Draw Media

ڕاپۆرت: ئارام مەحمود كەمتر لە (10) ڕۆژ لەبەردەم عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقدایە بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكومەتەكەی كە ژمارەیان 8 وەزارەتە، حزبەكان لەجموجۆڵی بەردەوامدان بۆ بەدەستهێنانی، (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان) شەڕێكی توند دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی وەزارەتی (كۆچ و كۆچبەران)، كاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە (نەوزاد هادی)یە و كاندیدی یەكێتیش(خالید شوانی)یە، كوتلەی(عەتا)یش، كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (بونیاتنان)دایە بەسەرۆكایەتی (هادی عامری) لەشەڕێكی توندایە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ بۆ (فالح فەیاز)ی سەرۆكی كوتلەكە، گروپی چەكداری (بابلیون) كە لەچوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدایە لەگەڵ حزبی (فەزیلە) ململانێیەكی توندیانە لەسەر وەزارەتی (داد)، وەزارەتی (ڕۆشنبیر)یش، وێڕایی ئەوەی پەرلەمان لەدواین دانیشتنیدا كاندیدەكەی كوتلەی (عەسائب)ی ڕەتكردەوە، بەڵام تائێستا بێهیوا نەبوون و شەڕدەكەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو وەزارەتە، (ئیئتیلافی وەتەنیە)ی (ئەیاد عەلاوی ) یش، وەزارەتی بەرگی بەمافی خۆی دەزانێت.  عەبدولمەهدی سەرقاڵی سازاندنی قەوارەكانە    "حزبە دیارەكان بەردەوامن لەسەر یاریكردن لەسەر وەتەری پشكێنە بۆ بەدەستهێنانی وەزارەتە پڕنەكراوەكان لەحكومەتەكەی عەبدولمەهدی، ئەویش سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی تەواوفقاتی سیاسی و یەكخستنی ڕوئیا و بۆچونی قەوارە سیاسیە ناكۆكەكانە" ئەمە قسەی سەرچاوەیەكی نزیكە لەنوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی قەتەری كردووە و ئاماژەی بەوەشداوە" كێشەی ئێستا عەبدولمەهدی یاخیبوون نیە لەپشكێنە، بەڵكو چۆنیەتی تەوافوقە لەنێوان قەوارە سیاسیەكان بۆ ڕێكسختنی میكانیزمی پشكێنە لەنێوانیاندا" بەهۆی بوونی تێبینی لەنێوان ئەوپێكهاتەیەی پشتیوانی عەبدولمەهدی دەكەن كە ئەوانیش (سائیرون و فەتح)ن.  سەرچاوەكە ڕاشیگەیاندووە" یەكلاكردنەوەی دۆسیەی دیارترین وەزارەتەكان (دادو ناوخۆ و بەرگریی) لەسەر ڕادەی سەركەوتنی سەرۆكی حكومەت وەستاوە لەگەیشتن بەتەوافوق لەنێو كوتلە سیاسەكان" وەزارەتەكانی تریش لەڕێی پشكێنەیەكی ڕێكخراوتر لەپێشو و ڕێككەوتن لەسەر كاندیدی تەوافوقی بۆیان، یەكلادەكرێنەوە. ململانێی فەتح و سائیرون مەترسی جدییە لەسەر حكومەت ململانێیەكی توند و ئاشكرا لەنێوان هاوپەیمانی (فەتح) بەسەرۆكایەتی (هادی عامری) و هاوپەیمانی (سائیرون) بەسەرۆكایەتی (موقتەدا سەدر) سەریهەڵداوە، بەتایبەت دوای ڕەتكردنەوەی كاندیدەكانی كوتلەی (بونیاتنان) بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی و ڕۆشنبیری لەلایەن هاوپەیمانی (سائیرون)ەوە. ئەندامێكی هاوپەیمانی (فەتح) دەڵیت، "حكومەتی نوێ‌ لەسەر بنەمای لێكگەیشتن لەگەڵ هاوپەیمانی (سائیرون) پێكهاتووە"تەئكیدیشی كردووە"ئەولێكگەیشتانە بەمەرجی دەستنەبردن بۆ پشكی هەردوولا لەوەزارەتەكان ئەنجامدراوە". پەرلەمانتارەكەی (فەتح) كەناوی خۆی ئاشكرانەكردووە، بەڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە" هاوپەیمانی (فەتح) و باقی پێكهاتەكانی تری كوتلەی (بونیاتنان) سەریان سوڕماوە لەڕەتكردنەوەی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەگریی و ڕۆشنبیریلەلایەن سائیرنەوە"   ئاماژەی بەپێداگری كوتلەكەشیان كردووە لەسەر كاندیدكردنی (فالح فەیاز) بۆ وەزارەتی ناوخۆ و (حەسەن ئەلروبێعی) (كاندیدی عەسائب) بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری. ڕاشیگەیاندووە: هاوپەیمانێتیەكەیان چاوەڕوانی دانیشتنی دهاتووی پەرلەمان دەكات بۆ زانینی چارەنوسی كاندیدەكانی و دوای ئەوە بڕیارێكی گونجاو دەدات كە شایستەی پێهاتەكان بێت. پێداگری ناچاری لەگەڵ ئەوەی وادەردەكەوێت عەبدولمەهدی پێداگریدەكات لەسەر ناوی ئەو كاندیدانەی لەدواین دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا بۆ وەزارەتە پڕنەكراوەكان پێشكەشی كردن و متمانەیان پێنەدرا، بەڵام ڕای بەهێز ئەوەیە، سەرۆك وەزیران ئازادی تەواوی نەبووە لەدەستنیشانكردنی كاندیدی وەزارەتەكان و پێداگرییەكەشی لەپێناو نەگەڕانەوەیەتی بۆ چوارگۆشەی یەكەم و  ترسی جدیەتی لەقوڵبونەوەی كێشەكان و لێكترازانی قەوارە سیاسیەكان بەتایبەت (سائیرون و فەتح) كەپشتیوانی سەرەكی حكومەتەكەین و لەسەر هەندێك لەكاندیدەكان بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ ناكۆكی توندیان هەیە. پێشتر زۆربەی كوتلە سیاسیەكان بەڕوكەش ڕایانگەیاند، ئازادی تەوا دەدەن بەعادل عەبدولمەهدی بۆ دەستنیشانكردنی تیمی وزاری كابینەكەی، بەڵام دواتر دەركەوت لەپشتی پەردەوە شەڕیكی توند لەسەر تەواوی پۆستی وەزارەتەكان كراوە، كە تائیستاش بەردەوامە بەتایبەت لەسەر ئەو وەزارەتانەی پڕنەكراوەنەتەوە.       


( درەو میدیا): حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە موچەی مانگەكانی ( 8 , 9 )ی موچەخۆرانی هەرێم بدات و موچەی مانگەكانی (10, 11 , 12 /2018 )ی موچەخۆران پاشەكەوت بكات و لەسەری مانگی 1/2019 ەوە موچە رێكبخاتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە موچەخۆران چاوەڕەوانن نەك هەر موچەیان بۆ پاشەكەوت نەكرێت، بەڵكو پاشەكەوت نەمێنێت و حكومەت دەست بكات بە دانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانیش. حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی تەواوەتی 4 مانگی 2015 و شەش مانگی 2016 و شەش مانگی 2017 و 7 مانگی 2018 ی موچەخۆرانی هەرێم قەرزار دەبێت.  ئەوە لە كاتێكدا كە حكومەتی هەرێم هیشتا بەردەوامە لەسەر پاشەكەوتی موچە، هەرچەندە نرخی بەرمیلێك نەوت نزیكەی سێ هێندەی ئەوكاتی بڕیاری پاشەكەوتیدا بەرز بۆتەوە, داهاتەكانی هەرێمی كوردستانیش لە ئێستادا زۆر زیادی كردووە بە جۆرێك بە كۆی گشتی داهاتی هەرێم زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارەو بەشی زیاتر لە كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات داهاتەكانی هەرێم خۆی لە ( داهاتی نەوت ، بەشە پارەی بەغداد، داهاتی ناوخۆ، پارەی ئەمریكا)  یەكەم/ داهاتی نەوت  بەپێی خشتەكی ( سۆمۆ) تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی مانگی ئەیلولی هەرێمی كوردستان (405,378 ) بەرمیل بووە و لە مانگەكەشدا ( 12,161,328 ) بەرمیلی رەوانەكردووە كە داهاتی ئەو نەوتە دەكاتە ( 851 ملیۆن دۆلار ) كە نزیكەی ( 200 ملیۆن دۆلار)ی بۆ خەرجی كۆمپانیا و كرێی گواستنەوەو قەرزەكان دەڕوات، بەو پێیەش ( 651 ملیۆن دۆلار)ی دەمێنێتەوە كە دەكاتە ( 781 ملیار دینار)  سێیەم/ پارەی عێراق ئەو پارەیەی كە مانگانە لە عێراقەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە ( 317 ملیار دینارە)، چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە زیادبكرێت.  چوارەم/ پارەی ئەمریكا ئەو پارەیەی كە مانگانە ئەمریكا بۆ پێشمەرگەی تەرخان دەكات ( 25 ملیۆن دۆلار) ە واتا ( 30 ملیار دینار) . بەو پێیەش كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەكاتە : داهاتی نەوت ( 781,236,000,000 ) حەوت سەدو هەشتاو یەك ملیارو  236 ملیۆن دینار +  داهاتی ناوخۆ ( 120 ملیار دینار) ە + پارەی بەغداد ( 317 ملیار دینارە) + پارەی ئەمریكا ( 30 ملیار دینار)،  كۆی گشتی دەكاتە = 1,248,236,000,000  ( یەك ترلیۆن و 248 ملیار و 236 ملیۆن دینار ) بە وتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان مانگانە بۆ موچە پێویستیان بە ( 897 ملیار دینار) هەیە بەو پێیەش داهاتی مانگانە (1,248,236,000,000 دینار  - 897,000,000,000 دینار = 357,000,000,000 ملیار دینار لەكۆی موچە دەمێنێتەوە واتا داهاتی هەرێم بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و 357 ملیار دیناریشی زیادە كە بۆ خەرجی وەزارەتەكان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبێت.  بەڵام تا ئێستاش  حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوامە لەسەر پاشەكەوت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.  


( درەو میدیا):  لەسەر داوای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رۆژانە 500 هەزار لیتر نەوتی سپی لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان  دەنێردرێت، تا هەر ماڵێك بەرمیلێك نەوتی بەركەوێت. سەرچاوەیەك بە "درەو میدیا"ی راگەیاند بەرهەم ساڵ داوای لە وەزیری پێشووی نەوتی عێراق كردووە، بڕی رۆژانەی نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بكات و ئەویش رەزامەندی لەسەر داواكەی دەربڕیوە، بە جۆرێك رۆژانە بۆ پارێزگای سلێمانی 180 هەزار لیتر و پارێزگای هەڵەبجە 108 هەزار لیتر و پارێزگای هەولێر و دهۆكیش 212 هەزار لیتر نەوتی سپی بنێردریت كە كۆی گشتی دەكاتە 500 هەزار لیتر نەوتی رۆژانە.   ئەو نەوتەی لە بەغدادوە دێتە هەرێم جیاوازە لەو نەوتەی كە حكومەتی هەرێم خۆی دابەشی دەكات، ئەتوانرێت بە ئاسانی ماڵی بەرمیلێك نەوتی سپی بۆ دابین بكرێت، بۆ دابەشكردنی ئەو نەوتەی كە لە بەغدادوە دێت دەسەڵاتی تەواو دراوە بە پارێزگاكانی هەرێم بۆ دابەشكردنی ئەو نەوتە بەسەر ماڵاندا.   


راپۆرتی: ئارام مەحمود  لەكاتێكدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی ڕەتكردۆتەوەو ئەو بەرپرسیارێتیەی بەدوو وەزیری (نەوت و دارایی) كابینەكەی سپاردووە، هەندێك لەو كوتلە سیاسیانەی چاویان لەوەیە كەسایەتیەكانیان پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار وەربگرێت، دەستیانگرتووە بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی كە پێشتر دەریكرد لەبارەی نادەستوری بوونی بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی تایبەت بەهەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆمار لەمانگی ئابی ساڵی 2015دا.  هاوكات لەگەڵ بەردەوامبونی مشتومڕەكان سەبارەت بەهەردوو پۆستی وەزارەتی (بەرگری و ناوخۆ) كە عەبدولمەهدی سەرپەرشتیان دەكات تا ئەو كاتەی كوتلە سیاسیەكان یەكلایدەكەنەوە، شەڕی جێگرانی سەرۆك كۆمار تائێستا بەشێوەیەكی بێدەنگ لەنێوان شیعە و سوننەو توركمان وەك پێكهاتەی سێیەمی عێراق بەڕێوەدەچێت. دانانی جێگر لەدەستی سەرۆك كۆماردایە ئەحمەد عەبادی ڕاوێژكاری یاسایی پێیوایە" هیچ پەیوەندییەك لەنێوان پرسی پێكهێنانی حكومەت و پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆماردا نیە، چونكە ئەو پۆستە بەدەر لە ژمارەی ئەو كەسایەتیانەی وەریدەگرن، لەدەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندا نیە"  ئەوڕاوێژكارە یاساییە بەڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"ی ڕاگەیاندووە،  پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆمار بەتەنها لەدەسەڵاتی سەرۆك كۆماردایە و بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی۲٠۱۱ی جێگرانی سەرۆك كۆمار ڕێكخراوە، سەرۆک کۆمار جێگرێك یان زیاتر بۆخۆی هەڵدەبژێرێت بەمەرجێك زیاتر نەبێت لە سێ‌ جێگر و ناوی كاندیدەكانیش پێشکەش بەپەرلەمانی عێراق دەكرێت بۆ پەسەندكردنی بەزۆرینەی ڕەها.  تائێستا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق هیچ ئاماژەیەكی پیشاننەداوە، کە(بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق بەنیازبێت بەمنزیكانە هەڵبژاردنی جێگرەكانی ڕابگەیەنێت، بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرۆك كۆمار  چاوەڕوانی تەوافوقاتی كوتلە سیاسەكانە لەسەر پۆستە لەكاتێكدا بەپێی یاسا لەدەسەڵاتی خۆیدایە.  توركمان بەنیازی وەرگرتنی جێگرێكە ڕۆژنامەی (شەرقلئەوت) لەزاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویكردۆتەوە" مادەم پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار لەسەر بنەمای پێكهاتە دابەشدەكرێت، لەبەر ئەوە سەرۆك كۆمار چاوەڕوانی كاندیدی كوتلەكان دەكات بۆ ئەو پۆستە لەگەڵ بەهەند وەرگرتنی ئەوەی ئەمجارە خواستێك هەیە پۆستی جێگری دووەم یان سێیەمی سەرۆك كۆمار بدرێت بەتوركمان بەوپێیەی نەتەوەی سێیەمی عێراقن" ئاماژەی بەوەشكردووە"بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی كە كاتی خۆی بڕیارەكانی عەبادی هەڵوەشاندەوە بەپاڵشتێكی بەهێزی كوتلەكان دادەنرێت بۆ دەستگرن بە پۆستی جێگرانی سەرۆك كۆمار وێڕایی ڕەتكردنەوەی لەلایەن مەرجەعەتی نەجەف بۆ فرە پۆستی كەهیچ دەسەڵاتێكی نیە وێڕایی بەهەدەردانی ماڵی گشتی. شیعەكان زیاد لەكاندیدێكیان هەیە سەعدی مەتڵەبی سەركردە لەدەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، شیعەكان ناكۆكییەكان نیە لەسەر وەرگرتنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بۆ ئەم خولەش، ئەوە لەكاتێكدایە زیاد لەسەرچاوەیەكی ئاگادار ئاماژە بەبونی ململانێیەكی توند دەكەن لەنێوان (نوری مالیكی، هادی عامری) لەنێو پێكهاتەی شیعە بۆ پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار، هاوكات ناوی (فالح فەیاز)یش دەهێنرێت وەك یەكێك لەكاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر پۆستی وەزیری ناوخۆ وەرنەگرێت. ململانێی سوننەكان زۆر توندە  سوننەكان، وەك سەركردەیەكی ئەو پێكهاتەیە بە(شەرقلئەوسەت)ی ڕاگەیاندوە، ململانێیەكی توندو ئاشكرا لەنێوانیاندا هەیە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار ئەگەر ڕێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی سەرۆك كۆمار زیاد لەجێگرێكی هەبێت، بەگوێرەی سەرچاوەكە هەریەک لە( ساڵح موتڵەگ و خەمیس خەنجەر و ئوسامە نوجێفی و جەمال كەربولی) كێبڕكێ‌ لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستەدەكەن.  لای خۆیەوە، (حەسەن تۆران) پەرلەمانتار و سەرۆكی بەرەی توركمانی بە هەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە"كاردەكەن بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆك كۆماریان پێبدرێت وەك ئیستحقاقێكی نەتەوەیی توركمان بەوپێیەی سێیەم نەتەوەی عێراقن دوایی عەرەب و كورد". ئاماژەی بەوەشداوە" سەرۆك كۆمار و سەركردە سیاسیەكان پشتیوانی ئەو بیرۆكەیە دەكەن بەتایبەت كە توركمان هیچ وەزارەتێكیان لەحكومەتی نوێ وەرنەگرتووە‌.   


راپۆرتی: ئارام مەحمود  ڕەنگە لەدوای "بزوتنەوەی گۆڕان"ەوە، هیچ هێزێك هێندەی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌" و خودی سەرۆكەكەی خاوەنی وتارێكی ڕادیكاڵ و توند نەبوبێتن لە كایەی سیاسی هەرێمی كوردستان،  گوتارێك، كە هەندێك " بە نوێنەرایەتیكردن و تەمسیلی ڕاستەقینەی  شەقامی ناراِزیی لەبەرامبەر دەسەڵاتێكی بێباك و كەمتەرخەم" ناویدەبەن، هەندێكی دیكەش بە گوتارێكی " پۆپۆلیستیانەی"  دەزانن كە هیچ باجێكی لەسەر نیە، هەندێكیش بە"موزایەدەیەكی ناواقیعی و دروشمبازی" ناویدەهێنن، زۆرێكیش پیادەكردنی ئەو شێوازە توندو ڕەقە لە گوتاری سیاسی، بە ئامرازێكی  گرنگ و كاریگەری تاقیكراوەی دەزانن بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین خەڵكی ناڕازیی و خۆ تەرحكردنیش وەك بەدیل و پڕكردنەوەی ئەو فەراغە سیاسییەی بەتایبەت لەدوای خاوبوونەوە و بێدەنگبونی ئۆپۆزسیۆنی جاران لە كوردستان دروستبووە، نەك شوێنگرتنەوەی فیعلی دەسەڵاتێكی "بەدكار" كە سیحری  ئامادەیی هەر  هێزێكی سیاسی ناڕازییە.  هەندێك لەوانەی ڕەخنەیان لە "جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌"  هەیە، لەوەش دووتر دەڕۆن و دەڵێن، لەپێناو شوێنپێكردنەوە لەڕیزبەندی هێزەكان و شوێنگرتنەوەی هەندێكی تریان، لە دوو باردا زیادەڕۆیی زەق و بەرچاویان كردووە، گوتاری سیاسییان، وێڕایی ئەوەی "هەڵپەو هەڵەداوانی" زۆری پێوەدیارە "هێندە تەركیزیان لەسەر پەلارمادانی دەسەڵات و تەواوی هێزەكانی تر بووە، بەقەد ئەوە تەركیزیان لەسەر ئەوە نەبووە بۆ خەڵكی ڕونبكەنەوە چیان دەوێت" یان "ئەوەندەی هەوڵیانداوە لەڕێی ناشرینیكردنی ڕكابەرەكانیانەوە خۆیان جوان بكەن، هێندەی ئەوە كاریان بۆ دەرخستنی جیاوازی و جوانییەكانی خۆیان نەكردووە"، پێیانوابووە "چەندە وتارەكانیان دژی یەكێتی و پارتی توندتربێت هێندە "ڕاستگۆیی و ئازایەتییان" دەسەلمێنێت و زیاتر و زیاتر خەڵكیان لە دەور كۆدەكاتەوە" ئەوەش هەم لە لێدوان و هەم لە هەندێك بەیاننامەیاندا بەئاشكرا دیارە، ئەمە لە بارێكیدا، لەبارەكەی تریشدا، فڕیدانی كۆمەڵێك بەڵێن و پێشبینی كە دیسان زیادەڕۆییەكی هێجگار زەقی پێوەدیارە، كە دیارترینیان حسابنەكردنە بۆ قەبارەی بەرامبەر و هەندێك پێشبینی ناواقیعی، پرسیاری لەسەر میسداقیەت و خوێندنەوەی سیاسیان دروستكردووە.    حسابی بۆ قەبارەی نەیارەكانی نەكردووە لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردندا، بەرپرسانی " نەوەی نوێ‌" ڕایانگەیاند، "كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت هەیە و ئامانجیان بەدەستهێنانی لوتكەی دەسەڵاتە" لەوەش زیاتر خۆیان بە تاكە ڕكابەری (پارتی دیموكراتی كوردستان) ناساند و (یەكێتی و گۆڕان) كە دوو هێزی سەرەكین بەخێرایی  "تێیانپەڕاندن"، وەك ئەوەی  حساب بۆ قەبارە و پێگەی سیاسییان نەكەن، ئەمەش یەكێكی ترە لەوسەرنج و ڕەخنانەی كە هەندێك ئاڕاستەی ئەو جوڵانەوەیەی دەكەن و پێیانوایە"ئەم بیركردنەوەیە ئەگەر ئاستێكی زۆر  لە متمانە بەخۆبوونیشی تیادابێت، ئەوا خاڵی نیە لە لەخۆبایبوون و زیادەڕۆییەك كە تاسنوری كورتبینی و نەبوونی خوێندنەوەیەكی واقیعی و بەكەمزانینی بەرامبەر چووە"، وێڕایی بەتەماكردنی خەڵكیش بۆ پێشهاتێك كە ئەگەری ڕوودانی ڕەنگە بەڕێژەیی سەدیش نەخوێنرێتەوە، وەك دەوترێت ئەمە بۆ پارتێكی سیاسی كە شەڕی  وەرگرتنی دەسەڵات بكات، ئەگەر لە كەمپینی هەڵبژاردندا هۆكارێكی  گرنگ بێت بۆ بەخشینی جۆرێك لە ورە و هێز و تەنانەت كۆكردنەوەی دەنگی زیاتریش، ڕەنگە بەتێپەڕبونی كات ئاسەواری نەرێنی ببێت كە دیارترینیان لەقكردنی متمانەیە بە ڕاستگۆیی.  لەم باسەدا ئەوەی وەك پرسیارێكی گەورەی بێ وەڵام ماوەتەوە لای زۆرێك ئەوەیە، بەچی پێوەر و لەسەر چی بنەما و لێكدانەوەیەكی زانستی  بەرپرسانی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌"خۆیان بە تاكە ڕكابەری (پارتی) زانیوە لەكاتێكدا جیاوازیی ئەنجامەكانی نێوانیان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 21 كورسی و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش  37 كورسی بووە؟، كە جیاوازییەكی لەڕادەبەدەر گەورەیە و بواری بەراوردكردن نیە. كەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد؟ دیوێكی تری ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌"دەكرێت، پەلەكردنە لە دەربڕینی هەڵوێستە سیاسییەكانی، ئەگەر زۆرێك لە حزبەكانی كوردستان كێشەی وەرگرتنی بڕیار و مرداركردنەوەی دۆسییە سیاسییەكانیان هەبێت بەهۆی نادیاری و نەمانی ناوەندی بڕیاری سیاسی تیایاندا، ئەوا "نەوەی نوێ‌" دووچاری كێشەی پەلەكردن لە بڕیاردان بووە، ئەمە سەرنجی هەندێكە لە چاودێران، كە دەڵێن، لەگەل ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرۆكی جوڵانەوەكە گەیشتە نەجەف و لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی "سائیرون"كۆبوەوە، بەنیازی بەشداریكرن لە حكومەت، پاشان كە گەوەترین كوتلەی پەرلەمانیش پێكهات، چووە پاڵ كوتلەكەی (سەدر-عەبادی) و بەنیازبوو بەشداریپێبكەن لە حكومەت، بەڵام كە دواتر "بەدەستی بەتاڵ هاتەدەرێ‌"  وەك "یەكەم هێزی عێراقی ئۆپۆزسیۆن بوونی ڕاگەیاند". بۆ پەرلەمانی كوردستانیش پاشگەزبوەتەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، دیسان "سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌" كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕێكخست و وتی" ئەگەر ئەنجامەكان بەمشێوەیەی ئێستا بن، نەوەی نوێ‌ بەشداری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ناكات".  لەبارەی بەشداری لە پەرلەمانی كوردستانیش وتی" هەر لایەنێك بەشداری بكات لە پەرلەمانێكی لەمشێوەیە، شەرعیەت دەدات بەو پرۆسەیە"، داواشی لە هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات كرد لەگەڵ هەڵوێستەكەی نەوەی نوێ‌ بن و بایكۆتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بكەن و پەیامێكیشی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی سەركردەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی و كۆمەڵ و گۆڕان كرد  و دوو لایەنە ئیسلامییەكە وەڵامیاندایەوە بەبێ‌ ئەوەی رەزامەندی لەسەر داواكارییەكەی دەرببڕن و بزوتنەوەی گۆڕانیش تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە. سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەسەرەتادا بانگەشەیەكی زۆری بۆ ئەم هەنگاوە كرد و میدیاكانی بایەخێكی زۆریان پێدا بەجۆرێك بانگەشەی ئەوەیان بۆ كرد" ئەمە یەكەمجارە لەمێژووی هەرێمی كوردستاندا هێزێكی براوە بڕیاربدات نەچێتە پەرلەمان"، هاوكات تانەی ئەوەشیان لە لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی دا كە هەمیشە دوای ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ڕەخنەی توندیان گرتووە و پارتی و یەكێتیان بە ساختەكاریی تۆمەتباركردووە بەڵام هیچكات وەك نەوەی نوێ‌ بایكۆتی پەرلەمانیان نەكردووە. ئەوەی جێی سەرنجی چاودێرانە، جارێ‌ "جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌" بایكۆتی پەرلەمانی نەكردووە، بە خۆجیاكردنەوەی لە حزبەكانی تر چی قازانجێك دەكات؟ لەكاتێكدا دەبوو بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستەكەی هەوڵی قەناعەتپێكردنی هێزەكانیشی تریشی بدایە نەك "موزایەدەكردن وتۆراندنیان" وێڕایی ئەوەش، هەڵوێستەكانی دواتری "جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌" دەریدەخەن، كە لەو هەنگاوە پاشگەزبوەتەوە واتە بایكۆتی پەرلەمان ناكات، جا هۆكار و پێشهاتەكان هەرچیەك بن. لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، "نەوەی نوێ‌" دیسان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیادا وێڕایی ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان، لە خاڵێكدا كە وەك پێشنیاز بۆ هێزەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی كردووە، داوایان لێدەكات "بەرەیەكی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنن"، ئەوە لەكاتێكدا پێشتر ڕاگەیاندووە "هەر هێزێك بەشداری بكات لە پەرلەمان شەرعیەت دەدات بەو پرۆسەیە"، وێڕایی ئەوەش سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پرسیاری ئەوەی لە خەڵك كردووە "ئایا لەنێوان بایكۆتی پەرلەمان و بوون بە ئۆپۆزسیۆێكی ئازا لەناو پەرلەمان كامیان هەڵبژێرین"؟ ئەم پرسیارە و ئەوەی پێشتریش ئاماژە پێكرا، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆئەوەی " نەوەی نوێ‌" لە هەڵوێستە كۆنكرێتییەكەی پێشووی پەشیمانبووەتەوە كە "بایكۆتی پەرلەمان" بوو، ئۆپۆزسیۆن بوونی كردوەتە یەكێك لە بژاردەكانی، كە پێشتر پێیوابوو شەرعیەت دانە بە پرۆسەیەك كە لەسەر بنەمای "ساختەكاری" بنیاتنراوە.  


( درەو میدیا): ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2019ی پەسەندكرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی كرد بۆ گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی. بە گوێرەی رەشنوسێکی پرۆژەكە، كۆی خەرجییە داراییەكان لە پرۆژە یاسای بودجەدا گەیشتوەتە 128.4 ترلیۆن دیناری عێراقی " 108 ملیار دۆلار" و 22.8 ترلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە كە دەكاتە نزیكەی 19 ملیار دۆلار و ئاماژە بەوەشدراوە كە ئەو كورتهێنانە لە جیاوازی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەناردەی 2019 دا پڕدەكرێتەوە. هەروەها پرۆژە یاسای بودجە بە تێكڕای هەناردەكردنی 3 ملیۆن و 880 ملیۆن بەرمیل رۆژانە خەمڵێنراوە و لەو بڕەش 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمی كوردستان و نرخی یەك بەرمیل نەوتیش بە 56 دۆلار دیاریكراوە. دەربارەی پشكی هەرێمی كوردستانیش لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی 2019دا كەمكراوەتەوە بۆ 12.6% كە لە بودجەی ساڵانی رابردوودا 17% بوو.


راپۆرتی: محەمەد رەئوف پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ساڵی 1946 دامەزراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان دەنگەگانی كەمیكردووە بەڵام كورسیەكانی زیادیكردووە.    پارتی دیموكراتی كوردستان لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا بە لیستی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی تر بەشداریكردووە، خۆ ئەگەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگیرێت دەردەكەوێت كە ژمارەی دەنگ و كورسیەكانی چەند گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. لە هەڵبژاردنی 2010 ی پەرلەمانی عێراق پارتی دیموكراتی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (670,965) دەنگی بەدەستهێنا ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2014 ی پەرلەمانی عێراق (753,014) دەنگی بەدەستهێنا ، دەنگەكانی زیاتر لە ( 82 هەزار ) دەنگ زیادیكرد بەرێژەی ( 12%)، ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 12ی ئایاری 2018 كە پارتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (724,727) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ 25 كورسی پەرلەمان، واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 2010 بۆ 2018 پارتی دەنگەكانی (53762) بەرێژەی ( 8%) زیادیكردووە. سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی 2013 دا پارتی دیموكراتی كوردستان (743,984) دەنگی بەدەستهێنا، لەگەڵ 38 كورسی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 دا پارتی (688,070) دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەكانی (55914) كەمیكردووە بەرێژەی لە ( 7.5%) بەڵام كورسیەكانی زیادی كرد لە 38 بۆ 45 واتا 7 كورسی بەرێژەی ( 16%)    


راپۆرتی: محەمەد رەئوف یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە ساڵی 1975 دامەزراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان دەنگەگانی كەمیكردووە بەڵام كورسیەكانی زیادیكردووە.    یەكێتی نیشتمانیكوردستان لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا بە لیستی هاوبەش لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی تر بەشداریكردووە، خۆ ئەگەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگیرێت دەردەكەوێت كە ژمارەی دەنگ و كورسیەكانی چەند گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. لە هەڵبژاردنی 2010 ی پەرلەمانی عێراق یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (397,929) دەنگی بەدەستهێنا ، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2014 ی پەرلەمانی عێراق (496,536) دەنگی بەدەستهێنا ، دەنگەكانی زیاتر لە ( 100 هەزار ) دەنگ زیادیكرد بەرێژەی ( 25%)، ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 12ی ئایاری 2018 كە یەكێتی لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (364,638) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ 18 كورسی پەرلەمان، واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 2010 بۆ 2018 یەكێتی  دەنگەكانی (33291) بەرێژەی ( 8%) كەمیكردووە . سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی 2013 دا یەكێتی (350,500) دەنگی بەدەستهێنا، لەگەڵ 18 كورسی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 دا یەكێتی (319,912) دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەكانی ( 30,588) كەمیكردووە بەرێژەی لە ( 9%) بەڵام كورسیەكانی زیادی كرد لە 18 بۆ 21 واتا 3 كورسی بەرێژەی ( 16%)  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف بزوتنەوەی گۆڕان كە لە ساڵی 2009 دامەزراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان دەنگ و كورسیەكانی بەرێژەی زیاتر لە50% دابەزیوە، ئەمەش گفتوگۆی جدی لە نێو ئەو حزبەدا درووستكردووە. بزوتنەوەی گۆڕان لە تەواوی هەڵبژاردنەكاندا بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كردووە، خۆ ئەگەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگیرێت دەردەكەوێت كە ژمارەی دەنگ و كورسیەكانی چەند گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. لە هەڵبژاردنی 2010 ی پەرلەمانی عێراق بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (425,793) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ 8  كورسی پەرلەمانی عێراق، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2014 ی پەرلەمانی عێراق (472,502) دەنگی بەدەستهێنا و كورسیەكانیشی زیادیكرد بۆ 9 كورسی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ ئەوەی دەنگەكانی زیاتر لە ( 47 هەزار ) دەنگ زیادیكرد بەرێژەی ( 10%)، ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 12ی ئایاری 2018 كە گۆڕان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (199,611) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ 5 كورسی پەرلەمان، واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 2010 بۆ 2018 گۆڕان دەنگەكانی (226,182) بەرێژەی ( 53%) كەمیكردووە . سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی 2013 دا گۆڕان (476,736) دەنگی بەدەستهێنا، لەگەڵ 24 كورسی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 دا گۆڕان َ (186,903) دەنگی بەدەستهێنا، كورسیەكانی كەمیكرد بۆ 12 كورسی بەرێژەی ( 50%)،  دەنگەكانیشی (289,833 ) كەمیكردووە بەرێژەی لە ( 61%)  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە ساڵی 2001 دامەزراوە، ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ( 30ی ئەیلولی 2018)ی پەرلەمانی كوردستان، كورسیەكانی زیادیكردوو دەنگەكانی كەمیكرد, بەڵام هاورێكانی ( یەكگرتوو ، گۆڕان) كورسی و دەنگەكانیان بەرێژەیەكی بەرچاو كەمیكرد كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە بەشێك لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق بەیەك لیست لەگەڵ یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی دیكە بەشداربووە، خۆ ئەگەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگیرێت دەردەكەوێت كە ژمارەی دەنگەكانی چەندێك كەمی كردووە لە هەڵبژاردنی 2010 ی پەرلەمانی عێراق كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (144,987 ) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ 2  كورسی پەرلەمانی عێراق، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2014 ی پەرلەمانی عێراق (140,771 ) دەنگی بەدەستهێنا بەڵام هەر 2 كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەی دەنگەكانی زیاتر لە ( 4 هەزار ) دەنگ كەمیكرد بەرێژەی ( 3%)، ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 12ی ئایاری 2018 كە كۆمەڵ لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (91,968) دەنگی بەدەستهێناوە واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 2010 بۆ 2018 كۆمەڵ دەنگەكانی (53,019) بەرێژەی ( 36.5%) كەمیكردووە . سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی 2013 دا كۆمەڵ (118,574) دەنگی بەدەستهێنا، لەگەڵ 6 كورسی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 دا كۆمەڵ (109,494) دەنگی بەدەستهێنا، كورسیەكانی زیادی كرد بۆ 7 كورسی، بەڵام دەنگەكانی (9080) كەمیكردووە بە رێژەی ( 7.6%).   


راپۆرتی: محەمەد رەئوف یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە ساڵی 1994 دامەزراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی دەنگ و كورسیەكانی بەرێژەی زیاتر لە50% دابەزیوە، ئەمەش گفتوگۆی جدی لە نێو ئەو حزبەدا درووستكردووە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بەشێك لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراق بەیەك لیست لەگەڵ یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی دیكە بەشداربووە، خۆ ئەگەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگیرێت دەردەكەوێت كە ژمارەی دەنگەكانی چەندێك كەمی كردووە لە هەڵبژاردنی 2010 ی پەرلەمانی عێراق یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (214,222 ) دەنگی بەدەستهێنا لەگەڵ 4 كورسی پەرلەمانی عێراق، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2014 ی پەرلەمانی عێراق (192,179 ) دەنگی بەدەستهێنا بەڵام هەر چوار كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەی دەنگەكانی زیاتر لە ( 22 هەزار ) دەنگ كەمیكرد بەرێژەی ( 10%)، خۆ ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 12ی ئایاری 2018 كە یەكگرتوو لە سێ پارێزگاكەی هەرێم ( 98,019) دەنگی بەدەستهێنا دوو كورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا, واتا لە نێوان هەڵبژاردنی 2010 بۆ 2018 یەكگرتوو دەنگەكانی (116,203 ) بەرێژەی ( 54%) . سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی 2013 دا یەكگرتوو (186,741 ) دەنگی بەدەستهێنا، لەگەڵ 10 كورسی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 دا یەكگرتوو (79,912 ) دەنگی بەدەستهێنا، كورسیەكانیشی دابەزی بۆ 5 كورسی، واتا دەنگەكانی (106,829) كەمیكردووە بە رێژەی ( 57%).     


درەو میدیا لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق‌و لە یەكەم گەڕی وەرگرتنی متمانەدا لە پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پشكی كورد دوو وەزارەتی بۆ خۆی دەستەبەر كردو چاوەڕێی وەرگرتنی وەزارەتی سێیەمیش دەكات، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش سورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی سێیەم‌و رەنگە بۆ وەرگرتنی متمانە لە گەڕی دووەمی متمانەبەخشیندا یەكێتی كارێكی ئەوتۆی بە پارتی نەبێت. بڕیارە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو جارێكی تر پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بەمەبەستی متمانەبەخشین بە هەشت وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كە لە دانیشتنی پێشوودا یەكلانەكرانەوە، كورد لە گەڕی یەكەمی متمانەبەخشیندا دوو وەزارەتی وەرگرت‌و هەردوو وەزارەتەكە پارتی بردی، ئێستا یەك وەزارەت ماوەتەوە كە پشكی كوردە‌و هێشتا پەرلەمان متمانەی بە وەزیرەكەی نەداوە، هەندێك سەرچاوەش باس لەوەدەكەن، رەنگە پشكی كورد لەم كابینەیەدا بۆ (4) وەزارەت زیادكرابێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر پشكی كورد (3) وەزارەت بێت، یەكێتی دەیەوێت وەزارەتی سێیەم بۆ ئەو بێت، ئەگەر پشكی كورد بۆ (4) وەزارەت زیادبكرێت، رەنگە وەزارەتی چوارەم بدرێت بە یەكێك بە سێ لایەنەكە (بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی). یەكێتی فێلێكی تر لە پارتی دەكات! (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لە بەغداد زانیاری دەستكەوتووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوشێوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار فێڵێكی تری لە  پارتی كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە قۆناغی یەكەمی متمانەبەخشیندا بە وەزیرەكان، پارتی سور بووە لەسەر ئەوەی نابێت هیچ وەزارەتێك بە یەكێتی بدرێت، لەوچوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بە تەلەفۆن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقی ئاگاداركردوەتەوە كە" نابێت یەكێتی بەشدار بێت، ئەگەرنا پارتی پاشەكشە دەكات"، بەڵام عادل عەبدولمەهدی بەهۆی ئەوەی پێویستی بە دەنگی پارتی بووە لە پەرلەمان بۆ ئەوەی كابینەكەی متمانە وەربگرێت، بۆیە لە رۆژی یەكەمی متمانەدان بە كابینەكەی هیچ وەزارەتێكی بە یەكێتی نەداوە، بەڵام وەزیرێكیشی بۆ كورد هێشتوەتەوە. ئێستا دوای ئەوەی زۆربەی وەزیرەكانی كابینەكەی متمانەی پەرلەمانیان وەرگرتووە، عادل عەبدولمەهدی پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی نەماوە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەو وەزارەتەكەی كە ماوەتەوە‌و پشكی كوردە بدرێت بە یەكێتی. یەكێتی (خالید شوانی) كاندیدكردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە وزارییەی حكومەتی عێراق كە ماوەتەوە‌و هێشتا وەزیرەكەی متمانەی پەرلەمانی وەرنەگرتووە، دیارنییە وەزارەتی سێیەم كە پشكی كوردە چ وەزارەتێك دەبێت، بەڵام لەدوو ئەگەر زیاتر نییە، یان وەزارەتی (كۆچ‌و كۆچبەران)ە، یاخود وەزارەتی (داد)، یەكێتی هەریەكێك لەم دوو وەزارەتە وەربگرێت تەنیا یەك كاندیدی هەیە كە ئەویش (خالید شوانی)یە. نەوزاد هادی كاندیدی پارتییە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكانی پشتی پەردە لە بەغداوە بە (درەو میدیا) راگەیاند، پارتی سورە لەسەر ئەوەی وەزارەتی سێیەمیش بۆخۆی ببات‌و تاكە كاندیدی پارتیش بۆ وەزارەتی سێیەم (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێرە. بەڵام زانیارییەكان بەو ئاڕاستەیەن ئەو وەزارەتەی كە ماوەتەوە بدرێت بە یەكێتی، چونكە لەلایەك پارتی وەك پێشتر ناتوانێت ئەو فشارە لەسەر كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دروستبكات‌و لەلایەكی تریش یەكێتی بە قورساییەكی زۆرەوە لە بەغدادەو دەیەوێت ئەو وەزارەتەی بۆ خۆی ببات، هاوكات عادل عەبدولمەهدیش دەیەوێت یەكێتی بەشدار بێت لە كابینەكەیدا.  


نیاز عەبدوڵڵا بەشی یەكەم: نەمانی یادەوەری‌ و وێنەی زیندوو بەر لە رووخاندنی سینەماكە لە رێگای دوو بەدواداچوونی رۆژنامەوانیم لەسەر چوار سینەما دیرینەكەی شار (سەڵاحەددین، كریستاڵ، سیروان، حەمرا)، جارێكیان عەبدولڕەزاق مەعروف حەسەن-م دواند كە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بوو سینەما سەڵاحەددینی بەڕێوە دەبرد، ئەو وتی "ئێمە چەندین جار نووسراومان پێشكەش بە وەزارەتی رۆشنبیری و حكومەت كردووە بۆ هاوكاریكردنمان تا بەردەوامبین لە كارپێكردنی سینەماكە و نمایشەكان، بەڵام ناچارین بیڕوخێنین چونكە حكومەت وەڵاممان ناداتەوە و سینەماكە بۆتە دیوەخانێك و بێ كار تیایدا دادەنیشین".  لە ساڵی 2006 لەو كاتەی كۆنترین سینەمای شاری هەولێر سینەما سەڵاحەدین رووخێندرا و دواتر شوێنەكەی كرایە گەراجی ئۆتۆمبێل، حكومەتی هەرێم سەدان هەزار دۆلاری دەدا بە كۆمپانیاكان و سینەماكاران تا فیلمی سینەمایی كوردی بەرهەمبێنن بەبێ ئەوەی یەك سینەما هەبێت فیلمی تیا نمایش بكرێت، سێ سینەماكەی تریش كە پڕ بوو لە یادەوەری خەڵك تا ئەمڕۆ كراونەتە كۆگای شتومەك. حەوت ساڵ دوای رووخاندنی كۆنترین سینەمای هەولێر، سەرەڕای ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی ئێمە و چەندین ھونەرمەند و نووسەری شارەكە لە 4ی تەمموزی 2013، بەڵام بە ناوی نۆژەنكردنەوە و بە مۆدێرنكردنی، كۆنترین ھۆڵی نمایشی شانۆیی كە ھێشتا بۆنی نمایشە بەرەنگارییەكانی سەردەمی بەعسی لێ دەھات رووخێندرا و بڕی (8 ملیار و 242 ملیۆن 616 هەزار و 495 دینار)یان بۆ تەرخانكرد، هۆڵی گەل-یش نەك هەر هۆڵێكی مۆدێرنی شانۆیی لە شوێن بونیاد نەنرا بەڵكو ئێستا یەكێكە لە كەلاوەكانی پایتەخت. زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر بەڵێنی جێبەجێكردنی هۆڵە شانۆییە مۆدێرنەكە تێپەڕیوە و جگە لە پەرتەوازەكردنی بەشی مۆسیقا كە 150 ژەنیاری بە ئەزموون بوون و لەو هۆڵەدا راهێنانیان دەكرد، شارەوانی پلانی وایە چەند مەترێك لەولای هۆڵەكە لە رۆژانی داهاتوو بەناوی نۆژەنكردنەوە و بە مۆدێرنكردنی شەقامی میللی ئیسكان كاسبكارە خاوەن عەرەبانەكان لەوێ دوور بخاتەوە. تێكدانی بازاڕە میللییە دێرینەكانی هەولێر سەرەتا بە تێكدانی بازاڕی لەنگە دەستی پێكرد، دواتر بەناوی پرۆژەی بازاڕی مۆدێرن بازاڕی نیشتیمانی لێ دروست كرا و پرۆژەكەش نەك هەر تەواو نەكرا بەڵكو یەكێكە لە سیما ناشرینەكانی شار و لە ناوەوەش شوێنكی‌ ترسناك و نائارامە. حكومەت بە ناوی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ماستەر پلانی هەولێر، كۆنترین فەرمانگە میژووییەكانی وەك دادگای هەولێر و نەخۆشخانە و قوتابخانەی بەرامبەر قەڵای هەولێری رووخاند و ئێستا كردوویەتییە‌ گەراجی ئۆتۆمبێل. حكومەتی هەرێم لەو كاتانەی پەنا دەباتە بەر رووخاندنی ناوەندە سیموبولی و پر یادەوەرییەكانی خەڵك، دەتوانێت ئەو ناوەندانە وەك مۆزەخانە بپارێزێت و لە شوێنێكی تر پرۆژە نوێیە "مۆدێرنەكان"ی بونیاد بنێت. بەڵام حكومەت لە بەرامبەر خواستی زیادەڕۆی بۆ دەستخستنی پارە و بەكارهێنانی موڵكی گشتی، واییكردووە باكی بە سیمبولە دێرین و پڕ یادەوەرییەكانی تاك و كۆمەڵگا نەبێت‌ و بۆی ئاساییە یادەوەری وێنەیی و ئاسەوارەكانی ئەو یادەوەریانەش بسڕێتەوە چونكە بەشێك نین لە شوناسی سەركردە حیزبییەكان. رووخاندنی ئەو شوێنانەی ناوم هێناون بەراورد دەكەم بە پرۆژەیەكی ستراتیژی گرنگ كە داهاتووی ئاسایشی ئێمەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوە بەندە، ئەویش بەنداوی بێخەمەیە. لەگەڵ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ سڕینەوەی یادەوەری گەلانی كوردستان، بەڵام بەهۆی‌ شوێنەكانی تر كە ناوچەی خێڵی حیزبە لە بارزان پرۆژەیەكی وەك بەنداوی بێخمە وەستێندراوه، بەو ئامانجەی ناوچەكە نەكەوێتە ژێرئاوەوە و وەك سیمبولێكی بنەماڵەیی بمێنێتەوە، لە كاتێكدا بەنداوەكە  شوینێكی جێگرەوەی تری نیە بۆ دروست كردن بەو قەبارە و ستراتیژیەتە لە كوردستان. لە پاڵ بە "مۆدێرنكردن"ی ناوەندە سیمبولی و كۆنەكانی شار، حكومەتی هەرێم بە مۆدێرنكردن لە بەرزكردنەوەی باڵەخانە بەرزەكاندا دەبینێت نەك پارێزگاریكردن لە میژووی گەلانی و بونیادنانی ژێرخانی فیكری و ئابووری. بۆیە لەگەڵ هەر بەرزكردنەوەی باڵەخانەیەك لە شارەكان، ژمارەیەكی زیاتر لە خوێندكار بەهۆی هەژاری لە خوێندن دادەبڕێن و لەبەردەم ئەو پرۆژە مۆدێرنانەی حكومەت كاری دەستگێری دەكەن.  


( درەو میدیا): ژەنەراڵ دەیڤد پێترایۆس بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا " CIA " و فەرماندەی پێشووتری هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق رایدەگەیەنێت بەشێك لەوانەی ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقن لەسەردەم ئەودا لە زینداندا بوون. پێترایۆس لە میانی بەشداریكردنیدا لە كۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە وتی:" چەك ئێستا لە عێراقدا زۆرینەی لە دەستی دەوڵەتدا نییە و ئەوەش مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە". وتیشی:" ئێستا لە پەرلەمانی عێراقدا كەسانێك هەن كاتێك من فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بووم لە عێراق، ئەوان لە زینداندا بوون و ئەوەش مایەی گومان و نیگەرانییە". ئاماژەیبەوەشدا ئەو سزایانەی كە سەرەتای نۆڤێمبەری داهاتوو بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێن جیاواز دەبن و وادەردەكەوێت كە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا هیچ سازشێك بۆ ئێران نەكات، كە ئیدارەی پێشوو كردی و پێویستە لەسەر كۆمپانیاكان لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا یەكێكیان هەڵبژێرن.


(درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا دەهێڵێتەوە تا ئەو كاتەی كوتلە سیاسییەكان كاندیدی ئەو دوو وەزارەتە یەكلایی دەكەنەوە، ئەوەش هەنگاوێكە چاودێرانی سیاسی بەڕەنگدانەوەی قوڵی ئەو قەیرانە سیاسییەی وەسفدەكەن كە بەرۆكی عێراقی گرتووە.   بەپێی فەرمانێكی دیوانی عەبدولمەهدی خۆدی خۆی بەوەكالەت ئەو دوو وەزارەتە بەڕێوەدەبات، لە یەكەم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیشدا دوای وەرگرتنی متمانە بە كابینەی حكومەتەكەی ڕایگەیاند: هیچ گۆڕانكارییەك لە ناوی ئەو كاندیدانە ناكات كە پێشكەشی پەرلەمانی كردووە بۆ ئەو وەزارەتانەی تائێستا متمانەیان پێنەدراوە (خوێندنی باڵا ، ڕۆشنبیری، پەروەردە، داد، پلاندانان، كۆچ و كۆچبەران) بەوەش تۆپەكەی هەڵداوەتەوە ناو گۆڕەپانی كوتلە سیاسییەكان بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو پرسە، بە تایبەت ئێستا لە پێگەیەكی بەهێزتردایە دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان و نەمانی وادەیەكی دەستوری  لێی بترسێت. محەمەد كەربولی، پەرلەمانتاری عێراق و سەركردە لە هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان كە لە چوارچێوەی كوتلەی (بونیاتنان)دان، بە ڕۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە"پۆستی وەزیری بەرگریی ئێمە بڕیاری لەبارەوە دەدەین, چونكە ئەو پۆستە یەكەم پشكی پێكهاتەیە و ئەوەش وادەكات سەركردەكانی ئەو پێكهاتەیە ڕێككەوتنی لەسەربكەن كە نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتەیە دەكەن لە پەرلەمان لەڕێی ئەو كورسیانەی بەدەستیهێناوە، دووەمیش، لەبەرئەوەی كاندیدكردنی كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان نەك كەسێكی تر، ئەویش كەسایەتیەكی سەركردەو سەربازێكی دێرینە" دەشڵێت"هیچ ناوێكی تر بۆ ئەو پۆستە تێناپەڕێت، لە ئێستا بەدواشەوە قبوڵی ناكەین كاری دەوڵەت بەوەكالەت بەردەوامبێت بە پاساوی نەبوونی ڕێككەوتن و سازان". ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەوەشی ئاشكراكردووە"ناكۆكی لەنێوان هەردوو كوتلەی بونیاتنان و چاكسازی هێشتا بەردەوامە سەبارەت بە "فالح فەیاز" كاندیدی وەزیری ناوخۆ كە عەبدولمەهدی نەیتوانی لەناو پەرلەمان تێیپەڕێنێ‌ بەهۆی بوونی ڤیتۆی موقتەدا سەدر لەسەری، سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە فالح فەیاز كاندیدی كوتلەی بونیاتنانە، بە تایبەت فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت و سورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن فەیازەوە، لە كاتێكدا سەدریش پێداگری لەسەر ڕەتكردنەوەی دەكات بێئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرابكات، لە حاڵەتی بەردەوامی ناكۆكییەكانیش لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆ لەنێوان هاوپەیمانی فەتح و سائیرون، ئەوا ئەو تەوافوقەی بووە هۆی هێنانە پێشەوەی عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی پەسەندكراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڕەشەی پارچەبوونی لەسەرە. 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand