زانكۆكانی كوردستان بە وەكالەت بەرێوەدەبرێن

Draw Media

2019-03-25 13:24:59



راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
بەشی یەكەم
زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت بەرێوە دەبرێن، بە پێی نوێترین راپۆرتی(ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) لە لیستی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی، لەكۆی (25) ئەندام (24)یان بەوەكالەتن و ئەوی تریان نوێنەری مامۆستایانە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆریان ماوەكانیان كۆتایی هاتووە.
بەپێی راپۆرتەكەی ئینستتیۆتی پەی حزب دەستی خستۆتە بیناقاقای زانكۆكان " زانكۆكانی كوردستان سەربەخۆ نین، لە ڕووی كارگێڕییەوە بۆ هەموو شتێك دەبێ بۆ وەزارەت بگەڕێنەوە، لە ڕووی داراییەوە دەسەڵاتێكیان نیە، لە ڕووی زانستیەوە پاشكۆن، لە ڕووی حیزبیەوە دەستتێخستنی زۆر هەیە و حیزب دەستی خستۆتە بیناقاقایانەوە و هەموو پۆستێك دەبێ بە فلتەری حیزبدا بڕوات"

تەوەری ئیداری و پەیكەری كارگێڕی
یەكەم/سەربەخۆیی زانكۆكان:
زانكۆكانی كوردستان سەربەخۆ نین، لە ڕووی كارگێڕییەوە بۆ هەموو شتێك دەبێ بۆ وەزارەت بگەڕێنەوە، لە ڕووی داراییەوە دەسەڵاتێكیان نیە، لە ڕووی زانستیەوە پاشكۆن، لە ڕووی حیزبیەوە دەستتێخستنی زۆر هەیە و حیزب دەستی خستۆتە بیناقاقایانەوە و هەموو پۆستێك دەبێ بە فلتەری حیزبدا بڕوات، هەڵسەنگاندن نیە بۆ ئەو كەسانەی پۆستی كارگێڕییان هەیە، ئەوانەی زانكۆكان بەڕێوەدەبەن ئەوەندەی لە خەمی ئەوەدان سەروی خۆیان كە وەزارەت و وەزیرە لێیان ڕازی بێت، بیر لە خوارەوە ناكەنەوە و هەڵسەنگاندنی خوارەوە پێوەر نیە بۆ ئەدای كاركردنیان، دیارە ڕەزامەندی وەزیریش ئەوەندی وەلائی حیزبی و شەخسیە پێوەری تر لەبەر چاو ناگیرێت.
وەزارەت بە ئامانجی سەربەخۆبوونی زانكۆ حكومیەكان لە ڕوی داراییەوە و كردنی زانكۆكان لە زانكۆی بەكاربەرەوە بۆ زانكۆی بەرهەمهێن، سیستەمی خوێندنی ئێوارانی لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان داهێنا و چەندین هەزار خوێندكار هەنوكە لە زانكۆ و پەیمانگاكان بە شێوازی ئێواران درێژە بە خوێندن دەدەن، داهاتی زانكۆكانیش بە جۆرێك بوو كە لە 70% بۆ زانكۆكان و لە 7% بۆ وەزارەت و 23% بۆ وەزراەتی دارایی بوو، ئەم سیستەمە وای كرد زانكۆكان ببنە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار، كە بەشی پێداویستەیەكانی خۆیانی دەكرد، بەڵام ئەم داهاتە لە لایەن هەندێك لە سەرۆكی زانكۆكانەوە تەخشان و پەخشان كرا و بێ ئەوەی یەك لیژنە و یەك چاودێری دارایی لێیان بپرسێتەوە، دەبوایە وەزارەت رێنمایی وردی (یەكگرتوو) دەربكات بۆ چۆنیەتی خەرج كردنی ئەم پارانە لە خوێندنی ئێواران، چونكە بەشێوازێكی ناڕێك مامەڵەی لەگەڵدا كرا، كەچی تا ئێستاش وەزارەت خۆی لەقەرەی ئەم بابەتە نەداوە و (زانكۆكان هەموویان وەك یەك داهاتیان زۆر نیە) بۆیە بەناڕێكی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و كراوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا جارێكی تر وەزیر ئەم سیستەمەشی هەڵوەشاندەوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن كار بەم بڕیارە ناكرێت و خوێندنی ئێواران لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان بە تەواوی داخرا (هەندێك زانكۆی لێ بەدەركرا لەبەر نەبوونی زانكۆ یاخود كۆلێجی تایبەت لەو شارەدا)، لە كاتێكدا چارەنوسی سەدان خوێندكار بەم بڕیارە نادیارە، چونكە چەندین خوێندكار لە قۆناغی یەكەمی سەرجەم بەشە زانستیەكان كەوتون یاخود عبورن یاخود پارەیان داوە و خوێندنیان لە ساڵی یەكەمدا دواخستووە، كەچی كەس نازانێت چارەنوسیان بە كوێ دەگات، ئەمە جگە لەوەی ئەو بەشەی تری داهاتەكەش، كە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت ناعەدالەتی هەیە لە دابەشكردنەوەی لەلایەن خودی وەزیرەوە.
 
دووەم/ نەبوونی سەڵاحیات و دەسەڵات لە خوارەوەی وەزارەت لای سەرۆكی زانكۆ و ڕاگرەكان:
زۆرینەی دەسەلاتەكان لەسەرەوەو لە وەزارەتە، سەرۆكی بەش و راگرەكان و تا ئاستێك سەرۆكی زانكۆكانیش دەسەلاتێكی ئەوتۆیان بۆ شۆڕنەكراوەتەوە خوارەوە، جا چ لەرووی داراییەوە بێت یاخود لەرووی كارگێڕییەوە، ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی ئیشوكارەكان زۆر بەسستی بەڕێوە بچن و لەگەلێ كاتدا بابەتێك كە پێویستی بەبڕیارە چەندان مانگ دوادەكەوێت چونكە دەسەلات لای وەزارەتە. تەنانەت بەپێ‌ ی یاسا یاخود ڕێنمایی دەسەڵات دیاری نەكراوە بۆ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكان مەگەر سەرۆكی زانكۆ ئەگەر خۆی بیەوێت دەسەڵاتیان بۆ دابەزێنێت ئەویش بەشێوەیەك ئەو دەسەڵاتە دادەبەزێنێت كە ڕەمزی بێت.
 
سێیەم/ نەگونجاویی پەیكەری وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكان و زانكۆكان:
زانكۆ حكومیەكان لەپەیكەری كارگێڕییاندا وەك یەك نین، بۆ نمونە بەشێك لە زانكۆكاندا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆیا بۆ كاروباری خوێندكاران هەیەو بەشێكیان نیانە، بەشێكیان سیستەمی فەكەلتی و سكول تیایاندا پەیرەو دەكرێت و بەشێكی تریان كۆلێژ.

چوارەم/ گرفتی پڕنەكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان:
زۆرینەی پۆستەكانی زانكۆكان بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن، بە فەرمی كەسەكان دانانرێن و دانەنراون، هەرچەندە چەند جارێك بانگەشەكراوە بۆ پێشكەشكردنی سیڤی بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە بەتالانەو چاوپێكەوتنیش لەگەل لیژنەی راسپێردراوەوە كراوە لەگەل ئەو كەسانەی خوازیاربوون ئەو پۆستانە بگرنە ئەستۆ، بۆ نمونە: پۆستی دوو راوێژكار لە وەزارەت، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی لە زانكۆی سلێمانی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی لە زانكۆی گەرمیان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی چەرموو، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی گەرمیان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی هەڵەبجە، راگری دەیان كۆلێژ و پەیمانگە و چەندان پۆستی تر كە سالانێكە بەتاڵن.
 
پێنجەم/ زانكۆی بە وەكالەت:
یەكێ لە دیاردە سەرسوڕهێنەرەكان لە زانكۆكاندا ئەوەیە كە زۆرینەی پۆستە باڵاكانیان بە وەكالەت بەڕێوە دەبردرێن،كە ئەمەش دیاردەیەكی نایاسایی و گوماناوییە، هۆكارەكەیشی بۆ بێ بڕیاریی وەزیری خوێندنی بالاو دەست تێوەردانی حزبی و میزاجی شەخسی دەگەڕێتەوە، كە بەڕێوەبردنی ئەو هەموو پۆستەش بە وەكالەت دەبێتە مایەی لاوازی پرۆسەی بەڕێوەبردن لەزانكۆكاندا، ئەگەر سەیرێكی لیستی ئەنجومەنی زانكۆكان بكەین ئەو راستیە تاڵەمان بۆ دەردەكەوێت، بۆ نمونە: 
 ئەگەر بڕوانینە لیستی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی، دەبینین لە (25) ئەندام (24)یان بەوەكالەتن و ئەوی تریان نوێنەری مامۆستایانە، وە چەندینیان ماوەكانیان كۆتایی هاتووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand