"مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەران نیە"

Draw Media

2019-03-25 21:24:02



درەو میدیا: 
هەواڵی بڕینی  موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە رەت دەكرێتەوەو " هیچ بڕینێك موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناگرێتەوە"
د. رێبوار كەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە درەو میدیای راگەیاند" پێویست بە ترس ناكات چونكە هیچ جۆرە بڕێنێك لە پارەی هەرێم لەلایەن بەغداوە موچەی فەرمانبەران ناگرێتەوەو ئەو موچەیەی فەرمانبەران ( 522 ملیار) دینارە جێگرە"
سەبارەت بە دەنگۆی بڵاوبونەوەی بڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكرد" لە لیژنەی دارایی پرسی گومرگەكانی هەرێم وروژێنراوە كە پێشتر رێكەوتنێكی 27 خاڵی لەسەركراوەو بەپێی رێكەوتنەكە هەرێم برێك پارەی گومرگەكان رادەستی بەغداد دەكات، بەڵام ئێستا ئەگەرێك هەیە هاوشێوەی نەوتەكە هەرێم پارەی گومرگیش رادەستنەكات، بۆیە بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و هەندێك لە هێزە سیاسیە عێراقیەكان لەگەڵ ئەوەن كە هێندەی زیانی ئەو بڕە پارەی گومرگەی هەرێم لە بەشە بودجەی هەرێم ببڕدرێت، بەڵام لە كۆتاییدا گەیشتونەتە ئەوەی كە بڕینی پارە لە بری گومرگی هەرێم نابێت لە موچەی فەرمانبەران ببڕدرێت و ئەگەر بشبڕدرێت ئەوا لە بەشە بودجەی هەرێم (12.67%)كە ببڕدرێت هاوشێوەی بڕینی بەشە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێم كە بەپێی بڕگەی( ج لە مادەی 10 یاسای بودجەی عێراق) لە كۆی بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت نەك لە موچە"
د. رێبوار كەریم "دڵنیاییدا كە بە هیچ شێوەیەك دەستكاری موچەی فەرمانبەران ناكرێت و لەو پارەیە نابڕدرێت خۆ ئەگەر بشبڕدرێت ئەوا لە پشكی بودجەی هەرێم دەبڕرێت نەك لە 522 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەران" 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand