاییهاتن و مردن دوو ڕەوەند (پرۆسە)ی جیاوازن: مردن پەیوەستە بە سووڕی بایۆلۆجیانەی ژیانەوە. هەموو بووێك، مەرگی خۆی لەگەڵ هاتۆتە دنیاوە. لە كاتێكدا "كۆتایی"، پرۆسەیەكی كردەیی و مێژووییە. جاری وا هەیە تۆ دەژیت و كەچی مردوویت و وەك مردوو حسابت بۆ دەكرێت، جاریش هەیە تۆ كۆتاییت پیهاتووەو  كەچی هەر ماویت و دەژیت. پەیوەست بەوەی ئەو كاتەی دەژیت چی دەكەیت بۆ ئەوەی بمێنیتەوە و كێت لەدەورەیە و چەندە لەگەڵ كۆمەڵگەی خۆت ڕاستگۆ و لە پەیوەندیدات. هەر دەسەڵاتێك ئەم خەسڵەتانەی تێدا نەبوو، هەرچەندەش بە هۆی هەرچییەكەوە (بەهۆی پارە و سوپاكەیەوە، یان عەشیرەت و هاوپەیمانەكانییەوە)، بەپێوە بمێنێت، هەر وەك ڕووخاو دەبینرێت چونكە خەڵكەكەی لەگەڵ نییە. 3. ئەم شێوە دەسەڵاتدارییەی لە ئێستەی وڵاتی ئێمەدا (بە هەموو فۆرمەكانیەوە: ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆندا/ ئەوانەی لە دەوری دەسەڵات و ئەوانەی سەرسامی ئیۆپۆزیسیۆنن)، لە ئاستانەی سووڕگۆڕینی ژیانی خۆیاندان. ئەوەی بە پێوەماوە، یان هەرهیچ نەبێت خۆی بەوجۆرە دەبینێت و بەردەوامیشە لە جێبەجێكردن و بەڕێكردنی كارەكانی، دەسەڵاتێكی پیرۆز نییە و نەبووە. بۆیە مەحكوومە بەوەی كۆتایی خۆی ببینێت، بەڵام ئەو كۆتاییە مردنی نییە. ئەوكۆتاییە، كۆتاییە لەم پێگە مێژوویی و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەدا، كە ئیتر ناتوانێت دەسەڵاتێكی شوناسبەخش بێت چونكە پێشتر ئەوەی نەكردووە و ئێستە شوناسەكەی لێدەسەنرێتەوە. كاتێك تۆ نەتتوانیبێت خەڵكی خۆت دابین بكەیت، گوێت لە دڵسۆزەكانت نەگرتبێت، كۆمەڵگەت بۆ گرنگ نەبێت، بەبەرچاوتەوە نەوەیەك پەروەردەبووبێت، كە ئاگای لە میژووی نەتەوەكەی نەبێت و تۆش هەر خەریكی پڕۆژەی وەبەرهێنانی خیزانی بووبیت، خەڵكت لێ تەكیوەتەوە و نزیكەكانت بەسەرتەوە بوونەتە بەرژەوەندپەرست و مشەخۆر و چەندی لە دەرەوە گووشارت بهێنرێتە سەر، ئەوەندەش لەناوەوە كرم لە خۆت هەڵدێنی و لاشەت دەخۆن. ئەمە دۆخی ئێستەی دەسەڵاتە لەم هەرێمەی ئێمەدا. 4. بەڵام دەبێت واقیعی بین و بڵێین: ئەمە كێشەی ئۆپۆزیسیۆنیشە. چونكە ئەو دەردەی دەسەڵاتی ئێمەی بەم ڕۆژە گەیاند، هەمان دەردە كە ئۆپۆزیسۆنیشی تێوەگلاوە: بە درێژایی ئەم دەسەڵاتە لە هەرێمدا هیچ یەكگرتووییەك نەهاتە ئاراوە. نەبوونی چەمكی "یەكگرتوویی"، دابڕان دروستدەكات، لە دابڕاندا یار و نەیاری دیكە دێنە پێشەوە و بەبەرچاوی خۆتەوە بەشەكانی جەستەت دەڕۆن بۆ جووتبوونێكی ئۆرگانیانە لەگەڵ یار و نەیارەكانی دیكەدا. ئەمە شتێك بوو نە دەسەڵاتدارانی یەك خست نە ئۆپۆزیسۆنەكان، بۆیە دەردەكە دوولایەنەیە و ئەگەر هەرلێرەشەوە تەماشای دواڕۆژ بكەین، كە تیایدا ئەم دەسەڵاتە كۆتایی ئەم پنتە مێژووییەی خۆی پەسەند دەكات و ئۆپۆزیسۆن دێتە سەر حوكم، یان لە نێوخۆیاندا درێژەی پێدەدەن، كۆمەڵگەی ئێمە هەمان ئەم كێشانەی دەبێت، كە ئێستا پێیانەوە دەتلێتەوە و ئیشەكە دەبێتە دەموچاوگۆڕین، نەك گۆڕینی شێوازی حوكمكردن. 5. پاشان بە درێژایی ئەم دەسەڵاتە، هیچ لایەك لە دوو بنەماڵەحزبییە دەسەڵاتدارەكە، هێندە ڕێزی ئۆپۆزیسۆنیان نەگرت، كە پنتێكی هاوبەشی سیاسی، یان ئاكاری و نەتەوەیی پێكەوە كۆیان بكاتەوە. هێندە ڕێزی جیاوازییان نەگرت، كە ئۆپۆزیسۆن وابزانێت بەشێكی ڕەسەنی ئەم كۆمەڵگەیەیە، نەك جەستەیەكی نامۆ، ناڕەسەن، بەكرێگیراو، ناپاك و.. كۆی ئەو وێنایانەی دەسەڵات بۆ ئۆپۆزیسیۆنەكانی دروستكردن، فرێدانیان بوو بۆ ئەودیو چەپەری خیانەت و "بەدووژمنكردن". نەبوونی پنتێكی هابەشی بەهامەند كە لایەنە ناكۆكەكان لەسەر بەرژەوەندییە نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكان كۆبكاتەوە، دابڕانێكی سیاسیی دروستكرد، كە پاشان بووە دابڕانێكی كۆمەڵایەتی و وا خەریكە دەشبێتە دابڕانێكی كولتووری لە نێوان هەردوو زۆنەكەدا. ئەوە تەنیا لە ماوەی كۆڕۆنادا بوو، كە ئۆپۆزیسۆن ملكەچبوو بۆ بڕیارەكانی حوكوومەت و ئەوەش كارێكی باش بوو، بەڵام دەسەڵات ئەوەشی لەبەرچاو نەگرت. بەمجۆرەش دابڕانێكی زۆر نەك تەنیا لە نێوان پنتە بنەماڵەیی و حزبییەكانی هەرێمدا دروستبوو، ئاواش پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەكان كەلێكی تێكەوت و ئاواش پەیوەندیی نێوان ئۆپۆزسیۆنەكان لە پەرتەوازەییدایە. 6. بۆیە كاتێك ئاوا تەماشای دۆخی نێوخۆیی دەكەین، ڕۆشناییەكی ئەوتۆی تێدا نابینرێت و بگرە لمبۆزیی دووژمنەكانیش نەك لەسەر سنوورەكانەوە بۆن بە داگیركردنەوەی كوردستانەوە دەكەن، بەڵكو تەواو هێنراونەتە ناو قووڵایی هەرێمەكەشەوە. لە هەر شار و شارەدێیەكی كوردستاندا پڕۆژە داگیركارییە وەبەرهێنەكان، یان ڕاستترە بگوترێت "پارەدارانی هەیكەلساز" پرۆسەی "تەعریبی مات"یان هێناوەتە نێو ماڵ و گەڕەكەكانەوەو مانەوەی عەرەبیان كردۆتە ئەمری واقیع. 7. بەم دۆخەوە، گۆڕانێك ڕوودەدات، بەڵام پێچەوانەی پرۆسەی (گۆڕان)خۆی دەبێت. پرۆسەیەكی دژەگۆڕانكاری دەبێت و ئەو گۆڕانەی بەڕێوەیە ڕووبدات نە بۆ دەسەڵاتەكان، نە بۆ بنەماڵەكان، نەبۆ ئۆپۆزیسیۆن و نەبۆ كۆمەڵگەكەش بەوجۆرە نابێت، كە هەركەس لەلای خۆیەوە چاوەڕێی دەكات. كەوتنەكە سەراپایی دەبێت و یەكلایەنی نابێت. بەتەنیا كەوتنی دەسەڵاتەكان نابێت ئەگەر كەوتن و كۆتایی ئۆپۆزیسیۆنەكانیش نەبێت، ئەمانیش بە خۆیانەوە كۆمەڵگەكەش دەڕمێنن. بۆیە دەبێت دەستپێشخەرییەكی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم ڕووخانە گەورەیە ڕوونەدات، كە دەبێتە مایەی شپرزەیی و دۆخێكی دەروونی سەراپاگیری دیپراسیو. پێویستە ئەو دەستپێشخەرییە پنتی "هاوبەش" بدۆزێتەوە و ئەوەش بكرێتە بنەمای گۆڕانێكی سەراپایی كە هەر لایەنە شوناسی خۆی دیار بێت. بەبێ ئەوەی پنتی هاوبەشی پیرۆز بدۆزرێتەوە، ئاژاوە و كارەسات چاوەڕێی نەك كۆمەڵگەی كوردی و هێزەكانی ناوی دەكات، بەڵكو ئاگر لە بوونی تاكەكەسیش بەردەبێت، چونكە ئەوەی باجی سەرەكیی دەدات تاكەكانن لەپێش هەمووانەوە. 8. لوتبەرزی و خۆبەشتزانی و فیزلێدان هەمیشە بەشێك بوون لە كاراكتەری كۆمەڵگە و مرۆڤی ئێمە. خۆبادان بە پۆست و پارە و هێز و ئامرازەكانەوە، هەردەم نیشانەی خۆبەگەورەزانیی مرۆڤی ئێمە بوون. لە ئێستادا دەسەڵات و ملهووڕییەكەی، سامانەكەی، قۆرخكارییەكەی و نەبینیی كۆمەڵگە وەك كۆمەڵگەیەكی فیزبەسەردا لێدراو، كردنی منداڵ و مەزنی لووسكە بە بڕیاردەر لەناو سیستەمەكەدا كە هیچ لەبارەی كۆمەڵگەی خۆیەوە نازانێت، وێرانەیەكیان بۆ ئەم دەسەڵاتە دروستكرووە و ئەمەش دابڕانێكی خستۆتە ناو حوكم و هاووڵاتییانەوە. ئەوانەی ئەم هەرێمەیان بەم ڕۆژە گەیاند، ئەم دەستەبژێرە ئەورووپازەدەیە بوون كە قات لەبەركردنیان خستە جێی بیركردنەوەی ورد. ئەمانە دووژمنە سەرەكییەكانی ئەم كۆمەڵگە و ئەم دەسەڵاتە و مشەخۆرەكانی پاشتری ئۆپۆزیسۆنیش دەبن.. ئەمانەن كە وایانكرد هەرێم بەپێوە بمرێت، پێش ئەوەی كۆتایی بێت، كۆتاییان پێهێنا.. ئەمانە ناوی وایان تێدایە، ئەگەر لەو پۆستەدا نەبن كە داگیریان كردووە، كەس بۆ یەك ڕۆژ ناویانی بیر نامێنێت.. ئەمانەن خیانەتكارانی سەرەكیی ئەم نەتەوەیە، كە دەبێت ڕۆژێك لیستی ناوەكانیان ئاشكرا بكرێن.. ئەمانە دژی هەر شتێكی نەتەوەیی بوون و هەرگیز هیچیان یەك ڕستەیان بە كوردی دەرنەبڕی، كەچی دەستیان خستە ناو هەموو دامەزراوەكانی زمان و كولتووری ئەم گەلەوە و بە ناوی دارچاندن و كوردایەتییەكی ساختەوە، خۆیان گەورەترین خەنجەریان لە پشتی نەتەوەی ئێمەدا.. هەولێر  


سه‌ردار عه‌زیز پاش کوشتنی سێ سەربازی و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆرتر، ئەمریکا پاش پێنج ڕۆژ، بۆ ماوەی نیو کاتژمێر هێرشی کردەسەر بنکەو بارەگاکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق و سوریا. ئەمریکا ئامانجی سەرەکی لەم هێرشە ئەوەبوو کە وەها لە میلیشیاکان و ئێران بکات جارێکی تر هێرش نەکەنەسەر ئەمریکا. ئایا ئەمریکا لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو بوو؟ ئەم پرۆسەیە بە ڕەدع، دیتێرەنس یان چاوترساندن ناسراوە. ئەم ستراتیژیە بەشێک بوو لە سیاسەتی بەرگریی ئەمریکا لە جەنگی سارددا، بەتایبەتی پاش گەشەی چەکی ئەتۆمی. هەبوونی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە، وەهای لە ئەوانیتر کرد کە بیر لەوە نەکەنەوە هێرش بکەنەسەری. پاشان کە سۆڤیەت بوو بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ترسی وێرانبوونی هەردوولا هاتە ئاراوە. بەمجۆرە جەنگی سارد بوو بە مۆدێلی باوی شەڕ. ڕەدع یان چاوترساندن لەسەر کۆمەڵێک بنەما بونیادنراوە، کە ترس و گەیاندنی پەیام و نمایش و چۆنێتی تێگەیشتنی ئەویتر لە مەترسییەکەو توانای ڕێگریی و بەرپەرچدانەوە وەستاوە. بە ڕای من لە ئێستادا کۆمەڵێک بنەما هاتونەتە ئاراوە کە وەها دەکات پرسی دروستکردنی ڕەدعی ئەمریکی سەخت بکات. لە سەرووی هەموویانەوە، هەبوونی سیستەمێکی ڕەدعی ئێرانی ئاڵۆزو بەهێز، کە خۆی لە میلیشیا دۆستەکانیدا دەبینێتەوە، لەهەناو کۆمەڵێک وڵاتی لاوازدا لە ناوچەکە. ئەم سیستەمی میلیشیایە لەسەر سیستەمی هاوتەریب بەڕێوەدەچێت کە یەکمجار موستەفا چەمران دایهێنا. ئێران لە ڕێگای میلیشیاکانەوە، چەند بنەمایەکی ڕەدع دادەڕێژێت، یەکەم، دروستکردنی مەترسی لەبەرامبەر هەڕەشەی مەترسی. بەو مانایە ئێران ئەوەی لە ئاگایی هەر هێزێکدا دروستکردوە کە بیر لە هێرشکردنەسەری بکاتەوە کە دەبێت بیر لە میلیشیاکانی ناوچەکە بکاتەوە، وەک ئەوەی لە پاش شەڕی غەزە دەیبینین؛ ئێران لەپێناوی ئەوەی خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بپارێزێت، هەموو میلیشیاکانی لە ناوچەکە خستوەتەگەڕ. خاڵێکی تر کە پێگەی ئەمریکای لاوازکردوە لە ناوچەکە، گۆڕانی دۆخی سیاسی ناوخۆی ئەمریکاو جیهانە. ئەم گۆڕانکارییانە وەهایانکردوە کە ئەمریکا بیر لە جێهێشتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە. لەم پێناوەدا ئەمریکا لە چەند ساڵی رابوردوودا، چەندینجار هەوڵی ڕۆشتنی داوەو بەردەوام باس لە بە گرنگ نەمانی ناوچەکە دەکات. ئەم دۆخە وەهای لە وڵاتان و هێزەکانی ناوچەکە کردوە کە باوەڕ بە ئەمریکا کەمتر بکەن و بە دوای هێزی تردا بگەڕێن بۆ پشتیوانی. ئەم دۆخە سەرتاپای خزمەت بە پرۆسەی دروستکردنی ڕەدع ناکات، چونکە هێزێک بیەوێت لە ناوچەیەک بڕوات، ناتوانێت بەئاسانی ڕەدع لای ئەوانیتر دروستبکات. هۆکارێکی تر کە ڕەدعی ئەمریکی سەخت دەکات، لاوازبونی دۆستەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە. جاران تورکیاو ئیسرائیل وڵاتی ئیقلیمی بەهێزبوون لە ناوچەکەدا، بەڵام لەئێستادا، هەردوو بە دەست کێشەی زۆرەوە دەناڵێنن. تورکیا هەرچی دەکات ناتوانێت دۆخی ئابوری هەستێنێتەوە، ئیسرائیلیش لە پاش شەڕی غەزە ڕوبەڕووی کێشەی زۆر بووەتەوە. ئەمە با ئەوە لەولاوە بوەستێت کە وڵاتانی عەرەبی کە دێتە سەر بواری سەربازی و ئاسایش و داکۆکی لەخۆکردن، لە دۆخێکی تەواو لاوازدان. لەهەمانکاتدا شەڕی غەزە لەئێستادا دۆخێکی وەهای لە شەقامی وڵاتانی ناوچەکە دروستکردوە کە ئەو وڵاتانە بە ئاسانی نەتوانن بەشداری لە هێرشی سەربە ئێران بکەن. ئەم هۆکارەشە وەهایکردوە کە ئەمریکا بە تەنها هێرش دەکاتە سەر میلیشیاکان. لە دۆخێکی وەهادا ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجەکانی دروستکردنی رەدع بونیادبنێت. هەر سیستەمێکی ڕەدع کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، کە بەگشتی بریتین لە چڕیی و گەورەیی توانا، توانای گەیشتن و پێکانی ئامانج، هەبوونی نیەت و بوێری دەستوەشاندن، لەگەڵ گەیاندنی پەیام بە لایەنی بەرامبەر. لێرەدا ڕامانێک لە جۆری چەک و تەقەمەنییەکان کە لە بۆمبارانەکەی میلیشیا عێراقی و سورییەکان بەکارهات جێگای سەرنجە، لەنێویاندا فڕۆکەی بی یەک. ئەم فڕۆکانە کە ڕاستەوخۆ لە تەکساسەوە فڕین، لە ئاسمان بەنزینیان کردوەو پاش ئەنجامدانی بۆمبارانەکە، گەڕاونەتەوە ئەمریکا. لەڕێگای ئەم نمایشەوە ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات کە پەیامی توانای خۆی بۆ ئێران و ئەوانیتر بنێرێت. دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت کە توانای دەستوەشانی پەیوەست نیە بە بوونی لە ناوچەکە، بەڵکو دەتوانێت لە سەر خاکی خۆیەوە لە ئەمریکا، لە دووری چەندین هەزار کیلۆمەترەوە، بگاتە ئامانجەکانی و بگەڕێتەوە. دیارە ئەو جێگایانەی کە بۆمبارانکرابون گرنگ نەبوون، بەڵام ئەم پەیامە گرنگ بوو. بەڵام هەستناکرێت ئەم پەیامە بەباشی گەشتبێت یان ڕێگربێت لە ڕەدعی ئێران یان ببێت مایەی گۆڕینی ڕەفتاری. بەتایبەتی کاتێک هێرشەکان لەناو ئێراندا نین و نەبوونە هۆکاری کوشتنی هیچ بەرپرسێکی سەربازی یان سیاسی و هەروەها ئامانجیان شەڕ نەبوو. لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ڕەهەندێکی پرۆسەی چاوترساندن بکەم، ئەویش کەلتورە. لای ئەمریکاییەکان دەرخستنی هەبوونی توانای سەربازی و تەکنەلۆجی دەبێت وەها لە نەیارەکانی بکات کە ڕەفتاریان بگۆڕن، بەڵام مەرج نیە ئەم پەیامە بە هەمانشێوە لەلایەن ئێرانییەکانەوە وەربگیرێت، بەتایبەتی کاتێک کە کەسایەتییەکانیان و خاک و ڕژێمەکەیان سەلامەتن. لەکاتێکدا کە ئەمە دەڵێین دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین، سیستەمی رەدعی ئێرانی لە دۆخێکی خراپدایەو هێرشەکانی ئەمدواییانە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ لەو بارەوە دەدەن. یەکەم، لەکاتێکدا ئەمریکا لە ئامادەکاری هێرشدا بوو ئێران ئامادەبوو بە خۆیدا بچێتەوەو وەها نیشان بدات کە جارێکی تر کاری وەها ناکات، لە ڕێگای فشاری بۆ وەستانی هێرشی میلیشیاکان، داخستنی میدیاکانیان، گەیاندنی پەیامی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کە ئەوان لە پشت کارەکەوە نەبوو. دیارە هەموو دەزانن کە ئێران لە پشت هێرشەکەی سەر ئوردون بوو، بەڵام پاشەکشێ لێی نیشانەی هەڵەو پەشیمانییە. ئەمە لە کاتێکدا کە ئێستا ئێران خۆی خستە خانەی ئەو وڵاتانەوە کە مەترسی هەیە لەسەر ئەمریکا نەک داواکاریی. هەرچەندە شارەزایەکی ئێرانی ئەوەی دوپاتدەکردەوە کە ئێران ناتوانێت دەستبەرداری دژایەتی ئەمریکا بێت چونکە زیانی زۆر بە ریسۆن دی تای (فەلسەفەی بوونی) ڕژێمەکە دەگەیەنێت، بەڵام ئێران دەزانێت کە جگە لە توانای سەربازی توانای سایبەرو هێرشی شاراوەو زۆر ڕێگای تر لەئارادایە، کە هەتا ئێستا ئەمریکا نەیویستوە بەڵام لەمەودوا ڕەنگە ناچار بێت، بەمانایەکی تر ئەگەر هەتا ئێستا ڕێسایەک هەبووبێت بۆ شەڕەکە، ئەوا ڕەنگە ڕێساکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. لایەنێکی تری لاوازبوونی سیستەمی رەدعی ئێرانی لەوەدایە کە میلیشیاکانی دۆستی یان لاواز دەبن یان دەخوازن خۆیانی لێ بە دوور بخەنەوە. هەموو دەزانین ئەو میلیشیایانەی کە پارەو بەرژەوەندییان لەعێراقدا هەیە ناخوازن دژ بە ئەمریکا بجەنگن. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات هەر کاتێک ئێران لاوازبێت میلیشیاکان هەرزوو خۆیانی لێ بە دوور دەگرن. بە مانایەکی تر پەیوەندییەکە عەقیدەیی و باوەڕیی و دینی نیە، بەڵکو زیاتر بەرژەوەندییە. بۆ نمونە کاتێک ئێران فشاری نەدەکرد، سەرکردەی میلیشیا عێراقییەکان خۆشحاڵ بوون بە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا. لە هەمانکاتدا هێرشەکانی ئێران بۆ هەولێرو پاکستان دەرخەری ئەوەبوو کە سیستەمی ڕەدعی ئێرانی لە لاوازیدایەو پێویستی بە نمایش و هێرشە. ئێستا ئەمریکا دەیەوێت ئامرازەکانی ئێران لاواز بکات. هەندێک دەڵێن، ئەمە نابێتە مایەی لاوازی، هەندێکی تریش بە نەمانی بنەماکانی ڕەدعی ئێرانی دەبینن.


عەلی مەحمود كۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس 2024، وەك رابردوو لە چیاكانی ئەڵپ لە شارۆچكەی داڤۆسی بەڕێوەچوو، ئەمساڵ  كۆنگرەكە لەژێر ناونیشانی بنیاتنانەوەی متمانە بوو‌،  له‌راستیدا هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە سیستەمی كەپیتاڵستی، كە متمانەی لەدەستداوە، ئەمساڵ كۆڕبەندەكە بە بەشداری زیاتر لە  2800 كەسایەتی لە سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و نوێنەرانی كۆمپانیا زەبلاحە‌كانی جیهان لەنێویاندا نزیك 100 كەسیان ملیاردێرن،  وە زیاتر لە 2000 كەسایەتی سیاسی و سەرمایەداری گەورەو داهێنەرە ناسراوەكانی ئەمڕۆی جیهان لەبواری زیرەكی دەستكردو تەكنەلۆژیا، لەوانە نزیك 1000یان بەڕێوەبەری راپەڕاندنی كۆمپانیا زەبلاحە قۆرخكارەكانی جیهان بوون.  داڤۆس تەنها كۆبونە‌وەی ملیاردێرو سەرمایەدارە گەورەكانی جیهانە، كۆبونەوەی پاراستنی سەرمایەدارانی لیستی فۆربیسە، ئەوانەی سیاسەت و ئابووری و دارایی جیهان ئەمڕۆ بەڕێوە دەبەن. سەرمایەداری جیهانی لە رێگای چەندین تۆڕەوە خۆیان رێكخستووە، یەكیان كۆڕبەندی داڤۆسە. جەنگی ئۆكرانیاو روسیا، جەنگی ئیسرائیل-غەززە، هێرشی سەربازی ئەمریكاو بەریتانیا بۆسەر حوسییەكانی یەمەن، گرتنی دەروازی باب المندب لە دەریای سور، تەنگژەی دەریای باشوری چین و تایوان، شەڕی چیپ لەنێوان هاوپەیمانی پێنج قۆڵی ئەمەریكا، تایوان، كۆریای باشور، ژاپۆن، هۆڵەندا بەرامبەر چین لە گرنگترین بابەتە سیاسییە گەرمەكانی كۆڕبەندەكە بوون. لەكاتێكدا ئەمەریكا بۆ خۆی گەورەترین قەتڵگاكانی لەماوەی 54 ساڵی رابردوو بەسەر جیهاندا سەپاند، هەڵگیرسێنەری زیاتر لە 80%ی جەنگە ماڵویرانكارییەكانی جیهان بوو، كەچی كۆڕبەندی داڤۆس نیو سەدەیە لە ئاستیاندا لاڵ بووە. كێشەی زیرەكی دەستكرد، نەبوونی یاساو رێسایەكی جیهانی گشتگیر بۆ سودوەرگرتن لێی  مەترسییەكانی  كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی مرۆڤ و داهاتووی مرۆڤایەتی، وە كاریگەری لەسەر ئایندە بە سەربازی و ئابوری و سیاسییەوە بابەتی گەرمی كۆڕبەندەكە بوو، پرسیارێك هەمووانی شۆك كرد ئەویش ئایا زیرەكی دەستكرد دەبێتە مامانی لەدایكبوونی شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی؟. وەك رابردوو پیسكەرانی ژینگە، بێكاركەرانی بێكاران، برسیكەرانی جیهان، قۆرخكەرانی داودەرمان، باسی ژینگەو بێكاری و هەژاری و مەترسی پەتای داهاتوویان كرد. لەكاتێكدا خۆیان سودمەندی یەكەمن لە پیسكردنی ژینگە، قۆرخكردنی خۆراك.  قۆرخكردنی داودەرمان لەژێر بەهانەی مافی داهێنان، بێكاركردنی كرێكاران لەكاتێكدا كۆمپانیاكانیان قازانجیان چۆتە سەر، لە دوا پەیامیشیدا سەرۆكی تێسلا (ئیلۆن ماسك)  كە سەرمایەكەی خۆشبەختانە بۆ 198 ملیار دۆلار دابەزی داوای لە كرێكارانی تێسلا كرد لە پاڵ ماكینەكانی كاركردنەكەیان بخەون. گەڕان بە دوای مرۆڤایەتی بوون لە سیستەمی سەرمایەداریدا مه‌حاڵە، لێ لێرە لەم داڤوسە 54 ساڵە ئۆلیگارشییەكانی جیهان بە شێوازی خۆیان كە دەیانەوێت چیاكانی ئەڵپ بە دوای مرۆڤایەتیبووندا تەی دەكەن، وەلێ نەگەیشتن پێی نە دۆزیشانەوە،  وەك جیهانی دیلمۆن و بەهەشتی عەدەن، هەر ناشیدۆزنەوە. كەچی كۆنگرە دوای كۆنگرە هەر خودی ئەمانە نایەكسانی زیاتر دەكەن، ژینگە پیستر دەكەن و شەڕ بەرفراوانترو گەورەتر دەكەن و چەكەكانیان وێرانكەرتر دەبێت، سیستەمیش مەترسیدارتر، دەوڵەتی قوڵ قوڵتر دەبێت، دەپرسین ئایا داڤۆس ئەم شارۆچكە 10732 كەسییە به‌هەشتییە نوسخەیەكی باشتری سەرمایەداری پێیە بۆ مرۆڤایەتی؟، ئەم گەڕانەی سەرمایەداری بەدوای مرۆڤایەتیدا لە داڤۆس شانۆگەرییەكەو لە ناچارییەوەیە، چونكە ئۆلیگارشییەكان هەست بەوە دەكەن بەهۆی خولقاندنی نایەكسانییەكەیانەوە ئابلوقەدراون لە جیهان، ئەمڕۆ راپرسی دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان دەریدەخەن نایەكسانی و پیسكردنی ژینگەو جەنگە یەك لە دوای یەكەكانیان بووه‌تە دێوەزمە، ناڕەزایەتییەكان لە دژیان رۆژو ساڵ لەدوای ساڵ رێكخراوترو رادیكاڵترو فراوانتر دەبن، ئەوانیش چارەسەریان تائێستا بۆ ئەم نەخۆشییە كوشندەیە نەدۆزیوەتەوە، تاكو ئەوانیش بەڕێوەبەری جیهان بن نایدۆزنەوە، چونكە ڤایرۆسەكە خۆیانن، نەخۆشییەكە لە گیرفانەكانی ئەواندایە.  كۆڕبەندی دەوڵەمەندانی جیهان، رێكخەرانی ئەم سێركە گەورەیەی سەرمایەداری جیهانی، لەم نمایشە گاڵتەجاڕییەیاندا كە دەستەبژێری سەرمایەداری جیهانی بەشدارن تیایدا لەم خولەدا ژمارەیان 2800 كەسە، لە 200 كۆبونەوەدا قسەو باس لەسەر داهاتووی ئەستێرەكەمان كرد، گفتوگۆ لەسەر چاككردنی سستەمی سەرمایەداری و درێژەدان بەو سستەمە دەكەن، قسە لەسەر سفرەی بەردەست و جێگای خەوتن و هەوای ناو سییەكانمان دەكەن، باسی مۆبایلی گیرفان و فڕۆكە جەنگییەكانی ئاسمانەكانمان دەكەن، باسی درۆنەكان و ڤاكسینەكان و  نرخی دۆلارو عەرش و قورش دەكەن.  داڤوس شوێنی یەكتر بینینی ئەوانەی هۆكاری كێشەكانی نایەكسانی و پیسی ژینگەو شەڕن. لەم پەنجاو چوار ساڵەدا ژمارەی دانیشتوانی زەوی لە 3,7 ملیاردەوە بۆ زیاتر لە 8 ملیارد زیادیكرد. لەو ماوەیەدا ژمارەی ملیاردێرەكان سەدان جار زیادیكرد، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا 12 ملیاردێری خاوەند زیاتر لە سەت ملیار دۆلار هەیە لە جیهان، ئێستا ئیلۆن ماسك خاوەنی زیاتر لە 198 ملیارد دۆلارە، غەززە تەخت بوو، بەفری گرینلاند توایەوە، گەرمای هیندستان تینی سەند، خۆڵبارینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سییەكانی لەكارخست، كەچی ئەمان هێشتا حەكایەتەكانی رابردوو دوبارە دەكەنەوە، باسی ژینگەو ئاشتی و یەكسانی دەكەن، تەنانەت بەخششەكانی گیتس و بافێت و 200 لە هەرە دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا هیچی لە دەردو بەڵاكانی سەرمایەداری وەك زەكاتەكەی لەمەڕ خۆمان چارەسەرنەكرد، بگرە قەیرانەكان توندتربوونەوە. گیتس وێڕای بەخششەكانی لە دەیەی رابردو گەیشتە 45 ملیار دۆلار، كەچی 91 ملیار دۆلار قازانجی كردووە سەرمایەكەی بووە بە 144 ملیار دۆلار. وارن یافتیش بەخششترین سەرمایەداری جیهانە سەرمایەكەی تەنها لە 14 ساڵی رابردوو 38 ملیار دۆلار زیادیكردوەو بووە بە 128 ملیار دۆلار، هەرچەندە لەو ماوەیەدا 27,54 ملیار دۆلار بەخششی كردووە. پەنجاو چوار ساڵە ئۆلیگارشییەكان جیهان لەم داڤوسە كۆدەبنەوە، باسی  دیموكراسیمان بۆ دەكەن، كەچی سەرۆكەكان بە دەستیانەوە بوونەتە سەربازی شەترەنج، رۆژ بە رۆژ دەسەڵاتی سیاسییان زیاتر دەبێت، لە سستەمە روكەشه‌كه‌یاندا مام نازم بە عارەبانەكەیەوەو ئەحمەد ئیسماعیلەكەی لەمەڕ خۆمان هەردووكیان خاوەنی یەك دەنگن؟.  لە كۆڕبەندەكەیان گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی مرۆڤایەتی دەكەن، كەچی ساڵ لەدوای ساڵ بە سەرمایەی زیاترەوە دێنەوە بۆ هەمان شوێن، لەنێوان كۆنگرەی 2019 بۆ كۆنگرەی 2022 سەرمایەی ملیاردێرەكانی جیهان 4 و7 ترلیۆن دۆلار زیادیكردووە، ژمارەشیان 573 كەس چووە سەر، هەژارانیش 260 ملیۆن زیادیانكرد، لەولاوە نایەكسانی قولترو ژینگە پیسترو شەڕەكان ماڵوێرانكەرتر دەبن. ئەوان ناوێرن و نایانەوێ پەنجە بخەنە سەر سەرچاوەی كێشەكان و گوێ لە بیستنی چارەسەرە راستەقینەكان بگرن، كە هەموو دەردو بەڵاكان سیستەمەكەی ئەوانە، چارەسەریش  تەنها سستەمێكە لەسەر بنچینەی هەر كەس بەپێی كارو بەرهەمەكەی... موچەی بنەڕەتی بۆ هەمووان، ئاشتی و دادپەروەری دامەزرابێت. ئەوان كار ناكەن چۆركەكە گەورەتر بكەن بەشی هەموو مرۆڤایەتی بكات، ئەوان دەیانەوێت چۆركەكە بە بچووكی بمێنێتەوە هەر بۆ خۆیان بێت.  


د. كامەران مەنتك          یەكێك لە گۆڕانكارییە مەترسیدارەكانی كۆتاییەكانی ساڵی 2023 دایسانی شەڕی غەزە، یاخود وەك دەیانەوێت بانگەشەی بۆ بكەن شەڕی نێوان موسڵمان وجولەكەیە، لەراستیدا ئەو خوێندنەوە ساویلكانە پانتاییەكی فراوانی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لە كوردستان گرتۆتەوەو هەندێك وەك غەزا سەیری دەكەن وپیاوانی ئاینی وهێزە ئیسلامییەكان وەك بەرگریكارێكی سەر سەخت لەغەزە، واتە ئیسلام نیشان خۆیان نمایش دەكەن وبەشێكی تریش بەناوی ناسیونالیستییەوە وەڵامیان دەدەنەوە، ئەو ململانێیە رادەی ساویلكەیی هێزە سیاسی ورۆشنبیرەكانی كۆمەڵگەی كوردی زۆر بەروونی دەخاتە بەرچاو، چونكە شەڕی غەزە نەشەڕی ئیسلام و جولەكەو نەشەڕی عەرەب وجولەكەیە، بەڵكو شەڕێكی جیۆستراتیژی جیهانییەو لایەنە شەڕكەرەكانی ئێستا وەك جەنگاوەری بەكرێگیراو بەكاردەهێنرێن وبە وەكالەت شەڕ بۆ هێزە جیهانییەكان، بەتایبەتیش بەرەی روسیاو ئەمریكا(رۆژئاوا) دەكەن         لەرووی جیۆپۆلەتیكییەوە شەڕی غەزە درێژكراوەی شەڕی عەفرینە، كە لەساڵی (2018) روویداو تیایدا عەفرین وتا رادەیەكی زۆریش مەسەلەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كرایە قوربانی، كە لەبنەڕەتدا ئەو شەڕە پاراستنی جێپێی روسەكان بوو لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، چونكە رۆژئاواییەكان دەیانویست كورد وەكو دیوارێك بەرامبەر بەرژەوەندییەكانی روسیا لە دەریای سپی بەكاربێنن، یاخود بەلایەنی كەم وەك هەڕەشەیەك ئەو سیناریۆیە یخەنە بەرچاو، لەبەرئەوەی گەیشتنی كورد بەدەریا، كە بەناو هاوپەیمانی ئەمریكابوو، ریسەكەی لەروسەكان دەكردەوە خوری وسەرلەبەری جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەی هەڵدەوەشاندەوە وسەرلەنوێ دایدەڕشتنەوە، چونكە تا ئەو كاتە سوریا بنكەی سەرەكی سۆڤییەتی پێشوو وروسیای نوێ بوو لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست، دروستكردنی دیوارێك لەسەر دەریا لەنێوان توركیاو سوریا، واتە دابڕینی روسیا بوو لەو دەریایە، كە ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ گفتوگۆكانی ئۆكرانیا بۆ چوون بۆ ناو یەكێتی ئەوروپا، كە دیارە مەبەستی رۆژئاوا لەم هەنگاوە داخستنی دەروازەی دەریای رەش بوو لەبەردەم روسەكان، بەواتایەكی تر ئابڵووقەدانی روسیاو خنكاندنی بوو، ئەم رووداوانە لەنێوان ساڵانی (2014-2018) دا، رێك ئەو كاتەیە، كە مەسەلەی كورد تیایدا كەوتە پاشەكشەو تا ئێستاش لەو پاشەكشەو گەڕانەوە دواوەیە بەردەوامە!. لەبەرئەوەی لەو قۆناغەدا نزیكبوونەوەی كورد لە ئامانجەكانی گەیشتە لوتكە، بەواتایەكی تر هەڕەشەی كوردی بۆ سەر بەرژەوەندی روسیاو توركیا ودەوڵەتە هەرێمییەكانی تر گەیشتە لوتكە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی. كە روسیا پاڵپشتی توركیا بكات وكلیلی عەفرینی تەسلیم بكات،  هەنگاوە پڕ سەرەڕۆییەكانی كورد لەو كاتە، بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵاتی بەیەكتر دەبەستەوە، گەیشتنی كورد بەدەریا، كردنەوەی دەروازەیەكی تری جێگرەوە بوو بۆ دەروازەكانی توركیا، ئەمەش دەتوانین بڵێین بایەخی جیۆستراتیژی توركەكانی رێك دەكرد بە دوولەتەوە، بۆیە بەهەردوولایان، ئاستی گرژیەكانیان بەشێوەیەكی مەترسیدار بەرزكردەوەو ئەو هێڵە سوورەیان بەزاند، كە ئەمریكییەكان دایاننابوو، بۆیە ناچار ئەمریكا هەوڵیدا دڵی توركیا بداتەوەو رێگە نەدات بەیەكجاری بكەوێتە باوەشی روسیا، لەمەشدا قوربانییەكە وەك ئاماژەی پێكرا، عەفرین وگەلی كورد بوو لە رۆژئاوای كوردستان. نەهێشتنی ئەو بەربەستەی كوردی رێگەی بۆ روسەكان خۆشكرد، كە بەرژەوەەندی ئەمریكاو رۆژئاواییەكان بەشێوەیەكی گشتی لەدەریای سپی بخاتە مەترسییەوە، دیارە بەهێزبوونەوەی روسیا لەسوریا، واتە خۆسەپاندنی بەسەر پانتاییەكی زۆر فروان لەدەریای سپی ناوەڕاست، كەنزیكەی تا ئیسرائیل درێژدەبێتەوە، بە دایساندنی شەڕی غەزە، هەوڵیاندا  لەدواوە ئابڵووەی گرنگترین پێگەی جیۆپۆلەتیكی هاوپەیمانی سەرەكی رۆژئاواییەكان بدەن لەسەر دەریای سپی، ئەمەیە وا دەكات شەڕی غەزە رەهەندێكی جیۆستراتیژی ترسناك وەربگرێت وبەشكستی ئیسرائیل، مەترسییەكانی سەر دەریای سپی تا لێوارەكانی باكوری ئەفریقا وتا ئۆقیانووسی ئەتڵەسی درێژ دەبێتەوە، ئەمە ئەو ئەگەر زۆر بەهێز دەكات، كە روسەكان زیاتر فشار بخەنە سەر ئەمریكا وهەوڵی فراوانكردنی ئەو شەڕە بدەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆئەوەی لەلایەك هەژموونی ئەمریكا لەم ناوچەیە لاواز بكەن، لەلایەكی تر بارگرانی لەسەر شەڕی ئۆكرانیا كەم بكەنەوە، بۆیە كاتێك ئیسرائیل بەشەڕی غەزەوە خەریك كراوە، ئێران گەرووی باب ولمەندەبی خستۆتە مەترسییەوەو لەرێگەی حوسیەكانەوە سەقامگیری گەرووی هورمز، ئەو دەروازە دەریاییە ستراتیژییەی خستۆتە مەترسییەوە، كە نزیكەی زیاتر لە 20% كۆی بازرگانی نەوتی جیهانی پیادا تێپەڕ دەبێت بۆ دەریای سورو لەوێشەوە بۆ كەناڵی سوێس ودەریای سپی ودواتریش زۆرینەی ئەو نەوتە بۆ ئەوروپا دەڕوات، كەواتە ئێمە ئەگەر وەك شەڕكردن لەسەر بلۆكێكی جیۆستراتیژی سەیری ئەو گۆڕانكارییانە نەكەین، ناتوانین لە بنەماكانی شەڕی غەزەو ئەگەرەكانی فراوانبوونی بەرەو ئێران تێبگەین.       دیارە روسەكان نەك وەك ئیمراتۆریایەك، بگرە وەك شارستانییەكی سەربەخۆ لەئێران دەڕوانن وپێگەی ئێران شوێنێكی ستراتیژی گرنگی لە پڕۆژەی ئۆراسیای روسەكان داگیركردووە، كە لە ئێستادا بەگەرمی كاری بۆ دەكەن، راكێشانی ئێران بۆ ناو ئەو شەڕە بەشێوەیەكی راستەوخۆ، بەرژەوەندیەكانی رۆژئاوا، لە كەنداو، كە پڕە لە سەرچاوەكانی وزەو ئاسیای ناوەڕاست دەخاتەوە مەترسییەكی گەورەوە، ئێرانیش ئەمەی قۆستۆتەوەو باش لەو دەرفەتە مێژووییە تێدەگات، بۆیە بەهەموو توانایەكی هەوڵدەدات وەبەریبهێنێت وبەرژەوەندییە شارستانی ئیمپراتۆریاكانی لەناوچەكە بێنێتە دی، لەبەرئەوەی ئیسرائیلییەكان تاكە بەربەستێكی گەورەن لەبەردەم گەشەسەندنی ئیمپراتۆریای ئێرانی لە بواری ژیاری (المجال الحیوی) خۆیدا، خەریك بوونی ئیسرائیل بەو شەڕەو بچووكبونەوەیان راستەوخۆ خزمەت بە خەونە ستراتیژیەكانی ئێران دەكات، لەلایەكی تر، ئێران بۆ روسیا بایەخێكی هێندە گەورەی هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە هەر لێدانێك لە ئێران، راستەوخۆ روسیا بینێتە ناو شەڕەكەوە، ئەمە ئەو خاڵەیە، كە رۆژئاواییەكان لێی دەترسن وچاوەڕوانیشی دەكەن، كەواتە لەلایەك روسیا دەیەوێت ئێران وەك خۆراكێك بەكاربهێنێت بۆ لێدان لە هەژموونی ئەمریكا لەهەموو ناوچەكە، لەلایەكی تر دەیەوێت گۆڕەپانی شەڕەكە لەبەردەم ئەمریكا فراوانتر بكات وزیاتر تواناكانی بەهەدەر بدات، تا ئەو كاتەی ماندوو دەبێت وبەناچاری دەستبەرداری بەشێك لەبەرژەوەندییەكانی خۆی دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئاسیای ناوەڕاست.      بەروونی ئەوە دەكەوێتە بەرچاو، كە ئەمریكا نە ئیرادەو نەتوانای ئەوەی هەیە بچێتە ناوشەڕێكی وا فراوان، رەنگ بێت ئابووری ئەمریكا توانای ئەركی هەڵگرتنی شەڕێكی لەوجۆرەی نەبێت، چونكە ئەمریكای ئێستا زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەمریكای دوای نەوەدەكان، كە تاكلایەنە سیستەمی نوێی جیهانی راگەیاند، جێگرەوەی ئەو شەڕە بۆ ئەمریكا ئەوەیە، كە بەوێنەی شەڕی ساردی یەكەم(1945-1989) بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی پشت بە هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە ببەستێت، یەكێك لەو دەوڵەتانەش توركیایە، كەرازی بوونی بە وەرگیرانی سوید لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئاماژەیەكی روونە، كە لەم لایەنەوە هەنگاوی جدی چوونەتە پێشەوە، دیارە سازش كردنەكانی ئەمریكاش بۆ توركیا بەپلەی یەكەم لەسەر كوردو بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی كوردە، كە پێدەچێت لە پشت پەردەوە رێككەوتنی زۆر ترسناك كرابێت. هەرچۆنێك بێت، لەبەرئەو هۆكارانەی باس كرا، ئەگەری چوونە ناوەوەی ئێران لە ئێستادا ئەگەرێكی دوورە دەستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریكا ناچارە بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی، دوای كوژرانی سەربازەكانی لە شانشینی ئەردەن، دەستێكی سەربازی گەورە لەبەرژەوەندییەكانی ئێران لە ناوچەكە بوەشێنێت، بەشێوەیەك پەرچەكرداری نەرێنیانی روسیای مسۆگەر كردبێت!.  لەگەڵ ئەوەشدا گومانی تیانییە، كە شەڕی غەزە ناتوانێت لە شوێنی خۆی بۆ ماوەیەكی زۆر بووەستێت پڕوشكی ناوچە جیۆستراتیژییەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگرێتەوە، هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نییە، كە ئەو شەڕە بە ماوەیەكی كەم بووەستێت، چونكە وەك بەرپرسانی ئیسرائیل راشكاوانە دانیان بەوە نا، كە ئەوان شەڕی هاوپەیمانییەك، كە مەبەستیان هاوپەیمانی روسەكان بوو، دەكەن!. بۆیە لە هەموو حالەتەكان، هەموو ئەگەرەكان كراوەن، بەڵام فراوانبوونی شەڕەكە بەو شێوەیەی ببێتە شەڕێكی جیهانی وزلهێزەكان راستەوخۆ بەشداری تیادا بكەن، گریمانەیەكە تاوەكو ئێستا بەلایەنی كەم بە نزیك نابینرێت.


رێبوار کەریم وەلی مەجموعەیەک ڤیدیۆچیی پڕۆفێشناڵ، بەو ناونیشانەی سەرەوە لە سۆشیال میدیا زنجیرە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردۆتەوە. هەندێک ئامارو داتای کەرتە جیاجیاکانی ژیانی کوردستانیان داناوە کە پێدەچێ هی کابینەی نۆیەمی حکومەتی سەنگافور یان هی کۆریای باشور بن نەک هی هەرێمی کوردستان! * یەکێک لە ڤیدیۆکانی باسی دروستکردنی رێگاوبان لە کوردستان دەکات کە گوایە لە سەردەمی کابینەی 9، بەدیاریکراوی، 48000 کیلۆمەتر رێگا دروست کراوەو قیرتاو کراوە! ئەمە نەک هەر درۆیە، بگرە شاخداریشە! روبەری تێکڕای هەرێمی کوردستان، نزیکەی 78736 کیلۆمەتری دوجایە! ئەو 48000 کیلۆمەترە لە کوێوە بۆ کوێ دروست کراوە؟ خۆشتر لەوەش ئەو پرۆژانەی پێی هەڵادادەدەن، هەمووی بێ ئیستیسنا لەسەردەمی کابینەکانی پێشوو، یان بەردی بناغەیان داندراوە، یانیش ئیفتیتاحەکانیان کەوتۆتە سەردەمی کابینەی نۆ. * بەراوردێکی دیکەش دەکەین. ئەردۆغان و حزبەکەی هەمیشە شانازی بە دروستکردنی رێگاوبان دەکەن لە سەردەمی خۆیاندا. ئەردۆغان دەڵێ لە ماوەی 20 ساڵی حوکمی ئەودا، 28550 کیلۆمەتر رێگاوبانیان دروست کردووە! کەواتا ئەوەی کابینەی نۆ بێ ئەوەی باسی سککەی قیتارەکەش بکەن، شاکارە! * ئینجا لە بەشەکانی دیکەدا، هەر بەگۆترە وەک ئەو نمونەیەی پێشوو پێیانداداوەو حەیای کابینەی نۆیان بردووە، تەنانەت پێوەری زیرەکی کارەبا کە لە 2010 لە کوردستان کاری پێدەکرێ کراوەتە دەستکەوتی کابینەی نۆ! ئینجا ئاستی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیان گەیاندۆتە ئاستی سویسراو مەکدۆناڵدیش لە سرەدایە بۆ کڕینی پەتاتەی کوردی! * بەڵام ئەو ڤیدیۆ چییانە لە بیر یان چووە ئەو پرسیارانە بکەن: ئەگەر ئەو سی ساڵە ئەم کابینە پۆلیسییە حوکمی هەموو کوردستانی کردبایە ئێستا چ دەبوو؟ 1- دەبوایە شەو و رۆژ دانیشین سەیری ڤیدیۆکانی ئەو ڤیدیۆچییانە بکەین و ئەشهەدوبیللایان بۆ بکەین. 2- مەعلوم نەبوو تا نوسینی ئەم وتارە زیندوو دەبووین یان بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دەدراین. 3- شتێک بەناوی میدیا نەدەبوو، دەزگایەکی پروپاگەندەی گۆبلز ئاسا شەو و رۆژ خەریکی بڵاوکردنەوەی درۆو دەلەسە دەبوو. 4- شتێک بەناوی ئینتەرنێتی ئازاد نەدەبوو، مەجراکانی سۆشیال میدیا هەمووی فیلتەر دەکران و دەبوایە خەڵک بە ڤی پی ئێن داخیلیان بێ. 5- برا بەسەر براوە دەبووە جاسوس و هاووڵاتیان شەو و رۆژ خەریکی تەقیرنووسین بوون لەبارەی یەکترییەوە. 6- بچووکترین ناڕەزایەتیی بە توندترین شێوە سزا دەدرا. دادگاکانی شۆڕش بەرپا دەکراو نیوەی وڵات بۆ تۆمەتی خیانەت لە زینداندا دەبوون. 7- گەورەترین دەستکەوتەکانی حکومەت بریتی بوو لە دروستکردنی سەدان زیندانی مۆدێرن! 8- ئازوقەو خواردن بە کۆبۆن بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکراو هەموو کەرتەکانی ژیان دەخرایە ژێر دەستی حکومەت. 9- لە وڵات یەک حزب دەبوو، بۆنە رەسمییەکان و جەژنە نیشتمانییەکان بریتی دەبوون لە یادی لەدایکبوونی سەرۆکە هەتاهەتاییەکان و تەنها لەو رۆژانەدا هاووڵاتیان دەیانتوانی بۆ چەپڵە لێدان گردبوونەوە ئەنجام بدەن…


ڕێبوارکەریم وەلی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەتایبەتیش لە کەرکوک، یەکەم ئەزمونی جووتبرا بوو لە دوای کۆنگرەوە. دۆڕانیان مانای کۆتایی تەمەنی سیاسییان دەبوو. بۆیە نەشتەرگەرییەکی سیاسیی گەورە گەرەک بوو تا حزبی جووتبرا، لە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەدا رۆڵ و پێگەیەکی بەهێزیان هەبێ و بە هەمانشێوەش لە رۆڵ و پێگەی پارتی بدرێ. * وەکچۆن لە 2005، ئەمریکا و UN مەبەستیان بوو کە دەستوری عێراق بە هەر نرخێک بێ تێپەڕێ، ئەمجارەش چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێران هەمان مەتڵەبیان هەبوو کە لە بەرامبەر بایکۆتەکەی رەوتی سەدردا کەم نەهێنن و هەڵبژاردنەکان بکرێن. * ئەنجامەکان دیزاین کرابوون.بۆیە چاوپۆشی لە خروقات و تەزویر کرا. دەبوایە کوڕانی تاڵەبانی ئەنجامێکی وا بەدەست بێنن کە بەجۆرێک پاداشتیان درابێتەوە. * جارێ هەر ئەنجامی بەرایی دیارە، بەڵام لێرە بەدواوە پارتی لە کەرکوک قسەیەکی ئەوتۆی بۆ گوتن پێ نەماوە. لە رووی قوڵایی ستراتیژییەوە کەرکوک تەسلیمی کوڕانی تاڵەبانی کرا و دابەشکارییەکی وەک دوای ئۆکتۆبەری 1996 هاتە ئاراوە کە باری لەنگی جووتبرا لە هاوکێشەی سیاسیی ناوخۆی هەرێمیش راست دەکاتەوە. * نفوزی و تورکیا و پارتی لە کەرکوک، لە بەرامبەر هەژموونی ئێران و یەکێتی شکستی پێهێندرا. ئەو یەکێتییەی کە جاران لە پارتی دەپاڕایەوە بۆ پارێزگارێکی سەربەخۆی، ئەمڕۆ ئیتر بێمنەتە. * هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە بنەڕەتدا بۆ حوکمڕانیی لۆکاڵییە و هێندە شتێکی ستراتیژی نییە، بەڵام ئەمە سەرەتای نەخشەڕێگایەکی درێژترە؛ یەکێتیی کوڕانی تاڵەبانی ئیتر داشیان سوارە و بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش ئامادەن، چونکە ئەنجامی کەرکوک تەنها پارتیی ناکئاوت نەکردووە، بەڵکو نەوەی نوێشی تەخت کردووە و لەو کەشکەلانی فەلەکە هێنایاننە خوارێ! * بردنی کۆتای کەمینە ئایینییەکان لە لایەن کەسانی نزیک یان سەر بە یەکێتیش لە کەرکوک پەیامێکی دیکەیە کە ئیتر کەمینەکان لە رەهنی پارتی دەرهاتوون و رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی تەمسیلی کەمینەکان لە کوردستانیش بەشێکی رادەستی کوڕانی تاڵەبانی بکرێ. * پوختەی کەلام، کوڕانی تاڵەبانی براوەی ئەو هاوکێشە ئیقلیمی و ناوخۆییە بوون کە هەندێکی پاداشتی بەرزەفتکردنی پارتی بوو لە ساحەی سیاسیی عێراق و، هەندێکیشی وەکو عەسای سیحری، ئاییندەی سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی پێ دیزاین کرایەوە. دیزاینێک کە لەمپەرەکانی بەردەم، ئەم دوو برایە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی هێزی دیکەش لە داهاتوودا، بەرتەسک دەکاتەوە و وێنەی پاڵەوانی نەتەوەییان پێدەبەخشێ. لە بەرامبەر پارتیشدا لە ناوخۆی هەرێم چیتر سەرکز و کۆڵەوار نین. * ئەم بردنەوەیە قازانجەکەی تەنها دەچێتە گیرفانی سیاسیی کوڕانی تاڵەبانی و بە مەترسیی هەژموونی کورد بەسەر داهاتووی کەرکوکەوە هەژمار ناکرێ؛ هەمواری دوو بڕگە لە قانونی ژمارە 12ی ساڵی 2018 دەڵێ: یەکەم ئەنجامی هەڵبژاردن ناتوانێ ببێ بە بنەمای بڕیاردان لە چارەنووسی کەرکوک و دووەمیش ئەنجام هەر چییەک بێ، دەبێ ئیدارەکەی 33بە 33 بە 33 بێ.


د. قه‌یس كاكل تۆفیق*   ئەوەى لێرەدا دەمەوێ باسى بکەم، جیاوازى تێڕوانینى کورد بەرانبەر تاکى جوو کە لە رابردوودا چۆن بوو؟ ئیستا چۆنە؟ کورد چۆن سەیرى جوولەکەى کردووە؟ بەها و پایەکۆمەڵایەتییەکەى جاران چۆن بوو، ئیستاش چى لێ هاتووە؟ وەکو زمانەوانێك هەوڵ دەدەم ئەو تێڕوانینە لە زماندا بەرجەستە بکەم. زمان سەرەڕاى ئەوەى کە گرنگترین هوکارى پەیوەندى کردنى مرۆڤە. ئەرشیفێکى گرنگه‌ كه‌ مێژوو و کولتور و تێڕوانین و چۆنیەتى بیرکردنەوەى کۆمەڵگا نمایش دەکا. پەیوەندى زۆر بەهێز لەنێوان زمان و رۆشەنبیرى، زمان و بیر، زمان و کولتور، زمان و نەتەوەدا هەیە. هیچ بۆچوون و تیۆرێک نییە کە نکوڵى لەو پەیوەندییە بکا. بەڵکو هەموویان دان بەو پەیوەندییە بەهێزەدا دەنێن و لەلاى هەندێکیان وەک دوو ڕووى دراوێک دەیبینن. کۆمەڵگاى کوردی وەک هەر کۆمەڵگایەکى تر چۆنیەتى بیرکردنەوە و مێنتاڵیەتەکەى لە زمانەکەیدا رەنگى داوەتەوە. ئیدیۆم، پەندى پێشینان، لێکچواندن و هەندێ دەربڕینى تر کە له‌ زماندا هەن نموونەى زەقى ئەو دیاردەیەن. بۆ نموونە، کورد سەگ بە گڵاو دادەنێت و مەر بە فەقیر و زەڕینى کەر بە شێوەیەکى خراپ... هتد. ئەوانەش بە زەقى لە زمانى کوردیدا ڕەنگیان داوەتەوە لەبەر ئەوەى پەیوەندییان بەو جیهانبینییە ئاینییەوە هەیە کە مێنتاڵیەتى کوردى ڕەنگڕێژکردووە. لێرەدا نامەوێ باس لەو پەیوەندییە بکەم کە چۆنە. باوەڕم وایە کەس نکۆڵى لەو پەیوەندییە ناکات کە زمان و تێڕوانینى کۆمەڵگا ئاوێنەى یەکترن. جوو(جوولەکە) هەر لە دێر زەمانەوە لە کوردستان ژیاون. تێڕوانینى تاکى کورد بۆ جوو و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵیان لە زمانەکەیدا ڕەنگى داوەتەوە. کۆمەڵێ ئیدیۆم و پەندى پێشینان و نوکتە و بەسەرهات لە ئەدەبیات و فۆلکلۆرى کوردیدا هەیە، کە وێنەى کەسایەتى جوو نیشان دەدا. هەرچەندە ئێستا ئەو ئیدیۆمانە بەکار نایەن بەڵام زۆربەمان لە باپیرانمان یان بە تەمەنەکانمان بیستووە، کە گوتویانە: وەکو جوو دەپاڕێتەوە، دەڵێى جووە دەترسێ، وەک جوو ڕەزیلە، یان بە منداڵ گوتراوە بۆ دەگریێی جوولەکە. تەنانەت هەندێجار وەکو جووێنیش بەکار هاتووە. بۆ شکاندن کەسێک بە تۆنێکى قوڕس پێان گوتووە جوولەکە. تێڕوانین بەرانبەر گروپى ئیتنى و عەشیرەت و نەتەوەى تر لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە و لە زمانەکەیدا ڕەنگى داوەتەوە، بۆ نموونە: کۆمەڵێ دەربڕین کە گوزارشت لە بێ دەسەڵاتى و ترسنۆکى و ڕەزیلى و نوزانەوە و گریان دەکەن بە جوو یان جوولەکە دەچوێنرێن. عەرەب یان یەزیدى بە پیسوپۆخڵى. لە شارى هەولێردا (کرمانجەکان) ، تورکمانیان کردبووە ڕەمزى ترسنۆکى و شەڕنەکردن (بێغیرەتى). بە پێچەوانەشەوە تورکمانەکان کرمانجەکانیان بە ئاست نزم بێ ئەتەکێت وەسف دەکرد. بوونى کۆمەڵێ نوکتەش لەسەر یەکترى ڕاستى ئەو تێڕوانینە دەسەلمێنێ، کە بەرانبەر یەکتر هەیان بووە. ئەوەى جێگاى سەرنجە ئەو دەربڕینانە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا و ئەو تێروانینە نەماوە یان بەتەواوى کاڵ بۆتەوە. وەکو بەڵگەش بۆ نەمانى ئەو تێڕوانینە ئەوەیە کە ئیستا ئەو ئیدۆم و لێکچواندنانە لە زمانى رۆژانەى نه‌وه‌ی ئێستادا بەکارنایەت. تەنیا وەک ئەرشیفێك لە دەقى کتێبەکاندا ماوەتەوە. لێرەدا پرسیارێک بەرەو ڕوومان دەبێتەوە، کە بۆچى بێدەسەڵاتى و گریان و ترسنۆکى جوولەکە چۆتە ناو زمانى کوردى و بۆتە ئیدیۆم. ئەم دەربڕینانەى زمانى کوردى کە وەسفى جوولەکە دەکا ئەوەمان پێدەڵێ کە ستەمیان لێکراوە و ئەوانیش لەبەر ئەوەى کەمینە بووینە تواناى بەرگرى کردنیان نەبووە، ئیتر پەنایان بۆ گریان و پاڕانەوە بردووە. یەک ئیدیۆم یان پەند و دەستەواژە لە کوردیدا نابینرێ بەشێوەیەك وەسفى جوولەکە بکا،کە ستەمیان لە خەڵك کردبێ یان هێرشیان بردبێ و پەلاماریان دابێ، یان پیاوکوژ و زاڵم بووبن. بەڵکو هەموو ئەو دەستەواژانەى کە بەدى دەکرێ ئاماژەن بۆ مەزڵومیەتى جوو، یان ڕەزیلیى جوولەکە کردووە. ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌سوك سه‌یركردنه‌ چۆته‌ ناو شیعرو ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكه‌وه‌. بۆنموونه‌ شاعیری هه‌جوو شێخ ره‌زای تاله‌بانی له‌ زۆر شوێندا كه‌ هه‌جووی یه‌كیك ده‌كا ئه‌وا به‌ جوی ده‌چوێنێ. وه‌ك:       به‌چكه‌ یه‌هودیه‌كم گرت و ..... هاواری كرد یا موسا     گه‌ر سه‌روریشی پیاوانه‌یه‌ باوه‌ڕ مه‌كه‌ پێی              باتینی جوله‌كه‌ و  زاهیری زوههادی هه‌یه‌     ئاگر ئەگەر لە ماڵی چێ دەڵێن ئاگر نییە، نوورە نەنوورەیلێ، نەموورەیلێ شاپڵیتەیلێ، دەرقوونەیلێ قسەی جوولەکەی مەشهوورە  ئەوەى مایەى سەرنجە بە کەم تەمەشاکردنى جوو یان جوولەکە تەنیا لە کوردستان نەبووە، بەڵکو نموونەى شانۆگەرییەکانى شکسپیر و کارەکتەرى شایڵۆك لە بازرگانى ڤینیسیا ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە ئەوروپاش ئەو شەپۆڵى دژە جوولەکەییە هەبووە. تا لە سەردەمى نازییەکاندا و لە هۆلۆکۆست گەیشتە لوتکە. کۆمەڵگاى کوردى لەبەر ئەوەى کۆمەڵگایەکى خێڵەکى بووە. خێڵ سەرچاوەى هێز و دەسەڵات بووە. ئیتر جووەکانیش لەبەر ئەوەى لە کوردستان پەرت بووینە و خێڵێکى بەهێز نەبووینە تا بتوانن وەک خیڵەکانى تر پەلامارى دەوروبەریان بدەن . یان شەڕ بکەن ئەوا بە ناچارى ئاڵاى سپى و ئاشتیخوازییان هەڵبژاردووە. ئیتر ئەو ئاشتى خوازییەش لە دیدى کۆمەڵێك، كه‌ شه‌ڕكردن له‌لای به‌های باڵا و شانازیكردن بێت، شه‌ڕنه‌كردن به‌ ئاشتی خوازی لێكنادرێته‌وه‌ به‌ڵكو به‌ ترسنۆكی (بێغیره‌تی) لێكدراوه‌ته‌وه‌. لەلایەکى تریشەوە، هەمیشە گروپە کەمینییە ئیتنییەکان بۆ مانەوە و سەلماندنى خۆیان، دەبێ پەنا بۆ هەندێ تایەتمەندى و هۆکارى تر ببەن. لەوانە بارى ئابوورى، جووەکان هەمیشە بە ڕەزیل یان دەوڵەمەند وەسفکراون. هۆکارى ئەوەش ئەوە بووە ئەوان بۆ پاراستنى خۆیان پەنایان بۆ پێکەوەنانى سامان بردووە. نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکو لە سەرتاسەرى جیهاندا. ئەوەش دیاردەیەکى سروشتییە و هەموو کەمینەکان بەو ئاڕاستەیە کاردەکەن. تەنانەت ئەو کوردانەى کە کەمینەن لە وڵاتەکانى وەکو ئوردن و میسر و... هتد هەمان هەوڵى سەلماندنى خۆیان داوە، جا چ لە رێگاى ئابوورییەوە بێت یان رۆشەنبیرى و نزیکى و بەشدارى لە دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى وڵاتدا.  تێڕوانینى کۆمەڵگاى کوردى بۆ جوو لە رۆژگارى ئەمڕۆدا پێچەوانە بۆتەوە. ئەو جووەى کە دوێنێ بە ترسنۆك وەسف دەکرا ئەوا ئەمڕۆ بۆتە سەرچاوەى هێز. جووەکان بەشێوەیەك کاریان کرد کە لە نێو کۆمەڵگاى جیهاندا ڕێز و پایە بۆخۆیان دروست بکەن. نەک هەر ڕێز دروست بکەن، بەڵکو داهێنان و دەسکەوتى زۆر گەورە پێشکەش بە جیهان و مرۆڤایەتى بکەن. سادەترین نموونە بۆ ئەو داهێنانەى کە ئەوان کردوویانە، ژمارەى خەڵاتەکانی نۆبڵە، لەکاتێکدا جووەکان ڕێژەی 0.2% ى ژمارەى دانیشتووان پێکدەهێنن بەڵام %23 ی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەوان بووە. لە بوارى ئابوورى، بە رێژەى ٤٠% و لە پزیشکى ٣٠% و لە فیزیا ٢٥% و لە کیمیا ٢٠% و لە ئەدەب ١٥% پاداشتی نۆبڵ بۆ جوووەکان بووە. ئەوە جگە لەو داهێنانان و بەرهەمانەى وەک (گووگڵ، پێپسى، کۆلا، جينز.... و سەدانى تر کە ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین و ناتوانین دەستبەرداریان ببین. هەروها لە داهێنانە پزیشکییەکان و كیمیا و فیزیا و هه‌موو بواره‌ جیاجاكاندا، داهێنانی زۆر گه‌وره‌یان كردووه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تی سوودی لێ بینیوه‌ و دەیان زاناى وەك چۆمسکى و ئەنیشتاین و مارکس و فرۆیدى پێشکەش بە جیهان کردووە. ئەوان کەمینەیەکی په‌رته‌وازه‌ بوون و توانییان ئەو دەسکەوتە گەورانە پێشکەش مرۆڤایەتى بکەن. ئێمەش تا ئیستا هەر دەبێ بڵێین، ئەو نانە بەو دۆشاوەى. * زانكۆی سۆران


  سه‌ردار قادر ده‌مێكه‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ ئه‌بینیین، گۆڕان دواى دوا شكستى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق و نه‌هێنانى هیچ كورسیه‌ك، ئه‌م ڕسته‌یه‌ ئه‌بیسترێت!! پێش وه‌خته‌ باس له‌ ئاشته‌وایى ئه‌كرا، هه‌وڵه‌كان له‌و بۆته‌یه‌دا بوو، لیژنه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌كان له‌ هاتووچۆدا بوون ، هه‌موو وێردى سه‌ر زمانیان ئاشته‌وایى بوو، ئه‌م ئاشته‌وایى یه‌ هه‌ر زوو به‌رنامه‌ى جیاواز ، بیركردنه‌وه‌ى جیاواز، گوتارى جیاواز، داواكارى جیاواز، پرۆسه‌ى ئاشته‌وایى بێده‌نگ كرد... گۆڕان به‌چى هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌؟؟ ئایا به‌ گۆڕینى ڕێكخه‌رى گشتى ئیتر گۆڕان ئه‌ بێته‌وه‌ گۆڕانى جاران و مه‌نزڵگاى ئۆپۆزسیۆن؟؟ گۆڕان دواى كۆچى دوایى نه‌وشیروان موسته‌فا به‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ردى كوشنده‌دا ڕۆشتووه‌،ناكرێت ته‌نها گۆڕینى ڕێكخه‌رى گشتى به‌ كلیلى چاره‌سه‌رى كۆى گرفته‌كان بزانرێت، گۆڕان له‌ ئێستادا خولانه‌وه‌یه‌ له‌ناو بازنه‌ى داخراودا, گۆڕان له‌ ئێستادا له‌ناو ئه‌و بازنه‌یه‌دا په‌نجه‌كان یه‌كترى ئه‌شكێنن. گۆڕان بۆ بوونه‌وه‌ به‌ گۆڕانى جاران و به‌هێزتر له‌ جاران كۆمه‌ڵێ خاڵى كاركردنى سه‌ره‌كى هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌نگاوى بۆ بنێ ئه‌وانیش: 1ـ گۆڕان له‌ ئیستادا به‌شێكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى سیاسى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى خۆجێى كه‌ هاوڵاتیانى هه‌رێم و تاكى كوردى و شه‌قامى كوردى  ناڕازیه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، تا گۆڕان نه‌كشێته‌وه‌  له‌ حكومەتى هه‌رێم و حكومه‌تى خۆجێى ناتوانرێت نزیك بێت له‌ ناڕەزایى خه‌ڵك و تاکی کوردی، گۆڕان لە ئێستادا مکیاجی ئەم دەسەڵاتەیە کە بە داخەوە مکیاجێکی جوانیش نییە. 2-گۆڕان لەسەرەتای دروستبوونیەوە شەفافیەتی دارایی نەبووە، نە دەنگدەر و نە زۆرینەیەکی هەڵسوراوانی ئاگاداری باری دارایی گۆڕان نیە، نە ئەزانرێت خەرجییەکانی چییە، نە داهاتی، نە قەرزاری نە سەڕجاوەکانی داهاتی، جا بزاوتێک شەفافییەت بۆ وڵات داوا بکات کەچی خۆی سەرەتای شەفافییەتی مومارەسە نەکردووە. 3- گۆڕان لە سنوری یەکێتی هاوپەیمانی کرد بۆ هەڵبژاردن و شکستی هێنا، لە سنوری پارتی چووە حکومەت و شکستی هێنا، تا گۆڕان واز لەم هاوپەیمانێتییانە نەهێنێت ئەستەمە بێتەوە جێ بڕوای دەنگدەرانی. 4-دەمێکە باس لە پەیوەندی کۆمپانیای وشەو بزاوتی گۆڕان ئەکرێت، تا ئێستا شەفافانە ئەم پەیوەندییە رێکنەخراوە، نە گۆڕان نە کۆمپنایای وشە ئەم کێشەیەی یەکلانەکردەوە، بۆتە وەهمێک، باسکردنی بۆتە یاساغی کە پێویستە شەفافانە ئەو پەیوەندییە رێکبخرێتەوە. 5-گۆڕان سەردەمی زێڕینی سەردەمی ئۆپۆزسیۆن بوونی بووە، بۆ پڕۆسەی هەڵسانەوەو ئاشتکردنەوەی هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی گەڕانەوەیە بۆ بەرەی شەقام، ئەو شەقامەی کە زۆرینەی دوورە لە هەڵبژاردن و بایکۆتی کردووە، شەقامێک کە لە گۆڕان زویرەو سزای داوە. لە ئێستادا رێکخەری گشتی نوێ گۆچانی سیحری پێ نابێت، کە زۆرینەی ناوەکانی لە میدیادا دێت هەموو ئامادە نین ئەو کارە بکەن. رێکخەری گشتی نوێ بەسەر کۆمەڵێک گرفتی گەورەدا دەکەوێت. هەڵبژاردنی خانەش هەمان گرفتی هەیە، هەر هاوڕێیەک بیەوێت ئەندامی خانە بێت ئەبێت هەوڵەکانی خەمی گشتی بێت. تا ئێستا تانوپۆی ئەو هەڵسانەوەیە گۆڕان و میدیاکەی بەشەفافانە باسی لێوە ناکات. گۆڕان پێویستە لە خودی خۆیدا زیاتر دەرگا لە ناڕازییەکانی بکاتەوە. گۆڕان ناڕەزایەتییەکان بە بەشێک لە خۆی بزانێ نەک وەک لادەر و دوژمن بیبینێ. گۆڕان گەر گوتاری نەگۆڕێت ئەبێت وەک مێژوو باسی گۆڕان بکەین.


عەدنان عوسمان  ( لە پەراوێزی لێدوانەکانی  وەزیری ناوخۆی هەرێم) کاک مەسعود بارزانی لە گێڕانەوەیەکیدا باس لەوە ئەکات کە جارێک بە هێزێکەوە لەگەڵ باوکی رێیان ئەکەوێتە ناوچەیەک کوێخایەکی لێئەبێت. بارزانی باوک بە کوێخا ئەڵێ تۆ کوێخای بێ رەعیەتیت و ئێمەش رەعیەتی بێ کوێخا، بۆیە ئەم ماوەیە لای تۆ ئەبینە رەعیەت وتۆش کوێخامان بە! دوالێدوانی کاک رێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆی هەرێم، رێک ئەوەمان بەبیردا ئەهێنێتەوە کە ئەم حکومەتە چیتر رەعیەتی نەماوە یا باشترە بڵێم لەخەمی رەعیەت نەماوە، رەعیەتیش ئیتر دەبێ ئەم دەسەڵاتە بە کوێخای خۆی نەزانێت! وەزیری ناوخۆی هەرێم لە لێدوانێکیدا لە ١٠/١٢/٢٠٢٣ دەڵێت: (هەر کەس گلەیی هەیە لە خانەقینەوە تا زاخۆ، با ئاراستەی بەغدای بکەن. خۆپیشاندان بکەن بۆ داوا رەواکانتان بەڵام رووی داواکانتان دەبێت لە بەغدا بێت). کەمترین قسەیەک لەسەر ئەم لێدوان یا فەتوایە ئەوەیە کە ئەمە ئیعلانی ئیفلاسی هەرێمە لە ئاست داخوازیەکانی خەڵک و ئاشبەتاڵبونێتی لە نوێنەرایەتی کردنی هاوڵاتیانی هەرێم. راستە ئەم پێشان دانی دەستەپاچەیی و بێئیرادەیی و لاوازیە، ماوەیەکە لە دەسەڵاتدارانی ئەم کابینەو حزبەکانیانەوە ئەیبیستین و ئەبینینکە گوایە ئەیانەوێت جەماوەری هەرێم روبەڕوی بەغداو دەسەڵاتدارانی عێراق بکەنەوە، بەڵام یەکەم جارە ئاوا بە زەقی ئەم حکومەتە ئیعلانی بێتوانایی و دەستەپاچەیی خۆی بکات. بە گوێرەی دەستوری عێراق، کە گوایە کوردێک شەونخونی جێبەجێکردنی ئەکات!، ئەم هەرێمە خاوەن دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری خۆیەتی. بە گوێرەی مادەکانی ١١٧،١٢٠،١٢١،١٤١ هەرێمی کوردستانخاوەنی پەرلەمان و حکومەتە کەهەم دەبێ نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمەکەبکات وهەم  دەبێ پاریزەری مافەکانیان بێت و سەرپەرشتی دامودەزگاکانی بکات. بەڵام بە گوێرەی ئەم لێدوانەو هاوچەشنەکانی بێت، ئەوا ئەم حکومەتی هەرێمە ئیتر توانای نوێنەرایەتی و ئیدارەدانی نەماوەو دەبێ بۆ هەمو پرسێک روی دەمی هاوڵاتیان لە بەغدا بێت. بەو مانایەی کە گەر بەغدا موچەو بودجەی نارد ئەوا کوێخایەکی باشەو گەر نەشی نارد ئەوا کوێخایەکی خراپە! لە هەردوحاڵەتدا هەرێم شانی خۆی خاڵی کردوەو بەرپرسیارێتیەکەی روبەروی بەغدا کردۆتەوە.  لێرەدا هەقە بپرسین ئەم حکومەتە کە خۆی نەتوانێت هاوڵاتیانی بژیەنێت و ئیدارە بدات، هەروەها نەتوانێت نوێنەرایەتیان بکات و مافیان بستێنێت، ئیتر حیکمەتی هەبون و مانەوەی چیە؟ ئەی ئەرکەکانی چین؟ بون و نەبونی چ مانایەکی بۆ هاوڵاتی هەرێم ئەبێت؟ کاتێک بەرپرسێکی باڵای کابینەکە شانخاڵی کردنی حکومەت رابگەیەنێت لە ئیدارەدان و نوێنەرایەتی کردنی دانیشتوانانی هەرێم، ئیتر ئەم وەفد و وەفد کاریە بە دۆسێی خاڵی و نەبونی هیچ پرۆژەیەکەوە، مانای چیە؟ ئەم وتارە بۆچوونی نوسەرەكەی خۆیەتی  


د. كامەران مەنتك  هەر سیستەمێك سیاسی بیەوێت رێز لەخۆی بگرێت، بەر لەهەموو شتێك رێز لە مامۆستا دەگرێت، لەبەرئەوەی مامۆستا داینەمۆی سەرەكی هەموو گۆڕانكاری وپێشكەوتنەكانی هەموو كۆمەڵگەیەكە، بە پێچەوانەوەش، هەر سیستەمێك بیەوێت خۆی چرووك بكات رێزی خۆی نەهێڵێت، ئەوا رێز لە مامۆستا ناگرێت، بێڕێزكردنی مامۆستا، یاخود لێدان لە شكۆو كەمكردنەوەی بەهای مامۆستا، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی نەوەیەك، كە رێز لەهیچ بەهایەك ناگرێت وهەموو پیرۆزییەكان دەخاتە ژێر پێیەكانی خۆیەوە، ئەمە بنەمای ئەو خاڵە سەرەكییەیە، كە گەندەڵی وبێبەهاكردنی بەهاكان ونەمانی ئینتمای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان لێیەوە دەستیپێكرد، بە واتایەكی تر داهێزران وداڕمانی ئاكاری هەرێم لێیەوە دەستیپێكردو ئێستاش هەموو بەهاو گرنگییەكی ئەو كۆمەڵگەیە لەژێر هەڕەشەی ئەو مەترسییەدایە، ئەو چوارچێوەیەشی تێپەڕاندووە و خەریكە دیوارەكانی باشوور دەپەڕێنێتەوە دەچێتە بەشەكانی تری كوردستانیش، بەڵام خۆشبەختانە لەو بەشانە هێشتا كەلتوورو رەسەنەیایەتی كوردی، هێندە بەهێز ماوەتەوە، كە بتوانێت دیوارێك لەبەردەم ئەو شەپۆڵە بێبەهاییە دروست بكات، كە لەهەرێمەوە بەرەو بەشەكانی تری كوردستان دەردەچێت. كێشەی بنەڕەتی ئەو بێڕێزییە لەوەوە سەرچاوە وەردەگرێت، ئەوانەی نزیكەی حەفتا ساڵە بەناوی كوردایەتییەوە كاوێژیان لەسەر مەسەلەی كورد كردووە، كەسانێك بوون نەك خاوەنی هیچ پڕۆژەیەكی نیشتمانی نەبوون، بگرە شۆڕش وفەوزایان تێكەڵ یەكتركردو لەناو ئەو فەوزایەشدا، بەسیاسەتی دارستان، كەوتنە هێنانەدی خەونە قێزەونەكانی خۆیان وئەوەی ویستیان بۆ خۆیان حەڵاڵ كرد، قۆناغی راپەڕین رێك قۆناغی گواستنەوەی ئەو فەوزایە بۆ ناو شارەكان وكاركردن لەسەر ئەو فەوزایەو سەپاندنی بوو، بەشێوەیەك ئێستا خودی ئەو فەوزایە جێگەی سیستەم ویاسای گرتۆتەوە، وەك چۆن دزی ووڵات فرۆشتن وسیخوڕی وگەندەڵیش جێگەی دەستپاكی ووڵاتپارێزی ودڵسۆزی گرتەوە. ئەو سوپا سیخوڕییەی ئێستا لە باشووری كوردستان دروست بووەو لەپێناو هێنانەدی بەرژەوەندییەكی كەمی مادی، لەپێناو بەدەستهێنانی چەند دینارو لیرە وتمەن ودۆلارێكی رووڕەش، جی پی ئێس بە ئێخەی براكەی خۆیەوە دەكات، بۆ ئەوەی فڕۆكەكانی دوژمن تیرۆری بكەن، یەكێك لە بەرهەمەكانی ئەو بێ رێزییە، كە لەم وڵاتە بەمامۆستایان دەكرێت، بنەچەی ئەو بێڕێزییەی لە ئێستادا بە هەموو كۆمەڵگە دەكرێت، سەرچاوەكەی لەو بێڕێزییە وەردەگرێت، كە بە مامۆستا دەكرێت، چۆن دەكرێت، لەوڵاتێكدا باسی رێزو خۆشەویستی و وڵاتپارێزی ودەستپاكی بكرێت، لەكاتێكدا، كە ئەوانەی هەموو ئەو بنەما ئاكارییانە لە دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگە دەچێنن، بێڕێز بكرێن!.  ئەو كاتە مامۆستا بێڕێزكرا، كە مووچەكەی بڕدراو ناچاركرا لەبەردەم قوتابخانەكەی خۆیدا، دەستگێڕی بكات ووردەواڵە بفرۆشێت، ئەوانەی مامۆستایان بەو رۆژە گەیاند، هەر ئەوانەن، ئێستا دزێوانە لەسەر شاشەی تیڤییەكان دەردەكەون وخۆیان بەسەركردەو بنكردە نیشانی خەڵك دەدەن، لەكاتێكدا ئەوان ڤایرۆس ومیكرۆبەكانی ئەو كۆمەڵگەیەی ئێمەن، ئەو چاوانەی دیمەنی هەزاران مامۆستا نەبینێت، كە بۆ سەرەتایترین مافەكانی خۆیان دوو مانگە لەسەر شەقامن، ئەو چاوە كوێر بووەو ناتوانێت، جوانییەكان وبنەمای جوانییەكانی نیشتمان ببینێت، ئەو چاوە دەبێت بنێردرێتەوە بۆ ئەشكەوتەكەی ئەفڵاتوون ولەكونجی زیندانەكاندا دادگایی بكرێت، لەسەر ئەو هەموو تاوانەی بەرامبەر ئەو گەلە ستەم دیدەیە كردوویانە.


   سەردار قادر لەم دۆخە ناهەموارە کە هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، تاکی کوردی قوربانی یەکەمی بارودۆخەکەیە، سەرەتای ململانێکان لە هەرێم و بە تایبەت لە سنوری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین بنەماکانی لە رەوتی دەرکەوتندایە، ئەم ململانێیانە لە ئێستادا لە بارودۆخی خۆ ئامادەکردن و سەرەتای دەرکەوتنی تان و پۆکانێتی، مەنزڵگای ململانێی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان. ئەم نوسینە هەوڵدانە بۆ لێکدانەوەی پێش وەختی ململانێکان، لە دەڤەرەی سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی، چوار رەوت لە پرۆسەی خۆئامادەکردندایە بۆ ململانێیەکی سەختی هەڵبژاردنی داهاتوو: رەوتی یەکەم: رەوتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکەکەی دوای کۆنگرەی پێنجەمێتی، ئەم رەوتە لەهەڵبژاردنی داهاتوو لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، بونیادی یەکێتی لە ئێستادا کۆمەڵێک گرفت و ململانێی هەنووکەیی هەیە، دوای کۆنگرە هەموو ململانێکان ئامادەیی هەیە. 1-  ململانێ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە ململانێیەکی مێژوویی هەمیشەییە بە شەڕو ئاشتیدا تێپەڕیوە، جۆرێکە لە نەخۆشییە بێچارەکان، لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم ململانێیە نە کۆتایی دێت و نە رێککەوتنی ستراتیژی چارەسەرێتی، ئەوەی ئەم ململانێیە کەمێک بێدەنگ دەکات دوو ئیدارەییە، واتە تۆ لە سنوری دەسەڵاتی خۆت و منیش لە سنوری دەسەڵاتی خۆم، نە دەکرێت پێکەوە بن و نە دەکرێت دووری هەمیشەییان هەبێت بەتایبەت لەگەڵ بەغداو بەرژەوەندییەکان. 2-   ململانێ لەگەڵ ناڕەزایی ناو خودی یەکێتی دوای کۆنگرە، زۆرن ئەوانەی لە سیاسەتی  گشتی سەرۆک و گوتاری یەکێتی ناڕازین، زۆرن ئەوانەی پێگەو دەسەڵاتیان کەمکراوەتەوە، هەموویان پێدەچێت بۆ کاتی هەڵبژاردن هەڵوێستییان دەربکەوێت و ناڕەزایەتییان بگاتە لوتکە و ئەوکات مامەڵەو سەودا و گوتارییان دەردەکەوێت. 3-  ئەم رەوتە بەو بونیادەی کە ئێستا هەیەتی ئامانجەکەی زامنکردنی دەنگەکانی خۆیەتی واتە حەسمکردنی دەنگ بۆ خودی یەکێتی لە ناو خودی خۆیدا، مەودای کارکردنی بونیادی ئێستای خۆیەتی. رەوتی دووەم: هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی و ناڕازییەکان  لەدوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی مەنزڵگای ململانێ لای شێخ لاهور دەرەوەی یەکێتییە، ئیتر دەرگای یەکێتی داخراوە بە روویدا، تا ئێستا گوتاری هاوسەرۆکی پێشوو پیشاندانی خۆیەتی وەک قوربانی، قوربانی دەستی سەرۆکی یەکێتی. ئەوەی ئیتر دەبینرێت گوتاری داهاتووی هاوسەرۆکی پێشووە کە ئیتر مەنزڵگای خۆ تاقیکردنەوەی ناڕازییەکانی ناو یەکێتی دوای کۆنگرەیە، ئەم رەوتە بەدەر لە جەستەی یەکێتی وەک رەوتێکی سەربەخۆ نەبینراوە، نازانرێت کە شەقام چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات؟ وەک فریادڕەس!! تا ئێستا باوەڕبوونە کە فریادڕەسێک دەبێت بێت و هەوڵدانە بۆ زیندوکرنەوەی چەمکی کاریزما! رەوتی سێیەم: نەوەی نوێ و ئەزموونی تر نەوەی نوێ لە بۆشایی سیاسیدا بۆ شەقامی کوردی خۆی بە فریادڕەس دەزانێت، ئەو بۆ بەرامبەرەکانی ئۆپۆزسیۆن بوونی کردووەتە سەنگەر، نەوەی نوێ و سەرکردەکەی لەسەر خەم و ئازاری تاکی کوردی مامەڵەی سیاسی دەکات، گرفتی ئەم رەوتە لەبەریەک هەڵوەشانی خودی خۆیەتی، ئەمڕۆ یەک لیست و سبەی جیابوونەوەی کاندیدەکانی لە خودی بزاوتەکە کە ئەم ئەزمونەشیان دیوە، ئەم رەوتە لە نەبوونی ئومێد لای تاکی کوردی تاکە رەوتە کە هەوڵی کۆکردنەوەی ناڕەزایی خەڵک دەدات، واتە ئومێد دەباتە لای خۆی، ئەم رەوتە لەدەرەوەی سنوری سلێمانی جۆرێک یاری سیاسی دەکات بەتایبەت لەگەڵ پارتیدا،  ئەم رەوتە لەسەر مێژوو کارناکات و زیاتر خۆی بەستووەتەوە بە واقعی تاڵی شەقامەوە. رەوتی چوارەم: ناڕازییەکانی شەقام ئەم رەوتە زۆرێک لە جیابووەکانی گۆڕان و ئاڕاستە ئیسلامییەکانن، ئەم رەوتە گەنج و دەنگە ناڕازییەکانی ناو پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی لە خۆگرتووە، ئەم رەوتە کەسانی وەک عەلی حەمەساڵح و هاورێکانی تێدا دەبینرێت، رەتی بونیادی پێشووی گۆڕان دەکەن و باوەڕیان بەوەیە کە جەستەی گۆڕان جەستەیەکی شەکەتەو جارێکی تر نابێتەوە گۆڕانی جاران. ئەم رەوتە لە پرۆسەی راوێژدان بۆ خۆئامادەکردن و دروستکردنی بونیادی خۆیان. ئەم رەوتە هەوڵ دەدات کە ئەمانن بە بەدیلی داهاتوو بەڵام بەدیلێکی خێرا نا! ئەمان رەوتی سێهەم بە بزنسی سیاسی ئەناسن و خۆیان بە ئومێد ئەبینن بۆ داهاتوو بەتایبەت بۆ گەنج و شەقام . ئەم رەوتە لای نەیارەکانیان بە پۆپۆلیست ناوزەند دەکەن. ململانێی رەوتەکان: رەوتی یەکەم (سەرۆکی یەکێتی) لەگەڵ رەوتی دووەم (هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی) تا سەر ئێسقان هەوڵی ئەوە دەدەن یەکتری تەحجیم بکەن، ململانێی ئەمان ململانێی دوای کۆنگرە لەجەستەی یەکێتی تێئەپەڕێت. رەوتی سێیەم (نەوەی نوێ) و رەوتی چوارەم (عەلی حەمەساڵح و هاورێکانی) ململانێی قورسی ناو شەقامە، ئەمان خاوەن چەمکی ئۆپۆزسیۆنن. لە داهاتوودا دەکرێت ئەم چوار رەوتە هەم ناکۆک بن وهەم دەرگای لە یەک نزیکبوونەوە لە ئارادا بێت، دەکرێت رەوتێکی دەسەڵات لەگەڵ رەوتێکی ئۆپۆسزیۆن تا ئاستی هاوپەیمانی بڕوات. ئەوەی گرفتە لای ئەم چوار رەوتە ئاستی بەشدارییە لە هەڵبژاردندا، ئایا بایکۆت کۆی بەرنامەکانیان لەم سنورە وێران ناکات.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand