Draw Media

هاوپەیمانێتییەك دژی ئەردۆغان بەبێ كورد

هاوپەیمانێتییەك دژی ئەردۆغان بەبێ كورد

2022-02-13 13:03:39


 (درەو): 
بەبێ كورد، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ هەڵبژاردن‌و روبەڕووبونەوەی ئەردۆغان‌و كۆتایهێنان بە سیستمی سەرۆكایەتی.
دوێنێ شەو، لە یەكێك لە بیناكانی ناوچەی (چانكایا) لە ئەنكەرەی پایتەخت، سەرۆكی (6) پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا كۆبونەوە، كە بریتی بوون لە: 
•    كەمال كلیچدار ئۆغلۆ: سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی
•    خاتو میراڵ ئەكشنەر: سەرۆكی پارتی (چاك)
•    تەمەل كەرەمۆلاغڵۆ: سەرۆكی پارتی سەعادە
•    عەلی باباجان: سەرۆكی پارتی چارەسەر
•    ئەحمەد داودئۆغلۆ: سەرۆكی پارتی ئایندە
•    گۆڵتكین یوساڵ: سەرۆكی پارتی دیموكراتی
دوای كۆبونەوەكە، ئەم سەركردانەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هۆكاری هەموو نەهامەتییەكانی توركیایان خستە ئەستۆی سیستمی "سەرۆكایەتی"، رایانگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەركەوتوو بن، ئەوان سیستمی حوكمڕانی توركیا دەكەنەوە بە "پەرلەمانیی".   
سیستمی پەرلەمانی لە توركیا، ساڵی 2017 لە راپرسییەكی گشتیدا هەڵوەشێندرایەوە كە ئەردۆغان رێكیخستبوو، دوای ئەم راپرسییە لە ساڵی 2018وە سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ئەم سیستمە نوێیەی حوكمڕانییەوە، رەجەب تەیب ئەدرۆغانی سەرۆكی وڵات دەسەڵاتەكانی بەهێزتر بوو، هەندێك دەسەڵاتی لە پەرلەمان وەرگرتەوە. 
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، كوردو بە دیاریكراوی پارتی (دیموكراتی گەلان- هەدەپە)یان بانگهێشتی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە نەكرد، ئەمە لەكاتێكدایە سەرەڕمی روبەڕوبوونەوەی دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان لە ساڵانی رابردوو دۆزی كورد‌و هەدەپە بووە، رەنگە بانگهێشت نەكردنی هەدەپە بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە لە روویەكیدا پەیوەندی بە ترسی ئەم لایەنانەوە هەبێت لە كاردانەوەی ئەردۆغان لە حاڵی بەشداربوونی هەدەپەدا، بەتایبەتیش كە ئەردۆغان زۆرینەی سەركردەكانی ئەم پارتە كوردییەی سزاداوە‌و روبەڕووی زیندانی كردونەتەوە. 
ئەم شەش لایەنە لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەیاندا، باسیان لە تێڕوانینی خۆیان بۆ چۆنیەتی چارەسەری دۆزی كورد نەكرد، بەڵام دەڵێن دەیانەوێت سیستمێكی بەهێزی "لیبڕاڵ‌و دیموكرات‌و دادپەروەر" دروست بكەن كە تێیدا دەسەڵاتەكان لە یەكتر جیابكرێنەوە‌و شەفاف بێت‌و ملكەچ بێت بۆ دادگا.
كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی ئەم لایەنە سیاسییانەی توركیای كۆكردوەتەوە، كلیچدارئۆغلۆ هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بەنیازم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، خۆم لەبەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندید بكەم. 

هاوپەیمانی‌و قەیرانی ئابوری !
ئێستا كە دۆخی ئابوری توركیا قۆناغێكی نوێی داكشان بەخۆوە دەبینێت‌و نرخی كاڵا بەشێوەیەكی بێ پێشینە بەرزبوەتەوە، سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت لەرێگەی هاوپەیمانێتییەكی نوێوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا گورزی خۆیان بوەشێنن‌و كۆتایی لە دوو دەیە لە دەسەڵاتی رەهای ئەردۆغان‌و پارتی دادو گەشەپێدان بهێنن. 
هەفتەی رابردوو، لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی (فایننشال تایمز)ی بەریتانی بڵاویكردەوە، نوسەر (دڤید گاردنەر) نوسیبووی" لەوكاتەوە كە لە توركیا دیموكراتیەتی پەرلەمانی گۆڕدراوە بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی هاوشێوەی ئەوەی روسیا، دەسەڵاتی ئەردۆغان بێ سنورە، بەڵام پەساندنی حوكمی تاكە كەسێك، وایلێكرد هەڵەی شێتانە بكات، ئەمەش دوای ئەوەی دەستبەرداری هەموو كەسە دامەزرێنەرەكانی پارتی دادو گەشەپێدان بوو هەروەها هەموو ئەو كەسانەی وەلانا كە شارەزای ئابوری بوون، هیچ كەسێكی بە دەورەوە نەماوە كە بتوانێت رەخنە لە دەسەڵات بگرێت". 
نوسەر باسی لەوەكردووە، ئەردۆغان گەیشتوەتە دۆخێك كە توانای نییە پاشەكشێ لە سیاسەتە وێرانكەرە ئابورییەكانی بكات، بەتایبەتیش كە باوەەڕ وایە بەرزكردنەوەی نرخی سود دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان نەك كەمكردنەوەی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand