دەربارەی دەوڵەت
2025-12-08 11:41:55
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
لە دونیای ئەمڕۆدا کە باس لە دەوڵەت دەکرێت، بەر لە هەمووشتێک باس لە چەمکێکی ئەبستراکت و ئاڵۆز و هەملایەن دەکرێت کە مێژوویەکی درێژی هەیە. لەهەندێک خوێندنەوەدا ئەم چەمکە دەبرێتەوە بۆ کۆمەڵگا سەرەتاییەکان و مۆدێلی «شار دەولەت» و ئیمپراتۆریەتە کلاسیکییەکانی ناو مێژوو. هەرچی دەولەتی مۆدێرنە داهنێراوێکی نوێی ناو دونیای مۆدێرنە کە سەرەتاکانی بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم دەگەڕێتەوە. ئەم فۆرمە تازەیە لە دەوڵەت تەواو جیاوازە لە فۆرمەکانی تری حوکمڕانیکردن لە قۆناغەکانی پێشتردا. بۆ نموونە جیاوازە لەو شێوازە سەرەتاییانەی لە کۆمەڵگا کشتوکاڵییەکاندا بوونی هەبووە، جیاوازە لە فۆرمی فیوداڵیانەی دەسەڵاتی سیاسیی، لەو ئیمارەت و خێزانە حوکمڕانانەی حوکمی رەهای سەرزەمینەکی دیاریکراویان کردوە، جیاوازیشە لە حوکمی ئیمپراتۆریەتە گەورەکان.
لە بەشێکی گەورەی فۆرمە تەقلیدیی و کلاسیکییەکانی دەوڵەتدا، ئەوەی رەوایەتی بە دەوڵەت بەخشیوە، پاشایەتی ئیلاهی، مافی خودایی، پاشایەتی بۆماوەیی، سەرۆکایەتی خێڵەکی، دەسەڵاتی ئەرستۆکراتی، دەسەڵاتی کاریزمی، خەلافەتی دینیی، دەسەلاتی فیوداڵیی، دەسەڵاتی خۆسەپێن، الغلبە، دەسەڵاتی ئەرستۆکراتی کە بەهۆی شکۆمەندی باوباپیران یان ڕەچەڵەکی جەنگاوەرەوە ڕەوا دەکرێت. لە دەوڵەتی مۆدێرندا ئەم فۆرمانە گۆڕانیی گەورە و ریشەییان بەسەردادێت.
بەکورتییەکەی، مەسەلەی هەرەسەرەکی لە بوونی دەوڵەتدا مەسەلەی دەسەڵاتە. چۆن دەسەڵات پیادەبکرێت و چۆن رەوایەتی بە دەسەڵات ببەخشرێت، دەزگا سەرەکییەکانی کامەنەبن، پەیوەندیی نێوان فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات لەناو دەوڵەتدا چۆن بێت، ئەو پرسیارە سەرەکییانەن کە بە بوونی دەوڵەتەوە پەیوەستن. ئەگەر مەسەلەی سەرەکیی لە دەسەڵاتدا قبووڵکردنی بێت لەلایەن ئەو کۆمەڵگایەوە کە حوکمی دەکات، ئەودەم پرسیاری سەرەکیی دەبێت بە پرسیاری رەوایەتیی، شەرعیەتی بوونی ئەو دەسەڵاتە. رەوایەتیی ئەو چوارچێوە سەرەکییەی لەناویدا دەسەلات قبووڵدەکرێت و دەولەت و دەزگاکانی بە تاکەکەسەکانی ناو کۆمەڵگاوە گرێئەدات.

وەکچۆن کۆمەڵگا هەمیشە کۆمەڵگایەکە پر لە هێزی جیاواز و ناکۆک بەیەکتری، بەهەمانشێوە دەوڵەتیش بەشێوازی جیاواز و بەپێی خواستی جیاواز، دەبینرێت و وێنادەکرێت، ئایدیۆلۆژیای جیاواز وێنەی جیاواز بۆ دەوڵەت، دروستدەکەن. ئەم دۆخە پڕ لە جیاوازیی و ناکۆکییەیە وادەکات پێویستبێت دەوڵەت چوارچێوەیەکی گشتیی بێت، کورتنەبێتەوە بۆ ئامرازی دابینکردنی خواستی ئەم یان ئەو گروپ بەتەنها، ئامرازیی دەستی ئەم یان ئەو هێزی کۆمەڵایەتیی بۆ سەپاندنی هەیمەنەی خۆی بەسەر ئەوانیتردا، یان نوێرەی شوناسێک لە شوناسەکانی ناو کۆمەڵگاکەبێت بەتەنها، یان تەعبیربێت لەم یان لەو ئایدۆلۆژیای سیاسیی، یان ئامرازێک بەدەست ئەم یان ئەو دینی تایبەتی ناو کۆمەڵگاوە.
هەر ئەم دۆخە وادەکات دەوڵەت ئامرازێکبێت لەسەروی ئەو ململانێ کۆمەڵایەتییانەوە لە کۆمەڵگادا دروستدەبن، بە تایبەتی کاتێک کە دەزانین ململانێ دیاردەیەکی تێپەڕ و کاتی ناو کۆمەڵگا نییە، شتێک نییە تەنها لەناو شێوازێکی کۆمەڵگادا و سەردەمێکی مێژووییدا بوونی هەبێت، بەڵکو دیاردەیەکی بونیادیی و سیستماتیکی ناو ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکان خۆیەتی و لە فۆرم و شێوازی جیاوازدا ئامادەدەبێت. ئەمە وادەکات دەوڵەت چوارچێوەیەکی یاسایی و دەزگایی و ئەخلاقیی بێت بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو ململانێ و فرەیی و پلورالیزمەی لەناو کۆمەڵگادا هەیە و کاردەکات. دەوڵەت لە رێگای یاسا و ئیدارەدان و دادگا و میکانیزمی تایبەتەوە، چارەسەر بۆ ناکۆکییەکان دەدۆزێتەوە و ناهێڵێت ململانێکان بەرزببنەوە بۆ ئاستی تەقاندنەوە و دروستبوونی پشێوی کۆمەڵایەتیی. بەم مانایە و لە دیدگایەکی دۆرکهایمییەوە دەکرێت بڵێین دەوڵەت ئامرازیی دابینکردن و پاراستنی هاریکاریی و هاودەنگیی کۆمەڵایەتییە، کاری مەیسەرکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەشی رێکخراوە، تیایدا کەس و گروپەکان بتوانن بە هەموو جیاوازیی و ململانێکانیانەوە، لەپاڵیەکدا بژین و لانی کەمی هاریکاریی کۆمەڵایەتیان لەنێواندابێت.
دەوڵەت هاوکات ئامرازیی سەرەکیی سەندنەوەی توندوتیژییە لە کۆمەڵگا و قۆرخکردنیەتی لەلایەن خۆیەوە وەک دەسەڵاتێکی ناوەندیی و هاوبەش. دەلەەت ئامرازی بەخشینی جۆرێک لە رەوایەتیدانە بە پەنابردن بۆ توندوتیژیی، کاتێک دۆخێک دێتەکایەوە پەنابردن بۆ توندوتیژیی وەک جۆرێک لە ناچاریی لێدێت. لەم دۆخەدا دەوڵەت، بە زمانی ماکس ڤێبەر بدوێین، ئەم جۆرە توندوتیژییە ناودەنێت «توندوتیژی شەرعی».
خاڵێکی دیکە کە زۆرجار لە دونیای مۆدێرندا بەرگریی لێدەکرێت، مەسەلەی ئاڵۆزبوونی بەردەوامی کۆمەڵگا و زیادبوونی ئەو ئەرکانەیە کە ئەنجامدان و بەڕەوەبردنیان لە توانای تاکەکەسەکان و توانای ئەم یان ئەو گروپی ناو کۆمەڵگاکەدا نییە بەتەنها. لەوانەش، بۆ نموونە، مەسەلەی رێکخستنی تەندروستی گشتیی سیستمی خوێندن و فێربوون، دابینکردنی ڕێگاوبان و ژێرخانی کۆمەڵگا، بەرگریکردن بەرامبەر بە هەڕەشەی دەرەکیی، رێکخستنی زیادبوون و گەشەکردنی دانیشتوان، کێشە و تەحەداکانی ژینگە، رووبەرووبووەوەی پەتا و نەخۆشییە دەستەجەمعییەکان، ئەمە جگە لە رێکخستنی چالاکییە ئابورییەکان و ڕێکخستنی بازار و ئاڵوگۆریی بازرگانی و باج لە کۆمەڵگادا، هتد...
خاڵێکی دیکە کە دەوڵەت لە دونیای مۆدێرندا پێۆهەڵدەسەێت، رێگرتنە لە دروستبوون و بڵاوبوونەوەی نایەکسانیی گەورە و ترسناک لەناو کۆمەڵگادا و هەوڵدان بۆ دابینکردنی لانیکەمی خۆشگوزەرانیی و ماف بۆ دانیشتوان. ئەمەش لە رێگای سەرلەنوێ دابەشکردنەنەوەیەکی دادپەروەرانەی سەروەت و سامانی نیشتیمانیی و سیستمی باج و هاریکاریی کۆمەڵایەتییەوە. لەناو فۆرمی دەوڵەتی نەتەوەشدا، رێکخستنی مەسەلەی هاوڵاتیبوونیش دەبێتە یەکێک لە مەسەلە سەرەکییەکان. لە سەدەی بیستەمدا فۆرمێکی تازەی دەوڵەت لەدایکدەبێت کە ناوی «دەوڵەتی خۆشگوزەرانی» لێدەنرێت. لەم فۆرمەدا دەولەت تەنها رۆڵی پاسەوانی کۆمەڵگا و دابینکەری ئاسیش و اارامی کۆمەلایەتیی نییە، بەڵکو پارێزەر و گەرانتیبەخشی چەندان مافی کۆمەڵایەتیشە. لە بیمەی بێکاریی و خانەنشینییەوە بیگرە، بۆ خۆشگوزەرانی گشتیی لە کۆمەڵگادا.

هاوکات مێژووی دەوڵەت خۆیشی هاوشانە بە مێژووی دژایەتیکردنی دەوڵەت، وێناکردنی وەک دەزگایەکی زیاد و ناپێویست، ماشێنێکی گەورە و ترسناک. ئەنارشییەکان دیارترین کەسانێکن رەخنەی دەوڵەت دەکەن و بە ئۆرگانێکی ناپێویستی دەزانن. ئەمان پێیانوایە مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی کۆمەڵە و ئۆرگانی خۆبەخشەوە خۆیان ڕێکبخەن و هاریکاری یەکتربن. پەویستیان بە دەوڵەت نییە بۆ بەڕێوەبردن و پاراستن و رێکخستنی ململانێکان. پێشیان وایە دەوڵەت زۆرجار بەرژەوەندی گروپێک لە گروپەکان دەپارێزێت و ئازادییەکان بە شێوازی جیاواز، بەرتەسک دەکاتەوە. قۆرخکردنی مافی بەکارهێنانی توندوتیژییش، دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ کابوس، دروستکردنی ماشێنێکی بیرۆکراسی ناکاراش، کە ژیانی مرۆڤەکان کۆنترل و دیسپلین دەکات، رووکارێکی ترسناکی تری دەوڵەتە. ئەمە جگە لە بەرپاکردن و هەرڵگیرساندنی جەنگ و دروستکردنی ماشێنێکی سەربازی گەورە. بە کورتییەکەی ئەم دیدگایانە، دەوڵەت نەک تەنها پێویست نازانن، بەڵکو وەک ئۆرگانێکی زیانبەخش مامەڵەی دەکەن و دەیناسێنن. هەرچی ئایدۆلۆژیای مارکسیزمە، پێیوایە دەوڵەت ئامرازێکی مێژوویی چەوساندنەوەی چینایەتییە بە دەستی چینە باڵادەستەکانەوە، نەک پێداویستییەکی کۆمەڵایەتیی.
بە بۆچونی من ئەم دیدگا دژ بە دەوڵەتانە، شوێنی باوەڕپێکردن و سەلماندن نین. ئەلتەرناتیڤی ئەوان بۆ دەوڵەت ئۆرگانی خۆبەخشی سەربەخۆ و تۆڕی پەیوەندیی و کۆبوونەوەی لۆکاڵیی و هاریکاریی نێوان مرۆڤەکانە. ئەمانەش لە دنیایەکی ئاڵۆز و پڕ مرۆڤی وەک ئەمرۆدا، زیاد لە ٨ ملیار مرۆڤ، توانای بەرەنگاربوونی کێشە و تەحەدا سەرەکییەکانی دونیای ئەمڕۆیان نییە. لە رووی مێژووییەوە سیستمی نادەوڵەتی تەنها لە کۆمەڵگا سادە و سەرەتاییەکاندا توانیویەتی کاربکات، لە دونیای ئاڵۆزی ئەمرۆدا، رێکخراوی خۆبەخش و لۆکاڵی دەرەقەتی کێشە گەورەکانی جیهان، نایەن. هاوکات دژە دەوڵەتبوون زۆرجار لەسەر وێناکردنێکی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی هەردەم هاریکار و هاوکار بەندە. بوونەوەڕەکی بێتەماحی نیازپاک و بێخەوش. ئەم خۆشباوەرییە لەزۆرسەرەوە جێگای متمانەپێکردن نییە و بازدانێکی تەواو سادەیە بەسەر چەندان ئاکاری نێگەتیڤدا کە مرۆڤ دەشێت هەڵگریانبێت و لەناو ژیانی پێکەوەییدا پیادەیانبکات.
لەم ئاستەدا، بەشێک لە فیکری سیاسیی، مەسەلەی پێداویستی بوونی دەوڵەت بە گریمانکردنی «سروشت»ی مرۆڤەوە گرێدەدەن. بەناوبانگترین تیوریەک سەبارەت بە دەوڵەت لەم رووەوە تیورەکەی تۆماز هۆبزە کە پێیوایە مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی توندوتیژ و خۆویستە، حەزی بە فەوزا و پشێویی و نەبوونی یاسایە. ئەم سروشتە تایبەتە وادەکات کاتێک مرۆڤەکان کۆدەبنەوە و بەیەکەوە دەژین، هێزێکی بەهێزتر لە تاکەکەسەکان پێویستبێت کە بتوانێت سنوورێک بۆ دەرکەوتە جیاوازەکانی ئەو سروشتە خراپەی مرۆڤ، دابنێت. هێزێک بتوانێت تاکەکەس و خواستە ئەنانییەکانی دیسپلین و ئاراستە بکات. هۆبز پێیوایە بەبێ دەوڵەت، ژیانی مرۆڤەکان پڕدەبێت لە تەنهاىی و توندوتیژیی و ناشیرینیی، ژیانێکی هەژار و کورت و پڕ لە دڕەندەیی دەبێت. کاری دەوڵەت ڕێگریکردنە لە ئاژاوە و توندوتیژیی و هێڕش و پەلاماری بەردەوامی کەسەکان بۆسەریەکتری.
لە بەرامبەر ئەم دیدەدا دیدێکی پێچەوانە هەیە کە پێیوایە مرۆڤ سروشتێکی پۆزەتیڤی هەیە و خاڵی سەرەکیی تیایدا هاریکارییکردن و بەدەم یەکتریەوەچوون و کۆمەککردنە. مرۆڤ بە سروشت خاوەن و هەڵگری کۆمەڵێک مافی سروشتییە، کە پەیوەستە بە مرۆڤبوونی مرۆڤەوە وەک مرۆڤ، ئەو مافانەش بریتین لە: مافی ژیان و مافی ئازادیی و مافی هەبوونی موڵکیەت. لەم دۆخەدا کاری سەرەکیی دەوڵەت بریتییە لە پاراستنی ئەو مافە سروشتییانە. لێرەدا دژایەتی دەوڵەت وەک دەوڵەت ناکرێت، بەڵکو رۆڵ و قەبارە و ئەرکەکانی کەمتر دەکرێتەوە.
لەرووی مێژووییەوە دژایەتیکردنی دەوڵەت و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی، بە ئازادیی و هاریکاریی و بەدەمەوەیەکچونی مرۆڤەکان کۆتایی نەهاتوە. بەڵکو شوێنی دەولەت گیراوەتەوە لە ڕێگای «بکەری نادەوڵەتی»یەوە. ئەم بکەرانەش زۆربەی هەرەزۆری جارەکان لە دەوڵەت خراپتر و توندوتیژتربوون. هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت و بەهیچ شێوەیەک مانای هەڵوەشاندنەوەی هێز و دەسەڵات نییە، بەڵکو بەخشینیەتی بەو بکەرە نادەوڵەتییانە و بە میلیشیا تایبەتەکانیان، ئەمەش جگە لە کارەسات هیچیتری لێ سەوزنەبووە.
