ئیمتیازی ئەو پۆستەی حكومەتی پەكخستووە !

Draw Media

2019-04-13 16:01:13



 راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ - فازڵ حەمە رەفعەت 

كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی سیاسی بەگشتیی‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی پەكخستووە، لە دوایین پەرەسەندندا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی دڵنیاكردۆتەوە كە خۆی چارەسەری كێشەی زیادكردنی جێگرێكى تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم چارەسەر دەكات و بە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە " باشترە زیادكردنی جێگرێك بۆ یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵ بكەن" .
پێشترو بەدیاریكراوی ساڵی 2015، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان نەك تەنیا زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو پۆستی سەرۆكی هەرێمیشیان پێ پۆستێكی زیادەبوو.
پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە بە "كوڕی سێو لە باخەڵ"، پارتی لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنی كردووە پۆستی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت‌و جێگرەكەش لای گۆڕان بێت، لەگەڵ یەكێتیش رێككەوتنی كردووە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت‌و جێگرێكیان لای یەكێتی بێت.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، تا ئەم ساتە سەرۆكی هەرێم كە هاوكات فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەشە، تەنیا یەك جێگری هەیە.

سەرچاوەی كێشەكە
ئێستا پارتی، نە یەكێتی پێ رازی دەكرێت‌و نە گۆڕان، لە رێككەوتنی 18ی شوباتدا، پارتی‌و گۆڕان رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم جێگرێكی هەبێت بۆ كاروباری سەربازی، ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی رەتكردەوەو داوای جێگری سەرۆكی حكومەت یاخود جێگری سەرۆكی پەرلەمانی دەكرد، بەڵام پارتی هیچ یەكێك لەو دوو پۆستەی بە گۆڕان نەدا‌و گۆڕانی رازی كرد بە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.
سەرەتای كێشەكە لەوێوە سەرچاوەی گرت، پارتی لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی كرد، رێككەوتنێك كە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت‌و جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی لای یەكێتی بێت.
پارتی‌و یەكێتی بەشێوەی زارەكی رێككەوتوون، بەڵام تائێستا لەسەر كاغەز رێككەوتنەكەی نێوانیان ئیمزا نەكردووە.

گۆڕان دەیگۆڕێتەوە ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، گۆڕان تائێستا سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت، ئەو جێگرەش لای بزوتنەوەی گۆڕان بێت.
پێشتر كاتێك پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان، گۆڕان دوو مەرجی هەبوو بۆ زیادكردنی ئەو پۆستە:
•    مەرجی یەكەم: پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان
•    یاخود، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر گۆڕان كەوتووە، بكرێت بە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی

مەرجەكانی گۆڕان هەرزوو لەلایەن یەكێتییەوە رەتكرایەوە، یەكێتی نە ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە ببێت، نە ئامادەشە پۆستی سەرۆكی حكومەت جێگرێكی تری بۆ زیادبكرێت.

لە دوایین پەرەسەندندا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی دڵنیاكردۆتەوە كە خۆی چارەسەری كێشەی زیادكردنی جێگرێتر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم چارەسەر دەكات و بە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە " باشترە زیادكردنی جێگرێك بۆ یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵ بكەن" .
بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا ) رەنگە دواجار بزووتنەوەی گۆڕان قایل بێت بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لەبەرامبەردا پارتی پۆستێكی جێگر لە دامەزراوەكان بۆ گۆڕان زیادبكات .

یەكێتی چاوەڕێیە !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بەڕوونی بە پارتی راگەیاندووە، ئەوان پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گۆڕان‌و قایلكردنییەوە نییە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتنی كردووە‌و دەبێت رێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت. 

لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكەوە
پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی، لەسەرەتای دانانی یاسای سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 2005دا جێگیركراوە، لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا، ئەم پۆستە لای یەكێتی بووەو (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) لەو پۆستەدا بووە.
بەپێی یاسای ژمارە (1) ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت بۆ كاروباری هێزی پێشمەگە، لە بڕگەی دووەمی مادەی سیازدەیەمی یاساكەدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان- عێراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەرك‌و فەرمانەكانیدا لەمڕوەوە یاریدەی بداو لە دیارنەبوونیدا جێگای بگرێتەوە". 
ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی رێككەوتنێك دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت، ئەم مادەیەی یاساكە وەك خۆی دەمێنێتەوەو سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت، بەڵام ئەگەر قایل بێت بەوەی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، دەبێت گۆڕانكاری لە بڕگە یاساییەكەدا بكرێت، هاوشێوەی ئەو دەقە پێشنیازكراوەی كە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان پێشكەشیكردووە‌و دەڵێ:" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە ناونیشان‌و دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پەیڕەوێك كە لەماوەی 15ی رۆژ لەبەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاری دەكرێت".

ئیمتیازەكانی جێگری سەرۆك
ئەو پۆستەی كە ئێستا پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی ئیفلیج كردووە، لەڕووی داراییەوە هەندێك ئیمتیازی هەیە.
یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچە‌و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێم‌و جێگرەكەی‌‌و بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
•    موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە.
•    دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن و 500 هەزار) دینار.
•    كۆی موچە‌و دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە.
•    جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچە‌و دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆن‌و 600 هەزار) دینار.

بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات.
بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەو كاتەوە تائێستا تەنها مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە‌و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستا‌و دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆن‌و 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر ماوەیەك سەرۆكی حكومەتیش بووە.

جێگر لە پرۆژەیاساكاندا !
پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە پرۆژە یاساكانی 2015 و 2019ی لایەنە سیاسییەكاندا بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی، بەبەراورد بە پرۆژەی ئێستا هەردوو لایەنەكە زۆر جیاوازو ناكۆكە. 
لە ساڵی 2015دا، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی تەمەنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، زۆربەی لایەنەكان پرۆژەیاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد (ئەو پرۆژەیاسایانە هێشتا لە سایتی پەرلەماندا ماون).
ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی نیشتمانی، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، ژمارەیەك پەرلەمانتار، پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبوو، پرۆژەی یەكێتی‌و گۆڕان لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بەدیاریكراویش لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئێستا كێشەی دروستكردووە، زۆر جیاوازە لەگەڵ پرۆژەی ئێستای ئەو دوو لایەنە، لەوانە:
• لە پرۆژەیاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە 2015، داواكراوە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت، لە مادەی دووەم بڕگەی دووەمی پرۆژەكەی گۆڕاندا هاتووە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە هاوكاریی دەكەن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیداو لەكاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرنەوە، بەپێی ریزبەندییان. بەڵام لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی (یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتووو ژمارەیەك پەرلەمانتار)دا، داواكراوە سەرۆكی هەرێم تەنها جێگرێكی هەبێت، ئێستا ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانە بووەتەوە، گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت‌و یەكێتی داوا دەكات دوو جێگری هەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand