لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كۆتاییهات

Draw Media

2019-03-23 11:34:25



(درەو میدیا):
رۆبەرت مۆلەر، لێكۆڵەری تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی2016 ی ئەمریكاو  ئەگەری بوونی پەیوەندی لە نێوان روسیا‌و هەڵمەتی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ كۆتایی بە لێكۆڵینەوەكەی هێناو راپۆرتی تایبەتی خۆی رادەستی وەزارەتی داد‌و ولیام بار داواكاری گشتی ئەمریكا كرد.
لە پەیامێكیدا بۆ كۆنگرێسی ئەمریكا، ولیام بار رایگەیاند رەنگە بتوانێت لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی بنەڕەتی لێكۆڵینەكە بداتە كۆنگرێس.
وەزارەتی دادی ئەمریكاش جەختیكردەوە راپۆرتەكەی مۆلەری دەربارەی رۆڵی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2016 و هەر پێشێلكارییەك كە ترەمپ ئەنجامیدابێت بەدەست گەیشتووە.
لە ماوەی رابردووشدا دەسەڵاتی دادوەری تۆمەتی ئاراستەی چەند یاریدەدەرێكی ترەمپ كرد لەو پرسەدا، بەڵام نازانرێت كە ئایا لێكۆڵینەوەكەی مۆلەر گەیشتوەتە ئەوەی كە سەرۆكی ئەمریكا لەو پرسەوە تێوەگلابێت كە چەندین جار ئەو لێكۆڵینەوەیەكی بە لایەنگیرانە وەسفكردووە‌و لە قۆناغەكانی دواییدا مۆلەر دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە لە چەند تۆمەتێك دەربارەی ترەمپ وەك هەوڵی بۆ تەگەرەخستنە بەردەم لێكۆڵینەوە بە پێچەوانەی یاساوە، بەڵام ترەمپ زیاد لەجارێك ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوە.
ترەمپ لەماوەی دوورودرێژی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ جارێك ئامادەنەبوو بچێتە بەردەم مۆلەر، بەڵام پارێزەرانی بە نوسین وەڵامی هەندێك پرسیاریان داوەتەوە كە لەلایەن مۆلەرەوە ئاراستەی ترەمپ كراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand