راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت چەند رۆژێكە جموجوڵێكی سیاسی رووی لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كردووە، جموجوڵەكانی ئەمجارە پەیوەندی بە بەشداریكردن یان نەكردنی یەكگرتوو نییە لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵكو پەیوەندی بە دۆسیەی كەركوكەوە هەیە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا دووجار وەفدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دور لە چاوی كامێراكان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوویان كردووە لە سلێمانی. وەفدەكەی یەكێتی پێكهاتووە لە ئەندامە كەركوكییەكانی مەكتەبی سیاسی (رزگار عەلی- ئاسۆ مامەند- رەفعەت عەبدوڵا). یەكێتی چی لە یەكگرتوو دەوێت؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەری سەرەكی قسەوباسی وەفدەكەی یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووە ئەوە بوو "رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت كە سەربە یەكگرتووە، بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك". لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆنەبوەتەوە، پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت لە هەولێر دادەنیشن، یەكێتی دەیەوێت لە شوێنی نەجمەدین كەریم لەناو ئەنجومەنی پارێزگاوە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەش پێویستی بە سازدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا هەیە. یەكێتی سەرەتای ئەم مانگە هەوڵێدا رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت لابداتو لەشوێنی ئەو جەمال مەولود دابنێت كە سەربە حزبی شیوعییەو بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكەیە، بەڵام نیسابی یاسایی ئەنجومەن بۆ سازدانی دانیشتنەكە تەواو نەبوو، بەوهۆیەشەوە هەوڵەكەی یەكێتی شكستیهێنا. یەكێتی كە نەیتوانی بەشێوەی یاسایی رێبوار تاڵەبانی لابداتو دەرگا لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك بكاتەوە، ئێستا دەیەوێت لەڕێگەی مامەڵەكردن لەگەڵ رێبوار تاڵەبانی بە ئامانجەكەی بگات. وەڵامی یەكگرتوو ! (درەو میدیا) زانیویەتی، مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو داوایان لە یەكێتی كردووە، لە كەركوك دەستپێشخەرییەك بكات بۆ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا، بەجۆرێك لیستی برایەتی كە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بەهەموو ئەندامەكانییەوە بەشداری كۆبونەوەكە بكات. مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لەبارەی داواكەی یەكێتی بۆ گەڕانەوەی رێبوار تاڵەبانی بۆ كەركوك، ئاماژەی بەوە كردووە رێبوار تاڵەبانی بەهۆی دۆخی ئەمنی كەركوكو ئەو سكاڵایانەی كە لەسەریەتی ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كەركوك، بۆیە باشترە یەكێتی هەوڵی ئەوەبدات كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لە (قەرەهەنجیر) یان ناوچەیەكی تری دەرەوەی كەركوك بەڕێوەبچێت، ئەوكات رێبوار تاڵەبانی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكات. لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ساڵی 2005 هەڵبژێردراوە، سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە. ئەم ئەنجومەنە لە (41) ئەندام پێكهاتووە، پێكهاتەی ئەنجومەنەكە بەمشێوەیە دابەشبووە: • پێكهاتەی عەرەب: 6 ئەندام • پێكهاتەی توركمان: 9 ئەندام • لیستی برایەتی كورد: 26 ئەندام لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتیو پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەبو توركمانێكو مەسیحییەك. كۆبونەوەكەی پیرمام رۆژی 20ی ئەم مانگە سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی هاوینەهەواری پیرمامی كرد بۆ دیدەنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. سەردانەكەی سەلاحەدین بەهادین بۆ لای بارزانی بۆ چاودێران جێگای سەرەنج بوو، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە یەكگرتووی ئیسلامی یەكلابوەتەوەو بڕیاری داوە بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نەكات كە پارتی سەرۆكایەتی دەكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەردانەكەی سەلاحەدین بەهادین بۆ پیرمام لەسەر داوای بارزانی بووەو دانیشتنەكە پەیوەندی بە پرسی پێكهێنانی حكومەتەوە نەبووە، بەڵكو تایبەت بووە بە بارودۆخی كەركوكو بارزانی داوایكردووە هەڵوێستەكانیان یەكبخەن بۆ ئاسایكردنەوەی بارودۆخی كەركوك. رێككەوتنی بارزانی- عەبدولمەهدی - ئەمریكا ! مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئێستا هەوڵێكی نوێی دەستپێكردووە بۆ "ئاسایكردنەوەی" دۆخی كەركوكو گەڕانەوەی پارتییەكان پارتییەكان بۆ ئەو شارە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بارزانی لەگەڵ ئەمریكییەكانو عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە گفتوگۆی كردووەو دەیەوێت هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناوچەكە دوركەونەوەو رێگە بە كورد بدرێت بە ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆ شارەكە، بارزانی دەیەوێت ئەمریكییەكان هێزێكی سەربازی خۆیان لەو ناوچەیە جێگیر بكەن. رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەجید)ی قەتەریش ئەمڕۆ لە زاری بەرپرسێكی پارتییەوە ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بەمدواییەی سەردانی هەولێری كرد، گفتوگۆی لەبارەی دۆخی كەركوكەوە كردووە. ئەو سەركردەیەی پارتی كە رۆژنامەكە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، پۆمپیۆ بەڵێنی بە بارزانی داوە ئەمریكا نێوەندگیرییەك دەكات بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخی كەركوكو ئەنجامی نێوەندگیرییەكەش بەمنزیكانە دەردەكەوێت. بەپێی قسەی بەرپرسەكەی پارتی" پۆمپیۆ داوای لە بارزانی كردووە ئەم ماوەیە دان بەخۆدابگرێتو لەبارەی كەركوكیشەوە پۆمپیۆ پەیوەندی بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووەو ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆكانن لەگەڵ عەبدولمەهدی".
درەو میدیا: لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ درەو میدیا سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، من ئێستا ئەندامی دەستەی سیاسی هاوپەیمانی ئیسڵاحم و لە كۆبونەوەی دوێنێی دەستەی سیاسی هاوپەیمانێتییەكەدا بەشداربووین. دەستەی سیاسی هاوپەیمانی ئیسڵاح پێكهاتووە لە ( ئەیاد عەلاوی ، عەمار حەكیم ، حەیدەر عەبادی، ئوسامە نوجێفی، موقتەدا سەدر) سروە عەبدولواحید نوێنەری نەوەی نوێیە لە دەستەی سیاسی ئەوهاوپەیمانێتیە، كە هەفتەی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوێنەری ئەو هاوپەیمانێتیە لە سلێمانی، شاسوار عەبدولواحید چونی نەوەی نوێی بۆ ناو ئەو هاوپەیمانێتیە راگەیاند. سەبارەت بە ئامانجی هاوپەیمانێتیەكەش سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو هاوپەیمانێتیە دەیەوێت هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە بۆناو داماودەستگاكانی دەوڵەت لە هەموو ئاستەكانداو بوونی كوردیشی لەو هاوپەیمانێتیە بە گرنگزانی، بەوەی ئاگاداری هەڵوێست و بیركردنەوەی ئەوان دەبێت بۆ تەواوی پرسە سیاسیەكان لە عێراقدا. سەبارەت بە نەبوونی یەكێتی و پارتی و هێزەكانی دیكەی كورد لەو هاوپەیمانێتیە، سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەوان بەشداری هیچ هاوپەیمانێتیەك ناكەن كە یەكێتی و پارتی تێدا بێت، دەشڵێت یەكێتی و پارتی لە هاوپەیمانێتی بینان كە لە هادی عامری و نوری مالكی و قەیس خەز عەلی پێكهاتووە. جەختیش دەكاتەوە كە لە كۆبونەوەی دوێنی دەستەكەدا پێیانی راگەیاندووە كە پەیوەست نابن بە هیچ هاوپەیمانێتی و رێكەوتنێكەوە لەگەڵ یەكێتی و پارتی، ئەوانیش پێیان وتووە كە رێز لە هەڵوێستەكەتان دەگرین.
درەو میدیا: بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە گەشبینیەوە لە هەوڵەكانیان دەڕەوانن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام یەكێتی وەك پارتی تەنها چاوی لە كردنەوەی گرێكوێرەی حكومەت نیە، بەڵكو تەواوی فایلەكانی دیكەی هەڵواسیوە بە پرسی كابینەكەی ( مەسرور بارزانیە)ەوە كە رەنگە بیەوێت سود لەو كەلێنەی پارتی وەربگرێت كە ئەویش پەلەكردنە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمداو بەرهەمی زیاتر بچنێتەوەو پارتی ناچار بە تەنازولی زیاتر بكات بەتایبەتیش لەپرسی كەركوك و بەغداد. كابینەی نوێ حكومەتی هەرێم چارەنوسی بە كەركوكەوەیە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەر لەسەرەتای كۆبونەوەكانیدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پاكێجێكی داوەتە پارتی كە تەواوی پرس و كێشەكانی هەرێم و كەركوك و بەغدادی كردۆتە یەك پاكێج و دەیەوێت بەیەكەوە چارەنوسیان یەكلا بكرێتەوە. فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنكاری پارتی دەڵێت" دابەشكردنی پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان یەكلابووەتەوە" ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ رێكەوتنی كۆتایی نێوان یەكێتی و پارتی چونكە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پەیوەستە بە پۆستەكانی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمیش، سۆفی لە لێدوانێكدا بۆ روداو زۆتریش دەڕوات و دەڵێت" سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت، بەڵام لەنێوان رێواز فایەق و بێگەرد تاڵەبانی هێشتا بڕیاری كۆتایی نەدراوە. جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت و هێمن هەورامی پۆستەكە وەردەگرێت. جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ یەكێك لە پێكهاتەكانە و هێشتا لەنێوان توركمان و مەسیحییەكاندا یەكلانەبووەتەوە" بەپێی لێدوانەكەی فرسەت سۆفی بێت رێكەوتنی نێوانیان بەرەو كۆتایی دەچێت، بەڵام لێدوانێكی نوێی قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ریسەكە دەكاتەوە بە خوری كە دەڵێت" یەكێتی ئامادەنیە بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا بكات تاوەكو پارێزگاری كەركوك وەرنەگرێت" قادر عەزیز لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا جەختی كردۆتەوە" كێشەی سەرەكی ئێستای نێوان پارتی و یەكێتی پارێزگاری كەركوكە، ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر كەركوك ڕێكەوتن ئەوا بەزوترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكدێت، ئەگەریش ڕێك نەكەون ئەوا دوادەكەوێت" قادر عەزیز ئەوەش دەڵێت" بابەتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بەلای یەكێتیەوە هێڵی سورە بەهیچ جۆرێك سازشی لەسەر ناكات چونكە پەیوەندی هەیە بە چارەنوسی خەڵكی كەركوكەوە، ئەگەر پارتی دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی دۆست بێت بەیەكەوە حكومڕانی كوردستان بكەن نابێت دژی ئەم " ئیستحقاقە"ی یەكێتی بێت، ناكرێت لە هەرێم دۆست بین و لەكەركوك و بەغداد ناحەز و ناكۆك بین." بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابۆتەوە هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانیشە ئەگەرچی لە لێدوانی بەرپرسەكانیاندا ئاماژە بەوە دەكەن كە هێشتا بڕیاریان نەداوە كە بەشداری حكومەت دەكەن یان نا، بەڵام لەلایەكی ترەوە سەرقاڵی وەرگرتنی سیڤین بۆ پركردنەوەی پۆستەكان و دوو لیژنەشیان لەگەڵ پارتی پێكهێناوە كە یەكێكیان تایبەتە بە كارنامەی حكومەت و دووەمیشیان میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان. نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە روداوی وتووە "ژمارەیەكی زۆر سیڤی رەوانە كراون و بۆ هەر پۆستێك بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی، سیڤی زۆر بە گۆڕان گەیشتووە، چونكە بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە بەپێی سیڤی كەسەكان بپاڵێوێ و بڕیاری كۆتاییش لای جڤاتی نیشتمانی دەبێت". هاوكات هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: " بزوتنەوەی گۆڕان داوای 3 وەزارەتی خزمەتگوزاری دەكات، چونكە لەڕێی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانەوە باشتر دەتوانێ لە كێشەی خەڵك تێبگات و خزمەت بكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە، شاندی دانوستاندنكاری گۆڕان بەبێ بەدەستهێنانی بەڵێنی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەستەمە بتوانن بڕیاری بەشداری بدەن" بەو پێیەش گۆڕان خۆی یەكلاكردۆتەوە بۆ چونە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریشە رۆژی سێشەمە وەفدی دانوستانی نێوان پارتی و گۆڕان كۆببنەوەو تیایدا هەردوو لیژنەكە( لیژنەی كارنامەی حكومەت و دیاریكردنی پۆستەكان) كۆببنەوەو چاوەڕەوان دەكرێت بەرچاو روونی تەواو بدرێتە گۆڕان سەبارەت بە كارنامەی حكومەت و ئەو پشك و پۆستانەی كە بەریان دەكەوێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی ژێربەژێری لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنە بارزانی زامنی بڕە پارەیەكی مانگانەی بۆ ئەو حكومەتە كردووە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو مەسرور بارزانی كوڕی سەرۆكایەتی دەكات. كۆتاییەكانی مانگی 11ی ساڵی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراقی كرد، لە دوای ریفراندۆمەكەی 2017وە ئەوە یەكەمجار بوو بارزانی سەردانی بەغداد بكات. بارزانی لەو سەردانەدا بناغەی قۆناغێكی نوێی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی دانا، بەتایبەتی چارەسەركردنی پرسی نەوتو بودجە لە نێوان هەولێرو بەغداد. بەپێی نوێترین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئێستا رێككەوتنێكی ژێربەژێر لەنێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە لەبارەی پرسی نەوتو بودجەی هەرێمی كوردستانەوە. رێككەوتنێكی یەكساڵە ! (درەو میدیا) زانیویەتی، دوای گەڕانەوەی بارزانی لە بەغداد، پەیوەندی تەلەفۆنی گەرموگوڕ لەنێوان بەرپرسانی هەرێم (پارتی)و دەسەڵاتدارانی بەغداد دەستیپێكردووە بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی بودجەو نەوتی هەرێم. لەدواین قۆناغدا بەرپرسانی هەولێرو بەغداد رێككەوتوون لەسەر ئەوەی " بۆ ماوەی یەك ساڵ 2019 " بەغداد مانگانە بڕێك پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، تاوەكو لەماوەی ئەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان بە فرۆشی نەوتی خۆی كێشەی قەرزەكانی لەگەڵ كۆمپانیاكان چارەسەر بكات، واتە لەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد نەكاتو بڕێك پارەش لە بەغداد وەرگرێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ بارزانی لەپای نیشاندانی نیازپاكیی بارزانی بۆ بەغداد كردووە، هاوكات عەبدولمەهدیو بەشێك لە سەركردە سیاسییەكانی بەغداد دەیانەوێت كێشەو ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كۆتایی پێبهێنن، بەتایبەتی دوای شكستهێنانی ریفراندۆمو گەڕانەوەی كورد بۆ ناو چوارچێوە عێراقییەكە. وەفدەكەی پارتی لە بەغداد ! ئێستا كە پەرلەمانی عێراق لەسەروبەندی پەسەندكردنی پرۆژەی بودجەی ساڵی 2019دایە، وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكهاتووە لە هەریەكە لە (ئومێد سەباح)و (مەسعود حەیدەر) لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چەند كۆبونەوەیەكیان كردووە بۆئەوەی رێگەخۆشكەری بكەن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی نێوان بارزانیو عەبدولمەهدی. چاوەڕوان دەكرێت رێككەوتنەكە سەربكەوێت، بەوپێیەی مەسعود بارزانی بەجدی كاری لەسەر دەكاتو دەیەوێت چوار ساڵی داهاتوو مەسرور بارزانی كوڕی كە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم دەكات، روبەڕووی قەیرانی دارایی نەبێتەوە. پارەكەی بەغداد چەندە؟ ریبَوار كەریم مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، بڕی ئەو پارەیەی كە بڕیارە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەشێوەی مانگانە بەغداد بە هەرێمی كوردستانی بدات (522 ملیار) دینارە، (454 ملیار) دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانەو (68 ملیار) دیناریشی بۆ موچەی پێشمەرگەیە. رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بڕە پارەیەی كە چاوەڕوان دەكرێت دوای پەسەندكردنی بودجەی 2019, بەغداد مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت (200 ملیار) دیناری لەو بڕە پارەیە زیاترە كە ئێستا بۆ هەرێمی دەنێرێت، ئەم پارەیەش بەشی موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم دەكاتو ئەگەر حكومەت پاشەكەوتی موچە هەڵنەگرێت، جارێكی موچەی موچەخۆران تاڵان دەكات. ئەو پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی عێراق پێشبینیكرد (بڕگەی ج- ماددەی 10) لە پرۆژە یاسای بودجەدا پەسەندبكرێت كە بەپێی ئەو بڕگەیە هەرێمی كوردستان ئەگەر نەوتەكەشی رادەستی بەغداد نەكات، بەغداد مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت. ئەوەی وادەكات پێشبینی بكرێت (بڕگەی ج) لە پرۆژە یاسای بودجە پەسەندبرێت ئەوەیە، ئێستا ئەو بڕگەیە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تێپەڕیوە، كە ئەو لیژنەیە كۆكراوەی تەواوی فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی عێراقە. داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم لە خاڵی جێبەجێبوونی رێككەوتنە ژێربەژێرەكەی نێوان مەسعود بارزانیو عادل عەدبولمەهدیدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەكساڵ داهاتی مانگانەی بەمجۆرە دەبێت: • 522 ملیار دینار كە لە بەغدادەوە دێت. • 378 ملیار دیناری مانگانە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی دەكات بۆ پێدانی موچە. • 120 ملیار دینار كە داهاتی ناوخۆیە. • 30 ملیار دینار كە یارمەتی ئەمریكایە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كورستان لەحاڵەتی ناردنی پارەكەی بەغداددا، دەگاتە (ترلیۆنێكو 50 ملیار) دینار بۆ هەر مانگێك، كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە (897 ملیار) دینارە، واتە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە مانگانە دەستیدەكەوێت دەتوانێت پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵبگرێتو سەرباری ئەوەش مانگانە بڕی زیاتر لە (150 ملیار) دیناری بۆ بمێنێتەوە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ دەشت و دۆڵ و گرد و چیا بەپیتەكانی عەفرین، لە سوریا باشترین جۆری زەیتی زەیتون بەرهەمدەهێنن، و ئەوەش داهاتی 70%ی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن. بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، دارە زەیتونەكانی عەفرین كە ژمارەیان 18 ملیۆن دارە، بوونەتە سەرچاوەی داهات بۆ گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و توركیا لەدوای داگیركردنییەوە ساڵێك لەمەوبەر . توركیا 20ی كانونی دووەمی 2018 بە هاوكاری گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەناوی " چەڵە زەیتون" بۆ داگیركردنی عەفرین دەستپێكرد و جگە لە دانیشتوانەكەی، دارە زەیتونەكانی ناوچەكە بوونە گەورەترین قوربانی داگیركاری توركیا و گروپە چەكدارەكانی لە ناوچەكەدا. گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا لە عەفرین چەكدارەكانی ئەو گروپانە بە زەبری هێز دەستیانگرت بەسەر بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتوندا و بە بازرگانەكانی توركیایان فرۆشتەوە و هێزەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانیش رێگەیان نەدا زەیتی زەیتونی ناوچەكە هەناردەی دەرەوە بكرێت و بەوەش نرخەكەی زۆر دابەزی و نرخی یەك دەبە " 16لیتر" زەیتی زەیتون گەیشتە 14 هەزار لیرەی سوری " نزیكەی 30 دۆلار" لە كاتێكدا نرخی ئەوە لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریادایە دەگاتە دوو هێندە. " دزی" رۆژنامەی دەیلی تەلیگرافی بەریتانیی لەسەر زاری بێرنادر هۆگڵ پەرلەمانتاری سویسراوە بڵاویكردەوە كە توركیا زەیتی زەیتونی عەفرینی دزیوە و لە بازاڕەكانی ئەوروپا وەك بەرهەمی توركیا فرۆشتویەتییەوە. بێرنادر هۆگڵ دەڵێت: " لە عەفرین لەژێر داگیركاری توركیادایە باخەكانی زەیتون وێراندەكرێت لەلایەن سوپای توركیا و میلیشیاكانییەوە و ئەو زەیتەشی كە دزیویانە بە ئیسپانیا فرۆشراوەو پرۆسەی فرۆشتن بەردەوامە". بە گوێرەی سایتی رۆژنامەی پاپلیكۆی ئیسپانیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، حكومەتی توكیا چەند كۆمپانیایەك بەكاردەهێنێت بۆ هەناردەكردنی ئەو زەیتەی كە لە جوتیارە كوردەكانی دەسەنن بۆ ئیسپانیا. چەند سەرچاوەیەكی ناوچەكە كە قسەیان بۆ سایتەكە كردووە دەڵێن: زەیتە تاڵانكراوەكە تێكەڵاوی زەیتی توركی دەكرێت و پاشان بەناوی وەهمییەوە هەناردەدەكرێت. سایتەكە بەهای ئەو زەیتەی لە عەفرین دەدزرێت بە نزیكەی 70 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە و چارەكی ئەو بڕە پارەیەش بۆ ئەو گروپە چەكدارانەیە كە لە عەفریندا جێگیركراون. جوتیارێکی کورد لە عەفرین مانگی تشرینی دووەمی 2018 وەزیری كشتوكاڵی توركیا دانینا بە دەستگرتن بەسەر زەیتی زەیتونی توركیا و فرۆشتتنی و ئەو دانپێدانانەش وەڵامێك بوو بۆ تۆمەتباركردنی توركیا بۆ بەتاڵانبردنی زەیتی زەیتونی عەفرین لەلایەن هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" وە. وەزیری كشتوكاڵی توركیا لە دانیشتنێكی پەرلەماندا دەربارەی بودجەی 2019 وتی:" دەمانەوێت دەست بەسەر سەرچاوەكانی داهاتی عەفریندا بگرین بە جۆرێك لە جۆرەكان، بۆئەوەی ئەو سەرچاوانە نەكەونە دەست پارتی كرێكارانی كوردستان". فەهیم تاشتكینی رۆژنامەنوسیش لەسەر زاری پەرلەمانتارێكی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنەوە رایگەیاند كە 50 هەزار تۆن زەیتی زەیتونی عەفرین رەوانەی توركیا كراوە. هاوكات نورەدین ماچین، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند" گروپە چەكدارەكان تەنها بە بردنی 50 هەزار تۆن زەیتی زەیتونی عەفرینەوە نەوەستاون، بەڵك كێڵگە و باخە زەیتونەكانیانیشان وێرانكردووە". چەلەنگ عومەر، پسپۆری بواری ئابوریی كە خەڵكی عەفرینە، رونیكردەوە ناوچەكە ئەمساڵ 270 هەزار تۆن زەیتونی بەرهەمهێناوە و ئەوەش 30%ی كۆی بەرهەمی سوریایە و بەهای ئەو بڕەش لە بەرهەمی زەیتون نزیكەی 150 ملیۆن دۆلارە و جوتیارەكان تەنها یەك لەسەر سێی ئەو بڕە پارەیەیان دەستكەوتووە. چەلەنگ عومەر ئاشكراشیكرد, ئەو بازرگانانەی زەیتی زەیتون لە جوتیارە كوردەكان دەكڕن لەژێر چاودێری ئەو گروپە چەكدارەكاندا كاردەكەن كە لە عەفرین جێگیركراون، و زەیتی زەیتون بە نیوەی ئەو نرخە دەكڕن كە لە ناوچەكانی دەرەوەی عەفرین دەفرۆشرێت و پاشان راستەوخۆ زەیتەكە رەوانەی توركیا دەكەن و بەشێك لەو زەیتە لە رێگەی دەروازە سنورییەكانی توركیاوە، دەبرێتە ئەو ناوچانەی تری سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندان. پرۆسەی تاڵانكردنی زەیتی زەیتونی عەفرین بۆ توركیا، نرخی ئەو بەرهەمەی لە بازاڕەكانی توركیا دابەزاندووە و رۆژنامەی " نۆرجاڵ بایساڵ"ی توركی رایگەیاند توشی شۆك بووە بە دابەزینی نرخی زەیتون لە شاری ئامەد و دوای پرسیاركردن لە یەكێك لە فرۆشیارەكان دەربارەی دابەزینی نرخی زەیتون لە 15 لیرەی توركییەوە بۆ 5 لیرە، فرۆشیارەكە رایگەیاندووە سەرچاوەی ئەو زەیتونە عەفرینە و لەوێ بازرگانەكانی توركیا بە نرخی هەرزان بە دوكاندارەكانی دەفرۆشن. ئاوارەکانی عەفرین " تاڵانكردنێكی رێكخراو" ئەو ئیدارەیەی توركیا لە عەفرین و گوند و شارۆچكەكانی دەوروبەری دایناوە، رێژەی 10% بۆ 20%ی ئەو زەیتە لە جوتیارەكانی عەفرین وەردەگرن لەبەرامبەر ئەوەی رێگەیان پێداون بەرهەمی باخەكانیان كۆبكەنەوە، بەڵام گروپە چەكدارەكانی كە لە ناوچەكەدا بڵاوبونەتەوە بە خواست و ئارەزووی خۆیان چیان بوێت ئەوە دەسەپێنن و هەندێك كاتیش بە زەبری چەك بەرهەمی زەیتی زەیتون لە جوتیارەكان دەدزن، دوای وەرگرتنی ئەوەشی كە سەپاندویانە. مستەفا ئەبو شەمس لە راپۆرتێكیدا لە سایتی جمهوریەتی ئۆپۆزسیۆن كە كۆتایی ساڵی رابردوو بڵاویكردەوە دەربارەی وەرزی زەیتون لە عەفرین رایگەیاندووە" هەر گروپێك دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتووە كە لەژێر كۆنترۆڵیدایە و پاشان لە رێگەی نوسینگەی ئابوریی گروپەكان و موختاری گوندەكانەوە ئەو باخ و درەختانەیان سەرژمێركردووە كە خاوەنەكانیان سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی " پەیەدە"ن و لەگەڵ پێگەیشتنی زەیتوندا گروپە چەكدارەكان كرێكاریان بۆ كۆكردنەوەی بەرهەمی زەیتون بەكرێ گرتووە و پاشان زەیتیان لێ بەرهەمهێناوە و لە بازاڕدا بۆ خۆیانیان فرۆشتوە. ژمارەی ئەوانەی كە لەدوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە ناوچەكەیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون، كەمتر نیە لە نیوەی دانیشتوانی ناوچەكە و هەرچی هەیان بووە لەسەر هەموشیانەوە باخ و كێڵگەكانی زەیتون بوونەتە موڵكی گروپە چەكدارەكان. گروپە چەكدارەكان تەنها بەوەوە نەوەستاون كە بەرهەمی باخەكانیان لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكەدا دابەشكردووە، بەڵكو جوتیارەكانیشیان ناچاركردووە كە بەشە بەرهەمی خۆشیان لە زەیتی زەیتون پێ بفرۆشن بەو نرخەی كە چەكدارەكان سەپاندویانە. کۆکردنەوەی بەرهەمی زەیتون لە عەفرین بۆ نمونە گروپی " جەیشولئیسلام" كە لە غۆتەی خۆرهەڵاتەوە هاتون، 100 هەزار دەبە زەیتی زەیتونی 16 لیتری " 1600 تۆن" یان لە شارۆچكەی مەعبەتلی لە عەفرین كڕیوە بە نیوەی ئەو نرخەی لە بازەڕادا هەیە، ئەوەش بە گوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ. گروپە چەكدارەكان تەنها بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتونی ئەمساڵیان دەستبەسەردا نەگرتوون، بەڵكو بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی نزیك لە چەند سەرچاوەیەكی ئۆپۆزسیۆن چەكدارەكان هەزاران درەختی زەیتونیان بڕیوە و بۆ بەدەستهێنانی بڕێك پارە دارەكانیان بە توركیا فرۆشتووە. سایتی " زمان الوصل" ی ئۆپۆزسیۆن دووی تشرینی دووەمی 2018 رایگەیاند ژمارەیەكی زۆر درەختی زەیتون لە عەفرین بڕدراونەتەوە و كراون بەداری وشك و لە ناو توركیا فرۆشراوە، ئەوەش تاوانێكە هاوشێوەی كوشتنی مرۆڤە، چونكە ئەو زەیتونە بۆ خۆراكی مرۆڤە و بڕینەوەی سەرچاوەی بژێوی خاوەنەكانی ناهێڵێت هەڕەشە لە ژیانیان دەكات. سەرچاوە: بی بی سی
راپۆرت: نامیق رەسوڵ لە دوای سەردانە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق، داواكاری چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەرزبوەتەوە، ئێستا چەند هێزێكی سیاسی جموجوڵیان دەستپێكردووە بۆئەوەی لەڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو هەنگاوە بنرێتو بە یاسا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكرێنە دەرەوە. سەدرو مالیكی پشتیوانی دەكەن ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایدەكات" پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی". لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەری ئەو پەرلەمانتارە كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە دەڵێت" زیاتر لە كوتلەیەك پشتیوانی لە پرۆژە یاساكە دەكەن، دیارترینیان كوتلەی بونیادنانە كە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو گروپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، هەروەها هاوپەیمانی سائرون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكات، پشتگیری لە پرۆژە یاساكە دەكات". بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، هەماهەنگی لەنێوان لیژنەكانی پەرلەماندا هەیە لەپێناو سەرخستنی پرۆژەكە، بۆئەوەی رێگەی بۆ خۆشبكرێت لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێتو پێشبینیشدەكات پرۆژەكە زۆرینەی پەرلەمان دەنگی بۆ بدات. چاوەڕوانی وەڵامی عەبدولمەهدی دەكرێت پێش پێشكەشكردنی پرۆژە یاساكە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، هەوڵیدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بهێنێتە ناو پرسەكەو چەند پرسیارێكی دەربارەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هۆكارەكانی مانەوەیانی ئاڕاستەكرد. محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنان رایگەیاند، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق وەستاوەتەوە لەسەر وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدی بۆ ئەو پرسیارانەی كە لەلایەن لیژنەی ئاسایشو بەرگری پەرلەمانەوە ئاراستەی كراون. ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: لیژنەكە پشتی بە چوارچێوە دەستوریو یاساییەكان بەستووە، پێش ئەوەی دەستبكرێت بە هەمواركردنەوەی رێككەوتنە ستراتیژی كە لەنێوان بەغدادو واشنتۆن ئیمزاكراوە، یان دەركردنی پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، لە نێویاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژی بەوەدا، لەماوەی دوای وەڵامدانەوەكانی عەبدولمەهدی، هەمواركردنەوەی رێككەوتنەكەی نێوان بەغدادو واشنتۆن یان پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئەنجامدەدرێت، هەموو ئەمانە وەستاونەتەوە سەر جۆری وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدی. یاساكە ئامادەكراوە ! بەپێی قسەی سەعران ئەعاجیبی، ئەندامی لیژنە ئاسایشو بەرگری پەرلەمانی عێراق، یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گەیشتوەتە قۆناغی كۆتاییو لە چەند رۆژی داهاتوودا دەخرێتەڕوو. ئەعاجیبی كە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرونە، پێشبینیدەكات بەمزوانە پرۆژە یاساكە بخرێتە دەنگدانەوە، لە كاتێكدا خواستێكی پەرلەمانیی هەیە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بە تایبەتی دوای جموجوڵەكانی ئەمدواییەی هێزەكانی ئەمریكا لە چەند ناوچەیەكی عێراق. رۆڵی ئێران لە یارییەكەدا هەوڵدان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەزۆری ئەو لایانانەی لە پشتەوەن كە لە ئێرانەوە نزیكن. هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانو وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لایەنە شیعەكان لەلایەن ئێرانەوە ئامۆژگاری كراون، لەڕێگەی پەرلەمانەوە فشاربكەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. ئەم هەوڵەی كوتلەكانی پەرلەمانی عێراقی نزیك لە ئێران، لە كاتێكدایە بەگوێرەی قسەی چەند میدیایەكی ئیسرائیلو وڵاتانی كەنداو، ئەمریكا داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە "چەند گروپێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی چەك بكات". میدیاكانی ئیسرائیل، لەسەر زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقەوە بڵاویانكردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ، بە عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە" واشنتۆن رێگە لە ئیسرائیل ناگرێت، ئەگەر ئەو وڵاتە پێگەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بۆردومان بكات". سەرچاوەكە ئاشكراشیكردووە، عەبدولمەهدی لە ئەگەری هێرشكردنە سەر بنكەو بارەگاكانی حەشدی شەعبیی نیگەران بووەو هۆشداریی داوەتە پۆمپیۆ لەوەی ئەو هەنگاوە لێكەوتنەی مەترسیداری لە ناوچەكەدا دەبێت. چارەنوسی رێككەوتنی ستراتیژی عێراقو ئەمریكا لەسەردەمی كابینەی نوری مالیكیدا رێككەوتنی ستراتیژی سیاسیو سەربازییان ئیمزاكرد، بەڕای چاودێران عێراق دەبێت پابەندی ئەو رێككەوتنە بێتو ناتوانرێت بە یاسایەك ئەو رێككەوتنە هەڵبوەشنێرێتەوە. لەگەڵ دەستپێكردنی هەوڵەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵیدا خۆی لەو پرسە بەدووربگرێت، ئەمەش بە رەچاوكردنی ئەوەی، ئەو رێككەوتنە لەسەردەمی نوری مالیكیدا ئیمزاكراوەو حكومەتی حەیدەر عەبادیش دوای ئەو، پابەندبوونی خۆی پێوە راگەیاندووە.
( درەو میدیا): هیچ پەرلەمانتارێكی عێراق ئامادەنیە ببێتە ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و بەوهۆیەوە لیژنەكە هەڵدەوەشێنرێتەوە. عەلی بدیری، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" كوتلە گەورەكانی نێو پەرلەمان زۆرینەیان بیروبۆچونی ئیسلامییان هەیە ئەوە ئاشكرایە، بەڵام ئەوەی نامۆیە هیچ پەرلەمانتارێكی ئەو حزبە ئیسلامیانە ناخوازن ببنە ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی". ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشكیكرد, بەهۆی ئەوەی هیچ پەرلەمانتارێك ئامادەنیە ببێتە ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رەنگە ئەو لیژنەیە هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەوەش لە هیچ یەكێك لە خولەكانی پێشوودا رووی نەداوە و پێویست بوو حزبە ئیسلامییەكان شەڕیان لەسەر ئەو لیژنەیە بكردایە, بەڵام شەڕ لەسەر لیژنەكانی تر دەكەن كە دوورن لە رێبازی ئیسلامییەوە. پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 20 لیژنەی هەمیشەیی هەیەو بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران زیاتر خوازیارن ببنە ئەندامی لیژنەی دارایی و یاسایی و پەیوەندییەكانی دەرەوە و كەمتر هەوڵ بۆ ئەندامێتی لیژنەكانی تر دەدەن.
( درەو میدیا): پارتی و یەكێتی لەسەر پرسی پارێزگای كەركوك، لەسەر سێ خاڵ رێككەوتوون و بۆ تاوتوێكردنی دۆخی پارێزگاكە و چارەسەركردنی كێشەكانی بە وەفدێكی هاوبەش سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە. بە گوێرەی چەند زانیارییەك، ئەمڕۆ شەممە لیژنەی پارتی و یەكێتی تایبەت بە كەركوك یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداوە و دەربارەی ئاساییكردنەوەی كەركوك گەیشتونەتە لێتێگەیشتن و لەسەر سێ خاڵ رێككەوتون. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی عێراقی بڵاویانكردوەتەوە، لیژنەكەی پارتی و یەكێتی تایبەت بە كەركوك بە سەرۆكایەتی فاڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ئەندامێتی ئەرسەلان بایز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ شەممە لە هەولێر كۆبوەتەوەو لیژنەكە بڕیاریداوە بە رەوانەكردنی وەفدێك بۆ بەغدای پایتەخت بۆ كۆبوونەوە لەگەاَ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانەكان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك. هەروەها وەفدەكە لە بەغدا داواشدەكات هەموو هێزە سەربازییەكان لە كەركوك بكرێنە دەرەوەو تەنها هێزە خۆجێیەكان بمێننەوە و لیژنەیەكی ئەمنیی لە حكومەتی ناوەند و هەرێم بۆ چاودێریكردنی دۆسیەی ئەمنیی كەركوك پێكبهێنرێت و پێشمەرگ و ئاسایش بەشداری بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی كەركوك بكەن.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە سەربە دیموكراتەكانە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكای بەوە تۆمەتباركرد، هێزەكانی ئەمریكاو ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی لە ئەفغاستانن خستوەتە مەترسییەوە، لە رێگەی ئاشكراكردنی سەردانی وەفدێكی كۆنگرێس بۆ ئەو وڵاتە و كۆشکی سپیش ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە. سەرەتا كێشەی ترەمپ و پیلۆسی سەرەتای ئەم مانگەو دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی كۆنگرێسی ئەمریكا، دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنایەوە و نانسی پیلۆسی بە سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەڵبژێدرایەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ دابینكردنی بودجەی دیواری نێوان ئەمریكا و مەكسیك كە یەكێكە لە بەڵێنەكانی كاتی هەڵبژاردنی، لەگەڵ نانسی پیلۆسی و سەركردەی دیموكراتەكان كۆبوەوە. لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ترەمپ داوای لە پیلۆسی كرد بودجەی دیوارەكە دابینبكەن، بەڵام پیلۆسی رەتیكردەوە و ترەمپیش بە توڕەییەوە كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت و لەوكاتەوە داخستنی كاتی حكومەت دەستیپێكردووە و فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكان موچەكانیان دواكەوتووە. رێگەگرتن لە گەشتی پیلۆسی بڕیاربوو وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی نانسی پیلۆسی سەردانی ئەفغانستان بكات، بەڵام ترەمپ رێگەی لە سەردانەكە گرت و رێگەی نەدا لەماوەی داخستنی حكومەتدا ئەو وەفدە بە فڕۆكەی كۆنگرێس یان حكومەت یان فڕۆكەی سەربازی گەشتەكەیان بكەن. سارە ساندەرز، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات پیلۆسی لە ئەمریكا بمێنێتەوە، بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە پرسی داخستنی حكومەت دانوستان و گفتوگۆ بكرێت. ساندەرز لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" ئەگەر پیلۆسی وڵات بەجێبهێڵێت، ئەوا سەرەتای ئەم هەفتەیە دانوستان بەڕێوەناچێت و ئەوە بەواتای ئەوە دێت كە 800 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی موچەكانیان بەدەستانهێنن، چونكە ئەو لێرە نابێت بۆئەوەی بەشداریبكات لە گەیشتن بە رێككەوتنێك". ساندەرز راشیگەیاند مایەی شەرمەزارییە كە پیلۆسی، ترەمپی تۆمەتباركردووە بەوەی كە ژیانی خستوەتە مەترسییەوە. بە پێچەوانەی وتەبێژەكەی كۆشكی سپییەوەن درو هامیل، وتەبێژی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند " هیچ داواكارییەكیان لە كۆشكی سپییەوە بۆ كۆبوونەوە پێ نەگەیشتووە". " ترەمپ لە پرۆتۆكۆڵ تێنگەیشتووە" نوسینگەی پیلۆسی لە ئامادەكاریدا بوو كە بە فڕۆكەیەكی بازرگانی سەردانی ئەفغانستان بكات، ئەو بیرۆكەیەش لەلایەن خودی ترەمپەوە خرابووەڕوو، بەڵام بەیانی رۆژی هەینی سەردانەكە دواخرا، چونكە ئیدارەی ئەمریكا وردەكاری سەردانەكەی ئاشكراكرد و بەوەش وەفدەكە و ئەو هێزانەشی كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بەنیاز بوو سەردانیان بكات دەخستە بەردەم مەترسییەوە، بەڵام بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەوەی رەتكردەوە. پیلۆسی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە بارەگای كۆنگرێس وتی:" لە ئەفغانستانەوە راپۆرتێكمان پێگەیشت.. كە سەرۆك بە ئاشكراكردنی سەردانەكەمان دۆخی ئەفغانستانی زۆر مەترسیدار كردووە و چونكە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ هەموو لایەنە خراپەكان كە ئێمە بەڕێوەین". پیلۆسی وتیشی:" ئێمە پێشوەخت رایناگەیەنین كە دەچین بۆ ناوچەكانی شەڕ، هەرگیز ئەوە ناكەین، رەنگە كەم شارەزایی سەرۆك لەپشتی تێنەگەیشتن لەو پرۆتۆكۆڵەوە بێت، پێویست بوو ئەوانەی لە چواردەورین بزانن كە ئەوە زۆر مەترسیدارە". كۆشكی سپی رەتیدەكاتەوە بەرپرسێكی كۆشكی سپی كە قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز كردووە، رەتیكردەوە كە ئیدارەی ئەمریكا پلانی سەردانەكەی پیلۆسی ئاشكراكردبێت و وتی" كاتێك سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و 20 كەسی تر لە كۆنگرێس بڕیاریاندا بە گەشتێكی فڕۆكەی بازرگانی بچنە ئەفغانستان، ئەوا هەموو جیهان دەزانێت". مشتومڕی كۆشكی سپی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی هەینی گەیشتە لوتكە، كاتێك نوسینگەی كارگێڕی و بودجە رایگەیاند گەشتی ئەندامانی كۆنگرێس قەدەغەیە ئەگەر رەزامەندی كۆشكی سپی وەرنەگرن یان خۆیان خەرجییەكەی دابین نەكەن".
درەو میدیا: ماوەی چەند رۆژێكە نرخی غاز لە شاری هەولێر بەرزبوتەوە، بەجۆرێك نرخی یەك بتڵی غاز گەیشتوەتە( 15 بۆ 16) هەزار دینار، هەر وەها لە شاری سلێمانیش گران بووە بە ئاسانی دەست ناكەوێت. غالب محەمەد عەلی ئەندامی لیژنەی نەوتی غازی پەرلەمانی عێراق لە نوسینێكدا هۆكارەكانی گرانبوونی بتڵی غاز روون دەكاتەوەو ئاماژە بەوە دەكات كە " بەشێكی زۆر ئەو غازەی كە دابین كراوە بۆ كارگە وشتی تر بەكار دێت نەك بۆ ماڵان ، لەگەڵ ڕێگری كردن لە چەند كارگەیەك كە دەیانەویت نرخی بتڵی غاز بۆ( 6.500) هەزار كەمبكەنەوە لە بری ئەوەی زیاتر خزمەت بكرین بڵكو ڕێگریان لێدەكرێت و رێژەی كەمتر غازیان پێدەدەن ئەمەش وای كردوە بە هیچ شێوەیەك كێبركێ دروست نا بێت لە نێوانی كارگەكان. غالب محەمەد ئەوەش رون دەكاتەوە " سەرچاوەی غازی شلی ماڵان لە هەرێمی كوردستان بلوكی كۆرمۆر كە رۆژانە (١٠٠٠) تەن بەرهەم دەهێنێت و رێژەیەكی كەم لە پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك، ساڵانە گواستنەوەكەی دە دەرێت بە كۆمپانیا بۆ گواستنەوەی و دابەش كردنی، ئەم ساڵ دراوە بە كۆمپانیای ( گۆڵدینگ جاگوار) دوای ئەوە رێژەی پارێزگاكان دیاری دەكرێت بۆ نمونە پارێزگای سلێمانی رۆژانە (١٣) تەنكەر لە كۆرمۆر و دوو تەنكەریش لە پاڵاوگەی بازیان كە هەر تەنكەرێك (٢٠)تەن دەكات وە هەر تەنێك بە (٤٣٠) هەزار دینار دەدرێت بە خاون كارگەكان و هەر تەنێك( ٨٦ ) بتڵە، رۆژانە زیاتر لە (٢٦) هەزار بتڵ دابین دەكرێت بۆ پارێزگای سلێمانی كە ئەم رێژەیشە بەشی شاری سلێمانی دەكات و زیاتریشە بەڵام لە بەر ئەوەی كۆمپانیاكە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشی ناكات و بەشێكی زۆریشی بە بازرگانی دەفرۆشرێت كە تەنی زیاترە لە (٥٥٠) هەزارە بۆتەهۆكاری كەم بونەوەی غاز لە بازار " دەقی نوسینەكەی غالب محەمەد لەنەبونی نەوت و گرانی بەنزینە وە بۆ گرانبون دەستنەكەوتنی غازی ماڵان. ماوەی چەند رۆژێكە نرخی غاز لە شاری هەولێر بەرزبوتەوە، بەجۆرێك نرخی یەك بتڵی غاز گەیشتوەتە( 15 بۆ 16) هەزار دینار، هەر وەها لە شاری سلێمانیش گران بووە بە ئاسانی دەست ناكەوێت. هۆكاری گرانبوونی غازی ماڵان بۆ ئەم هۆكارانەی خوارەوە دەگەرێتەوە: ١.سەرچاوەی غازی شلی ماڵان لە هەرێمی كوردستان بلوكی كۆرمۆر كە رۆژانە (١٠٠٠) تەن بەرهەم دەهێنێت و رێژەیەكی كەم لە پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك، ساڵانە گواستنەوەكەی دە دەرێت بە كۆمپانیا بۆ گواستنەوەی و دابەش كردنی، ئەم ساڵ دراوە بە كۆمپانیای ( گۆڵدینگ جاگوار) دوای ئەوە رێژەی پارێزگاكان دیاری دەكرێت بۆ نمونە پارێزگای سلێمانی رۆژانە (١٣) تەنكەر لە كۆرمۆر و دوو تەنكەریش لە پاڵاوگەی بازیان كە هەر تەنكەرێك (٢٠)تەن دەكات وە هەر تەنێك بە (٤٣٠) هەزار دینار دەدرێت بە خاون كارگەكان و هەر تەنێك( ٨٦ ) بتڵە، رۆژانە زیاتر لە (٢٦) هەزار بتڵ دابین دەكرێت بۆ پارێزگای سلێمانی كە ئەم رێژەیشە بەشی شاری سلێمانی دەكات و زیاتریشە بەڵام لە بەر ئەوەی كۆمپانیاكە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەشی ناكات و بەشێكی زۆریشی بە بازرگانی دەفرۆشرێت كە تەنی زیاترە لە (٥٥٠) هەزارە بۆتەهۆكاری كەم بونەوەی غاز لە بازار . ٢.بەشێكی زۆر ئەو غازەی كە دابین كراوە بۆ كارگە وشتی تر بەكار دێت نەك بۆ ماڵان . ٣.ڕێگری كردن لە چەند كارگەیەك كە دەیانەویت نرخی بتڵی غاز بۆ(٦،٥٠٠) هەزار كەمبكەنەوە لە بری ئەوەی زیاتر خزمەت بكرین بڵكو ڕێگریان لێدەكرێت و رێژەی كەمتر غازیان پێدەدەن ئەمەش وای كردوە بە هیچ شێوەیەك كێبركێ دروست نا بێت لە نێوانی كارگەكان. بەرزبونەوەی نرخی غاز لە پارێزگاكانی هەرێم لە كاتێكدایە شەپۆلێكی بەفر و باران و نزم بونەوەی پلەكانی گەرمی روی لە هەرێمی كوردستان كردوە و پێویستی هاوڵاتیان بۆ بەكارهێنانی غاز بۆ گەرم كردنەوەی ماڵەكانیان لە زیادبوندایە. بۆیە داواكارم لە لایەنی پیوەندیدار بە تایبەتی پارێزگارەكان و پەرلەمانی كوردستان كە رێگری بكەن لەم كۆمپانیانەی كە گواستنەوەی غازیان بۆدەر دەچێت رێژەی تەواو بدەن بە پارێزگاكان بۆ ئەوەی نرخی بوتڵی غاز گۆڕانكاری بە سەر نەیەت بە تایبەتی لە كاتی زستان . غالب محمد عەلی
( درەو میدیا): رۆژی سێشەممەی داهاتوو، كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی یانەی یۆڤانتۆس، لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی هاوڕێی لە ریاڵ مەدرید، لەبەردەم دادگایەكی ئیسپانیی ئامادەدەبن بەهۆی ئەوەی تۆمەتی خۆدزینەوە لە باجدانیان ئاراستەكراوە. پێشبیندەكرێت رۆناڵدۆ دانبنێت بە پێشێلكردنی یاسادا و بە گوێرەی چەند راپۆرتێك رازی بووە بۆ چارەسەركردنی دۆسیەكەی 16.4 ملیۆن دۆلار وەك غەرامەبدات، لەگەڵ سزای زیندانیكردن بەبێ جێبەجێكردنی. ئەلۆنسۆش بۆیەكەمجار لە دادگا ئامادەدەبێت بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باجدان كە بڕەكەی 2 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە. دادگای ئیسپانی لەسەر خۆدزینەوە لە باجدان، دۆسیەی لەسەر چەندین یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێ كردووە، لەوانە ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە لیۆنێل میسی و بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدرید مارسێلۆ. رۆناڵدۆ كە وەرزی ئەمساڵ چووە ریزی یانەی یۆڤانتۆس و ریاڵ مەدریدی بەجێهێشتن تۆمەتباركراوە بە هەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە باجی تایەت بە مافی وێنە لە نێوان 2011 بۆ 2014 و بەهاكەی 13 ملیۆن یۆرۆیە. بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی " ئەلمۆندۆ"، مانگی حوەزیران رۆناڵدۆ پێشنیازی كردوو بڕی 12 ملیۆن یۆرۆ بدات، بەڵام حكومەت ئەو پێشنیازەی رەتكردوەتەوە. ئەلۆنسۆش كە دوای بەسەربردنی چەند وەرزێك لە یانەكانی لیڤەرپوڵ و بایرن میونشن و بردنەوەی جامی جیهانی 2010 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ساڵی 2017 وازی لە یاریكردن هێنا و داواكاری گشتی ئیسپانیا داوادەكات سزای 5 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا بسەپێندرێت.
درەو میدیا: برێت مەكگۆرك، نێردەی تایبەتی پێشوی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بە " هەڵەیەكی كوشندە" لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: "ترەمپ ئەو پێشنیازەی ئەردۆغانی وەرگرت كە توركیا شەڕی دژی دەوڵەتی داعش لەناو سوریادا دەكات" برێت مەكگۆرك لەمیانی وتارێكدا رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی دەنوسێت" رۆژی 17ی مانگی رابردو مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە داوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ من و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە كرد،لە كاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، پۆمپیۆ پێی راگەیاندین كە گۆڕانكارییەكی كتوپڕ لە پلانەكاندا كراوە، سەرۆك ترەمپ، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا توركییەكەی، پلانی دانا بۆ ئەوەی سەركەوتن بەسەر داعشدا رابگەیەنیێت و هێزەكانمان راسپێرێت بۆ ئەوەی لە سوریا بكشێنەوە". مەكگۆرك ئەوەشی خستۆتە روو" دوای بڕیارەكە راستەوخۆ گەڕامەوە بۆ واشنتن بۆ ئەوەی یارمەتیدەربم لە كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم بڕیارە، بەتایبەتی لای هاوبەشە هاوپەیمانەكانمان، كە پێشتر لە سەر بنچینەی رێنمایی كۆشكی سپی دڵنیامان كردبوونەوە كە ویستی ئەوەمان نیە بەم زووانە لە سوریا بكشێینەوە". هەروەها دەڵێت، "دوای بڕیارەكە هاوبەشەكانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شێوان، هاوبەشە شەڕكەرەكانمان لە هەسەدە كە زۆرجار سەردانم دەكردن، توشی شۆك بوون و ئومێدەواربون كە ترەمپ بیرۆكەی خۆی بگۆڕێت، هەرچەندە ئەوان سوربونی خۆیان لە سەر شەڕی دژی داعشیش دوپاتكردەوە و لە كاتی ئەو بڕیارەشدا لە رۆژهەڵاتی سوریا لە پێشڕەویدا بوون". برێت مەكگۆرك رونیشیكردەوە، زوو گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی كە ناتوانێت بەشێوەیەكی كاریگەر ئەم رێنماییە نوێیانە جێبەجێبكات و لە رۆژی 22ی كانونی یەكەمدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەشكردوە. مەكگۆرك نایشارێتەوە "سەرۆك ترەمپ بڕیارەكەی بەبێ راوێژكردن لەگەڵ هاوپەیمانەكان یان كۆنگرێس و هەڵسەنگاندنی مەترسییەكان داوە". "دوو رۆژ دوای تەلەفۆنەكەی پۆمپیۆ، ترەمپ لە تویتەر نوسی، "ئێمە لە سووریا داعشمان تێكشكاندووە، بەڵام ئەو قسەیە راست نەبوو و ئێمە ئەو كاتەش لە سەر بۆردومانكردنی داعش بەردەوام بووین، سەرۆك ترەمپ هەروەها پێشنیازی كرد كە دەكرێت هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ماوەی 30 رۆژدا سوریا بەجێبهێڵن، كە ئەوەش لەگەڵ لۆژیك یەكناگرێتەوە". هۆكاری بڕیارەكەی ترەمپی گەڕاندەوە بۆ "ترەمپ ئەو پێشنیازەی ئەردۆغانی وەرگرت كە توركیا شەڕی دژی دەوڵەتی داعش لەناو سوریادا دەكات، لە راستیدا بەبێ پاڵپشتی سەربازیی ئەمریكا، توركیا ناتوانێت بەدوری سەدان میل لە سنورەكەی لە ناوچەیەكی دژواردا ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات". لەبارەی گروپەكانی نزیك لە توركیا كە لە سوریادان مەكگۆرك نوسیویەتی، "بەشی زۆری ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنە سورییانەی كە لە لایەن توركیاوە پاڵپشتیان دەكرێت تووندڕەون و بەئاشكرا ویستی خۆیان بۆ شەڕكردن دژی كورد، نەوەك داعش دەربڕیوە". مەكگۆرك هەروەها هۆشداری دەداتە بەرپرسانی كۆشكی سپی و دەڵێت، "ئامانجە ستراتیژییەكانی ئەمریكا لە سوریا نەیانەدی تا رێگە لە گەڕانەوەی داعش نەگیرێت، ئەویش لە رێگای دەستەبەركردنی مانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكراتی بە تەندروستی و دەستەبەركردنی گەیشتنی بەردەوامی فڕۆكەكانی ئەمەریكا بۆ ئاسمانی سوریا بێ ئەوەی بەر روسەكان بكەوێت، دەكرێت ئەو ئامانجانەش لە رێگای پاڵپشتیی ئیسرائیلەوە بێنە دی".
درەو میدیا: سەنتەری میترۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر ئاماری پێشێلكاریەكانی ساڵی 2018ی بەرامبەر بەر رۆژنامەنوسان راگەیاند: - ٢٦٤ رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە سەنتەری میترۆ سكاڵایان تۆماركردووە - ٣٤٩ پێشێلكارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە پێشێلكارییەكان بەم جۆرەبوون: - رێگریی و جیاكاریی ١٨٨ - دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا ٢٤ - فەرمانی دەستگیركردن بە بڕیاری داگا و لە دەرەوەی یاسای كاری رۆژنامەنووسی ١٧ - لێدان ١٣ - برینداربوون ١٢ - شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسی ٣ - زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەنووسی ٢٦ - هێرش، هەڕەشە و سوكایەتی ٥٧ - تەقەكردن و هێرش بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنووس ٣ - سوتاندنی كەناڵ ١ - راگرتنی پەخش ٥
(درەو میدیا): سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەموو قسەكانی پاشگەز بووەوە سەبارەت بە تێوەگلانی بەرپرسانی كۆمسیۆن لە پرۆسەی ساختەكاریدا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری رابردوو. سەعید كاكەیی كە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لەو پۆستەدایە، لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار، لە میدیاكانەوە قسەی لەبارەی رودانی ساختەكاری گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردن كرد، قسەكانی دەنگدانەوەی گەورەی لێكەوتەوە، بەجۆرێك لەبەر رۆشنایی قسەكانی ئەودا پەرلەمانی عێراق ئەنجومەنی كۆمسیارانی لەكارخستو لە شوێنی ئەوان ژمارەیەك دادوەری دانا. ڤیدیۆیەكی نوێی سەعید كاكەیی بڵاوبوەتەوە كە لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا داوای لێبوردن دەكاتو دەڵێ" هیچ بەڵگەیەكم نییە كە بیسەلمێنێت ئێوە لە ساختەكاری تێوەگلاون". دەقی قسەكانی سەعید كاكەیی بە ڤیدیۆی ژێرنوسی كوردییەوە:
( درەو میدیا): لە تەقینەوەكەی ئەمڕۆی شاری مەنبەجی باكوری سوریادا، سێ سەربازی ئەمریكی و دوو شەڕڤان و 13 هاوڵاتی مەدەنی كوژران. میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان رایانگەیاند تەقینەوەكە كاتژمێر 12 و 38 خولەك روویداوە لە بەردەم خواردنگەیەك بەناوی " قصر اڵامراو" لە شەقامی سندس روویداوە و بە گوێرەی دوائاماری لیژنە تەندروستی مەنبەج" سێ سەربازەی ئەمریكی و دوو شەڕڤانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج و 13 هاوڵاتی شەهیدبوون و 18 سەربازی ئەمریكی و هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون و برینی 5 یان زۆر سەختە". بەڵام بەرپرسێكی ئەمریكی كە قسەی بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" كردووە , ئاشكرایكردووە كە لە تەقینەوەكەدا 4 سەربازی ئەمریكی كوژراون و سێ سەربازی تر برینداربوون. سارە ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سپیش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ لە دۆخی ئێستای سوریاو تەقینەوەكەی مەنبەج ئاگاداركراوەتەوە و بەردەوام چاودێری رەوشی ناوچەكە دەكەن.