كۆڕەك: سزاكەی دەستەی راگەیاندنی عێراق ستەمكارانیە

Draw Media

2019-03-24 15:26:33



درەو میدیا:
دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەكانیان،  بۆ ماوەی پێنج رۆژ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم سزادەدات، داواش لە سەرجەم  تۆڕە هاوبەشەكانی كۆڕەك دەكات لەو ماوەیەدا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو تۆڕە بپچڕێنن.لەبەرامبەردا كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بڕیارەكەی دەستەی راگەیاندنی عێراق بە نادادپەروەر و ستەمكارانە لەقەڵەمدەدات .
دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق نوسراوێكی ئاراستەی كۆمپانیا هاوبەشەكانی كۆڕەك تیلیكۆمی كردووە، داوای لێكردوون لە رۆژی 24ی ئازاری 2019ەوەبۆ ماوەی 5 رۆژ هەموو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك بپچڕێنن.
دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق لە نوسراوەكەیدا كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم تۆمەتباردەكات بەوەی سەرپێچیكردووە لە بڕگەكانی گرێبەستی مۆڵەتی ئیمزاكراو لەگەڵ كۆمپانیای تەلەفۆنی گوازراوە، بەتایبەتی ماددەی 19ی گرێبەستەكە، كە پەیوەستە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پارێزگاریكردن لە ژمارە‌و پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی دەستەی تایبەت بە ئیمزاكردنی گرێبەستی خزمەتگوزاری پاراستنی ژمارە لەگەڵ كۆمپانیای هۆڵەندی " portingxs" جێبەجێكاری پڕۆژەكە.
هەروەها ئاماژەیبەوەشداوە كە سەرەڕای ئاراستەكردنی نوسراوی رەسمی و ئاگاداركردنەوە لە رێگەی نامەی ئەلیكترۆنی كە جەخت لەسەر ئەو بابەتە كراوەتەوە، سەرەڕای ئیمزاكردنی گرێبەستەكە لەلایەن كۆمپانیای ئەسیر‌و ئاسیاسێڵەوە لە رۆژی 17/3/20109 دوای رەچاوكردنی سەرجەم تێبنییەكان كە كۆمپانیاكان خستویانەتەڕوو لەوانەش كۆمپانیای كۆڕەك بە ئامادەبوونی نوێنەرەكانیان، بەڵام پرسەكە پێچەوانەیە و ئاماژە بە ئامادەنەبوونی جدی كۆمپانیای كۆڕەك دەكات لە جێبەجێكردنی پابەندبوون بە گرێبەستەكە، سەرەڕای بە ئەنقەست ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم پڕۆژەكە و سەرپێچیكردنی رێنمایی و ئاراستەكانی دەستە و بڕگەكانی گرێبەستی مۆڵًەتپێدان".
لەبەرامبەردا و لە رونكردنەوەیەكدا كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم نیگەرانی خۆی لەو بڕیارەی  دەستەی راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق  نەدەبوو ئەو بڕیارەی بدایە كە بە زیانی هاوڵاتیانە، و ئەو بڕیارە بە ستەمكارو نادادپەروەر لەقەڵەمدەدا، راشی دەگەیەنێت كە چەندین جار روبەرووی ئەو جۆرە بڕیارانە بونەتەوە.

كۆڕەك تیلیكۆم
كۆرەك تیلیكۆم كۆمپانیایەكی هاوبەشی سنوردارە لە عێراقدا تۆماركراوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی GSM‌و ساڵی 2000 دەستی بە پێشەكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كرد سەرەتا تەنها لە هەرێمی كوردستان، پاشان لە 17ی ئابی ساڵی 2007  كۆڕەك یەكێك بوو لەو سێ كۆمپانیایەی كە مۆڵەتی كاركردنی سەرانسەری عێراقی پێدرا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی مۆبایل، بنكەی سەرەكی لە شارۆ1كەی پیرمامە.
سیروان بارزانی كوڕی سابیر مستەفا بارزانی، كە دامەزرێنەری كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمە ساڵی 1971 لە دایكبووە‌و جگە لە كاری بازرگانی، فەرماندەی سەربازییەو پلەی لیوای لە نێو هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیەو لەشەڕی دژ بە رێكخراوی داعش فەرماندەی میحوەری گوێر- مەخمور بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand