Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ریفراندۆم تەنیا هاوكێشەی سیاسی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكە نەگۆڕی، بەڵكو هاوكێشەی هێزو كاریگەریشی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕی. تاوەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم، بارەگاكەی مەسعود بارزانی شوێنی كۆبونەوە‌و پێشوازیكردن بوو لە وەفدی وڵاتان، دوای ریفراندۆم بەرپرس‌و نوێنەری وڵاتان ئاڕاستەی سەردان‌و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیان گۆڕی بەرەو بارەگاكەی نێچیرڤان بارزانی، رەنگە ئەمە راستی ئەو قسەیەی مەسعود بارزانی بسەلمێنێت كە رۆژانی پێش ریفراندۆم وتی:" ئەگەر ریفراندۆم سەرنەكەوت بڵێن ئەم پیاوە شێت بووە‌و سواری سەری خۆی بووە". بەتەماشاكردنەوەی رووداوەكانی بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولی 2017دا بەڕوونی ئەوە دەبینرێت نێچیرڤان بارزانی هەستی بە رووداو و پێشهاتەكانی پاش ریفراندۆم كردووە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئەو كەمتر لە رۆژانی بانگەشە بۆ ریفراندۆم دەركەوت‌و لەدوای ریفراندۆمیش یەكەم بەرپرسی پارتی بوو ئاڵای عێراقی لەپشتی خۆیەوە دانا‌و وتی" هێشتا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق". ئەو رۆژانە نێچیرڤان بارزانی كەناڵەكەی خۆی (رووداو) خستبووە خزمەتی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم‌و لەو رێگەیەوە دڵی بارزانی مامی راگرتبوو، بەڵام خۆی بەدورگرتبوو، ئەو دەیزانی سەرپێچیكردنی لە بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و وڵاتانی ناوچەكە باجی قورسی دەبێت، باجێك كە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی مام‌و باوكی هاوسەرەكەی دەیدات. لەدوای ریفراندۆمەوە مەسعود بارزانی گۆشەگیر بووە، ئیتر وەكو رۆژانی پێش ریفراندۆم وەفد‌و بەرپرسانی بیانی سەردانی ناكەن، لەبەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی پەیتا پەیتا پەیوەندی تەلەفۆنیی وەفدە بیانییەكان وەڵامدەداتەوە‌و لەژێر پەردەشەوە دیداری دیپلۆماسی دەكات. نێچیرڤان دڵی مامی رادەگرێت   بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەم رۆژانە نێچیرڤانی بارزانی وەكو بڕیاربەدەستی یەكەمی پارتی لەلایەن نوێنەری وڵاتانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام بۆ خۆبەدورگرتن لە توڕەیی مەسعود بارزانی مامی، خۆی لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ ‌و دیدارو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی لەگەڵ بەرپرس‌و دیپلۆماتكاران لە میدیاكانەوە بەدوردەگرێت. كەناڵی (رووداو) كە سەربە نێچیرڤان بارزانییە ماوەیەكە دەستەواژوەی "سەرۆك بارزانی" بەكاردەهێنێت لە روماڵكردنی هەواڵەكانی تایبەت بە مەسعود بارزانی، ئەمە لەكاتێكدا ئێستا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە‌و هیچ یاسایەكیش نییە كە رێگەبدات بە بەكارهێنانی پێشگری " سەرۆك" بۆ ئەو كەسانەی كە رۆژانێك سەرۆكایەتی هەرێمیان كردووە، هاوشێوەی ئەوەی لە ئەمریكا هەیە. رەنگە كەناڵی (رووداو)‌و نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیەوە بۆ مەسعود بارزانی، بیانەوێت خۆیان لە شەڕ‌و توڕەیی بارزانی مام بپارێزن. هاوكات كەناڵی (رووداو) ماوەیەكە بەشێوەیەكی كەمتر رووماڵی هەواڵەكانی نێچیرڤان بارزانی دەكات‌و بەپێچەوانەوە بایەخی زۆر بە هەواڵەكانی مەسعود بارزانی دەدات، ئەمەش لە سەردانەكەی ئەمدواییەی بارزانیدا بۆ بەغداد بەدەركەوت. كێ شوێنی بارزانی پڕدەكاتەوە؟ یەكێك لە رۆژنامەنوسە دیارەكانی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی بەمدواییە لە وتارێكدا كە لە سایتی (رووداو) بڵاویكردەوە، ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی چیتر لە شانۆی سیاسی دوردەكەوێتەوە‌و گۆڕەپانەكە بۆ مەسرور بارزانی كوڕی چۆڵ دەكات. ئەو رۆژنامەنوسە (رێبوار كەریم وەلی)، لە وتارەكەیدا باسی لە چەند بژاردەیەك كردووە، بەپێی قسەی ئەو، پارتی دەیەوێت لەماوەی (شەش مانگ بۆ ساڵێك) دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەیی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، دوای كاراكردنەوەش نێچیرڤان بارزانی یاخود مەسرور بارزانی یەكێكیان پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و ئەوی تر پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەردەگرێت. لەحاڵی جێبەجێبوونی ئەم نەخشەیەدا، مەسعود بارزانی تەنیا وەكو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەمێنێتەوە، رەنگە ئەمە ئەو باجە قورسە بێت كە لەدوای ریفراندۆم بارزانی دەبێت بیدات لەبەرامبەر سەرپێچیكردنی بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتیش توركیا. رووداوەكانی ئەمدواییە نیشانی دەدەن، مەسعود بارزانی زیانەكانی ریفراندۆم دەچنێتەوە‌و نێچیرڤان بارزانیش سودو دەستكەوتەكانی. سەركردەكانی پارتی گوێ لە كێ دەگرن؟ بەمدواییە لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی رووداو، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە وەسفی نێچیرڤان بارزانیدا وتی:"  دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی هەرێمی كوردستانی لەدوای ریفراندۆم رزگاركرد". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، لەدوای ریفراندۆمەوە سەركردەكانی پارتی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا زیاتر سەرەنجیان لەسەر بۆچونەكانی نێچیرڤانی بارزانییە بۆ رووداو و پێشهاتە سیاسییەكان، نەك مەسعود بارزانی. بەشێوەیەكی كردەییش لەدوای ریفراندۆمەوە مەسعود بارزانی هەر كۆبونەوە‌و دیدارێكی كردبێت، نێچیرڤان بارزانی رێخۆشكەری بۆ كردووە.


( درەو میدیا، شەوی رابردوو بە ئارپیجی و كڵاشینكۆف هێرشكرایە سەر بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سلێمانی. موقەدەم شۆڕش عەلی بەرێوەبەری نوسینگەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لە ئاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" ‎كاتژمێر ١٢ی شەوی ڕابردوو، 28/29-11-2018چەند چەكدارێكی نەناسراو بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف و ئارپیجی تەقەیان لە بینای نوسینگەی رۆژھەڵاتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافره تان - كرد له سلیمانی "  موقەدەم شۆڕش عەلی ئاماژەی بەوەشكردووە كە "‎ ڕووداوەكە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی هەبووه و زیان به بینای نوسینگه وئوتومبیلی به ریوبه رایه تی و كارمه ندان كه وتووە و سكاڵای یاسایمان لە دژی ئەنجامدەرانی رووداوەكە لە بنكەی پۆلیسی ئازادی تۆمار كردوه‎"  


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود ڕەنگە ئاڵنگاری ژمارە (یەك)ی بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان لەم قۆناغەدا، یەكلایكردنەوەی پرسی چوون‌و نەچوون بێت بۆ ناو حكومەت، مشتومڕەكان تا ئەم ساتە بەزەقی ئامادەیە، ئەو دەنگەی تائێستا بیستراوە، دەنگی ئەوانەیە پێیان باشە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، بۆ ئەوەش پاساوی خۆیان هەیەو، دەڵێن "ئەگەر لە دەرەوەی حكومەت بن ئاگاداری هیچ نابن"، پێیانوایە " دۆخی دارایی لە كابینە نۆدا باشدەبێت‌و، ئەگەر گۆڕان بەشداریبكات، دەتوانێت هەندێ لە بەڵێنەكانی جێبەجێبكات". بەنیازن پۆست وەربگرن (ساڵح ژاژڵەیی)، كە جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریكا) وەك یەكەم بەرپرسی ئەو بزوتنەوەیە لەسەر ئەم پرسە كۆمەڵێك قسەی نەوتراو دەكات. ژاژڵەیی دەڵێ " هەتا ئێستا ئەوەی دەردەكەوێت ئەوەیە زۆرینە لەگەڵ ئەوەن نەچینە ناو حكومەت.. چوون‌و نەچوون قازانج‌و زیانی خۆی هەیە، بەڵام بەپێی ئەو تەجروبەیەی هەمانە دەركەوتووە، نەچوونە ناو حكومەت قازانجی بۆ گۆڕان زیاترە"، هەرچەندە قسەكانی پشتبەستوو نییە بە ڕاپرسی ناوخۆیی‌و سەرژمێری وەك خۆی دەڵێت. ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشداوە"هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان بەنیازی پۆستی باڵای حكومین، بۆیە هانی ئەوە دەدەن گۆڕان بچێتە ناو حكومەت". گۆڕان لە كابینەی هەشتەمدا  بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای دروستبوونیەوە یەكجار بەشداری لە دەسەڵات كردووە، لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان ئەم پۆستانەی وەرگرت: •    سەرۆكی پەرلەمان •    وەزیری پێشمەرگە •    وەزیری دارایی •    وەزیری بازرگانی •    وەزیری ئەوقاف  •    دەستەی وەبەرهێنان •    ژمارەیەك ڕاوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی •    نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە فەرەنسا گۆڕانی ئەجێنداكان بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتدا بەتەواوی ئەم پۆستانەوە، قەزییەكی گەورەی هەبوو ئەویش "گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی بوو لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی"، وێڕای تێبینییەكانی لەسەر پرسی (دەستور)ی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بەوهۆیەشەوە لەگەڵ پارتی كەوتە شەڕێكی دەستەویەخەو قەیرانێكی سیاسی گەورەی لێكەتەوە.  بە گۆڕانی هاوكێشەی هێز‌و غیابی هەندێك كارەكتەری سیاسی بەتایبەت (نەوشیروان مستەفا)، ئەجێندا سیاسییەكانیش لە هەرێمی كوردستان گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە، لە گەرمەی مشتومڕی بەشداریكرن‌و نەكردن‌و شێوازی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەڕێگای چالاككردنەوەی دامەزاروەی (سەرۆكایەتی هەرێم)‌و هێنانەوە پێشەوەی (پرۆژەی دەستور)ە. چوارساڵی پارتی چوار ساڵی داهاتوو بۆ پارتی دەرفەتێكی زێڕینە تا كۆتایی بەمشتومڕی (دەستور) بهێنێت،  بەتایبەت كە بڕیاردەری یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە‌و، خاوەنی گەورەترین فراكسیۆنیشە لە پەرلەمانی كوردستان‌و، هەر یاسایەك بیەوێت بەزۆرینە تێیپەڕێنێت، هیچ ئاستەنگێكی ئەوتۆی نایەتەڕێ‌.  لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە پارتی نەیەوێت پرسێكی هەستیاری وەك (دەستور) بەزۆرینەو كەمینە تێپەڕێنێت‌و، پێویستی بەلایەنی كەمی (كۆدەنگی نیشتمانی) بێت، بۆ بەهێزكردنی ئەم بەرەیەش پێویستی زۆری بەهێزێكی وەك بزوتنەوەی گۆڕانە، كە لەڕابردوودا كەوتە ململانێیەكی توندەوە لەگەڵی، گەرچی بەدورخستنەوەی گۆڕان لە حكومەت‌و پەرلەمان كۆتایهات، پارتی-یش نەیتوانی (دەستور) بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیویست، بەڵام ئەمجارە لەڕێی بەشدایپێكرنی گۆڕان لە حكومەت، لەپاڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دەیەوێت دەنگی نزیكەی لە 80%ی پەرلەمانی كوردستان مسۆگەر بكات‌و لە دەنگدانی گشتیشدا كاریگەری لەسەر ڕایگشتی دروستبكات.    


 ( درەو میدیا): ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پرۆژە بڕیارێكی بۆ سزادانی هەموو ئەو لایەنانە پەسەندكرد كە هەڕەشەن بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق لەسەر هەمووشیانەوە ئێران. دەقی پرۆژە یاساكە جەخت لەسەرئەوەدەكاتەوە كە پێویستە سەرۆكی ئەمریكا ئەو كەسایەتی و گروپانە لە عێراق دیاریبكات كە پێویستە بخرێتە لیستی رێكخراوی تیرۆریستییەكانەوە و سزایان بەسەردا بسەپێندرێت. هەروەها پێویستە سەرۆكی ئەمریكا لە راپۆرتێكدا بۆ كۆنگرێس وردەكاری ئەو رێكخراوانە باسبكات. پرۆژە یاساكەی ئەنجومەنی نوێنەران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش پابەند دەكات لیستێك پێكبهێنێت كە ئەو رێكخراوە چەكدارانە لەخۆبگرێت كە هاوكاری و یارمەتی سوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرن. سزاكانی سەر ئەو كەسایەتی و رێكخراوانەی كە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق بریتیە لە بلۆككردنی پارە و سەرچاوە مادییەكان و پێنەدانی ڤیزای چونەناو ئەمریكا و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڤیزایەكی پێشوو. بۆئەوەی ئەو پرۆژە یاسایەی ئەنجومەنی نوێنەران بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەندبكرێت و پاشان رەوانەی كۆشكی سپی دەكرێت بۆئەوەی سەرۆكی ئەمریكا ئیمزای لەسەر بكات.  


راپۆرتی: ئارام مەحمود   ئێواری ڕۆژی سێ‌ شەممەی ڕابردوو، هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرئاوا كوردستان، یەكەم خاڵی چاودێری سەربازییان لە ناوچەی (گرێ‌ سپی) سەر پارێزگای (ڕەقە)دامەزراند، كە دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا، ئەوەش بە یەكەم خاڵی چاودێری ئسوپای ئەمریكا دادەنرێت لە سوریا. وێنەی خاڵەكە تۆڕەكانی تەنیوە چالاكانی بواری میدیا، ژمارەیەک وێنەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردوەتەوە، ئاماژە بە جێگربونی سوپای ئەمریكا دەكات لە خاڵێکی سەربازی لە (گرێ‌ سپی)، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند: دەستیكردووە بە دروستكردنی پێگەی چاودێری بە درێژایی چەند بەشێك لە ناوچە سنورییەكانی نێوان توركیاو سوریا.  بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ئەمریكا بەنیازە (5) خاڵی چاودێری سەربازی لەسەر سنوری نێوان توركیاو سوریا دابمەزرێنێت، كە لە (كۆبانێ‌)وە درێژدەبێتەوە بۆ ناوچەی (گرێ‌ سپی)، سەرەتاش بە (گرێ‌ سپی) دەستیپێكردووە. هاوكات سەرچاوە ناوخۆییەكانی سوریا ئاماژە بەوەدەكەن، هێزەكانی ئەمریكا كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) لە باكوری سوریان، خالێكی چاودێری سەربازییان لە ناوچەی (گرێ‌ سپی) لە ڕیفی باكوری پارێزگای (ڕەقە) دامەزراندووە. پەیامێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەنكەرە دامەزراندنی ئەو خاڵە سەربازییە دوای ئەو ئاڵۆزییانە دێت كە ماوەیەك لەمەوبەر لە نێوان سوپای توركیاو هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەسەر سنورەكانی خۆرئاوای كوردستان ڕوویاندا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای توركیا چەند ناوچەیەكی سنوریی خۆرئاوای كوردستانی بۆمباران كردو، لە كاردانەوەی ئەوەشدا، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێوەیەكی كاتی هێرشەكانیان بۆ سەر ڕێكخراوی (داعش) ڕاگرت‌و بەوەش فشارێكی توندیان لەسەر (واشنتۆن) دروستكرد. (خوڵوسی ئاكار) وەزیری بەرگری توركیا ڕایگەیاند: سوپای وڵاتەكەی چەندینجار بە هاوتا ئەمریكییەكەی ڕاگەیاندووە" نیگەرانە لە پرسی دامەزراندنی خاڵی چاودێری لە باكوری سوریا". ئەنجومەنێكی نوێ‌ لە ڕقە حكومەتی كاتیی سوریا، كە سەربە ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە‌و نزیكە لە حكومەتی (ئەنكەرە)، ماوەی چەند ڕۆژێكە ئەنجومەنێكی خۆجێی نوێی بۆ پارێزگای (ڕەقە) داناوە، كە زۆرینەی شارەكە لەدەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات دایە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو شارەكەی بەتەواوی لە ڕێكخراوی (داعش) پاككردەوە. ئەنجومەنە نوێیەكە لە (28) ئەندام پێكدێت، (12) كەسیان بۆ پێكهێنانی نوسینگەی جێبەجێكردنە‌و لەلایەن (فایز عیسا قاتع)ەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، كارەكانی ئەنجومەنەكە لەشاری (ئورفە)ی توركیاوە بەڕێوە دەبرێت، كە ژمارەیەكی بەرچاوە لە دانیشتوانی شاری (ڕەقە)ی وەك ئاوارە لێ نیشتەجێییە.  بەوتەی بەرپرسانی ئەنجومەنەكە، نوێنەرایەتیكردنی جوگرافی‌و دیموگرافی پارێزگای (ڕەقە) لە ئەنجومەنە نوێیەكەدا لەبەرچاوگیراوە. بایەخی ڕەقە پارێزگای (ڕەقە) بە گەورەترین پارێزگاكانی سوریا دادەنرێت لەڕووی ڕوبەرەوە كە زیاتر لە (20) كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت‌و،چەندین قەزاو ناحیە لەخۆدەگرێت، وێڕایی ئەوەی یەكێكە لە سەبەتە گرنگەكانی دابینكردنی خۆراك بۆ سوریا، بەهۆی بەپیتی خاكەكەی. هاوكات یەكێك لە گەورەترین بەنداوەكانی سوریای تیادایە، كە ئەویش بەنداوی(فورات)ە لە شاری (تەبقە) كە درێژییەكەی بە (80) كیلۆمەترو، پانییەكەشی لە هەندێك ناوچە دەگاتە (10) كیلۆمەتر، جگە لەوەی ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە پەترۆڵ، ئەوەش وایكردووە توركیا بە بەردەوامی چاوی لەسەربێت‌و، هەموو ڕێكارێك بگرێتەبەر بۆ وەدەرنانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەخۆرئاوای كوردستان بڕبڕەی پشتی ئەو هێزەن.


ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ 25ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دیاریكراوە. ساڵانە لەم رۆژەدا لەسەرتاسەری جیهاندا چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن، بەڵام ئەمساڵ لە رۆژئاوای كوردستان بە پرۆژەیەكی جیاواز و سەرنجڕاكێش چالاكییەكانی ئەو رۆژە دەستیپێكرد. لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژ بە ژنان لە رۆژئاوای كوردستان گوندی " ژنوار" كرایەوە، گوندەكە پەناگەیەكە بۆ ژنان و هیچ پیاوێكی تێدا نیشتەجێ نابێت و لە شارۆچكەی دربێسیەی رۆژئاوای كوردستان بونیادنراوە. مانگی ئازاری 2017 كاركردن بۆ بونیادنانی گوندەكە دەستیپێكردووە و 25ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بە رەسمی كرایەوە، دانیشتوانی گوندەكە ئەو ژنانەن كە بەخێوکەر یان هاوسەریان نییە و پرۆژەكەش بە بودجە و كاركردنی خودی ژنان بونیادنراوە . گوندەكە لە 30 خانووی لە قوڕ دروستكراو پێكهاتووە و خوێندنگەیەو بنكەیەكی تەندروستی و باخچەیەكی بۆ یاری منداڵان تێدایە. ژنانی گوندەی " ژنوار" بۆ دابینكردنی بژێویان پشت بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕوماڵات دەبەستن و خاوەنی 200 سەر مەڕن. هەروەها نانەواخانەیەكیش لە گوندەكەدا هەیە كە سەرچاوەیەكی تری دابینكردنی داهاتە بۆ ژنەكانی دانیشتوی ئەو گوندە. رێكخراوەكانی ژنانی رۆژئاوای كوردستان بیرۆكەی بونیادنانی ئەم گوندەیان لە گوندەكاتی تایبەت بە ژنان لە دارستانەكانی ئەمازۆن وەرگرتووە. گوندی " ژنوار" تایبەتە بە ژنان و پیاوان دەتوانن سەردانی گوندەكە بكەن، بەڵام ناتوانن تێیدا بمێننەوە و نیشتەجێبن.  


( درەو میدیا): شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە ئاگرێك لە بازاڕی قەیسەری ناوەڕاستی كەركوك كەوتەوە و زیانێكی زۆری مادی لێكەوتەوە و بەوتەی سەرۆكی یەكێتی بازرگانانی خشڵ و زێڕ، بەهۆی ئاگرەكەوە بەبەهای یەک ملیار دۆلار زێڕ و خشڵی گرانبەها تواوەتەوە. حەقی ئیسماعیل، سەرۆكی یەكێتی بازرگانانی خشڵ و زێڕ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند ئێستا لە ژێر داروپەردووی دوكانە سوتاوەكاندا كاركردن بۆ كۆكردنەوەی ئەو ئاڵتونە تواوەوەیە دەستیپێكردووە. حەقی ئیسماعیل ئاماژیبەوەشدا كە بەهۆی سوتانی 67 دوكانی قەیسەرەییەكەوە نزیكەی 5 تۆن ئاڵتون و كانزا و كەلوپەلی گرانبەها تواوەتەوە و بەبەهای نزیكەی 200 هەزار دۆلاریش زیو تواوەتەوە.  ئەو بازرگانەی زێڕ و كانزا بەنرخەكان جەختیشیكردەەوە سەرچاوەی بژێوی سەدان خێزان بەهۆی ئەو ئاگرەوە بووە خۆڵەمێش و داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد هۆكارەكانی كەوتنەوەی ئاگرەكە و سوتانی ئەو بازاڕی مێژوییە دێرینە ئاشكرابكەن. توركمان گومانی هەیە قەیس كەركوكلی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرێتی ئاگركوێژینەوەی كەركوك رایگەیاند هێشتا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نەزانراوە و بەرپرسێكی بەرەی توركمانیش گومانی لە رووداوەكە هەیە. حەسەن تۆران جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" ئاگرەكەی بازاڕی قەیسەری تیرێكە لەو تیرانەی كە ئامانج لێی سڕینەوەی بوونی نەتەوەیی توركمانە لە كەركوك لە رێگەی بەئامانجگرتنی شارستانیەتی و شوێنەوار و ئابورییەكەی". تۆران جەخیشدەكاتەوە كە ئەم جۆرە كارانە نابێتە هۆی ئەوەی كە دەستبەداری شارەكانیان و بازرگانیی و كەلەپوریان بن". لیژنەی لێكۆڵینەوە لیوا روكن مەعن سەعدی كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەرپرسی دۆسیەی ئەمنیی كەركوكە و بە ناونیشانی " فەرماندەی سەپاندنی یاسا" لە كەركوك دەستبەكاربووە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" ئاگرەكە درەنگانێكی شەو كەوتوەتەوە و دوای چوار كاتژمێر تیمەكانی فریاكەوتن كۆنترۆڵیان كردووە و كوژاندویانەتەوە و زیانێكی زۆری مادی لێكەوتەوەو هیچ زیانێكی گیانیش تۆمارنەكراوە" سەعدی جەختیشدەكاتەوە كە بە ئەندامێتی لیژنە ئەمنییە پسپۆرەكان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی هۆكارەكانی رووداوەكە پێكهێنراوە. بازاڕی قەیسەری كەركوك، بازارێكی مێژوویی دێرینە و 160 ساڵ لەمەوبەر لەسەر رووبەری دوو هەزار مەتر چوارگۆشە بونیادنراوە و لە هەشتاكاندا نۆژەنكراوەتەوە.  


راپۆرت: رۆبین برانت- بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت شتێكی سەیر نییە دامەزرێنەر‌و سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیایەك بە بەهای (400) ملیار دۆلار كە سامانەكەی بە (34) ملیار دۆلار بخەمڵێندرێت، بچێتە ناو حزبی شیوعییەوە، كە سەركردەكانى ئەو حزبە دەیانەوێت گەشە بە چین بدەن، گەشە بە سۆسیالیزم‌و ماركسیەت بدەن؟ بەشێوازێكی ساكارتر، بۆچی ملیاردێری بەناوبانگ (جاك ما) چووە ناو حزبی شیوعی چینەوە؟ رۆژنامەی "گەل" كە زمانحاڵی حزبی دەسەڵاتداری چینە، ئەمەی بەفەرمی راگەیاند. نازانین (جاك) كەی چوەتە ناو حزبەوە، بەڵام دەزانین ئێستا ئەو یەكێكە لە نزیكەی (88 ملیۆن) كەس كە گریمانە دەكرێت ئابونەی مانگانەی بدەن‌و، بەشداری كۆبونەوەكان بكەن، هەندێك كاتیش خۆیان دەخەنە بەردەم "رەخنەی خودی" بەمەبەستی باشكردنی فیكرە ئایدۆلۆژییەكەیان. (جاك ما) بە بەرگریكارێكی سەرسەخت دادەنرێت لە شێوازی مامەڵەكردنی سەرۆك (چی جین بینگ) لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان‌و، سەرۆكەكانی ئەمریكا كە سكاڵایان هەیە لە كۆتوبەندی كاركردن لە چین. بەڕێوەبەر‌و دامەزرێنەری كۆمپانیای "عەلی بابا" ساڵی رابردوو لەم كاتانەدا‌و لە یەكێك لە كۆنگرەكاندا، (جاك) بە (بی بی سی) وت: كۆمپانیاكانی وەكو فەیسبوك ئەگەر هاتن بۆ ئێرە، پێویستە بڵێن بەڵێ، من یاسا‌و حوكمەكانی چین پەیڕەو دەكەم"، رونیكردەوە" من لە حكومەت نیم، ناشتوانم بەناوی حكومەتەوە قسە بكەم"، هەندێك دەڵێن ئەو قسانەی پێشبینی كراو بووە. هەندێكی تر دەڵێن بۆ پێشكەوتن لە چین پێویستە لە ریزی سەركردایەتی‌و كارمەند‌و بەرپرسی شیوعییەكاندا بیت. (بەتایبەت ئەگەر بتەوێت تاڕادەیەك كۆنترۆڵی هێزی هاوچەرخ بكەیت لە ساڵی 1999وە، كە ئەوەش ئینتەرنێتە، بۆ رەخساندنی گەورەترین بازرگانی كاڵا لە جیهان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە لە وڵاتێكدا كە سانسۆر خراوەتە سەر ئینتەرنێت). (جاك ما) توانی كۆمپانیایەكی گەورە بنیادبنێت "عەلی بابا" كە بوو بە هێمایەكی جیاكەرەوە لە بواری داهێنانی ئابوری، بەڵام كۆمپانیاكە رەزامەندی نیشاندا لەسەر بەشداریكردن لە پێدانی زانیاری لەبارەی كڕیارەكانییەوە ئەگەر دەسەڵاتداران داوایان لێكرد، بەوەش پابەند بوو بە (یاسا‌و حوكمەكانی چین)ەوە، كە ساڵی رابردوو (جاك) باسی لێوەكرد. (جاك ما) كە ناوە فەرمییەكەی "ما یۆن"ە، پێدەچێت بەهۆی ئەوە چوبێتە ناو حزبەوە كە باوەڕی بە نمونەی كاری چینی هەیە‌و  وڵاتەكەی رێگەی بەوەداوە بچێتە ناو قوڵایی ئابورییەوە. پێدەچێت درەنگ وەخت بێت بۆ خستنەڕووی ئەم پرسیارە، چونكە (جاك ما) لەسەروبەندی ئەوەدایە ساڵی نوێ دەست لە پۆستەكەی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای "عەلی بابا" هەڵگرێت. بەڵام راگەیاندنی ئەندامێتی لە حزب فزوڵیەت دەوروژێنێ، چونكە پێشبینی دەكرێت ئەندامانی حزبی شیوعی، نەك هەر پێشبینی بەڵكو پێویستە لەسەریان ئەولەویەت بە حزب بدەن بەر لە هەر شتێكی تر. كۆمپانیای "عەلی بابا" دەڵێ بەڕێوەبەرەكەی هەرگیز بەرژەوەندی حزبی نەخستوەتە پێش بەرژەوەندی كۆمپانیاو خاوەنی پشكەكانی كە لە بازاڕی بۆرسەی نیویۆركدان ئەگەر بابەتەكە پێویستی بە بڕیاری چارەنوسساز بوبێت. ئەم بابەتە ئێستا مشتومڕی دروستكردووە، بەڵام هەندێك كەس تێبینییان كردووە ئەو لە ناسنامەی كۆمپانیاكەدا لە ساڵی 2014دا، ئاماژەی بە پەیوەندی (جاك ما) بە حزبەوە نەكردووە.


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود ئەمڕۆ چوار شەممە ڕیش سپی‌و پیاوماقوڵانی شاری (بەسرە) لە (بەغداد)ی پایتەخت، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە، نوسینگەی عەبدولمەهدی تەنها ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆك وەزیران لەگەڵ پەرلەمانتاران‌و پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو فەرماندەی پرۆسەكان‌و پۆلیسی پارێزگای (بەسرە) كۆبوەتەوە. دانوستانی ڕاستەوخۆ دەستیپێكرد ئەمە یەكەم كۆبونەوەیە لە نێوان عەبدلمەهدی‌و نوێنەرانی ئەو شارە لەدوای دەستبەكاربونی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدەدرێت، كە لەسەردەمی كابینەكەی پێش ئەودا، شارەكە زنجیرەیەك خۆپشیاندانی بەخۆیەوە بینی‌و، توندوتیژی‌و زیانی مادی‌و گیانیشی بەدوای خۆیدا هێنا. داواكارییە سەرەكییەكانی خەڵكی (بەسرە) كە خۆی لە دابینكردنی خزمەتگوزراییە سەرەتاییەكانی وەك ئاوی خواردنەوەو كارەباو ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزراری‌و دابینكردنی هەلی كارو كۆمەڵێك پێداویستی ژیاری تردا دەبینێتەوە، تائێستا زۆرێكی بەچارەسەنەكراوی ماونەتەوە، ئەوەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكانی زیاتر كردووە، وەك بەشێك لە هاوڵاتیان‌و چالاكانی شارەكە لە تۆڕە كۆمەڵایتیەكان ئاماژەی پێدەكەن. كێشەكان لەجێی خۆیانن  بەرپرسێكی حكومەتی خۆجێی شاری (بەسرە) ڕایگەیاندووە:" سەرجەم ئەو بەڵێنانەی  حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو پێیداون جێبەجێنەكراون، بەسەرە هیچ وەزیفەو دەرماڵەیەكی بۆ تەرخانەكراوەو، هیچ كۆمپانیایەكی خزمەتگوزرای‌و ئاوەدانكردنەوەش دەستی بە كارنەكردووە". بەوتەی ئەو بەرپرسە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)كردووە" وەفدەكەیان داوای خشتیەكی زەمەنی لەبەرامبەر هەر بەلێنێكی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ دەكات، ئەگەر حكومەتی بەغداد جارێكی تر بەڵێنەكانی لەبارەی بەسرە نەباتە سەر ڕوبەڕوی دۆخێكی خراپ دەبێتەوە". وتیشی دیارترین ئەو داواكارییەكانەی وەفدەكە دەیخەنە بەردەم عەبدلمەهدی‌و پێویستە جێبەجێكردن سەرجەمی تایبەتن " بە خزمەتگوزاری ئاو و كارەباو زەوی كشتوكاڵی‌و بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاری‌و بێكاری لە پارێزگاكە". خۆپیشاندەران ئامادەن (ماجد عەلی) چالاكی خۆپیشاندانەكانی (بەسرە) بەهەمان سەرچاوەی وتووە" ناڕەزایەتییە میللییەكان سەر لەنوێ‌ سەریهەڵداوەتەوە، هاوڵاتیانی پارێزگاكە زۆر بێزارن لە جێبەجێەكردن ئەو بەڵێنانەی حكومەت پێیدان".   دەشڵێت"مەرجەكانمان وەك جوڵانەوەی میللی  بەوەفدەكە وتووە كە ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی دەبینێت‌و، جەختمان لەسەر دیاریكردنی كات كردۆتەوە بۆ جێبەجێكرنی بەڵێنەكان، ئەگینا خۆپیشاندانەكان دەستپێدەكەینەوە، بەتایبەت كە خۆی ڕێكخراوەو پێویستە بە ئاڕاستەكردنی ناكات بۆ جوڵەكردن". بەڵێنەكان مەرەكەبی سەر كاغەزن (موزەفەر ئیسماعیل) پەرلەمانتار لەسەر شاری (بەسرە) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:"وەفدەكە لەگەڵ عەبدولمەهدی تاوتوێی پرسی بڕیارەكانی ئەم دواییەی عەبادی دەكات، كە دوابەدوای خۆپیشاندانەكان بڕیاری لەسەردان‌و، خۆی لە تەرخانكردنی (10) هەزار پلەی وەزیفی بۆ پارێزگاكە‌و، پێدانی دەسەڵاتی زیاتر دەبینێتەوە، كە تائێستا هەر مەرەكەبی سەر كاغەزە". ئەوەش لەكاتێكدایە، پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ڕابردودا بڕیارێكی پەسەندكرد‌و، بەوپێیەش تەواوی ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندەوە كە عەبادی لەكاتی حكومەتی كاربەڕێكەردا دەریكردبون، كە یەكێك لەو بڕیارانە دابینكردنی خزمەتگوزرایە بۆ شاری (بەسرە).


 (درەو میدیا): پرسی گەندەڵی لە وەرگرتنی ڤیزا لە کونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر مشتومڕی لەناو میدیای ئەڵمانیدا دروستكردووە. دوێنێ سایتی (شپیگڵ ئۆنلاین)ی ئەڵمانی راپۆرتێكی بڵاویكردەوە لەبارەی بوونی ئاماژەی سەرپێچی لە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی سوری لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر. كورت جۆرج شتوكل كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ یەكێك لە كەناڵە عێراقییەكان رایگەیاندووە، رێوشوێن‌و سیاسەتی نوێیان لە كونسوڵگەرییەكەیان گرتووەتەبەر بۆ پێدانی ڤیزا، ئەمەش بەمەبەستی رێگریكردن لە گەندەڵی‌و خراپ بەبەكارهێنان. كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر باسی لەوەكردووە" كونسوڵگەری لە مانگی كانونی یەكەمی رابردووەوە چەند رێوشوێنێكی نوێی گرتوەتەبەر، ئەمەش وەكو وەڵامدانەوەیەكی خێرا بۆ ئەو ئاماژە سەرەتاییانەی كە بۆیان دەركەوتووە، لەپێناو نەهێشتنی هەرجۆرە خراپ بەكارهێنانێك لە پێدانی ڤیزادا، هەروەها بەشێوەیەكی خێرا پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیاش لە بابەتەكە ئاگاداركراوەتەوە". پێشتر سایتی گۆڤاری (دێر شپیگڵ)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، پێدانی ڤیزا لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر گەندەڵی تێكەوتووە، راپۆرتەكە قسەی چەندین كەسی پەنابەری تێدایە لە ئەڵمانیا، كە باسلەوەدەكەن قاچاخچییەكان پەیوەندییان لەگەڵ كونسوڵگەری هەولێر هەیە‌و ئەوان ڤیزای ئەڵمانییان بە پارە لەو كەسانە كڕیوە. بەپێی قسەی كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر" ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە نزیكەوە كار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دەكات بەمەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر لەسەر بابەتەكە". كونسوڵ دەڵێ" ئێمە لە كونسوڵگەری هەولێر سیاسەتێك پەیڕەو دەكەین بە بەهیچ جۆرێك رێگە بە گەندەڵی‌و تاوانەكانی تر نادات لە كاری دیپلۆماسیدا". كونسوڵ ئاشكرایكردووە، داواكاری گشتی بەرلینی پایتەخت ئێستا لێكۆڵینەوە دەكات لەسەر گومانی گەندەڵی لە كونسوڵگەری هەولێر، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی هیچ لێدوانێك لەبارەی لێكۆڵینەوەكانەوە نادات. بەپێی راپۆرتەكەی سایتی (شبیگل ئۆنلاین) هەندێك هاوڵاتی سوری لە هەولێر بڕی (12 هەزار) دۆلاریان داوە بە قاچاخچییەكان بەمەبەستی وەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت مانگی هەنگوینی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كۆتایی دێت، یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیا رێكدەخاتەوە‌و جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز سنوردار دەكات. بەیانی ئەمڕۆ هێزێكی ئاسایشی سلێمانی بارەگای (تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان)ی لە گەڕەكی (چوارباخ)ی شاری سلێمانی، گەمارۆدا. ئاسایش ماوەی (24) كاتژمێر مۆڵەتی بە تەڤگەری ئازادی داوەی بارەگاكەی دابخات، ئەمەش بە بەهانەی ئەوەی ئەو حزبە مۆڵەتی یاسایی نییە. تەڤگەری ئازادی چییە؟ تەڤگەری ئازادی رۆژی 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2014 دامەزراوە، ئەم پارتە یەكەمین كۆنگرەی خۆی لە سلێمانی بەست، لەدوای دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی یاسایی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی‌و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كردووە، بەڵام تائێستا مۆڵەتی كاركردنی پێنەدراوە. تەڤگەری ئازادی كە باڵی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە لە هەرێمی كوردستان‌و درێژكراوەی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان (پەچەدەكە)یە كە پێشتر خۆی هەڵوەشاندەوە. لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم پارتە هیچ بنكە‌و بارەگایەكی ئاشكرای نییە. سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی كاركردنی نەبوو، رۆژی 19ی كانونی دووەمی ئەمساڵ، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق مۆڵەتی كاركردنی بە تەڤگەری ئازادی بەخشی‌و بەوهۆیەوە تەڤگەر توانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكات كە رۆژی 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، تەڤگەر لەو هەڵبژاردنەدا بەیەك لیست لەگەڵ (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) بەشداریكرد‌و كاندیدێكی بەناوی (یوسرا رەجەب) سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق. بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، تەڤگەری ئازادی داوایكرد بەشداری بكات، بەڵام لەسەر سكاڵایەكی (سیروان گەردی) كادری پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سەرپەرشتیاری تۆڕی هەماهەنگی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەستەی دادوەری سەربە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم رێگەی پێنەدا بەشداری هەڵبژاردن بكات. پشتی پەردەكە هەوڵی داخستنی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی لەلایەن یەكێتی نیشتمانییەوە بێ هۆكار نییە‌و پەیوەندی بە هەندێك جموجوڵی سیاسییەوە هەیە كە بەمدواییە لە پشتی پەردەوە بەڕێوەدەچێت. ساڵی رابردوو هێزێكی تایبەتی (پەكەكە) لە سنوری قەزای دوكانی سەربە پارێزگای سلێمانی دوو ئەفسەری سەربە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت)یان رفاند، بەپێی قسەی پەكەكە، ئەو كەسانە پلانیان داڕشتووە بۆ تیرۆركردنی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە). رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، لە ناوخۆی توركیا كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لە یەكەم كاردانەوەدا توركیا رۆژی 24/8/2018 (بەهرۆز گەڵاڵی) نوێنەری یەكێتی نیشتمانی لە ئەنكەرە دەركرد‌و گەڵاڵی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌و دواتر نوێنەرایەتی یەكێتی لە ئەنكەرە كرایەوە. لەدوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، توركیا گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی داخست، پاش شكستهێنانی ریفراندۆم‌و گەڕانەوەی كورد بۆ بەغداد، توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر كردەوە، بەڵام تائێستا رێگە بە گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی نادات. بەرپرسانی ئەنكەرە یەكێتی نیشتمانی تۆمەتبار دەكەن بەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی كردوەتەوە بۆ پەكەكە. بەمدواییە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی توركیا بەناوی (ئەی خەبەر- aHBR) راپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵەكانی پەكەكە لە شاری سلێمانی بڵاوكردەوە‌و تێیدا وێنەی سالار مەحمود پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشان دەدات كە لەگەڵ جەمیل بایك هاوسەرۆكی (كەجەكە) دایە. راپۆرتەكەی ئەو كەناڵەی توركیا دیمەنێكی رێستۆرانتی (سندی) لە شاری سلێمانی نیشان دەدات كە وێنەی ئەو سێ سەركردەیەی پەكەكەی هەڵواسیوە كە بەمدواییە ئەمریكا خەڵاتی دانا بۆ دەستگیركردنیان. رۆژی شەشی تەمموز، مەولود چاوەشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرنوسەرانی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی وڵاتەكەی ئاشكرایكرد" لەگەڵ یەكێك لە وەزیرێكی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم كۆبوەتەوە‌و پێی راگەیاندووە پەكەكە لەناو یەكێتیدا خاوەنی هەژمون‌و بڕیارە". یەكێتی پەیوەندییەكانی ئاساییدەكاتەوە رۆژی 4ی ئەم مانگە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر سەردانی سلێمانی كرد‌و لە دەباشان لەگەڵ بافَل تاڵەبانی كۆبوەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هاوكات لە بەغداد فاتیح یەڵدز باڵیۆز توركیا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كۆبوەتەوە. سەركردەكانی یەكێتی ماوەیەكە هەوڵێكیان دەستپێكردووە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا‌و كردنەوەی ئاسمانی توركیا بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا. پێشتر (درەو میدیا) وەكو یەكەمین میدیای هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، توركیا داوای لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە ئەو كەسانە سزا بدات كە بەناوی یەكێتییەوە بەشدارییان لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە)دا كردووە لە هۆڵەندا، ئەو سێ كەسەش  (ئارێز عەبدوڵا- سالار مەحمود- بڵێسە جەبار فەرمان) بوون. توركیا چەند مەرجێكی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، رەنگە یەكێك لە مەرجەكان كۆتاییهێنان بێت بە جموجوڵەكانی (پەكەكە) لە زۆنی سەوز‌و ئەمە هۆكاری داخستنی تەڤگەری ئازادی بێت. توركیا ئاسمانی خۆی بۆ سلێمانی دەكاتەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتدارانی توركیا بڕیاریانداوە رۆژی 5ی مانگی داهاتوو ئاسمانی وڵاتەكەیان بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بكەنەوە. رۆژی 11ی مانگی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە بەغداد لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی یەكێك لە تەوەرەكانی ئەو كۆبونەوەیە پرسی هەڵگرتنی گەمارۆی توركیا بووە لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی. وادەی درێژكردنەوەی گەمارۆی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی تاوەكو رۆژی 5ی مانگی داهاتووە، ئەگەر یەكێتی هەندێك لە مەرجەكانی توركیا جێبەجێ بكات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، توركیا جارێكی تر وادەی گەمارۆكە درێژناكاتەوە‌و ئاسمانی خۆی بۆ گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكاتەوە. رەنگە داخستی بارەگای تەڤگەری ئازادی لەلایەن یەكێتییەوە، بۆ جێبەجێكردنی مەرجی كردنەوەی ئاسمانی توركیا بێت بۆ گەشتەكانی سلێمانی. پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و توركیا پەیوەندی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و توركیا بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو بەردەوام پەیوەندییەكی پڕ لە هەڵبەرزو دابەرز بووە. لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی سەرۆكایەتی تۆرگۆت ئۆزال (1989-1993)، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵیدا پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ توركیا توندوتۆڵ بكات‌و ساڵی 1992 تاڵەبانی لەگەڵ ئۆزال كۆبوەوە. هەر لەو ساڵەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان شەڕیان لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان راگەیاند، بە بەهانەی ئەوەی بەهۆی پەكەكەوە هەرێمی كوردستان كەوتوەتەبەر هەڕەشەی هێرش‌و گەمارۆی توركیا. لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی‌و دووركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی سەرباری ئەوەی حزبەكەیان لە ئەنكەرە نوێنەرایەتی هەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی ئاشكرا پەیوەندییان لەگەڵ (پەكەكە) توندوتۆڵ كرد، بەتایبەتیش لەسەروەختی شەڕەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و ئازادكردنی شاری (كۆبانێ) دا. هەر لەوكاتەوە بەرپرسانی یەكێتی جۆرێك لە كرانەوەیان بۆ جموجوڵی لایەنگرانی (پەكەكە) لە سنوری دەسەڵاتی خۆیان دروستكرد، ئەم هەنگاوە لەكاتی خۆیدا وەكو موزایەدەی سیاسی یەكێتی‌و بۆ پەردەپۆشكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی لێكدرایەوە، بەم هەنگاوە پەكێتی جارێك پشتیوانی (پەكەكە)ی بەدەستهێنا‌و سەركردەكانی (پەكەكە) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2014 داوایان لە لایەنگرەكانیان كرد لە هەرێمی كورستان دەنگ بە یەكێتی نیشتمانی بدەن. بە داخستنی بارەگای تەڤگەری ئازادی‌و كۆتوبەندكردنی جموجوڵەكانی پەكەكە لە زۆنی سەوز، پێدەچێت مانگی هەنگوینی نێوان (پەكەكە)‌و یەكێتی كۆتایی بێت.


( درەو میدیا): فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند دەرگای پەیوەندیكردن بۆ پەیڕەوكارانی ئاینەكانی تر لە ئێران كراوەتەوە بۆئەوەی بچنە نێو ریزەكانی بەسیجی نوێوە كە لە پەیڕەوكارانی كەمایەتییە ئاینییەكان پێكدەهێنرێت. رەزا یەزدی فەرماندەی یەكێك لە یەكەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی تەسنیم وتی:" ئێران ئامادەیە بۆئەوەی فیرقەیەكی نوێی بەسیج بۆ پەیڕەوكارانی ئاینەكانی تر بكاتەوە، بۆئەوەی سود لە تواناكانیان وەربگیرێت". ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران وتیشی:" پێكهێنانی ئەو هێزە نوێیە زۆر بەسود دەبێت بۆ پارێزگاریكردن لە پێگە هەستیارەكان و پاراستنی خاكی ئێران و بەرگریكردن لە رژێمی دەسەڵاتدار". بەسیج هێزێكی نیمچە سەربازییە كە لە خۆبەخشانی مەدەنی پێكدێت و ساڵی 1979 بە فەرمانی ئیمام خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دامەزرێندراوە و لە تشرینی یەكەمی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەر هێزەكاتنی بەسیج و كۆمپانیا و دامەزراوەكانیدا سەپاند.


( درەو میدیا):  ئەفسەرێك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگری و  فریاكەوتنی سلێمانی دەڵێت، بەڕێوبەرەكەی پێ ڕاگەیاندووە، نابێت لەم هێزە بمێنێتەوە چونكە هێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.  نەقیب (دڵشاد مەلا شكور) ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتنی سلێمانی كە سەربە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە بە "درەو میدیا"ی ڕایگەیاند: لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا،  لیوا (كاكەمەند) بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگری و فریاكەوتنی سلێمانی بانگهێشتی كردووەو پێی ڕاگەیاندووە، كە جێگەی لەناو هێزەكەیاندا نابێتەوە بەوپێیەی ئەو هێزە موڵكی یەكێتییەو ئەویش لایەنگری بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە بڕیاریانداوە بیگوازنەوە.  دڵشاد وتیشی: بە بەڕێوبەرەكەمم وت "من بە هیچ شێوەیەك لەناو هێزەكەمان بانگەشەم بۆ گۆڕان نەكردووە، بەڵام ئەو هەر سوربوو لەسەر سزادان‌و دوورخستنەوەم، كە ئەمە بۆ دەیەم جارە یەكێتی لەسەر لایەنداریكردنم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان سزای سیاسییم دەدات".  ئەو ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی بە "درەو میدیا" ڕاگەیاند: داوایكردووە بۆ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بیگوازنەوە، بەوپێیەی پێشتر لەوێوە وەك سزای سیاسی بۆ بەڕێوبەرایەتی فریاكەوتن گوازراوەتەوە، بەڵام دوێنی دووشەممە لەلایەن بەڕێوبەری گشتی فریاكەوتنی سلێمانیەوە ئاگاداركراوەتەوە، كە بۆ یەكەی پاسەوانییەكان گوازراوەتەوە، هۆكاری گواستنەوەشی بۆ یەكە گەڕاندەوە بۆئەوەی، تا مووچەكەی ببێت بەنیوەی ئەو مووچەیەی پێشتر وەریگرتووە. (دڵشاد مەلا شكور فەرمان) چوار براو دایكی ئەنفالەو باوكیشی شەهیدە و  خۆشی یەكێكە لە ڕزگاربوانی تاوانی ئەنفال، لە ساڵی 1992وە پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی كورستانەوە كردووە.   


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود  دوای كەمتر لە كاتژمێرێك لە بڵاوبونەوەی بەیاننامەكەی كوتلەی (هاوپەیمانی‌و بونیاتنان)، پەرلەمانی عێراق بڕیاڕی دواخستنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆیدا، كە بڕیاربوو تایبەت بێت بەمتمانەدان بە كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) كە ژمارەیان هەشت وەزارەتە‌و پێكدێن لە:  (ناوخۆ، بەرگری، داد، كۆچ‌وكۆچبەران، پلاندانان، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری) بە بەیاننامەكەی كوتلەی (سەدروعەبادی)یدا دیاربوو، هێشتا ناكۆكییەكان چارەسەر نەكراون، تیایدا بەڕوونی ئاماژە بە كۆمەلێك كێشەی یەكلانەكراوە كراوبوو كە دیارترینیان ئەمانەن: •    سەرۆك وەزیران هەڵوێستی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری ئاشكرابكات سەبارەت بەو وەزیرانەی متمانەیان پێدراوە. •    تەئكیدكردن لەسەر دەستنیشانكردنی كەسایەتی  تەكنۆكرات‌و سەربەخۆ بەتایبەت بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگری‌و ناوخۆ.    •    ڕادەستكردنی (سیڤی كەسیی ) كاندیدی وەزارەتەكان بە سەرجەم پەرلەمانتاران، (48) كاتژمێر پێش پرۆسەی متمانە پێدان لە پەرلەمان. "ڕازینابم بێلایەن نەبێت" موقتەدا سەدر لە تازەترین تویتدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردۆتەوە، بە ئاشكرا پەنجە دەخاتە سەر برینەكان‌و، قوڵی ناكۆكییەكان بەتایبەت لە پەیوەست بە هەردوو وەزارەتی (ناوخۆو بەرگری). سەدر لە تویتەكەیدا دەڵێت" من هۆكار نیم لە دواخستنی تەواوكردنی كابینەی حكومەت، بەڵكومن هۆكارم لە دواخستنی پلانەكانیان" سەدر بە ڕاشكاوی ئاماژە بەوەدەكات" ڕازینابم بە وەزیرێكی بەرگری یان ناوخۆ كە بێلایەن نەبێت" بەمەش هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە كە باسیان لە یەكلابونەوەی ( فالح فەیاز) كاندیدی هاوپەیمانی (فەتح) دەكرد بۆ وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆكی ڕەوتی سەدر پێشنیاز بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دەكات، وەزارەتە پڕنەكراوەكانی پێشكەش بە پەرلەمان بكات جگە لە وەزارەتی (ناوخۆ و بەرگری).   لای خۆیەوە، (محەمەد كەربولی) سەركردە لە هاوپەیمانی (میحوەری نیشتمانی) لە تویتێكدا دەڵێت" با ڕوون بێت بۆ گەلی عێراق كە هۆكاری دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی وەزارەتی بەرگری، تێوەگلانی هەندێك لەسەركردە دیارەكانی پرۆسەكان‌و سوپایە لە مامەڵەی گەندەڵی بۆ دروستكردنی بەربەست لە بەردەم گەیشتنی توانا سەربازییە عێراقییەكانە كە كاندیدمان كردن بۆ ئەو پۆستە، لەترسی وەستانی ئەو سەرانەیەی كە لە كەرتە سەربازییەكان كۆیدەكەنەوە".     هۆشداریان داوەتە عەبدولمەهدی (مازن زوبەیدی) سەركردە لە هاوپەیمانی (بونیاتان) كە(هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە" عەبدولمەهدی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان گەیشتۆتە ڕێككەوتن بۆ ناردنی كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، بێئەوەی لەگەڵ كوتلە سیاسیەكان ڕێككەوتنی تەواوەتی بكات، ئەوەش پاڵینا بە كوتلەكانەوە كودەتای لێبكەن". تەئكیدیشی كردووە" كوتلەكان بە عەبدولمەهدیان ڕاگەیاندووە، دەنگ نادەن بە كاندیدەكانی‌و تانەی یاسایی لێدەدەن بە تایبەت كە سیڤی كەسیی پێشكەشنەكردوون، ئەوەش سەرۆكی پەرلەمانی ناچاركردووە دانیشتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە".  ئەوە لەكاتێكدایە درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی  گێڕایەوە بۆ "نەگەیشتنی سیڤی كەسیی كاندیدەكان بۆ تەواوكردنی كابینەی حكومەت" ڕونیشكردۆتەوە" سەرۆكی حكومەت تەئكیدی كردەوە ڕێوشوێنەكانی وردبینیكردنی لێپرسینەوەو ئەستۆ پاكی (5) كاندیی تەواوكردووە‌و، تائێستا كاندیدی (3) وەزارەت ماوە كە لە ژێر لێكۆڵینەوەو وردبینیكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكاندان.   پارتی یەكێتی بێبەش دەكات زانیارییەكان سەبارەت بە پشكی كورد لە بەغداد بەتایبەت لەو وەزارەتانەی ماوە بەردەوام لە گۆڕانكاریدان، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە بەغداد بە "درەومیدیا"ی ڕاگەیاند، عادل عەبدولمەهدی بە پێدانی هەردوو وەزارەتی (دادو كۆچ‌و كۆچبەران) بەكورد، (داد) بۆ یەكێتی‌و (كۆچ‌و كۆچبەران) بۆ پارتی، ململانێكانی ئەو حزبە‌و فشارەكانی پارتی لەسەر حكومەتەكەی چارەسەركردووە، لە تازەترین پێشهاتیشدا هەندێك سەرچاوەی ئاگادار ئاماژە بە گۆڕانكاری دەكەن لەو دابەشكارییە بە تایبەت دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغداد كە باس لە دوو ئەگەر ئەكرێت: •    یەكەمیان ئەگەر دو وەزارەت بدرێت بەكورد وەزارەتێكی بۆ پارتی دەبێت‌و، وەزارەتەكەی تر پارتی دەیدات بە یەكێك لەسێ‌ لایەنەكە ( بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی)‌و ئەگەری بەهێزیش لەم حاڵەتدا بۆ بزوتنەوەی گۆڕانە‌و، پارتی سورە لەسەر بێبەشكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پۆستی وەزارەتەكانی بەغداد. •    دووەمیان ئەگەر یەك وەزارەت بدرێت بەكورد، ئەوا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت. ئەوە لەكاتێكدایە، هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بەوەدەكەن، تائێستا هیچكام  لەو دوو وەزارتە (دادو كۆچ‌و كۆچبەران) بۆ هیچ  هێزێكی كوردی یەكلانەكراوەتەوە.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ئایا مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی پێش ریفراندۆم جێبەجێدەكات كاتێك وتی" ئەگەر ریفراندۆم سەرینەگرت، بڵێن ئەم كابرایە شێت بووە، سواری سەری خۆی بووە، هەمووی خەتای ئەو بووە، ئەو وەختە من حازرم بۆ ئەم مەسەلەیە سەرم لەسەری دابنێم". بارزانی دوای ریفراندۆم سەری جەستەی رزگاركرد، بەڵام دیار نییە سەرە سیاسییەكەی چی بەسەردێت، ئایا خانەنشین دەبێت، یان بەردەوام دەبێت‌و جارێكی ترو بەشێوازێكی تر دەگەڕێتەوە بۆسەر گۆڕەپانە سیاسییەكە. رێبوار كەریم وەلی، كە نوسەرو رۆژنامەنوسێكی نزیكە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ئەمڕۆ لە وتارێكدا لە ماڵپەڕی "رووداو" چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی بنەماڵەی بارزانییەوە ئاشكراكردووە. بەپێی قسەی ئەو نوسەرە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی چیتر هیچ پۆستێك وەرناگرێت‌و دەكێشتەوە‌و وەكو مەرجەعێكی پارتی دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەم زانیارییە راست بێت، رەنگە ئەمە لەلایەك جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی پێش ریفراندۆم بێت‌و لەلایەكی تر بارزانی بیەوێت بەپێچەوانەی سەركردەی حزبەكانی ترەوە بەر لە مردنی، چاودێری گواستنەوەی دەسەڵات بكات لەناو ئەندامانی بنەماڵەكەی بەبێ دروستبوونی كێشە‌و لێكترازان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا نزیكەی 30 ساڵە لەدوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانییەوە، ئەو كێشەیە بەردەوام هەڕەشە بووە لەسەر لێكهەڵوەشانی بنەماڵەی بارزانی‌و دواجاریش پارتی دیموكراتی كوردستان. هەفتەی رابردوو مەسعود بارزانی سەردانی بەغدادی كرد‌و دواتریش بەرەو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی گەشتیكرد، لەدوای ریفراندۆمەوە ئەمە یەكەمجاربوو بارزانی گەشت بكات، مەسرور بارزانی كوڕی لەم گەشتەدا هاوڕێیەتی دەكات، وەكو رێبوار كەریم وەلی دەڵێت ئامانج لە بردنی مەسرو بارزانی بۆ بەغداد‌و وڵاتانی كەنداو " ناساندنی ئایندەی حوكمڕان‌و خاوەن بڕیارەكانی هەرێمی كوردستان بە حزب‌و لایەنە سیاسییەكانی بەغداو نەجەف" بووە، واتە بارزانی باوك رێخۆشكەری دەكات بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بارزانی كوڕ. كاری داهاتووی بارزانی باوك مەسعود بارزانی بە رادەستكردنی دەسەڵات بە كوڕەكەی، دەرگای گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەسەر خۆی دادەخات، ئەمە رەنگە بەشێك لە نیگەرانی نەیارە سیاسییەكانی پارتی كاڵبكاتەوە، بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە چوار ساڵی رابردوودا باجی كورسییەكەی بارزانی دا، بەڵام بەواتای نەهێشتنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نییە، چونكە ئەو دامەزراوەیە پارسەنگ دەبێت بۆ راگرتنی ململانێی نێوان دوو ئامۆزاكە (مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی) لە داهاتوودا. نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەكانی خۆیدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێمەوە باس لە ململانێی ناو بنەماڵەی بارزانی دەكات‌و دەڵێ: "ئێمە داوامان كردبو ئەگەر بارزانی بۆ ماوەی 4 ساڵ ببێتە سەرۆكی هەرێم، جێگری هەبێ‌و، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بدرێ بە یەكێتی. بارزانی وتویەتی ئەوە كێشە ئەخاتە ناو خێزانەكەمانەوە من ئامادە نیم لەسەر لاشەی نێچیروان ببمە سەرۆكی هەرێم"، واتە بارزانی هەر لە سەرەتاوە داوای پۆستی سەرۆك وەزیرانی كردووە بۆ نێچیرڤان بارزانی لە پاڵ پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ خۆی، بۆ داهاتووش لە حاڵی كشانەوەیدا بۆ مەسرور بارزانی كوڕی، پێویستییەكی زیاتری بە هەردوو پۆستەكە دەبێت بۆ راگرتنی یەكگرتوویی بنەماڵەكەی‌و رێگریكردن لە دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان كوڕ‌و برازاكەیدا. نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەكەیدا باسلەوەدەكات، جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی رادەستی پارتی كردووە، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان كە دواین پرۆژەی سیاسی نەوشیروان مستەفایە هەروەها یەكێتی نیشتمانی كە تائێستا بەفەرمی جەلال تاڵەبانی سكرتێریەتی بۆ ئەم قۆناغە نوێیە لەبەرامبەر چیدا ئەو دوو پۆستە گرنگە بۆ پارتی بەجێدەهێڵن؟ مانگی تەموزی ئەمساڵ پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیاسایەكی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندكرد، بەپێی ئەو یاسایە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا، چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمیشی سپارد بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. بەپێی نوسینەكەی رێبوار كەریم وەلی، پارتی ئێستا دەیەوێت جارێكی تر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم زیندوو بكاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە كە پارتی تێیدا زۆرینەیە، بۆ ئەمەش نوسەر ئاماژەی بە ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراو كردووە كە (شەش مانگ بۆ ساڵێك)ە. ئەگەر بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی بكشێتەوە، بۆ قۆناغی داهاتوو تەنیا وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوە‌و كاری سەرەكی دەبێت بە راگرتنی باڵانسی دەسەڵات لەنێوان كوڕ‌و برازاكەی، تا ئەوكاتەی بەتەواوەتی لە گۆڕەپانی سیاسی دەكشێتەوە‌و دەسەڵاتی حزب رادەستی نەوەی دووەمی مستەفا بارزانی دەكات. چوار بژاردە رێبوار كەریم وەلی لە نوسینەكەیدا باسی لە چوار بژاردە كردووە كە بەوتەی ئەو پارتی لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر یەكێكیان دەدات: بژاردەی یەكەم: نێچیرڤان بارزانی تا چوار ساڵی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات‌و لەو چوار ساڵەدا پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ دیاریكردنی سەقفی زەمەنی كارا بكرێتەوە. بژاردەی دووەم: تا كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی (كە بەربژێری پارتی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت)، كەسێكی دیكە سەرۆكایەتیی حكومەت بكات و، دوای كاراكردنەوەكەش مەسرور بارزانی ببێتە سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤان بارزانیش ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان. بژاردەی سێیەم: نێچیرڤان بارزانی كابینەی حكومەت پێكبێنێت، هەركاتێك پۆستەكە كارا كرایەوە، ئەوكاتە ئەو دەست لەكاربكێشێتەوەو مەسرور بارزانی بێتە جێگەی ئەو. ئەو بژارەیە لەبەر ئەوەی كە حكومەتەكە وەك حكومەتێكی كاتی سەیرنەكرێت‌و مەسرور بارزانیش ئازاد بێت لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، كەمێك لاوازە. بژاردەی چوارەم: كە پێدەچێ لە هەموویان بەهێزتر بێت، ئەوەیە مەسرور بارزانی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و نێچیرڤان بارزانیش سەرۆكایەتی شاندی دانوستانكاری پارتی بكات‌و چوارچێوەی دانوستاندنەكان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم فراوان بكات. بەپێی ئەم زانیارییانە بێت، رەنگە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكات، پێشتریش چەند بەرپرسێكی پارتی باسیان لە هاتنەپێشەوەی مەسرور بارزانی كردووە، ئەگەر ئەم نەخشەیە بچێتە بواری جێبەجێكردن، كۆتایی بە 17 ساڵ لە حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی دێت لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم. رەنگە ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بێت كە ماوەیەكە بەرپرسانی پارتی باس لە پەسەندكردنی دەستورو گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی هەرێم بۆ سیستمی سەرۆكایەتی دەكەن، چونكە لە حاڵی دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانیدا لە پۆستی سەرۆك وەزیران، دەبێت نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand