Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد روئوف لەسەردانەكەی دۆناڵد ترەمپدا بۆ عێراق، ئەمریكییەكان هەوڵیاندا سیناریۆكەی ساڵی 2006ی جۆرج بۆشی سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەیان دووبارە بكەنەوە، واتە ویستیان لەناو خاكی عێراقدا سەرۆك‌و سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فڕۆكەی ئەمریكی ببەن بۆ دیداری ترەمپ، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی پشتی پەردەی سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق ئاشكرا دەكات. درەنگانێكی شەوی چوارشەممە میدیاكانی جیهان بەشێوەیەكی بەپەلە هەواڵی سەردانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكایان بۆ عێراق بڵاوكردەوە، سەردانێك كە پێشتر هیچ زانیارییەكی لەبارەوە رانەگەیەندرابوو. فڕۆكەكەی ترەمپ لە بەغدادی پایتەخت‌و لە ناوچەی سەوز نەنیشتەوە وەكو ئەوەی هەر هاوڵاتییەكی ئاسایی پێشبینی دەكات، بەڵكو لە بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد) لە خۆرئاوای شاری رومادی كەوتەسەر زەوی، ئەو بنكەیەی كە ساڵی 2006 جۆرج بوشی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا سەردانی كرد. میدیاكانی عێراق‌و هەندێك لە سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان وا بڵاویانكردەوە ترەمپ بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت هاتوەتە عێراق‌و سەروەری عێراقی پێشێلكردووە، ئەمە كاردانەوەی لە شەقامی عێراقی دروستكرد، ئەوەی وایكرد خەڵك زیاتر باوەڕ بەم چیرۆكە بكەن ئەوە بوو ترەمپ لەسەردانەكەیدا بۆ عێراق دیداری لەگەڵ هیچ بەرپرسێكی عێراقی نەكرد‌و دوای پیرۆزبایكردن لە سەربازانی وڵاتەكەی لە بنكەی (عەین ئەسەد) بەبۆنەی كرسمس‌و جەژنی سەری ساڵی نوێوە، بەبێدەنگی گەڕایەوە‌و عێراقی بەجێهێشت. دوای دوو رۆژ لەو سەردانە پڕكێشمەكێشەی ترەمپ بۆ عێراق، (درەو میدیا) بەدواداچونێكی نوێی كرد‌و لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای عێراقییەوە هەندێك زانیاری نوێی لەبارەی پشتی پەردەی ئەو سەردانە دەستكەوتووە. بەرپرسانی عێراقی ئاگاداركران ؟ بەگوێرەی ئەو زانیارییە نوێیانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، بەر لە هاتنی، دۆناڵد ترەمپ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە سەردانەكەی ئاگاداركردوەتەوە، ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانەی ئەو زانیارییە سەرەتاییانەیە كە باسیان لەوەدەكرد هیچ یەكێك لە بەرپرسانی عێراقی ئاگاداری سەردانەكە نەبوون. بەڵام تیمەكەی ترەمپ هەر لە سەرەتاوە سەرۆك‌و سەرۆك وەزیرانی عێراقیان ئاگاداركردووە لەوەی ئامانج لە گەشتەكەی ترەمپ بۆ عێراق سەردانكردنی سەربازانی ئەمریكییە نەك سەردانی فەرمی‌و دیداری سیاسی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی. دیدار لەگەڵ عەبدولمەهدی‌و ساڵح ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لە بەغداد دەستیكەتووە، سەرباری ئەوەی پێشتر تیمی سەرۆكی ئەمریكا سەرۆك‌و سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاگاداركردووە لەوەی سەردانەكەی ترەمپ بەمەبەستی بەسەركردنەوەی سەربازانی ئەمریكییە، بەڵام هاوكات باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد هەوڵیداوە لە پەراوێزی ئەو سەردانەی سەرۆكی وڵاتەكەیدا بۆ عێراق، دیدارێك بۆ هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵح لەگەڵ ترەمپدا رێكبخات. باڵیۆزی عێراق پێشنیازی بۆ عادل عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵح كردووە، هاوشێوەی سەردانەكەی ساڵی 2006ی جۆرج بوش كە سەردانی هەمان بنكەی (عەین ئەسەد) كرد‌و بە فڕۆكە ئەمریكی سەرۆك وەزیران‌و سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ئەوكاتیان برد بۆلای، ئەمانیش بە فڕۆكەیەكی سەربازی ئەمریكا بچن بۆ بنكەی عەین ئەسەد بۆ دیدار لەگەڵ ترەمپ. (درەو میدیا) زانیویەتی، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی بەپێی پێشنیازەكەی ئەمریكا لەگەڵ ترەمپ كۆببنەوە یاخود نا، عادل عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵح كۆبونەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاریانداوە بەوشێوەیە لەگەڵ ترەمپ دیدار نەكەن، چونكە كاردانەوەی خراپی لە شەقامی عێراقیدا دەبێت. مەرجەكان بۆ كۆبونەوە لەگەڵ ترەمپ ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئاماژە بەەوەدەكەن، دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵح رەتیانكردوەتەوە بە فڕۆكەی سەربازی ئەمریكا بچن بۆ بنكەی (عەین ئەسەد)، چەند پێشنیازێكی نوێیان خستوەتە بەردەم ئەمریكییەكان، پێشنیازی یەكەم ئەوە بووە دوایانكردووە ترەمپ خۆی سەردانی بەغداد بكات‌و لەگەڵ ئەواندا كۆببێتەوە، ئەمریكییەكان ئەم پێشنیازەیان رەتكردوەتەوە، پاشان سەرۆك‌و سەرۆك وەزیرانی عێراق رازی بوون بەوەی لە بنكە ئاسمانییەكە لەگەڵ ترەمپ كۆببنەوە، بەڵام بەمەرجێك بە فڕۆكەی تایبەتی عێراقی بچنە ناو بنكەكەوە‌و كۆبونەوەی فەرمی لەگەڵ ترەمپدا بكەن‌و پرۆتۆكۆڵی سەربازی دیدارەكەش لەلایەن سەربازانی عێراقی‌و بە ئاڵای عێراقەوە نمایش بكرێت، ئەمریكییەكان رازی دەبن بەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵح بە فڕۆكەی عێراقی بچنە ناو بنكە سەربازییەكەوە، بەڵام رازی نابن بەوەی سەربازانی عێراقی پرۆتۆكۆڵی دیدارەكە بكەن. ئەمریكییەكان هەوڵەكانیان چڕدەكەنەوە بۆ قایلكردنی عادل عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵح، لەوچوارچێوەیەشدا شوێنی تایبەت بەدیدارەكە ئامادە دەكرێت‌و ئاڵای عێراق‌و ئەمریكای تێدا دادەنرێت، جارێكی تر عادل عەبدولمەهدی‌و بەرهەم ساڵح پێكەوە گفتوگۆ دەكەنەوە‌و دیسان رازی نابن بەبێ ئەنجامدانی پرۆتۆكۆڵی سەربازی لەلایەن سەربازانی عێراقییەوە دیدار لەگەڵ ترەمپدا بكەن، بەوهۆیەوە هەوڵەكان شكستدەهێنن. تەنیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی! دوای كۆتایهاتنی هەوڵەكان بۆ سازدانی دیدار لەنێوان بەرپرسانی عێراقی‌و دۆناڵد ترەمپ لە سەربازگەیەكدا، ترەمپ لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی دەكات‌و ئاگاداری دەكات لەوەی كە بەهۆی كەمی كات‌و نەبوونی پرۆتۆكۆڵەوە ناتوانێت سەردانی بەغداد بكات‌و داوا لە عەبدولمەهدی دەكات سەردانی واشنتۆن بكات‌و لەوێ دیدار بكەن. ترەمپ‌و سەروەری عێراق زۆرێك لە بەرپرسانی عێراقی نیگەرانییان لە سەردانەكەی ترەمپ بەوشێوەیە بۆ عێراق دەربڕی، هەندێك تۆمەتباریان كرد بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق، ترەمپ خۆشی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی بەوجۆرە سەردانی عێراقی كردووە، هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ خراپی بارودۆخی ئەمنی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە لەكاتێكدایە ترەمپ پێشتر بەهەمان شێوە سەردانی سەربازانی وڵاتەكەی كرد لە ئوردن‌و لەوێ هیچ بەرپرسێكی ئوردنی نەبینی، لە گەڕانەوەشیدا لە عێراق، سەردانی ئەڵمانیای كرد‌و لەوێ جگە لە بەسەركردنەوەی سەربازانی وڵاتەكەی هیچ دیدارێكی سیاسی نەكرد‌و ئەڵمانییەكانیش تۆمەتباریان نەكرد بەوەی سەروەری وڵاتەكەیان پێشێلكردووە. ئەو دیدارەی كە نەكرا ! رۆژنامەنوسێكی عێراقی بەناوی (رافید جبوری) كە لە كەناڵی (BBC)ی بەریتانی كاردەكات، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی ئەو شوێنەی بڵاوكردەوە كە ئەمریكییەكان لەناو سەربازگەی (عەین ئەسەد)دا ئامادەیان كردووە بۆ دیداری عادل عەبدولممەهدی‌و بەرهەم ساڵح لەگەڵ ترەمپدا، ئەو دیدارەی كە هەرگیز روینەدا. رۆژنامەنوسەكە دەڵێ" لە چوارچێوەی گەڕانمدا بەدوای راستییەكان، وێنەی ئەو شوێنەم لە چەند سەرچاوەیەكەوە كە باوەڕم پێیانە دەستكەوتووە، كە لایەنی ئەمریكی ئامادەی كردووە بۆ دیداری عاددل عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا". رافید جبوری ئاماژە بەوەدەكات، ئەو شوێنەی كە بۆ دیداری عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا ئامادەكراوە، خێوەتێكە كە سەربازانی ئەمریكی تێدایە، ئەمەش پێچەوانەی رێككەوتنەكەی نێوان هەردوولایە. بەپێی قسەی جبوری، لایەنی عێراقی رێوشوێنی گرتوەتەبەر بۆ ئەوەی مەراسیمی پێشوازیكردن لە سەرۆكی ئەمریكا‌و كۆبونەوە لەگەڵیدا لە بارەگای فەرماندەیی بنكە سەربازییەكە بەگوێرەی پرۆتۆكۆڵی عێراقی بەڕێوەبچێت، بەڵام ناكۆكی لەبارەی شوێن‌و مەراسیمەكەوە وایكردووە عەبدولمەهدی لەگەڵ ترەمپدا كۆنەبێتەوە‌و تەنیا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پێكەوە قسە بكەن.


( درەو میدیا): لەسەر داوای یەكینەكانی پاراستی گەل  " یەپەگە" هێزەكانی حكومەتی سوریا چوونە ناوچەی مەنبەج و ئاڵای سوریایان تێدا هەڵكرد. فەرماندەیی گشتی سوپای سوریا لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵەكانی سوریا " سانا" بڵاویكردوەتەوە رایگەیاند چەند یەكەیەكی سەربازی سوریا چوونە ناوچەی مەنبەج لە ریفی حەڵەب. فەرماندەیی گشتی سوپای سوریا لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت:" لە سۆنگەی پابەندی تەواوەتی سوپا و هێزە چەكدارەكانی  سوریا بە بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەكانی بۆ سەپاندنی سەروەری دەوڵەت  بەسەر هەموو بستە خاكێكی كۆمار سوریای عەرەبی و وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بانگەواززی خەڵكی ناوچەی مەنبەج، فەرماندەیی گشتی سوپا و هێزە چەكدارەكان رایدەگەیەنمێت كە چەند یەكەیەكی سوپا چونەتە مەنبەج و ئاڵای كۆماری سوریای عەرەبییان هەڵكردووە تێیدا". روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش رایگەیاند سوپای سوریا لە چواردەوری مەنبەج جێگیربووە  لەو ناوچانەی كە دەكەونە نێوان مەنبەج و چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا كە توركیا پشتیوانیان لێدەكات. یەپەگە هێزەكانی لە مەنبەج كشاندوەتەوە شاری مەنبەج ساڵی 2016 لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات" هەسەدە" ەوە لە چەكدارانی " داعش" پاككرایەوە و لەوكاتەوە شارەكە لەلایەن ئەنجومەنی سەربازی مەنبەجەوە كۆنترۆڵكراوەو دوای بڕیارە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لە بەیاننامەیەكدا داوای لە حكومەتی سوریا كرد بە ئەركی سەرشانی هەستێت و هێز رەوانەی مەنبەج بكات بۆئەوەی لە هەڕەشەكانی توركیا بیپارێزێت. یەپەگە لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت:" بەهۆی هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر بۆ داگیركردنی هەرێمی باكوری سووریا و كۆچبەركردنی گەلەكەی كە بەهەمان شێوە لە جەرابلوس، عەزاز، باب و عەفرین كردی، ئێمە وەك یەكینەكانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنین كە دوای ئەوەی هێزەكانمان لە مەنبەج كشاندەوە، هەموو هێزەكانی خۆمان لە چێوەی شەڕی دژ بە داعشدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات جێگیر كرد. بۆیە داوا لە حكومەتی سوریا دەكەین كە؛ ئێمەش بەشێكین لە خاك، نەتەوە و سنورەكانی، با هێزەكانی خۆی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو شوێن و ناوچانەی مەنبەج بنێرێت و هەرێمەكە لە دژی هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركی داگیركەر بپارێزێت". ئەردۆغان بە گومانە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە راگەیەندنەكەی سوپای سوریا بە گومانە و رایدەگەیەنێت كە هێزەكانی ئەسەد جەنگێكی دەروونیان  لە مەنبەج دەستپێكردووە و بە گوێرەی هەواڵگری توركیا و بەرپرسانی روسیا تا ئێستا پشتڕاستنەكراوەتەوە.  


نوسینی: ئیلن فرەنسیس/ رۆیتەرز وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ دوای ئەوەی ئەمریكا نائومێدی كردن، ئێستا سەركردەكانی رۆژئاوای كوردستان داوا لە روسیا و ئەسەد دەكەن بیانپارێزێت. سەركردە كوردەكان كە زۆرینەی باكوری سوریایان لەژێردەستدایە و لە بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە ناوچەكە ناوئومێد و نیگەران بوون، روسیا و سوریای هاوپەیمانی هاندەدەن، هێز رەوانەی سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان بكەن بۆ پارێزگاریكردنی لە مەترسی هێرشی توركیا. ئەم بانگەوازەی كوردەكان، بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریا بۆ سنورەكان كە چەند ساڵێكە لەژێر دەستی خۆیاندایە، قوڵی ئەو قەیرانە نیشاندەدات كە دوای بڕیارە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی تێیكەوتوون. هەرچەندە تائێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە ناوچەكە رووینەداوە و هێشتا هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەن و ترەمپ دەڵێت " پاشەكشێكە بە هێواشی بەڕێوەدەچێت"، بەرپرسە كوردەكان بە خێرایی بەدوای ستراتیژێكی نوێدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی ناوچەكەیان لە توركیا پێش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. سەركردایەتی كورد هەوڵەكانی خۆی زیاتر لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و مۆسكۆدا چڕكردوەتەوە و خراپترین ئەگەریش كە لێی دەترسێت دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هێرشی سەر عەفرینە، كە ئەمساڵ توركیا ئەنجامیدا و بەهۆیەوە دانیشتوانی ناوچەكە و شەڕڤانانی یەپەگە ناچاربوون ناوچەكە چۆڵبكەن. هاوكات سەركردە كوردەكان هەوڵدەدەن وڵاتانی تری خۆرئاوا قایل بكەن كە بۆشایی ئەو 2000 سەربازەی ئەمریكا پڕبكەنەوە كە جێگیربوونیان لە باكور و خۆرهەڵاتی سوریا تائێستا بەربەستێك بووە لەبەردەم هێرشی توركیادا. ئەو ناوچەیەی كە رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە چارەكێكی روبەری سوریا پێكدەهێنێت و زۆرینەی دەكەوێتە خۆرهەڵاتی رووباری فورات و هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هاوپەیمانێتییەكە و یەكینەكانی پاراستنی گەل ( یەپەگە) هەژمونی تێدا هەیە، كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیەی كردووە، ناوچەكە دەكەوێتە سنوری خۆرهەڵاتی عێراق و سێ‌ شاری سەرەكی لەخۆدەگرێت كە ئەوانیش قامیشلۆ، حەسەكە و رەققەن. هێزەكانی سوریای دیموكرات، تاكە لایەنی سوریا بوون كە لە شەڕ دژ بە " داعش" هاوپەیمانی واشنتۆن بوون" بەڵام توركیا یەپەگە كە بڕبڕەی پشتی ئەو هێزەیە وەك هەڕەشەیەك تەماشادەكات و بەڵێنیداوە لەناویان بەرێت. ئاڵدار خەلیل، سیاسەتمەداری دیاری كورد بە " رۆیتەرز"ی راگەیاند كە بەرپرسانی باكوری سوریا هەفتەی رابردوو سەردانی مۆسكۆیان كردووە و بەمزوانەش سەردانی تر دەكەن، بەهیوای ئەوەی روسیا فشاربخاتە سەر دیمەشق بۆئەوەی بە " ئەركی سیادیی" خۆی هەستێت. خەلیل كە پلانی حكومی خۆبەڕێوەبەریی لە باكوری سوریا داناوە وتی:" پەیوەندییەكانمان لەگەڵ روسیا و رژێم بۆ دۆزینەوەی رێوشوێنی روون و ئاشكرایە بۆ پاراستنی سنورەكانی باكور و بۆئەوەی سوریا ئەركی سیادی خۆی جێبەجێبكات، دەمانەوێت روسیا رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە گۆڕانكارییەكان بۆئەوەی ئاسایش و سەقامگیری بەدەستبێت". هەڕەشەی "دەوڵەتی ئیسلامی" بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا كە بە هاوكاری هاوپەیمانە ئێرانی و روسەكانی زۆربەی سوریای لەژێر دەستدایە، هەوڵدەدات ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنترۆڵ بكاتەوە، ئەو ناوچەی كە دەوڵەمەندە بە نەوت و ئاو و زەوی كشتوكاڵی بەپیت بە گرنگ دادەنێت بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سوریا. سەرەڕای ئەوەی كە ئەو دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییەی كە كوردەكان دەیانەوێت بە ئاشكرا دژی خواستی دیمەشقە، بەڵام هێزە كوردییەكان تا ئاستێكی باش خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتدا بەدوورگرتووە لە میانی جەنگی سوریادا، و هەتا لە هەندێك كاتدا شەڕیان دژی یەك دوژمنی هاوبەش كردووە و هەردوولا ئەم هاوینە دانوستانی سیاسییان ئەنجامداو هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە، بەڵام ئێستا كە بەهۆی جوڵەكانی ترەمپەوە پێگەی دانوستانیان لاواز بووە، دەسەڵاتدارانی كورد لەگەڵ كاتدا لە پێشبڕێكدان بۆئەوەی رێككەوتنێك بكەن لەم كاتەدا كە هەڕەشەكانی  توركیا بۆ هێرشكردنە سەر خۆرهەڵاتی فورات لە ئارادایە. توركیا "یەپەگە" بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان دادەنێت كە 34 ساڵە لە باشووری خۆرهەڵاتی توركیا " كوردستانی باكور - وەرگێڕ" شەڕی بەرپاكردووە، هەروەها ئەنكەرە پشتیوانی لە گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا دەكات بۆئەوەی لە شەڕی دژ بە "یەپەگە" هاوكاری بكەن. لەترسی ئەوەی كە راگەیاندنەكەی ئەمریكا رێگا بۆ هێرشی توركیا دەكاتەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات هۆشداری ئەوەیدا كە هێشتا مەترسی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش" بەردەوامە و هەروەها وڵاتانی ئەوروپاش هۆشداریاندا لەوەی كە توندڕەوەكانی " داعش" كە ئێستا لە زیندانەكانی هەسەدەدان لەوانەیە بتوانن هەڵبێن و لە وڵاتەكانیان هێرش بكەن. بەدران چیاكورد، یەكێك لەو بەرپرسە كوردانەی هەفتەی رابردوو سەردانی مۆسكۆی كرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ روسیا وتی:" چەند بژاردەیەك تاوتوێدەكەین بۆ دوورخستنەوەی هێرشی توركیا بۆسەر ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا... پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیا و فەرەنسا و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەیە بۆئەوەی هاوكاری ئیداری خۆسەری دیموكراتی بكەن". چیاكورد بە "رۆیتەرز"ی وت:" ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بەشێكە لە سوریا و پاراستنی سنورەكانی ئەو ناوچانە ئەركی دەوڵەتی سوریایە و هەروەها تاوتوێی ئەو بژاردەیەش دەكەین". چارەسەری سیاسیی لە دواهێرشی ئەمساڵی توركیا بۆسەر عەفرین، هێزەكانی سوریای دیموكرات هەستیان بەوەكرد كە روسیا پشتی تێكردون، دوای ئەوەی كە باوەڕیان وابوو کە گەرەنتیان بەدەستهێناوە بۆئەوەی توركیا هێرش نەكاتە سەر ناوچەكە . چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كە لەلایەن توركیاوە پشتگیری دەكرێت دەڵێن خۆیان بۆ هێرشی داهاتوو ئامادەدەكەن و ئامانجی یەكەمیان شاری مەنبەجە كە دەكەوێتە سنوری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان. شەڕڤان دەروێش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج كە هاوپەیمانی هێزەكانی سوریا دیموكراتە و مەنبەج لەژێر دەسەڵاتیاندایە دەڵێت هێزەكانی ئەمریكا هێشتا جموجوڵەكانیان لە نزیك مەنبەج بەردەوامە و هیچ شتێك نەگۆڕاوە، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنەكە حكومەتی سوریا و روسیا رۆژی سێشەممە هێزیان بۆ نزیك شارەكە رەوانەكردووە. هاوكات ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات كە ئەمساڵ دانوستانی لەگەڵ دیمەشقدا كردوە رایدەگەیەنێت كە پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتدا هەرگیز رانەگیراون. ئیلهام ئەحمەد لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هۆزەكانی رەققە رۆژی چوارشەممە وتی:" ئێستا ئێمە لە قۆناغی دەستپێكردنی دەستپێشخەرییەكی نوێداین، بەردەوام دەبین لەسەری و بە هەموو رێگایەك هەوڵدەدەین فشار بخەینە سەر رژێم بۆئەوەی پرۆسەی چارەسەری سیاسی دەستپێبكات بە جۆرێك پارێزگاری لە كەرامەتی هاوڵاتی سوریا بكەین و پرۆسەی سیاسی راستەقینە لە چوارچێوەی پرۆژەی دیموكراتنی بۆ سوریایەكی لامەركەزی بەدیبێنێت".  


نوسینی: حوسام ئیبراهیم/ سایتی: ناوەندی توێژینەی موستەقبەلی ئیماراتی     وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ       پرسی لەسەركارلابردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستەكەی لە ماوەی رابردوو نێوندە نێوخۆییەكانی ئەو وڵاتەی سەرقاڵكردووە، هەرچەندە پرسەكە ماوەیەكە وروژێنراوە، بەڵام مشتومڕ دەربارەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە كورسی سەرۆكایەتی لە سایەی پێشهاتەكانی ئەمدواییەدا بایەخی زیاتری وەرگرت، بە تایبەتی لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی " مۆلەر" و سەركەوتنی دیموكراتەكان بە كۆنترۆڵكردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی ئەنجومەندا كە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو بەڕێوەچوو. ئەم بەرەوپێشچوونانە رەنگە ببنە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی یاسایی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی لە ساڵی 2019دا، سەرەڕای ئەوەی ئەم رێوشوێنانە بە فیعلی نابنە هۆی لەسەركارلابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی، چونكە سیناریۆ چاوەڕوەنكراوەنی دوورخستنەوەی ترەمپ لەو هەوڵانە ناچێتەدەر كە بۆ لەسەركارلابردنی سێ‌ سەرۆكی ئەمریكا لە رابردوودا دراون، " ئەندرۆ جۆنسۆن" ساڵی 1868، " ریچارد نیكسۆن" ساڵی 1974 ، " بیڵ كلینتۆن" لە ساڵی 1998.  رووداوەكانی ساڵی 2018 چەند روودا و گۆڕانكارییەك لە ساڵی 2018دا روویاندا, بە تایبەتی لە مانگەكانی كۆتاییدا كە رەنگە ببنە خاڵی دەستپێكی پرۆسەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەكەی لە ساڵی 2019دا، ئەو رووداوانەش بریتی بوون لە: 1- لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەی مۆلەر: لە 17ی ئایاری 2017 وەزارەتی دادی ئەمریكا لیژنەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2016 پێكهێنا كە ترەمپی گەیاندە كۆشی سپی و ئەو لیژنەیە كە بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەڵبژاردنەكە دەكات تا سەرەتای ساڵی 2019 زیاتر لە ساڵ و نیوێك بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەشدا  لیژنەكە چەندین لێكۆڵینەوەی كردووە و بووەتە هۆی تاوانباركردنی چەندین كەسی تیمی هەڵمەتی بانگەشەی سەرۆكایەتی ترەمپ و دواهەمین گۆڕانكاری لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەش كە لە نیوەی یەكەمی مانگی دیسەمبەری 2018 رویدا تاوانباركردنی پارێزەكەی ترەمپ و بەڕێوەبەری هەڵمەتەكەی بوو بە تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكان, پاشان لیژنەكە دەستیكرد بە لێكۆڵینەوە دەربارەی كارەكانی لیژنەی رێوڕەسمی دانانی " ترەمپ" لە پۆستی سەرۆكایەتی و پرسیاری ئەوە دروست بووە چۆن ئەو لیژنەیە پارەی كۆكردوەتەوە و بودجەی رێورەسمی دەستبەكاربوونی ترەمپی پێ دابینكراوە؟, هەروەها لێكۆڵینەوە دەكات لە چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە و ئەگەری بوونی پێشێلكاری یاسایی تێیدا. 2- ئەنجامی هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەی كۆنگرێس: ئەم هەڵبژاردنە مانگی نۆڤبەری 2018 بەڕێوەچوو، تێیدا دیموكراتەكان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا كۆمارییەكانی ( پارتەكەی سەرۆك) زۆرینەی خۆیان لە ئەنجومەنی پیران پاراست و لەگەڵ دەستپێكردنی خولی نوێی یاسادانانی كۆنگرێسی ئەمریكا لە 3ی كانونی دووەمی 2019، ئیتر دیموكراتەكان دەتوانن جموجوڵ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكانی بۆ لەسەركارلابردنی سەرۆك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبكەن و گەرەنتی ئەوە بكەن كە سەركەوتووبن لە بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ ئاراستەكردنی تۆمەتی پێشێلكردنی یاساكان و دەستور. 3- هەڵوێستی ناوخۆیی دەربارەی لەسەركارلابردنی ترەمپ: سەرەڕای ئەو جەماوەرێتییەی ترەمپ لە چەند ناوەندێكی ئەمریكی هەیەتی، بەڵام هەڵوێستی دەستەبژێری رۆشنبیر و میدیاكان رەهەندێكی گرنگی مشتومڕی دوورخستنەوەی ترەمپ پێكدەهێنن، میدیای ئەمریكی بەشێوەیەكی بەردەوام كاردەكات بۆ دەرخستنی نەرێنییەكانی ترەمپ و هەوڵدەدات رای گشتی لە دژی هانبدات و بابەتی لەسەركارلابردنی ترەمپ بووەتە بەشێكی سەرەكی ئەو پرسانەی كە میدیای ئەمریكی گفتوگۆیان لە بارەیەوە دەكات و دەیانوروژێنێت، جگە لەوەش جوڵەیەكی جەماوەریی سنوردار هەیە بۆئەوەی هانی كۆنگرێس بدات سەرۆك لە پۆستەكەی لابدات ئەم جوڵەیەش خۆی لە بزوتنەوەی " Need to Impeach " دا دەبینێتەوە كە لە ئۆكتۆبەری 2017 دامەزرێنرا و هەوڵدەدات هاوڵاتیانی ئەمریكا هانبدات، تا گوشار بخەنە سەر نوێنەرەكانیان لە كۆنگرێس بۆئەوەی رێوشوێنی لەسەركارلابردنی ترەمپ دەستپێبكەن و ئەو بزوتنەوەیە یاداشتێكی داواكاری بۆ لەسەركارلابردنی ترەمپ لەسەر سایتی ئەلیكترۆنیی خۆی داناوە و تائێستا زیاتر لە شەش ملیۆن هاوڵاتی ئەمریكی ئیمزایان كردووە. رێوشوێنە یاساییەكانی پرۆسەی لەسەركارلابردن چەمكی " Impeachment " لە رۆشنبیری سیاسی ئەمریكیدا ئاماژە بۆ چەند رێوشوێنێك دەكات كە لە رێگەیانەوە سەرۆك لە پۆستەكەی لادەبرێت، ئەوەش پرۆسەیەكی دوورودرێژەو لەناو كۆنگرێسدا بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی چەند هەنگاوێك دەكرێت كە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەوەش واتای ئەوە ناگەیەنێت كە بە جێبەجێكردنی ئەو رێوشوێنانە سەرۆك لە پۆستەكەی لادەبرێت, دەكرێت رێوشوێنەكان جێبەجێبكرێن، بەڵام ئەنجامی كۆتایی نەگاتە بڕیاری لەسەركارلابردنی سەرۆك و دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی. دەستوری ئەمریكا چوارچێوە گشتییەكانی رێوشوێنەكانی لەسەركارلابردنی سەرۆكی دیاریكردووە و ئەوەش لە مادەی یەكەمیدا كە دەچێتە دەسەڵاتەكانی كۆنگرێس و لە مادەی دووەمیشدا كە باس لە سەرۆك و دەسەڵاتەكانی دەكات و بە پشت بەستن بەو دوو مادەیە رێوشوێنەكانی لابردنی سەرۆك لە پۆستەكەی بە دوو قۆناغ دەبێت بەمشێوەی خوارەوە: 1- قۆناغی یەكەم: ئەم قۆناغە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنەكە دەستدەكات بە رێوشوێنی لێكۆڵینەوە و تۆمەتباركردنی سەرۆك بە ئەنجامدانی ئەو كاراتەی كە پێویست دەكات لە پۆستەكەی لاببرێت، دەستور ئەو كارانەی دیاریكردووە كە لابردنی سەرۆك پێویست دەكەن, بریتین لە: خیانەت، وەرگرتنی بەرتیل، ئەنجامدانی تاوان یان پێشێلكردنی ئاكاریی كە لەو جۆرە بێت مەترسی لێبكەوێتەوە.  دوای رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوە دەنگ لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك دەدرێت و ئەم تۆمەتباركردنەش پێویستی بە زۆرینەی سادەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پاشان پرۆسەكە دەچێتە قۆناغی دووەم. 2- قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە لەناو ئەنجومەنی پیراندا بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنەكە بە رەسمی سەرۆك دادگاییدەكات، و ئەندامانی ئەنجومەن رۆڵی دەستەی دادوەریی دەگێڕن و سەرۆكی دادوەرانی دادگای باڵای دەستوری سەرپەرشتی پرۆسەی دادگاییكردنی سەرۆك دەكات هەتا ئەو كاتەی بەفیعلی لەسەر كارلادەبرێت، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران راستی و دروستی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەرۆك كراون پەسەند بكەن، لە كاتێ:دا ئەگەر رەزامەندی دوولەسەر سێی ئەندامەكان بەدەستنەهات، ئەوا بەواتای ئەوە دێت كە سازان " تەوافق" نیە لەسەر تۆمەتباركردنی سەرۆك بەو كارانەی كە پێویستن بۆ لابردنی و بەوەش سەرۆك لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت بەبێ‌ رەچاوكردنی هەموو ئەو رێوشوێنانەی بۆ لەسەركارلابردنی گیراونەتەبەر. سێ‌ سیناریۆ بۆ لابردنی ترەمپ: لە ئەگەری ئەوەی كە لیژنەكەی مۆلەر لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2019 كارەكانی تەواودەكات و لە راپۆرتی كۆتاییدا جەختدەكاتەوە كە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ یان خودی خۆی پێشێلكاریی كردووە و لەگەڵ ئەگەری جوڵەی دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی لەسەركارلابردنی سەرۆك، ئەوا رێوشوێنەكانی پرۆسەی لەسەركارلابردنەكە بە فیعلی دەستپێدەكات و لە سێ‌ سیناریۆی دوورخستنەوەی سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا دەرناچێت كە بەمشێوەیە بوو: 1- سیناریۆی " ئەندرۆ جۆنسۆن": رێوشوێنەكانی لەسەركارلابردنی سەرۆك ئەندرۆ جۆنسۆن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە مارسی 1868 دەستیپێكرد, كاتێك ئەنجومەنەكە لیستێكی تۆمەتی 11 مادەیی دژی جۆنسۆن پەسەندكرد و كە دامەزراندنی نادەستوریی و خراپ بەكارهێنانی دارایی فیدراڵی  و پێشێلكردنی یاسای فیدراڵی و كەمكردنەوەی رێزی كۆنگرێسی لەخۆگرتبوو، بەڵام ئەنجومەنەكە لیستەكەی پەسەندنەكرد و ئەنجامی دەنگدان بەمشێوەیە بوو: 35 سیناتۆر دەنگیان بۆدا و 19 سیناتۆریش دژی بوون و ئەنجامەكەش دەنگێكی كەمتر بوو لە دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، ئەگەری ئەوە هەیە كە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران لیستێك بۆ تۆمەتباركردنی ترەمپ پێشكەشبكەن و پێشبینیدەكرێت كە لیستی تۆمەتەكان نزیك بن لە پرۆژە بڕیاری 621 كە سیناتۆر " سیتڤ كوهین" رۆژی 15ی نۆڤەمبەری 2017 پێشكەششی ئەنجومەنی نویچنەرانی كردن كە پرۆژە بڕیاری ژمارە H.Res.621 بوو بۆ لەسەركارلابردنی ترەمپ بە تۆمەتی ئەنجامدانی  تاوانی گەورە و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، ئەو برشیارە تائێستا لە لیژنەی دادوەریی ئەنجومەنی نوێنەران نەهاتوەتە دەرەوە، لە پرۆژە بڕیارەكەدا كە پێشبینیدەكرێت بكرێتە لیستی تۆمەتباركردنی ترەمپ، تۆمەتی تەگەرەخستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی كەسیی، ئەنجامدانی پێشێلكاریی یاسایی, پێشێلكردنی دەستوری ئەمریكی لەخۆگرتووە، بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە پێشبینی ناكرێت ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكان پەسەندبكات. 2- سیناریۆی "ریچارد نیكسۆن": ئەنجومەنی نوێنەران یۆلیۆی 1975 دەستیكرد بە رێوشوێنەكانی تۆمەتباركردنی سەرۆك بەهۆی كەیسی وۆتەرگەیتەوە و سێ‌ بەندی لەخۆگرتووە: تەگەرەخستەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریین خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بێ رێزیكردن بە كۆنگرێس، بەڵام سەرۆك نیكسۆن بڕیاریدا دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە و بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە، رەنگە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران جوڵەیكرد لەدژی، ترەمپ خۆی بڕیاری دەستلەكاركێشانەوە بدات. 3- سیناریۆی "بیڵ كلینتۆن": رێوشوێنەكانی پرۆسەی لەسەركابردنی سەرۆك كلینتۆن بە تەواوی جێبەجێكران، ئەنجومەنی نوێنەران لیستی تۆمەتەكانی دژ بە كلینتۆنی پەسەندكرد كە سوێندشكاندن و تەگەرە خستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری لە خۆگرتبوو، ئەوەش لە چوارشێوەی كەیسی " مۆنیكا لوینسكیدا" بوو، دوای ئەوە رێوشوێنی دادگاییكردنی لە ئەنجومەنی پیران لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستیپێكرد، بەڵام بۆ دەنگدان لەسەری نیسابی یاسایی بەدەستنەهات كە بریتییە لە دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەن و ئەنجامی دەنگدان لەسەر سوێندشكاندن 45 دەنگ بەرامبەر بە 55 دەنگی دژ بوو، بۆ پەسەندكردنی پێویستی بە 67 دەنگ بوو، بەڵام ئەنجامی دەنگدان لەسەر تۆمەتی تەگەرەخستنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریی 50 بە 50 بوو. بە گوێرەی ئەم سیناریۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجومەنی نوێنەران كە دیموكراتەكان زۆرینەن تێیدا لیستی تۆمەت دژی ترەمپ پێشكەش بكات و پەسەندیشی بكات و پاشان دەچێتە ئەنجومەنی پیران كە كۆمارییەكان زۆرینەن تێیدا، لەم حاڵەتدا پێشبیندەكرێت تۆمەتباركردنی ترەمپ دەنگ نەهێنێت، چونكە تۆمەتباركردنەكە پێویستی بە دەنگی دوولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران دەبێت. بە كورتی پێدەچێت ساڵی 2019 رێوشوێنە یاساییەكانی لەسەركارلابردنی ترەمپ لە پۆستەكەی ئەنجامبدرێن، بەڵام ئەو رێوشوێنانە ئەگەر بە فیعلی دەستپێبكەن، پێشبینی ناكرێت ببنە هۆی دوورخستنەوەی ترەمپ، چونكە لە حاڵەتێكدا ئەگەر دیموكراتەكان هەنگاوی تۆمەتباركردنی ترەمپ بنێن، ئەنجومەنەكە پەسەندیدەكات، بەڵام كاتێك دەچێتە ئەنجومەنی پیران، ئەوا رەتدەكرێتەوە، وەك ئەوەی لە رێوشوێنەكانی دوورخستتنەوەی كلینتۆندا روویدا و سەرەڕای رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی پیران تۆمەتباركردنی سەرۆكی رەتكردەوە و بەوەش رێوشوێنە یاساییەكانی لابردنی سەرۆك شكستیهێنا.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی نهێنی گەیشتە عێراق‌و بەبۆنەی كرسمس‌و هاتنی ساڵی نوێوە لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی كۆبوەوە. هاتنی ترەمپ بەمشێوەیە‌و بەبێ ئاگاداركردنی پێشوەختەی بەرپرسانی بەغداد، لە شەقام‌و ناوەندی سیاسی عێراقی كاردانەوەی لێكەوتەوە.  حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق‌و سەرۆكی ئیئتیلافی نەسر سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپی بەوشێوە نهێنییە رەتكردەوە. عەبادی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ئەو شێوازە سەردانكردنەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ نەریتە دیپلۆماسییەكاندا ناگونجێت.. مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق‌و سەروەرییەكەی بەوشێوەیە، زیان بە پەیوەندییەكانی عێراق‌و ئەمریكا دەگەیەنێت". سەردانی ترەمپ بۆ عێراق هێندە نهێنی بوو، نەك نەیارەكان، بەڵكو دۆستەكانی ئەمریكاش نەیانزانی، بەدیاریكراویش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق.  تەنانەت ترەمپ خۆشی نیگەران بوو لەوەی بەو جۆرە سەردانی عێراقی كرد، دوای گەڕانەوەی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" زۆر مایەی نیگەرانییە كاتێك حەوت ترلیۆن دۆلار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرج دەكەیت، بەڵام رۆشتن بۆ ئەو ناوچەیە ئەو هەموو نهێنییەی دەوێت‌و پێویستی بەوە هەیە ژمارەیەكی زۆر فڕۆكە‌و ئامێر لە دەوروبەرت بن‌و هەموو شتێك بكەیت لە پێناو ئەوەی بەسەلامەتی بگەیتە ناوچەكە".  كشانەوە لە سوریا ترەمپ لە دیداریدا سەربازانی وڵاتەكەی، جارێكی تر بەرگری لە بڕیارەكەی كرد بۆ كشاندنەوەی هێزی سەربازی ئەمریكا لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان)‌و وتی:" ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناتوانێت بەتەنیا رۆڵی پۆلیسی جیهان بگێڕێت". ئەم سەردانە سێ كاتژمێرییەی ترەمپ بۆ عێراق، كە لەژێر رێوشوێنێكی ئەمنی توندوتۆڵدا بەڕێوەچوو، دوای هەفتەیەك دێت لە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بڕیارێك كە رەخنەی زۆری لێگیرا‌و بەهۆیەوە دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپ (برێت مەكگۆرك‌و جیمس ماتێس) دەستیان لەكاركێشایەوە. ترەمپ لەبەردەم نزیكەی 100 كەس لە سەربازانی وڵاتەكەی لەبارەی بڕیاری كشانەوە لە سوریا وتی:" زۆر كەسی تر بەو ئەنجامە دەگەن كە من پێیگەیشتووم.. چەندجارێك لەسەر داوای ژەنەڕاڵەكان وادەی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانم درێژكردەوە، ئەوان دووبارە جارێكی تر وتیان ئایا دەكرێت مۆڵەتێكی تر بە ئێمە بدرێت، وتم. نەخێر ناكرێت مۆڵەتی تر بە ئێوە بدرێت، بەئاستی پێویست مۆڵەتتان پێدراوە". ئەمریكا لە عێراق دەمێنێتەوە؟ ترەمپ لە بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی كۆبوەوە، ئەو لە دیدارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد بەنیاز نین هێزەكانیان لە عێراق بكێشنەوە. ترەمپ وتی:" ئەگەر پێویستی كرد لە سوریا كارێك بكەین دەتوانین سود لە بنكەكانمان لە عێراق وەرگرین". لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" نزیكەی (5 هەزار) سەربازی ئەمریكی یارمەتی هێزە عێراقییەكانیاندا. لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆك، ئەمە یەكەمجارە دۆناڵد ترەمپ سەردانی هێزی سەربازی وڵاتەكەی بكات لە ناوچەیەكی جەنگی، رەتكردنەوەی سەردانكردنی هێزە سەربازییەكان لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا رەخنەی زۆری روبەڕووی ترەمپ كردوەتەوە. دیدار لەگەڵ عەبدولمەهدی سارا ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند، دیداری نێوان ترەمپ‌و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هۆكاری ئەمنیەتی‌و لۆجستی هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بەتەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەكتر كردووە. بەپێی قسەی خاتوو ساندەرز، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ترەمپ دوای لە عەبدولمەهدی كردووە سەردانی واشنتۆن بكات‌و عەبدولمەهدی بانگهێشتەكەی قبوڵ كردووە. ترەمپ كە لەگەڵ میلانیای هاوسەری سەردانی عێراقی كرد، لەرێگەی گەڕانەوەیدا بۆ ئەمریكا، سەردانی ئەڵمانیای كرد‌و لەگەڵ سەربازانی وڵاتەكەی لەوێ كۆبوەوە. ئەو شوێنەی ترەمپ سەردانی كرد؟ بنكەی (عەین ئەسەد) كە ترەمپ سەردانی كرد، دەكەوێتە دوری 108 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای شاری رومادی، بەر لە ساڵی 2003 ناوی بنكەی ئاسمانی "قادسیە" بووە. ئەم بنكەیە دووەم گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە عێراق‌و نەخشەكەی بە كۆپییەكی سەربازی نەخشەی ناوچەی سەوزی بەغداد دادەنرێت.  ساڵی 1975 پلانی دروستكردنی ئەم بنكەیە دانراوە‌و پلانەكە ناوی (SUPER BASES) بووە، ئامانج لە  دروستكردنی بنكەكە سودوەرگرتن بووە لە وانەكانی نسكۆكەی ساڵی 1967. ساڵی 1980 دەستكراوە بە دروستكردنی ئەم بنكەیە‌و ساڵی 1987 تەواوكراوە، گروپێك كۆمپانیای یۆگۆسلاڤی بە تێچووی 280 ملیۆن دۆلار بنكەكەیان دروستكردووە، ئەم بنكەیە (5 هەزار) سەرباز دەكرێت، سەرباری ئەمە چەندین بینای سەربازی پێویستی تێدایە كە دەكرێت لەكاتی تەنگژەدا وەكو پەناگە سودیان لێوەربگیرێت، ئەمبار‌و رەبیە‌و یاریگا‌و خانووی خزمەتگوزاری تێدایە. لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێراندا ئەم بنكەیە بارەگای سەرەكی هیلیكۆپتەر‌و فڕۆكەی جۆری ئێس 25ی هێزی ئاسمانی عێراق بووە، ساڵی 1991 لە جەنگی كەنداودا روبەڕووی بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان بووەتەوە بە بۆمبی لەیزەر. ساڵی 2003 هێزەكانی مارێنزی ئەمریكا دەستیان بەسەر ئەم بنكەیەدا گرت‌و تاوەكو ساڵی 2011 تێیدا مانەوە، لە كۆتایی ساڵی 2014وە (300) سەرباز‌و راهێنەری ئەمریكی‌و فڕۆكەی هاوپەیمانان لەم بنكەیەدا نیشتەجێ بوون، ساڵی 2015 رێكخراوی "داعش" تەواوی شارۆچكەی (بەغدادی)ی گرت كە دەكەوێتە نزیك بنكەی (عەین ئەسەد)، بەڵام نەیتوانی بنكە ئاسمانییەكە بگرێت، زانیاری هەیە لەوكاتەدا هەشت خۆكوژی "داعش" توانیویانە بچنە ناو بنكەكەوە، بەڵام كوژراون‌و نەیانتوانیوە بنكەكە كۆنترۆڵ بكەن. ساڵی 2007 جۆرج بوشی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق‌و نوری مالیكی سەرۆك وەزیران سەردانی ئەم بنكەیەی كرد، دواتریش هەریەكە لە كۆندا لیزا رایس وەزیری دەرەوە‌و رۆبەرت گیتس وەزیری بەرگری ئەمریكا سەردانیان كرد.  


 ( درەو میدیا): بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لەماوەی ساڵی 2018 داو بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە ( 262 ) كەس گیانیان لەدەستداوەو ( 1401) كەسیش برینداربوون.  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاماری ساڵی 2018ی رووداوەكانی هاتووچۆی راگەیان: -    262 كەس گیانیان لەدەستداوە بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە -    1401 كەس برینداربوون بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە -    1348 رووداوی پێكدادان، وەرگەڕان و شێلان هەبووە -    233 رووداویان بەهۆی ماتۆڕ سكیلەوە بووە  -    287906 سەرپێچی هەمەجۆر تۆماركراون -    150430 سەرپێچی لەڕێگەی كامێرای چاودێرییەوە بوون -    2160 ئۆتۆمبێل بەهۆی سەرپێچیەوە دەستیان بەسەرداگیراوە -    909 ماتۆڕسكیل بەهۆی سەرپێچیەوە دەستیان بەسەردا گیراوە     


 (درەو میدیا): ئەمڕۆ ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی كۆبوەوە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەكە سەرپەرەشتی كۆبونەوەكەی كرد. دوای دەستلەكاركێشانەوەی (6) كەس لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەیە. لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەی ئەو (6) كەسە، لە راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورادا ئاماژە بەوەكراوە" لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆیەكی بابەتیانە كرا لەسەر بارودۆخی حیزبی‌و ریكخراوەیی‌و ئیداری‌و نێوخۆیی بزوتنەوە، بەتایبەت لەسەر ئەو چەند برایەی كە لەم دواییانەدا دەستیان لە پۆستەكانیان هەڵگرت، بزوتنەوەی بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری هیچ ئەندام‌و كادیرو دۆست‌و لایەنگریكی نابێت". هەر لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامیدا بڕیاردرا" لەماوەیەكی نزیكدا دوای تەواوكردنی كارە هونەری‌و ئیدارییەكانی لیژنەی ئامادەكاری، كۆنفرانس ببەستریت بەمەبەستی گۆڕانكاری ریشەی‌و سەرلەنوێ ریكخستنەوەی ئۆرگانەكان". رۆژی 25ی ئەم مانگە، شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەستیان لە پۆستەكانیان كێشایەوە، ئەو كەسانە بریتی بوون لە هەریەكە لە (كامیل مەحمود- محمد ئەمین ئاشوری- محسن محمد ئەمین- عبدالغفور چەمچەماڵ- ئارام كەمال- سەرباز خۆشناو). ئەو بەرپرسانەی كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێننەوە كە ئەمانەن: 1- كۆتاییهێنان بە تاكڕەوی‌و قۆرخكاری لە بڕیارو بەڕێوەبردنی حزبدا. 2- ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی داهات‌و دارایی‌و چۆنیەتی سەرف‌و خەرجی‌و سپاردنەوەی بە مەكتەبی دارایی. 3- كۆتاییهێنان بەناڕوونی لە سیاسەتی بزووتنەوەدا لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە. 4- كۆتاییهێنان بە كاری بێ سەروبەری‌و گێڕانەوەی رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی باسك‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردیەتی لەچوارچێوەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی.  


(درەو میدیا): دادگای سلێمانی فەرمانێكی ئاگاداركردنەوەی بۆ هەریەك (سەعدی ئەحمەد پیرە، عومەری سەید عەلی، مستەفای سەید قادر، خەسرەو گوڵ محەمەد، سەركەوت حەسەن) ناردووە‌و داوایان لێدەكات لەبەردەم دادگا ئامادەبن.  (درەو میدیا) زانیویەتی بانگهێشتكردنی ئەو بەرپرسانە لەسەر بنەمای سكاڵایەكی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستانە، كە تێیدا ئەو بەرپرسانە تۆمەتبار كراون بە "دەستگرتن بەسەر بارەگاو موڵك‌و ماڵی حزبی كۆمۆنیست". لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، عوسمانی حاجی مارف سكرتێری حزبی كۆمۆنیستی كریكاری كوردستان رایگەیاند، ئێمە دوو سكاڵامان تۆمار كردووە، یەكێكیان لەسەر كوشتنی پێنج ئەندامی حزبی كۆمۆنیستە‌و سكاڵاكە لەلایەن كەسوكاری كوژراوەكانەوە تۆماركراوەو ئێمە شاهیدین تێیدا، سكاڵای دووەمیش لەلایەن حزبی كۆمۆنیستەوە تۆماركراوە لەسەر بردنی كەلوپەلی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیست. وتیشی: "ئێمە سەركردایەتی ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بەرپرسی سەرەكی ئەو رووداوە دەزانین". مانگی تەموزی ساڵی 2000 شارەوانی سلێمانی بەشێوەی زارەكی  حزبی كۆمۆنیستی كریكاری كوردستانی ئاگاداركردەوە دەبێت بارەگاكانی بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی شار، ئەمە وەك هەوڵێك بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری لەناو شاردا، حزبی كۆمۆنیست بە بڕیارەكە رازی بوو بەڵام پێی راگەیاندن دەبێت پێشتر بارەگاكانی یەكێتی ببنە دەرەوە ئەوكات ئامادەنە ئەمانیش بارەگاكانیان بەرنە دەرەوە  رۆژی 13 ی تەموز حزبی كۆمۆنیست خۆپیشاندانی كرد دژی بڕیارەكەی شارەوانی سلێمانی، ئاساییش خۆپیشاندانەكەی بڵاوەپێكرد‌و هێڵی كارەباو تەلەفۆنی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیستی بڕی. بەیانی رۆژی 14ی تەموزی 2000 هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی گەمارۆی بارەگاكانی حزبی كۆمۆنیستیاندا، دوای چەند كاتژمێرێك  پێنج ئەندامی حزبی كۆمۆنیست كوژران‌و چەند كەسێك برینداربوون، لە هێزەكانی ئاسایشیش كەسێك كوژراو دوانی تر برینداربوون، ئاساییش لەو هەڵمەتەدا 50 كەسی لە ئەندامانی حزبی كۆمۆنیست دەستگیركردو بارەگاكانیانی حزبەكەی داخست‌و كاری سیاسیشی لێ قەدەغەكرد. ساڵی 2000 كە ئەو روداوە رویدا، ئەو كەسانەی كە ئێستا دادگا داوایان دەكات ئەم پۆستانەیان هەبووە. •    خەسرەو گوڵ محەمەد- بەرپرسی ئاسایشی گشتی  •    سەركەوت حەسەن- بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی  •    مستەفای سەید قادر- وەزیری ناوخۆ  •    عومەری سەید عەلی- بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان •    سەعدی ئەحمەد پیرە- بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی یەكێتی نیشتمانی 


( درەو میدیا): ترەمپ لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق سەربازانی وڵاتەكەی بەسەركردەوە هیچ بەرپرسێكی ئەو وڵاتەی نەبینی و ئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەی راگەیاندنەكەی بڵاویكردوەتەوە دەڵێت ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەبدولمەهدی كردووە. لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا، دەسەڵاتدارانی عێراقیان لە خواستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەردانی عێراق لە ئێوارەی رۆژی 26ی كانونی یەكەم ئاگاداكردوەتەوە بەمەبەستی پیرۆزباییكردن لە حكومەتی نوێی عێراق و بۆ سەردانی سەربازانی ئەمریكا كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی " داعش" هاوكاری عێراق دەكەن و حكومەتی عێراقیش پێشوازی لە داواكارییەكە كردووە. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە كە پێویست بوو بە رەسمی پێشوازی لە ترەمپ بكرێت و لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران عادل عەبدولمەهدی كۆببێتەوە، بەڵاك جیاوازی لە بیروبۆچونەكان بۆ رێكخستنی دیدارەكە بووە هۆی ئەوەی كە پەنا بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی ببرێت و تێیدا گۆڕانكارییەكانی دۆخەكە بە تایبەتی دوای بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سوریا و هاوكاری و هەماهەنگی بۆ نەهێشتنی داعش و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلان و وڵاتانی ناوچەكە تاوتوێكران. هەروەها بەیاننامەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكراشیكردووە كە عەبدولمەهدی پێشوازی لە سەرۆكی ئەمریكا كردووە بۆ سەردانەكەی و بانگهێشتی كردووە سەردانی بەغدا بكات و ترەمپیش سەرۆك وەزیرانی عێراقی بانگهێشتی واشنتۆن كردووە و هەردوولا رێككەوتون لەسەر بەردەوامیدان بە پتەوتركردنی پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات.


راپۆرت: نامیق رەسوڵ ماوەی 8 رۆژە لە سودان " شۆڕشی نان" دەستپێكردووە و هاوڵاتیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی خراپی دۆخی ئابوریان رژاونەتە سەر شەقامەكانی خەرتومی پایتەخت و شارەكانی ترو ئێستا داواكاری هاوڵاتیان بۆ باشتركردنی ژیانیان گۆڕاوە بۆ رووخاندنی رژێمەكەی بەشیر و رۆژبەرۆژیش توندوتیژی زیاتری لێدەكەوێتەوە. " لیژنەی پزیشكانی سودانی ناوەندی"  لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكانی رۆژی سێشەممەی خەرتومی پایتەختدا هێزە ئەمنییەكان بە فیشەك رووبەڕووی خۆپیشاندەران بونەتەوە و نۆ خۆپیشاندەر برینداربوون و  باری تەندروستی یەكێكیان مەترسیدارە. هاوكات " گردبونەی سەندیكا پیشەییەكان" كە داوای خۆپیشاندانەكەی رۆژی سێشەممەی كردبوو، رایگەیاند خۆپیشاندانەكە ئامانجی خۆی پێكاوە كە بریتیە لە یەكخستنی گوتار و قسەی هەموو هێزەكان. گردبونەوەكە لە بەیاننامەیەكدا كە سایتی " سودان تربیون" بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" ئەوەی كارمان بۆدەكرد ئەمڕۆ زۆر بەهێزەوە بەدیهاتن كە ئەوەیە هەموومان یەكگرتوو بین.. قسەی خۆمان كرد و بە دەنگێكی بەرز ئیرادەی جەماوەریی یەكگرتووی خۆمان دەربڕی". هاوكات لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكاندا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكیش چەند هەڵمەتێَك بۆ داواكاری روخاندنی دەسەڵاتەكەی عومەر حەسەن بەشیر راگەیەندرا و هاشتاگی " شارەكانی سودان رادەپەڕن" راگەیەندرا. لایخۆشیەوە هاوپەیمانی " بانگەوازی سودان" و " هێزەكانی كۆدەنگی نیشتمانی لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوایانكرد خۆپیشاندانەكان بە رۆژ و شەو بەردەوامبن و رژێم ماندووبكرێت هەتا دەگاتە روخاندنی وەك تاكە داواكاریییەك و پاشان دەسەڵات رادەستی حكومەتێكی ئینتیقالی بكرێت كە لە كەسانی تەكنۆكراتی نیشتمانی مەدەنی پێكبهێنرێت و دەربڕی هەموو پێكهاتەكانی سودان بێت. 37 خۆپیشاندەر كوژراون رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممە رایگەیاند راپۆرتی متمانەپێكراو هەن كە جەخت لەسەر كوژرانی 37 خۆپیشاندەر دەكەنەوە بە گولەی هێزە ئەمنییەكانی سودان لە ماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا. هاوكات عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆكی سودان  رایگەیاند كەسانی ناپاك و هەڵگەڕاوە لەپشت ئەو دۆخە پڕ ئاڵۆزییەوەن كە وڵاتەكەی گرتوەتەوە و جەختیشیكردەوە كە حكومەتەكەی بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گەشەپێدان و ئاوەدانكردەوە بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان و چاككردنی بارودۆخیان. بەشیر ئاشكراشیكرد كە جەنگێك لەدژی سودان بەرپاكراوە بەهۆی ئەوەی پابەندی ئاینەكەیەتی و بە گەنم و دۆلار نایفرۆشێت. چاودێرانی دۆخی سودان دەڵێن بەشیری تەمەن 74 ساڵ لە رێگەی سەركوتكردن و دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكانەوە هەوڵدەدات دۆخی وڵات كۆنترۆڵ بكات و جارێكی تر و دوای 30 ساڵ لە گرتنە دەستی دەسەڵات لە رێگەی كودەتای سەربازییەوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2020 كاندیدبكات.


( درەو میدیا): هاوكات لەگەڵ ئامادەكارییەكانی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان، وەفدێكی باڵای ئەو وڵاتە رۆژی شەممە سەردانی روسیا دەكات. عومەر چەلیك وتەبێژلا پارتی داد و گەشەپێدان" ئاكەپە" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند وەفدەكەی توركیا پێكدێت لە مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەن خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری، هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری" میت" و ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار. دەربارەی سەردانەكە چەلیك رایگەیاند سەردانكە لەسەر بنەمای رێككەوتنێكە لەگەڵ روسیا و بە گوێرەی ئەو گفتوگۆیانە بەڕێوەدەچێت كە بەرێگەی تەلەفۆن لە نێوان هەردوو لادا دەكرێت و ئاماژەیبەوەشدا وەفدەكەی توركیا لەگەڵ روسیا كاردەكات بۆ دانانی پلانێك بۆ دیداری نێوان سەرۆكی توركیا و هاوتا روسییەكەی. سەردانی ئەم وەفدە باڵایەی توركیا بۆ روسیا لە كاتێكدایە ئەنكەرە بەردەوامە لە ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی رۆژئاواە كوردستان و رۆژی سێشەممەش وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند پلانیان بۆ هەموو شتێك داناوە و كارەكان بە گوێرەی خشتەی زەمەنی دیاریكراو بەڕێوەدەچن.


(درەو میدیا): ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا رایگەیاند تاقیكردنەوەی كۆتایی لەسەر ئەو موشەكە كراوە كە تێكناشكێنرێت و وادەكات هەرچی سیستمی دژە موشەكی ئێستا هەیە هیچ سودێكیان نەبێت. پوتن جەختیشیكردەوە وڵاتەكەی تاكە دەوڵەتە لە جیهاندا خاوەنی ئەو جۆرە نوێیە لە چەكی ستراتیژییە. پوتن لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی حكومەتەكەی وتیشی:" سیستمی موشەكی " ئەڤانگارد" كە دەتوانێت كڵاوەی ئەتۆمیش هەڵبگرێت ساڵی داهاتوو لە چوارچێوەی هێزە چەكدارەكانی روسیادا دەچێتە خزمەتەوە. هەروەها پوتن لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتی:" بە رێنمایی من كە لە وەزارتی بەرگری ئامادەبووم و دواهەمین تاقیكردنەوەی سیستمە  موشەكییە ئەنجامدرا و بە تەواوەتی سەركەوتوو بوو. بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵی روسیا تاقیكردنەوەی ئەو جۆرە موشەكە لە نیمچە دوورگەی كامەشتكا لە خۆرهەڵاتی روسیا بەڕێوەچووە و پوتنیش لە ناوەندی كۆنترۆڵكردنی بەرگری نیشتمانییەوە چاودێری كردووە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف 72 ساڵ پێش ئێستا تەنیا یەك حزبی سیاسی لە باشوری كوردستان (هەرێمی كوردستانی ئێستا) هەبوو، ئەو حزبەش پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەڵام لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30ی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، (31) لیست‌و قەوارە ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن تۆماركرد. رەنگە ژمارەی حزبە سیاسییەكان بەمزوانە بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت، چەند رۆژێكە گەردەلولێك لەناو حزبە ئیسلامییەكاندا هەڵیكردووە‌و دیار نییە چی لەگەڵ خۆی رادەماڵێ. لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا (6) ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و (2) ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی وازهێنانی خۆیان لە كاری حزبی راگەیاندووە. زۆربوونی ژمارەی پارتە سیاسییەكان لە هەرێم تەنیا زادەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموكراسی‌و فرەیی نییە، چونكە زۆرێك لەو پارتە سیاسییانەی ئێستا لە  گۆڕەپانەكەدا كاردەكەن زادەی یەك منداڵدانی سیاسین‌و بەهۆكاری جیاواز جیابونەتەوە (انشقاق) یان كردووە. ساڵێك‌و سێ حزب لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا (3) پارتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەدایكبوون كە ئەمانەن: •    جوڵانەوەی نەوەی نوێ •    هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری •    هاوپەیمانی نیشتمانی ئەم سێ پارتە نوێیە یەكێكیان لەسەر داروپەردووی حزبێكی تر دروستبووە‌و دوانی تریان زادەی جیابونەوە (انشقاق)ن. جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرباری ئەوەی سەرۆكی ئەم جوڵانەوەیە بەردەوام شانازی بەوەوە دەكات جوڵانەوەكەی یەكەمین پارتی سیاسییە كە زادەی (انشقاق) نییە، بەڵام لە دیمەنە گەورەكەیدا ئەم هێزە لەسەر داروپەردوی بزوتنەوەی گۆڕان بنیادنراوە، ئەوە لەكاتێكدایە باڵەخانەكەی گۆڕان بەتەواوەتی نەڕوخاوە‌و هێشتا بەپێوەیە. ئەم جوڵانەوەیە لە گوتارەكانیدا وا دەردەكەوێت هێندە گرەو لەسەر مردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، هێندە گرەو لەسەر گەورەبوونی خۆی بەشێوەیەكی ئاسایی قۆناغ بە قۆناغ ناكات، واتە بەپلەی یەكەم سەركەوتنی خۆی لەسەر مەرگی گۆڕان هەڵچنیوە. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەوەری سوڕی ژیانی ئەم هێزە سیاسییە تەنیا (10) مانگ بوو، بەرهەم ساڵح كە ئێستا سەرۆك كۆماری عێراق‌و جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە سەرۆكایەتی دەكرد. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری هێندەی وەكو هێزێكی جیابوەوە (منشق) لە یەكێتی دەركەوت، هێندە وەكو هێزێكی نوێ‌و پێویست بۆ ئەم قۆناغەی دۆخی سیاسی هەرێم دەرنەكەوت، ئەمە لەكاتێكدابوو، جگە لە بەرهەم ساڵح كە ناكۆكی لەگەڵ حزبەكەی (یەكێتی) هەبوو، چەندین كارەكتەری سیاسی تری دەرەوەی یەكێتیش لەو هێزە نوێیەدا بەشداربوون.  بەشێوەیەكی گشتی پێكهاتە‌و كارەكتەرەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری زادەی جیابونەوە (انشقاق)ی سێ حزب بوون (یەكێتی نیشتمانی- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی). لەم ناو ئەم هێزە نوێیەدا دەگمەنترین روداوی سیاسی لە مێژووی ژیانی حزبایەتی لە كوردستان تۆماركرا، ئەویش كاتێك كە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە حزبەكەی بەجێهێشت‌و گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، تا ئەو ساتە لە مێژوودا روینەدابوو سەرۆكێك حزبەكەی بەجێبهێڵێت، چونكە دیمەنی باو ئەوە بوو هەمیشە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسانی تری حزب لە حزب‌و سەرۆكەیان جیادەبنەوە، بەڵام ئەمجارە سەرۆك لە حزبەكەی جیابوەوە. هاوپەیمانی نیشتمانی ئەمە نوێترین پارتی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، ئارام قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی سەرۆكایەتی ئەم پارتە دەكات. هاوپەیمانی نیشتمانی هەم لەسەر داروپەردوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری) دروستبووە‌و هەم زادەی جیابونەوەیەكی پێشوەختەیە لە ناو (كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی). ئینشیقاق لە شەش دەیەدا جیابونەوە (انشقاق) لەناو حزبی كوردیدا نوێ نییە، بەڵام لە مێژووی نوێدا یەكەمین جیابونەوە (انشقاق)، جیابونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لە مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی 1964دا. هەشتاكانی سەدەی رابردوو جیابونەوەیەكی تر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان رویدا، ئەدهەم بارزانی ئامۆزای مەسعود بارزانی لە پارتی جیابوەوە‌و حزبێكی بەناوی "حزبوڵای شۆڕشگێڕی كوردستان"ەوە راگەیاند، بەڵام دواتر ئەدهەم بارزانی گەڕایەوە بۆ ناو پارتی. یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ساڵی 1975 راگەیەندرا، لەسەر داروپەردوی پارتی دروستكرا، چونكە سەركردە دیارەكانی حزبە نوێیەكە لەوانە بوو لە مەكتەبی سیاسی‌و ئۆرگانەكانی تری پارتی جیابونەوە. حزبە نوێیەكە كە خۆی بە جۆرێك لە جۆرەكان زادەی (انشقاق) بوو، لەشێوەی نیمچە بەرەیەك دروستكرا‌و پێكهاتبوو لە (كۆمەڵەی رەنجدەران- بزوتنەوەی سۆسیالیست- شۆڕشگێڕان)، زۆری نەخایاند ئەم هاوكێشەیە هەڵوەشایەوە‌و بزوتنەوەی سۆسیالیست جیابوەوە، ئاڵای شۆڕش (ئاش) راگەیەندرا، كۆمەڵەی رەنجدەران هەڵوەشێندرایەوە. لەدوای ساڵانی 2000وە لە ناو حزبەكاندا ژمارەیەك جیابونەوەی تر رویاندا، لەوانە باڵێك لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جیابووەوە. هاوكات یەكێتی چەند گۆڕانكارییەكی تری بەسەردا هات، ساڵی 2008  ژمارەیەك كادری ئەو حزبە لە دەرەوەی وڵات رەوتێكیان بەناوی "رەوتی گۆڕانكاری- رەگ" راگەیاند، ئەمە جیابونەوەی تەواوەتی نەبوو، بەڵام ساڵێك دواتر‌و بە دیاریكراو لە ساڵی 2009دا نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی جیابوەوە‌و هێزێكی نوێی بە ناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" رایگەیاند. بزوتنەوەی گۆڕان سەرباری ئەوەی بنكەیەكی جەماوەری فراوان‌و تێكەڵی هەبوو، بەڵام نەیتوانی خۆی لەوە رزگاربكات كە وەكو هێزێكی "منشق"ی یەكێتی دەربكەوێت، نەوشیروان مستەفا كە خۆی رۆژگارێك بە زەبری هێز روبەڕووی ئەوانە دەبووەوە كە لە شاخ هەوڵی جیابونەوە یان پەرتكردنی یەكێتییان دەدا، ئەمجارە خۆی سەركردایەتی جیابونەوەی كرد، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بوبێت كە ئەو هەمیشە دژی ئەوانە دەوەستایەوە كە دەیانوت "بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكە لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە"، ئەو هەمیشە دەیوت "بزوتنەوەی گۆڕان هێزێكی نوێیە‌و مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە". هەردوای بزوتنەوەی گۆڕان، لەناو حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان جیابونەوەیەك رویدا، بەڵام دواتر جیابوەوەكان گەڕانەوە بۆ ناو حزبەكەیان. سەرەتای ساڵانی 2000 هەندێك جیابونەوەی تر لە ناو حزبە كوردییەكاندا رویدا، رەنگە دیارترینیان بزوتنەوەی ئیسلامی بێت كە لەماوەیەكی كەمدا بەتەواوەتی لێكهەڵوەشا‌و بووەهۆی لەدایكبوونی ژمارەیەك هێزی نوێ، لەوانە كۆمەڵی ئیسلامی- ئەنسار ئیسلام. شەپۆلێكی نوێ ! چەند رۆژێكە شەپۆلێكی ناڕەزایەتی لەناو سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی دەستیپێكردووە، پێشبینی دەكرێت چیرۆكەكە بە جیابونەوە كۆتایی بێت. یەكێتی نیشتمانی دوای دوو جیابونەوەی فەرمی‌و چەندین هەوڵی جیابونەوەی تر، هێشتا لە دەردی پەرتبوون‌و (انشقاق) رزگاری نەبووە‌و هەركاتێك كێشەی باڵەكانی ناو ئەو حزبە توند دەبێتەوە، دەنگۆی جیابونەوە دێتە ئاراوە، رەنگە ئەوەی تائێستا یەكێتی بە یەكگرتووی راگرتووە ئەوە بێت، ئەم حزبە دەسەڵاتداری زۆنێكی گەورەیە لە هەرێمی كوردستان‌و سامانی ئەم ناوچەیەی لەژێردەستدایە‌و ئەو سامانەش دۆخی ناوخۆیی یەكێتی تاڕدەیەك راگرتووە. بزوتنەوەی گۆڕان كە لە ناو هەناوی یەكێتییەوە هاتە دەرەوە، ئێستا خۆی روبەڕووی هەمان دۆخ دەبێتەوە، بەمدواییانە ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە ئەوروپاوە هاوشێوەی "رەگ"ەكەی یەكێتی، رەوتێكیان بەناوی "پرۆ گۆڕان" راگەیاند، هەرچەندە ئەمانە بەتەواوەتی جیابونەوەی خۆیان لە گۆڕان رانەگەیاندووە، بەڵام ئاماژەی جیابونەوە دەدەن. جیابونەوە بۆچی ؟ بەخوێندنەوەی هەموو ئەو حاڵەتانەی جیابونەوە (انشقاق) لەناو حزبی كوردیدا لە باشوری كوردستان لە شەش دەیەی رابردوودا رویانداوە، دەردەكەوێت بەهانەی جیابونەوە لەناو حزبی كوردیدا لە چەند خاڵێكدا كورتبووەتەوە كە ئەمانەن: •    بێ متمانەیی نێوان سەرۆكی حزب‌و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی •    تاكڕەوی سەرۆكی حزب لە بڕیارداندا •    بەبنەماڵەیكردنی حزب‌و هێنانەپێشەوەی كوڕەكان •    دەستگرتن بەسەر دارایی حزبدا لەلایەن سەرۆك‌و ئەندامانی بنەماڵەی سەرۆكەوە •    ناڕوونی داهات‌و خەرجی حزب •    دەستگرتن بەسەر میدیای حزبدا (ئەمە دوای گەشەكردنی ئامرازەكانی رایگەیاندن‌و پەیوەندیكردن دەركەوت) ئەوەی جێگای سەرەنجە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی لەسەر ئەم بەهانانە لە حزب جیابونەتەوە‌و حزبی نوێیان دروستكردووە، دواتر خۆیان روبەڕووی هەمان كێشە‌و رەخنە بونەتەوە، بەجۆرێك وایلێهاتووە "ئینشیقاق" بوەتە دەردێكی ئەزەلی حزبی‌و كوردی.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ لە دیمەنێكی دەگمەنی گۆڕەپانی سیاسی میسردا، دوو سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە لەناو هۆڵی دادگادا رووبەڕووی یەكتر بوونەوە و حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشووتری میسر لە كەیسی هەڵكوتانە سەر گرتووخانەكان و شكاندنیان لەمیانی شۆڕی ینایری" كانونی دووەم"ی  2011دا، شایەدیدا كە محەمەد مورسی سەرۆكی پێشوو و چەند سەركردەیەكی ئیخوان موسلمین تێیدا تۆمەتبارن. مورسی لەكاتی شۆڕشەكەدا لە یەكێك لەو گرتوخانانەدا زیندانی بوو, بەڵام بەهۆی شۆڕشی گەلی میسرەوە لەدژی دەسەڵاتی حوسنی موبارەك لە ساڵی 2011 لە زیندان هەڵات و دواتر بە هەڵبژاردن بووە سەرۆكی میسر، بەڵام زۆری نەخایاند جارێكی تر بەهۆی خۆپیشاندان و كودەتای سپی سوپاوە لە پۆستەكەی داماڵرا و خرایەوە كونجی زیندان و ئێستا لە چەند كەیسێكدا تۆمەتبارە كە یەكێكیان شكاندنی گرتوخانەكاندا لەكاتی شۆڕشی میسر لە بەهاری عەرەبیدا. لە دانیشتنەكەی دادگادا كاتێك پرسیاری ئەوە لە موبارەك كرا كە ئایا ئەندامەكانی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی لەرێگەی تونێلەوە دزەیانكردوەتە ناو میسر و دەوڵەتیش ئاگاداری ئەو تونێلانەبووە؟ موبارەك لە رەتیكردەوە هیچ قسەیەك لە بارەیەوە بكات و رایگەیاند وتەكانی زانیاری نهێنی تایبەت بە ئاسایشیان تێدایە و داوای لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی ئێستای میسر كرد مۆڵەتی پێدات بە رەزامەندی سوپا چەند زانیارییەكی پەیوەست بەو كەیسە ئاشكرابكات. پرۆسەی دادگاییكردنی محەمەد مورسی و چەند سەركردەیەكی باڵای ئیخوان موسلمین لەسەر كەیسی شكاندنی چەند گرتووخانەیەك و هەڵاتنی چەند زیندانییەك لە رێگەی سنورەوە لەگەڵ غەززە راستەوخۆ لە كەناڵی " صدی البلد" ی میسرەوە راستەوخۆ پەخشدەكرێت. موبارەك لە دانیشتەنەكانی تری دادگا ئامادەنەبوو، هەرچەندە چاوەڕواندەكرا لە دادگای تاوانەكانی قاهیرە ئامادەبێت و وتەی لێوەربگیرێت و پارێزەرەكەی فەرید دیب رایگەیاند موبارەك هێشتا پلەی فەریقی فڕۆكەوانی هەیە لە هێزە ئاسمانییەكاندا و ئەگەر دادگا بخوازێت بانگهێشتی بكات بۆ شایەدی، پێویستە بە گوێرەی یاسا كارپێكراوەكان رەزامەندی هێزە چەكدارەكان وەربگرێت". بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە داواكاری گشتی لەسەرەتای دانیشتەكەی دادگادا رایگەیاند لە كەرتی ئاسایشی نیشتمانیەوە ئاگادارییەكی پێگەیشتووە و دەڵێت كە " موبارەك هاوڵاتییەكی مەدەنییە و هیچ سیفەتێكی سەربازیی نییە". دەقی قسەكانی موبارەك پرسیار: زانیاریت هەیە لەسەر سنوربەزاندنی وڵات لە بەری خۆرهەڵاتەوە لە دوای 25ی كانونی دووەمی 2011ەوە؟ موبارەك: لیوا عومەر سولەیمان بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی لەو كارە ئاگاداریكردمەوە. پرسیار: ناوەرۆكی ئەو ئاگاداركردنەوە چی بوو؟ موبارەك: سولەیمان پێی وتم كە لەوێ‌ هێزی چەكدار سنوریان بەزاندووە و ژمارەیان زۆرەو دەگاتە 800 كەس. پرسیار: دەربارەی رەگەزنامەی ئەو كەسانی هەواڵی پێدایت؟ موبارەك: نەخێر،  هەواڵی پێنەدام، پێی وتم تەنها دزەكردن هەیە و دەربارەی رەگەزنامەكانیانی هیچی پێ نەوتم. پرسیار:داوای رونكردنەوەت لێكردت دەربارەی چۆنیەتی هاتنە ناوەوەی ئەو كەسانە بۆناو سنورەكانەی میسر؟ موبارەك: لە تونێلەكانەوە هاتبوون، پێی نەوتم كە ئایا بەپێ هاتوون، بەڵام ئۆتۆمبیل و چەك هەبوون لەوێ‌. پرسیار: هۆكاری هاتنەناوەی ئەو كەسانەی بۆ ناو سنوری میسر پێگەیاندی؟ موبارەك: نەخێر پێی نەوتم، تەنها لە دزەكردنیان ئاگاداریكردم. پرسیار: كەی ئاگاداری ئەوەی كردیت؟ موبارەك: بەیانی رۆژی 29ی كانونی دووەم. پرسیار: لەو شوێنە ئاگاداریكردیتەوە كە دوای هاتنە ناوەوە روویان تێكرد؟ موبارەك: نەخێر، ئەوان هاتنە ناوەوە و لە چەند شوێنێكی جیاواز بڵاوبونەوە. پرسیار: ئەو كەسانە هیچ كردەوەیەكیان ئەنجامدا كە زیان لە ئاسایشی وڵات و ئازادیی بگەیەنێت؟ موبارەك: بەدڵنیاییەوە، زیانگەیاندن بە سەلامەتی وڵات هەبوو، چەند كارێكیان كرد ناتوانم ئاشكرای بكەم. پرسیار: بۆچی؟ موبارەك: لەبەرئەوەی پەیوەندی بە ئاسایشی وڵاتەوە هەیە. پرسیار: ناسنامەی ئەو كەسانەی پێ وتیت كە دزیان كردە میسرەوە؟ موبارەك: نەخێر پێی نەوتم, بەڵام من دەزانم لە كوێەوە هاتن. پرسیار: لە كوێوە؟ موبارەك: من دەزانم لە غەززەوە هاتن و لە حەماس بوون. پرسیار: دەتوانیت ناوی ئەو كەسانە بە دیاریكراوی بڵێت كە بەرپرس بوون لەو دزەپێكردنە؟ موبارەك: ئەوان هاتنە ناوەوە، كەسێك نییە بەرپرس بێت، بەڵام خەڵكانێك هەن كە ئاسانكارییان بۆ كردون. پرسیار: ئەو كەسانە كێ بوون كە كارەكەیان بۆ ئاسانكردوون؟ موبارەك: خەڵكانێك بوون لە باكوری سینا، ناسنامەكانیان نازانم. پرسیار: مەبەستیان لە دزەكردە ناو سنوری میسر چی بوو؟ چ ئامانجێكیان هەبوو؟ موبارەك: دەیانویست پشێوی لە وڵاتدا بنێنەوە.. لەگەڵ گروپی ئیخواندا مامەڵەیانكرد. پرسیار: پشێوییەكە كەی دەستیپێكرد؟ موبارەك: رۆژی 25ی كانونی دووەم پرسیار: كەی زانیت كە هاتنەناوەوەكە بە ئامانجی هاوكاریكردنی ئیخوانە؟ موبارەك: ئەمە بابەتێكی قورسە كە وەڵامی بدەمەوە، پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن هەیە، چونكە ئەگەر قسەبكەن پێشێلكارییەكی تر دەكەم. پرسیار: دەتوانیت رۆڵی ئیخوان موسلمین لەو دزەكردنەدا دیاریبكەیت؟ موبارەك: قورسە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، سەرەڕای ئەوەی كە رۆڵەكە ناسراوە. پرسیار: ئەمە واتای چی دەگەیەنێت؟ موبارەك: مانای ئەوە دەگەیەنێت كە روودای تر لە پێشوودا هەبوون و هەروەها ئەوانیش پێویستیان بە مۆڵەت وەرگرتن هەیە. پرسیار: زانیاریت لایە دەربارەی كە ئایا ئەو كەسانەی لە رێگەی تونێلەكانەوە بە شێوازێكی ناشەرعی هاتنە ناوەوە، چەكیان بەكارهێنابێت و تەقەی زۆریان لە ناوچە سنورییەكاندا كردبێت لەبەری خۆرهەڵاتی هاوسنور لەگەڵ غەززە؟ موبارەك: ئەوان چەكیان بەكارهێنا و بنكەكانی پۆلیسیان تێكدا و پاشان دابەشبوون و هاتنە ناوچە جیاوازەكانی وڵاتەوە. پرسیار: بۆ نمونە؟ موبارەك: گرتوخانەكان و قاهیرە و گۆڕەپانەكان بە دیاریكراوی گۆڕەپانی تەحریر. پرسیار: بۆچی ئەو شوێنانە بڵاوبونەوە؟ موبارەك: بۆئەوەی زیندانییەكانی سەر بە حزبوڵا و حەماس و ئیخوان بێننە دەرەوە. پرسیار: ئەی سەبارەت بە گۆڕەپانەكان؟ موبارەك: لەوێ‌ لەسەر باڵاخانەكانەوە تەقەیان دەكرد. پرسیار: زانیاریت هەیە دەربارەی كە ئایا توانیان زنجیرەی سنور كۆنترۆڵبكەن؟ موبارەك: لە باكوری سیناوە هاتن و هێرشیانكردە سەر پۆلیس و نەوەستان و بەردەوام بوون لە كارەكەیان. پرسیار: زانیاریت هەیە دەربارەی ئەو دامەزراوە حكومیانەی كە وێرانیانكردن؟ موبارەك: نیمە دەستم نەكەوتووە. پرسیار: زانیاریە هەیە كە ئەو كەسانە سێ‌ ئەفسەری پۆلیس و ئەمیندارێكیان رفاندبێت؟ موبارەك: زانیاریم نیە. پرسیار: دەتوانین ئەو گرتوخانانە دیاریبكەت كە بۆ ئازادكردنی زیندانییەكانی هێرشیانكرایەسەر؟ موبارەك: بەدیاریكراوی وادی نەترون، چونكە خەڵكانی چەند گروپێكی جیاواز تێیدا زیندانیكرابوون. پرسیار: لە ئەنجامی ئەو كارانەدا هیچ روداوێكی كوشتن یانە دەستكردن بە كوشتنی لێكەوتەوە؟ موبارەك: زانیاریم نیە. پرسیار: زانیاریت دەربارەی كاری تێكدەرانە هەیە كە  ئەو كەسانە ئەنجامیاندابێت؟ موبارەك: زانیاریم نیە. پرسیار: زانیاریت هەیە كە ئەو كەسانە دەستدرێژیان كردبێتە سەر ئەو كەسانەی حوكمەكانی یاسا جێبەجێدەكەن كە پیاوانی پۆلیسن؟ موبارەك: لە عەریش و شێخ زوید و رەفەح پەلاماری پۆلیسیاندا و بنكەكانی پۆلیسیان هەمووی تێكدا و چەند پۆلیسێكیان كوشت. پرسیار: بۆری غازیان تەقاندەوە؟ موبارەك:  زانیاریم نیە. پرسیار: رۆڵی ئیخوان موسلیمین لەم رووداوانەدا چی بوو؟ موبارەك: ناتوانم وەڵام بدەمەوە، پێویستم بە وەرگرتنی رەزامەندی هەیە. پرسیار: دەتوانیت ئەو كەسانە دیاریبكەیت، كە ئەو كەسانە لە زیندانەكاندا دەربازیان كردن؟ موبارەك: ناوەكانم لا نیە، بەڵام دەزانم كە سەربە حەماس و حزبوڵا و ئیخوان بوون. پرسیار: ئەگەر ناوی ئەو تۆمەتبارانەی لێرەن پێت بڵێم، بۆئەوەی رۆڵیان لەو رووداوانەدا دیاریبكەیت، ئەمەش پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندی هەیە؟ موبارەك: بەڵێ‌، پێویستی بە وەرگرتنی رەزامەندییە. پرسیار: تۆ سەرۆكی میسر بووت، نەتدەزانی كە چی لە دەوڵەتدا دەگوزەرێت؟ موبارەك: رووداوەكان دەزانم، بەڵام وردەكارییەكان و كەسەكان نازانم. پرسیار: لیوا محەمەد نەجیب وتی كە چەند تونێلێك هەیە لە غەزەوە لەژێر زەویدا دێتە ناو وڵاتەوە و فەلەستیینەكان هەڵیانكەندون و بەكاریدەهێنن بۆئەوەی بە شێوەیەكی ناشەرعی دزەبكەن و بێنە ناو میسرەوە، بەڕێوەبەرێتییەكی فەلەستینی لە غەززە ئەو تونێلانە بەڕێوەدەبات، و رۆژی 25ی كانونی دووەم ژمارەیەكی زۆر لە فەلەستینییەكان و بیانی لە رێگەی ئەو تونێلانەوە هاتونەتە ناوەوە و چەندین كردەوەی وەك كوشتن و تۆقاندنیان ئەنجامداوە و چەند ئەندامێكی حزبوڵاش هاتونەتە ناو وڵاتەوە, ئایا ئەم قسەیە راستە؟ موبارەك: پێَشتر وتم كە 800 كەسی خاوەن رەگەزنامەی جۆراوجۆر لە حزبوڵا و حەماس هاتون، بەڵام ئەو وردەكارییەی كە لیوا نەجیب باسی كردووە نازانم. پرسیار: ئەی قسەت چیە بۆ ئەو وتەیەی لیوا عەبدوللەتیف عامر كە دەڵێت گروپی ئیخوان  هەماهەنگی كردووە لەگەڵ رێكخستنە نێودەوڵەتییەكەی و ئێران و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و حزبوڵای لوبنانی و ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی كە بریتیە لە پشێوی نانەوە و ناسەقامگیركردنی میسر بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا و دەوڵەتی توركیاش بەشداری ئەو پلانەی كردووە؟ موبارەك: هەرگیز دەربارەی ئەو پلانە هیچم نەبیستووە، من جەخت لەسەر زانینی وردەكارییەكان ناكەمەوە، تەنها كارە گشتییەكان دەزانم، وەك هێرشكردنە سەر پۆلیس و چونە ناو عەریش و تێكدانی بنكە ئەمنییەكان و دەستدرێژیكردنە سەر بنكەكانی پۆلیس، پلانی زۆر هەبوون، بەڵام پێش وەرگرتنی رەزامەندی ناتوانم قسەیان لەسەر بكەم.   تۆمەتبارەكان كێن و تۆمەتەكانیان چیە؟ لەم كەیسەدا مورسی و 28 سەركردەی ئیخوانین موسلیمین دادگایی دەكرێن و پرۆژەی دادگاییكردنەكە دووبارەدەكرێتەوە، دوای ئەوەی دادگای تەمییز تشرینی 2016 حوكمی سەپێندراوی بەسەریاندا هەڵوەشاندەوە كە بریتی بوو لە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی توند. پێشتریش دادگای تاوانەكانی قاهیرە ساڵی 2015 سزای لەسێدارەدانی سەپاند بەسەر هەریەك لە محەمەد مورسی و رابەری گشتی ئیخوان محەمەد بەدیع و رەشاد بەیومی جێگری رابەر و موحیی حامد ئەندامی مەكتەبی ئیرشاد و محەمەد سەعد كەتاتنی سەرۆكی ئەنجومەنی گەلی هەڵوەشاوە و عسام عریان سەركردەی ئیخوان و سزای زیندانیكردنی هەمیشەیشی بەسەر ئەوانی تردا سەپاند. داواكاری گشتی لەو كەیسەدا تۆمەتی " سنورشكاندنی خۆرهەڵاتی وڵات و دەستدرێژیكردنە سەر دامەزراوە ئەمنییەكان و كوشتنی ئەفسەرێكی پۆلسی لە كات شۆڕشی 2011 بە رێككەوتن لەگەڵ حزبوڵای لوبنا و بە هاوكاری چەند ئەندامێكی سوپای پاسدارانی ئێرانی" ئاراسەی تۆمەتبارەكان كردووە. هەروەها تۆمەتی كوشتنی 32 زیندانیی و  ئەندامی  هێزەكانی پاسەوانی گرتوخانەی "ئەبوزعبل " و 15 زیندانیی گرتوخانەی " وادی نەترون" وگرتوخانەی " مەرەج" و هەڵاتن و دەربازكردنی 20 هەزار زیندانی ئەو  سێ‌ گرتوخانەیەی ئاراستەكردوون.


(درەومیدیا):  (عاسم جیهاد) وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری سەرەتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی كانونی یەكەم  (١٠١)ملیۆن و (313)هەزارو (958) بەرمیل و بە بەهای زیاتر لە (٦) ملیارو (195) ملیۆن و (345) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (61.150)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی تشرینی دووەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (١٠٠)ملیۆن و (٨٩٥)هەزارو (٣٤٢) بەرمیل و بە بەهای زیاتر لە (٦) ملیارو (195) ملیۆن و (345) دۆلار، بڕی هەناردەكراویش لە ڕێی بەندەری جەیهانی توركییەوە (٢٦١) هەزارو (٤٦٦)بەرمیل بووەو، بەبەهای ( 14 ) ملیۆن و ( 149 ) هەزارو ( 494 ) دۆلار،  داهاتی سەرجەمی گەیشتوەتە زیاتر لە (٦) ملیارو (١٧5) ملیۆن و (٦٨٣) دۆلار. هەروەها بڕی هەناردەكراوی نەوتی گەیارە  (157) هەزارو (150)بەرمیل بووە، بەبەهای ( 5 ) ملیۆن و ( 578 ) هەزارو ( 825 ) دۆلار.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand