Draw Media

برینداربوون و گیانلەدەستدانی كرێكاران لە شوێنی کار

برینداربوون و گیانلەدەستدانی كرێكاران لە شوێنی کار

2025-05-01 10:54:59


درەو:

ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری: عالەم ئەلجەدید
 ئامادەکرانی: كاروان نجيب محمد

🔹 ئەحمەد (27 ساڵ)، کرێکاری بیناسازی خەڵکی پارێزگای دهۆک، بەیانییەکی مانگی ئەیلولی ساڵی 2024 سەرقاڵی سەقفی کۆنکرێتی نهۆمی حەڤدەهەمی باڵەخانەیەک لە جەرگەی شار، کاتێک لەناکاو سەقفەکەی داڕما، بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا، لەژێر تۆنێک کۆنکرێتدا نێژرا.
🔹 بە پەشیمانیەوە دەڵێت: "کارەکەم لەدەستدا، کە تاکە سەرچاوەی داهاتم بوو، من و خێزانەکەم کە 11 کەس بوون، بێ داهات و بێ پشتیوانی و بێ هیوا ماینەوە".
🔹 بەپێی ئامارێکی یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان - لقی دهۆک، ژمارەی کرێکارانی پارێزگاکە لە کەرتی تایبەتدا دەگاتە (120) هەزار کەس کە (11 هەزار) کرێکاری بیانین (90%)یان لە سوریاوە هاتوون. تەنها (20%)ی کۆی هێزی کار دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
🔹 ئەندامێتی کرێکارێک لە یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران "مەرج نییە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان".
🔹 کرێکار مافی ئەوەی هەیە سکاڵای تاوانکاری لەسەر خاوەنکار تۆمار بکات "ئەگەر لێکۆڵینەوەکان کەمتەرخەمی بەرامبەر کرێکارەکە بسەلمێنن"، جگە لە داوای قەرەبووکردنەوە، "چ بۆ زیانی ماددی یان ئەخلاقی"،
🔹 یاسا خاوەنکار پابەند دەکات بە نووسراو کرێکاران لە مەترسییەکانی پیشەیی و ئامرازەکانی خۆپاراستن ئاگادار بکاتەوە، ئەمە جگە لە دانانی ڕێنمایی ڕوون و دیار لە شوێنی کار.
🔹 یەکلاکردنەوەی کەیسەکان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە، کە پێی وایە نایاساییە و ڕێگری لە هەوڵەکانی پاراستنی مافی کرێکاران دەکات.
🔹 فەرمانێک لە ساڵی 2019 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و تیایدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هیچ خاوەنکارێک لە هیچ کەرتێکدا، بەتایبەتی کۆمپانیاکان، نابێت هیچ مامەڵەیەک تەواو بکات، ڕەزامەندی لە بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران وەرنەگرتبێت.
🔹 ئەگەر کرێکارێک بیمە نەیگرێتەوە و تووشی برینێک یان گیانلەدەستدانی ببێت، "ئەمە مانای ئەوە نییە کە لە دادگا بێبەش دەبن.



لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئامارەکانی برینداربوون لە شوێنی کاردا، ئەو کرێکارانەی توشی گیانلەدەستدان و برینداربوون دەبەنەوە خێزانەکانیان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە لە دەستەبەرکردنی مافەکانیان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆدزینەوەی خاوەنکارەکان لە بەرپرسیارێتی خۆیان لە تۆمارکردنی کرێکارەکانیان لە بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بۆ دوورکەوتنەوە لە پێدانی بەشداری مانگانە، پشتبەستن بە سوڵحی عەشایەری لە دەرەوەی دادگاکان و نەبوونی یاسایەک کە ئەم مافانە زامن بکات، جگە لەوەی ڕێوشوێنی سەلامەتی پیشەیی لە شوێنی کاردا هێشتا لاوازە.
"بە موعجیزە ڕزگارم بوو"، ئەمە دەستەواژەی وەستایەکی میکانیکی یونس موسا (ناوێکی خوازراوە، تەمەنی ٦٢ ساڵ) زۆرجار دووبارەی دەکاتەوە، پێش ئەوەی ئەو برینە سەختەی لە هاوینی ٢٠١٣ لەکاتی چاککردنەوەی بارهەڵگرێکی گواستنەوەدا لە وەرشەی ناوچەی کانی ماسی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان تووشی بووە.
ڕووداوەکەی بەبیر دەکەوێتەوەو دەڵێت: "تازە جەگەکەم دانابوو و تەواو بووم لە شلکردنەوەی برغوی تایەی پێشەوەی بارهەڵگرەکە و لە چاوتروکانێکدا بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکە بەسەرم داڕما." بە چرپە دەڵێت: "ئەو هەموو قورساییە کەوتە سەر جەستەم" و دەموچاوی بەهۆی یادەوەری و ئازاری ئەو کاتەوە دەپێچێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نەمتوانی هەناسە بدەم، یان تەنانەت هاوار بکەم بەهۆی توندی ئازارەکەوە، دواتر هۆشم لەدەستدا، بە ڕێکەوت دوو گەنج بینییان چی ڕوویداوە و توانیان دەرمبهێنن. بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب بردیانە گوندی براشی، لە ناحیەی چەمانکێ سەر بە قەزای ئامێدی، لەوێشەوە بە ئامبولانس بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک گواسترایەوە.
لێوی خوارەوەی دەلەرزێت کاتێک بە دڵتەنگی سەری دەهەژێنێت. "پشکنیینەکان دەریانخست کە بڕبڕەی پێنجەم و شەشەمی پشتم پارچە پارچە بووە، زیانەکانیش گەیشتوونەتە حەبلی شەوکیم" یونس بۆ ماوەی حەوت مانگ لە جێگادا بووە پێش ئەوەی بتوانێت بە بەکارهێنانی دارشەق بڕوات، هەوڵدەدات خۆی لەگەڵ کەمئەندامییەکی هەمیشەیی بگونجێنێت کە پێویستە بۆرییەکی لاستیکی بەکاربهێنێت بۆ میزکردن.

 
وێنەی تیشکی بڕبڕەکانی پشتی (یونس)ی کرێکار

یونس بۆ ماوەی ٣١ ساڵ لەو وەرشەیو بە مووچەی مانگانە کار دەکات، جگە لە هەزار دۆلار کە لەلایەن خاوەن کارەکەوە دابینکرابوو، هیچ قەرەبوویەکی دیکەی بۆ برینەکەی وەرنەگرتووە، کە بە وتەی خۆی تەنانەت بەشی کەمی خەرجییە پزیشکییە زیادەڕەوەکانیشی دابین نەکردووە. بە لێوەکانیەوە دەشڵێت، "دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک هیچی بۆ دابین نەکردووم."
ئەو هەست بە نائومێدییەکی قووڵ دەکات لەم بارەیەوە، بە تایبەت کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە پارەی سەندیکای کرێکاران دەدات و کاتێک هەوڵیداوە خانەنشین بێت، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕێگەی پارێزەرێکەوە هەوڵی داوە نەیتوانیوە ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردن بدۆزێتەوە. بۆی دەرکەوتووە کە خاوەن وەرشەکە ناوی لە بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار نەکردووە، ئەمەش ناچاری کردووە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە دادگای کاری دهۆک سکاڵا تۆمار بکات.
ڕێکارەکان بۆ ئەو ئاڵۆز بوون و کاتێکی زۆری دەویست بۆ چارەسەرکردن. پاشان لە ڕێگەی فشاری کۆمەڵایەتی ناچارکراوە دەست لە  دۆسییەکەی هەڵبگرێت، لە کۆتاییدا خۆی لەو مافانە بێبەش کردووە کە چاوەڕێی دەکرد دەستەبەر بکرێت.
دوای ئەوەی یونس نەیتوانیوە مووچەی خانەنشینی وەربگرێت، هەوڵیداوە خانەنشینی کەمئەندامی وەربگرێت، بەڵام داواکارییەکەی ڕەتکراتەوە، چونکە لیژنەی پزیشکی ئاستی کەمئەندامییەکەی 50% دیاریکردووە، کە ئەمەش لە خوار ئاستی یاساییەوەیە بۆ وەرگرتنی خانەنشینی.
بە پەشیمانیەوە دەڵێت: "کارەکەم لەدەستدا، کە تاکە سەرچاوەی داهاتم بوو، من و خێزانەکەم کە 11 کەس بوون، بێ داهات و بێ پشتیوانی و بێ هیوا ماینەوە".
دەیان کرێکار لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ڕووداوەکانی پەیوەست بە کارەوە تووشی کەمئەندامی بوون بەبێ ئەوەی قەرەبوو یان هاوکاری لە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگرن، جا چ لە شێوەی خانەنشینی یان یارمەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی. هەندێکیان گیانیان لەدەستداوە، بەبێ ئەوەی خێزانەکانیان هیچ قەرەبوویەک وەربگرن.

چاوەڕوانی کاراکردنی یاسای پابەندکەر
مادەکانی (54-55) لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران ژمارە 39ی ساڵی 1971 داوا لە ئیدارە و خاوەنکارەکان دەکەن کە ئاگاداری کرێکارێک بن کە لە شوێنی کار، لە کاتی کارکردن یان لە ئەنجامی کاردا بریندار دەبێت.
چاودێری واتە "هەموو ئەو کەل و پەلانەی کە کرێکار پێویستی پێیەتی ڕاستەوخۆ دوای برینداربوون، لەوانە فریاگوزاری سەرەتایی، بەستنی فریاگوزاری، ئامێری بوژانەوە و شتی دیکەی لەو جۆرە." ئیدارەکان و خاوەنکارەکان بەرپرسیارن لە گواستنەوەی کرێکاری بریندار بۆ نزیکترین ناوەندی پزیشکی کە لەلایەن دامەزراوەکەوە پەسەند کراوە.
هەروەها پابەندە بە پێدانی مووچەی تەواوی تا کۆتایی ئەو ڕۆژەی کە برینەکەی تێدا ڕوویداوە. هەردوو لایەن لە ڕووی مەدەنی و سزاییەوە بەرپرسیار دەبن، ئەگەر پێویست بکات، لە هەر ئاڵۆزییەک کە لە ئەنجامی دواکەوتنی گەیشتن بە ناوەندی پزیشکی یان کەمتەرخەمی لە دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی ڕاستەوخۆ دوای برینداربوونی کرێکاری بریندار ڕووبدات.
بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ئەم مافانە دەستەبەر ناکرێن، یان لەبەر ئەوەی بەڕێوەبردن و خاوەنکارەکان پشتگوێی دەخەن بۆ ئەوەی خۆیان لەو پابەندبوونانە بەدوور بگرن کە لە ئەنجامیدا دروست دەبن، یان لەبەر ئەوەی کرێکارەکە زانیاری نیە و داوای ناکات.

کرێکارانی بێ بیمەی تەندروستی!
بەپێی ئامارێکی یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان - لقی دهۆک، ژمارەی کرێکارانی پارێزگاکە لە کەرتی تایبەتدا دەگاتە (120) هەزار کەس کە (11 هەزار) کرێکاری بیانین (90%)یان لە سوریاوە هاتوون. تەنها (20%)ی کۆی هێزی کار دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
لە پارێزگای دهۆک نزیکەی (١٠٠ هەزار) پڕۆژە هەن کە تەنها (١٤ هەزار) یان دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە. لانی کەم (30%)ی ئەم پڕۆژانە بەبێ مۆڵەتی کارکردن کاردەکەن، ئەمەش بەو مانایەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی شاری دهۆک دەستبەری تەندروستی نایانگرێتەوە و ئەگەر تووشی برینێکی پەیوەست بە کارەوە ببن، چاودێری تەندروستی پێویست وەرناگرن.
بەرپرسی یەکێتی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، لقی دهۆک، وەلات ئەمین ئوزمانی دەڵێت، یاساکە هەموو مافەکانی کرێکاران دەستەبەر دەکات، "بەڵام هێشتا بیمەی تەندروستی بۆ کرێکاران نییە". ڕوونیشیکردەوە، "وەزارەتی کار کار لەسەر ئەم پرسە دەکات، بەو پێیەی بڕیارە بەشی بیمەی تەندروستی تایبەت دابمەزرێنێت ئەو کرێکارانە لەخۆبگرێت کە بریندارن یان تووشی هەندێک نەخۆشی دەبن" بەبێ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دامەزراندنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
نەبوونی بیمەی تەندروستی و بەمەش بنکە تەندروستییەکانی بێبەرامبەر کە چاودێری تەندروستی بۆ کرێکارانی بریندار یان توشی نەخۆشی پیشەیی دابین دەبن، کێشەیەکە لە کوردستان، بە وتەی سەردار عەبدولمەجید، سەرۆکی بەشی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە بەشی کار لە دهۆک.
ئاماژە بەوەش دەکات، نەبوونی بنکەیەکی تەندروستی تایبەت بە کرێکاران لە سەرتاسەری کوردستان "چاودێری تەندروستی سنووردار کردووە بۆ لقەکانی ناو فەرمانگەکانی کار". ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بنکەی تەندروستی لە بەغدا و باقی پارێزگاکانی عێراق هەیە، کە ئەو ناوەندانە وەک بەشی سەربەخۆ کاردەکەن و لقەکانیان ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە وەزارەتەکەی بە هاوکاری لەگەڵ دەزگاکانی دیکەی حکومەت هەوڵدەدات بنکەی تەندروستی تایبەتمەند دابمەزرێنێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران لەڕێگەی "پێشکەشکردنی چارەسەری پێویست بۆ برینداربوون، ئەنجامدانی پشکنینی وەرزی، و دابینکردنی چاودێری بۆ ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییە پیشەییەکانەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لە کەرتە مەترسیدارەکانی وەک کارگەکانی پاشماوە، نەوت و پلاستیک، کە پێویستیان بە بەدواداچوونی پزیشکی بەردەوام هەیە".
دان بەوەدا دەنێت کە ئەو کرێکارانەی تووشی برینداری یان نەخۆشیی پیشەیی دەبن، ناچارن تێچووی چارەسەری خۆیان لە ئەستۆ بگرن، بەتایبەتی کە لە زۆربەی حاڵەتەکانی برینداربووندا "خاوەنکاران بەرپرسیار نین لە دابینکردنی تێچووی چارەسەرکردن".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی بەشی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەهەڕێمی کوردستان، مەییوان بکوک عەزیز، ڕایگەیاند، بەڕێوەبەڕایەتییەکەی لەسەڕەتای ساڵی 2025ەوە کار بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەڕایەتییەکی تایبەت بەتەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لەکوردستان دەکات، بەڵام "کۆت و کێشە داراییەکان" بوونەتەڕێگر لەجێبەجێکردن و تەواوکردنی. ڕوونیکردەوە، "دەبێت کارمەند و پێداویستی و ئامێری پێویست دابین بکەین".
ئەگەر نەتوانرێت ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دابمەزرێت، مەریوان دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتییەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، بنکەیەکی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی دادەمەزرێنێت "کە هەموو کرێکارانی بریندار لەخۆدەگرێت نەک تەنها ئەوانەی بیمەیان هەیە"، وەک ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەیە، کە ناوی "سەنتەری نیشتمانی بۆ تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی"یە.
سەرۆکی بەشی یاسایی فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ، نذدەظان ئەسعەد، پێی وایە یاساکە ڕێگە بە کرێکارانی بیمەکراو دەدات سوودمەند بن لە باڵانسی نەکێشراویان، بەتایبەتی ئەو بەشەی کە بۆ بیمەی تەندروستی تەرخانکراوە، "لە ئەگەری ئەوەی تووشی برینداربوون و بێتوانایی کارکردنیان بە ڕاپۆرتێکی پزیشکی بسەلمێنرێت". دەشڵێت، "بەڵام واقیعەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بەشەی یاساکە جێبەجێ ناکرێت".
دەشڵێت، تا ئێستا هیچ کرێکارێک داوای کشاندنەوەی یارمەتییەکانی بیمەی تەندروستی نەکردووە، ئەمەش بەهۆی "نەبوونی هۆشیاری لە مافەکانیان و نەزانینی ڕێوشوێنە یاساییەکان".
بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەم کرێکارانە داوای کشاندنەوەی باڵانسەکانیان بکەن، ئەوا بودجە لە ئیدارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەردەست نیە بۆ ئەوەی بیانگرێتەوە، بە گوتەی نذدەظان کە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەمە پێچەوانەی یاسایە.

یارمەتی یاسایی بۆ بریندارەکان
بە گوتەی نذدەظان ئەسعەد، ئەندامێتی کرێکارێک لە یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران "مەرج نییە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان". ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کرێکارە بریندارانەی کە لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون دەتوانن داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بە لیژنەی پزیشکی پەیوەندیدار بکەن. ئەگەر ڕێژەی کەمئەندامی لە 35% زیاتر بوو، ئەوا مووچەی خانەنشینی دەدرێت بە کرێکارەکە کە لە بەرواری برینداربوون یان نەخۆشییەوە حیسابی بۆ دەکرێت و بەردەوام دەبێت تا چاکبوونەوەی تەواوەتی. هەروەها ئەو کرێکارە شەش مانگ جارێک پشکنینی پزیشکی وەرزی بۆ دەکرێت. ئەگەر برینەکە ببێتە هۆی کەمئەندامی هەمیشەیی، ئەوا خانەنشینییەکی جێگیر و بەردەوامی پێدەدرێت. لە ئەگەری مردنیدا، خانەنشینی دەگوازرێتەوە بۆ میراتگرانی بەپێی دابەشکردنی یاسایی.
ئەگەر ڕێژەی کەمئەندامی لە 35% کەمتر بێت، نذدەظان ئەسعەد دەڵێت، کرێکاری بیمەکراو پاداشتی قەرەبووی یەکجارەکی پێدەدرێت، لەبری مووچەی خانەنشینی. باسی لە سوودێکی یاسایی گرنگ کرد کە وتی "ڕێگە بە کرێکار دەدات ڕێژەی کەمئەندامی کۆبکاتەوە ئەگەر لە کاتی دامەزراندنەکەیدا تووشی برینداربوون یان نەخۆشییەکی تر بوو، جا چ لە هەمان شوێنی کاردا بێت یان لە شوێنێکی تر، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کەمئەندامی کۆی گشتی و زیادبوونی یارمەتییەکان".

 
 

هەروەها کرێکار مافی ئەوەی هەیە سکاڵای تاوانکاری لەسەر خاوەنکار تۆمار بکات "ئەگەر لێکۆڵینەوەکان کەمتەرخەمی بەرامبەر کرێکارەکە بسەلمێنن"، جگە لە داوای قەرەبووکردنەوە، "چ بۆ زیانی ماددی یان ئەخلاقی"، بەرپرسی بەشی یاسایی دەڵێت.
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە پەنا بردنی کرێکاری بیمەکراو بۆ دادگاکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کاریگەری لەسەر شایستەییەکانی لەگەڵ بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا نییە، جا پەیوەندی بە خانەنشینییەوە هەبێت یان قەرەبووکردنەوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە "بەڕێوەبردنی خاوەنکارێک لە پڕۆژەیەکی بێ مۆڵەتدا، لە بەرپرسیارێتی تاوانکاری یان مەدەنی بێبەری ناکات ئەگەر کەمتەرخەمییەکەی بسەلمێنرێت".
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە دهۆک، لە ساڵی 2022 خانەنشینی بۆ دوو کرێکار تەرخان کراوە کە ڕێژەی کەمئەندامییان لە 35% تێپەڕاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ خانەنشینی تەنها بۆ یەک کرێکار تەرخان کرا کە ڕێژەی کەمئەندامی لە ٣٥% زیاتر بوو. لە ساڵی ٢٠٢٤دا دوو حاڵەت تۆمارکراوە کە قەرەبووی ئەو بریندارانە دراوە کە ڕێژەی کەمئەندامییان لە ٣٥% کەمترە، ئەمە جگە لە حاڵەتێک کە خانەنشینی بۆ کرێکارێک دەرچووە کە ڕێژەی کەمئەندامی لە ٣٥% زیاترە.
 
ئەم ژمارە کەمانە کەمیی کرێکاران نیشان دەدەن کە قەرەبوو وەردەگرن، چونکە زۆرینەی ڕەهایان تۆمارنەکراون یان لە کۆمپانیا بێ مۆڵەتەکاندا کاردەکەن و هەربۆیە دەستیان بە یارمەتی تەندروستی یان خانەنشینی ناگات.
ڕێکارەکانی سەلامەتی کارکردن
ئەو سەردانە مەیدانییانەی لێکۆڵەر بۆ پڕۆژە جیاوازەکانی ناو پارێزگای دهۆک ئەنجامی داوە دەرکەوت کە زۆرێکیان پابەند نین بە ڕێکارەکانی سەلامەتی و کرێکاران بە گشتی بەبێ پاراستنی جەستەیی وەک کڵاو، جلوبەرگی گونجاو، پێڵاو، یان چاویلکەی پارێزەر کاردەکەن.
نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی پرسیار لەسەر ئەو لایەنە دەوروژێنێت کە بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی پابەندبوون بە ڕێکارەکانی سەلامەتی و ئایا یاسا و ڕێساکان ئەو مەرجانە بەسەر پڕۆژەکان و کرێکاراندا دەسەپێنن.
سەردار عەبدولمەجید، سەرۆکی بەشی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە بەشی کاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت، پێویستە خاوەن پرۆژەکان پێش دەستپێکردنی کارەکان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە بپرسن بۆ پێداچوونەوە بە پێداویستییە تەندروستی و سەلامەتییە پیشەییەکان کە پێویستن بۆ جۆری پڕۆژەکە.
ئاماژە بە ڕێنماییەکانی پەیوەست بە مادەکانی (١٠٨-١٥٢) ژمارە (٢٢)ی یاسای کار ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ دەکات، کە خاوەنکار پابەند دەکات بە نووسراوی کرێکاران لە مەترسییەکانی پیشەیی و ئامرازەکانی خۆپاراستن ئاگادار بکاتەوە، ئەمە جگە لە دانانی ڕێنمایی ڕوون و دیار لە شوێنی کار.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی خۆپارێزی سەلامەتی پیشەیی کە لە ڕووی یاساییەوە فەرمانی پێکراوە، وەک دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی، ئامێری ئاگرکوژێنەوە، هەڵبژاردنی جلوبەرگی گونجاو، دروستکردنی بەربەستی پاراستنی کرێکار، "لە ئەرکە سەرەتاییەکانی خاوەنکارن" ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنەکانی پشکنین سەردان ئەنجام دەدەن بۆ چاودێریکردنی پابەندبوون بەم مەرجانە، "و لیژنەکە بەرپرسیارێتی دیسپلینیی لە ئەستۆدایە ئەگەر کەمتەرخەم بێت لە هەڵسەنگاندنی جددی ڕێوشوێنی خۆپارێزی سەلامەتی پیشەیی."
سەردار ئاماژەی بەوەشکرد، پابەندنەبوونی خاوەنکارەکان بە مەرجەکانی سەلامەتی، دەتوانێت ببێتە هۆی سزای کارگێڕی، لەوانە "داخستنی شوێنی کار یان داخستنی هەندێک ئامێر تا ئەو کاتەی سەرپێچییەکە لادەبرێت"، هاوکات دڵنیابوون لەوەی کە کرێی کرێکاران بەردەوام دەبێت لە پێدانی لە ماوەی داخستنی کارەکەدا.
لە ئەگەری برینداربوون یان گیانلەدەستدانی کرێکارێک، "لە ڕێگەی لیژنەکانی بەدواداچوون، لە ڕێگەی ئەو سکاڵایانەی کە لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (5500)ەوە وەرگیراون، یان بە هەر ڕێگەیەکی دیکە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە." سەردار ئاماژە بەوە دەکات کە لیژنەی لێکۆڵینەوە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ خاوەنکارەکان، شایەتحاڵەکان، کرێکاران، یان خێزانەکانیان بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی ڕووداوەکە دەکۆڵێتەوە. ئەگەر سەلمێندرا کە خاوەنکار ئەرکەکانی سەلامەتی خۆی پشتگوێ خستووە، ئەوا دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا دەکرێت، و سزای زیندانی دەکرێت بۆ ماوەی مانگێک کەمتر نەبێت و لە شەش مانگ زیاتر نەبێت، ئەمە جگە لە غەرامەیەک کە دادگا بە پشتبەستن بە مادەی (١١٣)ی یاسای کار ژمارە (٧١)ی ساڵی ١٩٨٧ دیاری کردووە.
سەردار ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتیەکەی سکاڵاکانی پەیوەست بە برینداربوونی کرێکاران و هەروەها بابەتەکانی پەیوەست بە حەقدەست، کۆتاییهێنان، یان نەدانی کرێ وەردەگرێت. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە مردنەکان "لە کەرتی وەبەرهێناندا تۆمار دەکرێن" و وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هەندێک لە خاوەنکارەکان کەمتەرخەمن لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی سەلامەتی پیشەیی، ئەو کەمتەرخەمییە دەگەڕێنێتەوە بۆ خودی کرێکاران "بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێسا و ڕێنماییە پێویستەکانی سەلامەتی".
ئەو پێی وایە تەحەددایەک لەبەردەم هەوڵەکانی وەزارەتەکەیدایە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران، لەوانەش هەماهەنگی خراپی نێوان بەشە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای دهۆک، وەک پارێزگار، شارەوانی، تەندروستی، گەشتوگوزار، ژینگە. ئەو پێی وایە هەماهەنگی لە نێوانیاندا پێویستە "بۆ زامنکردنی مافەکانی کرێکاران و ڕێگریکردن لە ڕووداوەکان پێش ئەوەی ڕوو بدەن".
هەروەها باسی لە تەحەددایەکی دیکە کرد: یەکلاکردنەوەی کەیسەکان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە، کە پێی وایە نایاساییە و ڕێگری لە هەوڵەکانی پاراستنی مافی کرێکاران دەکات.

خاوەنکارەکان خۆیان لە دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی دەدزنەوە

 

دوای تەواوکردنی خوێندنی لە پەیمانگای گەشتوگوزاری دهۆک لە ساڵی ٢٠١٣، هەڵەز کەمال (ناوێکی خوازراوە، تەمەنی ٣٣ ساڵ) بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەک فرۆشیار لە فرۆشگایەکی گەورەی کەلوپەلی ناوماڵ لە شارەکەدا کاری کردووە، مووچەی مانگانەی ٥٠٠ هەزار دیناری بۆ ماوەی هەشت کاتژمێری کارکردنی دەستکەوتووە. ئەو دەڵێت ناڕازی بووە، نەک تەنها بەهۆی کەمی مووچەکەی بەڵکو لەبەر ئەوەی هیچ مافێکی یاسایی نەبووە.
ئەو هۆکارەکەی ڕوون دەکاتەوە: "خاوەنی فرۆشگاکە من و باقی کارمەندەکانی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار نەکرد، سەرەڕای سەردانی چەندین جار لەلایەن لیژنەکانی پشکنینەوە." بۆ ساتێک بیری کردەوە پێش ئەوەی بڵێت، "ئێمە بەبێ هیچ پارێزگارییەکی یاسایی کارمان دەکرد، مانگانە تەنها دوو ڕۆژ پشووم هەبوو، ئەگەر داوای زیاترم بکردایە، هەڕەشەیان لێدەکردم لە مووچەکەم دەبڕن."
ڕۆژێک لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ لەناکاو گوێی لە لێدانێکی بەهێز بوو کە تووشی شۆک بوو. چەند ساتێک دواتر بۆی دەرکەوت کە ئاسانسەر (مەسعەد)ی فرۆشگاکە بە زەبری هێز کەوتۆتە سەر زەوی و سێ هاوکارەکەی نێو فرۆشگاکەی تێدا بوون. ئەوان بە شێوەیەکی موعجیزە ئامێز لە مردنێکی دڵنیا ڕزگاریان بووبوو، بەڵام بە چەندین شکاوی دەرچوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
ئەو لە دۆخێکی شۆکدا بوو کە هەرگیز جێی نەهێشتووە، چونکە بینی هاوکارە بریندارەکانی لە ئاسانسەرە داڕماوەکە دەرهێنراون و باری تەندروستییان ناجێگیرە، دەیزانی هیچ هاوکارییەک وەرناگرن چونکە بە شێوەیەکی یاسایی تۆمار نەکراون. پاشان بڕیاریدا کارەکەی بەجێبهێڵێت و وتی "هیچ شتێک شایەنی ئەوە نەبوو بەردەوام بێت لەسەری".
تۆمارنەکردن بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی ڕووداوێکی باو و ئاساییە لە زۆربەی بازرگانی پیشەیی و فرۆشگاکانی تاکەکەسی لە پارێزگای دهۆک، بە وتەی کرێکارانی ئەوێ. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە ئاگاداری زیانەکانی نەپارێزراون، بەتایبەتی ئەگەر تووشی ڕووداوێک بوون یان بەبێ مووچە لە کارەکانیان دووربخرێنەوە.
کرێکاران بە لێکۆڵەرەکەیان ڕاگەیاندووە، زۆرێک لە خاوەنکارەکان داتای ورد لەسەر ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە پرۆژەکانیاندا دامەزراون، یان بۆ خۆپاراستن لە پێدانی ئابونەی دەستبەری کۆمەڵایەتی و کرێی تۆمارکردن بۆ ئەو کرێکارانە، یان بۆ شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی کرێکاری بیانی کە نابێت لە 25%ی کۆی هێزی کار زیاتر بێت.
بەپێی بڕگەکانی بەشی پێنجەمی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران، خاوەنکارەکان پێویستە مانگانە بەشدارییەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە ڕێژەی 17% بدەن، کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بۆ هەر کرێکارێک بە پشتبەستن بە مووچەی ڕاستەقینەی خۆیان حیسابی بۆ دەکرێت.
 
ئەمە قسەی نێچیرڤان ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە دهۆک، جەختی لەوە کردەوە کە خاوەنکارەکان پێویستە زانیاری لەسەر کرێکارەکە بدەن پێش ئەوەی دەست بە کارەکەی بکات، لەوانە ناوەکەی و سروشتی کارەکەی و جۆری ئەو مووچەیەی کە وەریدەگرن.
ئەگەر کرێکاران خۆبەخشانە ناویان تۆمار نەکەن، لیژنەکانی پشکنین ئەم ئەرکە لە ئەستۆ دەگرن. ئەم لیژنانە لە سێ ئەندام پێکهاتوون، لەوانە سەرۆکی لیژنەکە کە بەزۆری پشکنەرێکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەندامێکی دیکە نوێنەرایەتی سەندیکای کرێکاران دەکات، ئەندامی سێیەمیش نوێنەرایەتی ژووری بازرگانی دەکات.
ئاماژە بەوەش دەکات، تۆمارکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تەنها بۆ ئەو کرێکارانە سنووردارە کە بە بەردەوامی کار بۆ خاوەنکارەکانیان دەکەن، هەروەها ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە خۆبەخشن، وەک شۆفێری تاکسی. دەشڵێت، "ئەم پۆلە لە ڕەشنووسی نوێی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیشدا دەخرێتەڕوو کە ئامادە دەکرێت".


نێچیرڤان دان بەوەدا دەنێت کە هەندێک لە خاوەنکارەکان خۆیان لە پێدانی بەشدارییەکان دەدزنەوە، وە بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەسەڵاتی ئەوەی نییە ڕاستەوخۆ سزا بەسەر خاوەنکارەکانی سەرپێچیکاردا بسەپێنێت: "بەڵام دەتوانێت دۆسیەکانیان ئاراستەی دادگا بکات بۆ ڕێکاری یاسایی". ئەگەر دواکەوتن لە پێدانی ئەم بەشداریانە، ئەوا بۆ هەر مانگێک دواکەوتنیان 2% کرێی دواکەوتنیان لەسەرە.

ئاماژە بە فەرمانێک دەکات کە لە ساڵی 2019 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە و تیایدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هیچ خاوەنکارێک لە هیچ کەرتێکدا، بەتایبەتی کۆمپانیاکان، نابێت هیچ مامەڵەیەک تەواو بکات، مەگەر ڕەزامەندی لە بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران وەرنەگرتبێت.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەندیکاکان لە بەدواداچوونی پرسی کرێکاران
هۆگر ڕەزوان میرزا، لێپرسراوی سەندیکای کرێکاران لە کوردستان- لقی زاخۆ، دووپاتی دەکاتەوە، کە زۆرینەی ئەو کرێکارانەی لە زاخۆ برینداربوون یان گیانیان لەدەستداوە، ئەندامی سەندیکا بوون. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ساڵی ٢٠٢٣دا یەک حاڵەتی مردن و یەک بریندار تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەکە گەیشتووەتە پێنج حاڵەتی مردن و یەک برینداری پەیوەست بە کارەوە.
سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو ڕووداوانە، ڕەزوان ڕوونی دەکاتەوە کە زۆربەی کەیسەکان لە ڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکلایی دەکرێنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی عەشایەریی هەرێم. دەشڵێت، سەندیکاکە هاوکاری یاسایی پێشکەش بە کەسوکاری کرێکارانی کۆچکردوو دەکات بۆ ئەوەی لە دادگا داوای یاسایی تۆمار بکەن، "بەڵام زۆرینەی خێزانەکان وەڵام نادەنەوە".
وەلات ئەمین عوزمانی سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لە دهۆک هاوڕایە کە 99%ی کەیسەکانی برینداربوون و مردن لە ڕێگەی یەکلاکردنەوەی کۆمەڵایەتییەوە "بە ڕەزامەندی ئەو کرێکارە یەکلایی دەکرێنەوە، کە زۆرجار ڕەتیدەکاتەوە کەیسەکەیان لە دادگا تۆمار بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو یەکلاییکردنەوانە ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە خاوەنکار هۆکارە یان کەمتەرخەم بێت لە ڕووداوەکەدا، ئاماژەی بەوەشکرد، "سەندیکا هانی ئەو چارەسەرانە نادات، بەڵکو ناچارە ئەو کارە بکات".
 
خۆلادان لە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگا
داتاکانی بەشی ئاماری دادگای تێهەڵچوونەوەی قەزای دهۆک دەریدەخەن، سەرجەم ئەو دۆسیانەی لە دادگای کاری دهۆک تۆمارکراون لە ساڵی 2020 تا دوو مانگی کۆتایی ساڵی 2025 هیچ برینداربوون و مردنێکی تێدا نەبووە، جگە لە دۆسیەیەک کە پەیوەندی بە مردنێکەوە هەبووە. زۆربەی حاڵەتەکان پەیوەندییان بە کرێ و بەشدارییەکانی کار و یارمەتییەکانی دیکەوە هەبوو.
سادق عەبدولڕەحمان، پارێزەر و شارەزای یاسایی لە دادگاییکردنی کار و مامۆستای یاسای کار لە فاکەڵتیی یاسا لە زانکۆی نەورۆز، ئەمە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە "نەبوونی هۆشیاری یاسایی کرێکاران، بێتوانایی داراییان لە هەڵگرتنی کرێی دادگاییکردن، و یەکلاییکردنەوەکان کە لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دەدرێن".
سەبارەت بە پۆلێنکردنی یاسایی، ئاماژە بەوە دەکات کە دادگاکانی لێکۆڵینەوە "هەندێکجار مەیلیان هەیە بە کوشتنی هەڵە (قتل خطأ) پۆلێنیان بکەن یان بە ڕووداوی چارەنووسیان دەزانن."
دەشڵێت، ئەو کرێکارەی تووشی برینێک یان کەمئەندامییەک بوو، چ بەشەکی بێت یان کۆی گشتی، یان برینداربوونی دەبێتە هۆی مردن، جگە لە ماف و شایستە داراییەکانی پەیوەست بە چاودێری و چارەسەری تەندروستی، بەپێی بڕگەکانی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە مادەکانی (45-57-56)دا، مافی خانەنشینی، پاداشتی نەختینەیی، یان قەرەبووی هەیە.
هەروەها یاساکە نەخۆشییە پیشەییەکانیش دەگرێتەوە، هەروەها نموونەی داوایەکی یاسایی دەخاتە ڕوو کە کرێکارێک لە ئەنجامی بەرکەوتنی بە دەردانی نەوت تووشی شێرپەنجە بووە، کە تێیدا دادگا بڕیاریدا کە مافی وەرگرتنی یارمەتی خانەنشینی هەبێت. ئاماژە بە حاڵەتەکانی دیکەی مردن دەکات کە دادگا فەرمانی بە خاوەنکار کردووە، بەشدارییەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی دامەزراندنی کرێکارە مردووەکە بدات.
سادق پسپۆڕی دادوەری ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر کرێکارێک بیمە نەیگرێتەوە و تووشی برینێک یان گیانلەدەستدانی ببێت، "ئەمە مانای ئەوە نییە کە لە دادگا بێبەش دەبن لە بەدواداچوونی مافەکانیان، ئەگەر دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە، چ سەر بە بنکەی پۆلیس بێت یان لیژنەکانی سەر بە دامەزراوەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بیسەلمێنن کە خاوەنکارەکە کەمتەرخەم بووە و پێشێلکردنی مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی کردووە، ئەوا ئەو کارە دەکرێت هەروەها لە ئەگەری مردندا، کرێکار یان میراتگرەکانیان مافی ئەوەیان هەیە داوای قەرەبوو بکەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: هەروەها بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی مافی ئەوەی هەیە داوای یاسایی لەسەر خاوەنکار تۆمار بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە کرێکاری بریندار، بێ بیمە، بە پێدانی قەرەبوو بە پشتبەستن بە مادەی (١١٢)ی یاسای کار.
بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەگمەن لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی برینداربوون و گیانلەدەستدانی کرێکاران دەکەن، بە هۆکاری نەبوونی ئاگادارکردنەوە. سادق ڕوونی دەکاتەوە کە ماددەی (62) لە یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی خاوەنکار پابەند دەکات کە لەکاتی ڕوودانی برینداربوونی کارەکەی خۆی ڕابگەیەنێتە بنکەی پۆلیس یان بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
هەروەها جەختی لە پێویستی لیژنەکانی پشکنینی بەشی دەستبەری کۆمەڵایەتی کردەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە شوێنی ڕووداوەکە بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی، هەروەها هەنگاوی سەندیکای کرێکارانی پشتڕاست کردەوە بۆ ناردنی نووسراوێکی فەرمی بۆ بەشی دەستبەری کۆمەڵایەتی بۆ دەستپێکردنی داوای یاسایی بە ناوی ئەو کرێکارە.
سەرەڕای ئەم گەرەنتییە یاساییانە، شارەزایانی یاسایی بە پێویستی دەزانن یاسای تایبەت بە کرێکاران کە پەیوەندی هەمیشەیییان لەگەڵ خاوەنکارەکەیان نییە، هەموار بکرێتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە دوورخستنەوەی ئەو کرێکارانە لە مافەکان بۆشاییەکی یاسایی پێکدەهێنێت کە دەبێت چارەسەر بکرێت.
جوتیار موراد، فەرمانبەری یاسایی، نوێنەری بەشی یاسایی بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە دهۆک، پابەندبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بە دەستوەردان لە داوای یاسایی کرێکاران دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت: "زۆرجار وەک لایەنی سێیەم پەیوەندی بە سکاڵاکارەوە دەکەین بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی".
ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر کرێکاران بریندار ببن، لیژنەکانی پشکنینی بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەدواداچوون بۆ شوێنی ڕووداوەکە دەکەن و لێدوان لە کرێکار و خاوەن پرۆژەکە کۆدەکەنەوە. ئەگەر ئەو کرێکارە دەستبەری کۆمەڵایەتی نەیگرێتەوە، "سکاڵای یاسایی لەبەردەم دادگای کار تۆمار دەکرێت. ئەگەر کرێکارەکە تۆمار بکرێت، ڕێکارەکان بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستەییەکانی بەپێی یاسا تەواو دەکرێن".
جوتیار ڕەخنە لە دادگای کار دەگرێت و دەڵێت: "پاڵپشتی پێویست لە کەیسەکانی پەیوەست بە کرێکارانەوە نادات. پێشێلکاری هەیە کە لەلایەن خاوەنکارەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە پێویستە دادگا دەستوەردان بکات و بڕیار بدات". هەرچەندە دادگای کار دەسەڵاتی دادوەری بەسەر هەردوو دۆسیەی تاوانکاری و مەدەنیدا هەیە، بەڵام بە گوتەی جوتیار، "سنووردارە بە گوێگرتن لە دۆسیە مەدەنییەکانی پەیوەست بە بەشداریکردن و غەرامە نەک دۆسیەی تاوانکاری."
لە ئەنجامدا بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ناچارە "لە ڕێگەی داواکاری گشتیەوە دۆسیەی تاوانکاری تۆمار بکات، ئەمەش پێویستی بە کۆمەڵێک ڕێکار هەیە لەوانە نووسینی یاداشتێک بۆ داواکاری گشتی، دواتر بۆ بنکەی پۆلیس و دواتر بۆ دادگای تاوان." هەموو ئەم ڕێکارانە "دەکرا لەلایەن دادگای کارەوە ئەنجام بدرایە."
هەروەها ئاماژە بە دواکەوتنی دادگای کار لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکان دەکات: "دۆسیە هەیە کە زیاتر لە دە جار دواخراوە بەبێ ئەوەی پاساوی باوەڕپێکەر هەبێت. ئەمە جگە لە خاوبوونەوەی خێرایی تۆمارکردنی دۆسیەکان". ئەو نموونەیەک دەهێنێتەوە: "هێشتا هیچ وادەیەک و ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەو داوایانە دانەنراوە کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ تۆمارکراون، ئاماژە بەوە دەکات کە داواکارییەکانی کار داوای یاسایی بەپەلەن."

کەمتەرخەمی کۆمپانیاکان مردنی کرێکاران زیاد دەکات
ئەحمەد (27 ساڵ)، کرێکاری بیناسازی خەڵکی پارێزگای دهۆک، بەیانییەکی مانگی ئەیلولی ساڵی 2024 سەرقاڵی سەقفی کۆنکرێتی نهۆمی حەڤدەهەمی باڵەخانەیەک لە جەرگەی شار، کاتێک لەناکاو سەقفەکەی داڕما، بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا، لەژێر تۆنێک کۆنکرێتدا نێژرا.
برا گەورەکەی کە داوای کرد بە سەرەتای ناوەکەی (م.ک) بناسرێتەوە، وتی خێزانەکە چەند هەفتەیەک پێش ڕووداوەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەحمەد بوون بۆ هاوسەرگیری: "کەس چاوەڕێی ئەوە نەدەکرد ژیانمان پێچەوانە بێتەوە".
ئەحمەد لەگەڵ دوو برای و سێ هاوڕێی لە کۆمپانیایەکی بەڵێندەرایەتی بیناسازیدا کاریان کردووە و ڕۆژانە ٢٥ هەزار دیناری دەستکەوتووە. خێزانە خەمبارەکە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نەبوو جگە لە پەنابردنە بەر دادگاکان بۆ داوای مافەکانی، بەتایبەتی کە ناوی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار نەبووە.
یەکەم هەنگاو بە گوتەی برا گەورەکە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا سکاڵا تۆمارکردن بوو، بڕیارێکی دادگا دەرچوو بۆ ئەوەی ئەویش بخرێتە ناو دەستبەرییەوە، هەرچەندە هێشتا بڕیارەکە نەبووەتە کۆتایی. ئاماژەی بەوەشکرد، "بەم شێوەیە ئەو کۆمپانیایە بەڵێندەرەی کە ئەحمەد تێیدا کاری کردووە، دەتوانێت بەشداری مانگانەی خۆی بدات بۆ ئەوەی هاوسەرەکەی بتوانێت شایستەییەکانی وەربگرێت، کە مووچەی مانگانەیە".
برا گەورەکە بیری کردەوە پێش ئەوەی بە دڵتەنگییەوە بڵێت “ئەگەر ئەحمەد جۆرێک لە دەستبەری هەبوایە: کڵاوێک، پشتێنێک، یان ڕەنگە پەتێک یان لانیکەم بەربەستێکی سەلامەتی هەبوایە، دەکرا ئەم کارەساتە دوور بخرێتەوە.” پاشان پرسیاری ئەوەی لێکرد، “چۆن کۆمپانیایەکی گەورەی بەڵێندەر کەمتەرخەم بێت لە دابینکردنی ڕێوشوێنی سەلامەتی بۆ کرێکارەکانی؟”

لێکۆڵینەوەکە لە ژێر چاودێری تۆڕی NERIJ ئەنجامدراوە وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی نزیک کە لەلایەن CFI پشتگیری دەکرێت.
https://shorturl.at/cU0sZ

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand