سەدر: حكومەتەكەی عەبدولمەهدی شكستخواردووەو بەمزوانە دەكەوێت

Draw Media

2019-03-19 13:45:08



راپۆرتی: نامیق رەسوڵ
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر كە ماوەی چوار مانگە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دووركەوتووەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی نوێیە، كە بەوتەی چەند سەرچاوەیەك پرۆژە نوێكەی سەدر كۆتایی بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەهێنێت‌و رەنگە حەدەر عەبادی بگەڕێنێتەوە دەسەڵات.

دوا پەیامی سەدر
" رێككەوتن كرا كە مۆڵەتی ساڵێك بدرێت بە عەبدولمەهدی بۆئەوەی سەركەوتنی خۆی لەبەردەم خودا‌و گەلدا بسەلمێنێت و هەنگاوی خێرا‌و جدی بنێت بە ئاراستەی بونیادنانی عێراق لەسەر چەند بنەمایەكی دروست، كە سەرۆك وەزیرانی پێشووتر هەوڵی بۆدا، یان بەتەواوەتی سەركەوتوو دەبێت یان گەلی هەمووی لێی رادەپەڕێت".
ئەمەی سەرەوە دوا هەڵوێستی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائرون بوو بەرامبەر بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، لەدوای ئەم هەڵوێستەوە سەدر ماوەی نزیكەی چوار مانگە بە تەواوەتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دیارنەماوەو هیچ بەیاننامەیەك یان چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی ئەنجامنەداوە‌و هیچ سەرنجێكیشی لە رێكەی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە بڵاونەكردوەتەوە كە بەردەوام سەرنج و تێبینییەكانی دەربارەی پرۆسەی سیاسی عێراق دەخستەڕوو.
سەرچاوەیەكی نزیك لە رێبەری رەوتی سەدر، رۆژی سێشەممە 19ی ئازار ناوەرۆكی نامەیەكی ئاشكراكرد كە بە جەعفەر سەدری ئامۆزایدا ئاراستەی هێزە سیاسییەكانی كردووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە سەدر زۆر لە ئەدای عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و حكومەتەكەی توڕەیە ‌و رایگەیاندووە كە عەبدولمەهدی شكستخواردووە‌و تائێستا هیچ شتێكی پێشكەشنەكردووە‌و بەمزوانە دەكەوێت.
دەربارەی دیدار‌و كۆبوونەوەكانی جەعفەر سەدر لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە كە " جەعفەر سەدر وەك نێردراوی موقتەدا سەدر ئەو دیدار‌و كۆبوونەوانەی ئەنجامداوەو نامەیەكی ئاشكرا‌و روونی سەدری پێ گەیاندون و جەختیكردوەتەوە كە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بەمزوانە دەڕوخێت ئەگەر بەردەوام بێت لە شكستەكانی".
هاوكات سایتی " ئیرەم نیوز" ئیمارانی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد موقتەدا سەدر كە ماوەی چوار مانگە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دووركەوتوەتەوە ئامادەكاریی دەكات بۆ پرۆژەیەكی نوێ كە رەنگە ببێتە هۆی كۆتاییهێنان بە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لەرێگەی خۆپیشاندانی جەماوەرییەوە.
لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیشدا، بەها ئەعرەجی یەكێك لە سەركردەكانی پێشووتی رەوتی سەدر و جێگری پێشووی سەرۆك وەزیران، رایگەیاند: موقتەدا سەدر پرۆژەیەكی دژ بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەخاتەڕوو، حەیدەر عەبادی دەگەڕێتەوە دەسەڵات. 
ئەعرەجی وتی:" دۆخی تەندروستی موقتەدا سەدر زۆر باشە، دەرنەكەوتنی لە شانۆی سیاسی، لە دایكبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گەورەی لێدەكەوێتەوە".
بەوتەی ئەعرەجی، سەد پرۆژەیەكی چاكسازیی دژ بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی پێشكەش دەكات و رەنگە ئەو حكومەتە ساڵێك تەواو نەكات.
ئاماژەیبەوەشدا جموجوڵە سیاسییەكانی ئەم چەند رۆژەی جەعفەر سەدر پەیامی گرنگی بۆ هێزە سیاسییەكان تێدایە و رەنگی حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆك وەزیران بگرێتەوە دەست.
ئەعرەجی لە درێژەی وتەكانیدا ئاماژەیبەوەشدا كە دانانی عادل عەبدولمەهدی بە سەرۆك وەزیران، بە رەزامەندی سەدر نەبووە‌و ئێران زۆر سودی لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بینوە.

جەعفەر سەدر.. ئەندازیاری پرۆژە نوێكە
هاوكات لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانەی سەرەوەدا، جەعفەر محەمەد باقر سەدر كوڕی دامەزرێنەری حزبی دەعوە جارێكی تر دەركەوتەوە لە رێگەی كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان‌و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح.
جەعفەر سەدر، تاكە كوڕی مەرجەعی ئاینی كۆچكردووە محەمەد باقر سەدرە كە ساڵی 1957 حزبی دەعوەی ئیسلامی دامەزراند، هەروەها ئامۆزای موقتەدا سەدریشە.
بەوتەی بەها ئەعرەجی، جەعفەر سەدر قسەی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكاندا كردووە دەربارەی سروشتی پرۆژە نوێكەی موقتەدا سەدر بۆئەوەی  هەڵوێست و كاردانەوەیان بزانێت.

کوبوونەوەی جەعفەر سەدر لەگەڵ حەیدەر عەبادی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand