Draw Media

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف -نامیق رەسوڵ دواجار وادەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاریكرا، دوو ژن لەسەر كورسی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ململانێدان، یەكێكیان لەچكەكەی سەری، ئەوی تریان پاشناوەكەی (تاڵەبانی) بووەتە خاڵی لاواز بۆی. بەپێی ئەو رێككەوتنەی ئەمڕۆ لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كرا، دوای سێ مانگ راوەستان، رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی دووەم دەكات، كە بەپێی یاسا دانیشتنەكە درێژكراوەی دانیشتنی یەكەمە‌و تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی، بە سەرۆكایەتی (رێڤینگ هروری) بەتەمەنترین ئەندامی خولی پێنجەم، یەكەم كۆبونەوەی خۆی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا تەنیا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد‌و بەهۆی ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان لایەنەكان نەكرابوو، دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردرا‌و كۆبونەوەكە بەكراوەیی هێڵرایەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێش كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێككەوتنێكی سیاسیدا كاندیدی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلادەكەنەوە. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی كراوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ پێكهاتەكان دەبێت. كێ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان؟ یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوو كاندیدی هەیە كە هەردوكیان ژنن‌و ئەندامی سەركردایەتی حزبن.  (بێگەرد تاڵەبانی)  ئەم ژنە كە لە خولی پێشوودا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی‌و لە كۆتایی خولەكەشدا ماوەیەك سكرتێری پەرلەمان بووە، خاڵی لاوازی بێگەرد تاڵەبانی ئەوەیە لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا پێگەی لاوازە، ئەنجومەنێك كە بڕیارە كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان یەكلابكاتەوە. بێگەرد تاڵەبانی هاوكات لەناو فراكسیۆنی یەكێتیشدا لە پەرلەمانی كوردستان كە بەخۆیەوە ژمارەیان (21) ئەندامە پێگەی لاوازە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) تەنیا (5) ئەندام پشتیوانی دەكەن بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان. (درەو میدیا) زانیویەتی، رەنگە دواجار بێگەرد تاڵەبانی لە ململانێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكشێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدەكان یەكلابكرێتەوە، لە حاڵی كشانەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، لە پەرلەمانی كوردستان نامێنێت‌و چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی وزارییە.  بەڵام خاڵی بەهێزی بێگەرد تاڵەبانی ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی دەكات لەناو یەكێتیدا ئەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، بەوپێیەی ئەو لە خولی پێشوودا سەرسەختانە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد كە مەسعود بارزانی رێبەرایەتی دەكرد، هاوكات بەبێ رەزامەندی فراكسیۆنەكەی خۆی، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی لەناو پەرلەمان تێپەڕاند كە بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی بە هاوبەشی پرۆژە یاساكەیان ئامادەكردبوو.  بێگەرد تاڵەبانی خاڵی بەهێزی تریشی هەیە، لەوانە سەربە بنەماڵەی تاڵەبانییە كە ئێستا ئەو بنەماڵەیە خاوەنی دەسەڵاتی گەورەن لەناو یەكێتیدا، بەڵام وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت لەلایەن تاڵەبانییەكی ترەوە كە (قوباد تاڵەبانی)یە، رەنگە ببێت بە خاڵی لاواز بۆ بێگەرد تاڵەبانی، چونكە ئەگەر بنەماڵەی تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت ببەن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ باڵێكی تری یەكێتی دەبێت. (رێواس فایەق) ئەم ژنە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەوە پشتیوانی دەكرێت، لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا پاڵپشتی گەورەی هەیە، زیاتر لە (20) ئەندامی سەركردایەتی پاڵپشتی دەكەن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت. یەكێكی تر لە خاڵە بە هێزەكانی رێواس فایەق، وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، چونكە ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆسرەت رەسوڵ دەمێنێتەوە. هاوكات لەناو فراكسیۆنی یەكێتیدا رێواس فایەق پشتیوانی زۆری هەیە‌و زیاتر لە (15) ئەندام پاڵپشتی دەكەن. لەبەرامبەردا رێواس فایەق لای پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی نییە، ئەمە لەلایەك بووە بە خاڵی هێز بۆی، لەلایەكی تر خاڵی لاواز، لێدوانەكانی ئەم ژنە بەرامبەر بە پارتی وایكردووە لای پارتییەكان دڵگیر نەبێت، ڤیتۆی پارتی لەسەر رێواس فایەق رەنگە دواجار بە سود بۆ ئەو كۆتایی بێت، چونكە ئێستا لەناو یەكێتی رەوتێك دروستبووە كە پشتیوانی ئەو كەسانە دەكەن كە پارتی ڤیتۆی لەسەریان هەیە، هاوشێوەی ئەوەی لەناوی ئەندامانی وەفدی دانوستاكاری یەكێتیدا لەگەڵ پارتی رویداو دواجار یەكێتی ڤیتۆكەی پارتی شكاند. رێواس فایەق ژنێكی باڵاپۆشە، رەنگە لەچكەكەی سەری كاریگەری هەبێت لەسەر دانانی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا، پارتی‌و هەندێك لە كەسایەتییەكانی ناو یەكێتی پشتیوانی ئەوە ناكەن كەسێك لە پۆستێكی باڵای هەرێمی كوردستاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە لەچكەوە دەركەوێت. دوو جێگرەكە لە كۆتایی خولی چوارەمدا، پەرلەمانی كوردستان پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، لەو پیڕەوەدا پۆستی سكرتێری پەرلەمان لابراو لەبری ئەو پۆستی (جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) دانرا. بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ پارتی دەبێت، كاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە مشتومڕی لەسەر نییە‌و (هێمن هەورامی) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییە، پارتی بە دانانی هێمن هەورامی دەیەوێت پاڵپشتێكی بەهێز بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا جێگیر بكات. پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دانراوە بۆ پێكهاتەكان‌و پارتی سورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە بدرێت بە پێكهاتەكان‌و لەماوەی دوو ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمدا دەدرێت بە كەسایەتییەكی توركمانی كە پێی زانیارییەكان (ئایدن مەعروف) پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی پۆستەكە وەردەگرێت، بۆ دوو ساڵەكەی تریش دەدرێت بە پەرلەمانتارێكی مەسیحی.  


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت  لە یەك رۆژدا سەرۆكی هەرێم‌و پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێردرێت، ئەمە كرۆكی رێككەوتنەكەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستاتن‌و یەكێتی نیشتمانییە،  لەم رێككەوتنەدا بزوتنەوەی گۆڕان (ستاند بای) كرا، (درەو میدیا) وردەكاری رێككەوتنەكە ئاشكرادەكات. ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی  لە هەولێر كۆبونەوە. كۆبونەوەكە بڕیاری كرداری تێدا درا سەبارەت بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، پارتی‌و یەكێتی بەر لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، رێككەوتنێكی سیاسی ئیمزا دەكەن. لەو رێككەوتنە سیاسییەدا، تەواوی پرسەكانی تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك‌و پۆستی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق یەكلادەكرێتەوە. رێككەوتنە سیاسییەكە ! (درەو میدیا) زانیویەتی، هەفتەی داهاتوو، لیژنەیەكی هاوبەش، دەقی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی‌و یەكێتی ئامادە دەكات، واتا بەر لە رۆژی 18ی مانگ كە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، لە رێككەوتنەكەدا ناوی كاندیدەكانی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كێشەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌و كاندیدی پۆستی وەزیری دادی عێراق یەكلادەكرێتەوە. هەر لەو رەشنوسەدا كە ئامادە دەكرێت بۆ رێككەوتنە سیاسییەكە، جگە لە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، بەرنامەی حكومەت‌و چۆنیەتی شەراكەتی نێوان پارتی‌و یەكێتی یەكلادەكرێتەوە. پارێزگاری كەركوك چۆن یەكلادەكرێتەوە؟ بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە ئەمڕۆ لەنێوان پارتی‌و یەكێتی كرا، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی 18ی مانگ هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، لە هەولێر كۆدەبێتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، گواستنەوەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەولێر، وەكو دڵنەواییەكی یەكێتی بووە بۆ پارتی‌و بەشداربوونی ئەندامەكانی پارتیش لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ شكاندنی مەرجەكەی یەكێتییە كە وتویەتی بەبێ چارەسەركردنی پرسی پارێزگاری كەركوك بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا ناكات. بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەو رێككەوتنەی كە بڕیارە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی ئیمزا بكرێت، یەكێتی چارەنوسی پۆستی سەرۆكی هەرێمی بەستوەتەوە بە چارەنوسی پارێزگاری كەركوكەوە، واتا تاوەكو پارتی پشتیوانی كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك نەكات، نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی پارتییە، ناتوانێت ببێت بە سەرۆكی هەرێم. پێشتر لە رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە پۆستی سەرۆك كۆمار بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح لەدرەوەی رێككەوتنی سیاسی وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، ئەو هاوكێشەیە هەڵوەشایەوە.   رێككەوتنەكە چۆن جێبەجێ دەكرێت؟ بەر لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی ئیمزا دەكرێت، رۆژی 18ی مانگ لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا یەكەمین هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەنرێت، هەنگاوی دووەمی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای كۆبونەوەكەی 18ی مانگ‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەرلەمان كۆبونەوەیەكی تایبەت دەكات بەمەبەستی هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە دابەشكراوەكان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم. هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هاوكات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك، ئەم هاوكاتبوونە بەهۆی ئەوەیە یەكێتی‌و پارتی هێشتا متمانەی تەواوەتییان بە یەكتر نییە، واتا ئەگەر لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارتی دەنگ بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار نەدات، یەكێتیش لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بۆ نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نادات.   پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان  بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لە رێككەوتنەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتیدا پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشدەكرێن: •    پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی •    پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی •    پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پێكهاتەكان   سەرۆكایەتی حكومەت پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە پارتییە یەكلابوەتەوە‌و مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەت دەكات، پارتی كە پێشتر وەكو گوشارێك بۆسەر یەكێتی باسی لەوە دەكرد جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران زیاد بكرێت، ئێستا یەكلابوەتەوە كە سەرۆك وەزیران یەك جێگری هەبێت‌و ئەو پۆستەش بۆ یەكێتی دەبێت (قوباد تاڵەبانی).   پۆستە وزارییەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان، هێشتا پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتوەنەتە رێككەوتنی كۆتایی، پارتی پۆستەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و وەزارەتی ناوخۆی بۆخۆی داناوە، پێدەچێت (ئاشتی هەورامی) بۆ ماوەی یەك ساڵ لە شوێنی خۆی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بمێنێتەوە، چونكە كێشەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بەستراوەتەوە بە پرۆسەی نەوتەوە، سەرباری ئەوەش ئەو رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەبارەی نەوت‌و بودجەوە بۆ ماوەی یەك ساڵە‌و تەنیا ئاشتی هەورامی دەتوانێت ئیدارەی ئەو دۆسیەیە بدات كە خۆی پێشتر ئەندازیاری بووە. یەكێتی سەرەنجی لەسەر وەگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆیە، ئەگەر پارتی دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ ببیت، پۆستەكە لە یەكێتی دەدرێت بە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)، بەڵام پێناچێت پارتی وەزارەتی ناوخۆ بۆ یەكێتی بەجێبهێڵێت. پۆستی وەزارەتی داراییش یەكێكە لەو پۆستە وزارییانەی كە پارتی دەیەوێت لە كابینەی نوێدا لە دەستی خۆیدا بێت، (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر پارتی ئەو پۆستە زامن بكات، بۆ ماوەی یەك ساڵی تەمەنی وەزارەتەكە (رێباز حەملان) لە پۆستەكەیدا دەهێڵێتەوە، ئەمەش بەهەمان هۆكاری مانەوەی ئاشتی هەورامی.   پشكی گۆڕان لە حكومەت بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێكی لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا پێنادرێت. لە حكومەت، بزوتنەوەی گۆڕان پۆستێكی سیادی‌و دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری وەردەكرێت لەنێوان دوان لەم سێ پۆستە وەزارییەدا: •    وەزارەتی شارەوانییەكان •    وەزارەتی پەروەردە •    دەستەی وەبەرهێنان لە وەزارەتە سیادییەكەدا، یەكلانەبوەتەوە ئاخۆ وەزارەتی پێشمەرگە یان وەزارتی دارایی بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدرێت، ئەگەر وەزارەتی دارایی بەر گۆڕان بكەوێت‌و پارتی لێی بكشێتەوە، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو پۆستە بریتی دەبێت لە هەریەكە لە (ئاوات شێخ جەناب) لێپرسراوی ژوری كارگێڕی‌و دارایی بزوتنەوەی گۆڕان‌و (هاوار شێخ رەئوف) بەڕێوەبەری پێشووی بانكە بازرگانییەكان لەسەر پشكی گۆڕان. سەرباری ئەمانە، بڕیارە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەم خولە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی چاودێری دارایی مانگانە بڕی (405 ملیۆن) دیناری بۆ دابینكراوە، كاندیدی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (مستەفا سەید قادر)ە وەزیری پێشووی وەزیری پێشمەرگەیە.


 ( درەو میدیا): عەمر موسا، ئەمینداری پێشووتری كۆكاری عەرەبی وردەكاریی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەددام حسێن پێش ساڵی 2003 و  هەوڵی تیرۆركردنی لە عێراق دەگێڕێتەوە. موسا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی " ئیندیپێندنتی" عەرەبی بەریتانی دەڵێت:" كاتێك لە عێراق بووم، هەڕەشەی زۆرم بۆ تیرۆركردن و دەستدرێژیكردنە سەرم بەدەست گەیشت، بەڵام نەگەیشتە ئاستی هەوڵی پراكتیكی بۆ تیرۆركردن و منیش زۆر بایەخم پێنەدا و بەردەوامیش پارێزگاریم لێدەكرا و زۆرینەی هەڕەشەكانیش لە عێراقەوە بوون". موسا ئاشكراشیدەكات كە لەمیانی سەردانەكانیدا بۆ عێراق هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ئەركی پارێزگاریكردنیان لەئەستۆگرتووە و پاراستویانە. دانوستانی پرسی ئەتۆمیی موسا لە میانی چاوپێكەوتنەكەیدا دەڵێت:" لە ساڵی 2001ەوە سەرقاڵی ئەوە بووم لە وەزیری دەرەوەی میسرەوە بچە پۆستە تازەكەم وەك ئەمینداری گشتی كۆكاری وڵاتانی عەرەب و بە دیاریكراوی حوەزیرانی 2001 و هاوڕێەیتی و دۆستایەتی دوورودرێژم لەگەڵ كوفی ئەنان سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبووە". موسا بەردەوام دەبێت لە قسەكانی و دەڵێت:" بەردەوام پەیوەندیم بە ئەنانەوە دەكرد و ئەو كاتەدا پێم راگەیاند كە وەك ئەمینداری گشتی كۆكاری عەرەبی سەردانی 22 دەوڵەتی ئەندام دەكەم و عێراق دواهەمین وێستگەی سەردانەكەم دەبێت و گەیشتینە ئەوەی كە من نامەیەكی ئەنان بگەیەنمە عێراق". موسا لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت:" بە تونس دەستم بە سەردانەكەم كرد و پاشان وڵاتانی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی عەرەبی و پێش گەیشتن بە دوا وێستگەی گەشتەكەم كە عێراق بوون لە نیویۆرك سەردانی كوفی ئەنانم كرد و پێم وت بە باشی دەزانم نامەیەكی بگەیەنمە سەددام حسێن، دەربارەی پرسی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵدان بۆ چەكی ئەتۆمیی". موسا جەختدەكاتەوە:" رۆژی 19ی كانوونی دووەمی 2002 نامەكەی ئەنانم گەیاندە سەدادم حسێن و پێم وت كە بابەتی توانا ئەتۆمییەكان و چاودێرەكان بنچینەی ناكۆكی تۆیە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەمەش كارێكە پێویستە گرنگی پێبدرێت و بەهەند وەربگیرێت، ئاسا پرۆژەی ئەتۆمیت هەیە؟ پێی وتم: نەخێر، پاشان لەسەر داوای خۆی دووجار پرسیارەكەم لێكردەوە و ئەویش هەر هەمان وەڵامی دایەوە، ئەحمەد بن حلی كە ئەوكات یاریدەدەری ئەمینداری كۆكاری عەرەبی بوو لەو دیدارەدا لەگەڵمدا بوو، بە شۆخییەوە پرسیاری لێكردم كە بۆچی دووجار هەمان ئەو پرسیارەم كردەوە، دەتەوێت لەناومان بەریت؟ وتەم جەنابی باڵیۆز، دەبێت لە وەڵامەكەی دڵنیاببمەوە چونكە دۆخەكە لەدژی عێراق زۆر هەستیارە". پاشان موسا دەڵێت:" پرسیم لە سەددام حسێن، كەواتە بۆچی گەڕانەوەی چاودێری نێودەوڵەتییەكان رەتدەكەیتەوە؟ پێی وتم لەبەرئەوەی هەموویان سەر بە هەواڵگری ئەمریكا " سی ئای ئەی" ین، پێم وت كەواتە ئەگەر لە رێگەی دانوستانی نێوان تۆو نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئەوە چارەسەربكرێت و گەرەنتی دیاریكراو دەربارەی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان بكرێت، ئەویش وتی: ئەو كاتە رێگر نیم" دوای چاوپێكەوتنەوە موسا لە درێژەی قسەكانیدا دوای چاوپێكەوتنەكەی سەددام دەڵێت:" دوای كۆبوونەوەكە چووم بۆ دیداری شا عەبدوڵای دووەم پاشای ئوردن بەوپێیەی كە سەرۆكی لوتكەی عەرەبی بوو، راپۆرتێكم دەربارەی ئەوەی روویدا پێشكەشكرد و پاشان چاومكەوت بە كوفی ئەنان بۆئەوەی وردەكاری كۆبوونەوەكەی سەددامی بۆ باس بكەم، پێی وتم كە ئەوە قسەیەكی گرنگە، پێویستە لەگەڵ ئەمریكییەكاندا گفتوگۆی لەسەر بكەین، هەروەها گفتوگۆم لەگەڵ كۆڵن پاوڵ وەزیری ئەوكاتەی دەرەوەی ئەمریكا كرد و ئاگادارم كردەوە لەوەی روویداوە، بەڵام وەڵامی پاوڵ زۆر شۆكهێن بوو چونكە وتی:" سەدام حسێن گاڵتەی بە تۆ و كوفی ئەنان كردووە و پێتان پێكەنیوە، سەددام چەكی ئەتۆمیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی دیدارەكەی منەوە لەگەڵ سەددامدا دانوستانی سەركەوتوو لە نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و سەددام حسێندا بەڕێوەچوو، بەڵام بەداخەوە بڕیاری شەڕەكە كە درابوو، تەنها مەسەلەی كات بوو، ئەوەی روویدا، روویدا".


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ   نەجیب بوكیلە، كە بە زمانی ئیسپانیی بە " ناییب بوكیلی" ناودەبرێت، و بەرەگەز فەلەستینییە، سەركەوتنی خۆی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆر راگەیاند، دوای جیاكردنەوەی زۆرینەی دەنگەكان. بوكیلە كە پێشتر سەرۆكی شارەوانی "سان سلڤادۆر"ی پایتەخت بوو بەڵێنیدا  بە نەهێشتنی گەندەڵی و مافیاكانی تاوان لە وڵاتێكدا زۆترین رێژەی تاوانی كوشتنی تێدا تۆماركراوە. بوكیلە پێش راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردن لە وتەیەكیدا بۆ لایەنگرانی وتی:" ئێمە ئێستا مێژوو دروست دەكەین، دەتوانین بەوپەڕی متمانەوە سەركەوتنمان بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی كۆمار رابگەیەنین". لە بەیت لەحمەوە بۆ سلڤادۆر نەجیب بوكیلەی تەمەن 37 ساڵ لە باوكێكی فەلەستینی و دایكێكی سلڤادۆری لە دایكبووە و ئەحمەد بوكیلەی باوكی لە شاری بەیت لەحم لە كەرتی خۆرئاوای فەلەستین كۆچی كردووە بۆ سلڤادۆر كە دەكەوێتە نێوان هەردوو وڵاتی گواتیمالا و هندۆراسەوە لە ئەمریكای ناوەڕاست. ئەحمەد بوكلیە وەك سەرمایەدارێكی بەناوبانگ لە نێوان رەوەندی فەلەستینیدا بەوە بەناوبانگ بووە كە كاری كردووە بۆ پرسی فەلەستین لە سلڤادۆر و پشتیوانی گەلەكەی بووە و مزگەوتێكیشی لە سان سلڤادۆر بونیادناوە و دواتر نازناوی " ئیمامی سلڤادۆر"ی پێدراوە.                                               بوكیلە لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لایەنگرانی وێنەی سێڵفی دەگرێت " مایەی مشتومڕ" نەجیب بوكیلە جگە لەزمانەكانی عەرەبی و ئیسپانیی، زمانی ئینگلیزیش دەزانێت و ساڵی رابردوو وەك سەرۆكی شارەوانی سان سلڤادۆر لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بە رەسمی سەردانی ئیسرائیلی كرد و ئەوەش توڕەییو نیگەرانی فەلەستینییەكانی لێكەوتەوە. بە گوێرەی فەرمانگەی كاروباری ئاوارەكانی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی، سەردانەكەی بوكیلە ناڕەزایەتی توندی فەلەستینییەكانی وڵات و تاراوگەی لێكەوتوەتەوە، چونكە ناوبراو كوڕی پیاوێكە كە كاری زۆری لە پێناوی پرسی گەلی فەلەستیندا كردووە، بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی كە بەشداری مەراسیمی ئاینی جولەكەكان دەكات لە دیواری بوراق و مۆنۆمێنی هۆڵۆكۆست لە شاخی هێرتزل لە قودس. فەلەستینییەكان باوەڕیان وایە كە ئەو رەفتاری بوكیلە دانپێدانانە بە مافی ئیسرائیل بەسەر شوێنە پیرۆزەكانەوە و هەروەها رەخنەی ئەوەشیان لێگرت كە لە لەبەردەم مۆنۆمێنی هۆڵۆكۆستدا گریاوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە نەهامەتی فەلەستینییە مەسیحیی و موسوڵمانەكان بدات.                                                                 لایەنگرانی بوكیلە ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن " بردنەوەیەكی مێژوویی" نەجیب بوكیلە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی سلڤادۆردا، سەركەوتنیێکی مێژوویی بەسەر دوو حزبە تەقلیدییەكەی ئەو وڵاتەدا تۆماركرد، كە لە ساڵی 1992 ەوە و دوای كۆتایی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە نۆرە دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست. حزبەكەی نەجیب كە بە هاوپەیمانی نیشتمانی گەورە " گانا" ناودەبرێت،  لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا بەسەر هەریەك لە پارتی" بەرەی فارابۆندۆ مارتی" چەپڕەو و پارتی " هاوپەیمانی نیشتمانی كۆماری" كۆنسێرڤاتیڤدا سەركەوت و گەڕەی دووەمیش ئازاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت. ساڵی 2015 بۆ 2018 بوكیلە وەك نوێنەری بەرەی فارابۆندۆ مارتی بۆ رزگاریی نیشمانی سەرۆكی شارەوانی سان سلڤادۆری پایتەخت بوو، بەڵام دواتر لەو حزبە دەركرا و هاوپەیمانێكی نوێی بەناوی "بیری نوێ" پێكهێنا كە پارتێكی راستڕەوە و 11 كورسی پەرلەمانی هەیە. ئەگەر بوكیلە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتەی سلڤادۆر بباتەوە، ئەوا دەبێتە شەشەم سەرۆكی ئەو وڵاتە لە دوای كۆتاییهانی شەڕی ناوخۆوە. بوكیلە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا كە وەبەرهێنانی زیاتر بكات لە كەرتی پەروەردە و فێركردن و نەهێشتنی گەندەڵی و بەهێزكردنی ئاسایشی وڵات، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە بەدەست زۆری مافیاكانی تاوانكارییەوە دەناڵێنێت. بوكیلە خاوەنی جەماوەرێكی زۆرە بە تایبەتی نەوەی نوێی سلڤادۆر كە دەخوازن وڵاتەكەیان گرنگی بە كەرتی فێركردن و سەقامگیركردنی ئاسایش بدات. رێژەی بەرزی تاوان لە گرنگترین ئەو ئاڵنگاریانەی كە رووبەڕووی بوكیلە دەبێتەوە، سنوردانان و كەمكردنەوەی باند و مافیاكانە كە بەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بڵاوبونەتەوە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر تاوانی جۆراوجۆ بە تایبەتی كوشتن تۆماردەكرێت. وڵاتی سلڤادۆر، یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین توندوتیژی و هەڕەشە و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان و كوشتنی تێدایە و ساڵانە هەزاران كەس لە دانیشتوانەكەی كە ژمارەیان شەش ملیۆن كەسە بەرەو ئەمریكا كۆچدەكەن بەهۆی بڵابوونەوەی هەژاری و تاوانانەوە. مانگی تشرینی یەكەم و دووەمی 2018 كاروانێكی سێ‌ هەزار كەسی لە خەڵكی سلڤادۆر گەیشتە ئەمریكا و ئەوەش توڕەیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە. سەرچاوە: بی بی سی


(درەو میدیا): وەفدی دانوستكاری یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆبوونەوە و لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك رێككەوتن و 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبنەوە. كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری یەكێتی ئەنجامدرا. سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و وتەبێژی ئەو حزب، لە دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر سێ‌ خاڵ رێككەوتون كە ئەمانەن: 1- لیژنەیەك پێكهێنراوە كە وەرەقەیەكی كاری سیاسی هاوبەش ئامادەدەكەن و لە هەفتەی داهاتوودا رێككەوتنی لەسەر دەكرێت. 2- رێككەوتن كرا لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و كۆبوونەوەەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە رۆژی 18ی شوبات بە ئامادەبوونی ئەندامانی پارتی. 3- یەكێتی و پارتی رێككەوتن لەسەرئەوەی كە رۆژی 18ی مانگ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت. دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی وتەبێژی یەكێتی،  مەحمود محەمەد، وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و تەبێژی ئەو حزبە راگەیەنراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی و  و ئەو خاڵانە بڵاوكردەوە كە لەسەری رێككەوتوون ، كە ئەمە دەقەكەیەتی: 1- كۆبوونەوە لیژنەی هاوبەشی نووسینی رێككەوتنی سیاسی نێوان هەردوولای راسپارد، كە لەچوارچێوەی دیدگای ھەردوو لایەن، ھەرچی زووترە پرۆژەیەك ئامادەبكرێت و لەلایەن ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتیەوە بڕیاری لێبدرێت و واژۆبكرێت. 2- دوابەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ی٩ی٢٠١٨ و پەسەندكردنی ئاكامەكانی لەلایەن دادگاوە، ھەروەھا دوای چەند كۆبوونەوەیەكی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا پەلە بكرێت بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاردرا كە لە ١٨ی٢ی٢٠١٩ بەگوێرەی رێكارە یاساییەكان كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت. ھەروەھا ھەموو ھاوكاری و زەمینەسازیەك بۆ ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە و ھەنگاوەكانی دواتری پەرلەمان بكرێت.  3-  پارێزگای كەركوك بەشێكی گرنگی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو، بڕیاردرا ھەوڵەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو پارێزگایە و ھەنگاوە كردارییەكان دەستپێبكرێن. ھەردوولا كۆك بووین لەسەر ئەوەی كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی ١٨ی٢ی٢٠١٩ لە ھەولێر كۆببێتەوە و ھاوكات بەھاوكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پارتی و یەكێتی و ھەموو لایەنەكانی دیكە چارەسەر بۆ كێشەكانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە  


راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف  لە فەرهەنگی كۆمپیوتەردا (ستاند بای- Stand by) بەو پرۆسەیە دەوترێت كە كۆمپیوتەر دەخرێتە حاڵەتێكەوە كە (نە راوەستاوە‌و نە كاردەكات)، بەواتایەكی تر ئامێرەكە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی هەر فەرمانێك، بەڵام بەكاربەر ئاماژەی ئەوەی پێداوە كە جارێ‌ نایەوێت كاری پێبكات، ئەمە لە دۆخی سیاسی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی دەچێت لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان. زیاتر لە (4) مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، وەكو ئەوەی لە رۆژانی دوای هەڵبژاردن‌و سەركەوتنە گەورەكەی چاوەڕوانی دەكرد، نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت بەئاسانی پێكبهێنێت. رەنگە پارتی پێشبینی ئەو بارودۆخەی كردبێت كە ئێستا لەگەڵ یەكێتی تێیكەوتووە، بۆیە هەر لە سەرەتاوەی دەرگای حكومەتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان واڵا كرد. یەكێتی‌و پارتی لەماوەی كەمتر لە (10) رۆژدا دووجار وادەی كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری یەكێتی‌و پارتی هەڵوەشاوەتەوە، كۆبونەوەیەك كە بەپێی زانیارییەكان بڕیارە تێیدا خاڵ بخرێتەسەر پیتەكان‌و بەڕاشكاوی هەردولا پرسی پشك‌و پۆستەكان یەكلابكەنەوە. بڕیارە سبەینێ كۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەڕێوەبچێت، یەكێتی داوای رێككەوتنێكی سیاسی پێشوەختە دەكات لەگەڵ پارتی پێش ئەوەی رێككەوتن لەسەر كابینەی نوێی حكومەت بكرێت، پارتیش داوا دەكات رێككەوتنی سێقۆڵی بكرێت واتە رێككەوتنێك لە نێوان (پارتی- یەكێتی- گۆڕان). سەرباری ئەمانە یەكێتی دەیەوێت بە كلیلێك تەواوی دەرگا داخراوەكان بكاتەوە، بۆ ئەوەش داوا دەكات كەیسی كەركوك و بەغداد تێكەڵ بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بكات، لە كەركوك یەكێتی دەیەوێت پۆستی پارێزگار بۆ خۆی یەكلا بكاتەوە، لە بەغدادیش پۆستی وەزارەتی داد هێشتا لەسەر مێزی دانوستانەكانەو یەكێتی چاوی لەسەریەتی. بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا) تا ئەم ساتەش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی كەیسی كەركوك‌و بەغداد لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم چارەسەربكات بەیەك پاكێج، بەڵام ئەگەر پارتی مل بەخواستەكانی نەدات، رەنگە یەكێتی بەبێ كەیسی كەركوك‌و بەغدادش لەگەڵ پارتی رێككەوتن لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەت بكات‌و ئەوكات هاوشێوەی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستەكانی پارێزگاری كەركوك‌و وەزارەتی دادی عێراق یەكلابكاتەوە، واتا بەبێ رێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ پارتی.  پارتی‌و گۆڕان دواین كۆبونەوەی نێوان پارتی‌و گۆڕان رۆژی 22ی مانگی رابردوو لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆبونەوەیەدا بۆ یەكەمجار هەردوولا لەبارەی پشك‌و پۆستەكان لەكابینەی نوێ قسەیان كرد. وەفدی گۆڕان لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانەوە داوایكرد، لە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا پۆستی پێبدرێت، بەشێوەیەك لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتییەوە تا دەگاتە پۆستی وەزارەت پێكەوە‌و لەیەككاتدا بدرێت بە گۆڕان، بەڵام وەفدی پارتی ئەم خواستەی گۆڕانی قبوڵ نەكرد. پارتی كە لەسەرەتاوە بە موجامەلەیەكی گەرموگوڕ لەگەڵ گۆڕان دەستیپێكرد، بۆیە یەكەمجار لە كۆبونەوەی 22ی مانگی رابردوودا بە راشكاوانە گفتوگۆی لەگەڵ وەفدی گۆڕانكردو بەڵێی بۆ هەموو خواستەكانی گۆڕان نەكرد، پارتی بەم هەنگاوە گۆڕانی (ستاند بای) كرد، رەنگە بەپلەی یەكەم هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە پارتی تا لەگەڵ یەكێتی پشكەكان یەكلانەكاتەوە، نەیەوێت هیچ بەڵێنێك لەبارەی پۆستەكان بە گۆڕان بدات. بزوتنەوەی گۆڕان بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات، پۆستێك كە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەدەست قوباد تاڵەبانییەوە بووەو ئێستاش یەكێتیەكان چاویان لەسەریەتی. بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆكانیدا بە وەفدی پارتی وتووە، لە خولی پێشوودا یەكێتی هێزی سێیەم بووە لە هەڵبژاردندا پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە، ئێستا گۆڕان هێزی سێیەمەو داوای هەمان پۆست دەكات، یاخود لانی كەم بەپێی هەمان لۆژێك هێزی سێیەم دەبێت جێگری یەكێك لە سێ سەرۆكایەتییەكەی بەركەوێت.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی بەنیازە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بدات بە گۆڕان، سوربونی گۆڕان لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت رەنگە بەشێكی وەك كارتی فشار بێت بەمەبەستی زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەتایبەتی لە كاتێكدا یەكێتی چاوی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیشە، بەو پێیەی ئەو كەسەی لەسەر ئەو كورسییە دادەنیشێت دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێم‌و سەرۆكی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی یەكێتی.   پارتی‌و كۆمەڵ  دوای چاوەڕوانییەكی زۆری كۆمەڵی ئیسلامی، دواجار كۆتایی مانگی رابردوو وەفدێكی مەكتەبی سیاسی سەردانی مەكتەبی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی كرد لە هەولێر. (درەو میدیا) رۆژی سەردانەكە، ئاشكرایكرد، وەفدی پارتی لەسەر دەستپێشخەرییەكی فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان سەردانی كۆمەڵیان كردووە، بەمەبەستی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب، كە لە چوار ساڵی رابردوودا تاڕادەیەك بەقۆناغێكی ئاڵۆزدا تێپەڕی. لەو كۆبونەوەیەدا باسی پرسی بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەت نەكرا، هەرچەندە تائێستا كۆمەڵ خۆی یەكلانەكردوەتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن. كاراكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان پارتی‌و كۆمەڵ لەم كاتەدا وەكو كارتێكی تری فشاری پارتییە بۆسەر یەكێتی، پارتییەكان بەوە پەیامێكیان بە یەكێتی دا، ئەگەر بەزویی بەدەم پرسی پێكهێنانی حكومەتەوە نەیەن، هێزی تر هەن دەتوانن پۆستەكانتان لە حكومەت پڕبكەنەوە، هاوشێوەی ئەوەی لە خولی پێشووی پەرلەماندا رویدا، كاتێك یەكێتی درەنگ دەستی بە شەمەندەفەری حكومەتەوە گرت، پارتی بەشێوەی كاتی پۆستی سكرتێری پەرلەمانی دا بە كۆمەڵی ئیسلامی (فەخرەدین قادر)‌و دواجاریش فەخرەدین قادر بۆ یەكێتی نەكشایەوە‌و تا ئەوكاتەی خۆی دەستی لەكاركێشایەوە لە پۆستەكەیدا مایەوە. یەكێتی لە پەیامەكەی پارتی تێگەیشت كە كۆمەڵی ئیسلامی (ستاند بای) كردووە بۆ بەشداریپێكردنی لە حكومەت، رەنگە ئەمە هۆكارەكەبێت بەمدواییە ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی هەوڵێكیان دەستپێكردووە بەمەبەستی ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ كۆمەڵ، یەكێتی دەیەوێت بەو رێككەوتنە كارتی كۆمەڵ لە دەستی پارتیدا بسوتێنێت. پارتی‌و یەكگرتوو پارتی بۆ راكێشانی یەكێتی بۆسەر مێزی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت‌و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، جارجارە دێوەزمەی یەكگرتووی ئیسلامیش پیشانی یەكێتی دەدات. دەروازەی چونەناوەوە لە دەرگاكەی یەكگرتووەوە سەرەتا لە كەیسی كەركوكەوە دەستیپێكرد، كۆتایی مانگی رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی بانگهێشتی هاوینەهەواری پیرمام كرد. (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، بارزانی‌و سەلاحەدین بەهادین لەو كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگار لە كەركوك قسەیان كردووە، رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت سەربە یەكگرتووە، تاڵەبانی ئێستا كلیلی چارەسەری یاسایی پۆستی پارێزگاری كەركوكە، رێبوار تاڵەبانی كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە هەولێر دەژی، ئەگەر سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، بەشێك لە بەربەستەكانی بەردەم یەكێتی لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ چارەسەردەكات. لەسەر كەركوك، پارتی‌و یەكێتی بەمدواییە ئاڕاستەی جموجوڵە سیاسییەكانیان كردوەتە یەكگرتووی ئیسلامی، سەرباری ئەوەی یەكگرتوو پێشوەختە بڕیاریداوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو بەشداری حكومەت نەكات‌و ئۆپۆزسیۆن بێت، بەڵام لەڕێگەی كەیسی كەركوكەوە پارتی‌و یەكێتی هەردوكیان خەریكە رایدەكێشنەوە بۆناو گەمە سیاسییەكەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم. 


(درەو میدیا): ئەمڕۆ دەستگیركراوانی دهۆك دۆسیەكانیان لە ئاسایشەوە گواسترایەوە بۆ پۆلیسی ئەو شارە، دوای ئەوەی 7 لە دەستگیركراوەكان ئازادكران و تا ئێستاش 18 دەستگیركراوی تر ماونەتەوەو ئازاد نەكراون و بڕیارە سبەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. سەرچاوەیەكی نزیك لە دەستگیركراوانی دهۆك بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: كە لە كاتی زیندانیكردن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا ئەشكەنجەدراون  و جنێو زۆریان پێدراوەو سوكایەتیان پێكراوە، هاوكات لە كاتی لێكۆڵینەوەدا لە هەریەك لە ( شێروان شێروانی و بەدەل بەرواری) چاویان بەستراوەتەوە، كە ئەمەش گومانی درووست كردووە رەنگە لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا میتی توركی ئامادەیی هەبوو بێت لەوێدا، بەو پێیەی تەواوی ئەو پرسیارانەی ئاراستەیانكراوە  هیچی پەیوەندی بە گردبونەوەو خۆپیشاندانەكانەوە نەبووە بەڵكو تایبەت بووە بە توركیاو پەكەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا لەگەڵیان هەڕەشەی ئەوەیان لێكراوە ئەگەر وەڵامی پرسیارەكان نەدەنەوە لێیان دەدەین و كارەبایان لێدەدەن، بەشێكی تر لەو پرسیارانەی ئاراستەیانكردوون، ئەوەبووە كە ئێوە سەر بە چی حزبێكی سیاسین و لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا دەنگتان بە چی حزبێك داوە، وە بەڵێننامەیان بە زۆرێك لەوانە پڕكردۆتەوە كە ئازادیانكردوون،  لەو كاتەی لە زیندانی ئاساییشدا بوون بە پرۆسەیەكی پڕ لە ئەشكەنجەی دەرونی و سوكایەتیدا تێپەڕیون  هەتا براونەتە زیندانی زەركا. بەپێی هەندێك زانیاری كە لە  چالاكانی دهۆكەوە دەستخراوە  ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی خۆی لە رێگەی چەند كەسێكەوە زانیاری ووردی لەسەر گردبونەوەكەی دهۆك هەبووە كە چەند كەسێكی نزیكی خۆیانیانن خزاندوەتە ناو ئەو گروپەی كە ویستویانە گردبونەوە بكەن، تەنانەت ویستوشیانە ئاراستەی گردبونەوەكە  بگۆڕێت تا ئەو كەسانە دەستگیر بكات، چونكە لە ماوەیەكی كورتدا تەواوی ئەو چالاكانە دەستگیركراون و كە هەریەكێ لە شوێنیك بوونەو دەستگیركراون.  هەروەك ئاری كوڕی بەدەل بەرواری چیرۆكی دەستگیركردنی باوكی گێڕایەوە و بە (درەو میدیا)ی وت "ئەوان نزیكەی 10 كەسی سەر بە دەزگای ئاسایش بوون، بە ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی مەدەنییەوە هاتنە بەردەرگامان و باوكمیان لەگەڵ خۆیان برد بەبی ئەوەی فەرمانی دادوەری پیشانبدەن یان پێشتر ئاگاداركردنەوەی لە پۆلیسەوە بۆ هاتبێت". هاوكات شێروان شێروانیش لەدەرەوەی دهۆك دەستگیركراوە رووگەش عیزەدین جەباری هاوژینی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، شێروان بەرلەوەی بڕوات پێیوتووە "من ئەڕۆم لەوانەیە دەستگیریشم بكەن و نەگەڕێمەوە"، لەدوای دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكان و رۆژنامەنووسانی دهۆك  لە رۆژی 28/1/2019 هەر ئەو كات ژمارەیەكیان لێ ئازادكراو دوێنێ شەممە 3/2/2019 حەوت كەسی دیكەیان لێ ئازادكرا بەناوەكانی ( دلوڤان زێباری،  رێدیر رێكانی، نژیار رێكانی، ئومێد بەروشكی،  شوكری محەمەد،  محەمەد مشیر،  سەلام سەدیق) لە ئێستاشدا 16 كەسیتر ماوە لە زیندانەكانی دهۆك ئەوانیش  1- شێروان شێروانی /ڕۆژنامەوان 2- تاکور زەردەشتی / چالاکوان  3- رێکان ڕەشید / چالاکوان  4- سەفەر شاجی / چالاکوان 5- بەدەل بەرواری / مامۆستا  6- مستەفا بامەرنی / چالاکوان  7- دلۆڤان زێباری / روژنامەوان  8- مەلا ئەمین ئۆرەماری / سیاسی  9- محەمەد موشیر / چالاکوان  10-فەیزی رێکانی / ماموۆستا  11- ئەرکان هێتیتی / چالاکوان  12-ئومێد حاجی  13- شوکری رێکانی 14- خالد رێکانی 15- نزار رەمەزان 16 - یوسف باقی / چالاکوان  17 - محەمەد شینۆ گوهەرزی 18 - سەلام سدیق گوهەرزی چاوەڕوان دەكرێت سبەی  سێشەمە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت و بەشێكی دیكەیان ئازادبكرێن.  لە گومەڵگای سێریی سەر بە شێلادزێ، خوپێشاندەران و خانەوادەی قوربانیانی بوردومانەكانی توركیا رۆژی 27/1/2019 خۆپیشاندانیان كردوو  هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی سوپای توركیا و سوتاندیان و جگە لە بریندار بوونی چەند خۆپیشاندەرێك ( حسێن رێكانی) تەمەن  13 ساڵ بە گوللەی جەندرمەكانی توركیا شەهید كرا، كە ئەمەش ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو رۆژی دواتر ژمارەیەك چالاكی مەدەنی ویستیان گردبونەوەیەك لە شاری دهۆك ئەنجامبدەن بەڵام زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران. هەواڵی پەیوەندیدار


( درەو میدیا): بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، مۆڵەتی لە عێراق وەرنەگرتووە تا هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق چاودێری ئێران بكەن. بەرهەم ساڵح لە وتەیەكیدا كۆڕبەندی بەغدا وتیشی:" هێزەكانی ئەمریكا بە گوێرەی رێككەوتنێكی نێوان هەردوو وڵات لە عێراقن و ئەركیان لە بواری نەهێشتنی تیرۆردا دیاریكراوە و پێویستە لەسەریان پابەندی بن". سەرۆك كۆماری عێراق جەختیشیكردەوە, بەرژەوەندی بنەڕەتی عێراق لەوەدایە, پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی تری دراوسێیدا هەبێت. رۆژی یەكشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " CBS" ی ئەمریكیدا رایگەیاند مانەوەی هێزەكانەی ئەمریكا لە عێراق گرنگە بۆئەوەی واشنتۆن بتوانێت لە نزیكەوە چاودێری ئێران بكات.


( درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایدەگەیەنێت دەیانەوێت هێزەكانیان لە عێراق بۆ چاودێریكردنی ئێران بهێڵنەوە و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش ئیدانەی ئەو هەڵوێستەی ترەمپ دەكات و رایدەگەیەنێت لە پەرلەمانەوە كۆتایی بە بوونی هێزە بیانییەكان و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەهێنن. " پارەی زۆمان خەرجكردووە" ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " سی بی ئێس" ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند: ویلایەتە یەكگرتووەكان پارەیەكی زۆری لە بونیادنانی بنكەیەکی سەربازیدا لە عێراقدا خەرجكردووە و  بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق گرنگە بۆئەوەی بتوانرێت چاودێری ئێران بكرێت". ترەمپ جەختیشكردەوە، ئارەزوی ئەو بۆ هێشتنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئەوەیە دەیەوێت چاودێری ئێران بكرێت، چونكە ئەو وڵاتە كێشەیەكی راستەقینەیە و وتی:" هەموو ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە بتوانین چاودێری بكەین، بنكەیەكی سەربازیی گرنگ و پڕ خەرجییمان لە عێراق دامەزراندووە، پێگەیەکی نمونەییە بۆ چاودێریكردنی هەموو ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆز ئەوەش باشترە لە پاشەكشێكردن". دەربارەی سوریاش ترەمپ لەو چاوپێكەوتنەدا بەڵێنیدا جارێكی تر هێزەكانی ئەمریكا بگەڕێنەوە بۆ سوریا، ئەگەر داعش ناوچەكانی كە پێشتر داگیری كردبوون كۆنترۆڵبكاتەوە و ئاماژەیبەوەشدا " واشنتۆن فڕۆكەی خێرای هەیە و دەتوانێت بەزووترین كات بگەڕێتەوە سوریا". ئاشكراشیكرد بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بنكە سەربازییەی عێراق و هەندێكیشیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریكا. "بە یاسا هێزەكانی ئەمریكا دەكەینە دەرەوە" وتەكانی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی مانەوەیان سوپای ئەمریكا لە عێراق، هاوشێوەی سەردانە كتوپڕەكەی بۆ بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە سەرەتای ئەمساڵدا بەبێ‌ بینینی هیچ بەرپرسێكی عێراقی، كاردانەوە لێكەوتەوە. لە یەكەم كاردانەوەدا حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتەكانی ترەمپی ئیدانەكرد و رایگەیاند وتەكانی ترەمپ " پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری و ویستی نیشتمانی و دەستوری عێراقە كە جەختدەكاتەوە نابێت عێراق ببێتە بنكەیەك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هیچ دەوڵەتێك". كەعبی كە سەر بەرەوتی سەدرە لە بەیاننامەیەكدا وتی:" جارێكی تر ترەمپ یاسا و دەستوری دەوڵەتی عێراقیی پێشێلكرد دوای سەردانەكەی پێشووی بۆ بنكەی عەین ئەسەد". جەختیشیكردەوە كە لەسەر هەموو لایەك پێویستە بە پەلە بكەونە جموجوڵ بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی ئەمریكا و رێگەنەدان كە عێراق بكرێتە بنكەیەك بۆ بەرپاكردنی شەڕ یان چاودێریكردنی دەوڵەتێك. لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكراشیكرد " پەرلەمان لە میانی وەرزی یاسادانانی داهاتوودا كاردەكات بۆ پەسەندكردنی یاسایەك كە كاركردن بە رێككەوتننامەی ئەمنیی لەگەڵ ئەمریكا كۆتایی پێدەهێنێت لەگەڵ كۆتاییهێنان بە بوونی راوێژكار و راهێنەرە سەربازییەكانی ئەمریكا و بیانییەكان لەسەر خاكی عێراق. "پێویستە عەبدولمەهدی و بەرهەم ساڵح بێنە دەنگ" هاوكات پەرلەمانتار سەباح ساعدی، سەرۆكی كوتلەی چاكسازی و بونیاتنان داوای لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كرد كە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی ترەمپ و پاراستنی سەروەریی عێراق . ساعدی لە بەیاننامەیەكدا داواشی لە عادل عەبدولمەهدی كرد هەتا ئەو كاتەی پەرلەمان پرۆژە یاسایەك بۆ كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پەسەنددەكات، رێوشوێنی پێویست بۆ سنورداركردنی جموجوڵی هێزەكانی ئەمریكا و هێزە بیانییەكان لە عێراق بگرێتەبەر.  


 ( درەو میدیا): رۆژی شەممە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە رێگەی تانكەر و دەروازەی ترەیبیلەوە دەستیپێكرد و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی هەردوو وڵاتیش لەو تاكە دەروازە سنورییەی نێوان هەردوو وڵات كۆبوونەوە و چەند رێككەوتننامەیەكیان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی نێوانیان ئیمزاكرد. عێراق و ئوردن تەنها یەك دەروازەی سنوریی لە نێوانیاندا هەیە، لە دیوی عێراقەوە بە "ترەیبیل" و لە دیوی ئوردنەوە بە "كەرامە" ناودەبرێت و دەروازەكە 370 كلیۆمەتر لە عەممانی پایتەختی ئوردن و 570 كیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە دوورە و ئەم دەروازەیە لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی شەڕی داعشەوە داخرا و كۆتایی ئابی 2017 كرایەوە. نەوتی كەركوك بە هەرزان لەو دەروازە سنورییە لە هۆڵێكی كۆبوونەوەدا كە لەناو خێمەیەكی سپیدا پێكهێنرابوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هاوتا ئوردنییەكەی عومەر رەزاز و وەفدێكی باڵای نێوان هەردوو وڵات كۆبوونەوە. هەردوولا رێككەوتن كە عێراق رۆژانە لە رێگەی تانكەرەوە 10 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بداتە ئوردن بەرەچاوكردنی تێچوی گواستنەوەی و جیاوازی كوالێتی نەوتەكە لە رووی نرخەوە. هەروەها هەردوو وڵات رێككەوتن كە دەستبكەن بە لێكۆڵینەوە بۆ بونیادنانی هێڵێكی گواستنەوەی نەوت لە بەسرەوە بۆ ناوچەی حەدیسە و لەوێوە بۆ بەندەرەی عەقبەی ئوردن و شارەزایان ئاماژە بەوەدەدەن كە عەممان زۆری بەلاوە گرنگە لە رێگەی ئەو بۆریەوە پێداویستی خۆی لە سوتەمەنی پێبگات. هەر بە گوێرەی ئەو رێككەوتنە حكومەتی ئوردن و عێراق رێكەوتوون كە ئوردن كارەبا بە عێراق بدات و كاربكرێت بۆئەوەی لە ماوەی سێ مانگدا پرۆژەی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە ئوردنەوە جێبەجێ بكرێت و چاوەڕوانیش دەكرێت لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا ئوردن دەستبكات بە هەناردەكردنی كارەبا بۆ عێراق. عێراق ئێستا بۆ دابینكردنی كارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت و حكومەتی بەغدا دەیەوێت سەرچاوەكانی بەدەستهێنانی كارەبا زیادبكات و كۆتایی ساڵی 2018 واشنتۆن عێراقی لە سزاكانی سەر ئێران بەخشی و ئێستا بەغدا دەیەوێت جگە لە ئێران، كارەبا لە ئوردن و كوەیت و توركیا بكڕێت. پرسی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان لە ناوخۆی عێراق و بە تایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كاردانەوە و ناڕەزایەتی لێكەوتوەتەوە و تائێستاش حكومەتی عێراق ئامادە نییە ئەو نرخە ئاشكرابكات كە لەسەری رێككەوتون.


( درەو میدیا): سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كاندید دەكرێت. تۆماس هامربێرگ، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید، دەمیرتاشی بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە پێشنیازكردووە. تۆماس هامربێرگ لە نەماكەیدا بۆ كاندیدكردن دەمیرتاش نوسیویەتی:"  لەماوەی 12ی ساڵی رابردوودا دەمیرتاش ژیانی خۆی بۆ خەباتكردن لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان كورد و توركدا لە توركیا‌و مافی كەمایەتییەكان‌و مافی ژنان تەرخانكردووە و رۆڵێكی زیندووی بە دیموكراتیەت بەخشیوە لە توركیا. دەمیرتاش دژایەتی دەسەڵاتخوازیی و ململانێكی تایەفی كردووە لەو شوێنەی كە سیستمی دادپەروەریی ئامادەگی نیە، هەروەها داوای مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤی كردووە بۆ ئازادی رادەربڕین و بۆئەوەی گەلی توركیا لە ئاشتیدا و لە كۆمەڵگەیەكی سەقامگیری هەمیشەییدا بژین. دەمیرتاش ئازایانە لە كارەكەیدا خەباتی دەكرد لە پێناوی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە زینداندایە بەڵام بەبیرمان دەهێنێـەوە كە ململانێ لە پێناوی ئاشتیدا  زۆر لە قەیرانەكانی ئێستا بە بایەخ ترە، لەبەرئەم هۆكارانە من سەلاحەدین دەمیرتاش وەك كاندیدێك بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2019 پێشكەشدەكەم".\ تۆماس هامربێرگ، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید


(درەو میدیا): تا ئێستا بەشێك لە خۆپیشاندەران و چالاكانی مەدەنی لە دهۆك لە زینداندان و ژمارەیەكیان شوێنی زیندانیەكەیان دیار نیەو حەوتیشیان لەسەر لایككردنی پەیج دەستگیركراون. بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" كە لە شاری دهۆكەوە دەستی كەوتووە، تا ئێستا شوێنی زیندانیكردنی پێنج لە چالاكان و رۆژنامەنووسان دیارنیەو دەوترێت لای ئاساییشەو ئاساییشیش رایدەگەیەنێت كە لای ئەوان نیە. ئەو كەسانەش بریتین لە ( شێروان شێروانی، تاکور زەردەشت، سەباح ئەتروشی، مەلا ئەمین ئۆرەماری) كە گومان دەكرێت بۆ شوێنی تر برابن، چونكە تا ئێستا بەرپرسانی ئەمنی ئاشكرای ناكەن لە كوێ زیندانی كراون؟. بەشێكی تر لە چالاكان لە زیندانی "زەركا" ن كە ژمارەیان حەوت كەسەو لەسەر لایککردنی ئەو پەیجە دەستگیركراون كە ئاگاداری كردووە بۆ گردبوونەوەكەی شاری دهۆك.  لەدوای خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ و دواتر هەوڵی گردبونەوە لە دهۆك بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندەرانی شیلادزێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆك ژمارەیەك چالاك و رۆژنامەنووس دەستگیركران. 


راپۆرتی: درەو میدیا    هەڵاوسانی ئابوری و بڕینی بەردەوامی وزەی كارەبا و كەمی خۆراك و دەرمان، قەیرانێكی سیاسی مەترسیداری لە ڤەنزوێلا دروستكردووە. بەهۆی ئەو قەیرانەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرفراوان ئەو وڵاتەی گرتەوە و خوان گوایدۆ، سەركردەی ئۆپۆزسیۆن خۆی وەك سەرۆكی كاتی و نەیاری سەرەكی نیكۆلاس مادۆرۆی سەرۆكی سۆسیالیستی وڵات راگەیاند و قەیرانە سیاسییەكە ئێستا قوڵتربوەتەوە. باسلەوەدەكرێت كە لە دەستپێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانەوە لە 21ی كانونی دووەمەوە تائێستا لانیكەم 40 كەس كوژراون و نەتەوە یەكگرتووەكانیش هۆشداریدا لەوەی كە دۆخەكە خراپتر دەبێت و لە كۆنترۆڵ دەردەچێت ئەگەر چارەسەری پێویستی بۆ نەدۆزرێتەوە. بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییە سەختەی چەند ساڵێكە ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە زیاتر لە سێ‌ ملیۆن كەس بەهۆی برسیەتی و نەبوونی چاودێری تەندروستی و بێكاری و بڵاوبوونەوەی تاوانەوە ڤەنزوێلایان بەجێهێشتووە. با لە رێگەی چەند داتایەكەوە بڕواینە دۆخەكە لەو وڵاتەدا: 1-هەڵاوسانی ئابوریی گەیشتوەتە قۆناغێكی تۆقێنەر: گەورەترین كێشە كە هاوڵاتیان ڤەنزوێلا لە ژیانی رۆژانەیاندا رووبەڕووی دەبنەوە خۆی لەو هەڵاوسانە زەبەلاحەدا دەبینێتەوە كە ئابوری ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە. رێژەی هەڵاوسانی ئابوری لەدوای هەڵبژاردنی نیكۆلاس مادۆرۆوە بەشێوەیەكی خێرا و زۆر گەورە بەرزبووەتەوە، بە گوێرەی توێژینەوەیەك كە ئەنجومەنی نیشتمانی ئامادەیكردووە و ئۆپۆزسیۆن تێیدا باڵادەستە، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتوەتە لە سەدا 1300000و لەو 12 مانگەی پێش تشرینی دووەمی 2018 و بە هاتنی كۆتایی ساڵی رابردوو نرخی شمەك و كەلوپەل رۆژانە 19 جار زیادبووە، ئەوەش وایكرد ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا تەنها عەوداڵی ئەوەبن پێداویستییە بنەڕەتییەكانی وەك خۆراك و دەرمان و چارەسەریان دەستبکەوێت. هەروەها بەهای دراوی نیشتمانی " پۆلیڤار" بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی بە شێوەیەكی لە رادەبەدەر دابەزینی بەخۆیەوە بینی. 2- بەرهەمی ناوخۆ لە داڕماندایە: ڤەنزەوێلا یەكێك بوو لە دەوڵەمەندترین ئابوری لە ئەمریكای لاتینی بەهۆی یەدەگی نەوتەوە كە دەوترێت گەورەترین یەدەگە لە جیهاندا، بەڵام لە سایەی حكومی سەرۆكی كۆچكردووو هۆگۆ چاڤێز - ساڵی 2013 كۆچی دواییكرد- پاشان نیكۆلاس مادۆرۆ جێگەی گرتەوە، گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و قەرزی زۆر بوونە هۆی داڕمانی ئابوری وڵات. هۆگۆ چاڤێز، سەرۆكی كۆچكردوو، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لە ساڵەكانی هەزارەی دووەمدا قۆزتەوە بۆئەوەی قەرزێكی زۆر بكات، هەروەها خەرجی حكومەتیش بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكرد و دوای ئەوەش لەمیانی خولی یەكەمی سەرۆكایەتی مادۆرۆدا، ئابوری ڤەنزوێلا داتەپی. خەڵكانێكی زۆر لۆمەی مادۆرۆ و حكومەتە سۆسیالیستییەكەی دەكەن و بەرپرسیارێتی خراپی دۆخی وڵاتەی دەخنە ئەستۆ، بەڵام مادۆرۆ دەیخاتە ئەستۆی وڵاتە ئیمپریالیستەكانی وەك ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و تۆمەتباریان دەكات بەوەی جەنگێكی ئابورییان دژی ڤەنزوێلا بەرپاكردووە، بەهۆی ئەوەی سزایان بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكومەتەكەیدا سەپاندووە. هەروەها دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2016 دا رۆڵی هەبوو لە گەورەتربوونی قەیرانی ڤەنزوێلا، بە تایبەتی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. 3- دانیشتوان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن: هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و لە راپرسییەكی ساڵانەدا بۆ دۆخی گوزەران (Enconvi 2017) لە كۆی 10 كەس كە رایان وەرگیراوە، 8 كەسیان دەڵێن كە بەهۆی نەبوونی خۆراكەوە بڕێكی زۆر كەم خۆراك دەخۆن، هەروەها لە كۆی 10 كەس، شەیان دەڵێن كە بەهۆی بەئەوەی توانای كڕینی خۆراكیان نییە بە سكی خاڵی و برسیەوە دەخەون‌و رۆژدەكەنەوە. بێگومان كەمی خۆراكیش ئەنجامی نەرێنی لە رووی تەندروستی گشتییەوە لێدەكەوێتەوە و زۆرینەی هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا ( 64.3% ) دەڵێن كێشی لەشیان لە ساڵی 2017دا بە تێكڕای 11.3 كیلۆگرام كەمیكردووە، چینە هەژارەكانیش زۆرترین قورسایی ئەو دۆخە ناخۆشەیان كەوتوەتە سەرشان. هەروەها توێژینەوەی ( Econvi 2017)  ئەمانەی لەخۆگرتووە: * خۆراكی سەرەکی لەڕووی بڕ و جۆرەوە كەمدەبێتەوە. * لە كۆی 10 كەس 9 كەس لە دانیشتوان ناتوان رۆژانە ئەوەی پێویستیانە بیكڕن. * 8.2 ملیۆن هاوڵاتی ڤەنزوێلا لە رۆژێكدا تەنها دەتوانن دوو ژەم یان كەمتر نان بخۆن. *  ئەو خۆراكەی كە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا دەیخۆن ئاسن و ڤیتامینەكان و مادە سەرەكییەكانی تێدا نییە. لەئەنجامی ئەوە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا پەنا بۆخواردنی سەوزەكەنی و خۆراكی لەبیركراو بەرن كە لە رابردوودا بە " خۆراكی هەژارەكان" ناسرابوون و بەرهەمی رووەكی " ئەلیوكا"ی نرخ هەرزان، جێگەی پەتاتەی گرتوەتەوە و دەكرێت ئەلیوكا بكوڵێندرێت یان سوربكرێتەوە، و كۆمپانیای ماكدۆناڵدزیش ساڵی 2015 لە ڤەنزوێلا پەنای بۆ ئەوە برد كاتێك ئەلیوكا جێگەی پەتاتەی گرتەوە. 4- كەمی دەرمان: ڤەنزوێلا لەم ساڵانەی دواییدا بەدەست بڵاوبوونەوەی زۆری نەخۆشی مەلاریاوە دەیناڵاند، لە كاتێكدا ئەو نەخۆشییە لە زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێیدا بەرەو نەمان دەچێت.ڤەنزوێلا ساڵی 1961 یەكەمین وڵات بێت كە نەمانی نەخۆشی مەلاریا رابگەیەنێت، بەڵام ئێستا لانیكەم لە 24 ویلایەتەكەی لە 10 ویلایەتی توشبوون بەو نەخۆشییە تۆماردەكرێت و رێكخراوی كەنەدی ناحكومی " ICASA " دەڵێت بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی دزەپێكراوی حكومەت ئاشكرایكردووە كە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە جۆری " پلازمۆدیۆن ڤیڤاكس"  لەخۆدەگرێت كە چارەسەری گران و قورسە. هەروەها رەوانگەی چاودێری تەندروستی ڤەنزوێلاش دەڵێت كە دەرمان و چارەسەری نەخۆشی مەلاریا بە هەموو جۆرەكانییەوە زۆر كەمبوەتەوە. خۆسێ‌ فیلیكس ئۆلیستا، پزیشكی پسۆری نەخۆشییە گوازراوەكان و وەزیری پێشووی تەندروستی دەڵێت پێشبینیدەكرێت كە ژمارەی توشبوان بە مەلاریا ساڵی 2018 بگاتە دوو هێندەی ژمارەی توشبوانی ساڵی 2017. ئەو وەزیرەی پێشوو دەڵێت:" ئەگەر حاڵەتەكە وەك ئەوەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت، ئەوا ژمارەی توشبوان لە ساڵێكدا دەبێتە بە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس، ئەو ژمارەیەش ئەوەیە كە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستدا لە ڤەنزوێلا هەبوو، بڵاوبوونەوەی مەلاریا لە ڤەنزوێلا لە كۆنترۆڵ دەرچووە". 5- دابەزینی نرخی نەوت: ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، و نەوت گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتەیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2003ەوە دوای راگەیاندنی مانگرتنی گگشتی هەتا 2008 ئاستی پارێزگاری لە ئاستی خۆی كردبوو، كاتێك نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتە ئەوپەڕی. ئامارەكانی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت " ئۆپیك" ئاماژە بەوەدەدەن كە ڤەنزوێی لەو ساڵەوە 60 ملیار دۆلار قەرزیكردووە. بەڵامم دابەزینی نرخی نەوت لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014- ساڵێك دوای مردنی هۆگۆ چاڤێز بە نەخۆشی شێرپەنجە-  گورزێكی جەرگبڕی لە دەستكەوتەكانی ئابوری وڵات وەشاند كە لە بنچینەدا پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت. بەهۆی ئەوەوە قەیرانێكی زۆر مەترسیدار ئەو وڵاتەی گرتەوە و كۆی بەرهەمی خۆماڵی بەرێژەی لەسەدا شەش كەمبوەوە و رێژەی هەڵاوسان بە شێوەیەكی گەورە بەرزبووە و لەو كاتەوە بەرهەمێنانی نەوت لە ڤەنزوێلا كەمبوەتەوە. ڤەنزوێلا بۆ هەناردەكردنی نەوت پشت بە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبەستێت و 41%ی كۆی بەرهەمی بۆ ئەو وڵاتە هەناردە دەكرد و لە 29ی كانونی دووەمی رابردوەوە، ئەمریكا سزای بەسەر كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ڤەنزوێلا " PDVSA " دا سەپاند و رایگەیاند داهاتی فرۆشی نەوتی ڤەنزوێی لە داهاتوودا بلۆكدەكرێت و رێگە نادرێت بگاتە دەست حكومەتی سەرۆك مادۆرۆ، بەڵاك وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ستیڤن مەنوچین وتی كە كۆمپانیاكە دەتوانێت خۆی لە سزاكان رزگاربكات كە ئەگەر دان بە سەرۆكایەتی خوان گوایدۆی سەركردەی ئۆپۆزسیۆندا بنێت. 6- ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان وڵات بەجێدەهێڵن: ریكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت لە ساڵی 2014ەوە نزیكەی سێ‌ ملیۆن لە هاوڵاتیانی ڤەنزوێلا وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە و ژمارەیەكی زۆریان روویان لە كۆڵۆمبیای دراوسێ كردووە و بەشێكیشیان چونەتە ئیكوادۆر، پیرۆ‌و چیلی و ژمارەیەكیشیان چونەتە بەرازیل. بەڵام دیلسی رۆدریگز، جێگری سەرۆكی ڤەنزوێلا تانە لەو داتایەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەدات و دەڵێت ئەو ژمارانە زیادەڕەوییان تێداكراوە لەلایەن" وڵاتێكی نەیارەوە" زیادكراوە كە هەوڵدەدات بۆ دەستوەردانی سەربازی دژی ڤەنزوێلا پاساو بهێنێتەوە. 7- وڵاتانی جیهان دەربارەی ڤەنزوێلا دابەشبوون: هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و زیاتر لە 10 وڵاتی ئەمریكای لاتینی و كەنەدا پشتیوانی خۆیان بۆ سەركردەی ئۆپۆزسیۆن " خوان گوایدۆ" سەرۆكی هەڵبژێدراوی ئەنجومەنی نیشتمانی ڤەنزوێلا راگەیاندووە و ئەوەش  كێشەی بۆ دەسەڵاتی سەرۆك مادۆرۆ دروستكردووە كە كەمتر لە مانگێكە خولی دووەمی سەرۆكایەتی دەستپێكردوووە. هەریەك لە ئیسپانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا هەفتەی رابردوو رایانگەیاند دان بە سەرۆكایەتی  گوایدۆدا دەنێن ئەكەر لە ماوەی هەشت رۆژدا بانگەواز بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ نەكرێت. بەڵام روسیا پشتیوانی دەرەكی بۆ گوایدۆ ئیدانەكرد و رایگەیاند ئەو كارە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییەو رێگایەكی راستەوخۆیە بۆ خوێنڕشتن، هەروەها هەریەك لە چین و مەكسیك و توركیا و ئێران پشتیوانی لە نیكۆلاس مادۆرۆ دەكەن.   سەرچاوە:  Bbc arabic


( درەو میدیا): كاتێك دەڕوانیتە وێنەی روحوڵا خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئێران دوای بەسەربردنی 15 ساڵ لە تاراوگە، دەبینیت بە ژمارەیەك لە نزیكترین هاوپەیمان و دۆستەكانی دەورەدراوە، ئێستا ئەو كەسانە لە كوێن و چیان بەسەرهاتووە؟ كاتێك دەگەڕێیت بە دوای چارەنوسی ئەو كەسانەدا, دەردەكەوێت كە زۆرینەیان ساڵانی دوای گەڕانەوەیان مردون، یان كوژراون. ئەو كەسانە لە ساتی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا ساڵی 1979 لە سەركەوتووەكان بوون، بەڵام وەك دەوترێت هەمیشە شۆڕشەكان سەری رۆڵەكانیان دەخۆن، ژمارەیەكی زۆر لەوانە بە ماوەیەكی كورت دوای گۆڕانكارییەكانی شۆڕشەكە لە شانۆی سیاسی دووركەوتنەوە و دیارنەمان و تەنها یەكێكیان مایەوە. لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدەین چارەنوسی ئەو كەسانە بخەینەڕوو كە 40 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خومەینیدا گەڕانەوە بۆ ئێران. 1- مورتەزا موتتەهری:  موتتەهری كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ئایدیۆلۆژی كۆماری ئیسلامی هەبوو، یەكێك بوو لە تیۆرسێنەكانی شۆڕشەكە و یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی شورای شۆڕشی ئیسلامی پێش روخانی رژێمی شا،  بەڵام یەكی ئایاری 1979 لە تاران تیرۆركرا، و گروپێكی ئیسلامیی بەناوی " فرقان" بەرپرسیارێتی خۆیان لە تیرۆركردنی راگەیاند، ئەم گروپە دژی گروپی كۆماری ئیسلامیی بوون و لێكدانەوەیەكی تریان بۆ ئیسلام هەبوو، كە هەندێك بە زۆر توندڕەو وەسفیدەكەن. 2- حەسەن لاهوتی ئەشكوری: ئەشكوری هاوپەیمانێكی نزیكی ئایەتوڵا خومەینی بوو، بەڵام دوای شۆڕش راستەوخۆ نزیك بوەوە لە ئەبولحەسەن بەنی سەدر سەرۆك كۆماری ئێران، ناكۆكی لەگەڵ خومەینیدا هەبوو كە ببوە فەرماندەی باڵای كۆماری ئیسلامیی، دوو ساڵ دواتر ئەشكوری رەوانەی كونجی زیندان كراو دوای چەند رۆژێك تێیدا گیانی لەدەستدا و خێزانەكەی دەڵێن كە ژەهرخوارد كراوە. 3- ئەحمەد خومەینی: كوڕی ئایەتوڵا خومەینی بوو، بە دەستەڕاستی دادەنرا, ئازاری 1995 بەهۆی نەخۆشی دڵەوە كۆچی دواییكرد، باوەڕوایە كە خێزانەكەی خومەینی لە رووی سیاسییەوە لە باڵی ریفۆرمخوازەكانەوە نزیكن. 4- سادق قوتبزادە: وەزیری دەرەوەی ئێران بوو دوای شۆڕش هەتا ئابی 1980،دوای تۆمەتباركردنی بە پیلانگێڕی بۆ تیرۆركردنی ئایەتوڵا خومەینی و نەهێشتنی كۆماری ئیسلامی ئەیلولی 1982 لەسێدارەدرا. 5- ئەبولحەسەن بەنی سەدر: یەكەم سەرۆك كۆمار دوای شۆڕشی ئیسلامی، لە ئێران هەڵات و ئێستا لە تاراوگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەژی، پەرلەمانی ئێران رۆژی 21ی حوەزیرانی 1981 بەبێ‌ ئامادەبوونی خۆی متمانەی لە بەنی سەدر سەندەوە و لە پۆستەكەی دووریخستەوە، بە تۆمەتی نزیكبوونەوە لە گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی. 6- سادق تەباتەبائی: زاوای ئەحمەد خومەینی بوو, دوای شۆڕشی ئیسلامیی چەند پۆستێكی حكومی گرتەدەست، لەوانە جێگری سەرۆك وەزیران لە حكومەتەكەی مەهدی بازرگان، بەڵام دواتر خۆی لە سیاسەت بەدوورگرت و شوباتی 2015 بە شێرپەنجەی سییەكان لە ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد كە لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا نیشتەجێی ببوو. 7- داریوش فروهەر: دەوترێت ئەویش لە وێنەكەدایە‌و ئەو كەسەی كە لە دواوە بەشێكی سەری دەركەوتووە، فروهەرە، دژی پێكهێنانی حكومەت بوو لە پیاوانی ئاینی و ساڵی 1998 خۆی و هاوسەرەكەی لەلایەن چەند كەسێكەوە تیرۆركران كە وەزارەتی ئیتیڵاعاتی ئێران بە " كەسانی هەڵگەڕاوە" وەسفكران. زۆرینەی ئەوانەی لەسەرەوە باسمانكردن, نزیك و هاوڕێی خومەینی بوون و لەو فڕۆكەیەدا بوون كە یەكی شوباتی 1979 خومەینی لە پاریسەوە گەیاندەوە تارانی پایتەختی ئێران, ئەو كەسانە بوونە قوربانی پێشهاتە سیاسییەكانی دواتر، دوانیان تیرۆركران و یەكێكیان لە سێدارەدرا و یەكێكی تریان لە بارودۆخێكی تەمومژاویدا كوژرا و یەكێكیشیان ئێستا لە تاراوگە دەژی. ئەوەی مایەی سەرنجە زۆرینەی ئەوانە لە نێویشیاندا خانەوادەكەی خومەینی دواتر خۆیان لەدەستەبژێری فەرمانڕەوای ئێران بەدوورگرت و ئێستا ئێران لەلایەن گروپێكی جیاوازەوە بەڕێوەدەبرێت كە هیچ كامیان نزیك نین لە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری ئێستای ئێران كە ئەویش لە وێنەكەدایە لەگەڵ خومەینی. سەرچاوە: بی بی سی 


(درەو میدیا): لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی هاوپەیمانی نیشتمانییدا كە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانییەكە هەڵبژێردران. عوسمان گوڵپی وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: لە دەنگدانەكەدا زیاتر لە 239 هاودید بەشداربوون و دەنگیان بە ٢١ كاندید دا بۆ ئەوەی نۆیان هەڵبژێرن بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی. لە هەڵبژاردنەكەدا ئەمانە وەكو ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی هەڵبژێردران: سه‌رگوڵ ره‌زا حه‌سه‌ن قه‌ره‌داغی 191 ده‌نگ كاروان حەمەساڵح 173 ده‌نگ  خه‌تاب عومه‌ر 172 ده‌نگ شۆخان ڕه‌زا 163 ده‌نگ  محه‌مه‌د عه‌بدوڵا 147 ده‌نگ  موئمین یاسین زه‌ڵمی 142 ده‌نگ عوسمان گوڵپی 140 ده‌نگ  ئومێد حه‌مه‌ ره‌شید جاف 135 ده‌نگ ڤالانتینا عه‌بدولڕه‌حمان  86 ده‌نگ عوسمان گوڵپی ئاماژەی بەوەشكرد " ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دوو ئەركی سەرەكی خراوەتە سەرشان كە بریتییە لە دروستكردنی پەیوەندی ناوخۆیی و دیپلۆماسییە لەگەڵ دابینكردنی سەرچااوەی داهات بۆ حزب" هاوپەیمانی نۆ دامەزراوە و حەوت دەڤەر و چەند بازنەیەك و سێ ئەنجومەنی هەیە: (ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی جێبەجێكردن، ئەنجومەنی سیاسی ) و دەسەڵاتەكانی ناو حزبەكە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دابەشكراون بەسەر ئۆرگانەكاندا.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand