دەستبەسەر یەختەكەی سەرۆكی كۆمپانیای (روسنەفت)دا گیرا
2022-03-03 16:00:21
(درەو):
فەرەنسا دەستی بەسەر یەختێكی گرانبەهای سەرۆكی كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسیدا گرت، ئەمە جێبەجێكردنی ئەو سزایانەیە كە ئەوروپا بەهۆی شەڕی ئۆكرایناوە بەسەر روسیادا سەپاندووە، ئەم كۆمپانیا روسییە خاوەنی 60%ی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانو لە پێنج كێلگەی هەرێمدا كار دەكات.
برۆنۆ لۆمێر وەزیری دارایی فەرەنسا ئاشكرایكرد، گومرگی وڵاتەكەی دەستی بەسەر یەختێكدا گرتووە كە سەربە كۆمپانیایەكی (ئیگۆر سیچین) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسییە.
وەزیرە فەرەنسییەكە باسی لەوەكرد، یەختەكە ویستویەتی بەندەری (لا سیوتا) لەسەر كەناری دەریای ناوەڕاست بەجێبهێڵێت، ئەمەش پێشێلكردنی ئەو سزایانە بووە كە یەكێتی ئەوروپا بەسەر ئەو سەرمایەدارە روسیەیدا سەپاندووە، بۆیە دەست بەسەر یەختەكەدا گیراوە.
دەستگرتن بەسەر ئەم بەختە گرانبەهایەدا، لەچوارچێوەی ئەو سزا زۆرانەدایە كە وڵاتانی خۆرئاوا بەهۆی هێرشەكەی بۆسەر ئۆكراینا، بەسەر روسیایاندا سەپاندووە، خاوەنی یەختەكە یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆكی روسیا.
بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا، ئەم یەختە كە ناوی "ئەمور فیرۆ"یە، رۆژی 3ی كانونی دووەم گەیشتوەتە بەندەری (لا سیوتا)، بڕیار بووە تاوەكو رۆژی 1ی نیسان بمێنێتەوە بەمەبەستی نۆژەنكردنەوە، بەڵام دوێنێ بەرپرسانی گومرگ تێبینی ئەوەیان كردووە یەختەكە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا بڕوات لەكاتێكدا كاری نۆژەنكردنەوەی تەواو نەبووە، بۆیە بڕیاریانداوە دەستی بەسەردا بگرن، چونكە یەختەكە سزا ئابورییە نوێیەكان دەیگرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوەكرد، لە بەندەری (لۆریان)، دەست بەسەر كەشتیەكی بارهەڵگری روسیدا گیراوە.
لەلایەكی ترەوە بەگوێرەی هەواڵێكی گۆڤاری (فۆربس)، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا دەستیان بەسەر یەختێكدا گرتووە كە بەهاكەی (600 ملیۆن) دۆلارەو خاوەندارێتییەكەی بۆ ملیاردێری روسی (عەلی شێر عوسمانۆڤ) دەگەڕێتەوە.
روسنەفت لە هەرێمی كوردستان
كۆمپانیای روسنەفت-ی روسی خاوەنی رێژەی 60%ی پشكەكانی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان (ئەو بەشەی بۆرییەكە كە دەكەوێتە ناو خاكی هەرێم تاوەكو سنوری توركیا)، لەپاڵ ئەمەدا كۆمپانیاكە كاری گەڕانو پشكنین بەدوای نەوتدا دەكات لە (6) كێڵگەی كوردستان، ئەو كێلگانەی روسنەفت كاریان تێدا دەكات دەكەونە سنوری (هەولێرو دهۆك)و بریتین لەم كێڵگەكانی (بەرتلە، زاوێتە، هەریر، بجیل، قەسرۆك، دارەتوو).