رەنگی پێستی گۆڕیوە‌و بەبێ پاسەوان هاتوچۆ دەكات

Draw Media

2019-03-22 10:49:13



(درەو میدیا):
ریشە درێژەكەی كورتكردوەتەوە‌و رەنگی پێستی گۆڕیوە، ئەمە دواین زانیارییە لەبارەی ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی "داعش".
دواین پێگەی رێكخراوی "داعش" لە ناوچەكە لەسەروبەندی كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیدایە، ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوەكە تائێستا بێسەروشوێنە.
(ئیبراهیم عەواد بەدری) ناوی راستەقینەی ئەبوبەكر بەغدادییە، ئەم رۆژانە دامودەزگا ئەمنییەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەو پیاوەن كە ساڵی 2014 لە پڕێكدا دەستی بەسەر روبەڕێكی بەرفراوانی خاكی سوریا‌و عێراقدا گرت‌و "خەلافەتی ئیسلامی" لەو ناوچانەدا راگەیاند.
دواین پێگەی رێكخراوەكەی بەغدادی ناوچەی "باغۆز" بوو لە سوریا، شەڕڤانانی كورد ئێستا بەشێكی زۆری ناوچەكەیان كۆنترۆڵكردووە‌و چەكدارانی "داعش" پەیتا پەیتا خۆیان رادەست دەكەن، بەڵام رێبەرەكەیان بێسەروشوێنە.
ئەبوبەكر بەغدادی كە رێكخراوەكەی بوو بەهۆی وێرانبوونی دوو شاری گەورەی مێژوویی، موسڵ لە عێراق‌و حەلەب لە سوریا، یەكەم دەركەوتنی لە مانگی تەموزی ساڵی 2014دا بوو لە مزگەوتی گەورەی شاری موسڵ، لەو كاتەوە تائێستا هیچ وێنەیەكی نەبینراوە.
لەدوای یەكەم دەركەوتنیەوە، ئاژانسەكانی هەواڵ زیاتر لە (18) جار هەواڵی كوژرانی بەغدادییان بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ هەواڵێكی ئەوتۆ لەبارەی چارەنوسییەوە نازانرێت.

 

"بەغدادی لە باغۆز نییە"
بەپێی راپۆرتێك كە ئەمڕۆ رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری بڵاویكردوەتەوە، پێشبینی دەكرێت بەغدادی جارێكی تر لە سوریاوە گەڕابێتەوە بۆ ناو خاكی عێراق بەدیاریكراویش بۆ بیابانی خۆرئاوا لە سنوری پارێزگای ئەنبار، یاخود هەندێك ناوچەی دورە دەستی سنوری ئەو پارێزگایە.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە لەناو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە باسلەوەدەكات" ئەبوبەكر بەغدادی لە باغۆز نییە، بەڵام بەرلەوەی شەڕڤانانی كورد هێرش بكەن، چەندینجار سەردانی باغۆزی كردووە".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقدان، بەغدادی لە ناوچەیەكی تری سوریادایە‌و چەندینجار هەوڵیداوە بێتە ناو عێراقەوە، بەڵام هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان‌و بڵاوبونەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەسەر سنور، ناچاریان كردووە بگەڕێتەوە بۆ ناو سوریا.
ئەو بەرپرسە ئەمنییەی عێراق دەڵێ" سەختە باوەڕ بەوەبكرێت بەغدادی گەڕاوەتەوە ناو عێراق، ئەو هێشتا لەناو خاكی سوریادایە".

 

روخساری خۆی گۆڕێوە !
بەپێی قسەی ئەو سەرچاوە ئەمنییەی عێراق، بەغدادی روخساری خۆی گۆڕێوە، ریشە درێژەكەی كورتكردوەتەوە‌و رەنگی پێستی سور كردووە‌و لەدوو ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەوەی كەم جوڵاوە، كێشی زیادی كردووە‌و قەڵەو بووە، زۆربەی جار بۆ هاتوچۆكردن ئۆتۆمبیلی ئاسایی بەكاردەهێنێت، زۆرجار بە ئۆتۆمبیلی كرێ لە گەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی تر هاتوچۆ دەكات‌و هیچ كاروانێكی سەربازی لەگەڵدا نییە، بەڵام پاسەوانەكانی بە جلوبەرگی ئاساییەوە كە لە جلوبەرگی چەكدارانی "داعش" ناچێت، پاسەوانی دەكەن.

 

روسیا دەڵێ كوژراوە
سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، هێشتا دەزگای هەواڵگری روسیا سورە لەسەر ئەوەی بەغدادی بەدەستی هێزەكانی روسیا كوژراوە، بەڵام رێكخراوی "داعش" دان بەو قسەیەدا نانێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش"یش كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات دەڵێ" بەغدادی بەشێوەیەكی سەخت بریندارە".

 

سنور ئارامە ؟
بەرپرسە ئەمنییەكەی عێراق دەڵێ" داعش جوگرافیای عێراق دەزانێت، چونكە زۆرینەی سەركردەكانی ئەو رێكخراوە عێراقین، لە ناوچەكانی بیابانی ئەنباردا ئەو تونێلانە دەزانن كە هێشتا ئاشكرانەكراون، رێكخراوەكە تونێلی گەورەی هەیە كە بەستراونەتەوە بە سنورەوە‌و پاشان دەگەنە ناو خاكی سوریا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری هاتنەناوەوەی بەغدادی بۆ قوڵایی خاكی عێراق هێشتا ئەگەرێكی لاوازە، بەڵام ئەگەرێكی زۆر لاوازیش نییە، چونكە بیابانی ئەنبار چەندین ناوچەی ئامادەی تێدایە كە بیشارێتەوە".
عەمید روكن یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەكە كردووە‌و دەڵێ" بابەتی بوونی داعش لە عێراق‌و سوریا‌و باغۆز كۆتایی هاتووە، هیچ زانیارییەكی وردمان لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە تاوانبار ئیبراهیم بەدری، نازانین ئایا جارێكی تر پەنای بۆ عێراق هێناوەتەوە یاخود هێشتا لەناو سوریادایە".
یەحیا رەسوڵ باسی لەوەكردووە، سنوری نێوان عێراق‌و سوریا زیاتر لە 600 كیلۆمەترە، هەندێك كەلێنی بچوك لەو هێڵە سنورییەدا هەیە، بەڵام چاودێری ئەمنیی سنورەكە بەردەوامە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە".
راجع عیساوی كە بەرپرسێكی خۆجێیی پارێزگای ئەنبارە قسەی پێچەوانە دەكات‌و دەڵێ" سنوری نێوان عێراق‌و سوریا هێشتا بەتەواوەتی ئارام نییە، بەغدادی‌و ئەو تیرۆرستانەی تر كە هێشتا لەگەڵیدا ماون، دەتوانن تێپەڕن‌و بگەنە بیابانی ئەنبار، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەو ناوچەیە خۆی لە بنەڕەتەوە تیرۆرستانی تێدا بووە‌و هێزە عێراقییەكان نەگەیشتونەتە ئەو ناوچانە، كە ئەشكەوت‌و حەشارگە‌و تونێلی تێدایە، لەم ماوانەی دوایدا تێبینی هەڵاتنی چەكدارانی داعشمان كردووە لە عێراقەوە بۆ سوریاو بەپێچەوانەشەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand