گفتوگۆی رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی تاكە لایەنە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستەكەدا ماوەتەوەو بەسەر هیچ بەرەیەكدا (دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن) ساغ نەبووەتەوە. بەرپرسانی پارتی رۆژانە پەیامی بێئومێدكەر بۆ كۆمەڵ دەنێرنو دەیانەوێت لەوە حاڵی بكەن كە بەشێك نییە لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هێشتا بەرپرسانی كۆمەڵ بە ئومێدەوە تەماشای پارتی دەكەنو نایانەوێت بچنە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە. لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا (بیلال سلێمان) بەرپرسی ناوەندی حكومەتو پەرلەمانی كۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: بەمزوانە وەفدی پارتی بۆ جاری دووەم سەردانی سلێمانی دەكاتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمجارەش پارتی نایەوێت كۆمەڵ ببینێت، ئەمە زیاتر لە چەند جارێكە پارتی پەیامی ئەوەتان پێدەدات كە نایەوێت بەشداری حكومەت بكەن، راتان چییە ؟ بیلال سلێمان: باوەڕم بەو پەیامە نییە، من باوەڕیشم بەوە نییە شتی وا وترابێت. درەو میدیا: واتە وەفدی پارتی دەیەوێت ئەمجارە سەردانتان بكات؟ بیلال سلێمان: من نازانم لە ئێستادا پارتی سەردانمان دەكات یاخود نا، بەڵام پارتی موستەغنی (دەستبەردار) نابێت لە كۆمەڵ، بەپێچەوانەوە ئەگەر وابێت، پێموایە ئەوە هەڵەیەكە پارتی دەیكات، من ناڵێم كۆمەڵ بەشدار دەبێت یان نا، بەڵام پێموانییە پارتی پەیامی وای هەبێت. درەو میدیا: سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا دەڵێ" لە بەرپرسانی پارتیمان بیستووە لە حكومەت بەشداریمان پێناكەن"، ئێوە چی دەڵێن؟ بیلال سلێمان: ئەوە رەئی كاك سەلیم خۆیەتی، من كۆمێنتم لەسەری نییە. درەو میدیا: ئێمە بیستومانە بەمزوانە سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبێتەوەو بڕیاری كۆتایی دەدات لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت، ئەمە راستە ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، هیچ بڕیارێكمان نییە بە زوترین كات كۆببینەوە، ئێمە تا بەرنامەی حكومەتی داهاتوومان بۆ دەرنەكەوێتو بەرچاومان روون نەبێت، هیچ كۆبونەوەیەك ناكەین، ئێمە پێشتر كۆبونەوەمان كردووە، بەڵام تائێستا بەرچاومان روون نییە، تا بەرچاومان روون نەبێت بڕیار نادەین. درەو میدیا: خەڵك دەپرسن حیكمەت لە چیدایە كۆمەڵ بڕیارنادات ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، لەكاتێكدا پارتی بە ئاشكرا پێی دەڵێ بەشداری حكومەتت پێناكەم؟ بیلال سلێمان: شەرت نییە هەموو حیكمەتێك باسبكرێت، كۆمەڵ بەرنامەی خۆی هەیە، سەركردایەتی حزب بەرنامەی خۆی هەیە بۆ ئەو پرسانە، كۆمەڵ بۆ ئەو قۆناغە ئەمەی هەڵبژاردووە كە سیاسەتیەتی. درەو میدیا: بەڵام دیمەنەكە لە شەقام وا دەردەكەوێت كۆمەڵی ئیسلامی بەزۆر دەیەوێت خۆی بە پاسی حكومەتدا هەڵواسێ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، ئێمە خۆمان هەڵناواسین، ئێمە كەس خێرمان پێناكات، خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگی بە ئێمەداوە، ئێمە متمانەی خەڵكمان بەدەستهێناوە، ئەوەندەی كە خەڵك متمانەی پێداوین، مافی خۆمانە داوای حەقو مافی ئەو خەڵكە بكەین كە دەنگی پێداوین، ئەمە لە حكومەتدابوون بێت یاخود لە موعارەزەبوون، هەركامیان بوو ئێمە نوێنەری ئەو خەڵكەین. درەو میدیا: دەكرێت وا لێكبدرێتەوە ئێوە بەهۆی بوونی یەكگرتووی ئیسلامی ناتانەوێ بچنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، یاخود ئەگەر ببن بە ئۆپۆزسیۆن ئامادەن لەگەڵ یەكگرتوو كاری هاوبەش بكەن؟ بیلال سلێمان: ئێمە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی لە رابردوودا لە چەندین قۆناغ پێكەوە بووین، هیچ كاتێك پێچەوانەی یەكتر هەڵسوكەوتمان نەبووە، لەبەرئەوە ئێمە لە حكومەتدا بین یان لە ئۆپۆزسیۆن، پێمانخۆشە لەگەڵ ئەوان لێكنزیك بین. (درەو میدیا): سەرەتا ئێوە لەگەڵ گۆڕان كۆبونەوەیەكتان كرد بۆ ئەوەی پێكەوە بڕیاربدەن لەسەر بەشداریكردن لە حكومەت، بەڵام ئێستا وا دەردەكەوێت گۆڕان لایخۆیەوە بڕیاریداوە بەشداری حكومەت بكاتو ئێوەش خۆتان یەكلا نەكردوەتەوە، ئێستا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ گۆڕان لە چ ئاستێكدایە ؟ بیلال سلێمان: ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەروەكو رابردوو پەیوەندییەكانمان بەهێزە، هیچ درزێك نەكەوتوەتە ناو پەیوەندییەكانمانەوە، ئەو پەیوەندیانەش بەردەوامەو پێكەوە هەماهەنگیو راگۆڕینەوەشمان هەیە، ئەو مەعلوماتانەی جەنابت باسی دەكەیت لەوانەیە هەڵەبن. درەو میدیا: واتا ئێوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان باسی ئەوەتان نەكردووە پێكەوە بڕیار بدەن لەسەر بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، پێكەوە بڕیارمان نەداوە كە پێكەوە بڕیاربدەین بچینە حكومەت، هەر حزبەو بڕیاری خۆی هەیە، هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختمان نییە پێكەوە، كە یەكێكمان بەشداربوو لە حكومەت ئەوی تریش بەشدار بێت، بەپپَچەوانەشەوە.
(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشكەشكردووەو سبەینێ سێ ئەندامی نوێ لە ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەكاردەبن. سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (49) هەمین كۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەكات. بەپێی نوسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا كە ئاڕاستەی سكرتێری ئەنجومەن كراوە، لە كۆبونەوەكەدا سێ ئەندامی نوێ بۆ ئەنجومەن سەردەكەونو سوێندی یاسایی دەخۆنو لە شوێنی سێ ئەندام دەستبەكاردەبن كە پێشتر خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو پەرلەمانی عێراق كاندیدكردووەو سەركەوتوون. هەر لە كۆبونەوەكەدا دەستلەكاركێشانەوەی (ئەنوەر تاهیر) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر پشكی گۆڕان پەسەند دەكرێت. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) محەمەد شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەنوەر تاهیر لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، (بەرزان محەمەد ساڵح)ی كاندیدكردووە. ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبونەوەی سبەینێدا، لە فراكسیۆنی پارتی (بارزان حامد سەعید) لە جێگەی (دانا جەزا) دەستبەكاردەبێتو سوێندی یاسایی دەخوات، لە فراكسیۆنی یەكێتی (دیمەن رەزا رەشید) لە جێگەی (سەلمە فاتیح) دەستبەكاردەبێت، لە فراكسیۆنی گۆڕان (ئیسماعیل عەلی) لە جێگەی (غالب محەمەد) دەستبەكاردەبێت.
( درەو میدیا): دادگای توركیا سزای ساڵێك و شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك پەرلەمانتارانی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" دا سەپاند. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا، هۆكاری سزادانی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ساڵی 2015 بەشداری خۆپیشاندانێكیان كردووە، كە بۆ ئیدانەكردنی قەدەغەی هاتوچۆی سەر ناوچەی سوری ئامەد و ناوچەی كەربۆرانی مێردین و جزیرە و سلۆپی رێكخرابوو. لە دانیشتنی دادگادا كە لە شرناخ بەڕێوەچوو، دادگا بە پاساوی ئەوەی لە دژی یاسای رێپێوان و خۆپیشاندان بوون، بۆ هەر یەك لە عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك بڕیاری سزای ساڵێك و ٦ مانگ زیندانیی دەركرد.
ئامادەكردنی: نامیق ڕەسوڵ چالاكانی بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكان" لە سەرەتای ناڕەزایەتییەكانیاندا دژی سیاسەتەكانی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رەتیاندەكردەوە كەسێك یان زیاتر بەناوی ئەوانەوە قسەبكات، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان كە هەموو شەممەیەك لە پاریس و شارەكانی تری فەرەنسا بەڕێوەدەچن، چەند دەموچاوێك دەركەوتن و لە میدیاكانی فەرەنساوە دەناسێنران، لەو سۆنگەیەوە كە شیاون بۆئەوەی بەناوی ئەم رەوت یان ئەو رەوتەوە قسەبكەن كە هەندێكیان گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی رەتدەكەنەوە و هەندێكی تریان باوەڕیان وایە كە ئەم گفتوگۆیە كاری بنەڕەتییە، چونكە چارەسەری هەموو كێشەكان یان بەشێكی كەمی لە رێگەی گفتوگۆوە دەبێت. سەرەڕای زۆری ئەوانەی هەوڵدەدەن لەناو بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكاندا" دەربكەون وەك نوێنەری نیمچە رەسمی، بەڵام ئەمڕۆ كۆدەنگییەك هەیە كە " بریسیلیا لۆدۆسكی" رۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە لە دەستپێكردن و دامەزراندنی ئەو بزوتنەوەیەدا كە دوكانێكی بچوكی لە گەڕەکی " ئاڤینۆ لۆتە مپڵ" لە پاریس هەیە و پێشتر فەرمانبەرێكی ئاسایی بووە لە یەكێك لە بانكەكاندا. 29ی ئایاری 2018 بریسلیا لۆدۆسكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە یاداشتێكی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا كرد و تێیدا ئەو هۆكارانەی رونكردەوە كە بوونەتە هۆی قورسكردنی ئەركی سەرشانی ئەو كەسانەی كە داهاتیان سنوردارە، یان خاوەنی دامەزراوەی بچوكن و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی تەنگیان پێهەڵدەچنێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو یاداشتەدا، ئەوەیە لۆدۆسكی نوسەری تێیدا داوای دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی دەكات و لە هەمان کاتیشدا زنجیرەیەك پێشنیاری پراكتیكی خستوەتەڕوو، دەكرێت ببنە یارمەتیدەری حكومەتی فەرەنسا بۆئەوەی هاوسەنگییەک بێنێتە کایەوەو لە یەك كاتدا لەلایەكەوە رەچاوی دۆخی كۆمەڵایەتی ئەو كەسانە بكات كە داهاتیان سنوردارە، لەلایەكی تریشەوە رەچاوی دۆخی ژینگەش بكات كە وادەخوازێت كەمتر پشت بەو سەرچاوەی وزانە ببەسترێت كە دەبنە هۆی پیسبونی ژینگە. دەقی یاداشتەكە دەنگدانەوەیەكی ئەرێنی بەرفراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەی بینەران و ئەوانەی كە پشتگیریان لە بیرۆكە و پێشنیارەكانی دەكرد گەیشتە یەك ملیۆن كەس. ئەوانەی كە لە نزیكەوە رۆژانە چاودێری خۆپیشاندانەكانی بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكان" دەكەن دەڵێن ئەو ژنە لە رێگەی هێمنی و واقعبینییەوە رۆڵی گەورەی دەبێت لە قایلكردنی حكومەتی فەرەنسا و بە تایبەتیش ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەوەی كە پێویستە بە زووترین كات وەڵامی هەبێت و لانیكەم بەشێك لە داخوازی خۆپیشاندەران جێبەجێبكات. سەرچاوە: مۆنتی كارلۆ
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت نزیكەی 20 ساڵ ئەزمونی هەبوو لە كاری دەرهێنانو سیناریۆی فیلمەكاندا، خۆی لە سیناریۆی هاوڕێیەكیدا كوژرا، ئەمە چیرۆكی رەحیم زەبیحی دەرهێنەری درامای "ماڵەكەی مەعروف"ە. ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو لە شیوێكدا لە نزیك رێگای (نیزەڕۆ)ی شاری بانە ئۆتۆمبیلێك دۆزرایەوە كە ئاگری گرتبوو. لەناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا كەسێكی ناسراو هەبوو، كە (رەحیم زەبیحی)ی فلیمسازو دەرهێنەری بەناوبانگی كورد بوو لەگەڵ براكەی (كەیوان زەبیحی). ئەوە روداوێكی هاتوچۆی ئاسایی نەبوو، بەهۆی (رەحیم زەبیحی)یەوە هەرزوو هەواڵەكە سنوری رۆژهەڵاتی كوردستانو ئێرانی بڕیو گەیشتە هەموو جیهان، هەواڵی مەرگی دەرهێنەرێك كە جێپەنچەی لەسەر سینمای كوردستانو ئێران دیارە. چی رویدا؟ لەبارەی مردنی (رەحیم زەبیحی)ی براكەی، گێڕانەوەی جیاواز هەیە، بەڵام ئەوەی هەر لە سەرەتاوە گومانی دروستكرد، ئەوە بوو كە ئەو دوو برایە بە روداوێكی هاتوچۆی ئاسایی نەمردوونو دەستێك لە پشت روداوەكەوە هەیە. سەرەتا هەندێك گومانیان كرد، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی لە پشت كوشتنی ئەو سینەماكارەی كوردەوە بنو لەڕێگەی رووداوی هاتوچۆوە سیناریۆی كوژرانەكەی جێبەجێ كرابێت، سیناریۆیەك كە رەنگە هەرگیز زەبیحی لە ژیانی فیلمسازی خۆیدا بیری لێنەكردبێتەوە، ئەوەی گومانەكانی زیاتر كرد، دوای مردنو سوتانیان لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا تەرمی ئەو دوو برایە بە دەستبەستراوەیی دۆزرایەوە، بەڵام دوای 24 كاتژمێر لە رووداوەكە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیركردنی بكوژی دوو براكەیان راگەیاند. هەندێك سەرچاوەی نافەرمی باسلەوە دەكەن، بەر لە مردنی زەبیحی هەواڵی بە كەسوكاری داوە كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە، بەڵام ئەم زانیارییە تائێستا پشتڕاستنەكراوەتەوە. كاتی دۆزینەوەی تەرمی زەبیحیو براكەی بكوژەكە كێیە؟ ئەمڕۆ عەلی ئازادی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای كوردستان بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بە (ئیرنا) ناسراوە، ئاشكرایكرد، بكوژی (رەحیم زەبیحی)و براكەی دەستگیركراوە. بەپێی قسەی یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس" بكوژەكە دانی بەوەدا كە پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ رەحیم زەبیحیو براكەی هەبووەو لەوچوارچێوەیەشدا ناكۆكییەكی دارایی كەوتوەتە نێوانیان". بكوژەكە باسی لەوە كردووە" رۆژی رووداوەكە زەبیحیو براكەی دەعوەت كردووە بۆ قاوەخانەیەكو لەوێ حەبی بێهۆشكەری پێداونو دواتر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بە دەوروبەری شاردا پیاسەی لەگەڵ كردوون". یاریدەدەری فەرماندەی پۆلییسی پارێزگای كوردستان یاریدەدەری پۆلیسی پارێزگای كوردستان ناوی بكوژی دوو براكەی ئاشكرانەكرد، بەڵام محەمەد فەلاحی فەرمانداری شاری بانە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی پۆلیسی ئێران وتی: بكوژەكە ناوی (عەباس ئەكبەر مراغەیی)ەو دوای بێهۆشكردنیان، دوو براكەی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیاندا بردووەتە شیوێكی كەناری رێگاكەو بەنزینی پێدا كردووەو سوتاندویەتی. فەرمانداری بانە بە هەمانێشوە باسی لە ناكۆكی دارایی كرد لە نێوان بكوژو كوژراوەكاندا، بەڵام هێشتا وردەكاری ئەو ناكۆكییە نازانرێت كە بووە هۆی مردنی یەكێك لە ناسراوترین سینەماكارەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان. بەگوێرەی قسەی ئاژانسی (فارس)، رەحیم زەبیحیو كەیوان برای لە كورسی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەكەدا بوونو دەستەكانیان بەستراوەتەوە. زانیارییەكان باسلەوەدەكەن، ئەو ئۆتۆمبیلەی كە دوو براكەی تێدا كوژراوە بەناوی (هاوسەر)ەكەی رەحیم زەبیحییەوەیە. رەحیم زەبیحی كێیە؟ رەحیم زەبیحی كوڕی (مستەقا زەبیحی) یەكێك لە كەسایەتیو بنەماڵە ناسراوەكانی شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستانەو براكانی كەسانی كاسبكاری ناسراون بوون لە ناو بازاڕی بانەدا. زەبیحی ساڵی 1971 لە شاری بانە لەدایكبووە، ئەو 20 ساڵ ئەزمونی كاركردنی هەبوو لە بواری دەرهێنانو سیناریۆدا. یەكەمین كاری دەرهێنانی رەحیم زەبیحی لە ساڵی 2002 دا بوو بۆ كورتەفیلمێك بەناوی "هاوار"، ئەو فیلمە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە مشتومڕی زۆری دروستكرد. كورتە فیلمی "هاوار" بەشداری كردووە لە فێستیڤاڵەكانی كورتە فیلمدا لە (تاران- ئەسفەهان- سونی- وارش- باران- كلرمۆنت فراند فەرەنسا- هامبۆرگی ئەڵمانیا- ساوپاولۆی بەرازیل)و چەندین فیستیڤاڵی تر، وەكو باشترین كورتە فیلمی فیستیڤاڵی "كلرمۆنت فراند فەرەنسا" هەڵبژێردرا. زەبیحی دوای كورتە فیلمی "هاوار"، كاری دەرهێنانی چەند كورتە فیلمێكی تری كرد لەوانە (سەتەلایت – ئەو پیاوەی كە چوو بۆ گەڕان- كۆتایی جەنگ- قاچاخچی- استرس). فیلمەكانی زەبیحی بەشداری چەندین فیستیڤاڵیان كرد لەسەر ئاستی جیهان، تەوەری فیلمەكانی ئەو زیاتر لە دەوری پرسی توندوتیژی دژی ژنانو منداڵانو قوربانیانی جەنگ دەسوڕایەوە. لە هەرێمی كوردستان رەحیمی زەبیحی زیاتر دوای دەرهێنانی درامای "ماڵەكەی مەعروف" ناسرا، كە تائێستاش ئەو درامایە بینەری خۆی لەدەستنەداوەو بەردەوام دیمەنەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیشان دەدرێتەوە. زەبیحی زۆرجار دەیوت" خەمی مرۆڤەكان منی كرد بە سینەماكار". هەندێك لە چالاكییە هونەرییەكانی تری زەبیحی: • ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی كورتە فیلمی سلێمانی بووە • ساڵی 2005 ئەندامی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی فیلمی ئاماد بووە • ساڵی 2005 ئەندامی لیژنەی دادوەری كورتە فیلمی رانیە بووە ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوانی سەدان كەس لە خەڵكی شاری بانە، تەرمی رەحیم زەبیحیو كەیوان زەبیحی برای لە گۆڕستانی "سلێمان بەگ" بەخاكسپێردرا.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ هاوشێوەی پرسی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت كە بزوتنەوەی گۆڕانی بەسەر دوو بەرەی پشتگیر و دژ دابەشكردووە، ئامادەكارییەكانی ئەو بزوتنەوەیەش بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی ناڕەزایەتی لێدەكەوێتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان كە مانگی ئایار و ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، رووبەڕووی شكستبووە و كورسییەكانی لە هەردوو پەرلەمانەكەدا بەرێژەیەكی بەرچاو كەمیكرد و ئەوەش ناڕەزایەتی هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەكەی لێكەوتەوە. لە دوای هەڵبژاردنەكان بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە دەستوری بزوتنەوەكە و كۆی جومگەكاندا بەنیازە كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت و پاشان بۆ نوێكردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەكانی، هەڵبژاردن بكرێت. لیژنەی باڵا و لاوەكی سەرەتای ئەم هەفتەیە خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆبووەوە و بڕیاریدا لیژنەیەكی باڵا و چەند لیژنەیەكی لاوەكی بۆ ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی پێكبهێنێت، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكەی خانە بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاند:" لە كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندندا كۆمەڵێك بابەت و تەوەری هەستیار و گرنگ تاوتوێكران و بڕیار و راسپاردەی پێویستمان بۆ هەریەك لەو تەوەر و بابەتانە دەركرد، كە گرنگترینیان لەژێر رۆشنایی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بوو بە دیاریكردنی لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنفرانسی نیشتمان".. وتیشی: "شانبەشانی ئەو لیژنە باڵایە، نۆ لیژنەی لاوەكی دیكەمان دروستكرد بۆ پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی هەمو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و پێداچونەوە بە بەرنامەی سیاسی و دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان". هەنگاوەكانی خانەی راپەڕاندن دەستوریی نین هەنگاوەكەی خانەی راپەڕاندن بۆ پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی ناڕەزایەتی لێكەوتەوە و لە یەكەمین كاردانەوەدا پەرلەمانتارێكی ئەو حزبە دەڵێت:" ئەو هەنگاوانەی ئێستای خانەی راپەراندن دەربارەی كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین". هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سپی میدیا دەڵێت" ئەو هەنگاوانەی ئێستا خانەی راپەراندن دەربارەی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانگرێتە بەر دەستوری نین و خانە ئەو دەسەڵاتەی نیە خۆی بكات بە لیژنەی باڵای كۆنفرانس و لیژنە فەرعیەكانیش بە سەرۆكایەتی یەكێك لە ئەندامانی خانە ببات بەڕێوە". جەختیشدەكاتەوە كە "بە گوێرەی دەستور جڤاتی نیشتمانی بڕیارئەدات نەك خانە ، دەبێت جڤات كۆببێتەوە و بڕیار لە سەر لیژنەی باڵا و كۆی هەنگاوەكان بنێت بۆ ئامادەكاری كۆنفرانس ". پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان دەشڵێت: "بە ڕاشكاوی دەلێم گۆڕان دەبێت گۆڕانكاری ریشەیی لە قیادە و روئیاكەیدا بكات ، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ هێشتنەوەی هەمان قیادە و روئیایە بۆ ئەوەش دەبێت ئەندامانی هەردوو جڤاتەكە هەڵوێستیان هەبێت نابێت بێدەنگ بن". پرۆگۆڕانیش قسەی هەیە ژمارەیەك هەڵسوڕاوای بزوتنەوەی گۆڕان كە زۆرینەیان لە هەندەران و لە ئەنجومەنەكانی ئەوروپای بزوتنەوەەی گۆڕانن، ماوەیەك لەمەوبەر پرۆژەیەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی لێپرسراوانی بزوتنەوەكە كرد و پرۆژەكەیان ناولێناوە " پرۆگۆڕان". پرۆگۆڕان لە دووەم هەنگاویدا بەرامبەر بە ئامادەكارییەكانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی ، بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی دەركردووە و دەڵێت:" دەستوری گۆڕان دەسەڵاتی پێكهێنانی ئەو لیژنەیەی داوە بە جڤاتی نیشتمانی، بۆیە دەستێوەردانی خانەی راپەڕاندن لەو پرۆسەیە دژە بە دەستوری گۆڕان.". ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەرامبەر بەم پێشێلكردنەی دەستور ژمارەیەكی زۆری هەڵسوڕاو و دەنگی نارەزاییان بەرز كروەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی لیژنەكە و ئەنجامدانی ئەو ئەركە بە پێی دەستور دەكەن و پرۆگۆڕان هەمان هەڵوێستی هەیە و پشتگیری تەواوی دەنگە ناڕازییەكان دەكات". دەستوری گۆڕان و كۆنفرانسی نیشتمانی بە گوێرەی مادەی یەكەم لە بەشی سیانزەیەمی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی پەسەندكردنی یەكەمین كۆنگرەی یەكەم ، كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامی كۆبوونەوەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی بنكە رێكخراوەیی و دامەزراوەكانیدا دەبەسترێت و بەرزترین دەسەڵاتی بزوتنەوەكەیە. لە مادەی دووەمی هەمان بەشیشدا هاتووە:لە هەلومەرجی نائاساییدا كۆنفرانسی نیشتمانی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنی گشتی بە ماوەیەك ببەسترێت، بەڵام لە ئەمساڵدا بزووتنەوەكە بەبێ بەستنی كۆنفرانسێك بەشداری هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستانی كرد. كێ داوای بەستنی كۆنفرانس دەكات؟ بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە مادەی دووەمی بەشی یانزەیەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان، لە هەلومەرجی نائاسایی، یان لە كاتی پێویستدا، لەسەر داوای دووسێیەكی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان نیوەی ئەنجومەنی قەزاكان دەبەسترێت و لە كاتی ئاسایشدا كۆنفرانس چوارساڵ جارێك دەبەسترێت. ئامادەكاریی بۆ كۆنفرانس دەستوری ناوخۆی گۆڕان، ئەركی ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانی خستوەتە ئەستۆی جڤاتی نیشتمانی نەك خانەی راپەڕاندن و لە مادەی دووەمی ئەو بەشەدا و لە ئەركەكانی جڤاتی نیشتمانیدا دەڵێت:" ئامادەكاری دەكات بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان". بە گوێرەی مادەی شەشەمی بەشی سیانزەیەمی دەستوری ناوخۆی گۆڕان بەمشێوەیە ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانس نیشتمانی دەكرێت: یەكەم: رێكخستنی تۆماری دەنگدەران: ئەم ئەركەی خستوەتە ئەستۆی ژووری پەیجوری بزوتنەوەی گۆڕان و بە هەماهەنگی ژووری هەڵبژاردن و دیاریشیكردووە كە تەنها ئەو ئەندام و هەڵسوڕاوانەی ناویان لە تۆمەاری دەنگدەراندا نوسراوەن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆنفرانسدا مافی دەنگدانیان هەیە. دووەم: ئەو هەڵسوڕاوانەی لەم قۆناغەی هەڵبژاردندا ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا دەنوسرێت بریتین لە : • ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی قەزاكان. • بازنەوانەكان، ئەندامانی ئەنجومەنی بازنە، بنكەوانەكان، وێستگەوانەكان. • رێكخەر و ئەندامانی رایەڵە بەگشتی. خۆكاندیدكردن بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی: یەكەم: هەر هەڵسوڕاوێك بزوتنەوەی گۆڕان لەهەر ئاستێكی رێكخراوەیی دابێت، گەر مەرجەكانی تێدابێت بۆی هەیە لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا خۆی بۆ ئەندامێتی كۆنفرانستی نیشتمانی كاندید بكات. دووەم: هەر هەڵسوڕاوێك ویستی خۆی كاندید بكات، دەبێت فۆرمی تایبەت پڕبكاتەوە و پێشكەشی ژووری هەڵبژاردنی بكات. سێیەم: پاش لێكۆڵینەوە لە هەبوونی مەرجەكانی خۆكاندیدكردن ناوەكانیان ئەڕاستێنرێ. ئەركەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی یەكەم: دانانی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لە بوارە جیاجیاكاندا. دووەم: پێداچوونەوەی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان. سێیەم: گۆڕینی دروشمی بزوتنەوەكە یان لۆگۆكەی بەپێی گۆڕانی هەلومەرجی گشتی ئەگەر پێویستی كرد. چوارەم: پەسەندكردن و دەستكاری پلاتفۆرمەكانی هەڵبژاردنەكانی پارێزگا، هەرێم و عێراقی فیدراڵ. پێنجەم: هەڵسەنگاندنی ئەدائی نوێنەرەكانی لە دەزگا هەڵبژێدراوەكانی پارێزگان هەرێم و عێراقی فیدراڵدا. شەشەم: هەڵسەنگاندنی ئەدائی جڤاتی نیشتمانی. كۆنفرانس و هەڵبژاردن ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حزبەكانی تری كوردستان و بگرە ناوچەكە و جیهانیش جیائەكاتەوە ئەوەیە كە هیچ هەڵبژاردنێك بۆ نوێكردنەوەی جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئەنجامنادرێت و نوێكردنەوەی ئەو ئۆرگانە باڵایانەی بزوتنەوەكە لە پرۆسەیەكی تری جیا لە كۆنفرانس نوێدەكرێنەوە.
( درەومیدیا): لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی گیان لەدەستانی دەرهێنەر و سینەماكار رەحیم زەبیحی و براكەی هەرزوو گومان لەسەر گیان لەدەستدانی دروست بوو، بەتایبەت دوای ئەوەی راگەیەنرا كە بەدەستبەستراوی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیاندا بوون و ئاگر لە ئۆتۆمبیلەكەیان بەربووە. بە وتەی سەرهەنگ ڕەسوڵ كەرەمی بەڕێوەبەری پۆلیسی بانە" بكوژی ئەو دوو برایەیان دەستگیركردووە، كە سەرەتا ئەو دوو برایەی ژەهراوی كردووە و دواتر بۆ دەرەوەی شاری بردوون و ئۆتۆمبێلەكەیانی ئاگرداوە". بەڕێوەبەری پۆلیسی بانە ئاژانسی ڕەسمی ئێران( ئیرنا)ی راگەیاندووە، "بكوژی ئەو دوو برایە كەسێكە بە ناوی (ئەكبەر عەباس پوور) خەڵكی قەزای مەراغەیە لە پارێزگای تەورێز و هۆكاری كوشتنەكەشی گەڕاندۆتەوە بۆ كێشەیەكی دارایی لەنێوان ئەكبەر و ڕەحیم و كەیوانی برای". هاوكات عەبدوڵڵا فەتحی جێگری كۆمەڵایەتی پۆلیسی پارێزگای كوردستان ( سنە) بە ئاژانسی میهری ئێرانی راگەیاندووە"بە هەوڵی پۆلیس و پێوشوێنگری پۆلیس ڕۆژی ڕابردوو بكوژی هونەرمەند ڕەحیم زەبیحی و براكەی دەستبەسەر بوو". ئاماژەی بەوەشداوە لە رۆژانی داهاتوودا " زیاتر لە شوناسی ئەم كەسە زانیاری بڵاو دەبێتەوە".
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لە نزیك شەقامی شانزەلیزیە لە ناوەڕاستی پاریس جارێكی تر پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خۆپیشاندەرانی بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" رویدا. خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی فەرەنسا درێژكراوەی نزیكەی چوار هەفتە ناڕەزایەتییە لەدژی گرانبوونی بژێوی ژیان. بەر لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا هەزاران پۆلیسیان لە پاریسی پایتەختو چەند شارێكی تر بڵاوكردەوە، بۆ رێگریكردنیش لە روداوەكانی تاڵانی، تاوەری ئیڤڵو بازاڕو شوێنە گەشتیارییەكان داخران، كورسی سەرشەقامەكانیش لابران بۆ ئەوەی لەحاڵەتی رودانی پێداداندا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەكارنەهێنرێن بۆ روبەڕووبونەوە لەگەڵ پۆلیس. لەسەرتاسەری فەرەنسا نزیكەی (89 هەزار) پۆلیس لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، تەنیا لە پاریسی پایتەخت (8 هەزار) پۆلیس بڵاوبونەتەوە بەمەبەستی رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی روداوەكانی رۆژی شەممەی رابردوو، كاتێك "هێلەك زەردەكان" ئاگریان لە ئۆتۆمبیل بەرداو كۆگا بازرگانییەكانی شەقامی شانزەلیزەیان تاڵان كردو دیوارەكانی ناوچەكەیان بە نوسینو وێنەكێشان لەدژی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵات رەنگ كرد. سەرەتای ئاگرەكەی پاریس ناڕەزایەتییەكان مانگی رابردوو دەستیپێكرد، حكومەت لەناو بودجەی خێزاندا باجی سوتەمەنی زیادكرد، ئەمە سەرەتای شەپۆلێك خۆپیشان بوو كە دواتر سەریكێشا بۆ یاخیبونێكی بەرفراوانو هەندێكجاریش توندوتیژی لەگەڵدا بوو. ئێستا ئەوەی چارەسەركردنو هێوركردنەوەی بارودۆخەكەی سەخت كردووە، ئەوەیە بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" رێبەرێكی ناسراو و دیاریان نییە كە دەسەڵاتداران بتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەڵێن" رەوتی راستڕەوی توندڕەو لەگەڵ خەڵكانی ئاژاوەگێڕ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان بوونو بە ئاڕاستەی توندوتیژی هەنگاو دەنێن"، ئەمەش وەكو ئاڵنگارییەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵاتو هێزە ئەمنییەكان. بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" ماكرۆنیان ناچاركرد گەورەترین سازش بكات لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا، ئەوەش كاتێك بوو كە ماكرۆن بڕیاریدا باجی سوتەمەنی هەڵگرێت. ئێستا بەپێی راپرسییەكان، ئاستی جەماوەریی ماكرۆن لە فەرەنسا پاشەكشێی كردووە. "هێلەك زەردەكان" هێشتا دەیانەوێت سازشی زیاتر بە سەرۆكی وڵات بكەن، ئەوان سەرەتا تەنیا داوای هەڵگرتنی باجی سوتەمەنییان دەكردو داواكەیان جێبەجێكرا، بەڵام ئێستا لیستێك داواكاری تریان هەیە لەوانە: • كەمكردنەوەی باجەكان • زیادكردنی موچە • كەمكردنەوەی خەرجی وزە • دەستلەكاركێشانەوەی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵات هەفتەیەكە ماكرۆن هیچ قسەیەكی بۆ رایگشتی فەرەنسا نەكردووە، بەڵام شەممەی رابردوو لەكاتی بەشداریكردنی لە لوتكەی بیست لە ئەرژەنتین ئیدانەی خۆپیشاندانەكانی كرد، نوسینگەكەی دەڵێ لەم هەفتەیەدا ماكرۆن قسەی نوێی دەبێت. لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی فەرەنسا بەر لە 18 مانگ، ئەمە گەورەترین قەیرانە كە روبەڕووی ئیمانوێل ماكرۆن دەبێتەوە، ماكرون دەسەڵاتی مامەڵەكردنی لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان بۆ ئیدوارد فلیپی سەرۆك وەزیران جێهێشتووە، بەڵام سەرباری ئەوەش لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندایەو ناچاردەكرێت قسە بكات. میدیاكانی فەرەنسا دەڵێن، لەدوای خۆپیشاندانی خوێندكاران لە ساڵی 1968 كە توندوتیژی لێكەوتەوە، ئەمە خراپترین شەپۆلی ناڕەزایەتییە لە فەرەنسا روبدات. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆ شەقام! سەرەتای ناڕەزایەتییەكان لە فەرەنسا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیپێكرد، داواكرا نرخی سوتەمەنی كەمبكرێتەوە، لەماوەیەكی كەمدا سەدان هەزار ئیمزا كۆكرایەوەو بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" راگەیەندرا. رۆژی 17ی مانگی رابردوو، ناڕازییەكان لە تۆڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاتنەدەرەوەو بۆیەكەمجار لەسەر شەقام گوزارشتیان لە خۆیانكرد، لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا نزیكەی (3 هەزار) كەس بەشداربوون، كە سەربە هیچ پارتو لایەنێكی سیاسی نەبوون. دوای هەفتەیەك توندوتیژی دەستیپێكرد، سەرباری ئەوەی لە چەند ناوچەیەك خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەڕێوەچوو، بەڵام لە پاریسی پایتەخت هەندێك لە خۆپیشاندەران رێگاكانیان داخستو دەستیانكرد بە روبەڕووبونەوەی لەگەڵ پۆلیس، لە ئەنجامدا دەیان كەس برینداربوونو زیاتر لە (100) كەس دەستگیركران. رۆژی 27ی مانگی رابردوو ئیمانوێل ماكرۆن رایگەیاند، پێشنیازی میكانیزمێك دەكات بۆ راستكردنەوەی زیادەی باج، هاوكات بەڵێنیدا كاری حكومەت خێرا بكات بۆ كەمكردنەوەی باری سەرشانی خێزانە كاركەرەكانو كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان، بەڵام ئەمە خۆپیشاندەرانی قایل نەكرد، بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" داوای خۆپیشاندانی كرد لە یەكەم رۆژی ئەم مانگەدا، لێرەوە ئیتر دۆخەكە بەرەو خراپتر داخزا، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیل لە شەقامی شانزەلیزە سوتێنراو بازاڕەكان تاڵانكران، دیوارەكان پڕكران لە نوسین دژ بە ئیمانوێل ماكرۆن. ماكرۆن لە وەڵامی خۆپیشاندەراندا لە لوتكەی بیست لە ئەرژەنتین وتی: "ئێمە هەمیشە رێز لە ناڕەزایەتییەكان دەگرین، بەڵام بەهیچ جۆرێك توندوتیژی قبوڵ ناكەین"، دوای گەڕانەوەی بۆ پاریس، ماكرۆن لە كۆشكی ئیلیزێ كۆبونەوەیەكی كرد بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە، دواتر سەردانی ئەو شوێنانەی كرد كە زیانیان بەركەوتبوو، ماكرۆن لەو سەردانەیدا روبەڕووی هوتافی ناڕەزایی خۆپیشاندەران بووەوە. بۆ كەمكردنەوەی ئاستی توڕەیی شەقام، ئیدوارد فلیپی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا زیادكردنی باج لەسەر سوتەمەنی هەڵگرێت، ئەمە سەرباری راگرتنی باجی سەر كارەباو غاز لە وەرزی زستاندا، بەڵام ئەم رێوشوێنانە بەس نەبوون بۆ بێدەنگكردنی "هێلەك زەردەكان" كە بڕیاریاندابوو ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەكانیان ببەنە قۆناغێكی نوێوە. هێلەك زەردەكان كێن؟ بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" كۆمەڵێك كەسی ناهاوئاهەنگی خۆپیشاندەرن كە تەمەنو كارو ناوچەی جوگرافییان جیاوازە، لەناویاندا گەنجە بێكارەكانو خەڵكانی خانەنیشینو ئەو كەسانە هەن كە كرێیەكی كەمی كاركردن وەردەگرن. هاوكات لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا چالاكوانانی سەربە رەوتی راستڕەوی توندڕەو و چەپی توندڕەو هەن، بەڵام هەندێك لە خۆپیشاندەران دەیانەوێت هەموو شێوازەكانی توندڕەویی حزبیو توندوتیژی لە جوڵانەوەكە دوربخەنەوە. هێلەك زەردەكان كێشەیان چییە؟ رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ زیادكردنی نرخی سوتەمەنیو دانانی باجی راستتەوخۆ لەسەر گازو كاربۆن، لەناوەندەكانی فەرەنسا توڕەیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی لەناو ئەو چینو توێژانەی كە رۆژانە بۆ راپەڕاندنی كاروباری ژیانیان ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆیان بەكاردەهێنن، ئەمەش زیاتر ئەو كەسانەی دەگرتەوە كە دورن لە ئامرازەكانی هاتوچۆی گشتیو بە ئۆتۆمبیلی خۆیان دەچین بۆ سەركارەكانیانو دەگەڕێنەوە. لەبەرامبەر زیادكردنی باج لەسەر چینی كاركەر، ماكرۆن هیچ هەنگاوێكی نەنا بۆ دانانی باج لەسەر سامان، ئەوەی كە لە فەرەنسا هەیە باجی سامان تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە سامانەكەیان زیاتر لە (ملیۆنێكو 300 هەزار) یۆرۆیە، ئەمە وایكرد چینەكانی تر وەكو خزمەتكردنی چینی سەرمایەداری وڵات تەماشای رێوشوێنەكانی ماكرۆن بكەن بۆ چاكسازیكردن لە دۆخی ئابوری وڵات. جوڵانەوەی "هێلەك زەردەكان" لە چەند هەفتەی رابردوودا پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیوە بینیوەو خەریكە ئاستی لۆكاڵی فەرەنسا تێدەپەڕێنێتو وڵاتانی تریش دەگرێتەوە، لە بەسرەی باشوری عێراق كە ماوەیەكە خەڵكەكەی لە ئاستی خزمەتگوزارییەكان ناڕازین، هەندێك لە چالاكوانان هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی فەرەنسا "هێلەكی زەرد"یان لەبەركردو بەمدواییە خۆپیشاندانیان دەستپێكردەوە.
( درەو میدیا): سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری بانە ڕەحیم زەبیحی دەرهێنەر و سینەماكاری كورد لەگەڵ كەیوان زەبیحی برای بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا. بە گوێرەی زانیارییەكان، رووداوەكە لە نزیك ناوچەی نیزەڕۆی بانە، روویداوە و لە ئاكامیشدا ئۆتۆمبێلەكەیان وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە، بەهۆیەوە هەردووكیان گیانییان لەدەستداوە. سایتی “كوردستان و كورد” لەسەر زاری پەیامنێرەكەیەوە لە بانە ڕایگەیاند: تەرمی سووتاو و بێ گیانی هونەرمەند ڕەحیم زەبیحی و براكەی بە دەستبەستراوی لە ماشێنەكەدا دۆزراوەتەوە و بەوەش گومانی كوشتنی بە ئەنقەستی ئەو دوو برایە بەهێز دەبێ. ڕەحیم زەبیحی ساڵی 1971لە شاری بانە لە دایك بووە و یەكێكە لە سینەماكارانی بەتواناكانی كوردە. كورتە فیلمەكانی: “هاوار”، “سەتەلایت”، “كۆتایی شەڕ”، “ئەو پیاوەی كە چوو بۆ سەیران”، “ساتە مەزادكراوەكان”، “تیرۆریستێك دادەبەزێ”، “رۆژی دوایی”، “ئیسترێس″، “سەمای ڕەنگەكان”، “ژانی دابڕانی ئەبەدی”، فیلمی “وڵاتی ئەفسانە” چەند بەرهەمێكی سینەمایی ناوبراون كە لە چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی ناوچەیی و جیهانیی گرنگدا پیشان دراون و خەڵاتیان وەرگرتووە.
( درەو میدیا): ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی پارتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا لە كۆنگرەی گشتی حزبەكەیدا بە وتارێكی كاریگەر ماڵئاوایی لە حزبەكەی كرد و داوا لە سەركردەكانی حزبەكەی كرد یەكڕیزی بپارێزن و بەرگری لە بەهاكانی حزبەكەیان بكەن. مێركڵ لەوتارەكەیدا لە كۆنگرەی گشتی حزبەكەیدا كە ئەمڕۆ هەینی دەستیپێكرد، جەختیكردەوە كە كۆنگرەی گشتی سەركردایەتییەكی نوێ هەڵدەبژێرن بۆئەوەی جێگەی بگرنەوە. هەروەها مێركڵ جەختیكردەوەل ەسەر ئەو دروشمەی كە كۆنگرە بەرزیكردووەتەوە " ئاوێتەبوون و سەركردایەتییەكی هاوبەش" و رایگەیاند حزبەكەی شایستەی ئەوەیە سەركردایەتی ئەڵمانیا بكات وەك حزبێكی جەماوەری كە نوێنەرایەتی رەوتێكی سیاسیی میانڕەو دەكات. مێركڵ ماوەی 18 ساڵە سەرۆكایەتی پارتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا دەكات و چوار خولیشە راوێژكاری ئەڵمانیایە و دوای دەستبەرداربوونی لە سەرۆكایەتی حزبەكەی ئێستا چەند كەسێك ركابەری دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستە كە ئەمانەن: • ئەنگرێت كرامپ كارنپاوەر: ئەمینداری گشتی پارتی دیموكرات مەسیحی • فریدریچ میرتس: سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات مەسیحی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا • یانز شبان: وەزیری تەندروستی فیدراڵی بۆ هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێی حزبی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا 1001 نوێنەر بەشداری دەنگدان دەكەن و مێركڵ تشرینی یەكەمی رابردووو رایگەیاندبوو كە بەنیازە دەستبەرداری سەرۆكایەتی حزبەكەی بێت و لە پۆستی راوێژكاری ئەڵمانیادا بەردەوام بێت، هەروەها راشیگەیاندبوو كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا خۆی كاندید ناكاتەوە دوای كۆتایی هاتنی ئەم خولەشی لە 2021دا خۆی بۆ پۆستی راوێژكاری كاندید ناكاتەوە.
( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكان بەنیازە هیزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بكاتە باڵیۆزی وڵاتەكەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوەش بەوتەی میدیاكانی ئەمریكا. تۆڕی فۆكس نیوز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە كە ترەمپ بەیانی هەینی بەكاتی ئەمریكا تویتێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاودەكاتەوە دەربارەی دیاریكردنی هیزەر ناوێرت بۆئەوەی جێگەی نیكی هەیلی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بگرێتەوە كە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستی لەكاركێشایەوە. دوای دیاریكردنی ناوێرت لەلایەن ترەمپەوە پێویستە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكاش رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت و دیاریكردنی پێشكەشكاری پێشووی فۆكس نیوز بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان پەسەند بكات. پرۆفایلی: هیزەر ناوێرت - هیزەر ئان ناوێرت 27ی كانوونی دووەمی 1970 لە رۆكفۆرد لە ویلایەتی ئیلینۆی لەدایكبووە - ئەندامی حزبی كۆمارییە - رۆژنامەنووسە و لە 24ی نیسانی 2017ەوە وتەبێژی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە - بەكالۆریۆسی لە راگەیاندندا لە كۆلێژی ڤێرنۆن بەدەستهێناوە - ماستەری لە رۆژنامەوانیدا لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بەدەستهێناوە. - ساڵی 2000 لەگەڵ سكۆت نوبی هاوسەرگیری كردووە و دوو منداڵی هەیە. - پێشتر پەیامنێری كەناڵی ABC News بووە. - پێشكەشكاری بەرنامە بووە لە كەناڵی فۆكس نیوز - لە ئازاری 2018ەوە بووە بە هەڵسوڕێنەری كارەكانی بریكاری وەزارەتی دەرەوە بۆ دیپلۆماسیەتی گشتی و كاروباری گشتی.
(درەو میدیا): ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێ" ئەو ناوانەی كە لەبارەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە باڵاكان بڵاودەكرێنەوە، راست نین". لە لێدوانێكدا بۆ (درەەو میدیا)، عەبدولڕەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، ئەو ناوانەی بڵاوكراونەتەوە لەبارەی كاندیدەكانی گۆڕان بۆ پۆستە باڵاكان، هیچی راست نین، چونكە هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بكەن یان نا. وتی: بڕیاری بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت لە جڤاتی نیشتمانییەوە یەكلادەكرێتەوە. لەبارەی كاندیدەكانی پارتی بۆ هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی حكومەتی داهاتوو، عەبدولڕەزاق شەریف ئاماژەی بەوەكرد" گواستنەوەی تەوریسی سیاسی و حوكمی بنەماڵەیی لە حزبەوە بۆ ناو حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا قبوڵ ناكرێت، ئەم مەبدەئە لای گۆڕانو گۆڕانخوازەكان جێگای گفتوگۆ و سازشكردن نیە".
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ لە تەلاری كۆنگرێسی ئەمریكا، تەرمی جۆرج بوشی باوك سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بە ئاڵای ئەمریكا داپۆشرا، بۆئەوەی هاوڵاتیانی ئەمریكا بۆ دواهەمین جار ماڵئاوایی لە سەرۆكەكەیان بكەن، ئەو سەرۆكەی كە ملیۆنان كەس لەو وڵاتەدا رێزو خۆشەویستیان بۆی هەیە. 41 یەكەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە 30 تشرینی دووەم لە تەمەنی 94 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، 12 یەمین سەرۆكی ئەمریكایە كە لە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردنی لە ژیان پێشئەوەی بەخاكسپێردرێت، دەبرێتە كۆنگرێس كە بە مەتبەخی دروستكردنی بڕیاری ئەمریكا دادەنرێت. دوا مانەوەی بۆ سێ رۆژ لە واشنتۆنی پایتەخت، دوێنێ چوارشەممە لە كاتدراییەی نیشتمانی كۆتایی بە رێوڕەسمەكە هێنراو رەوانەی تەكساس كرا بۆئەوەی لە تەنیشت (باربێرا)ی هاوسەری بنێژرێت، كە نیسانی 2018 كۆچی دواییكرد. پلانی مەراسیمی ناشتنی سەرۆكەكانی ئەمریكا چۆن دادەنرێت؟ مەراسینی ناشتنی سەرۆكایەتی بۆ سەرۆكە كۆچكردووەكانی ئەمریكا پێشوەخت پلانی بۆ دادەنرێتو خانەوادەی سەرۆكە كۆچكردوەتەكە لەلایەن سوپاوە ئاگاداردەكرێتەوە كە هاوكاری دەكرێت بۆ رێكخستنی چەند مەراسیمێكی جیاواز. لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، پێنج سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا كۆچی دواییانكردووە، كە دواهەمینیان بۆشی باوك بوو، لەوانە جیراڵد فۆرد، رۆناڵد ریگان، لیندن جۆنسۆنو بۆشی باوك، ئەمانە مەراسیمی رەسمیان بۆ رێكخراوە، ریچارد نیكسۆن كە بەهۆی سكانداڵی " واتەرگەیتەوە" دەستی لە سەرۆكایەتی كێشایەوە رێوڕەسمی رەسمی بۆ رێكنەخراو لە كتێبخانەیەك لە كالیفۆرنیا مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ رێكخراو لەپاڵ هاوسەرەكەیدا نێژرا، ئەوەش بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژویی كۆشكی سپی كە رێكخراوێكەو لەلایەن جاكلین كیندی خانمی یەكەمی پێشووتری ئەمریكاوە دامەزرێنراوە. خانەوادەی نیكسۆن بەهۆی سكانداڵی واتەرگەیتەوە كە بەهۆیەوە دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی كێشایەوە، ترسیان لەوە هەبوو كە ئەگەر زیارەتكاران رێز لە سەرۆكی كۆچكردوو نەگرن، ئەكە تەرمەكەی ببرێتە كۆنگرێس. مەراسیمی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی چەندەی پێدەچێت مەراسیمی سەرۆكایەتی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی ئەمریكا هەمیشە پێنج رۆژ دەخایەنێت، بەڵام پلاندان بۆی دوای ماوەیەكی كەم لە دەستبەكاربوونی سەرۆك لە پۆستەكەی دەستپێدەكات، ئەوە بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژوویی كۆشكی سپی. ئەو كۆمەڵەیە رایدەگەیەنێت ئەو ئەركە " پێشوازییەكی ساردە كە لەبەردەرگای كۆشكی سپی لە سەرۆك دەكرێت"، ئاماژە بەوەدەكات، مەراسیمی بەخاكسپاردنەكە لە چەند روویەكەوە رێكدەخرێت لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆكی وڵاتداو بۆئەوەی ئەو سەرۆكە چ شێوازێكی دەوێتو دەخوازێت چۆن یادی بكرێتەوە". راگەیاندنی رەسمیی مردنی سەرۆك كاتێك سەرۆكێكی پێشووتری ئەمریكا دەمرێت، سەرۆكی ئێستا راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی دەردەكاتو رێگە دەدات بە وەزارەتی بەرگری لەبری هەموو وڵات مەراسیمی دەوڵەت بۆ بەخاكسپاردنی رێكبخات، لەگەڵ فیرقەی كاری هاوبەش لە ناوچەی پایتەخت كە لقێكی سەر بە فەرماندەیی باكوری سوپایەو بەشداریدەكات لە رێكخستنی مەراسیمی ئاهەنگەكانی دەستبەكاربوونی سەرۆكەكانو مەراسیمی كۆچی دواییان، هەروەها فەرماندەی فیرقەی كاری هاوبەش سەركردایەتی رێكخستنیو هەمانگی هەموو ئەو چالاكییانە دەكات كە لە مەراسیمی ماڵئاواییكردن لە سەرۆكی كۆچكردوو بەڕێوەدەچن. مافی خانەوادەی سەرۆكی كۆچكردوو خانەوادەی سەرۆكی كۆچكردووە مافی ئەوەیان هەیە چەند رێزلێنانێكی سەربازی بۆ مەراسیمی بەخاكسپاردنو ماڵئاوایی رێكبخەن وەك داپۆشینی تەرمەكەی بە ئاڵای ئەمریكاو نمایشی فڕۆكەی سەربازیو تەقاندنی 21 گولە تۆپ یان پاسەوانی شەرەف. پرسەی یەكەم سەرۆكی ئەمریكا پرسەو ماتەمینی ئەمریكا بۆ جۆرج واشنتۆنی یەكەمین سەرۆك 69 رۆژی خایاند، ئەوەش بە گوێرەی كتێبخانەی نیشتمانی تایبەت بە توێژینەوەكانی جۆرج، مەراسیمەكە لە بارەگاكەی لە (ماوت ڤێرنن)ی نزیك لە واشنتۆنی پایتەخت بەڕێوەچووە، بەڵام پرسەی ماتەمینی بوشی باوك كە لە 1989 بۆ 1993 سەرۆكایەتی ئەمریكای كرد، پێنج رۆژ دەخایەنێت. دوای مردنی بوشی باوك، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیدا بە داگرتنی تانیوەی ئاڵای ئەمریكا بۆ ماوەی 30 رۆژو رۆژی چوارشەممەشی وەك رۆژی پرسەی نیشتمانی راگەیاند، لە رۆژەدا فەرمانگە حكومییەكان داخرانو چالاكی دامەزراوەكان كەمكرایەوەو داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریكا كرا لە شوێنەكانی تایبەت بە نوێژكردن ئامادەبن بۆ رێزلێنان لە سەرۆكی كۆچكردووی وڵات. یەكەم سەرۆك كە لەماوەی سەرۆكاتیدا مرد ولیام هاریسۆن، یەكەمین سەرۆكی ئەمریكایە كە مردن لە كۆشكی سپیدا یەخەی پێگرتو لەماوەی سەرۆكایەتیدا كۆچی دواییكرد، هاوكات ئەو یەكەمین سەرۆك بوو مەراسیمی بەخسپاردنی دەوڵەتيی بۆ رێكخرا. هاریسۆن كە نۆیەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چواری نیسانی 1841 دوای تەنها 30 رۆژ لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا كۆچی دواییكرد. بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژووی كۆشكی سپی، هەردوو بازرگان ئەلسكاندەر هێنتەرو داریۆس كلاگێت، سەرپەرشتی پلاندانانی بەخاكسپاردنی هاریسۆنیان كردووەو ئاوێنەو كەلوپەلەكان بە پەردەی رەش داپۆشرانو تەرمەكەشی بە عەرەبانەیەك كە چەند ئەسپێكی داپۆشراو بە قوماشی رەش رایانكێشاوە، گوازراوەتەوە. هاریسۆن سەرەتا بەهۆی بەفربارینەوە بە شێوەیەكی كاتی لە گۆڕستانی كۆنگرێس نێژرا، پاشان دوای توانەوەی بەفرەكە گوازرایەوە بۆ ئۆهایۆ و لەوێ بەخاكسپێدرا، بەوتەی ئەو كۆمەڵەیە مەراسیمی ناشتنەكەی كە 30 رۆژی خایاندووە لە مەراسینی بەخاكسپاردنی پاشاكانەوە وەرگیراوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشێنێتەوە كە دەڵێ" بۆئەوەی ببێت بە سەرۆكی پارتی دەبێت بە سلكی پاراستندا تێپەڕێت" ئەو پۆستێكی "بێدەسەڵات"ی قبوڵكردووە بە هیوای گەیشتن بە "لوتكەی دەسەڵات" لەناو حزبەكەیدا. رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانو مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتووی هەرێم راگەیاند. كاندیدكردنی مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو دوو پۆستە باڵایە، دوا ئەڵقەی زنجیرەیەك رێوشوێن بوو كە پارتی پێشتر بۆ وەرگرتنی هەردوو پۆستەكە گرتیەبەر. پارتی بەرلەوەی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم ئاشكرا بكات، نەخشەی سیاسی خۆی بۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) داڕشتووەو ئەوەی ئێستا كاری لەسەر دەكات، جێبەجێكردنی ئەو نەخشە رێگایەیە. پارتیو سەرۆكایەتی هەرێم كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتییەوە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەو دامەزراوەیە ئێستا بەپێی یاسا هەڵپەسێردراوەو دیارنییە كەیو بە چ شێوەو دەسەڵاتێكەوە كارا دەكرێتەوە. (درەو میدیا) لە چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە زانیاری دەستكەوتووە، نێچیرڤان بارزانی خۆی ئارەزووی وەرگرتنی ئەو پۆستەی كردووەو كاری زۆریشی بۆ كردووە. نێچیرڤان بارزانی بە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، كۆتایی بە (17) ساڵ تەمەنی خۆی هێنا لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، ئەو دەبێت بە سەرۆكی هەرێم، بەڵام سەرۆكێكی جیاواز لە مەسعود بارزانی مامی، چونكە بە پێچەوانەی مامییەوە كە بەشێوەی راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردراو پەرلەمان نەیدەتوانی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات، نێچیرڤان بارزانی لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێتو بەشێكی زۆریش لە دەسەڵاتەكانی دەدرێت بە سەرۆك وەزیران، واتە مەسرور بارزانی. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەو بارودۆخەوە قبوڵكردووە؟ رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لە پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆیی پارتی وەڵامبدرێتەوە، نێچیرڤان بارزانی ئێستا جێگری سەرۆكی پارتییە، بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم بە هەمان قۆناغەكانی مەسعود بارزانی مامیدا تێدەپەڕێتو چاوی لەوەیە لەم هەنگاوەوە بەرەو گرتنەدەستی لوتكەی دەسەڵات لەناو پارتی (سەرۆكی پارتی) هەڵبكشێت. نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشێنێتەوە كە پێشتر دەوترا هەركەسێك كە دەبێت بە سەرۆكی پارتی دەبێت پێشتر بە فیلتەری "دەزگای پاراستن"دا تێپەڕیبێت. كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نەخشەی پارتی بۆ كابینەی نوێ ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێت بە (مەلا بەختیار) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كە ئێستا لە حزبەكەی زویر بووەو لە ماڵەوە دانیشتووە، پارتی بەم هەنگاوە دەیەێت هەم مەلا بەختیار وەكو سەركردەیەك كە بەردەوام كۆنتاكتی لەگەڵ پارتی هەیە بگەڕێنێتەوە بۆ ناو یەكێتی، هەم دەیەوێت جێگرێك لە سەرۆكایەتی هەرێم بۆ نێچیرڤان بارزانی دابنێت كە دوچاری سەرئێشەی نەكات. لە خاڵەتی رازینەبوونی یەكێتی بە دانانی مەلا بەختیار لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، رەنگە پارتی پۆستەكە بدات بە كەسێك لە بزوتنەوەی گۆڕانو بۆ ئەوەش باس لە (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشووی پێشمەرگە دەكرێت. پارتیو سەرۆكایەتی حكومەت كاندیدكردنی مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی حكومەت، پێشتر بەچەندین قۆناغو رێوشوێندا تێپەڕیوە، مەسعود بارزانی كاری ئەوتۆی كردووە بۆ سەرخستنی كوڕەكەی لە سەرۆكایەتی حكومەت. لە یەكەم هەنگاودا بارزانی باوك، فوئاد حسێنی لە پۆستی وەزارەتی دارایی عێراق جێگیركرد وەكو كەسێكی نزیكو باوەڕپێكراوی خۆی، بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت رێگای سەركەوتنی كوڕەكەی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بكاتەوەو لەو رێگەیەوە كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەربكاتو بەربەستی ئابوری لەبەردەم سەرۆكایەتی كوڕەكەیدا لابدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەر لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی كە خراونەتەگەڕ بۆ سەرخستنی مەسرور بارزانی لە سەرۆكایەتی حكومەت، پارتی دەیەوێت مەرجەكەی یەكێتی قبوڵ بكاتو یەك جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت دابنێو ئەو پۆستەش بدات بە یەكێتی (قوباد تاڵەبانی)، چونكە بەبێ هەماهەنگی یەكێتی لە زۆنی سەوز، كابینەكەی مەسرور بارزانی سەركەوتوو نابێت. مەسرور بارزانی كە تائێستا وەكو روخسارێكی ئەمنیو دورەپەرێز لە جەماوەر دەركەوتووە، بە هاتنی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت دەیەوێت هاوشێوەی نێچیرڤانی بارزانی پێگە جەماوەرییەكەی بەهێز بكات، بۆیە بارزانی باوكو هەموو پارتی كار بۆ سەرخستنی دەكەن. پارتیو سەرۆكایەتی پەرلەمان پارتی سەرباری ئەوەی بۆ راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی هەردوو پۆستی (سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت) بۆ خۆی دەبات، بەڵام دەستبەرداری پەرلەمانی كوردستانیش نابێت. نەخشەی پارتی بۆ پەرلەمانی نوێی كوردستان ئەوەیە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بە یەكێتی، بەڵام جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لای پارتی بێتو جێگری دووەمیشی بدرێت بە كەسێك لە پێكهاتەكان كە نزیك بێت لە پارتییەوە. پارتی دەیەوێت پەرلەمانی كوردستان لە خزمەتی كابینەكەی مەسرور بارزانیدا بێتو نایەوێت لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا دوچاری كێشە ببێت، سەرباری ئەمەش پارتی لەم خولەدا زۆرینەی پەرلەمان پێكدەهێنێتو سەرۆكو زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتیش كەسانی سەربە مەسرور بارزانین.
(درەو میدیا): هەرێمی كوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ( 11) بڕی 13 ملیۆن و 110 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە و داهاتەكەشی 760 ملیۆن و 380 هەزار دۆلار بووە كە دەكاتە نزیكەی ( 930 ملیار دینار). بەپێی راپۆرتێكی گۆشەی ئابوری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و لە ئامادەكردنی ئەنوەر كەریم، ئاماژە بە فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم كراوە. بەپێی راپۆرتەكە لە مانگی تشرینی دووەمی 2018 هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بۆرییەوە 13 ملیۆن و110 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە بۆ بەندەری جەیهانی توركی، واتا لەە یەك رۆژدا ( 13110000÷30= 437000 هەزار بەرمیلی رۆژانە. -تێكرای نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی تشرینی دووەم (68) دۆلار بووە، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (10) دۆلار كەمتر دەفرۆشیت لە نرخی نەوتی برێنت واتە (58) دۆلار، كەواتە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان ( 13110000×58 = 760.380.000 حەوت سەدو سەشت ملیۆن و سێ سەدو هەشتا هەزار دۆلار. http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2431