هاوپەیمانی: لەگەڵ یەكێتی سەرقاڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی سیاسین

Draw Media

2018-09-14 19:12:44



( درەو میدیا)

لە راگەیەنراوێكدا هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رایگەیاندووە، كە راستگۆیانە بەردەوامە لە هەنگاوەكانی و سەرقاڵی گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی هەمەلایەنەیە لەگەڵ هێزە كوردستانی و عیراقییەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە قەیران و كێشەكان.
هاپەیمانی ئەوەشی خسۆتە روو كە"لەسەر داوای كەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و تیكۆشەرانی  هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی سیاسین بە ئامانجی چارەسەركردنی تەنگژەكان"

هاوپەیمانی: پەیام و پرۆژەكەمان بەردەوامە و سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەین

دەقی راگەیەندراوەكە 

ڕاگەیاندراوی وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و داپەروەرییەوە
هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان
خەڵكی هۆشمەندو تێگەیشتوو

لای هەموتان ئاشكرایە هاوپەیمانی بە راستگۆیی و بێ پێچ و پەنا هەڵوێستە سیاسییەكانی خۆی خستۆتەڕوو. لەمروەشەوە، بە ئاشكرا، داوای دیالۆگی نیشتمانی كردو هەر زووش لەلایەن سەرجەم هێزە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەكانەوە پێشوازی لێكرا. ووتومانە و بەبێ دوو دڵی دەیلیینەوە كە ئەگەر و پێشهاتەكانی كوردستان و عیراق دەخوازێ لەم دۆخە سیاسە چەقبەستووە دەرباز بین. دواتریش لەم چوارچیوەیدا، هەنگاوی پراكتیكی بۆ نراو زنجیرەیەك كۆبونەوە بەڕێوەچووە. خۆ ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردن نەبوایە، رەنگە هەنگاوی گەورەتر بۆ رێكەوتنی سیاسی بەرفراوان بنرایە.

ئێستاش لەبەرئەوەی هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی نەكردوە، هەربۆیە راستگۆیانە بەردەوامە لە هەنگاوەكانی و سەرقاڵی گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی هەمەلایەنەیە لەگەڵ هێزە كوردستانی و عیراقییەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە قەیران و كێشەكان.

لەم نێوەندەشدا، لەسەر داوای كەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و تیكۆشەرانی  هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی رێكەوتنێكی سیاسین بە ئامانجی چارەسەركردنی تەنگژەكان و چاككردنی باری بژێوی خەڵك و رێكخستنەوە و سازدانی تواناكانمان بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گەل.  كە چاوەڕوان دەكرێت دوای هەڵبژاردنەكان فراوان بكرێت بەرووی هێزە سیاسییەكانی دیكەدا.

هەركەسیش بەهەر مەبەستێك هەوڵی شێواندنی ئەم راستییانە بدات، ئەوا درۆیەكی گەورەیە و هەوڵێكە بۆ خەڵەتاندنی خۆی و خەڵك لەپێناو كۆكردنەوەی چەند دەنگێكی كەمی هەڵبژاردن.

لەكۆتاییدا هاوپەیمانی دڵنیای خەڵك و هاودیدان دەكاتەوە كە پەیام و پرۆژەكەی بەردەوامە و سەرقاڵی خۆسازدان و خۆرێكخستنەوەیە بە ئاراستەی زیاتر بەهێزكردنی پێگەكەی و ئاراستەكردنی هاودیدانمان بەرەو كایەی خزمەتكردن و ریكخستنەوە و یەكخستنەوەی توانای هیزە چاكەخوازەكان. هیچ هەوڵێكی نەزۆكیش ناتوانێت ئامانجەكانی هاوپەیمانی بۆ  دیهینانی لە حوكمرانی باش و دادپەروەر  رابگرێت.

سەركەوتوو سەرفراز بن
گوتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری
۱٤ی ئەیلولی ۲٠۱۸
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand