حكومەت داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات
2022-04-03 10:50:19
(درەو):
عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان روبەڕووی قەیرانێكی سیاسی گەورە بوەتەوە، حكومەتەكەی زۆرینەی لەناو پەرلەمان لەدەستداوە، دەڵێ ئەم قەیرانە ئەمریكا بۆی دروستكردووە، چونكە لە پرسی روسیاو چیندا، ئەو پشتیوانی لە هەڵوێستی واشنتۆن نەكردووە، پەرلەمان هەوڵی سەندنەوەی متمانەی لە حكومەتەكەی (خان) راگرت، (خان) هێرشی پێچەوانەی دەستپێكرد، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكاتو هێزە ئۆپۆزسیۆن بە (دز) ناودەبات، عیمران خان بڕوات، كوڕەكەی (بەینەزیر بۆتۆ) یان براكەی (نەواز شەریف) یەكێكیان حكومەت دەگرنەدەست. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
زۆرینەی لەدەستدا
عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستانو حكومەتەكەی، ئەمڕۆ رزگاریان بوو لە دەنگدان بۆ سەندنەوەی متمانە لێیان لەناو پەرلەمانەوە. جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتمانی پاكستان (پەرلەمان) یاداشتێكی بۆ سەندنەوەی متمانە لە عیمران خان رەتكردەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی پاداشتەكە "نادەستوری"یە.
ئۆپۆزسیۆن ئەم یاداشتەی پێشكەش كردبوو، تێیدا سەرۆك وەزیران تۆمەتبار كرابوو بەوەی ئابوری وڵاتو كاروباری دەرەوە بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەدەبات، عیمران خان ئەم تۆمەتانەی رەتكردەوە، وتی: ئەمە پیلانگێڕی ئەمریكایە، چونكە ئێمە لەگەڵ هەڵوێستی ئەمریكا نین لەبارەی روسیاو چینەوە.
عیمران خان داوای لە لایەنگرەكانی كرد بڕژێنە سەر شەقامەكانو لەپێناو "پاكستانێكی ئازادو سەربەخۆدا" ناڕەزایەتی دەرببڕن. دوای ئەوەی پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە لە حكومەتەكەی وەربگرێتەوە، عیمران خان هێرشی پێچەوانەی دەستپێكردو داوای كرد پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوەو هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە پاكستان بەڕێوەبچێت.
ئەم ئاوەژووبونەوەیە لە بارودۆخەكە دوای ئەوە هات، (خان) كەوتە بەردەم مەترسی، حزبەكەی كە ناوی (بزوتنەوەی ئینساف)ە، بەر لە چەند رۆژێك زۆرینەی لەناو پەرلەمانی پاكستان لەدەستدا، ئەو بەهۆی ئەم زۆرینەیەوە پارێزگاری لە متمانەی حكومەتەكەی كردبوو، بەڵام یەكێك لە حزبە هاوپەیمانەكانی كە خاوەنی (7) كورسی بوو لەناو پەرلەمان، رایگەیاند دەنگ بە یاداشتەكەی ئۆپۆزسیۆن دەدات بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەت.
بەڵام بەرلەوەی سەندنەوەی متمانە بخرێتە دەنگدانەوە، (قاسم سوری) جێگری سەرۆكی پەرلەمان یاداشتەكەی رەتكردەوەو وتی ئەمە پێچەوانەی دەستورە. عیمران خان لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا داوای لە (عارف علوی)ی سەرۆكی وڵات كرد پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوان داوای هەڵبژاردن بكەنو بڕیار بدەنە دەست گەل.
پەرلەمانی پاكستان لە (342) كورسی پێكدێت، سەرباری ئەوەی حزبێكی هاوپەیمان بە (7) پەرلەمانتارەوە لە حزبی دەسەڵات جیابوەتەوە، هاوكات زیاتر لە (12) پەرلەمانتاری حزبی دەسەڵاتداریش لە حزبەكەیان جیابونەتەوە، بەڵام سەركردەكانی حزبەكەیان بەهۆی هەندێك رێوشوێنی یاسایی لەدژیان، مافی دەنگدانیان لێ قەدەغە كردون.
"ئۆپۆزسیۆن دزن"
عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پاكستان هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی وڵاتەكەی بە "دز"و "ترسنۆك" ناوبرد، دوێنێ وتی: نیگەران مەبن، بۆتان دەسەلمێنم لە پەرلەمان دەیانشكێنم.
لەم هەفتەیەدا عیمران خان باسی لەوەكرد ئەمریكا دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پاكستاندا دەكات، میدیا ناوخۆییەكانی پاكستانیش هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە گوایە عیمران خان راپۆرتێكی لەلایەن باڵیۆزی پاكستان لە واشنتۆن بەدەستگەیشتووە، لەم راپۆرتەدا باڵیۆزەكە دیداری خۆی لەگەڵ فەرمانبەرێكی باڵای ئەمریكا تۆماركردووە كە پێی وتووە" پەیوەندی ئەمریكا لەگەڵ پاكستان باشتر دەبێت ئەگەر سەرۆك وەزیرانی پاكسان لە پۆستەكەی بڕوات"، ئەمریكا رەتیكردەوە قسەی لەم شێوەیەی كردبێت.
هەڕەشەی تالیبان
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان عیمران خان تۆمەتبار دەكەن بەوەی دۆخی ئابوری وڵات بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەدەبات، هەڵاوسان زیادی كردووەو بەهای روپیەی پاكسانی دابەزیوەو قەرزێكی زۆر لەسەر وڵات كەڵەكەبووە، لەپاڵ ئەمەشدا دەڵێن لەسەر ئاستی دەرەوە پەیوەندییەكان بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەدەبات.
عیمران خان كە تەمەنی (69 ساڵ)ەو پێشتر یاریزانی (كریكێت) بووە، لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2018وە، ئێستا روبەڕووی مەترسیدارترین قەیرانی سیاسی دەبێتەوە. لەپاڵ ئەمانەدا، حكومەتەكەی روبەڕووی هەڕەشەی بزوتنەوەی تالیبانی پاكستان دەبێتەوە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو تالیبان رایگەیاند، دەیەوێت لە مانگی رەمەزاندا هێرش بۆسەر هێزە ئەمنییەكانی پاكستان دەستپێبكات.
كوڕەكەی (بەینەزیر) یان براكەی (نەواز شەریف) ؟
هەردوو حزبی (گەلی پاكستان)و حزبی (پەیوەندی ئیسلامی پاكستان) كە ئێستا دوو هێزی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنن، ماوەی چەندین دەیە هەژمونیان بەسەر ژیانی سیاسی پاكستاندا كردبوو، لەو سەردەمەدا چەند كودەتایەكی سەربازیش رویدا، ئەم دۆخە بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی عیمران خان هاتو هاوپەیمانێتییەكی دروستكردو حكومەتی گرتەدەست، ئەو بەڵێنی بە دەنگدەرانی پاكستانی دا، ئەو گەندەڵییە ریشەكێش بكات كە چەندین دەیەیە لە وڵاتدا بڵاوبوەتەوە.
هەندێك لە سەرچاوەكان لە پاكستانەوە باسلەوە دەكەن، سەرباری ئەوەی زۆرینەی لەناو پەرلەمان لەدەستداوە، عیمران خان پشتیوانی سوپای پاكستانیشی لەدەستداوە كە كلیلی دەسەڵاتی سیاسییە لە وڵاتدا.
لەدوای سەربەخۆییەوە لە ساڵی 1947، پاكستان چوار كودەتای سەربازی سەركەوتوو و چەند كودەتایەكی تری سەرنەكەوتووی بەخۆوە بینیوە، سوپا ماوەی 30 ساڵ حوكمی ئەم وڵاتەی كردووە.
ئەگەر عیمران خان بكەوێت، پێدەچێت (شەهباز شەریف) حكومەت بگرێتە دەست كە برای نەواز شەریف سەرۆك وەزیرانی پێشووی پاكستانەو سەربە (حزبی پەیوەندی ئیسلامی)یە، نەواز شەریف سەرۆكی ئەم حزبە ساڵی 2017 بەتۆمەتی گەندەڵی لادراو زیندانی كرا، بەلان ئۆكتۆبەری 2019 بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە بە كەفالەت لە زیندان ئازادكرا.
شەهباز شەریف هاوشێوەی براكهی تۆمەتبار بوو بە سپیكردنەوەی پارەو لە ساڵی 2020دا ئەم تۆمەتەی ئاڕاستە كرا، بەڵام ئەویش بە كەفالەت ئازادكرا، دوێنێ حكومەتەكەی عیمران خان داوای لە دادگا كرد بڕیاری ئازادكردنی شەهباز هەڵوەشێنێتەوە.
هەروەك بە دوور نازانرێت (بیلاوال بۆتۆ زەرداری) كوڕی (بەینەزیر بۆتۆ) سەرۆك وەزیرانی كۆچكردوو و ئاسف عەلی زەرداری سەرۆكی پێشووتر، پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت كە لە (پارتی گەلی پاكستان)ە.
سەرچاوە: فرانس 24